Draw Media

جڤاتی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە لە حكومەت بكشێتەوە؟

جڤاتی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریداوە لە حكومەت بكشێتەوە؟

2022-05-12 10:36:42


 (درەو):
لەسەرەتای ئازاری ئەمساڵدا جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەزۆرینەی (22) دەنگ بەرامبەر بە (12) دەنگ بڕیاریدا گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەت بكشێتەوەو رۆژی 5ی ئازار لەیادی راپەڕیندا، بڕیاری كشانەوەكەی بۆ رایگشتی رابگەیەنێت، دوای زیاتر لە دوو مانگ هێشتا گۆڕان ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەكردووە، هاوكات لەگەڵ ئەو مشتومڕەی لەناو حزبەكەدا سەبارەت بە پرسی كشانەوە یاخود مانەوە دروستبووە، مەسرور بارزانی بڕیاریدا چەند پۆستێكی نوێ بۆ گۆڕان لەناو حكومەت پڕبكاتەوە. 

مشتومڕی كشانەوە !
چەند رۆژێكە سەرلەنوێ پرسی كشانەوە یاخود مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەرمبووەتەوە، دوو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی (نزار مەحمود، هۆشیار عومەر) رایانگەیاند" جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری كشانەوەی داوە لە حكومەت"، بەڵام هەرزوو لێدوانێك بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە رەتیكردەوە بڕیاری كشانەوە درابێت. 
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، لە كۆبونەوەیەكی تایبەتی سەرەتای مانگی ئازاری 2022 بڕیاریدا گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكشێتەوە. 
(درەو) رۆژی 9/3/2022 بە پشتبەستن بە لێدوانی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی وەكو یەكەمین میدیای كوردی راپۆرتێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: لە دواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا، پرسی كشانەوە لە حكومەت خراوەتە دەنگدان‌و لەكۆی (34) ئەندامی ئامادەبوو، (22) ئەندام دەنگیان داوە بۆ "كشانەوە"، لەبەرامبەردا (12) ئەندام "دژ"ی كشانەوە دەنگیان داوە. 
بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وا داڕێژرا بوو، بەر لە كشانەوە لە حكومەت، گۆڕان نامەیەك ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەم بكات، لەم نامەیەدا باس لە چەند خاڵێك وەكو هۆكاری كشانەوەی گۆڕان لە حكومەت بكرێت لەوانە:
•     گۆڕان بەمەبەستی چاكسازی بەشداری لە كابینەی نۆیەمدا كردووە، بەڵام وەكو ئەوەی ئێمە داوامان كردووە چاكسازی نەكراوە. 
•     دۆخی خەڵك خراپە، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان‌و خەڵكیش داهاتەكانی حكومەت روون نین. 
راپۆرتەكەی (درەو) ئاماژەی بەوەكردبوو، نامەیەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ مەسرور بارزانی ئامادە كراوە‌و رادەستی مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم لە پشكی گۆڕان‌و دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە پشكی گۆڕان كراوە، بۆ ئەوەی ئەم دوو بەرپرسەی گۆڕان نامەكە ئاڕاستەی مەسرور بارزانی بكەن، بەڵام تائێستا مستەفا سەید قادرو دانا عەبدولكەریم نامەكەیان رادەستی مەسرور بارزانی نەكردووە. 
لەبارەی هۆكاری رادەست نەكردنی نامەكە بە مەسرور بارزانی، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، تیمی گۆڕان لە حكومەت و بەشێك لە سەركردەكانی بزوتنەوەكە دژی بڕیاری كشانەوەن، بۆیە هەوڵی دروستكردنی كێشەیان بۆ دەنگدانەكەی جڤاتی نیشتمانی دروستكردووە.
ئەوانەی دژی بڕیارەكەن دەڵێن ئەو بڕیارە سەپێندراوە‌و لە كارنامەی كۆبونەوەكەی جڤاتدا نەبووە سەرباری ئەمە دەیانەوێت بڵێن ئەو (22) ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی كە دەنگیان داوە بۆ كشانەوە لە حكومەت، بەشێكیان وەكو ئەندامی جڤات گرفتیان هەیە‌و مافی دەنگدانیان نییەو سەرۆكی جڤاتی گشتی گۆڕان (جەمال حاجی محەمەد) كە دەنگیداوە مافی دەنگدانی نەبووە، ئەوان ویستیان لەم رێگەیەوە ژمارەی ئەو دەنگانەی كە پشتیوانی كشانەوە لە حكومەت دەكەن لە (22) دەنگەوە بۆ (17) دەنگ كەم بكەنەوە، لەم حاڵەتەشدا نیسابی تێپەڕاندنی بڕیارەكانی بە دەنگی (50+1) كێشەی بۆ دروست دەبێت‌و بڕیاری كشانەوە لە حكومەت جێبەجێ ناكرێت. 
(درەو) زانیویەتی، لەسەر بنەمای بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی، بڕیاربووە بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی راپەڕیندا واتە رۆژی 5/3 لە كابینەی نۆیەمی حكومەت بكشێتەوە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی "حكومەتی هەرێم بەرهەمی راپەڕینە‌و حكومەت شكستی هێناوە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی راپەڕین"، بەڵام ئەوانەی دژی كشانەوە بوون، شكستیان بەم بڕیارە هێنا لە یادی راپەڕیندا، هەندێكی تریشیان لەوانە (چیا نەوشیروان مستەفا) پێیانوابوو دەبێت كشانەوە لە حكومەت لەكاتێكی گونجاودا بێت‌و هەڵایەكی گەورە دروست بكات، نەك كارتەكە بەشێوەیەكی لاواز بەكاربهێنرێت. 
مشتومڕی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی كشانەوە لە حكومەت یاخود مانەوە لەكاتێكدایە، ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت، تەمەنی ئەم كابینەیە كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە تەنیا كەمتر لە پێنج مانگی ماوە، بەڵام ئەگەر دواخستنی هەڵبژاردن بەهێزە‌و ئەمەش وادەكات پەرلەمان تەمەنی خۆی‌و حكومەتیش درێژ بكاتەوە. 
بزوتنەوەی گۆڕان لەچوارچێًوەی ریًككەوتنێكدا لەگەڵ پارتی بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی كردووە، بەرپرسانی گۆڕان گلەییان لە پارتی هەیە‌و دەڵێن رێژەی 50%ی كرۆكی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، هەندێك لە بەرپرسانی بزوتنەوەكە زیاتریش دەڕۆن‌و دەڵێن 80%ی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، بەشێكی ئەم گلەییانەی پەیوەندی بە پۆستەكانی گۆڕانەوە هەیە لە حكومەت كە هێشتا هەندێكیان پڕنەكراونەتەوە.
بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ماوەی هەفتەیەكە مەسرور بارزانی بڕیاریداوە ژمارەیەك پۆستی تری گۆڕان لەناو حكومەت (بەڕێوەبەری گشتی‌و راوێژكار) لەناو حكومەت پڕبكرێتەوە‌و بڕیارە بەمزوانە دەستبەكارببن. 
بەمدواییە تیمی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت بەهۆی نیگەرانییەكانی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی چوە ناو كۆبونەوەیەكەوە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و تیمی پارتی، لەم كۆبونەوەیەدا ئاوات شێخ جەناب قایل كرا بەوەی بگەڕێتەوە بۆ كاركردن لەناو وەزارەتەكەی، هاوكات بڕیاردرا بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی گۆڕان هەندێك پۆستی تری بزوتنەوەكە لە حكومەت پڕبكرێتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand