Draw Media

دۆسیەكەی لاهور شێخ جەنگی رەوانەی سلێمانی دەكرێتەوە

دۆسیەكەی لاهور شێخ جەنگی رەوانەی سلێمانی دەكرێتەوە

2022-09-29 16:31:01



درەو:
دۆسیەی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی لەسەر بافڵ تاڵەبانی كە لە سەرەتای ئەم مانگە لە دادگای سلێمانیەوە رەوانەی هەولێر كرابوو، لە هەولێرەوە رەوانەی سلێمانی دەكرێتەوە، پێشتر دۆسیەكە لە دادگای كەرخی بەغدادەوە رەوانەی دادگای سلێمانی كرابوو.
سەرچاوەك لە دادگای پێداچونەوە بە (درەو)ی ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەمە 26ی ئەم مانگە  دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان، دەستەی شارستانی بە نوسراوی ژمارە (742)  دۆسیەی پێداچونەوەی (لاهور شێخ جەنگی) ڕەوانەی دادگایی بەرایی سلێمانی كردەوەو بڕیارە رۆژی یەكشەمە بگاتەوە دادگای سلێمانی، واتا دادگاییكردنی ئەو دۆسێیە لە دادگای سلێمانی بەڕێوە دەچێت.
دۆسیەی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی كە لەسەر بافڵ تاڵەبانی لە دادگای سلێمانی تۆماری كرد، لە مانگی ئایاردا رەوانەی بەغداد كرا، دواتر لە بەغدادەوە رەوانەی دادگای سلێمانی كرایەوە، لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا لە دادگای سلێمانیەوە رەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر كرا، بڕیاردراوە لە دادگای هەولێریشەوە رەوانەی دادگای سلێمانی بكرێتەوەو لە سلێمانی پرۆسەی دادگاییەكە بەڕێوە بچێت.
   بەپێی سكاڵاكەی لاهور شێخ جەنگی كە لە رۆژی 11/5/2022 لە دادگای كەرخی بەغداد لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماریكردووە هاتووە:
بافڵ تاڵەبانی هەستاوە بە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی لە یەكێتی ئەمەش كارێكی نایاساییە، چونكە كۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتەو لە كۆنگرەدا دەنگی بەدەستهێناوەو متمانەی پێدراوە، بۆیە بافڵ تاڵەبانی پەیڕەوی حزبی پێشێلكردووە، هاوكات گۆڕانكارییەكان پێچەوانەی بڕیارەكانی فەرمانگەی رێكخراوو حزبە سیاسیەكانی سەربە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقە، داواكارن ئەو گۆڕانكارییانەی لە حزبدا كراوە رابگیرێت.
دوای ئەوەی لەسەر داوای بریكاری یاسایی بافڵ تاڵەبانی كەیسەكە لە دادگای كەرخی بەغدادوە گواسترایەوە بۆ دادگای بەرایی سلێمانی، بریكاری یاسایی لاهور شێخ جەنگیش داوایكردووە كەیسەكە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگایەكی تری هەرێم.
بە پێی نوسراوی داواكاریی بریكارەكەی لاهور شێخ جەنگی كە دەست (درەو) كەوتووە تیایدا هاتووە: 
بریكارەكەم (لاهور شێخ جەنگی) لە دادگای كەرخی بەغداد سكاڵای لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووە لەبەر ئەوەی لە حزب دووریخستووەتەوە، ئەمەش كارێكە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیە.
پارێزەری بافڵ تاڵەبانی داوایكردووە كەیسەكەی لە بەغدادەوە بگوازرێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، لەبەر ئەوەی سلێمانی ناوچەی ژێر دەسەڵات و هەیمەنەی بافڵ تاڵەبانیە، هێزە حزبیەكانی بافڵ تاڵەبانی دەوری ماڵی لاهور شێخ جەنگیان گرتبوو، بۆیە داواكارین كەیسەكە بگوازرێتەوە بۆ هەر دادگایەك لە پارێزگایەكی تری هەرێمی كوردستان جگە لە سلێمانی. 
لە نوسراوێكی تردا سەرۆكایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەستەی شارستانی داوای لە دادگای بەرایی سلێمانی كردووە دۆسیەكە رەوانەی هەولێر بكەن بەمەبەستی پێداچوونەوە.
لە ئێستاشدا دۆسێكە لە دادگای پێداچوونەوەی هەولێرەوە رەوانەی دادگای سلێمانی دەكرێتەوە. 
 


 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand