سێ رۆژبوو كاریان لەو دوو بیرە نەوتەدا دەكرد
2022-05-14 20:44:36
درەو:
سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور بە (درەو)ی راگەیاند: تێمێكی هونەری هەرێمی كوردستان ماوەی سێ رۆژ بوو كاریان لە دوو بیری نەوتی سەربە كێڵگە نەوتیەكانی بای حەسەندا دەكرد و دەیانویست بیخەنەوەكار..
كۆمپانیای نەوتی باكور لە بەیاننامەیەكاد رایگەیاند: هێزێكی چەكداری سەربە حكومەتی هەرێم بە هاوڕێیەتی تیمێكی هونەریی هەستاوە بە زیادەڕۆیكردنەسەر بیرەكانی (كێڵگەی بای حەسەن/ داوود) بەمەبەستی قۆستنەوەی توانای بەرهەمهێنانی ئەم بیرانە لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێم.
ئەم بەیاننامەیەی كۆمپانیای نەوتی باكور لەلایەن وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە رەتكرایەوە.
سەرچاوەكەی (درەو) ئاماژەی بەوەكرد، لە مانگی 12ی 2021 روداوەكانی گوندی لهێبان روویداو بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە خەڵكەكەی ئاوارەبوون و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی گوندەكەی كردوو رێگەیدا هێزێكی پێشمەرگە لەو ناوچانە جێگیربكرێن بۆ پاراستنی ناوچەكە، بۆیە بەشێك لە بیرە نەوتییەكانی بای حەسەن كەوتە ژێر سنوری دەسەڵاتی پێشمەرگە كە ژمارەیان (24) بیرە نەوتە لە كۆی (198) بیرە نەوتی كێڵگەی بای حەسەن.
سەرچاوەكەی (درەو) وردەكاری زیاتری خستەروو رایگەیاند: تیمە هونەریەكەی حكومەتی ماوەی سێ رۆژبوو كاریان لە دوو بیرە نەوتدا دەكردو دەستیان بە پاككردنەوەی ئەو دوو بیرە كردبوو دەیانویست جارێكی تر كاری پێبكەنەوە هەرچەند ئەوە كارێكی زۆر قورسە چونكە بیرەكان بۆریان تێدا نیەو بە ئاسانی ناتوانرێت بخرێتەوە كار.
كێلگە نەوتیەكانی بای حەسەن و ئاڤانای كەركوك كە نزیكەی (400) بیرە نەوت دەبن، لەدوای هاتنی داعشەوە لە 2014 كەوتنە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵام لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو كێڵگانە كەوتنەوە ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراق.
راپۆرتی پەیوەندیدار
شەڕەكەی (لهێبان) بۆنی نەوتی لێ دێت !