لەعنەتی دابەشبوون

Draw Media

2022-05-08 10:18:04



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

ناوەندی سیاسیی لە ھەرێمدا ھەم خۆی ناوەندێکی داوەشاو و دابەشە بەسەر چەندان خێزان و بنەماڵەی سیاسیی ناکۆک و جیاوازدا، لەناو یەک بنەماڵەشدا دابەشە بەسەر چەندان کەسایەتی و بەرەی ناتەبا و ناجۆردا. ھەم وزەیەکی گەورەی بەشبەشکردن و پارچەپارچەکردنی کۆمەڵاگەشە. ئەم کایە سیاسیە ڕێی لە دروستبوونی ھەر ھاوبەشێک گرتوە کە بکرێت ئیجماعێک لە ئیجماعەکانی لەسەر دروستببێت. ئەوەشی ھێزێکی گەورەی بەم ناوەندە سیاسییە بەخشیوە و کردویەتی بە کابوسێکی زەبەلاح، قۆرخکردنی ئابوریی و قۆرخکردنی دەزگاکانی دەوڵەت و قۆرخکردنی حوکمڕانیکردنە، لە ھەرێمدا.
ئەم ناوەندە سیاسییە چەندان نوخبەی جیاوازی داوەشاوی بە دەوری خێزان و بنەماڵە حوکمڕانەکاندا دروستکردوە. ماشێنێکی بیرۆکراسیی بەشبەش و مۆنۆپۆڵکراویشی بونیادناوە کە دابەشبوونەکان لە ئاستی دەزگایدا گەشەپێئەدات و ڕۆژانە لەڕێگای کارکردن و بڕیارەکانیەوە قووڵتر و گەورەتریان، دەکاتەوە. مارەکردنی ئەم جەستە شێواو و ھەڵوەشاوەش لە چەندان ھێزی سەربازیی و ئەمنیی گرێدراو بەخێزانە سیاسیی و بە کەسە سەرەکییەکانی ناو ئەو خێزانانەوە، دۆخەکە پڕدەکات لە توندوتیژیی و ئەگەری پەنابردن بۆ توندوتیژیی. ئەوەی دیمەنەکەش تەواو دەکات ئامادەگیی کۆمەڵێک پارتی سیاسیی چەکدارە، کە مێژوویەکی پڕ ڕق و جەنگ و جنێو و ڕاوانان و ئیھانە و درۆکردن بەیەکیانەوە، گرێئەدات. 


ئەم ناوەندە گەورە دابەش و ناتەبا و ناحەزە بەیەکتر، ڕۆژانە خەریکی دابەزاندن و بڵاوکردنەوەی کۆی دابەشبوونەکانی ناوخۆیەتی بەناو کۆمەڵگاکەدا و سەرقاڵی چاندنیانە لەناو خانە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایەدا. بەم مانایەیە کە دەڵێم، کایەی سیاسیی لە ھەرێمدا وەک وزەیەکی تێکدەر و پارچارچەکەر، وەک توانایەک بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەر ئیجماعێک، ئامادەیە و کاردەکات.
 ئەوەی ئەم کایە سیاسییە وەک ھێزێکی تێکدەر و بکەرەکانیشی وەک کەسایەتی سیاسیی، لەناویاندەبات، زۆرشتە، بەڵام لە ھەموویان گرنگتر و بنەڕەتیتر خودی بیرۆکەی نەتەوە خۆیەتی، نەتەوە وەک چوارچێوەیەکی گشتیی ھاوبەش بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان بەیەکەوە، وەک شوناسێکی کۆگیر کە بتوانێت ببێت بە بەشێک لە شوناسی تاکەکەس و گروپەکان. 
لە ڕووی تیورییەوە نەتەوە دروستکراوێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتییە. کۆمەڵگایەکی خەیاڵکردە، یەکەیەکی سروشتیی نییە خودا یان سروشت دروستیکردبێت. لەڕووی مێژووییەوە ئەوەی نەتەوە دروستدەکات سێ دەزگای سەرەکییە. یەکەمیان چاپخانەیە. دووھەمیان قوتابخانەیە. سێھەمیان سوپایە. مرۆڤ لەناو دەزگایانەدا دەکرێت بە ھاوڵاتی وڵاتێک، شوناسێکی ھاوبەش و گشتیی پێدەبەخشرێت و جۆرێک لە ئینتیمای تایبەتیشی بۆ دروستدەکرێت. لە چاپخانەدا، کە لە ئێستادا کۆی شێوازە جیاوازەکانی میدیاش دەگرێتەخۆی، بە میدیای دیگیتاڵییەوە، ھەم ئەدەبیاتی ھاوبەشی میلەتێک، ھەم زمانێکی ھاوبەش، ھەم ھەواڵ و دەنگوباسی ئەو نەتەوەیە، ھەم خەون و خەم و تەحەداکانی، بەرھەمدەھێنرێت و بڵاودەکرێتەوە. میدیا یەکێکە لە شوێنە سەرەکییەکانی دروستکردنی نەتەوە. ئەوەی لە دونیای ئێمەدا، لە ھەمووشتێک وێرانتر و بەشبەشتر و پارچەپارچەکراوترە، ئەم ماشێنە گەورەیەی دروستکردنی نەتەوەیە. چاپخانە و میدیا لە ھەرێمدا سەرزەمینی ناشتنی نەتەوەیە نەک دروستکردن و پاراستنی. 
قوتابخانە، دەزگای دووھەمی دروستکردنی نەتەوەیە. ئەم دەزگایە جگە لەوەی کە خوێندێکی ھاوبەش بە کۆمەڵگا دەبەخشێت و ھاوڵاتییەکی خوێندەوار و ھۆشیار دروستدەکات، ھاوکات یەک ”سەرەتای یەکسان“یش بە سەرجەمی ئەو منداڵانە دەبەخشێت کە دەبن بە ئەندامی ئەو نەتەوەیە. لە قوتابخانەدا کەسانێک پەروەردەدەکرێن کە ھەستدەکەن سەر بە یەک کۆمەڵگا و یەک مێژوون و یەک چارەنووس چاوەڕوانی ھەمووانە. ھەمووان ھاوڵاتی یەکسانی ئەو سەرزەمینەن کە ھاوبەشانە تیایدا دەژین و گەورەدەبن. ئەوەی لە ھەرێمدا بەتەواوی وێرانکراوە قوتابخانەیە ھەم وەک دەزگای بەرھەمھێنانی ھابەشی مێژوویی و پەروەردەیی و عەقڵیی، ھەم وەک شوێنی بەخشینی ”سەرەتای یەکسان“ بە ھەموو منداڵانی وڵاتەکە. سیستمی پەروەردە لە ھەرێمدا سیستمی گواستنەوەی سەرجەمی دابەشبوون و ناکۆکییە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ناوچەییەکانە بۆناو دونیای ئەو منداڵانەی ڕێیان دەکەوێتە ناو سیستمی خوێندنی ھەرێمەوە. 


دەزگای سێھەمی دروستکردنی نەتەوە، سوپایە. سوپا ئەو بەشە چەکدارەی نەتەوەیە کە ئەرکی ژمارە یەکی پاراستنی نەتەوە و نیشتیمان و کۆمەڵگایە لە ھەڕەشەی دەرەکیی، ئەوانەی لە سوپادا کاردەکەن ئەو ھاوڵاتییانانە کە ئامادەن، گەر پێویستی کرد، بە گیانی خۆیان بەرگریی لەو نیشتیمانەبکەن کە ئەوان سەربازیی ئەون. سوپا یان نیشتیمانییە یان دەزگایەکی ترسناکە و نابێت ھەبێت. ئەوەی لە بوون و خەیاڵ و عەقڵیەتی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمدا غائیبە، وێناکردنی سوپایە وەک ھاوبەشێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی. وەک دەزگای پاراستنی کۆمەڵگا. وەک ھێزێک کۆمەڵگا خاوەنی بێت. ئەوەی لە ھەرێمدا ئامادەیە، سوپای شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبییە، سوپایە وەک موچەخۆری خێزانە حوکمڕانەکان، نەک وەک ھێزی پاراستنی شتێک بەناوی نەتەوە و نیشتیمانەوە. ئەم ھێزانە ھەم دەکرێن بەگژ سوپای خێزان و پارتە سیاسییەکانی تردا، ھەم بەگژ کۆمەڵگاکە خۆیشیدا. 
بە کورتییەکەی ئەوەی لە ھەرێمدا کاردەکات لۆژیکێکی خێزانیی و بنەماڵەیی و حیزبیی و شەخسیی دابەشکەرە، کە ئیشکردنی ڕۆژانەی ئەم لۆژیکە ھەم پەرە بە دابەشبوون و پارچەپارچەبوونە سونەتیی و تەقلیدییەکان ئەدات، ھەم دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی نوێش دروستدەکات. ئەم دۆخە وایکردوە ھاوبەشێک بوونی نەمێنێت کۆمەڵگا بتوانێت بۆی بگەڕێتەوە، نە شاری ھاوبەش ھەیە، نە ناوچەی ھاوبەش، نە زمان و مێژوی ھاوبە، نە دەزگا و چاوەڕوانیی ھاوبەش. شتێکیش بەناوی بوونی کۆمەڵێک ئایدیال و خەونی ئایندەیی ھاوبەشەوە بوونی نییە. 
نەتەوە کۆمەڵەیەکی خەیاڵکردە و  ھەمیشە لەناوەوەی کۆمەڵگادا دروستدەکرێت. کەسان و ھێزگەلێک دروستیدەکەن توانای تێپەڕاندنی قازانج و مەسڵەحەتە شەخسییەکانی خۆیانیان ھەبێت،. بتوانن بچنە دەرەوەی گرێ دەرونییە شەخسییەکانیانەوە. نەتەوە لە دەرەوەڕا دروستناکرێت، ھیچ کەسێک نەتەوە و نیشتیمان بۆ ھیچ کەسێکی تر دروستناکات. ھەر میلەت و نەتەوەیەک دەبێت خۆیان میلەت و نەتەوە بۆ خۆیان دروستبکەن. ئەوەی لە ھەرێمدا سڕاوەتەوە ئەو ئیرادە سیاسییەیە کە بتوانێت لەودیوی دەسکەوت و قازانجە خێزانیی و شەخسییەکانەوە بیربکاتەوە و کاربکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand