جۆر و كوالێتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدان ؟

Draw Media

2022-05-09 21:08:34



 درەو:
نەوزادی موهەندیس

بەشی دووەم

•    جۆرە بەناوبانگەكانی نەوتی جیهانی و عەرەبی كامانەن ؟
سەرەڕای بەناوبانگی هەردوو جۆری نەوتی خاوی برنت و ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەنجی كە لەسەر ئاستی جیهاندا بەناوبانگن، زۆر جۆری تری  نەوت هەن كە  سیفاتەكانیان لە جێگەیەكەوە بۆ جێگەیەكی تر دەگۆڕێن.
دەتوانرێت جیاكاری بكرێت لەنێوان جۆرە جیاوازەكانی نەوتدا لەسەر بنەمای جیاوازیان لە چڕیەكانیاندا( ( واتە كێشیان بەراورد بە قەوارەكەیان)) و هەروەها پلەی ترشێتیشیان((ڕێژەی كبریت تیایاندا)) لەناو هۆكارەكانی تردا.
•    یەكەی لێكۆڵینەوەی وزە دیارترین پلە و ئاستی نەوتە خاوەكان لە جیهاندا باس دەكات،كە لەناویشیاندا نەوتی خاوی برنت و ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەندیشی تیادایە،وەك لای خوارەوە: 
1.    نەوتی خاوی برنت.
نەوتی خاوی برنت، جۆرێكی نەوتی خاوە كە وەك پێوەرێكی پێوانەیی بەكاردێت بۆ نرخدانانی نەوتی خاو كە 2/3 نەوتی خاوی جیهان لەسەربنەمای نرخی نەوتی خاوی برنت دادەنرێت.بەتایبەتیش لە بازاڕەكانی ئەوروپا و ئەفریقادا.ئەم جۆرە نەوتە لە تێكەڵەیەكی نەوتی لە 15 كێڵگەی جیاواز پێكدێت لە هەردوو ناوچەی برنت و تینیان كە هەندێكێان دەكەونە بەریتانیا و هەندێكی تریشیان دەكەونە نەرویجەوە. و دادەنرێت بە نەوتی سوك و شیرین بەهۆی ئەوەی كە API=38پلە و ڕێژەی كبریتیش تیایدا دەگاتە 0.37% كە زۆرر نزمە. و هەمیشە نرخەكانی بەرزترە لە جۆرەكانی تری نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا.

2.    نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەنج
نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەنج WTI پلەیەكە لە نەوتی خاوی سوكی شیرین.لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا بەرهەم دێت،بەتایبەتیش لە ولایەتی تەكساس پایتەختی پیشەسازی نەوتی ئەمریكی.
نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەنج پێوەرێكی پێوانەیی جیهانی بوو بۆ جۆرەكانی نەوت بۆ چەندین ساڵ،پێش ئەوەی كە نەوتی خاوی برنت  جێگای ئەو بگرێتەوە.بەڵام سەرەڕای ئەوەش نەوتی خاوی ئەمریكی هەر وەك پێوەرێكی گرنگ دادەنرێت بۆ ئەمریكای باكور(((گەورەترین بازاڕی نەوت لە جیهاندا)).
نرخەكانی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەكساسی مامناوەنج لە 3 ناوچەی سەرەكیدا دیاریدەكرێت:- میدلاند،بریتیە لە نزیكترین خاڵی نرخدانان بۆ بەرهەمی كردارەكی بۆ نەوتی خاو و یەكێكە لە خاڵە كۆكەرەوە سەرەكیەكان.بەڵام كۆشینگ،بریتیە لە ناوەندی كۆكەرەوە بۆ گەورەترین كۆمەڵ لە بۆریەكانی نەوت كە نەوت دەگوێزێتەوە بۆ سەرتاپای وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.بەڵام ناوچەی سێهەمیان بریتیە لە هیوستن،كاتێك نەوتی خاو لەڕێگەی بۆری نەوتەوە دەگاتە كوشینگ و میدلاند،دواتر باردەكرێت لەڕێگەی بۆریەوە بۆ پاڵاوگەكانی كەنار كەنداو.یان هەناردەكردنی لەڕێگەی بارهەڵگرەوە ((گوێزەرەوەكان))بۆ بازاڕەكانی جیهان.

3.    نەوتی خاوی عەرەبی سوك
نەوتی خاوی عەرەبی سوك((Arab Light) بریتیە لە پلەیەكی نەوتی خاوی مامناوەنج لەڕووی چڕی و ترشێتیەوە.كە لە بنچینەدا لەلایەن سعودیەوە بەرهەم دێت لە كێڵگەی غەوار،لەگەڵ چەند كێڵگەیەكی تردا. جا ئەم جۆرە نەوتە خاوە بریتیە لە پێوەرێكی خاوی جیهانی،هەروەها پلەی سەرەكی هەناردەی سعودیە بۆ ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریكای باكور.و نرخ دانانی ئەم جۆرە نەوتەش بەبەكارهێنانی هاوكێشەیەكی ناوچەیی دیاریدەكرێت لەسەر پێوەرەكان لەهەر ناوچەیەك لەناوچەكانی بەرهەمهێنان.

4.    نەوتی خاوی بونی سووك ((Bonny Light)) 
بریتیە لەنەوتێكی خاوی سوكی شیرین. كە وڵاتی نەیجیریا لە حەوزی دەلتای نەیجر بەرهەمی دەهێنێت.ناوەكەشی لە ناوی شاری بونی وە هاتوە.و دادەنرێت بە پێوەرێكی گرنگ بۆ بەرهەمی نەوت بۆ تەواوی ڕۆژئاوای ئەفریقا.و هەناردەی گەلێك لە وڵاتانی ئەوروپا دەكرێت وەك : ئیسپانیا و هۆڵەندا و فەڕەنسا و هەروەها بەڕازیل و ئەرجەنتین لە ئەمریكای باشوور.
ئەم جۆرە نەوتی خاوە بەوە جیادەكرێتەوە كە بەرهەمێكی زۆری بەنزینی لێوە بەرهەمدێت.كە وایلێكردوە ببێتە نەوتێكی خاوی بەربڵاو لە پاڵاوگەكانی ئەمریكادا،بەتایبەتیش لەسەر كەناری ڕۆژهەڵاتی ئەمریكا.

5.    نەوتی خاوی ئیسپۆ
نەوتی خاوی ئیسپۆ( ESPO) بریتیە لە پلەیەكی نەوتی خاوی سوكی شیرین،كە لە ڕووسیا بەرهەم دێت،و لەڕێگەی بۆریەوە لە ڕۆژهەڵاتی سیبریا و زەریای هندیەوە دەگوازرێتەوە بازاڕەكانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و بەتایبەتیش چین و یابان و كۆریای باشوور دادەنرێن بە دیارترین هاوردەكارانی ئەو جۆرە نەوتە خاوە.سەرەڕای كەنارەكانی ڕۆژئاوای ئەمریكاش.

6.    نەوتی خاوی مێری
نەوتی خاوی  مێری (Merey) بریتیە لە پلەیەك لە نەوتی خاوی قورس،لە فەنزەوێلا بەرهەدێت ((كەلەئێستادا لەلایەن ئەمریكاوە گەمارۆی خراوەتە سەر)) ،بەتەنیشت خاوی مێسا (( MESA))ی سوكەوە،كە بەزۆری لەناوخۆدا بەكاردێت.
ئەم جۆرە نەوتە خاوە((مێری)) بەزۆری هەناردە دەكرێت،لەبەرئەوەی پاڵاوگە ئەوروپی و ئاسیاییەكان زیاتر خواستیان لەسەرێتی وەك لە نەوتی سوك.
7.    نەوتی خاوی بەسرەی سوك
نەوتی خاوی بەسرەی سوك(Basrah Light) بریتیە لە نەوتێكی خاو كە عێراق بەرهەمی دێنێت.كە بریتیە لە بڕی گەورەی بەرهەمهاتوو لە عێراقدا(( نزیكەی 3 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا)) كە بریتیە لە پلییەكی نەوتی خاو كە چڕیەكەی مام ناوەنجیە لەگەڵ ترشێتیەكەیدا.
ئەم جۆرە نەوتە خاوە سوكە لە بەندەری بەسرەی نەوتیەوە  لەگەڵ وێسگەی خۆر عەمیەی نەوتیەوە هەناردە دەكرێت،لەگەڵ نەوتی خاوی قورسی بەسرەدا.كە بەهەمان شێوە لەلایەن عێراقەوە بەرهەم دێت.
8.    نەوتی خاوی ئازەری سوك
نەوتی خاوی ئازەری سوك (Azeri Light) پلەیەكە لە نەوتی خاوی سوكی شیرین،كە لەوڵاتی ئازاربایجانەوە بەرهەمدەهێنرێت.ئەم جۆرە نەوتە بەرهەمێكی زۆری هەیە لە پێكهاتە و بەرهەمە سوك و مامناوەنجیەكاندا و دەگاتە بازاڕەكانی ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریكاش.
9.    نەوتی خاوی موربان
نەوتی خاوی موربان   (Murban crude) بریتیە لە پلەیەك لە نەوتی خاوی سوكی شیرین كە لەلایەن ئیماراتەوە بەرهەم دەهێنرێت.لەڕێگەی كۆمپانیای پتڕۆڵی ئەبوزەبی نیشتیمانیەوە( ادنوك).یەكەم جار ئەم جۆرە نەوتە خاوە لەساڵی 1958دا دۆزرایەوە لە كێڵگەی موربان،كە لە ئێستادا نیوەی بەرهەمی كۆمپانیای(ادنوك)پێكدەهێنێت كە بڕەكەی 4 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێكدا. و ئەم جۆرە نەوتە خاوە هەناردە دەكرێت لە بەندەری فوجەیرە وشاخی زەنەی ئیماراتیەوە بۆ وڵاتانی : یابان و چین و كۆریای باشوور و تایلاند و هتد.
10.    نەوتی خاوی ئێرانی سوك
نەوتی خاوی ئێرانی سوك (Iran Light) بریتیە لە پلەیەك لە نەوتی خاوی چڕی مامناوەنج.هەروەها نەوتێكی خاوی ترشە.كە جۆری سەرەكی نەوتی خاوی هەناردەكراوی ئێرانە.
وڵاتی چین دادەنرێت بەگەورەترین هاوردەكاری ئەم جۆرە نەوتەی ئێران.بەتایبەتیش لەكاتی گەمارۆكانی ئەمریكادا،هەروەها ئێران نەوتی خاوی قورسیش بەرهەم دێنێت.كە بریتیە لەنەوتێكی خاوی قورسی ترش.

•    جۆر و كوالێتی نەوت و غازی سروشتی عێراق
ئاشكرایە لە عێراقیشدا ژمارەیەكی زۆر كێڵگە و بیری نەوتی  وبڕی یەدەگی نەوتی دەگاتە 145.2 ملیار بەرمیل و بەمەش پێنجەم وڵاتی جیهانە لەبڕی یەدەگی نەوتیدا ودووەم وڵاتی بەرهەمهێن و هەناردەكاری ڕێكخراوی ئۆپێكیشە، غازی هەیە  بەبڕی124.6 تریلیۆن پێ‌ سێجا یەدەگی دڵنیا لەساڵی 2020و بەمەش چوارهەم وڵاتی عەرەبیە.كە دەكاتە ڕێژەی 1.9% لە یەدەگی غازی جیهان. عێراقیش بۆخۆی یەكێكە لەو وڵاتانەی كە لە ساڵی 1927وە دەستیكردۆتە بەرهەمهێنانی نەوت لەكەركوك و خانەقین و دواتر موصڵ و بەسرە و جێگەكانی تر و لەساڵی 1930شەوە دەستیكردۆتە فرۆشتنی نەوت. بەهەمان شێوە نەوت و غازی عێراقیش لە جۆری سوك و قورس و شیرین و ترشیشی تیادایە.

1.    كێڵگەی نەوتی بەسرە
جۆرو كوالێتی نەوتەكەی مام ناوەنجە لەنێوان ((سوك و قورسدا))یە و ئەوەتا API=29-30  كە لە مینای بەسرەوە هەناردە دەكرێت و جۆرێكەی تریشی كە API=30-31 و لە مینای تەوافات جدید وە هەناردە دەكرێت.
2.    كێڵگەی نەوتی كەركوك
كێڵگەیەكی ((عیملاق))ە و بڕی یەدەگی 9 ملیار بەرمیل نەوتە،پێنج بیرە نەوتی هەیە((جەنبور و خەبازیە و باباگوڕگوڕ و هاڤانا و بای حەسەن)) ە،جۆری نەوتەكەی زۆر باش نیە،چونكە ڕێژەی كبریتی بەرزە. و پێش هەناردەكردنی پێویستە چارەسەر بكرێت لە یەكەكانی ((تركیز و معالجە))دا و چڕیەكەشی مام ناوەندە API=32-33.

•    جۆر و كوالێتی نەوت و غازی سروشتی هەرێمی كوردستان

وەك لە سەرەتاوە باسمانكرد كە جۆری باش و خراپی نەوت و غازی سروشتی وەكو دوو سەرچاوەی وزە و وەك دوو جۆری سووتەمەنی هەڵهێنجراو لە ژێر زەویەوە  و وەك پێكهاتەیەكی هایدرۆكاربۆنی لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر تەنانەت لەناو یەك وڵاتیشدا لە جێگەیەك یان ناوچەك بۆ ناوچەیەكی تر سیفات و پێكهاتەكانیان دەگۆڕێت،ئەوەتا هەر لە باشووری عێراقدا هەردوو جۆری نەوتی سوكی بەسرە و نەوتی قورسی بەسرەش هەیە لە ڕووی چڕیەكانیانەوە یان لەسەر بنەمای بوونی ڕێژەی كبریت تیایاندا، بەهەمان شێوە بۆ غازی سروشتیش بەوە جیادەكرێتەوە چەندە ڕێژەی غازی H2S تیادا و لەسەر ڕێژەی ئەو غازە ناودەبرێت بە غازی شیرین یان غازی ترش.جا بۆ نەوت جۆری سوكەكە خواستی لەسەر زیاتر و پڕۆسەی دەرهێنانیشی تێچووی كەمترە بەبەراوورد بە نەوتی قورس. بۆ غازی سروشتیش بەهەمان شێوە غازی شیرین داواكاری زیاتر لەسەرە  لە بازاڕەكانی جیهانیدا بەبەراوورد بە غازی ترش.چونكە هەم بۆ نەوتی قورس و هەم بۆ غازی ترش دەبێت تەكنەلۆژیای زیاتر و پڕۆسەی كیمیاوی زیاتر بەكاربهێنرێت لەكاتی دەرهێنان و پاڵاوتنیاندا كە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تێچووی ئابوریان.
لەهەرێمی كوردستانیشدا لەهەردوو جۆرەكەی تیادایە  چ بۆ نەوتی خاو یان غازی سروشتیەكەی.

1.    كوالێتی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستان
وەك ئاشكرایە لە كوردستاندا  50 بلۆكی نەوتی هەیە لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا هەر لە بەعشیقە و ئەلقوش تا دهۆك و زاخۆ و شێخان و هەریر و میران و خۆرمەڵەی هەولێر و پیرمامو دەشتی بیتوێن و  كۆیە/تەقتەق وسلێمانی و قەرەداغ و چەمچەماڵ و گەرمیان و چیاسورخ و...هتد.كە بڕی یەدەگی نەوتەكەی دەخەمڵێنرێت لە نێوان 45-60 ملیار بەرمیل.كە لەلایەن كۆمپانیای جیاوازی جیهانیەوە كاریان تیادا دەكرێت.جا هەر كێڵگەیەك سیفات و كوالێتی نەوتەكەی بەپێی سروشتی جیۆلۆجی خاكەكەی دەگۆڕێت لەنێوان  نەوتی خاوی ((سوك یان مام ناوەنج یان قورس))دا،لەخوارەوە باس لە كوالێتی ئەو كێڵگە نەوتیانە دەكەین وەك نموونە:

•    نەوتی خاوی تەقەتەق
ئەم كێڵگەیە ((نەوتیە)) ودریژیەكەی 12 كم و بەدرێژی 78كم و تیرەی 20 انج بۆری نەوتەكەی دەگوازرێتەوە بۆ نزیك كێڵگەی خۆمەەڵە لەهەولێر و لەوێشەوە بەرەو بەندەری جیهانی توركیا.كوالێتی نەوتەكەی لە جۆری زۆر باشە چونكە API=48 پلە و زۆر سوكە كو بریتی تیادا نیە و پێویست بە چارەسەر ناكات پێش هەناردەكردنی و لەهەندێ‌ بیریدا API=51 كە زۆر باشە و زۆر سوكە و تەنانەت ناودەبرێت بە ((شامپانیای ڕەش)).تێوەكەی بەو جۆرە باشەوە بریتیە لە 1.5 دۆلار.كە زۆر هەرزانە.و لەلایەن كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی توركیەوە بەڕێوەدەبرێت و زۆر بەنرخێكی هەرزان گرێبەستی لەگەڵدا كراوە.
•    كێڵگەی كوردەمیر
دەكەوێتە ناوچەی گەرمیانەوە و كێڵگەیەكی ((نەوتی -غازیە)) و كوالێتی نەوتەیكەی زۆر سوكە چونكە API=61 لەبیری ژمارە -1-دا و لە بیری ژمارە-2-شدا API=38-42 و هەروەها كبریتیشی تیادا نیە و بە كێڵگەیەكی ((عیملاق))دادەنرێت چونكە بڕی نەوتی هەبوو كە دەتوانرێت دەربهێنرێت دەگاتە 500ملیۆن بەرمیل.
•    بلۆكی  گەرمیان
كێڵگەیەكی ((نەوتی –غازیە)) و لە كێڵگەی :
1.    سەرقەڵا 
2.    میل قاسم: نەوتەكەی زۆر باشە چونكە API=43-44  و زۆر سوكە و لەلایەن كۆمپانیای ویسترن زاگرۆسەوە بەڕێوەدەبرێت.
•    بلۆكی نەوتی دهۆك
1.    كێڵگەی نەوتی تاوگێ‌
جۆری نەوتەكەی لە جۆری مام ناوەنجە و لە 8 بیرە نەوت پێكدێنت كە API لەنێوان 23.5-28.4 دایە و لەجۆری مامناوەنج و قورسن و درێژی 25كم و پانی 3كم دەبێت.ئەم كێڵگەیە بە ((گەوهەر تاج)) ناودەبرێت بەهۆی ئەوەی دەشسكەوت و قازانجێكی زۆر هەبوە بۆ كۆمپانیای DNO نەرویجیەوە كە بەڕێوەی دەبات.چونكە تێووی دەرهێنانی بۆ 1 بەرمیل تەنها 2.11دۆلارە،بەبەراوورد بە تێژووی نەوت لەیەم كە بریتیە لە 23.95 دۆرلار بۆ 1 بەرمیل.
•    كێڵگەی شێخان
نەوتەكەی لە جۆری مام ناوەنجە API=27پلە و بوونی كبریت بە ڕێژەیەكی كەم تیایدا. و بڕێك زۆر غاز و نەوتیشی تیادایە.

2.    كوالێتی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان
ئاشكرایە بوونی غازی سروشتی بەدوو جۆری سەرەكی هەیە،یان بەتەنها Free Gas،یانیش لەگەڵ نەوتی خاودا هەیە  Assotiated Gas، و بڕی یەدەگی غازی سروشتیش لە كوردستاندا دادەنرێت بە 5,2 تریلیۆن مەتر سێجا كە بڕێكی باشە.لەكوردستانیشدا  هەردوو جۆرەكەی هەیە:
•    كێڵگەی غازی كۆرمۆر
كێڵگەیەكی بچووك-مامناوەندە لەڕووی ڕووبەرەوە،دەكەوێتە سنوری پارێزگای صلاح الدین و باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری تووزخورماتوو بەدوری 35كم لەڕێگای گشتی تووز-كەركوك،لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوری سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراقیەوە تا ساڵی 2003وە بەڕێوەدەبرا.جۆری غازەكەی شیرینە و ڕێژەی H2S تیادا كەمە .و بەمەش لەجۆری باش دادەنرێت و دەتوانرێت ڕاستەوخۆ بەكاربهێنرێت چونكە كبریتی تیادا نیە.و لەلایەن كۆمپانیای دانا غازی ئیماراتیەوە بەڕێوەدەبرێت لەساڵی 2007وە.هێڵی بۆری غازی بەدرێژی 176 كم ڕاكێشراوە بۆ 2 وێسگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سلێمانی و هەولێر و كۆمپانیای كاریش بۆری گواستنەوەی غاز ڕادەكێشێت بۆ وێسگەی كارەبای دهۆك.
•    كێڵگەی غازی چەمچەماڵ
جۆری غازەكەی لەجۆری باشە و 2 بیری تیادایە و لەلایەن كۆمپانیای دانا غازەوە بەڕێوەدەبرێت.

•    بەم شێوەیە دەردەكەوێت كە كوالێتی نەوتی خاو و غازی سروشتی هەرێمی كوردستان تێكەڵەیەكە لە جۆری (( زۆر باش وباش و مام ناوەنج)) ،هەربۆیە خواستی  زۆری لەسەرە و لە جۆری ((سوك و شیرین))دادەنرێت و تێچووی دەرهێنانیشیان بەبەراوورد بەهەندێك وڵات زۆر هەرزانە . و بەبەراوورد بە كوالێتی نەوت و غازی سروشتی عێراقیش گەر باشتر نەبێت ئەوا وەك كوالێتی نەوت و غازی سروشتی عێراق وایە  و هیچ جیازایەكیان نیە،كە هەق وایە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هەرزان و تاڵانی نەیداتە كۆمپانیاكان و نەشیفرۆشێت.وەكو عێراق مامەڵەی پێوە بكات.

 

بەشی یەكەم:
جۆر و كوالێتی نەوت و غازی سروشتی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدان ؟
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand