بە پاساوی شەڕی حاجی ئۆمەران، بارزانییەكان جینۆساید كران
.jpg)
2022-07-30 19:56:46
درەو: شۆڕشنامە
مەسعود بارزانی لە كتێبی (بارزانیو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) بەم شێوەیە باس لە جینۆسایدی بارزانیەكان دەكات.
بەمەبەستی كەمكردنەوەی گوشار لەسەر بەرەكانی ناوەڕاستو باشوور، ئێران بڕیاری دا بەرەیەكی نوێ لە میحوەری حاجی ئۆمەران بكاتەوە لەژێر ناونیشانی (وەلفەجری دوو)، بۆ ئەم مەبەستەش پلانی گرتنی بەرزاییەكانی حاجی ئۆمەرانی داڕشت، بەپێی پلانەكە هێزەكانیان تا گەڵاڵە دادەبەزین بە مەبەستی كردنەوەی ڕێی قەسرێ بۆ ناودەشت.
سەرهەنگ شیرازیو موحسین ڕەزایی سەردانی خانێیان كرد، بەمەبەستی باسو گفتوگۆ لەسەر پلانەكەیانو داوای چاوپێكەوتنی منیان كرد. لە بەشێكی دیدارەكەدا داوای بەشداریی پێشمەرگەیان لە هێرشەكەدا كرد، لە وەڵامدا بۆم روون كردنەوە كە پێشمەرگە ناتوانێت راستەوخۆ بەشداری لە هێرشەكەدا بكات، چونكە هێزی گەورە، ئیمكاناتی پێویستو ئەزموونی شەڕی سەربازیی گەورەمان نییە، شەڕی ئێمە شەڕی پارتیزانییە.
پێشم گوتن، ئێمە هێز دەنێرین بۆ ناوچەی ناودەشتو بەمەش ئێوە لەلایەكی بەرەی شەڕ دڵنیا دەبنو بۆ ئێمەش دەرگایەكی گەورە بەرەو ناوچەكانی رواندزو قەڵادزێ دەكرێتەوەو ...، لەلای بەرەی رۆژئاواش، واتا لای سیدەكان، هێزمان هەیەو هەر هەڕەشەو مەترسییەك لەو دوو ڕێیەوە بۆتان بێت، پێشمەرگە بەریان پێ دەگرێتو ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، چونكە دیاربوو مەترسی ئەوەیان هەبوو لە دوولاوە هێرشیان بكرێتە سەر، بۆیە بەم وەڵامەی من زۆر خۆشحاڵ بوون.
رۆژی 20ی تەمووزی 1983، هێرشی ئێران بۆ بەرزاییەكانی باكوورو باشوورو ڕۆژئاوای حاجی ئۆمەران دەستی پێ كرد. هێزەكانی ئێران لەلایەن سەییاد شیرازی فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئێرانو موحسین ڕەزایی فەرماندەیی دەكران. هێزەكانی عێراقیش لەلایەن فەریق ڕوكن نەعمە حوسێن فارس ئەلمحیاوی فەرماندەی فەیلەقی پێنجەوە سەرپەرشتیی دەكران.
ئێران سەرەتا لە زۆر شوێن سەركەوتنی بەپەلەیان بەدەست هێناو بەرزاییەكانیان گرت، بەڵام لەناو خودی حاجی ئۆمەرانو شەقامەكەی بۆ دەربەند، عێراق بەرگرییەكی توندی كرد، بەڵام دوای شەڕێكی قورس حاجی ئۆمەران تا ڕایاتو بەرزاییەكان بە تەواوی كەوتنە دەست ئێران. دوای گرتنی ناوچەكە هەر زوو ناوی شوێنەكانیان گۆڕیو ناوی خۆیان لەسەر دانان.
ئێران نەیتوانی لە ڕایات بچێتە خوارتر... شەڕی گەورە دواتر لە گردمەندیل ڕوویدا... زیانی گیانی عێراقو ئێران لە گردمەندیل لە پێنج هەزار كەس زیاتربوو.
هەرچەندە شكستەكەی سەددام بەرانبەر بە ئێران، شكستێكی گەورە نەبوو، بەڵام كردی بە بیانوو بۆ تاوانە مێژوییەكەی بەرانبەر بە بارزانییەكانو لە ڕۆژی 31ی تەمووزی 1983دا هەشت هەزار كەسی بارزانی لە تەمەنی 12 تا 90 ساڵان جینۆساید كرد.
* مەسعود بارزانی: بارزانیو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەرگی چوارەم (1975 - 1990)، شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، لاپەڕەكانی (202 – 206).
