هێرشەكانی ئێران لەنێوان ئیدانەو بەهانەو بێدەنگیدا
2022-09-29 08:57:36
(درەو):
هێرشەكانی دوێنێی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر بارەگای پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، لەناو بەرپرسو لایەنەكانی كوردا كاردانەوەی جۆراوجۆری دروستكرد.
هەندێك بەتوندی ئیدانەیان كرد، هەندێكی تر ئیدانەیان كرد، بەڵام بەهانەیان بە كۆماری ئیسلامی داوە هێرش بكات، هەندێكی تر بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
كاردانەوەی بەرپرس و لایەنە كوردییەكان لەبارەی هێرشەكانی ئێران بۆسەر بارەگای پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەمشێوەیە:
• مەسعود بارزانی: ئەوە تاوانكارییە.. هەرێمی كوردستان نەكرێت بە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ناكۆكی ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێ.
• بافڵ تاڵەبانی: رشتنی خوێنی خەڵكەكەمان لەبیرناچێتەوە.
• لاهور شێخ جەنگیی: خوای گەورە ئێمەی لەسەر ئەم خاكە داناوەو هیچ كەسو لایەنێك بە كوشتنو بڕین جێگەمان پێ لەق ناكات.
• شاسوار عەبدولواحید: ئیدانەی دەكەین.. ئێمە لەگەڵ خەڵكداین.
• بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق: .... (تائێستا هیچ راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكانەوە بڵاونەكردوەتەوە).
• فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق: بەتوندترین شێوە ئیدانەی دەكەین.. ئەم كارە تاكلایەنە ئاڵۆزی لەناوچەكە زیاتر دەكات.
• فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان: بەتوندی ئیدانەو سەركۆنەی دەكەین.
• محەمەدی حاجی مەحمود: بەنیگەرانییەوە ئەڕوانینە بۆردومانەكانی كۆماری ئیسلامی.
• كۆمەڵی دادگەریی: ئیدانەی هەر بۆردومانێك دەكەین.. هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران بارەگاكانیان لەناوچەی نیشتەجێبوون دوربخەوە.
• یەكگرتووی ئیسلامی: ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین، بەڵام دژی ئەوەین هەرێمی كوردستان بكرێت بە سەرچاوەی هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ.
• سێ پارتە چەپەكە (شیوعی+ زەحمەتكێشان+ بزوتنەوەی دیموكراتی): ئیدانەی دەستدرێژی ئێران دەكەین.. حكومەتی عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵا تۆماربكات.
• بزوتنەوەی ئیسلامی: .... (تائێستا هیچ راگەیەندراوێكی فەرمی لەبارەی هێرشەكانەوە بڵاونەكردوەتەوە)
• سەرۆكایەتی هەرێمو حكومەت بە راگەیەندراو ئیدانەیان كرد.
• سەرۆكایەتی پەرلەمان بەزارەكی ئیدانەی كردو راگەیەندراوی بڵاونەكردەوە.
دوێنێ 28/9/2022 سوپای ئێران بە موشەك و درۆنی خۆكوژ هێرشێكی فراوانی كردە سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە (زڕگوێز، كۆیە، پردێ) بەهۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا (18) كەس شەهید بوون و زیاتر لە (60) كەسیش برینداربوون، كە بەشێك لە بریندارەكان ژن و منداڵ و هاولاتی مەدەنین.