Draw Media

 سەرۆكایەتی پارتی لە كۆنگرەی چواردەدا 

 سەرۆكایەتی پارتی لە كۆنگرەی چواردەدا 

2022-08-24 12:30:55


راپۆرت: درەو
نزیكەی دوو مانگ ماوە بۆ بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چواردەی پارتی، كۆنگرەیەك كە نەخشەی دابەشبوونی دەسەڵات لەنێوان ئامۆزاكان دوای مەسعود بارزانی یەكلادەكاتەوە، ئایا بارزانی خۆی كاندید دەكاتەوە یاخود دەكێشێتەوە‌و وەكو "مەرجەعی" حزب لە بارەگای بارزانی دەمێنێتەوە ؟ ئەگەر بكێشتەوە كێ شوێنی دەگرێتەوە ؟ دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕ دەگوازرێتەوە یان لەمامەوە بۆ برازا؟  دوو جێگری پەیڕەو دەكرێت و سیناریۆكەی دوای وەفاتی مستەفا بارزانی دووبارە دەبێتەوە كاتێك دوو كوڕەكەی پێكەوە حزبیان بەڕێوە دەبرد؟.... زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

كۆنگرەی چواردە
بڕیارە كۆتایی ئۆكتۆبەر یاخود سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، واتە نزیكەی دوو مانگی تر، پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی چواردەیەمی خۆی ببەستێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەبوو ئەم كۆنگرەیە لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2014 بەڕێوەبچێت، واتە زیاتر لە (8 ساڵ) كۆنگرە لەوادەی خۆی دواكەوتووە، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی دواین پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی سیانزەیەمی حزبەكە، نابێت بەستنی كۆنگرە ساڵێك زیاتر لەوادەی خۆی دوابخرێت، بەگشتی ماوەی (12) ساڵە پارتی كۆنگرەی نەكردووە، سەركردەكانی پارتی پێشتر شەڕی داعش‌و قەیرانە سیاسی‌و ئابورییەكانی ساڵانی رابردوویان، وەكو بەهانە بۆ دواكەوتنی كۆنگرە دەهێنایەوە، ئێستاش بەهانەی "كۆرۆنا" ئامادەیە.  
بڕیارە كۆنگرەی چواردەی پارتی لە شاری (دهۆك) بەڕێوەبچێت، یەكەمجارە پارتی كۆنگرەی خۆی دەباتە دهۆك، ئەمە ئەو بابەتەیە كە پێشبینی دەكرێت كۆنگرەی چواردە لە كۆنگرەكانی پێش خۆی جیابكاتەوە، بەپێی وتەی لیژنەی ئامادەكارانی كۆنگرە زیاتر لە (600 )هەزار ئەندام مافی دەنگدانیان هەیە‌ بۆ هەڵبژاردنی (800 ) ئەندامی كۆنگرە لەوێش ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و سەرۆك و جێگری حزب هەڵدەبژێردرێت.


كۆنگرەی چواردە‌و گۆڕانكارییەكانی
مەسعود بارزانی سەرۆك‌و (مەرجەع)ی پارتی ئێستا تەمەنی (76 ساڵ)ە، بۆیە ئامادەكاری بۆ قۆناغی دوای خۆی دەكات، دەیەوێت بەر لە دوركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی بە هەر هۆكارێك، دابەشبوونی دەسەڵات لەناو بنەماڵەكەی، بە دیاریكراوی لەنێوان كوڕو برازاكانی رێكبخاتەوە. 
بەگشتی چەند سیناریۆیەك هەن لەبەردەم چۆنیەتی دابەشبونەوەی دەسەڵات لە هەرەمی سەرەوەی پارتیدا كە ئەمانەن: 

سیناریۆی یەكەم:
هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پارتی كاندید بكاتەوە‌و نێچیرڤان بارزانی ببێتەوە بە جێگری سەرۆك، لەم حاڵەتەدا لە ئەگەری دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی بە هەر هۆكارێك، راستەخۆ نێچیرڤان بارزانی دەبێت بە سەرۆكی حزب، بەوپێیەی جێگری سەرۆكە، ئەمە رەنگە دڵخوازی كوڕانی مەسعود بارزانی‌و بەدیاریكراویش مەسرور بارزانی نەبێت، لەلایەكی تر ئەمە شێوازی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانی بۆ داهاتوو دیاری دەكات، بەوەی ئایا دەسەڵات بەشێوەی ستونی لە باوكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كوڕ یاخود بەشێوەی ئاسۆیی دەبێت‌و لە مامەوە دەگوازرێتەوە بۆ برازا، چارەنوسی كوڕەكانی ئیدریس بارزانی لەناو پارتیدا یەكلابونەوەی ئەم هاوكێشەیە دیاری دەكات، بۆیە دووبارەبونەوەی سیناریۆی كۆنگرەی سیانزە لە كۆنگرەی چواردەدا لەلایەن پارتییەكانەوە، بەدوور دەزانرێت. 

سیناریۆی دووەم:
هاوشێوەی كۆنگرەی سیانزەیەم، مەسعود بارزانی جارێكی تر خۆی بۆ سەرۆكایەتی حزب كاندید بكاتەوە، بەڵام جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی حزب زیاد بكرێت، واتە بكرێت بە دوو جێگر، یەكێكیان نێچیرڤان بارزانی‌و ئەوی تر مەسرور بارزانی، ئەگەر ئەم سیناریۆیە جێگیربكرێت، دوای دوركەوتنەوەی مەسعود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسی، پارتی بەرەو شێوازەكەی یەكێتی دەڕوات كە بەڕێوەبردنی حزبە بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی لەنێوان ئامۆزاكاندا، بەوپێیەی سەرۆك دوو جێگری هەیە‌و راستەوخۆ جێگرەكان دەسەڵاتەكان وەردەگرن.

سیناریۆی سێیەم: 
وەكو هەندێك لە پارتییەكان باسی دەكەن، مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكایەتی پارتی هەڵگرێت‌و وەكو "مەرجەع" بمێنێتەوە لە بارەگای بارزانی، بەم دواییە بارزانی بەچەند بەرگێك دەستی بە بڵاوكردنەوەی یادەوەرییەكانی خۆیكرد، هەندێك ئەم هەنگاوانەی بارزانی بە خۆدورخستنەوەی لە ناو كایەی حزبی دەبینن، لەم حاڵەتەدا بارزانی دەبێت سەرۆكایەتی حزب لەنێوان كوڕو برازاكانیدا یەكلابكاتەوە، ئەمە پەیوەندییەكان لەناو بنەماڵەكەیدا توشی شڵەژان دەكات، لەم حاڵەتەدا رەنگە پێویست بكات، بارزانی بەجۆرێك كۆپی شێوازەكەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی بكاتەوە‌و دەسەڵاتی لەنێوان كوڕو برازاكانیدا دابەش بكات‌و حزب رادەستی ئامۆزاكان بكات‌و خۆی چاودێرییان بكات‌و رێگری لەدروستبوونی گرژی بكات، بەڵام بە نەرمی لە كۆتایدا دەسەڵات لە بەرژەوەندی كوڕەكانی یەكلابكاتەوە.

سیناریۆی چوارەم:
پارتی دیموكراتی كوردستان پێكهاتەكەی دەگۆڕێت، سەرۆكی پارتی و سكرتێری مەكتەبی سیاسی نامێنێت، بارەگای بارزانی شوێنی سەرۆك و هەیكەلی پارتی دەگرێتەوە، مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی بارەگای بارزانی دەكات و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی هەریەكەیان یاریدەدەری مەسعود بارزانی دەبن بۆ چەند فایلێكی دیاریكراو، لەم حاڵەتەدا فایلی دەرەوەو پەیوەندییەكان لای نێچیرڤان بارزانی، حكومەت و ناوخۆ لای مەسرور بارزانی دەبێت.

 سیناریۆی پێنجەم:
راستەوخۆو بێ هیچ پێچ‌و پەنایەك، پارتی سیناریۆی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دووبارە بكاتەوەو مەسعود بارزانی دەست لە پۆستی سەرۆكی حزب هەڵگرێت‌و لەبارەگای بارزانی وەك و مەرجەعی پارتی دەمێنێتەوە، پارتی بەشێوەی هاوسەرۆكایەتی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانییەوە بەڕێوەببرێت، ئەمە بۆچونێك بوو كە پار ساڵ بەرلە بڕیاری دواخستنی كۆنگرەی پارتی قسەو باسی لەسەر دەكرا بەڵام رەنگە بۆ ئەمڕۆ چیدیكە سیناریۆیەكی بەهێز نەبێت بەتایبەتی كە سیستەمی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی شكستی هێناو هاوكات پارتی نایەوێت سیستەمێكی سیاسی تاقیبكاتەوە كە پەكەكە لەناو لایەنە كوردستانیەكان داهێناوە، هەرچەندە هەندێك لەو پارتییانەی كە لەناو كاری رێكخراویدا قاڵبونەتەوە پێشبینی ئەوەیان دەكرد ئەو شێوازی هاوسەرۆكایەتیەی یەكێتی بۆناو پارتیش گونجاو بێت لەدوای مەسعود بارزانی، فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی، لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە، لە كۆبونەوەیەكدا بە بەرپرسێكی یەكێتی وتبوو" یەكێتی دەیەوێت خوی پارتیش خراپ بكات، چونكە هەر كارێك كە یەكێتی دەیكات، دواتر پارتیش كۆپی دەكاتەوە، یەكێتی چەندین میدیای جیاوازی دروستكرد، ئێستا پارتیش هەمان كاردەكات، یەكێتی كردی بە هاوسەرۆكایەتی، دەتانەوێت ئێمەش وای لێ بكەین".
مێژووی بەڕێوەبردنی حزب بە دوو سەرەوە لەناو پارتیدا بە فۆرمێكی جیاواز ئەزمون كراوە، لەدوای وەفاتی مستەفا بارزانی هەریەك لە ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بۆ ماوەی هەشت ساڵ پێكەوە حزبیان بەڕێوەبرد.

چارەنوسی مەكتەب سیاسی‌و سەركردایەتییەكان 
زۆربەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە كۆنگرەی چوارەمدا چانسی مانەوەیان لاوازە، رەنگە ئەوانەی دوردەخرێنەوە لە ئۆرگانێكی بارەگای بارزانیدا كاریان بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمە هاوشێوەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە.
لەناو مەكتەبی سیاسیدا ئەوانەی چانسی مانەوەیان هەیە لە كۆنگرەی چواردەدا بریتین لە هەریەكە لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی، بەوپێیەی تونای راگرتنی باڵانسی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانیدا هەیە، هەروەها (رێبوار یەڵدا، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری، مەحمود محەمەد).
بەگشتی پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن، نێچیرڤان بارزانی زەرەرمەندی یەكەمی كۆنگرەی چواردەی پارتی بێت، ساڵی 2019 لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی ناوخۆی بنەماڵەدا، دوای (17 ساڵ) نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزای چۆڵكرد، مەسرور بارزانی دوای دەستبەكاربوونی، لایەنگرانی نێچیرڤان بارزانی لە حكومەت ریشەكێش كرد‌و هەمویانی دورخستەوە، ئەگەر لە كۆنگرەی چواردەشدا لە پێگەی بدرێت، ئیتر نێچیرڤان بارزانی هەم حكومەت‌و هەم حزبیش لەدەستدەدات. 
نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی لەدەستدا نەماوە، سەرباری ئەمە لە كۆنگرەی سیانزەدا دۆستەكانی زۆربەی دورخرانەوە‌و ئەو بێدەنگ بوو، سەركردەكانی پارتی نایانەوێت چیتر گرەو لەسەر نێچیرڤان بارزانی بكەن، چونكە پێیانوایە دواجارو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی بنەماڵەیدا، پێگەی خۆی زەمان دەكاتەوە‌و پشت لەوان دەكات.
خاڵێكی تری لاوازی نێچیرڤان بارزانی لە كۆنگرەی چواردەدا ئەوەیە ئێستا نەیارە مێژوویەكانی مەسعود بارزانی مامی لە ژیاندا نەماون، چیتر كارتی ناڕەزایەتی نێچیرڤان بارزانی لەناو ماڵباتی بارزانیدا بەهای نەماوە، پێشتر كاتێ نێچیرڤان بارزانی نیگەران دەبوو دەڕۆیشتە دەرەوەی وڵات، جەلال تاڵەبانی مامەڵەی بۆ دەكرد و دەیگەڕاندەوە، ئەمە مەسعود بارزانی نیگەران كردبوو، ترسی هەبوو تاڵەبانی یاری بەناكۆیەكانی ناو بنەماڵەكەی بكات بۆ مەبەستی سیاسی بۆیە بارزانی هەمیشە پێگەی نێچیرڤان بارزانی لەبەرچاو دەگرت، بەڵام ئێستا ئێتر كارتی ناڕەزایەتی نێچیرڤان بارزانی هیچ ترسێكی بۆ بارزانی نیە. 

پارتی‌و كۆنگرە
یەكەمین كۆنگرەی پارتی لە رۆژی 16ی ئابی 1946 بەنهێنی لەماڵی (سەعید فەهیم) لە ناوچەی (ئەعزەمیە)ی بەغداد بەستراوە، لەم كۆنگرەیەدا (70) ئەندام بەشداربوون، بەفەرمی ناوی حزبەكە بوو بە (پارتی دیموكراتی كورد)، ئەم كۆنگرەیە (مەلا مستەفا) بارزانی بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە سەرۆكی حزب هەڵبژێردراو هەریەكە لە (شێخ لەتیف)‌و (كاكە زیاد) بوون بە جێگرانی سەرۆكی حزب. 

زنجیرەی كۆنگرەكانی پارتی: 
•    كۆنگرەی دووەم: لە ئازاری 1951 لە بەغداد بەڕێوەچوو، (30) ئەندام بەشدارییان تێداكرد، ئەوكات مستەفا بارزانی لە سۆڤیەت بوو، ئەم كۆنگرەیە سەرۆكی هەڵنەبژارد‌و لەبری ئەوە سەركردایەتییەكی كاتیی بۆ حزب دانرا. 
•    كۆنگرەی سێیەم: لە 26ی كانونی دووەمی 1953 لە كەركوك بەڕێوەچوو، (35 بۆ 40) ئەندام بەشدارییان تێدا كرد، ناوی حزب لە (پارتی دیموكراتی كورد)ەوە گۆڕدرا بۆ (پارتی دیموكراتی كوردستان).
•    كۆنگرەی چوارەم: تشرینی یەكەمی 1959 لە بەغداد بەسترا، ئەمە یەكەمین كۆنگرە بوو كە مستەفا بارزانی خۆی بەشداری تێدا بكات‌و جارێكی تر وەكو سكرتێر هەڵبژێردرایەوە، ساڵێك دواتر حكومەتی عەبدولكەریم قاسم بڕیارێكی دەركرد بەوەی دەبێت هەموو حزبێك كۆنگرە سازبدات بۆ ئەوەی مۆڵەتی كاركردنی پێبدرێت.
•    كۆنگرەی پێنجەم: ئایاری 1960 لەبەر رۆشنایی فەرمانی حكومەتی ئەوكاتی عێراق بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە لە بەغداد بەسترا، (148) ئەندام بەشداربوون تێیدا، سەرلەنوێ مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە.
•    كۆنگرەی شەشەم: 1ی تەموزی 1964 لە قەڵادزێ بەڕێوەچوو، كۆنگرەكە مستەفا بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردەوە، بەڵام لەم كۆنگرەیەدا باڵی مەكتەبی سیاسی لە مەلا مستەفا جیابونەوەو لە (ماوت) كۆنگرەی خۆیان كرد، ئەمە سەرەتای قۆناغی جەلالی‌و مەلایی بوو.
•    كۆنگرەی حەوت: لە 15ی تشرینی دووەمی 1966 لە گەڵاڵە بەڕێوەچوو، (370) كەس بەشدارییان تێدا كرد، مستەفا بارزانی جارێكی تر بە سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە.
•    كۆنگرەی هەشتەم: لە 1ی تەموزی 1970 لە (ناوپردان) بە بەشداری (488) كەس بەڕێوەچوو، مستەفا بارزانی دیسان وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە، هەندێك لە پارتییەكان ئەم كۆنگرە بە "كۆنگرەیەكی نمونەیی" ناودەبەن، بەوپێیەی بۆ یەكەمینجار ژنان بەشدارییان تێیدا كردووە‌و نوێنەری چەندین حزبی عێراقی‌و فەلەستینی ئامادەبوون‌و پیرۆزباییان كردووە، لەسەرو هەموشیانەوە ئەندامانی كۆنگرە زۆربەیان بە هەڵبژاردن سەركەوتوون بۆ ناو كۆنگرەكە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە هەر لەم كۆنگرەیەدا پارتی بەتەواوەتی‌و بەشێوەیەكی فەرمی بەرەو ئاڕاستەی بنەماڵەیبوون دەڕوات‌و كۆنگرە هەریەكە لە (ئیدریس بارزانی)‌و (مەسعود بارزانی) كوڕانی مستەفا بارزانی وەكو ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێرێت، رۆژی 28ی شوباتی 1979 مستەفا بارزانی لە ئەمریكا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، پۆستی سەرۆكی پارتی چۆڵ بوو.
•    كۆنگرەی نۆیەم: رۆژی 4ی تشرینی یەكەم، پارتی لەناوچەی (زێوە)ی دەڤەری (مەرگەوەڕ)ی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان، كۆنگرەی نۆیەمی خۆی بەست بۆ پڕكردنەوەی شوێنی مستەفا بارزانی، كۆنگرە مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژارد، ئیدریس بارزانی باوكی نێچیرڤان بارزانی ئەوكات كوڕە گەورەی مستەفا بارزانی بوو، بۆ خۆبەدورگرتن لە دروستبوونی ناكۆكی لەگەڵ براكەی، مەسعود بارزانی سەرباری ئەوەی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، بەڵام مومارەسەی سەرۆكایەتی نەكرد‌و لەگەڵ براكەیدا دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكرد‌و هەریەكەیان كاروبارێكی بەڕێوەدەبرد، تا ئەوكاتەی ئیدریس بارزانی رۆژی 31ی كانونی دووەمی 1987 كۆچی دوایی، لەم كۆنگرەیەدا (عەلی عەبدوڵا) وەكو سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردرا.
•    كۆنگرەی دەیەم: ئەم كۆنگرەیە دوو ساڵ دوای كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی‌و لە رۆژی 12ی كانونی یەكەمی 1989 لە (مەرگەوەڕ) بەبەشداری (332) كەس بەڕێوەچوو، لەم كۆنگرەیەدا بۆ جاری دووەم مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژێردرایەوە. 
•    كۆنگرەی یانزەیەم: ئەم كۆنگرەیە 16ی ئابی 1993 لە هەولێر بەسترا، مەسعود بارزانی سەرلەنوێ وەكو سەرۆك هەڵبژێردرا، بەڵام یەك جێگری بۆ دانرا كە (عەلی عەبدوڵا) بوو. 
•    كۆنگرەی دوانزەیەم: ئەم كۆنگرەیە 14ی تشرینی یەكەمی 1999 لە هەولێر بەڕێوەچوو، (هەزارو 473) كەس بەشدارییان تێدا كرد، مەسعود بارزانی وەكو سەرۆك هەڵبژێردرایەوە.
•    كۆنگرەی سیانزەیەم: ئەمە دواین كۆنگرەی پارتییە، 11ی كانونی دووەمی 2010 لە هەولێر بەڕێوەچوو، كۆنگرە بۆ جاری (پێنجەم) مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی حزب هەڵبژاردوە، بەهۆی كۆچی دوایی (عەلی عەبدوڵا)وە، نێچیرڤان بارزانی كرا بە جێگری سەرۆكی حزب.  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand