Draw Media

درەو: راپۆرتی: رێكخراوی روونبیین بۆ شەفافییەت لەپرۆسەكانی نەوت حكومەتی هەرێمی كوردستان شاییستەی دارایی (8) كۆمپانیای نەوتی بۆ مانگی نیسانی 2021 داوە بە بڕی (157 ملیۆن) دۆلار، كە لە (5) کێڵگە لە کۆی (9) کێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان كاردەكەن.  شایستەکان بەم شێوەیەی خوارەوە وەرگیراوە: ١-  کێڵگەی تاوکی ( تاوکی – پیشخاپور) هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی DNO نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی نیسان بریتی بووە لە ٧٠,٢ ملیۆن دۆلار . تەنها پشکی کۆمپانیا نەرویجییەکە (دی ئێن ئۆ) ٤٨ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلارە، لەو بڕە ٣٥,١ ملیۆن دۆلار پشکی فرۆش ی نەوت و شایستەی  مانگی نیسانی کۆمپانیاکە بووە. کۆی شایستەی گەنێڵ ئەنێرجی لە کێڵگەکە بریتی یە لە ٢٢,١ ملیۆن دۆلار لەم بڕە   ١١,٧ ملیۆن دۆلار شایستەی فرۆشی نەوتی نیسانی کۆمپانیاکە بووە و وەرگیراوە،  هەروەها دی ئێن ئۆ بڕی ٥,٢ ملیۆن دۆلاری  داهاتی ٣٪ ی کۆی بەرهەمی کێڵگەکە و کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجیش ٤,٥٪ ی کۆی داهاتی کێڵگەکە کە بریتی بووە لە ٧,٨ ملیۆن دۆلار(بە پێی ڕیکەوتنێک لە  ساڵی ٢٠١٧ دا کۆمپانیاکان لەگەڵ هەرێم کردویانە، لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی لەیەکێک لە بڕگەکانیا مافی ئەوە دەدات بە گەنێڵ ئەنێرجی و دی ئێن ئۆ ٧,٥٪ کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ ماوەی  ٥ ساڵ وەربگرن [ ٣٪ بۆ دی ئێن ئۆ و ٤,٥٪ بۆ گەنێڵ] لەبری ئەو قەرزانەی لای حکومەت هەیان بووە تا پێش ئابی ٢٠١٧  ).  هەروەها دی ئێن ئۆ بڕی ٧,٨ ملیۆن دۆلار گەنێڵیش بڕی ٢,٦ ملیۆن دۆلاری ئەو شایستەی دواخراو یان قەرزی ساڵی ٢٠٢٠ وەرگرتووە کە ئەم دوو جۆرە شایستە ٢٣,٤ ملیۆن دۆلار دەکات . ئەمە چوارەم گوژمە یە کۆمپانیاکان وەری دەگرنەوە. بە پێی میکانیزمێک کە حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازارەوە پەیڕەوی دەکات بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەرو ٥٠ دۆلارەوەبێت بۆ هەر سەنتێکی زیادە ٢٠٪  بۆ ئەو شایستە دوا خراوانە دەبێت. پێشتر لە دوو مانگی سەرەتای ساڵدا ئەم رێژەیە ٥٠٪ بووە .  کۆمپانیای دی ئێن ئۆ خاوەنی ٧٥٪ پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی خاوەنی ٢٥٪ ی پشکەکانە. ناوچەی گرێبەستی تاوکی لە پارێزگای دهۆکە و پێک دێت لە کێڵگەی تاوکی بەرهەمی رۆژانە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا بریتیی بووە  لە ٥٣٫٨٥٠ بەرمیل و بەرهەمی فیشخاپور ٥٦٫٣٢٠ بەرمیل بەسەریەکەوە هەردوو کێڵگەکە بەرهەمیان  لە ١١٠٫١٧٠بەرمیل نەوت بووە بەڵام بەشێوەیەکی بەردەوام لەساڵی نوێوە بەرهەم لەزیادبوندایە  بەشێوەیەک لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا بەرهەمی کێڵگەکە رۆژانە  ١١٠,٩٠٠ بەرمیل و لە مانگی شوباتدا ١١٢,٠٠٠ بەرمیل و لە مانگی ئازاردا بۆ ١١٣,١٠٠ بەرمل نەوت بەرزبووەتەوە تا ئەوەی لەسەرەتای مانگی نیاساندا بەرهەم گەشتوەتەو ١١٥,٥٠٠ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە. ٢- کێڵگەی شێخان     لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە٣٥,١ملیۆن دۆلار یان وەرگرتووە، لەم بڕە کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی  ٢٥,٣ملیۆن دۆلاری وەر گرتووە بۆ شایستەی نیسان ٢٠٢١ لە کێڵگەی شێخان. بڕی ٤,٢٧ ملیۆن دۆلار شایستەی فرۆشی نەوتی ئازار بووە کە ٢١,١ ملیۆن دۆلاری  بۆ گۆڵف کیستۆن و ٥,٩ ملیۆن دۆلار بۆ ئێم ئۆ ئێڵ.  شایستەی دواخراو لە مانگی نیساندا ٣,٩ ملیۆن دۆلار وەرگیراوە هەروەها کۆمپانیاکان بڕی ٤,٢ ملیۆن دۆلاریان وەکو شایستە دواخراواکانی مانگی ئازار وەر گرتووە. بالانسی شایستە دواخراوەکانی گۆلف کیستۆن لەم کێڵگەیە بریتییە لە ٥٨ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلار.  لە کانوونی دووەم دا بەرهەمی رۆژانە بریتی بووە لە ٤٠٥ ,٤٤ بەرمیل نەوت. کێڵگەی شێخان  دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. ٣- کێڵگەی ئەتروش کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەی ئەتروش  لەم مانگەدا بریتی بووە لە ٣٨,٥٩ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شاماران کە پشکی ٢٧,٦% کێڵگەکەی هەیە بڕی ١٣,٩ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە بڕی  ٢٤,٦٩ ملیۆنی وەرگرتووە.. شایستەی فرۆشی نەوتی مانگی نیسان کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بریتی بووە  لە ٢٧,٨٦ ملیۆن دۆلار، لەم بڕە پشکی شامارەن بریتی بووە لە ١٠,٢٥ ملیۆن دۆلار و تاقە ١٧,٦١ هەروەها بڕی ئەو شایتسە دواخراوانەی لەم مانگەدا  وەرگیراوەتەوە بریتی بووە لە ١٠,٧٣  ملیۆن دۆلار ، کۆمپانیای شاماران بڕی ٣,٦٥ ملیۆن دۆلار و تاقەش ٧,٠٨ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووەتەوە. تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا بریتی بووە لە ٤٧٫٤٥٠  هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە ٢٧/٣/٢٠٢٠دا بووە کە گەشتووەتە ٥٤ هەزار و٥٥ بەرمیل نەوت. .  بالانسی  شایستەی دواخراوی کۆمپانیای شاماران دوای وەرگرتنی ئەم بڕە لەشایستە بریتییە لە ٣٢  ملیۆن و ٩٦٠ هەزار دۆلارە. ٤- کێڵگەی سەرتە کێڵگەی سەرتە پێنجەمین مانگە شایستەی فرۆشی نەوت وەردەگرێت  یەکەم جار  کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی شایستەی دارایی مانگی کانونی یەکەمی کێڵگەی سەرتە وەرگرت. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بۆ مانگی نیسان بریتی بووە لە ٥,٩٤  ملیۆن دۆلار . پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی   ٢,٢  ملیۆن بووە و ئەو    ٣,٧٤  ملیۆنەی دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیای شیڤرۆنە ( پشکی شیڤرۆن لەسەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکە وەرگیراوە). ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنی بازرگانی ڕاگەیەنرا، بەرهەمی کێڵگەکە زیاتر لە ١٠٫٠٠٠ بەرمیل نەوتە لەڕۆژێکدا. کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە. ٥ – کێڵگەی تەق تەق کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە نزیکەی ٣,٥ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە. کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤% ی کێڵگەی تەق تەقە  بڕی ١,٩ ملیۆن دۆلاری وەکو شایستەی  مانگی نیسان وەرگرتووە و بڕی ٢٠٠هەزار دۆلاری لەبری شایستە دواکەوتووەکان وەرگرتووەتەوە، هەروەها کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٦% هەیە بەو پێیە بێت کۆمپانیاکە بڕی شایستەی بۆ مانگی نیسان کردوویەتییە  ١,٢٧ ملیۆن دۆلار و  شایستەی  دواخراویش دەبێت ٠,١٣ ملیۆن بووبێت. بالانسی شایستە دواخراوەکانی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی لای حکومەت بریتییە لە ١٤٥ ملیۆن دۆلار. تێبینی دەکرێت لە گەڵ ئەوەی نرخی نەوت لەمانگەکانی ڕابوردودا بەرزبووە بەڵام داهاتی ئەم کێڵگەیە کەمی کردووە ئەویش بەلێکدانەوەی ئێمە بۆ کەمبوونەوەی بەرهەمی کێڵگەکە دەگەڕێتەوە. بەرهەم لەم کێڵگەیە ٧,٠٠٠ بەرمیل دابەزیوە لە کاتێکدا لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٠ دا رۆژانە بڕی ١١,٢٦٠ بەرمیل بووە واتە بەڕێژەی ٣٧٪ بەرهەم کەمی کردووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لەساڵی ٢٠١٥ دا  ڕۆژانە ١٢٨ هەزار بەرمیل  بووە، بەڵام بەهۆی هاتنە ناوەوەی ئاوێکی زۆر بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە بەرهەمی  زۆر کەمی کرد و بەردەوامیش بەرهەمی لەکەم کردندایە. ئەو کێڵگە و کۆمپانیایانەی شایستەکانیان ڕانەگەیاندووە: ١- سەرسەنگ لە کێڵگەی سەرسەنگ هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێنی HKN  ئەمەریکی  خاوەنی ٦٢٪ی پشکەکانە و کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی ١٨٪ ی پشکەکان .  زانیاری لەسەر شایستەی دارایی مانگی ئازار و نیسانی  ئەم دوو کۆمپانیایەمان لەبەردەست نییە. ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کرد بۆ زانینی شایستە وەرگیراوەکانیان بەڵام  تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵاممان دەست نەکەوتووە. کۆمپانیای HKN  بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی دارایی و چالاکییەکانی بڵاو دەکاتەوە. کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆکە و ئاستی بەرهەمی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا  رۆژانە بریتی بووە لە ٣١٫٥٠٠ بەرمیل نەوت. ٢- هەولێر   لە کێڵگەی هەولێر و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم  کاردەکات و پشکی ٦٥٪ لە کێڵگەکەدا هەیە، لە ئێستادا شایستەکانی بۆ مانگی ئازار و نیسان  ٢٠٢١ ی ڕانەگەیاندووە. ئاستی بەرهەمی ئەم کێگەیە لە مانگی شوباتدا ١١٫١٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا بەڵام لە مانگی نیساندا بۆ ١٢،٤٠٠ بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوە واتە رێژەی ١٠٪ی بەرهەم زیادی کردووە . زۆر جار ئەم کۆمپانیایە بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی چالاکییەکان و شایستەکانی ڕادەگەیەنێت. کۆمپانیای فۆرزا لە پێش مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دا  لە ژێر ناوی Orex Petroleum  دا کاری دەکرد و لە ٢٧ ی تشرینی دووەم ناوەکەی گۆڕی بۆ  Forza Petroleum ئێستا لەژێر ئەو  ناوەدا کاردەکات. زانیارییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کۆمپانیای کار  بەشێکی زۆری پشکەکانی کۆمپانیای فۆرزای کڕیوە و خاوەندارێتی دەکات، باس لە سەر و ٩٠٪ ی پشکەکان دەکرێت. ٣- خورمەڵە کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە کار دەکات و گرێبەستی لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە بۆ پەرەپێدن لە کێڵگەکەدا. جۆری گرێبەستی ئەم کۆمپانیایە تائێستا ڕانەگەیەنراوە، بەڵام ئەم کێڵگەیەی کاری تێدا دەکات کێڵگەیەکی ئامادەبووە و لە بەرهەمدابووە کاتێک کۆمپانیاکە وەریگرتووە. ئاستی بەرهەم لەکێڵگەی خورمەڵە بە ١٧٠ بۆ ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت، نزیکەی ٣٧٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی کوردستانە. کۆمپانیاکە تا ئێستا هیج ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی بەرهەم و شایستە داراییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە.  ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و کارکردنی لە بواری نەوتدا نوێ یە و لە گەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کار ئاسانی بۆ کراوە، ئێستا بە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری وزە دادەنرێت لە هەرێم. کۆمپانیای کار ئێستا لە گەڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی روسیدا خاوەندارێتی  بۆری گواستنەوەی هەرێمیش دەکات و  پشکی ٤٠٪ ی هەیە و کۆمپانیا روسییەکەش ٦٠٪ . کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بەم بۆرییەدا لە ناو خاکی کوردستاندا بە پێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە ٢٨/٦/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە  ٤ دۆلار و ٨٦ سەنت بووە لە چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا، لە کاتێکدا کرێی گواستنەوە  و ئەمبارکردنی بەرمیلێک نەوت لە ناو خاکی تورکیادا ١ دۆلار  و ٢٨ سەنت بووە بەپێی هەمان ڕاپۆرت. هەروەها کۆمپانیای کار خاوەندارێتی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە رۆژانە نزیکەی ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بۆ وەزارەتی سامانە سرو شتییەکان دەپاڵێوێت بە نرخێک کە دوو هێندەی ئەو نرخەیە کە پاڵاوگەکە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵێوێت! ٤- گــەرمـیان ئەم کێڵگەیە کەو تووەتە ناوچەی گەرمیانەوە هەریەک لە کۆمپانیای گازپرۆم روسی  و وێستێرن زاگرۆسی کەنەدی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و هەریەکە خاەنی ٤٠٪ ی پشکەکانن. ئەم کێڵگەیە ئێستا ئاستی بەرهەمی نزیکەی ٣٣ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتێکی سوک و شیرینە وAPI  یەکەی لە ٤٥ دایە. بەهەمان شێوەی کۆمپانیای کار ئەو کۆمپانیایەنەی کە لێرە کاردەکەن شایستە داراییەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ساڵی چەند جرێک زانیاری لەسەر چالاکی و ئاستی بەرهەمیان ڕادەگەیەنن.  تائێستا چەند جارێک کێشە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئەم کێڵگەیە دروست بووە، وەکو ناڕەزایی لە لایەن شۆفێری گواستنەوەی نەوت و خەڵکی ناوچەکەوە. کۆی بەرهەمی نەوتی ئەو کێڵگانەی کە شایستەی مانگی نیسانیان ڕاگەیاندووە بریتییە لە ٢١٩ هەزار بەرمیل نەوت کە دەکاتە ٤٧٪ ی کۆی بەرهەمی هەرێم.  شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایەنە لەو پێنج کێڵگەدا وەرگیراوە بریتییەلە ١٥٧.٥ ملیۆن دۆلار . لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا چواردە (١٤ )مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینیان شایستەی مانگی نیسانە. وەهەر لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠دا حکومەتی هەرێم بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم ٢٠١٩ و کانوونی یەکەم و شوباتی ٢٠٢٠ دوادەخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوتی برێنت دەگاتە ٥٠ دۆلار.  کۆمپانیا نەوتییەکان لە گەڵ شایستەی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا یەکەمین بڕی شایستە دواخراوەکانیان وەرگرتەوە و ئەم مانگەش بۆ جاری چوارەم شایستە دواخراوەکانیان وەرگرت بەڵام لەبری ئەوەی مانگانە شایستەکان وەربگرن هەر ٦٠ ڕۆژ جارێک وەری دەگرن و رێژەی وەرگرتنەوەکەش کەم کرایەوە بەم شێوەیە؛ کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەروو ٥٠ دۆلارەوەیە تەنها رێژەی ٢٠٪ ی ئەو  زیادەی نرخە دەدرێتەوە بەقەرزی کۆمپانیاکان لە کاتێکدا لە مانگەکانی پێشودا ئەم رێژەیە ٥٠٪ بوو. بەپێی ئەم میکانیزمە نوێیە کۆمپانیاکان ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان درێژ دەبێتەوە، پێشتر چاوەڕییان دەکرد تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢١ زۆربەی قەرزەکانیان وەربگرنەوە بەڵام ئێستا چاوەڕێ دەکەن لە چارەکی سێهەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا قەرزەکانیان بە تەواوی وەربگرنەوە.


