هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی (7 ) كەسیان دەستگیركرد
2022-08-27 13:04:49
(درەو):
لە سلێمانی (7) كەس دەستگیركراون كە بە قەبارەی زیاتر لە (200 ملیار) دینار مامەڵەیان بە چەكی بانكییەوە كردووە.
بەهۆی سپیكردنەوەی چەكی بانكیی لە بازاڕەكاندا، هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی چەند رۆژێكە هەڵمەتی دەستگیركردنی مامەڵەكارانیان لەم كەیسەدا دەستپێكردووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، تائێستا (7) كەس لەسەر ئەم كەیسە دەستگیركراون، كە هەندێكیان لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانیو ئەوانی تریان فەرمانبەری بانكن.
لەماوەی رابردوودا بەهۆی قەیرانی داراییەوە، حكومەت خەرجكردنی چەكی بانكیی بازرگانەكانو بەڵێندەرانی راگرت، ئەمە رێگەخۆشكەر بووە بۆ ئەوەی هەندێك كەسی مامەڵەكار لە بازاڕدا چەكی بانكیی بكڕنەوەو لەرێگەی دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ هەندێك لە فەرمانبەرانی بانكەكاندا ئەم چەكە بانكییانە ساغ بكەنەوە.
لەم كەیسەدا ئەوانەی مامەڵەكاربوون بۆ نمونە چەكێكی بانكیی بەبەهای ملیارێك دیناریان كڕیوەتەوە بەمەرجی گەڕاندنەوەی نیوەی بەهای چەكەكە بۆ خاوەنی سەرەكی چەكەكە، لەمەدا سودیان لە مامەڵەو رێككەوتن لەگەڵ هەندێك لە فەرمانبەرانی بانكەكان وەرگرتووە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، قەبارەی ئەو بڕەپارەیەی چەكە بانكییەكان كە لەم كەیسەدا مامەڵەی پێوەكراوە دەگاتە بڕی زیاتر لە (200 ملیار) دینار.
ئەم رێوشوێنانەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی لەكاتێكدایە نەختینە لە بانكەكان كەمبوەتەوەو مانگانە لەكاتی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەراندا گرت دروست دەبێت.