Draw Media

مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)   ئەفلاتون باوەڕی وابوو دەسەڵات لە جەوھەری خۆیدا ھێزێکی ترسناکە و پێویستی بە چاودێریکردن و ئاراستەکردن و ماڵیکردنی بەردەوام ھەیە. گەر واز لە دەسەڵات بھێنرێت بە ئازادیی خۆی کاربکات ئەودەم پەل بە ھەموو شوێنێکدا دەکێشێت و پەلاماری دەرەوەی خۆی ئەدات و لەسەر حیسابی کۆمەڵگاش قەبە دەبێت و دەئاوسێت.  ھەموو ئەمانەش بە مەبەستی وەدیھێنانی خواست و قازانج و حەزە تایبەتەکانی دەسەڵاتداران خۆیان و حاشیەکەی دەوروبەریان. ئەفلاتون ڕای وابوو یەک ڕێگا لەبەردەم بەتاڵکردنەوەی دەسەڵاتدا ھەیە لەو مەترسییانەی لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگریانە، ئەویش چاودێریکردن و ماڵیکردن و بە عەقڵانیکردنی دەسەڵاتە، یارمەتیدانی دەسەڵاتدارانە بۆ ئەوەی بتوانن  دەسەڵاتەکەیان بە ئاراستەیەکی تەندروستدا ببەن . جگە لەمانە دەسەڵات پێویستە بەردەوام ئەوەی وەبیربھێنرێتەوە کە شتێک ھەیە ناوی قازانجی گشتیی و قازانجی دەستەجەمعییە و ئەرکی ژمارەیەکی دەسەڵاتیش دابینکردنی ئەو قازانجە گشتیی و دەستەجەمعیەیە.  بۆشیکردنەوەی ئەو دیدانەی سەرەوە ئەفلاتوون نموونەی عارەبانەیەک دەھێنێتەوە کە دوو ئەسپ ڕایبکێشن. ئەسپی یەکەمیان نوێنەرایەتی ”ھێزی توڕەبوون“ و ”ھەڵچون“ و ”لەدەستدانی ئارامیی و ھاوسەنگیی“ دەکات لەناو کەسایەتی و نەفسیەتی مرۆڤدا. ئەسپی دووھەمیشیان نوێنەرایەتی ”ھێزێ شەھوانیەت“ دەکات کە ”ھێزی حەز“ و ”ئارەزو“ و ”چێژ“ و ”چڵێسییەکان“ی ناو مرۆڤە.  ئەفلاتون پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت گەر عەرابانەکە بدرێتە دەستی ئەم دوو ھێزە و بکەوێتە ژێر ڕەحمی ململانێیی ئەو دوو ھێزەوە  لەگەڵیەکدا، ئەنجامەکەی جگە لە ھەڵوەشاندنەوە و وێرانبوونی عارەبانەکە و ھەڵاتنی ھەر یەکێک لە ئەسپەکان بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا، شتێکی دیکە نابێت. بەڵام ئەگەر ھەر دوو ئەسپەکە و خودی عارەبانەکە خۆشی عەقڵ ئاراستەیان بکات و ھەر عەقڵیش چاودێریکەر و ڕێنیشاندەریان بێت، ئەودەم دەکرێت ھەم ئەسپەکان و ھەم عارەبانەکە بە جێگەی مەبەست بگەن و ئەسپەکان خۆشیان ماڵیبکرێن و کاری باشیان پێ ئەنجامبدرێت. لە نموونەکەی ئەفلاتوندا عارەبانەکە رەمزی کۆمەڵگایە و ئەسپەکانیش ڕەمزی دەسەڵاتێکن لەسەرێکەوە شەھوانیەت و چێژ و چڵێسیی ئاراستەی بکەن، لەسەرێکی دیکەوە توڕەیی و ھەڵچون و لەدەستدانی ئارامیی و ڕق. ئەوەی ئەفلاتون لە ڕێگای ئەم عارەبانە و ئەسپانەوە دەیەوێت بیڵێت ئەوەیە، کە نابێت کۆمەڵگا تەسلیمی ئەو جۆرە لە دەسەڵات و ھێز بکرێت، کە لەسەرێکەوە تەنھا چێژ و چڵێسیی و شەھوانیەتی دەسەڵاتاداران ئاراستەی بکات، لەسەرێکی دیکەشوە  ڕق و ھەڵچون و توڕەیی. واتە دەسەڵاتێک نەبێت لە پرۆسەی دەستبەرکردنی قازانج و مەسڵەحەتە تایبەتاکانی خۆیدا، بەردەوام نائارامیی و توەیی و دوژمنی ناوەکیی و دەرەکیی دروستبکات.  ئەوەی لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیەی ئێمەدا ڕووئەدات ڕاکێشانی عارەبانەکەیە لەلایەن ئەو دوو ئەسپەی دەسەڵاتەوە کە ئەفلاتون باسیان دەکات: ئەسپی قازانج و مەسڵحەتی تایبەتی دەسەڵاتداران، کە زۆرجار تەنھا چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسین. لەگەڵ ئەسپی بەرەنگاربوونەوەیەکی ڕقاویی و توندوتیژیی، ھەموو ئەوانەی لە دەرەوەی لۆژیکی دوو ئەسپەکەی دەسەڵات و لەدەرەوەی چارەنووسی کارەساتاوی عارەبانەکەدا بیردەکەنەوە. ئەوەی لە ئەفغانستاندا ڕوویدا، ئەوەی لە سوریای حافز ئەسەدا ڕووئەدات، ئەوەی لە ئێرانی ئایەتوڵاکاندا ڕووئەدات، ئەوەی لە تورکیای ئەردۆغانێکی ئیسلامیی ئیخوانیدا ڕووئەدات، ئەوەی لە ھەرێمەکەی ئێمەشدا ڕووئەدات، چوونە ناو ئەو ھاوکێشە ئەفلاتونییە ترسناکە و ئازادیی تەواوی دوو ئەسپە ئەفلاتونیەکەی دەسەڵاتە.  بۆ نموونە، بەشار ئەسەد نزیکەی نیوەی دانیشتیوانی وڵاتەکەی ماڵ و حاڵیان لەدەستدا و بوون بە پەناھەندە لە وڵاتانی تردا،  بەشێکی زۆری شارە گەورەکانی وڵاتەکەی وێرانکرا، خەڵکێکی زۆری وڵاتەکە کوژرا، سوپای چەندان وڵاتانی تر و چەندان میلیشیای جیاوازیش تەڕاتێن لە وڵاتەکەدا دەکەن، کەچی ئەو ھیچ یەکێک لەمانە ڕایناچڵەکێنێت و ھەردوو ئەسپە ئەفلاتونیەکەی دەسەڵاتی لە دۆخی تاوادانێکی بەردەوامدان و عارەبانەکەشی لە دۆخی ھەلارھەلاربوونێکی تەواوەتیدایە. لە ھەرێمی کوردستانیشدا دۆخێکی ھاوشێوە لە ئارادایە و ھەردوو ئەسپە ئەفلاتونیەکە، لە ھەردوو زۆنەکەدا، لە گەرمەی غاردانی خۆیاندان و عارەبانەکەش ڕووبەڕووی تەحەدا و کێشەی گە.ورە و ھەمەجۆر بۆتەوە. ھەم لە ھەرێمەکەی ئێمەدا و ھەم لە بەشێکی بەرچاوی ناوچەکەدا، لەباتی ئەو عەقڵانیەتەی ئەفلاتون باسیدەکرد، مافیای ئەمنی و میلیشیای شەخسیی تایبەت و خەونی شمولیی و تۆتالیتاریی و سیستمی موخابەراتی و ئەزمونی سوڵتانی بنەماڵە پەرستیی و سەپاندنی مەرجەعی سیاسیی خانەنشینکراو، ئامادەن. ئەمانەن ھەم جڵەوی ئەسپەکانیان لەدەستدایە و ھەم چارەنووسی عارەبانەکەش.


    فه‌رهاد حه‌مزه‌ سەرۆكی ئەندازیارانی كۆمپانیای نه‌وتی باكوور سه‌ره‌تایی مانگی ته‌مموزی رابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وه‌زیری نه‌وتی عێراق له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كۆمپانیا رۆژئاواییه‌كان به‌ نیازی پاشه‌كشه‌ن له‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌م هێنانی نه‌وت له‌ عێراقدا كه‌ نزیكه‌ی ده‌ ساڵه‌ به‌ گوێره‌ی گرێبه‌ستی  خزمه‌ت (Service Contract)    له‌ كێڵگه‌كانی باشووری عێراق كارده‌كه‌ن . كۆمپانیاكانیش بریتیین له‌ كۆمپانیای (BP) ی به‌ریتانی و ئه‌كسۆن مۆبێل ی ئه‌مریكی و لۆك ئۆیه‌ڵی ڕووسی ، پێشتریش له‌ ساڵی 2018 كۆمپانیای (Shell) ی هۆڵه‌ندی پشكه‌كه‌ی خۆی له‌ كێڵگه‌ی مه‌جنون فرۆشت .  ده‌توانرێت هۆكاری پشت ئه‌م هه‌نگاوه‌ بۆ ئه‌م فاكته‌رانه‌ بگه‌ڕێنریته‌وه‌ :- 1-ژینگه‌یه‌كی نا ئارام ڕووبه‌ڕوویان بۆته‌وه‌و چه‌ندین جار كه‌وتوونه‌ته‌ به‌ر هه‌ره‌شه‌ی گروپی تیرۆرستی داعش و میلیشیا شیعه‌كان . 2- هه‌ندێك له‌ كۆمپانیاكان خۆیان به‌ نیازی گۆڕینی هه‌یكه‌لی كاركردنیانن له‌وانه‌ كۆمپانیای (BP) كه‌ به‌ نیازه‌ له‌ بواری غاز كار بكات ، هه‌روه‌ها  كۆمپانیای ) (Shell له‌ به‌رنامه‌ی دایه‌ جه‌خت له‌ بواری غاز و پتڕۆ كیمیاوی بكاته‌وه‌ . 3- ئه‌و پاره‌یه‌ی كۆمپانیاكان له‌ عێراق ده‌ستیان ده‌كه‌وێت به‌ كه‌می ده‌زانن بۆ نموونه‌ به‌پێی ووته‌ی وه‌زیری نه‌وت كۆمپانیای ئه‌كسۆن مۆبێل ساڵانه‌ 100 ملیۆن دۆلار قازانجیان كردووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش داهاتێكی نزمه‌ .وێرای ئه‌مه‌ به‌ هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ هه‌ندێك جار عێراق نه‌یده‌توانی پابه‌نده‌ داراییه‌كانی وك خۆی جێبه‌جێ‌ بكات . 4- گه‌شه‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی كۆمپانیا چینییه‌كان له‌ عێراق له‌ چه‌ند كێڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌دا . چین ئه‌م دۆخه‌ی عێراقی قۆسته‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی وه‌به‌رهێنان له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی نه‌وتدا له‌ عێراق بۆ نموونه‌ گرێبه‌ستی له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی غاز له‌ كێڵگه‌ی (غرب قرنه‌) به‌ ده‌ست هێناوه‌ ، هه‌روه‌ها مۆڵه‌تی په‌ره‌پێدانی (پاڵاوگه‌ی فاو) ی به‌ بڕی 7 ملیار دۆلار وه‌رگرتووه‌ . حاڵی حازر كۆمپانیا چینییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌خۆ و ناراسته‌وخۆ له‌ 15 كێڵگه‌ی نه‌وتی عێراقدا كارده‌كه‌ن ، رۆژانه‌ش نزیكه‌ی ملیۆنێك به‌رمیل نه‌وتی هه‌نارده‌ كراوی عێِراق ده‌كڕنه‌وه‌ . به‌ڵام حكومه‌تی عێراق بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی له‌گه‌ڵ رۆژئاوا هه‌روه‌ك مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ پێی باشه‌ كۆمپانیایه‌كی ئه‌مریكی جێگه‌ی كۆمپانیای ئه‌كسۆن مۆبێل بگرێته‌وه‌ .  له‌ دواییدا یا ئه‌وه‌تا ده‌بێت حكومه‌تی عێراق خۆی پشكی كۆمپانیاكان بكڕێته‌وه‌ یا ئه‌وه‌تا ده‌رگا بخاته‌ سه‌ر پشت بۆ كۆمپانیا چینییه‌كان كه‌ زیاتر توانای خۆ گونجاندنیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ و بارودوخه‌ سه‌خته‌كه‌ی عیراقدا .                                                                    


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) نێوچەکە ژانی لەدایکبوونی هاوکێشەی نوێی سیاسیی و دابەشکردنەوەی هەژموونیی هێزە هەرێمی و نیودەوڵەتییەکان گرتوویەتی، کوردستان لەگەڵ هەرچوار پایتەختە دابەشکراوەکان بەسەریدا، حاڵەتێکی ناکارایی و کارتێکراوی تێدەپەڕێنێت، گەر لەچاوی ئامانجەکانی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازییدا و وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لێی بڕوانرێت، گەڕاوەتەوە دواوە، لە کەرکوک و نێوچە دابڕێنراوەکانەوە بیگرە تا دەگاتە مافە سیاسی و کولتوورییەکان لە ئێران، تورکیا و شام سەرلەبەر نەک پێشێل دەکرێن بەڵکوو لە ڕیزبەندی ئامانج و پلانی کاردا فەرامۆش کراوە، لەنێو خۆشیدا لەبری تەگبیری چوارقۆڵییانە، بووەتە چوارسەر و سەری یەک دەخوات. مافی دژە ماف دەوڵەتانی سەربار، زیرەکانە نەک ئامانج و خەباتی سیاسیی، بەڵکو پرسی مافە سەرەتایی و شوناسییەکانیشیان لە کرۆکەوە گۆڕیووە بۆ خواستی کاتیی وەک: لە هەرێم پرسی کەرکوک گۆڕدراوەتەوە بە ڕێککەوتنێکی ساڵانە بودجە و مانگانەی ٢٠٠ملیاردی، لە ئێران پرسی سەرەتایی قسەکردن و نووسین بە کوردی لە قۆناغی سەرەتاییدا گۆڕدراوەتەوە بەوەی لەسێدارەدانی گەنجانی کورد ڕاگرێت، لە تورکیا کۆی پرسی کورد فەرامۆش و بەستراوەتەوە بە خواستی ئازادکردنی ئۆجالان-ەوە، لە سوریا پرسی مافی سیاسیی و شوناسی کورد لە ڕیشەوە کراوەتە مافێکی مەدەنی و لە خواستە چەپ و شام-تەوەرەییەکەیدا توێنراوەتەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستانی و ئامانجەکانی لەکوێی ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانەدان؟  دۆخە جیهانییەکە هیچ لەبەرژەوەندیی گەلانی بێ ماف یاخود مافداری لاواز و بێ ڕۆڵدا نییە، لەسایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیی زلهێزان و هێزە هەرێمییەکان نەک مافی مرۆڤ تێیدا تەوەر نییە، بەڵکو ئامادەیە هەق و مافە یاسایی و وەدەستهاتووە ڕەنج بۆ کێشراوەکانی گەلانیش بگۆڕێتەوە بە هێزێکی بێڕیشە و ستەمکار تەنها لە پێناو ڕاگرتنی هەژموونی باوی جیهانیی زلهێزاندا. ڕێک وەک ئەوەی لە ئەفغانستان، تورکیا، میسر، تونس و سوریادا ڕویدا و ڕوودەدا، سەرجەم هاوکێشەکان بەبێ ڕەچاوی دەنگ و ماف و مرۆڤایەتی-تەوەریی، هەق ڕادەستی ناهەق دەکرێت و "ئاوی نێو جامێکیش جوڵە ناکات". لەکاتێکدا دۆخی کورد لە چوارپارچەدا چەند بەرامبەر لەدوای ئەو شوێنانەوەیە کە باسکران لەڕووی سەروەری، شوناس و بەدەنگەوەهاتنی نێودەوڵەتییدا. لەم جۆرە حاڵەتانەدا، نابێت دەستبەجێ بۆ وەڵامی خێرا بگەڕێین و بڵێین خەتای کورد نییە و خیانەتی زلهێزان و دەرودراوسێ وای لێکردووین و سەرکردەکانی سیاسەتی کوردستانیش وەک بەرزەکی بانان لە بەرپرسیارێتی دەرباز بکەین! ئەمە نەک خیانەت نییە بەڵکو تێنەگەیشتنە لە دۆخ و بنەماکانی ململانێی نێودەوڵەتی و واقیعگەرایی نوێ لە ئاراستەکردنی پرسە سیاسییەکاندا، دەردەکەوێت ئەوە زەینکۆڵی سیاسییە کە لە پێگەی سیاسیی خۆی نەگەیشتووە و لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمیی خۆی و بنەماکانی نەگەیشتووە. لە دنیای تازەدا هێزی دەوڵەتی و نادەوڵەتی ئەوانەن کە ڕۆڵ دەگێڕن لە چوارچێوە نێودەوڵەتییەکاندا، ڕۆڵت هەبوو دەمێنیتەوە نەتبوو، گەر سەروەریشت هەبێت ئەوا سوکانەکەت لێدەسەنرێتەوە، خۆ سەروەریی سیاسییشت نەبێت وەک کورد و ئەکتەری نادەوڵەتی بێت ئەوا نەک سوکان ئەوەشی بەدەست هاتووە، دوورنییە نیوەی یان هەمووی لەدەست بدرێت. ئەمە واقیعە تاڵەکەی بەڕێوەبردنی سیاسەتی نێودەوڵەتییە؟ ئێستا کورد لە کوێی ئەم ستادیۆم و وێنە گەورەیەدایە؟ بەر لەگەڕان بەدوای وەڵامدا دەبێت لە سروشتیی جوڵانەوەی سیاسیی پرسی کوردستان لە چوارپارچەدا بگەڕێین: سروشتی دۆسییەکە ١. سروشتێکی هەرێمایەتی هەیە نەک نێودەوڵەتی: تا هەنووکەش پرسی کورد وەک مافی سیاسیی و مەدەنی هێشتا سنووری چوار وڵاتەکەی خۆی نەبڕیووە و بە نێودەوڵەتی نەبووە، واتە قەبارە و توانای بزوتنەوە سیاسییەکە هەرچەندێک بووبێت نەیتوانیووە لە پایتەختێکی جیهانیی دەرەوەی ئەو چوارە (تاران، ئەنکارا، شام و بەغدادەوە) مافەکانی دەستەبەربکرێت، هەموو هاتنە دەنگێکی نێودەوڵەتیش وەک خەڵک و مرۆڤ بووە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکیاندا نەک وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت!(وەک ئەوەی لە کۆڕەودا هەندێ لە زلهێزان وەدەنگ هاتن)، ئەمەش بەومانایە دێت هێشتا جیهان هەر باوەڕی بەو سنوور و کڵێشە دەوڵەتییە باوانە هەیە کە هەیە، نەک ئەوەی خواروخێچییەکی نوێ لە نەخشەی سیاسیی وڵاتاندا دروست بکات و لەڕێیەوە مافی سیاسیی و کیانێکی بۆ گەلێکی وەک کورد لێوەبەربهێنرێت و سەربە خۆی بێت نەک ئەوانی دیکە.  کورد دەبێت لەوە بگات تا ئەو دەمەی نەتوانرێت دبلۆماسیەت و پارادبلۆماسییەتی کوردستانی بگاتە ئاستێکی نێودەوڵەتی، کە لەسەروو دراوسێکانیەوە وەک نەتەوە لەسەری وەدەنگ بێن، دەبێت لە دەرکەی یەکێک لە پایتەختەکانەوە بێت، کە لەئێستادا چاکی نێو خراپانیان بەغدایە، جوڵە بکات، چونکە: آ. لەبەرئەوەی وەک هەرێمێکی دەستووریی نیوەی باشوری کوردستانی لەڕووی مافە کولتووریی و سیاسییەکانی کوردەوە لە دەستووردا جێگیر کردووە. ب. بواری ململانێ و ئاڵوێریی سیاسیی لە بەغدا کراوەتر و لەبارترە، لە هەموو ئەوانی دراوسێیش لاوازترە و کوردیش هەم هاوبەشە لە دەسەڵات و هەم کابینە حکومییەکانی پێویستیان بە هێزە کوردستانە، لەوەش بترازێت چ وەک دانپێدانان و چ وەک گێڕانەوە مێژووییەکان عەرەبان لە فارس و تورکان بە ئینسافتر بوون و ئینکاری بوونیشیان لەڕووی شوناس و جوگرافیاوە نەکردووین بەڵکو میراتی جێماوی عەرەبییە کوردستانێتی خاکمانی لە ئێران و تورکیاش پێدەسەلمێنرێت، ئەمەش وەک ستراتیژ هیچ ناکۆک نییە لەگەڵ ئامانجە گشتییەکی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازییدا. ٢. جوڵانەوە کوردستانییەکان هێزگەلێکی چەند پاکێچی و پەرتەگووتارن: چونکە بۆ بونیادنانی کیانێک کە ئامانجێکی ڕۆژی هەوەڵی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازیی کوردستانییە، لە ئامانجەوە نەبووەتە ستراتیژ، هەر بە کڵێشەیی و دروشمبازی ماوەتەوە، ئەی ئەوە نییە، هەر بە کوردی باشور باکور و بە باکور باشور و بە ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵات و ...تاد لاواز قەتیس و پاسیڤ دەکرێن و کراون! لە کاتێکدا دەبوو وەک ئامانج و ستراتیژیش پاکێجی خەباتی کوردستانی لەلایەن هێزەکانی هەر چوارلاوە، جێگیر بکرایە و ئامانجڕێژیی و وەک نەگۆڕی سیاسەت کاریان لەسەربکرایە، ئەم کردەیە سوودگۆڕکێی سیاسی وەدی دەهێنا و هەر لایەک دەبوونە نەرمەهێز و هێزی پشتیوان و وەک کارتی فشار لەسەر پایتەختەکانی دەوڵەتانی سەردەست نەک پێچەوانەوە وەک ئێستا کە بوونەتە کارتی فشار و زیان لەسەر یەک. گەر ئەمە نەکەن ئەوا دەبێت ئیمان بهێنن بەوەی کە چیتر ناوی خەباتی کوردستانی لە خۆیان بکەنەوە، ناکرێت لە ئاشتەواییدا پشت لە ستراتیژ و ئامانجەکانی ڕزگارییخوازیی بێت و وەک ڕەجعییەت بناسرێت و لە ئانی پەلاماری سەردەستەیەکیشدا بکرێتەوە کارتی بەهاناوەچوون و پاڕانەوە!  تەگبیری کوردانە! گەر ستراتیژ و ئامانجی نیشتمانی لەنێو هێزەکوردستانییەکانی هەرچوارلادا دابڕێژرێت و وەک نەگۆڕ بەرەو پێشەوە ببرێت دەتوانرێت ڕۆڵی لە هەرچوارپارچەدا (وەک تەکنیک و شێواز) پێ دابەشبکرێت و لە پارادبلۆماسی و نەرمەهێزی یەکدیدا سوودگۆڕکێ و وەرچەرخانی ئەرێنی دەستەبەر بکرێت. ئێستا دەگەڕێینەوە سەر پەرەگرافی یەکەم، هیچکات نێوچەکە هێندەی ئێستا ئاڵۆز و لەسەرووبەندی ڕۆڵ دابەشکردنەوە و گۆڕانکاریی هەژموونی نێودەوڵەتیی و هەرێمایەتییدا نەبووە، بەڵام هیچکات وەک ئێستاش هێزە کوردستانییەکانی هەر چوارلا پاسیڤ و کەمئەرک نەبوون کە بێئەرکی مەترسییە گەورەکەیە، چونکە مەترسی گەورە لە ململانێ نیودەوڵەتییەکاندا نەبوونی هێز  نییە، بەڵکو نەبوونی ڕۆڵ و ئەرکە لە ماشێنە گەورەکەی پازڵی سیاسەتدا. مافە سیاسیی و مەدەنییەکانی کوردستان لە ئێرانی سەردەمی ڕەئیسی و خۆبونیادنانەوە هەنگاوی دووەمی شۆڕش(٤٠ساڵی دووەم)، تورکیای بەردەم هەڵبژاردنی ٢٠٢٣(چەسپاندنەوەی عوسمانیی نوێ)، سوریای سەردەمی بنیادنانەوە و بەغدای پاش هەڵبژاردنی ٢٠٢١ و ئەگەرەکانی ڕۆڵگۆڕینی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سەرلەبەر ئاماژەن کە ئەوەی لە کوردستان گەرەکە: پرسە کوردستانییەکە وەک پاکێجێک لە هەرچوارلادا وەپێش بخرێت و ستراتیژ و گوتارێکی هاوبەشی بێتەئارا، تا دیسانەوە لە دەیەی بیستی سەدەی بیستویەکدا وەک دەیەی بیستی سەدەی بیست بێ ڕۆڵ و دەستکەوت لێی دەرنەچین و تاهەنووکەش کوردستان پێیەوە بتلێتەوە و تەنانەت زمانەکەشی لە زۆر شوێن قەدەغە بێت نەک مافە شوناسی و سیاسییەکانی. لەبەرئەوەیە کوردستان تەگبیری چوارقۆڵی دەوێت نەک چوارسەری!


بەهرۆز جەعفەر*  پوختەی جێبەجێکار دوای هەوڵێکی زۆری سەرۆکایەتی کۆمارو حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانی دەوڵەتەکە و گه‌شتكردن بەملاولادا، ئەوەی ناویان نا “ لوتکەی بەغدا” بەشی لوتکەیەکی لێ دەرنەچوو. لە سەر ئاستی میسر و ئوردون و فەڕەنسا کەسی یەکەمی ئەو ووڵاتانە ئامادەی کۆنفڕانسەکە بون، ئەوانیش لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا پێشوتر سەردانی دیکەیان بۆ عێراق کردوەو، بەتەلەفۆنیش لەنێوان عێراق و سەرۆکی ئەو ووڵاتانە گفتۆگۆ هه‌رهەبوە. عێراق هەڕەشەو ئاڵەنگاریی ناوخۆیی و دەرەکی ئەوەندە گەورەی هەیە، لە توانایدا نییە مانۆڕی دیبلۆماسیی گەورەو نێوانگیریی هێزە هەرێمییەکان بکات و، ووڵاتانی بەشداربوی کۆنفڕانسەکەی عێراق وەک دەرکەوت ناتوانن دۆخی ئاسایش و ئابوریی عێراق بگۆڕن. لەگەڵ ئەمەشدا، کۆنفڕانسەکەی (٢٨ ی ئۆگەستی ٢٠٢١) بەڕێوەچوو هەنگاوێکی شارستانی- دیبلۆماسیی- میدیایی بو تا جیهان چاوی خۆی بخاتە سەر عێراق ئەوەی گرنگە، ئەم کۆنفڕانسە و ڕووداوە جیهانیی و نێوچەییەکان دەرفەتیان لەگەڵ خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان پێیە: یەکەم/ بە فەڕەنسایی کردنی جیهان گۆڤاری نیو ستەیتسمان (New Statesman) لەساڵی (١٩١٣) ەوە وەک مەگەزینێکی بەریتانی بەردەوامە. ئەگەرچی ئەرکی سەرەتایی گۆڤارەکە بەرز ڕاگرتنی سیاسەتی لیبراڵ و پێشخستنی کەلتورو سیاسەتی شانشینی بەریتانیایە. دوای دیمەنەکانی کابوڵ و تەنها (٣) ڕۆژ بەر لە سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ عێراق لە (٢٦ ی ئۆگەستی ٢٠٢١) بابەتێکی پڕ لە بەڵگەهێنانەوە بڵاوئەکاتەوە بەناونیشانی “ Why the world is becoming more French” -“ بۆچی جیهان زیاتر بەرەو فەڕەنسایی بون ئەچێت”. کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا فەڕەنسای سەردەمی ماکرۆنی وا لێکردووە بە دوای ڕۆڵێکی گرنگتردا بگەڕێت لە ئەوروپا، کشانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی گەورە وەکو ئەفگان و عێراق و سوریا و لوبنان فەڕەنسای وا لێکردوە بەدوای میراتە مێژووییەکانی خۆی بکەوێت لە ناوچەکەدا، ئەوروپاشی خستۆتە ژێربەرپرسیارێتی ئەوەی ئیتر بە بێ ئەمریکا بتوانن خۆیان بپارێزن. بەپێی نیوستەیتسمان جیهان بە لەسەرخۆیی ئەگۆڕێت، هەر بە نەرمیش ئیتر هاوڕێیان ڕوو ئه‌كه‌نه‌ فەڕەنسا!.  فەڕەنساو فاکتەری هەرێمی کوردستان  هەرچی فاکتەری فەڕەنساو ماکرۆنە لە ساتەوەختێکدا ئەژین کە ئامادەیە بۆ وەرچەرخانێکی گەورە. هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی هەیە لە ستراتیجی فەڕەنسادا، بەتایبەت لە ڕووی ئەمنی و ئابوری و کەلتورییەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا هەرێمی کوردستان ئامادەیەو لەسەر پێیە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە بێتە دەست و بڕیار دروست بکات و بڕیار دەربکات هاوشانی گۆڕانکارییەکان؟.  لە عێراق، کاراکتەرە سیاسییەکان جێگیر نیین، ئەوەش هۆکارێكى سەرەکی ئەوەبو کە سعودیەو تورکیاو ئێران ئامادە نە بون لە کۆنگرەکەی عێراق دا لەسەر ئاستی لوتکەو کەسی یەکەم ئامادە بن!. ئەو هێزە هەرێمیانە ناچنە کۆنگرەیەکەوە کە ئەوانەی سازیان کردوە دوو بۆ سێ مانگێکیان لەسەر شانۆی سیاسیی ماوە.  لەهەرێمی کوردستان دا، له‌سه‌رده‌مى نوێدا، ئەندازیاری ئەم پەیوەندییە لە نێوان حکومەتی هەرێم و فەڕەنسادا بە ئێستاشەوە دیارە کە “ نێچیرڤان بارزانی” یە، نێچیرڤانی بارزانی بە فەرمی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، لە دوای (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) ەوە هەموو ئابڵوقە هەرێمی ونێودەوڵەتییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان لابرد. وەکو واقیعی ساڵانی ڕابردووی حکومەتی هەرێم و دروستکردنی بڕیاری سیاسی ئێستاش لە هەرێمی کوردستان کاراکتەری نێچیرڤان بارزانی لە نێوان هەرێم و عێراق دا، لە نێوان هەرێم و ئێران دا، لە نێوان هەرێم وتورکیادا دەستەبەری پاراستنى باڵانسى هێز و رێبازی ڕەفتارە سیاسییەکانە بەناوی هەرێمی کوردستانەوە. ئەم ناوچەیە سێ گرنگی ستراتیجی بۆ فەڕەنساو سەرۆک ماکرۆن هەیە: یەک/ هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دیوارێکی ئەمنی گەورەیە بۆ ئەوروپا بە گشتی. بۆ ئەوەی تیرۆر نەگاتە ئەوروپا، بۆ ئەوەی ملیۆنەها پەنابەرو کۆچبەر ڕوونەکەنە ئەوروپا، پێویستە ئەم ناوچەیە لەلایەن فەڕەنساوە بەرز بنرخێنرێت و پاڵپشتی بکرێت. سوریا هەر لەسایکس بیکۆ وە بەر فەڕەنسا کەوت، هەر لەسەردەمی بەهاری عەرەبییەوە فه‌ڕه‌نسا وەکو واریسێکی شەرعی ئەو ناوچەیە دەرئەکەوێت،هەرێمی کوردستان تاکە کۆریدۆر و ڕێگەیەکی ووشکانی ئارامە بۆ ڕەوانەکردنی هاوکاری لۆجیستی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. دووەم/ لە ڕووی کاتەوە، کشانەوەی هێزەکانی ناتۆ و ئەمریکا لە ئەفگانستان دووکەڵێکی گەورەی هەیە کەواتە ئاگرەکە گەورەیە، بۆیە ناخوازنهەمان ئەزموون لە عێراقیش دووبارە ببێتەوە.  سێهەم/ لە ڕوو ئابورییەوە، نەوت و گاز و کارەبا لە ئەولەویاتەکانی فەڕەنسان، فەڕەنسا ئەزمونی (١٠٠) ساڵی لە دەرهێنان و بەرهەمهێنانینەوت لە عێراقدا هەیە لە (١٩٢٠) ەوە. ئێران و فەڕەنسا پەیوەندییەکی دێرین و کلاسیکیان هەبو، ماوەیەکی کەم نییە فەڕەنسا بەدوای ناوچەیەکی نەوتاویدا ئەگەڕێت بۆ ئەلتەرناتیڤی ئێران.  به‌ گشتى، كۆنفڕانسه‌كه‌ى عێراق سوودەکانی بەگەرووی هەرێمی کوردستاندا ئەچنە خوار، چونکە هەرێم توانى پرسی بۆمباران و دەستوەردانەکانی تورکیاو هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هەولێر بکاتە بابەتی حکومەتی عێراق لە لوتکەیەکی وەهادا.. جگە لەهه‌موو ئه‌مانه‌، دوای هاتنی داعش هێلی بۆڕی کەرکوک-جەیهان تەقێندراوەتەوە، نەوتی کەرکوک لە (٥ی ئازاری ٢٠١٤) ەوە هەتا ئێستاکە بە هێڵی بۆڕی کوردستان دا ئەڕوات بۆ تورکیا بێ ئەوەی بەغدا گومرکی بۆڕییەکە بدات!. بۆیە لە ڕووی ئاسایش و ئابورییەوە ئەبێت حکومەتی بەغداو کۆمەڵگەی جیهانی ئاگاداری هەرێمی کوردستان بن لە بەردەم هەر هەڕەشەیەکی نەخوازراودا. چونكه‌ (٤٠%) ى نه‌وتى توركیا عێراق دابینى ئه‌كات. عێراق (٨%) ى نه‌وتى فه‌ڕه‌نساش دابین ئه‌كات.  لەم چوارچیوەیەدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی کوردستان ئەکات، ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک ماکرۆن ە بۆ کوردستان. ڕووداوێكى گرنگه‌، هەروەک  سەرۆکی پێشووتریش “ فرانسوا هوڵاند” لە (١٢ ی سێپتەمبەری ٢٠١٤) دا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.  ئەم سەردانەی سەرۆک ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان ڕووداوێکی دیبلۆماسیی گەورەو فرە ماناو فرەڕەهەندە. لەهەرکوێیەکیەوە تەتەڵەی بکەیت جێی بایەخە. هەرێمی کوردستان و ستراتیجی ناوەند مەودای فەڕەنسا فەڕەنسا دایکی هزری ستراتیجی شەراکەتەکانە لە دەریای سپی ناوەڕاست (مێدیتریانە). دەریای ناوەڕاست لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکیەوە خاڵی بەریەککەوتنی سێ کیشوەری ئاسیاو ئەفریکاو ئەوروپایە. لە تونس و لیبیاو میسرەوە تا ئەگاتە سوریا ئەکەونە سەر دەریای سپی و هەموو ئەوووڵاتانەش شوێن دەستی فەڕەنسایان پێوە دیارەو فەڕەنسا حوکمی تیاکردون. فەرەنسا خۆی ئەکەوێتە سەر دەریای سپی و لە ڕووی سەربازیی و دەریاوانییەوە نەیهێشت تورکیا ئەرکەکانی لە لیبیا تەواو بکات، نەیهێشت تورکیا ببێتە هەڕەشە لەسەر دوورگەکانی یۆنان وقوبرس. هه‌روه‌ها لە سەرەتای (جانیوەری ٢٠٢٠) ه‌وه‌ بە درێژایی (١٩٠٠کم) هێڵی بۆڕی گاز کەوتۆتە کارو لە قوبرس و ئیسرائیلەوە بەرەو دوورگەی کریت- Crete ی یۆنان. ئەم گازە لە ژێر ئاودا دەرئەهێنرێت و دوورییەکەی لە باکوری سوریا (ناوچە کوردییەکانەوە کە پڕن لە گاز و نەوت) تەنها(١٥٠) کیلۆمەترە. هەرچی هەرێمی کوردستانیشە وه‌ك كوتله‌یه‌كى گرنگى خاوه‌ن گازى سروشتى پێویستە خۆی ئامادە بکات ببێتە بەشێک لەم هاوپەیمانێتیە ستراتیجییەی ووزە لەڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. لەبەر ئەم هۆکارە سەرەکییەش بو کە سەرۆک کۆماری تورکیا “ ئەردۆگان” لە کۆنفڕانسەکەی (٢٨ی ئۆگەستی٢٠٢١) عێراق بەشداری نەکرد. ئەگەرچی ئەم کۆنفڕانسە هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی بۆ عێراق نەبو و نابێت.  گۆڕانکارییە جیهانییەکان هێواش- هێواش دەستییان پێکرد، فەڕەنساش بە شێوەیەکی بەهێزتر لە ئەوروپا، لە دەریای سپی وە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پێگەی خۆی ئەڕوانێت، هەرێمی کوردستانیش وێڕای مەترسییە نێوخۆیی و نێوچەییەکان، کورسییەکی لە شەمەندەنەفەرەکەدا مسۆگەرە.  سەرئەنجام هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فەڕەنساش ساڵانێکە بەدوای جێگە پێیەکی بەهێز لەم ناوچەیە ئەگەڕێت. ئەوانەی لە کۆنفڕانسەکەی عێراق ئامادەبون بۆ کاری خۆیان ئامادە بون نەک بۆ ئاسانکردنی کاری عێراق، میسرو ئوردون نەوت و گازیعێراق بە نرخی زۆر هەرزان ئەدرێتێ، لوتکەیەکیان لە عێراق هەیە بەناوی “ شامی نوێ” کە عێراق قازانجی ئەوتۆی لەسەر ناکات.  دەردی عێراق لەوە گرانترە ئەم کۆنفڕانسانە چارەسەری بکەن، دۆخی عێراق بڕ ناکاتە هەڵبژاردن یان دوای هەڵبژاردن لە ساڵی (٢٠٢٢) داو،بەشێوەیەکی مەترسیدار ئەتەقێتەوە. کشانەوەی پتری ئەمریکا لە عێراق، زیاتر بونی قەیرانەکان، هەڵ نەگرتنی بەرپرسیارێتی، بڵاوبونەوەیپتری پەتای کۆرۆنا، زیادبونی جموجوڵەکانی داعش، ململانێی سیاسیی کاراکتەرە دەستەڵاتدارەکان و دەستوەردانی پتری ئێران دۆخیعێراق ئەگەیەنێتە حاڵەتی توندوتیژیی لە نێوان حکومەت و نا-حکومەت(میلیشیاکان) دا.      * دکتۆرا لە ئابوریی سیاسیی هایدرۆکاربۆن، بەڕێوەبەری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.


درەو: سەید سادات وەزیری پێشووی پەیوەندییەكان لە ئەفغانستان لە ئەڵمانیا كاری گەیاندنی خواردن دەكات. سادات دەڵێت: دەمتوانی گەندەڵ بم‌و چەندان ملیۆن دۆلار بەدەستبێنم.  لە رابردوودا وەزیر بوم و خزمەتی خەڵكە دەكرد ئێستاش كاری گەیاندن دەكەم لە كۆمپانیای لیفراندۆ و خزمەتی خەڵك دەكەم. سەید سادات دوو ساڵ وەزیری پەیوەندییەكان بووە لە حكومەتی ئەفغانستان‌و سێپتەمبەری 2020 لە پێناوی بەدەستهێنانی داهاتوییەكی باشتر كۆچی كردووە بۆ ئەڵمانیا. سادات دەڵێت: من شانازی بە كارەكەمەوە دەكەم دەمتوانی و دەشكرا ببم بە یەكێك لە وەزیرە گەندەڵەكان‌و چەندان ملیۆن دۆلار بەدەستبهێنم, دەمتوانی چەندان باڵاخانە یان هۆتیل لێرە یان لە دوبەی بكڕم و پێویستم بە كاركردن نەبێت, بەڵام خۆشحاڵم بە كارەكەمو دەرونم ئاسودەیەو هەشت بە هیچ پەشیمانییەك ناكەم. سادات بەهۆی كارەكەی ئێستایەوە رەخنەی زۆری ئاراستە دەكرێت بەڵام ئەو دەڵێت: دەبێت هەموو كەس كاربكات, تۆ خەرجی زۆرت لەسەر شانەو پێویستە كرێی خانوو بدەیت, پێویستە پارە پەیدا بكەیت بۆ ژیان لەبەرئەوە پێویستە كاربكەیت. دەشڵێت: ئەگەر لە رابردوودا وەزیر بووم مانای ئەوە نیە بێ‌ كاربم‌و هیچ نەكەم, من هەموو سیاسییەكان هاندەدەم هەمان هەنگاوی من بنێن‌و دوای خانەنشین بونیان كاربكەن و پێویستە لەسەریان وەك هەموو خەڵك كاربكەن.  


راپۆرت: درەو بافڵ تاڵەبانی لە كۆی (124) ئەندام، ئیمزای (96) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆكردوەتەوە بۆ ناردنە دەرەوەی لاهور شێخ جەنگی، ئێستا ناكۆكییەكە لەسەر ئەوەیە بڕیارەكان تەنیا بە كۆكردنەوەی ئیمزا جێبەجێ دەكرێن یان سازدانی كۆبونەوەی سەركردایەتی، لاهور شێخ جەنگی داوای بژاردەی دووەمیان دەكات و دەڵێت "من شەرعیەتم لە سەركردایەتی وەرگرتووە".   شەڕی ئیمزا  دوای نزیكەی (50) رۆژ لە تەقینەوەی كێشەكانی نێوانیان، دواجار هاوسەرۆكەكانی یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان بگەڕێنەوە بۆ سەركردایەتی حزبەكەیان.  دوێنێ بافڵ تاڵەبانی بە تاك‌و بە گروپ ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی بانگهێشتی "دەباشان" كرد بۆ ئەوەی پێشنیازێكی نوێیان لەبارەی لاهور شێخ جەنگییەوە بخاتە بەردەم.  كرۆكی ئەو پێشنیازەی كە بافڵ تاڵەبانی خستویەتییە بەردەم ئەندامانی سەركردایەتی لە (5) بڕیارەوە سەرچاوەی گرتووە كە رۆژی 24ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی چارەنوسی لاهور شێخ جەنگییەوە دەریكردووە‌و پۆختەكەی ئەوەیە لاهور شێخ جەنگی تاوەكو دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەدەچێت، سەفەری دەرەوەی وڵات بكات.  سەرچاوەیەكی نزیك لە ماڵی مام جەلال بە (درەو)ی راگەیاند، رۆژی 24ی مانگ كە وەفدی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەردانیان كردووە، لاهور شێخ جەنگی پێی وتوون" من وەكو هاوسەرۆك شەرعیەتم لە سەركردایەتی یەكێتی وەرگرتووە، بڕۆن ئیمزای 63 ئەندامی سەركردایەتیم بۆ بهێنن واتە 50+1ی كۆی ئەندامانی سەركردایەتی، هەر بڕیارێك دەریدەكەن، جێبەجێی دەكەم". بەپێی قسەی سەرچاوەكە، لاهور شێخ جەنگی هەمان پێشنیازی بۆ نێوەندگیرە ئێرانییەكان كردووە‌و لەسەر ئەم بنەمایە بووە كە بافڵ تاڵەبانی دەستی بە كۆكردنەوەی ئیمزای ئەندامانی سەركردایەتی كردووە.  بەڵام لەبەرامبەردا لاهور شێخ جەنگی دوێنێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و رەتیدەكاتەوە داوای ئیمزای كردبێت‌و دەڵێ" داوای كۆبونەوەی رەسمی ئەنجومەنی سەركردایەتیم كردووە".  سەرچاوە نزیكەكان لە ماڵی مام جەلال دەڵێن "تائێستا بافڵ تاڵەبانی 94 ئیمزای پشتیوانی ئەندامانی سەركردایەتی بۆ پاڵپشتی لە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی كۆكردوەتەوە‌و ژمارەی ئیمزاكان لە 100 ئیمزا نزیك دەبێتەوە". ژمارەی ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی (124) كەسە، بەر لە تەقینەوەی ناكۆكییەكانیان بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی پێكەوە نزیكەی (96) ئەندامیان هەبوو، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتیی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بوون. هەندێك لە لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی لە سەركردایەتی دوێنێ چوونە دەباشان‌و ئیمزایان لەسەر پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانی كرد، بەڵام دواتر كە لە دەباشان گەڕانەوە راگەەیەندراویان بڵاوكردەوە‌و رایانگەیاند "پەشیمانن لە ئیمزاكانیان، چونكە بە ڕوونی لە ناوەڕۆكی پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانی تێنەگەیشتوون كە بۆ كردنەوەی لاهور شێخ جەنگییە لە كوردستان". كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی باس لەوە دەكەن، نزیكەی (40) ئەندامی سەركردایەتی لەگەڵ پێشنیازەكەی بافڵ تاڵەبانیدا نین‌و ئیمزایان لەسەر نەكردووە.  ئیمزا یان كۆبونەوە ؟ ئێستا كە هەردوو هاوسەرۆك حساباتی خۆیان بردووەتە سەركردایەتی‌و كار لەسەر ژمارەو دەنگ دەكەن، ئایا سەركردایەتی كۆدەبێتەوە‌و بڕیار دەدات ؟ یاخود ئیمزاكان بەبێ كۆبونەوە راستەوخۆ دەبن بە بڕیار.  ئێستا تۆپ لە گۆڕەپانی بافڵ تاڵەبانیدایە، ئایا راستەوخۆ ئیمزاكانی سەركردایەتی بە بڕیار لەسەر لاهور شێخ جەنگی ئەژمار دەكات یاخود دوای كۆكردنەوەی ئیمزاكانیش كۆبونەوەی سەركردایەتی رێكدەخات‌و بڕیارەكان جێبەجێ دەكات؟ بەتایبەتیش كە ئێستا بافڵ تاڵەبانی لەرێگەی ئیمزاكانەوە بۆی روون بوەتەوە كە دەتوانێت كۆبونەوەی سەركردایەتی رێكبخات.  چارەنوسی ئیمزاكانی سەركردایەتی یەكێتی، كە چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی پێوە بەستراوەتەوە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا یەكلا دەبێتەوە، ئەگەر لاهور شێخ جەنگی لەچوارچێوەی دەستپێشخەریی‌و نێوەندگیری نوێدا بژاردەیەكی نوێ دیاری نەكات یاخود بە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی قایل نەبێت، رەنگە لەرێگەی سەركردایەتییەوە بژاردەی قورستری بەسەردا بسەپێندرێت.  بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی چین ؟ رۆژی 24ی ئەم مانگە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆبووەوە، ئەم كۆبونەوەیە بۆ ناردنی پەیامێكی نوێ بوو بۆ لاهور شێخ جەنگی. بەپێی قسەی كەسە نزیكەكان لە لاهور شێخ جەنگی لەم كۆبونەوەیەدا لەكۆی (17) ئەندامی مەكتەبی سیاسی (8) كەسیان ئامادەبوون‌و بەوتەی ئەوان ئەم رێژەیە ناكاتە (50+1)ی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بە هاوسەرۆكەكانەوە.  ئەوانەی بەشداربوون لە كۆبونەوەكە ئەمانە بوون:  •    بافڵ تاڵەبانی (هاوسەرۆك) •    رەفعەت عەبدوڵا •    شاناز ئیبراهیم ئەحمەد •    شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ (شاڵاو ئەندامی مەكتەبی سیاسی نییە، لەبری دەربازی برای بەشداری كردووە) •    فەهمی بورهان‌و ستران عەبدوڵا (ئەمانە ئەندامی سەركردایەتین، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرپرسی مەكتەبن، بەشداربوون لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیدا). •    سەعدی ئەحمەد پیرە (لەرێگەی سكایپەوە بەشداربووە) •    حامید حاجی غالی ئەوانەی بەشدارنەبوون لە كۆبونەوەكەدا ئەمانە بوون: •    لاهور شێخ جەنگی (هاوسەرۆك) •    بورهان سەعید سۆفی  •    رزگار عەلی •    رزگار حاجی حەمە •    دكتۆر میران میراودەلی (فەرمانی دەستگیركردنی هەیە) •    قادر عەزیز •    ئاسۆ مامەند •    سۆران جەمال تاهیر •    ئەمین بابەشێخ بڕیاری كۆبونەوەكە ئەوانەی بەشداربوون لەم كۆبونەوەیەدا، چەند بڕیارێكیان لەبارەی لاهور شێخ جەنگی دەركرد كە ئەمانەن:  •    لاهور شێخ جەنگی لەماوەی (سێ) رۆژدا (دوای دەرچوونی بڕیارەكە) سەفەری دەرەوەی وڵات بكات‌و تاوەكو دوو هەفتە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی وڵات بمێنێتەوە. •    لاهور شێخ جەنگی هێزە نافەرمییەكانی بڵاوە پێ بكات، دواتر هێزە فەرمییەكان لە دەوروبەری ماڵەكەی دەكشێندرێتەوە. •    بافڵ تاڵەبانی هێزە فەرمییەكان رادەسپێرێت سەلامەتی لاهور شێخ جەنگی بپارێزن تا ئەوكاتەی سەفەرەكەی دەكات.  •    كۆی هێرشی میدیا سێبەرو ئاشكراكان رابگیرێت.  •    لاهور شێخ جەنگی پشتیوانی خۆی سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان (هاوپەیمانی یەكێتی‌و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق)‌و پرۆسەی حزبی لەناو یەكێتیدا رابگەیەنێت. بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی گۆڕانكاری لە كێشەی نێوان هاوسەرۆكەكان دروستكرد، بەپێی ئەم بڕیارانە تۆمەتەكان لەسەر لاهور شێخ جەنگی هەڵگیراون‌و دوای چونەدەرەوەی لە كوردستان دەرفەتی گەڕانەوەی پێدراوە، سەرباری ئەمە وەكو بەرپرسێكی یەكێتی داوای لێكراوە پاڵپشتی لە هاوپەیمانی كوردستان بكات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.  گفتوگۆ لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی  دوای دەركردنی ئەم بڕیاریارانە، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی كە پێكهاتبوون لە (شاڵاو عەلی عەسكەریی، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، فەرید ئەسەسەرد) سەردانی لاهور شێخ جەنگییان كرد لە گردی سەرچنار‌و ئەم بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسییان پێگەیاند. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسییەوە، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی:" من شەرعیەتم لە مەكتەبی سیاسی وەرنەگرتووە تاوەكو مەكتەبی سیاسی بڕیارم بۆ دەربكات، دەبێت ئەم بڕیارانە لە سەركردایەتییەوە دەربچن". چارەنوسی بڕیارەكان تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، هیچ یەكێك لە بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی جێبەجێ نەكراون، لاهور شێخ جەنگی هێشتا لە "گردی سەرچنار"ە لە سلێمانی، هێزە چەكدارەكانی هەردوولا بەرامبەر بەیەكترو لە شوێنی خۆیانن، میدیا‌و سۆسیال میدیای فەرمی‌و سێبەری هەردوولا بەردەوامن لە كەمپەین دژی یەكتر، لاهور شێخ جەنگی هیچ پشتیوانییەكی بۆ هاوپەیمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا رانەگەیاندووە.    