درەو: وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەی سێ رۆژە بە نهێنی لەئێرانەو چەندین كۆبونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی ئەووڵاتەكردووە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند وەفدە باڵاكەی پارتی پێكهاتوون لە ( فازڵ میرانی) سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و ( هۆشیار زێباری ) ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و پشتیوان سادق ئەندامی سەركردایەتی پارتی و وەزیری ئەوقاف لە 29/6/2021 ەوە چونەتەئێران، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكردووە بڕیار بووە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكایەتی وەفدەكەی پارتی بكات، بەڵام سەردانەكەی ئەو دواخراوەو وەفدێكی باڵا پێكهاتووە. ئەو سەرچاوەیەئاماژەی بەوەشكرد، سەردان و كۆبونەوەكان لەلایەن هەردوولاوە بە نهێنی و دوور لەچاوی كامێراكان بەرێوەدەچێت و كۆبونەوەكانیش لەگەڵ بەرپرسە ئەمنی و سەربازیەكانی ئێرانیەو لەسەر چەند تەوەرێك گفتوگۆ دەكەن:  •    بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كەبووەتە هۆی ساردبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولایان. •    تەوەری سەرەكی بە نیسبەت لایەنی ئێرانیەوە بوونی هێزەكانی ئەمریكایەلە عێراق و هەڵوێستی پارتیە، كە ئێرانیەكان پێیان وایە پێویستە هاوشێوەی هێزە عێراقیەكانی تر پارتی بەوئاراستەیە كاربكەن كە ئەمریكا لە عێراق و كوردستان نەمێنێت و لە ئێستادا بوونیان پێویست نیە. •    ئێرانییەكان نیگەرانن لە جموجوڵی هێزەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان و هێزە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، رێگری بكەن لە هەر جموجوڵ و چالاكیەكیان لە سنورییەكانی ئێران. •    شەڕی درۆنەكان كەماوەیەكە ئاراستەی هەولێر دەكرێن و كاریگەری لەسەر ئەمنیەتی هەولێر درووستكردووە.


درەو:   وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی مانگی حوزەیرانی نەوتی عێراقی بڵاوكردەوە: * بڕی (86) ملیۆن (765) هەزار و( 589) بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە. * داهاتی نەوت گەیشتوەتە (6) ملیار و(141) ملیۆن (77) هەزار دۆلار. * ڕۆژانە تێکڕا (2) ملیۆن و (892)هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە. * بەرهەمی نەوتی كەركوك : ( 3 ملیۆن و 75هەزارو 237) بەرمیل نەوت بووە  * تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتوەتە ( 70.778) دۆلار.


شیكاری: درەو لە ساڵی (2016)ەوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕاگیراوە، نە لە یاسای چاکسازی و نە لە کۆبونەوەکەی حکومەت و پەرلەمان جێگەی باس نەبوو، ( درەو) زانیویەتی لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021 شدا جێگەی نەکراوەتەوە. بەپێی خەمڵاندنەکان حکومەت زیاتر لە (2 ترلیۆن) دیناری (بەرزە موچە) قەرزاری موچەخۆرانە و بەقەرزیش لەسەر خۆی هەژماری نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2014ەوە تائێستا نزیکەی (40) هەزار موچەخۆر خانەنشین بوون کە بەشێکیان لە شایستەبوونی ئەو مافە بێ بەش بوون و هەتاهەتایە کاریگەری بەسەر موچەکانیانەوە دەبێت.  سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) چییە؟ لە یاسای موچەی فەرمانبەرانی میری و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008 هەموارکراو بە ڕوونی باس لە هەردوو بابەتی سەرە موچە (عەلاوە) و بەرزە موچە (تەرفیع) کراوە، بەجۆرێک لە؛  (مادەی سێیەم) بڕگەی یەکەم: پلەکانی فەرمانبەران و سەرمووچەی ساڵانەیان و ماوەی پلە بەرزکردنەوەیان بەم شێوەیە دەبێت کە لە خشتەی مووچەکان و سەرمووچەی ساڵانە هاتووە (بڕوانە خشتەی ژمارە (1))  سەرمووچەی ساڵانە لە (مادەی پێنجەم)ی یاساکەدا هاتووە: سەرەمووچەی ساڵانە دەدرێت بە فەرمانبەر لە کاتی تەواو کردنی (1) ساڵ لە خزمەتی وەزیفی بە رەچاو کردنی مادە 9ی ئەم یاسایە. هەروەها لە (مادەی نۆیەم)دا هاتووە؛ یەکەم: ئەگەر نەتوانرا فەرمانبەر پلەی بەرز بکرێتەوە بۆ پلەی دواتر یان پێدانی سەرمووچەی ساڵانەی بۆ گەیشتن بە بەرزترین رادەی مووچەی پلەکەی، دەکرێت بەردەوام سەرمووچەی ساڵانەی پێ بدرێت لە پلەی دواتری پلەکەی خۆی. دووەم: فەرمانبەری پایە 11ی پلە یەکی وەزیفی سەرمووچەی بەردەوام دەبێت کە تێپەڕ نەبێت لە نزمترین رادەی پلە باڵاکان (ب) پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر لە (مادەی شەشەم)ی یاساکەدا هاتووە؛ یەکەم: پلە بەرز کردنەوە بریتییە لە گواستنەوەی فەرمانبەر لەو وەزیفەیەی کە تێیدایە بۆ وەزیفەیەک کە راستەوخۆ دەکەوێتە پلەیەکی بەرزتر دوای پلەی پێشتری لە پلەبەندنی وەزیفی.  سەبارەت بە مەرجەکانی پلە بەرز کردنەوەی فەرمانبەر هەر لە (مادەی شەشەم) و بڕگەی  (دووەم) هاتووە: هەبوونی ئەم مەرجانەی کە لە خوارەوە هاتوون لە کاتی پلە بەرز کردنەوە: ا. هەبووونی پلەی بەتاڵ یان وەزیفەی بەتاڵ لە پلەیەکی بەرزتر لەو پلەیەی کە تێیدایە لەنێو میلاکی وەزیفی فەرمانگەکەی. ب. تەواوکردنی ماوەی بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە خشتەی ژمارە (١). ج. دەبێت فەرمانبەر مەرجەکان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆی کاندید دەکرێت بۆ پلە بەرز کردنەوە. د. سەلماندنی تواناکانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی کە  نیاز وایە پلەکەی بۆی بەرز بکرێتەوە بە راسپاردەی سەرۆکی راستەوخۆ و پەسند کردنی سەرۆکی باڵا. لە بەشێکی تری یاساکە تایبەت بە (پێکهێنانی لیژنەی پلە بەرزکردنەوە). لە (مادەی حەوتەم)دا هاتووە؛ یەکەم: بە فەرمانی وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت یان کەسی راسپێردراو لیژنەیەکی پسپۆر پێک دەهێندرێت بە سەرۆکایەتی فەرمانبەرێک کە پلە وەزیفیەکەی لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی خوارتر نەبێت و دوو ئەندام کە پلەی وەزیفییان لە بەڕێوەبەر کەمتر نەبێت بۆ  بینینی داواکارییەکانی پلە بەرزکردنەوە لە ماوەی 60 رۆژ لە رێکەوتی وەرگرتنی داواکارییەکە و کاندید کردنی فەرمانبەر بۆ پلە بەرز کردنەوە پاش دڵنیابوون لە هەبوونی مەرجەکانی بڕیاردراو بۆ پلە بەرزکردنەوە کە هاتووە لە بڕگە دووەم لە مادە 6ی ئەم یاسایە. دووەم: فەرمانی پلە بەرزکردنەوە دەردەچێت لە لایەن وەزیری تایبەتمەند یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت و پلە بەرزکردنەوەکەشی جێبەجێ دەکرێت لە رێکەوتی شایستە بوونی، ئەگەر خودی فەرمانبەر رۆڵی نەبووبێت لە دواکەوتنی پلە بەرزکردنەوەکەی. مادەی هەشتەم یەکەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرزکراو هاوتا بوو لەگەڵ یەکێک لە پایەکانی پلەی بەرزکراوەکە، ئەوا مووچەی پایەتی دواتری پێ دەدرێت کە لەگەڵ مووچەکەی هاوتا بێت. دووەم: ئەگەر مووچەی فەرمانبەری پلە بەرزکراو کەوتە نێوان دوو پایە (مەرتەبە) لەو پلەیەی کە بۆی بەرز کراوەتەوە، ئەوا مووچەی پایەی بەرزتری پێ دەدرێت.   ڕاگرتنی بەرزە موچەو کاریگەرییەکانی لەسەر فەرمانبەران مامۆستایان لە 1-1-2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، كە مافێكی یاساییە بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت. ڕاگیراوە و تا ئێستا هیچ بڕیارێكی حكومەتی هەرێم نییە بۆ پێدانەوەی ئەو مافە بە فەرمانبەران، ئەم پرسە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (5) ساڵ نە لە یاسای چاکسازی باسی لێوە کراو نە لەسەردانەکەی تیمی حکومەت بۆ پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی  28ی6ی2021 بووە جێی گفتوگۆی جدی.  هاوکات بە پێ  زانیارکانی ( درەو) پڕۆژە یاسای  بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادەیکردووە پلانی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی تێدا نییە. ئەمە لە کاتێکدایە پلە بەرزکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ نەوەستاوەو، هاوکات لە ئێستاشدا پلە بەرزکردنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێکردووەتەوە کە لەم وەزارەتەش لە ساڵی ٢٠١٧ەوە ڕاوەستاوە، بەڵام بەپێی نوسراوی ژمارە (7797)ی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە رۆژی 15-06-2021 دەرچووە و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەوە واژۆ کراوە، بڕیاردراوە بە بەرزکردنەوەی پلەی ( 5 هەزار و 995 ) پلەدار و پێشمەرگەی سەر بە دیوانی وەزارەت و لیواکان.  لە نوسراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەوەش هاتووە، پلە بەرزکردنەوەکە بەپێی خشتەیەک و بەپێی خزمەتی سەربازی و بڕوانامەکانیان رێکخراوە و بەسەر دوو لیستدا دابەشکراون، بەمشێوەیە: - لیستی یەکەم لە 5 هەزار و 874 پلەدار و پێشمەرگە پێکدێت. - لیستی دووەم لە 121 پلەدار و پێشمەرگە پێکدێت. بڕیاردراوە پلەبەرزكردنەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوام بێت و سەرەتا پلەبەرزكردنەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ساڵی ٢٠١٧ جێبەجێ دەكرێت و پلەبەرزكردنەكانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ و ساڵەكانی داھاتووش، بە پێی میكانیزمی نوێ و دوای وردبونەوەی زیاتر بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت. کەواتە فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایانی هەرێم زەرەرمەندی یەكەمن، کە پیێ داتاکانی بایۆمەتری ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی و مامۆستایان 710 هەزار و 282 کەسە. جگە لەوەی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە کێشەی زۆری کارگێڕی وەزیفی دروستکردووە، تەنانەت بە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا هەیه خانەنشین کراون، بەبێ ئەوەی پلەبەرزکردنەوەیان بکرێت، بەمەش ئەو فەرمانبەرانەی مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و پیش وەرگرتنی پلەکەیان خانەنشین بوون بە درێژایی ژیان باجی بڕیاری ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە دەدەن. بەپێی دواین زانیاری و ئامار کە لە 26ی حوزەیرانی 2021، ‎حازم گۆران، به‌ڕێوە‌به‌ری گشتی خانه‌نشینی هه‌رێم كه‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی داراییه ڕایگەند، ساڵانه‌ له‌ یه‌كی ته‌مموزدا ده‌ست به‌ خانه‌نشین بوون ده‌كرێت، بۆ ئه‌م ساڵیش فه‌رمانبه‌رانی له‌دایكبووی ساڵی  1958 خانه‌نشین  ده‌كرێن. ئەوەشی ڕوونكردۆتەوە، لە ئێستادا (242 هه‌زار) كه‌س، كه‌ (90 هه‌زار)یان پێشمه‌رگه‌ن و (152 هه‌زار)یشیان كارمه‌ندی مه‌ده‌نی و پۆلیس و مامۆستان خانەنشینكراون بە پێی تەمەن و ئەو ھۆكارانەی پێی خانەنشین بوون. لە ژمارەیەش (40 هه‌زار) كه‌سیان خانه‌نیشین  له نێوان 2014 بۆ 2021 له‌هه‌رێمی كوردستان خانەنشین بوون. سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکرنەوەی فەرمانبەرانەوە لەسەر حکومەت کەڵەکە بووەو دەبێت، هیچ زانیارییەکی ورد لەبەردەست نییەو حکومەتیش هیچ ڕونکردنەوەکی لەو بارەیەوە نەبووە لەبەرئەوەی؛ 1. بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایان دوو پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکە دەبێت، بەتایبەت ئەوانەی لەدوای 2012 ەوە دامەزراون، یان کاتی پلە بەرزکردنەوەیان کەوتووەتە کۆتاییەکانی ساڵی 2016ەوە کاتێک مافی پلە بەرزکردنەوەیان هەبووە و بەهۆی بڕیارەکەی حکومەتەوە سودمەند نەبوونە. پلە وەزیفییەکانیان لە نێوان (٦-١٠) دایەو (4) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە خشتەی ژمارە (1). 2.    بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستیان یەک پلە بەرزکردنەوەیان لای حکومەت کەڵەکەبووە، بەتایبەت ئەوانەی لە ساڵانی (2011 بۆ 2015) لەو مافە سودمەند بوونەو پلەی وەزیفیان لە نێوان (١-٥) دایەو (٥) ساڵ جارێک پلەکانیان بەرز دەکرێتەوە (بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). 3.    زانیاری ورد نییە لەبارەی کۆی ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان (هەڵگری چی بڕوانامەیەکن، لە چ پلە و پلکانەیەکی وەزیفیدان، لە ج پۆستێکی ئیداریدان) چونکە دەرماڵەماڵەکان کاریگەری گەورە لەسەر ڕێژەی بەربوونەوەی موچەکانیان جێ دەهێڵێت. کەواتە بەهای ئەو قەرزەی بەرزەموچە كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاتر‌و بۆ هەندێك تر كەمترە، لە حاڵی دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی بەرزەموچە بۆ فەرمانبەران کە ژمارەیان (710 هەزار و 282 ) موچەخۆرە، کە بۆ هەر مانگێک دەکاتە (35 ملیار) و (514) ملیۆن و (100) هەزار دینار دەبێت. بەمەش ئەگەر تەنها بۆ فەرمانبەرێک تەنها یەک پلە بەرزکردەنەوە هەژمار بکەین بەم جۆرە؛ 710 هەزار و 282 موچەخۆرX  60 مانگ X 50 هەزار دینار= (2) ترلیۆن و (130) ملیار و (846) ملیۆن دینار بەرزە موچە لە دەرەوەی قەرزو پابەندییەكانی حکومەت  سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە دانیشتنی رۆژی 5/10/2020 لە پەرلەمان رایگەیاند، قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیادیان کردووە و بونەتە نزیکەی (28 ملیار9 دۆلار و نیو لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ملیارو نێوێک زیاد بووە  . هەروەها سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەكرد، حكومەت لە ئێستادا زیاتر لە (7) ملیار دۆلاری قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی لەلایە و زیاتر لە (8) ملیاری قەرزی موچەخۆران و (8) ملیاری پابەندیە داراییەكان  قەرزدارە. نزیكەی (4) ملیار دۆلاری هەردوو بانكی بازرگانی عێراقی و بانكی نێودەوڵەتی كوردستان قەرزدارە، بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی مەسرور بارزانی كۆی قەرزەكانی حكومەت زیادیان كردووە بەراورد بە سەرەتای دابەزینی نرخی نەوت لەم كابینەیەی حكومەتدا.  لەم خشتەیەی خوارەوەدا پوختەی قەرازەکانی سەر حکومەتی هەرێم ڕونکراوەتەوە پێش خەرنەجکردنی موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12) ساڵی 2020ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛   ڕۆژی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند؛ كۆی قەرزو پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەمانگی 3ی 2020 •    (28 ملیار و 476 ملیۆن و 675 هەزار) دۆلارە بووە، بەڵام لە مانگی 3ی 2021 گەیشتووەت بە: (31 ملیار و 637 ملیۆن) دۆلار كە پابەندیە دارایی پێنج مانگی (4،5،6،7،8)ی 2020ی موچەی موچەخۆرانە. •    بەم پاكتاوكردنەشەوە كە حكومەت كردویەتی، ئێستا چارەنوسی موچەی فەوتاوی دوو مانگی ساڵی 2020ی فەرمانبەران نادیارە كە بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 788 ملیار) دینارە. •    كابینەی نۆیەم ماوەی (10) مانگ بە لێبڕینەوە موچەی دابەشكردووە: كۆی پارەی لێبڕاوی موچەی فەرمانبەران بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 880 ملیار) دینارە. بەڵام بە هیچ شێوەیەک باس لەو بڕە پارەیە وەک قەرز نەکراوە لەسەر حکومەت کە بەهۆی ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەسەر حکومەت کەڵەکە بوون.  


 (درەو): بەرێككەوتنێكی نوسراوی نێوان هەردوو فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، بڕیاری كۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران نەخرایە دەنگدانەوە، فراكسیۆنی گۆڕانیش ئەمەی قبوڵ كرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، بەر لە كۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی كۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچە، فراكسیۆنەكانی پارتی‌و یەكێتی رێككەوتنیان كردووە.  بەگوێرەی رێككەوتنی فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتی كە سەرۆكی هەردوو فراكسیۆن ئیمزایان كردووە‌و كۆپییەكیان داوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەردوولا لەسەر ئەم دوو خاڵە رێككەوتوون: یەكەم: هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران نەخرێتە دەنگدان‌و نەكرێت بە بڕیاری پەرلەمان، چونكە ئەمە حكومەت ناچار دەكات كۆتایی بە لێبڕین بهێنێت‌و حكومەت لەم کاتەدا ئەم كارەی پێناكرێت. دووەم: پەرلەمانتارانی هەردوولا رەخنە‌و هەڵوێستی خۆیان لەبارەی بارودۆخی موچەوە بە توندی دەرببڕن‌و رێگەنەدان بابەتەكە لەلایەن پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆنەوە بقۆزرێتەوە.  (درەو) زانیویەتی، گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاگاداری رێككەوتنەكەی فراكسیۆنی پارتی‌و یەكێتی بووە‌و داوای لێكراوە ئەویش رێككەوتنەكە ئیمزا بكات، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان رەتیكردوەتەوە‌و وتویەتی:" تەنیا لە دەركردنی بڕیاری كۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچەدا ئیمزا دەكات". بەڵام لە دانیشتنی پەرلەماندا، بەپێچەوانەی هەڵوێستی خۆیەوە، گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەنگی بۆ ئەوەداوە، كۆتاییهێنان بە لێبڕینی موچە نەكرێت بە بڕیارو قسەی پەرلەمانتاران لەوبارەیەوە بكرێت بە راسپاردە بۆ حكومەت بۆ ئەوەی وەكو نەخشەرێگا كاری لەسەر بكات. كۆبونەوەی دووشەممەی پەرلەمان، كێشەی لەناو حكومەت دروستكردووە، رەخنە‌و هێرشی توندی پەرلەمانتارانی پارتی‌و یەكێتی، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی‌و سەرۆكی تیمی حكومەتی لەو كۆبونەوەیەدا نیگەران كردووە. ماوەی دوو رۆژە ئاوات شێخ جەناب وەكو وەزیری دارایی نەچوەتەوە بۆ كاركردن لە وەزارەتەكەی، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد بەهەمان شێوەی وەزیری دارایی نیگەرانە‌و بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) هەردوو وەزیرەكە كە یەكەمیان سەربە بزوتنەوەی گۆڕان‌و دووەم سەربە یەكێتییە هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە دەكەن، بەهۆی نیگەرانی ئەم دوو وەزیرەوە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران دواخرا. سەرباری ئەوەی رۆژی دووشەممە لە پەرلەمانی كوردستان روویدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی خۆی لە بنەڕەتەوە لەباری بودجەو دەسەڵاتەكانی نیگەران بوو لە سەرۆكی حكومەت، بەو پێیەی دەسەڵاتی یەكەمی جێبەجێكردنەن بەڵام سەرۆكی حكومەتی رازی نەبووەو بەشێك لە دەسەڵاتەكانی كەمكردووەتەوە، سەرباری تەداخولاتی سەرۆكی دیوان و بەشێك لەستافی سەرۆكی حكومەت لە كاروباری بانكەكان و دارایی. گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەمڕۆ رەتیكردەوە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی نیگەران بوبێت‌و وەزارەتی بەجێهێشتبێت، بەڵام لەدوای ئەم لێدوانەوە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان تەلەفۆنەكەی داخستووە‌و ئامادە نییە وەڵامی میدیاكان بداتەوە.  بۆیە پێشبینی دەكرێت سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەسەر پێشنیازی سەركردایەتی حزبەكەی ئەم لێدوانەی دابێت، بۆ رێگریكردن لە درووستبوونی ناكۆكی نێوان گۆڕان و پارتی، بەتایبەت كە لەئێستادا پارتی نیگەرانە لە گۆڕان بەهۆی رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.


درەو: بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی، حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2020دا ( 27 ملیار و 549 ملیۆن) قەرزدار بووە، ئێستا كۆی قەرزەكان گەیشتووەتە (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار، واتا قەرزو پابەندییە داراییەكان لەكابینەی نۆیەمدا زیاتر لە (4 ملیار) دۆلار زیادیان كردووە. بە گوێرەی راپۆرتێكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان، كە لە 5/7/2020 ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، كۆی قەرزو پابەندییەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ( 27 ملیار و 549 ملیۆن) دۆلار بووە، قەرزو پابەندییەكانیش بە ووردی رونكراوەتەوە، بەم شێوەیە: -    قەرزی دەرەكی: (4 ملیارو 288 ملیۆن) دۆلار -    قەرزی ناوخۆیی: 2 ملیارو 267 ملیۆن) دۆلار -    پابەندیە داراییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان: (3 ملیارو 281 ملیۆن) دۆلار -    پابەندیە داراییەكانی وەزارەتی كارەبا: (3 ملیارو 882 ملیۆن) دۆلار -    پابەندیە داراییەكانی وەزارەتەكانی تر: (948 ملیۆن) دۆلار -    پاشەكەوت و شاییسە داراییەكانی موچەخۆران: ( 8 ملیارو 966 ملیۆن) دۆلار -    قەرزی بانكی بازرگانی عێراق و كوردستان (TBI) و ) KIB): ( 3 ملیارو 914 ملیۆن) دۆلار. -    كۆی گشتی قەرزەكان: ( 27 ملیارو 549 ملیۆن) دۆلار. ئەم قەرزە هەمووی هی كابینەی پێشویی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و هیچ قەرزو پاشەكەوت و لێبڕینێكی كابینەی نۆیەمی تێدا نیە. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا رایگەیاند كۆی قەرزەكانی سەر شانی حكومەت (28 ملیار) دۆلارە، دواتر حكومەتی هەرێم ووردەكاری قەرزەكانی خستە روو بەم شێوەیە: -    كۆی گشتی قەرزی دەرەكی و ناوخۆیی: (7 ملیارو 256 ملیۆن) دۆلار -    كۆی گشتی پابەندیە داراییەكان: (8 ملیارو 337 ملیۆن) دۆلار -    پاشەكەوت و شاییستە داراییەكانی موچەخۆران: ( 8 ملیارو 966 ملیۆن) دۆلار -    قەرزی بانكی بازرگانی عێراق و كوردستان (TBI) و ) KIB): ( 3 ملیارو 914 ملیۆن) دۆلار. -    كۆی گشتی قەرزەكان: ( 28 ملیارو 476 ملیۆن) دۆلار واتا قەرزەكانی حكومەتی هەرێم لە (27 ملیارو 549 ملیۆن) دۆلارەوە بۆ (28 ملیارو 476 ملیۆن) دۆلار زیادی كرد بە نزیكەی ( ملیارێك) دۆلار.  لە كۆبونەوەی 28/6/2021 ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا رایگەیاند، مانگی 3ی ساڵی 2020، كۆی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان (28 ملیارو 476 ملیۆن) دۆلار بووە، مانگی 3ی 2021 كۆی قەرزەكان بووە بە (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار. بە لێكدانەوەیەكی سادە دەردەكەوێت قەرزەكان لە كابینەی نۆیەمدا زیاتر لە (4 ملیار) دۆلار زیادیان كردووە. -    كابینەی پێشوو قەرزەكان: ( 27 ملیارو 549 ملیۆن) دۆلار. -    كابینەی ئێستا گەیشتووەتە: (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار. -    جیاوازییەكە: ( 4 ملیار و 88 ملیۆن) دۆلار. -    واتا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ( 4 ملیار و 88 ملیۆن) دۆلار واتا (6 ترلیۆن‌و 50 ملیار) دینار قەرزی خستووتە سەر شانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، ئەمە سەرەرای پارەی موچە نەدراوەكان و لێبڕینی موچە.       راپۆرتی پەیوەندیدار: لە كابینەی چاكسازییەوە بۆ كابینەی قەرزكردن  حكومەتێكی قەرزار ! پاشەكەوتی موچەخۆران (8 ملیارو 966 ملیۆن) دۆلارە


راپۆرت: درەو لە كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا فراكسیۆنی پارتی ئۆپۆزسیۆن بوو، هەموان ناڕازین لە بارودۆخەكە، تەنانەت پارتیش چیتر بەرپرسیارێتی حكومەت هەڵناگرێت، ئێستا ئۆپۆزسیۆنی ناو حكومەت لە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی حكومەت‌و شەقام بەهێزترە، ئەمە دۆخی كابینەی سیقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق. پارتیش رەخنەی هەیە پارتی هەموو جومگە گرنگەكانی لە هەرێمی كوردستان بەدەستەوەیە، تەنیا جومگەی ناڕەزایەتی‌و توڕەیی شەقام نەبێت، دوێنێ شەو ئەم جومگەیەشی كۆنترۆڵ كرد. پەرلەمانی كوردستان تا درەنگانێكی شەو لەبارەی كێشەی موچەی فەرمانبەرانەوە لە كۆبونەوەدا بوو، وەزیرەكانی (نەوت، دارایی، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد، سەرۆكی لیژنەی چاكسازی) لەبەردەم پەرلەماندا ئامادە بوون. ئەمە كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە بوو لەبارەی كێشەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەرانەوە، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان‌و هەندێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی‌و گۆڕان وەكو دوو لایەنی بەشدار لە دەسەڵات، خوازیاربوون لەم كۆبونەوەیەدا پەرلەمان بە بڕیارێك حكومەت ناچار بە كۆتایهێنان لە لێبڕینی موچە بكات، هەموان خۆیان بۆ روبەڕووبونەوەیەكی سەخت لەگەڵ حكومەت ئامادە كردبوو، ئەمە وەكو هەڵمەتێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بوو، دەبوو هەموان ئەسپی خۆیان لەبەردەم موچەخۆراندا تاو بدەن، ئەو موچەخۆرانەی كە چەند مانگی داهاتوودا دەبن بە دەنگدەر‌و پێگەی لایەنەكان لە هەڵبژاردنەكەی عێراقدا دیاری دەكەن.  پارتی بۆ یەك شەو دەبێت ئۆپۆزسیۆن ! پەرلەمانتارانی پارتی لە كۆبونەوەی دوێنێ شەوی پەرلەماندا، لە دەربڕینی ناڕەزایەتی‌و رەخنەگرتن لە حكومەت، پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن‌و ئۆپۆزسیۆنی ناو حكومەتیشیان تێپەڕاند.  بەگوێرەی زانیاریی (درەو)، رەخنە توندەكانی دوێنێ شەوی پەرلەمانتارانی پارتی لە كابینەی مەسرور بارزانی، چەند رۆژێك بەر لە كۆبونەوەی پەرلەمان لەلایەن مەسرور بارزانی خۆیەوە گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە. پەرلەمانتارانی پارتی گلەییان لە حزبەكەیان كردووە، كە كاری نوێنەرایەتی ئەوان لە پەرلەمانی كوردستان تەنیا بووە بە بەرگریكردن لە حكومەت‌و ئەمەش پێگەی ئەوانی لەناو شەقامدا لاواز كردووە، لەسەر ئەم بنەمایە، پارتی بڕیاریداوە پەرلەمانتارەكانی هاوشێوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان قۆناغی بەرگریكردن بگۆڕن بۆ هێرشكردن، بەڵام رەخنە توندەكانیان لە حكومەت تەنیا لەسەر ئاستی وەزیرەكان مایەوەو هێڵی سوری تێنەپەڕاندو نەگەیشتە سەر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت.   پارتی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە، حكومەتی مەسرور بارزانی هەر لە سەرەتاوە بەم زۆرینەیە گرەنتی ئەوەی كردووە، روبەڕووی لێسەندنەوەی متمانە نابێتەوە، بۆیە رەخنەگرتن بەتەنیا سەر بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە حكومەت ناكێشێت‌و چیتر پارتییەكانیش دەتوانن رەخنە بگرن.  رێبوار كەریم وەلی نوسەرو رۆژنامەنوس لەبارەی ئەم پەرەسەندنە نوێیەی فراكسیۆنی پارتییەوە نوسی:" ئەو قسانەی ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی كردیان یەك خاڵی كافییە كە بتوانی متمانەی پێ لە حكومەت بستێنییەوە !".  سەرباری قسەو رەخنە توندەكانی پارتی وەكو لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت، پەرلەمانی كوردستان نەیتوانی بە بڕیارێك‌و بە زۆرینەی دەنگ لێبڕینی موچەی فەرمانبەران هەڵوەشێنێتەوە، لێبڕینێك كە تائێستا مەسرور بارزانی ئامادە نییە وەكو قەرز لەسەر شانی حكومەتەكەی ئەژماری بكات‌و ناوی لێناوە "خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخی دارایی". تیمی پارتی لە حكومەت‌و پەرلەمان، لە كۆبونەوەكەی دوێنێی پەرلەماندا بەیەك ئاڕاستە كاریان كرد، وێنەیەكی نوێیان لەسەر خۆیان لەبەردەم خەڵكدا كێشا، كەمال ئەتروشی وەزیری نەوت كە كەمترین دەركەوتنی هەیە بۆیەكەمجار ئەستێرەی درەوشایەوە، بەتوندی لەبارەی گەندەڵییەوە قسەی كرد، چەپڵەڕێزانی پەرلەمانی بۆ خۆی مسۆگەر كرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو هەموو سەرەنجەكان لەبارەی كۆتایهێنان بە لێبڕینی موچە لەسەر ناشەفافی داهاتی نەوت بوو.  لە كاتێكدا پارتییەكان بەبەرنامەوە داخڵی دانیشتنەكەی پەرلەمان بوون، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان كە بەردەوام رەخنەیان لە دۆخی ئابوری هەبوو، وەكو پێویست ئامادەكارییان بۆ كۆبونەوەكە نەكردبوو، بەهەمان ئەو ستایلە رەخنەیان لە حكومەت دەگرت، كە بۆ رایگشتی ناسراو و ئاشكرابوو. پارتی دوێنێ شەو چەكی رەخنە‌و ئۆپۆزسیۆنبونیشی لە لایەنەكانی تر وەرگرتەوە‌و لە پێگەی دەسەڵاتەوە رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی گێڕا، ئەم رۆڵە نوێیەی پارتی رەنگە لە كورت مەودادا لەبەرژەوەندی پارتی بشكێتەوە، بەڵام بۆ داهاتوو ئەگەری هەیە ناكۆكییەكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی قوڵبكاتەوە، سەرەتای ئەم ئەگەرە لە كۆبونەوەی دوێنێی پەرلەمان بەدی كراوە، لەناو پەرلەمانتارانی پارتی ناكۆك دروستبوو لەبارەی تۆمەتباركردنی كابینەكانی نێچیرڤان بارزانی بە بەرپرسی هەموو ئەو شكستە داراییانەی كە ئێستا رووبەڕووی كابینەی مەسرور بارزانی بوەتەوە.    لەسەر ئاستی دەرەوەی پارتیش، ئەم شێوازە كاركردنەی فراكسیۆنی پارتی ئەگەر بۆ داهاتووش بەردەوام بێت، رەنگە بنەمای یارییەكە بگۆڕێت‌و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان ناچار بكات بەدوای شێوازێكی نوێی كاركردندا بگەڕێن، كە لە رەخنەكانی پارتی‌و یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان جیایان بكاتەوە. ئۆپۆزسیۆنی ناو حكومەت ئێستا لە هەرێمی كوردستان سێ جۆر ئۆپۆزسیۆن خۆی نمایش دەكات كە ئەمانەن: •    ئەو لایەنانەی كە بەشێوەیەكی فەرمی ئۆپۆزسیۆنن‌و بەشدار نین لە حكومەت كە بریتین لە (كۆمەڵی دادگەریی، یەكگرتووی ئیسلامی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، حزبی شیوعی لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی كە هیچ كورسییەكی لە پەرلەمان نییە). •    ئەو لایەنانەی كە لەناو حكومەتن‌و لە پەرلەمان رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەگێڕن (یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان)، ئێستاش پارتی دێتە سەر هێڵی ئەم جۆرە كاركردنە سیاسییە. •    ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی حزبە سیاسییەكان، كە لە هەڵبژاردنەكاندا بە بایكۆتكردن‌و كارتی سپی گوزارشت لە ناڕەزایەتی خۆیان دەكەن.  فراكسیۆنی پارتی دواین لایەنە كە دەچێتە سەر هێڵی ناڕەزایەتییەكان، چونكە فراكسیۆنی یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان كە حزبەكانیان بەشدارن لە حكومەت، لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە‌و تاڕەدەیەكیش لە كابینەی رابردووی حكومەتدا وەكو ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكەن‌و بەرپرسیارێتی بڕیارەكانی حكومەت ناگرنەئەستۆ، وا دەردەكەوێت قۆناغی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەنگی ناڕەزایەتی دەبێتە زۆرینە، بەڵام ناڕەزایەتییەك كە بۆ چەواشەكردنی رایگشتییە‌و هەرگیز سەرناكێشێت بۆ سەندنەوەی متمانە لە حكومەت‌و ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی.     


راپۆرت: درەو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سیقۆڵی نێوان (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)ە، بڕی زیاتر لە (6 ترلیۆن) دینار قەرزی گشتی‌و زیاتر لە (3 ترلیۆن) دیناری قەرزی لێبڕینی (10) مانگی موچە‌و نەدانی موچەی (2) مانگی موچەخۆرانی كەوتوەتە سەر شان، كۆی گشتی قەرزەكانی حكومەت لە كابینەی نۆیەمدا گەیشتوەتە نزیكەی (10 ترلیۆن) دینار. قەرزەكان چۆنن ؟ نێچیرڤان بارزانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی بە (27 ملیارو 549 ملیۆن) دۆلار قەرزەوە رادەستی مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم كرد. بە هەمان میكانیزمی كابینەی هەشتەم، كابینەی نۆیەم كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، بەفۆرمی جیاوازەوە قەرزی هێناوەتە سەر شانی حكومەت. ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لەبەردەم پەرلەمانی كوردستاندا رایگەیاند، مانگی 3ی ساڵی 2020، كۆی قەرزەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان (28 ملیارو 476 ملیۆن) دۆلار بووە، مانگی 3ی 2021 كۆی قەرزەكان بووە بە (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار. بەپێی ئەم قسەی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی یەك ساڵدا قەبارەی قەرزەكانی بەبڕی (3 ملیارو 161 ملیۆن) دۆلار زیادی كردووە، واتا كابینەی نۆیەم بۆ هەر مانگێك بڕی (263 ملیۆن) دۆلار قەرزی كردووە.  لە كابینەی نۆیەمدا كە ناوی "كابینەی چاكسازی" لەخۆی ناوە، قەرزەكانی هەرێم بەشێوەیەكی خێرا هەڵدەكشێت، پێش دەستبەكاربوونی ئەم كابینە سێقۆڵییە لە 10ی تەموزی 2019دا، كۆی گشتی قەرزەكانی حكومەت (27 ملیارو 549 ملیۆن) دۆلار بوو، دوای چەند مانگێك لە دەستبەكاربوونی كابینە نوێیەكە، ساڵی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وتی قەبارەی قەرزەكان بۆ (28 ملیارو 476 ملیۆن) دۆلار بەرزبووەتەوە. ئێستا كە كابینەی مەسرور بارزانی دوو ساڵی تەمەنی تەواو كردووە، قەبارەی قەرزەكان بۆ  (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوە، واتە تەنیا لە دوو ساڵی تەمەنی ئەم كابینەیەدا قەبارەی قەرزەكانی بەبڕی (4 ملیارو 88 ملیۆن) دۆلار زیادی كردووە.  31 ملیاری قەرز بڕی ئەو (31 ملیار) دۆلارەی كە سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران خستیە روو پێكهاتووە لە: -    12 ملیار دۆلار قەرزی پاشەكەوتی موچە -    3 ملیارو 966 ملیۆن دۆلار قەرزی (TPI) -    4 ملیار و 288 ملیۆن دۆلار قەرزی دەرەكی  -    2 ملیارو 267 ملیۆن دۆلار قەرزی ناوخۆیی  -    8 ملیار و 703 ملیۆن دۆلار پابەندییە داراییەكان  -     قەرزێكی ئەژمارنەكراو ! سەرەڕای ئەم قەرزانە، كابینەی سێقۆڵی بڕێكی زۆری پارەی موچەی فەرمانبەرانی نەداوە‌و ئەم پارانەی بە قەرز لەسەر شانی خۆی ئەژمار نەكردووە. بەپێی قسەی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە كۆی ئەو (31 ملیار) دۆلارەی قەرز كە كەوتوەتە سەرشانی حكومەت، بڕی (12 ملیار) دۆلاری بەتەنیا پارەی پاشەكەوتكراوی موچەی موچەخۆرانە، ئەم (12 ملیار) دۆلارەی پارەی پاشەكەوتكراوی موچەخۆران، بڕی (9 ملیار) دۆلاری پارەی پاشەكەتی موچەی كابینەی پێشوو بووە‌و لەم كابینەیەشدا موچەی فەوتاوی پێنج مانگی ساڵی 2020 بۆسەر قەرزی موچە پاشەكەوتكراوەكان زیاد كراوە‌و قەرزی موچە لە (9 ملیار) دۆلاری كابینەی پێشووەوە بەرزبوەتەوە بۆ (12 ملیار) دۆلار.  بەم پاكتاوكردنەشەوە كە حكومەت كردویەتی، ئێستا چارەنوسی موچەی فەوتاوی دوو مانگی ساڵی 2020ی فەرمانبەران نادیارە كە بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 788 ملیار) دینارە.  * كابینەی نۆیەم ماوەی (10) مانگ بە لێبڕینەوە موچەی دابەشكردووە: كۆی پارەی لێبڕاوی موچەی فەرمانبەران بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 880 ملیار) دینارە * كۆی گشتی پارەی فەوتاوی پێنەدان‌و لێبڕینی موچە بڕەكەی (3 ترلیۆن‌و 668 ملیار) دینارە قەرزو موچە پێكەوە ئێستا كۆی گشتی قەبارەی قەرزو پارەی موچە لەسەر شانی حكومەتی هەرێم بەمشێوەیە:   * نەدان‌و لێبڕینی موچە: (3 ترلیۆن‌و 668 ملیار) دینار (2 مانگ موچەی نەداوە مانگانە 894 ملیار دینار) * قەرزی گشتی: (6 ترلیۆن‌و 50 ملیار) دینار * كۆی گشتی قەرزو نەدان‌و لێبڕینی موچە: (9 ترلیۆن‌و 718 ملیار) دینار   راپۆرتی پەیوەندیدار: حكومەتێكی قەرزار ! پاشەكەوتی موچەخۆران (8 ملیارو 966 ملیۆن) دۆلارە    


 (درەو): خەڵكی گوندی "چیا سورخ" لە سنوری ئیدارەی گەرمیان رێگریان كرد لەو تانكەرانەی كە نەوتی كێڵگەی "چیا سورخ" دەگوازنەوە بۆ پاڵێوگەی (بازیان). ئەم رێگریكردنە ئەمڕۆ رویدا، خەڵكی گوندەكە داوا دەكەن هاوڵاتیانی ناوچەكە سودمەند بن لە دامەزراندن‌و كاری شۆفێریی ئەو كۆمپانیا كە نەوتی كێڵگەكە دەگوازێتەوە.  ئێستا رۆژانە (800 تەن) بەرهەمی نەوتی كێڵگەی "چیا سورخ" لەڕێگەی (15) تانكەرەوە دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی نەوتی بازیان (قەیوان)، لەوێ دەپاڵێورێت. كۆمپانیای (كیپ ئۆف ئۆیل) نەوتەكە دەگوازێتەوەو كۆمپانیای (پێت ئۆیل)ی توركی كاری فراونكردن‌و بەرهەمهێنان كێڵگەكە دەكات.  بلۆكی نەوتی (چیا سورخ) دەكەوێتە رۆژهەڵاتی روباری سیروان لەسنوری ناحیەی قۆرەتوو، ئەم ناوچەیە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە.  


(درەو):  بەغداد ئەمڕۆ میوانداری لوتكەیەكی سێقۆڵی دەكات لەنێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسرو شا عەبدوڵای پادشای ئوردن.  ئەم لوتكەیە بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی ژمارەیەك دۆسیە، لەپێش هەمویانەوە دۆسیەی هاریكاری ئابوری‌و ئەمنی‌و بازرگانی لەنێوان هەرسێ وڵاتدا.  ئەم دیدارە سێقۆڵییە كە لە میدیای فەرمی عێراقدا ناوی لێنراوە "لوتكەی 2021ی بەغداد"، چوارەمین لوتكەی سێقۆڵی نێوان عێراق‌و میسرو ئوردنە، چونكە لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا سەرۆكی هەرسێ وڵات سێجاری تر پێكەوە كۆبونەتەوە، كۆبونەوەی یەكەم لە 2019دا لە قاهیرە بەڕێوەچوو، ئەوكات (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، كۆبونەوەی دووەم لە ئەیلولی رابردوودا لە پەراوێزی كۆبونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەنیویۆرك بەڕێوەچوو، دواین كۆبونەوەی نێوان هەرسێ سەرۆك لەسەردەمی كۆرۆناو لە عەممانی پایتەختی ئوردن بوو.  "شامی نوێ" لوتكەی سێقۆڵی نێوان عێراق‌و میسرو ئوردن بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی رێككەوتنێكەوە بەناوی رێككەوتنی "شامی نوێ".  مانگی ئابی رابردوو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی ئەم رێككەوتنەوە بە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریكی وت:" ئێمە بەنیازین بچینە ناو پرۆژەیەكی ستراتیژی كە قاهیرەو بەغدادو عەممان پێكەوە كۆبكاتەوە". ئەوكات كازمی باسی لەوەكرد، ئەم پرۆژەیە "پرۆژەیەكی ئابورییە لەسەر شێوازی ئەوروپی، كە لەتوانایدایە بەشێوەیەكی ئازادتر جموجوڵ بە سەرمایەو تەكنەلۆژیا لەنێوان هەرسێ وڵاتدا بكات". لەبارەی سروشتی پرۆژەی "شامی نوێ"، حوسام عایش كە شارەزایەتی ئابوری ئوردنییە بە سایتی (الحرە)ی وتووە" ئەمە پەیمانێكی نوێیە كە ئامانج لێی دروستكردنی سیستمێكی ناوچەییە بۆ بەرگریكردن لە هەرسێ وڵات، كە بە چەند هۆكارێك هەرسێكیان زەرەرمەندبوون‌و بەدەست هەڕەشە ئەمنی‌و سیاسییەكانەوە دەناڵێنن، هەرسێ وڵات لەڕووی ئابورییەوە پاڵپشتی لە یەكتر دەكەن".  لوتكەی ئەمڕۆی بەغداد بڕیاربوو رۆژی 27ی مارسی رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رووداوی بەریەككەوتنی دوو شەمەندەفەر لە شاری (سوهاج)ی میسر، مستەفا كازمی وادەی بەڕێوەچوونی كۆبونەوەكەی دواخست، بەمدواییەش بەهۆی ناكۆكییەكانی ناو بنەماڵەی شاهانەی ئوردن كە میدیاكانی ئوردن ناویان لێناوە "دۆسیەی فیتنە"، جارێكی تر لوتكەی سێقۆڵی بەغداد دواخرایەوە.  ئەحمەد خەزیم كە لێكۆڵەرێكی ئابوری خەڵكی میسرە، لەبارەی پرۆژەی "شامی نوێ"وە دەڵێ" ئەمە گردبونەوەیەكی ئابورییە، ئامانج لێی بەرزكردنەوەی ئاستی سەرمایەگوزاریی‌و سودوەگرتنە لە تایبەتمەندی هەرسێ وڵات بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەك پرۆگرام‌و پرۆژە كە هەرسێ وڵاتەكە پێویستیان پێیەتی". لەبارەی ناونانی پرۆژەكە بە "شامی نوێ"، عەلا فەهد لێكۆڵەری ئابوری عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، عێراق ئەم ناوەی هەڵبژاردووە بۆ پرۆژەكە، چونكە دەبێت بە دەرگای ناوچەكەو هێڵی بەیەكگەیشتنی نێوان خۆرهەڵات‌و خۆرئاوا، لەنێوان ئەوروپا‌و ئاسیادا، شامی نوێ بەواتای وێنەیەكی نوێ دێت بۆ ناوچەكە.  حوسام عایش پێیوایە" تەواوكارییەكی روون لەنێوان هەرسێ وڵاتدا هەیە، هەریەكەیان تایبەتمەندییەكیان هەیە كە دەتوانن یەكتر تەواو بكەن، ئەمەش بە "وزەو غاز"، شارەزایی تەكنەلۆژیی، بازاڕی گەورە، ئەمانە پێكەوە لەڕووی دانیشتوانەوە كۆمەڵگەیەكی گەورە پێكدەهێنن كە ژمارەی دانیشتوانەكەی (160 ملیۆن) بەكاربەرە، واتە نزیكەی (45%)ی كۆی گشتی دانیشتوانی وڵاتانی عەرەبی.  "هەرسێ وڵاتەكە بەدەست هەمان كێشەو گرفتەوە دەناڵێنن كە كێشەی قەرزاری‌و بێكاری‌و لاوازی گەشەی ئابوری‌و ناسەقامگیری سیاسییە، كە دواهەمینیان ئەو رووداوانە بوون لە ئوردن رویاندا". لەبارەی بایەخی لوتكەی سێقۆڵیی بەغدادەوە، ئەحمەد خەزیم ئاماژە بۆ هێڵی نەوتی بەسرە- سینا دەكات‌و دەڵێ" جێبەجێكردنی هێڵی نەوتی نێوان بەسرەو سینا، دەكرێت بڕی 16 دۆلار لە هەر بەرمیلێك لەو نەوتە كەمبكاتەوە كە هەرسێ دەوڵەت سودی لێ دەبینن، ئەمە سەرباری دروستكردنی هێڵێكی نەوت دوور لە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە". وەكو پلانی بۆ دانراوە، پرۆژەی ئەم بۆری نەوتە لە خۆرئاوای دەریاچەی (سەرسار) لە خۆرئاوای بەغدادی پایتەختەوە درێژدەبێتەوە بۆ پارێزگای ئەنبارو لەوێشەوە بۆ بەندەری "عەقەبە" لەسەر دەریای سور، میسریش دەستدەكات بۆ دانانی نەخشەی راكێشانی هێڵەكە لە بەندەری "عەقەبە"وە بۆ ناوچەی سینا لەڕێگەی دەریاوە، ئەمە بەگوێرەی قسەی خەزیم.  كەرتی وزە لە میسر بەدەست هەندێك ئاڵنگارییەوە دەناڵێنێ، بەگوێرەی راپۆرتی سایتی "ئۆیل پرایس" حكومەت میسر لە ساڵی دارایی 2020-2021 پاڵپشتی بۆ بەرهەمە نەوتییەكان بەرێژەی (46%) دابەزاندووە، زیادبوونی هاوكاری وڵاتان لەگەڵ میسردا، دۆخی ئابوری‌و بەتایبەتی كەرتی وزەی ئەم وڵاتە دەبوژێنێتەوە.  رەهەندی سیاسی پرۆژەكە بەپێی قسەی ئەحمەد خەزیم" كۆبونەوەی سیقۆڵی ئامانج لێی پێكهێنانی كوتلەیەكی عەرەبییە بۆ وڵاتانی میانڕەو". عایش هاوڕایە لەگەڵ خەزیم‌و دەڵێ" بوونی ئەم جۆرە كوتلانە لەناوچەكەدا هاوكاری هەرسێ وڵات دەكات لە كەمبونەوەی ئاستی شوێنكەوتەیی". لێكۆڵەرەوە عێراقییەكەش لوتكەكە دەخاتە ناو خانەی بەرژەوەندی سیاسییەوە‌و باسلەوە دەكات" ئەم گردبونەوەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی پشتبەستنی عێراقە بە ئێران لە هاوردەكردنی وزەدا، ئەمە سەرباری ئەوەی واشنتۆن بەردەوام عێراق لە سزاكانی دەبەخشێت لەبواری هاوردەكردنی وزەدا لە ئێرانەوە".  ئەمریكا لە 31ی مارسی رابردوودا بۆ ماوەی (120) رۆژی تر عێراقی بەخشی لە كڕینی وزەی كارەبا لە ئێران، بەمەرجێك لەو ماوەیە ئاستی پشتبەستنی بە كارەبای ئێران كەمبكاتەوە.  فەهد دەڵێ" رەهەندی لوتكەكە خۆی دەبینێتەوە لەوەی عێراقە بەشێكە لە وڵاتانی عەرەبی‌و دورخستنەوەی گومانەكان لەبارەی ئەوەی حكومەتی عێراق ئارەزووی بەلای هاوپەیمانێتی لەگەڵ تاراندا دەچێت".  لەبارەی بەربەستەكانی بەردەم پرۆژەكەوە، عایش پێیوایە" بیرۆكە‌و پلان‌و بەرنامە زۆرن، بەڵام رەنگە بارودۆخ رێگە نەدات بخرێنەسەر ئەرزی واقع، لەوانە بیرۆكراتییەت‌و باجی گومرگیی سەرباری ئەوەی هەندێك بەخشین بۆ كاڵای ئوردنی كراوە لە بازاڕی عێراقی‌و بازاڕەكانی تردا". بەڵام لێكۆڵەرە میسرییەكە لەبارەی بەربەستەكانی بەردەم پرۆژەكەوە دەڵێ" لەناوچەكەدا سیاسەت، ئابوری بەڕێوەدەبات، كە سیاسەتیش هاتەناوەوە، ململانێ رودەدات".  سەرچاوە:  الحرە  


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) ئێراننامە (11)   مەبەستی پێکهێنانی یەکێک لەو دەزگا  هەستیارانەی لەئێراندا (بەهۆی ئەرکە دەستوورییەکەیەوە هەیەتی، دەزگای ئەنجوومەنی شارەزایانە(مجلس خبرگان رهبری) کە ڕاستەوخۆ ئەرک و کار و مەبەستی دامەزراندنی پەیوەستە بە دەزگای ڕێبەرایەتییەوە کە لوتکەی هەموو دەسەڵاتەکانی دادوەری، یاسادانان و جێەجێکردنە. گەرچی ئەرکی ئەم دەزگایە سنووردارە و کەمترین کۆبوونەوە دەکەن، بەڵام لەدەسەڵاتییاندایە چاودێریی ڕێبەر و ئەرکەکانی بکەن و تەنانەت دەتوانن ڕێبەریش لابدەن یاخود لێپێچینەوەشی لێ بکەن، گەرچی ئەمە هیچکات لەمێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕووی نەداوە، بەڵام لە توانای دەزگاکەدا (بالقوە) ئەم دەسەڵاتەی هەیە و (بالفعل) بەکاری نەهێناوە. گەرچی وەک هەر وڵاتێکی دیکە، (لە قۆناغی ڕاگوزەردا) ئەم دەزگایە سەرەتا کاتی و تەنها بۆ قۆناغیک دانرا، بەڵام پاشتر بەهۆی ئیسلامیزەکردن و بەشیعەکردنی دەسەڵاتەوە لەسەر بنەمای ویلایەتی فەقیه، وردەوردە ئەرکەکەی لە کاتییەوە کرا بەهەمیشەیی و بنەما و ڕەوایەتی هەبوونیشی (کە بریتی بوو لە پێداچوونەوەی دەستوور) گۆڕدرا بۆ بنەمایەکی ئاینی-دەوڵەتی، لە بەرایی یاسای ئەنجوومەنی شارەزایاندا هاتووە: "بە ئیلهاموەرگرتن لە ڕیوایەتی یەعقوبی کوڕی شوعەیب کە لە ئیمام سادقەوە گێڕاویەتییەوە لەبارەی زەمینەی ناساندن و دیارییکردنی جێنشینی پایەی ڕێبەری و وەلی موسڵمانان لەهەر زەمەنێکدا، بۆ پێشگرتن لە دەرکەوتنی فتورەت لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و زەمانەتی بەردەوامی حکومەتی شەرعی لەسەر بنەمانی ویلایەتی فەقیه، لە میانەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٠٧ و ١٠٨ی دەستووردا، یاسای هەڵبژاردن، ژمارەی ئەندامان، مەرج و پێڕەوی نێوخۆیی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری بەمشێوەیە ڕێکخراوە".(سایت شورای نگهبان: قانون انتخابات مجلس خبرگان رهبری: https://bit.ly/3xXjlq1 ) لەو بەراییەی یاسای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزیانەوە دەردەکەوێت، کە بنەمای بەردەوامی و هەبوونی، بنەمایەکی ئاینی-شیعی-دوانزەئیمامی-ویلایەتی فەقیهیە و پشتی بە چیرۆکێکی نێو ئەدەبیاتی نێو ئەو مەزهەبە بەستووە و بنەمایەکی وا لای دەوڵەتێکی هاوچەرخی سیکۆلار تەنانەت لای پێڕەوانی وەک سوونەمەزهەبەکانیش ڕەتکراوەیە. ئەمە لەکاتێکدا لەئیراندا گەر دابنێین سەرجەمیشی موسڵمانن (کە ئاین و پێڕەوی دیکە و بێ ئاینیشی تێدایە)، بەگوێرەی هەندێک ئامار ٢٠ ملیۆن لە کۆی ٨٥ ملیۆن دانیشتووان تەنها سوننەمەزهەبن و زۆرینەیان کورد و بەلوچ و تورکەکان و هەندێک لە فارسەکانیش دەگرێتەوە و بە باوەڕی ئاینییان بڕوایان بە ویلایەتی فەقیه و ئەنجوومەنی شارەزیان نییە. لەدامەزراوەیەکی کاتییەوە بۆ دەزگایەکی هەمیشەیی ئەم دامەزراوەیەی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی یەکەمی شۆڕش(١٩٧٩)، ئەرکی لەپێشینە و مەبەستی دامەزراندنی سەرەتا تەنها بۆ پێداچوونەوەی ڕەشنووسی دەستوور بوو کە لەو ئانەدا بۆ گشتپرسی ئامادە کرابوو. بەڵام زۆری نەخایاند و لە ساڵی ١٩٨٢دا جارێکی دیکە یاساکەی هەمووار کرایەوە و کۆی دەزگاکە و ئەرکەکانی تایبەتمەند کرا بە دیاریکردنی ڕێبەری باڵا و چاودێرییکردنی ئەرک و ڕەفتارەکانی(کە بەپێی بەندی ١٠٩ی دەستوور دیارییکراوە)، هاوکات ئەو دەسەڵاتەشی پێدرا کە لەتوانایدا بێت لە کاتی لەدەستدانی شایستەیی بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی، ڕێبەری باڵا لە ڕێبەرایەتی لابدات. هەروەها لە کاتی مردن یا هەر ڕووداوێکیشیدا کە بەسەر ڕێبەردا بێت، بە گوێرەی دەستووری وڵات، ئەنجوومەنی شارەزایان، ئەنجومەنی ڕێبەرایەتیی کاتیی پێکدەهێنن تا ئەوکاتەی ڕێبەری نوێ دیارییدەکەن، ئەم ئەنجوومەنە لەکارەکانی بەردەوام دەبێت و دەسەڵاتەکانی ڕێبەر بە دابەشکراوی بەسەر ئەندامەکانییدا جێبەجێ دەکەن.(بڕوانە: ئێراننامەی ٤،ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ زانیاریی زیاتر و چۆنێتی پێکهێنانی ئەم لیژنەیە و ئەندامانی و پشئەستوورییە دەستوورییەکانی، لەوێدا ڕوونکراوەتەوە). ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە هەر لەخۆکاندیدکردنیانەوە و شایستەیی و پەسەندکردنیان پاش هەڵبژاردن و پرۆسەی هەڵبژاردنیان بەگشتی و بەپێی دەستوور لە ئەستۆی شورای پاسەوان دایە، کە خۆی دەزگایەکی هەڵنەبژێردراوە (بڕوانە: ئێراننامەی ٣، شورای پاسەوان) بەگوێرەی دوایین هەموواری یاسای ئەنجوومەنی شارەزیانی ڕێبەری لە ٢/٩/٢٠١٥دا (١١/٦/١٣٩٤هەتاوی)، بەپێی ماددەی یەکەمی یاساکە: ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە هەشتاوهەشت(٨٨)ئەندام پێکدێت.(پێشتر ٧٣ ئەندام بوو)، ماوەی هەر خولێکی ئەندامانی هەشت(٨) ساڵە و لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن، پێویستە شەش مانگ بەر لە کۆتایی هەر خولێک هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی نوێی خولی نوێ ئەنجام بدرێت. (پاش پەسەندنامەی کاندیدبوونیان لەلایەن شورای پاسەوانەوە).  شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزیان بازنەییە و بەپێی پارێزگاکانی ئێران دابەشکراووە:  پایتەخت (تاران): ١٦ نوێنەر. خۆراسانی ڕەزەوی و خوزستان هەریەکە ٦ نوێنەر. پارێزگای ئەسفەهان، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، و فارس هەریەکە ٥ نوێنەر. پارێزگاکانی گیلان و مازنداران یەکی ٤ نوێنەر. پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی(ورمێ) و کرمان هەریەکە و ٣ نوێنەر. هەرچی ئەردەبیل، ئەلبورز، سیستان و بەلوچستان، قەزوین، سنە، کرماشان، گولستان، لوڕستان، مەرکەزی و هەمەدان هەریەکە و ٢ نوێنەریان بەردەکەوێت. پارێزگاکانی ئیلام، بوشەهر، چوارماڵە و بەختیاری، خۆراسانی باشوور، خۆراسانی باکوور، زنجان، سمنان، قوم، کەهگیلویە و بویرئەحمەد، هورمزگان و یەزد، هەریەکە یەک(١) نوێنەری ئەنجوومەنی شارەزایانیان بەردەکەوێت. (سایت شورای نگهبان: قانون انتخابات مجلس خبرگان رهبری: https://bit.ly/3xXjlq1 ) مەرجەکانی ئەندامێتیی لەئەنجوومەندا هەر ئەندامێکی ئەنجووومەنەکە پێویستە ئەم مەرجانەی تێدا بێت، کە شایستەیی و مەرجەکانی خۆپاڵاوتووان، شورای پاسەوان یەکلایی دەکاتەوە: - ناوبانگی بۆ دیانەت و متمانەداری و شایستەیی ڕەوشتی هەبێت. - توانای ئیجتیهادی لە ئاستێکدا هەبێت کە بتوانێت هەڵێنجان بۆ هەندێک بابەتگەلی ئاڵۆزی فیقهی و بتوانێت ڕێبەرێک کە نیشانە و مەرجەکانی ڕێبەرایەتی تێدا بێت دەستنیشان بکات. -دیدگای سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئاشنایی بە بابەتی هەنووکەیی و ڕۆژ هەبێت. - باوەڕی بە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت. - پێشینەی خراپی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبێت. - مەرج نییە نوێنەرەکانی هەر بازنەیەک دانیشتوو یان لەدایکبووی ئەو بازنەیە بن. واتە دەکرێت بۆ نمونە مەشهەدی یان تارانییەکی شیعەمەزهەب بە نوێنەرایەتی شاری سنە یان بەلوچستان ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە و ئەمەش ڕوویداوە. سەرجەمی ئەم مەرجانە و دروستییان شورای پاسەوان یەکلایی دەکاتەوە. (بڕوانە ئێراننامەی ٣: شورای پاسەوان). بەڵام بەپێی بڕگەی دووی یاسای ئەنجوومەنەکە، کەسانێک کە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانی یان پەسەندی کردبن لە بۆنەیەکدا، پێویستی بە هەڵسەنگاندنی شورای پاسەوان نابێت و ڕاستەوخۆ پەسەندکراوون. (بڕوانە: یاسای ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری ١٣٩٤). ئەرک و بەرپرسیارێتی لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی ئەنجوومەنی شارەزایانەوە، دەستووری ئێرانی، لە بەشی هەشتەمی پەیوەست بە ڕێبەری باڵا و شێوازی هەڵبژاردنی و لە ماددەی ١٠٧ و  ١٠٨دا، ئاماژە بە ئەرکی ئەنجوومەنی شارەزایان کراوە، کە بریتییە لە هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ، پاش مردن، یان لادان یان بێتوانایی و لەدەستدانی مەرجێک لەمەرجەکانی ڕێبەریی. بەڵام وردەکاریی ڕۆڵ و پێڕەو و ژمارەی ئەندامان و ماوەی هەر خولێکیان بە گوێرەی یاسایەک ڕێکخراوە، کە یەکەمین جار لەلایەن شورای پاسەوانەوە، ئامادەکراوە و بەزۆرینەی دەنگی ئەوان کە (١٢)ئەندامن دەنگی لەسەردراوە و پاشتر لەلایەن ڕێبەری باڵای شۆڕشەوە پەسەندکراوە و وەک یاسایەک کاری پێکراوە و دەکرێت، بەڵام هەر بەپێی ماددەی ١٠٨ ئاماژە بەوەش کراوە، تەنها یەکەمجار شورای پاسەوان یاساکە ئامادە دەکات و هەمووار و چاکسازیی لەیاساکەدا، لەوەپاشتر ئەنجوومەنی شارەزایان خۆیان ئامادەی دەکەن و بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەژمار دەکرێت.(بڕوانە دەستووری کۆماری ئیسلامی ئێران، ماددەی ١٠٧ و ١٠٨) بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران  ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە  


راپۆرتی: بەهرۆز جەعفەر   پرۆسە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان پێچەوانەن لەگەڵ دۆخی ئابوریی و دارایی دا، تا پیشەسازیی نەوت و بەرهەم هێنان لە هەرێمی کوردستان پێش ئەکەوێت، قەیرانی دارایی و گرفتەکانی خەڵکیش زیادئەکەن!. لە ناوەڕاستی (٢٠٢١) داین، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە (٤٧٠ ) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت. ئایا چی ڕێگرە لەوەی کە ئەم بڕە بگەیەنێتە (٩٠٠) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا؟. یەکەم/  گرفتەکانی بەردەم زیادکردنی ئاستی بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان جگە لەوەی پابەندی ئۆپیک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەم هێنان و هەناردەکردن. شەش کێشەی سەرەکی لە بەردەم پیشەسازیی نەوتیی هەرێمی کوردستاندان، هەر ئەو فاکتەرانەش مەترسیین لەبەردەم یەدەگ و سەرچاوەی سروشتی دا: یەک: دیرۆکی گەنەڵ ئینێرجی تورکی و کێڵگەی تەق- تەق کێڵگەی تەق تەق لە ساڵی (٢٠٠٦) ەوە دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە. لە ساڵی (٢٠١٥) ەدا بە نزیکەیی (١٥٠٠٠) پانزە هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێناوە. بەڵام بە تێکڕا لە ساڵی (٢٠٢٠) دا ئاستەکەی دابەزیوە بۆ (٩٦٧٠) نۆ هەزارو شەش سەت و حەفتا بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەرهەم هێناوە، ئەمە جگە لە بە هەڵواسراوی مانەوەی هەندێ ئەکتیڤیتی وەک هەڵکەندن -Drilling  لەو ماوەیەدا. لە چارەکی چوارەمی (٢٠٢٠) دا تێکڕای بەرهەم هێنانی ڕۆژانە کەمی کردووە تا ئەوەی گەیشتوەتە (٧٦١٠) حەوت هەزارو شەش سەت و دە بەرمیل!؟.  لەگەڵ هاتنی (٢٠٢١) دا لەچوارچێوەی پرۆگرامی دەستوەردان لە (بیر)ەکاندا کە بەرهەمهێنانی زیادکردوە لە بیرەکانی (TT-20z) و (TT-34y) دا. بەڵام لە کۆی گشتی دا ئاستی بەرهەمهێان لە کێلگەکە زیاتر دابەزیوە بۆ (٧٠٠٠) حەوت هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا{١}. لە کۆتا یەکشەممەی مانگی شوباتی ٢٠١٦ دا، لە درەنگانێکی شەودا، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی گەنەڵ ئینێرجی کە پێشوتر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتش پیتریۆلیۆم -BP  بوە “تۆنی هایوارد  -Tony Hayward  " زەنگی تەلەفۆنەکەی لێ ئەدات!. بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیایەو هەواڵێکی ناخۆشی پێیە!: "بەهای کێڵگە نەوتییەکە زۆر لەوە کەمتر دەرچووە کە ئێمە بیرمان لێ کردبوەوە…". لە کاتێکدا کۆمپانیاکەیان نزیکەی (٩) ساڵە کار ئەکات لە هەرێمی کوردستان!. کاتژمێرێک دواتر بەرەو نیوە شەوە!. کۆمپانیا بەیاننامەیەک بەرەو بۆرسەی لەندەن (London Stock Exchange ) بڵاوئەکاتەوە. تیایدا جاڕی ئەوە ئەدات کە کێڵگەی تەق-تەق لە کوردستانی عێراق نیواو نیو یەدەگەکەی کەمی کردووە. ئینجا ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوتیش هاڕەی کردوە بەهۆی شەڕو قەیرانی داعشەوە. لە (٩٨$) ی ساڵی (٢٠١٣) نەوت نرخەکەی گەیشتوە بە (٤٣$) لە (٢٠١٦) دا. پێدانی ئەم هەواڵە ناخۆشە لە نیوەشەودا بە سەرۆکی گەنەڵ ئینێرجی وایکرد (١) یەک ملیار دۆلار لە پشکەکانی لەدەست بدا، کە ئەکاتە ١/٣ یەک لەسەر سێی بەهای کۆمپانیاکە. دوای ئەمە گەنەڵ پیاچوونەوەیەکی گشتی سەربەخۆی لەسەر کێڵگە نەوتییەکەی تەق- تەق ئەنجام دا، دەرکەوت لەگەڵ کەمبونەوەی ئاستی یەدەگەکەیدا هەندێ بیر لە کێڵگەکەدا ئاو و نەوت تێکەڵ ئەکات {٢}.  لەمەش سەیرتر " هایوارد” سەرۆکی گەنەڵ ئینێرجی (Ganel Energy) یە، کە بزنسمانێکی بەریتانیی تەمەن (٦٤) ساڵەیە، دکتۆرای لە جیۆ-ساینس لە زانکۆی ئیدنبۆرگ خوێندوەو، لەساڵی (١٩٨٢) ەوە لەگەڵ بی پی-  BPکارئەکا، لە کۆڵۆمبیا گەران و پشکنینی ئەنجامداوە. لە (٢٠١١) سەرۆکایەتی بی پی لە بەریتانیا بە جێدەهێڵێت و، ئەبێتە کەسی بەڕێوەبەری یەکەمی گەنەڵ ئینێرجی و لە کێڵگەی تەق -تەق دا تەقە لەژیان و کۆمپانیاکەی هەڵئەسێت!. دوو: کەموکورتی و گرفتە جیۆلۆجییەکان  لەسەرەتاوە کۆمپانیا نیودەوڵەتییەکان  وەها بۆی ئەچوون کە گەڕان و پشکنین- Exploration زۆری پێ ناچێ و تێ ناچێت، جگە لەوەش داتای گەورەو هەڵەیان لەبواری یەدەگ دا پێوترابو، کەهاتن لە هەندێ کێڵگە بەو جۆرە نەبو، وەک لە کێڵگەکانی کێوەچرمەڵەو بەردەڕەش و تازەو …تادوایی دا کۆمپانیاکان پارەیەکی زۆریان خەرج کرد، دواتر وازیان لە کارەکە هێنا. جگە لەوەش بەشێکی زۆر لە کێڵگەکان، بەتایبەت  کێڵگە سەرەکییەکان ئەکەونە ناوچە شاخاوییەکانەوە زیاتر لە (٢٠٠٠) مەتری پێویستە تا بگاتە دەرهێنان، یان هەندێ جار خەزاناتەکان تووشی تێکپژان و خراپبون بونەتەوە وای کردوە نا - ئارامییەک دروست بێت لە کێڵگەکەدا و کۆمپانیاکە یەدەگ و خەزانەکەشی لەدەستداوە، وەکو لە ئاکری بیجل و بەردەڕەش و هەندێ شوێنی تر{٣}. بەدڵنیاییەوە دیاردەو کێشەی جیۆلۆجی دیکەش هەن (لەمە زیاتر لە بواری تایبەتمەندی ئێمەدا نییه). سێ: مەترسی ئەمنیەکان ئەمە زۆر ترسناکە. جاری واهەبوە دەوڵەتێک مینایەکی لەدەستداوە بە هۆکاری شەڕو تیکچونی ئاسایش، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی تەواوی یەدەگەکەی لەدەست بجێت. بەتایبەتی لەدوای ساڵی (٢٠١٧) ەوە بەردەوام ویستێک هەبوەو هەیە: لە لایەن ئێران و تورکیاو عێراقەوە کورد لە پرسی ووزە دووربخرێتەوە (لە باشورو ڕۆژئاوای کوردستان).  لەدوای ڕیفراندۆم / یان (١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ەوە هەرێمی کوردستان (٣٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەدەستدا. دوای ئەم لەدەست دانەش، هێشتا بەشێکی گرنگی ئەو کێڵگانەی هەرێم گرێبەستی لەسەر کردوون و، کۆمپانیاکان وەبەرهێنانی تیائەکەن بۆ هەرێمی کوردستان ئەکەونە ناو جوگرافیای ناوچە دابڕاوەکانەوە. بۆ نمونە کێڵگەی خورمەڵە یەکێکە لە (٥) کێڵگە سەرەکییەکەی نەوت لە هەرێم بەڵام لای بەریتانیاو تورکیاو لە نەخشەشدا ئەکەوێتە ناو سنوری جوگرافیای کیڵگەی کەرکوکەوە. هەروەها سەرەکیترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گاز کە جیهان چاوی تێ بڕیوە “کۆرمۆر-  Kor Mor ە لە سنوری ناحیەی قادرکەرەمی کۆن، تەنها (٢٠ ) خولەک لە دووز خورماتووەوە دوورە!. ئێستا ناحیەکە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە قەزای چەمچەماڵە، بەڵام پێشوتر ڕژێمی بەعسی تیابو، حکومەتی بەعس خستبویە سەر قەزای دووزو و دووزیشی خستبوە سەر پارێزگای سەڵاحەدین. بە هەمان شێوە کێڵگەی پەڵکانە یان گەرمیان لە هەر ئاڵۆگۆڕ و جموجوڵێکی ئێران یان میلیشیاکاندا بە ئاسانی ئەکەونە بەردەم مەترسی لەناوچوون. پەڵکانە سەر بەخانەقین و دیالەیە. بەڵام هەرێم مامەڵەی بەو ناوچانەوە کردوە (هەڵبەت هەموو ئەو ناوچانە بێ هیچ ئەملاولایەک سەر بە خاکی کوردستانن).   کاری ئەندازەکاریی لە کێڵگەی خورمەڵەدا  بەم شێوەیە هەر گۆرانکارییەک لە سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتی یان عێراق دا، یاخود هەر هەنگاوێک بێ بیرکردنەوەی وورد لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لێکەوتەکەی لەسەر ئاسایشی کێڵگە نەوتیی و گازییەکان ئەبێت و، یەدەگێکی زۆر لەدەست ئەچێت. چوار: کێشە لە جۆرێتی خام و هەروەها نا-چونیەکی نەوتەکە دا هەیە لە زۆر شوێندا نەوت و غازو کۆندینسەیت هەیە، یان نەوتی قورسە…و…ئیتر بەو شێوەیە. ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان دروست ئەکات. پێنجەم:نرخی نەوت متمانەی لەسەر ناکرێت  لەبازاڕی ئابورییدا هەمیشە هەڵگەرانەوە لە نرخ دا ئەگەرێکی کراوەیە. لە پڕ لە دوای گرێبەستێک نرخی نەوت دا ئەبەزێت یان بە پێچەوانەوە… تادوایی. ئەمەش پەیوەندی بە ئاستی بەرهەمەوە هەیە. شەشەم: دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و یەدەگ بەهۆی کۆمپانیاکان و پێشبینی هەڵەوە   لە دوای ساڵی (٢٠١٥) ەوە بەهۆی دابەزینی نرخ و پێشبینی هەڵەو شەڕی داعش …و … تادواییەوە، چەندین کۆمپانیا یان کێڵگەکان و کوردستانیان بەجێهیشت، وە یان دابەزینی ئاست و توانای کێڵگەکان و داخورمانی بیرەکانیان راگەیاندووە، یاخود بەهۆی بێ ئەزمونی کۆمپانیاکانەوە.  ئەمانە نمونەیەکن لەناوی ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١١ بۆ ٢٠٢١) دەستیان لەکارکردن لە کێڵگەکان هەڵگرتووە بە هۆکاری جۆراوجۆر: ١/ ئەفرین پی ئێڵ سی (Afren PLC) کێڵگەی بەردەڕەشی جێهێشت. ئەم کۆمپانیایە ساڵی (٢٠٠٤) لە لەندەن دامەزراوە (دامەزرێنراوە!) وەک کۆمپانیایەکی سەربەخۆی بواری بەرهەمهێنانی نەوت. دواتر بوەتە ئەندام لە بۆرسەی لەندەن. لەساڵی (٢٠١٥) لە لیستی بۆرسەکە کراوەتە دەرەوە {٤}!. ٢/ کۆمپانیای مۆڵ Mol PLC ، دەستی لە کێڵگەو بیرەکانی  Akri -Bijeel  و باکرمان هەڵگرتوە لە سەرەتای جانیوەری (٢٠١٦) دا. مۆڵ گروپ کۆمپانیایەکی فرەڕەگەزی هەنگارییە لە بواری نەوت و گازدا، ئۆفیسی سەرەکییان لە بودابێستە{٥}. ٣/ کۆمپانیای ئۆیەل سێرچ (Oil Search Ltd) کێڵگەی تازەی بەجێهێشتوە {٦}. ئەمە کۆمپانیایەکی بواری نەوتە لە ووڵاتی “بابوا گینیای تازە- Papua New Guinea” ئەکەوێتە باشوری زەریای هێمن هاتوە بۆ کوردستان!. ٤/ کۆمپانیای شاماران لەساڵی (٢٠١٢) خۆی کۆتایی بە گرێبەستەکەی هێنا لە بلۆکی پوڵکانەو عەربەت، لەبری ئەوە بە پێی گرێبەستەکە (PSC) بڕی (٢٥) ملیۆن دۆلاری داوە بە حکومەتی هەرێم{٧}. ئەم کۆمپانیایە “ShaMaran Petroleum Corp” کەنەدییەو بەشێوەیەکی گشتی تەنها لە کوردستان وەبەرهێنانی نەوت ئەکات!. ئێستا لە کێڵگەی ئەتروش (یەکێکە لە کێڵگە سەرەکییەکان) ئۆپەرەیشن ئەکات. ٥/  دی ئێن ئۆی نەرویجی و گەنەڵ ئینێرجی کێڵگەی غازیی سومەیڵ تەنها لەدوای (٩٠) ڕۆژ لە کارکردن لە (٢٠١٤) بە جێ ئەهێڵن و لە (٢٠١٦) بۆی ئەگەڕێنەوە{٨}. ٦/  گازپرۆمی رووسی لە سێپتەمبەری (٢٠١٧) دەستیان لە بلۆکی هەڵەبجە هەڵگرت بەڕیوەبەری گشتی گازپرۆم ڕایگەیاند “لەمە زیاتر کارکردن و پەرەپێدان لە بلۆکی هەڵەبجەدا ناکرێت”.{٩}. ٧/  ئەکسۆن مۆبێل کێڵگەکانی قەرەهەنجیر و بێتواتەو ڕۆژهەڵاتی عەربەتی بەجێهێشت لە ساڵی (٢٠١٧) ەدا {١٠}. ٨/  ئۆرێکس پیترۆلیۆم –Oryx Petroleum کۆمپانیایەکی نەوتی کەنەدییە لە (٢٠١٠) دامەزراوە!. سەیری بکەیت، لە (٢٠١٦) دا (٢٠٢) ملیۆن بەرمیل یەدەگی خەمڵاندوە کەچی لە (٢٠١٧) ەدا بوە بە (١٢٢) ملیۆن بەرمیل!. بۆیە کارەکانی لە کێڵگەی دەمیرداخ و زێی گەورە دا ڕاگرتووە {١١}. ٩/  گۆڵف کیستۆن  - Gulf Keystone petroleum لە شێخ عادی و بەر بەحر کارەکانی راگرتوەو دواتر ئەبدەیتی کردۆتەوە. ١٠/ گاز پڵەس –كەڵەکەن –Gas Plus Khalakan لە ساڵی (٢٠١٤) نەوتی لە کێڵگەی شیوەشان دۆزییەوە، لە (٢٠١٦) دەستی بە بەرهەمهێنان کرد.  سەرەتا (١٠٠٠٠) دە هەزار بەرمیلیان بەرهەم ئەهێنا، لە پلانیاندا بو بیکەن بە (٣٠٠٠٠) سی هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بەڵام لە (٢٠١٨) ئاستی کێڵگەکە دابەزی بۆ (٤٠٠٠) چوار هەزار بەرمیل و، دواتر بو بە (٨٠٠) بەرمیل و پاشان بۆیان دەرکەوت ئەمە بۆ کاری بازرگانی ناشێت واتە non-commercial field ە، بۆیە وازیان لێهێنا {١٢}. "زۆر کۆمپانیاو کێلگەی دیکە هەن، کارەکانیان ڕاگرتوە، یان بەتەواوی کوردستانیان بەجێهێشتووە… وە یاخود…تادوایی ".  شەش: ئاڕاستەی بەرهەم و هەناردەکردن جیاوازە  ئەمەش یەکێکی ترە لە گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی بەرهەم هێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا. بۆ نمونە، جاری واهەیە لەسەری مندا ئەوە هەیە نەوتەکەمان بەرینە سەر دەریای سپی ناوەڕاست بە بۆڕی و ببینە بەشێک لە هاوپەیمانیتی قوبرس و یۆنان و فەرەنساو میسرو ئیسرائیل و بەریتانیاو ئەمریکا "کە ئەمانە هەمویان لەسەر ئەم حەوزەیە کۆبونەتەوە". بەڵێ‌م لە مێشکی پەرلەمانتارێکدا ڕەنگە وابێت کە ئەوەی هەیە بیدەین بە سۆمۆ بیفرۆشێت.  لەملاوە، سەیرئەکەیت ئێران خۆی دووەم یەدەگی غازی سروشتیە لەدونیادا، کەچی ئێمە بەتەنکەر بڕێک لە غازی کۆرۆمۆر ئەبەین بۆ ئێران، لەولاوە لە ئەندێشەی ئەرکدارکراوانی سیاسەتی نەوتی کوردستاندا ئەوە هەیە ئێمە هێڵەکەمان داوە بە ڕووسیا لە گواستنەوەوە تا ئەگاتە بە بازاڕیکردن!، لە لایەکی ترەوە هێڵی بۆڕی کوردستان- جەیهان سکاڵای دادگای پاریسی بەسەر هێناوین… ئیتر بەم شێوەیە هەرێم نازانێت لە کوێوە نەوت بفرۆشێت. ناچار بایی ئەوە هەبێت بیفرۆشێت بە کڕیارەکانی وەک ئیسپانیاو ئیتاڵیاو کۆریاو هیندستان و ( ئیسرائیلیش ئەمان ئەیدەن بە دوو کۆمپانیا کۆمپانیاکانیش ئەیدەن بە ئیسرائیل). دووەم/ سەرنجێک بۆسەر کۆمپانیا نەوتییەکان لەهەرێمی کوردستان ئەگەر بە ووردی سەرنج بدەیت، کنە بکەیت و بەدوای ناو و کارو جموجوڵ و ئەزمون و ساڵی دامەزراندنیاندا بگەڕێیت (ئێمە ناوی هیچ کۆمپانیایەک ناهێنین، بەڵام بەشێکی زۆریان وان) کە بێ ئەزمونن، یان بازرگانی کورد لە بەریتانیاو کەنەدا و ووڵاتانی دیکە دای مەزراندون بۆ ئەوەی فریای بۆندە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکەوێت. بەشێکیان ڕێک تەمەنیان هاوکاتە لەگەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم (٢٠٠٦) یان ساڵێک پێشووتر یان دواتر دامەزراون. بەشێکی تریان کورد و کەسانی دەستەڵاتدار هێناونی و گرێبەستی بەرهەمهێنانی بۆ کردوون، لەبەرانبەردا کەسەکە کە حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکەی بەیەک گەیاندووە دەیان ملیۆن دۆلاری وەک بۆنیس و کەمیژن بۆ خۆی وەرگرتووەو، چەندین کەسی نزیکی خۆی لە کۆمپاکەدا بە مووچەی بەرز دامەزراندووە. جگەلەهەمووئەمانە، دامەزراندنی کۆمپانیایەک لەبواری نەوت یان بوارەکانی تردا، لە ووڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی تەنها (٢٠٠$) دووسەت دۆلاری تێ ئەچێت، هەرکەسێک ئەچێت و بە ئاسانی تۆماری ئەکات لەو ووڵاتانەو، وێب سایتێک بە کۆمەڵێک بابەتی قەرەباڵەخ و دروشم و وێنەی سەرنجڕاکێشەوە دائەنات. ئینجا دێتەوە لە عێراق چەندین تەندەرو گرێبەست وەرئەگرێت و هاوبەش بۆ خۆی پەیدائەکات. لەبەرانبەردا بۆ دامەزرزاندن و تۆمارکردنی یەک کۆمپانیای بواری خزمەتگوزاریی نەوتی لە عێراقدا پێویستی بە بڕی (٣) سێ ملیار دینار هەیە!. ئیتر ئەمە هۆیەکی ئاشکراو دیارە کە بۆچی کەرتی نەوتی نیشتیمانی پێش ناکەوێت!..          کارکردن لە کێڵگەی نەوتی شێخان – کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن سەرباری ئەمانەش، کۆمپانیا نەوتییەکان چەندین گرفتی دیکەیان هەیە لە ووڵاتانی خانەخوێ دا، لەهەرێمی کوردستان بەتایبەت، بۆنمونە لە ڕووی فەلسەفییەوە جیاوازیی چینایەتی دروست ئەکەن. لەڕووی تێچووەوە تێچوویان زۆرە، پارەی پرۆگرامە کۆمەڵایەتییەکان (CSR) نادەن بە پێی گرێبەستە نەوتییەکە. کۆمپانیا هەیە دوو ساڵە پارەی پیترۆدۆلاری نەداوە بۆ خزمەتی ئەو لادێ و ناحیەو قەزایانەی تێیدا کارئەکات. بەڵێندەر (کۆنتراکتۆر) ەکان لەناو کۆمپانیاکەو دەرەوەی کۆمپانیاکەوە کۆمپانیای دیکەیان دامەزراندوەو خۆیان فەرز ئەکەن لەو ناوچانەی کێڵگەکانی لێیە، بە بیانوی عەشایەری یان ئەمانە خەڵکی سنورەکەن و ئەبێت (١٠٠) کەسیان بۆ دابمەزرێت. ئەم (١٠٠) کەسەش هەمووی نەخوێنەوار یان پسپۆڕی بوارەکە نییەو…ئینجا دوای ماوەیەک کە دەوڵەمەند ئەبن هەرخۆیان لە پشتەوە دەست ئەکەن بە داوەتکردنی خزم و کەس و بۆڵ بۆڵ ئەکەن کە خزمەتی ناوچەکە نەکراوەو.. ڕێ لە تەنکەرەکان ئەگرن و دەستەواژەی سەیر بەکاردێنن و… هەرخۆیان ئەچن کێشەکە چارەسەر ئەکەن بەرانبەر ئەوەی لە پشتەوە بەڵێنی چەند ئیمتیازێکیان ئەدرێتێ و …و…تادوایی. سێهەم: گازی سروشتی: بەرهەمهێنان، بەکارهێنان، بەفیڕۆدان لەم (ناوەڕاستی ٢٠٢١) ەدا، هەرێمی کوردستان نزیکەی (٣٥٠٠) مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست لەسەر کارەبا لە وەزری گەرما و سەرمادا زیاد دەکات، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "لەم گەرمایەدا خواست لەسەر کارەبا بۆ نزیکەی (٤٦٠٠) مێگاوات زیادیکردووە". ئەمەش بڕێکی ئێجگار زۆرە بۆ هەرێمێکی بچکۆلانە کە پیشەسازیی و کارخانەی گەورەی بەرهەمهێنانی نییە. هەرێمی کوردستان، لە زۆر ڕووەوە بەدەر نییە لەوەی لە عێراق ئەگوزەرێت، بەتایبەتی لە بەکارهێنانی ناوخۆیی (استهلاك محلی) و بە فیڕۆدان دا. هەموو سەری کاتژمێرێک لە عێراقدا بە بەهای (٢٩٠) هەزار دۆلار گاز دەسووتێت و بەفیڕۆی دەدات، واتە رۆژانە (٦.٩) ملیۆن دۆلار و ساڵانەش دەگاتە زیاتر لە (٢.٥) دوو ملیارو نیو دۆلار. ئەمە دۆخی وڵاتێکە کە یەدەگی گازە سرووشتیییەکەی بە (١٢٦.٧) تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە ئەکرێت و ساڵانە (٧٠٠) ملیۆن م٣ گاز دەسووتێنێت و بەفیڕۆی دەدات.  بانکی جیهانیی لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند، ماوەی چوار ساڵی لەسەر یەکە عێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت، کە زۆرترین گازی سرووشتی دەسووتێنن. چوار یەکەمەکە بریتین لە رووسیا، عێراق، ئەمریکا و ئێران. بەتەنیا ئەو چوار وڵاتە ٤٥٪ی کۆی گازی سووتێنراو لە جیهان پێکدەهێنن، ئەوان ساڵانە (١٥٠) ملیار مەتر سێجا گاز دەسووتێنن.پرسیارەکە ئەوەیە ئەوانی دیکە گاز دەسوتێنن چونکە ووڵاتی پیشەسازیی گەورەو بەرهەمهێنانی گەورەی هەمەجۆریان هەیە، عێراق ئەم گازە ئەسوتێنێت؟! {١٣}. بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، عێراق رۆژانە (١٨.٥ تاوەکو ١٩ ) هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست بۆ کارەبا (٢٨) هەزار مێگاواتە، هاوکات (٨٥٪) ی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گاز و بەرهەمەکانی هاوتای دەبەستن. دواجار، ئەو پشتگوێخستن و کەمتەرخەمییەی لە سێکتەری گازی سرووشتیی عێراقدا هەیە، جگە لەو زیانە داراییە، بەردەوام  عێراقی چاو لە دەست و ڕێی ئێران کردووە، ئێرانیش هەمیشە عێراقی وەک سەرچاوەی دابینکردنی دۆلار بینیوە، یەکێک لە رێگەکانی دابینکردنی دۆلاریش بۆ ئێران، هەناردەکردنی گاز و کارەبایە بۆ عێراق. بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت: "كارەبای عێراق بە گازی سرووشتی ئێران كاردەكات"، ئەوەش بە دەستكەوتێكی گەورە بۆ كەرتی وزەی ئێران ناودەبات {١٤}. ئەبێت چی بکرێت؟ ڕاسپاردەکان پێش هەموو شت ئەبێت پلاتفۆرمێکی هەمەلایەنە سازبدەین سەبارەت بە پرۆسە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان. لە بەرئەنجامی ئەوەوە دەرئەکەوێت کە پێویستە بە تەواوی پرۆسەکەدا بچینەوە: ئەلف/ گرێبەستە نەوتییەکان. گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم شێوازی بەشداری و بەرهەمهێنانە (PSC)، بەپێی گرێبەستەکە پارە لە نێوان حکومەت و کۆمپانیاکاندا دابەش ئەکرێت. ئەوەش لەبەرئەنجامی بێرو- بڕۆیەکی زۆری بیرکارییانە بە پێی فاکتەری ئاڕ (R- Factor). کەلێن و کەموکورتی زۆر تیادا دەرئەکەوێت، لەوانە تێچووی کۆمپانیاکان کەم بکرێتەوە، دەستکەوتی حکومەت و موڵکانەی تیادا ڕەچاو بکرێت. کوالێتی کۆمپانیاکان و ئەزمونی کارکردنیان بە جۆرێک بێت کە کۆمپانیاکان بەشێوەی زانستی –ستاندار نەوت دەربهێنن، نەک کێڵگەکان وێران بکەن و ژینگەی ناوچەکان بشێوێنن بە شێوەی ئاسۆیی نەوت دەربهێنن کە ترسناکە. با/ شێوازی دەرهێنانی نەوت لە لایەن کۆمپانیاکانەوە.  جیم/ پاڵاوتن و پاڵێوگەکان. بە پێی یاسای ژمارە (٢٢) ساڵی (٢٠١٧) ی تسیبەت بە نەوت و گاز لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندراوە، لە هەرێمی کوردستان (٣) پاڵێوگەی فەرمی و یاسایی : زاخۆ و خەبات و بازیان هەیە. کەچی سەدان پاڵێوگەی دیکەی نا-یاسایی کراونەتەوە!. د/ هەناردەکردن ( لە هەناردەکردنەوە ئیتر ئەبێت بیر لە ئاسایشی هەرێمایەتی و هاوپەیمانێتی سیاسیی بکرێتەوە) و/ ئینجا بازاریکردن و بازار دۆزینەوە بۆ کاڵاکە ن/ ئینجا لۆبی کردن بۆ سیاسەتی ووزەو دۆزی نەتەوەیی کوردستان ----------------------------------------------------------------------------------- * دامەزرێنەرو سەرۆكی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دكتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەكان.   سەرچاوەی پێویست کە لەم پەیپەرەدا بەکارهێنراون: {1}. Genel Energy (2021) https://genelenergy.com/operations/production/taq-taq/   {2}. Reuters (2016) How Hayward’s Genel lost its Kurdish oil reserves https://www.google.com/amp/s/mobile.reuters.com/article/amp/idUSL5N18N3S4    {3} Robin Mills, ‘A rocky road and Kurdish oil and independence’ (Iraq Energy Institute, 19 February 2018)   {4}. Reuters (2014) Afren expects operations at Barda Rash oilfield to resume by end-October.   {5}. Mol Group (2016). Relinquishment of the AKRI-BIJEEL block in the Kurdistan Region of Iraq https://molgroup.info/en/investor-relations/investor-news/relinquishment-of-the-akri-bijeel-block-in-the-kurdistan-region-of-iraq {6}. Oil and gas Journal (2017). Oil Search exits Middle East, will focus on Papua New Guinea. https://www.ogj.com/general-interest/article/17288597/oil-search-exits-middle-east-will-focus-on-papua-new-guinea {7}. ShaMaran Petroleum (2012), ShaMaran Petroleum Finalises Agreement With KRG to Relinquish Pulkhana and Arbat Blocks in Kurdistan. https://shamaranpetroleum.com/news/shamaran-petroleum-finalises-agreement-with-krg-to-122588/ {8}.Trading and operation Update' (Genel Energy plc, 20 January 2016) http://www.genelenergy.com/media/1888/genel-tradingand-operations-update-200116-final.pdf {9}. EnergyTerminal (2017) Gazprom Neft quits Halabja oilfield in northern Iraq. https://www.aa.com.tr/en/energyterminal/energy-diplomacy/gazprom-neft-quits-halabja-oilfield-in-northern-iraq/582 {10}. Bousso and Dmitry Zhdannikov, 'Chevron drills oil well in Iraqi Kurdish area after the two-year gap: sources' (Reuters, 20 September 2017) https://www.reuters.com/article/us-chevron-exploration/chevron-drills-oil-well-in-iraqi-kurdish-area-after-twoyear-gap-sources-idUSKCN1BV1UG {11}. Ron Bousso (2016), 'Shrinking oil reserves crimp Iraqi Kurdistan's allure' . Reuters. {12}. Mediterranean Institute for Regional Studies (2019), Stubborn Kurdish Petroleum Resources: Surveying Actual data and investigating the declared Numbers. Prepared by Bahrooz Jaafar and Hemn wali. Working paper. P: 25. {13}. The World Bank (2021) Seven Countries Account for Two-Thirds of Global Gas Flaring https://www.worldbank.org/en/news/press-release/2021/04/28/seven-countries-account-for-two-thirds-of-global-gas-flaring {١٤}. ڕووداو (٢٠٢١)ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: ئەو گازەی رۆژانە لە عێراق بەفیڕۆدەچێت بەشی كارەبای سێ ملیۆن ماڵ دەکات. https://www.rudaw.net/sorani/business/131020207  


شیكاری: درەو لەماوەی پانزە ساڵدا (٢٠٠٥ - ٢٠١٩) ژمارەی کەتن و تاوان و تاوانکاری کە لە دادگاکانی عێراق تۆمار کراون ژمارەیان زیاتر لە (ملیۆنێك و 175) حاڵەتی تێپەڕاندووە، واتا رێژەی تاوانكاری لە  عێراقدا (400%) زیادیكردووە. بۆ ڕێژەی تاوان، عێراق لە کۆی (21) دەوڵەتی عەرەبی ڕیزبەندی (17)یەمی گرتووە . لە کۆی  (163) دەوڵەتی جیهانیش پلەی (159)یەمی گرتووە بۆ دۆخی خراپی تاوان،  بەشی زۆری هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری و دیاردەی تیرۆر لە ناوچەکە. كەتن و تاوان ڕێژەی بەرز و نزمی تاوان و تاوانکاری و کەتن نانەوە لە هەر وڵاتێکی دنیا ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە ئاستی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی. بۆیە گرنگە بەردەوام ئامارەکانی تاوان و سەرپێچییە یاساییەکان ئاشکرا بکرێن و ببنە بابەتی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون؛ لانی کەم بە ئاماجی دۆزینەوەی چارەسەرکردن و بەرپێگرتن و ئیدارەدان و کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوانکاری لە وڵاتدا. بەپێی ئامارو لێکۆڵینەوەکان و هەندێک لە سەرچاوەکان عێراق لەو وڵاتانەیە کە ڕێژەی تاوانی تێدا بەرزە، بۆ نمونە بە پێی مەوسوعەی بەیاناتی جیهانی (NUMBEO) لە ڕیبەندی وڵاتانی خاوەن ئاسایش و سەقامگیر، عێراق لە کۆی (21) دەوڵەتی عەرەبی ڕیزبەندی (17)یەمی گرتووە. هاوکات بەپێی ئاماژەکانی (ئاسایشی جیهانی ساڵی ٢٠١٩) لە کۆی  (163) دەوڵەتی جیهان عێراق پلەی (159)یەمی گرتووە. بەشی زۆری هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابوری دیارەی تیرۆر لە وڵاتەکەدا. ژمارەو ڕێژە و جۆری تاوانەکان لە عێراق لە ساڵی 2005-2019 یەکەم؛ تاوانە تۆمارکراوەکانی دادگاکانی کەتن؛ 1.    کۆی ئەو کەتن و تاوانانەی کە ساڵی (2005-2009) بە هەموو جۆرەکانییەوە کە لە دادگاکانی کەتن تۆمار کراون ژمارەیان گەیشتووەتن (802.878) هەشت سەدو دوو هەزارو هەشت سەدو حەفتاو هەشت کەتن. 2.    ڕێژەو جۆری کەتنەکان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانکارییانە بەسەردا هاتووەو بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە. 3.    لەو ماوەیەدا زۆرترین کەتنەکان پەیوەندی بە سەرپێچی هاتووچۆ و کەمترینیشی پەیوەندی بە قومارەوەبووە. 4.    بەردەوام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی عێراق ڕێژەی کەتنەکان بەرزبوونەتەوە. 5.    بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر ئامارەکان بە خشتەو چارت دەخەینەڕوو. خشتەی ژمارە (1) ژمارەی کەتنەکان بە پێی ساڵ و پێوانەکردنی بەپێی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق چارتی ژمارە (1) خشتەی ژمارە (2) جۆرو ژمارەکانی کەتن لە ماوەی (2005-2019) لە عێراق   دووەم؛ تاوانە تۆمارکراوەکانی دادگاکانی تاوان؛ 1.    لە ڕووی ئەوە تاوانانەی کە لە دادگاکانی تاوان لە عێراق تۆمار کراون لە ماوەی پانزە ساڵ و لە (2005-2019) (311.297) سێ سەدو یانزە هەزار و دوو سەدو نەوەد و حەوت تاوانی گەورەو بچوکن 2.    ڕێژەو جۆری تاوانەکان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانکارییانە بەسەردا هاتووەو بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە. ساڵی (2008) کەمترین و ساڵی (2019) زۆرترین تاوانی تێدا ئەنجامدراوە 3.    لەو ماوەیەدا زۆرترین تاوان کە چوبێتە بەردەم دادگاکانی تاوان پەیوەندی بە ماددەی هۆشبەرەوە بووە. 4.    بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر ئامارەکان بە خشتەو چارت دەخەینەڕوو. خشتەی ژمارە (٣) ژمارەی تاوانەکان بە پێی ساڵ و پێوانەکردنی بەپێی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق چارتی ژمارە (2)   خشتەی ژمارە (4) جۆرو ژمارەکانی تاوان لە ماوەی (2005-2019) لە عێراق سێیەم؛ تاوانە تۆمارکراوەکانی دادگاکانی نەوجەوانان؛ 1.    لە ڕووی ئەو تاوانانەی کە لە دادگاکانی نەوجەوانانی عێراق تۆمار کراون لە ماوەی پانزە ساڵ و لە (2005-2019) (61.089) شەست و یەک هەزارو هەشتاو نۆ تاوانی گەورەو بچوکن لە لایەن کەسانی تەمەن خوار (18) ساڵەوە ئەنجام دراون.  2.    ڕێژەو جۆری تاوانەکان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانکارییانە بەسەردا هاتووەو بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەکان ڕوویان لە بەرزبوونەوە کردووە. ساڵی (2005) کەمترین و ساڵی (2019) زۆرترین تاوانی تێدا ئەنجامدراوە 3.    لەو ماوەیەدا زۆرترین تاوان کە چوبێتە بەردەم دادگاکانی نەوجەوانان پەیوەندی بە ڕفاندنی منداڵ و کومترینی پەیوەندی بە زیانگەیاندنی ئاساییەوە بووە. 4.    بۆ ڕونکردنەوەی زیاتر ئامارەکان بە خشتەو چارت دەخەینەڕوو.   خشتەی ژمارە (5) ژمارەی تاوانەکانی نەوجەوانان بە پێی ساڵ و پێوانەکردنی بەپێی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق   خشتەی ژمارە (6) جۆرو ژمارەکانی تاوانی نەوجەوانان لە ماوەی (2005-2019) لە عێراق سەرچاوە: د. فراس جاسم موسى و د.حيدر مثنى محمد، الجرائم والجنح في العراق...قراءة احصائية، مجلس النواب العراقي، دائرة البحوث، تاریخ النشر 15/6/2021.


راپۆرت: درەو نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ تەواو دەبێت هێشتا حکومەتی سێقۆڵی (پارتی+ یەکێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان) رەشنوسی بودجەی ئەمساڵی نەناردووە بۆ پەرلەمان، لەنێوان سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی مشتومڕ لەسەر دەسەڵاتی خەرجکردن هەیە، مەسرور بارزانی دەیەوێت دەسەڵاتی یەکەمی خەرجکردن لای خۆی بێت، ئەمە ئامادەکردنی رەشنوسەکەی دواخستووە، وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. کوردو بودجە ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ە. پێنج رۆژی تر نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ کۆتایی دێت، بەڵام هێشتا حکومەتی هەرێم رەشنوسی بودجەکەی تەواو نەکردووە، دوای تەواوکردنی رەشنوس هێشتا کاتی تر پێویستە بۆ پەسەندکردن و جێبەجێکردنی یاساکە، چونکە دەبێت حکومەت رەشنوسەکە بنێرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان و لە پەرلەمان لیژنەی دارایی راپۆڕتی خۆی لەسەر ئامادە دەکات و رەشنوسەکە ماوەی زیاتر لە ١٥ رۆژ لای لیژنەکان دەمێنێتەوە دواتر دەبرێتە ناو پەرلەمان و خوێندەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت. پێشبینی دەکرێت پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستان بکەوێتە کۆتایی مانگی (٨)ی ئەمساڵ. لە ساڵی ٢٠١٣وە حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی نەبووەو لە دەرەوەی یاساو چاودێری پەرلەمان داهاتی کۆکردوەتەوەو خەرجییەکانی کردووە. لەماوەی (٢٩) ساڵی تەمەنی هەرێمی کوردستاندا (١١) ساڵ یاسای بودجە هەبووەو (١٨) ساڵ یاسای بودجە نەبووە. کێشەکانی بەردەم بودجه بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، لەسەرەتای کارکردنەوە لەسەر رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١، وەزارەتی دارایی روبەڕووی چەندین کێشەو گرفت بوەتەوە کە بونەتەهۆی دواکەوتنی ئامادەکردنی رەشنوسەکه. یەکێک لە کێشەکان ئەوە بوو لەسەرەتاوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادە نەبووە داتاکانی خۆی رادەستی وەزارەتی دارایی بکات. یەکەمین کۆبونەوەی وەزارەتی دارایی بۆ ئامادەکردنی رەشنوسی بودجە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا بوو، ئەم کۆبونەوەیە لە روژی ٢٤ی مانگی یەکی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەرپرسی دۆسیەی نەوتە، نەوت یەکێکە لەسەرچاوە سەرەکییەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان کە دەبێت لە بودجەدا جێگەی بکرێتەوە. بەڵام چەند سەرچاوەیەک لەناو حکومەت کە (درەو) قسەی لەگەڵ کردوون باسلەوە دەکەن، كێشەی راستەقینەی بەردەم رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێم پەیوەندی بە دەسەڵاتەكانی ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییەوە هەیە، چونکە بەپێی یاسای بودجەدا، زۆربەی دەسەڵاتی خەرجکردن دەکەوێتە لای وەزیری دارایی، ئەمەش مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی نیگەران كردووە. سەرباری ئەوەی ئاوات شێخ جەناب  وەزیری دارایی بەرگری لە دەسەڵاتەکانی لەناو بودجەدا کردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، لە رەشنوشی بودجەدا بەشێك لە دەسەڵاتەكان لە وەزیری دارایی وەرگیراوەتەوەو دراوە بە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، نەك هەر وەزیری دارایی، تەنانەت دەسەڵاتی خەرجکردن لەزۆربەی وەزیرەكان كەمكراوەتەوە. سەرباری دەسەڵاتەکان، لەناو ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەوڵێك هەبووە بۆ ئەوەی (٢١٪)ی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران لە یاسای بودجەدا بچەسپێندرێت و چوارچێوەی یاسایی پێبدرێت، بەڵام ئەم هەوڵە وەکو خۆی سەرکەوتوو نەبووەو دواتر بەشێوەیەكی تر جێی كراوەتەوە، کە ئەویش قسە باوەکەی سەرۆک وەزیرانە کە دەڵێ "خەرجی موچە بەپێی داهاتی بەردەست دەبێت". داهاتەکان لەناو رەشنوسی بودجەدا بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، لە رەشنوسی بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستاند، تێکڕای داهات بۆ ماوەی یەک ساڵی دارایی بە بڕی (٢٥ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار) دینار دیاریکراوە، کە بڕی (٨ ترلیۆن و ٥٠٠ ملیار) دیناری كورتهێنانە. رەشنوسەکە داهاتەکانی هەرێمی بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەمشێوەیە دیاریکردووە: -     داهاتی هەناردەكردنی نەوت: (٥ ترلیۆن و ٩٥٤ ملیارو ٦٢ ملیۆن) دینار. -     باجی دەرامەت و سامان: (٥٦ ملیارو ٧٤٢ ملیۆن) دینار. -     باجی كاڵاو رسوماتی بەرهەمهێنان: (٢٥٥ ملیارو ٣٣١ ملیۆن) دینار. -     رسومات: (١٩٥ ملیارو ١٢٩ ملیۆن) دینار. -     داهاتی تەمویلکراو: (١٨ ملیار) دینار. -     داهاتی تر: (٤٨ ملیارو ١٢٢ ملیۆن) دینار. -     كۆی داهات جگە لە بودجەی وەبەرهێنان و پڕكردنەوەی كورتهێنان بریتییە لە: (٦ ترلیۆن و ٣٥١ ملیار و ٧٦٠ ملیۆن) دینار. -     كۆی داهاتی ناوخۆ: (٢ ترلیۆن) دینار. -     پشكی هەرێم لە بەغداد: (١٢٫٦٧٪) كۆی داهات كە دەکاتە (٩ ترلیۆن و ٥٦٠ ملیار) دینار. خەرجی لە رەشنوسی بودجەدا كۆی خەرجییەكانی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە خەرجیانە دیاریکراوە: -     خەرجی موچە -    خەرجی وەبەرهێنان (خەرجی وەبەرهێنانی پارێزگاكان + وەبەرهێنانی وەزارەتەكان)  -     خەرجی وەزارەتەكان  بودجە له ١٩٩٣وە بۆ ٢٠١٣  لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و درووستبوونی حكومەتی هەرێمەوە لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا حكومەتی هەرێمی کوردستان (١٧) ساڵ یاسای بودجەی نەبووە كە پێك دێیت لە ساڵانەکانی (١٩٩٢، ١٩٩٤، ١٩٩٥، ١٩٩٩، ٢٠٠٠، ٢٠٠٢، ٢٠٠٣، ٢٠٠٤، ٢٠٠٥، ٢٠٠٦، ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠). بە دریژایی ئەو (٢٩) ساڵە تەنها (١٢)ساڵ  یاسای بودجەی هەبووە كە پێك دێت لە ساڵانەکانی ( ١٩٩٣، سێ مانگی ساڵی ١٩٩٦ ، ١٩٩٧، ١٩٩٨، ٢٠٠١، ٢٠٠٧، ٢٠٠٨، ٢٠٠٩، ٢٠١٠، ٢٠١١، ٢٠١٢، ٢٠١٣).


درەو: لەكۆی (٢٤) پرسیاری تاقیكردنەوەی نیشتمانی ئەدەبى کوردی پۆلی نۆی بنەڕەتی، (١٤) پرسیاریان وەڵامەکەی (هەژاری موکریانی) بوو، هەژار هاوڕێ مەلا مستەفا بارزانی بوو، (١٤) پرسیاری تایبەت بە هەژار موكریانی تەنیا لەیەك پەڕەدا هاتووەتەوە، لەكۆی (٤٧) لاپەڕە کە داخڵ بوو بۆ تاقیكردنەوەكان. تاقیکردنەوە لە هەژاری موکریانیدا ! دوێنێ تاقیکردنەوەی نیشتمانی (زمان و ئەدەبی کوردی) پۆلی (٩)ی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، رێژەی (٥٨٪) وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی نیشتمانی ئەدەب کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتی لە هەرێمی کوردستان یەک وەڵامی هەبوو کە وەڵامەکەش شاعیر (هەژاری موکریانی) بوو. ئەمە لەکاتێکدا بوو، (٤٧) لاپەڕە داخڵ بوو بۆ تاقیکردنەوەکەو سێ شاعیری تری ناوداری کورد بەشێک بوون لەم پرۆگرامە لەوانە (پیرەمێرد، وەلی دێوانە، حاجی قادری كۆیی)، بەڵام نە پرسیار و نە وەڵامی پرسیارەكاندا ناویان نەهات. ژیان و بەرهەمەکانی (هەژاری مۆکریانی) لە کتێبی ئەدەبی کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتیدا تەنیا پەڕەیەکی بۆتەرخان کراوە، واتە بەم پێوەرە زۆریەی پرسیارەکانی وەزارەتی پەروەردە لە یەک پەڕەی کتێبەکەدا دانراوە. تەنیا لە پرسیارەكانی ئەدەبی كوردیدا لەكۆی (٢٤) پرسیار، (١٤) پرسیار وەڵامەکەی تایبەت بووە بە (هەژاری موكریانی). ئەم پرسیارانە بوو بە مایەی گاڵتەجاریی، تەنزنوس شێرکۆ عبدوڵڵا لەبارەیەوە نوسی" شکسپیر لەرووی دەرونییەوە حەزئەکات هەژاری موکریانی بێت، پانزە پرسیاری تێدا بێتەوە". ئەو پرسیارو وەڵامەکانی هەژاری موکریانی -     هەژار موكریانی لەدایك بووە لە ساڵی ؟ وەڵام: ١٩٢٠ -     عەبدولڕەحمان كوڕی مەلا محەمەد ناوی كام شاعیرە ؟ وەڵام:  هەژار موكریانی -     كامیان شوێنی لەدایكبوونی هەژار موكریانیە ؟ وەڵام:  مەهاباد -     هەژار موكریانی كەی كۆچی دوایی كردووە؟ وەڵام: ١٩٩١ -     بەهیوا بووە ببێتە مەلا بەڵام كۆچی دوایی باوكی ئەم هیوایەی لەدەستداوە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی -     لە سوختەخانە و مزگەوتان خوێندنی تەواوكردووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی -     لەدامەزراندنی كۆماری كوردستان رۆڵی هەبووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی -    هەژار موكریانی ساڵی چەند روویكردووەتە عێراق و بووەتە پەناهەندە ؟ وەڵام: ١٩٤٧ -     هەژاری موكریانی بەشداری كام شۆڕشی كوردی كردووە؟ وەڵام: شۆڕشی ئەیلول -     من و بولبول هونراوەی كێیە؟ وەڵام:    هەژار موكریانی  -     شاعیری دڵداری نەبوو عاشقی كێو دۆڵ و چیای كوردستان بوو ؟ وەڵام: هەژاری موكریانی -     خونجیلانەی دندۆك ؟ وەڵام: زێڕین   شیعری هەژار موكریانیە -     وە بیرت دێ پایزی ؟ وەڵام: پار شعری هەژار موكریانی  - ئازادی خواز و پێشكەوتووخوازو ئاشتیخواز بووە ؟ وەڵام: هەژار موكریانی بەحیزبیکردنی پرسیارەکان پرسیارەکانی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی (٩)ی بنەڕەتی: -     لە سێ شوێنی زنجیرە پرسیارەكەدا، چوار پرسیار لەسەر یەك وەڵامەكەی (هەژار موكریانی)یە   -    (١٤) پرسیار تەنیا لەیەك پەڕەدا هاتووەتەوە، لەكۆی (٤٧) لاپەڕەی کە داخڵ بوو. -    هێنانەوەی پرسیاری هەڵە، بە نمونە (ئازادی خواز و پێشكەوتووخوازو ئاشتیخواز بووە) چوار بژاردەی داوە (سەبری بۆتانی، بێكەس، وەفایی، هەژار موكریانی)، وەڵامی راست هەژار موكریانیە، واتا ئەو سێ شاعیرەی تر ئازادی خوازو پێشكەوتووخوازو  ئاشتیخواز نەبوون. -     هەندێك لە شارەزایان و مامۆستایان وای لێكدەدەنەوە لەبەر ئەوەی هەژاری موكریانی نزیك بووە لە (مستەفا بارزانی) رابەر و دامەزرێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان و شعری بۆ وتووە، بۆیە ئەو گرنگیەی لەڕادەبەدەری لەپرسیاری تاقیکردنەوەکاندا پێدراوەو ئەمە سەرەتایەکی خراپی بە حیزبیکردنی تاقیکردنەوەکانە لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە. شیعرەکەی هەژاری موکریانی بۆ مەلا مستەفا ئەگەر شەوە و گرمەی هەور و بارانە ‌‌ئەگەر بەفرە و شلێوەیە و تۆفانە ئەگەر گێژە و کرێوەیە و بۆرانە ئەگەر لەهەر ‌‌جێدا چەتە و گۆڕانە تۆ شارەزا و رێ نیشاندەری لاوانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی ئەگەر هەوار نشێوە یان هەورازە ئەگەر لاهی و لافاوی بێ پێ بازە ئەگەر چەقه‌ی لوور و مره‌ی ده‌عبايه هەموو دەر و دۆلێک پڕی حه‌زيايه ئەگەر لە بن هەر بەردێ نەعره‌ی دێوە هەر پنچکێک پڕی جند و خێوە باکمان نیە هێزو گوڕی دلمانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی ئەگەر دوژمن پراو پری دنیا بێ شەپۆل بداتەوە وەکو دەریا بێ چەکی دەستی لە ئێمە زۆر زۆر تربێ لە گشت درەندە وەحش و پیاو ‌خورتر بێ خۆیان لە ناو زرێپۆشان وەشارن بۆمبا لە بن فرۆکەیان دابارن لە کوردستان تۆمان هەبێ بەسمانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی با کۆخ و لادێ و شارەکان خاپور کەن با گوللە تۆپ لاشان لە خوێنا سور کەن خوێنمان لە رێی ئه‌م نیشتیمانە برژی مێشکی ژن و کور و کیژانمان بپژێ لانک و منال بە ئاگرێ بسوژن با وێران کەن، ببڕن، ببەن، بکوژن لە دواتەوەین باب و براو کەسمانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی کوردین کوری چیا نەبەرد و شێرین بە کوشتنی داگیرکەرانمان فێرین لە دوژمنان تۆلە و هەقمان دەستێنین سەد قاد سەران دەبڕین، زگان دەدرێنین ئەو رۆژی کورد دەکرا بە دیل ئەو ڕۆیی یان مردن و یان ژین، یان سەربەخۆیی دوژمن کوژی، کورد پەروەری رێزانی بۆ پێشەوە پێشمان کەوە بارزانی   پرسیاری نیشتمانی بۆلی نۆی بنەڕەتی     یەك پەڕە (دوولاپەڕە)ی تایبەت بەژیان و شیعرەكانی هەژار موكریانی كە (14) پرسیاری تیادا هاتووەتەوە 



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand