Draw Media

راپۆرتی: ڕێکخراوت ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئایاری 2021دا بڕی (163 ملیۆن) دۆلاری داوە بە(8) كۆمپانیای وەبەرهێنی نەوت كە لە (5) كێڵگەی هەرێمی كوردستان كار دەكەن.      شایستەکان بەم شێوەیەی خوارەوە وەرگیراوە: ١-  کێڵگەی تاوکی ( تاوکی – پیشخاپور) هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی DNO نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی ئایار بریتی بووە لە ٨١,٩ ملیۆن دۆلار . تەنها پشکی کۆمپانیا نەرویجییەکە (دی ئێن ئۆ) ٥٦ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلارە، لەو بڕە ٤٢ ملیۆن دۆلار پشکی فرۆشی نەوت و شایستەی  مانگی ئایاری کۆمپانیاکە بووە. کۆی شایستەی گەنێڵ ئەنێرجی لە کێڵگەکە بریتی یە لە ٢٥ ملیۆن دۆلار لەم بڕە   ١٣,٦ ملیۆن دۆلار شایستەی فرۆشی نەوتی ئایاری کۆمپانیاکە بووە و وەرگیراوە،  هەروەها دی ئێن ئۆ بڕی ٥,٦ ملیۆن دۆلاری  داهاتی ٣٪ ی کۆی بەرهەمی کێڵگەکە و کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجیش ٤,٥٪ ی کۆی داهاتی کێڵگەکە کە بریتی بووە لە ٨,٣ ملیۆن دۆلار(بە پێی ڕیکەوتنێک لە  ساڵی ٢٠١٧ دا کۆمپانیاکان لەگەڵ هەرێم کردویانە، لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی لەیەکێک لە بڕگەکانیا مافی ئەوە دەدات بە گەنێڵ ئەنێرجی و دی ئێن ئۆ ٧,٥٪ کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ ماوەی  ٥ ساڵ وەربگرن [ ٣٪ بۆ دی ئێن ئۆ و ٤,٥٪ بۆ گەنێڵ] لەبری ئەو قەرزانەی لای حکومەت هەیان بووە تا پێش ئابی ٢٠١٧   ).  هەروەها دی ئێن ئۆ بڕی ٩,٣ ملیۆن دۆلار و گەنێڵیش بڕی ٣,١ ملیۆن دۆلاری ئەو شایستەی دواخراو یان قەرزی ساڵی ٢٠٢٠ یان وەر گرتووە کە ئەم دوو جۆرە شایستە ٢٦,٣ ملیۆن دۆلار دەکات.  لەم مانگەدا داهاتی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەدا ١٤٪ زیادی کردووە بەراورد بە مانگی پێشوو، ئەمە پێنجەم گوژمە یە کۆمپانیاکان وەری دەگرنەوە.  بالانسی شایستە دواخراوەکانی  کۆمپانیای دی ئێن ئۆ  DNO لە ٢٥٩ ملیۆن دۆلارەوە کەم بووەتەوە بۆ ٢١٤ ملیۆن دۆلار ، هەروەها باڵانسسی شایستە دواکەوتووەکانی گەنێڵ ئەنێرجی ئێستا بریتییە لە ١٤١ ملیۆن دۆلار. بە پێی میکانیزمێک کە حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازارەوە پەیڕەوی دەکات بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەرو ٥٠ دۆلارەوەبێت بۆ هەر سەنتێکی زیادە ٢٠٪  بۆ ئەو شایستە دوا خراوانە دەبێت. پێشتر لە دوو مانگی سەرەتای ساڵدا ئەم رێژەیە ٥٠٪ بووە .  تێبینی دەکرێت لەبری ئەوەی شایستە دواخراوەکان بەم میکانیزمە نوێیە کەم بکات لە هەموو کیڵگەکاندا زیادی کردووە جگە لەکێڵگەی ئەتروش،ئەم خاڵە جێی تیبینی و سەرنجە! کۆمپانیای دی ئێن ئۆ  DNOخاوەنی ٧٥٪ پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی Genel Energy خاوەنی ٢٥٪ی پشکەکانە. ناوچەی گرێبەستی تاوکی لە پارێزگای دهۆکە و پێک دێت لە کێڵگەی تاوکی بەرهەمی رۆژانە بە تێکڕا لە چارەکی دووەمی ٢٠٢١دا بریتیی بووە  لە ٤٧٫٣٠٠ بەرمیل و بەرهەمی فیشخاپور ٦٣٫٠٠٠ بەرمیل بەسەریەکەوە هەردوو کێڵگەکە بەرهەمیان  لە ١١٠٫٣٠٠ بەرمیل نەوت. بەهۆی ئەوەی ماوەی ساڵێک زیاترەر بیری نوێ لێنەدراوە لەڕیگەی داخڵ کردنی رۆژانە ٢٠ ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتییەوە  لە کێڵگەی فیشخاپورەوە پارێزگاری لە کەمکردنی بەرهەمی کێڵگەکە کراوە. ٢- کێڵگەی شێخان     لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە٣٥,٨ملیۆن دۆلار یان وەرگرتووە، لەم بڕە کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی  ٢٤ملیۆن دۆلاری وەر گرتووە بۆ شایستەی نەوتی فرۆشراوی مانگی ئایاری ٢٠٢١  و بڕی  ٦,٧ ملیۆن دۆلار بۆ ئێم ئۆ ئێڵ MOL. هەروەها بڕی ٥,١ ملیۆن دۆلار وەکو شایستە دواخراواکان وەرگیراوە ،لەم ىڕە ٤ ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و بڕی ١,١ ملیۆن دۆلار بۆ  ئێم ئۆ ئێڵ وەکو شایستەی مانگە دوا خراوەکان وەر گرتووە. داهاتی کۆمپانیاکان لەم مانگەدا بەراورد بە مانگی پێشو ٤,٩ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە کە دەکاتە رێژەی ١٤٪. باڵانسی شایستە دواخراوەکانی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دابەزیوە بۆ ٥٤,٨ ملیۆن دۆلار  بەڵام باڵانسی کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ نەزانراوە بۆ ڕێکخراوی ڕوونبین.  لە کانوونی دووەم دا بەرهەمی رۆژانە بریتی بووە لە ٤٠٥ ,٤٤ بەرمیل نەوت و بڕیارە لە لە چارەکت چواری ٢٠٢١ دا بەرهەمی کێڵگەکە بگاتە ٥٥ هەزار بەرمیل نەتی ڕۆژانە.  کێڵگەی شێخان  دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا. ٣- کێڵگەی ئەتروش کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەی ئەتروش  لەم مانگەدا بریتی بووە لە ٣٣,٤٧ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شاماران کە پشکی ٢٧,٦%کێڵگەکەی هەیە بڕی ١٢,٣١ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە بڕی  ٢١,١٦ ملیۆنی وەرگرتووە.. شایستەی فرۆشی نەوتی مانگی ئایاری کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بریتی بووە  لە ٣١ملیۆن دۆلار  لەم بڕە پشکی شامارەن بریتی بووە لە ١١,٤ ملیۆن دۆلار و تاقە ١٩,٦ملیۆن دۆلار هەروەها بڕی ئەو شایتسە دواخراوانەی لەم مانگەدا  وەرگیراوەتەوە بریتی بووە لە ٢،٤٧ ملیۆن دۆلار ، کۆمپانیای شاماران بڕی ٠,٩١ ملیۆن دۆلار و تاقەش ١,٥٦ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووەتەوە. لە کاتێکدا لەمانگی نیساندا بڕی ١٠,٧٣  ملیۆن دۆلار یان وەرگرتووە. شایستەی فرۆشی نەوتیبەرێژەی ١٠٪ زیادی کردووە بەڵام شایستەە دواخراوەکان بەرێژەی ٧٥٪ کەمی کردووە لەم کێڵگەیە. باڵانسی شایستە دواکەوتووەکانی کۆمپانیای شاماران کەمی کردووە بۆ ٣٢,١ملیۆن دۆلار بەڵام زانیاری لەسەر باڵانسی کۆمپانیای تاقە لەبەردەستی روونبین نییە. تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا بریتی بووە لە ٤٧٫٤٥٠  هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە ٢٧/٣/٢٠٢٠دا بووە کە گەشتووەتە ٥٤ هەزار و٥٥ بەرمیل نەوت. ٤- کێڵگەی سەرتە کێڵگەی سەرتە شەشەمین مانگە شایستەی فرۆشی نەوت وەردەگرێت  یەکەم جار  کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی  و شێڤرۆن شایستەی دارایی مانگی کانونی یەکەمی کێڵگەی سەرتە وەرگرت. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بۆ مانگی ئایار بریتی بووە لە ٨,١  ملیۆن دۆلار . پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی   ٣  ملیۆن دۆلار بووە و ئەو    ٥,١  ملیۆن دۆلارەی دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیای شیڤرۆنە ( پشکی شیڤرۆن لەسەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکە وەرگیراوە).   ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنی بازرگانی ڕاگەیەنرا، بەرهەمی کێڵگەکە زیاتر لە ١٠٫٠٠٠ بەرمیل نەوتە لەڕۆژێکدا. داهاتی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بەڕێژەی ٢٧٪ بەراورد بەمانگی پێشوو زیادیکردووە. کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە. ٥ – کێڵگەی تەق تەق کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە نزیکەی ٤ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە. کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤% ی کێڵگەی تەق تەقە  بڕی ٢,٤ ملیۆن دۆلاری وەکو شایستەی  مانگی ئایار وەرگرتووە و بڕی ٤٠٠ هەزار دۆلاری لەبری شایستە دواکەوتووەکان وەرگرتووەتەوە، هەروەها کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٦% هەیە بەو پێیە بێت کۆمپانیاکە بڕی شایستەی بۆ مانگی ئایار کردوویەتییە  ١,٣٣ ملیۆن دۆلار و  شایستەی  دواخراویش دەبێت ٢٦٠هەزار دۆلار بووبێت. بەرهەم لەم کێڵگەیە ٧,٠٠٠ بەرمیل دابەزیوە لە کاتێکدا لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٠ دا رۆژانە بڕی ١١,٢٦٠ بەرمیل بووە واتە بەڕێژەی ٣٧٪ بەرهەم کەمی کردووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لەساڵی ٢٠١٥ دا  ڕۆژانە ١٢٨ هەزار بەرمیل  بووە، بەڵام بەهۆی هاتنە ناوەوەی ئاوێکی زۆر بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە بەرهەمی  زۆر کەمی کرد و بەردەوامیش بەرهەمی لەکەم کردندایە. ئەو کێڵگە و کۆمپانیایانەی شایستەکانیان ڕانەگەیاندووە: ١- سەرسەنگ لە کێڵگەی سەرسەنگ هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێنی HKN  ئەمەریکی  خاوەنی ٦٢٪ی پشکەکانە و کۆمپانیای شامارانی کەنەدی ١٨٪ ی پشکەکان (کۆمپانیای شامارانی کەنەدی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە پشکاکانی  تۆتاڵی فەرەنسی کریوەتەوە، بەمەش شاماران لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ خاوەن پشکە).  زانیاری لەسەر شایستەی دارایی مانگی ئازار و نیسان و ئایاری  ئەم دوو کۆمپانیایەمان لەبەردەست نییە. ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کرد بۆ زانینی شایستە وەرگیراوەکانیان بەڵام  تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵاممان دەست نەکەوتووە. کۆمپانیای HKN  بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی دارایی و چالاکییەکانی بڵاو دەکاتەوە، چاوەڕێ دەکرێت کۆمپانیای شاماران هەروەک لە کێڵگەی ئەتروش بەشێوەیەکی بەردەوام چالاکی و ڕاپۆرتەکانی بڵاودەکاتەوە لە سەرسەنگیش بەهەمانشێوە بەردەوامبێت . کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆکە و ئاستی بەرهەمی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا  رۆژانە بریتی بووە لە ٣١٫٥٠٠ بەرمیل نەوت. ٢- هەولێر   لە کێڵگەی هەولێر و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم  کاردەکات و پشکی ٦٥٪ لە کێڵگەکەدا هەیە، لە ئێستادا شایستەکانی بۆ مانگی ئازار و نیسان و ئایاری ٢٠٢١ ی ڕانەگەیاندووە. ئاستی بەرهەمی ئەم کێگەیە لە مانگی شوباتدا ١١٫١٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا بەڵام لە مانگی نیساندا بۆ ١٢،٤٠٠ بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوە واتە رێژەی ١٠٪ی بەرهەم زیادی کردووە . زۆر جار ئەم کۆمپانیایە بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی چالاکییەکان و شایستەکانی ڕادەگەیەنێت. لەوەڵامی  روونبیندا کۆمپانیای فۆرزا دەڵێت بڕیارە ڕاپۆرتی چالاکییەکانیان لە ١٠ی ئابی ٢٠٢١ دا بڵاو بکەنەوە. کۆمپانیای فۆرزا لە پێش مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دا  لە ژێر ناوی Orex Petroleum  دا کاری دەکرد و لە ٢٧ ی تشرینی دووەم ناوەکەی گۆڕی بۆ  Forza Petroleum ئێستا لەژێر ئەو  ناوەدا کاردەکات. زانیارییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کۆمپانیای کار  بەشێکی زۆری پشکەکانی کۆمپانیای فۆرزای کڕیوە و خاوەندارێتی دەکات، باس لە سەر و ٩٠٪ ی پشکەکان دەکرێت. ٣- خورمەڵە کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە کار دەکات و گرێبەستی لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە بۆ پەرەپێدن لە کێڵگەکەدا. جۆری گرێبەستی ئەم کۆمپانیایە تائێستا ڕانەگەیەنراوە، بەڵام ئەم کێڵگەیەی کاری تێدا دەکات کێڵگەیەکی ئامادەبووە و لە بەرهەمدابووە کاتێک کۆمپانیاکە وەریگرتووە. ئاستی بەرهەم لەکێڵگەی خورمەڵە بە ١٧٠ بۆ ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت، نزیکەی ٣٧٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی کوردستانە. کۆمپانیاکە تا ئێستا هیج ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی بەرهەم و شایستە داراییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە. ڕوونبین تا ئێستا هیچ هۆکارێکی پەیوەندی کردنی دەستنەکەوتووە بۆ پەیوەندیکردن بە کۆمپانیای کارەوە بۆ دەستخستنی زانیاری و کۆمپانیاکەش هیچ پێگەیەکی ئەلەکترۆنی نییە بۆ چالاکییەکانی.  ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و کارکردنی لە بواری نەوتدا نوێ یە و لە گەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کار ئاسانی بۆ کراوە، ئێستا بە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری وزە دادەنرێت لە هەرێم. کۆمپانیای کار ئێستا لە گەڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی روسیدا خاوەندارێتی  بۆری گواستنەوەی هەرێمیش دەکات و  پشکی ٤٠٪ ی هەیە و کۆمپانیا روسییەکەش ٦٠٪ . کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بەم بۆرییەدا لە ناو خاکی کوردستاندا بە پێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە ٢٨/٦/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە  ٤ دۆلار و ٨٦ سەنت بووە لە چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا، لە کاتێکدا کرێی گواستنەوە  و ئەمبارکردنی بەرمیلێک نەوت لە ناو خاکی تورکیادا ١ دۆلار  و ٢٨ سەنت بووە بەپێی هەمان ڕاپۆرت. هەروەها کۆمپانیای کار خاوەندارێتی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە رۆژانە نزیکەی ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بۆ وەزارەتی سامانە سرو شتییەکان دەپاڵێوێت بە نرخێک کە دوو هێندەی ئەو نرخەیە کە پاڵاوگەکە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵێوێت! ٤- گەرمیان ئەم کێڵگەیە کەو تووەتە ناوچەی گەرمیانەوە هەریەک لە کۆمپانیای گازپرۆم روسی  و وێستێرن زاگرۆسی کەنەدی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و هەریەکە خاەنی ٤٠٪ ی پشکەکانن. ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کردووە بۆ دەستخستنی زانیاری نوێ بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوتووە. ئەم کێڵگەیە ئێستا ئاستی بەرهەمی نزیکەی ٣٣ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتێکی سوک و شیرینە وAPI  یەکەی لە ٤٥ دایە. بەهەمان شێوەی کۆمپانیای کار ئەو کۆمپانیایەنەی کە لێرە کاردەکەن شایستە داراییەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ساڵی چەند جرێک زانیاری لەسەر چالاکی و ئاستی بەرهەمیان ڕادەگەیەنن.  تائێستا چەند جارێک کێشە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئەم کێڵگەیە دروست بووە، وەکو ناڕەزایی لە لایەن شۆفێری گواستنەوەی نەوت و خەڵکی ناوچەکەوە. کۆی بەرهەمی نەوتی ئەو کێڵگانەی کە شایستەی مانگی ئایاریان ڕاگەیاندووە بریتییە لە ٢١٩ هەزار بەرمیل نەوت کە دەکاتە ٤٧٪ ی کۆی بەرهەمی هەرێم.  شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایەنە لەو پێنج کێڵگەدا وەرگیراوە بریتییەلە ١٦٣.٨٧ ملیۆن دۆلار . لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا چواردە (١٤ )مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینیان شایستەی مانگی نیسانە. وەهەر لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠دا حکومەتی هەرێم بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم ٢٠١٩ و کانوونی یەکەم و شوباتی ٢٠٢٠ دوادەخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوتی برێنت دەگاتە ٥٠ دۆلار.  کۆمپانیا نەوتییەکان لە گەڵ شایستەی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا یەکەمین بڕی شایستە دواخراوەکانیان وەرگرتەوە و ئەم مانگەش بۆ جاری پێنجەم شایستە دواخراوەکانیان وەرگرت بەڵام لەبری ئەوەی مانگانە شایستەکان وەربگرن هەر ٦٠ ڕۆژ جارێک وەری دەگرن و رێژەی وەرگرتنەوەکەش کەم کرایەوە بەم شێوەیە؛ کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەروو ٥٠ دۆلارەوەیە تەنها رێژەی ٢٠٪ ی ئەو  زیادەی نرخە دەدرێتەوە بەقەرزی کۆمپانیاکان لە کاتێکدا لە مانگەکانی پێشودا ئەم رێژەیە ٥٠٪ بوو. بەپێی ئەم میکانیزمە نوێیە کۆمپانیاکان ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان درێژ دەبێتەوە، پێشتر چاوەڕییان دەکرد تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢١ زۆربەی قەرزەکانیان وەربگرنەوە بەڵام ئێستا چاوەڕێ دەکەن لە چارەکی سێهەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا قەرزەکانیان بە تەواوی وەربگرنەوە.


عەدنان ئەحمەد/ توێژەر لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی بەرایی جیهان لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا هەنگاوێکی گەورەی نا، ئەویش پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوو. هەر چەندە درۆنەکان مێژوویەکی کۆنتریان هەیە، بەڵام هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی بیست سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو لە جیهانی درۆنەکاندا، ئیتر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بوون بە چەکی یەکلاکردنەوەی جەنگ و پێکدادانە گەورەکان، سوپاکان بەبێ ئەوەی سەربازەکانیان بنێرنە بەرەکانی جەنگ، توانییان جەنگەکان لە بەرژەوەندیی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن. جیهانی هەنووکە لە قۆناغی چوارەمی شۆڕشی پیشەسازیدایە، پێشکەوتنەکان لە هەر کاتێک خێراترن و گۆڕانکارییەکانیش وردترن. پیشەسازیی فڕۆکە بێفرۆکەوانەکان یەکێکن لە پێشکەوتنەکانی ئەم قۆناغە. تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە لە پێشخستنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان قۆناغی گەورە و وردی بڕیوە، لەم بوارەشدا هەوڵی داوە لە ئاستی جیهاندا کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکان بکات و دەرەئەنجامەکانیش دەریدەخەن کە لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا پێش دراوسێکانی کەوتووە، بەتایبەت ئێران و لە ئێستاشدا دەیەوێت شان لە شانی ئیسرائیل بدات، لە کاتێکدا تا ١٥ ساڵ لەمەوپێش پشتی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەم وڵاتە دەبەست. تورکیا کە ئامانجی ئەوەیە پارێزگاری لە هەژموون و پێگە سەربازییەکەی بکات و ببێت بە هێزی تاک و تەنیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوامە لە پێشخستنی درۆنەکانی و جگە لەوەی بووە بە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات، پێگەکەی بەهێزتر و تواناکانی فراوانتر کردووە. بەپێی دەرئەنجامەکان، تورکیا (جگە لە ئیسرائیل) لە هەموو وڵاتەکانی دیکەی ناوچەکە زیاتر توانیویەتی لەگەڵ شۆڕشی چوارەمی پیشەسازیدا هەنگاو بنێت و دوا نەکەوێت. ئەگەر هیچ ڕێگرییەکی گەورە و گەمارۆیەکی قورس ڕووبەڕووی ئەنقەرە نەبێتەوە، چاوەڕوان دەکرێت تا چەند ساڵی داهاتوو تورکیا وەک پێشەنگی بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بمێنێتەوە. سەرهەڵدانی درۆنەکان یەکەم هێرشی درۆن كە لە جیهاندا تۆمار کرابێت ساڵی ١٨٤٩ بووە، لەم ساڵەدا ئیمپڕاتۆریەتی نەمسا تەقەمەنیی لە باڵۆنە هەواییەکان دەبەست و بەسەر شاری ڤینیسیادا بەری دەدانەوە، لەگەڵ ئەوەی ئەم کارە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەکراوە و باڵۆن بەکار هێنراوە، بەڵام بە یەکەم هێرشی درۆن دادەنرێت لە مێژوودا. بە هۆی ئەوەی باڵۆنەکان کۆنترۆڵنەکراو بوون و وزەی با کاریگەریی لەسەر ئاراستەکەیان هەبووە، ژمارەیەکی زۆریان ئامانجەکانیان نەدەپێکا. لە ساڵی ١٨٩٩دا لە “کۆنفڕانسی ئاشتیی لاهای”، بۆردوومانکردن بە باڵۆن بە نایاسایی دانرا، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا بە ڕێگای دیکە بۆردوومان بەردەوامیی پێ درا کە بەشێکە لە مێژووی درۆنەکان. لە ساڵانی دواتردا ئەمەریکا بە هەلیکۆپتەر مووشەکی ئاراستەی کەشتییەکانی سوپای ڕووسیا دەکرد و دواتریش و لە جەنگی ڤێتنامدا دەست كرا بە تاقیکردنەوەی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان. لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٠)شەوە قۆناغێکی نوێ لە جیهانی درۆنەکاندا دەستی پێ کرد و پێشکەوتنێکی تەکنۆلۆجیی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی(1). یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەکارهێنانی درۆنەکان و گەشەپێدانیان، ئەوە بوو کە سوپاکانی جیهان لە شەڕەکاندا و بە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکانیانەوە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەوانیان لەدەست دەدا، ئەم مەترسییە بە هۆی دروستکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە ڕەوییەوە. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەلایەن کەسێکەوە و لە شوێنێکی پارێزراوەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و ژیانی فڕۆکەوان لە مەترسیدا نییە، هەر کەوتنەخوارەوەیەکی فڕۆکەکەش هیچ زیانێک بە کەسی کۆنترۆڵکار ناگەیەنێت. مانەوەی درۆنەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئاسماندا، یەکێکی دیکەیە لە سوودە هەرە گەورە و بەرچاوەکان، چونکە فڕۆکە ئاساییەکان ناتوانن ماوەیەکی درێژ لە ئاسماندا بمێننەوە. بەشێک لە درۆنە زۆر پێشکەوتووەکان دەتوانن خۆیان بفڕن و بشگەڕێنەوە فڕۆکەخانە و بەبێ هیچ دەستێوەردانێکی مرۆڤ بنیشنەوە، بۆیە لە کاتی پچڕانی پەیوەندیی ناوەندی کۆنترۆڵکردن لەگەڵ درۆنەکەدا، هیچ مەترسییەک لەسەر کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە دروست نابێت(2). دوو جۆری سەرەکیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەیە: فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئاساییەکان: کە لە چەندین بواری وەک چاودێریکردن، دۆزینەوە و ئاشکراکردن، گواستنەوەی تایبەت، ڤیدیۆ، دەرمانکردنی کشتوکاڵی و چەندین بواری دیکەی مەدەنی. فڕۆکە شەڕکەرە بێفڕۆکەوانەکان: لە جەنگەکان و بۆ هێرش و پێکانی ئامانجەکان بەکار دەهێنرێن(3). لە بارووتەوە بۆ درۆن ئەو کاتەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی ڕووخا و دەوڵەتی کۆماریی تورکیا دروست بوو، وڵاتێکی تێكشكاو بوو كە پێویست بوو سەرلەنوێ خۆی بونیاد بنێتەوە. سەرجەم كەرتەكانی وڵات لە قەیراندا بوو و لە بواری پیشەسازیی جەنگی و چەک بەخاوی هەنگاوی دەنا. کۆماری تورکیا تاکوو کۆتایی سەدەی بیستەم پشتی بە وڵاتانی دیکە دەبەست، بەڵام لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، تورکیا دەستی بە پێشخستنی بواری چەک کرد و بناغەکانی پیشەسازیی چەکی ناوخۆیی دانا. یەکەم هەنگاوی تورکیا بۆ پێشخستنی بواری چەک، گرنگیدان بوو بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەبەر ئەوەی سەرەتا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکڕی؛ هەنگاوەکانی خاو بوون، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەکان لەگەڵ ئەم دوو وڵاتە، ئیتر تورکیا هەنگاوەکانی خێراتر و هەوڵەکانی فراوانتر کرد. لەگەڵ ئەوەی  گەشەدان بە درۆنی ناوخۆیی لەلایەن تورکیاوە لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە هەنگاوی باشی نا، بەڵام دەرگای سەرەکیی ئەم پێشکەوتنە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٠دا کرایەوە، بەتایبەت کاتێک داواکارییەکانی ئەنقەرە بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Predator” لە ئەمەریکا ئەنجامی دڵخۆشکەریان نەبوو، ئەو درۆنانەشی لە ئیسرائیلەوە دەهاتن بەمەبەست دوا دەخران، ئەمەش هێندەی دیکە تورکیای خستە سەر ڕێگای بەرهەمهێنانی درۆنە ناوخۆییەکانی(4). بەدیاریکراوی یەکەم گرووپی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان لە ئەڵمانیا و دواتر لە ئەمەریکاوە هێنرا، بەڵام هەندێکیان بە هۆی کێشەی تەکنیکییەوە بەکارهێنانیان ڕاگیرا، یەکەم فڕۆکەش خرابێتە ناو سیستمی بەرگریی تورکی لە ساڵی ١٩٩٣دا بوو. لەگەڵ ئەوەی هەر لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تورکیا دەستی بە هەوڵەکانی بەرهەمهێنانی درۆنی ناوخۆیی کرد، بەڵام ئەنجامەکەی تاکوو دوای ٢٠١٠ دوا کەوت. تورکیا ساڵی ٢٠٠٥ یەک درۆنی “Heron”ی بە بەهای چوار ملیۆن دۆلار لە ئیسرائیل کڕی، بەڵام دوای سێ ساڵ لە بەکارهێنان؛ گەڕاندیەوە بۆ ئیسرائیل. دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٧، سێ درۆنی لە ئیسرائیلەوە بە کرێی ١٥ ملیۆن دۆلار هێنا کە لە جۆری هێرۆن بوون، کە دەیانتوانی ٦ بۆ ٨ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێننەوە، بەڵام بە شێوەیەکی چالاک بەکار نەهێنران و هەمووشیان کەوتنە خوارەوە. ساڵانی دواتر تورکیا بە بەهای ١٨٨ ملیۆن دۆلار، ١٠ درۆنی دیکەی لە جۆری هێرۆن لە ئیسرائیل کڕی. یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوە بوو کە کۆنترۆڵی فڕین و نیشتنەوەی هێرۆنەکان لەدەستی ئیسرائیلدا بوو، هەموو ئەو وێنانەشی کە درۆنەکان لە هێزەكانی پەكەكە (گەریلا) دەیگرت؛ دەگەیشتنەوە ئیسرائیلیش، ئەمەش سەرەتای دوورکەوتنەوەی تورکیا بوو لە ئیسرائیل و درۆنەکانی(5). تورکیا پێشتر و ساڵانی ١٩٩٠، درۆنی هێرۆنی لە ئیسرائیل و “GNAT” لە ئەمەریکا کڕی. دوای ساڵی ٢٠٠٠، کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕێگای نەدا ڤێرژنە نوێیەکانی “GNAT” بە تورکیا بفرۆشرێت کە بریتی بوون لە “Predator” و “Repaer”، ئەمەش هانی تورکیای دا دەست بە دروستکردن و گەشەدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ناوخۆیی بکاتەوە، تاکوو گەیشت بە بەرهەمهێنانی “Bayraktar TB2” و “Anka” کە دوو درۆنی زۆر پەسەندکراو و پێشکەوتووی تورکیان(6). هۆکاری سەرەکی كە وای کرد تورکیا پەرە بە پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدات، ئەو گەمارۆ ئابوورییە بوو کە لە ساڵی (١٩٧٥)ەوە لەلایەن ئەمەریکاوە خرابووە سەری، جگە لەوەی ئەمەریکا فرۆشتنی فڕۆکەکانی جۆری “Predator” و “Reaper”ی بە تورکیا سنووردار کرد. تورکیا لە ساڵانی ١٩٤٠دا وەک بەرهەمهێنەرێکی چالاکی فڕۆکەی مەدەنی چووە ناو ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنیی نێودەوڵەتی و ساڵانی دواتر پاشەکشەی کرد، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە بەرهەمهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بەهێزەکانی، توانیی سەرنجی هەموو جیهان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت .گێتینگەر پسپۆڕی بواری درۆنەکان دەڵێت: لەنێو نەوەی نوێی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا تورکیا پێگەی خۆی هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئێستادا ٩٥ وڵاتی جیهان دەستیان بە دروستکردن و گەشەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە و ٦٠ وڵاتیش نزیکەی ٢٦٧ جۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەرهەم هێناوە. گوینتای شیمشەک پسپۆڕی بواری فڕۆکەوانی دەڵێت: لە ڕووی پڕۆگرام و مۆدێلی بەکارهێنانەوە، تورکیا لە لیستی پێنج وڵاتی پێشکەوتووی بەرهەمهێنەری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندایە. بەپێی توێژینەوەکانی دامەزراوەی “Drone Wars” کە بارەگاکەی لە بەریتانیایە، تورکیا لەو وڵاتانەیە کە لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە ئاستێکی زۆردا پشت بە خۆی دەبەستێت. پێگەی “The Intercept” لە بابەتێکیدا بە ناوی “سەردەمی دووەمی درۆن، تورکیا چۆن لەبەردەم ئەمەریکادا وەستا و بوو بە هێزێکی بکوژ و شەڕکەری درۆن”، باسی ئەوە دەکات تورکیا لە ئاستی جیهاندا لە بەکارهێنانی درۆنە هێرشبەرەکانیدا ڕکابەریی ئەمەریکا و بەریتانیا دەکات(7). کۆمپانیای بایراکتار ساڵی ٢٠١٥ لە بارەی فڕۆکەی “Bayraktar TB2” ڕایگەیاند، ئەم فڕۆکەیە توانای هەڵگرتن و گواستنەوەی ٢٥٠ کیلۆگرام کەلوپەل و مووشەکی هەیە. ساڵی ٢٠١٦، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Anka” توانای گواستنەوەی شمەک و مووشەکی نەبوو، بەڵام ساڵی ٢٠١٧ و لە ڤێرژنە نوێیەکەدا توانرا مووشەکی لێ ببەسترێت و توانای هەڵگرتنی چەکی بگەیەنرێتە ٢٠٠ کیلۆگرام. هەردوو درۆنەکەی تورکیا مووشەکی بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای “Roketsan” بەکار دەهێنن و دەتوانرێت لە هەر ناوچەیەکدا بەکار بهێنرێت کە مانگە دەستکردەکانی “TÜRKSAT”  پێی بگەن .سەرەڕای ئەوەی درۆنەکانی تورکیا دروستکراوی ناوخۆیین، بەڵام هەندێک پارچەی بەشە گرنگ و ئاڵۆزەکانی، بۆ نموونە ماتۆڕەکەی، لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێنرێت، بۆیە کەرتی پیشەسازیی تورکی لە هەوڵی بەردەوامدایە تاکوو خۆیان ئەم ماتۆڕانە بەرهەم بهێنن. خاوەن پشکەکانی پیشەسازیی ئاسمانیی تورکیا بریتین لە وەقفی بەهێزکردنی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا، ڕاوێژکاریەتیی پیشەسازیی بەرگری و دەزگای ئاسمانیی تورکی. ساڵی ٢٠١٧، کۆمپانیای ڤێستڵی تورکی مۆدێلێکی درۆنی بە ناوی “Karayel” پێشکەش کرد، کە  توانای هەڵگرتنی ١٢٠ کیلۆگرام چەک و شمەکی هەبوو(8). پێگەی “Army Technology”، پۆلێنی ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەهێزی لە جیهاندا کردووە، لە ڕیزبەندیی دەیەمدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئانکای تورکی دانراوە، کە بەرهەمی پیشەسازیی ئاسمانی و فڕۆکەوانیی تورکیایە و دەتوانێت زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە و خێراییەکەی ٢١٧ کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا(9). درۆنە تورکییەکان لە چاوی فۆکویاماوە فرانسیس فۆکویاما لە وتارێکیدا باس لە کاریگەرییە گەورە و بەهێزەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و ڕۆڵیان لە یەکلاکردنەوەی ململانێکانی ئایندە لە جیهاندا دەکات و بەوردییش تیشک دەخاتە سەر پێشکەوتنەکانی تورکیا لەم بوارەدا و بە باسکردنی هێرشەکانی تورکیا لە سووریا و لیبیا، ئاماژە بە بەهێزی، پێشکەوتن و توانای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دەکات و ئەوە دەخاتە ڕوو تورکیا لە ڕێگای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە توانیویەتی هێز و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت و کاریگەریی لەسەر یەکلاکردنەوەی جەنگە گەورەکان هەبێت، ئەمەش کردوویەتی بە هێزێکی دیاری ناوچەکە. فۆکویاما دەڵێت یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی ئەم پێشکەوتنەی لە بواری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هەیە لە جیهاندا، تورکیایە لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری وڵات. فوکویاما لە وتارەکەیدا دەڵێت: من ١٠ ساڵ پێشتر لە ڕۆژنامەی “Financial Times” وتم: “ئەگەر من توانام هەبێت ببمە خاوەن درۆن، ئەوا هەر کەسێکی دیکە دەتوانێت، ئەمەش کاریگەریی گەورەی لەسەر سیاسەتی جیهانی دەبێت.” ئەو سەردەمە وڵاتانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بە شێوەیەکی فراوان کۆنترۆڵی تەواوەتیی تەکنەلۆجیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان کردبوو، هەر ئەو کاتە باسم لەوە کرد ئەم جۆرە تەکنۆلۆجیایە لە ئایندەدا لە ئاستێکی فراواندا بڵاو دەبێتەوە و تەواوی سروشتی ململانێی نێوان دەوڵەتەکانی جیهان دەگۆڕێت. بەر لە پێشکەوتنی درۆنەکان، فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە نەیاندەتوانی ئامانجەکانیان بپێکن و جەنگەکان یەکلا بکەنەوە. بۆ نموونە؛ لە جەنگی ١٩٦٧دا تەنها دوو تانکی میسری لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە تێک شکێنران، چونکە فڕۆکەکان نەیاندەتوانی لە ئاسمانەوە و بەوردی ئامانجەکانیان بپێکن و زۆربەی هێرشەکان هەڕەمەکی بوون(10). پشتبەخۆبەستن و هەناردە بەپێی زانیارییەکانی گرووپی شیکاری و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی “Blue Melange”، تاکوو سەرەتای ٢٠٢١ ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ڕادەستی هێزەکانی تورکیا کراون گەیشتوونەتە ١٧٤، ئەمە لە کاتێکدا ساڵێک پێش ئەم ڕێکەوتە ژمارەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ١٤٠ دانە بوو، ئەمەش زیادبوونێکی خێرایە. لەم ژمارەیەش ١٢٤ دانەیان لە جۆری “Bayraktar TB2″، ٤٠ دانەیان لە  جۆری “Anka”یە و ١٠ دانەشیان لە جۆری “Heron”ی ئیسرائیلییە. بایراکتار و ئانکای دروستکراوی ناوخۆ لە ئەنجامدانی هێرش و چاودێرییشدا بەکار دەهێنرێن، بەڵام هێرۆنی ئیسرائیلی تەنها بۆ چاودێریکردن بەکار دەهێنرێت. ئیسماعیل ئۆزدەمیر سەرۆکی پیشەسازیی بازرگانیی تورکیا، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠دا ڕایگەیاند سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەی “Bayraktar TB2” ڕادەستی فەرماندەیی گشتیی جەندرمە کراوە، بەم جۆرەش ژمارەی بایراکتارە بەکارهێنراوەکان گەیشتە  ١٠٧(11). هەناردەی کەرتی فڕۆکەوانی و بەرگریی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٩ لەچاو ساڵی پێشووتر ٦,٣٤٪ بەرز بووەوە و گەیشتە دوو ملیار و ٧٤ ملیۆن دۆلار و ئامانجی تورکیاش ئەوەیە لە ساڵی ٢٠٢٣ بەهای هەناردەی چەک بگەیەنێتە ١٠ ملیار دۆلار. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پەیمانگای ستۆکهۆڵم، لەگەڵ ئەوەی هەناردەی چەک لەنێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩؛ ٤٨٪ کەمی کردبوو، بەڵام بەراورد بە ساڵانی نێوان ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣، هەناردەی چەک لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨، نزیکەی ١٧٠٪ بەرز بووەتەوە. هۆکاری کەمبوونەوەی هەناردە لەنێوان ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٩، بە هۆی ئەوەوە بووە کە تورکیا لەو ماوەیەدا هەوڵی داوە گرنگی بە پێشخستنی تەکنۆلۆجیای چەکی تایبەت بە خۆی بدات و هاوردەی چەکەکانیشی لە وڵاتانی دەرەوە دوا کەوتبوو. گێتینگەر پێی وایە هۆکاری ئەوەی وڵاتان ڕوو لە کڕینی درۆنی “Bayraktar TB2” دەکەن، ئەوەیە کە لە درۆنی وڵاتانی دیکە هەرزانتر دەکەوێت، ئەمەش بۆ ئەو وڵاتانەی باری داراییان زۆر باش نییە زۆر گرنگە. یەکێک لەو خاڵانەی بەردەوام بەرپرسانی تورکیا وەک شانازی باسی دەکەن ئەوەیە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان، بەتایبەتی “Bayraktar TB2″، بەتەواوی دروستکراوی ناوخۆیین، بەڵام دانیەڵ گاتینگەر دەڵێت بەشی هەستەوەریی فڕۆکەکە لە کەنەدا و تەکنۆلۆجیای ئامانجپێکانی مووشەکەکانی فڕۆکەکە لە ئەڵمانیاوە هاوردە دەکرێت، بەڵام ئەمە خاڵی لاواز نییە، چونکە تەنانەت ئەمەریکاش بەشێک لە تەکنۆلۆجیاکانی لە دەرەوە دەهێنێت، بەڵام پێبەستراوەیی تورکیا بە دەرەوە خاڵی لاوازە. سامیۆل براونسوۆرد کە یەکێکە لە توێژەرانی دامەزراوەی کۆمەڵگای مەدەنی “Drone Wars”ی بەریتانی، پێی وایە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Akıncı” پێگەی تورکیای وەک بەرهەمهێنەرێکی درۆنەکان بەهێز کرد و ئاستی هەناردەکردنی چەکی تورکییشی بەرز کردەوە (12). سەلچوک بایراکتاری لە ئێستادا کەسی یەکەم و دیاری ناو پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لە تورکیا و ڕۆڵی گەورە و دیاری بەرهەمەکەشی کە “Bayraktar TB2” لە جەنگەکانی سووریا، لیبیا و ئازەربایجان هێندەی دیکە ناوبانگەکەی گەورەتر کردووە. بایراکتار دەیەوێت خەونی خەزووری بەدی بهێنێت کە تورکیایەکی خاوەن چەکی درۆنی پێشکەوتووە و پێویستی بە هیچ وڵاتێک نییە، بەتایبەت ئەمەریکا، هەر هەنگاوێکی تورکیاش لەم مەیدانەدا کاریگەریی خراپی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەبێت کە خۆیان بە ڕکابەری تورکیا دەزانن، لەگەڵ ئەوەشدا دەرگا بۆ ئەنقەرە دەکاتەوە کە بە فرۆشتنی درۆنەکانی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ چەند وڵاتێکدا دابمەزرێنێت. تورکیا وەک چۆن لەبەردەم سەردەمێکی نوێدایە، بە هەمان شێوە لەبەردەم ئەگەری تەنیاکەوتن و گۆشەگیرکردندایە. رالوکا سێرناتۆنی لە دامەزراوەی هزریی “Crnegie Europe”دا دەڵێت: تورکیا لە بازاڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکاندا بەخێرایی ڕێگا دەبڕێت و بەردەوام بەهێزتر دەبێت، ئەمەش بەشێکە لە ئامانجی ئەردۆغان کە دەیەوێت وڵاتەکەی بە وڵاتانی دیکەوە پەیوەست نەبێت و خاوەن چەکی خۆیان بن، بەتایبەت کە هەناردەی چەک لە ٢٠٢٠دا گەیشتە دوو ملیار دۆلار، بەڵام ئەم ڕێگایە ئاسان نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی کەنەدا ڕایگەیاند بە هۆی ئەگەری بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە تەکنۆلۆجیای کەنەدیی تێدا بەکار هێنراوە، هەناردەی پارچەکانی ئەم فڕۆکانەی بۆ تورکیا هەڵپەسارد و دواتریش بەتەواوی ڕایگرت(13). یەکەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری “Bayraktar Mini” لە مانگی تەممووزی ٢٠١٢ بە قەتەر فرۆشرا. گەشەدان بە بایراکتار بەردەوامیی هەبوو، لە هەر ڤێرژنێکی نوێدا ئاستی مانەوەی لە ئاسمان زیاتر و کاریگەرییەکەی بەهێزتر و توانای هەڵگرتنی مووشەک و شمەکی زیاتر دەکرا، تاکوو ساڵی ٢٠١٩ گەیشتە ئەو ئاستەی بتوانێت ٢٧ کاتژمێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە. بایراکتار تیبی ٢ لە ساڵی ٢٠١٩ بە ئۆکرانیا و قەتەریش فرۆشرا(14). تورکیا ھەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی ناوە، دوای سەرکەوتنەکانی لە لیبیا و کاراباخ، سەرنجی ھەمووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بە ڕێککەوتن لەگەڵ پۆڵۆنیای ئەندامی ناتۆش؛ قۆناغێلی گەورەی بڕی. لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢١، بە ئامادەبوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری تورکیا، ئاندرزێژ سێباستیان دودا؛ سەرۆکی پۆڵۆنیا، واژۆ لەسەر ڕێککەوتنی نێوان ھەردوو وڵات لە بارەی کڕین و فرۆشتنی درۆنەکانی تورکیا کرا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، تورکیا ٢٤ دانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری جۆری “Bayraktar TB2” بە پۆڵۆنیا دەفرۆشێت، بەم جۆرەش پۆڵۆنیا بوو بە یەکەم ئەندامی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا کە درۆن لە تورکیا بکڕێت. بەم جۆرە لەدوای ئۆکرانیا، قەتەر و ئازەربایجان، پۆڵۆنیا بوو بە چوارەم وڵات کە تورکیا تەکنۆلۆجیای زۆر بەرزی سەربازیی “درۆن” واتە جۆری “Bayraktar TB2″ی پێ بفرۆشێت، ئەگەرنا جۆری دیکە بە تونسیش فرۆشراوە. ١٦ی تەممووزی ٢٠١٩، تورکیا لە ئاسمانە وشک، گەرم و تەپوتۆزاوییەکەی کوێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی “Bayraktar TB2″ی تاقی کردەوە، فڕۆکەکە توانیی بەبێ پچڕان ٢٧ کاتژمێر و سێ چرکە لە ئاسماندا بفڕێت. لە ئێستادا ١٨٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری “Bayraktar TB2″ی تورکی لە ئاسمانەکانی ئۆکرانیا، قەتەر و ئازەربایجاندان، دوای چەند مانگێکی دیکەش ٢٤ فڕۆکەی دیکەش دەچنە ئاسمانی پۆڵۆنیا(15). بەپێی هەندێک سەرچاوەی هەواڵگری و ڕۆژنامەوانی، ئۆکرانیا بەشێک لەو بایراکتارانەی لە تورکیای کڕیوە؛ لە شەڕ و ناکۆکییەکانی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی “Donetsk” لەگەڵ ڕووسیا بەکاری هێناوە(16). بەپێی هەندێک زانیاری کە لەلایەن هیچ کام لەم دوو وڵاتەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، سعودیە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە تورکیا کڕیوە و چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن بۆ کڕینی درۆنە تورکییەکان داواکاریی پێشکەشی ئەنقەرە کردووە(17). بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان باس لەوە دەکەن تورکیا چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بایراکتار تیبی ٢ی بە سعودیە فرۆشتووە تاکوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی حوسییەکاندا بەکاری بهێنێت، ئەم هەواڵانەش دوای ئەوە هات لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ هەردوو وڵات لە یەکتر نزیک بوونەوە و تا ئاستێکی سنووردار کۆتاییان بە جەنگی ساردی نێوانیان هێنا، هەندێک سەرچاوەش دەڵێن ئەوەی تورکیا بە سعودیەی داوە؛ “VestelKarayel-SU”ە(18). بەشێک لە میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن چەند وڵاتێکی ئەورووپی بیریان لە کڕینی بایراکتار لە تورکیا کردووەتەوە و تەنانەت بەریتانیا داوای کڕینی کردووە. بەریتانیا بیری لەوە کردووتەوە لەبریی درۆنە ئەمەریکییەکان کە پارەیەکی زۆریان دەوێت، هەر بایراکتارێک بە ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار یۆرۆ بکڕێت(19).   ترسی ئەمەریکا و درۆنی گرووپەکان لە عێراق دەستڕاگەیشتنی گرووپە چەکدارەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، نیگەرانیی قووڵی لای ئەمەریکییەکان و سەرجەم ئەو وڵاتانە دروست کردووە کە هێزەکانیان لە ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، چونکە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەشێکی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە، وەک ئەوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگای درۆنەوە چەند جارێک هێرش کراوەتە سەر هێزە بیانییەکان و حوسییەکانیش لە یەمەن بەردەوام لە ڕێگای درۆنەوە هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە نەوتی و ئەمنییەکانی سعودیە. دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەریان لە عێراق، کینس ماکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا هۆشداریی لە بەهێزبوونی توانای گرووپە چەکدارەکان لە بواری بەکارهێنانی درۆنەکان دا و ئاماژەی بەوە کرد گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران دەستیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە و ئەم دەستڕاگەیستنەی گرووپە چەکدارەکانیش مەترسیی لەسەر ئاسایشی ئایندەی جیهان هەیە(20). بەرپرسە حکومی و سەربازییەکانی عێراقیش لە زیادبوونی توانای گرووپە چەکدارەکان لە بواری بەکارهێنانی درۆنەکان نیگەرانن و دەڵێن کێشەی گەورە ئەوەیە نازانن سروشتی ئەم درۆنانە چۆنە ئەم گرووپە چەکدارانە بەکاریان دەهێنن و ناشزانن کێ کاریان پێ دەکات. زانیارییە بەردەستەکان جۆربەجۆرن، بەڵام ئەوەی لای ئەوان ڕوونە ئەوەیە کە لایەنی دەرەکی لەپشت ئەم بابەتەوەیە. بەشێک لە سەرچاوە عێراقییەکانیش دەڵێن ئەو درۆنانەی گرووپە چەکدارەکان بەکاریان دەهێنن؛ دروستکراوی ئێرانن و بەشێکیشیان جۆری سەرەتایی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانن. ئەوەی نیگەرانییەکانی زۆرتر کردووە بچووکیی ئەم درۆنانە وای کردووە بەئاسانی لەلایەن سیستمی بەرگری و ڕادارەوە نەناسرێنەوە و نەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن(21). کاراباخ، لیبیا و سووریا؛ هەلی دەرکەوتن سەرهەڵدانی شەڕی کاراباخ لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، هەلێکی گەورە بوو بۆ تورکیا تاکوو هێز و کاریگەریی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ هەموو جیهان بسەلمێنێت. هەموو زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکەدا(22). ئیلهام ئالیەڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی “France 24″، لە ١٥ی تەممووزی ساڵی ڕابردوو، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی “چەند فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەری تورکیتان هەیە؟” وتی: “بەشی پێویستمان هەیە. بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانمان بگەین، دەبێت ئەو زانیارییە پارێزراو بێت کە چەند دانەمان هەیە و پێمان باش نییە ئاشکرای بکەین.” لە بارەی ئەوەشی درۆنە تورکییەکان چ گۆڕانکارییەکیان بەسەر شەڕەکاندا هێناوە، ئالیەڤ وتی: “بێگومان ئەم فڕۆکانە چەکی زۆر مۆدێرن و پێشکەوتوون، بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی لە تورکیامان کڕیوە، بایی یەک ملیار دۆلار چەکی ئەرمەنستانمان وێران کردووە.” تورکیا یەکێک بوو لە لایەنە سەرەکییەکانی شەڕی لیبیا، ڕاپۆرتە هەواڵگری و ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانە شەڕکەرەکانی تورکیا ڕۆڵێکی گرنگیان لە سەرکەوتنەکانی حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دژی خەلیفە حەفتەر بینیوە و هەر ئەم بەشدارییەی تورکیاش هێرشەکانی حەفتەری بۆ سەر ناوچەکانی لیبیا ڕاگرت. مارک گارنو وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕایگەیاند ئەو ڕاپۆرتەی لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وڵاتەکەیان لەلایەن تورکیاوە ئامادە کراوە، دەریدەخات تورکیا لە جەنگە ناوچەییەکاندا سوودی خراپی لە فڕۆکەکانیان وەرگرتووە، بۆیە هەناردەی ئەو فڕۆکەیە بۆ تورکیا ڕاگیراوە. مارک گارنو باسی لەوەش کردبوو پێشتر پەیوەندییان بە مەولوود چاوشئۆغلۆ؛ وەزیری دەرەوەی تورکیاوە کردووە و نیگەرانیی قووڵیان نیشان داوە لە بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە لە شەڕەکانیدا لە قەیرانی قەرەباغ کە لەلایەن تورکیاوە پێیان دراوە، ئەم هەنگاوەش ناکۆکە لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەیان. پێشتر بەشێک لە هەناردە سەربازییەکانی کەنەدا بۆ تورکیا لە پاییزی ساڵی ڕابردوو هەڵپەسێردرابوو، بەڵام ئێستا بەتەواوی فرۆشی ئەو جۆرە فڕۆکە بە تورکیا هەڵوەشاوەتەوە. ئارۆن شتاین بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکان لە پەیمانگای لێکۆڵینەوە دەرەکییەکان کە بارەگاکەی لە فیلادلفیایە، دەڵێت ڕێککەوتنی کەنەدا و تورکیا بەو جۆرە بووە کە نابێت ئەو چەکانە بە لایەنی سێیەم بدرێن. ئەوەی کەنەدییەکانی نیگەران کرد ئەوە بوو کە هەناردەی کەلوپەلی سەربازیی تورکیا بۆ ئازەربایجان لە ساڵی ڕابردوودا شەش هێندە زیادی کرد و تەنها لە مانگی ئەیلوولدا واتە پێش شەڕی کاراباخ، تورکیا بە بڕی ٧٧ ملیۆن دۆلار چەکی بە ئازەربایجان فرۆشت(23). تورکیا لە سووریاش بەچڕی درۆنەکانی بەکار هێنا، دوای ئەوەی ٣٤ سەربازی تورکیا لەلایەن ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە کوژران، وای کرد تورکیا ئاراستەی درۆنەکانی بکاتە سووریا. بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، سەرەڕای ئەوەی ئاسمانی ناوچەکە لەلایەن ڕووسیاوە کۆنترۆڵ کرابوو، بەڵام درۆنە تورکییەکان توانیویانە کەلەبەری سیستمی بەرگریی ڕووسیاش تێبپەڕێنن و گورزی کوشندە لە هێزەکانی دیمەشق بوەشێنن. ئەوەی مایەی سەرنجە، درۆنە تورکییەکان لە شەڕی سووریا، کاراباخ و لیبیاشدا لەو شوێنانەیان داوە کە سیستمی بەرگریی ڕووسیی لێ بووە، ئەمەش وەهای کردووە ڕووسەکان بە چاوێکی دیکەوە لە هێزی ئاسمانی و توانای درۆنەکانی ئەنقەرە بڕوانن(24). لە جەنگی کاراباخیش لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، تورکیا دەستوەردانی سەربازیی کرد. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرشیان کردە سەر سوپای ئەرمینیا، نزیکەی ٢٠٠ تانک، نۆ زرێپۆش و ١٨٢ یەکەی بەرگرییان تێک شکاند، ئەمەش سوپای ئەرمینیای ناچار کرد لە بەشێکی گەورەی بەرەکانی شەڕ بکشێتەوە و تا ئاستێکی زۆر جەنگەکە لە بەرژەوەندیی ئازەربایجانی هاوپەیمانی یەکلا بکاتەوە(25). کورد لەژێر درۆنەکانی تورکیادا تورکیا لە باکوور، ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بەچڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بەکار هێناوە. بەرپرسە سەربازییەکانی تورکیا و میدیای تورکییش ئاماژە بە ڕۆڵی کاریگەری درۆنەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پەکەکەدا دەکەن، ئەمەش ڕۆڵی هەبووە لە کەمکردنەوەی جووڵە و چالاکییەکانی گەریلا لە دژی هێزە ئەمنییەکان و سوپای تورکیا لە باکووری کوردستان، هەر چەند پارتی کرێکارانی کوردستان باس لەوە دەکات لە ناوخۆی تورکیادا چەند جارێک بە درۆن هێرشیان کردووەتەوە سەر بارەگا ئەمنی و سەربازییەکان. هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) و هەرێمی کوردستان، دژی گەریلاکانی پەکەکە؛ بایراکتار تیبی ٢ و ئانکای بەکار هێناوە(26). بەپێی لێدوانی ئیسماعل دەمیر؛ ڕاوێژکاری پیشەسازیی بەرگریی تورکیا، تاکوو مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدار بوون لە کوشتنی سێ هەزار گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستاندا(27). تورکیا بە بیانووی لێدان لە گەریلاکانی پەکەکە، لەناو خاکی خۆیدا درۆنەکانی بەکار دەهێنێت، ئەمەش کردوویەتی بە یەکێک لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە درۆنەکانی لەناو سنوورەکانی خۆیدا بەکار دەهێنێت و هاوڵاتییەکانی خۆی پێ دەکوژێت، بەڵام تورکیا تاکە وڵات نییە ئەم کارە دەکات و یەکەم وڵات کە بە درۆنەکانی هاوڵاتیی خۆی کوشتبێت، ئەمەریکایە. ئەمەریکا لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١١، لە یەمەن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سەمیر خانی کوشت کە هاوڵاتییەکی بە ڕەگەز ئەمەریکی و لەدایکبوونی سعودیە بوو(28). پسپۆڕانی بواری چەکی تورکیا دەڵێن یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی تورکیا لە بواری درۆنەکان ئەوەیە کە ئەم وڵاتە لەناو خاکی خۆیدا و دژ بە پەکەکە بەکاری هێناوە و ئەمەش کردوویەتی بە یەکێک لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە درۆنەکانی دژ بە هاوڵاتیانی خۆی بەکار هێناوە و تەنانەت سامیۆل براونسوۆرد دەڵێت تورکیا یەکەم وڵاتە کە درۆنەکانی لەناو خاکی خۆیدا بەکار هێناوە، ئەم هەنگاوەش ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی کردووەتەوە. زۆر جار لەلایەن ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت پەرلەمانتارە بەرهەڵستکارەکانی ناو تورکیاشەوە ڕەخنەی ئەوە گیراوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خەڵکی مەدەنییان کردووەتەوە ئامانج، بەتایبەت لە ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان(29). فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان کە ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجام داون، بە شێوەیەکی چڕ و کاریگەر فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تێدا بەکار هێناوە. چەند ساڵێکە تورکیا بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر کردووە، درۆنەکانی تورکیا لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا چەند بەرپرس و کەسێکی دیاری پەکەکەیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە ئامانج، چەند جارێکیش هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەر هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کەوتوون، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەوردی ئامانجەکان لە هەرێمی کوردستان دەپێکن و تەنانەت دەتوانن ئەو ئۆتۆمبێلە مەدەنییانەش بپێکن کە گەریلایان تێدایە، ئەمەش جگە لە بەهێزیی توانای هەواڵگریی تورکیا لە هەرێم؛ بۆ وردیی درۆنەکان دەگەڕێتەوە. سیناریۆکان یەکەم: ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل هۆکاری سەرەکی بوون، وایان لە تورکیا کرد ڕوو لە بەرەوپێشبردنی درۆن بکات، ئەم ناکۆکییانە بەردەوامییان هەیە و تورکیا ناتوانێت پشتیان پێ ببەستێت، ئەمەش وەها دەکات لە هەر کاتێک زیاتر سوور بێت لەسەر بەرەوپێشبردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی و تەنانەت ڕکابەریکردنیان. دووەم: ساڵ لەدوای ساڵ داهاتی فرۆشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ تورکیا زیاتر دەبێت، ئەگەر تورکیا ڕووبەڕووی سزا و گەمارۆ نەکرێتەوە، لە ساڵانی ئایندەدا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەبن بە یەکێک لە دەروازە گەورەکانی داهات بۆ تورکیا. سێیەم: ئاستی درۆنەکانی تورکیا، وردی و پێشکەوتنیان بەردەوام زیاتر دەبێت، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ساڵێكی دیکەدا درۆنەکانی تورکیا ببنە ڕکابەری سەرەکیی درۆنە پێشکەوتووەکان، بە مەرجێک ئەم هەوڵانە بە سزا و گەمارۆ خاو نەکرێنەوە. چوارەم: ڕۆڵی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە یەکلاکردنەوەی جەنگەکانی لیبیا، کاراباخ و سووریا، پێگە و هەژموونی تورکیای لە ناوچەکەدا بەهێز کردووە، ئەمەش وەها دەکات لە ساڵانی ئایندەدا لە ناکۆکی و یەکلاکردنەوەی کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکەدا پێگەی بەهێزتر و دەستڕۆیشتووتری بکات. پێنجەم: پشتبەخۆبەستنی تورکیا بە درۆنەکانی کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاستی پەیوەستییەکانی بە ئەمەریکا و هێزە گەورەکان و سەربەخۆیی لە بڕیارەکانیدا، ئەمەش بۆ دەستوەردان لە جەنگ و ململانێ هەرێمییەکان بۆ تورکیا گرنگ و بۆ وڵاتانی دیکە مایەی نیگەرانییە. شەشەم: درۆنەکان پێگە و هێزی تورکیایان بەرامبەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان چەند هێندەی جاران زیاتر و کاریگەرتر کردووە، تورکیا لە ئێستا و ئایندەدا ئاسانتر، وردتر، بەهێزتر و خێراتر بنکەی گەریلا و بەرپرسەکانی پەکەکە دەكاتە ئامانج، ئەمەش پەکەکە ناچار بە گۆڕینی ستراتیژ، تەکتیک، شوێن، شێواز و تەنانەت ئاراستەی ململانێ و شەڕەکانی لەگەڵ تورکیا دەکات. حەوتەم: لە ساڵانی داهاتوودا ئەگەر هەیە تورکیا کەمتر هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان و زیاتر بە درۆنەکان و بەبێ ئامادەبوونی سەرباز شەڕ لە دژی پەکەکە درێژە پێ بدات، بەم جۆرە هەم ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی کەم دەکاتەوە، هەم ئامانجی زیاتر دەپێکێت و هەم کەمتر خۆی تووشی ناکۆکی دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق. سەرچاوەكان: (1) SİHA nedir? Nasılortayaçıktı?sonerişim tarihi-9-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor1 (2)  SİHA’larnedentercihediliyor? Nasılkullanılıyor?sonerişim tarihi-10-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor2 (3) SİHA nedir? SİHA ve İHA arasındakifarknedir?TürkSİHA’larınınözellikleri- son erişim tarihi-8-6-2021 https://www.ensonhaber.com/gundem/siha-nedir-siha-ve-iha-arasindaki-fark-nedir-turk-sihalarinin-ozellikleri?fbclid=IwAR2tJiretHoKB3spKapqZRItwr8A5pE5l6mezRcCGbULJ_55hvPv21POc70 (4) (Harp tarihivegüçdengesindedeğişiminaktörü: TürkSİHA’ları) son erişim tarihi-14-6-2021 https://www.aa.com.tr/tr/analiz/harp-tarihi-ve-guc-dengesinde-degisimin-aktoru-turk-siha-lari/2209876?fbclid=IwAR21pxLG4VZq7YjkB7Dn9MkSxkkXZ6-3SiUUDhYF660YdlqpxJowz6MRpz4 (5) Türkiye’ningökyüzündekibaşarıimzası: Yerli İHA veSİHA’lar son erişim tarihi-7-6-2021 https://www.trthaber.com/haber/gundem/turkiyenin-gokyuzundeki-basari-imzasi-yerli-iha-ve-sihalar-464449.html?fbclid=IwAR3ZvdsLuprGYaoz_2BtqOSN_-IcgvifeF0PhMNAEkuzAEgaHIwwLceZ3iw (6) Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişim tarihi-14-6-2021 http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3 (7) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü?sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc (8) Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişimtarihi- 14-6-2021 http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3 (9) Dünyanıneniyi 10 savaşçıİHA’larıhangileri? sonerişimtarihi- 5-6-2021- 17-6-2021 https://tr.euronews.com/2020/07/04/dunyanin-en-iyi-10-savasci-ihalari-hangileri-ukrayna-siha-bayraktar-akinci-turk-savunma?fbclid=IwAR0wz76Prb5KT6ws3mdfR9JSaFkJd9O8F9h3dsPxUO9ilFdINmZojh3vjaY (10) Droning On in the Middle East 1-6-2021 https://www.americanpurpose.com/blog/fukuyama/droning-on/ (11) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda   (12)  İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü? sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc (13) Bloomberg: Erdoğan’ın SİHA üreticisi, Türkiye’ninmüttefiklerinirahatsızediyor. sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-56649615?fbclid=IwAR1nei-0k5ww1gD4CroI_nV_hKBJ-WPh3zSDBXrrY1JjO01rEn1U5Fr7sD8 (14) Türkiye’ningökyüzündekibaşarıimzası: Yerli İHA veSİHA’lar. sonerişimtarihi- 16-6-2021 https://www.trthaber.com/haber/gundem/turkiyenin-gokyuzundeki-basari-imzasi-yerli-iha-ve-sihalar-464449.html?fbclid=IwAR3ZvdsLuprGYaoz_2BtqOSN_-IcgvifeF0PhMNAEkuzAEgaHIwwLceZ3iw (15) Polonyaile SİHA imzalarıatıldı: Türkiyetarihinde ilk. sonerişimtarihi- 12-6-2021   https://www.indyturk.com/node/364166/haber/polonya-ile-si%CC%87ha-imzalar%C4%B1-at%C4%B1ld%C4%B1-t%C3%BCrkiye-tarihinde-ilk (16) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda (17) Bloomberg: Erdoğan’ın SİHA üreticisi, Türkiye’ninmüttefiklerinirahatsızediyor. sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-dunya-56649615?fbclid=IwAR1nei-0k5ww1gD4CroI_nV_hKBJ-WPh3zSDBXrrY1JjO01rEn1U5Fr7sD8 (18) مصدران تركيان يوضحان لـ”الحرة” حقيقة مشاركة مسيرات “بيرقدار” في حرب اليمن،  ١٩/٦/٢٠٢١.   https://www.alhurra.com/turkey/2021/03/09/%D9%85%D8%B5%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7%D9%86-%D9%8A%D9%88%D8%B6%D8%AD%D8%A7%D9%86-%D9%84%D9%80%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D8%A9-%D8%AD%D9%82%D9%8A%D9%82%D8%A9-%D9%85%D8%B4%D8%A7%D8%B1%D9%83%D8%A9-%D9%85%D8%B3%D9%8A%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D8%A8%D9%8A%D8%B1%D9%82%D8%AF%D8%A7%D8%B1-%D9%81%D9%8A-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D9%8A%D9%85%D9%86%C2%A0 (19) Dünyatersinedöndü… AvrupaTürkSİHA’larıiçinsırayagirdi.sonerişim tarihi-5-6-2021 https://www.sozcu.com.tr/2021/dunya/dunya-tersine-dondu-avrupa-turk-sihalari-icin-siraya-girdi-6195879/?fbclid=IwAR2yD5cuz9hooIj_qvDoZAdk2xVSar6wimN5oJSn9TLkMryWWtlFizvMavY (20)  حرب بلا جنود.. الأمن العالمي في خطر بسبب “الدرونز”، ١٥/٦/٢٠٢١. https://www.skynewsarabia.com/world/1441085-%D8%AD%D8%B1%D8%A8-%D8%A8%D9%84%D8%A7-%D8%AC%D9%86%D9%88%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D9%94%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%8A-%D8%AE%D8%B7%D8%B1-%D8%A8%D8%B3%D8%A8%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%B2?fbclid=IwAR3y6OHcWyfTkYdJspgSMXZtzUMsJB9iZVRBM4-85LEFzfNQ7E6Y696yiwY “جهات خارجية” وبحث عن أدلة.. خطر الدرونز يتصاعد في العراق، ١٣/٦/٢٠٢١. (21) https://www.alhurra.com/iraq/2021/06/08/%D8%AC%D9%87%D8%A7%D8%AA-%D8%AE%D8%A7%D8%B1%D8%AC%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A8%D8%AD%D8%AB-%D8%A3%D8%AF%D9%84%D8%A9-%D8%AE%D8%B7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B1%D9%88%D9%86%D8%B2-%D9%8A%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%B9%D8%AF-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82 (22) Wall Street Journal: DüşükmaliyetliTürkSİHA’larıçatışmabölgelerinivejeopolitiğiyenidenşekillendiriyor. sonerişim tarihi-19-6-2021 https://tr.sputniknews.com/abd/202106041044655740-Wall-street-journal-dusuk-maliyetli-turk-sihalari-catisma-bolgelerini-ve-jeopolitigi-yeniden/ (23) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü? sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc (24) Harp tarihivegüçdengesindedeğişiminaktörü: TürkSİHA’ları. sonerişim tarihi-14-6-2021 https://www.aa.com.tr/tr/analiz/harp-tarihi-ve-guc-dengesinde-degisimin-aktoru-turk-siha-lari/2209876?fbclid=IwAR21pxLG4VZq7YjkB7Dn9MkSxkkXZ6-3SiUUDhYF660YdlqpxJowz6MRpz4 (25) Droning On in the Middle East. 1-6-2021 https://www.americanpurpose.com/blog/fukuyama/droning-on/ (26) Türkiye’nin SİHA gücü ne kadar? Hangimodellerdekaçtanevar?Çatışmalardahangileritercihediliyor?İştecevapları.sonerişimtarihi- 14-6-2021 https://www.indyturk.com/node/342926/haber/t%C3%BCrkiyenin-si%CC%87ha-g%C3%BCc%C3%BC-ne-kadar-hangi-modellerde-ka%C3%A7-tane-var-%C3%A7at%C4%B1%C5%9Fmalarda (27)Türkiye’ninSİHA’larınınözelliklerinedir? sonerişim tarihi-14-6-2021 http://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor3 (28) Dünyadahangiülkelerkullanıyor? sonerişim tarihi-20-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-41275429#anchor4 (29) İHA ve SİHA üretimindeTürkiyedünyadayükselenbirgüçmü? sonerişim tarihi-19-6-2021 https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-54533620?fbclid=IwAR2Vlg9cXMIhXMBm7Y5RPJxJeiPjT9ncCxWVUwEctK7u32nBRXG12MZFhLc   ژمارە (8)ی ته‌مووزی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی


(درەو): لەسەر راكێشانی كارەبای حكومی، كێشە لەنێوان كۆمپانیای (نالیا)و پرۆژەی كارمەندانی (شاری دایك)ی کۆمپانیای (ساوس کوردستان) رویدا، هەردوولا سكاڵای یاسایی لەسەر یەكتر تۆمار دەكەن. كەناڵی (NRT)ی سەربە کۆمپانیای (نالیا) راگەیاند، خاوەن پرۆژەیەك لە شاری سلێمانی تەقەی بەسەر تیمێكی راكێشانی كارەبادا كردووە، لەكاتێكدا تیمەكە سەرقاڵی راكێشانی تۆڕێكی كارەبای حكومیدا بوون و رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەباو شارەوانی سلێمانیان هەبووە. (درەو) پەیوەندی كرد بە كاوە حاجی فایەق خاوەنی پرۆژەی نیشتەجێبونی شاری (دایك)ەوە کرد، كێشەكەی پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند:"ئەوان هاتوون تەعەدامان لێدەكەن و شەڕمان پێدەفرۆشن". وتی:"گرێبەستێك لەنێوان ئێمەو كۆمپانیای نالیا هەیە، بەڵام ئەوان گرێبەستەكەیان جێبەجێ نەكردووەو هاتوون لەناو پرۆژەكەی ئێمەوە هەشت حەفارەیان هێناوەو چاڵیان هەڵكەندووەو كارەبا رادەكێشن". بەپێی قسەی خاوەنی پرۆژەی شاری (دایک)، ئەوان پێشتر داوای کارەبای حکومییان کردووە بۆ پرۆژەکەیان، بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی وتویانە دەبێت (33) كەیڤی رابكێشن، لە كاتێكدا ئەوان پێویستمان بە (11) كەیڤی هەبووە، بەهای (33) كەیڤیەكە (یەك ملیۆن) دۆلار بووە. کاوە حاجی فایەق باسی لەوەکرد، بەڕێوەبەری كارەبای سلێمانی ئەوكات پێی وتوون، ئێوە کارەباکە رابكێشن ئاساییە، بەڵام ئەگەر كۆمپانیای (نالیا)و كۆمپانیای (قەیوان) پێویستیان بەكارەبا هەبوو، دەبێت سێیەكی پارەكە بۆ ئێوە بگەڕێننەوە. "ساڵی رابردوو نوێنەری كۆمپانیای نالیا هاتە لامان و داوای ئەو كارەبایەیان كردو رێككەوتین لەسەر ئەوەی پشكی خۆیان كارەبا ببن و بڕی (300 هەزار) دۆلارمان بدەنێ، چونكە ئێمە پێشتر ئەو كارەبایەمان كڕیبوو، بەڵام ماوەی ساڵێكە رێككەوتن كراوەو بڕیاربوو کۆمپانیای نالیا ئەو (300 هەزار) دۆلارە بە سێ وەجبە بدەنە شاری دایك، سەرەتا (100 هەزار) دۆلار و دواتر (100 هەزار) دۆلاری تر و كە تەواویش بوو (100 هەزار) دۆلار، بەڵام تائێستا یەك دیناریان نەداوە، بەبێ ئەوەی یەك دۆلار بدەن ئەمڕۆ هەشت حەفارەیان هێناوەتە ناو پرۆژەكەمان و چاڵ هەڵدەكەنن بۆ راكێشانی كارەباكە" بەڕێوەبەری پرۆژەی شاری دایک وادەڵێ. كەناڵی (NRT) رایگەیاند، داوای یاسایی لەسەر خاوەنی ئە پرۆژەی (دایک) تۆماركراوە، چونکە تەقەی كردووە، خاوەنی شاری (دایك)یش دەڵی" ئێمەش سكاڵایان تۆمار دەکەین". لەبەرامبەردا خاوەنی كۆمپانیای ساوس كوردستان دەڵێت ئەوەی روویداوە كارمەندێكی سكیوریتی بووە كەدوو فیشەكی موختار كوژی تەقاندووە بۆ هیوركردنەوەی دۆخەكە، ئێمەش سكاڵامان تۆماركردووە.


راپۆرت: درەو لاهور شێخ جەنگی چاوی لەوەیە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆبونەوە بكات، بەڵام  بافڵ تاڵەبانی هێشتا متمانەی تەواوەتی بە  بارودۆخەكە نییە‌و دەیەوێت ئیشی زیاتری تێدا بكات، ئێستا كە نەتوانرا لاهور شێخ جەنگی رەوانەی دەرەوەی وڵات بكرێت، لەڕووی پەیڕەوییەوە بافڵ تاڵەبانی چۆن دەتوانێت لە ئەنجومەنی سەركردایەتییەوە لاهور شێخ جەنگی لە پۆستی هاوسەرۆكایەتی دوربخاتەوە ؟ دۆخی نوێی یەكێتی دوای كێشەی نێوان ئامۆزاكان چی بەسەر  دێت ؟ جەمسەرەكانی تری ناو  یەكێتی پێگەیان لەم دۆخە نوێیەدا چۆن دەبێت ؟ زانیاری زیاتر  لەم راپۆرتەدا.     گەڕانەوە بۆ پەیڕەو نزیكەی سێ هەفتە تێدەپەڕێت بەسەر رووداوەكانی (8)ی تەموزی سلێمانیدا، روداوگەلێك كە ماڵباتی تاڵەبانی ناویان لێناوە "چاكسازی"‌و لاهور شێخ جەنگی‌و لایەنگرەكانی بە "كودەتا" ناوی دەبەن. روداوەكانی (8)ی تەموزو رۆژانی دواتری ناو یەكێتی، پێگەی لاهور شێخ جەنگی لاواز كرد، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە لە گۆڕەپانەكەدا بیسڕێتەوە. لە 18 رۆژی رابردوودا، بافڵ تاڵەبانی سەركەوتوو بوو لەوەی جڵەوی (دەزگا زانیاری، دەزگای دژەتیرۆر) لەدەستی لاهور شێخ جەنگی وەرگرێتەوە‌و لەپاڵ ئەمەشدا لەڕووی میدیاییەوی گورزێكی گەورەی لێدا، بەڵام تائێستا سەركەوتوو نەبووە لەوەی بەتەواوەتی لەسەر شانۆی رووداوەكانی ناو یەكێتی دوری بخاتەوە.  بافڵ تاڵەبانی لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە تائێستا بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەكات دەبێت لاهور شێخ جەنگی ئامۆزای لە كوردستان بچێتە دەرەوە، بەڵام ئەمە روینەدا، لە قۆناغێكی تردا جەختی لەسەر كۆتایهێنان بە هاوسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی دەكرد، ئەمەش بە نیوەناچڵی جێبەجێ كرا، چونكە لاهور شێخ جەنگی لە كۆبونەوەكەی ئێوارەی 17ی تەموزی مەكتەبی سیاسیدا، تەنیا دەستبەرداری دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆك بوو، نەك پۆستی هاوسەرۆك، بەمشێوەیە لاهور شێخ جەنگی گەمەكەی بردەوە ناو سەركردایەتی یەكێتی‌و رادەستی پەیڕەوی ناوخۆی حزبی كرد، دۆخەكەی گەڕاندەوە بۆ سەردەمی دوای كۆنگرەی چوارەم كە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2019 بەڕێوەچوو. سەركردایەتی‌و گەڕێكی نوێی ناكۆكی ! گەڕاندنەوەی كێشەكان بۆ ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی، دەرگا لەسەر ناكۆكی جەمسەرەكانی تری یەكێتی لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانی دەكاتەوە، بەدیاریكراویش (ماڵی كۆسرەت رەسوڵ)‌و (گروپی كەركوكییەكان)‌و (مەكتەب سیاسییەكانی پێشتر)، زۆرینەی كارەكتەرە سیاسییەكانی ناو ئەم سێ جەمسەرەی یەكێتی، لە ململانێی نێوان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیدا بەلای ماڵی مام جەلالدا شكانەوە یاخود بە بێدەنگبوونیان پاڵپشتییان لە دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی كرد، بەڵام ئێستا ئیتر رەنگە نەیانەوێت لاهور شێخ جەنگی لەوە زیاتر لاواز بكرێت‌و ماڵباتی تاڵەبانی بەتەواوەتی كۆنترۆڵی حزب بكەن، چونكە ئەمە لە داهاتوویەكی نزیكدا رەنگە كێشە بۆ پێگەو دەستڕۆیشتووی ئەوانیش دروست بكات، بۆیە بەردەوامبوونی ناكۆكی نێوان ئامۆزاكان‌و هێشتنەوەی كێشەكانی نێوانیان بە چارەسەر نەكراوی، لەسودی ئەم جەمسەرانەی تری ناو یەكێتی كۆتایی دێت.  ئێستا كە كێشەكانی یەكێتی دەبرێنەوە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئیتر ئەم جەمسەرانەش دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتای گەمەكانی دوای كۆنگرەی چوارەم‌و ئەمجارەیان بە هێزێكی زیاترەوە شەڕ لەسەر دیاریكردنی پێگەو چارەنوسی سیاسی خۆیان لەناو حزبەكەیان دەكەن، لە كۆنگرەی چوارەمدا، ماڵباتی تاڵەبانی بە هەردوو لقەكەیەوە (كوڕەكانی مام جەلال‌و شێخ جەنگی) توانیان پێگەی ئەم جەمسەرانە لاواز بكەن، بەڵام ئێستا ماڵباتی تاڵەبانی لەنێوان ئامۆزاكاندا دابەشبووە‌و ئەو گوڕەی سەردەمی كۆنگرەی چوارەمی نەماوە، هەردوولا (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی) بۆ یەكلاكردنەوەی گەڕی كۆتایی ململانێكانیان، پێویستیان بە پاڵپشتی ئەم جەمسەرانەی تری ناو یەكێتی هەیە، ئەمە دەرفەت لەبەردەم ئەو جەمسەرانە خۆش دەكات، داواكاری زیاتری خۆیان بسەپێنن.   سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە ؟ بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی هەوڵی كۆكردنەوەی سەركردایەتی‌و هەمواكردنی پەیڕەوە پەسەندكراوەكەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی دەدات، بەجۆرێك لەم هەموارەدا كۆتایی بە سیستمی هاوسەرۆكایەتی بهێنێت، چونكە چەسپاندنی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی پەسەندكراوە نەك لە كۆنگرەدا.  ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە (124) كەس پێكدێت، پێشترو بەر لە ناكۆكییەكانی نێوان، بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی پێكەوە زیاتر لە (90) دەنگیان لە سەركردایەتیدا هەبوو، نزیكەی (80) ئەندامی سەركردایەتی سەربە لاهور شێخ جەنگی بوون‌و بافڵ تاڵەبانیش نزیكەی (15) ئەندامی هەبوو. ئێستا بافڵ تاڵەبانی هەوڵی كێشكردنی دەنگی لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی دەدات لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بەبێ زامنكردنی ئەم دەنگانە نایەوێت سەركردایەتی هیچ گۆڕانكارییەك بكات. بافڵ تاڵەبانی كە لەسەرەتای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە رێوشوێنەكانی خۆی بە خێرایی جێبەجێ دەكرد، ئێستا كە دۆخەكە براوەتە ناو ئەنجومەنی سەركردایەتی، رێوشوێنەكانی هێواش كردوەتەوە، نایەوێت دەنگە ناڕازییەكانی ناو یەكێتی خۆیان رێكبخەنەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا تا ئێستا باس لەوەدەكرێت نزیكەی (50) لە ئەندامانی سەركردایەتی هێشتا لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ماون و پشتیوانی لێدەكەن. لەبەرامبەردا ئەمجارەیان لاهور شێخ جەنگی پەلەیەتی، دەیەوێت سەركردایەتی كۆببێتەوە‌و بڕیاری كۆتایی لەبارەی چارەنوسی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزبەكەوە بدات، تا ئەو رادەیەی چاوەڕێی ئەوە دەكات لەم چەند رۆژەدا سەركردایەتی كۆببێتەوە. كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی پێیانوایە هێشتا ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ بافڵ تاڵەبانی تەخت نەبووە، بەڵام درێژكردنەوەی زیاتری كاتەكە رەنگە لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی نەبێت، چونكە ئەمە دەرفەت لەبەردەم ماڵی مام جەلال خۆش دەكات زیاتر كار لەسەر ئەندامانی سەركردایەتی بكەن‌ بەتایبەتیش كە ئێستا ئیتر هێزو زانیاری لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدایەو لەگەڵ جەمسەرەكانی تری ناو یەكێتی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنەوەی كێكی دەسەڵات بگەنە رێككەوتن. هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆو كۆتایهێنان به‌ سیستمی هاوسه‌رۆكایه‌تی، به‌گوێره‌ی مادده‌ی (69)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی پێویسته‌ له‌سه‌ر داوای (50) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی بخریته‌ به‌رنامه‌ی كارو په‌سه‌ندكردنی هه‌ر جۆره‌ هه‌موارێكیش پێویستی به‌ ده‌نگی (چوار له‌سه‌ر پێنج)ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی هه‌یه‌، واتا له‌ كۆی (124) ئه‌ندام ده‌بێت (100) ئه‌ندام پشتیوانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی هاوسه‌رۆكایه‌تی بكه‌ن، سه‌رباری ئه‌مه‌ نابێ هه‌مواره‌ په‌یڕه‌و سه‌ر بۆ ده‌ستكاریكردنی بنه‌ما گشتییه‌كان بكێشێت، هه‌موو ئه‌مان به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م كاره‌كانی بافڵ تاڵه‌بانیدا.  لە هاوسەرۆكایەتییەوە بۆ سەرۆكایەتی چوار رۆژ دوای رووداوەكانی (8)ی تەموزو بە دیاریكراوی لە رۆژی 12ی مانگدا، بافڵ تاڵەبانی بەفەرمی خۆی وەكو "سەرۆك"ی یەكێتی ناساند، بەڵام ئەمە تەنیا چەند كاتژمێرێكی خایاندو وەكو بەشێك لە هەڵمەتی میدیایی بوو دژی لاهور شێخ جەنگی، ئێستا لە میدیای فەرمی یەكێتیدا بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی هەردووكیان وەكو "هاوسەرۆك" دەناسرێن، یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە لە ئەنجومەنی سەركردایەتیدا دەبێت. رۆژی 13ی ئەم مانگە، واتا پێنج رۆژ دوای رووداوەكانی (8)ی تەموز، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و گروپی كەركوكییەكانی ناو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی كۆبووەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا بۆ یەكەمجار ماڵی مام جەلال‌و ئەو دوو جەمسەرەی تری ناو یەكێتی باسیان لەوە كردووە:  •    سیستمی هاوسەرۆكایەتی هەڵوەشێندرێتەوە •    ئەنجومەنی سەركردایەتی كە ئێستا ژمارەیان (124) كەسە، ژمارەی ئەندامەكانی بۆ خوار (50) كەس كەمبكرێتەوە، هاوشێوەی سەركردایەتییەكەی بەر لە كۆنگرەی چوارەمی لێبكرێت •    مەكتەبی سیاسی سەرلەنوێ دروست بكرێتەوە •    هەندێك لەم هەنگاوانە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لە دەسەڵاتی سەركردایەتیدا نین، بۆیە بسپێردرێن بە (پلنیۆم) یاخود كۆنگرەیەكی نائاسایی. بەگوێرەی ماددەی (19)ی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرەی نائاسایی لەسەر داوای (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامانی سەركردایەتی دەبەسترێت، بەمدواییانە لە سۆسیال میدیای نزیك لە ماڵی مام جەلالەوە باس لەوەدەكرا، یەكێتی ئامادەكاری بۆ بەستنی پلنیۆم‌و كۆنگرەیەكی پێشوەختە دەكات.   واتا لە هەموو حاڵەكاندا، بۆ دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی، دەبێت بافڵ تاڵەبانی بگەڕێتەوە بۆ سەركردایەتی‌و لەوێ زۆرینە دروست بكات، لەمەشدا جگە لە راكێشانی لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی بەلای خۆیدا، دەبێت جەمسەرەكانی تری یەكێتیش لەناو سەركردایەتی قایل بە گۆڕانكارییەكان بكات.  گۆڕینی پەیڕەو سازدانی كۆنگرەی پێشوەختە، كاتێكی زیاتر دەخایەنێت، دورخستنەوەی یاسایی لاهور شێخ جەنگی لەپۆستەكەی، لەئێستادا جگە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی هیچ رێگایەكی تری لەبەردەمدا نییە. بەپێی پەیڕەوی پەسەندكراوی كۆنگرەی چوارەم، لێسەندنەوەی متمانە لە هاوسەرۆكێك بەدەنگی (51) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەخرێتە بەرنامەی كارەوە، بەڵام پەسەندكردنی لێسەندنەوەی متمانە پێویستی بە دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامان هەیە، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە (124) كەس پێكدێت، دوو لەسەر سێی ئەم ژمارەیە واتا (83) ئەندام. لە پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیدا كێشەیەك هەیە، كە ئەمڕۆ لەناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكاندا كاریگەرییەكەی دەردەكەوێت، پەیڕەوەكە لە پرسی گۆڕینی هاوسەرۆكدا باسی لە دەنگی دوو لەسەر سێ كردووە، بەڵام دەستنیشانی نەكردووە ئایا مەبەست لە دوو لەسەر سێ، كۆی ئەندامانە یان دوو لەسەر سێی دەنگی ئەو ئەندامانەی كە دەچنە ناو كۆبونەوەكەوە، رەنگە لێكدانەوەی جیاواز لەسەر ئەم بڕگەیەی پەیڕەوی ناوخۆ، هەندێك كێشە بۆ گۆڕانكارییەكانی بافڵ تاڵەبانی لەناو یەكێتی دروست بكات.  هەر بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، ئەگەر هاوسەرۆك بە ویستی خۆی دەستلەكاربكێشێتەوە، بەزۆرینەی سادە واتا (50+1) دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەند دەكرێت، لەم حاڵەتەدا دورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی پێویستی بە دەنگی (63) ئەندامی سەركردایەتی دەبێت، بەڵام ئایا لاهور شێخ جەنگی بە ویستی خۆی‌و بەبێ هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە دەست لە پۆستەكەی دەكێشێتەوە ؟ ئەگەر هاوسەرۆك متمانەی لێ وەرگیرایەوە ؟ ئەگەر بافڵ تاڵەبانی‌و هاوپەیمانەكانی لەناو یەكێتی سەركەوتوو بن لە دروستكردنی زۆرینە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ سەندنەوەی متمانە لە لاهور شێخ جەنگی وەكو هاوسەرۆك، هێشتا لاهور شێخ جەنگی وەكو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەمێنێتەوە، چونكە بە دەنگی ئەندامانی كۆنگرە هەڵبژێردراوە بۆ ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی. كۆكردنەوەی زۆرینە بۆ سەندنەوەی متمانە لە لاهور شێخ جەنگی كۆتایی بە ململانێكان لەناو یەكێتی ناهێنێت، بەڵكو جارێكی تر قسەوباسی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی حزب گەرم دەكاتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەحاڵی وەرگرتنی پۆستی "سەرۆك"ی یەكێتیدا، تائێستا بافڵ تاڵەبانی رەتیدەكاتەوە سەرۆك هیچ جێگرێكی هەبێت، ئەمە لەحاڵێكدایە، بۆچونێكی تر هەیە سەرۆك دوو جێگری هەبێت‌و یەكێكان كەسێك بێت لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ‌و ئەوی تریان كەسێك بێت لە گروپی كەركوكییەكان، لەم نێوەندەشدا ناوی هەریەكە لە ( رەفعەت عەبدوڵا و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ) دەهێنرێت. سەرباری ئەمە، قسەوباس هەیە لەبارەی نوێكردنەوەی مەكتەبی سیاسی‌و هێنانەوەی ژمارەیەك لە مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزب بۆ ناو كایەكە، لەوانە ( عەدنان حەمەی مینا، مەحمود سەنگاوی، عیماد ئەحمەد...). ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، كە مەكتەب سیاسییەكانی پێشتری حزبی تێدایە‌و كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات، بەهۆی باری تەندروستی كۆسرەت رەسوڵەوە كارایی خۆی لەدەستداوە، بەڵام ئەوەی تائێستا لەناو یەكێتی باسدەكرێت، گۆڕانكارییەكان ئەم ئەنجومەنە ناگرێتەوە‌و وەكو خۆی دەمێنێتەوە، بەتایبەتیش كە ئەم ئەنجومەنە بەبڕیاری كۆنگرە دروستكراوە‌و تەنیا بە كۆنگرە دەتوانرێت گۆڕانكاری تێدا بكرێت.  ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەكان كە كارەكەی پارێزگاریكردنە لە دۆخ‌و بەرژەوەندی یەكێتی، رۆژی (8)ی تەموز كە ناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكان بوو بە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندی یەكێتی، بێدەنگی هەڵبژاردو لە دوورەوە تەماشای بارودۆخەكەی دەكرد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەم ئەنجومەنە بەمدواییە كۆبونەوەیەكی كردووە‌و لە كۆبونەوەكەدا حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنەكە راسپێدراوە، بەمەبەستی چارەسەركردنی بارودۆخەكە لەگەڵ هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی كۆببێتەوە، حاكم قادر لەگەڵ هەردوو هاوسەرۆكەكە كۆبوەتەوە، بەڵام (درەو) تائێستا وردەكاری قسەوباسەكان‌و بۆچونی ئەنجومەنی باڵای سیاسی لەوبارەیەوە نازانێت و دیمەنەی ئەو دوو كۆبونەوەیەش لە  میدیا فەرمیەكانی یەكێتیەوە بڵاو نەكراوەتەوە.  


  بەهرۆز جەعفەر پوختەی جێبەجێكار  ئەو جوگرافیایەی نیشتیمانی عەرەبی تێدا هەڵكەوتووە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریكادا، بەوە ناسراوە كە ووشكە، ڕووباری كەمە، ڕێژەی باران و بەفر تیایدا كەمترە لە جەمسەرەكانی دیكەی گۆی زەوی. هەروەها پلەی گەرما تیایاندا بەرز و ئاستی هوشیاری و حوكمڕانیشیان وەكو پێویست نییە. عێراق، بەهۆی بونی هەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتەوە بە یەكێك لە ووڵاتە دەوڵەمەندەكان لە ڕووی سەرچاوەی ئاوییەوە دائەنرێت، بەڵام فاكتەری دەرەكی و ناوخۆیی عێراقییەكانی تووشی تینوێتی كردووەو، بە ملیۆنەها كەس بەهۆی نەبونی ئاوی پاكەوە ئەناڵێنن و، ووڵاتەكە تووشی گەرمبون و بیابانبون (Warming and Desertification) بووەو، جوتیارەكانیشی ڕووبەڕووی كۆچ و نەدارایی بونەتەوە. ئەم پەیپەرە ئەكادیمیە پرسیار ئەخاتە سەر نەبونی دیدگایەك بۆ ستراتیژی بەڕێوەبردنی ئاو، لەو نێوانەشدا پرسی هاریكاریی و هەماهەنگی هەرێمایەتی و پرۆگرامی هۆشیاری گشتی بەهەند وەرگرتوە بەرانبەر بە مەترسیی ووشك بون و كەم ئاویی لە عێراق.  یەكەم: كاریگەری گۆڕانی كەشوهەوای جیهانی لەسەر كەمبونەوەی ئاو گۆڕانی كەشوهەوا (Climate Change) یەكێكە لە تۆپیكە گەرم و بەرباسەكانی سەر ئەم هەسارەیە. بەپێی پەیمانگەی ستۆكهوڵمی نێودەوڵەتی بۆ ئاو (Stockholm International Water Institute- SIWI) گەرمبونی ڕووی زەوی و گۆڕانی كەشوهەوا یەكسانە بە كەمبونەوەی سوڕی ئاو. زۆربەی خەڵكی هەر ئەوەندە ئەبینن كە یەك پلە گۆی زەوی گەرم بوە، ئەوە نابینن كە زاناكان ئەیبینن چ كارەساتێك لە ڕەوشی ئاو دا دروست ئەبێت!. چ نا-هاوسەنگییەك لە وەرزەكانداو لە نێوان باران بارین و لافاو و ووشكەساڵی دا دروست ئەكات. كەشوهەوایەكی نامۆ و ترسناك هۆكارە بۆ قەیرانی خۆراك، بۆ كەمبونی ئاو، بۆ زیادبونی ڕێژەی هەژاریی(1). لە ڕاپۆرتی (18 ی مارسی 2021) ی  یۆنسێف دا هاتوە كە زیاتر لە (1.42) یەك ملیارو چلودوو ملیۆن كەس كە تیایدا (450) ملیۆنیان منداڵن لە ڕەوشێكی دژواردان و دەستیان ناگاتە ئاوی پێویست بۆ پێداویستییەكانی ڕۆژانەیان!. ئەمەش مانای وایە لە هەر (5) منداڵ (1) منداڵ بەدەست نەبونی ئاوەوە ئەناڵێنن، لە ڕاپۆرتەكەدا وێنەو فاكتی باشوری ئەفریكاو باشوری ئاسیای وەك دوو جەمسەری مەترسیدار وێناكردووە، لە مەداغشقەر ئافرەتێك (14) كم ئەبڕێت بۆ ئەوەی ئاوی دەستبكەوێت بۆ پێداویستییەكانی(2).  ئاو، پێكهاتەیەكی كیمیاوییە، لە دوو گەریلە هایدرۆجین (H) و گەردیلەیەك ئۆكسجین (O) پێكدێت. زانایان ئاماژە بەوە ئەكەن كە بنچینەی ژیان لەسەر هەموو هەسارەكان ئاوە. (71%) ی ڕووی زەوی بە ئاو داپۆشراوە، هەموو شتێكی زیندوو پێویستی بە ئاوە، بە جۆرێك پەیكەر و ڕێكخەری ژیانە: جەستەی مرۆڤێكی پێگەیشتو (60%) ی ئاوە، لە ناو ئاژەڵاندا فیل بەڕێژەی  (70%) و، لە ڕووەكیشدا پەتاتە (80%) و تەماتە (95%) ی لە ئاو پێكهاتووە....تادوایی. مرۆڤێكی ئاسایی ئەتوانێت تەنها (7) ڕۆژ بێ ئاو بژی. ئەگەر كەسێك (20%) ی ئاوی لەشی لەدەستبدات، یەكسەر ئەمرێت. هەر مرۆڤێك بۆ خواردنەوە ڕۆژانە پێویستی بە (2,4) لیتر ئاوە (3). لەبەر گرنگی لە ڕادەبەدەری ئاو هەموو ووڵاتێك سیاسەت و یاسای (بەڕێوەبردنی ئاو) ی هەیە. هەروەها ڕێككەوتننامەی ئاویی و دەریاوانی نێو-دەوڵەتی هەیە. لە عێراق و ووڵاتە دواكەوتوەكاندا چونكە ڕەچاوی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی سەبارەت بە ئاو و رووبارەكان ناكرێت و سیاسەتێكی گشتگیر نییە، ئاو بەرەبەرە بۆتە قەیرانێكی مەترسیدار!. هێشتا جیهان شەڕی بۆڕییە نەوتی و غازییەكانی تەواو نەكردووە..قەیرانی ئاو یش لەناوچەكەدا نیشانەكانی بە زەقی دەرخستووە:  دووەم: مەترسییەكانی سەر ئاسایشی ئاو لە عێراق ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (6.3%) ی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی پێك ئەهێنێت، بەڵام (1.4%) ی ئاوی پاكی بۆ بەكارهێنان لە خۆ-ئەگرتووە!. ئەمەش ئەوە نیشان ئەدات كە ئەم ناوچەیە بەرەو مەترسییەكی گەورەی ژیان كردن لە ڕووی ئاسایشی ئاوەوە هەنگاوی هەڵگرتوە. لەساڵی (1955) دا تەنها (3) سێ‌ دەوڵەتی عەرەبی بەدەست كەمئاوییەوە چەشتویانە، بەڵام ئەمرۆ (11) یانزە دەوڵەتی عەرەبی قەیرانی ئاویان هەیەو، سكۆڵەرەكان پێشبینی ئەوە ئەكەن كە (7) نەتەوەو دەوڵەتی دیكە لەم ناوچەیە تا (2025) بێ‌ ئاو ببن(4). دامەزراوەی (چاتام هاوس-Chatham House) یەكێكە لە بەهێزترین ناوەندەكانی ڕاوێژكاری و توێژینەوە لەم جیهانە، لە ڕاپۆرتێكیدا بەناونیشانی " بە سیاسەتی كۆن كێشەی ئاوی عێراق چارەسەر نابێت" لایوایە، سەرەكیترین كاری هەر سەرۆكوەزیرانێك لە داهاتوودا دێت ئەبێت چارەسەركردنی گرفتی ئاو بێت لە عێراق، چونكە حكومەتە یەكلەدوای یەكەكانی پێشوو ڕێگەیانداوە ئەم گرفتە گەورە ببێت، بە پێی چاتام هاوس عێراق لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵات بوە كە بانگەشەی زۆروزەوەندی ئاوی كردووە بەهۆی بونی هەردوو ڕووباری دیجلەو فوراتەوە تا ساڵی (1970)، بەڵام دوای ئەوە نزیكەی (40%) ی ئاوی وڵاتەكەی لە دەستچووە. ئەوەش بەشێكی ئەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ‌ (بەتایبەت توركیا) بەرانبەر عێراق لە پرسی ئاودا. جگە لەوەش بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماو كەمبونەوەی ڕێژەی بارانبارین بە خراپی كاریگەرییان خستۆتە سەر ئاستی یەدەگی ئاویی لە عێراقدا، بەجۆرێك ساڵانە (8) ملیار م3 لە ئاوی بەنداوەكان وخەزانەكانی عێراق ئەبن بە هەڵم (بەهەڵم بون-Evaporation)(5). 2-1. توركیاو ئێران ئاو لە عێراق ئەگرنەوە  بە پێی (ناوەندی جەزیرە بۆ لێكۆڵینەوە، 2018) كەمكردنەوەو لێ بڕینی ئاوی دیجلەو فورات (تصاریف نهری دجلە والفرات) لەلایەن توركیاوە فاكتەرێكی سەرەكی كەمكردنی ئاستی ئاویی ئەو دوو ڕووبارە سەرەكییەیە كە بە عێراقدا تێ‌ ئەپەڕن. ڕووباری دیجلە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی توركیاوە هەڵئەقوڵێت، درێژییەكەی (1718) كیلۆمەترە، بە دووەم درێژترین ڕووبار دائەنرێت لە باشوری ڕۆژئاوای ئاسیادا. ڕووبەری حەوزە ئاوییەكەی (472.606) كیلۆمەتری چوارگۆشەیە، (17%) ی بە خاكی توركیادا تێ‌ ئەپەڕێت، (2%) ی بە سوریاو، (52%) ی ئاوەكەی بە عێراقدا ئەڕوات. هەرچی ڕووباری فوراتە بەهەمان شێوە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی توركیاوە هەڵئەقوڵێت، درێژییەكەی (2781) كیلۆمەترەو ڕووبەری حەوزە ئاوییەكەی (444000) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، (28%) ی ئەكەوێتە توركیاوەو، (17.1%) ی سوریاو، هەرچی ئەمێنێتەوە (39.9%) ی ئەم ڕووبارە بە خاكی عێراقدا تێ‌ ئەپەڕێت(6).  كەم ئاویی تەنگی بە عێراق هەڵچنیوە. وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق (مەهدی ڕەشید حەمدانی-2021) دان بەوەدا ئەنێت كە: ئەو سەرچاوەو داهاتە ئاوەی لە توركیاوە بەڕێگەی ڕووباری فورات و دیجلەوە بۆ عێراق دێت بە ڕێژەی (50%) كەمی كردووە. ئەوەی لە لق و زێیەكانی وەك بەنداوی دەربەندیخان (لە باكوری عێراق) ەوە بۆ باشور ئەچو ئێستا گەیشتۆتە ئاستی سفر، هەروەكو ئەوەی لە "زاب"  لە ناوچەی كەركوكیشەوە هەبو بە ڕێژەی (70%) كەمی كردووە. حەمدانی لە بارەی ئێرانیشەوە نایشارێتەوە كە ئەو وڵاتە ڕێرەوی زۆر لە زێ‌ و ڕووبارە گرنگەكانی كە دێنە ناو خاكی عێراقەوە گۆڕیوە بە قازانجی خۆی، وەكو ڕووباری سیروان كە ئێران بەردەوام هەوڵی ووشك بونی داوە، هەروەها ئێران لە ناوچە سنورییەكانی دیالەو خانەقین ئەو ئاوانەی گرتۆتەوەو، بەرەو ناوخۆی وڵاتەكەی ئاڕاستەی ئاوەكەی گۆڕیوە(7).     كەمبونەوەی هەستپێكراوی ئاوی دیجلە: خەڵكی چاوەڕێن بۆ یەكەمجار بە پێ‌ پیاسە لە دیجلەدا بكەن (تویتەر) بە پێی بەدواداچونەكانی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی (www.mirs.co )، عێراق بەشێكی گەورە لەسەرچاوە ئاوییەكانی بە زووترین كات لە دەست ئەدات. لەساڵی (1933) دا لەسەر ڕووباری فورات (30) ملیار م3 لە توركیاو سوریاوە ئاو هاتۆتە عێراق، بەڵام لە ساڵی (2021) دا ئەم بڕە گەیشتۆتە (9.5) نۆ ملیارو نیو م3. هەروەها لەپەیوەند بە ڕووباری دیجلەوە پێشوتر (20.5) ملیار م3 بوە لە (2021) دا گەیشتوە بە (9.7) ملیار م3، ئەمەش بە هۆی لێدانی (بەنداوی ئەلیسۆ-Ilisu Dam) ەوە لە لایەن توركیاوە.. هەرچی ئێرانیشە (5) ڕووباری سەرەكی عێراقی ووشك كردووە، ڕووبارەكانی (كنجان جم، كلال بدرە، جنكیلات، كەرخەو خوبەین) لە عێراق ووشك بون و ئێران بەرپرسیارە لە ووشكبونیان، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی دەیان لادێی سەر سنوری عێراق- ئێران چۆڵی بكەن و، سیستەمی ژینگەیی و زیندەیی ئەو ناوچانە بەتەواوی گۆڕانكاری بەسەردا بێت(8).  2-1-1. پرۆژەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ  (گاپ-GAP) پرۆژەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (GAP -Güneydoğu Anadolu Projesi) یەكێكە لە گرنگترین پرۆژەكانی گەشەپێدانی باشوری ئەنادۆڵ، سەرەتاكەی ئەگەڕێتەوە بۆ دوای دامەزراندنی كۆماری توركیا، ئامانجەكەشی ئەوكات ساڵی (1930)  خۆی لە: خستنەگەڕی   وێستگەكانی وەبەرهێنانی ووزەی  كارەباو، هەڵبەستنی چەندین بەنداو لەسەر ڕووباری فورات ئەبینیەوە. بەپێی حكومەتە یەكلەدوای یەكەكانی توركیا، لەهەموو سەردەمەكاندا لێكۆڵینەوەو پلانی وورد دائەنرا. بیرلەوە كرایەوە كە چۆن بتوانن سوود لە ئاوەكانی باشوری ئەنادۆڵ (فورات) وەربگرن، وەك پرۆژەیەكی نیشتمانی و ئابوریی زەبەلاح بیخەنە گەڕ، تا ساڵی (1986) دامەزراوەیەك بۆ كاروباری ئاویی توركیا دەستبەكاربو، لەسەر ئەم بنەمایەش حكومەتی توركیا گوێی بۆ پرۆژەكەی ئەم دامەزراوەیە گرت و، ئیدارەیەكی تایبەتیشی بۆ پرۆژەكە بەناوی "بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ" كردەوە، وەزیرێكیشی  لەسەرۆكایەتیەوە بۆ دیاریكرد، بەناوی وەزیری كاروباری باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ. پرۆژەی گاپ، گەورەترین و پڕ بایەخترین پرۆژەیەكە، كە حكومەتی كۆماریی لە توركیا لەمێژووی خۆیدا تەماحی تێ كردبێت، بەڕێژەی (80%) پشت ئەبەستێت بە ئاوی فورات،(20%) یشی لەسەر ئاوی دیجلە ئەبێت. ئەم پرۆژەیە چەندین پارێزگاو ناوچە لە توركیا ئەگرێتەوە (كە زۆربەیان شارە كوردییەكانن) وەكو : باتمان، دیاربەكر، سرت، لكس، ماردین، غازی عەنتاب، شانلی ئەدەرنە" .. (9,7%) ی ڕووبەری توركیا ئەگرێتەوە، (20%) زەویی كشتوكاڵی توركیا لەخۆئەگرێت كە ئەكاتە (8,5) ملیۆن هێكتار(9) (هیكتار: یەكەی پیوانەكردنی زەوییە لەسیستەمی نێودەوڵەتی دا،هەر (1) هێكتار یەكسانە بە (10000) كم چوارگۆشە،كە بەرانبەرە بە (4) دۆنم زەوی ) . گاپ، دەشتێكی بەرفراوان لە حەوزەی فورات و دیجلە ئەگرێتەوە، لە زووەوە بەم ناوچەیە وتراوە مانگی بە پیت " هلال خصیب" ، بەوە ناسراوە كە لانكەی شارستانیەتە،لێرەوە بەشەریەت و شارستانیەت گوازراوەتەوە بۆ شوێنەكانی تری جیهان .لەهەفتاكانی سەدەی ڕابردوەوە ئەم پرۆژەیە بۆتە پرۆژەیەكی گەورەی ئیقلیمی ئابوریی فرە ڕەهەند، وەكو: كەرتی ئاودێریی و وەبەرهێنانی كارەبا،كشتوكاڵ و پرۆژەی هایدرۆكارەبایی و ژێرخانی ئابوریی پەروەردەیی و تەندروستی و گەشتوگوزاریی ...تاد. هەنوكەش دانانی (22) بەنداوی گەورە لەچوارچێوەی وەبەرهێنانی سەرچاوەكانی ئاو، لەگەڵ (19) ناوەندی هایدرۆكارەبایی  هەیە، ئەمەش لەسەر حیسابی ولاتانی ترە. پرۆژەكە تائێستا بڕی (32) ملیار دۆلاری تێچووە، هێزی گشتی لە وەبەرهێنانی ووزە لەم پرۆژەیەدا (7476) مێگاواتە،ئەمەش یانی بەرهەمی ساڵانەی ووزەی تیا ئەگاتە (27) ملیار مێگاوات لە كاتژمێرێكدا. لەهەناوی خۆیدا ئەم پرۆژەیە دابەشكراوە بۆ (13) پرۆژەی سەرەكی،كە (7) یان لەسەر ڕووباری فوراتە،(6) یان لەسەر دیجلەیە،ڕووبەرەكەیان بەگشتی (6,76) ملیۆن دۆنم زەوییە(10) . پرۆژەی گاپ، هەتا بڵیی بەشداری ئەكات لە خزمەتكردنی ئامانجەكانی زامنكردنی ئارامی كۆمەڵایەتی و گەشەی ئابوریی و ،كەرتەكانی: گەیاندن، كشتوكاڵ و ئاودێریی، گەشتوگوزار، نیشتەجێ بون، هەلی كار، تەندروستی، پەروەردەو فێركردن و هەستانەوەی نەتەوایەتی توركی . دیزاینكردنی پرۆژەكە لە سەردەستی  پسپۆڕی  ئاودێریی ئیسرائیلی (شارۆن ئالوزوروف)  دانراوە . ئەندازیارەكەشی (یوشع كالی) ئیسرائیلیە. پرۆژەكە كاریگەرییەكی زۆر لەسەر كەمكردنی پشكی ئاوی عێراق و سوریا دائەنات، ئاوی فورات (40%) لەسوریاو (75%) لە عێراق كەم ئەكات(11). مەترسیەكی گەورەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی، ئەكرێت ئەمە یەكێكی تر بێت لەكارتەكانی ئیسرائیل بۆ لە قاڵبدانی جیهانی عەرەبی، تا وڵاتانی عەرەبی ناچاربكات پێویستیان پێی بیت و هاوپەیمانی لەگەڵ ببەستن. 2-2. ڕۆڵی فاكتەری ناوخۆیی لە كەمبونەوەی ئاوی عێراق لەگەڵ ئەوەی لەناوخۆی خۆیدا عێراق خاوەنی (8) دەریاچەیە، ئەوانیش تووشی كەمبونەوەو ووشك بونێكی ترسناك بونەتەوە. هەرە بەناوبانگترینیان "دەریاچەی ڕەزازە" یە، دووەم گەورەترین دەریاچەیە لە عێراقدا، ئەكەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای ئەنبارو كەربەلاوە، درێژییەكەی (1800) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، كەچی بە ڕێژەی (90%) تووشی ووشكبون بوەو، هەرچی گیانەوەرو ماسی ناو دەریاچەكەش هەیە تووشی لەناوچون بونەتەوە(12).  ووڵاتی ئاو و ناسراو بە ووڵاتی دوو ڕووبار و شارستانییەتی دۆڵی ڕافیدەین تینویەتی. ووشك هەڵاتنێك كە زۆربەی ناوچەكانی عێراق ناناسرێتەوە!. سیاسییەكان و هێزە عێراقییەكان هەریەكەو لە شوێنی خۆیەوە خەریكی مانەوەو پتەوكردنی پێگەی سیاسیی و ماددی و میدیایی خۆیەتی، ئەوەش لەسەرشانی خاك و تاكی عێراقییەكان.!. ئەوەتا "دەریاچەی ساوە" درێژییەكەی (4.47) چوارهەزارو چلوحەوت مەترو پانییەكەی (1.77) هەزارو حەفتاوحەوت مەترە. یەكێكە لەو ناوچە گەشتیارییانەی عێراق كە كەشتیوانی تیاكراوەو، جێگەی ئادگارو یادگارێكی كۆنی عێراقییەكانەو لە ڕووی كەلەپورو فۆلكلۆرەوە چەندین هۆنراوەو چیرۆكی لەسەر هەبوە. ئەمڕۆكە ووشك بوەو زەوییە كشتوكاڵییەكانی دەوروبەرری بێ‌ كەڵك بون و، بون بە بیابانێك و هیچی تر!. دەریاچەیەك هەزاران ساڵ تەمەنی هەیەو، لە سەدەكانی پێش مێژوو (پێش پەیدابونی نووسین) ەوە هەیە، لە (2021) دا پەیتا-پەیتا چالاكوانانی بواری ژینگە هەواڵی كۆچی دوایی ڕائەگەیەنن، ئەمەش هۆكارەكانی ئەگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانی خراپانەی مرۆڤ لە سروشت و پیشەسازیی و جیۆلۆجی و بەهەڵم بون و كەمی باران و بەهاناوە نە هاتنی حكومەت(13).  ئینجا لە عێراقدا، ووشكەساڵی و فاكتەرە دەرەكییەكان بەتەنها ڕووبارەكانیان نەگرتۆتەوە، بەڵكو پرۆژەكانی ئاوی شیرین و ئاودێریش بەهۆی هەژمونی گروپە توندڕەوەكانی وەكو "داعش" ەوە بە ئامانج گیراون، هەروەكو چۆن داعش چەندین هێڵی بۆڕی گواستنەوەی نەوتیان كردە ئامانج، بەنداوە ئاوییەكانیشی بە ئامانج گرت، بەنداوی فەلوجەیان لە رٍۆژئاوای عێراق لە ساڵی (2014) تێك دا. ئەوەش بوە هۆی ووشك بونی چەندین پرۆژەی كشتوكاڵی و ئاودێری لە ناوچەی سەقلاویە، ئەبو غرێب، رەزوانییە، لەتیفییە و ئەسكەندەری. بەپێی (ئامارەكانی حكومەتی عێراقی، 2021)، ژمارەی دانیشتوانی عێراق (40) ملیۆن كەسە، ساڵانە پێویستییان بە (71) ملیار م3 ئاوە. لە كاتێكدا ساڵی (2035) ژمارەی دانیشتوانی عێراق ئەبێتە (50) ملیۆن، لەو كاتەدا ئاستی ئاوی عێراق لەسەر زەوی ئەبێتە (51) ملیار م3 ی ساڵانە لە دوای تەواوبونی هەموو پرۆژە بەنداوییەكانی كە دراوسێكانی عێراق لەدەرەوەی سنوری عێراق بینای ئەكەن(14)!. ئەمە كارەساتێكە ووڵاتەكە ئەخاتە بەر مەترسی سڕینەوە.   وەزیری پێشوتری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق” محسن الشمری": ملیارێك دینار بۆ بەگژاچونەوەی بە بیابانبون دیاریكرا لە (2019) بەڵام دزرا. لە عێراق بڕیارەكان لەدەرەوە دێن بەدەست حكومت نیین: سەرچاوە: شفق نیوز   سێهەم: ئاو لە یاسای گشتی نێودەوڵەتی دا سەرەتای شارستانییەت لە ئاوەوە بوە. تەنانەت خودا لە قورئاندا ئەفەرموێت " وجعلنا من الما‌و كل شی‌و حی أفلا یۆمنون- سورە الانبیا‌و- 30- هەموو شتێكی زیندووم لە ئاو دروستكردووە، ئایا باوەڕتان هێناوە ؟.. گرنگی ئاو وای كردووە هەمیشە مرۆڤەكان بەدوایدا گەڕاون و لە كوێ‌ ئاویان دی بێت ئەو شوێنەیان ئاوەدانكردۆتەوە. بۆیە مرۆڤەكان و دواتر دەوڵەتەكان بەردەوام هەوڵی كۆنترۆڵكردنیان داوە. بۆ ئەمەش لەم دواییانەدا دەوڵەتان وەك كارتی سیاسیی و سزادانی ئەوانی تر "ئاو"یان بەكارهێناوە. بۆیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یاسای تایبەت بە ئاوی داناوەو، پێناسەی كردووە.  بەكورتی، ئەو ئاوانەی لەناو یەك دەوڵەتدان "ڕووباری نیشتیمانین" (لە ناو دەوڵەتەكەدا هەڵ ئەقوڵێت و كۆتایشی دێت- وەكو رووباری تایمز لە بەریتانیاو..) ئەوا مافی دەوڵەتە بە ئارەزووی خۆی سوودی كەشتیوانی و پیشەسازیی و كشتوكاڵ و ئاودێریی لێ ببینێت بۆ خۆی. بەڵام ئەو ئاوانەی سنوری دوو دەوڵەت یان زیاتر ئەگرنەوە ئەوانە ئاوی نێودەوڵەتیین و ئەبێت هەر وڵاتێك ڕەچاوی دەوڵەتی خوارووی خۆی بكات. كۆنگرەی ڤیەننا- 1815 بۆ یەكەمجار مافی كەشتیوانی بە سەرجەم ووڵاتان دا. دواتریش یاساكان قۆناخی دیكەیان بڕی، تاگەیشتە ئەوەی كە نەتەوە یەكگرتوەكان ساڵی (1997) یاسای ئاوی نێودەوڵەتی بۆ دیجلەو فورات دەركرد كە پێویستە توركیا پێوەی پابەند بێت. لەم یاسایەدا وڵاتان ئەبێت ڕەچاوی بنەمای دادگەری بكەن و زیان بە دراوسێكانیان نەگەیەنن. عێراق و توركیا ئەگەرچی لە ساڵی (1947) ڕێككەوتنامەیەكیان سەبارەت بە ئاوەكانی دیجلەو فورات واژۆكرد كە كەسیان بۆی نەبێت زیان بە ئەویدی بگەیەنێت. دواتریش دەیان دانیشتن و ڕێككەوتنی دیكەی دوو لایەنەو نێودەوڵەتی كراوە بەڵام بێ‌ ئەنجام بون. ئەم گرفتانە لە پێش دا بە پێی گفتوگۆی نێوان دوو وڵاتی پەیوەندیدار میكانیزمی بۆ ئەدۆزرێتەوە، ئەگەر نەگەشتنە ڕێككەوتن پەنا بۆ نێوبژیوان – تحكیم الدولی (Arbitration Organizations) ئەبرێت، پاشان لە رێكخراوە هەرێمییە – نادەوڵەتییەكان وەكو كۆمكاری عەرەبی سكاڵا ئەكرێت، لەپاشاندا گرفتەكە لە نەتەوەیەكگرتوەكان ئەخرێتە ڕوو بۆ سزادانی لایەنی دەستدرێژی كار. چوارەم: ڕۆڵی خراپەكارانەی مرۆڤ لە وێرانكردنی زەوی دا گوێ‌ نەدانی مرۆڤ و وڵاتان بە ژینگەو پرسە گەردوونییەكان لە پێناو تەماح و چاوچنۆكی خۆیاندا، گەشەكردنی پیشەسازیی و سەرمایەداریی و دەستوەردانی سەرمایەو بانكە گەورەكان لە هەموو پنتێكی ئەم جیهانە، هەروەها هەڵپە-هەڵپی كۆمپانیاكان بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر و كەڵەگەكردنی سەرمایەی زیاتر "بۆ چینێكی دیاریكراو"، ئەمانە هەموو پێكەوە، گرفتی كونبونی ئۆزۆن و پیسبونی بەرگە هەواو تێكچونی كەش و كەم ئاویی بەدوای خۆیدا هێناوە. بێ‌ ئەوەی ئەم كۆمپانیایانە لە وڵاتانی دواكەوتودا هیچ باجێكی وەها بدەن و ڕەچاوی ژینگە بكەن شاخ و دۆڵ و زەوی و ئاسمانیان بەخۆڕایی پێ بەخشراوە. ئیمڕۆكە "بە بیابانبون- Desertification" كێشەیەكی جیهانییە، زۆربەی ووڵاتانی جیهان بەدەستییەوە ئەناڵێنن، كەمبونەوەی ئاو و شێداری وا ئەكات چینی سەرەوەی زەوی لە خاك و خۆڵ داماڵرێت، ئەوەش ڕاستەوخۆ هۆكاری نەمانی ڕووەك و درەخت و باڵندەو كێوی وجۆرەها زیندەوەری ترە، دواتریش ئەم ڕووبەرە زەوییانە بۆ كشتوكاڵ و ژیان بەكەڵك نایەن، ئیتر لێرەوە نرخی خۆراكی جیهانی  بەرزئەبێتەوەو، ڕێژەی هەژاری زیاد ئەكات. هەموو سەرچاوە زانستییەكان و، لوتكە جیهانییەكانی ساڵانە لە لایەن وڵاتانی پێشكەوتوەوە ئەبەسترێن، گەیشتون بەو ڕاستییەی كە زۆربونی چالاكی و دەستێوەردان و جووڵەی مرۆڤ بوەتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی دوانۆكسیدی كاربۆن (Co2)، ئەوەش بوەتە هۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماو توانەوەی بەستەڵەكی جەمسەرەكانی زەوی و تێكچونی وەرزەكان و كەشوهەوا. ئەم گۆڕانی كەشوهەوایەش ئەبێتە هۆی گۆڕان لە سیستەمی ژینگەیی-Ecosystem و هەمەجۆریی ژیان-Biodiversity لەسەر زەوی: بەڵام!. جیهان هەمیشە سەرقاڵی جەنگ و ململانێ‌ و خۆپڕچەككردنن، نەك ئاوەدانكردنەوەی سروشت و ڕووانین بۆ بەختەوەری و سەلامەتی مرۆڤ!. ئەوكاتەی ئەمریكا (78) ملیار دۆلاری بۆ جەنگی عێراق -2003- سەرفكرد. بە كەمتر لەو پارەیە، ئەتوانرا زامنی ئاوی شیرین بۆ هەموو تاكێكی گۆی زەوی بكەین، تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاری باشیان پێشكەش بكەین ". تەنها ئەمریكا لە نێوان ساڵانی (2016 بۆ 2020) دا چەكی بە (97) وڵات و نەتەوەی جیاوازی دونیا فرۆشتوە. بە پێی " پەیمانگەی ستۆكهۆڵمی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوەی ئاشتی" لە ساڵی (2015 ەوە هەتا 2020) هەموو ساڵێك سعودیە بایی (10.7) دە ملیارو حەوتسەت ملیۆن دۆلار چەكی لە ئەمریكا كڕیوە، لەماوەی ئەو پێنج ساڵەدا ئەمریكا بایی (64.7) ملیار دۆلار چەكی بە سعودییە فرۆشتوە. تا وای لێهات لێكۆڵەرێكی وەك بروج رایدل " Bruce Riedel " لە (4ی شوباتی 2021) لە پەیمانگەی برۆكینز بابەتێك بڵاوبكاتەوە بەناونیشانی " ئیتر كاتیەتی ئەمریكا فرۆشتنی چەك بە سعودییە بوەستێنێت!".(15). چونكە هەموو ئەو چەكانە لە شەڕی حوسییەكان و كوشتنی ملیۆنەها یەمەنی دا بەكارئەهێنێت، كە سەدان جار كارەساتی مرۆیی جۆراوجۆری لێكەوتۆتەوە.   پێنجەم: نادیاری ئایندەی ئاو لە كوردوستان!   كوردیش بەشێك بوە لە جەستەی مێژوو و شارستانییەت، ڕوواندنی گەنم و جۆ وەك كشتوكاڵ لە گوندی "چەرموو" سەریهەڵداوە لە كوردستان. (ئاو) یش بەشێكە لە ڕەگەزو ناسنامەی كوردوستان، لە شیعرو ئەدەبیاتی كلاسیكی كوردیدا "فەقێ تەیران" و "ئەحمەدی خانی" باسی ئاویان تێكەڵ بە ئەدەبیات كردووە ." گۆران" ی شاعیر دیمەنی جوانی كوردوستان و ئاوی قەڵبەزەی تێكەڵ بە هەڵبەستەكانی كردووە..كوردوستان خاوەنی سامانێكی ئاویی بێشومارە، كە بەرەو سست بون ئەچێت.   بۆیە كێشەی ئاو، تەنها لەناوەڕاست و خواروی عێراقدا كورت ناكرێتەوە.. ساڵی (2008) حكومەتی هەرێمی كوردوستان  "ووشكە ساڵی " ڕاگەیاند، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو قەیرانەش (120) ملیۆن دۆلاری سەرفكرد، نەك هەر قەیرانەكەی چارەسەر نەكرد، بەڵكو بەپێی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێری سولەیمانی (هەموو مودیرناحیەو قایمقامەكان) لەگەندەڵی پارەی ووشكە ساڵییەوە گلاون، تەنها پارێزگاری ئەوسای سولەیمانی (5) ملیار دیناری ووشكەساڵی لووشدا " بەپێی ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی-2009".!. كەمبونەوەی ئاوی خواردنەوە، كەمی باران، نەبونی عەلەف بۆ ئاژەڵان، ووشكبونی چەم و كانیاوەكان، نەمانی باڵندەو ئاژەڵە كێوییەكان، دابەزینی ئاستی ئاویی ڕووبارو دەریاچەكان. هەروەها كەمبونەوەی ئاوی ژێر زەوی، لەهەرە گرفتە قووڵەكانی ئێستاو ئایندەی كوردوستانن ..ئێستا لەشارەكانی كوردوستان، لە ڤیەللاو باخەكانی دەرەوەی شار لە (100) مەترەوە بۆ (250) مەتر بیری ئیرتوازی لێ ئەدەن، ناگاتە ئاو و هەرەسیش دێنێت ؟!. لە هاوینی (2021) دا بە بەراورد بە (2020) ئاستی ئاوی دەریاچەی دوكان (8) هەشت مەتر دابەزیوە. بە پێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان لە تەواوی كوردستاندا ئاستی ئاو كەمی كردووە، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتی كەمئاوییەش حكومەتی هەرێم بڕی (2.5) دوو ملیارونیو دیناری دابینكردووە. ئەكرا حكومەت سیاسەتێكی ئاویی باشتری هەبێت ئەو گوژمە پارانەی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو كێشەكان خەرجی ئەكات بۆ بیناكردنی سیاسەتێكی ئاویی و كشتوكاڵی بەهێز تەرخانی بكات. ئەو بڕە ئاوەی هەرێمی كوردستان بەبەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەكەی و نەبونی سێكتەری كشتوكاڵی و پیشەسازیی گەورە سەرفی ئەكات ئێجگار زۆرە. ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی (91) پرۆژە و (5710) بیرەوە نزیكەی (2) دوو ملیۆن م3 ئاو دابەش ئەكرێت(16). دواجار گەلی كورد، بە بێ‌ گازی سروشتی، بە بێ‌ نەوت، ئەتوانێت بژی. بەڵام بە بێ‌ ئاو ناتوانێت بەردەوام بێت و بەرانبەرەكانی و دراوسێكانی هاریكاریی ناكەن. ڕاسپاردەكان ئەم پەیپەرە ئەكادیمییە لەگەڵ خۆیدا، چەند خاڵێكی وەك میكانیزمی چارەسەریی یاداشت كردووە، كە ئەمانەن: یەك: لەیەكەم هەنگاودا لەسەر ئاستی عێراق، هەرێمی كوردستان، حیزبە سیاسییەكان، پلاتفۆڕمێك ساز بكرێت بۆ پرسی ئاو و رەهەندەكانی و مەترسییەكانی و چارەسەرییەكانی دیاری بكرێت. دوو: گرتنە بەری سیاسەتێكی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبردنی ئاو. ئیتر كاتیەتی كەرتی ئاو لە عێراقدا بە پێی ستراتیژێك مۆبیلیزە بكرێت. سێ‌: نەوەی نوێ‌ لە عێراق دا فشار دروست بكات تاوەكو دەستەڵاتداران ئاوی عێراق و نەوەكانی ئایندە نەكەن بە قوربانی پەیوەندیی كەسیی و تایبەتییەكانیان لەگەڵ توركیا و ئێران. عێراق زیاد لە كارتێكی بەدەستەوەیە لە بەرانبەر توركیا بەكاریبهێنێت بۆ ئەوەی ڕووبارەكان ووشك نەبن. چوار: لە عێراقدا، پێشوتر رٍێكخراوە جیهانییەكان پارەیەكی زۆریان داوە بە كەسانێك گوایە ئیش لە بواری ئاو و ژینگەدا ئەكەن، كەچی ئەوانە بەشێك بون لە گەندەڵی و سپی كردنەوەی پارەو، حكومەتی عێراقیش ئەیانناسێت، سزای توند بدرێن. هەروەها پارەی دیكە بۆ ئەم پرسانە تەرخانكراون و دیارنەماون. لێرەوە پرسی ئاو پرسی هەموو كەسێكە، هەموو كەسێك هۆشیار بكرێتەوە لە هەموو ڕێگەیەكەوە كە ئاو بە فیڕۆ نەدات. ئەمە ببێتە ستراتیجی سەدان ناوەندی فێركردنی پەروەردەیی و كاركردنی میدیاو ناوەندە ئاینییەكان و...تادوایی بۆ ڕوونكردنەوە. پێنج: بەكارهێنانی ئاو و كارەبا لە عێراقدا بكرێتە سیستەم وەكو وڵاتانی ئەوروپا، تا زێدەڕۆیی پێوە نەكرێت و، حكومەت لێپێچینەوە لە سەرپێچیكاران بكات. شەشەم: وەك هەنگاوێك بۆ بەرگرتن لەو كارەساتە ژینگەییانەی بەڕێوەن، بە دەیان ملیۆن تۆوی ڕووەكی و نەمام و سەوزایی لەو ناوچانە بچێندرێن بۆ بەگژاچونەوەی بە بیابانبونی ووڵاتەكە. بەدوای ئەو شێوازە لە ناشتن و لە ڕووەكدا بگەڕێن كە توانای بەرگەگرتنی كارەساتی هەیە. سەرئەنجام  بە پێی ئەم باسەمان بێت، چوار فاكتەری سەرەكی هۆكاری كەمبونەوەی ئاون لە عێراق، یەكەمیان، وڵاتانی دراوسێ‌ (توركیاو ئێران) ئاوی عێراق وكوردستان ئەگرنەوەو بەشێكن لە ووشك بونی. دووەم، كەمی ئاستی بارانبارین بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواو بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماو پاشان بە هەڵم بونی ئاوە خەزنكراوەكان. سێهەم، بەهۆی شەڕو توندتیژییەكانەوە بە تایبەت داعش بەنداو و خەزێنەكانی ئاوی تەقاندۆتەوە. چوارەم، فاكتەری حكومەتی عێراق خۆیەتی كە سیاسەتێكی مۆدێرنی بەرانبەر ئاسایشی ئاو نییە. لەم میانەشدا خەڵكی عێراق دەست بە ئاوەوە ناگرن و زێدەڕۆیی بەرانبەر ئەكەن.  لە كۆتاییدا، ئەگەر نەوت و غاز وەك سەرچاوەی ووزەی پێویست گرنگ بن بۆ كارگەو كارخانە پیشەسازییەكانی دونیاو جوڵەی ئۆتۆمبیل و فڕۆكەو كەشتییەكان لە لە دونیادا. ئەوا "ئاو" بەشێكە لەو ووزەیەی لەئەگەری نەبونی دا خودی ژیان و گێتی لە جووڵە ئەوەستێت. مرۆڤ بۆخۆی لە ئاو دروست بوە، زەوی و شارستانییەت و سەرچاوەی گرنگی "بوون" بریتییە لە ئاو...بە كەمبونەوەی ئاوی عێراق و مەترسیدار دەركەوتنی هۆڕەكانی باشوری عێراق و تێكچونی ژینگەكە و، بە بیابانبون، تەنها مرۆڤەكان ناكەونە بەر مەترسیی هەژاریی، تەنها نەبونی كشتوكاڵ و ئاودێریی لێكەوتەكەی نییە، بگرە تەواوی زیندەوەران و سیستەمی ئیكۆلۆجی ناوچەكە تێك ئەچێت كە بەهەزاران ساڵ و لە پرۆسەی جیۆلۆجی دا دروستبون. هەروەها مێژوو و شارستانییەتی عێراق و یادگاریی و ئەدەبیاتی وڵاتەكەش ئەكەوێتە بەردەم سڕینەوەیەكی یەكجارەكی. *بەهرۆز جەعفەر/ دكتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەكان- دامەزرێنەرو سەرۆكی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS بیبلۆگرافیا: (1). Sköld, M (2020). 5 reasons why the climate crisis is a water crisis. SIWI.   (2). UNICEF (2021): One in five children globally does not have enough water to meet their everyday needs. See here:    https://www.unicef.org/press-releases/one-five-children-globally-does-not-have-enough-water-meet-their-everyday-needs#:~:text=NEW%20YORK%2C%2018%20March%202021,to%20meet%20their%20everyday%20needs. (3). C. Zeman, M. Rich & J. Rose (2006). World water resources: Trends, challenges, and solutions. Springer. 239 WRC. University of Northern Lowa. P333-334. (4). Wessels. j (2009)Water Crisis in the Middle East: An Opportunity for New Forms of Water Governance and Peace. The Whitehead Journal of Diplomacy and International Relations. P: 131. (5). Chathamhouse (2020) Same Old Politics Will Not Solve Iraq Water Crisis. See here: https://www.chathamhouse.org/2020/04/same-old-politics-will-not-solve-iraq-water-crisis (6). مركز الجزيرة للدراسات (٢٠١٨) مخاطر الأزمة المائية في العراق: الأسباب وسبل المعالجة (7). العربي الجديد (٢٠٢١) العراق: تركيا خفضت منسوب نهري دجلة والفرات إلى النصف وإيران قطعت روافد مهمة. (8). العربي الجديد (٢٠١٥) الأمن المائي العربي[1/ 6]..إيران وداعش يدمران مياه العراق... بغداد- الامير العبيدي. (9) سري الدين، عايدة العلي ( 1997 ) "العرب والفرات بين الاسرائيل و تركيا "، دار الآفاق الجديدة، بيروت، ص 197 -198. (10). UNVER, O. H., 1997. Southeastern Anatolian Project (GAP): Water Resources Development, Vol. 13 (NO.4) (11). يسري عبدالرؤف يوسف الغول (2011) ، أثر صعود حزب العدالة والتنمية التركي على العلاقات التركية- الاسرائيلية، جامعة الازهر- الغزة . ص 45-49. (12) الجزيرة (٢٠١٩) بحيرة شهيرة في العراق تموت عطشا. انظر هنا:   https://www.aljazeera.net › news › ال... (13). العربي الجديد (٢٠٢١) بحيرة ساوة... عراقيون ينعون جزءاً من تاريخهم، بغداد- كرم سعدي. (14). العربي الجديد (٢٠٢١) سدود تركيا وإيران تجفف دجلة والفرات في العراق، بغداد- براء الشمري (15). Bruce Riedel (2021) It’s time to stop US arms sales to Saudi Arabia. Brookings Institute. See here: https://www.brookings.edu/blog/order-from-chaos/2021/02/04/its-time-to-stop-us-arms-sales-to-saudi-arabia/ (16). رووداو (2021). ئاستى ئاوى دووكان هةشت مةتر دابةزيوة. https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2905202114      


شیكاری: درەو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە (700) ملیار دینار (48) پرۆژەی ڕێگاوبان تەواو کراوە، كە (667 ملیار) دینار بەرێژەی (95%)  لە هەولێر و دهۆك و (5%)ی لە سلێمانی گەرمیان خەرجكراوە، كە (38) پرۆژەی لە هەولێرو دهۆك و (10) پرۆژەی لە سلێمانی گەرمیان جێبەجیچكرداوە.   ئەمە لەكاتێكدایە زۆرینەی قوربانیانی رووداوەكانی هاتوچۆ لەپارێزگای سلێمانی بووە بەرێژەی (63%) و قوربانیانی روداوەكانی هاتوچۆ لە هەولێر و دهۆك (37%) بووە، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2021 لە سلێمانی (251) ڕوداوی هاتووچۆ هەبووەو (819) قوربانی لێكەوتووەتەوە، بەڵام لە پارێزگای هەولێر (205) ڕوداوی هاتووچۆو هەبووە (252) قوربانی لێكەوتووەتەوە لە پارێزگای دهۆک (196) ڕوداوی هاتووچۆو (233) قوربانی لێكەوتووەتەوە، كە هۆكاری سەرەكی رووداوەكانی هاتوچۆ خراپی رێگاوبانەكانە.   مەبەست بایەخدان بە ڕێگاوبان هێڵەکانی گواستنەوە بە یەکەم هەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوەو پێشکەوتن دادەنرێت، بەرەوپێشبردنیشی کاریگەری و ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەموو بوارە جیاجیاکانی ژیانی ئابوری و بازرگانی و کۆمەڵایەتی. لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر پرۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕو خەرجی و شێوازی دابەشبوونی جوگرافی پرۆژەکان بەسەر پارێزگاو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، دەرخستنی نادادپەروەری دابەشبوونی پرۆژەو بودجەی گشتی هەرێم بەسەر شارو پارێزگاکان. هاوکات ئاماری ڕوداوەکانی هاتووچۆ لە شارو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەخەینەڕوو کە بەشێک لە هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی ڕێگاوبان و خزمەتگوزییەکانی کەرتەکە. ژمارەی و جۆری ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 915 هەزار ئۆتۆمبێل هەن. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆ، سەرباری 19 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە ئامارەکەدا تۆمارنەکراون، ژمارە و جۆرەکانی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە(بڕوانە خشتەی ژمارە (1)):     دابەشبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بەسەر پارێزگاو شارەکانی هەرێمی کوردستان  زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوەو پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم و پارێزگای دهۆک بەپلەی سێیەم دێت، (بڕوانە خشتەی ژمارە (2))   ئامارەکانی ڕووداوی هاتووچۆ بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2021دا، 850 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون، کە 612 گیان لەدەستدان و هەزار و 416 برینداریان لێکەوتووەتەوە، بەوپێیە بەتێکرای رۆژانە نزیکەی 10 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە.  لە 25/4/2021 (ئەسعەد مەلا کەریم)، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان،  رایگەیاند؛ "بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان هۆکارەکانی رووداوەکانی هاتووچۆ و زۆریی ژمارەی قوربانیان لە هەرێمی کوردستان زۆرن، دیارترینیان تیژڕۆیی شۆفێرەکانە، دواتر بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی لێخورینی ئۆتۆمبێل، هەروەها رێگەوبانەکانی دەرەوەی شارەکان بەتایبەت رێگە یەک سایدەکان هۆکارێکی دیکەن، کوالێتی ئۆتۆمبێلەکانیش هۆکارن". هەروەها نەبوونی هاتووچۆی گشتی، بە یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل و رووداوەکانیش لە هەرێمی کوردستان دەزانێت.  سەبارەت بە ئامارو قوربانیانی ڕووداوی هاتووچۆ لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2021، پارێزگای سلێمانی پێشەنگە (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) لەو خشتەیەی سەرەوە ئەوە ڕوندەبێتەوە کە زۆرترین ڕوداوەکانی هاتووچۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانیدان، سەرباری ئەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی ئەم پارێزگایە کەمترە لە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگای هەولێر (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)). بە مانایەکی تر ڕوداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییەکان لە پارێزگای سلێمانی زۆر زیاترن لەو ڕوداوانەی لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک ڕوودەدەن، کە بەشێکی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خراپی ڕێگاوبان و خزمەتگوزارییەکانی لەسنوری پارێزگای سلێمانی (بڕوانە چارتی ژمارە(1))     پرۆژە تەواوکراوەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک لە بەشی پێشتری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، یەکێک لە هۆکارەکانی ڕوداوی هاتووچۆ لەپاڵ کۆمەڵێک هۆکاری دیکە، دەگەڕێتەوە بۆ خراپی ڕێگاوبانی خزمەتگوزارییەکانی کەرتەکە، دەرکەوت کە زۆرترین ڕوداوی هاتوچۆ و قوربانییەکانی دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە بەراورد بە سەرجەم پارێزگاو شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ئەمە سەرباری ئەوەی لە زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلدا لەدوای پارێزگای هەولێرەوە دێت، پرسیارەکە ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چی کردووە بۆ پێشکەشکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان؟ بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی؟ بەبۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێی کوردستان، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرتوکێکی بڵاو کردەوە بە ناوی "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاکسازی و خزمەتگوزاری 10/7/2019-1/5/2021" لاپەڕە (90-98)ی پەرتوکەکەی تەرخان کردووە بۆ چالاکییەکانی "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن" لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پرۆژە تەواکراوەکانی کەرتی ڕێگاوبان خراوەتەڕوو، تێدا هاتووە؛   پرۆژەکانی ڕێگاوبان بەپێی ڕاپۆرتەکەی ئەنجومەنی وەزیران، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (48) پرۆژەی ڕێگاو بان تەواوکراون بە گوژمەی (407 ملیارو 397 ملیۆن دینار)، بەشی هەرە زۆری پرۆژەکان دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەولێرەو بەدوای ئەویشدا پارێزگای دهۆک و پاشان پارێزگای سلێمانی دێت (بڕوانە خشتەی ژمارە(4)). ئەوەی جێگای سەرنجە (%5) ئەو گوژمەیەی بۆ پرۆژەکانی ڕێگاوبان تەرخان کراوە لە زۆنی سەوزدا بووە، (%95) لە زۆنی زەرد و لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک خەرج کراون (بڕوانە چارتی ژمارە(2))، بە هەمان شێوەی گوژمەی پرۆژەکان ئەو ڕێگاوبانانەی لە سەردەمی کابینەی نۆیەم تەواو کراون لە ڕووی پێوانەوە لە زۆنی سەوز دەگاتە (182.5) کیلۆمەتر بە ڕێژەی (17%) بەڵام لە زۆنی زەرد (925.82) کیلۆمەترن بە ڕێژەی (83%)، (بڕوانە چارتی ژمارە(3)).  وەردەکاری پرۆژە تەواو کراوەکانی ڕێگاوبان پرۆژە تەواو کراوەکانی ڕێگاوبان لە کابینەی نۆیەمدا دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهوک) و ئیدارەی گەرمیان، بەم شێوەیە؛ یەکەم: پرۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان لە پارێزگای هەولێر زۆرترین پرۆژەکانی ڕێگاوبان لەبوارەکانی (بونیادنان و دروستکردن و چاککردن و نۆژەنکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان) لەپارێزگای هەولێر تەواو کراون، کە ژمارەیان (29) پرۆژەیە و گوژەمەی تێچونەکەیان (409 ملیارو 662 ملیۆن) دینارە، پێوانەی گشتی ڕێگاکان بریتییە لە (714.57)کیلۆمەتر. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (5)). دووەم: پرۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان لە پارێزگای سلێمانی پارێزگای سلێمانی لە ڕووی پێشکەشکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان لەدوای هەریەک لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆکەوە دێت و بەجۆرێک ئەو پرۆژانەی لەپارێزگای سلێمانی تەواو کراون، ژمارەیان تەنها (7) پرۆژەیە و گوژەمەی تێچونەکەیان (20 ملیارو 48 ملیۆن) دینارە، پێوانەی گشتی ڕێگاکان بریتییە لە (173.95)کیلۆمەتر. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (6)). سێیەم: پرۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان لە پارێزگای دهۆک پارێزگای دهۆک لە ڕووی پێشکەشکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان لەدوای پارێزگاکانی هەولێرو لە پێش پارێزگای سلێمانییەوە دێت و بەجۆرێک ئەو پرۆژانەی لەپارێزگای دهۆک تەواو کراون، ژمارەیان (9) پرۆژەیە و گوژەمەی تێچونەکەیان (258 ملیارو 201 ملیۆن) دینارە، پێوانەی گشتی ڕێگاکان بریتییە لە (211.25)کیلۆمەتر. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (7)). چوارەم: پرۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان لە ئیدارەی گەرمیان ئیدارەی گەرمیان ڕووی پێشکەشکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان لەدوای هەرسێ پارێزگای (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)ەوە دێت و ئەو پرۆژانەی لە ئیدارەی گەرمیان تەواو کراون، ژمارەیان تەنها(3) پرۆژەیە و گوژەمەی تێچونەکەیان (16 ملیارو 486 ملیۆن) دینارە، پێوانەی گشتی ڕێگاکان بریتییە لە (8.1)کیلۆمەتر. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (8)).


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) خراپ بەڕێوەبردنی نەوت و سەرمایەکەی، ڕژێمی پەهلەوی کۆتایی پێهێنا و سەری شای پەهلەوی خوارد، خومەینی بە کاسێت تەنگی بە ڕژێمەکە هەڵچنی و تا نەکەوت وازی نەهێنا. ئەمجارە خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، یەخەی حکومەتە ئیسلامیەکەی ئێرانی گرتووە، ئایا شۆڕشی تینووەکانی ئەهواز (بە ئینتەرنێت لەبری کاسێت) بە کوێ دەکات؟ لای شیعەکان، مەزڵوومترین وێنای شەهیدکرانی، تینووێتی خۆی و یارانییەتی لای شیعەکان، تا شەهیدبوونی. خومەینی ڕێبەریش لە ساڵی ١٩٧٩دا بەڵێنی دا ئاوی ماڵان بکاتە خۆڕایی، بەڵام وائێستا نەک خۆڕایی نەکرا، پارێزگایەک بە مرۆڤ و سروشت و ئاژەڵەکانی لەتینوێتیدا بەدەستی یارانی مەزڵوومی حوسەینەوە، لێو و ژینگەیان وشک هەڵگەڕاوە، ڕووبارەکانی وشک کراوون، نەک لەبەرئەوەی ئاوییان نییە، بەڵکوو لەبەرئەوەی خراپ بەڕێوەبراوە و ڕەوانەی ئەسفەهانی دراوسێیان کراوە و لەوێ پیشەسازیی مەزنی لێ سازکراوە.  ئەهواز (احواز)، شارێکی دێرینی زۆرینە عەرەب، بە ڕووبەری ٦٤کم٢ و ٤،٧٠٠٠٠٠ دانیشتووانەوە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای ئێرانەوە، باکوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی بە کوردانی لوڕ و باکووری ڕۆژئاوای بە کوردانی ئیلام دەورە دراوە و باشووریشی لکاوە بە کەنداوەوە، لەساڵی ١٩٢٥ەوە بەهۆی سیاسەتی ئینگلیزەوە، خرایە سەر دەوڵەتی ناوەندگەرای هاوچەرخی ئێران و ناوەکەشی لە عەرەبستانەوە کرایە خوزستان، لەکاتێکدا لەسەردەمی سەفەوییەوە بە عەرەبستان ناوی دەهات و بەدرێژایی مێژووش جۆرێک لە نیمچەسەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنی عەشایەریی و میرایەتی وەک میرنشینەکانی کەنداو هەبوو. ناوچەکە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاویی و نەوت و غاز و باشوورەکەشی ڕێک لکاوە بە کەنداوی عەرەبی(فارسی)یەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی جیاکاریی و خراپ بەڕێوەبردنەوە، وا سروشتەکەی وشک و کشتوکاڵەکی بێبەر و ئاژەڵەکانی قڕ دەبن و مرۆڤەکانی شۆڕشی تینووەکانیان بەڕێ خستووە.  جیاکاریی بەڕێوەبردن و پەراوێزخستنی شوناس گەرچی ناڕەزایی ئەهوازییانی عەرەب مێژووەکەی نزیکەی سەدساڵێکە بەرامبەر دەوڵەتی ناوەندگەرا و لکانییانە بە ئێرانەوە بەردەوامە، بەڵام خۆپیشاندانەکانی ئێستا، کە نۆ ڕۆژە بەردەوامە، لە خۆپیشاندانی کۆی ناوچەکانی دیکەی ئێران جیاوازە، چونکە ڕادیكالترە لە دروشمدا و ئاڵای تایبەت بە خۆیان هەیە و بەشێکی زۆریان داوای سەربەخۆیی دەکەن و دروشمەکانیان عەرەبییە و توڕەشن لەهەموو ئەوانەی لەبری "ئەحواز"، خوزستان بەکاردەهێنن. هەروەها ئازاتر و ڕێکخراوترن و سەرەڕای ماتییەکی میدیایی و پچڕاندنی ئینتەرنێت، هەر بەردەوامن و نەک هەر ئەوە بگرە عەرەبەکانی دەرەوەشیان کردووەتە هاوپشتی خۆیان و لە چەندین پایتەختی ڕۆژئاوایی و ئەمریکییدا خۆپیشاندانی هاوپشتییان وەڕێ خستووە و دەنگی بەشێک لە سیاسیی و دەوڵەتانی جیهانیان هێناوەتەپاڵ خۆیان. ئەوان کاتێک لەڕووی سامان و جیۆپۆلەتیکەوە ۆخیان بە دراوسێ ئیماراتی و قەتەری و بەحرەینیەکان و بگرە عێراقییەکانی بەراورد دەکەن، هەست بە کەمی دەکەن و پێیانووایە ناوجەکانی ئەوان دەوڵەمەندترە، بەڵام ژیان بۆچی خراپترینە لە ئاستی ئەواندا. پرسی ئەهوازییەکان راستەوخۆ بەرامبەر سیستەم وەستاوە، نەک حکومەت و کابینەکان، دروشمەکانیان ڕاستەوخۆ دژی خودی ڕێبەری کۆمارن و لە ئانووساتی ڕادەستکردنی پۆستی سەرکۆمارییدایە، کە بڕیارە لەسەرەتای مانگی ئابدا ڕۆحانی کۆتایی بە ماوەی سەرۆکایەتی بێت و ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەرکۆماری نوێ لە پۆستەکەدا دەستبەکار بێت. بە دوو هۆکار خەڵکی ناوچەکەی هەم لە ئێران و هەم لە سیستەمەکەی توڕەتر کردووە: ١. ئەهوازییەکان لەو باوەڕەدان کە حکومەتە ئێرانییەکان، بە گشتی و کۆماری ئیسلامی ئێران بەتایبەتی لەڕووی خزمەتگووزارییەوە کەمتەرخەم بوون و ئەنقەست ناوچەکەیان پەراوێزخستووە، چونکە بەراورد بە شارە فارسییەکان هەم نیشانەکانی شارستانیی هاوچەرخ و هەم بژێوی خەڵکەکەی لە پاشەکشەدایە، دوایەمین هۆکاری تووڕەییش مەسەلەی کەمئاوییە، کە نیشانەی زەقی خراپ بەڕێوەبردن و جیاکاریی نێوان ئەهوازی عەرەبی و شارە فارسییەکانە، کەمئاوییەکی بێوێنەیە لە مێژوویاندا، ئەمەش دوو هۆکاری لەپشتە: یەکەم دروستکردنی چەندین بەربەستی ئاوی و ڕێڕەوی ئاوی لە ئەهواز و شارە دراوسێکانیدا لەسەردەمی هەرسێ سەرکۆماری پاشیندا(خاتەمی، ئەحمەدینەژاد و ڕووحانی)، دووەمیش: دوایەمین پرۆژەیە کە ئەمساڵ کەوتە واری جێبەجێکردنەوە، گواستنەوەی ئاویی ئەهوازە بۆ پارێزگای ئەسفەهانی فارسی زمان. جیا لەوەش ئەم  پارێزگایە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەت، بە یەکێک لە پارێزگا هەژار و بێکارەکان ناسراوە و ڕێژەی بێکاری ئاستێکی باڵای هەیە و لەم ساڵانەشدا زیاتر بووە. ٢. ئەهواز، لە ئێستادا خاوەنی ١٨ نوێنەری پەرلەمان و ٦ی ئەنجوومەنی شارەزایانە، کۆڵەکەیەکی ئابووری گرنگ و بەهۆی پێکهاتەی جیاوازیی نەتەوەیی (عەرەب) و سنووری ئاوی و دراوسێیەتی کورد و عەرەبی عێراق و کەنداوەوە، هەستیارترین خاڵی ئاسایشی-سنووریی ئێرانە، چونکە لەڕووی شوناسییەوە وەک هەرنەتەوەیەکی نافارسی دیکەی ئەو وڵاتە، ڕووبەڕووی جیاکاریی کولتووری بووەتەوە، ئەمەش هەر لە زمانەکەیانەوە بیگرە کە نووسین و خوێندن لە دەزگافەرمییەکاندا پێی قەدەغەیە و ڕێگە لەخوێندنیشی گیراوە لە پەروەردەدا بخوێنرێت، تا دەگاتە مافە سیاسیی و مەدەنییەکانیان و قەدەغەکاریی چالاکیی شوناسی و حزبی تایبەت بەخۆیان. هەرئەمەشە کێرڤی جیاخوازیی و وازهێنانی لە شیعەگەرێتی لەو ناوچەیە پەرە پێداوە. لەوەش زیاتر لە چوارچێوەی سیاسەتی کولتوورییدا، ناوی شوێنەکانیان گۆڕدراوە و سیمای ئێرانێتی لە هونەر و ئەدەب و ئاین و بیناسازیی و ...تاد بەسەر دیزاینی کۆمەڵایەتی و شارستانی ناوچەکەدا سەپێنراوە. ئەهوازییەکان، لە بەشیعەکردنی ئێرانەوە بۆ پشتکردنە شیعە خەڵکی ئەهواز یەکەمین نەتەوەی ئێران بوون کە شیعەیان بردە ئەو وڵاتە و وردەوردە لەوێوە بڵاوبوویەوە، بەڵام هەنووکە هەر لەو خاڵی دەستپێکەوە، وا هەمان گەل لە شیعەمەزهەبی پاشگەز دەبنەوە. ئەهواز، جیا لەوەی ناوچەیەکی زۆرینە عەرەبە، بەڵام زۆرینە شیعەشە، تەنانەت سەرچاوە مێژووییەکانیش بە دەروازەی بەشیعەکردنی ئێرانی دەزانن و لەوێوە ئەم مەزهەبە بڵاوبووەتەوە، خودی خامینەییش ٢٥ ساڵ لەمەوپێش لە وتارێکییدا لە ئەهواز هەمان ناوەندێتی شیعەگەرایی و دەروازەی هاتنی شیعەی بۆ ئێرانی لەلایەن ئەهوازەوە دووپاتکردەوە. لەپێشدا ئەمە دەروازەیەکی باش بوو بۆ تەبایی مەزهەبی لەگەڵ سیستەمی سیاسیی هەنووکەیی ئێراندا، بەڵام ئەوەی ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی ئێران لێی دەترسێت و ئەوەی عەرەبەکانی ئەهوازییەکان دەیگرنەبەر، وازهێنانی شیعەکانی ئەهوازە لە مەزهەبەکەیان و ڕووکردنە مەزهەبی سووننەیە، ئەم دیاردەیە سەرەتا لە جەنگی هەشتساڵەی ئێران-عێراقەوە زیادی کرد و لە چوار ساڵی رابردوودا گەیشتە لووتکە کاتێک بە ڕێکخراو و گرووپی کۆمەڵایەتی گەنجانی ناوچەکە بە ئاشکرا پشتیان لە شیعە دەکرد و مەزهەبی سوننەیان هەڵدەبژارد و دیاردەکە تا هەنووکەش ڕوو لەهەڵکشانە، چەندین توێژینەوەی زانستیی دەزگا زانستی و زانکۆیی ئێران ڕوون ئەم وەرچەرخانە مەزهەبییەیان ڕووماڵ کردووە. وەک کردەیەکی وازهێنانی گرووپی و ڕێکخراوەییش لە مەزهەبی شیعە بۆ ڕێکخراوێک دەگەڕێتەوە کە سەید عەبد نزاری دروستی کرد و لەگەڵ ١٠ کەسی هاوڕێیدا لە ئەهواز وازهێانی خۆیان لە شیعە ڕاگەیاند و بوونە سووننەی حەنبەلی. ئەڵبەت پێش و پاشی ئەمەش دیاردەی بانگەوازیی سوننەگەرایی بەردەوامە. زۆرترین ڕێژەی مەزهەب گۆڕینیش لەنێو عەرەبەکاندایە بە ڕێژەی ٩٢٪ی وازهێنانەکان و ٨٪ی ناعەرەب، لە کۆی وازهێنانەکان لە شیعە و خودی شاری ئەهوازیش دیارترین شارە کە بەڕێژەی ٪٢٢ مەزهەبگۆڕێنەکەی لەخۆگرتووە و بە گوێرەی ئاماری دوو ساڵی ڕابردوو، لە نزیکەی ١٠ هەزار کەس لە پارێزگای ئەهوازدا لەم چوارساڵەی دواییدا بوونەتە سوننە. ئەم مەزهەبگۆڕینە، بۆ ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران مەترسیی دووقاتە، چونکە هەم عەرەبن و هەم دەبنە شیعەش کە دیسانەوە لە دووخاڵی سەرەکییدا (مەزهەبی-نەتەوەیی)دەکەونە بەرامبەر شوناسی ڕەسمی سیستەمی سیاسیی ئێران کە شێعەمەزهەبی فارسیی میحوەرە، هەر ئەمەش وای کردووە، هەست و گووتاری جیاخوازیی لەنێو عەرەباندا زیاتر و پەرەسەندووترە لە هەر نەتەوەیەکی دیکەی نێو ئێران. خۆپیشاندانەکانی پێشتر ئەهوازییەکان، گەرچی ساڵانی ڕابردوو، وەک هاوڵاتیانی دیکە بەشداری سەرجەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی ئێرانییان کردووە و لە توڕەترینی پارێزگاکان بوون، لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا، یەکەمین خۆپیشاندان و چالاکی دژە حکومەتییان دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندانی ساڵی ١٩٧٩ کە تێیدا، عەرەبانی ئەهوازی داوای ئۆتۆنۆمییان لە تاران دەکرد، بەڵام ڕووبەڕووی توندووتیژیی دەوڵەتی بوویەوە و سەرکوتکرا، ساڵی ١٩٨٠ش بۆ  پشتیوانی خواستی خۆپیشاندەران ئەهوازییەکانی تاراوگە گەمارۆیان خستەسەر باڵیۆزخانەی ئێران لە لەندەن و داوای جێبەجێکردنی خواستی نەتەوەیی ئەهواز و ئازادکردنی ٩١ خۆپیشاندەرییان لە دەسەڵاتی تاران دەکرد. لەوکاتەوە تا هەنووکە هەم خۆپیشاندان و ناڕەزایی پەیتا پەیتا بەردەوامە و هەم حزب و گرووپی جیاخواز و ئۆتۆنمییخوازیی عەرەبیی بێچەک و چەکدار ڕێکخراوە و لە چالاکی خۆیاندان. بەڵام لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، سێ خۆپیشاندانی کاریگەر و دیاری تایبەتە بە خۆیان هەبووە: ١. خۆپیشاندانێکیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاساڵی حکومەتەکەی محەمەد خاتەمی، لە مانگی ٤ی ٢٠٠٥دا کە چوار ڕۆژی خایاند، ١٥-٢٠ کەسی تێدا کوژرا و ڕووداوی تووندووتیژی لێکەوتەوە، هۆکارەکەشی دەگەڕایەوە بۆ بڵاوبوونەوەی نامەیەکی نهێنی یاریدەدەری سەرکۆمار (عەلی ئەبتەحی) کە تێیدا، پێشنیاری ڕێکارەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەی لە پێکهاتە عەرەبییەوە بۆ ناعەرەب تێدایە، ئەمەش خەڵکی توڕەکرد و دواجار بە توندووتیژی و فشار سەرکووت کرا. ٢. دووەمین خۆپیشاندانی دیاری ٢٠ ساڵی ڕابردووش، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١١ی سەردەمی سەرکۆماری ئەحمەدی نەژاد و هاوکات بوو لەگەڵ خرۆشانی دنیای عەرەبی و بەهاری عەرەبی، هۆکارەکەی بۆ یادکردنەوەی خۆپیشاندانی ٢٠٠٥ دەگەڕایەوە، کە تێیدا نزیکەی پانزەکەس بوونە قوربانی و دیسانەوە بە هێز سەرکوت کرایەوە. ٣. دوایەمین خۆپیشاندان ئەمەی ئێستایە و کە لە ١٥ی ٧ی٢٠٢١ەوە دەستی پێکردووە و تا هەنووکەش درێژەی هەیە و چەندین کوژراو و بریندار لێکەوتووەتەوە، نەک هەر ئەوە بەڵکو خەڵکانی شارەکانی تاران و مەشهەد و لوڕستان و سنە و چەندانی دیکەی هێناوەتە سەرشەقام بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران.   بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران  ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی  


      2021-08-04 10:04:48 شیكاری:درەو تۆماركردنی كۆمپانیاكان لەهەرێمی كوردستان بەردەوام رووی لەدابەزینە، ساڵی (2020) (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، كە(هەزارو 232) کۆمپانیای خۆماڵی بووە بەرێژەی (%98) و (28)یان لقی کۆمپانیای بیانی بووە بە ڕێژەی (%2)، ئەو (28) كۆمپانیا بیانیە (100%)یان لە سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆك بوونەو هیچیان لە پارێزگای سلێمانی و زۆنی سەوز تۆمار نەكراون، واتا رێژەی تۆماركردنی لقی كۆمپانیا بیانیەكان لە پارێزگای سلێمانی (%0) بووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پیشەسازی بازرگانی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی کۆمپانیا خۆماڵییەکان و لقی کۆمپانیا بیانییەکان لە وەزارەتی ناوبراو، بەردەوام و ساڵ لە دوای ساڵ روی لە دابەزین کردووە.  پێش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (24 هەزار و 704) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%88)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (21 هەزارو 658) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (3 هەزار و 36) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لە ساڵی (2020) (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 232) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. پارێزگای سلێمانی و زۆنی و سەوز هەیشە لە دواوەی زۆنی زەردەو لە ساڵی (2020) تەنها (374) کۆمپانیای تێدا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%100)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو لقی هیچ کۆمپانیایەکی بیانی لە سلێمانی تۆمار نەکراوە.   ژمارە و ڕێژەی کۆمپانیا تۆمارەکراوەکان (خۆماڵی و لقی بیانی) لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (2017-2020) بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پیشەسازی بازرگانی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تۆمارکردنی کۆمپانیا خۆماڵییەکان و لقی کۆمپانیا بیانییەکان لە وەزارەتی ناوبراو، بەردەوام و ساڵ لە دوای روی لە دابەزین کردووە. بە جۆرێک لەسەر ئاستی گشتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (29 هەزارو 947) کۆمپانیا تۆمار کراون، (26 هەزارو 757)یان  کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (89%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%11) و (3 هەزار و 190)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. (بڕوانە چارتی ژمارە(1))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (24 هەزار و 704) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%88)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (21 هەزارو 658) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (3 هەزار و 36) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (هەزار و 188) کۆمپانیا، بە شێوەیەک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 166) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و تەنها (22) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2018) جارێکی تر تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ڕووی لە دابەزین کردووە بەراورد بە ساڵێک پێشتر تەنها (887) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (853) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (34) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2019) بوژانەوەیەکی کەم بەدی دەکرێت لە سێکتەرەدا، بەراورد بە دوو ساڵی پێش خۆی و کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (هەزار و 908) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 848) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (60) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە بەدیدەکرێت لەو ساڵەدا (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 232) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. ژمارە و ڕێژەی کۆمپانیا تۆمارەکراوەکان (خۆماڵی و لقی بیانی) لەسەر ئاستی پارێزگاکان  (2017-2020) یەکەم: لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (19 هەزارو 683) کۆمپانیا تۆمار کراون، (17 هەزارو 297)یان  کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (88%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (2 هەزار و 386)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لەو پارێزگایە. (بڕوانە چارتی ژمارە(2))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای هەولێر (16 هەزار و 259) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%86)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (14 هەزارو 2) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%14) و (2 هەزار و 257) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای هەولێر. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای هەولێر لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (729) کۆمپانیا، بە شێوەیەک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (710) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و تەنها (19) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای هەولێر. ساڵی (2018) جارێکی تر تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ڕووی لە دابەزین کردووە بەراورد بە ساڵێک پێشتر تەنها (644) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (616) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای هەولێر. ساڵی (2019) بوژانەوەیەک بەدی دەکرێت، بەراورد بە دوو ساڵی پێش خۆی و کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای هەولێر (هەزار و 231) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 176) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (50) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە ڕوودەدات و لەو ساڵەدا (820) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (793) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (27) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای هەولێر.  دووەم: لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (6 هەزارو 587) کۆمپانیا تۆمار کراون، (6 هەزارو 49)یان  کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (92%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%8) و (538)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لەو پارێزگایە. (بڕوانە چارتی ژمارە(3))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی (5 هەزار و 96) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%90)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (4 هەزارو 568) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%10) و (528) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای سلێمانی. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (351) کۆمپانیا، بە شێوەیەک نزیک  لە (%100)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (350) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی کەمتر لە (%1) و تەنها (1) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای سلێمانی. ساڵی (2018) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی (174) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (169) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (5) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای سلێمانی. ساڵی (2019) بوژانەوەیەک بەدی دەکرێت، بەراورد بە دوو ساڵی پێش خۆی و کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای سلێمانی (592) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (588) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (4) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە ڕوودەدات و لەو ساڵەدا (374) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%100)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو لقی هیچ کۆمپانیایەکی بیانی لە سلێمانی تۆمار نەکراوە.  سێیەم: لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لەماوەی (5) ساڵی نێوان (پیش 2017-2020)دا، (3 هەزارو 677) کۆمپانیا تۆمار کراون، (3 هەزارو 411)یان  کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ڕێژەی (93%)یان بەردەکەوێت. هاوکات بە ڕێژەی (%7) و (266)یان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لەو پارێزگایە. (بڕوانە چارتی ژمارە(4))؛ پیش ساڵی (2017) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای دهۆک (3 هەزار و 349) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%92)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (3 هەزارو 88) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%8) و (261) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە پارێزگای دهۆک. ساڵی (2017) تۆمارکردنی کۆمپانیاکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای دهۆک لەو ساڵەدا دابەزیوە بۆ (108) کۆمپانیا، بە شێوەیەک نزیک  لە (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (106) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی کەمتر لە (%2) و تەنها (2) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای دهۆک. ساڵی (2018) جارێکی تر ئاستی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان لەو پارێزگایە ڕووی لە دابەزین کردووەو کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو (69) کۆمپانیا بوو، کە (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (68) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (1) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە پارێزگای دهۆک. ساڵی (2019) کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە پارێزگای دهۆک (85) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (84) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (1) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە. ساڵی (2020) جارێکی تر پاشە کشە ڕوودەدات و لە ساڵی (2020)دا کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لەو پارێزگایە (66) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%99)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (65) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%1) و (1)کۆمپانیایان لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە.   بەراوردکردنی ژمارە و ڕێژەی کۆمپانیا تۆمارەکراوەکان (خۆماڵی و لقی بیانی) (2017-2020) لە زۆنی سەوز و زۆنی زەرد یەکەم: پێش ساڵی 2017 کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (24 هەزار و 704) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%88)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (21 هەزارو 658) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%12) و (3 هەزار و 36) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (17 هەزار و 90) کۆمپانیایان بەڕێژەی (79%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (4 هەزار 568) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (21%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. سەبارەی بە لقی کۆمپانیا بیانییەکان (2 هەزار و 518)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (83%) تۆمارکراون و (528) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (17%) تۆمار کراون. (بڕوانە چارتی ژمارە (5)).   دووەم: ساڵی 2017 کۆی ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا (هەزار و 188) کۆمپانیا بووە، بە شێوەیەک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 166) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و تەنها (22) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. بەشێوەیەک ئەو ژمارەیەی کۆمپانیا خۆماڵییەکان (816) کۆمپانیایان بەڕێژەی (70%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (350) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (30%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. سەبارەی بە لقی کۆمپانیا بیانییەکان (21)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (95%) تۆمارکراون و (1) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (5%) تۆمار کراوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (6)).   سێیەم: ساڵی 2018 تەنها (887) کۆمپانیا تۆمار کراون، کە (%96)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (853) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%4) و (34) لقی کۆمپانیا بیانییەکان تۆمار کراوە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (684) کۆمپانیایان بەڕێژەی (80%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (169) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (20%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. سەبارەی بە لقی کۆمپانیا بیانییەکان (29)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (85%) تۆمارکراون و (5) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (15%) تۆمار کراون. (بڕوانە چارتی ژمارە (7)).   چوارەم: ساڵی 2019 ژمارەی کۆمپانیای تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان (هەزار و 908) کۆمپانیا بووە، بە جۆرێک (%97)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 848) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%3) و (60) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (هەزار و 260) کۆمپانیایان بەڕێژەی (68%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (588) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (32%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. لقی کۆمپانیا بیانییەکان (56)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (93%) تۆمارکراون و (4) لقی کۆمپانیای بیانیش لە زۆنی سەوزو بە ڕێژەی (7%) تۆمار کراون. (بڕوانە چارتی ژمارە (8)).   پێنجەم: ساڵی 2020 لەساڵی (2020)دا (هەزار و 260) کۆمپانیا تۆمار کراوە، بە جۆرێک (%98)ی کۆمپانیای خۆماڵی بوونەو ژمارەیان (هەزارو 232) کۆمپانیا بووە. هاوکات بە ڕێژەی (%2) و (28) لقی کۆمپانیا بیانییەکان بووە لە هەرێمی کوردستان. لەو ژمارانەی سەرەوە کۆمپانیا خۆماڵییەکان (858) کۆمپانیایان بەڕێژەی (68%) لە زۆنی زەرد بوونەوە (374) کۆمپانیایان بە ڕێژەی (32%) لە زۆنی سەوز تۆمار کراون. لقی کۆمپانیا بیانییەکان (28)یان لە زۆنی زەرد و بە ڕێژەی (100%) تۆمارکراون لقی هیچ کۆمپانیایەکی بیانیش لە زۆنی سەوز تۆمار نەکراوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (9)). تێبینی: سەرجەم ئامارەکان لەم خشتەیەی خوارەوە وەرگیراوە، کە لە لایەن وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی 7ی 2021 بڵاوکراوەتەوە.      


شیكاری: درەو دەستەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا مۆڵەتی بە (119) پرۆژە داوە بە قەبارەی (2ملیار و 873 ملیۆن دۆلار، لەسەر ڕوبەری (6 هەزار و11) دۆنم زەوی. لە زۆنی زەرد (هەولێر و دهۆک) مۆڵەتی بە (84) پرۆژە بەخشیوە، بە قەبارەی (1 ملیار و 811 ملیۆن) دۆلار و بە رێژەی (%63)، لە زۆنی سەوز (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین) مۆڵەتی بە (35) پرۆژە داوە،  بە قەبارەی (1 ملیار و 62ملیۆن)  دۆلار بە رێژەی (%37)، جیاوازییەکەش بریتییە لە قەبارەی سەرمایەی (749) ملیۆن دۆلارو مۆڵەتی (49) پرۆژە.   قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بە بڕبڕەی پشتی ئابوری دادەنرێت و لەم بارەیەوە هەرێمی کوردستان لە ڕووی یاساییەوە رۆژی 4 تەموزی ساڵی 2006 لە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2006 (یاسای وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان/ عێراق)پەسەند کرا، لە هەمان ساڵدا (دەستەی وەبەرهێنان) دامەزرێندراوەو لەو کات بەدواوە هەرێمی کوردستان  بە هەورازو نشێوی زۆردا تێپەڕییەوە. 1.    دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای دامەزراندنییەوە  لە ساڵی 2006 دەستی بەکار کردووە، لەو کاتەوە دەستەکە مۆڵەتی بە (1113) پرۆژەی بەخشیوە، بە سەرمایەی زیاتر لە (69) ملیار دۆلار، لەسەر ڕوبەری زیاتر لە (87) هەزار دۆنم زەوی (بڕوانە خشەی ژمارە (1)) 2.    سەردەمی زێڕینی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و بەرزترین ڕێژەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2013 بووە بە قەبارەی سەرمایەی (10) ملیار و (476) ملیۆن و (624) هەزار دۆلار، كە دەكاتە ڕێژەی (15.14%) كۆی گشتی قەبارەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان. تا 1/4/2021 3.    كەمترین ڕێژەی وەبەرهێنان لەساڵی 2006 بووە كە بڕەكەی (438) ملیۆن و (308) هەزار دۆلار بووە، کە دەكاتە ڕێژەی 0.63% كۆی گشتی قەبارەی وەبەرهینان لە هەرێمی كوردستان. 4.    لەماوەی 4 ساڵی ( 2016-2019) پێکەوە قەبارەی وەبەرهێنان تەنیا بڕی (9) ملیار و (390) ملیۆن و (503) هەزار دۆلار بووە، دەكاتە ڕێژەی 13.57% كۆی گشتی قەبارەی وەبەرهینانی هەرێمی كوردستان. ئەم بڕە هێشتا كەمترە لەقەبارەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2013.  بەشی زۆری هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش، هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوری و وەبەرهێنانەوە چەندین هەنگاوی بەرەو دواوە ناو تا ئێستا ئاسەوارە گەورەکانی بە هەرێمی کوردستانەوە دیارە، بەپێی ئامارەکان لەو ماوەیەدا؛ •    ڕۆژی 7/11/2016 ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکان لە دیداری (میری) رایگەیاند "هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیار  دۆلار  قەرزارە، لە ئێستادا ئەو قەرزە (31) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. •    بە پێی ئاماری یەکێتی وەبەرهێنان لەو ماوەیەدا (5) هەزار پڕۆژە وەستاون، پێویستیان بە (5) ملیار دۆلار هەبووە بۆ تەواو کردنی ئەو پڕۆژانە. •    لەو ماوەیەدا  (3) و (500) کارگەی گەورە و بچوک داخراون. •    زیاتر لە  (1000) کۆمپانیا مایە پوج بوون، کە (850) کۆمپانیایان لە سنوری سلێمانیدا کارو چالاکی و پرۆژەسازیان ئەنجامداوە.  •    زیاتر لە (350)  هەزار کەس کارەکانیان لەدەست داوە. •    ژمارەی دەوڵەمەندەکانی کوردستان نزیکەی نیوەیان لەو ماوەیەدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە سەرمایەکانیان لەدەستداوە (مەلا یاسین مەحمود - وتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی ھەرێمی کوردستان) لە ساڵی 2018 ئاشکرای  کرد، ژمارەی دەوڵەمەندەکانی کوردستان کەمبوونەتەوە بۆ (5) ھەزار ملیۆنێر و (13) ملیاردێر لە ھەرێمی کوردستاندا، ئەوە لە کاتێکدایە بە پێی ئامارەکانی یەکێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە ساڵی 2016 لە هەرێمی کوردستاندا (30) ملیاردێر و (10) هەزار و (800) ملیۆنێر هەبووە كە (18) ملیاردێری لە سنوری پارێزگای هەولێر وەبەرهێنانیان کردووەو (5) ملیاردێریش لە سنوری پارێزگای سلێمانی و (5) ملیاردێریش لە سنوری پارێزگای دهۆك وەبەرهێنانیان کردووە. لە (10) هەزار و (800) ملیۆنێریش (3) هەزار و (800) ملیۆنێری لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بوونە.   ڕاپۆرتی دەستەی وەبەرهێنان دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێی کوردستان، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرتوکێکی بڵاو کردەوە بە ناوی "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاکسازی و خزمەتگوزاری 10/7/2019-1/5/2021" لاپەڕە (218-212)ی پەرتوکەکەی تەرخان کردووە بۆ چالاکییەکانی "دەستەی وەبەرهێنان" ئەوەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەم دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی (28/7/2019 - 1/4/2021) مۆڵەتی (119) پرۆژەی بەخشیوە، بە سەرمایەی زیاتر لە (2) ملیار (873) ملیۆن دۆلار، لەسەر ڕوبەری (6) هەزار و (11) دۆنم زەوی، هاوکات (31) مۆڵەتی هەڵوەشاندووەتەوە. پرۆژەکان دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (بڕوانە خشەی ژمارە (2)) ئەگەر هەمان خشتەی سەرەوە بەسەر ناوچەکانی زۆنی زەردو (هەولێر و دهۆک) لە لایەک زۆنی سەوز (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان وڕاپەڕین) لەلایەکی تر بە جیا ڕونبکەینەوە، نادادپەروەری گەورە بە دیدەکرێت لە نێوان هەردوو ناوچەکەدا، بەجۆرێک لە ناوچەی زەرد (84) پرۆژە بە قەبارەی (1) ملیار و (811) ملیۆن دۆلار بە رێژەی (%63.03) موڵەت بەخشراوە. لەکاتێکدا لە سنوری ناوچەی سەوز (35) پرۆژە بە قەبارەی (1) ملیار و (62) ملیۆن دۆلار بە رێژەی (%36.97) موڵەت بەخشراوە. کە جیاوازییەکەش بریتییە لە (749) ملیۆن دۆلارو (49) پرۆژە (بڕوانەخشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (1))       ژمارەو سەرمایەی پرۆژەکان بە گوێرەی سێکتەر دەستەی وەبەرهێنان لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی پرۆژەکانی بەسەر (10) سێکتەری جیاوازدا دابەشکردووە، بە قەبارەی سەرمایەی جیاواز و تەرخانکردنی ڕوبەری جیاوازی زەوی لە هەرێمی کوردستان بۆیان، کە گەورەترین سێکتەریان پیشەسازی و دواین سێکتەریشیان بواری هونەرییە، (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)).   گرنگترین ئاستەنگەكانی بەردەم پرۆژەكانی وەبەرهێنان 1.    زیاتر بەرپرسە باڵاكان و كۆمپانیاكانیان توانای وەرگرتنی زەویان بۆ دروستكردنی پرۆژەی وەبەرهێنان هەبوو. 2.    بەشێك لە كۆمپانیاكان ئامادەنەبوون مۆڵەت لەهیچ فەرمانگەیەكی حكومەتی هەرێم وەربگرن و ژمارەی ئەو پرۆژانەی كە بێ موڵەت کاریان کردووە (24) پرۆژەی نیشتەجێ بوون بوونە كە (35) هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیان تێدایە. بەوەش لەئێستا تەنانەت بەشێك لەو زەویانەی كە ئەو پرۆژانەیان لەسەر دروستكراوە لە بەرێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرە بەناوی زەوی كشتوكاڵیەون و رەگەزەكەیان نەگۆردراوە بۆ نیشتەجێبوون. 3.    بەشێك لە پرۆژەكانی نیشتەجێ بوون كێشەی نەبوونی خزمەتگوزاری یان  كەمی خزمەتگوزاریان هەیە. 4.    زۆرجار هاوڵاتیان بوونەتە نێچیری ژمارەیەك كۆمپانیا و وەبەرهێنەر، كە پرۆژەكانیان وەرنەگرتووە یان بەپێی گرێبەستەكە نەبووە یاخود كەرەستە بەكارهاتووەكان لەتاقیگەكاندا پشكنینیان بۆ نەكراوە. 5.    دروستبوونی ژمارەیەك دەوڵەمەند و سەرمایەدار لەسەر حسابی زەوی شارەوانی و داهاتی خەڵك  كە جیاوازی چینایەتی لەكۆمەڵگەی كوردی بەدیارخستووە. 6.    زیاتر لە(24) هەزار و (13) دۆنم زەوی لەباشترین شوێنەكانی شارەكانی هەرێمی كوردستان كە بەشێكی زۆریان كشتوكاڵی بوون كرانە باڵەخانە. 7.    قازانجی وەبەرهێنەر وەك لایەنی یەكەم و ئامانجی سەرەكی یاسای وەبەرهێنان دیاری كراوەو خەڵك و حكومەتیش زەرەرمەند دەبن. 8.    بەهۆی ئەوەی لەیاسای وەبەرهێناندا ئاماژە بەوەكراوە كە وەبەرهێنەر بۆی هەیە ئەو پارەی لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان دەستی دەكەوێت رەوانەی دەرەوەی بكات، بەهۆیەوە پرۆسەی سپیكردنەوەی پارە و رەوانەكردنی پارەی تر بۆ دەرەوە پەرەی سەند. سەرچاوەکان 1.    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاكسازی و خزمەتگوزاری، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، چاپی یەکەم 2021. 2.    ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان: ئامراز یان ئامانج؟، بنکەی ژین، چاپی یەکەم، 2018. 3.    راپۆرتی شیكاری: محەمەد ڕەئوف، پارەی ژێرزەمینەكان.. حیزبی ملیاردێرو حكومەتی موفلیس، ماڵپەڕی شارپرێس؛ https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=53524 4.    پشدەر بابەكر، وەبەرهێنان لەنێوان قازانج و زیانەكانی، ماڵپەڕی پەیسەر پرێس؛ https://www.peyserpress.com/detail/1362 5.    ملیاردێرەکانی کوردستان وەک خۆیانن و ملیۆنێرەکان کەمیان کردووە، ماڵپەڕی باس نیوز؛  https://www.basnews.com/so/babat/304040 6.    " قەبارەی وەبەرهێنان لەماوەی 13 ساڵی ڕابردوو لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 52 ملیار دۆلار بوو "، ماڵپەڕی سپی میدیا؛ https://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=85694&Jor=22


شیكاری: درەو لەئێستادا لە%84  كارەبای هەرێمی كوردستان لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بەرهەم دەهێنرێت و %16 لە لایەن كەرتی گشتییەوە بەرهەم دێت، ڕۆژانە نزیکەی (7هەزار) مێگاوات کارەبا لە وێستگەكانی بەرهەم دەهێنرێت،  بەڵام هەرگیز بەو ئاستە بەگەیشوون و لە ئێستادا (3 هەزار و400) مێگاوات بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام خواست لەسەر كارەبا نزیک لە (5 هەزار) مێگاواتە. خواست لەسەر کارەبا بەردەوام ڕووی کە هەڵکشانەو تەنها لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2007) ەوە بۆ   (2020)ژمارەی هاوبەشانی کارەبا سێ هێندە زیادی کردووەو لە (236) هەزار هاوبەشەوە گەیشتووە بە زیاتر لە (697) هەزار هاوبەش بەرێژەی (66%).  کێشەی کارەبا کێشەی پڕنەکردنەوەی خواست لەسەر کارەبا، وەک پێداویستییەکی بنەڕەتی و سەرەکی هاوڵاتیان بە درێژایی 30ساڵی رابردوو، یەکێك بووە لەو کێشانەی بەردەوام دووبارە بووتەوە، تەمەنی ئەم کێشەیە یەکسانە بە تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەدرێژایی ئەو مێژووە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەی کارەبا نەدۆزراوەتەوە. ئەگەر لە هەندێک قۆناغیشدا بە کاتی چارەسەر بووبێت، ئەوا لەلایەن دەسەڵاتەوە وەک  پاداشت بە خەڵک فرۆشراوە، ئەگەر چی کێشەو گرفتەکانی کارەبا فرە جۆرن، بەڵام گرنگترین هۆکارەکانی پشت کێشەی کارەبا ئەمانەن؛ یەکەم؛ خواست و خستنەڕوو؛ گرفتی سەرەکی کارەبا بریتییە لە هاوکێشەی: (خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا و خستنەڕووی کارەبا)، واتە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بریتییە لە یەکسانکردنی خواست و خستنەڕوو. بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەپێی پێویستیی خۆیان بتوانن کارەبا بەکاربهێنن و بەردەوام کارەبا هەبێت و حکومەت بتوانێت ئەو خواستە پڕ بکاتەوە، جگە لەوەش پێویستە خستنەڕووی کارەبا بە ڕێژەی 10% زیاتر بێت لە خواست. بۆ نمونە هاوبەشانی کارەبا لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2007) بریتی بووە لە (236) هەزار و (610) هاوبەش، بەڵام لە ساڵی (2020) هاوبەشەکانی کارەبا لە سنوری پارێزگای سلێمانی نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووەو گەیشتووە بە (697) هەزار و (771) هاوبەشی کارەبا (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)). بەڵام حکومەتی هەرێم نەیتوانیەوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەوخواستە بە هەمان قەبارە کارەبا بەرهەم بهێنێت، بەم شێوەیەش بەردەوام کورتهێنان هەبووە لە دابینکردن و خستنەڕووی کارەبا. دووەم: سیاسەتی وزە؛ لە دنیادا، وزەی کارەبا لە کۆی وزەکانی دیکە جیاناکرێتەوە و گرانترین جۆری وزەیە، بۆیە دەبێت حکومەت لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی وزەدا سەیری وزەی کارەبا بکات، بۆ نمونە دەبێت بزانێت گەرمکردنی ئاوی ماڵان کە ئێستا لەڕێگەی وزەی کارەباوە زۆر گران دەکەوێت لەسەر حکومەت وەک لەوەی بە غاز بێت، ئایا حکومەت دەزانێت ساڵانە چەند لە وزەی کارەبا بۆ گەرمکردنی ئاوی ماڵان دەڕوات؟ بەپێی داتاکان (360) دۆلار خەرجی کارەبای بەرهەمهاتووە بۆ بۆیلەری هەر هاوبەشێک. ئەگەر ئەو ژمارەیە جارانی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا بکەین لە کوردستان کە ملیۆنێک و (674) هەزار و (764) هاوبەشە، زیاتر لە (600) ملیۆن دۆلار تەنیا بۆ گەرمکردنی ئاوی ماڵان دەڕوات. ئەی ئەگەر ئاوی ماڵان بە غاز گەرم بکرێ‌؟ ئەگەر ماڵێک ئاو بە غاز گەرم بکات، ساڵانە هەشت بوتڵ غازی دەوێت. ئەگەر نرخی بوتڵێک غاز 8.5 هەزار دینار بێ‌ (8×8.5 دینار = 68 هەزار دینار) لە ساڵێکدا. بۆ کۆی هاوبەشانی کارەبا  کە ملیۆنێک و (674) هەزار و (764) هاوبەشە، دەکاتە نزیکەی (113) ملیار دینار کە بە نرخی ئێستای دۆلار دەکاتە (78.5) ملیۆن دۆلار. واتە ئەگەر حکومەت بڕیار بدات ئاوی ماڵان بە غاز گەرم بکرێ‌ لە جیاتی کارەبا، ئەوا زیاتر لە (524) ملیۆن دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە. بۆیە دەبێت حکومەت بەرنامەی گونجاو دابنێت بۆ گۆڕینی سیستمی گەرمکردنی ئاوی ماڵان لە وزەی کارەباوە بۆ وزەکانی دیکەی وەک غاز، یان وزەی خۆر و چەند سیستمێکی دیکەی ئاو گەرمکرن کە زۆر ئاسانن و تێچوویان کەمە، بەوەش بارگرانیی سەر کارەبا زۆر کەم دەبێتەوە. سێیەم: خراپی ئاستی وشیاری لە بەکارهێنانی کارەبا؛ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی ئاستی هۆشیارییان لە بەکارهێنانی کارەبای زیادە لە ئاستی پێویستدا نییەوە بەپێی ڕاپۆرتەکان زیاتر لە (44%)ی بەرهەمی کارەبا بەفیڕۆ دەڕوات، ئەمە جگە لەوەی سەپێچییەکان لە ڕادەی ئاسایی تێپەڕیوە، بۆ نمونە تەنها لە لەماوەی نێوان ساڵی (2019-2020) زیاتر لە (16) هەزار سەرپێچی لەلایەن وەزارەتی کارەباوە تۆمار کراوە، ئەمە ئەو ژمارەیەن کە لەو ماوەیەدا ئاشکرا بوون، پرسیارەکە ئەوەیە کە دەبێت چەند سەرپێچی دیکە هەبێت کە تا ئێستا ئاشکرا نەبوون. هاوکات کەڵەکەبوونی قەرزی کارەبا لای هاوبەشیانی کارەبا، یەکێکی دیکەیە لە گرفتەکان، بەپێی لێدوانی وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، "نزیکەی ترلیۆنێک و (298) ملیار دینار قه‌رزی کاره‌با لای هاوڵاتیانه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوکاریه‌ هه‌بێت (هاوڵاتییان پارەی قەرزی کارەبا بدەن) سوته‌مه‌نی به‌رده‌ست هه‌بێت ئیتر هیچ کێشه‌ی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌بامان نییه"‌، دەشڵێت، "ناڵێین هاوڵاتییان لە 100% پارەی قەرزی کارەبا بده‌ن به‌ڵام با 50% پسوڵه‌ی کاره‌بای خۆی بدات هه‌تا یارمه‌تیه‌ک و شتێک له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌ت هه‌بێت بتوانێت خزمه‌تی زیاتر به‌ هاوڵاتی پێشکه‌ش بکات". چوارەم: سەرچاوەکانی وزە؛ بەپێی لێدوانی وەزیری کارەبای هەرێم "کێشه‌ی کارەبا زیاتر دابینکردنی سوته‌مه‌نییه‌ بۆ وێستگانی کارەبا، وێستگه‌کانی تر کە هه‌مانه‌ ئێستا ژماره‌یان 14 وێستگه‌ن هه‌ندێک له‌وانه‌ به‌ئاو ئیش ده‌که‌ن وه‌کو دوکان و ده‌ربه‌ندیخان که‌ 600 و 49 مێگاوات توانای به‌رهه‌مهێنانی هه‌یه‌ به‌ڵام له‌به‌رنه‌بونی ئاو ئێستا نزیکه‌ی 60 مێگاوات له‌ هه‌ردو وێستگه‌ به‌رهه‌م دێت ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ کێشه‌کان، دوه‌م وێستگه‌ی دهۆکی غازمان هه‌یه‌ هه‌تا ئێستا بۆری غاز له‌ هه‌ولێر نه‌گه‌یشتوەته‌ ئه‌و وێستگه‌یه‌ ئه‌وه‌ش هۆکارێکی تره‌ که‌ ئێستا له‌ 1000 مێگاواتی کاره‌با ته‌نها 100 مێگاواتی کاره‌با به‌رهه‌م دێنیین". ڕاپۆرتی وەزارەتی کارەبا دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێی کوردستان، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرتوکێکی بڵاو کردەوە بە ناوی "كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاکسازی و خزمەتگوزاری 10/7/2019-1/5/2021" لاپەڕە (64-84)ی پەرتوکەکەی تەرخان کردووە بۆ "وەزارەتی کارەبا" تێیدا تیشک خراوەتە سەر هەر چوار سێکتەری(بەرهەمهێنان – گواستنەوە - دابەشكردن – كۆنترۆڵ)، هەوڵدەدەین لەم ڕاپۆرتەدا بەشێک لە داتاکان بخەینە ڕوو.  توانای بەهەمهێنانی کارەبا  توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنانی کارەبا (6) هەزار و (737) مێگاواتە کە دابەشبوون بەسەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ( بڕوانە خشتەی ژمارە (2))، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کارەبا لە ئێستادا دەتوانرێت (3) هەزار و (400) مێگاوات بەرهەم بهێنێت. لە ژمارەیەش (84%) لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەرهەم دەهێنرێت! حکومەت تەنها لە توانایدایە (16%) ئەو ڕێژەیە پڕ بکاتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە 27/6/2021 ڕایگەیاند؛ خواست لەسەر کارەبا (4500) مێگاواتە بڕی (1100) مێگاوات کورتهێنان هەیە. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات حکومەتی هەرێم ئەگەر چی بەهاوکاری کەرتی تایبەت لەتوانایدایە بڕی پێویستی کارەبا بەرهەم بهێنێت پێداویستی هاوڵاتیان پڕ بکاتەوە، بەڵام نەیکردووە. بە تایبەت کەمتەرخەم بووە لەو وێستگانەی کە بە سوتەمەنی (گاز و دیزڵ و نەوتی ڕەش) کاردەکەن. تەنها کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکانی (دوکان و دەربەندیخان) لە دەرەوەی ئیرادەی حکومەتی هەرێمە کە پەیوەندی بە کۆبوونەوەی ئاو هەیە، کە دەکرا لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگەی بونیادنانی بەنداوی دیکەوە بەشێک لەو کێشەیەی چارەسەربکردایە بۆ ئەمەش (بەنداوی بێخمە) باشترین نمونەیە. تا دێت خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات بەپێی ڕاپۆتەکەی وەزارەتی کارەبا ژمارەی هاوبەشانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بریتین لە یەک ملیۆن و (640) هەزار و (459) هاوبەشی کارەبا  دابەشبوون بەسەر جۆرە هاوبەشکانی (ماڵان، بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و میری) (بڕوانە خشەی ژمارە (3) و (4))، لە ئێستادا ئەو ژمارەیە زیاتر هەڵکشاوە (بڕوانە خشەی ژمارە (4)). سپاردنی کارەبا بە کەرتی تایبەت  حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت کۆنترۆڵی کەرتی کارەبا بکات و بۆ خۆدزینەوە لەو ڕاستییە لە هەوڵی سپاردنییەتی بە کەرتی تایبەت، دوور نییە ئەرکی هاوڵاتیان لە ڕووی داراییەوە قورستر نەبێت، ئەم ڕاستییە ڕووندەبێتەوە کاتێک لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کارەبا ئەو هۆکارانە دەخوێنیتەوە کە لە پشت سپاردنی کارەبان بە کەرتی تایبەت و هۆکارەکانیش ئەمانەن؛ 1.    کەمکردنەوەی وزەی بەفیڕۆچوونی کارەبا کە (%44)ی کارەبا بەرهەمی کارەبایە. 2.    زیادکردنی داهاتی کارەبای مانگانە. 3.    زیادکردنی کارەبای مانگانە. 4.    دابینکردنی موچەی (%70)ی فەرمانبەرانی دابەشکردنی کارەبا. 5.    پێدانی شایستە داراییەکانی وەبەرهێنان. 6.    نەهێشتنی ڕۆتین. 7.    یەک ژێدەری کارەبا بۆ هاوبەشان. 8.    کۆنترۆڵکردنی دابەشکردنی کارەبا پێوەری زیرەک بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کارەبا لەکۆی ملیۆنێک و (674) هەزار و (674) بەشداربوو (547) هەزار و (87) بەشداربوو پێوەری زیرەکیان بۆ دانراوە. (بڕوانە خشەی ژمارە (5)) ژمارەی سەرپچی و بڕی سزاکانیان گەندەڵی و سەرپێچی یەکێکە لە دیاردە دزێوەکان وەک هەموو سێکتەرەکانی دیکە کەرتی کارەباشی گرتووەتەوە، لە ماوەی (2) ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان (16) هەزارو (833) سەرپێچی تۆمار کراوەو یەک ملیار و (46) ملیۆن و (702) هەزارو (182) سزا دراون بە بری (2) ملیار و (935) ملیۆن و (424) هەزار و (880) دینار (بڕوانە خشەی ژمارە (6))   کاتژمێرەکانی کارەبا ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی کارەبا تەنها نمونەی (2) مانگی پێدانی کارەبای ساڵانی (2019، 2020، 2021)ی بەراوردکردووە، کە تاڕادەیەک کەمترین خواستی هاوڵاتیان لەو دوو مانگەی ساڵ لەسەر کارەبا هەیە، ئەوانیش مانگەکانی (کانونی و دووەم و شوبات)ن، چونکە لەو دوو مانگەدا هاوڵاتیان کەمتر پێویستیان بە ئامێرەکانی خۆگەرمکردنەوە یان ئامێرەکانی سارد کردنەوە هەیە، بەڵام نەتوانراوە لە تێکڕاو لە باشترین دۆخدا بوونی کارەبا بگەیەنرێت بە سەرو (17) کاترمێر لە ڕۆژێکدا (بڕوانە خشتەی ژمارە (7))    


 (درەو): كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی كە پشكی ١٨٪ ی هەبوو لە بلۆكی نەوتی سەرسەنگ، لە هەرێم كشایەوەو پشكەكانی خۆی فرۆشت بە كۆمپانیای شاماران كە لە هەمانكاتدا لەكێڵگەی ئەتروش خاوەن پشكە. بەپێی هەواڵی رێكخراوی (روونبیین) بۆ شەفافیەت لە پرۆسەی نەوتدا، كۆمپانیای شاماران كۆمپانیایەكی (كەنەدی)یە لە رۆژی ١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە پشكەكانی كۆمپانیا فەڕەنسیەكەی كڕیوەتەوە بە ١٥٥ ملیۆن دۆلار و پێدانی ١٥ ملیۆن دولاری تر كاتێك كە: •    كۆی بەرهەمی كێڵگەی سەرسەنگ گەشتە ١٣٠ ملیۆن بەرمیل.  •    تێكڕای نرخی نەوتی برێنت لە ٦٠ دۆلار كەمتر نەبێت لە ماوەی ١٢ مانگدا. كۆمپانیای شاماران دەڵێ"بڕی ٥٫٠٠٠ بەرمیل نەوتی خاوی سوك ڕۆژانە زیاد بووە بۆ پشكەكانمان، چاوەڕێ دەكرێت بەرهەمی كۆمپانیاكە لە چارەكی دووەمی ٢٠٢١دا لە ١١٫٠٩٠ بەرمیلی ڕۆژانەوە دووهێندە زیادبكات، دوای ئەوەی كاری فراوانكردنی یەكەكانی چارەسەر لە كێڵگەی سوارەتكە لە بلۆكی سەرسەنگ لە ناوەراستی ساڵی ٢٠٢٢دا تەواوەبێت. نەوتی ئەم كێڵگەیە نەوتێكی سوك‌و كوالیتی بەرزە API و ڕێژەی گۆكردی Sulphur ی كەمە، بۆیە داشكاندنی كەمی بۆ دەكرێت لەگەڵ نەوتی برێنت دا. تێچوی وەگەڕخستن  Opex لەم كێڵگەیە كەمەو نزیكە لە ٥,٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك. بلۆكی سەرسەنگ دەكەوێتە بەشی باكوری بلۆكی ئەتروشەوە كە كۆمپانیای شاماران خاوەن پشكە تێیدا. پێكدێت لە دوو كێڵگە سوارەتكەو سوارەتكەی ڕۆژهەڵات. سوارەتكە كاری فراوانكردنی تێدا دەكرێت‌و یەكەیەكی چارەسەری نوێی تێدا دادەنرێت توانای ٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە. چاوەڕێ دەكرێت لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢دا كۆی بەرهەم بگاتە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بلۆكی سەرسەنگ دەبەسترێتەوە بە فیدەری هێڵی گواستنەوەی ئەتروشەوەو بەمەش بەشێوەیەكی هەمیشەیی دەبەسترێتەوە بەهێڵی هەناردەكردنی نەوتی كوردستانەوە. ئێستا كێڵگەی سەرسەنگ ٦٢٪ ی لەلایەن كۆمپانیای ئێچ كەی ئێن HKNی ئەمریكی و ١٨٪ ی لەلایەن شاماران ShaMaran ی كەنەدییەوە خاوەنداری دەكرێت‌و٢٠٪ كەی تری كە دەمێنێتەوە پشكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. لە چارەكی یەكەمی ساڵی ٢٠٢١دا تێكڕای بەرهەمی سەرسەنگ بریتیی بووە لە ٢٧,٨٩٢ بەرمیل نەوت‌و چاوەڕێ دەكرێت تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ ئاستی بەرهەمی بلۆكە نەوتییەكە بگاتە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.


(درەو): گفتوگۆ لەسەر دروستكردنەوەی پەیكەری سیاسی نوێ‌و هەڵوەشاندنەوەی سیستمی هاوسەرۆكایەتی لەناو یەكێتی دەستپێكرد. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، دوای رەزامەندبوونی لاهور شێخ جەنگی بە دەستهەڵگرتن لە پۆستی (هاوسەرۆك)ی یەكێتی، ئێستا ماڵی مام جەلال لەگەڵ جەمسەرەكانی تری ناو یەكێتی سەرقاڵی داڕشتنەوەی پەیكەرێكی نوێی سیاسین بۆ یەكێتی لەرێگەی ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە. (درەو) زانیویەتی، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ و گروپی كەركوكییەكانی ناو سەركردایەتی یەكێتی كۆبوەتەوە. لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا گفتوگۆكراوە لەبارەی چۆنیەتی داڕشتنەوەی پەیكەری نوێی سیاسی یەكێتی كشانەوەی لاهور شێخ جەنگی لەپۆستی هاوسەرۆكی یەكێتی.  چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتیەوە بە (درەو)یان راگەیاند: بەپێی ئەوەی گفتوگۆی لەسەركراوە ئەو گۆڕانكاریەی لە رێگەی سەركردایەتیەوە لە پەیكەری سیاسی یەكێتیدا دەكرێت، بەمشێوەیەی خوارەوە:  •    سیستمی هاوسەرۆكایەتی هەڵدەوەشێتەوە‌و بافڵ تاڵەبانی وەكو سەرۆك لەسەركردایەتی هەڵدەبژێردرێت. •    سەرۆكی داهاتووی یەكێتی دوو جێگری دەبێت. •    ئەنجومەنی سەركردایەتی كە ئێستا ژمارەی (124) كەسە، ژمارەی ئەندامەكانی بۆ خوار (50) كەس كەمدەكرێتەوە هاوشێوەی سەركردایەتی پێش كۆنگرەی چوارەم. •    مەكتەبی سیاسی سەرلەنوێ دروست دەكرێتەوە. •    ئەو گۆڕانكاریانەی كە بڕیارە لە پەیكەری سیاسی یەكێتیدا بكرێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لەدەسەڵاتی سەركردایەتی حزبدا نین، بسپێرێت بە  پلنیۆم یاخود كۆنگرەیەكی نائاسایی. لەكاتێكدا ماڵی مام جەلال لەگەل جەمسەرەكانی تری یەكێتی گفتوگۆ لەسەر قۆناغی دوای لاهور شێخ جەنگی دەكەن، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی دادگەری كوردستان و شێخ نەهرۆ كەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری ئەمڕۆ وەكو نێوەندگیر داخڵی كێشەی ناوكۆكی نێوان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی.   


شیكاری: درەو (200 ملیار) دینارەكەی بەغداد بیانوی لێبڕینی موچە دەبڕێت، لەئێستادا كۆی داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (795 ملیار) دینارە، بە(200 ملیار) دینارەكەوە دەكاتە (995 ملیار) دینار، بەوەش (100 ملیار) دیناری لەكۆی موچەی موچەخۆران زیاترە كە مانگانە (894 ملیار) دینارە، بەمەش هیچ بیانوویەك بۆ لێبِرینی موچە نامێنێت.  داهاتەكانی حكومەتی هەرێم لە کۆبونەوەی رۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ پەرلەمانی کوردستان، کە تێیدا بەشێک لە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان میوانداری کرابوون، (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی قسەکانی ئەوەی ڕاگەیاند؛ کۆی داهاتی (5)مانگی یەکەمی ساڵی (2021) حکومەت بریتی بووە لە (3تریلیۆن و282) ملیار دینار. بەجۆرێک   (1 ترلیۆن و 974) ملیار دیناری داهاتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بووە، (1 تریلیۆن و 308) ملیار دیناریشی داهاتی ناوخۆ بووە.  ئەگەر بە تێکڕا ئەو ژمارەیە وەربگرین، واتە داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە چووتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی بۆ هەر مانگێک دەکاتە (656 ملیار و400) ملیۆن دینار. بەڵام بەردەوام داهاتی وەزارەتی دارایی ڕووی لە زیادبوون کردووە، بۆ نمونە (بڕوانە چارتی ژمارە (1))؛ داهاتی کانونی دووەمی 2021  -    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بریتی بووە لە (322) ملیار دینار. -    داهاتی ناوخۆ  بریتی بووە لە (233) ملیار دینار. -    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ پێکەوە (555) ملیار دینار بووە داهاتی مانگی شوباتی 2021  -    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بریتی بووە لە (325) ملیار دینار. -    داهاتی ناوخۆ  بریتی بووە لە (306) ملیار دینار. -    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ پێکەوە (631) ملیار دینار بووە. -    بەم جۆرەش داهاتی هەرێم لە مانگی شوبات بەراورد بەمانگی یەکی (2021) بڕی (76) ملیار دینار زیادی کردووە. داهاتی مانگی ئازاری 2021  -    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بریتی بووە لە (396) ملیار دینار. -    داهاتی ناوخۆ  بریتی بووە لە (310) ملیار دینار. -    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ پێکەوە (706) ملیار دینار بووە -    بەم جۆرەش داهاتی هەرێم لە مانگی ئازار بەراورد بەمانگی شوبات (75) ملیار دینار زیادی کردووەو بەراورد بە  کانونی دووەمی (2021) بڕی (151) ملیار دینار زیادی کردووە. داهاتی مانگی نیسانی 2021  -    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بریتی بووە لە (437) ملیار دینار. -    داهاتی ناوخۆ  بریتی بووە لە (357) ملیار دینار. -    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ پێکەوە (794) ملیار دینار بووە -    بەم جۆرەش داهاتی هەرێم لە مانگی نیسان بەراورد بەمانگی ئازار (88) ملیار دینار و بەراورد بە مانگی شوبات (163) ملیار دینار زیادی کردووەو بەراورد بە  کانونی دووەمی (2021) بڕی (239) ملیار دینار زیادی کردووە. داهاتی مانگی ئایاری 2021  -    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  بریتی بووە لە (494) ملیار دینار. -    داهاتی ناوخۆ  بریتی بووە لە (301) ملیار دینار. -    داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ پێکەوە (795) ملیار دینار بووە -    بەم جۆرەش داهاتی هەرێم لە مانگی ئایار بەراورد بە مانگی نیسان (1) ملیار دینار و  بەراورد بەمانگی ئازار (89) ملیار دینار و بەراورد بە مانگی شوبات (164) ملیار دینار زیادی کردووەو بەراورد بە  کانونی دووەمی (2021) بڕی (240) ملیار دینار زیادی کردووە.   خشتەی ژمارە (1) داهاتی نەوت كه‌مال ئه‌ترووشی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 28/6/2021 لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا؛ له‌ عێراق تێچووی به‌رهه‌مهێنانی به‌رمیلێك نه‌وت دۆلارێكه‌ و له‌ هه‌رێم 10 تا 12 دۆلاره‌، به‌ رێژه‌ی 52-54%ی نه‌وتی كوردستان له‌ دهۆكه‌ و 40%ی له‌ هه‌ولێره‌ و 6-10%یش له‌ سلێمانییه‌، ئه‌مه‌ به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێم پێكده‌هێنن. 58%ی داهاتی نه‌وت ده‌ده‌ینه‌وه‌ كۆمپانیاكان و تێچووی به‌رهه‌مهێنانییه‌تی، كه‌ 450 هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌می رۆژانه‌یه‌. به‌ڵام جێگیر نییه‌. حكومه‌ت تێچووی خه‌رجی نه‌وتی له‌ ئه‌ستۆیه‌. هاوکات بەپێی ڕاپۆرتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەبۆنەی تێپەڕبوونی (2) ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆیەم بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە؛ داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە لە یەک مانگدا بریتی بوو لە؛ (295) ملیۆن دۆلار فرۆشتنی نەوت کە لە بنەڕەتدا (720) ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام (425) ملیۆن دۆلار دراوە بە موستەحەقاتی کۆمپانیا و قەرزەکان، بڕی (295) ملیۆن دۆلاری لێ ماوەتەوەو دراوە بە وەزارەتی دارایی بەمەبەستی تەرخانکردنی موچەی موچە خۆران. داهاتی ناوخۆ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بریتیە لە داهاتەکانی (کارەباو باج و گومرگ) بە جۆرێک داهاتی گومرگەکان زیاتر لە نیوەی داهاتی ناخۆ دابین دەکەن. پارێزگای سلێمانی (35%) ی داهاتی و گومرگ و (17%) داهاتی باج و (17%) داهاتی کارەبا دابین دەکات و پارێزگاکانی (هەولێر و دهۆک) (65%) ی داهاتی و گومرگ و (83%) داهاتی باج و (83%) داهاتی کارەبا دابین دەکەن. (بڕوانە چارتی ژمارە 2)  بەپێی ڕاپۆرتەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆ لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە لە یەک مانگدا بریتی بوو لە؛ (244) ملیۆن دۆلار داهاتی ناوخۆ بووە، پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم (140) ملیۆن دۆلار بووە، پاش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم (100) ملیار دۆلاری داهاتی ناوخۆ زیادی کردووە،   چارتی ژمارە (2) پاری بەغداو هاوکاری هاوپەیمانان حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتی ناوخۆ و فرۆشتنی نەوت، بەپێی ڕاپۆرتەکە بڕی (383) ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خراوەتە سەر بانکی وەزارەتی دارایی، کە نیوەی موچەی موچەخۆرانی پێدابینکراوە (لە مانگی 4ی 2020ەوە وەستێندراوە) لە ئێستاشدا جارێکی تر لە 11/7/2021 حکومەتی عێراق بڕی (200) ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم. لەگەڵ ئەوانەشدا هاوکاری هاوپەیمانان بەردەوام بووە بە بڕی (17) ملیۆن دۆلاری مانگانە. خەرجی موچە و (200) ملیارەکەی بەغدا حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە (894) ملیار دینار هەیە كە بێ لێبڕین موچە دابەش بكات بەڵام رۆژی 21ی حوزەیرانی 2020 حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی لەبارەی موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و موچەخۆران دەركرد بەپێی بڕیارەكە بەشێوەیەكی گشتی سەرجەم فەرمانبەران بە ڕێژەی 21% موچەكانیان کەم کرایەوەو پلە تایبەتەکانیش بە ڕێژەی 50% موچەکەنیان بڕا. بەو پێیەش خەرجی موچە لە (895) ملیار دینارەوە کەمکرایەوە بۆ خوار (710) ملیار دینار. ئەگەر داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە چووتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی بۆ مانگی ئایاری 2021 بە نمونە وەربگرین بەبێ هاوکاری هاوپەیمان بریتییە بووە لە (795) ملیار دینار کە (494) ملیار دیناری داهاتی نەوت و (301) ملیار دیناریشی داهاتی ناوخۆ بووە، کە دواین زانیارییە لە بارەی داهاتەکانی وەزارەتی داراییی و هیچ هۆکارێک نیە بۆ کەمبوونەوەی، چونکە نرخی نەوت لە ئێستادا زیاتر هەڵکشاوە بەراود بە مانگی ئایار، هاوکات هیچ جموجۆڵێکی ناوخۆیی و بەتایبەت بازرگانی مەرزەکان ڕانەوەستاوە کە سەرچاوەیەکی سەرەکی داهاتی ناوخۆیە. کەواتە ئەگەر کۆی داهاتی هەرێم (795) ملیار دینار بێت و پارەکەی بەغدا (200) ملیار دینار بێت پێکەوە دەکاتە (995) ملیار دینار، بەم بڕەش حکومەتی هەێم لە توانایدا دەبێت موچەی موچەخۆران بێ هیچ لێبڕینێک خەرج بکات لە بڕی (895) ملیار دینارەو بڕی (100) ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە. لە ئێستادا حکومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی کە ڕٶژی 11/7/2021 ڕایگەیاندووە کە (200) ملیارەکەی بەغد خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام باسی هەڵگرتی لێبڕینی موچەی موچەخۆرانی نەکردووە، ڕەنگە بیانووەکەی ئەوەبێت کە گومانی ئەوەی هەیە (200) ملیار دینارەکەی بەغدا بەردەوامی نەبێت!  لە کاتێکدا لە حوزەیرانی ساڵی 2020 بڕیاری لێبڕنی موچە درا، ناونرا خۆ گونجاندن لەگەڵ داهاتی بەردەست، واتە ڕێژەی لێبڕین بە گوێرەی ئەو داهاتە دەبێت کە لە بەردەستی حکومەت دەبێت، بەڵام ئێستا حکومەت بێدەنگی هەڵبژاردووە.    راپۆرتی پەیوەندیدار لە یادی دووساڵەی كابینی نۆدا


حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدووتوێی كتێبێكدا بەناوی  "چاكسازی و خزمه‌تگوزارییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م"ى چاپ و بڵاوكرانه‌وه‌ خەرجی حكومەت لە مانگێكدا (995 ملیۆن) دۆلارە و داهاتەكانی (539 ملیۆن) دۆلارە خەرجی حكومەتی هەرێم لە یەك مانگدا: •    حكومەت لە مانگێكدا پێویستی بە نزیكەی (995 ملیۆن) دۆلار هەبووە بەم شێوەیە: •    (775 ملیۆن) دۆلار بۆ موچەی موچەخۆران. •    (205 ملیۆن) دۆلار بۆ موچەی كارپێكردن ( تەشغیلی) •    (35 ملیۆن) دۆلار بۆ خەرجی وەبەرهێنان ( پرۆژەكانی حكومەتی) داهاتی حكومەتی هەرێم لەیەك مانگدا  •     (539 ملیۆن) دۆلار داهاتی مانگانە لەم سەرچاوانەوەدەست كەوتووە. •    (295 ملیۆن) دۆلار داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ خەزێنەی حكومەت، لە بنەڕەتدا (720 ملیۆن) دۆلار كۆی گشتی داهاتی نەوتە، بەڵام (425 ملیۆن) دۆلاری دەدرێتەوە بە موستەحەقاتی كۆمپانیا و قەرزەكان.   •    داهاتی ناوخۆ : (244 ملیۆن) دۆلار (پێش دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەم داهات 140 ملیۆن دۆلار بووە) نزیكەی 100 ملیۆن دۆلار داهاتی ناوخۆ لەكابینەی نۆدا زیادی كردووە، بەهۆی چاكسازیەوە. •    پارەكەی عێراق: (383 ملیۆن) دۆلار ، لە مانگی 4ی 2020ەوە ئەم پارەیە وەستێندراوە. •    یارمەتی هاوپەیمانان: بڕی (17 ملیۆن) دۆلار. كورتهێنان لە خەرجی و داهات: •    كۆی داهاتی ناوخۆ دەگەیشتە(939 ملیۆن) دۆلار •    لەكاتێكدا خەرجی حكومەت لەمانگێكدا (995 ملیۆن) دۆلار بووە •    بەم پێیە لە كابینەی نۆدا حكومەت مانگانە بڕی (56 ملیۆن) دۆلار كورتهێنانی هەبووەو وەكو قەرز كەوتووەتە سەرشانی حكومەت. نمونە: داهات و خەرجی حكومەت لە  نێوان مانگی 12/2019 و مانگی 4/2020: •    داهات و خەرجی لە مانگی 12/2019 ئەمە ئەو مانگەیەكە  هێشتا نرخی نەوت دانەبەزیوەو قەیرانی كۆرۆنا سەری هەڵنەداوە: •    تێكرای داهات لە مانگەكەدا (939 ملیۆن) دۆلار بووە: •    داهاتی نەوت ئەوبەشەی گەراوەتەوەبۆ وەزارەتی دارایی: (295 ملیۆن) دۆلار. •    داهاتی ناوخۆ: (244 ملیۆن) دۆلار •    بەشە بودجەی هەرێم لەبەغداد: (383 ملیۆن) دۆلار •    هاوكاری مانگانەی هاوپەیمان: (17 ملیۆن) دۆلار. •    خەرجی حكومەت بۆ مانگی 12/ 2019 •    ( 995 ملیۆن ) دۆلار بووە بەم شێوەیە: •    خەرجی موچە: (755 ملیۆن) دۆلار. •    خەرجی بودجەی تەشغیلی: (205 ملیۆن) دۆلار. •    خەرجی وەبەرهێنان: (35 ملیۆن) دۆلار •    كورتهێنان: (56 ملیۆن) دۆلاربووە. داهاتی حكومەتی هەرێم لە مانگی 4/2020 ئەمە ئەو مانگەیە كە نرخی نەوت دادەشكێت و كۆرۆنا سەر هەڵدەدا: •    داهاتی نەوت: (60 ملیۆن) دۆلار داهاتی نەوت بۆ وەزارەتی دارایی •    داهاتی ناوخۆ: (60 لیۆن) دۆلار •    هاوكاری هاوپەیمانی: (17 ملیۆن) دۆلار •    كۆی گشتی داهات: (137 ملیۆن) دۆلار، لەو مانگانەدا حكومەتی هەرێم (86%)ی كۆی داهاتی خۆی لەدەستداوە.   بۆ خوێندنەوەی دەقی راپۆرتی حكومەت لەبارەی دووساڵەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیك وردستان 


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)   چاڵی مووشەک لێرە و  دەنگەکەی لەولا گەرچی مووشەکەکان بە هەولێر و بەغداوە نران، بەڵام شرۆڤەکردن دەبێت لە جێیەکی دیکەوە دەست پێبکات، چونکە ڕووداوە ڕاستەقینەکان لەوێ ڕوودەدەن. ساڵانێکی دوورودرێژە، عێراق بووەتە حەوشەی پشتەوەی زۆرانبازیی ناڕاستەوخۆی واشنتۆن و تاران، بەڵام ئەو وەرچەرخانەی لەم ساڵەی دواییدا بەدی دەکرێت، ئەوەیە هەرێم کراوەتە بەشێک لەو حەوشەی ململانێیە.  لە کەمتر لە هەفتەیەکدا، زنجیرە بۆردوومانێکی مووشەکی عێراقی (بە هەرێمیشەوە) گرتەوە، بەهۆی کەمی قوربانییە مرۆییەکان و ماناداری شوێنی بۆردوومانەکانەوە، جگە لە پەیامی واشنتۆن و تاران لەسەر زەوی عێراق و هەرێمی کوردستان شتێکی دیکەی لێناخوێنرێتەوە، گەرنا جەنگێکی نوێ لەئارادا نییە، بەڵام نیشانەی پەرەسەندنی نوێن لە ناوچەکەدا، کە هەرێم خاڵێکی کۆڵەکەیی ململانێکانە.  لەگەڕی نوێدا، ئەمریکا دەستپێشخەر بوو، لە سنووری عێراق-سوریا، هێرشکرایە سەر  میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، بەڵام لێدوانەکانی وتەبێژی پنتاگۆن، پاش بۆردوومانەکە، هیچ ڕووی لە عێراق و بگرە میلیشیاکانیش نەبوو، ئەو وتی "دەمانەوێت لێکەوتەکانی پشتیوانی میلیشیاکان بۆ ئێران ڕوون بکەینەوە". چەند ڕۆژێک پاش ئەوە لە دەنگۆیەکی سایتە ئێرانییەکان بڵاوکرایەوە، بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر جارێکی دیکە کراوەتە ئامانج و چەند ئیسرائیلییەکی نیشتەجێی هەرێم کوژراون(ئەم سیناریۆیە لەبۆردوومانی جەندمانگی پێشتری هەولیردا بڵاوکرایەوە)، گەرچی دەرکەوت هەواڵەکە زیاتر ئامانجەکەی بەردەنگی ئێرانی و مەسرەفی نێوخۆیی هەبوو، گەرنا لە هیچ لایەنێکی ڕەسمی و نارەسمی عێراقی و کوردستانی هەواڵەکە پشتڕاست نەکرایەوە. ئەڵبەت لایەنگرانی ئێرانی بەم دەنگۆیە دڵیان ئاوی نەخواردەوە و هەفتەیەک بەسەر بۆردوومانکردنی میلیشیا شیعەکاندا تێنەپەڕی بوو، فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی سەربازی عەینولئەسەد بۆردوومان کران و بە قوربانییەکی کەمی مرۆیی و بە ئاماژەیەکی گەورە و ڕوونی وەڵامدانەوە، ئێرانیش وەک ئەمریکا وەڵامی خۆی لە هەمان زەمینەدا (عێراق و هەرێم) پێشکەشی واشنتۆن کرد. هاوشێوەی لێدوانەکانی پەنتاگۆن، لە پەلامارە مووشەکییەکەی پرۆئێرانیەکانیشدا، لێدوانی بەرپرسانی شیعەی عێراق و ئێرانیش، ڕاستەوخۆ قوربانی (هەولێر و بەغدا)یان نەکردە بەردەنگ و قسەبۆکەر، بەڵکو دەستبەجێ پەیام و لێدوانییان بەرامبەر واشنتۆن بوو و هەڕەشەی پەلاماری زیاتریشیان دووپات کردوە، وەک ئەوەی شوێنی بۆردوومانکراو، گەڕەکێکی نیوجەرسی بووبێت نەک دۆڵی دووڕووبار. هاوپێچی نامەمووشەکییەکان گرنگە ئەو ڕووداوانەی نێوان هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت کە پێش و پاشی بۆردوومانەکانیان تەنیبوو: لە ئاستی نێودەوڵەتی گفوگۆکانی زیندووکردنەوەی "بەرجام: ٥+١" لە ڤێننا، ڕووبەنشێوی هەنگاویان نا. لە ئاستی ئێرانیدا، بەهۆی دواهەڵبژاردنەوە: دەوڵەت و حکومەت کەوتنەوە دەستی ئسوڵگەراکان و یەکدەست بوونەوە، کە هەنووکەش دروشمییان مەرگ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و لەکردەییشدا ڕێگری یەکەمی ڕێککەوتنی حکومەتەکی ڕۆحانی بوون بۆ سازان لەگەڵ واشنتۆندا، بەسەرجەم مەلەفەکانی یەمەن، لوبنان، سوریا و عێراق و سەرتۆپیشیان دۆسێی ناوەکی و مووشەکە بالیستییەکانیشەوە. ئەوەش نابێت لەیاد بکرێت هاوزەمانی ئەو مووشەکانە و لەسەرووبەندی گفتوگۆکانی ڤێینا، پەرلەمانی ئێران و جێبەجێکارانی بەرنامەی مووشەکی ئێران پەسەندنامە و ئاماژەی هەنگاویان بەرەو بەرهەمهێنانی نوێ بەڕێژەی ٢٠٪ی ئەتۆمی، نیشانی جیهان دا. لەبارەی دۆخی نێوخۆی ئێرانیشەوە، دوو هەفتەی ڕابردوو زۆرترین خۆپیشاندان و گردبوونەوەی توێژی و چینی و گشتی (ناڕەزایی کرێکاران، پیشەواران و ناڕەزایی بەرامبەر بڕینی کارەبا و ...تاد) ڕوویدا. ئەمانەش بۆ ئێران مەترسیسازی ئاسایشی و سیاسی بەدووی خۆیدا دەهێنێت و دەبێت حسێبکاریی دەرەکی و لایەنی هاندانی تیدا دیاریی بکرێت، کە هەمیشە و لە هەموو ناڕەزایەتییەکی جەماوەرییدا، ئسوڵگەراکان هەولێر بە دەستلەپشتدانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تۆمەتبار دەکات. بیریش نەچێت، بەر لە هێرشەکەی سەر هەولێر و عەینولەئەسەد، وەفدێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئێران بوو، دیارە بە ئەنجامێکی گونجاوی دڵخوازی ئێران نەگەیشتوون. لەسنووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانیشەوە، جارێکی دی تاڵیبان بەهەژموونێکی سەربازیی نوێوە لە پێشڕەویدایە و زۆرینەی خاکی ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵکردووەتەوە. ئێستا ئیتر دراوسێیەکی سوننی مەزهەبی وەهابی جیهادی دەبێتەوە دراوسێی. گەرچی ئاماژەکان بۆ ڕێککەوتنی پێشوەختەی تاڵیبان-تاران لە ئارادان، بەڵام هیچ یەکێک لەم دوو هێزە ناتوانن لە کاسەیەکی مەزهەبی و سیاسییدا ئاوبخۆنەوە، دواجار حەزەر واجیبە بۆ هەردوولا. لە ئاستی عێراقیشدا: بەر لەبۆردوومانەکان، کۆبوونەوەیەکی لوتکەی سێقۆڵی عەرەبی و هەوڵەکان بۆ گێڕانەوەی بەغدا بۆ میحوەری عەرەبی و کەنداو و ئەگەرەکانی سەرگرتنی پڕۆژەی شامی نوێ لە ئارادا بوون و هەن. بەکاتێکی کەمیش بەر لە نامەمووشەکییەکانی سەر هەولێر وعەینولئەسەد، کەدەکاتە دوو ڕۆژ پاش هەڕەشەکانی کەتائیبی حزبوڵا بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، دەنگۆی ئەوە هەبوو هەریەک سمایل قائانی سەرکردە و حسین تائیبی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سوپا(فەیلەقی)ی قودس بە سەردانێکی نهێنی لە عێراق بوون و دیداری هێزە میلیشیاکانیان ئەنجامداوە. وەک چۆن پەیامی ئەمریکا بۆ ئێران ڕوون بوو، پەیامی ئێرانیش لە بۆردوومانی هەولێردا، ڕوونە، لەلایەنی جێبەجێکارەوە بیگرە تا پێگەی هاویشتن و جۆری مووشەکەکان، دەرکەوت کە ئێران ئەمجارە لەبری فشار لە بەغداوە ڕاستەوخۆ مووشەکی بە هەولێرەوە نا و پەیامێکی دەنگیشی بۆ واشنتۆن نارد. شەڕێکی نەزۆر گەرم بەڵام لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانەدا، هەردوولا دەرکی ئەوە دەکەن کە جەنگی ڕاستەوخۆ و لەمەگەرمتر لەبەرژەوەندی هیچ لایەکیان نییە، ئەوەش دەزانن، بەتێکچوونی زیاتری عێراق و کەوتنی یەکجاریی ئەم کارەکتەرانەی سیاسەت (حەشد، حکومەتی بەغدا، سوننەی دەستەمۆ، هەرێمی کۆتکراو)، نەلەبەرژەوەندی تارانە و نە واشنتۆن، چونکە بە تێکدانی، هێزی دیکەی هەرێمی (تورکیا، کەنداوی عەرەبی) و نێودەوڵەتی (چین و ڕووسیا) زیاتر پەلدەکێشن و دەبنە خاوەنی ئەو شەراکەتەی هەژموون و ئەو دابەشکارییەی دەسەڵاتی سەرگۆڕەپانی عێراق. بۆیە سیاسەتی نەشەڕ نە ئاشتی لانیکەمی جەنگی براوە-براوەی بۆ ئێران و ئەمریکا دەستەبەرکردووە. لەم نێوەندەدا ئەوەی زیانی بەرکەوت لە قۆناغی ٢٠٠٣-٢٠١٧، بە پلەی یەکەم بەغدا و خەڵک و دەزگا دەوڵەتییەکانی عێراق بوون، بەڵام لەپەرەسەندنی نوێی ململانێکاندا، لە پاش ٢٠١٧ەوە هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە: لەهەنگاوی یەکەمدا لەدەستدانی نیوەی خاکی ژێر هەژموونی هەرێمی، لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا لە حکومەتی هەرێم سەنرا و هەنگاوی دووەم لەڕووی ئابوورییەوە مووچە و بودجەی هەرێم "مەژی و مەمرانە" بەڕێکرا و بڕدرا. دوا هەنگاویش لە پەرەسەندنی ململانێی واشنتۆن و تاران، بۆردوومانەکانی ئەم دواییانە بوون کە هەولێر (وەک ئاماژە) کرایە ئامانج و نیشانەبوو بۆ گەرمتربوون و فروانبوونی گۆڕەپانەکە. پێناچێت لەم هەنگاوەشدا بووەستێت و هی دیکەی مەترسیدارتر بەدووی خۆیدا نەهێنێت. بۆچی هەوڵیر؟ خاکی هەرێم لە ململانێکانی پێشتری تاران و واشنتۆندا، وەک پێگەیەکی ئەمن، بەپارێزراوی مابوویەوە، تەنانەت لە جەنگی داعشیشدا، لەلایەک لەبەر سیاسەتی ئەمنی هەردوووڵات و لەلایەکی ترەوە لەبەرئەوەی ژووری بڕیاری سیاسەتی دەرەکی ئێران باوەڕی وابوو، هەرێم بەفشار لە بەغداوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و گرنگە کورد باڵێکی بەڕێوەبردن و پارێزەری عێراقێکی یەکپارچە بە هەژموونی شیعەوە بێت و هاوسێیەکی باشی بێت، ئێستا نە ئەو عێراقە ماوە و نە فشارەکانی شیعەش لەسەر هەولێر ئامانجی تەواوی تاران دەستەبەردەکەن، هەنگاوەکانی ئەمریکاش لەنێوچەکەدا ئێرانی ڕووبەڕووی واقیعی نوێکردووەتەوە. لەخۆڕاش نییە تاران دەیەوێت هەنگاوی نوێ لەدەرەوە و ناوەوە هەڵگرێت کە سیاسەتی پێداچوونەوە لە خۆدەگرێت و ناوی ناوە "هەنگاوی دووەمی شۆڕش" و "چلساڵی دووەم". بەڵام پەرەسەندنەکانی ئەم دوواییە دەریدەخەن کە زەمینەی ململانێکە فراوانتر بووە و نزیکتریش بووەتەوە لە خاڵە هەستیارەکانی بەرژەوەندی و هەژموونی هەردوولا: ئەمریکا سەرجەم فشارەکانی لەبازنەی دووری یەمەن و لوبنانەوە بۆ بازنەیەکی نزیکتر و بناگوێی ئێران هێناوە کە سنوورەکانییەتی، لە ئازەربایجانەوە تا ئەفغانستان و سوریا و عێراق، ئێران هیچ کات خۆشحاڵ نییە ململانێکان هێندە لێیەوە نزیک بن، بۆیە هەمیشە هەوڵی دەدا جەنگەگەرمەکەی دوورتر بێت بەڵام دەنگەکەی لە تارانەوە بێت. سیاسەتی دەرەکی ئێران پشت بە قوڵایی دەرەکیی ستراتیژیی دوورمەودا دەبەست بۆ ئەوەی سەروەری پارێزراو و هەرەشەکان دوورتر بن، بۆیە هەولێر لەبەر نزیکی و هەستیاریی ئێران نەیدەویست ڕاستەوخۆ پەشیوی تێدا درووست بکات. بەڵام بە لێدانە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکا لە سووریا و نزیکردنەوەی ململانێ بۆ بازنە نزیکەکانی تاران، وەک کاردانەوە ناچار سیاسەتی بەرگریی پیادەبکات، کردنەوەی گەورەترین قونسوڵخانەی ئەمریکا،  پێنج بنکەی سەربازی لە هەرێم بەتایبەت هەریر، سەرباری هەنگاوەکانی دیکەی واشنتۆن بوون، ئەمانە پێکەوە سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ تاران، بۆیە لە پەرچەکرداردا بە نامەی مووشەکی دەیەوێت بە ئەمریکا بڵێت: ڕاستە ئەمانە سەرچاوەی هێزی  تۆن بەڵام هەلی ئێمەن بۆ پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانیشت. دیارە بەئامانجگرتنیان نیشانەی پەرەسەندنی ململانێکان و گرتنەبەری سیاسەتی نوێن. ئەوەی ئێستا لە ژوورەکانی بڕیاری سیاسەتی ئەمنی و سیاسیی ئێران بڕیار دەدەن، ئەوانەن کە باوەڕیان بە لێدانی تەئدیبی و مراندنی هەڕەشەیە لەقۆزاخەدا، ئەم گرووپە لەسەردەمی قاس سولەیمانیدا و بە کابینەیەکی وەک کابینەی ڕۆحانی و وەزیرێکی وەک زەریف، کەمتر دەیانتوانی بڕیاردەر بن، بەڵام هەنووکە هەژموونیان بەسەر سیاسەت و سەرکۆماری نوێدا زیاتر و ڕەنگە بەر لەهەر شتێک بەسیاسەتی سنووریی و هاوسێکاندا بچنەوە و پاکوپیسیان لەچاوی بەرژەوەندی و قۆناغی نوێی ئێرانەوە ڕێکبخەنەوە. ئەوان جیا لە پەیامی موشەکییان بۆ واشنتۆن، باوەڕییان وایە هەولێر لە ئایندەدا هەڕەشەی ئاسایشییە بۆ سنوورە ڕۆژئاواییەکانی ئێران، بەم پەیامە مووشەکیانەش یان هەولێر دەکەنە پێگەی ململانێی گەرمتر یان ڕایدەکێشنەوە سەرمێز و لەگەڵ حەشد و شیعەدا دەیانکەنەوە باڵی ڕاست و چەپی بەڕێوەبردنەوەی عێراق.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand