Draw Media

دۆسیەی مانگا سەریكێشا بۆ زەوی‌و زار

دۆسیەی مانگا سەریكێشا بۆ زەوی‌و زار

2022-09-27 17:42:23


(درەو): 
كەیسێك كە پەیوەندی بە سزای ئاژەڵی بەرەڵا (مانگا)وە هەیە لە هەڵەبجە، سەریكێشا بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەی زەوی‌و زار لە سنوری پارێزگاكە‌و بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ سەرۆكی شارەوانی دەرچووە. 
بەهۆی دیارنەمانی بڕە پارەیەكەوە كە بەپێی زانیارییەكان نزیكەی (12 ملیۆن) دینارە، مفەوەزێكی بنكەی پۆلیسی شارەوانی هەڵەبجە دەستگیركرا. 
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەو بڕە پارەی دیارنەماوە، پارەیەكە كە پێشتر وەكو سزا لە خاوەن ئاژەڵە بەرەڵاكانی (مانگا) ناو شاری هەڵەبجە وەرگیراوە‌و نەچوەتە سندوقی شارەوانییەوە‌و خاوەن ئاژەڵەكان سكاڵایان تۆماركردووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە بە (درەو)ی راگەیاند، مفەوەزەكەی پۆلیس دوای دەستگیركردنی هەندێك دانپێدانانی كردووە لەبارەی كەیسی ئەو پارەیە‌و كەیسی زەوی‌و زار لە سنوری پارێزگاكە، لەبەر رۆشنایی دانپێدانانیدا دادگا فەرمانی گرتنی بۆ (كوێستان ئەكرەم) سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە دەركردووە.
(درەو) زانیویەتی ئەمشەو كوێستان ئەكرم سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە چوەتە بنكەی پۆلیس‌و بڕیارە تا سبەینێ لەوێ بمێنێتەوە‌و دواتر بە كەفالەت ئازاد بكرێت. 
(درەو) ئێوارەی ئەمڕۆ لەبارەی ئەم كەیسەوە پەیوەندی بە سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نەدایەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand