سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

تایبەت

دیسانەوە خۆپیشاندان

بڵاوکراوەتەوە لە : 7 ئاب 2022

دیسانەوە خۆپیشاندان

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

تێزێکی کۆمەڵناسانەی سادە ھەیە باس لەوە دەکات مرۆڤ بەرھەمی ئەو ژینگە تایبەتەیە کە لەناویدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت و دەمرێت. ئەو ژینگەیە دەستنیشانی ئەوە دەکات ئەو کەسە چۆن بیربکاتەوە، چاوەڕوانی چی بێت، چۆن ھەڵسوکەوت بکات و بجوڵێتەوە. لە سەدەی ھەژدەھەمەوە مۆنتسیکیو (١٦٨٩-١٧٥٥)، گەورە نووسەری فەرەنسیی، پێ لەسەر ئەم ڕاستییە سادەیە دادەگرێت. ئەو پێیوایە ئەوە دەزگاکانن دەستنیشانی ئەوەدەکەن مرۆڤ چۆن و چی بێت؟ دەزگا گەورەکانی وڵات، دەزگاکانی حوکمڕانیی، دەزگاکانی پۆلیس، دەزگاکانی سیستمی داوەریی، دەزگاکانی خوێندن و فێربوون، وادەکەن جۆرێکی تایبەت لە خەڵک بە جۆرێکی تایبەت لە سایکۆلۆژیا و ویست و خەون و چاوەڕوانیی و کردە و کاردانەوەی تایبەتەوە لەدایکببن. ئەم دەزگایانەش ھەڵگری جۆرێکی تایبەت لە ئەخلاقیاتن و ئەو ئەخلاقیاتەش ڕۆڵی گەورە دەبینێت لەوەدا مرۆڤ چۆن سەیری خۆی و چۆن سەیری ئەو دەزگایانە بکات. 
سەدەیەک دواتر ئەم دیدەی مۆنتسیکیو لای کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) دەگۆڕێت بۆ تێزێکی تازە کە ھەمان ناوەرۆک بە شێوەیەکی نوێ و پێشکەوتوتر، نمایشدەکات. مارکس پێیوایە ئەوەی مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ، ئەوەی ئاکار و سایکۆلۆژیا و خواست و چاوەڕوانییەکی تایبەت بە مرۆڤ پێدەبەخشێت، دەزگاکان نیین بەتەنھا، بەڵکو ئەو ھەلومەرجە ئابوریی و کۆمەڵایەتییە کە خودی دەزگاکانیش لەناویاندا دروستدەبن. لای مارکس شێوازی بەرھەمھێنانی ئابوریی و جۆری ئەو ھێزانەی لە بەرھەمھێناندا بەشدارن، دەستنیشانی ئەوەدەکەن مرۆڤ چۆن بیربکاتەوە و ھەست بەچی بکات و بشتوانێت لە ڕووی مێژووییەوە چ کردەیەک ئەنجامبدات.  ئەوەی مارکس ئەنجامی ئەدات، وەک ئاریک فروم دەڵێت، شیکردنەوەیەکی قووڵتری دەزگاکانە، نیشاندانیانە وەک شتێک کە لەناو شێوازی بەرھەمھێنان و لەناو ھێزەکانی بەرھەمھێناندا، دروستدەبن و بەمەش پێماندەڵێت مرۆڤ ھەمیشە لەناو مێژوویەکی کۆنکریت و ژینگەیەکی دیاریکراوادا دەژیی و بیردەکاتەوە، نەک ئەوەی غەریزە یان ئاکارێکی نەگۆڕیی ھەبێت و ئەو غەریزە و ئاکارە نەگۆڕانە ئاراستەی بکەن. بۆ نموونە ھەلومەرجی ئابوریی و شێوازی بەرھەمھێنان و مەسرەفگەراییی ناو سەرمایەدراییە، وادەکەن حەز و ئارەزوی گەورە لە ئینساندا دروستببێت بۆئەوەی شتومەکی زۆر و زیاتر، شتومەکەی تازە و گرانبەھای ھەبێت. ئەوە سەرمایەدارییە وادەکات مرۆڤ مەسرەفگەر و پارەدۆستبێت. بەڵام لە شوێنێکدا کە سەرمایەداریی بوونی نەبێت، یان بەو شێوەیەی ئێستا لە ئارادایە بەھێزنەبێت، ئەو حەزە گەورەیە بۆ ھەبوونی شتومەکی زۆر و بۆ کەڵەکەکردنی پارە و مەسرەفگەرایی بوونی نابێت، ڕەنگە پێچەوانەکەی ئامادەبێت، واتە خەڵک زیاتر بەرەو زوھد و ڕقبوونە لە سەروەت و سامانی دنیایی بڕۆن. 


من ئەم ڕاوڕێویە تیورییە سادەیەم بۆ ئەوە ھێنایەوە تا جارێکی تریش لەو ڕاستییە سادەیە کە نزیکەی سێ سەدەیە زانستە کۆمەڵایەتیی و ئینسانییەکان پێماندەڵێن ئاگاداربین، ڕاستییەک شێماندەڵێت: ئەوەی مرۆڤ دروستدەکات و ئاکار و زمان و سایکۆلۆژیایەکی تایبەتی پێدەبەخشێت، ئەو ژینگەیەیە کە لەناویدا دەژیی، ئەو ناوەندە ئابوریی و سیاسیی و دەزگاییەیە کە دەبێت بە چوارچێوەی ھەڵسوکەوت و چاوەڕوانیی و خەونبینینی کەسەکان.
 ئێستا گەر لەو پێدراوە تیورییەوە بپەڕینەوە بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمی کوردستان، دەتوانین ئەنجامگیریەکی سادەبکەین و بڵێین ئەوەی تا ڕادەیەکی زۆر دونیای سایکۆلۆژیی و چاوەڕوانیی و دید و ڕا و بۆچوونی ژمارەیەکی گەورەی خەڵک دەستنیشاندەکات، ئەو ژینگە ئابوریی و سیاسیی و دەزگایی و ئەخلاقییەیە کە لە سی ساڵی ڕابردوودا دروستکراوە. ژینگەیەک بە ڕاپەڕین دەستپێدەکات و دوانیوەڕۆی دوێنێش لە ژمارەیەکی بەرچاوەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، بە گرتنی دەیان و سەدان کەسی ناڕەزاییدەربڕ دەگات. دوای ئەوەی گازی فرمێسکڕێژیان بەناودا بڵاودەکرێتەوە و ھێزی چەکداریش مەودای جوڵە و قسەکردنیان لێدەسێننەوە.  
ئەوەی خەڵکی کوردستان لەم ساتەدا ئامادەگییەکی ناوەکیی گەورەیان بۆ ناڕەزاییدەربڕین و بۆ بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم تێدادروستبووە و تێدایە، پەیوەندیی نییە بە بوونی غەریزەیەکی کوردانەوە بۆ یاخیبوون، پەیوەندیشی بەوەوە نییە خەڵک لە دەرەوەوە ھانئەدرێن بۆ ئەوەی بە گژ ئەو دەسەڵاتە ”نیشتیمانپەروەرە“ ”خۆماڵییەدا بچنەوە کە چەند بنەماڵە و خێزانێکی سیاسیی بە ”قارەمانێتی“ و ”دڵسۆزی خۆیان“ دروستیانکردوە و دەیپارێزن، پەیوەندی بەوەشەوە نییە چەند ڕۆشنبیرێکی ئانارشیست خەڵکیان لە خشتەبردوە و دۆخێکیان دروستکردوە ھیچ کەسێک بە ھیچشتێک ڕازینەبێت. ھەموو ئەم جۆرە لێکدانەوانە ھەڵاتنێکی نابەرپرسیار و گەمژانەیە لە ھۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەو دۆخی ناڕازیبوونە سەرتاسەرییەی ھەموو ھەرێمەکەی تەنیوەتەوە. ناڕەزایی بەرامبەر بە حوکمڕانی چەند خێزانێکی سیاسیی و ئەو نوخبە گەندەڵ و بچووکەی بەدەوریاندا دروستکراوە، ناڕەزایی لە سیستمە سیاسیی و ئابورییە قۆرخکراوەکەیان، لە سیستمە بیرۆکراسییە بەحیزبیی کراوەکەیان، لە سیستمی پەروەردە و سیستمی تەندروستیی کە لۆژیکی پارەپەیداکردن دەیانباتبەێڕوە، ناڕەزایی لە سیستمی داوەریی کە لەساتە گرنگەکاندا بۆ گرتن و ڕاونانی ئەوانە کاردەکات، کە شتێکی جیاواز لە قسەی خێزانە حوکمڕانەکان دەڵێن، ناڕەزایی لەو مۆدێلە حیزبییەی کە وایکردوە حیزب ببێت بە گەورەترین سەرمایەدار لە وڵاتەکەدا و لەزۆر سەرەوە دەوڵەمەندتر لە خودی دەوڵەت خۆیشی، ناڕەزایی  لەو ھێزە چەکدارانە کە بە ئەمری ئەم یان ئەو بەرپرسی حیزبی دەجوڵێنرێن و دەکرێن بەگژی ئەوانەدا زەوقی ئەو بەرپرسە وەک نەیار پێناسیان دەکات. خۆپیشاندان لە ھەرێمدا ئەم دۆخە پڕ قەیران و پڕکێشە و پڕمەترسییە دروستیدەکات. دەشێت ئەوانەی بانگێشەی خۆپیشاندان دەکەن گۆڕانیان بەسەردابێت، ئەمڕۆ ئەلف بێت و سبەینێ بێ، بەڵام ئەو دۆخە بونیادیی و نائینسانییەی کە بوونەوەری ناڕازیی و توڕە بەرھمدەھێنێت، نەگۆڕە و بەردەوامی ھەیە. خۆپیشاندان دیاردەیەکی بایۆلۆژیی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی سیاسییە. ئەوەی خەڵک والێدەکات ناڕازیبن و ڕێگای جیاواز بۆ نیشاندان و دەرخستنی ئەو ناڕەزایەتییە بدۆزنەوە، پاڵنەری بایۆلۆژیی و غەریزیی نییە، بەڵکو پاڵنەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییە. ئەو دونیایەیە کە بە تۆڕێکی گەورە لە گەندەڵیی و دزیی و جەردەیی و بە دنیایەک بڕیاری نابەرپرسیار و بە تەماحی شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی قۆرخکارانە، دروستکراوە. 


ئەم دۆخە تاریکە بە ئاستێک گەیشتوە زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵک بەشداری دەنگدانەکان نەکەن، کەی بۆیان بلوێت و بوێرن بچنە سەر شەقام، سەدام حسێنیان لێببێت بە ڕزگارکەر و بە کەسێکی بزانن سەدانجار لە حوکمڕانانی ئەمڕۆ باشتر. 
پێویستە حوکمڕانانی ئەم ھەرێمە نەخۆشە ئەم ڕاستییە زۆر زۆر سادەیە زۆرباش بزانن: ئەوەی خەڵک بەوانەوە دەبەستێتەوە، نە ڕێز و پێزانینە، نە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییە، نە کۆمەڵێک پرنسیپی نیشتیمانیی و نەتەوەییە، بەڵکو ڕقە، ڕقە لە ھەموو شێوەکانیدا: ڕقی سیاسیی، ڕقی ئەخلاقیی، ڕقیی ئابوریی، ڕقیی دەزگایی، ڕقیی بنەماڵەیی، ڕقیی فیکریی. کەڵەکەبوونی ئەم ھەمو ڕقە ڕەچەتەیەکی ترسناکە بۆ تەقینەوەی گەورە و خوێناویی لە ئایندەدا.
 

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 13 کاتژمێر

وەرچەرخان لە سەربەخۆیی ئابوورییەوە بۆ پشتبەستن بە بەغدا

null
پێش 13 کاتژمێر

بۆچی پێش سەردانەکەی بۆ تورکیا، بافڵ تاڵەبانی بانگهێشتی تاران کرا

null
١١ ئاب ٢٠٢٦

گەشەپێدان و ناکۆکی لە پیشەسازیی گازی سروشتی لە هەرێم (2007–2026)