Draw Media

داهاتی باشماخ زیاتر لە (40%) كەمیكردووە

داهاتی باشماخ زیاتر لە (40%) كەمیكردووە

2022-08-25 10:15:58


داهاتی باشماخ زیاتر لە (40%) كەمیكردووە
درەو:
داهاتی گۆمرگی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بەراورد بە مانگی رابردوو بەڕێژەی نزیكەی (40%) كەمیكردوە، مانگی تەمووز داهاتی دەروازەكە زیاتر لە (14 ملیار) دینار بووەو ئەم مانگە بۆ (8 ملیار) دینار دابەزیوە، بەراوردی داهاتی مانگی یەكی 2021 بە مانگی یەكی 2022 داهاتی باشماخ بەرێژەی (53%) كەمیكردووە. 
بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو) داهاتی ئەم مانگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ كە یەكێكە لە شادەمارەكانی داهاتی سنوری سلێمانی، تا ئەمڕۆ (8 ملیار) دینارە، چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی مانگ نزیك ببێتەوە لە ( 9 ) ملیار دینار.
ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی ئەو ژمارانەی لەبەردەستی (درەو)دایە داهاتی دەروازەكە زیاتر لە (14) ملیار دینار بووە، تەنیا لە نێوان مانگی تەموز و ئەم مانگەدا داهاتی دەروازەكە بەرێژەی (40%) كەمیكردووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بارودۆخی دارایی سنورەكە بە (درەو)ی راگەیاند، كەمبوونەوەی داهاتی دەروازەی باشماخ بۆ ئەم هۆكارانە دەگەڕێتەوە:
•    باش رایینەكردنی ئیشوكاری بازرگاكان  سنوری باشماخ بەبەراورد بەو بازرگانانەی كە هەمان كار لە دەروازە سنورییەكانی تر دەكەن بەتایبەت حاجی ئۆمەران.
•    نەبوونی پلان بۆ چۆنیەتی زیادكردنی داهات لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، بەراورد بە دەروازەكانی تر لەلایەن بەرپرسانی سنوری سلێمانیەوە.
•     هەڵگرتنی باجی گومرگی لەسەر هەندێك كاڵا و شتومەك لە دەروازە سنورییەكانی عێراق كە وای كردووە بازرگانان روو لەو دەروازانە بكەن. 
بە وەرگرتنی چەند مانگێك لەداهاتی باشماخ دەردەكەوێت كە داهات چەند كەمیكردووە.
داهاتی گومرگی باشماخ لە 2021دا:
مانگی یەك: 22 ملیارو 855 ملیۆن دینار
مانگی دوو: 23 ملیارو 707 ملیۆن دینار
مانگی سێ: 22 ملیار و 47 ملیۆن دینار
مانگی چوار: 20 ملیارو 977 ملیۆن دینار
مانگی پێنج: 17 ملیارو 307 ملیۆن دینار

داهاتی گومرگی باشماخ لە 2022دا:
مانگی یەك:10 ملیارو 538 ملیۆن دینار
مانگی دوو: 15 ملیار و 140 ملیۆن دینار 
مانگی سێ: 17 ملیار و 238 ملیۆن دینار 
داهاتی گومرگی مانگی شەش: 12 ملیار دینار
مانگی حەوت: 14 ملیار دینار
مانگی هەشت تا ئێستا: 8 ملیار دینار
واتا لە نێوان مانگی تەمووز و ئابدا بەرێژەی (40%) كەمیكردووە. 

بەراووردكاری:
داهاتی باشماخ مانگی یەكی (2021 – 2022 )
2021: مانگی یەك: 22 ملیارو 855 ملیۆن دینار
2022: 10 ملیارو 538 ملیۆن دینار
كەمكردن: 12 ملیارو 317 ملیۆن دینار
رێژەی كەمكردن: 54%



بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand