Draw Media

"روخساری سیاسی كورد، لە دیدارە دیبلۆماسیەكانی بنەماڵەی بارزانیدا"

"روخساری سیاسی كورد، لە دیدارە دیبلۆماسیەكانی بنەماڵەی بارزانیدا"

2022-08-22 12:59:43


(درەو):

پەیمانگای واشنتۆن: وینسرۆپ رودجرز
 
كاتێك بەرپرسە باڵاکان سەردانی پەیتەختی هەرێمی کوردستان دەکەن،  دەبێت لەگەڵ سێ کەسایەتی سیاسی بنەماڵەی بارزانی لە هەمان حزب بە جیاجیا کۆببنەوە، ئەوانیش مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانییە لە پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەم مەراسیمانە بەشێک لە داینامیکی پەیوەندیدار بە سیاسەتی ناوخۆیی و کردە دیپلۆماسییەکان لە کوردستان و عێراق ئاشکرا دەکات، سەرەڕای راوبۆچوونی خودی بەرپرسە بیانییەکان لەسەر ئەم پرۆتۆکۆلە، شاراوە نییە ئەمە دەسەڵاتی ئەم خێزانە لە هەرێمی کوردستان لە سەرەوە تا خوارەوە بەهێز دەکات، دەچێتە خزمەتی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، دەتوانیین لە دۆسییە ناوخۆییەکاندا ئەو ئاماژەیە ببینین، بە نمونە پێکهێنانی حکومەتی عێراقی کە لە ئێستادا کاری لەسەر دەکرێت.
سەبارەت بە دیپلۆماتکارە بیانییەکان، ئەم شێواز و بنەمایە نەنوسراوە بەڵام بۆتە عورف و هەر سەردانکەرێکی هەولێر لە سەرۆکی حکومەتەکان و وەزیر و باڵوێزەکان لەگەڵ (مەسعود بارزانی) سەرۆکی پارتی و (نێچیر بارزانی) سەرۆکی هەرێم و (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکومەت کۆدەبنەوە، ئەم کۆبوونەوانە سەلمێنەری ئەوەیە کە چۆن دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا لە ناو یەک خێزاندا چەقی بەستووە، مەسعود بارزانی باوکی مەسرورەو مامی نێچیرڤان بارزانیە، مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای یەکن، نێچیرڤان بارزانی پێش مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بووە، چووەتە شوێنی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
ئاماژە بە چەمکێکی سیاسی ئەمریکی (گەشتێکی تەواو بۆ جینسبورگ)، پرتۆکۆلی چاوپێکەوتنی سێ سیاسی بەیەکجار بە "گەشتێک بەناو بنەماڵەی بارزانی" ناوبردووە،  ئەمە دیاردەیەکی بەردەوامەو بە شێوەیەكی رێکخراو دەگوزەرێت، لە (12 نیسان)ەوە (31) حاڵەتم لەو چاوپێکەوتنان و سەردانانەم دۆکیومێنت کردووە، کە بە تێکڕا بۆ هەر (11) رۆژێک یەک چاوپێکەوتن دەکات.
ئەم لیستە تەنها ئەو حاڵەتانە لەخۆدەگرێت کە حکومەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیی و کەناڵە فەرمییەکانی خۆی و  پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بڵاویكراونەتەوە، کۆبوونەوە هەستیار و تایبەتەکان ناگرێتەوە، حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیار دەدەن کام کۆبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتان ئاشکرا دەکەن و بڵاودەکەنەوە.
ئەو بۆنانەی کە کۆبوونەوەیان بۆ سازدەدرێت جیاوازن، هەندێکیان بۆ تەنها جارێک گفتوگۆ لەسەر بابەتەکان تێدا دەکرێت، وەک ئەوەی (ئان لیندە)ی وەزیری دەرەوەی سوید لە مانگی نیسانی رابوردوودا لە رێگەی گەشتێکیدا بۆ عێراق هاتە هەولێر،  هەندێکیان تەنها بانگهێشتکردنی رێزو موجامەلەی باڵوێزی نوێ یان ئەوانەی کارەکانیان کۆتایی پێدێت. وەک هاتنی باڵوێزی نوێی فەرنسا لەعێراق (ئیریك شۆڤالیێ) لە مانگی ئەیلولدا.
هەندێک لە بەرپرسانی تر ئەم چاوپێکەوتنانە بەردەوام دووبارە دەکەنەوە، وەک (جێنین پلاسخارت) نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق یان ماسیۆ تۆلەر باڵوێزی ئەمریکا، کە شوبباتی (2020)وە لانی کەم (9) جار ئەم  سەردانانەی بۆلای  بنەماڵەی بارزانی کردووە.
لە ناوچە جیاوازەکانی جیهانەوە دیپلۆماتکار و سیاسییەکان ئەم سەردانانە دەکەن،ستیڤن هیکی باڵوێزی پێشووی بەریتانیا لە ماوەی کارکردنیدا لە عێراق (5) جار سەردانی بنەماڵەی بارزانی کردووە، ویستی بەریتانیای پیشانداوە لە بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا.
میخائیل بۆگدانۆف، جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا گەشتێکی هاوشێوەی لە مانگی کانونی یەکەمدا ئەنجامداوە.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نیسانی رابوردوودا گەشتێکی تەواوی بەسەر بنەماڵەی بارزنیدا ئەنجامدا، هەروەها بەرپرسانی ئەڵمانی، ئوسترالی، سعودی، کەنەدی، ئیتاڵی و یەکیتی ئەوروپا لە ساڵی رابوردوودا گەشتی هاوشێوەیان ئەنجامداوە، زۆرێک لە بەرپرسەکانی تر چاویان بە دوان لەو سێ کەسەی ماڵی بارزانی کەوتووە، سەرەڕای ئەوانەش زۆری تر لەگەڵ ئەو سیانە (مەسعود، نێچیرڤان، مەسرور) بارزانی لە پەیوەندی دورودرێژدان.
پاپا فرانسیس، لە میانەی سەردانە مێژووییەکەی لە ئازاری (2021)دا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا کاتێک توانی لەگەڵ سێ بارزانییەکە لە یەک شوێندا کۆببێتەوە (فڕۆكەخانەی هەولێر)،  ئەمەش تێپەڕاندنێکی گرنگی ئەو پرۆتۆکۆڵە باوە بوو کە جیابەجیا چاوپێکەوتنەکان ئەنجام دەدەن.
لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و نوسینگەی ئەو سێ کەسەوە کۆبوونەوە لەگەڵ دیپلۆماتکارەکاندا رێکدەخرێت، ئەگەر داواکاری بۆ چاوپێکەوتنی ئەو سیانەی بنەماڵەی بارزانی پێشکەش نەکرێت، نیشانەی پرسیار دروستدەکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمە بە سوکایەتی سەیردەکات.
لەگەڵ ئەوەی ماددەی (121)ی دەستووری عێراق رێگە بە حکومەتی هەرێم دەدات هەندێک دەسەڵاتی مامەڵەی لەگەڵ حکومەتە بیانییەکان هەبێت، بەڵام شتێکی باو نییە رێکخستنی ئەم چاوپێکەوتنانە بە شێوەیەکی تەسک و کەسی و حزبی لەگەڵ دیپلۆماتکارەکاندا لەسەر ئاستی لۆکاڵی بەدواداچوونی بۆ بکرێت یان چاوەڕوانکراو بێت، جگە لەوە ئەگەر بیوانە بیانییەكان لەو بەرنامەیەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆی داناون لابدەن لە لایەن بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمەوە توشی سەرزەنشت دەبن.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی عێراق، بەرپرسە حکومی و حزبییەکان هەمان کار ئەنجام دەدەن، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوای هێرشە موشەکییەکەی هەولێر لە مانگی ئازاردا چاوی بە هەرسێ بارزانییەکە کەوت.
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە مانگی نیسانی پێشووەوە لانی کەم دوو جار سەردانی کردون، یەکەمیان لە تشرینی دووەمدا كاتێك لە بەرامبەر تەحەدای پارتی دیموكراتی كوردستاندا داوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی دەكرد.
هەندێک لە سەردانەکان دوایی بەرهەمی دەبێت، دیارترینیان سەردانی نەسسار روبەبیعی بەرپرس لە رەوتی سەدری بۆ لای سێ بارزانییەکە لە مانگی حوزەیرانی پێشوودا بە مەبەستی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی لە نێوان "رەوتی سەدری" و "پارتی دیموکراتی کوردستان" و "کوتلەی سوننی" لە دوای هەڵبژاردنی تشرینی یەکەم، لە کاتێکدا پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەردەوامەو تەواو نەبووە، جێی خۆیەتی چاودێری بکەین تا بزانی کێ داوای چاوپێکەوتنی سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات لە هەولێر.
بێگومان، پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها حزبی سیاسی نییە لە هەرێمی کوردستان، هەندێک جار قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە سلێمانین، بەشداری کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکومەت دەکات، لە کاتێکدا بافڵ تاڵەبانی برای کە سەرۆکی حزبەکەیە هەندێک چاوپێکەوتنی خۆی دەکات بەڵام پشکە گەورەکە لە کۆبوونەوەو چاوپێکەوتنەکانی هەولێر هەر بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە. نابێت لە بیرمان بچێت کە حزبی ئۆپزسیۆن و سەربەخۆش هەیە لە هەرێمی کوردستان کە بەهۆی خشتە قەرەباڵخەکەی بنەماڵەی بارزانی بۆ کۆبوونەوە و چاوپێکەوتنەکان، کات و گرنگی پێویست بۆ ئەمان نامێنێتەوە.
شایەنی وتنە رەگەزی ژن لە پۆستە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئامادەیی نیە، بەوجۆرەش ژنان لە ئاستی باڵای گفتوگۆکاندا بێبەشن.

هەروەها گرنگە بیر لەوە بکرێتەوە کە ئەم رەفتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان چی دەگەیەنێت، کۆبوونەوە لەگەڵ هەر تاکێکی بنەماڵەی بارزانی بەجیا ڕەنگدانەوەی سروشتی خێڵەکی و پیاوسالاری و حیزبییە، ئەمە ئامرازێک پێکدەهێنێت بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە نێوان خۆبەگەورەزانینی هەریەکەیان.
 لە پلەبەندی ناوخۆیی حیزبدا مەسعود بارزانی باڵادەستە، کوڕ و برازاکەی لە کاروباری هاوبەشەکاندا گوێرایەڵی دەکەن، کۆبوونەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی یان نێچیرڤان بارزانی بە تەنیا ڕێگەیان پێدەدات لە پێناوی خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیان قسە بکەن.
جیاوازی و بۆچونی سیاسی و کەسی توند لەناوخۆی حیزبدا هەیە، لە ئێستادا ڕکابەرییەکی گەرم لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی هەیە ( دووەمیان لەلایەن مەسعود بارزانیەوە پشتگیری دەکرێت) کە لەوانەیە لە ئایندەدا بتەقێتەوە. ئەم جیاوازییە لە کۆنفرانسی ئاسایشی ئەمساڵی میونشندا ئەڵمانیا دەرکەوت کاتێک مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دوو شاندی جیاوازیان دەکرد، هەردوو لایان لەگەڵ چەند بەرپرس و سەرۆكێكدا لە کۆبوونەوەی جیاوازدا کۆدەبوونەوە.

چاودێری کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەركردەكەی ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی ڕەنگە لە چوارچێوەی شیکارییە سیاسییە ئاساییەکاندا سوودی هەبێت، بەڵام سوربوونیان لەسەر کۆبوونەوەی جیاواز کاریگەریی جەوهەری خراپ دروست دەکات، ئاشکرایە ئامانجی پارتی دیموکراتی کوردستان  لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆتۆکۆڵە، بەهێزکردنی ئەو بۆچوونە زاڵەیە کە بنەماڵەی بارزانی لە سیاسەتی کوردی و عێراقیدا سەنتەرو مەرجەعن، نەک کەسی دیکە. 
هەروەها ئەم دیدارانە یارمەتیدەرە لە چەسپاندنی دەسەڵاتی مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەناو حیزب و لە گۆڕەپانی سیاسی بەگشتی، ئەو بەرپرسانەی کە بەم ڕێکخستنانە ڕازین، شەرعیەت بە پەیامەکەیان دەدەن و بەهێزیان دەکەن تەنانەت ئەگەر مەبەستیان ئەوەش نەبێت.
 ئەگەر داوا لە زۆرێک لە هاوڵاتیانی ئاسایی هەرێمی کوردستانی عێراق بکەیت وەسفی سەرکردە سیاسییەکانیان بکەن  چ پارتی دیموکراتی کوردستان و چ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە "مافیا" ناویان دەبەن، لەڕاستیدا ئاماژەکانی پێشێلکردنی دیموکراسی ڕوون و ئاشکرایە، بەشداری کردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکان پاشەکشەی کردووە، گەنجان و خێزانەکانی چینی مامناوەند بە ژمارەی زۆر بەرەو ئەوروپا کۆچ دەکەن، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان بە تۆمەتی ساختە زیندانی دەکرێن، حکومەتی هەرێم مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی نادات.
ئیتر دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسە بیانییەکان کە بڕیاری چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بدەن، ئایا دەیانەوێت وەک ئێستا بەردەوام بن، یان کاتێتی شێوازێکی نوێ پیادە بکەن..؟

 

پەیمانگای واشنتۆن: وینسرۆپ رودجرز

جولة على كل آل بارزاني: كيف تحدد اللقاءات الدبلوماسية مع عائلة بارزاني معالم السياسة الكردية العراقية | The Washington Institute

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand