سیناریۆکانی بەردەم ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق

Draw Media

2022-08-05 20:52:45



راپۆرت: درەو
داواکارییەکەی سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێ چەندین بەربەستی لەبەردەمدایە، لەپێش ھەموشیانەوە ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردن، ھەڵبژاردنی نوێ چۆن دەکرێت ؟ کێ سەرپەرەشتی ھەڵبژاردن دەکات ؟ پەرلەمان چۆن ھەڵدەوەشێتەوە ؟ وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

لە گۆڕینی سیستەمەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ؟
سەدر کە دوای کشانەوەی لە پەرلەمان داوای ھەمواری دەستورو گۆڕینی سیستەمی سیاسی دەکرد، ئێستا ھەندێک پاشەکشێی کردووەو داواکاری خۆی لە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێدا کورتکردوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بە کشانەوەی لە پەرلەمان ھیچ رێگایەکی لەبەردەمدا نەما جگە لەوەی لایەنگرەکانی بنێرێتە سەر تەلاری پەرلەمان.
لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بە ھەندێک تێبینییەوە پاڵپشتی سازدانی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی تر دەکەن، لەمەشدا زیاتر چاویان لە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆنە، ھاوپەیمانەکانی سەدریش (بارزانی+ حەلبوسی) ھێشتا بە گومانەوە لە بارودۆخی نوێ دەڕوانن و چاوەڕێی دەرکەوتنی ئاسۆیەکی نوێن، حەلبوسی کە لەدوای ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١وە لە بارزانی نزیکبوەتەوە، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی بنچینەیی پشتیوانی خۆی بۆ ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی نوێ راگەیاند، بەڵام بارزانی ھێشتا ھەڵوێستی خۆی یەکلانەکردوەتەوە، فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لە بۆنەیەکدا دژایەتی خۆی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق راگەیاند، بەڵام زۆری نەخایاند ناچارکرا بەوەی رونکردنەوەیەک بدات و بڵێ ئەوەی وتم تەنیا بۆچوونی خۆم بوو نەک حزبەکەم.

ھەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن دەکرێت ؟
ئێستا کە ئیتر پرسی سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێ لەسەر داوای موقتەدا سەدر خەریکە دەبێت بە ئەمری واقع، قسەوباس لەبارەی چۆنیەتی سازدانی ھەڵبژاردنەکە گەرم بووە، ئایا ھەڵبژاردنی نوێ چۆن بەڕێوە دەچێت ؟ پەرلەمان چۆن و کەی ھەڵدەوەشێتەوە ؟ بە چ یاسایەک ھەلبژاردن بکرێت ؟ کێ پرۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوەدەبات ؟
سازدانی ھەر ھەڵبژاردنێکی نوێ لە عێراق بەر لە ھەموو شێک پێویستی بە ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانە، یاسایەک کە تەنیا یەکجارو لە ساڵی ٢٠٢١دا ئەزموون کراوەو شێوازی ھەڵبژاردنی لە عێراق گۆڕیوە بۆ (فرە بازنەیی)، ئەو بنبەستە سیاسییە ماوەی (١٠ مانگە) لە عێراق دروستبووە، لەم یاسایەوە سەرچاوەی گرتووە.
دادگای باڵای فیدڕاڵی کە بەرزترین دادگای عێراقەو بڕیارەکانی تانەی لێنادرێت، بەپێی بڕیاری ژمارە (١٥٩) کە لە رۆژی (٢٠٢١/١٢/٢٧) دەریکردووە، پەرلەمانی عێراق پابەند دەکات بەوەی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ی ھەڵبژاردنەکان ھەمواربکاتەوەو شێوازی جیاکردنەوەو ئەژمارکردنی دەنگەکان لە (ئەلیکترۆنی)یەوە بگۆڕێت بۆ شێوازی (دەستی) ھەروەھا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانیش بگۆڕێت.
ھەموارکردنی یاسای ھەڵبژاردن پێویستی بەوەیە خولی ئێستای پەرلەمان بەردەوام بێت تا ئەوکاتەی یاساکە ھەمواردەکرێتەوە، ئەمەش ئەرکێکی قورسە لەبەردەم پەرلەمان و دەبێت ھەموو لایەنەکان لەسەر ھەموارەکە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، سەدر کە دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات و میکانیزمەکەی دیاری نەکردووە، رەنگە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبەرچاونەگرتبێت، بەتایبەتی کە ئیتر کوتلەی سەدرییەکان لەناو پەرلەماندا نەماون و کاریگەریی راستەوخۆیان نابێت لەسەر گفتوگۆکانی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، مەگەر لە دەرەوەی پەرلەمان و بەتەوافوقی سیاسیی داواکارییەکانیان بچەسپێنن.

پەرلەمان چۆن ھەڵدەوەشێتەوە ؟
ماددەی (٦٤)ی دەستوری عێراق دوو رێگەی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دیاریکردووە:
* رێگای یەکەم: یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان واتە لەکۆی (٣٢٩) ئەندام (١١٠) ئەندام نوسراوێک پێشکەش بکەن و داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەن و پەرلەمان بەزۆرینەی رەھا (واتە ٥٠+١)ی دەنگی ئەندامەکانی داواکارییەکە پەسەند بکات.
بەگوێرەی ئەم رێگا دەستورییە دوای پێشکەشکردنی داواکاری، ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی (١٦٥) ئەندامی پەرلەمان ھەیە لەکۆی (٣٢٩) ئەندام.
سەدر کە ئێستاو دوای کشانەوەی لە پەرلەمان دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکات، بەر لە کشانەوەی بە سودوەرگرتن لە ھاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ بارزانی و حەلبوسی دەیتوانی بە ئاسانی پەرلەمان ھەڵوەشێنێتەوە، ئەم یەکێکە لەو ئاماژانەی دەریدەخات لە بڕیارەکەیدا بۆ کشانەوە لە پەرلەمان سەدر پەلەی کردووەو کەوتوەتە ناو ھەڵەیەکی سیاسییەوە.
* رێگای دووەم: سەرۆکی ئەمجومەنی وەزیران بەڕەزامەندی سەرۆک کۆمار داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات.
ئەم رێگایە ئێستا بەرکار نییە، چونکە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و بەرھەم ساڵحی سەرۆک کۆمار ھەردووکیان کاربەڕێکەرن و لەبەردەم خولی ئێستای پەرلەماندا ھەڵنەبژێردراون و ناتوانن داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکەن.
لەنێوان ئەم دوو رێگا دەستورییەدا رێگایەکی تریش ھەیە کە زۆر دەستوریی نییە، بەڵام بۆ چارەسەری دۆخەکە دەکرێت پەنای بۆ ببرێت، ئەویش ئەوەیە دادگای باڵای فیدراڵی بەبەھانەی ئەوەی خولی ئێستای پەرلەمان شکستی ھێناوە لەوەی لەماوەی دەستوریدا سەرۆک کۆمار ھەڵبژێرێت و متمانە بە کابینەی نوێی حکومەت بدات، داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بکات.
بەم بارودۆخەوە داواکاری سەدر بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی پێشوەختەی نوێ بەبێ رەزامەندی نەیارەکانی (لایەنەکانی چوارچێوەی ھەمەھەنگیی) کە ئێستا کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانن، ھیچ ھەنگاوێک ناچێتە پێشەوەو ئەگەر دەستپێشخەریی نێودەوڵەتیی و ناوچەیی بەدیاریکراویش ئێران نەبێت، رەنگە بنبەستی سیاسی عێراق زیاتر درێژە بکێشێت یاخود لە ھەر ساتێکدا پێکدادانی ناو ماڵی شیعە لە ئەگەرەوە بکات بە واقع.

سەدر ھەڵەکەی راستدەکاتەوە ؟
دوای نزیکەی (١٠ مانگ) لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیی، پرۆسەی سیاسی عێراق ھێشتا لەناو بنەستدا دەسوڕێتەوەو ئەنجامی ھەڵبژاردن نەیتوانی کابینەیەکی نوێی حکومەت دروست بکات.
نۆ مانگی رابردوو ماوەی ململانێ و کێشمەکێشی نێوان دوو جەمسەری ناکۆکی ناو ماڵی شیعەکان (سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی) بوو، کە دواجار کوردو سوننەشی بەسەر خۆیدا دابەشکردو قەیرانەکەی لە ناکۆکی ناو ماڵی شیعەوە کرد بە قەیرانێکی سەرتاسەریی لە عێراقدا.
ململانێی جەمسەرە ناکۆکەکانی شیعە، دواجار موقتەدا سەدری براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنی توشی ھەڵەیەکی سیاسی کردو بە (٧٣) کورسییەوە لە پەرلەمان کشایەوەو گۆڕەپانەکەی بۆ نەیارە سیاسییەکانی بەدیاریکراویش (نوری مالیکی) چۆڵکرد.
چوارچێوەی ھەماھەنگیی (مالیکی+ عامری+ خەزعەلی+ عەبادی+ حەکیم) کە لەسەرەتاوە ناڕازی بوون لە ئەنجامی ھەڵبژاردن و داوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکان و سازدانی ھەڵبژاردنێکی نوێیان دەکرد، سەرباری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان دژی ئەنجامەکان، دواجار پابەندبوون بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیی بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن و ئەمجارەیان شەڕەکەیان لە شەقامەوە گواستەوە بۆ ناو پەرلەمانی ھەڵبژێردراوی نوێ، لەوێ بەسودوەرگرتن لە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی بۆ دیاریکردنی (دوو لەسەر سێ) وەکو نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، بە ھاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆو ھاوپەیمانی (عەزم)ی سوننەکان، یەک لەسەر سێی پەکخەر (الثلث المعطل)یان دروستکردو بەمە رێگرییان لە سەدرو ھاوپەیمانەکانی (بارزانی+ حەلبوسی) گرت پرۆسەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تێپەڕێنن و دەست بە دروستکردنی کابینەی نوێی حکومەت بکەن.
سەدر کە بێئومێد بوو لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ستراتیژی خۆی گۆڕی بۆ شەڕکردن لەسەر ھێشتنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمیی، بۆیە لە یەکەم ھەنگاودا بەسودوەرگرتن لەو زۆرینەی لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیدا (بارزانی+ حەلبوسی) ھەیبوو، سەرباری ناڕەزایەتی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی، لەناو پەرلەمانی نوێوە یاسای (پاڵپشتی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراک)ی پەسەندکرد، ئەمە لەبری یاسای بودجە بوو بۆ حکومەتی کازمیی.
کازمیی یەکێکە لە دیارترین خاڵەکانی ناکۆکیی لەنێوان لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی و موقتەدا سەدر، لایەنەکانی چوارچێوە کازمی تۆماتبار دەکەن بەوەی حکومەتەکەی رادەستی سەدر کردووە، بۆیە دژی بەردەوامبوونی کابینەی کازمین تەنانەت ئەگەر بەشێوەی کاربەڕێکەریش بێت و بە دەسەڵاتی تەواوەتی خۆیەوە کارنەکات.
سەدر سەرباری ئەوەی نەیتوانی کابینەی نوێی حکومەت دروست بکات، بە مانەوەی لە پەرلەمان دەیتوانی بەرگریی لە بەردەوامبوونی حکومەتی کازمیی بکات، بەڵام وای نەکردو لە ھەنگاوێکی کتوپڕدا لە پەرلەمان کشایەوە.
سەدر چاوەڕێ بوو بە کشانەوەی لە پەرلەمان، شەرعیەتی پەرلەمان بخات، بەڵام ئەمە روینەدا، لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی و سەربەخۆکان بە موبارەکەی (بارزانی+ حەلبوسی) ھەرزوو کورسییە بەتاڵەکانی سەدریان پڕکردەوە. زۆرینەی ئەوانەی چاودێری دۆخی سیاسی عێراق دەکەن لەسەر ئەوە ھاوڕان، سەدر لە بریاری کشانەوەیدا لە پەرلەمان توشی ھەڵەیەکی سیاسی گەورە بووە.
وا دەرکەوت سەدر خۆشی لە کۆتایدا درکی بەوە کرد لە بڕیارەکەیدا بۆ کشانەوە لە پەرلەمان ھەڵەی کردووە، بۆیە کاتێک لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی کورسییە بەتاڵەکانی پەرلەمانیان پڕکردەوەو بەشێوەیەکی کرداری کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران (محەمەد شیاع سودانی)یان یەکلاکردەوەو ئامادەکارییان کرد بۆ سازدانی دانیشتنی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، سەدر ھیچ رێگاچارەیەکی لەبەردەمدا نەمایەوە بۆ پارێزگاریکردن لە حکومەتی مستەفا کازمیی جگە لەوەی لایەنگرەکانی بنێرێتە سەر تەلاری پەرلەمان، لەمەشدا سودی لە مستەفا کازمیی بینی کە وەکو فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان چاوپۆشی کرد لە تێپەڕینی سەدرییەکان بۆ ناو ناوچەی سەوزو دواجاریش کۆنترۆڵکردنی تەلاری پەرلەمان.
لەبەرامبەردا لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیش کە لەدوای ھەڵبژاردنەوە گلەییان لە ئەنجامەکان ھەبوو، لە پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکانی سەدرو ھەوڵی پێکھێنانی حکومەت بەبێ سەدرییەکان پەلەیان کردو ئێستا ناچارن ھەندێک مل بۆ فشارەکان سەدر بدەن کە لە شەقامەوە لەسەری دروستکردوون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand