Draw Media

سۆمۆ هەڕەشە لە كڕیارانی نەوتی هەرێم دەكات

سۆمۆ هەڕەشە لە كڕیارانی نەوتی هەرێم دەكات

2022-08-25 12:17:05


(درەو): 
لە نوێترین هەنگاودا وەزارەتی نەوتی عێراق لەرێگەی كۆمپانیای (سۆمۆ)وە هەڕەشە لەو كۆمپانیایانە دەكات كە لەبەندەری (جەیهان)ی توركیا نەوتی هەرێمی كوردستان دەكڕن. 
كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی نوێ دەكات دژی ئەوانەی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان دەكڕن، ئەمە بەپێی هەواڵێك كە ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویكردوەتەوە. 
ئاژانسەكە دەڵێ، چاوی بە نوسراوێك كەوتووە كە رۆژی 23ی ئەم مانگە دەرچووە‌و تێیدا ئاماژە بەم بابەتە كراوە. 
ئەمە نوێترین جموجوڵی وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ كۆنترۆڵكردنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەر رۆشنایی بڕیارەكەی مانگی شوباتی ئەمساڵی دادگای باڵای فیدراڵیی، كە یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو بە (نادەستوریی) ناویبرد‌و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیارەكە رەتدەكاتەوە. 
بەگوێرەی ئەوەی ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویكردوەتەوە، لە نوسراوەدا كە رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە لەلایەن كۆمپانیای (سۆمۆ)وە دەرچووە، هاتووە" رێوشوێنی یاسایی توند دەگیرێتەبەر دژی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ رێگریكردن  لە باركردنی هەموو بارێكی نایاسایی كە لە عێراقەوە هاتبێت، لەناویشیاندا بۆ نمونە‌و بەدیاریكراوی بارەكانی هەرێمی كوردستان". 
ئاماژە بەوەكراوە" وەزارەتی نەوتی عێراق‌و سۆمۆ وەكو كۆمپانیایەكی سەربە وەزارەت، پارێزگاری لە مافی خۆیان دەكەن بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێكی یاسایی دژی بازرگان یاخود كڕیارانی نەوتی بەقاچاخبراو، ئەگەر لەسەریان بسەلمێنت هەستاون  بە باركردنی نەوتی عێراق لە بەندەری (جەیهان)ی توركیا بەبێ ئەوەی مۆڵەتیان لە (سۆمۆ) وەرگرتبێت.
ئەم هەڕەشەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەكاتێكدایە، بەمدواییە‌و دوای ناردنی نامەیەك بۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدادی كرد بۆ راگرتنی هەنگاوەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق دژی هەرێم‌و قسەوباس هەبوو لەبارەی ئەوەی رێككەوتنێكی كاتیی لەگەڵ مستەفا كازمیی كردووە بۆ راگرتنی رێوشوێنەكان تا ئەوكاتەی لەچوارچێوەی یاسای نەوت‌و غازی عێراقدا چارەسەر بۆ ناكۆكییەكان دەدۆزرێتەوە. 

كێن ئەوانەی نەوتی هەرێم دەكڕن ؟
كڕیارانی نەوتی هەرێمی كە بوون بە ئامانجی هەڕەشەكەی كۆمپانیای (سۆمۆ)ی عێراق، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵ (2022)دا بریتین بوون لەم وڵاتانە:
•    ئیتالیا: 37%ی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كڕیوە
•    یۆنان: 17%
•    ئیسرائیل: 16%
•    كرواتیا: 7%
•    بولگاریا: 5%
•    ئیسپانیا: 5%
•    رۆمانیا: 2%

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand