ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ترس لە گلۆبالیزم، لە بێکاریی و داکەوتنی ئاستی گوزەرانیی تاکەکان، لە پیسبوونی ژینگە و زۆربوونی وشەکەساڵی و تۆفان، ترس لە کۆچی بەکۆمەڵ و بێگانە و گروپە توندڕەو و تیرۆریستەکان، ترس لە جەنگی جیهانی سێهەم و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی، دیارترین و گەورەترین شێوەکانی ترسی سەدەی بیستویەکن. گەر ئەم پرسانە لە ئەوروپا و ئەمریکا کۆڵەکە سەرەکییەکانی ترس پێکبهێنن، ئەوا لە هەرێمی کوردستان ترسەکان هەندێ ڕەهەندی تریان هەیە. کۆمەڵگای ئێمە لە هەموو ڕووەکانەوە لەبەردەم مەترسیی و هەڕەشەی گەورە و بچووکدایە. لە دونیای ئێمەدا ترسەکان تەنها مەترسیی دزینی مووچە و گرانبوونی نرخی بەنزین و نەوت و بێکاریی و هەژاریی و باجی زۆر و ووشکەساڵیی و هەڕەشەی دووبارەسەرهەڵدانەوەی تیڕۆری داعش و بۆردومانی فرۆکەکانی تورکیا و تۆپبارانی ئارتەشی ئێرانیی و سەرهەڵدانەوەی قۆناغێکی تری گرژبوونەوەی پەیوەندی پارتیی و یەکێتیی نییە، بەڵکو ترسی بنەڕەتیی لە هەرێمدا بریتییە لە بەدمەستبوونی نوخبە سوڵتانییەکە بە دەسەڵات، تا ڕادەی خۆکوژیی سیاسیی. ئەوەی لەناو یەکێتیدا ڕوویدا و ئەوەی ئێستاش لەنێوان پارتیی و یەکێتییدا لەبەغدا ڕوودەدات، ڕوویەکی مەترسییداری ئەو ئیدمانەیە کە هەر یەک لە نوخبە سوڵتانییەکە بۆ دەسەڵات هەیانە. هەر جارێک کە بیر لە مۆدێلی دەسەڵاتی کوردیی دەکەمەوە یەکسەر فیلمە فەرەنسیی - ئیتالییەکەی (مارکۆ فێرێری) دەرهێنەرم بیردەخاتە، کە بەناوی بوفێ گەورەکە (La Grande Bouffe) لە ساڵی 1973دا نماییشکرا. ئەم فیلمە باس لە چوار هاوڕێی خۆشگوزەران دەکات کە لە ڤێلایەکدا کۆدەبنەوە و بڕیاردەدەن تا ئاستی ڕشانەوە و خۆکوژیی بخۆن، بخۆنەوە و سێکس و کەیف بکەن. بێگومان فیلمەکە ڕەخنەیەکی توندە لە کۆمەڵگای بەرخۆریی، ئەو کۆمەڵگایەی کە خەسڵەت و دیاردەکانی بەشێوەیەکی مەترسییدار گەیشتە کۆمەڵگای ئێمەش. نوخبە ئابووریی و سیاسییەکانی ئێمەش وێنەیەکی کوردییانەی هیدۆنیزمی سیاسیی و کولتووری بەرخۆرییە کە لە فیلمەکەی مارکۆ فێرێریدا بەرجەستەکراوە. سەردەمی زێڕینی بەرخۆریی لە هەرێمی کوردستاندا کورت بوو. بەهۆی پێترۆدۆلارەوە ماوەیەکی کورت تاکەکان لە فەنتازیای ئەوەدا دەژیان کە دەتوانن هەموو شتێک هەڵبژێرن. لەم قۆناغەدا مۆدێلێک لە دیکتاتۆرییەتی هەڵاوێرد (ئیختیار) بوو بە ئایینی نوێی کۆمەڵایەتیی لە هەرێمی کوردستان، چونکە تاکەکان حەزیان بەچی بکردبایە دەیانتوانی بە پارە بەدەستیبهێنن. نوخبەیەکی کۆمەڵایەتی نوێ سەریهەڵدا کە ئامادەبوو بە پارەیەکی خەیاڵیی ژمارەی دڵخوازی خۆی بۆ ئۆتۆمبیل و مۆبایلەکەی بکڕێت، عەقڵی وەبەرهێنانی سەرمایەکەیان تەنها لە زەوی و خانوو و شوقەکڕیندا چەقیبەستبوو؛ سەفەر، هاوسەرگیریی، خوێندن و پلە و پۆستی ئەکادیمیی و زۆر شتی تریشیان بە پارە وەدەستدەهێنا. ئەم نوخبە سوڵتانییەی کۆمەڵگای ئێمەش هاوشێوەی وڵاتانی کەنداو بوو بە بەشێک لەو جیهانە نیولیبراڵەی کە بەهۆی پارەی پێترۆدۆلارەوە بۆ ماوەیەکی کورت مێژووی سەردەمی زیڕینی لە هەرێمدا پێنووسرایەوە. ئەو قۆناغە کورتە لە وەهمی خۆشگوزەرانیی هەمیشەیی تراویلکەیەک بوو، لەماوەیەکی زۆر کورتدا سەرلەبەری ڕەوییەوە. ئەم ڕەوینەوەیەش تەنها پەیوەندیی بە هاتنی داعش و نزمبوونەوەی نرخی نەوتەوە نەبوو، بەڵکو پەیوەندییەکی قووڵی بەو مۆدێلە فاشیلە لە سیاسەتی ئابووریی و ئیداریی ئەو نەوخبە سوڵتانییەوە هەبوو کە عەقڵییەتێکی بەرخۆریی مەترسییداری بەرهەمهێنا، بەهاکانی ئیمتیاز (privilege)ی لە کۆمەڵگای ئێمەدا گۆڕی بۆ حیزبی و ناحیزبیی، ئینتیمای بۆ نیشتیمان و ئەندامبوون لە کۆمەڵگا وەک هاونیشتیمانییەک گۆڕیی بۆ ئەندامبوون و وەلائەتی ڕەها بۆ خێزانە سیاسییەکان. چواردەوری ژیانی ئینسانەکانی ئێمە بە مەترسیی تەنراوە، هەر لە مەترسییە دەرەکییەکانەوە بیگرە تا دەگاتە مەترسییە ناوەکییەکان، لە مەترسیی کۆمەڵایەتییەوە تادەگاتە مەترسیی پەروەردەیی، لە مەترسیی ئابوورییەوە تادەگاتە مەترسیی تێکچوونی ئاساییشی نیشتیمانیی. بەمچەشنە ترسەکان لە هەرێمەکەی ئێمەشدا شلبوونەتەوە، بەمانای ئەوەی دابەشبوون بەسەر بەرهەمهێنانی چەندین مەترسییدا، لە مەترسیی مووچەوە بیگرە تادەگاتە مەترسیی ئاساییشی تەندروستیی و خۆراک، لە مەترسیی مردنی هاونیشتیمانیانەوە بیگرە بەهۆی ڕێگاوبانی خراپەوە تادەگاتە مردنی خەڵک بە گاز و نەوت، لە مەترسیی کوشتنی بەهەوەسی خەڵکی مەدەنیی لەلایەن منداڵ و چەکدارانی خێزانە سیاسییەکانەوە، تادەگاتە نەدانی بەهەوەسی زەریبە لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە. دەسەڵاتی کوردیی، دەسەڵاتێکی سوڵتانیی بێپەروایە، تاوەکو مەترسیی لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دروستنەبێت، نیگەرانیی و ترسەکانی تاک و گروپەکانی کۆمەڵگا نابینێت. ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە مەحاڵە تیایدا خۆمان لە ترس ڕزگاربکەین. دابەشکردنی ترسەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە مانای سەرقاڵکردنی ڕۆژانەی ئینسانەکانی ئێمەیە بە خەمی گەورە و باری گران و کێشەی زۆر و چارەسەری کەم، کە جەستە و سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیی کۆمەڵگا شەکەت و هەلاهەلا دەکات. کۆمەڵگای ئێمە بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە کۆمەڵگایەکی تاڵ، تاڵ بەو مانایەی ئینسانەکان هیچ شتێکیان بۆ گرنگ نەماوە، گاڵتەیان بە هەموو شتێک دێت. دانیشتوانی هەرێم نە بڕوایان بە مژدە ناسیۆنالیستییەکانی سیاسییە پیرەکانی سەدەی بیستەم ماوە و نە متمانەشیان بە مژدەی ئۆپۆزیسیۆنە پۆپۆلیستەکانی ئەم سەدەیەش هەیە و نە ئومێدیشیان بە دوعای ئیسلامییەکانە تاوەکو خودا سیاسییە جیاوازەکانیان عەزابی ئەم گەلە کەمبکاتەوە. خەڵکی ئێمە بێزارە لە هەموو قسە و کردەیەکی نوخبە سیاسییەکە و باوەڕی بە دواڕۆژێکی باشیش نەماوە، چونکە سیاسەت لەم وڵاتەدا پیشەی کەسانی باش نییە. ئینسانەکانی ئێمە تاڵبوون، تاڵبوون مانای لەیادچوونەوەی ئەو هەستەیە کە پێماندەڵێت ژیان دەتوانێت شیرین بێت. گەر لەسەردەمی بەعسدا ساڵانێکی زۆر کۆمەڵگایەکی ترساومان هەبووبێت، ساڵانێکە دەسەڵاتدارێتی پارتی و یەکێتی کۆمەڵگای ترسیان بەرهەمهێناوە. گەورەترین سەرمایەگوزاریی دەسەڵاتی کوردیی لەئاستە ئابوورییەکەی لە نەوت و گازدا بێت، لەئاستە سایکۆلۆژییەکەی سەرمایەگوزارییە لە ترس. بۆیە یەکێک لە مەترسییە جدییەکان بۆ سەر ئینسان و کۆمەڵگای ئێمە ڕاهاتنە لەگەڵ ترس. مەترسیی ڕاهاتن لەسەر شتێک یان دۆخێک مانای قبووڵکردنی حاڵەتێکە کە نە بە چاک و نە بە خراپ نەتەوێت بیگۆڕیت. ئێمە ناتوانین ڕەهەندی ترس لە تێگەیشتنمان بۆ شەڕانییەت و خراپەکاریی دابڕێنین، ئەو مەترسییانەی ئێستا دونیای ئێمەی داگیرکردووە تەنها مەترسیی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵیی و هەژاریی و کارەساتی ژینگەیی و نەخۆشیی نییە، بەڵکو بەپلەی یەکەم ئامادەگیی دەسەڵات خۆیەتی بۆ داماڵینی سیاسەت لە هەموو چاکەیەکی گشتیی و دروستکردنی وەحشەتگەریی و ئاساییبوونەوەی شەڕانییەت لە هەموو شێوازەکانیدا. بەشی دووەم و کۆتایی
درەو: بەڕێوەبەری كۆمپانیای دانەغاز رایدەگەیەنێت" كێڵگەی غازی كۆرمۆر و چەمچەماڵ توانای ئەوەی هەیە كە سوتەمەنی پێویست نەك تەنها بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق دابین بكات بەڵكو دەتوانێت پێداویستییەكانی توركیا و یەكێتی ئەوروپاش پر بكاتەوە. بە پێی راپۆرتێكی سایتی (ئێس پی گڵۆباڵ)ی ئەمریكی، كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی تا ساڵی 2025 بەرهەمهێنانی غاز لە هەرێم دەگەیەنێتە 950 ملیۆن پێ سێجاو بەوتەی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو غازەكانی كۆمپانیاكە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاربهێنێت دەتوانێتە كارەبایەكی زۆر زیاتر لەوەی ئێستا پێویستی پێیەتی بەرهەم بهێنرێت. ئەمڕۆ 9ی سوباتی 2022 پاتریك ئەلمان وارد، بەرێوەبەری كۆمپانیای دانە غازی ئـیماراتی بە سایتەكەی راگەیاندووە: پێشبینیدەكەین بەرهەمێنانی غازی كۆمپانیاكە بەر لە ساڵی 2025 بگاتە (950 ملیۆن) پێ سێجا ئەوەش لەپاش ئەو فراوانكردنەی كە لە كێڵگەی كۆرمۆر لە هەرێمی كوردستان ئەنجامیدەدەن. ئێستا كۆمپانیای دانە غاز توانای بەرهەمهێنانی (452 ملیۆن) پێ سێجا لە گازی سروشتی هەیە و چاوەڕوانیش دەكات لە چارەكی دووەمی ساڵی 2023 دا 250 ملیۆن پێ سێجای دیكە بۆ ئەو رێژەیە زیاد بكرێت. هەروەها دانە غاز ئێستا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی فراوانكردنی دووەم بە بڕی (250 ملیۆن) پێ سێجای دیكە لە كۆتایی 2024 یاخود سەرەتای 2025. ئەلمان وارد، ئاماژەی بەوەشكرد "ئێمە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكەین بۆ ڕێكەوتنی فراوانكردنی دووەم لە كێڵگەی كۆرمۆر بە بری 250 ملیۆن پێ سێجا و هیوادارین بە خێرایی گفتوگۆكان كۆتاییان بێت و بگەینە رێككەوتن." بەرهەمی دانە غاز لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2021دا بە رێژەی (5٪ ) زیادیكردو گەیشتووەتە (33 هەزار و 800 )بەرمیل لە رۆژێكدا كە كۆندێنسەیت و گازی LPG لە خۆدەگرێت. ئەلمان وارد، وتیشی: "ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو گازی كۆمپانیاكە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا ببات ئەوا دەتوانێت كارەبایەكی زۆر زیاتر لەوەی ئێستا پێویستی پێیەتی بەرهەم دەهێنرێت كە ئەوكات ڕەنگە توانای هەناردەكردنی كارەبا یان خودی غازەكەی هەبێت. ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ فراوانبوونی هێڵی بۆرییەكان لە كوردستان و یەكگرتنی غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەگەڵ هێڵی غازی هەولێر-دهۆك، توانای هەناردەكردنی غاز دوو هێندە زیاد دەكات. لە گفتوگۆكەدا ئەڵمان وارد، ئاماژەی بەوەشكرد، توركەكان پێشتر بۆری غازیان بۆ سەر سنوری توركیا دامەزراندووە، ئەمەش وا دەكات بە هەوڵێكی كەم بتوانین سیستمی غاز پێكەوە گرێ بدەین. وتیشی: ئەو سامانە گەورەیەی لەبەردەستماندایە لە كێڵگەی كۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی كوردستان توانای ئەوەی هەیە كە سوتەمەنی پێویست نەك تەنها بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق دابین بكات بەڵكو زیاتر دەتوانێت پێداویستییەكانی توركیا و یەكێتی ئەوروپاش پر بكاتەوە.
(درەو): (دڵی سلێمانی) مەسڵەحەی كۆن كە روبەرەكەی (10) دۆنمەو لەسەر شەقامی سالمە دەكرێتە پرۆژەیەكی نیشتەجێبون و شوێنی گەراجی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتیش دەگرێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەھۆی ئەم پرۆژەیەوە كۆمیتەكانی (زانكۆ و پەیمانگاكان، پۆلیس و ئاسایش) كە سەربە مەڵبەندی یەكێتین، گوازراونەتەوە. ئێستا شوێنی دروستكردنی پرۆژەكە سیاجكراوەو ئامادەیە بۆ كاركردن، شوێنی پرۆژەكە بە گەراجەكەی مەڵبەندەوە (10) دۆنم زەوییە، (100) مەتری رووی لەسەر شەقامی سەرەكی (سالم)ە، لەم شوێنەدا هەر مەترێكی زەوی بەھاكەی زیاتر (2500) دۆلارەو تەنیا رووەكەی بەھاكەی دەگاتە (25 ملیۆن) دۆلار. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، خاوەنی پرۆژەكە بەنیازە لەم شوێنەدا (4) شوقەی (28) نهۆمی دروست بكات و بەشی پێشەوەی زەوییەكەش بكات بە دوكان و بازاڕ. شوێنی ئەم پرۆژەیە بە دیاریكراوی دەكەوێتە گەڕەكی (رزگاری) لە باشوری شاری سلێمانی و بە ( دڵی سلێمانی) دادەنرێت و بەشی پێشەوەی پرۆژەكە دەكەوێتە سەر شەقامی (سالم)و بەرامبەر سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییە. شوێنی ئەو زەوییەی دەكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون لەناو خەڵكدا بە "گەراجی مەسڵەحەی كۆن" ناسراوە، ئەم گەراجە ساڵی 1988 دراوە بە چەند كەسێك و بڕیاردراوە (72) پاسی هەبێت، بەڵام لەدوای راپەڕینەوە تەنیا (12) پاس كاریان تێدا كردووە. ئەوانەی ئاگاداری چیرۆكی ئەم پارچە زەوییەن دەڵێن: لە چەندین قۆناغدا هەوڵدراوە بەكاربھێنرێت، ئیدارەی گشتی یەكێتی پارەی بەو كەسانە داوەو لە ساڵی 2005 دا داویەتی بە كۆمپانیای (بەڕێز) بۆ پرۆژەو دواتر لێی وەرگیراوەتەوەو قەرەبوو كراوەتەوە. لە قۆناغی دواتردا چەند ھەوڵێك ھەبووە بۆ ئەوەی ئەم زەوییە بكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، بەڵام لەلایەن (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد)و (حاكم قادر حەمەجان) ئەندامانی پێشوی مەكتەبی سیاسی ئەوكاتی یەكێتییەوە رێگریان لێكراوە. ئێستا وەبەرهێنەرێك بە هاوبەشی ئیدارەی گشتی یەكێتی پرۆژە لەسەر زەوییەكە دروست دەكات، شوێنەكە سەربە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنەو لەلایەن ماستەر پلانی سلێمانییەوە پەسەندكراوە، خەڵكی ناوچەكە چەندینجار دااویانكردووە بكرێتە پاركێكی سەوزایی لەبەرئەوەی لەوناوچەیە سەوزایی كەمە، بەڵام دواجار بڕیاردراوە بکرێتە پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون.
درەو: پرۆژەیەك پێشكەشی شارەوانی سلێمانی كراوە بۆئەوەی باخی گشتی سلێمانی بكرێتە پرۆژەیەكی بازرگانی. بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) پرۆژەیەك پێشكەشی شارەوانی سلێمانی كراوە بۆئەوەی باخی گشتی سلێمانی بكرێتە پرۆژەیەكی بازرگانی، لە پرۆژەكەدا هاتووە، شوێنی باخی گشتی سلێمانی كە (12) دۆنمە بكرێتە پرۆژەیەكی بازرگانی و نهۆمی ژێرەوەی بكرێتە گەراجی ئۆتۆمبێل و نهۆمەکانی سەرەوەش بۆ هۆتێل و چێشتخانە. باخی گشتی دەكەوێتە سەرەتای شەقامی سالم، بەرامبەر هۆتێل سلێمانی پاڵاس لە ساڵی 1937 بونیاداراوە لەسەر ( ١٢ )دۆنم زەوی، كۆنترین و جوانترین باخچەیە لە شاری سلێمانی و پڕ سەوزاییە، پەیكەری ( چوار ئەفسەرە شەهیدەكە ) لەبەردەم باخی گشتی دانراوە، لە دەروازەكەیەوە پەیكەری كۆمەڵێك لە شاعیر و هونەرمەندان دانراوە، لەگەڵ ئەوەی هاوڵاتیانی زۆر رووی تێ دەكەن. درەختەكانی ئەم باخە بریتین لە ( توو، سورەچنار، سنەوبەر، قەزوان و هەندێك) لەو درەختانە بتەمەنیان ٤٥ بۆ ٦٥ساڵەو لەبەردەركی سەرا تا دووڕیانەكەی سەرچنار سەربە باخی گشتی یە. باخی گشتی شاری سلێمانی لەساڵی ١٩٣٧ بونیادنراوە لەلایەن موتەسەریفی ئەوكاتی سلێمانی (مەجید یاقوبی). مەحمود ئەفەندی کە خەڵكی سلێمانی بووەو ئەندازیارو سەرۆكی شارەوانی ئەوكاتە بووە سەبارەت بە شێوازی دروستكردنی ئەم باخەو كاركردن تێیداو ئەو كاتەی كە ئەم باخە دروستكراوە دەڵێت: ئەم ناوچەیە شوێنێكی چۆڵەوانی و قەراغ شاربووە تەنها گەڕەكەكانی ئابڵاخ و كانێسكان هەبوون، هۆكاری هەڵبژاردنی ئەم ناوچەیەش بۆ دروستكردنی باخێكی لەم شێوەیە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی سەرچاوەی ئاوی كارێزی كانێسكان بەم ناوچەیەدا تێ پەڕبووە و توانراوە بۆ باخداری سودی لێ وەربگیرێت .
(درەو): بەمدواییە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ سەردانی ئەنكەرەی كردو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای بینی، ئەم سەردانە كتوپڕە سەرەتای مامەڵەیەكی نوێی هەرێمە لەگەڵ توركیا، كە دوای نەوت، غازی هەرێمی كوردستانیش رادەستی توركیا دەكات، سایتێكی توركیا باس لە بایەخی غازەكەی كوردستان بۆ توركیا دەكات، دەڵێ ئەو غازە توركیا لە قەیران رزگار دەكات، توركەكان، تەنانەت چاویان لەو (كبریت)ەشە كە لەناو غازەكەی هەرێمدا هەیە. دەقی هەواڵی سایتی (haber 7) لەبارەی غاز لە كورستان: توركیا 900 ملیار مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە تەنیشت خۆیدا هەیە چارەسەری وزە لە تەنیشتی خۆماندایە، عێراق (900 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی غازی هەیە، پسپۆڕان دەڵێن" دەتوانین بە كەمترین زیان لە قەیرانی وزە رزگارمان ببێ كە كاریگەری لەسەر جیهان بەگشتی دروستكردووە، بەواتایەكی تر چارەسەری وزە دەكەوێتە تەنیشتی خۆمانەوە". لە فڕۆكەكەیدا لەكاتی گەڕانەوەی لە ئۆكرانیا، سەرۆك ئەردۆغان وتی" دەكرێت غازی سروشتی لە عێراقەوە بۆ توركیا دابین بكرێت"، بەمەش وردەكاری پرۆژەكە ئاشكرا بوو. پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی باكوری عێراق (میدیا توركییەكە ناوی كوردستانی نەهێناوە) كە لەدوای ریفراندۆمەكەی 2017وە پچڕا، لەبواری ئابوریو وزەو سیاسەتدا كاریگەر بوون. ساڵی رابردوو (192 ملیۆن) بەرمیل نەوت لەرێگەی ئەم هێڵەوە گواستراوەتەوە، كە رۆژانە توانای وەرگرتنی (ملیۆنێك) بەرمیلی هەیە، (گۆخان یاردیم) بەڕێوەبەری پێشووی كۆمپانیای (بۆتاش) دەڵێ" 900 ملیار مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە باكوری عێراقدا هەیە.. توركیا دەستكەوتی مێژوویی بەدەستدەهێنێت لەرێگەی دامەزراندنی هێڵی وەبەرهێنانو گواستەوەی ئەم غازە لە پاڵ نەوتدا". (عارف ئەكتورك) سەرۆكی پێشووی بەشی فرۆشتنی غازی سروشتی لە كۆمپانیای (بۆتاش) وتی" لە ساڵی 1974وە بازرگانی هایدرۆكاربۆنیمان لەگەڵ عێراق هەیەو ساڵی 2013 نوێكراوەتەوە، ئێمە دەتوانین بە كەمترین زیان لە قەیرانی وزە دەرباز ببین كە كاریگەری لەسەر هەموو جیهان داناوە، لەوێ كێڵگەی غاز هەیە، بەواتایەكی تر چارەسەری وزە بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە تەنیشتنی خۆماندایە". بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەی توركیا، (گۆخان یەردیم) بە ئاماژەدان بەوەی ژێرخانی بازرگانی غاز لەگەڵ باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) ئامادەیە، وتویەتی" كۆمپانیاكانی (تاپكۆ)و (بۆتاش) كە دوو كۆمپانیای جیهانین، لەحاڵەتی رێككەوتنی فەرمیدا، تاپكۆ دەتوانێت لەماوەیەكی كورتدا كاری هەڵكەندنو دەرهێنان ئەنجام بدات.. هێڵی بۆریمان هەیە كە تا خۆرهەڵاتی توركیا درێژدەبێتەوە، ئەمە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی هێڵەكە لە خاكی عێراقدا دەكەوێتە سەر زەوییەكی تەختو دەكرێت لەماوەیەكی زۆر كورتدا ئامادە ببێت، یەدەگێكی نائاسایی غاز لە (مەنسوریە)و (كۆرمۆر) لە ناوچەی چەمچەماڵ هەیە، ئەگەر دەسەڵاتدارانی توركیاو عێراق رەزامەندی لەسەر بدەن، توانای یەك ملیۆن بەرمیل بەس نییەو دەبێت هێڵێكی تری بۆری نەوت دروست بكرێت، ئەم توانایە هەیەو ئەو ژمارەیە گواستنەوەی لەرێگە تانكەر ناگرێتەوەو ئامانجەكە ئەوەیە لە پلانی سەرەتایدا ئاستی هەناردە لە (10 ملیار) مەتر سێجاوە بگەیەندرێتە (10 ملیار) مەتر سێجای ساڵانە. لەپاڵ نەوتو غازدا، عارف ئەكتورك باس لە زنجیرەیەك سودی تر دەكاتو دەڵێ" غاز لە باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) بڕێكی زۆر كبریتی تێدایە، ئەگەر بتوانرێت ئەم كبریتە بخرێتە بازاڕەوە، ملیاران دۆلار سودی ئابوری تێدا دەبێت، بەڵام ئەگەر كبریتەكە لەناو كێڵگەدا بمێنێتەوە، شاخی كبریتی لەناوچەكەدا لێ دروست دەبێتو لەكاتی بارانباریندا ترشی كبریتی دروست دەكاتو كارەساتی ژینگەیی لێدەكەوێتەوە. حكومەتی ناوەندی عێراق سكاڵایەتی یاسایی لەسەر توركیا بەرزكردوەتەوە كە پەیوەندی بە بازرگانی نەوتەوە هەیە لە ساڵی 2013و دواتر لەرێگەی هێڵی بۆری (IT Petrol)، كرۆكی سكاڵاكە كە بەرزكراوەتەوە بۆ بڕیاردانو هێشتا ئەنجامی حوكمەكەی رانەگەیەندراوە دەڵێ، حكومەتی باكوری عێراق (هەرێمی كوردستان) دەتوانێت تەنیا رێژەی 17%ی نەوتی هەناردەكراو ببات، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، توركیا دیپلۆماسیەتێكی چڕ لەگەڵ حكومەتی ناوەندی لە بەغدادو ئیدارەی بەرزانیدا پەیڕەو دەكات، سەرچاوە دیپلۆماسییەكان دەڵێن دەستكەوتی گەورە لەم بوارەدا بەدەستهاتووە.
راپۆرتی: درەو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (8 ساڵی رابردوو)دا زیاتر لە (ملیارێكو 100 ملیۆن) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بەڵام كەمتر لە (31 ترلیۆن) دیناری داهاتی بۆ ماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە بەشێوەی سەربەخۆ، هەرێم بڕی (81 ترلیۆن) دیناری پشكی خۆی لە بودجەی گشتی عێراق لەدەستداوەو (45 ترلیۆن) دیناریش قەرزار بووە. پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراق لەماوەی نێوان ساڵانی (2014-2021) بریتی بووە لە بڕی (97 ترلیۆن) دینار، لەم بڕە پارەیە تەنیا (15 ترلیۆن) دینار رەوانەی هەرێم كراوە، واتا بڕی (81 ترلیۆن) دینار لە پشكی هەرێم راگیراوە. یەكەم: پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، قۆناغی (2004-2014) پێش بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، واتا فرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەشێوەی سەربەخۆ، لە بودجەی گشتی عێراقدا مانگانە وەكو پشكی كورد، بڕێكی زۆر پارە لە بەغدادەوە رەوانەی هەرێم دەكرا، بەجۆرێك لە دوای ساڵی 2004 -2014، حكومەتی فیدراڵ 17%ی بودجەی گشتی بۆ هەرێم ناردووە. بەپێی سەرچاوەكان، ئەو پارانەی لە ڕێگەی بەشە بودجەی هەرێم لە حكومەتی فیدراڵ دەست حكومەتی هەرێم كەوتووە، كە لە ساڵی 2004ەوە تا ساڵی 2014 بەردەوام بووە، بریتی بووە لە (75 ملیارو 177 ملیۆن) دۆلار (بڕوانە چارتی ژمارە (١))؛ ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعشو گرفتەكانی پێكهێنانی حكومەتی ناوەندیی عێراقەوە، یاسای بودجە نەبوو، دەسەڵاتی خەرجییەكان درابوو بە وەزارەتەكان، ئیتر لێرەوە پشكی هەرێم بڕدرا. بەپێی توێژینەوەیەكی (فەرمانگەی توێژینەوەو لێكۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) كە لە تشرینی یەكەمی 2020 بڵاوكراوەتەوە، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005تاوەكو 2019 بڕی (96 ترلیۆنو 196 ملیارو 503 ملیۆن) دیناری لە بەغدادەوە وەرگرتووە، لە بەرامبەردا تەنها (2 ترلیۆنو 273 ملیارو 430 ملیۆن) دینار داهاتی خۆی بۆ حكومەتی ناوەند لە بەغداد گەڕاندوەتەوە. دووەم؛ پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، قۆناغی 2014-2021) لەدوای ساڵی (2014)ەوە دۆخەكە بەشێوەیەكی ترە، ئەگەرچی لە یاساكانی بودجەی (2014-2021) پشكی هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، بەڵام بەهۆی رادەستنەكردنی نەوتی هەرێمو سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هیچ كات ئەو بڕە پارەی كە وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە، وەك خۆی بۆ هەرێم نەنێردراوە، بۆ نمونە بڕوانە خشتەی ژمارە (1)؛ پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق (2021-2014) (دینار) تێبینییەكان دەربارەی خشتەی ژمارە (1) 1. حكومەتی عێراق لە ساڵی 2020 یاسای بودجەی نەبووە. 2. سێ مانگی سەرەتای 2020، هەموو مانگێك 453 ملیار لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان هاتووە. 3. (6) مانگی سەرەتای ساڵی (2021) تێپەڕی بەڵام حكومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێم نەناردووە، لە (6) مانگی دووەمی ساڵی (2021) بە شێوەی سلفە حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (200 ملیار) دینار وەك سلفە رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە. شیكاری خشتەی ژمارە (1) 1. پشكی هەرێمی كوردستان لەماوەی نێوان ساڵی (2014-2021) بریتی بووە لە بڕی (97 ترلیۆن و 540) ملیار و 995) ملیۆن دینار. 2. تەنها بڕی (15 ترلیۆن و 929 ملیار و 533 ملیۆن) دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە. 3. بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422) ملیۆن دینار لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە. سێیەم؛ داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێم لە چوارچێوەی ئابوری سەربەخۆدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆدا، لەماوەی ساڵی (2014) تا كۆتایی ساڵی (2021) زیاتر لە (1 ملیارو 100 ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، بە تێكڕا بەرمیلێكی نەوتی بە بڕی (54) دۆلار فرۆشتووە، بەكۆی گشتیو بەبێ هیچ خەرجیو تێچونێك، بەهای ئەو بڕە نەوتەی فرۆشتویەتی زیاتر بوو لە (55 ملیار دۆلار) بەرامبەر بە زیاتر لە (68) ترلیۆن دینار (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) فرۆشی نەوتی هەرێم (2014- 2021) بەڵام بەپێی وتەی (كەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەكان) كە رۆژی (28ی حوزەیرانی 2021) لە كۆبونەوەی هاوبەشی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند؛ (58%)ی داهاتی نەوت دەدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەكانو خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت، بە جۆرێك (20%)ی داهات تێچووی دەرهێنانی نەوتەو (14%) شایستەی كۆمپانیاكانەو (6%)ی كرێی گواستنەوەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە قەرەبووی قەرزەكانە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەردەوام نەوتی هەرێم بە (10) دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی جیهان دەفرۆشرێت، بۆیە دوای لێدەركردنی خەرجییەكانی پرۆسەی نەوتو هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە (ساڵی ڕابردوو)دا لە ڕێگەی فرۆشتنی (1 ملیارو 103 ملیۆنو 211 هەزار) بەرمیل نەوتەوە، دەكاتە (25 ملیارو 485 ملیۆن 858 هەزارو 150) دۆلار، كە بەهای (1) دۆلار بە تێكڕا لەماوەی (ساڵی رابردوو) بریییە لە (1 هەزار و 211) دیناری عێراقی. ئەوا ئەو بڕە بەرامبەرە بە (30 ترلیۆنو 863 ملیارو 374 ملیۆنو 220 هەزارو 231) دینار وەك داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان، بڕوانە (بڕوانە خشتەی ژمارە (3) فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم (2014-2021) پاش لێدەركردنی خەرجییەكان و هەرزانتر فرۆشتنی چوارەم؛ دەرەنجامی فرۆشی سەربەخۆی نەوت ئەگەر بەراوردی ئەو داهاتە بكەین كە حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی فرۆشی نەوتەوە دەستی كەوتووە، بەو بەشەی لە بودجەی عێراق لەدەستی داوە، ئەوا؛ 1. حكومەتی عێراق لە دوای ساڵی (2014)ەوە بە بڕی (81 ترلیۆن و 611 ملیار و 422 ملیۆن) دینار بودجەی لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕاگرتووە. 2. حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی بڕی (1 ملیارو 103 ملیۆن و 857 هەزار 335) بەرمیل نەوت لە ماوەی (8 ساڵ)دا هەناردە بكات، بڕی (30 ترلیۆن و 863 ملیار 374 ملیۆن و 220 هەزار 231) دینار دوای لێدەركردنی خەرجییەكان و هەرزانتر فرۆشتنی بۆ بمێنێتەوە. 3. ئەو جیاوازییەی لە بەراوردی فرۆشی سەربەخۆی نەوت و بودجەی گشتی عێراق دەكەوێتەوە؛ بریتییە لە (50 ترلیۆن و 748 ملیار و 47 ملیۆن 779 هەزار و 769) دینار. پێنجەم: كەڵەكەبونی قەرزە گشتییەكان بەهۆی كورتهێنانە بەردەوامەكانو بەتایبەتیش بەهۆی قەیرانەكانی ساڵانی (2014-2017و 2020)، هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوە، كە بەشی زۆری قەرزی موچەخۆرانو بەدوای ئەویشدا پابەندییە داراییەكانو قەرزی دەرەكیو قەرزی بانكی (تی بی ئای)و قەرزی ناوخۆین، بڕی ئەم قەرزانە زیاتر لە (31 ملیار) دۆلاری ئەمریكییە (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) بەشێكی گەورەی قەرزەكانیش دەگەڕێنەوە بۆ پێش كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان (بروانە چارتی ژمارە (3)). هاوكات (خشتەی ژماره (4)) دەربڕی قەبارەی قەرزە گشتییە كەڵەكەبووەكانی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە درێژایی ساڵانی (2012 - 2021). چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3) خشتەی (4) سەرچاوەکان 1. کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 28/6/2021. 2. م.جهانگیر صدیق احمد، چاكسازى ئابوری له ههرێمی كوردستان، پاساو و بهربهستهكان له (2005 - 2019)، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی، مجلة الدراسات السياسية و الأمنية - المجلد (الرابع) العدد (الثامن) كانون الاول ٢٠٢١؛ https://www.centerfs.org/files/2021/12/3-Vol.4-No.8k-81-112-3.pdf 3. ماڵپەڕی درەو میدیا، زیانەكانی ئابوری سەربەخۆ بەپێی داتاو ژمارەكانی حكومەت؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=5813 4. ماڵپەڕی درەو میدیا، فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێم لە 2021 دا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9584 5. ماڵپەڕی درەو میدیا، لە ئابوری سەربەخۆوە بۆ ئابوری سەربەخۆیان؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8611 6. قانون الموازنة العامة الاتحادية للسنة المالية2021. 7. ابتسام عبد اللطيف محمد، مستحقات اقليم كوردستان وكميات ومبالغ تصدير النفط خارج اطار شركة (سومو) ومدى تاثيرها على الموازنة الاتحادية للمدة (2005-2019)، دائرة البحوث والدراسات النيابية مكتب بحوث الموازنة. 8. Deloitte, Kurdistan Regional Government of Iraq, Oil production, export, consumption and revenue for the year ended 31 December 2020, 20 June 2021.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) ساڵانێکە من بەرگریی لەو بۆچوونە دەکەم کە شتێک بە ناوی ”مەسەلەی کورد“ەوە لە سیاسەتی ھێزە باڵادەستەکانی ھەرێمدا، نەماوەتەوە. سیاسەتی ھەرێم، کە بە پلەی یەکەم سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دوای ئەویشەوە سیاسەتی یەکێتی نیشتیمانییە، لە دەوری کۆمەڵێک سود و قازانج و دەسکەوت دەسوڕێتەوە، کە سود و قازانج و دەسکەوتیی سوڵتانیی و بنەماڵەیی و خێزانییە. ئەوەی ئاراستە و ناوەرکی ئەم سیاسەتە دەستنیشاندەکات ئەو گرێدانە توند و ھەمەلایەنەی خواستی ئەو بنەمالە سیاسییانەیە بە کردەی سیاسییەوە، لە ھەرێمدا. حیزب خۆیشی، وەک یەکەی سیاسیی سەرەکیی لە ھەرێمدا، ئامرازیی پاراستن و سەپاندنی ئەم ویستە خێزانیی و بنەماڵەییەیە. ئەم دۆخە لە دەیان سات و لەچەندن ساتەوەختی جیاوازدا ئاشکرا و بەرجەستە، بووە. ئەوەی ئێستا و لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقەوە لە بەغداد ڕووئەدات، ھەم بەرجەستەبوونێکی تازەی ئەم ستراتیژە تایبەتە و ھەم دەرکەوتێکی نوێی کۆتاییھاتنی ئەو شتەیە کەناوی ”مەسەلەی کورد“ە لە سیاسەتەکانی ھەرێمدا. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ”مەسەلەی کورد“ چییە و چ مانایەکی ھەیە و بە کام مانا کۆتاییھاتوە؟ جەوھەری مەسەلەی کورد لە وڵاتێکی وەک عێراقدا مەسەلەی گۆڕانی ”میلەت“ ێکە بۆ ”کەمینە“یەکی ئەتنی. لە ڕووی مێژووییەوە ئەم گۆڕانە بەھۆی کۆمەڵێک ھاوکێشەی ناھاوسەنگ و پەیوەندیی کۆلۆنیالی و نێودەوڵەتیی و ناوچەییەوە، ڕووئەدات، لەناو دەوڵەتێکی تازەدروستکراویشدا کە ڕەگەزێکی تائیفی بەھێز لە دروستکردن و پێکھاتەکەیدا، بەشدارە. ئەم ”بەکەمینەبوون“ە لەناو دەوڵەتێکی نادیموکرات و دەسەڵاتگەردا، ژیێرخانی سیاسیی سەرەکیی و بنەڕەتیی مەسەلەی کورد دەستنیشاندەکات. ئەو مانایانەش کە چەمکی ”مەسەلەی کورد“ لەم ڕەوتەدا لەخۆی دەگرێت، پابەستە بە بەرگریکردنی ئەو کەمینە ئەتنیەوە لە کۆمەڵێک مافی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی کە دۆخی کەمینەبوونەکە دەیانسەپێنێت. بە کورتییەکەی لەپشتی چەمکی ”مەسەلەی کورد“ەوە شوناسێکی سیاسیی و کولتوریی پەراوێزخراو و چەپێنراو ئامادەیە کە بۆ مانەوەی بەرگریی لە کۆمەڵێک ماف و بەھای ئینسانیی و دیموکراسیی دەکات، خۆی وەکو ھێزێک بۆ دروستردنی ژینگەیەکی سیاسیی و ئینسانیی مافپەروەر و ڕێزگر لە مرۆڤ، نمایشدەکات. بەم مانایە ”مەسەلەی کورد“ چەندە مەسەلەیەکی سیاسییە، بەھەمان ئەندازە و بگرە زیاتریش ”مەسەلەیەکی ئەخلاقیی“شە، ھەڵگری ڕەھەندێکی ویژدانیی و ئەخلاقیی گرنگە کە خۆی لە بەرگریکردنێکی سەرسەخت و بەردەوامدا لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و پاراستنی شکۆ و کەرامەتی ئینسانیدا، بەرجەستەدەکات. بە بۆچونی من ئەوەی لە سیاسەتی ھێزە کوردییەکانی ھەرێمدا بوونی نییە و سڕاوەتەوە، ئەم مانا ئینسانیی و دیموکراسیی و مافپەروەرانەی ”مەسەلەی کورد“ە. ناشتنی ”مەسەلەی کورد“ە وەک مەسەلەی میلەتێکی بە کەمینەکراو، کە لە دۆخی کەمینەبوونییەوە، بەرگریی لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و مافی جیاوازبوون و مافی پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی، دەکات. لە ئێستادا مەسەلەی کورد کورتکرواوەتەوە بۆ مەسەلەی ئیدارەدانێکی سوڵتانیی و بنەماڵەیی چەند چاڵە نەوتێک و بەڕێوەبردنی ڕاکێشانی چەند بۆرییەکی غاز بۆ تورکیا و ئێران و کۆکردنەوەی پارەکانی لەناو کۆمەڵێک دەغیلەی کۆنترۆڵنەکراو و نەناسراودا. بەم مانایە ”مەسەلەی کورد“ کورتکراوەتەوە بۆ چەند پرۆژەیەکی ئابوریی و بازرگانیی کە لە دیدگا و بەپێی خواستی کۆمەڵێک خێزانی سیاسیی بەڕێوەدەبرێت. بە دیوێکی تردا ”مەسەلەی کورد“ کورتکراوەتەوە بۆ کۆمەڵێک ”سیاسەتی ڕەمزیی“ بەتاڵیش، کە ھیچ کاریگەرییەک لەسەر دەستەبەرکردنی مانا دیموکراس و ویژدانیی و ئەخلاقییەکەی ئەم مەسەلەیە دانانێت. بە پێچەوانەوە بەڕەمزیکردنی ئەم سیاسەتە دورخستنەوەی ئەم مەسەلەیەیە لە جەوھەرە ئەخلاقیی و ویژدانییەکەی و ئامرازێکیشە بۆ شاردنەوەی پرۆژە ئابورییە سوڵتانییەکانی ناوی. مەبەستم لە ”سیاسەتی ڕەمزیی“ کۆی ئەو سیاسەتانەیە کە بەردەوام لە دەوری باسکردن و دروستکردن و بەرزکردنەوەی ئاڵا و بەرزکردنەوەی دورشمی بێبناغە و بەرھەمھێنانی حەماسی ناسیۆنالیستییانەی ھەرزان و شتی دیکەی لەم بابەتەدا، دەسوڕێتەوە. یاخود لەوەدا کێ و کام ھێز دەتوانێت پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی عێراق، کە پۆستێکی تەواو ڕەمزییە، بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت و بەم سەپاندنەش حەیای ھێزە ڕکابەرە کوردییەکەی دراوسێیی ببات. سادەتر بدوێم مەسەلەی کورد مەسەلەی ئاڵایەک نییە لە بۆنە ڕەسمییەکاندا بەرزبکرێتەوە، ”ئەی ڕەقیب“ێک نییە لەدوای داگیرسانی حەماسەتێکی کاتییەوە بگوترێتەوە، ھەروەھا مەسەلەی باسکردنی مەوسمییانەی ئەم یان ئەو داخوازیی سیاسیی نییە کە خودی باسکردنەکە بەشێکبێت لە یاریکردن بە یاداوەریی برینداریی مرۆڤی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتە مەرکەزییەکاندا. وەکچۆن ھەڵگرتن و نووقمبوون لەناو ئەو گوتارە موسمیە درۆزنانەی بەعێراقیبوون و بەرگریکردن لە ”قوڵایی عەرەبیی“ دەوڵەتی عێراقیشدا نییە، کە دوای ماوەیەکی کورت لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی بێ تەریقبوونەوە بەرزدەکرێنەوە. ھەروەھا پەیوەندیشی بەو جەنگە بوغزاویی و ڕقاوییەوە لەسەر پۆستی سەرۆکی عێراق نییە. کاتێک باس لە ”مەسەلەی کورد“ دەکەین باس لەم یارییە موسمیانە و باس لەو پرۆژە بازرگانیە قاچاغ و ناقاچاغانە و باس لە خواست و قازانجی ئەم یان ئەو تاکەکەس و بنەماڵەی سیاسیی ناکەین، بەڵکو باس لە ”مەسەلەی دانیپانان“ بە بوونی میلەتێکدا دەکەین کە خاوەنی کۆمەڵێک مافی ئینسانیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییە. داننان بە مرۆڤی ئەم دەڤەرەدا وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف و خاوەن ڕێز و خاوەن کەرامەت، وەک کەسێک نەکرێت و نەتوانرێت بێنرخ و بریندار بکرێت، یان وەک بوونەوەری پلە دوو و پلە سێ و پلە چوار، مامەڵەبکرێت. مەسەلەی کورد وەک مەسەلەی داننان بە کۆمەڵێک مافدا، کورتنابێتەوە تەنھا بۆ دانپیانانی ھێزە دەرەکییەکان بەم مافانەدا، دانپیانانێکیش نییە پێوسیتە تەنھا دەوڵەتە مەرکەزییەکانی وەک عێراق و تورکیا و ئێران و سوریا دەستەبەریبکەن، بەڵکو پێویستە خودی دانپیانانەکە، بەر لەوان، لەناوخۆی کوردستان خۆیدا و لەلایەن سەرجەمی ھێزە کوردییەکان خۆیانەوە، قبووڵ و پیادەبکرێت. ڕەگوڕیشە و ژێرخانە سیاسیی و ئەخلاقیی و ویژدانییەکەی ئەم دانپیانانە پێویستە پێشوەخت لەناو ھەرێم خۆیدا و لەناو ئاکار و بیرکردنەوە و جوڵەی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان خۆیاندا، ئامادەبن. بەڵام ئەوەی ئێمە ڕۆژانە دەیبینین و تێبینی دەکەین، داماڵینی ”مەسەلەی کورد“ە لەم ژێرخانە سیاسیی و ئەخلاقیی و ویژدانییە و کورتکردنەوەیەتی بۆ بزنسێکی سیاسیی ئابوریی ڕووت، کورتبونەوەیەتی بۆ ڕکابەرایەتییەک کە ڕق و بوغزی کۆمەڵێک خێزان و کەسایەتی سیاسیی لە یەکتریی و لە خودی میلەتەکە خۆیشی، بەڕێوەیدەبات. ئەوەی بە بەرچاوماندا تێدەپەڕێت سیاسەتی ملشکاندن و یەکتر نەفیکردن و سوکایەتیکردنە بە یەکتریی، دروستکردنی ھەندێک زۆنی جوگرافی و سیاسیی قۆخکراوی دەرەبەگانە و بونیادانی دوو ئیمارەتی سوڵتانییە، کە سوپایەک لە ئەمیر و ئەمیرەی گەنجیان ھەڵھێناوە و ئەو سوپایە چارەنووسی خەڵکی ھەرێمەکە دادەڕێژن و بەڕێوەدەبەن. لەسەروی ئەمانەشەوە دروستکردنی بارەگا و ”مەقاماتی سوڵتانی“یانەی تایبەتە، کە ھەموو ”مەسەلەکان“، بە ”مەسەلەی کورد“ خۆیشیەوە، وەک خزمەتکاری ئەو مەقاماتە سوڵتانییە وێنادەکات.
درەو: ئەگەر ڕۆژی دووشەممە نیسابی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەواو نەبوو سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا، ئەوا وادەیەكی نوێ دیاری دەكرێت و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوەو چانسی رێككەوتن لەسەر كاندیدی هاوبەش لە نێوان یەكێتی و پارتی زیاتر دەبێت .سەرۆك كۆماری ئێستاش بەشێوەیەكی كاربەڕێكەر بەردەوام دەبێت لە پۆستەكەیدا. بە گوێرەی وادە دەستورییەكان، پێویستە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 8/2/2022 كە (30) رۆژ دەكات، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێك بۆ هەڵبژادنی سەرۆك كۆمار ئەنجامبدات، دانیشتنەكە پێویستی بە ئامادەبونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە، بەپێی پێشبینیەكان نیسابی یاسایی تەواو نابێت بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەكە، كوتلەی سەدری كە زۆرترین كورسی پەرلەمانی هەیە، ڕایگەیاندووە بایكۆتی ئەو كۆبونەوەیە دەكات، پێدەچێ هەردوو هاوپەیمانەكەشی سیادەو پارتی هەمان هەنگاوبنێن، بەوەش پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەڕێوەناچێت و جارێكی تر وادەیەكی نوێ دیاری دەكرێت و دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ كاندیدی سەرۆك كۆمار دەكرێتەوە، هەڵنەبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار لە وادەی دەستوریدا مشتومڕی لێكەوتەوە، هەندێك دەڵێن عێراق دەكەوێتە بۆشایی دەستورییەوەو هەندێكیش جەختدەكەنەوە كە بۆشایی دەستوری دروست نابێت. دادگای فیدراڵی چی دەڵێت؟ دادگای فیدراڵی ساڵی 2010 حوكمێكی دەركردووە كە وەڵامی دۆخێكی وەكو ئەوەی ئێستا دەداتەوە، دادگا دەڵێ ئەو وادەی (30) رۆژەی دوای كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە، وادەیەكە "بۆ رێكخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، نەك بۆ خستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار". بەگوێرەی ئەم حوكمەی دادگای فیدڕاڵی، ئەگەر رۆژی دووشەممە سەرۆك كۆماری نوێ هەڵنەبژێردرێت، رێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گرفتی بۆ دروست نابێتو دەكرێت لەكاتێكی تردا رێككەوتن بكرێتو نیسابی یاسایی تەواو بكرێتو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، تا ئەوكاتەش بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی وەكو سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت. كاندیدی نوێ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕكابەرییەكی توندی لە نێوان یەكێتی و پارتیدا لێكەوتوەتەوە، هۆشیار زێباری كاندیدی پارتی لە دادگای فیدراڵی سكاڵا لەدژی پەسەندكردنی كاندیدبونی تۆماركراوە، بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتیش نەیتوانیوە ڕەزامەندی زۆرینەی كوتلەكان بەدەستبهێنێت، بۆیە ئەگەر رۆژی دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەران لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار شكستیهێنا، ڕەنگە پارتی و یەكێتی كاندیدی نوێ بۆ ئەو پۆستە كاندید بكەن یان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێكبكەون. لەبارەی سەرلەنوێ كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار عزەت شابەندەر سیاسەتمەداری عێراقی لەتۆڕی كومەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، بایكۆتكردنی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان لەلایەن كوتلەی سەدرییەوە لە 7/2/2022 ماوە دەستورییەكان دەكاتەوەو هەل دەڕەخسێنێت بۆئەوەی كاندیدی نوێ بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دابنرێت.
راپۆرتی: درەو کازاخستان دووەم گەورەترین یەدەگی هەیە لە سەرچاوەی کانزاکانی (یۆرانیۆم، کرۆم، رەساس و زینگ) و سێیەم گەورەترین یەدەگی مەنگەنیز و پێنجەم گەورەترین دەوڵەمەنترینە لە یەدەگی (مس) و لە دە یەکەمەکەی جیهانە لە یەدەگی (غەڵوز و ئاسن و ئاڵتوون) بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کازاخستان پلەی دەیەمی هەیە لە سەرمایەی سروشتیدا (نەوت و غازو کانزاکان)، بەم پێیەش یەکێکە لە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی جیهان. بەڵام لە ساڵی (1991)ەوە تا ساڵی (2019) بۆ ماوەی پێنج خول تەنها (نور سوڵتان نزار باییف) سەرۆکایەتی کردووە و لەسەردەمی ئەوو دوای ئەویش دەسەڵات هەر دەنگیێکی ناڕازی کپ و سەکوت کردو وە، جا ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی هێزی دەوڵەتەکەوە بووبێت یان هێنانی هێزی دەرەکییەوە بووبێت. کازاخستان کازاخستان یەکێکە لەو دەوڵەتانەی هەدوو کێشوەری ئاسیاو ئەوروپا پێکەوە دەبەستێت و بەشێکی فراوانی دەکەوێتە کیشوەری ئاسیاو بەشێکیشی دەکەێتە خۆرهەڵاتی ئەوروپا، بە دیاریکراوی دەکەوێتە ئەوە ناوچەیەی کە بە ئاسیای ناوەڕاست ناسراوە کە دەوڵەتانی ((ئۆزپاکستان، تورکمانستان، کازاخستان، تاجاکستان و قیرغیزستان) دەگرێتەوە. دراوسێکانیشی بریتین لە هەریەک لە وڵاتانی (لە باکور و ڕۆژئاواوە روسیا، لە باشور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە چین، لە باشوریشەوە هەریەک لەچین و قیرغیزستان، ئۆزپاکستان و تورکمانستان، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە بەشێکی فراوانیشی دەڕوانێت بەسەرددەریا داخراوەکەی قەزوین)دا. سەرەڕای ئەوەی بەشێکی سنورەکەی دەکەوێتە سەر دەریای قەزوین، بەڵام بەیەکێک لە دەوڵەتە داخراوەکان (Landlocked country) دادەنرێت، چونکە ئەو دەریایە ناتوانێت بە جیهانی دەرەوەی ببەستێت و دەریاکە بۆخۆی داخراوە. لە ڕووی ڕووبەری جوگرافییەوە نۆیەم گەورەترین دەوڵەتی جیهانە، لە کیشوەری ئاسیاش سێیەم گەورەترین دەوڵەتە و ڕوبەرێکی فراوانی هەیە کە بریتییە لە (2 ملیۆن و 724 هەزار و 900) کیلۆمەتر چوارگۆشە. لە ڕووی کارگێڕییەوە دابەش بووە بەسەر (14) ویلایەت و (160) کەرت و (10) شارەوانییەوە، لە ساڵی (1929) تا ساڵی (1997) شاری (ئەلماتی) پایتەختی وڵاتەکە بووە، بەڵام لە ساڵی (1998)ەوە (نور سوڵتان نزار باییف - سەرۆکی وڵات) پایتەختی دەوڵەتەکەی گواستەوە بۆ شاری (ئاستانا) و لە ساڵی (2019) ناوی شارەکەی گۆڕی بۆ (نور سوڵتان) کە گەورەترین شاری وڵاتەکەیە لە ڕووی ڕووبەرەوە. بەپێی ئامارەکانی ساڵی (2021) ژمارەی دانیشتوانەکەی بریتییە لە (19 ملیۆن و 44 هەزار و 688) کەس، بەم پێیەش (0.24%)ی دانیشتوانی جیهان پێدەهێنێت. دانیشتوانەکەی زۆرینەی کازاخین و سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەو ئاینی دیکە لە وڵاتەکە دەژین لە ڕووی ئانیشەوە نزیکەی (70%) دانیشتوانەکەی موسڵمانن و بەشێکی کریستان و کەمە ئاینییەکانی دیکەن. بەپێی زانیارییەکان لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەکان دووەم گەورەترین یەدەگی هەیە لە سەرچاوەی کانزاکانی (یۆرانیۆم، کرۆم، رەساس و زینگ) و سێیەم گەورەترین یەدەگی مەنگەنیز و پێنجەم گەورەترین دەوڵەمەنترینە لە یەدەگی (مس) و لە دە یەکەمەکەی جیهانە لە یەدەگی (غەڵوز و ئاسن و ئاڵتوون) بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کازاخستان پلەی دەیەمی هەیە لە سەرمایەی سروشتیدا (نەوت و غازو کانزاکان)، بەم پێیەش یەکێکە لە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی جیهان و گەورەترین ئابوری ناوچەی وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و بەڕێژەی (60%) پێداویستییەکانی ئەو ناوچەیە دەبین دەکات. پێگەی سیاسی کازاخستان کازاخستان سەرەڕای ئەوەی خاوەن ئابورییەکای بەهێزە لە ناوچەکەی خۆی، گرنگییهکی گهورهشی بۆ ئهو دهوڵهتانه ههیه که دهیانهوێت ههژموونی سیاسی و ئابوری خۆیان له ناوچهکه زیاد بکهن، لەسەر و هەموانیشەوە "روسیا" که له ڕابردووداوو بهدرێژایی مێژووی روسیا ئهم ناوچه جوگرافییه ناوچهیهکی ههستیار و گرنگ بووه بۆی، ههر له ناوهڕاستی سهدهی (18)هوه تا شۆڕشی ئۆکتۆبهری (2017) و درێژدەبێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد تا دەگات بە دەسەردەمی ئەمڕۆ، چونکه خاوهن کۆمهڵێک تایبهتمهندی سهرچاوهی جوگرافی و جیۆسیاسی و سهرچاوهی درێژبوونهوهی پارێزگاری و ئارامی و سیستمی سیاسی له روسیا. سەردەمێکیش گۆڕەپانەکەی ناوچەیەکی گرنگ بوو لە دەستپێکی بونیادنانی چەکی ناوکی لە سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و سەرۆکایەتی نور سوڵتان نزار باییف کازاخستان پێش (31) ساڵ و لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت، وەک دواین کۆماری یەکێتییەکە سەربەخۆیی ڕاگەیاند، هەر لە سەرەتاشەوە لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە وڵاتەکە تەبەنی سیستمی سەرمایەداری کرد. لە ڕووی سیستمی سیاسییەوە کار بە سیستمی سەرۆکایەتی کراو دەسەڵاتەکان لە وڵاتدا بەم شێوەیە بوون. لە کازاخستان دەسەڵاتی جێبەجێکردن بریتییە لە سیستمێکی دوانەیی (سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حکومەت)، بەپێی دەستور سەرۆکی دەوڵەت سیاساتی حکومەت دادەڕێژێت، دەسەڵاتی ئقالەکردنی حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە، هەر خۆیشی سەرۆکی هەرێمەکان و یەکە ئیدارییەکانی وڵاتەکە دیاری دەکات، نوسینگەی سەرۆک سەرپەرشتی سیاسەتی دەرەوەو پرۆسەی وەبەرهێنانی بیانی لە وڵاتەکە دەکات. هەوروەها سەرۆکی دەوڵەت دادوەری ویلایەت و یەکە کارگێڕییەکان دیاریدەکات و ئەنجومەنی شارو ویلایەتەکان بە هەڵبژاردن دێن و دەسەڵاتە خزمەتگوزارییەکان مومارەسە دەکەن. هەرچی پەرلەمانی ئەو وڵاتەشە لە دوو ئەنجومەن (نوێنەران و پیران) پێکدێت. نور سوڵتان نزارباییف کێیە؟ نور سوڵتان نزار باییف لە دایکبووی (6ی حوزەیرانی 1940)ە لە کازاخستان (یەکێتی سۆڤییەت) لە ساڵی 1962ەوە پەیوەندی بە حیزبی شیوعی سۆڤییەتی (CPSU)ەوە کردووە. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بووە لە ساڵی (1984 – 1989) و لە ساڵی (1990) ئەنجومەنی باڵای سۆڤییەت لە کازاخستان (نزار بایف)ی بە سەرۆکی کۆمار هەڵبژارد. لە کانونی یەکەمی 1991 کازاخستان سەربەخۆیی خۆی لە یەکێتی سۆڤییەت ڕاگەیاند، هەر لەو کاتەوە نور سوڵتان نزار باییف سەرۆکایەتی وڵاتەکەی گرتە دەست و بۆ ماوەی (5) خول تا (20ی ئازاری 2019) لە پۆستەکەی مایەوە. خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی (1991)ەوە لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵات دەستپێدەکات تا ساڵی (1995) و لە ڕاپرسییەکی گشتیدا بە ڕەزامەندی (95.5%)ی بەشداربووان ماوەکەی تا ساڵی (2000) بۆ درێژکرایەوە، کە بە درێژکراوەی خولی یەکەمی ناوبراوە. خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی پێش تەواو بوونی ماوەکە بە چەند مانگێک و لە ساڵی (1999) دەستپێدەکات کاتێک لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا (81%)ی دەنگی دەنگدەران بەدەستبهێنێت، لە هەمان ساڵدا پارتی (نور ئاتان)ی دامەزراندو توانی کۆنتۆڵی زۆربەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە بباتەوە. ئەم خولەی تا ساڵی (2006) بەردوام بوو. خولی سێیەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی (2006)ەوە دەستپێدەکات کاتێک لە (4/12/2005)ەوە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵات ئەنجام درا (نور سوڵتان نزار باییف) توانی (91.15%)ی دەنگی دەنگدەرانی وڵاتەکەی کۆ بکاتەوە لە (11/1/2006) سوێندی یاسایی خوارد. لەم خولەدا لە (18/5/2007) پەرلەمانی وڵاتەکە لە ڕێگەی هەمواری دەستورەوە ڕێگەی بۆ (نور سوڵتان نزار باییف) خۆشکرد کە بتوانێت بۆ دوو خولی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتەکە بپاڵێوێتەوە. هەر لەم خولەدا بوو ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵات لە (12/5/2010) ناسناوی (زەعیمی نەتەوە)ی پێ بەخشی و تا ساڵی (2011) کۆتایی بەم خولەشی هات. خولی چوارەمی سەرۆکایەتییەکەی (نور سوڵتان نزار باییف) لە (3/4/2011)ەوە دەستپێدەکات کاتێک لە هەڵبژادندا توانی دەنگی (95%) دەنگدەرانی وڵات بەدەست بهێنێتەوە، ئەمە لە کاتێکدا بووە پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لەلایەن لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە باکۆت کرابوو سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ناڕەزایی بەرفراوان و دروستکرنی لەمپەر بۆ چاودێرانی هەڵبژاردنەکە، بەپێی ئەو تێبینییانەی چاودێرانی نێودەوڵەتی توماریان کردبوو بە شێوەیەکی بەرفراوان هەڕەشەو ئاستەنگ و بۆ لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسە حیزبییەکان ئەنجام درابوو. تا ئەوەی ناڕەزاییەکی بەرفراوان بەشێک لە شارەکانی گرتەوەو چەندین کوژاروو برینداری لێکەوەتەوە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشیان کرابووە سەر. خولی پێنجەم و کۆتایی لە (26/4/2015) بە کۆکردنەوەی (95%)ی دەنگەکان دەستپێدەکات و لە (19/ئایاری/ 2019) کۆتایی بەم خولەی سەرۆکایەتییەکەشی هات. نور سوڵتان نزار باییف هاتنی قاسم جۆرمات تۆکاییف و سەرهەڵدانی قەیرانە نوستووەکان لهگهڵ گهیشتنی (قاسم جۆرمات تۆکاییف) به کورسی سهرۆکایهتی وڵاتی کازاخستان، لە (19/ئایاری/2019) و دوای دەستلەکارکێشانەوەی (نور سوڵتان نزار باییف) خهڵکی وڵاتهکه بههیوا بوون لانی کهم گۆڕانکاری له ژیانیان ڕووبدات بهرهو ژیانێکی باشتریان بۆ دەستەبەربێت، لهسهرهتاوه شارهزایان باسیان لهوه دهکرد نمونهی قۆناغێکی گواستنهوهی سهرکهوتوو له کازاخستان ڕوودهدات گۆڕانکاری لهسهر ئاستی سهرۆکایهتی وڵات گۆڕانکاری جهوههری لهڕووی سیاسی و ئابورییەوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دهرگای خێریان بهڕوودا دهکرێتهوه. بۆیە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی وڵاتەکە لە (9/ حوزەیران/2019) (قاسم جۆرمات) توانی (70%)ی دەنگەکان بە دەستبهێنێت ببێت بە یەکەم سەۆکی وڵاتەکە دوای (نور سوڵتان) و دووەم سەرۆک لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەکە. هەرچەندە چاودێرانی هەڵبژاردنەکە پێشێلکاری زۆرو نەڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەیان تۆمارکردبوو لە پێش و کاتی ئەنجامدانی هەرڵبژاردنەکە، هەر بۆیە بەشێک لە چاودێران پرۆسەکەیان بە شانۆ وەسفکرد. بەڵام دوای ئەو هەنگاوە ڕوونە بۆ گرنتی کردنی گواستنەوەیەکی ئاسانی دەسەڵات لە پۆستی سەرۆکایەتی وڵاتدا، لەگەڵ ئەوەی (نور سوڵتان نزار بایف) لە (19ی ئازاری 2019) دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی کرد، بەڵام لەسەرەتادا پارێزگاری لە پۆستە سەرەکییەکانی دروستکردنی بڕیار لە وڵاتەکە کردبوو، لە نێویشیاندا سەرۆکایەتی کردنی پارتی فەرمان ڕەواو ئەنجومەنی ئاسایش و لەسەروو هەموویەوە وەک "زەعیمی نەتەوە"، لە کۆتایی ڕێگەکە حیزبی تەسلیم کردەوەو (قاسم جۆرمات تۆکاییف) هەڵبژێردرا. لهگهڵ گهیشتن به ساڵی نوێی (2022) ئاستی ناڕهزاییهکانی خهڵکی کازاخستان ڕووی له بەرزبوونەوە کرد، به ئاستێک گهیشت سهرنجی زۆربهی کهناڵ و ئامرازهکانی ڕاگهیاندن و تۆڕه کۆمهڵایهتییهکان و چاودێران و شیکهرهوه سیاسییهکانی بۆخۆی ڕاکێشا، باس له ڕهنگدانهوهی داهاتووی ململانێ نێودهوڵهتی و ههرێمییهکان له ئاسیای ناوهڕست دەکرا، ئەگەر چی تیشک خرایە سەر بەزبوونەوەی نرخی غاز شل وەک هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزاییەکان، بەڵام لە قوڵاییدا هۆکاری گەورەتر هەبوون. شارەزایانی بوارەکە (کازاخستان) پێیان وایە سیستمەکە کۆمەڵێک یاسای داڕشتووەکە ڕێگربووە لە هەر شەپۆل و تێڕوانین و ئاراستەیەکی پێچەوانەی کارەکانی حکومەت، چونکە لە ڕابردوودا حکومەت بەرهەڵستی هەر کیان و ڕەوت و هێزێک دەبوویەوە کە هەوڵی دەرچوونی لەو چوارچێوەیە بدایە کە دیاری کربوو سەرکوت دەکرا، لەو ماوەیەدا سیستمەکە سەرکوتکاری ئازادی و مومارەسە سیاسییە پێچەوانەکانی دەکرد تا ساڵی (2019) قەیرانی کازاخستان سەریهەڵدا. قاسم جۆرمات تۆکاییف ڕەگ و ڕێشەی قەیرانەکە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی کازاخستان لە شوباتی 2019 بەدیارکەوت کاتێک خێزانێک لە ڕوداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە پایتەختی وڵات (نور سوڵتان) پێنج ئەندامیان سوتان و کوچی دواییان کرد، ئەوە لە کاتێکدابوو باوکیان چووبووە سەر کاری شەوانە بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکە، ئەمەش بووە سەرەتای بزیسک و پرشنگی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایتییەکان لە ژێر کاریگەری ئەو ڕووداوەدا، لەدوای دوو هەفتە لە ناڕەزایەتییەکان و بەرفراوانبوونی لە دەرەنجامی کەڵەکە بوونی قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوری سیاسییەکانی کازاخستان بوو، ناڕەزایەتییەکان هەموو شاری (نور سوڵتان)ی گرتەوە لە کاتی بۆنەی ساڵانەی سەرداری شار کە ناسراوە بە "بەختی سوڵتانۆڤ" سەرۆک (نور سوڵتان نزار باییف) ژمارەیەک بڕیاری زۆری دەکرد بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکەو ڕاگرتن و تەشەنەسەندنی داواکارییەکان، لە نێویشیاندا ئیقالە کردنی سەرۆکی حکومەت (بەخیتشان ساجینتاییف) لەو کاتەدا سەرۆکی ئەنجومەنی پیران (قاسم خۆرمات تۆکاییف) شوێنی گرتەوە، لەگەڵ ئەو هەوڵانە بۆ چاکسازی لە ئاستی خواستی ناڕەزاییەکان نەبوو، بۆیە سەرۆکی کۆمار لە (19 ی ئازاری 2019) دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە (قاسم جۆرمات تۆکاییف) شوێنی گرتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکی کۆمەڵگا پێیان وابوو کە ئەمە دووبارە بوونەوەی (نزار بایف)ە بە هاوشێوە یان جێگرەکەی . بەڵام ئەم دەست لەکار هەڵگرتنەی (نزار باییف) لە ڕۆژنامەو گۆڤارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بووە جێی سەرنج و بە بازدانێکی نەوعی درا لە قەڵەم بووە سەرەتای بەرقەرابوون ئاشتی لە مێژووی سیاسی وڵاتەکە. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نەهات کە (نور سوڵتان نزار باییف) لە گۆڕەپانەکە چووبێتە دەرەوە، بەڵکو کارکردن لە پۆستە حکومی و سیاسییە هەستیارەکان لە نێویشیاندا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش، سەرەڕای سەرکردایەتی کردنی حیزب (نور ئاتان) و بەدەستهێنانی مافی ڤیتۆ لە دامەزراندنی وەزیرەکان و دادوەرانی کەرتەکان ژمارەیەکی دیکەی گەورە بەرپرسانی ئیسغلال کردبوو. ئەمە سەرەڕای ئەوەی لهماوهی ئهو سێ دهیهی (نزار باییف) له دهسهڵات بوو، دامهزراوه گشتی به پێچهوانهوه قۆسترابوویهوه بۆ کۆکردنهوهی دهسهڵات له دهستی سهرۆک و چهسپاندنی سیستمێکی سهرکوتکهر و کۆنترۆڵکردنی دامەزارەو یەکە ئابورییەکانی وڵاتەکە بۆ نزیک و هاوڕێ و دۆستەکانی خۆی. تا لە کۆتایەییەکانی ساڵی (2021) (نور سوڵتان نزار بایف) لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دوورخرایەوە. لەگەڵ دەستپێکی ساڵی (2022) دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی زۆر، داواکارییەکان دەستی پێکرد. بەهۆی زیادبوونی ئاستنهگه ئابورییهکان و تهشهنهسهندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە سهریکێشا بۆ سهرهتایهکی نوێی ناڕهزایهتی کۆمهڵایهتی پاشان زیابوونی نرخی غاز و سوتهمهنی بووه هۆی توڕهییهکی بهرفراوانی هاوڵاتیانی وڵاتهکه و سهرههڵدانی ناڕهزاییهتیهکی بهرفراوان له شارهکانی ناوهڕاستی دەوڵەت و تهشهسهندنی. دوای کوژرانی لە (164) هاوڵاتی و گرتنی زیاتر لە (6000) خۆپیشاندەرو بینداربوونی هەزاران کەس لە هاوڵاتی هێزە ئەمنییەکان. بە دەستێوەردانی ڕاستەخۆی هێزی سەربازی ڕووسی و وڵاتانی هاوپەیمانی لە (ڕێکخراوی ئاسایشی بەکۆمەڵ) ناڕەزیەتییەکان کۆتایی پێهێنرا. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە: کارینا فایزولینا، احتجاجات كازاخستان: بحث في الخلفيات والتداعيات والسيناريوهات المحتملة، مرکز الجزیرة للدراسات، علی الموقع؛ https://studies.aljazeera.net/sites/default/files/articles/documents/2022-02/%D9%86%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%AC%20%D8%AA%D9%86%D9%85%D9%88%D9%8A%D8%A9%20%D9%88%D8%A7%D8%B9%D8%AF%D8%A9%20%20%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9%20%D8%A3%D8%B1%D8%A8%D8%B9%20%D8%AF%D9%88%D9%84%20%D8%A5%D9%81%D8%B1%D9%8A%D9%82%D9%8A%D8%A9.pdf أحمد خليل أرتيمتي - عماد الشيخ داود، الأزمة الكازاخستانية ما بين الحراك الداخلي والتدخل الروسي، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2022/01/9ytfdd2.pdf محمد مروان، أين تقع كازاخستان، علی الموقع؛ https://mawdoo3.com/%D8%A3%D9%8A%D9%86_%D8%AA%D9%82%D8%B9_%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86#.D8.A7.D9.84.D8.AF.D9.8A.D8.A7.D9.86.D8.A9_.D9.81.D9.8A_.D9.83.D8.A7.D8.B2.D8.A7.D8.AE.D8.B3.D8.AA.D8.A7.D9.86 كازاخستان.. انفصلت عن الاتحاد السوفياتي قبل 31 عاما وحكمها رئيسان فقط، علی الموقع؛ https://www.aljazeera.net/encyclopedia/2022/1/9/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%86%D9%81%D8%B5%D9%84%D8%AA-%D8%B9%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA%D8%AD%D8%A7%D8%AF روسيا تعلن اكتمال نشر قوات "حفظ السلام" في كازاخستان والسلطات تؤكد استقرار المناطق المضطربة، علی الموقع؛ https://www.aljazeera.net/news/politics/2022/1/9/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%B1%D9%88%D8%B3%D9%8A%D8%A7-%D8%AA%D8%B9%D9%84%D9%86-%D8%A7%D9%83%D8%AA%D9%85%D8%A7%D9%84-%D9%86%D8%B4%D8%B1-%D9%82%D9%88%D8%A7%D8%AA کازاخستان، علی الموقع؛ https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86 كم عدد سكان كازاخستان 2021؟ ..الترتيب العالمي لكازاخستان من حيث الكثافة السكانية، علی الموقع؛ https://gloig.ru/%D9%83%D9%85-%D8%B9%D8%AF%D8%AF-%D8%B3%D9%83%D8%A7%D9%86-%D9%83%D8%A7%D8%B2%D8%A7%D8%AE%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-2021%D8%9F/
(درەو): رابەری گشتی مافی ئەوەی نییە خۆی كاندید بكاتەوە، تەنیا كەسێك خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید كردووە، ئەگەر دەنگی 50+1ی كۆنگرە نەهێنێت، رابەری ماوە تەواوبوو لە پۆستەكەیدا دەمێنێتەوە، ئەمە پوختەی چیرۆكی كۆنگرەی 12ی بزوتنەوەی ئیسلامییە. بزوتنەوەی ئیسلامی كۆنگرەی كۆنگرەی 12ی خۆی لە هەولێر دەستپێكرد، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوە دوو خولی خۆی تەواو كردووەو مافی ئەوەی نییە خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید بكاتەوە، بەڵام بزوتنەوە مەرجی داناوە ئەو كەسەی دەبێت بە رابەر دەبێت دەنگی (50+1)ی كۆنگرە بەدەستبهێنێت، كامیل حاجی عەلی تاكە كەسێكە كە خۆی بۆ پۆستی رابەر كاندید كردووە، ئەگەر دەنگی (50+1) بەدەست نەهێنێت، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە پۆستی رابەر دەمێنێتەوە، ئەمە مشتومڕی دروستكردووە لەبارەی ئەوەی بنەماڵەی عەلی عەبدولعەزیز نایانەوێت رابەرایەتی بزوتنەوە تەسلیمی كەسی تر بكەن، بەڵام رابەری ماوەتەواوبوو دەڵێ" ئەمە بۆ ئەوەیە پلانگێڕییەكەی مامۆستا مەلا عوسمان دووبارە نەبێتەوە". عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی رابەری بزوتنەوە لەوتارێكدا لە كۆنگرەی 12ی حزبەكەی لە هەولێر وتی: • بڕیار بوو ئەم كۆنگرەیە لە هەڵەبجە بكەین، بەڵام هەڵەبجە بەناو پارێزگایە، بینایەكی تێدا نییە ئەم خەڵكە تێیدا كۆببنەوە. • ئێمە نەهاتوین خەڵك فریو بدەینو بڵێین بڕۆن موزاهەرە بكەن، بەڵام دوای كە گەیشتە قایمایی، دوو تەقە بكرا بێین بەیان لەسەر موزاهەرەچییەكان دەربكەینو بڵیین ئەوانە ئاژاوەگێڕن، ئێمە ئەم سیاسەتە بێ ئەخلاقییەمان نەكردووە. • منەتی دەسەڵات بە هیچ ئەگەر چوبین پارچەیەك عەرزمان لێوەرگرتبێت، ئەگەر دەستمان لێ پانكردبێتەوە. • هەیبەتی بزوتنەوەی ئیسلامی تائێستا پارێزراو بووەو نەمانهێشتووە كەس ئەو هەیبەتە بخاتە ژێر پرسیارەوە. • ئێمە كە قسەمان نەكردووە، وتومانە قسەیەك ئەكەین كە پێمان هەڵبگیرێت، ئێمە شۆڕشێكی ئەخلاقین، موزایەدەكردن لە ئێمە ناوەشێتەوە. • بۆ هەشت ساڵ زیاترە بودجەی بزوتنەوەی ئیسلامی بڕاوە، ئەو فەقیرییەی كە بەسەرماندا هاتووە لە پاكێتی خۆمانە. • مامۆستا مەلا عوسمان موئامەرەیەكیان لێكردو بە جیاوازی یەك دەنگ (13 دەنگ بەرامبەر بە 12 دەنگ) لە رابەرییان خست، بۆیە لەوكاتەوە تائێستا دەبێت رابەر بە دەنگی (50+1) هەڵبژێردرێت.
(درەو): یەکێتی گومانی ھەیە "تویت"ەکەی سەدر تەکتیک بێ بۆ کۆبونەوەکەی دوو شەممەی پەرلەمان، پارتی بێدەنگەو ئاگاداری تەكتیكەكەی سەدرە، مالیکیش داوای لە یەكێتی كردووە كاندیدەكەیان بگۆڕن بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن. تەکتیک لە تویتدا ! سەدر براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەڕێگەی تویتەرەوە خەریکی گفتوگۆیە لەگەڵ ھاوپەیمان و نەیارەکانیدا. ئێوارەی ئەمڕۆ لە تویتێکدا داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد، ئەگەر ھۆشیار زێباری کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار مەرجەکانی تێدا نەبوو، دەنگی بۆ نەدەن. سەرباری قسەوباسەکان لەباری تێوەگلانی زێباری لە گەندەڵی، پەرلەمانی عێراق کاندیدبوونی زێباری پەسەندکردووە، واتە مەرجی کاندیدبوونی تێدایە، ئەمە یەکێتی لە تویتەکەی سەدر خستوەتە گومانەوە. بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، یەکێتی زۆر ئومێدی لەسەر تویتەکەی ئەم ئێوارەی سەدر ھەڵنەچنیوە، گومانیان ھەیە تەکتیکی سەدر بێ بۆ ئەوەی رۆژی دوو شەممە نیسابی کۆبونەوەی پەرلەمان تەواو ببێ و دوای ئەمە لە گەڕی دووەمی ھەڵبژاردندا، بەزۆرینەی سادە ھۆشیار زێباری بە سەرۆک کۆمار ھەڵبژێردرێت. سەرباری ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام ئەم پۆستە بەلای لایەنە شیعەکانیشەوە گرنگە، چونکە سەرۆک کۆمار کاندیدی لایەنی براوە شیعە رادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ حکومەت. ئەگەر رێککەوتنی (سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) بەردەوام بێ، زێباری سەرۆک کۆمار بێ باشترە، چونکە لە پرسی راسپاردنی کاندیدی کوتلەی گەورەدا بۆ پێکھێنانی حکومەت، پابەند دەبێ بە رێککەوتنەکەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی هیچ گومانێكی بۆ ردووست نەبووە لەسەر تویتەكەی (سەدر) و بێدەنگی هەڵبژاردووە، ئەمەش ئاماژەیە بەوەی رەنگە تەكتیكێكی نێوان خۆیان بێت بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی پارتی. ئەگەرێکی تر ! سەدر لە سەروبەندی راگەیاندنی دەستپێشخەرییەکدایە بۆ یەکخستنی ناو ماڵی شیعەو بانگھێشتکردنی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆناو حکومەت. ئەم بیرۆکەیە دوای ئەوە ھات مەسعود بارزانی وەفدێکی ھاوبەشی پارتی و سوننەکانی ناردە نەجەف، بۆ ئەوەی سەدر قایل بکەن ئەو لایەنانەی تری شیعەش بەشداربن لە حکومەتدا، بەتایبەتی نوری مالیکی. ئێستا کە ئیتر دۆخەکە گەیشتوەتە بنبەست و بەبێ رێککەوتنێکی نوێ پەرلەمان ناتوانێ رۆژی دووشەممە کۆببێتەوەو سەرۆک کۆمار ھەڵبژێرێت، سەدر تێگەیشتووە دەبێ بە رێککەوتنەکەیدا بچێتەوە، ھەر رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیدا بکات، لەسەر دەستپێشخەری خۆی دەیکات نەک بارزانی. ئێستا کە شیعەکان خەریکە لەناو خۆیان پێکدێن، ئیتر پارتی و یەکێتی لە ھەردوو جەمسەرەکەی ناو شیعەوە گورزیان بەردەکەوێت. ئەمەش ئەگەرێکەو دەکرێت رووبدات، بەتایبەتی لەگەڵ موقتەدا سەدردا کە بەخێرایی بڕیارەکانی دەگۆڕێت. مالیکی یەکێتی بێ ئومێد دەکات لەبەرامبەردا یەکێتی نیشتمانیش کە بەرھەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، چاوی لەوە بوو بە پشتی نەیارە شیعەکانی سەدر واتە (مالیکی، عامری، خەزعەلی، فەیاز، حەکیم و عەبادی) کاندیدەکەی خۆی سەربخات، بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو) نوری مالیکی ھەڵوێستی لەبارەی بەرھەم ساڵحەوە نەرێنییە و داوای کردووە یەکێتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بگۆڕێت. لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەدیاریکراویش نوری مالیکی کە خاوەنی زۆرترین کورسی ھاوپەیمانێتییەکەیە (37) كورسی، پاڵپشتی کاندیدکردنەوەی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ناکات. بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، سەرچاوەی ئەم نیگەرانییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەرھەم ساڵح لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا رێگر بووە لەوەی جێگرانی سەرۆک کۆمار دابنێرێن، مالیکی یەکێک لەوانە بووە چاوی لە وەرگرتنی ئەم پۆستە بووە. سەرباری ئەمە، بەگشتی لایەنە شیعە دۆڕاوەکانی ھەڵبژاردن دژی کاندیدکردنەوەی بەرھەم ساڵح بوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، چونکە بە بەرپرسی دەزانن لە تێپەڕاندنی یاسا نوێیەکەی ھەڵبژاردن، کە بە زیانی ئەوان شکایەوە.
راپۆرت: درەو لەدوای نەوت ئەردۆغان داوای غازی هەرێمی كوردستان دەكات، نێچیرڤان بارزانی بەنەوتی هەرێم پێگەی خۆی قایمكرد، دوای ماوەیەك پەراوێزخستن، لەرێگەی غازی سروشتی هەرێمی كوردستانەوە گەڕایەوە ناو گۆڕەپانەكەو لەگەڵ ئەردۆغاندا سەرەتای مامەڵەیەكی نوێی دەستپێكردووە، لەكاتێكدا ئێستا نەوت بووە بە بابەتێكی سەرەكی كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغداد، دیار نییە مامەڵەی غازەكە لەداهاتوودا لێكەوتەكانی لەسەر هەرێم بۆ داهاتوو چۆن دەشكێتەوە. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. توركیا غازی دەوێت ! بەشێوەیەكی كتوپڕ، گەیشتە ئەنكەرەو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كۆبوەوە. سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی هێندە كتوپڕ بوو، تەنانەت میدیاكانی خۆشی نەیانزانی بوو، هەواڵی سەردانەكەیان لە سایتی سەرۆكایەتی كۆماری توركیاوە گواستەوە. سایتی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ زانیارییەكی لەبارەی كرۆكی دیداری نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان ئاشكرا نەكرد، بەڵام ئەردۆغان لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ ئۆكرانیا، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی ناردنی غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆیان كردووە. نێچیرڤان بارزانی بە ئەردۆغانی وتووە" هەرشتێك لە توانامدا بێت دەیكەمو بابەتی غازەكە لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقدا تاوتوێ دەكەم". غاز لە دوای نەوتەوە نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری رێككەوتنی (50 ساڵە)ی هەرێمی كوردستانە لە بواری وزەدا لەگەڵ توركیا، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدایە كە هەرێمی كوردستان بەبۆری نەوتی خۆی بەناو خاكی توركیادا دەگەیەنێتە بەندەری (جیهان)ی توركیاو لەوێشەوە رەوانە وڵاتی (ئیتالیا، ئیسپانیا، یۆنان، ئیسرائیل، بولگاریا، كراواتیا). لەدوای نەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت غازی سروشتی هەرێمی كوردستانیش رەوانەی توركیا بكات، ئەمە لەكاتێكدا روودەدات، بەهۆی ئەگەری پەلاماردانی ئۆكرانیا لەلایەن روسیاوە، وڵاتانی ئەوروپا ترسیان لێ نیشتووە توشی قەیرانی غازی سروشتی ببنو روسیا وەكو هەناردەكاری گەورەی غاز لە جیهاندا، غازی ئەوروپا راگرێت. مامەڵەكردن بە غازی سروشتی هەرێمەوە لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە لەكاتێكدایە هێشتا هەرێمی كوردستان كێشەی نەوتەكەی لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق چارەسەر نەكردووەو بەغداد سورە لەسەر ئەوەی هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە بەشێوەی سەربەخۆ سامانی سروشتی خۆی بفرۆشێت، دۆسیەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆ، ئێستا دوو سكاڵای گەورەی لەسەرە، سكاڵایەكیان لە دادگای فیدراڵی عێراقە، سكاڵایەكی تریش هەیە كە حكومەتی عێراق لە دادگای پاریس لەسەر توركیا تۆماریكردووە بەهۆی ئەوەی بەبێ رەزامەندی حكومەتی بەغداد نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات. رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە نێچیرڤان بارزانی بە ئەردۆغانی وتووە، لەبارەی ناردنی غاز بۆ توركیا دەبێت لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراقدا قسە بكەم. غازی سروشتی لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوەو كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. غازی سروشتی كیڵگەی (كۆرمۆر) لە چەمچەماڵ كە كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی بەرهەمی دەهێنێت، ئێستا بەرهەمی رۆژانەی گەیشتوەتە (430 ملیۆن) پێ سێجا كە دەكاتە (هەزارو 50) تەن، ئەم بەشەی غاز كە بەرهەمدەهێندرێت پێداویستی ناوخۆی پێپڕدەكرێتەوە كە بڕەكەی (750) تەنی رۆژانەیەو (300) تەنیشی رەوانەی دەرەوە دەكرێت و بە پێی زانیارییەكان بەشێكی بۆ ئەفغانستان دەڕوات. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، لەسەروبەندی پەسەندكردنی بودجەی 2021ی عێراقدا، لەناو یەكێتییەوە هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی غازەكەی كۆرمۆر رادەستی حكومەتی عێراق بكرێت، ئەمە بەمەرجی ئەوە بوو، حكومەتی بەغداد بەشێوەیەكی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بكاتو موچەی فەرمانبەرانی دابین بكات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەوكات یەكێتی تائاستی ئیمزاكردنی لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ مستەفا كازمی رۆیشتووەو بڕیاربووە حكومەتی عێراقو سلێمانی پێكەوە كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی غاز دروست بكەن، بەڵام ئەم رێككەوتنە نەگەیشتنە ئەنجامو ناكۆكییەكان لەناوخۆی یەكێتیدا تەقینەوە. دابەشبوونی غاز لەنێوان پارتیو یەكێتیدا یەدەگی غازی سروشتی، دابەشبووە بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیو یەكێتیدا، دابەشبونەكە بەمشێوەیە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی • كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆنو 200 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆنو 400 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی میران: 3 ترلیۆنو 46 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێكو 600 ملیار پێ سێجا یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی • كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆنو 100 ملیار پێ سێجا • كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆنو 260 ملیار مەتر سێجا • كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا نێچیرڤان دەگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە دوای 17 ساڵ سەرۆكایەتیكردنی حكومەت، ناوەڕاستی 2019، لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی بنەماڵەیدا، نێچیرڤان بارزانی دەستی لە پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت هەڵگرت بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزاییو لەبری ئەمە، مەسعود بارزانی مامی پۆستی سەرۆكی هەرێمی چۆڵكرد بۆ نێچیرڤان بارزانی. مەسعود بارزانی هەر بەناو پۆستی سەرۆكی هەرێمی چۆڵكرد، ئەگەرنا بەشێوەیەكی واقعی هێشتا ئەو سەرۆكە، تا ئەو رادەیەی لە میدیای فەرمییەكانی پارتیدا، هێشتا دەستەواژەی سەرۆك بۆ مەسعود بارزانی بەكاردەهێنرێت. لەوكاتەوە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە، نێچیرڤان بارزانی پەراوێز خراوە، وەفدە بیانییەكان هەروەكو پێشتر سەردانی مەسعود بارزانی دەكەن، نێچیرڤان كە خۆی بە ئەندازیاری كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان دەزانی، نەیتوانی لەسەر پرسی سەرۆكایەتی كۆمار، پارتیو یەكێتی لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمەوە بگەیەنێتە رێككەوتن، بەڵام كاتێك ئێران فشارەكانی لەسەر پارتی توندكردەوە، رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەركەوتەوەو مەسعود بارزانی بە نوێنەرایەتی خۆی رەوانەی نەجەفی كرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ موقتەدا سەدردا بكات. دوای ئێران، توركیاش چانسێكی تری دایەوە بە نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو گۆڕەپانەكە، سەردانی دوێنێ نێچیرڤان بارزانی بۆ لای ئەردۆغان، جارێكی تر كەیسی وزەی هەرێمی كوردستانی دایەوە دەست نێچیرڤان بارزانی. لەوكاتەوە لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا نەماوە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا لاواز بووە، سەردانەكەی دوێنێی بۆلای ئەردۆغان پەیوەندییەكانی لەگەڵ دۆستە كۆنەكەیدا بوژاندەوە.
راپۆرت: درەو نیسابی یاسایی تەواو نابێت، دوو شەممە سەرۆك كۆمار هەڵنابژێردرێت، بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت، پێشبینییەكان بەمشێوەیە، ئەگەر یەكێتیو لایەنە شیعەكان بتوانن (110) كورسی كۆبكەنەوە، دەتوانن بۆ هەمیشە نیسابی كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پەكبخەن، ئەمە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتیش پەكدەخات، جگە لە رێككەوتن هیچ چارەسەرێك لە ئارادا نییە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتە. دوو شەممەی گەورە ! رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارێكی نوێ، ئەمە دوو شەممەی گەورەی یەكلابونەوەی ململانێكانی پارتیو یەكێتییە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، لەگەڵ خۆشیدا ناكۆكی ناو ماڵی شیعە بەلادا دەخات، چارەسەر یان گەیشتن بە بنەستێكی چەند مانگە. دادگای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە لە عێراقداو تەنیا ئەو بۆی هەیە لێكدانەوە بۆ ماددەكانی دەستور بكات، ئەمڕۆ وەڵامی داوایەكی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی دایەوە. بەرهەم ساڵح لە نوسراوێكدا داوای لە دادگای فیدراڵی كرد، ئەوە یەكلابكاتەوە ئایا دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، نیسابە یاساییەكەی چەندە، واتە چەند كەس لە پەرلەمانتاران ئامادە بن، دەتوانرێت دانیشتنەكە ساز بدرێت ؟ هەفتەی رابردوو مشتومڕ لەبارەی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروستبوو، هەندێك لە یاساناسان دەیانوت بەهۆی ئەوەی سەرۆك كۆمار لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا بە دەنگی (دوو لەسەر سێ) هەڵدەبژێردرێت، نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان (دوو لەسەر سێ)یە، دوو لەسەر سێ واتە لە كۆی (329) ئەندامی پەرلەمانی عێراق (220) ئەندامیان لە هۆڵی كۆبونەوەكەدا ئامادەبن، ئەوكاتە دانیشتنەكە دەستپێدەكات، یوسف محەمەد سەرۆكی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان یەكێك لەوانە بوو كە بەرگری لەم بۆچونە دەكردو بەڵگەی یاسایی بۆ دەهێنایەوە. لەبەرامبەردا رایەكی تر هەبوو، دەیوت، دوو لەسەر سێ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە نەك نیسابی یاسایی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە، یەكێك لەوانەی كە پشتیوانی ئەم بۆچونەی دەكرد یاساناسی بەناوبانگ (تاریق حەرب) بوو، حەرب دوێنێ كۆچی دوایی كردو فریای ئەوە نەكەوت بیبینێت كە بۆچونەكەی لەمبارەیەوە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە رەتدەكرێتەوە. دادگا یەكلای كردەوە دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ حوكمی خۆی لەبارەی ئەم ناكۆكییە یاساییەوە یەكلاكردەوەو لەوەڵامی نوسراوەكەی بەرهەم ساڵحدا رایگەیاند: • بەگوێرەی ماددەی (70)ی دەستور سەرۆك كۆمار بە دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێتو نیسابی یاسای دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش (دوو لەسەر سێ)یە. ئایا نیساب پێكدێت ؟ ئێستا كە ئیتر دادگای فیدراڵی قسەی خۆی كرد، بۆ هەموو لایەنەكان روونبوەتەوە دانیشتنی رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، پێویستی بەوەیە (220) ئەندامی پەرلەمان ئامادە بن تێیدا، بەپێچەوانەوە نیسابی یاسایی پێكنایەتو هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دوادەكەوێت. ئەگەر هاوپەیمانێتییە سیاسییەكانی ئێستا تاوەكو رۆژی دوو شەممە وەكو خۆی بمێنێتەوەو هیچ رێككەوتنێكی سیاسی نوێ لەنێوان لایەنە ركابەرەكاندا نەكرێت، رۆژی دوو شەممە نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان كێشەی تێدەكەوێت، چۆن ؟ • هاوپەیمانێتی (سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی) كۆی ژمارەی كورسییەكانیان نزیكەی (175) كورسییە، بۆ تەواوكردنی نیسابی (220) كورسییەكە، پێویستیان بە (45) كورسی ترە، لەم حاڵەدا ئەگەر هێزەكانی تری وەكو (جوڵانەوەی نەوەی نوێو ئیمتیداد)یش لەم بەرەیەدا رابوەستن وەكو ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەماندا دەنگیان بۆ حەلبوسی دا، هێشتا ژمارەی كورسییەكانی ئەم بەرەیە (200) كورسییەو پێویستی بە (20) كورسی تر هەیە بۆ ئەوەی نیساب تەواو بكەن. • بەرەی نەیارانی سەدرو هاوپەیمانێتییەكەی، كە بریتین لە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی+ یەكێتی نیشتمانی) ئەمانەش لە باشترین حاڵدا بە تێكڕا ژمارەی كورسییەكانیان نزیكەی (100) كورسییەو بەتەنیا ناتوانن نیسابی (220) كورسی بۆ دانیشتنەكە ئامادە بكەن، بەڵام ئەمانە كە ترسیان لە زۆرینەی سەدر+ حەلبوسی+ بارزانی هەیە، ئەگەر بتوانن ژمارەی كورسییەكانیان بۆ (110) كورسی زیاد بكەن، بۆ هەمیشە دەتوانن (نیسابی یاسایی) تێكبدەنو دۆخێكی چەقبەستووی هاوشێوەی ئەوەی لوبنان دروست بكەن، سەرباری ئەمەش دەتوانن پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو تەنانەت پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیش پەكبخەن، چونكە بەپێی دەستوری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، كوتلەی گەورە دیاری دەكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت. لەحاڵێكدا كە نیسابی یاسایی (دوو لەسەر سێ) بێت، (110) كورسی لە پەرلەمانی عێراقدا دەبێت بە (یەك لەسەر سێی پەكخەر- الثلث المعتل)، چونكە 210 لەگەڵ 220 بەتێكڕا دەكات (230) كورسی، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق (329) كورسییە. چارەسەر چییە ؟ دابەشبوونی سیاسی ئێستای عێراق ئەگەر تاوەكو رۆژی دوو شەممە كە وادەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، وەكو خۆی بمێنێتەوە، نیسابی یاسایی كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دروست نابێت. تاكە چارەسەری ئەم دۆخە ئەوەیە، سەدر قایل ببێت بە بەشداربوونی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (مالیكی، عامری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی، حەكیم) لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەمە وادەكات لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەم لایەنانە بەشداری لە كۆبونەوەی پەرلەمان بكەنو نیساب تەواو بكەن، ئەمە ئەو دۆخەیە كە ئێرانییەكان كاریان لەسەر كردووە، مەسعود بارزانی كە كاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار (هۆشیار زێباری) پێشوەختە دركی ئەم چەقبەستنە سیاسییە كرد، بۆیە وەفدی ناردە لای سەدرو داوای لێكرد لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداری بكەن لە حكومەتەكەیدا. سەدر تائێستا سورە لەسەر ئەوەی نابێ نوری مالیكی بەشداری لە حكومەتدا بكات، بەڵام دەرگای بۆ بەشداربوونی لایەنەكانی تر كردوەتەوە، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش دەڵێن بەبێ مالیكی بەشداری ناكەین، لەم نێوەندەدا باس لە چارەسەرێكی مامناوەندی دەكرێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتوەتە ئاستی رێككەوتن. ئەگەر سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا ؟ دەستوری عێراق ماوەی (30) رۆژی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە دوای كۆبونەوەی یەكەمی خولی نوێی پەرلەمانەوە. خولی نوێی پەرلەمانی عێراق (خولی پێنجەم)، كۆبونەوەی یەكەمی خۆی لە رۆژی 9ی مانگی رابردوو (كانونی یەكەمی 2022) سازكرد، رۆژی 8ی ئەم مانگە ماوەی دەستوریی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتایی دێت. پەرلەمانی عێراق رۆژی دوو شەممەی هەفتەی داهاتووی دیاریكردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە دەكاتە (7)ی ئەم مانگە، رۆژی 8ی ئەم مانگە وادەی دەستوری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كۆتایی دێت. ئەگەر رۆژی دوو شەممە نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان پێكنەهاتو سەرۆك كۆمار هەڵنەبژێردرا، ئەوا بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆمار لە پۆستەكەی خۆی بەردەوام دەبێت تا ئەوكاتەی لایەنەكان دەگەنە رێككەوتنو سەرۆك كۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت. دادگای فیدراڵی ساڵی 2010 حوكمێكی دەركردووە كە وەڵامی دۆخێكی وەكو ئەوەی ئێستا دەداتەوە، دادگا دەڵێ ئەو وادەی (30) رۆژەی دوای كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دیاریكراوە، وادەیەكە "بۆ رێكخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، نەك بۆ خستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار". واتە بەگوێرەی ئەم حوكمەی دادگای فیدڕاڵی، ئەگەر رۆژی دوو شەممە سەرۆك كۆماری نوێ هەڵنەبژێردرێت، رێوشوێنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گرفتی بۆ دروست نابێتو دەكرێت لەكاتێكی تردا رێككەوتن بكرێتو نیسابی یاسایی تەواو بكرێتو سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، تا ئەوكاتەش بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی وەكو سەرۆك كۆمار بەردەوام دەبێت.
(درەو): هێزێكی تایبەت بە هێلیكۆپتەر گواستراونەتەوە بۆ پارێزگا ئیدلب، لەوێ نزیكەی سێ كاتژمێر شەڕ بووە، هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا كێشەی تێكەوتووەو سەربازانی ئەمریكی خۆیان تەقاندویانەتەوە، بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن نێچیرێكی گەورە راوكراوە، بەڵام هێشتا ناوی نێچیرەكە ئاشكرا نەكراوەو بایدن ئەمڕۆ رایدەگەیەنێت. "سەركەوتوو بوو" جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پەنتاگۆن" رایگەیاند، ئەركەكە تایبەت بوو لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆرو سەركەوتوو بوو. "هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت كە لەژێر فەرمانی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكادان تایبەت بە روبەڕووبونەوەی تیرۆر، ئەركەكەیان ئەنجامدا.. ئەركێكی سەركەوتوو بوو، هیچ زیانێك لە ریزی هێزەكانی ئەمریكا نەبوو.. هەركاتێك زانیاریمان بەردەست كەوت، قسەی زیاتر دەكەین" وتەبێژەكەی پەنتاگۆن وای وت. سەرچاوەكان لە سوریاوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێزێكیان لەرێگەی هێلیكۆیتەرەوە دابەزاندووە، ئەم هێزە ماڵێكیان لەنێوان هەردوو شارۆچكەی (ئەتمە)و (دێر بلوت) لە پارێزگای ئیدلبی سوریا كردوەتە ئامانج. ئەو ناوچەیەی كە شەڕەكە تێیدا رویداوە، كەمپی پەنابەرانی تێدایەو هەندێك لە راپۆرتەكان باسلەوە دەكەن، سەركردەی گروپە توندڕەكان ئەم كەمپانەیان كردوەتە پەناگە. سەركردەیەكی قاعیدە ! دوای دابەزینیان، هێزەكە لەرێگەی بڵندگۆوە قسەیان كردووەو داوایان لە داواكراوەكان كردووە خۆیان رادەست بكەن، شایەتحاڵەكان دەڵێن ئەم ئۆپراسیۆنە هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی ئەبو بەكر بەغدادی بووە. هەندێك لە سەرچاوەكان دەڵێن لەم ئۆپراسیۆنەدا (9) كەس كوژراون، هەندێك تر دەڵێن (12) كەس كوژراون. رۆژنامەی "وۆڵ ستریت ژۆرناڵ" لەزاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكییەوە دەڵێ" ئەم ئۆپراسیۆنەكە لە چەند رۆژی رابردوودا پلانی بۆ دانراوەو تیرۆرستێكی گەورەی كردوەتە ئامانج". بەپێی قسەی رۆژنامەكە، لەم ئۆپراسیۆنەدا فڕۆكەی جەنگی لە جۆری (ئاباچی) بەكارهاتووەو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانیش گورزی ئاسمانییان وەشاندووە.. هێزە تایبەتەكەی ئەمریكا لەگەڵ هەندێك هێزی تردا، هەڵیانكوتاوەتەسەر شوێنێك لە ناوچەی (ئەتمە) لە پارێزگای ئیدلبو ئۆپراسیۆنەكە زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاندووە، ژمارەیەك كەس كوژراونو هەندێك لە خانوەكانی ناوچەكە وێران بوون. ئەو شایەتحاڵانەی نزیك بوون لە شوێنی رووداوەكەوە باسلەوە دەكەن، هێزەكانی ئەمریكا توشی روبەڕووبونەوە بوون لەگەڵ ئەو كەسانەی كە هەوڵی دەستگیركردنیان داون، ئەو شوێنەی كە ئەم رووداوە تێیدا رویداوە دەكەوێتە دووری نزیكەی 15 كیلۆمەتر لە گوندی (باریشا)، ئەو گوندەی كە ئۆكتۆبەری 2019 هێزەكانی ئەمریكا ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی "داعش"یان تێدا كوشت. ئۆپراسیۆنەكە بەلای ئەمریكییەكانەوە زۆر گەورەیە، وا بڕیارە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژەنەراڵ فرانك ماكنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا كە بەرپرسە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئەم ئۆپراسیۆنەوە وتارێك بخوێنێتەوە. رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) دەڵێ" ئەو ئۆپراسیۆنەی كە هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە باكوری خۆرئاوای سوریا ئەنجامیانداوە، سەركردەیەكی رێكخراوی قاعیدە كردوەتە ئامانج. تەقاندنەوەی هێلیكۆپتەرێك رۆژنامەكە لەزاری چەند چاودێرێكی ئەمریكییەوە نوسیویەتی" كەمێك پاش ناوەڕاستی دوێنێ شەو، هێلیكۆپتەرە ئەمریكییەكان هێزەكانی كۆماندۆیان گواستوەتەوە، گەمارۆی ماڵێكیان داوە لە ناوچەی (ئەتمە) كە دەمەوێتە سنوری نێوان سوریاو توركیاو ئەم ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادایە. شایەتحاڵەكان دەڵێن، هێزە ئەمریكییەكە لەكاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكەدا، بە بڵندگۆو بە زمانی عەرەبی هاواریان كردووەو داوایان لە ژنو منداڵ كردوو لەناو ماڵەكانیان بێنە دەرەوە، پاش نزیكەی دوو كاتژمێر لەم بانگەوازە، شەڕێكی گەورە دەستی پێكردووە، موشەكی تێدا بەكارهێنراوە. بەگوێرەی راپۆرتی (نیویۆرك تایمز)، لەم ئۆپراسیۆنەدا هێلیكۆپتەرێكی ئەمریكا توشی كێشەی میكانیكی بووە، بەناچاری نیشتوەتەوە، هێزەكانی ئەمریكا خۆیان فڕۆكەكەیان تەقاندوەتەوە".
درەو: ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی رابردوودا ( 12 ملیۆن و 863) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە بە (12) دۆلار كەمتر لە بازاڕی جیهان تێكڕای بەرمیلێك بە (74) دۆلار فرۆشتووە كۆی داهاتی نەوت (954 ملیۆن) دۆلار بووە (58%)ی چووە بۆ خەرجی كۆمپانیاكان (400 ملیۆن) دۆلاری داهاتی نەوت بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە، لەگەڵ (164 ملیار) دیناری داهاتی ناوخۆ (بۆ تەمویلی موچە) چونكە مانگانە داهاتی ناوخۆ سەرو (350 ملیار) دینارە ، (31 ملیار) دیناری هاوپەیمانان، (200 ملیار) دیناری پارەی بەغداد، كۆی گشتی داهاتی مانگی رابردووی حكومەتی هەرێم ( 976 ملیار) دینار بووە. پوختە داهاتی نانەوتی • داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم بۆ مانگی کانونی دووەم = (164 ملیار) دینارە • یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (31 ملیار 500 ملیۆن) دینارە • پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (200 ملیار) دینارە داهاتی نەوت • هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی دووەمی (2022)دا بڕی (12 ملیۆن و 863 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە. • تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی کانونی دووەم (86.21) دۆلارە. • لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (74.21) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (12 ملیۆن و 863 هەزار) بەرمیل X (74.21) دۆلار = (954 ملیۆن و 563 هەزار و 230) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (954 ملیۆن و 563 هەزار و 230) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 384 ملیار و 116 ملیۆن و 6834 هەزار 500) دینار. • بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت (58%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (42%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. - کەواتە: (954 ملیۆن و 563 هەزار و 230) دۆلار X (58%) = (553 ملیۆن و 646 هەزارو 673) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (553 ملیۆن و 646 هەزارو 673) دۆلار X ((1450 دینار = (802 ملیار و 787 ملیۆن و 676 هەزار و 430) دینار خەرجی نەوتە. - (954 ملیۆن و 563 هەزار و 230) دۆلار X (42%) = (400 ملیۆن و 916 هەزارو 557 ) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (400 ملیۆن و 916 هەزارو 557) دۆلار X (1450) دینار= (581 ملیار و 329 ملیۆن و 7 هەزار و 70) دینار. کۆی داهات لە مانگی کانونی دووەم 2022 (دینار) • (581 ملیار و 329 ملیۆن و 7 هەزار و 70) داهاتی نەوت + (164 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (31 ملیار 500 میلۆن) هاوپەیمانان + (200 ملیار) پارەی بەغدا = (976 ملیار و 829 ملیۆن و 7 هەزار و 70) دینار