Draw Media

گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا مەترسی گەورەی لەسەر عێراق هەیە

گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا مەترسی گەورەی لەسەر عێراق هەیە

2022-08-04 20:59:29


(درەو):
لە نوسراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە 21 تشرینی دووەم بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ناردووە، راپۆرتێكی ئەنجومەنی هەواڵگری نیشتمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای هاوپێچ كردووە، بە ناونیشانی Climate Change and international responses” increasing to US National Security through 2040”
"گۆڕانكاری ژینگەیی و كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان لەسەرئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا تا ساڵی 2040 زیاد دەكات"
راپۆرتەكە بۆچوونی هەموو بەشەكانی ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكای تێدایە سەبارەت بە گۆڕانی ژینگەیی، یەكەم جارە گۆڕانكاری لە ژینگەدا ببەسترێتەوە بە ئاسایشی نەتەوەییەوە، ناوەڕۆكی راپۆرتەكە ئەم بەشانەی خوارەوە لە خۆدەگرێت:
1-    گۆڕانی كەش و هەوا هۆكارە بۆ توندتربوونی گرژییە نێودەوڵەتییەكان،  كاریگەرییەكانی تا ساڵی (2040) ئاسایشی نیشتمانی دەگرێتەوە. 
2-  وڵاتە هەژارەكان، دەرەنجامێكی نەرێنی زیاتریان روبەڕوو دەبێتەوە، چونكە لەگەڵ گۆڕانكاری كەش و هەوا كەمتر ئامادەسازیی بۆ خۆگونجاندنیان كردووە.
3-    راپۆرتەكە هۆشداری دەدات سەبارەت بەو وڵاتانە كە بە تەنها كار بۆ بڵاوكردنەوەی تەكنەلۆژیای ئەندازیاری جیولۆجی ئایندە دەكەن.
4-    راپۆرتەكە (11) وڵات و (2) هەرێمی دیاریكردووە، لە ئایندەدا بەهۆی گۆڕانی كەش و هەوا، دابینكردنی وزەو خۆراك روبەڕووی مەترسی دەبێتەوە.
5-  راپۆرتەكە هۆكاری كاریگەری زیاتری گۆڕانی كەش و هەوا لەسەر ئەو وڵاتانە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەژاری و كەمی توانای خۆگونجاندن، ئەمە وایان لێدەكات نێچیری نەمانی سەقامگیری و ناكۆكی ناوخۆیی بن، شەپۆلی گەرماو وشكەساڵی كاریگەر دەبێت لەسەر دابینكردنی خزمەتگوزاری كارەبا وەك نمونە.
6-   راپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەدات، گۆڕانی كەش و هەوا دەبێتە هۆكاری ئاوارەبوون،هۆشداری لە شەپۆلی پەنابەران دەدات كە فشار دەبێت لەسەر سنوورەكانی باشوری ئەمریكا، دەرەنجامەكەی كارەساتی مرۆیی لێدەكەوێتەوە.
7-   ناوچەی جەمسەری باكور، یەكێك دەبێت لەو ناوچانەی زەرەرمەند دەبێت لە گۆڕانی كەش و هەوا، بەهۆی توانەوەی سەهۆڵەكانەوە ئەو ناوچەیە زیاتر زەرەری بەردەكەوێت، رێخۆشكەر دەبێت بۆ پاپۆڕەكان بە مەبەستی دۆزینەوەی سامانی ماسی بچنە  ئەو ناوچانە.
8-   راپۆرتەكە هۆشداری دەدات كە هەندێك وڵات لەوانە (روسیا) و وڵاتانی نەوتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بۆ داهاتیان پشت بە هەناردەكردنی خەڵوزی بەردین دەبەستن، هەوڵ دەدەن پارێزگاری لە ئابوورییەكەیان بكەن لە رێگەی بەرگری كردن لە گۆڕانی جیهان بۆ جیهانێكی خاڵی لە كاربۆن،  چونكە لە دەرەنجامە ئابووری و سیاسی و جیۆسیاسییەكە دەترسن.، كەمبوونەوەی داهاتی خەڵوزی بەردین بۆ هەر یەكێك لەم وڵاتانە قورسایی بۆ شانی حكومەتەكانیان زیاد دەكات، چاوەڕوان دەكرێت زیانی ئەم وڵاتانە بە هۆی گۆڕانی كەش و هەوا بە جۆرێك بێت داوای هاوكاری لە دەرەوەی خۆیان بكەن.
9-   راپۆرتەكە ئەو (11) وڵاتە ئاشكرا دەكات كە زۆرتر روبەڕووی مەترسییەكانی كەش و هەوا دەبێتەوە، ئەم گۆڕانكارییە ژینگەییە وادەكات ئەم وڵاتانە روبەڕووی گرفتی دابینكردنی خۆراك و وزە و گەیشتن بە ئاوی شیرین و چاودێری تەندروستی ببنەوە، ئەمەش دەرەنجامی مەترسیداری دەبێت لە ناكۆكی ناوخۆیی و نەمانی سەقامگیری، وشكەساڵی و شەپۆلی گەرما هۆكار دەبێت بۆ فشاری سەر ژێرخانیان بە نمونە سەرچاوەكانی وزە ، ئەو (11) وڵاتەش بریتین لە (عێراق، ئەڤغانستان، میانمار، هندستان، پاكستان، كۆریای باكور، گواتیمالا، هایتی، هندۆراس، نیكاراگوا و كۆڵۆمبیا) هەروەها هەردوو ناوچەی (ناوەڕاستی ئەفریقا و دوورگەی بچووكی زەریای هێمن).
10-  راپۆرتەكە ئاماژە بە گەشەكردنی كێبڕكێی جیهانی دەكات لە گەیشتن بەو كانزاو تەكنیكانەی كە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی نوێ پێویستە، چین لە پێگەیەكی بەهێزی كێبڕكێكەدایە.
11-   بەپێی توێژینەوە زانستییەكان دووبارە بوونەوەی زریانەكان، كاریگەرییان هەیە لە پیسبوونی سەرچاوەكانی ئاو، هۆكاری زیادبوونی نەخۆشییە گوێزەرەوەكانن لە زۆرێك لەو (11) وڵاتەی لە سەرەوە ئاماژەی پێدراوە، نمونەكان پیشانمان دەدەن ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی (تای خوێنبەربوون) لە وڵاتەكانی ( عێراق، ئەڤغانستان، گواتیمالا، هایتی، هندۆراس، هندستان، پاكستان) لە زیادبووندایە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق كۆمەڵێك تێبینی لەسەر راپۆرتەكەی هەواڵگری ئەمریكا بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە:
1-  بابەتی ژینگە و گۆڕانی كەش و هەوا لە ئەجیندای سەرۆك بایدندا ئەولەویەتی هەیە، گرنگیدانی بە گۆڕانی كەش و هەوا وایكردووە كە سەرۆك بایدن لە حەفتەی یەكەمی بوون بە سەرۆكی ئەمریكادا بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتننامەی پاریس بۆ ژینگە كە لە ساڵی (2015) ئیمزا كراوە.
2-     راپۆرتەكە ئاشكرای دەكات كە جیهان لە پشتیوانیكردنی یەكتربۆ پاراستنی ژینگەو رێگرتن لە گۆڕانی كەش و هەوا شكستی هێناوە، گومانی تێدا نییە ململانێكان لەسەر ئاو یەكێكە لە كاریگەرییەكانی ئەو شكستە.
3-   راپۆرتەكە دەریدەخات كە گۆڕانی كەش و هەوا پاڵنەرە بۆ دەوڵەتەكان كە پەنا ببەنە بەر سوتەمەنی پاك وەك (ئەتۆم، هایدرۆجینی، تیشكی خۆر، غاز، كارەبا) لە بری سوتەمەنی خەڵوزی بەردین، هەر وڵاتێكیش لەم كێبڕكێیە دوابكەوێت زیانێكی گەورەی بەردەكەوێت.
4-   راپۆرتەكە لەسەر ئاسایشی ئەمریكایەو لە لایەن ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا سەبارەت بە مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئامادەكراوە، بەڵام تیشكی خستۆتە سەر ئەو مەترسییە گەورەیەی كە هەموو زەوی دەگرێتەوە، ئەمەش پێویستی بە كاری هاوبەشی جددی هەموو ئەو دەوڵەتانەیە كە خەمی ئایندەی مرۆڤایەتییانە.
5-    لە راپۆرتەكەدا زیاتر لە جارێك ئاماژە بە عێراق دراوە، عێراق وەك یەكێك لەو وڵاتانەی لە داهاتوودا زۆرترین كاریگەری گۆڕانی كەشوهەوای لەسەرە، كاریگەری نەرێنی لەسەر كەرتی ئاو و سەقامگیری سیاسی دۆخی ئابووری دەبێت، بۆیە پێویستە حكومەت بە جددی كار بكات لەسەر دیاردەی گۆڕانكاری لە كەش و هەوادا، وەبەرهێنان لە ژینگەدا بكات، هەنگاو بنێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەكە و شانبەشانی وڵاتانی جیهان لە هەوڵدا بێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand