كۆمپانیای دانەغاز 54 ملیۆن دۆلار قازانجی كردووە
2022-05-11 16:55:52
(درەو):
كۆمپانیای (دانە غاز)ی ئیماراتی كە وەبەرهێنانی لە كێڵگەی (كۆرمۆر) دەكات لەناوچەی قادر كەرەم، ئەمڕۆ راپۆرتی دارایی خۆی بۆ چارەكی یەكەمی ساڵی 2022 بڵاوكردەوە.
بەپێی راپۆرتەكە، پوختەی قازانجی كۆمپانیاكە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی 125% زیادی كردووەو گەیشتوەتە (54 ملیۆن) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە چارەكی یەكەمی ساڵی رابردوو، پوختەی قازانج بڕەكەی (24 ملیۆن) دۆلار بووە.
راپۆرتەكە باسلەوە دەكات، لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتی دانەغاز گەیشتوەتە (140 ملیۆن) دۆلار، واتە بەبەراورد بە ساڵی رابردوو، چارەكی یەكەمی ئەمساڵ داهاتی كۆمپانیاكە بەڕێژەی 32% زیادی كردووە، چونكە ساڵی رابردوو لە چارەكی یەكەمدا داهات بڕەكەی (106 ملیۆن) دۆلار بووە.
دانەغاز هۆكاری ئەم زیادبوونەی قازانجو داهاتی كۆمپانیاكە بۆ بەرزبونەوەی نرخی نەوتو هەوڵی كۆمپانیاكە لە بواری بەڕێوەبردنی خەرجییەكان دەگەڕێنێتەوە.
راپۆرتەكە دەڵێ" تێكڕای وەبەرهێنانی ساڵانەی دانە غاز لە هەرێمی كوردستان وەكو خۆی ماوەتەوەو جێگیرە، ناوەندی وەبەرهێنان لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا لە كێڵگەی كۆرمۆر بڕی 35 هەزارو 400 بەرمیل غازو كۆندێنسەیەت بووە، ئەمە لەكاتێكدا ساڵی رابردوو لەم ماوەیەدا بڕەكە 35 هەزارو 300 بەرمیل بووە.
دانە غاز لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا هەر بەرمیلێك كۆندێنسەیتی لە كۆرمۆر بەبڕی (82) دۆلار فرۆشتووە، بەرمیلێك غازی (LPG) بە بڕی (43) دۆلار فرۆشتووە، ئەم نرخانە لە ساڵی رابردوودا 44 دۆلار بووە بە 33 دۆلار.
لەبارەی پرۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆرەوە دانە غاز ئاماژە بەوە دەكات، پرۆژەكە بەپێی خشتەی زەمەنیی دیاریكراوی خۆی بەڕێوەدەچێتو بڕیارە لە چارەكی دووەمی ساڵی 2023دا دەست بە بەرهەمهێنان بكات.
كۆمپانیا ئیماراتییەكە بڕی شایستەی دارایی خۆی لە هەرێمی كوردستان بۆ چارەكی یەكەمی ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان بە (59 ملیۆن) دۆلار دیاریكردووە.
دانەغاز كۆمپانیایەكی بواری بەرهەمهێنانی غازی سروشتییە، لەساڵی 2005 دروستكراوەو لە بازاڕی دراوی ئەبوزەبی تۆماركراوە، جگە لە هەرێمی كوردستان، لە میسرو ئیماراتی عەرەبیش كاردەكات.