پەرلەمانی كوردستان تەمەنی خۆی درێژدەكاتەوە ؟
2022-05-08 17:28:06
راپۆرت: درەو
پارتی پەیامێكی زارەكی بۆ یەكێتی نارد، بۆ تێپەڕاندنی پرسی هەڵبژاردن زۆرینەی پەرلەمانیی بەكارناهێنێت، رەنگە ئەم پەیامە كۆتایی بە سوڕی متبوونی پەرلەمانی كوردستان بهێنێت، بەڵام دواكەوتنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەرفەت دەكاتەوە لەبەردەم ئەوەی پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، وردەكاریی زیاتر لەم راپۆرتەدا.
لە وەرزی بەهارەدا پەكی كەوتووە
نزیكەی (70) رۆژە پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەی نەكردووە، پەرلەمانی كوردستان ئێستا لە وەرزی یاسادانانی (بەهارە)ی خۆیدایە، ئەم وەرزە بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لەسەرەتای مانگی ئازارەوە دەستپێدەكاتو لە كۆتایی مانگی حوزەیراندا تەواو دەبێت.
بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنو چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی، بەتایبەتیش ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی، دانیشتنەكانی پەرلەمان پەكیكەوتووە.
ناكۆكییەكان لەبارەی هەڵبژاردنەوە
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 1ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی دیاریكردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنەوە دوو ناكۆكی سەرەكیی لەنێوان حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە:
ناكۆكی یەكەم:
كرۆكی ناكۆكی لەبارەی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەكان پەیوەندی بە شێوازی هەڵبژاردنەوە هەیە، (یەكێتی، كۆمەڵی دادگەریی، یەكگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ، سێ پەرلەمانتاری گۆڕانو چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ) مانگی ئازاری ئەمساڵ پرۆژەیەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووەو داوا دەكەن هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە عێراق، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی "فرە بازنە" بەڕێوەبچێت، واتە هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێتو هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنە، ئەم بەرەیە پێیوایە پارتی بە سودوەرگرتن لە شێوازی یەك بازنەیی هەڵبژاردن توانیویەتی زۆرینەی پەرلەمانیی مسۆگەر بكاتو لەرێگەی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنەوە دەتوانرێت ئەو زۆرینەیەی لێ وەربگیرێتەوە كە لە خولی پێنجەمدا دروستی كردووە. ئەم بەرەیە لەكۆی (111) كورسی پەرلەمانی كوردستان خاوەنی (53) كورسی پەرلەمانن، زۆرینەی رەها لە پەرلەمانی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی بڕیارو یاسا هەستیارەكان بە پشتیوانی دەنگیی (56) پەرلەمانتار پێكدێت، واتە ئەم بەرەیە لەڕووی زۆرینەوە توانایان نییە بە زۆرینەی بیرۆكەكەی خۆیان بۆ شێوازی "فرە بازنەیی" هەڵبژاردن تێپەڕێنن.
لەبەرامبەر ئەمانەدا بەرەیەكی تر هەیە كە داوا دەكات هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی رابردوو، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی "یەك بازنەیی" بەڕێوەبچێت، واتە هەرێمی كوردستان هەمووی یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، پارتی سەرۆكایەتی ئەم بەرەیە دەكاتو (11 كورسی كۆتاكان، حزبی سۆسیال دیموكرات، حزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتكێشان) پشتیوانی لێ دەكەن، پارتی لەرێگەی شێوازی (یەك بازنەیی)ەوە دەیەوێت لە خولی شەشەمی پەرلەمانیشدا زۆرینەی بەدەستەوە بێت، لایەنەكانی تریش كە ژمارەی دەنگدەرانیان سنوردارە، ترسیان هەیە بەهۆی شێوازی فرەبازنەییەوە دەنگەكانیان دابەش ببێتو نەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ پەرلەمان سەربخەن.
ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردن دەبێت بەر لە شەش مانگ لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەواو ببێت، بەڵام ئێستا لە هەرێمی كوردستان كەمتر لە پێنج مانگ دەرفەت لەبەردەم كۆمسیۆندایە بۆ سازدانی هەڵبژاردنو هێشتا لایەنەكانی لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنەوە ناكۆكن، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتیدا كە بەسەرپەرەشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی حزبەكە بەڕێوەچووە، سەرلەنوێ جەخت لەسەر شێوازی (یەك بازنەیی) كراوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی هێشتا سورە لەسەر شێوازی فرەبازنەیی.
ناكۆكی دووەم:
خاڵێكی تری ناكۆكی نێوان لایەنەكان لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانەوە پەیوەندی بە چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسییەوە هەیە.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی كوردستان لە كۆتاییەكانی ساڵی 2014وە دروستكراوە، تەمەنی یاسایی هەر خولێكی ئەم كۆمسیۆنە (5) ساڵە، لە 23ی كانونی یەكەمی 2019وە تەمەنی یاسایی كۆمسیۆن كۆتایی هاتووە، واتە نزیكەی ساڵو نیوێكە لە بۆشایی یاسایدایە، بەڵام پەرلەمانی كوردستان چارەسەری بۆ ئەم كێشە بنەڕەتییە نەدۆزیوەتەوەو ئێستا ئەم كێشەیە وەكو بۆمبێك تەقیوەتەوە بە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمدا.
ژمارەی ئەندامانی ئەم كۆمسیۆنە لەسەر بنەمای ژمارەی كورسی لایەنەكان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا دیاریكراوە، ئەو لایەنانەی كە ژمارەی كورسییەكانیان لە خولی چوارەمدا زۆر بووەو پشكی زیاتریان بەركەوتووە، ئێستا ناخوازن دەستكاری كۆمسیۆن بكرێتو تەنیا داوا دەكەن پەرلەمان بە بڕیارێك تەمەنی كۆمسیۆنەكە درێژ بكاتەوەو كورسییە بەتاڵەكانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن لەسەر هەمان هاوكێشە كۆنەكە پڕبكرێتەوە، ئەو لایەنانەشی كە لە خولی پێنجەمدا ژمارەی كورسییەكانیان زیادی كردووە داوا دەكەن دابەشكارییەكە نوێ بكرێتەوە، بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە دوو بیرۆكە لەئارادان، هەندێك داوا دەكەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پرۆسەكە بەڕێوەببات، هەندێكی تر دەڵێن كارەكە رادەستی دادوەران بكرێت.
لەپاڵ ئەم دوو ناكۆكییە سەرەكییەدا، هەندێك ناكۆكی تر لەنێوان لایەنەكاندا هەن، بەتایبەت (11) كورسی كۆتاكان، كە بەرەی یەكێتیو لایەنە هاوپەیمانەكانی لە یاسای هەڵبژاردن داوای هەمواركردنی دەكەنو پێیانوایە كورسی كۆتاكان لەلایەن پارتییەوە كەڵكی لێوەرگیراوە.
كێ بەرپرسە لە پەككەوتنی پەرلەمان ؟
پارتی بەرپرسیارێتی پەككەوتنی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەخاتە ئەستۆی (رێواز فایەق)ی سەرۆكی پەرلەمان كە نوێنەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات و بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ تەنیا ئەو مافی بانگهێشتكردنی پەرلەمانتارانی هەیە بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمان، یەكێتی ترسی لە زۆرینەی پارتی لەناو پەرلەمان هەیە، گومانی هەیە لەحاڵی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەماندا، پارتی پاڵپشت بە زۆرینەی (50+1)ی خۆیو كۆتاكانو لایەنە هاوپەیمانەكانی، هەمواری یاسای هەڵبژاردنو شێوازی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنو راپرسی بەوشێوەیە تێپەڕێنێت كە خۆی دەیەوێت، بۆیە یەكێتی لەڕێگەی سەرۆكی پەرلەمانەوە دەرگای لەسەر ئەم ئەگەرە داخستووە.
پارتی كە پاڵپشت بە (11) كورسی پێكهاتەكان، خاوەنی زۆرینەی رەهای كورسییەكانی پەرلەمانە، لەڕووی یاساییەوە لەتوانایدایە یاسای هەڵبژاردن بەوشێوەی خۆی دەیەوێت تێپەڕێنێتو پەرلەمانی كوردستتان هەڵوەشێنێتەوەو یەكێتیو لایەنەكانی تر ناچار بكات مل بدەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، بەڵام واقعی دابەشبوونی هەرێمی كوردستان بەسەر دوو ناوچەی دەسەڵاتدارێتی (پارتیو یەكێتی)دا، رێگرە لەوەی پارتی هەنگاوی لەم جۆرە هەڵگرێت، چونكە یەكێتی بە رێگریكردن لە بەڕێوەچووی هەڵبژاردن لەناوچەی دەسەڵاتدارێتی خۆیدا دەتوانێت پرۆسەكە لەڕووی واقعییەوە پەكبخات.
سەرەتای ناكۆكییەكان لەبارەی هەڵبژاردن، پارتی ئاماژەی بەوەدا پەنا بۆ بەكارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی دەبات، بەڵام هەرزوو لەم هەڕەشەیە پاشگەزبووەوە، وادەردەكەوێت پارتیش هاوشێوەی یەكێتی زۆر سور نەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، دەیەوێت لەبەردەم رایگشتی ناوخۆو دەرەوەدا ئەوە نیشان بدات كە یەكێتیو لایەنەكانی تر رێگرییان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە كردووە.
ئەمڕۆ وتەبێژی فەرمی پارتی دوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی وتی: هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دواین هەنگاوە كە پارتی پەنای بۆ ببات.
ئێستا یەكێتی كە هەندێك دڵنیایی وەرگرتووە لەوەی پارتی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردن بەكارناهێنێت، رەنگە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەستپێبكاتەوە، بەڵام چارەنوسی هەڵبژاردنی خولی شەشەم بە نادیاری دەمێنێتەوە.
پەرلەمان درێژی دەكاتەوە ؟
تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ كۆتایی دێت، واتە خولی ئێستا تەنیا (5) مانگ تەمەنی ماوە، لەدوای ئەم وادەیەوە ئەگەر هەڵبژاردنی خولی شەشەم بەڕێوەنەچێت، دەبێت پەرلەمان بە بڕیارێك تەمەنی یاسایی خۆی درێژبكاتەوە تا ئەو كاتەی لایەنەكان لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەگەنە رێككەوتن.
پەرلەمانی كوردستان ساڵی 1992 دامەزراوە، ئەمەش دوای كشانەوەی سوپای عێراق لە ناوچە كوردییەكان، خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان ماوەی 13 ساڵی خایاند، ئەمە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی نێوان پارتیو یەكێتییەوە، لە كۆتایی ساڵی 1995دا بەهۆی ئەم شەڕەوە پەرلەمانی كوردستان پەكی كەوتو داخرا، ساڵی 2015 بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنەكان بەدیاریكراویش پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر یاسای درێژكردنەوەی تەمەنی یاسایی سەرۆكی هەرێم (مەسعود بارزانی)، پارتی دەرگای پەرلەمانی داخستو پەرلەمان تاوەكو 2017 پەكی كەوتو لەو ساڵەدا بۆ تێپەڕاندنی بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی پەرلەمان كارا كرایەوە.
ئیمتیازی پەرلەمانتاران
پەرلەمانی كوردستان كە بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتییەوە نزیكەی (70) رۆژە پەكی كەوتووە، بەپێی یاسا ئیمتیازە داراییەكەی بەمشێوەیە:
• پەرلەمانتار لە هەرێمی كوردستان تێكڕای موچەكەی بە موچەی بنەڕەتیو دەرماڵەوە (8 ملیۆنو 84 هەزار) دینارە، واتە هاوتاو تاڕادەیەكیش زیاترە لە موچەی وەزیر.
• بەپێی یاسا، پەرلەمانتاری كوردستان سێ كەسی وەكو هاوەڵ لەگەڵدایە، ئەمانە یەكێكیان شۆفێرو دوانەكەی تر پاسەوانی تایبەتن، موچەی شۆفێرو پاسەوانان ناكەوێتەسەر موچەی پەرلەمانتار، بەڵكو لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دابین دەكرێت.
• سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان موچەكەی لەچوارچێوەی موچەی سێ سەرۆكایەتییەكەدایە، مانگانە بڕی موچەكەی (12 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە، ئەمە سەرباری ئەو نەسریەی كە لەبەردەستیدایە.