Draw Media

سێ سەرۆكایەتیەكە بە نهێنی خۆیان "تەرفیع" كرد 

سێ سەرۆكایەتیەكە بە نهێنی خۆیان "تەرفیع" كرد 

2022-08-02 12:21:44


راپۆرت: درەو
سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) بە نهێنی بەرزە موچە "تەرفیع"یان بۆ فەرمانبەرانی خۆیان كردەوە. 
ئەم بڕیارەی سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم كە لە شوباتی ئەمساڵەوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، تەنیا (2 هەزارو 304) فەرمانبەری گرتووەتەوە لەكۆی (752 هەزار) فەرمانبەر كە لە (2016) ەوە پلەبەرزكردنەوە "تەرفیع"یان راگیراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە پارەی پاشەكەوتی موچە، نزیكەی (4 ترلیۆن) دیناری پارەی بەرزەموچە "تەرفیع"ی فەرمانبەران قەرزارە.

"تەرفیع"ی سێ سەرۆكایەتیەكە
سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی حكومەت) لەسەرەتای ئەمساڵەوە بە شێوەیەكی نهێنی پلەبەرزكردنەوە (ترفیع)یان بۆ فەرمانبەرانیانكرد.
ئەم بڕیارەی سێ سەرۆكایەتیەكە لەكاتێكدا سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم داوای پێدانەوەی بەرزەموچە ( ترفیع) دەكەن، كە بە پێی یاسا مافی فەرمانبەرانەو لە ساڵی 2016 ەوە بە بڕیارێك راگیراوە. 
كابینەی نۆیەم (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) یاسای چاكسازیان تێپەڕاندوو لەو یاسایەدا توانراوە هەندێك لە جیاوازی موچە لە نێوان پلە تایبەتیەكان و فەرمانبەرانی ئاسایی كەم بكەنەوە، بەڵام بە بڕیارەكەیان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەریانیان جیاوازیان لە نێوان فەرمانبەرانی وەزارەتەكاندا درووستكردووە.  
ژمارەی فەرمانبەرانی سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم:
سەرۆكایەتی هەرێم: (598) فەرمانبەری هەیەو كۆی موچەی مانگانەی سەرۆكایەتی هەرێم (ملیارێك و 155 ملیۆن) دینارە.
سەرۆكایەتی پەرلەمان: ( 620) فەرمانبەری هەیە كۆی موچەی مانگانەی پەرلەمانی كوردستان ( ملیارێك و 820 ملیۆن) دینارە.
سەرۆكایەتی حكومەت: ( هەزارو 86) فەرمانبەری هەیە كۆی موچەی مانگانەی ئەنجومەنی وەزیران (  ملیارێك و 630 ملیۆن) دینارە. 
كۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی لە بڕیارەكە سودمەندن، تەنیا (2 هەزارو 304) فەرمانبەرن لەكۆی (752 هەزار) فەرمانبەری گشتی. 

كاتێك بڕیار شوێنی یاسا دەگرێتەوە
شوباتی ساڵی 2016 كە هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم‌و خەرجییەكانی شەڕی "داعش"ەوە بە قەیرانێكی دارایی سەختدا تێدەپەڕی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك "بەرزەموچە"ی فەرمانبەرانی راگرت كە لەناو فەرهەنگی فەرمانبەراندا بە "تەرفیع" ناسراوە.
ئەوەی كابینەی پێشوو كردی، راگرتنی یاسا بوو بە بڕیار، ئەمە بۆ یاساناسان بابەتێكە كە زۆر جێگای تێبینی-یە، بەرزەموچەی فەرمانبەران بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت.
بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەی فەرمانبەران هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری بڕینی موچەی فەرمانبەران بەرێژەی (25% بۆ 75%) لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە"، كابینەی پێشوو بەرلەوەی وادەكەی تەواو ببێت، بەدوو قۆناغ‌و لە ئازاری 2018‌و ئازاری 2019دا بە یەكجاری پاشەكەوتی موچەی هەڵگرت، بەڵام بڕیاری راگرتنی بەرزەموچە وەكو خۆی مایەوە، بەڵام لە كابینەی نۆیەمدا (12) مانگ موچە بە لێبڕینی (21%) دابەشكراوە.
بەمدواییە پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت یاسایەكی بەناوی "چاكسازی" پەسەندكرد، بەڵام ناوەڕۆكی یاساكە بە هیچ جۆرێك نەچووە بەلای بابەتی بەرزەموچەی فەرمانبەراندا، تائێستا چارەنوسی ئەم دۆسیەیە بە ناڕوونی ماوەتەوە‌و فەرمانبەران چوار ساڵی تری تەمەنی خزمەتی وەزیفییان بەڕێدەكەن بەبێ ئەوەی بەرزەموچەیان بۆ بكرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی بەشێكی زۆری فەرمانبەران لە ساڵی دەرچوونی بڕیارەكە‌و ساڵانی دواتریشدا وادەی ئەوەیان هەبووە بەرزەموچەیان بۆ بكرێت‌و بۆیان نەكراوە، ئەمەش وەكو پاشەكەوتنی موچە بەقەرز لەسەر حكومەت ماوەتەوە‌و نازانرێت چۆن چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە.

هەوڵێك لە پەرلەمانەوە
رۆژی 28ی مانگی رابردوو (36) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كرد‌و ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد، ئەو پەرلەمانتارانە لە نوسراوەكەیاندا دەڵێن ئێستا دۆخی دارایی حكومەت باش بووە، بۆیە دەبێت ئەو مافە یاساییە (بەرزەموچە) بۆ فەرمانبەران بگەڕێتەوە.
یاسای چاكسازی كە بە پلەی یەكەم بۆ گەڕاندنەوەی بڕێك داهاتی بەهەدەردراو بوو بۆ حكومەت، لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكرایەوە، بەمەش كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، روون نییە یاساكە چەندێك داهات بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە، بەڵام هەر داهاتێك كە بەهۆی ئەو یاسایەوە دەگەڕێتەوە، دەبێت سەرەتا ئەو بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی بەكاربهێنرێت، چونكە لە یاساكەدا ئەولەویەت بەم بابەتە دراوە نەك گەڕاندنەوەی بەرزە موچەی فەرمانبەران.

تێچووی بەرزە موچە چەندە ؟
دیارنییە ئاخۆ حكومەت لەسەر داوای پەرمان بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی بەرزەموچەی فەرمانبەران دەدات یاخود نا، چونكە ئەمە بەپلەی یەكەم بەندە بە تێچووی خەرجكردنی بەرزەموچەوە‌و ئەو قەرزانەی كە بەهۆی بەرزەموچەوە لەماوەی رابردوودا لەسەر حكومەت ماونەتەوە‌و بە فەرمانبەرانی نەداوە.
لەدوای دەرچوونی بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەوە، بەتێكڕا هەموو فەرمانبەران بەهۆی ئەو بڕیارەوە دوو بەرزەموچە "تەرفیع"یان فەوتاوە، ئەمە هاوشێوەی پاشەكەوتی موچە قەرزێكە كە لەسەر حكومەتی هەرێمە‌و دەبێت بگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانبەران.
بەهای ئەو قەرزەی بەرزەموچە كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام لە نوسینێكدا عومەر گوڵپۆ ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات: بڕیاری راگرتنی بەرزەموچە مانگانە زیانی گەورە بە نزیكەی (700 هەزار) فەرمانبەر دەدات، بڕی ئەو پارەیەی كە زیانە بۆ هەر فەرمانبەرێك لە نێوان (60 تا 300) هەزار دیناری مانگانەیە.
ئەگەر بۆ هەر فەرمانبەرێك بە تێكڕا تەنیا (60 هەزار) دینار مانگانە ئەژمار بكرێت بۆ بەرزە موچە، ئەوا بۆ (752 هەزار) فەرمانبەر لەكۆی (ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆر، دەكاتە (45 ملیار) دیناری مانگانە، بەهای ئەو پارەیە لە (2016 -2022) زیاترە لە (4 ترلیۆن) دینار، واتە لەحاڵی بڕیارداندا لەسەر گەڕاندنەوەی پارەی بەرزەموچە، دەبێت حكومەت سەرەتا خۆی بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزانە ئامادە بكات، یاخود دەستبكات بە پێدانەوەی بەرزەموچەو قەرزی بەرزە موچە وەك قەرزی پاشەكەوتی موچە لای حكومەت بمێنێتەوە.  
یاسین واحید سەرۆكی دیوانی وەزارەتی دارایی‌و ئابوری لە لێدوانێكی پێشتریدا بۆ (درەو) رایگەیاند، تائێستا هیچ خەمڵاندنێكیان نەكردووە لەبارەی ئەوەی ئەگەر بەرزەموچە گەڕێندرایەوە چەندێك لە فەرمانبەران سودمەند دەبن لێی‌و خەرجی كۆی گشتی چەندێكە، بۆیە وتنی هەر ژمارەیەك لەوبارەیەوە شتێكی ناڕاست دەردەچێت.

بەرزەموچە چییە ؟
بەپێی یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و كەرتی گشتی عێراق بەرزەموچە بریتییە لە " گواستنەوەی پلەی وەزیفی فەرمانبەر لە كارەكەیدا بۆ پلەیەكی بەرزتر لە پلەكەی خۆی بەگوێرەی پلەبەندی وەزیفی".
بەپێی ھەردوو یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە ٢٤ ساڵی ١٩٦٠ و یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٨، پلە بەرزكردنەوە (الترفیع) وەك مافێكی فەرمانبەر جێگیركراوەو مافێكی یاساییەو بەپێی چەند مەرج و ڕێوشوێنێكی كارگێڕی پێویستە هەر فەرمانبەرێك چوار یان پێنج ساڵ جارێك بە پێی پلەو ئاستی فەرمانبەرێتی، پلەكەی بەرزبكرێتەوە بۆ پلەیەكی نوێ، كە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە جیاوازی هەیە لەگەڵ پلەی پێشوو.
بۆ پلەبەرزكردنەوە بەپێی یاسا دەبێت ئەم مەرجانە جێبەجێ ببن ئینجا پلەبەرزكردنەوە دەكرێت:
•    شوێنی بەتاڵ هەبێت لەو پلە وەزیفیەی كە فەرمانبەرەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە، لە فەرمانگەكەدا.
•    ئەو ماوەیە تەواوبووبێت كە بۆ تەرفیع دانراوە.
•    فەرمانبەر مەرج‌و پێداویستی داواكراوی تێدا بێت بۆ وەرگرتنی ئەو ئەركەی كە پلەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە.
•    تواناو لێهاتووی فەرمانبەر بسەلمێندرێت لە بەڕێوەبردنی ئەو ئەركەی كە پلەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە.
راگرتنی بەرزەموچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ناتوانێت بەراورد بكرێت بە بڕیاری پاشەكەوتی موچە، چونكە پاشەكەوتی موچە هاوشێوەی قەرزێكە كە هی فەرمانبەرانە‌و كەوتوەتە سەرشانی حكومەت‌و پێدانەوەی لە ئێستادا یاخود كاتێكی تر كێشەی گەورە بۆ كاری فەرمانبەران دروستناكات، بەڵام بڕینی بەرزەموچە كێشەی بۆ پلەبەندی كاری فەرمانبەران دروستدەكات، بەتایبەتی بۆ تەمەنی خانەنشینی.

قەرزەكانی فەرمانبەران لای حكومەت
لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار كە دەكاتە ( 45 ترلیۆن) دینار، لەو بڕە قەرزە، كە حكومەت بە پابەندی دارایی ناوی دەبات (8 ملیارو 966 ملیار) دینار پاشەكەوتی موچەیە كە دەكاتە ( 13 ترلیۆن و 270 ملیار) دینار، كە پارەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەرانە لەماوەی ساڵانی (2015 بۆ 2019)، ئەمە سەرباری قەرزی تایبەت بە بەرزە موچەی فەرمانبەران كە نزیكەی (4 ترلیۆن) دینارە ئەژمار بكرێت، قەرزی فەرمانبەران لەسەر حكومەت بۆ (17 ترلیۆن) دینار بەرزەدەبێتەوە.
لە ساڵی 2014وە حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نییە، بۆیە پەرلەمان كە چاودێرە لەسەر حكومەت بەدیاریكراوی شێوازی دەستخستنی داهاتەكان‌و چۆنیەتی خەرجكردنیان لەلایەن حكومەتەوە نازانێت، بۆیە پێدانەوەی قەرزی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە بابەتێكە كە ناتوانرێت پێشبینی بكرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand