موچەی پەرلەمانتارانی عێراق دواكەوتووە
2022-08-27 18:29:15
درەو:
تا ئێستا موچەی ئەم مانگە نەچووەتە سەر ژمارە بانكی پەرلەمانتارانی عێراق، ماوەی (5) رۆژ موچەكەیان دواكەوتووە، كە مانگانە (24 ملیۆن و 200 هەزار) دینار دەچێتە سەر ژمارەی بانكی هەر پەرلەمانتارێك.
سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند: پێشتر رۆژی 22ی هەموو مانگێك موچە دەچووە سەر ئەژماری بانكی پەرلەمانتاران، بەڵام موچەی ئەم مانگەیان دواكەوتووە، تا ئێستا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق واژووی لەسەر خەرجكردنی موچەكەیان نەداوە.
ئەو سەرچاوەیە بە (درەو)ی راگەیاند موچەی پەرلەمانتاران بەم شێوەیەیە:
🔹 (5 ملیۆن و 200 هەزار) دیناری موچەی بنەڕەتی
🔹 (3 ملیۆن) دینار) دەرماڵەی میوانداری
🔹 (16 ملیۆن) دیناری (16) پاسەوان دەچێتە سەر ژمارە بانكی پەرلەمانتاران، بەشێكیان چەند پاسەوانێك بە پارەیەكی رەمزی دادەنێن.
🔹(2 ملیۆن) دینار كرێی خانو یان شوقە
سەرەرای پاسپۆرتی دیپلۆماسی كە بۆ سەرجەم پەرلەمانتارانی عێراق و خێزانەكەیان كراوە.
فەرهاد عەلادین سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاریی عێراقییو توێژەر لەكاروباری عێراق:
🔹 پەرلەمانتارانی عێراق لە ماوەی (8) مانگی دەستبەكاربوونیدا تەنیا (2) یاساییان دەكردووە، بەڵام مانگانە (19 ملیار) دینار موچەو دەرماڵە خەرجی وەردەگرنو هیچ كارێك ناكەن، تێكڕای خەرجی ئەو ماوەیەی دەستبەكاربوون (133 ملیار) دینارە.