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) بەشی دووەم   گەر فەلسەفەی سیاسیی مارکسییزم ململانێی سەرەکیی لە کۆمەڵگای سەرمایەدارییدا بە ململانێی نێوان کار و سەرمایە دابنێت و تیۆرییەکەی ئیبن خەلدونیش ململانێی سەرەکیی لە کۆمەڵگای عەرەبیی ئیسلامییدا بە ململانێی نێوان بەداوەت و شارستانییەت دابنێت، ئەوا بە بۆچوونی من لە کۆمەڵگای کوردستاندا ململانێی سەرەکیی نە لە نێوان پرۆلیتار و سەرمایەداردایە و نە لەنێوان کۆچبەر و خەڵکی شاردایە، بەڵکو لەنێوان گروپە ستراتژییەکانی شار و گونددایە. ئەم گروپانە کاتێک دەبن بە گروپی ستراتیژیی و کردەی ستراتیژییان دەبێت کە لەدەوری کاریزمایەکدا کۆببنەوە و خۆیان لەناو ڕێکخراوێکی سیاسییدا رێکبخەن و پرۆگرامی سیاسیی تایبەت بە خۆیان بەرهەمبهێنن. ململانێی نێوان جەلالیی و مەلاییەکان و پاشان ململانێی نێوان کۆمەڵە و قیادە موەقەتە و لەدوای ڕاپەڕینیشەوە جارێکی تر ململانێی نێوان یەکێتیی و پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان، لە هەموو قۆناغەکاندا، چ لە شاخ و چ لە شار، یان بە شەڕی ناوخۆیی، یاخود بە نائارامیی و توندوتیژیی و سزادان کۆتایی هاتووە. ئەم پێکدادان و ململانێ توندوتیژ و جەنگە ناوخۆییانەی نێوان گروپە ستراتیژییەکان کۆمەڵگای کوردییان دابەشکردووە،  چ لە شاخ و چ لە شار بە فۆرم و قوڵایی جیاواز، گاریگەریی گەورەیان لەسەر گەشەی کۆمەڵگای کوردییدا جێهێشتووە. ململانێی ناو کۆمەڵگای کوردیی تەنها لەنێوان ڕێکخراوەکانی ئەم دوو گروپەدا نییە، بەڵکو لەناو خودی ئەو گروپە شاریی و خێڵانەشە کە لەسەر دەسەڵاتی ڕەمزیی و پرسی سیاسیی و فیکریی و بەرژەوەندیی ئابووری و کێشەی شەخسیی، ململانێی توندیان هەبووە و هەیە. ئەم ململانێیەی نێوان ئەو دوو گروپە ستراتیژییە سەرەکییەی ناو کۆمەڵگای کوردیی تەنها رەهەندی سیاسیی نییە، بەڵکو دوو رەهەندی سەرەکیی تری هەیە. یەکەمیان رەهەندێکی کۆمەڵایەتیی ناوچەیی و دووهەمیشیان رەهەندێکی مەزهەبیی. ڕەهەندە ناوچەییەکە بریتییە لە خەستبوونەوەی دەسەڵات لەناو پارتیدا لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە لەدەوری بنەماڵەی بارزانییەکان و لەڕووی جوگرافیشەوە لە ناوچەی بادینان. رەهەندی دووهەمیشیان بریتییە لەو پاشخانە مەزهەبییەی کە وەکو خۆڵەمێش لە نائاگایی سەرکردەکان و موریدەکانیان ماوەتەوە، ئەویش ململانێی نێوان تەریقەتی قادریی و نەقشبەندییە. بەبۆچوونی من ئەم ڕەهەندە مەزهەبییە دوای دروستبوونی گوتاری  ناسیۆنالیزمی کوردیی و سەرهەڵدانی گوتاری چەپگەرایی لەلایەن گروپە ستراتیژییەکانی شارەوە کاڵدەبنەوە و کاریگەرییان لەسەر وشیاریی تاک و گروپەکان لاواز دەبێت. بەم چەشنە لەو چرکەساتەوەی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیزم و مارکسیزم دێنە ناو ململانێی گروپەکانەوە، ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵگای کوردیی ڕەهەندە مەزهەبییەکەی خۆیان لەدەستدەدەن و دەبن بە ململانێی نێوان هێزێکی کۆنزەرڤاتیڤی کوردیی کە خێزان و بنەماڵە و لۆکالیزم چەقەکەیەتی لەلایەک و هێزێکی چەپگەرا کە گروپە شارییەکان چەقە کۆمەڵایەتییەکەی پێکدەهێنن. خەسڵەتێکی تر لە خەسڵەتەکانی ململانێی نێوان گروپەکان بریتییە لەوەی کە گروپی یەکەم هەمیشە ئەو گروپەیە کە گرنگیی و کردەی ستراتیژیی خۆی لەدەستنادات. پارتی دیموکراتی کوردستان گەرچی لەلایەن گروپە ستراتیژییەکانی شارەوە دروستدەکرێت، بەڵام دوای گۆڕینی بۆ حیزبێکی بنەماڵەیی کۆنزێرڤاتیڤ وەک گروپێکی تۆکمەی یەکانگیر دەمێنێتەوە و بەئاسانی دابەشبوونی تێدا دروستنابێت و دەتوانێت قەیرانەکانی تێپەڕێنێت. بەپێجەوانەوە هەموو گروپە شارییەکان لە پرۆسەی دابەشبوون و لێکترازان و یەکگرتنەوەی بەردەوامدان. پاش ڕوخانی دەوڵەتی بەعس و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی کوردیی، چەندین رێکخراوی سیاسیی لە کۆمەڵگای کوردییدا لەدایکدەبن و چەندین حیزب و کۆمەڵە و جوڵانەوە و بزوتنەوەی سیاسیی دروستدەبن و چەندینی تریش تێکەڵ بەیەکتر دەبن و هەندێکیشیان دابەشدەبن و بڕێکیشیان خۆیان هەڵدەوەشێننەوە و لەناو حیزبێکی تردا ئامێزاندەبن، لە وێنەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و ئاڵای شۆڕش، شوراکان، پارتی گەل و پاسۆک و سۆسیالیست، حیزبی زەحمەتکێشان و هتد. سەردەمی زێڕینی دەسەڵاتدارێتی کوردیی زۆر ناخایەنێت، ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی کە هەریەکەیان پێشوەختە بە قووتدانی گروپ و رێکخراوە بچووکەکان کاریان لەسەر قەبەکردنی جەستەی سیاسیی و پێگەی جەماوەریی خۆیان دەکرد، بە شەری ناوخۆ کۆتاییدێت. جیابوونەوە یان کڕینی هەموو کەسایەتییەک یان سیاسییەک یان گروپێک لە حیزێکەوە بۆ یەکێک لە حیزبەکانی دایک دەبێت بە هەواڵێکی گرنگ و وەک سەنگەرگواستنەوە وێنادەکرێت و لەناو میدیادا پروپاگەندەی گەورەی بۆدەکرێت. بەشێوەیەکی گشتیی هەمیشە دوو پاڵنەری سەرەکیی بوونەتە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ یان گرژیی و توندوتیژیی. یەکەم هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سامانی ئابوورییەکان و داهات بەگشتی و داهاتی گومرک بەتایبەت، دووهەمیشیان هەوڵی داگیرکردنی جوگرافیای زیاتر بۆ گەورەکردنەوەی سنووری دەسەڵاتدارێتیی حیزبەکان. ئەم دوو خاڵی ململانێیە لە شاخەوەوە بۆ شار شۆڕدەبێتەوە و بەردەوامیی  دەبێت. خەسڵەتێکی تری حیزبە کوردییەکان بریتییە لە کۆتایی سەردەمی جەماوەرییبوونیان. سەردەمی زێڕینی حیزبە کوردییەکان، وەک حیزبی جەماوەریی، لەدوای شەڕی ناوخۆوە کۆتایی دێت و چیدی زۆرینەی هاونیشتیمانیانی هەرێم حیزبە شۆڕشگێڕەکانی شاخ وەک نوێنەری خەون و بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەشاردا تەماشاناکەن، چونکە هەریەکەیان دەبن بە موڵکی شەخسیی کاریزمایەک و خێزانێکی سیاسیی دیاریکراو و منداڵەکانیان. ئەوەی ئەوان لە دەسەڵاتدا دەهێڵێتەوە سێ خاڵی سەرەکین. یەکەمیان ئەو سیستەمە حوکمڕانییەی دروستیانکردووە دوورە لە هەموو پرنسیپەکانی دیموکراسیی و بووە بە یەکێک لە مۆدێلەکانی سیستەمە دەسەڵاتگەرەکانی ناوچەکە. دووهەم کۆنترۆڵکردنی کایەی ئابووری و سەربازیی و پۆلیس و ئاساییش و دادگا و بەکارهێنانیان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەموو کێشەیەکی سیاسیی یان ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیی. سێهەم دابەشبوونیان بەسەر ئەو سیستەمە ئیقلیمییەی کە لە ناچەکەدا بەرقەرارە، واتە بوونی پارتی بە بەشێک لە ئاساییشی نەتەوەیی تورکیا و یەکێتیش لە ئاساییشی نەتەوەیی ئێران. ئەم دۆخە جیۆپۆلیتیکییە و قوڵاییە ستراتیژییەی ناوچەی سلێمانی بۆ ئێران و ناوچەی بادینان بۆ تورکیا هەیەتی، یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پاراستن و گەرەنتیی هێشتنەوەی دەسەڵاتدارێتیی ئەم دوو حیزبە. ئەم هاوکێشەیە بە فۆرم مۆدێلی تر بۆ حیزبەکانی تریش لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا ڕاستە.  


 شیكاری: درەو لە هەرێمی کوردستان ( ملیۆنێك و 900 هەزار) ئۆتۆمبێلی هەیەو رۆژانە پێویستیان بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە،واتە ڕۆژانە شۆفێران نزیكەی (5 ملیار) دینارو ساڵانەش نزیكەی ( 2 ترلیۆنێک) دینار لە کڕینی بەنزیندا خەرج دەكەن، شوفێرانی عێراق لیتری بەنزین بە (450) دینارەو لە هەرێم بە (950) دینار، بەو پێیەش شۆفێرانی هەرێمی كوردستان ساڵانە نزیكەی (900 ملیار ) دینار زیادە خەرج دەکەن بۆ کڕینی بەنزین بەراورد بەو نرخەی لای حکومەتی ناوەندی دەفرۆشرێت. ژمارەی و جۆری ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە (ملیۆنێک و 915 هەزار) ئۆتۆمبێل هەن. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ، سەرباری (19 هەزار) ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە ئامارەکەدا تۆمارنەکراون، ژمارە و جۆرەکانی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە(بڕوانە خشتەی ژمارە (1)): دابەشبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان بەسەر پارێزگاو شارەکانی هەرێمی کوردستان  زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوەو پارێزگای سلێمانی بە پلەی دووەم و پارێزگای دهۆک بەپلەی سێیەم دێت، (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) بەشی هەرە زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە بە بەنزین و بەشێکی کەمیشیان بە گازوایل کار دەکەن و بەپێی وتەی (وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان/ کەمال ئەتروشی) "هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی (1 ملیۆن) لیتر بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوی دیکەی هاوردە دەکرێت". هاوکات بە وتەی (ئەحمەد محەمەد/ گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان) "بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا رۆژانە نزیکەی (7 ملیۆن) لیتر بەنزین و گازوایل دەسووتێندرێن". کاریگەری نرخی بەنزین لەسەر خەرجی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانەو حکومەتی هەرێم ناتوانێت و نایەوێت کۆنترۆڵی ئەو بەرزبوونەوەیە بکات، لە ئێستادا (24ی ئابی 2021)، لە پارێزگای سلێمانی نرخی لیترێک بەنزین بەمشێوەیەیە؛   سوپەر = 975 دینار   موحەسەن = 900 دینار   نۆرماڵ = 850 دینار    بەڵام لە پارێزگای هەولێر نرخەکان بەرزترن بەشێوەیەک بەنزینی سۆپەر هەزار دیناری تێپەڕاندووە و بەمشێوەیەیە: سۆپەر = 1100 دینار   موحەسەن = 975 دینار   بەنزینی کار = 850 دینار      بەپێی ئەو نرخانەی سەرەوە بێت و بەجێگیری بمێنێتەوە، بەتێکڕا نرخی لترێک بەنزین (940) دینارە، ئەگەر (5 ملیۆن) لیتر پێویستی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە ئەوا؛ -    ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (940) دینار= (4 ملیار و 700 ملیۆن) دینار -    مانگانە/ (4 ملیار و 700 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (141 ملیار) دینار  -    ساڵانە/ (141 ملیار) دینار x (12) مانگ = (ترلیۆنێک و 962 ملیار) دینار  ئەو بڕەش کە شۆفێران لە کڕینی بەنزیندا بە خەرجی دەدەن زیاترە لە کۆی موچەی دوو مانگی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە بێ هیچ لێبڕینێک، کە (850 ملیار) دینارە لە مانگێکدا.  ئەمە لە کاتێکدایە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی نرخی بەنزین لە سەردەمی شەڕی داعشیشدا بەزبوونەوەی بە خۆوە نەبینی تا ئێستاش بە (450) دینار جێگیر کراوە، لێرەدا ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بە هەمان ئەو نرخە بوایە کە لە حکومەتی ناوەندی جێگیر کراوە، خەرجی بەنزین چەند دەبوو؟ -    ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (450) دینار= (2 ملیار و 250 ملیۆن) دینار -    مانگانە/ (2 ملیار و 250 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (67 ملیار و 500 ملیۆن) دینار  -    ساڵانە/ (67 ملیار و 500 ملیۆن) دینار x (12) مانگ = (810 ملیار) دینار  کەواتە ئەو زیادە خەرجییەی شۆفێرانی هەرێمی کوردستان لە کڕینی بەنزیندا خەرجی دەکەن لە ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەراورد بە نرخی بەنزین لای حکومەتی ناوەندی بۆ هەر لیترێک بەنزین (490) دینارە، بە گشتیش بریتییە لە؛  -    ڕۆژانە/ (5 ملیۆن) لیتر x (490) دینار= (2 ملیار و 450 ملیۆن) دینار -    مانگانە/ (2 ملیار و 450 ملیۆن) دینار x (30) رۆژ = (73 ملیار و 500 ملیۆن) دینار  -    ساڵانە/ (73 ملیار و 500 ملیۆن) دینار x (12) مانگ = (882 ملیار) دینار  چۆن پێداویستی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەپێی لێدوانی وەزیری سامانە سروشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە (5 ملیۆن) لیتر بەنزینە، لەو بڕە تەنیا نزیکەی (1) ملیۆن لیتر بەرهەمی نێوخۆییە و ئەوی دیکەی هاوردە دەکرێت. کەواتە بەهۆی ئەوەی حکومەت پاڵپشتی بازاڕی بەنزین  ناکات، 75%ی بەنزینی پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە هاوردە دەکرێت. بەپێی وتەی (هەژار ئازاد/ بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی کار) "ئەگەر بەتەواوەتی نەوتی خاویان بدرێتێ لە پێویستیی نێوخۆ زیاتر بەرهەم دەهێنین.  بەڕێوەبەری گشتیی پاڵاوگەی کار لەبارەی توانای کارکردنی پاڵاوگەکەیانەوە ئاماژەی بەوە داوە، "نزیکەی 25% بۆ 30%ی توانای گشتیمان بەکاردەهێنین. پاڵاوگەی کار توانای بەرهەمهێنانی 160 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە رۆژێکدا. ئەوەی رۆژانە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە پێماندەبەخشرێت 30 هەزار بۆ 35 هەزار بەرمیل نەوتە. بەوەش پاڵاوگەکەمان 25%ی کاردەکات". هاوکات (عومەر خەتاب/ بەڕێوەبەری تەکنیکیی پاڵاوگەی بازیان ئاماژەی بەوە کردووە، "توانای بەرهەمهێنانی پاڵاوگەی بازیان لە رۆژێکدا (40 هەزار) بەرمیل نەوتە، بەڵام ئێستا (20 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، واتە کار بە 50%ی توانای خۆی دەکات". بەپێی زانیارییەکانی (بڕیاردەری لیژنەی وزە و سامانەسروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان/ سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی) لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، پاڵاوگەكانی ( كار، قەیوان، لاناز) توانای دابینكردنی نەوت و بەنزینی كوردستانیان هەیە، بەڵام هەر لیترێک بەنزین بۆ عێراق بە (٤٥٠) دینار دابینی دەکەن، بەڵام لە بازاڕەکانی بە زیانر لە )٨٠٠( دینار دەیفرۆشنەوە.   بەپێی زانیارییەکانی ئەو پەرلەمانتارە لە هەرێمی كوردستان دوو پاڵاوگە هەیە، هەردووكیان نەوت و بەنزین بۆ عێراق دەپاڵێون . پاڵاوگەی كار لە هەولێر رۆژانە (50 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێویت و (25 هەزار) دەداتەوە بە عێراق و (25 هەزار) بەرمیلیش بۆ ناوخۆ دەپاڵێوێت، ئەوەی بۆ عێراقی دەنێرێتەوە لیتری دەدرێت بە (450) دینار بەڵام ئەوەی بۆ ناوخۆی هەرێم دەیپاڵێوێت لیتری دەداتە (800 و 900) دینار. لە پارێزگای سلێمانی پاڵاوگەی بازیان ( قەیوان) هەیەو رۆژانە نزیكەی (40 هەزار) بەرمیل نەوت و بەنزین دەپاڵێویت و دەینێرێتەوە بۆ عێراق، لەوێ لیتری دەدرێتەوە بە (450) دینار، پاڵاوگەی لاناز رۆژانە (30 هەزار) بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت و نەوتە خاوەكە لە سوریا دەكڕێت و بەرهەمەكەی لە بازاڕی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێتەوەو بە نرخی بازار. هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین  1.    کەمی بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بەهۆی کەمی پێدانی نەوتی خاو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. 2.    حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پاڵپشتیەک پێشکەشی پاڵاوگەکانی نەوت ناکات، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نرخی بەنزین. 3.    بەپێی قسەی بازرگانان و هاوردەکارانی بەنزین حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی زۆری خستووەتە سەر هاوردەکردنی بەنزین. 4.    حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەوەی خۆی هیچ پاڵپشتییەکی کەرتەکە ناکات، ناتوانێت نرخەکەشی دیاری بکات. 5.    بە ڕێژەی %100 بازرگانی بەنزین بەدەست کەرتی تایبەتەوەیە. 6.    قۆرخکاری بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بەنزین بۆ چەند کۆمپانیایەکی حیزبی دیاریکراو. 7.    نەبونی خەزانی گەورەی بەنزین بۆ پاڵپشتی کردنی کەرتەکە لە حاڵەتی دروستبوونی قەیراندا.    8.    زیادبوونی خواستی بەنزین لە نێوخۆی ئێران و کەمبوونەوەی هاوردەکردنی بەنزین لەو وڵاتە.


( درەو): كونسوڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر رەتیدەكاتەوە بۆ ناونوسكردن كەسی بانگھێشت كردبێت بۆ وەرگرتنی ڤیزاو ناردنیا بۆ ئەمریكا بەھۆی ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا كاریان لەگەڵ ئەمریكا كردووە. لە ھەندێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە گوایە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر، بۆ ناونسكردن بانگھێشتی ئەو كەسانەی كردووە كە لە ساڵانی رابردوودا لە عێراق و ھەرێمی كوردستان كاریان لەگەڵ ئەمریكا كردووە. بەپێی ئەو دەنگۆیانە ناونوسكردنی ئەم خەڵكانە بۆ ئەوە بووە ڤیزای كۆچكردنیان بۆ ئەمریكا بۆ بكرێ، چونكە ئەمریكییەكان ھاوشێوەی ئەفغانستان دەیانەوێت لە عێراق و ھەرێمی كوردستان بكشێنەوە. بەڵام كونسوڵخانەی ئەمریكا لە ھەولێر بەتەواوەتی ئەم دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە. لە رونكردنەوەیەكدا كە وتەبێژی كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكا لە ھەولێر بۆ (درەو)ی ناردووە، ھاتووە:" هەر هەواڵێك بانگەشەی ئەوەدەكات ئەو خەڵكانەی كاریان بۆ حكومەتی ئەمریكا كردووە پێویست دەكات لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا ناویان تۆماربكەن هەڵبەستراوو و نادروستە". وتەبێژی كونسوڵخانەی ئەمریكا دەڵێ:" تكایە ئاگادار بن تەنها  تۆڕە كۆمەڵایەتیە فەرمی و وێبسایتە فەرمیەكانی حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تاكە سەرچاوەی فەرمی هەواڵ و زانیارین دەربارەی خزمەتگوزاری و كاروبارەكانی تایبەت بە ڤیزە و ڤیزەی كۆچ لێرە لە هەرێمی كوردستان و عێراق".


درەو: هەرێمی پەنجشیروەكو كابوڵی پایتەخت‌و پارێزگاو هەرێمەكانی تری ئەفغانستان نەكەوتە ژێر دەسەڵاتی بزوتنەوەی تالیبان‌و هێشتا ئەو ناوچەیە  پێگەو ئایكۆنێكی هێزە بەرهەڵستكارەكانە. لەم هەرێمەدا هێزەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا بەزین‌و شكستیان هێنا, هەروەها تالیبانیش كە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتە دەست نەیتوانی ئەم ناوچەیە كۆنترۆڵ بكات‌و ناوچەكە لە سەدەی نۆزدەیەم و لەكاتی داگیركاری بەریتانیاشدا خۆی پاراست. ئێستا هەرێمی پەنجشیر یان بانشیر  دوای كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی ئەفغانستان لەلایەن تالیبانەوە بوەت پەناگەی هەموو ئەو هێزو گروپانەی كە حكومداریی تالیبان رەتدەكەنەوەو لە ماوەی رابردوودا ئەمروڵا ساڵح جێگری سەرۆكی ئەفغانستانیش پەنای بردە ئەوێ‌‌و ئێستا لەگەڵ ئەحمەد مەسعود كوڕی ئەحمەد شا مەسعود خۆیان بۆ رووبەڕوبونەوەی تالیبان ئامادەدەكەن و دەیانەوێت لەدژی تالیبان بجەنگن ئەگەر دانوستانەكان شكستیان هێنا كە مەسعودی كوڕ تێیدا سورە لەسەر جێگیركردنی سیسمتی لامەركەزیی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات ئەوە لە پێناوی " بەدیهێنانی سیستمێك كە بتوانێت دادپەروەری كۆمەڵایەتی‌و یەكسانیو ماف‌و ئازادییەكان بۆ هەموان دەستەبەربكات". ئەم هەرێمە چیرۆكێكی مێژوویی هەیە كە سەدان ساڵە ئەفغانییەكان شانازی پێوەدەكەن و لێرەدا دەیگێڕینەوە: دۆڵی " پێنج شێرەكە" ناوچەكە دەكەوێتە(130 )كیلۆمەتری باكوری خۆرهەڵاتی كابوڵی پایتەخت‌و نزیك لە سنوری پاكستانەوە, روبەرەكەی (3610 )كیلۆمەتر چوارگۆشەیە‌و ژمارەی دانیشتوانەكەی 173 هەزار كەسە‌و زۆرینەیان بە ئەحمەد مەسعودیشەوە سەر بە نەتەوەی تاجیكن. هەرێمەكە بە ناوی " پەنجشیر" بەناوبانگە كە بەواتای پێنج شێر دێت‌و بە بانشیریش ناودەبرێت و بە دۆڵی پەنجشیر ئاماژەی بۆدەكرێت لەبەرئەوەی چواردەوری بە شاخی بەرز دەورەدراوە. ناوەكە بە گوێرەی گێڕانەوەی ئەفغانییەكان لە چیرۆكێكەوە وەرگیراوە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دەیەم, كاتێك پێنج برا  لەسەردەمی سوڵتان مەحمود غەزنەوییدا بەنداوێكیان لەبەردەم ئاوای ئەو لافاوانەدا داناوەكە رژاونەتە دۆڵەكەو بەوهۆیەوە ئەو پێنج برایە نازناوی " پێنج شێرەكە" یان بەسەردا بڕاوە. ناوچەكە بەوە جیادەكرێتەوە كە خاوەنی چەندان چیای بەرزو روباری سازگارەو سروشتێكی ناوازەو دڵڕفێنی هەیەو ئەمەش وایكردووە لە كۆنەوە ببێتە جێی بایەخی ئەفغانییەكان. بزوتنەوەی تالیبان تائێستا نەیتوانیوە بنكەیەكی جەماوەریی لەو هەرێمدا بونیاد بنێت رەنگە ئەوەش بگەڕێتەوە بۆئەوەی كە زۆرینەی لایەنگرانی بزوتنەوەكە سەر بە نەتەوەی پشتۆنن, هەر لەبەرئەوەشە تالیبان لەو ناوچەیە پێشوازیی لێ ناكرێت. هەروەها دۆڵی پەنجیشر مەزاری فەرماندەی سەربازیی ئەحمەد شامەسعودی لێیە كە نازناوی " شێرەكەی پەنجشیر" لێنراوە ئەوەشبەهۆی ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی 1979 رۆڵی بەرچاوی گێڕاوەو سەرەڕای بوونی چەك‌و كەرەستەی سادەی سەربازی توانی بەسەر سۆڤیەتەكاندا سەربكەوێت‌و ساڵی 2001 لەلایەن رێكخراوی قاعیدەوە تیرۆركرا. دانیشتوانی دۆڵەكە شانازی بەوەوەدەكەن كە بەرەنگاری تالیبان‌و سۆڤیەت بونەتەوەو تاڕادەیەك توانیویانە ئاشتی لە هەرێمەكەیاندا بەرقەراربكەن. سۆڤیەت پاشان تالیبان لە دۆڵەكەدا چەندین نەفەق هەن كە هەتائێستاش وەك پەناگەیەكی پتەو ماوەنەتەوە  بەرامبەر بە چەكی ئاسمانیی جگە لە سەختی ناوچەكە‌و بوونی شاخی بەرز‌و ئەشكەوت و روبارو بەوەش توانی بۆ ماوەی 10 ساڵ لەبەردەم داگیركاری یەكێتی سۆڤیەتدا خۆڕاگربێت‌و نەكەوێت. شارەزاو پرۆفیسۆری روسی مارگ گالیۆتی لە كتێبەكەیدا دەربارەی بەرگری شامەسعود لەم ناوچە ستراتیژیە بە رستەی " لە ئەفغانستان شێر ورچ ماڵی دەكات" وەسفیكردووە. لە ساڵی 1996 بۆ 2001 ئەحمەد شامەسعود فەرماندەیی ناوچەكەی كرد بۆ روبەڕوبونەوەی بزوتنەوەی تالیبان‌و سەرەڕای كۆنترۆڵكردنی هەموو ئەفغانستان تالیبان نەیتوانی  پەنجشیر كۆنترۆڵ بكات, لەو ماوەیەدا شامەسعود چەندین گروپی جیاوازی ئەفغانی كۆكردەوەو هاوپەیمانێتی باكوری وڵاتی دامەزراند كە باكور‌وو خۆرهەڵاتی وڵاتی كۆنترۆڵكرد. ئێستا كە بۆجاری دووەم تالیبان هەموو ویلایەتەكانی ئەفغانستانی داگیركردووە. كوڕەكەی ئەحمەد شامەسعود دەیەوێت سەركردایەتی ناوچەكە بكات‌و هاوشێوەی باوكی روبەڕووی تالیبان ببێتەوە بەڵام بە توانایەكی كەمتر لەوەی باوكی هەیبوو. لە ئەوپەڕی هەژمونیدا هاوپەیمانێتی باكور كە شامەسعود دایمەزراند نوێنەرایەتی زیاتر لە 30%ی دانیشتوانی وڵاتی دەكرد‌و خۆڕاگریو بەرگری لەدژی تالیبان بۆ چەندان ساڵ بووە هۆی سەرنجڕاكێشانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە دەستیكرد بە هاوكاریكردنی هێزەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی وڵات‌و روخاندنی دەسەڵاتی تالیبان دوای روداوەكانی 11ی سێپتەمبەری 2001 كە 3000 ئەمریكی بوونە قوربانی‌و رێكخراوی قاعیدە ئەنجامیدا. هەرچەندە بۆ چەندین دەیەیە ئەم ناوچەیە كۆنترۆڵكردنی لەلایەن هێزەكانی دەرەوەی زۆر سەخت بووە,  بەڵام ئێستا كە هەوڵدەدات جارێكی تر بەرگری دەستپێبكات بە هێزەكانی تالیبان گەمارۆدراوەو هەروەها پێشبینیش ناكرێت جارێكی تر ئەمریكاو روسیا وەك دوو زلهێزی جیهان دەستوەردان بكەن, بێجگە لە نزیكییان لە ئێرانییەكانەوە كە رۆژانی هاوپەیمانێتی باكوردا لەگەڵ بەرخۆدانی ناوچەكەدا بوون لەدژی تالیبان, ئەمەش بەو واتایە دێت كە سەرچاوەكانی هێزی بەدەرستی ئەحمەد مەسعود جیاوازترە لەوانەی كە لەبەردەستی باوكیدا بوون لە سەردەمی سۆڤیەت‌و تالیبانی پێشودا. ئەحمەد مەسعود لە وتارێكیدا كە نوسیویەتی دەڵێت:" چەندین ئەمبار چەكو تەقەمەنیمان هەیە كە لەسەرخۆو لەسەردەمی باوكمەوە كۆمان كردوەتەوە, چونكە دەمانزانی ئەو رۆژە دێت كە ئەگەر تالیبان هێرشی سەربازی بكات ئەوا هێزو پێداویستی لۆجیستی تەواومان نابێت و زۆر بەخێرایی دەتوێینەوە ئەگەر دۆستەكانمان لە خۆرئاوا بەبێ‌ دواكەوتن دەستی هاوكاریمان بۆ درێژنەكەن". هەتائێستا تالیبان هەوڵی نەداوە بچێتە بانشیرەوە, بەڵام لە هەموو لایەكەوە گەمارۆی داوە, ئایا ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێت "شێرەكان" دەستەمۆ بكات كە ورچە روسیەكە لە پێشودا نەیتوانی بیكات؟ چەندان نەوە تەنها جەنگیان بینیوە سنوری نوێی ئەفغانستان لە كۆتاییەكانی سەدەی 19دا كێشراوە لەو كاتەدا كە ركابەری لە نێوان ئیمپراتۆریەتی بەریتانی‌و و روسیای قەیسەری لە لوتەكەدا بوو, ئەفغانستانی نوێ بووە ناوچەیەكی جێ‌ ململانێ‌و ناكۆكیی ئایدیۆلۆجی‌و هەژمونی بازرگانی. لە چارەكی كۆتایی سەدەی بیستەمەدا ئەفغانستان بەدەست وێرانكاریی جەنگی ناوخۆوە دەیناڵاند كە بەهۆی داگیركردنی لەلایەن یەكێتی سۆڤیتەتەوە لە ساڵی 1979 بۆ 1989 زۆر زیاتر بوو. سیستمی كۆماری شیوعی ئەفغانستان لە 1989 تا 1992 خۆی راگرت بەرامبەر بەرهەڵستكارە ئیسلامییەكان. دوای حوكمڕانییەكی كورتی گروپە موجاهیدەكان بزوتنەوەی تالیبان دەركەوت دژی حزبە دەسەڵاتدارەكانی وڵات كە سەرەتا بریتی بوو لە گروپێك لە خوێندكاری ئاینی توندڕەو. تالیبان توانی بۆماوەی 5 ساڵ لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە, بەڵام بەهۆی داڵدەدانی چەكدارەكانی قاعیدەو ئوسامە بن لادنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێرشیكردە سەری و بۆماوەی 20 ساڵ شەڕی لەدژی چەكدارانی تالیبان‌و قاعیدە بەردەوام بوو بەڵام دواجار شەڕەكە بۆ كشانەوەی ئەمریكاو رادەستكردنەوەی دەسەڵات لە تالیبان كۆتایی پێهات.         و      لە (BBC)یەوە وەرگیراوە   


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) حیکایەتی گەڕاندنەوەی تاڵەبان بۆ حوکمڕانییکردنی ئەفگانستان ڕووداوێکە بە ھەموو مانایەک جیھانییە. چەندان گەمەکەری ناوەکیی و ئیقلیمیی و جیھانی لەو گەڕانەوەیەدا بەشدارن و  و چەندان سود و قازانج و دەسکەوتی ناوەکیی و دەرەکی جیاواز لەناویدا بەیەکدادەن. بەر لەوەی ھەموو وڵاتەکەیان بکەوێتە ژێردەست، ئەمریکا لە دانوساندابوو لەگەڵ تاڵەباندا. لە دانوسانەکەدا ئەمریکییەکان خەریکی ڕازیکردنی تاڵەبان و دەسەڵاتدارە فەرمەیەکەی ئەفگانستان بوون حکومەتێک نوێ پێکبھێنن تیایدا تاڵەبان زۆرینە پێکبھێنێت. ئەمەش وەک ھەنگاوێک بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگێک کە لە کۆتایی ھەفتاکانەوە لەو وڵاتەدا ھەڵگیرساوە و بەردەوامە. بەڵام خێرایی کەوتنی حکومەتەکەی ئەفگانستان سەرسوڕھێنەربوو، کە  حکومەتێکە  لە سەرجەمی جومگە سەرەکیی و ناسەرەکییەکانی حوکمڕانییەکەیدا بەشێوەیەکی ترسناک و تاسەر ئێسقان گەندەڵە. ئەوەی بینیمان ئاشبەتاڵکردنی تەواوی ھێزە سەربازیی و ئەمنییەکان بوو، کە جگە لە  ئەمریکییەکان و ئەوروپەیەکان، بڕێکی بەرچاوی کۆمەڵگای ئەفگانیی خۆشی تووشی شۆک کرد.  ئەوەی ئەمریکا و ھێزە ئەوروپییەکان تیایدا فەشەلیان ھێنا دروستکردنی ئەو بوونەوەرە سیاسییەیە کە دوو سەدەیە ناوی ”دەوڵەت نەتەوە“ یان ”دەوڵەتی نەتەوە“ی لێنراوە. دامەزراندنی دەوڵەتێکی ھاوبەش بۆ نەتەوەیەک بە لانی ھەرەکەمی ئامێزانبوونی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەوە، دەوڵەتێکی جێگیر کە تەعبیر لە ”ئیرادەی گشتیی“ نەتەوەیەکی جێگیر بکات و بتوانێت وەک ”چوارچێوەیەکی گشتیی“ کۆبوونەوەی پێکھاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە، دەستبەکاربێت. ھەروەھا دەوڵەتێک کاری سەرەکیی و ژمارە یەکی دروستکردنی ”ھاوڵاتیی یەکسان“ و ”خاوەن ماف“ و ”بەرپرسیار“ بێت لەو وڵاتەدا. ھاوڵاتییەک ”پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی“ بە خۆی و بەوانیترەوە گرێیبدات و ئەوە نیشانبدات خواست و ویست و ئارەزووی پێکەوەژیانیانێکی ێارام و ماناداریان ھەیە. ئەم فەشەلە تەنھا فەشەلی ئەمریکیەکان و ئەوروپییەکان نەبووە و نییە لە ئەفگانستاندا، بەڵکو فەشەلی بەشێکی بەرچاوی میلەتانی ئەو ناوچەیە و ئەو ھێزە سیاسیی و ئایدیۆلۆژیانەیە کە ماوەی سەدەیەکە لەناو مێژووی ئەو میلەتاندا دەستبەکارن، لە کۆمۆنیست و ناسیۆنالیست و ھێزە عەلمانییەکانەوە بیگرە بۆ ھێزە ئیسلامییە جۆربەجۆر و فرەمەشرەبەکان. لەئێستادا ئێمە ئەم فەشەلە لە بەشێکی گەورەی ناوچەکەدا ئامادەیە، ھەرکەسێک سەیرێکی خێرایدۆخی  سوریا و یەمەن و  لیبیا و عێراق و لوبنان و بەحرێن  و ئێران و تورکیا بکات، بە ئاسانی ئەم ڕاستییە سادەیەی، لە چەندان فۆرم و ئاست و ڕادە و پلەی جیاوازدا بۆ دەردەکەوێت.  پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە بۆچی دەوڵەتێکی جێگیر و کارکەر و لەلایەن ھەمووانەوە وەک چوارچێویەکی گشتیی قبووڵکراو، دروستنەبووە و دروستنابێت؟ بۆچی ”ھاوڵاتیبوون“ نابێت بە پرۆژەی سەرەکیی ناو ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئەو وڵاتە؟ چی وادەکات ھێزە جیاوازەکانی ناو ئەو وڵاتە و دراوسێکانیشی لە دۆخی گەڕانەوەیەکی بەردەوامدابن بۆ شوناسە ناوچەیی و دینیی و ئەتنییەکان؟ بۆ شتێک بەناوی ”نەتەوەیەکی سیاسیی“ ھاوبەشەوە دروستنابێت کە بە ھەمووان شتێک لە شوناس و شتێک لە متمانە و شتێک لە چاوەڕوانی پۆزەتیڤ و شتێک لە کەرامەت ببەخشێت؟  ھەندێک کەس وەڵامێکی ئاسان و سادە بەم پرسیارانە ئەدەنەوە و دەڵێن خەتاکە خەتای کولتورە، ئەوە کولتوریی ئەو وڵاتەیە ناھێڵێت ئەو نەتەوە سیاسیە دروستببێت. لەو وڵاتەدا کولتوی قبووڵکرن و ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی مەرکەزیی بوونیی نییە، لەباتی ئەمە کولتوری ھەرکەس بۆ خۆی و ھەرکەس حاکمی خۆی باڵادەستە.  خەڵکی ئەو وڵاتە شتێک بەناوی دەوڵەتەوە ناناسن و قبووڵناکەن.  ئەم لێکدانەوە کولتورییە تەواو پڕکێشە و ئیشکالییە، نەک تەنھا بۆ دۆخی ئەفگانستان بەڵکو بۆ بەشێکی زۆر ناوچەکە. بە بۆچونی من ئەوەی، بە پلەی یەکەم، ڕێگرە لە دروستبوونی نەتەوە و ھاوڵاتیی و پەیمانی کۆمەڵایەتیی کولتور نییە، بەڵکو خودی دەوڵەت خۆیەتی. مۆدێلێک لە دەوڵەت کە تەواو پیسخۆرە و گەندەڵیی جەوھەری حوکمڕانییەکەی و لۆژیکی ئیشکردنی دەزگاکانی ئاراستەدەکات. گەندەڵییەکی سیستماتیک و ئامادە لەھەموو ئاستەکاندا، لە سەرۆک و حوکمڕانانی وڵاتەکەوە بۆ فەرمانبەرانی ڕێزەکانی خوارەوە. دەوڵەت لەم دۆخانەدا لەوەدەکەوێت ھاوبەشێکی یاسایی و دەزگایی و ئەخلاقیی بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ دەغیلەیەکی کونکراو ھەر کەس لە ھەوڵی ئەوەدابێت زۆرترین پارەی لێدەربھێنێت. ئارنست گیڵنەر کە باس لە پرۆسەی دروستکردنی نەتەوە دەکات، باس لە ساتەوەختێکی ھێجگار دەکات کە بە ”ساتەوەختی یەکسانی“، لحڤە المساواە ، egalitarian moment، ناویدەبات. دەوڵەت بۆئەوەی ببێت بە دەوڵەتی نەتەوە پێویستی بە دروستکردنی ئەو ساختەوەختە یەککسانە و بەردەوامیدانە پێی. ساتەوەختێک تیایدا دەوڵەت ھەمووان وەک ھاوڵاتی یەکسان دەبینێت و مامەڵەدەکات و دەزگاکانی دەوڵەت دەبنە پیادەکەری ئەم لۆژیکە تایبەتە. بەڵام کەی دەوڵەت چینێکی حوکمڕانیی گەندەڵی دروستکرد و لۆژیکی گەندەڵیی بوو بە لۆژیکی حوکمڕانیکردنەکە، ئەودەم ھەمووشتێک لە وڵاتەکەدا ئەگۆڕێت بۆ کاڵایەکی قابیلی کڕین و فرۆشتن، لە دەزگاکانی دەوڵەت خۆیەوە بۆ ئینتیما و ویژدان و خواست و زمان و چاوەڕوانیی و تەفسیرکردنی کەسەکان بۆ دونیا.  دەوڵەت کە ھێزی گەندەڵ و خێزانی گەندەڵ و بنەماڵەی دەسەڵاتداری گەندەڵ و سوپای گەندەڵ و سەرکردەی سیاسیی گەندەڵ و بیرۆکراسیەتی گەندەڵی دروستکرد، ھەرچیەکی بۆ دروستبکرێت نەتەوەیەکی سیاسیی خاوەن متمانەی بۆ دروستناکرێت.  


شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو)  ئەم هەفتەیە، هەفتەی یەکلاکردنەوەی کابینەی پێشنیارکراوی ئیبراهیم ڕەئیسییە لە پەرلەمانی ئێران،  کە دەکاتە کابینەی سێنزەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لیستی کابینەکەیدا ١٩ وەزیری پێشنیار کردووە، ئەوەی تێبینی دەکرێت، کابینەکە بە بێڕەچاوکردنی ڕەوتە دیارە سیاسییەکان و حزبەکان  دەستنیشانکراوە، بەڵام لەولاوە لە بری کرانەوەی زیاتر و سوودوەرگرتن لە توانامرۆییەکانی نێو ئێران، بە ثێجەوانەوە زۆرترن هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی خۆیی و خزمەکان و پشتیوانە سوپاییەکانی و باندە قوڵەکانی نێو ئابووری دەولەتی لەخۆگرتووە. زۆرینەی وەزیرانی پێشنیارکراو، زۆرینەی وەزیرەکان لەو نەوەیەن کە وەک خودی ئیبراهیم ڕەئیسی، پەروەردەکراوی نێو شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانن، لەڕووی ئەزموون و بیرکردنەوە و رەفتارییانەوە. ئەمانە نەوەیەکن کە لەسەردەمی جەنگی هەشتساڵەی ئێران-عێراقدا لەڕووی سیاسییەوە دەرکەوتن و دەستیان کردە چالاکیی جۆراوجۆر، زۆرینەشیان لە برغووی سەرەکی ماشینی بناژۆخوازەکانن و بەشێکیشیان لە موحافیزکارە مەزهەبیی و ڕسطڕەوەکانی نێو پرۆسەی سیاسیی ئێرانن و وابەستەن بەو کەسایەتی و باڵە پڕهەژموونانەی کە جەمسەربەندی ململانێکانی نێو شیرازەی سیاسیی پێکدەهێنن، واتە کەمتر لەسەر بنەمای تەکنۆکرات و لێهاتوویی دەست نیشان کراوون، بەڵکو زیاتر وەک وەلا و دڵسۆزی بۆ بنەماکانی شۆڕش و  مەزهەب و بناژۆخوازیی شانسی وەزیربوونیان دەستخستووە، نەک پێشینەی ئەزموونی و لێهاتوویی. تێبینیی گشتی ڕۆژی شەممە 21/8/2021 لە وتاری دەسپێکی خستەنەڕووی وەزیرە پێشنیارکراوەکان و بەرگریکردن لێیان، ئیبراهیم ڕەئیسی جەختی لەسەر چەند کلیلەوشەیەک کردەوە کە بەو کلیلانە وەزیرەکانی پێ هەڵبژاردووە و پیوەری بوون: حکومەتێکی شۆڕشگێڕ، خەڵک¬تەوەر، دژەگەندەڵ و گەنج، هەروەها جەختیشی کردەوە لەسەر دوو خاڵ بەرنامەی کاری خۆی بەڕێوە دەبات: یەکەم پابەندی بە ڕێنماییەکانی ڕێبەری کۆمار و  هەنگاوی دووەمی شۆڕش(هەنگاوی دووەمی شۆڕش، ڕێبەری باڵای ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر لە یادی چلساڵەی شۆڕشدا ناوی نا و مەبەست لێی قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئێرانە کە ئەرکی "هەناردەکردنی زیاتری شۆڕش و بەرگری ئەبەدیی لە شۆڕشە و بەرامبەر وەستانە دژی ئیستیکباری ئەمریکا و ڕۆژئاوا). بەڵام کاتێک دیققەت لە کابینەکە دەدەین، ئەوا نەک ئەو پیوەرانەی کە خۆی لەوتاری پێشکەشکردنەکەدا خستنیەڕوو، لەبەرچاو نەگیراون، بەڵکو زۆر حزب و ئاراستەی نێو شیرازە و رەوتەکانیش پەراوێز خراون، سێ رەخنەی توند لە کابینەکەی ڕەئیسی دەگیرێن کە جێگەی سەرنجن: ١. وەک کابینەکانی پێشتر نوێنەری پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی تێدا نییە، بۆ یەکەمییان کەمتەرخەمی و بێمتمانەیی ڕەئیسی دەردەخات و بۆ دووەمیان بەپێی دەستووری ئێران، ڕێگە نادرێت هیچ وەزیرێکی سوننی یان هەر  مەزهەبێکی دیکە جگە لە دوانزەئیمامی شیعە بێتەسەرکار، تا هەنووکە وابووە و لەمەودواش سەختە ئەو ڕەوتە بەردەوام نەبێت. ٢. وەک کابینەکەی ڕۆحانی، ڕەئیسیش هیچ ژنێکی کاندید نەکردووە و وادیارە کابینەیەکی پیاوانە دەردەچێت. ٣. وەزیرەکانی لە پێڕی بناژۆخوازانی دروشمگەرا و بەهایی (ارزشی) دەستنیشان کردووە، کە ئەمەش بۆ خۆی پەراوێز خستنی ستوونی باڵ و ئاراستەکانی دیکە و پێچەوانەی دروشمەکانی خۆیەتی. کەواتە کابینەی خەڵکی کامیە و  خەڵک کێیە؟ یەکێک لە پێوەرەکانی رەئیسی لە وتارکەیدا، خەڵکییبوون-ی کابینەکەیەتی، بەڵام وەک خرایەڕوو و وردەکارییەکەشی پاشتر دێت، زۆر توێژ و پێکهاتە و ئاراستەی سیاسیی ونەتەوەیی و مەزهەبی فەرامۆش کراوون. کەواتە خەڵک لە دیدی ئەودا کێیە؟ زۆرێک لەڕەخنەگران لەوباوەڕەدان کە خەڵک لە دیدی ڕەئیسیدا، تەنها  ئەوانە دەگرێتەوە کە لە نوێژی هەیتنید و ڕێپێوانە مەزهەبییەکان و مەراسیمەکاندا بەشدارن و هەواداری دەوڵەتی ئیسلامین. بۆیە دیسانەوە، ئەم کابینەیە ناتوانێت دڵی خەڵک کە تینووی خزمەتگوزاری، چاککردنی بژێوی و ئازادیی یەکسان بۆ هەمووان  دەستەبەر بکات. ئاراستەکانی نێو کابینە دەکرێت بەگشتی وەزیرانی پێشنیارکراو بەسەر سێ دەستەدا دابەش بکرێن: ١. نزیکان و  دڵپەسەندانی پێشتری ئەحمەدی نەژاد و کابینەکەی دەگرێتەوە: ئەمەش وەک رەخنە ئاراستەی ڕەئیسی دەکرێت کە گەرچی ئەحمەدی نەژاد خۆی لە دەسەڵات و کاریگەریی لەسەر جومگەکانی حوکم دوورخراوەتەوە، بەڵام میرات و دیدگاکانی دیارە هەر دڵپەسەندی ڕەئیسین  و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە سەردەمی جیاکاریی و سنووردارکردنی ئازادییەکان و دژە ئەورووپایی و ئەمریکایی هەر لەلوتکەدا دەمێنێتەوە کە بەشێکی گرفتەکانی سیاسەت و دۆخی ئابووریی ئێران بەهۆی ئەم دیدگا داخراوانەوەیە.  لە نموونەی وەزیرەکانی نزیک لە ئەحمەدی نەژادەوە دەکرێت ناوی ئەمانە بهێنرێت: محرابیان(وزە)، سەجادی (وەرزش)، ئەحمەد وەحیدی (ناوخۆ)، زەرغامی (میراتی کولتووری) ، عەبدوڵاهیان (دەرەوە)، ڕۆستەم قاسمی (ڕێگاوبان و شارسازی) ، لە لیستی رەشی گەمارۆکانی ئەمریکادایە، وەزیری پێشووی نەوتی سەردەمی ئەحمەدی نەژاد بوو، ناسراوە بە پێچپێلێدانی گەمارۆکان و سپیکردنەوە و شکاندنی گەمارۆکان بە ڕێگەی جۆراوجۆر لەدەرەوەی ئێران، جەوادی ئوجی-ش دیسانەوە هەر  لە نزیکانی کابینەکەی نەژاد بوو (وەک وەزیری نەوت دیاری کراوە)، ئەوکات ڕۆستەمی قاسمی کە وەزیری نەوت بوو،  بە بەرپرسی گواستنەوەی زێڕ بۆ وڵاتە دراوسێکان و پێچپێلێدانی گەمارۆکان لەسەر ئێران و هاوردەکردنی کاڵا و شمەک بە ڕێگای ناباو و قاچاخ. عیسا زارع پوور (وەزارەتی پەیوەندییەکان) کە لەسەردەمی ئەحمەدی نەژاددا چەندین پۆستی باڵای جیاجیای وەرگرتووە. ٢. هاوڕێیانی کار کە پێشتر بەجۆرێک لە جۆرەکان لە تیمی کاری خودی ئیبراهیم ڕەئیسی یاخود لە خزمانی خۆی لەقەڵەم دەدرێن: خەتیب (وەزیری ئیتڵاعات) و ئەندامی سوپا، سەرۆکی دەزگای پاراستن و ئیتلاعاتی دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکی دەزگای پارێزگاری مەزاری قودسی ڕەزەوی بووە، حسەینی رەحیمی (وەزارەتی داد)،  باغگولی (وەزارەتی پەروەردە) لە تیمی کاری پێشتری رەئیسی لە مەزارگەی قودسی رەزەوی مەشهەد، ڕەزا فاتمی ئەمین وەزارەتی پیشەسازی و کانەکان و بازرگانی (صمت). ٣. وەزیرەکانی دیکەن، کە زیاتر ئەزموونی زانکۆیی و سەنتەرەکانی توێژینەوە و راوێژکارییان هەیە، کە ئەمانیش لەدەستەبەندی سیاسیی و جەمسەربەندی رەوتەکاندا، دیسانەوە پابەندی گروپی بناژۆخوازانن. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە بناژۆخوازان، بەهێزترین وەزیر کە ئەگەری پەسەندکردنی هەیە، ئەمیر عەبدوڵاهیانی یاریدەدەری پێشووی جەواد زەریفە و پەسەندکردنی تاڕادەیەک یەکلابووەتەوە، ئەگەرچی عەبدوڵاهیان پێنج ساڵ لەمەوبەر لەلایەن جەواد زەریفەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە. هەرچەند بە ئەگەری زۆر زۆرینەی ڕەهای وەزیرەکان ڕای پەسەندکردن وەردەگرن، چونکە ڕەوتی زاڵی نێو پەرلەمان هەر هەمان ڕەوتە کە جادە و پیداویستی بۆ ئیبراهیم رەئیسی تەخت کرد تا بێڕکابەرێکی ڕاستەقینە هەڵبژاردنەکان بباتەوە.  بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران  ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (15): سەردەمی ڕەئیسی؛  هەنگاوی دووەمی شۆڕش یان دبلۆماسییەتی کراوە  


شیكاری: درەو لە  پاڵ عێراق و ئەفغانستان، لە هەرێمی كوردستانیش، هێزی سەربازی لەدەستی حزب و بەپرس و گروپە جیاوازەكاندایە،زۆرترین بندیوارو گەندەڵی لە سلكی سەربازیدا دەكرێت، بەڵام لە هەر روداوو گۆڕانكارییەكدا ئەو هێزانە كە پڕچەك و زەبەلاحن بەرگە ناگرن و هەرەس دە‌هێنن، سوپای عێراق لە 6ی حوزەیران كاتی هاتنی داعش و پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەر كاتی هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای ئەفغانستان لە 15ی ئاب كاتی هاتنی تاڵیباندا. عێراق و ئەفغانستان  عێراق و ئەفغانستان ئەو دوو دەوڵەتەی زۆربەی جار پێکەوە ناویان دێت، بەتایبەتی لە دوای ڕوداوەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی (2001)، پاشان داگیرکردنی هەردوو وڵات لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە ساڵەکانی (2001) و (2003)ەوە.  لەماوەی نزیکەی 20 ساڵی ڕابردوودا ئەم دوو دەوڵەتە سەقامگییریان بەخۆە نەدیوە، گەندەڵی هەمەلایەنە هەردوو وڵاتی تەنیوە، بە تایبەتی لە دامەزراوەی سوپادا، بەجۆرێک بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی (2020) هەردوو دەوڵەت پلەکانی (16 و 17)ی گەندەڵترین دەوڵەتانی دنیایان گرتووە، وەک ئەوەی دوو دەوڵەتی کۆپی یەکتربن لە سەر دوو زەمینی جیاواز. ئەگەر چی کەوتنی حکومەتی ئەفغانستان تا ڕادەیەک چاوەڕوان کراو بوو، بەتایبەتی لە دوای بڕیاردان لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە لە تەممووزی (2021). ئەمەش لەدوای ئەوە هات جۆ بایدن ئیدارەی سەرۆکایەتی ئەمریکای گرتە دەست، دواتریش دەستکردنی بە گفتوگۆ و دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی گەورەی تاڵیبان لە ساڵی (2020) کە چەندین گەڕی دانیشتنیان لە قەتەر بەڕێوەبرد، ئەوە دوای هات ئەمەریكا سەدان ملیار دۆلار خەرجی و بەکوشتدانی هەزاران سەرباز و کوژرانی (38) هەزار مەدەنی و درێژە کێشانی نزیکەی بیست ساڵ جەنگ هات.  لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر یەک لە هۆکارە دیارەکانی کەوتنی خێرای حکومەتی ئەفغانستان کە "گەندەڵییە لە کەرتی سوپا"ی ئەو وڵاتەدا، دوای ئەویش بەراوردی هەمان ئەو مۆدێلە لە "گەندەڵی کەرتی سوپای عێراق"دا دەکەین. گەندەڵی لە نێو سوپای ئەفغانستان (هێزەکانی بەرگری و ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان) زۆربەی چاودێران و گۆڤار و ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان کەوتنی خێرای حکومەتی ئەفغانستان و بەدەستەوەدانی وڵاتەکە بە بزوتنەوەی تاڵیبان، دەگەڕێننەوە بۆ چەند هۆکارێک کە بەهێزترینیان "گەندەڵی"ییەو بە تایبەتیش "گەندەڵی لە نێو سوپا"دا، لە کاتێکدا سەرچاوەکان ئەوە پشت ڕاست دەکەنەوە کە ژمارەی سوپای ئەفغانستان زیاتر لە سێ ئەوەندەی هێزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان بووە کە نزیکەی (60) هەزار چەکدارن، هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەدەن کە ژمارەی سوپاکە هی بەراوردکردن نییەوە پێنج هێندەی ژمارەی چەکدارەکانی تاڵیبانی تێپەڕاندووە. لە ڕووی ڕاهێنان و پڕ چەککردنیشەوە دابینکردنی خەرجییەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایکردووە، کۆی خەرجییەکان لە ئەفغانستان لە ماوەی ساڵی 2001 تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵی 2019 گەیشتوەتە (778) ملیار دۆلاری ئەمریکی، کە خەرجکراوە بۆ ڕاهێنانی نزیکەی (250) هەزار سەربازی ئەفغانی لەلایەن ئەمریکاوە. رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئەوەشی ئاشکراکردووە سوپای ئەفغانستان خاوەنی (145) فڕۆکەی هەمەجۆر و (21) هێلیکۆپتەر و (23) هەزار ئۆتۆمبێلی جیاوازی سەربازیی بووە. هاوکات بەپێی زانیارییەکانی گۆڤاری "گڵۆباڵ فایەرپاوەر" کە تایبەتە بە کاروباری سەربازی ریزبەندی (75) ی لەسەر ئاستی جیهاندا بە سوپای ئەو وڵاتە داوە، لە رووی توانای سەربازیی و شەڕکەرییەوە. رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز هۆکارە سەرەکیەکانی کەوتنی سوپاو بەرگری نەکردنی لە خاکی وڵاتەکە کە تاکە ئەرکی ئەوە ئاشکرا کردووە، بەپێی ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتە گەندەڵی لە نێو دامەزراوەکانی سوپا و هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی لەناوچە دورەدەستەکان هۆکاربووە بۆئەوەی لە سەرەتای هێرشەکانی تاڵیباندا سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە بەرامبەر پاراستنی گیانیاندا ئامادەبن چەکەکانیان رادەستی چەکدارانی تاڵیبان بکەن، چونکە ئەو هێزانە نەک پاڵپشتی سەربازی تەنانەت خۆراکی پێوستیشان پێنەدراوەو لە هەندێک لە سەنگەرەکانی شەڕدا سەربازەکان زیاتر لە هەفتەیەک تەنها پەتاتەیان خواردووە. عەبدولحەلیم کە فەرماندەیەکی هێزە تایبەتەکانی ئەفغانستانە بە رۆژنامەکەی وتووە، یەکەکەی کە دەبوو 30 ئەندام بن، تەنیا 15 کەسیان ماوەتەوە، ئەو بە پەیامنێری رۆژنامەکەی وتووە "پەتاتەی سوورکراوە ناتوانێت دەستەبەری بەرگریکردنمان بەرامبەر تاڵیبان بۆ دابین بکات". رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باس لە دیاردەی ئاشکرای ژمارەی بندیوار دەکات لە نێو کەرتی چەکداری ئەو وڵاتەدا، بەشێک لە کەوتنی خێرای وڵاتەکەش بۆ ئەوە هۆکارە دەگێڕیتەوە، کە بەپێی بەڵگە نامە فەرمییەکان حکومەتی ئەو وڵاتە خاوەن (300) هەزار سەربازی موچەخۆر بووە، بەڵام ژمارەی ڕاستەقینەی سوپاکە زۆر لەوە کەمتر بووە لەم کۆتاییانەدا دەرکەوتووە کە (50) هەزار سەربازی تێنەپەڕاندووە.  جگە لە ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" گۆڤاری "فۆرێن پۆڵسی" ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژە دەکات بەوەی گەندەڵی هۆکاری شکستهێنانی سوپای ئەفغانستان بوو لە شەڕی دژ بە چەکدارانی تاڵیباندا. گۆڤارەکە ئاماژەی بەوە داوە، کاتێک پرسیار لە بەرپرسانی ئێستا و رابردووی ئەمریکا و شرۆڤەکاران و شارەزایان دەکرێت کە هۆکارچییە سوپای ئەفغانستان نەیتوانی شەڕی تاڵیبان بکات لە ڕۆژانەی دواییدا؟ ئەوان لە وەڵامدا دەڵێن؛ "گەندەڵی... نهێنی ئەو دیمەنە کارەساتبارەیە، کەبووە بەهۆی لەدەستدانی تواناو لێهاتووی سوپاو دواجاریش بووە بە هۆکاری ئەو داڕوخانە گەورەیەی توشی سوپای وڵاتەکە بوو بەرامبەر چەکدارانی تاڵیبان لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا. گۆڤارەکە ئاماژە بەوە دەدات کە پارەیە نەگەیشتووەتە دەست کەسانی شیاو لە سوپای ئەفغانستان. گۆڤاری "فۆرێن پۆڵسی"  نمونەی ئەوەی هێناوەتەوە کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەفغانستان بە میدیاکارانیان وتووە کە 160 فڕۆکەی جەنگی وڵاتەکە لەکارکەوتوون و چاکنەکراونەتەوە و ئەوەش توانای هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی لە دژی تاڵیبان بەتەواوی لاوازکردووە. گەندەڵی لە عێراق و ئەفغانستان بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، عێراق لەپێشەوەی ڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵە لە گەندەڵیدا لەدوای ئەفغانستانەوە دێت، لەسەر ئاستی جیهان لەکۆی (١٨٠) وڵات، عێراق رانکی (160)پێدراوەو لە پلەی (١٧)یەمی وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە، لە كۆی (100) نمرەی پێوەری رێكخراوەكە تەنها (٢١) نمرەی پێدراوە.   هەر بەپێی بەپێی ڕاپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ئەفغانستان لە ڕیزبەندی وڵاتانی گەندەڵدا لە پێش عێراقەوەیەو لەسەر ئاستی جیهان لەکۆی (١٨٠) وڵات، رانکی (165)پێدراوەو لە پلەی (16)یەمی وڵاتانی گەندەڵی جیهاندایە، لەكۆی (100) نمرەی پێوەری رێكخراوەكە تەنها (19) نمرەی پێدراوە.     گەندەڵی لەنێو سوپای عێراقدا ئەگەرچی گەندەڵی لە عێراقدا زۆربەی کەرتەکانی (ئابوری، بازرگانی، وزەکانی (نەوت و گاز و کارەبا) سیاسی، یاسایی، کشتوکاڵ، پەروەردە، تەندروستی، فەرهەنگ... تاد) گرتووەتەوە، بەڵام کەرتی سەربازی یەکێکە لەو کەرتانەی گەندەڵی گەورەی تێدایە کراوەو ئێستاش بەردەوامە لە بوارەکانی گرێبەستەکانی کڕینی چەک و بودجەو موچەو شێوازی ئیدارەدان و بەخشینەوەی پلەو پۆست و بەرتیل تادەگات بە بندیوار و دروستکردنی میلیشیاو...هتد بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان کە لە تەمموزی 2021 بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانی "گەندەڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان (پێناس و فۆرم و شێواز، لێکەوتە و چارەسەر)" "گەیلان عەباس" ئامادەی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە؛ گەندەڵی زۆربەی سێکتەرو کەرتەکانی عێراقی گرتوەتەوە، بەپێی داتاو ئامارە کۆکراوەکان، قەبارەی گەندەڵی عێراق لە ساڵی 2003ەوە، زیاتر لە400 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە. لەبارەی فەرمانبەرانی بندیوار، لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2014، (حەیدەر عەبادی)، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق رایگەیاند: "تەنیا لە وەزارەتی بەرگریی عێراقدا، (٥٠) هەزار فەرمانبەری سەربازی بندیوار هەن، کە موچە نایاسایی وەردەگرن". لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەش داوە (عەلی عەللاوی) وەزیری دارایی عێراق، رۆژی 19ی شوباتی ٢٠٢٠، لە راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانیدا رایگەیاندوە :"عێراق خاوەنی 300 هەزار موچەخۆری بندیوارە. بندیوارەکان لە بنەمادا بونیان نییە، بەڵام پۆستی حکومی بەناوی وەهمی و کەسانی نەبو دانراوە و موچەکە کەسانی دەستڕۆیشتو وەریدەگرن".  بەڵام بەپێی راپۆرتی میدیاکانی عێراق 650 هەزار بندیوار لەدامەزراوەکانی حکومەتی عێراق هەن. زۆرترین بندیوارەکانیش لە وەزارەتە سەربازییەکانی وەک بەرگری و ناوخۆو دامودەزگاکانی ئەو دو وەزارەتەدان. هەر تایبەت بەم پرسە، (فایەق شێخ عەلی)، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 25ی ئایاری ٢٠٢٠، لە تویتێکدا، دەڵێت:"لەنێو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا، کە موچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەدرێت، 82 هەزار بندیوار هەن. چونکە ژمارەی راستەقینەی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی 48 هەزار کەسە، بەڵام سەرکردەکانی ئەو هێزە مووچەی 130 هەزار چەکدار لە حکومەت وەردەگرن".  لە لێکۆڵینەوەکەدا ئەوەش هاتووە بەگوێرەی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١، بری ٢.٤ ترلیۆن دینار، وەک بودجە و خەرجی بۆ حەشدی شەعبی تەرخانکراوە، ئەمەش زیاترە لەبودجەی تەرخانکراو بۆ شەش وەزارەتی حکومەتی عێراق، کە بەشێکیان وەزارەتی خزمەتگوزارین، ئەوانەش بریتین لەوەزارەتەکانی (داد، دەرەوە، پەروەردە، ڕۆشنبیری، سەرچاوەکانی ئاو، پلاندانان و گواستنەوە). هاوکات بودجەکەیان کەمێک کەمترە لە بودجەی وەزارەتی تەندروستی، نزیکیشیە لە بودجەی تەرخانکراو بۆ پارێزگای بەغدا، زیاتریشە لە بودجەی پارێزگاکانی (نەینەوا، زیقار، نەجەف، دیوانیە) پێکەوە.  تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە یەکێکی دیکە لە بوارەکانی ئەنجامدانی گەندەڵی لەعێراق، بریتییە لە گەندەڵی لە دەروازە سنورییەکان، عێراق 22 دەروازەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەیە ژمارەیەک لەو دەروازانە لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە حەشدی شەعبین. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی عێراق، داهاتی خاڵە سنورییەکانی عێراق لەدۆخی ئاسایدا (٦) ملیار دۆلاری ساڵانەیە، بەڵام لەو بڕە ئەوەی دەگەرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، کەمترە لە (1) ملیار دۆلار. ڕاپۆتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی جەزیرەش، بەناونیشانی "دەوڵەتی عێراق لە ئاڵنگاری هێز و هەیمەنەی دەوڵەتی هاوتەریب"دا کە توێژەری عێراقی (رائد حامد) نوسیویەتی، ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی حەشدی شەعبی ئەگەرچی بەپێی یاسا بەشێکن لە سیستمی بەرگری عێراق، بەڵام زیاتر وەلائیان بۆ ئێران و ڕابەری شوڕشی ئیسلامی ئەو وڵاتە هەیە تا دەوڵەتی عێراق. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە دەستەی حەشدی شەعبی زیاتر لە (164) هەزار سەربازن و (110) هەزاریان دابەشبوون بەسەر (67) فەسیلی (شیعە مەزهەب)دا کە (44) فەسیلیان بەیعەتیان بە ڕابەری باڵای ئێران (عەلی خامنەئی) داوە، (9) فەسیلیشیان حەشدی عەشائیری (سونە مەزهەبن) و (40-50) هەزار چەکداریان هەیە. (9) فەسیلیشیان کە کەمتر لە (10) هەزار چەکدارن لە پێکهاتە دیکەی عێراقن. ئەم وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا جگە لەوەی خاوەن سەرمایەو ئابورییەکی گەورەن، خاوەن چەک تفاقی جەنگی زۆریشن لە چەکی قورس و سوکی ئێرانی و ڕوسی. هێزی سەربازی لە هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستان  هێزی سەربازی سەرەرای ئەوەی دابەشبووە بەسەر هەردوو حزبی باڵا دەست ( یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) لەناو حزبەكانیشدا دابەشبووە بەسەر كارەكتەرە سیاسییە باڵا دەستەكاندا. لە كۆی ( ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆر ( 432 هەزار)ی لە سلكی سەربازیدایە بەرێژەی (34%)  لە كۆی ( 894 ملیار) دیناری موچەی مانگێكی موچەخۆرانی هەرێم  (433 ملیار) دیناری بۆ سلكی سەربازی دەڕوات، ئەمە سەرەرای مانگانە (25 ملیار) دیناری هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە. هێزە هەمە چەشنەكان: هێزی پێشمەرگە: -    هێزەكانی 70ی یەكێتی -    هێزەكانی 80ی پارتی -    هێزی پشتیوانی یەكی پارتی -    هێزی پشتیوانی دوو یەكێتی -    هێزی بەرگری فراكەوتنی یەكێتی -    هێزی زێرەڤانی پارتی  -    ئاساییشی یەكێتی  -    ئاساییشی پارتی -    لیوای نەوت و غاز ( یەكێتی) -    لیوای نەوت و غاز ( پارتی) -    لیوای سكرتاریەتی یەكێتی -    لیوای سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی پارتی  -    لیوای تایبەتی جەعفەر شێخ مستەفا یەكێتی  -    لیوا تایبەتەکانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی  بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانە، بەڵام هێزەكان لە هەرێمی كوردستان یەك دەست نیەو لەدەستی سەرۆكی هەرێمدا نیە، بەڵكو دابەشبوون بەسەر یەكێتی و پارتیدا و لەناو یەكێتی و پارتیش دابەش بوون بەسەر بەرپرسە حزبیەكاندا. چەندین جار ئەمریكا و هاوپەیمانان داوای یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیان كردووە، مەرجی هاوكارییان بەستووەتەوە بە یەكخستنی هێزی پێشمەرگە، بەڵام بەهۆی نەبوونی متمانە بە حكومەت بونی گەندەڵی زۆر لە سلكی سەربازیدا هێشتا ئەو هێزانە لەدەستی حزب و بەرپرسە حزبیەكاندان و یەكنەخراون .   رۆژی 21ی تەموزی 2020 بەریتانیا راپۆرتێكی لەبارەی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاڕاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و هاوسەرۆكەكانی یەكێتی‌و سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت‌و هەردوو وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە كردووە. بەریتانییەكان لەبارەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ" یەكێك لە كێشە گەورەو ئاڵۆزەكان، موچەو شایستەكان‌و ڕاژەو خانەنشینیە، گرفتی بوونی سەربازی تارمایی (بندیوار) مەسەلەیەكە لێی تێدەگەین. رەفتاری گەندەڵی هەندێ لە ئەفسەرە باڵاكان كارێكی دیارە، لەگەڵ هەندێ راپۆرت كە ئاماژە بە بوونی موچە‌و مافی ساختەی دیكە دەكەن". راپۆرتەكە، بەچەند خاڵێكی تر گوزارشتی لە دۆخی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە‌و دەڵێ: •    ئەو هێزانەی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەكات، هێشتا پەتای كاریگەری سیاسی پارتەكانیان لەسەرە. •    لكاندنی هێزەكانی 70و 80 بە وەزارەتی پێشمەرگەوە، ئەوە ناگەیەنێت كە ئەم هێزانە كاریگەری پارتە سیاسییەكانیان لەسەر لا دەچێت. ئەم كاریگەرییە رەوایەتی هێزی پیشمەرگە كەمدەكاتەوەو رێگرە لە هەوڵەكان بۆ چاكسازی‌و یارمەتی تەشەنەسەندنی گەندەڵی‌و مەحسوبیەت دەدات. •    لەناو سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەدا، ئەندامبوون لە یەكێتی یان پارتی ئیلزامییە یاخود پێویستە، ئەگەر كەسێك بیەوێت پلەكەی بەرز بێتەوە، (هەرچەندە وا راپۆرتكراوە كە رێژەیەكی بەرچاو لەوان دەنگیان بۆ هیچ لەم پارتانە نەداوە). •    لە زۆربەی سوپا پیشەییەكاندا، ئەندامبوون لە پارتی سیاسی رێگەپێدراودا، مافی هەموو ئەندامانە، بەمەرجێك ناكۆك نەبێت لەگەڵ ئەنجامدانی ئەركەكانی سوپا. بەشێویەكی ئاشكرا ئەمە لە ناو هێزەی پێشمەرگەی وەزارەتدا نییە بە تایبەتی ئەفسەرە باڵاكان. •    پێشنیار دەكەین یەكێتی‌و پارتی هەوڵی دۆزینەوەی میكانیزمی متمانەپێكراو بدەن بۆ راماڵینی كاریگەری سیاسی لەسەر هێزەكانی وەزارتی ناوخۆو پێشمەرگە. •    نەبوونی متمانە لەنێوان سەرۆكەكانی یەكێتی‌و پارتی گەورەترین بەربەستە بۆ كارەكانی چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە. كەسیان متمانە بە مەبەست‌و ئامانجی ئەوەی دیكە ناكات. ئەمەش زۆر بە ئاشكرا لە روداوی (زینی وەرتێ) لە مانگی 4ی 2020دا دەركەوت. هاوشێوەی هێزەكان لە( ئەفغانستان، عێراق، هەرێمی كوردستان) هێزی سەربازی لە عێراق و ئەفغانستان و هەرێمی كوردستان لە چەندین رووەوە هاوشێوەن: -    بندیوار لە سلكی سەربازی وەك دیاردەیەكی بەرچاو. -    گەندەڵی لە سلكی سەربازی لە كڕینی كەل و پەلی سەربازییدا. -    وەلائی سوپا و هێزەكان بۆ حزب و گروپ و بەرپرسە سیاسییەكان. -    روخان و هەڵاتنی سوپای عێراق لە 6ی حوزەیرانی 2014 لە كاتی كەوتنی موسڵ بەدەستی چەكدارانی داعش. -    هەڵاتن و پاشەكشەی پێشمەرگە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە كاتی گرتنی كەركوك لە لایەن حەشدی شەعبیەوە. -    روخان و كەوتنی سوپای ئەفغانستان لە 15ی ئابی 2021 لە كاتی هاتنی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ ناو كابوڵ.


 (درەو): بە فەرمانێكی ئەنجومەنی وەزیران، لیوا (مەریوان كەمال) لە پۆستی سەرپەرەشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لابرا.  لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، لیوا مەریوان دەرچوونی فەرمانەكەی پشتڕاستكردەوە، بەڵام رایگەیاند، هێشتا فەرمانەكەی بەدەست نەگەیشتووە.  لەبری لیوا مەریوان كەمال، ئەنجومەنی وەزیران (محەمەد تاهیر) بەڕێوەبەری پێشووتری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی كردووە بە سەرپەرەشتیاری مەرزی باشماخ.  مەرزی باشماخ یەكێك لەو مەرزانەی هەرێمی كوردستانە كە لەماوەی رابردوودا زۆرترین قسەوباسی لەبارەی قاچاخچێتییەوە لەسەر كراوە، ئەم گۆڕانكارییە لە پۆستی سەرپەرەشتیاری مەرزەكە، هاوكاتە لەگەڵ ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتیدا وەكو دەسەڵاتداری سنورەكە.  لیوا مەریوان هۆكاری دەرچوونی فەرمانەكەی حكومەت‌و دورخستنەوەی لە پۆستەكەی نازانێت‌و بە (درەو)‌و وت:" بۆ ئەم بابەتە پرسیار لەو لایەنە بكەن كە فەرمانەكەی دەركردووە". دیارنییە ئایا گۆڕینی بەرپرسی مەرزی باشماخ، هەموو دەروازە سنورییەكانی تر دەگرێتەوە یاخود نا.   


هۆکاری ڕاستەقینە بۆ ئەوەی کە تاڵیبان توانی زۆر بە خێرایی دەست بەسەر ئەفغانستاندا بگرێتەوە، ئەو شتەی میدیای لیبراڵی ڕۆژئاوا نایەوێت باسی بکات.  سلاڤۆی ژیژەك لە ئینگلیزییەوە: ڕزگار حەمە ڕەشید   ٨٠ هەزار سەربازەکەی تاڵیبان دەستیان بەسەر ئەفغانستاندا گرتەوە و شارەکانیش وەك پوولی دۆمینە دەکەوتن، لەکاتێکدا ٣٠٠هەزار سەربازی سەر بە حکومەت، کە بەهێزترن و بەشێوەیەکی باشتر ڕاهێنراون و چەکی باشتریشیان پێیە، کەچی بێ شەڕکردن خۆیاندا بەدەستەوە و توانەوە. ئەمە بۆچی ڕوویدا؟ میدیا ڕۆژئاواییەکان پێمان دەڵێن کە دەتوانرێت چەندین لێکدانەوە بۆ ئەمە بکرێت. یەکەمیان میدیایەکی ڕەیسیستی بێشەرمانەیە کە دەڵێت: زۆر بە سادەیی خەڵکی ئەفغانستان ئەوەندە پێگەیشتوونین تا لە مانای دیمۆکراسی تێبگەن، زۆر تامەزرۆی فێندەمێنتاڵیزمی ئایینین (بانگەشەیەکی زۆر بێمانا و بێهاوتا لە گاڵتەجاریدا). نیو سەدە لەمەوبەر ئەفغانستان وڵاتێکی (تاڕاددەیەك) ڕۆشنبیر بوو، پارتێکی کۆمۆنیستی بەهێزی هەبوو بەناوی پارتی دیمۆکراتی گەلی ئەفغانستان، کەتەنانەت توانی بۆ چەند ساڵێك دەسەڵات بگرێتە دەست. ئەفغانستان تەنیا ئەوکاتە بوو بە فەندەمێنتاڵیستێکی ئایینی، کە هەڵوێستی بەرامبەر داگیرکارییەکەی سۆڤیەت وەرگرت، ئامانجی داگیرکارییەکەی سۆڤێتیش ئەوە بوو ڕێ لە کەوتنی پارتە کۆمۆنیستییەکە بگرێت. لێکدانەوەیەکی تر کە ئەو میدیا ڕۆژئاواییە پێماندەڵێت بریتییە لە تیرۆز، ئەوەی تاڵیبان بێبەزەییانە نەیارە سیاسییەکانی خۆی دەکوژێت. لێکدانەوەیەکیتریشیان باسکردنە لە ئیمان، بە سادەیی تاڵیبان باوەڕیان بەوە هەیە کە ئەوەی دەیکەن گوێڕایەڵیکردنی ئەو فەرمانەیە کە خودا خستوویەتیە ئەستۆیان و سەرکەوتنیان مسۆگەرە، بۆیە دەتوانن ددان بەخۆیاندا بگرن، چونکە کات لەبەرژەوەندی ئەوانە. لێکدانەوەیەکی ئاڵۆزتر و ڕیالیستیانەتر بۆ ئەوەی کە بۆچی تاڵیبان توانی جارێکیتر بەو ئاسانی و خێراییە دەست بەسەر ئەو وڵاتەدا بگرێتەوە، بریتییە لە پشێوی و پاشاگەردانییەك کە شەڕی بەردەوام و گەندەڵیی هۆکارەکەیین. ئەمەش ڕەنگە بووبێتە هۆی دروستبوونی بڕوایەك کە هەرچەندە تاڵیبان ستەم بەکار دەهێنێت و یاسای شەریعە پەیڕەو دەکات، بەڵام بەلایەنیکەمەوە هەندێك ئاساییش و سیستەم فەراهەم دەکات. بەهەرحاڵ، هەموو ئەو لێکدانەوانە وادیارە ڕاستییەکی سادە فەرامۆش دەکەن کە بۆ ئەو تێڕوانینە ڕۆژئاواییە لیبراڵە بۆتەتراوما (خورپەی ڕاتەکێن). ئەویش بێباکیی تالیبانەکانە بەرامبەر ڕزگاربوون و مانەوەی خۆیان بە زیندوویی، هەروەها ئامادەکردنی شەڕکەرەکانیانە بۆ “شەهیدبوون”، بۆ ئەوەی بمرن، نەك تەنیا لە جەنگدا بەڵکو لە کردە خۆکوژییەکانیشدا. ئەو لێکدانەوەیەی پێیوایە تاڵیبان وەك کۆمەڵێك فەندەمینتاڵیست “بەڕاستی باوەڕیان بەوە هەیە” کە ئەگەر ئەوان وەك شەهید بمرن دەچنە بەهەشتەوە، ئەمە لەوێدا کورت دەهێنێت کە ناتوانێت جیاوازیی لەنێوان دوو جۆر باوەڕدا ببینێت: باوەڕ بەمانای تێگەیشتنێکی هوشیارانە (دەزانم من دەچمە بەهەشت، ئەوە ڕاستییە) وە باوەڕ وەك وابەستبوون بە پێگەی تایبەتیی کەسەکە خۆیەوە. بەمانایەکیتر، لەوەدا کورت دەهێنێت بتوانێت توانای ماددی ئایدیۆلۆژیا ڕەچاو بکات “لەم حاڵەتەدا توانای ئیمان”، ئەمەش بە سادەیی لەسەر پتەویی بۆچوونەکانمان نەوەستاوە، بەڵکو لەسەر ئەوە وەستاوە چۆن بوونی خۆمانمان وابەستەی باوەڕەکەمان کردووە: ئێمە کەسانێك نین ئەم یان ئەو باوەڕ هەڵبژێرین، بەڵکو ئێمە خودی باوەڕەکەمانین بەو تێگەیشتنەی ئەم باوەڕە ژیانی ئێمەی لەهەناوی خۆیدا هەڵگرتووە. بەهۆی ئەم خەسڵەتەوە بوو فەیلەسووفی فەرەنسی میشێل فۆکۆ کەوتە ژێر جادووی شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٨ و دوو جار سەردانی ئێرانی کرد. ئەوەی ئەوی سەرسامکرد تەنیا ئەو هەڵوێستەی قبووڵکردنی شەهیدبوون و ئەو بێباکییە نەبوو بەرامبەر بەوەی کەسێك ژیانی خۆی لەدەست دەدات، بەڵکو بەشێوەیەکی زۆر دیاریکراو ئەو سەرسامییەی فۆکۆ وابەستەی ئەو گوزارشتەی خۆی بوو کە لە “مێژووی ڕاستیی”دا باسی دەکات، ئەویش تۆخکردنەوەی فۆرمی پارتیزان و جەنگاوەرانە بۆ گوتنی – ڕاستیی، وە گۆڕان لەڕێی خەبات و تێکۆشانەوە، وەك دژێك بەرامبەر ئارامکردنەوە و ناکاراکردن (بێکاریگەرکردن) و ئاساییکردنەوە کە فۆرمەکانی دەسەڵاتە مۆدێرنە ڕۆژئاواییەکانن. ئەوەی بۆ تێگەیشتنی ئەم خاڵە گرنگە، کۆنسێپتی ڕاستییە لە کاردا لەناو گوتارە ڕەخنیی – سیاسییەکەدا، کۆنسێپتی ڕاستیی وەك لایەنداریی، وەك ئەوەیتەرخانکرابێت بۆ پارتیزانەکان. یان، وەك فۆکۆ خۆی باسی دەکات: “ئەگەر ئەم کەسەی دەربارەی ڕەوایەتی ) یان بڵێین ڕەوایەتییەکان( قسە دەکات باسی ڕاستیی بکات، ئەو ڕاستییە ئیتر ڕاستییە گەردوونییەکەی فەیلەسووف نییە. ئەوە ڕاستە کە ئەوگوتارە دەربارەی جەنگی گشتگیر، “ئەو گوتارەی کە هەوڵدەدات ئەوجەنگەی ژێر ئاشتیی ڕوونبکاتەوە”، لەڕاستیدا هەوڵێکە بۆ باسکردنی جەنگ وەك گشتێك وە هەوڵێکە بۆ بونیادنانەوەی ڕێچکەی گشتیی جەنگ. بەڵام ئەمە نایکاتە گوتارێکی گشتئامێز یان بێالیەن، بەڵکو هەمیشە گوتارێکی نیگائامێزە )perspective .)تەنیا لەو مەودایەدا مەیلی بۆ گشتگیریی هەیە کە بتوانێت لەیەك دیوی چەمکەکانەوە لێی بڕوانێت، بیشێوێنێت و لە تێڕوانینی تایبەتی خۆیەوە بیبینێت. بە جۆرێکیتر باسی بکەین، ڕاستیی ئەو ڕاستییەیە کە بتوانرێت تەنیا لە ڕووبەری جەنگەکەی خۆیدا بڵاوبکرێتەوە، لە گۆشەنیگای خواستی سەرکەوتندا و لە کۆتاییشدا، ئەگەر ئەم گوزارشتە گونجاو بێت، بۆ ڕزگاربوونی خودی قسەکەرەکە سەرڕێ بخرێت .” ئایا دەکرێت گوتارێکی لێکئاڵاوی لەو جۆرە ڕەت بکرێتەوە وەك هێمایەك بۆ کۆمەڵگەی بەرمۆدێرن “سەرەتایی” کە هێشتا نەچۆتە ناو تاکگەرایی مۆدێرنەوە؟ هەروەها دەکرێت ژیانەوەی ئەو “سەرەتایی”یە لەمڕۆدا وەك هێمایەك بۆ گەڕانەوەی فاشیست ڕەتبکرێتەوە؟ وەڵامەکە بۆ هەرکەسێك کەمترین شارەزایی لە مارکسیزمی ڕۆژئاوایی هەبێت ئاشکرایە: فەیلەسووفی هەنگاریی جۆرج لۆکاش “Lukács György ” ئەوەی ڕوونکردەوە کە چۆن مارکسیزم “ڕاستییەکی گەردوونییە” نەك لەگەڵ ئەوەشدا کە لایەندارانەیە ” partiality ” بەڵکو لەبەر ئەوەی بەشئامێزە، تەنیا لە پێگەیەکی دیاریکراوی تایبەتییەوە دەستەبەر دەکرێت. دەشێت ئێمە هاوڕا یان دژەڕای ئەم بۆچوونەبین، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەوەی فۆکۆ دوور دەکەوتەوە و لە ئێران بۆیدەگەڕا (فۆرمی ناکۆکیخوازیی “جەنگ” بۆ گوتنی ڕاستیی ) بە شێوەیەکی بەهێز لەو تێڕوانینە مارکسیستییەدا بوونی هەیە کە دەڵێت کەوتنە ناو لە خەباتی چینایەتییەوە ڕێگر نییە لەبەردەم زانینی “بابەتیانە”ی مێژوودا بەڵکو ڕەخساندنیەتی. مانای پۆزەتیڤیستی باو بۆ زانین وەك میتۆدێكی بابەتیانە بۆ واقیع کە بە هۆی وابەستەبونێکی دیاریکراوی تایبەتییەوە نەشێوێنراوە (ئەوەی فۆکۆ بە “فۆرمە ئارامکەر و سستکەر و ئاساییکەرەوەکانی دەسەاڵتی مۆدێرنی ڕۆژئاوا” ناوزەدی دەکات) ئەوە ئایدیۆلۆجیایە بە پوختەترین شێوە – ئایدیۆلۆجیای “کۆتایی ئایدیۆلۆجی”. لەلایەکەوە زانینێکی “بابەتیانە”ی نا – ئایدیۆلۆجی پسپۆرمان هەیە. لەلایەکی ترەوە تاکە پەرشوبڵاوەکانمان هەیە، کە هەر یەکێکیان ئاگایی خۆیانیان لەسەر خودێتی خۆیان چڕکردۆتەوە ” idiosyncratic” ” ئاگا لەخۆبوون”(ئەو چەمکەی فۆکۆ لەو کاتەدا بەکاریهێنا کە وازی لە ئەزموونە ئێرانییەکەی خۆی هێنا)، شتێکی بچووك کە چێژ بە ژیانی تاکەکە دەبەخشێت. لەم تێڕوانینەی تاکگەرایی لیبرالیزم، وە وابەستبوونی گەردوونیی، بەتایبەتی ئەگەر مەترسی سەر ژیانیش بگرێتەوە، گوماناویی و نا-ژیرانەیە… لێرەدا ئێمە ڕووبەڕووی لێکدژییەکی سەرنجڕاکێش دەبینەوە: لەکاتێکدا ئەوە زۆر جێی گومانە کە مارکسیزمی تەقلیدی بتوانێت لێکدانەوەیەکی باوەڕپێکەرمان پێشکەش بکات بۆ سەرکەوتنی تاڵیبان، نموونەیەکی تەواو ئەوروپیمان پێشکەش دەکات لەچەشنی ئەوەی فۆکۆ لە ئێران بەدوایدا دەگەڕا ( وە ئەوەی لە ئێستای ئەفغانستاندا سەرنجمان داگیر دەکات)، نموونەیەکە کە بە هیچ ئایینێکی فەندەمێنتاڵەوە گرێنەدراوە، بەڵکو پەیوەستبوونێکی هەموانییە بۆ ژیانێکی باشتر. پاش سەرکەوتنی گەردوونیی سەرمایەداریی، ئەم گیانی پەیوەستبوونە هەموانییە سەرکوت کرا، وە ئێستا ئەم باری سەرکوتکردنە لەشێوەی فەندەمێنتاڵیزمی ئایینیەوە دەگەڕێتەوە. ئایا دەتوانین مەزەنەی گەڕانەوەی ئەو سەرکوتکراوە بکەین لە فۆرمە گونجاوەکەی خۆیدا وەك وابەستە بە ڕزگاربوونی هەموانەوە؟ لەڕاستیدا نەك دەتوانین مەزەنەی بکەین، ئەوە بە هێزێکی زۆرەوە لە دەرگاکانمان دەدات. با تەنیا ئاماژە بۆ کارەساتی گەرمبوونی گەردوون بکەین – ئەوە پێویستی بە هەڵوێستی هەموانیی زۆر گەورە هەیە، پێویستی بەوەیە لەو فۆرمەی خۆیدا شەهیدی بۆ بدرێت، قوربانییدان بە زۆربەی ئەو چێژبینینانەی پێیان ڕاهاتووین. ئەگەر ئێمە بەڕاستی بمانەوێت بەتەواوی شێوازی ژیانمان بگۆڕین، ناچار دەبین دەستبەرداری تاکگەرایی “ئاگا لەخۆبوون” ببین کە هەموو سەرنجی لەسەر بەکارهێنانی چێژبینینەکانمانە. ئەم کارە بەتەنیا زانستی پسپۆڕ ئەنجامی نادات – بەڵکو پێویستە زانستێکی ڕەگداکوتراوبێت لەوابەستەییەکی هەموانیی قووڵتردا. پێویستە ئەمە وەاڵمەکەمان بێت بۆ تاڵیبان.   https://www.rt.com/op-ed/532207-zizek-taliban-retake-afghanistanreason/?fbclid=IwAR2QuNU24KxE1zs16Tzu9OcwW7OiWHI_DCnGFwrpM0Zj0K0Vk6g9ZKxmIds



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand