شێركۆ بێكەس: شیعر بۆ من لە حیزب گەورەترو پیرۆزتریشە
2022-08-04 12:09:25
درەو: شۆڕشنامە
شێركۆ بێكەس لە كتێبی نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش دەنوسێت:
لە قوتابخانەدا خەیاڵو خولیای من ئەوەندەی بەدەوری شیعرو ئەدەبەوە بوون، ئەوەندە بە تەنگ دەرسو بەرنامەی خوێندنەوە نەبوون. بیرمنایە لە شەوانی تاقیكردنەوەیشدا بەجیدی سەعیم كردبێ. گوێم نەئەدایە جلوبەرگی بەری خۆم. قژم هەمیشە بژو دانەهێنراو بوو. ئەو چاكەتو پانتۆڵەی بەتازەیی لەبەرم ئەكردن، كۆنو پەرپووت ئەبوونو تافڕێم ئەدان ئوتویان بەخۆیانەوە نەئەدی... یەكدوجارێ خۆم تاقیكردەوە ببمە وەرزشكار، بەڵام سەركەوتوو نەبوومو بوومە جێی گاڵتەو قەشمەری هاوڕێكانم..! ئیتر منیش بەتەواوی وازملێهێناو نەچوومەوە بەلای وەرزشدا. بەڵام هەتا ئەم تەمەنەیش هەمیشە حەزبە سەیركردنی یاری باش ئەكەم، بەتایبەتی تۆپی پێ.
یەكەم شیعرم لە رۆژی نوێ-دا بڵاوكرایەوە، ئەو رۆژەی گۆڤارەكەم بینی، بە یەكێك لە هەرە رۆژە خۆشەكانی ژیانم لە قەڵەم ئەدەم. ئەم دەرگا كردنەوەیەی رۆژی نوێ، تەكانێكی بەگوڕ بوو بۆ شیعرەكانم، بڕوام بە بەهرەی خۆم زیاتر بوو، رۆژی نوێ بۆ من پەیژە بوو، چەند پلەیەك بەرەو سەرەوەی بردم.
لە سەرەتای پەیوەندداریداو لەناو كاژیكدا، بەكوڵو دڵەوە چووبوومە پێشێو كارم ئەكرد. بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ سارد ئەبومەوە، تا گەیشتمە ئەو ئەنجامەی كە منیش بە كەڵكی حیزبایەتی نایەمو پێویستە بكشێمەوە. هەستمكرد ئەوەندەی بۆ شیعر دروستبووم، بۆ حیزبایەتی كردن دروست نەبووم. هەستمكرد خەریكە ئازادی خۆم وەك مرۆڤ لەدەست ئەدەم، خەریكم ئەبم بە بورغوی ناو مەكینەیەك، هەستمكرد بۆ من، شیعر لە حیزب گەورەترو پیرۆزتریشە.
بەغدای پایتەخت، چاوی ژیانو شیعری منی كردەوە. یەكەم دیوانم "تریفەی هەڵبەست" لە بەغداو لە چاپخانەی (سەلمان ئەعزەمی) بە تیراژی دوو هەزار دانە لە چاپدرا. دیوانی تریفەی هەڵبەست، یەكەم هەنگاو بوو لەنێوان شەپۆلەكانی رۆمانسییەتێكی سادەو ریالیستێكی فۆتۆگرافیانەدا لە هاتوچۆدا بوو، كاریگەری زمانی گۆرانیان پێوە دیاربوو.
لە رۆژگاری دووبەرەكیەی نێوان باڵی مەكتەبی سیاسیو قیادەی بارزانیدا، من لەگەڵ خەتی بارزانیدا بووم. سەنگەری پێشمەرگە بۆ من پێوانە بوو، ئەوان لەكوێ بوونایە هەستو هۆشو شیعری منیش لەوێ بوو، ئێستەیش ئەگەر جارێكی تر بگەڕێمەوە بۆ ئەو سەردەمە، هەر ئەو هەڵوێستەم ئەبێت... ئەوەی پێویستە بیڵێم: من لە شیعرو هەڵوێستی خۆم لەو رۆژگارەدا پەشیمان نیم.
لە ساڵی (1972)، لە گەرمەی دۆستایەتیو هاوپەیمانێتی پارتیو بەعسدا، حكومەتی دیكتاتۆری لەڕێی كۆمەڵێ مەلاوە كە بۆ دیدەنی بارزانی نێردرابوون بۆ حاجی هۆمەرانو لەوەتی ئەو دیدەنییەدا خۆیان تەقاندەوە یان تەقاندبوویاندنەوەو بارزانیش بە موعجیزە رزگاری بوو. لەو سەردەمەدا تیرۆركردنی بارزانی یانی تیرۆركردنی شۆڕشەكەی بوو، كوشتنی بارزانی كوشتنی گەورەترین سومبولی ئەوكاتە بوو، بۆیە منیش هەر دوابەدوای ئەو رووداوە، شیعری "بۆ بارزانیم" نووسیی.
ئەم بەرهەمە، قسەو بڕوای ناودڵو فیكری میللەتێ بوونو من كردبووم بە شیعر. لەوەرچەرخانە سیاسییەكانی ساڵانی دواتردا، زۆرجار لێیان ئەپرسیم لەو شیعرەت پەشیمان نیت؟! من ئەوساو ئیستاو بۆ داهاتوویش هەر ئەڵێم: نەخێر پەشیمان نیم، چونكە ئەو شیعرە ئاوێنەی راستەقینەی ئەو رۆژگارە بووە كە خۆمو میللەتەكەمی تێدا ژیاوە.
بەدرێژایی شۆڕشی ئەیلولو ئینجا شۆڕشی نوێو تا راپەڕینی (1991)، چەند نووسەرێ لەوانە باجی یەك رۆژی ئازارو دەردەسەریو ئاوارەبوونو نەفیكردنو گرتنو ماڵ تاڵانكردنو دەركردن لە وەزیفەو بانگكردن بۆ ئاسایشو لێكۆڵینەوە نەبوون!
من ئێستا لەم تەمەنەدا كاتێ ئاوڕ لە بەهەدەردانی سەردەمی لاوێتی خۆم ئەدەمەوە، تێئەگەم چ غەدرێكم لە خۆمو بەهرەی خۆم كردوە..! ئێستا ئەزانم ئەگەر چەند زمانێكی ترم بزانیایە، ئەشیا كاری باشترم ئەنجام بدایە لەوەی كە تائێستا كردومە.
سەرچاوە: سەرچاوە: شێركۆ بێكەس: نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش ژیاننامەو بیرەوەری، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، 2013