سەرتیپ جەوهەر - گەلانی ناوچەكە چارەنوسیان بەدەستخۆیان نییە - بەر لە ئەفغانستان، روسیاو ئەمریكا لە عەفرین و سەرێكانی كشانەوە - كشانەوەی ئەمریكاو روسیا لەعەفرین و سەرێكانی، بازرگانی كردن بوو بەچارەنوسی گەلان - ئەمریكا زیاتر لە 6.4 تریلۆن دۆلاری لەعیراق و سوریاو ئەفغانستان خەرجكردووە - هەندێك پێیانوابوو ترەمپ لەستراتیژیەتی ئەمریكا لایداوە، كەچی بایدنیش لەئەفغانستان كشایەوە. كشانەوەی ئەمریكا لەئەفغانستان بەشێكە لەو زنجیرە رووداوەی كە هێشتا كۆتایی نەهاتووەو پێدەچێت روداوی دیكەشی بەدوادابێت. پێشتر چەند روداوێكی دیكەی هاوشێوە لەناوچەكە بووەو لێكەوتەو زیانەكانی لەوەی ئەفغانستان كەمتر نەبووە. بەڵام ئەوەی ئەفغانستان زۆرترین فۆكەس و تیشكی خرایەسەر لەلایەن میدیای ئەوروپی و عەرەبی و ناوچەكە بۆیە لەئێمەوە نزیك بوو. رووداوەكانی ئەو چەند ساڵەی دوایی كە دوایینیان كشانەوەی ئەمریكا بوو لەئەفغانستان، دەكرێت بڵێین چەند رەهەندێكی هەیە، واتە دەكرێت لەچەند سوچێكەوە تەماشای بكەین. یەكەمیان؛ ناوچەكە بەگشتیی واتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو گرنگییەی جارانی بۆ ئەمریكاو بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا نەماوە. جاران بەهۆی بوونی نەوتێكی زۆرو گرنگی وزە، وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپا گرنگی زۆریان بەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا، بەڵام ئێستا وزە (نەوت) ئەو گرنگییەی جارانی نەماوەو پێدەچێت وڵاتانی زلهێز سیاسەتی خۆیان لەبارەی گرنگیدان بەناوچە نەوتییەكان بگۆڕن. سەرچاوەكانی وزە لەزیادبوونەو وزەی دیكەی دۆزراوەتەوە، بۆیە ئەگەرێكی بەهێز هەیە نەوت دوبارە دابەزینی گەورە تۆماربكات. هەروەك حەمەد بن جاسم سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر لەتویتەر نوسی "بەرزبونەوەی نرخی نەوت لەچارەكی كۆتاییەو ئیدی روو لەدابەزیندەكات" مەبەستی سەرۆك وەزیرانی پێشووی قەتەر ئەوەبوو كە دوایین جارە نرخی نەوت بەوشێوەیە بەرز دەبێتەوەو ئیدی بەرەو دابەزین دەڕوات و جارێكی دیكە ئەو نرخە بەخۆیەوە نابینیت. دووەمیان؛ ئەمریكا بەشێوەیەكی گشتیی سیاسەتی خۆی لەچۆنیەتی و شێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ناوچە پِڕ ململانێكان و ناوچەكانی بەرژەوەندی لێیە گۆڕیوە. ئەوەی رودەدات بەشێكە لەسیاسەتی نوێ. ساڵی 2003 ئەمریكا بۆ روخانی رژێمی سەدام، لەنێوان 125 بۆ 150 هەزار سەربازی هێنایە عیراق. ئەو پرۆسەیە، خەرجییەكی ئێجگار زۆر لەسەر ئەمریكا كەوت، ئەمە جگە لەزیانی گەورەی گیانی و روبەرووبونەوەی رەخنە لەناوخۆی ئەمریكاو لەلایەن وڵاتان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ. سیاسەتی نوێی ئەمریكا لەدوای روداوەكانی سوریا دەستی پێكرد. سیاسەتی نوێی بریتی بوو لەدروستكردنی هێزی سەربازیی ناوچەیی و پشتیوانیكردنیان لەرووی ماددی و مەعنەوی، هەروەها ناردنی چەند تیمێكی هەواڵگری و شارەزا بۆ مەشقپێكردنی ئەو هێزە ناوچەییانە. بۆنمونە دروستكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ناوەڕاستی 2015 كە پڕچەكی كردن و مەشقی پێكردن، لەئاسمانیشەوە لەڕێی فرۆكەی جەنگی و فرۆكەی بێ فرۆكەوان و تەكنەلۆژیای نوێ پشتیوانی كردن بێ ئەوەی هیچ هێزێكی شەڕكەری ئەمریكا بەكاربهێنرێت. ئەو سیاسەتە بۆ ئەمریكا خەرجییەكی زۆر كەمتری هەبوو، هەروەك هیچ زیانێكی گیانیشی نەبوو. بۆیە هەمان سیاسەتیان گوێزایەوە بۆ عیراق بەڵام بەجیاوازییەكی كەم، ئەویش جێگیركردنی ژمارەیەكی زۆركەم هێزی سەربازیی لەهەندێ بنكەو شوێنی دیاریكراو وەك بنكەی عێن ئەسەدو هەولێرو فرۆكەخانەی بەغداو چەند شوێنێكی دیكە. سێیەمیان؛ دوو روویی وڵاتانی زلهێز بەرامبەر گەلانی ژێردەستەو لەبەرامبەر ئەو چەمكانەی لەمیدیاكانی خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن لەوانە (دیموكراسی، مافی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنوسینی گەلان بۆ گەیشتن بە رزگاریی نیشتیمانیی). روسەكان هەمیشە باسی مافی گەلی كورد لەسوریا دەكەن، لەلێدوانە رۆژنامەوانییەكانیان پشتیوانی لەگفتوگۆی نێوان كوردو رژێمی سوریا دەكەن، بەڵام كە دانوستان و گفتوگۆ لەنێوان كوردو رژێمی سوریا دەبێت، لەسەر مێزی گفتوگۆدا روسەكان لەبەری رژێمی سوریا دادەنیشن و داكۆكی لەرژێمی سوریا دەكەن و داوا لەكورد دەكەن داوای ماف خۆبەڕێوبەریی و رێڤەبەری خۆسەر نەكەن و تەنها چەند مافێكی سەرەتایی رازیبن، وەك مافی خوێندن و بەشداری سیاسی لەدیمەشق. لەگەڵ ئەو لێدوانانەی روسەكان وەك پشتیوانیی لەچارەسەری پرسی كورد لەسوریا، دەبینین لەكۆتایی 2017 لەگەڵ تورك رێككەوتن عەفرینیان رادەستبكەن، سەرباری بڕیاری روبەرووبونەوە، بەڵام تورك توانیان لەسەرەتای 2018 بەهاوكاری گروپە تیرۆرستیەكان عەفرین داگیربكەن و بەهۆیەوە نزیكەی هەزار شەڕڤانی كورد شەهید بوون. هاوكات لەگەڵ دوو روویی روس، دەبینین ئەمریكییەكانیش بێ چاوڕوو چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستانیان بەدەر لەهەموو بەهایەكی مرۆیی و پێچەوانەی ئەو چەمكانەی لەمیداكانی خۆیان و لەلایەن لێپرسراوانیان دووبارە دەكرێتەوە رادەستی تورك كرد. بەهۆیەوە جگە لەئاوارەبوونی سەدان هەزار مرۆڤی كوردو غەیرە كورد، هاوكات سەدان لاوی شەڕڤانی كورد لەوناوچانە شەهید بوون. بەهۆی ئەو كشانەوەیەی ئەمریكا روبەرێكی گەورەی رۆژئاوای كوردستان لە سەرێكانیەوە تاوەكو گرێ سپی كەوتە دەست توركیا. لێرەوە بۆمان دوپات بویەوە كە كشانەوەی روسیا و ئەمریكا لەعەفرین و سەرێكانی، بازرگانی كردن بوو بەچارەنوسی گەلان. بۆیە دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەوەی لەئەفغانستان روودەدات نامۆ نییە بۆ سیاسەتی ئەمریكاو ئەو دوو رووییە لەسیاسەتكردن بەرامبەر گەلانی ناوچەكە. بۆیە دەبینین مەزلوم عەبدێ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە 13 ئۆكتۆبەر گوتارێكی لە گۆڤاری فۆریەن پۆڵسی ئەمریكا لەژێر ناونیشانی "ئەگەر سەرپشك بین لەنێوان چارەسەر یان جینۆسایدی گەلەكەمان، بێگومان ژیانی گەلەكەمان هەڵدەبژێرین" وتیشی "ئێمە بەسنگی رووتەوە بەرامبەر خەنجەری تورك وەستاوینەتەوە". هەر لەسەر ئەو دوو رووییە لەسیاسەتی ئەمریكا، خان محەمەدیی وەزیری بەرگری ئەفغانستان روو لە ئەشرەف غەنی سەرۆكی وڵاتەكەی دەكات كە نوێنەرایەتی سیاسەتی ئەمریكای دەكرد دەڵێت "دەستەكانی لەدواوە بەستین و ئێمەی فرۆشت و هەڵات". مەبەست لەو قسەیەی محەمەدی ئەمریكا هەموو رێگاكانی لێگرتن و ئەفغانستانی رادەستی تاڵیبان كرد. كاتێك ئەمریكا لەسەرێكانی و گرێ سپی كشایەوەو ناوچەكەی بۆ توركیا جێهێشت بەشێك لەچاودێران پێیانوابوو ئەوەی رویداوە پەیوەندی بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ و سیاسەتی ئیدارەی ترەمپەوە هەیە نەك ستراتیجییەتی ئەمریكا، واتە ترەمپ لەستراتیجییەتی ئەمریكا لایداوەو جۆ بایدن سەرۆكی نوێی ئەمریكا راستی دەكاتەوە، بەڵام دەبینین لەسەردەمی جۆبایدن ئەمریكا لەئەفغانستان كشایەوە. یەكێكی دیكە لەو ئەگەرانەی ئێستا لەناوەندەكانی توێژینەوەو میدیای ئەمریكا یان ئەوروپا باسدەكرێت، پرسی روبەرووبونەوەی چین-ە وەك وڵاتێك كە پێگەیشتووەو خێرا پێشكەوتنی نوێ بەخۆیەوە دەبینیت بەتایبەتی لەرووی ئابوریی و تەكنەلۆجیاوە. بەپێی زانیارییەكانی دەخرێنەروو، ئەمریكا دەیەوێت تواناكانی خۆی كۆبكاتەوەو هەموو هەستەوەرەكانی روو لەچین بكات، تاوەكو رێگە لەو پێشكەوتن و گەشەكردنە خێرایەی چین بگرێت كە پێیوایە مەترسیە بۆسەر ئایندەی ئەمریكاو سەركردایەتیەكەی لەجیهان. بەپێی لێدوانی چەند رۆژلەمەوبەری جۆ بایدن-ی سەرۆكی ئەمریكا، واشنتۆن زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری لە ئەفغانستان خەرجكردووە، هەروەك بەپێی "بزنس إنسایدر" توێژینەوەیەك لەزانكۆی براون ماساچۆستس لە 2020 ئەمریكا لەعیراق زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری خەرجكردووە. هەروەك بەپێی راپۆرتی ساڵانەی زانكۆی براون لە (2020) خەرجی روبەرووبونەوەی تیرۆر لەعیراق و سوریاو ئەفغانستان لەماوەی رابردوو 6.4 تریلیۆن دۆلار كەوتووە. بێگومان رووداوەكانی چەند ساڵی رابردوو، هەڵسوكەوتی ئەمریكاو روسیا لەناوچەكە خوێندنەوەی زۆری بۆ دەكرێت، هەریەكە لەسوچێكەو رووداوەكان دەبینیت و شیكاریی بۆ دەكات، بەڵام ئەوەی لێی دڵنیاین چارەنوسی میللەتانی ناوچەكە بەدەست خۆیانەوە نییە! بۆیە دەبینین گۆڕانكارییەكان لەژێر كاریگەری سیاسەت و بەرژەوەندی وڵاتان دەبێت نەك خواستی میللەت یان گەلانی ناوچەكە.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) حیزب له ههرێمی كوردستاندا دەرکەوتێکی نوێیە. ئهم دەزگا بیرۆکراسییە مۆدێرنە بەرهەمی گروپە شارییەکانی کۆمەڵگای کوردییە کە لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە دەبن بە بزوێنەری وشیاریی تاکی کورد و بەرگرییکەر لە مافە نیشتیمانییەکانی. ئهم گروپانە هەم دونیابینیی و گوتارێكی نوێ، هەم وێنا و شوناسێکی تازەیان بۆ تاک و گهل و نهتهوه بهرههمهێنا كه پێشتر له كۆمهڵگای كوردییدا بوونی نهبوو. پشتئەستوور بە پرۆگرامە چواردەخاڵییەکەی سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا، ویڵسن کە خاڵی دوازدەهەمینی بریتیی بوو لە سەربەخۆیی بۆ نەتەوەکانی ژێڕدەستی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی کە دواتر لە پەیمانی سیڤەردا بەرجەستەبوو، گوتارێکی سیاسییش لای خوێندەوارانی کوردیش گرۆبوو. ئەو گوتارە سیاسییەی کە ئەم گروپە خوێندەوارەی کورد بەرهەمیهێنا، بریتییه لهوهی كه كوردیش گهلێكه وهكو ههموو گهلهكانی تری دونیا، خاوهن خاك و مێژوو و زمان و كولتووری تایبهت به خۆیهتی و شایانی ئهوهیه نوێنهری ڕاستهقینهی خۆی ههبێت. بهم چهشنه یهكهم خهسڵهتی حیزبی كوردیی بریتییه له شارییبوون و بەرهەمهێنانی گوتاری سیاسیی لەلایەن گروپە خوێندەوارەکانییەوە. واته شار ئهو شوێنکاتەیە كه تیایدا کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی و کولتووری و حیزب و گوتاری سیاسیی لهدایكدهبێت و گەشەدەکات. شار دەبێت بەو نێوەندەی کە لەلایەن گروپە خوێندەوارەکانییەوە وێنایەکی نوێ بۆ چەمکی کوردبوون و ماف و ئازادیی بەرهەمدەهێنێت کە پێشتر لە کۆمەڵگای کوردییدا بوونی نەبوو. خەسڵەتی دووەمی حیزبی کوردیی بریتییە لە ململانێی نێوان دوو گروپی ستراتیژیی کە بە کردە ستراتیژییەکانیان کۆی پرۆسەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان لە هەرێمی کوردستاندا ئاراستەکردووە. ئەو دوو گروپەش بریتیین لە: گروپە ستراتیژییەکانی شار و گروپە ستراتیژییەکانی گوند. هەریەکێک لەم دوو گروپە کاریزمای خۆی بەرهەمهێناوە. کاریزمای سیاسییش لە کۆمەڵگای کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لەسەر دوو بنەمای کۆمەڵایەتیی دروستدەبێت. کاریزما یان ئەوەتا سەرمایەیەکی ڕەمزیی کۆمەڵایەتیی، ئایینی هەیە، لە شێوەی شێخ و مەلا و سید و ئاغا و بەگ و هتد، وەک لای شێخ مەحمودی حەفید و مەلا مستەفای بارزانی و پاشان کوڕەکانی دەبینرێت. یان سەرمایەیەکی مەعریفیی و پیشەییان هەیە لە نموونەی نووسەر و ڕۆشنبیر و هونەرمەند، پارێزەر و مامۆستا و ئەفسەر و هتد. وەک لە گروپە ستراتیژییەکانی شاردا دەبینرێت. لە دڵداری شاعیر و ڕەفیق حیلمییەوە تا دەگات بە جەلال تاڵەبانیی و نەوشیروان مستەفا و بەرجەستەی ڕۆڵی ستراتیژیی ئەم گروپە شارییە دەکەن. گەرچی بنەما و پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەم دوو گروپە سەرەکییەی ناو کۆمەڵگای کوردستان جیاوازن، بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو حیزبەکانی کوردستان کە خەسڵەتی سێیەمی حیزبە کوردییەکان پێکدەهێنن، بریتییە لە شوناسی بەجەماوەرییبوون. هەموو حیزب و رێکخراوەکانی کوردستانی عێراق خۆیان وەک حیزبی جەماوەریی نماییشدەکەن و خۆیان بە نوێنەری هەموو چینەکانی گەل و نەتەوە، بە کرێکار و جوتیار و هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکانی تری ناو کۆمەڵگا، دەزانن. خەسڵەتی چوارەم، پرۆسەی یهكگرتن و لێكجایبوونهوهیە. حیزبه كوردییهكان له ململانێی بهردهوامدان بۆ قهبهكردنی جهستهی سیاسیی و سەربازیی خۆیان. بەشێوەیەکی گشتیی ململانێی سەرەکیی لە کۆمەڵگای کوردستاندا لە دووئاستدا بەرجەستدەبێت. یەکەمیان ململانێی نێوان کەسایەتییە ناکۆکەکانی ناو حیزب خۆیەتی کە زۆرینەی کاتەکان بە دابەشبوون و جیابوونەوە کۆتاییهاتووە. دووهەمیان ململانێی نێوان حیزبەکانە لەگەڵ یەکتر کە یەکێک لە دەرکەوتەکانی توندوتیژیی و پێکدادانی چەکدارییە. بەم چەشنە فۆرمی ململانێکان تەنها سیاسیی و مەدەنیی نەبوون، بەڵکو لە قۆناغێکدا پەلدەهاوێژێت بۆ ململانێی چەکداریی نێوان حیزبەکان و تادەگات بە تەسفیاتی جەستەیی لەناو خودی حیزبەکان وەک لەدوای شەستەکان و دروستبوونی هەردوو گروپی باڵی جەلالی و مەلایی دەیبینین. هەم ململانێی گروپەکانی ناو یەک حیزب و هەم ململانێی نێوان حیزبەکانیش لەگەڵ یەکتر، جگە لەوەی لەسەر دەسەڵات و سەرمایەی رەمزیی و سەرمایەی ئابووریی بوو، رەهەندێکی شەخسیشی هەبوو کە سایکۆلۆژیای سەرۆکەکان و ڕق و دڕدۆنگیی پاڵنەرەکەی بوو. ئەمەش وادهكات كه ههر یهك لەو گروپە ستراتیژییانە ههوڵی ئهوهبدات کەسان و گروپ و حیزب و رێکخراوە بچووکەکانی تر لهناو جهستهی سیاسیی خۆیدا ئامێزانبکات، بۆئهوهی لهناو كۆمهڵگای كوردییدا لهڕووی قهباره و جهماوهر و چەکدارەوه سەرۆکەکەی ببێت به گەورەکاریزما و حیزبەکەشی ببێت بە حیزبی ژماره یهك. بۆیە یەکێک لە دیاردە دراماتیکییەکانی مێژووی ململانێی حیزبه كوردییهكان، مێژووی یهكگرتن و جیابوونهوهی بهردهوامی گروپە ستراتیژییەکان و کەس و نوخبە سیاسییەکانی كۆمهڵگای كوردییه لهگەڵ یهكتر و لهناو یهكتر. ئەم دیاردەی تێکەڵبوون و جیابوونەوەیە (ئینشیقاق) لە حیزبی هیواوە تاوەکو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی ئەمڕۆ بە پاساو و هۆکاری جیاواز بەردەوامی هەیە و هێشتا کۆتایی نەهاتووە. خەسڵەتی پێنجەمی حیزبی كوردیی بریتییه له لۆكاڵییبوونی هێزە کۆمەڵایەتییەکەی له شارێك یان ناوچهیهكی دیاریكراودا. هیچ حیزبێكی كوردیی ئەمڕۆ ههمان پێگه و ئامادهگیی و هێزی له شار و شارۆچكهكانی دهرەوهی زێدی خۆیدا نییه. چەندە حیزبه كوردییهكان ناوكێكی ڕەقی کۆمەڵایەتییان هەیە، ئاوهاش ناوکێکی لۆكاڵییان ههیه. حیزبە کوردییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان چهنده له زێده كۆمهڵایهتیی و جوگرافییه سیاسییەكهیان دوركهونهوه، ئهوهنده ژمارهی دهنگدهر و ئەندام و پێشمەرگەیان كهمدهبێتهوه. ئەم واقیعە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەی لەمڕۆی نەخشەی حیزبایەتیی هەرێمی کوردستاندا بەرقەرارە، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بانگەشەی خۆبەنوێنەرزانینی ڕاستەقینەی هەموو نەتەوە و بەرجەستەکەری ڕوحی گەل، جگە لە گوتارێکی پۆپۆلیستیی بەتاڵ هیچ مانا و ڕەهەندێکی تری نییە. بەکورتیی فاکتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان شتێکی ترمان پێدەڵێن، بۆنموونە پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەم هەفتەیە ساڵیادی لەدایکبوونی حەفتاوپێنج ساڵەی تەمەنی سیاسیی خۆی کردەوە، لە هەڵبژاردنی 2018دا بۆ پەرلەمانی عێراق، لە پارێزگای سلێمانیی تەنها 48 هەزار دەنگی هێناوە و لەکاتێکدا لە دهۆک 354 هەزار دەنگی هێناوە کە دەکاتە حەوت ئەوەندەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانیی. بێگومان هەر ئەم خەسڵەتی لۆکاڵییبوونە بۆ یەکێتی و حیزبەکانی تریش ڕاستییەکی سۆسیۆ سیاسییە. ماوێتی
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت دوای نزیكەی دوو دەیە جەنگی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستان، كە درێژترین جەنگ بوو لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جارێكی تر بزوتنەوەی ئیسلامی تالیبان گەڕایەوەو جڵەوی دەسەڵاتی گرتەوە دەست، تالیبان چۆن گەڕایەوە ؟ ریشەی فیكری تالیبان لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە ؟ ژێرخانی كۆمەڵایەتیو هۆزی پشتۆن رۆڵیان چی بوو ؟ زانكۆی (هارڤارد)ی تالیبان لە كوێیەو رۆڵی چییە لە دروستبوونی ئەم بزوتنەوەیەدا ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكادا بەر لە گەڕانەوەی بۆسەر حوكم، رۆژی 29ی شوباتی 2020 بزوتنەوەی تالیبانو ئەمریكا رێككەوتنێكی مێژوویی دوو قۆڵییان ئیمزا كرد، ئەم رێككەوتنە لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر كرا، حكومەتی ئەفغانستانو هیچ یەكێك لە پارتە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە بانگهێشتی ناو ئەم رێككەوتنە نەكرابوون. بەندەكانی رێككەوتنەكە بەمشێوەیە بوون: • ئەمریكا لەماوەی چوار مانگدا سەرجەم بنكە سەربازییەكانو هێزە بیانییەكان لە ئەفغانستان دەكشێنێتەوە. • حكومەتی ئەفغانستان (5 هەزار) دەستگیركراوی تالیبان لە زیندانەكاندا ئازاد دەكات. • ناوی سەركردەو ئەندامانی بزوتنەوەی تالیبان لە لیستی سزاكانی ئەمریكا دەسڕێتەوە. • ئەمریكا بەڵێن دەدات جارێكی تر هێزی سەربازی بەكارنەهێنێتو دەستوەردان لە كاروباری سیاسی ناوخۆی ئەفغانستاندا نەكات. لەبەرامبەر ئەمانەدا، بزوتنەوەی تالیبان ئەم بەڵێنانەی بە ئەمریكییەكاندا: • رێگە بە هیچ گروپو كەسێك نادەین خاكی ئەفغانستان بەكاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرش یاخود دروستكردنی هەڕەشە لەدژی ئاسایشی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لە داهاتوودا. • (هەزار) كارمەندی دەستبەسەركراوی حكومەتی ئەفغانستان كە سەربە ئەمریكایە ئازاد دەكەین. • دەست بە گفتوگۆی راستەوخۆی ئاشتی دەكەین لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستان. چەند رۆژێك دوای ئەم رێككەوتنە، هەندێك لە سەرچاوە فەرمیو نافەرمییەكانی ئەمریكا ئاماژەیان بەوەكرد" تالیبان پەیوەست نابێت بە رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ حكومەتی ئەفغانستانو زانیارییە هەواڵگرییەكان دەڵێن هەر دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، پەلاماری حكومەت دەداتو جارێكی تر دەگەڕێتەوەو دەسەڵات دەگرێتە دەست". ئایا ئەوە تەنیا رێككەوتن بوو لەگەڵ ئەمریكا كە تالیبانی دوای (20) ساڵ گەڕاندەوە بۆ سەر كورسی حوكم یاخود پاڵنەری تر هەبوو ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پەنا بۆ ناسینی رەگوڕیشەی بزوتنەوەی تالیبانو پێگەی لەناو كۆمەڵگەی ئەفغانیدا دەبەین. لەبارەی دروستبوونی تالیبانەوە زۆرینەی توێژینەوەكان مێژووی دروستبوونی بزوتنەوەی تالیبان بۆ ساڵی 1994 دەگەڕێننەوە، بەڵام لەراستیدا مێژووی بزوتنەوەكە ریشەیەكی قوڵتری هەیە، مەلا (عەبدولسەلام زەعیف) یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەم بزوتنەوەیە لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا (ژیانم لەگەڵ تالیبان) دەڵێ چەندین ساڵ بەر لە 1994 بزوتنەوەی تالیبان بە هەمان ناوی خۆیەوە وەكو رەوتێكی ئاینیی زانستخواز لە ناوچە گوندنشینەكانی ئەفغانستاندا بوونی هەبووەو كاریكردووە، دواترو لەسەردەمی "جیهادی سۆڤیەتی"دا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، گروپی لۆكاڵی چەكداری لە زانایانو خوێندكارانی ئاینی بۆ روبەڕووبونەوەی داگیركەران دروستكردووە. وەكو زۆرینەی رەوتە ئاینییەكانی سەردەمی دوای ئیمپریالیزم لە جیهانی ئیسلامیدا، تەلەبەكانی خوێندنگەی ئاینیی (تالیبان) خۆیان لە هەرجۆرە بەشداریكردنێكی سیاسی بەدور دەگرت، جەختیان خستبوە سەر پرۆسەی پەروەردەو فێركردن، یەكەمین كارلێكی سیاسی تالیبان لە كۆتایی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا بوو، واتە چەند مانگێكی كەم بەر لە شەڕی سۆڤیەت، ئەم تێكەڵاوبونەی تالیبان لەگەڵ سیاسەتدا دوو هۆكاری لەپشت بوو: یەكەم: فشاری ئەوكاتی حكومەتی شیوعی ئەفغانستان بۆ ناچاركردنی تالیبان بە پابەندبوون بە پرۆگرامی "چاكسازی كشتوكاڵیی" دووەم: هەڕەشەو راوەدونانی تالیبان لەلایەن حكومەتەوە وەڵامی تالیبان بۆ هەڕەشەكانی حكومەت، بەئامانجگرتنی لایەنگرانی حكومەت بوو. لەسەردەمی داگیركاریی سۆڤیەتو حوكمی شیوعییەكان لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، تالیبان گروپی چەكداری لە باشوری ئەفغانستان دروستكرد، بەتایبەتی لە قەندەهار، لەم سەردەمەدا تالیبان زیاتر بایەخی بە پەروەردەو فێكردنی ئەو كەسانە دەدات كە لەڕووی ئاینییەوە پەیوەندییان پێوەدەكرد، بەڵام سیستمێكی دادوەریی تایبەت بەخۆی لە ناوچەكانی باشور دروستكردبوو، نێوەندگیریی دەكرد لە ناكۆكی نێوان خەڵكی ناوچەكەدا، بەڵام هیچ ستراتیژو بەرنامەیەكیو حزبێكی سیاسییان نەبوو، تا ئەم سەردەمە لایەنگرانی تالیبان لەناو پارتە سیاسییەكانی تری ئەفغانستاندا كاریان دەكرد، بەتایبەتیش ئەو پارتانەی كە لەڕووی ئاڕاستەی فیكرییەوە لە تالیبان نزیك بوون، لەسەرو هەمویانەوە بزوتنەوەی ئینقیلابی ئیسلامی كە (محەمەد نەبی محەمەدی) رێبەرایەتی دەكرد، مەلا (محەمەد عومەر) كە دامەزرێنەری تالیبانە لە روخسارە سیاسییەكەیدا، ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو یەكێك لە فەرماندە سەربازییەكانی بزوتنەوەی ئینقیلابی ئیسلامی بووە، دوای شكستهێنان بە یەكێتی سۆڤیەتو كشانەوەی لە ئەفغانستان لە ساڵی 1989، تالیبان گەڕاوەتەوە بۆسەر كاری خۆی كە خوێندنی ئاینییە. دوای چەند ساڵێك بێدەنگی لەڕووی سیاسییەوە، ساڵی 1994 جارێكی تر تاڵیبان گەڕایەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسیو لەماوەی چەند مانگێكی كەمدا وەكو گەورەترین هێزی كۆمەڵایەتی- سیاسی ئەفغانستان دەركەوت. ریشەی فیكری تالیبان ریشەی فیكری بزوتنەوەی تالیبان بۆ تۆڕێك لە خوێندنگەی ئاینیی دەگەڕێتەوە كە زۆرینەی سەركردەكانی ئەم بزوتنەوەیە تێیدا خوێندویانە، ئەویش خوێندنگەكانی (دیوبەندی)یە (1). ئەم خوێندنگە ئاینییانە بەشێوەیەكی چڕ لە ئەفغانستانو پاكستاندا بڵاوبونەتەوە، سەدەی بیستەم ئەم جۆرە خوێندنگایانە لە ناوچە گوندنشینەكانی هەردوو وڵاتەكەدا گەشەیان كرد، ئەمە لەكاتێكدا بوو لەو سەردەمەدا لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا پێگەی خوێندنگە ئاینییەكان لاواز دەبوو، خوێندنگە هاوچەرخە حكومییەكان شوێنیان دەگرتەوە. دیوبەندی.. هارڤاردی تالیبان رێژەی 90%ی سەركردەكانی بزوتنەوەی تالیبان لە خوێندنگەی ئاینی دیوبەندی پاكستان خوێندویانە، لەناو هەموو ئەو وڵاتانەی كە ئەم خوێندنگەی ئاینییەی تێدا بووە، لقی پاكستان لە هەموویان بەهێزتر بووە، سەركردە سیاسییەكانی ئەم خوێندنگەیە لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی پاكستانەوە لە ساڵی 1947 رۆڵی گەورەیان هەبووە لە نوسینەوەی دەستوری پاكستانو بە ئیسلامیكردنی یاساكان لەو وڵاتەدا، ئەم كارەشیان لەرێگەی دروستكردنی گروپی فشارەوە كردووە، تا ئەو رادەیەی چەندین حكومەتیان لە پاكستان خستووە، ئەمە وایكردووە هەندێك لە توێژەران خوێندنگەی (دیوبەند)ی پاكستان بە "هارڤارد"ی تالیبان ناودەبەنو بەڕێوەبەری ئەم خوێندنگەیەش كە ناوی (شێخ سەمیع حەق)ە بە "باوكی تالیبان" وەسفدەكەن. ئەم پاشخانەی سەركردەكانی تالیبان لە پاكستانو بەشداربوونیان لە دامەزراندنی دەوڵەتێك بە دەستورێكی ئیسلامییەوە كاریگەری لەسەر مامەڵەی ئەوان لە داهاتوودا دەبێت. ئێستا كە ریشەی فیكری بزوتنەوەی تالیبان دەگەڕێندرێتەوە بۆ خوێندنگە ئاینییەكانی (دیوبەند)ی، بابزانین دیوبەندی چی بووە ؟ ئامانجی ئەم خوێندنگە ئاینییانە چی بووە ؟ لەكوێوە پارەیان بۆ دابین دەكرا ؟ پرۆگرامی خوێندنیان چۆن بووە ؟ ناوچەی بڵاوبونەوەیان چۆن بووە ؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە ریشەی فیكری بزوتنەوەی تالبیان دەردەخات. لەبارەی خوێندنگەی دیوبەندی دوای كەوتنی حوكمی وڵاتانی ئیسلامی لە باشوری ئاسیاو داگیركردنی هیندستان لەلایەن بەریتانیاوە، ئەو شۆڕشە ئیسلامییە چەكدارییەی كە زانایانی ئاینی ئیسلام رێبەرایەتییان دەكرد، لە ساڵی 1857دا شكستی هێنا، یەكێك لەوانەی سەركردایەتی ئەم شۆڕشەی دەكرد شێخ (محەمەد قاسم نانوتەیی) بوو كە دامەزرێنەری بزوتنەوەی (دیوبەند)ی بوو (2). دوای شكستهێنانی شۆڕشەكەیان، شێخ محەمەد نانوتەییو زانا ئاینییەكانی تر هەستیان بە خراپی بارودۆخەكە كرد، رۆشنبیری خۆرئاوایی لە ناوچەكە گەشەی دەكرد، بیریان لەوەكردەوە بەشێوەیەكی ئاشتیانە روبەڕووی ئەم تەوژمە نوێیە ببنەوەو پارێزگاری لە ناسنامەی ئیسلامی ناوچەكەیان بكەن، ئیتر لێرەوە بیرۆكەی بایكۆتكردنی داگیركاریی بەریتانیایان لە هەموو بوارەكاندا گەڵاڵە كردو دەستیان كرد بە دروستكردنی خوێندنگەی ئاینی (ئەم خوێندنگایانە دواتر ناویان لێنرا خوێندنگە عەرەبییەكان)، ئەمە بۆ پارێزگاریكردن بوو لە رۆشنبیری ئیسلامی لەبەرامبەر رۆشنبیری خۆرئاوایی لەو سەردەمەدا، خوێندنگە ئاینییەكان دەستیان كرد بە پێگەیاندنی زانایانی ئاینی، بوون بە ئەمبارێكی مرۆیی بۆ گەڕێكی نوێی شەڕ دژی ئیمپریالیزم. خانەی زانستی دیوبەند كە پێی دەوترێت "خوێندنگەی دایك" ساڵی 1877 بە تەنیا یەك مامۆستا (شێخ)و خوێندكارێكەوە دامەزرێندرا، دواتر چەندین خوێندنگەی تری ئاینی دروستكرا، تاكە خوێندكارەكەی خوێندنگەی دایك رێكخراوێكی بەناوی "بەروبومەكانی پەروەردە" دروستكردو سەركردایەتی شۆڕشێكی چەكداری كرد دژی بەریتانییەكان، ئەم خوێندكارە ناوی (مەولانا شێخ هیند مەحمود حەسەن) بوو. لێرەوە دەردەكەوێت ریشەی دروستبوونی خوێندگە ئاینییەكانی (دیوبەندی) دەگەڕێتەوە بۆ روبەڕووبونەوەی داگیركاری بەریتانیاو رۆشنبیری خۆرئاواییو ئەمە تایبەتمەندی یەكەمی خوێندنگە ئاینییەكەیە. تایبەتمەندییەكی دووەمی ئەم خوێندنگە ئاینییانە كە شێخ محەمەد قاسم نانوتەیی لەناو هەشت بنەمای تردا زۆر جەختی لەسەر دەكردەوە، مەسەلەی سەربەخۆیی دارایی بوو، ئەم خوێندنگایانە هیچ جۆرە پاڵپشتییەكی دارایی حكومیو تەنانەت وەقفەكانیشیان قبوڵ نەدەكرد، ئەمە بۆ ئەوە بوو خوێندنگەكان هەمیشە پشت بە خودا ببەستنو ئەم باوەڕە هەرگیز لاواز نەبێت. هاوكارییەكانی ئەم خوێندنگایانە لە خەڵكانی موسوڵمانی ناو كۆمەڵگەوە دابین دەكرا، كە رەوتی نانوتەیی جەختی لەسەر كاراكردنی رۆڵی ئەم كەسانە دەكرد لە كاروباری گشتیدا، لەرێگەی بەشداریپێكردنیان لە پرۆسەی بنیادنانو پارێزگاریكردن لە دامەزراوەیی خوێندنی ئیسلامی سەربەخۆ، ئەم شێوازە كاركردنە ئەنجامی گەورەی لێكەوتەوە، خوێندگە ئاینییەكانی دیوبەندی فراوان كردو كردی بە گەورەترین دامەزراوەی ئاینیی لە كیشوەری ئاسیادا، خوێندنگەكانی دیوبەندی لە (هیندستانو ئەفغانستانو بەنگلادیشو پاكستان)ەوە گەیشتە باشوری ئەفریقاو وڵاتانی خۆرئاوا بەدیاریكراویش بەریتانیا، بەجۆرێك بەپێی ئاماری خانەی زانستی دیوبەندی، ژمارەی خوێندنگە ئاینییەكان (200 هەزار) خوێندنگەی تێپەڕاندووە. تایبەتمەندی سێیەمی ئەم خوێندنگە ئاینییانە، دووبارە دانانەوەی زانایانی ئاینی بوو وەكو چاودێرو پاسەوان بەسەر دابونەریتەكانی كۆمەڵگەوە، كەوتنی دەوڵەتی موسوڵمانی هیندستان لەسەر دەستی بەریتانییەكان، لەو سەردەمەدا بۆشاییەكی سیاسیو یاسایی لە سەركردایەتیكردنی كۆمەڵگەدا دروستكردبوو، ئەمە وایكرد ئەم خوێندنگە ئاینییانە بۆشاییەكە پڕبكەنەوەو لەسەردەمی داگیركاریدا بەریتانیادا رۆڵی سەركردایەتیكردنی كۆمەڵگە لەڕووی زانستیو رۆحیو ئەخلاقیو تەنانەت دادوەریشەوە بدەنە دەست زانایانی ئاینی، ئەو سەردەمە ئەمانە دادگای سەربەخۆییان دروستكرد كە سەربە بەریتانییەكان نەبوو، واتە زانستو فێركردنی ئاینی لە رەهەندی وەزیفیو سودی دنیایی داماڵدراو تەنیا لە رەهەندی پەیامی ئاخیرەتو پارێزگاریكردن لە ناسنامەی ئیسلامی گەلدا كورتكرایەوە. تایبەتمەندی چوارەمی خوێندنگەكان بریتی بوو لە پەیكەری خوێندنگەكان كە (ئەهلی) بوون، بە پارەی دانیشوانی ناوچەكان دروست دەكران، دوربوون لە سەرپەرەشتیو چاودێری حكومەتەكانەوە، پرۆگرامی خوێندن لەم خوێندنگایانە دابەش بوو بوو بەسەر دوو بەشدا، بەشی یەكەم خوێندنی زانستەكانی (ئسوڵی فیقه، تەفسیر، فیقهی هاوچەرخ، حەدیس، زمانی عەرەبیو مەنتیقو فەلسەفە)، بەشی دووەم پەروەردەكردن بوو، ئەم خوێندنگانە بایەخی گەورەیان بە پەروەردەكردنی خوێندكارەكانیان دەدا، بناغەی پەروەردەكردن خۆپاكژكردنەوەی سۆفیانە بووە، بەڵام دور لە شێوازی سۆفیگەرێتی میللی روكەشو سروتو رێوڕەسمەكانی، كە ئەوان بەردەوام رەخنەی توندیان لێگرتووە. ئەم شێوازی پەروەردەكردنە لەرێگەی كارلێكی بەردەوامی نێوان مامۆستاو خوێندكارەكانی لەماوەی ساڵانی دورو درێژی خوێندندا بەرجەستە دەكرا، ئەمە لەپاڵ جێبەجێكردنی كردەیی دەقە شەرعییەكانو چارەسەری بەردەوامی نەفس بۆ رزگاركردنی لە ئاكارە خراپەكانی وەكو (خۆشەویستی دنیا، مەرایی، حەسودی)و خۆبەهێزكردن لە بواری (تەقوا، خشوعو زوهد)دا. لەسەر بنەمای تایبەتمەندییەكانی خوێندنگەی دیوبەندی، توێژەران خوێندنەوە بۆ ئاكارەكانی بزوتنەوەی تالیبان دەكەنو دەڵێن تایبەتمەندییەكانی (دژایەتی داگیركەر، دوركەوتنەوە لە رۆشنبیری خۆرئاوایی، سەربەخۆیی زانستیو دارایی، كاراكردنی رۆڵی كۆمەڵگە لە بنیادنانی دامەزراوە فێركارییەكان، دانانی زانایانی ئاینی وەكو رێبەری بەسەر كۆمەڵگەوە، شێوازی كۆنی خوێندنی ئاینی كە خۆی لە زوهدو پەیوەندی رۆحی بەهێز لەنێوان مامۆستاو خوێندكار دەبینێتەوە، توانای ئیدارەدانی تۆڕە فێركارییەكان بەشێوەیەكی لامەركەزی) لەو تایبەتمەندیانەی خوێندنگەی دیوبەندییە كە جگە لە بزوتنەوەی تالیبان لە هیچ رەوتێكی تری ئیسلامی نەریتیو هاوچەرخدا بەدی ناكرێتو ئەمە هۆكاری مانەوەو سەركەوتنی تالیبانە. ئەو بانگەوازە ئاینییەی كە بزوتنەوەی تالیبان لە هەناویەوە هاتوەتە دەرەوە، شێوازێكی تایبەتە لە قۆناغی نوێگەریو پاش نوێگەریدا، سەرباری ئەوەی هەندێك لە زانایانی ئیسلامی رەخنە لە خوێندنگەی دیوبەندی دەگرن بەوەی بەهیچ جۆرێك سود لە لایەنە ئەرێنییەكانی شارستانی خۆرئاوا وەرناگرێت، بەڵام دان بەوەشدا دەنێن جگە لەم خوێندنگەیە هیچ رێبازێكی تری ئاینی نەیتوانیوە بەمشێوازە خۆی لەبەرامبەر شارستانی خۆرئاوا راگرێت، بەتایبەتیش ئەگەر لە وڵاتێكدا بوبێت كە لەژێر حوكمی بیانییەكاندا بوبێت. رێگای پشتۆن.. ژێرخانی كۆمەڵایەتی تالیبان لەپاڵ مەسەلەی ریشەی فیكریدا، ژێرخانی كۆمەڵایەتی رۆڵی گەورەی گێڕاوە لەوەی تالیبان جارێكی تر هەستێتەوە سەر پێو جڵەوی حوكم بگرێتەوە دەست. ئەو ژێرخانە كۆمەڵایەتییە چی بوو كە وایكرد لە كۆتایی نەوەدەكاتی سەدەی رابردوودا تالیبان دەسەڵات لە ئەفغانستان بگرێتە دەستو دوای (20) ساڵ لە كەوتنی لەشەڕی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، جارێكی تر بگەڕێتەوە سەر شانۆكە ؟ لەڕووی ئیتنیكییەوە زۆرینەی سەركردەكانی بزوتنەوەی تالیبان سەربە هۆزی "پشتۆن"ن، خەڵكی سەربەم هۆزە لە قەندەهارو كابول لە باشورو خۆرهەڵاتی ئەفغانستانەوە درێژدەبنەوە بۆ سنورەكانی پاكستان، پشتۆنەكان گەورەترین پێكهاتەی ناو ئەفغانستاننو زۆرینەی دەسەڵاتدارەكانی ئەفغانستان سەربەم پێكهاتەیە بوون. دانیشوانی ئەفغانستان بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر پێكهاتەكاندا: • پشتۆن: رێژەی (42%)ی كۆی دانیشتوان پێكدەهێنێت • تاجیك: 27% • ئۆزبەك: 9% • هەزارە (شیعە): 9% • توركمان: 3% • بلوچ: 2% • پێكهاتەكانی تر: ئەوەی دەمێنێتەوە سەرباری ئەوەی نزیكەی (30) هۆزی جیاواز لە ئەفغانستان هەنو ئەم هۆزانە بەرژەوەندیو دابونەریتی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەڵام ئاستی پابەندبوون بە بنەماكانی هۆزەوە لەناو پشتۆنەكان زیاترە لە هۆزەكانی تر، رەنگە هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە هەموو تیرەكانی ناو هۆزی پشتۆن یەك ئاینو یەك زمانو یەك رەگوڕیشەیان هەیە، تا ئەو رادەیەی كۆكراوەیەكی ئەخلاقییان هەیە بەناوی "پشتۆن والی" واتا (رێگای پشتۆن)، جێبەجێكردنی بنەماكانی ئەم كۆكراوەیە پارێزگاری لە شەرەفی هەر تاكێكی ناو پشتۆنەكان دەكات، ئەم نەریتە خێڵەكییە سێ بنەمای سەرەكی لەخۆدەگرێت كە بریتییە لە: • میواندۆستی • تۆڵەكردنەوە • پەنادان جێبەجێكردنی ئەم بنەمایانە لە هەر بارودۆخێكدا بێت لەسەر تاكی پشتۆنی ئەركە، بنەمای پشتۆن لە خێزانەوە دەستپێدەكات بۆ بنەماڵە پاشان تیرەو لە كۆتایشدا هۆز، لە حاڵەتی ئاسایدا هۆز هیچ رۆڵێك بەسەر تاكو خێزانەكاندا نییە، بەڵام لەكاتی شەڕو ناكۆكیدا، ئەنجومەن لە گەورە پیاوانی هۆز دروست دەكرێت، ئەم ئەنجومەنە ناوی "جێرگا"یەو بەشێوەیەكی كاتی دروست دەكرێت، بڕیارەكانیان لەسەر بنەمای شەریعەتی ئیسلامیو دابونەریتی ناوچەكە دەردەكەن. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لەسەردەمی دەوڵەتی هاوچەرخدا كە كۆنترۆڵی هەموو جموجوڵەكانی كۆمەڵگەی كردووە، پشتۆنەكان چۆن توانیویانە پارێزگاری لەم ژیانە كۆمەڵایەتییەی خۆیان بكەن ؟ پشتۆنەكان كە لەناوچە گوندنشینەكاندا بڵاوبونەتەوە، بەردەوام بەرەنگاری هەژموونی دەوڵەتیان كردووە بەسەر ناوچەكانیاندا، لەپاڵ ئەمەدا ئەو ناوچانەی كە تێدا نیشتەجێن لەڕووی جوگرافییەوە ناوچەی سەختن، ئەم جوگرافیایە وایكردووە دەوڵەتە یەك لەدوای یەكەكانی ئەفغانستان نەتوانن بەتەواوەتی كۆنترۆڵی ناوچە گوندنشینەكان بكەن، ئەمە لەكاتێكدایە دانیشتوانی ئەم ناوچانە رێژەی 80%ی كۆی خەڵكی ئەفغانستان پێكدەهێنن. دوربوونی خەڵكی ئەم ناوچانە لە هەژمووی دوڵەت وایكردووە پەیوەندی خێڵەكی لەم ناویاندا بەبەهێزی بمێنێتەوە، لەڕووی بژێویو ئابورییەوە پشت بە خۆیان ببەستن نەك دەوڵەت، سەرباری ئەمانە زۆرینەی هۆزەكان وەكو قەوارەیەكی دژ بە ئیسلامو بەهاكانی تەماشای دەوڵەت دەكەن، لەپاڵ ئەمانەدا دەمارگیری هۆزەكان بۆ رەگوڕیشەو سەربەخۆیی رێژەیی خۆیان وایانكردووە دەوڵەت نەتوانێت كۆنترۆڵیان بكات. قۆناغی دوای سۆڤیەتو پێش تالیبان ئەمە قۆناغێكی راگوزەری قورسو پڕ لە شەڕو ئاژاوەیە لە مێژووی ئەفغانستاندا، حوكمی شیوعییەكان روخاوە، بەڵام هێشتا هەژموونی سیاسیو پەیكەری كۆمەڵایەتی لەناو ئەفغانستاندا ماوە، لەبەرامبەردا ئەو هێزە ئیسلامییانەی كە سەركەوتوون نەیانتوانیوە یەكێتییەكی بەهێز پێكبهێنن. دوو حزبی ئیسلامی لەسەردەمی "جیهادی سۆڤیەت"و شیعوییەكاندا ئەستێرەیان درەوشاوەتەوە كە بریتین لە: • (حزبی ئیسلامی) بە سەرۆكایەتی ئەندازیار (قەلبەدین حیكمەتیار) • (كۆمەڵەی ئیسلامی) بە سەرۆكایەتی پرۆفیسۆر (بورهانەدین رەبانی)و قەرماندەی سەربازی بەناوبانگ ئەندازیار (ئەحمەد شا مەسعود) ریشەی ئەم دوو هێزە ئیسلامییە دەگەڕێتەوە بۆسەر بزوتنەوەیەكی ئیسلامی هاوپەرخ كە كۆمەڵەی (ئیخوان موسلیمین)ەو كار لەسەر راكێشانی خوێندكارانی زانكۆ دەكات لە شاری كابولی پایتەختو شارەكانی تر بەلای خۆیدا. حیكمەتیار سەربە هۆزی پشتۆنە، بورهانەدین رەبانیو ئەحمەد شا مەسعودیش سەربە پێكهاتەی (تاجیك)ن، حزبی ئیسلامی مەركەزیەتێكی بەهێزی سیاسی هەیە، نەك سەربازی، كۆمەڵەی ئیسلامیش خۆی لە پەیوەندییەكی لەرزۆكی فەرماندە سەربازییە لۆكاڵییەكاندا دەبینێتەوە كە زۆرینەیان دەرچووی زانكۆ هاوچەرخەكانن بەڵام بەبێ بوونی هیچ پەیكەرێكی سیاسی بەهێز. ساڵی 1992 بەشێوەیەكی فەرمی حوكمی ئەفغانستان رادەستی هاوپەیمانێتییەك لە كەمینە ئیتنیو ئایدۆلۆژیو ئاینییەكان كرا، بەڵام لە واقیعدا ئەوەی هەبوو دوو هاوپەیمانی دژ بەیەكتر بوو، هاوپەیمانی یەكەم بریتی بوو لە هاوپەیمانێتی (تاجیك) بە رێبەرایەتی سەرۆك (بورهانەدین رەبانی)و (ئەحمەد شا مەسعود)ی وەزیری بەرگری حزبی (كۆمەڵەی ئیسلامی) لەگەڵ ژەنەراڵ دۆستەم كە شیوعییەكی ئۆزبەكییەو لە پاشماوەكانی رژێمی پێشووی ئەفغانستانە هەروەها (هەزارە) شیعەكانو پارتێكی شیوعی كە زۆرینەیان لە خەڵكە شارنشینەكەی هۆزی پشتۆنن، لەبەرامبەر ئەم هاوپەیمانێتییەدا هاوپەیمانێتییەكی تر هەیە كە سەرۆك وەزیران (قەلبەدین حیكمەتیار) سەرۆكایەتی دەكاتو پێكهاتووە لە حزبی ئیسلامیو لایەنگرەكانی كە زۆرینەیان پشتۆنن لەگەڵ پارتێكی شیوعی كە زۆرینەیان خەڵكە گوندنشینەكەی پشتۆنن. ئەم دوو بەرەیە كە لە هاوپەیمانێتییەكدا كۆبونەوە، هەرزوو توشی بەریەككەوتن هاتن، ئەفغانستان كەوتە ناو شەڕێكی خوێناوی ناوخۆییەوە. دەركەوتنەوەی تالیبان قەندەهار كە مەڵبەندی سەرەكی تالیبانو سەركردەكانی بوو، بێ بەش نەبوو لە شەڕەكە، لەپاڵ شەڕدا، پرۆسەی كوشتنو تاڵانیو تاوانی ئەخلاقی زیادیان كرد، خوێندكارانی خوێندنگە ئاینییە نەریتییەكان كۆبونەوە، لە مزگەوتی (سپی) لەناوچەی (سانجیسار)ی قەندەهار بڕیاریاندا روبەڕووی "گەندەڵی"و "تاوانكاریی" ببنەوە، مەلا (محەمەد عومەر) وەكو فەرماندەی خۆیان دیاریكرد، لێرەوە چیرۆكی سەرهەڵدانەوەی تالبیان دەستی پێكرد. سەرباری ئەوەی تالیبان بزوتنەوەیەكی مەلایەتی (خوێندكاری ئاینی)یە وەك لەوەی بزوتنەوەیەكی مەولەوییانە (زانایان) بێت، بەڵام هەندێك لە گەورە زانایان لەوانە (مەولەوی باسانای) فتوای شەرعیبوونی جوڵە نوێیەكەیان دەدات. لەسەرەتای ئەم جوڵە نوێیەدا، تالیبان هیچ بەرنامەو ستراتیژێكی سیاسی نییە، نایەوێت حكومەتی ئیسلامییەكان بڕوخێنێت، تەنیا كار لەسەر چارەسەری خراپی دۆخی ئەمنیو روبەڕووبونەوەی كەسانی رێگر لەناوچەكانی خۆی دەكات، پارێزگای قەندەهار بەتەواوەتی كۆنترۆڵ دەكاتو شەریعەتی ئیسلامی تێدا دەچەسپێنێت، دۆخی ئەمنی جێگیر دەكات، هەندێك وەفد لە پارێزگاكانی ترەوە دەچنە لای سەركردەكانی تالیبانو داوا دەكەن وەكو قەندەهار دۆخی ئەمنی ئەوانیش كۆنترۆڵ بكەن، تالیبان بە سوڵح دەچێتە ناو چەند پارێزگایەكی ترەوە، ژمارەیەكی زۆر چەكدار لە پارتە سیاسییەكانی ترەوە پەیوەندی بە تالیبانەوە دەكەن، لەم كاتەدا داوا دەكرێت شیوعییەكان لەناوو حكومەت دەربكرێنو حكومەتێكی ئیسلامی لە ئەفغانستان دروست بكرێتو كۆتایی بە شەڕ بهێنرێت، بەڵام ئەم داواكاریانە جێبەجێ نابن، تالیبان بەهێزەكەیەوە بەرەو ناوجەرگەی كابولی پایتەخت دەكشێت، تالیبان كە سەرەتا ژمارەی هێزەكەی كەمتر لە (100) كەس بووە، لە كۆتایی ساڵی 1996دا ژمارەی هێزەكەی دەبێت بە (30 بۆ 35 هەزار) چەكدار. رۆژی 26ی سێپتێمبەری 1996 دوای كشانەوەی حكومەتە ئیسلامییەكەو هێزەكەی لە پایتەخت، بزوتنەوەی تالیبان دەچێتە ناو كابولەوە. یەكەمین كارێك كە دوای كۆنترۆڵكردنی كابول دەیكات، بزوتنەوەی تالیبان لە شوێنێكی گشتیو لەبەرچاوی خەڵك (نەجیبوڵلا)ی سەرۆكە شیوعییەكەی پێشوو دەكوژێتو هەڵیدەواسێت، دواتر براكەشی كە بەڕێوەبەری دەزگای ئەمنی بووەو لەناو كۆمەڵگەی نەتەوە یەكگرتووكاندا لە ساڵی 1992 خۆی حەشارداوە، دەردەهێنێتو دەیكوژێت. كەوتنو هەستانەوەی تالیبان تالبیان دوای خستنی حكومەتە ئیسلامییەكەی دوای روخانی سۆڤیەت ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ حوكمی ئەفغانستانی كرد، ساڵی 2001 دوای هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریكا، تۆمەتبار كرا بەوەی پەنای رێكخراوی قاعیدەی داوەو لەخاكی ئەو وڵاتەوە پلانی هێرشەكە داڕێژراوە. ئەمریكا بە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی هێرشی كردە سەر ئەفغانستانو حوكمی تالیبانی روخاند، دوای (20) ساڵ شەڕو بەرەنگاری ئێستا تالیبان سەرلەنوێ حوكمی ئەفغانستانی گرتوەتەوە دەست، دیار نییە ئاكامی ئەم پەرەسەندنە نوێیە چۆن دەبێت، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، ئەگەر تالیبان تەنیا بە پشكی هۆزی پشتۆن جارێكی تر بەدەسەڵات گەیشتوەتەوە، ئایا ئەوانەی پێش تاڵیبان كە بەهەمان شێوە سەربەم هۆزە بوون، چۆن نەیانتوانی بەرگری لە پێگەی سیاسی خۆیان بكەنو بمێننەوە، بەتایبەتیش هەندێك لەوانە ئیسلامییەكی پشتۆن بوون لە نمونەی (قەلبەدین حیكمەتبار)و دواتریش حامید كارزای كە هەر سەربە هۆزی پشتۆن بوو لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانی دەكرا، رەنگە وەڵامەكە ئەوەبێت، هەندێك لەوانە پشتیان بە شارنشینەكانی پشتۆنو خوێندكارانی زانكۆ بەستبێت، لە حاڵێكدا پشتۆنە راستەقینەكان ئەوانەی گرەوی سەركەوتنو شكست یەكلا دەكەنەوە گوندنشینەكانن، كە هەمان تێڕوانینو بیروباوەڕیان لەگەڵ بزوتنەوەی تالیباندا هەیە. ---------------- پەراوێزەكان: (1)- دیوبەندی: خوێندنگەیەكی فیكری بوو كە ژمارەیەك لە زانایانی ئاینی هیندستان دایانمەزراند، خانەی زانستی ئەم خوێندنگەیە لە شارۆچكەی (دیوبەند)ی هیندستان بوو، بۆیە رێبازەكە ناوی لێنرا (دیوبەندی)، زانایانی ئەم رێبازە بەمشێوەیە پێناسەی خۆیان دەكەن:" ئاینمان ئیسلامە، لە فیرقەی ئەهلی سونەتو جەماعەتین، مەزهەبمان حەنەفییە، سۆفیگەریی رێگامانە، باوەڕمان ماتوریدییە". (2)- محەمەد قاسم نانوتەیی زانایەكی ئاینی بەناوبانگە، ساڵی 1833 لە شارۆچكەی (نانوتە)ی هیندستان لەدایكبووەو هەندێك كەس رێبازەكەی بەناوی ئەم شارۆچكەیەوە ناودەهێنن، شارەزایی قورئانو حەدیس بووە، خاوەنی چەندین پەرتوكە. بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە سود لەم توێژینەوەیە وەرگیراوە: تجربة طالبان: قراءة خلدونية سوسيولوجية في جذور وظهور الحركة، إعداد: كرم الحفيان- مركز المجدد للبحوث و الدراسات
شیكاری: درەو هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوەی ئێستا هەستی پێدەکرێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان لە حیزبە سیاسییەکان توڕەن و بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە شەقام ساردو سڕو لە سۆشیال میدیا گەرمیییەکی شەرمنانەی پێوە دیارە. هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت؟ لەگەڵ ئەوەی زۆرێک لە چاودێران پێیان وابوو، لەوانەیە هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کاتی خۆیدا و ڕۆژی (10/10/2021) بەڕێوە نەچێت، بەڵام لە ئێستادا هەموو هەنگاوو هەڵوێستەکان ئەوە پیشان دەدەن کە هەڵبژاردنەکە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت. دواین هەڵوێستی فەرمیش لەو بارەیەوە هەڵوێستی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقە کە پێکهاتوون لە (بەرهەم ساڵح- سەرۆک کۆماری عێراق، مستەفا کازمی – سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی- سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران) لە ڕۆژی (3/8/2021) نووسینگهی مستهفا كازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند لهسهر داوای مستهفا كازمی هەرسێ سهرۆكایهتییهكهی عێراق به بهشداریی ژمارەیەک لە سەرکردەکانی لایهنه سیاسیهكان كۆبوونەتەوە. لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا هەر سێ سەرۆكایەتییەكە لەسەر ئەوە كۆك بوونە كه ههڵبژاردن لهوادهی خۆیدا ئهنجام بدرێت، داواش لهو لایهنه سیاسیانه بكهن كه له پرۆسهكه كشاونهتهوه، بهشداریی له ههڵبژاردنهكان بكهنو پێكهوه گفتوگۆیهكی ڕاشكاوانه بكهن لهسهر كێشهكان و بهههموان پرۆسهی دیموكراسی سهربخهن. کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەشتێکی دیبلوماسی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (تایبەت بە ڕێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ ئەو وڵاتە) گەڕابوویەوە. بۆیە تێبینی ئەوە دەکرێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی ئەوە دەکەن کە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەڕێوەبچێت ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە پاڵپشتی دارایی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە پێشکەش بە (نوسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق - یۆنامی) کردووە، لەم بارەیەوە ڕۆژی (8/2/2021) نوسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند، ئاژانسی ئەمریكی بۆ پەرەپێدانی جیهانی بڕیاریداوە (9 ملیۆن 700 هەزار) دۆلار بۆ پشتیوانیكردن لەهەڵبژاردنەكانی عێراق تەرخانبكات. بە گوێرەی راگەیەندراوی نوسینگەی رێكخراوەكە لە عێراق، ئەو پارەیەش لەپەرەدان بەتوانای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دابینكردنی چاودێری نێودەوڵەتیدا خەرج دەكرێت. هەر لەم بارەیەوە و دوو هەفتە بەر لە ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، بە مەبەستی هاوکاریکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق وڵاتهكهی بەم دواییانە (9 ملیۆن و 700 هەزار) دۆلاری پێشکەشی رێکخراوی یۆنامی لە عێراق کردووە. بەمەبەستی هاوکاریکردن لە کاروباری هەڵبژاردن و پلانیشی هەیە پێنج ملیۆن و 200 هەزار دۆلاری دیکەش پێشکەشی عێراق بکات و چاوەڕوانی رەزامەندی کۆنگرێسن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئەوەشی رونكردۆتهوه، زیادکردنی هاوکاری ئەمریکا بۆ عێراق دەرئەنجامی گفتوگۆ ستراتیژیەکانی ئەم دوایانەی نێوان هەردوو وڵاتن. بانگەشەی هەڵبژاردن و لە کەشێکی ساردو سڕدا دوای ئەوەی رۆژی (8/7/2021)، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە پەسەندكردنی ناوی ئەو كاندیدانەی كە ژمارەیان پێ بەخشرابوو. هاوکات بڕیاریشیدا لە رۆژی دەرچونی بڕیاری پەسەرند کردنی ژمارەی کاندیدەکانەوە، واتە لە رۆژی 8/7/2021ەوە بۆیان هەیە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن تاوەكو سەعات 6ی سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 7/10/2021. بەڵام وا نزیک (40) رۆژ دەبینەوە بەسەر ئەو وادەیەدا، حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەگەرچی بەشێکیان لە ناو خۆیدا جۆرێک لە گەرم و گوڕییان تێکەوتووە، بەڵام نەیانتوانییوە ئەو گەرم و گوڕییە بگوازنەوە نێو شەقام و گۆڕەپانی گشتییەوە. بەڵکو بە پێچەوانەوە شەقام تا دێت توڕە تر و دوردۆنگ تر دەبێت لە حکومەت و پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە ئێستادا کە دۆخی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە هەرێمی کوردستان لەو پەڕی خراپیدایەو لێرەو لەوێ خەڵکی وەک ناڕەزایی دژ بە بێ ئاویی و بێ کارەبایی و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست دێنە سەر شەقامەکان. بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای کوردی بو هەڵبژاردن (KIE) کە لە (1/8/2021) بڵاوی کردووەتەوە، کۆمەڵێک هۆکار وایکردووە کە خەڵک لە بەشداری هەڵبژاردن ساردببنەوە، بەشی زۆری هۆکارەکانیشی دەگەڕێتەوە بۆ؛ 1. نەمانی متمانە لەنێوان دەنگدەر و نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار. 2. بەردەوامی ساختەکاری لە هەڵبژاردن و پاک و بێگەرد نەبوونی پرۆسەکانی هەڵبژاردن. 3. نەبوونی متمانە بە بێ لایەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان. 4. هەڵبژاردن نەیتوانییوە گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵدا بکات. 5. دەستێوەردانی دەرەکی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. 6. زانینی پێشوەختی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن 7. لەدەستدانی متمانە بە پرۆژەی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی. 8. کەمتەرخەمی هاوڵاتیان و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی. دۆخی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پارتی دیموکراتی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (337 هەزار و 280) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (330 هەزار و 39) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (68 هەزار و 567) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (735 هەزار و 886) دەنگ، بەم پێیەش زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (12) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (11) کاندید و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید هەیەو چاوی لەوەیە لە کەرکوکیش دەنگەکانی هەڵبکشێت و (2) کانیدیدی هەیە، لە دواین هەنگاویشیدا پارتی بڕیاریداوە لە سەرجەم ئەو ناوچەكوردستانیانەی دەرەوەی هەرێم كە بارەگای نییە نوسینگە بۆ كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بكاتەوەو سەرپەرشتییكردنی نوسینگەكانیش دەدات بە كاندیدەكانی تا خۆیان بانگەشە بكەن. بە وتەی عەدنان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك_گەرمیانی پارتی دیموكرات " وەك پارتی لە ناوچە کوردستانییەکان بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیان دەست پێکردووە و بەشێک لە کاندیدەكانیشیان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لە ھەر لەناوچەیەكی جێناكۆك و لەهەر پارێزگایەك كە پارتی بارەگای نەبێت نوسینگەیەک دەکاتەوە و سەرپەرشتیی بانگەشەی ھەڵبژاردنی تێدا دەكەن". هەروەها کرمانج عەبدوڵڵا بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: ''بارەگاکانی خۆمان وەرگرتووەتەوە و سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەین و کە تەواو بوون بە شکۆوە دەگەڕێینەوە، دوو بارەگامان لە مەخموور و سەرگەڕانن، چونکە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، لەبەر ئەوەی تێک درابوون، بۆیە بڕیارە پێش هەڵبژاردن بگەڕێینەوە.'' کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونیشی کردەوەتەوە: "بە گەرەنتی و سەربەرزییەوە دەگەڕێینەوە و پارێزراویش دەبین و لە کاتی گەڕانەوەش هێزی خۆمان دەبێت بۆ پارێزگاری لە خۆمان، بەڵام کاندیدەکان دەتوانن هەرکاتێک بیانەوێت بگەڕێنەوە، چونکە کادیر و ئەندامانی ئێمە لەوێن و تەنها بەشێک نەبێت، ئەوانیش دەگەڕێنەوە لەگەڵ تەواوبوونی بارەگاکان.'' یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (100هەزار و 122) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (224 هەزار و 255) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (25 هەزار و 676) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (350 هەزار و 53) دەنگ، بەم پێیەش لەدوای پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان (هاوپەیمانی کوردستان)یان پێکهێناوە، یەکێتی لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا (26) کاندید و بزوتنەوەی گۆڕان (7) کاندیدی هەیە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (12) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید هەیەو لە پارێزگای کەرکوکیش (6) کاندید و لە پارێزگای سەڵاحەدین کاندیدێکی هەیە. بەڵام لە دوای (8ی تەموز)ەوە گۆڕانکاری گەورە لە نێو ئەو حیزبەدا ڕوویداوەو کێشەی قووڵ کەوتووەتە نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، تا ئێستا دۆخەکە بەردەوامەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەدەسەنێت و سەرەڕای نێوەندگیری زۆر بەڵام ئاسۆیەکی ڕوون نییە بۆ چارەسەر، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەو حیزبە جێهێشووە بۆ دەستکردن بە بانگەشەی هەڵبژاردن و تەنانەت (لاهور شێخ جەنگی) کە پێشتر سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو لە ڕۆژی (29/7/2021) دەستبەرداری پۆستەكە بوو، (قوباد تاڵەبانی) وەک سەرۆکی نوێی هاوپەیمانێتیەکە ناسێنرا. لە ڕۆژی (7/8/2021) سەرجەم کۆمیتەو مەڵبەندەکان ڕاسپێدراون کادرەکانی ئەو حیزبە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن بەتایبەی لە سۆسشیال میدیا لۆگوی هاوپەیمانی کوردستان بڵاو بکەنەوە. بۆیە ئەوەی تا ئێستا هەستی پێدەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەقام ساردو سڕو لە سۆشیال میدیا گەرمیییەکی شەرمنانەی پێوە دیارە. بزوتنەوەی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (40 هەزار و 680) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (153 هەزار و 472) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (6 هەزار و 438) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (200 هەزار و 590) دەنگ، لەدوای پارتی و یەکێتی پلەی سێیەمی دەنگەکانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێنا. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان (هاوپەیمانی کوردستان)یان پێکهێناوە، گۆڕان لە نێو هاوپەیمانێتییەکەدا (7) کاندیدی هەیە، بەجۆرێک لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای کەرکوکیش کاندیدێکی هەیە. بەپێی لێدوانی سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردن و ئەندامی لیژنەی باڵای هاوپەیمانی كوردستان " گهشبینین ژمارهی كورسیهكانمان بهرزدهكهینهوه"،"بهوپێیهی ئهمجاره نهتهوهیهكگرتووهكان چاودێری پڕۆسەكەیە بەرەو ئەوە دەڕوات كەمترین ساختەكاری تێدا رووبدات." نەوەی نوێ نەوەی نوێ، لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (55 هەزار و 649) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (67 هەزار و 137) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (15 هەزار و 736) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (138 هەزار و 522) دەنگ. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (15) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (5) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (4) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندید هەیەو لە پارێزگای کەرکوکیش (3) کاندیدی هەیە. نەوەی نوێ هەر زوو لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری نەکردوو ڕێگای ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژاردو بەو هۆیەشەوە چاوەڕێی ئەوەیە دەنگەکانی ڕوو لە هەڵکشان بکات، بەتایبەت هەنگاوەکانی ئەم دواییەی لەبارەی هەرزانکردنی نرخی بەنزین و ناردنی تەنکەری ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگای هەولێر و دابینکردنی کەپر بۆ خانەنشینان لە کاتی وەرگرتنی موچەکان، بەردەوامی ڕەخنە گرتن لە حکومەتی هەرێم لە ڕێگای میدیاکانییەوە دەرخەری ئەو ڕاستییە کە ئەم حیزبە بانگشەی هەڵبژاردنی بەشێوەیەکی بەرچاو و جیاواز لە پارتە سیاسییەکانی دیکە دەستپێکردووە. لایەنە ئیسلامییەکان (کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی) ئەگەر چی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی دوو لایەنی ئۆپۆزسیۆنن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بەراورد بە نەوەی نوێ کەمتر جموجۆڵەکانیان هەست پێ دەکرێت، ڕەنگە بەشێکی هۆکارەکەی ئەوەبێت کە سیستمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەمتر لە خزمەتی ئەمان و پارتە هاوشێوەکانیان بێت، چونکە سەرەڕای ئەوەی دەنگی چوارەم و پێنجەمیان هەیەو دەکرێت وەک پارتی بچوک لەم هەڵبژاردنە لە قەڵەم بدرێن، سەرباری ئەوەش دەنگەکانیان پەرت بڵاو دەبێتەوە، هەر بۆیە کەمترین کاندیدیشیان پێشکەشکردووە. کۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (42 هەزار و 240) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (71 هەزار و 183) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (3 هەزار و 902) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (117 هەزار و 325) دەنگ. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (5) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (3) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگاکانی دهۆک و کەرکوک هیچ کانیدێکی نیە. هاوکات یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان لە (30/9/2018) وەک دواین هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر (13 هەزار و 263) دەنگ و لە پارێزگای سلێمانی (38 هەزار و 350) دەنگ و لە پارێزگای دهۆک (32 هەزار و 777) دەنگی بەدەستهێنابوو پێکەوە دەکاتە (71 هەزار و 127) دەنگ. لە ئێستاشدا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (6) کاندیدی بەربژێر کردووە و لە پارێزگای سلێمانی لە (5) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای هەولێر لە (4) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە پارێزگای دهۆک لە (3) بازنەی هەڵبژاردن (2) کاندید و لە کەرکوک هیچ کاندیدێکی نیە.
هونهر حاجی جاسم ئهفغانستان تاکه ولاتی کیشوهری ئاسیایه، که ڕۆژههلاتی ناوهڕاست و باشووری ئاسیا و ولاتانی ئاسیای ناوهڕاست به یهکهوه دهبهستێتهوه. له دیدی جیۆپۆلۆتیک ناسهکانیش ئهم جۆره تایبهتیهمهندی دهولهت به پردی گۆڕانی هاوکێشه سیاسیهکان و ئابووری و سهربازهکانی جوگرافیهی سیاسی ئهم سێ ههرێمه دادهنرێت. ههرچهنده ئهفغانستان ولاتێکی داخراوه landlocked country بێ بهشه له سنووری ئاوی دهریا و زهریاکان، ئهمهش بۆته خالێکی نهرێنی بۆ هێزی ئهم ولاته. ههرچی تایبهتیشه به سنووری جوگرافی ئهفغانستان له بهشی باکووری رۆژههلات به درێژایی 91 کم هاوسنووره لهگهل چین. له بهشی رۆژههلات و باشورریش به درێژایی 2670 کم هاوسنووره لهگهل ولاتی پاکستان. ههروهها له بهشی ڕۆژئاواش هاوسنووره لهگهل کۆماری ئیسلامی ئێران به درێژایی 921 کم. ههرچی بهشی باکووریشه هاوسنووره لهگهل ولاتانی ئاسیای ناوهڕاست، وهک تاجیکستان و ئۆزبهکستان و تورکمهنستان به درێژایی 2295کم. دوای ئهوهی هێزی عهسکهری سۆڤیهتی سالی 1979 ئهفغانستانیان تاکو سالی 1989 به زهبری هێزی سهربازی ئهم ولاتهیان گرت، دواتر به شکهستێکی گهوره لێی دهرچوون، دواتر بووه فاکتهرێکی سهرهکی ههلوهشانهوهی یهکێتی سۆڤیهت بوو له سهرهتایی نۆههدهکانی سهدهی ڕابردوو. ئێستاش ڕوسهکان پێیان وایه شکهستی عهسکهریان له ئهفغانستان بووه هۆی ئهوهی بلۆکی رۆژههلات ههلوهشێتهوه و ئهمریکا به تهوای زال بێت بهسهر ئاسیای ناوهڕاست و باشووری ئاسیا. ههر ئهمهش وایکردووه ئهفغانستان خالێکی گرینگی یهکلاکردنهوهی ململانێ سیاسی و سهربازیهکان بووه له ئاستی جیهاندا، بهتایبهت یهکلاکردنهوهی ململانێی نێوان بلۆکی ڕۆژههلات و ڕۆژئاوا!. له 40 سالی ڕابردوو ئهوه دووهم جاره ئهفغانستان دوو هێزی گهورهی جیهانی لێی دهکشێنهوه وهکو "یهکێتی سۆڤیهتی جاران" و ئهمریکا. ئهمهش وامان لێ دهکات ئهفگانستان بهسهر "سێ قۆناغی گۆڕانکاری گهورهی جیۆپۆلۆتیکی دابهش بکهین". قۆناغی یهکهم بریتیه له دوای کشانهوهی سۆڤیهت (( ڕوسهکان )) له ئهفغانستان کۆمهلێك لێکهوتهی گهورهی به دوای خۆی داهێنا. وهك ههلوهشانهوهی یهکێتی سۆڤیهتی جاران له سالی 1991 و جیابوونهوهی چوارده دهولهت لێی له" ئاسیای ناوهراست و بهلقان و ئهوڕوپای ڕۆژههلات". ههروهها جهنگی ههشت سالهی ئێران و عێراق له 1980 تاکو 1988!. "هێرشی صدام حسێن بۆ سهر کوێت و لێدان و دهرپهڕاندنی صدام له کوێت و کهوتنی و بهرپابوونی ڕاپهرینی 5 ئازاری سالی 1991 کوردستانی عێراق"!. لاوزکردنی صدام تاکو ئاستی کهوتنی. قوناغی دووهم هێرشی ئهمریکایه له 7 ئۆکتۆبهری سالی 2001 بۆ سهر تالیبان له ئهفغانستان و ڕودانی 11 سپتێمبهری سالی 2001. دوای ئهم قۆناغه کۆمهلێك گۆڕانکاری سیاسی و عهسکهری و ئابووری له ناوچهکه هاتنه کایهوه. که لێره به کورتی ئاماژه به ههندێکیان دهکهین. وهك کهوتنی حوکمی تالیبان و قاعیده له ئهفغانستان له سالی 2001، کهوتنی ڕژێمی صدام حێسن له عێراق له نیسانی سالی 2003، دروستبوونی حکومهتێکی ئیخوانی به سهرکردایهتی رهجهب طیب ئهردۆگان له تورکیا، دروستبوونی شهڕی ناوهخۆی له عێراق له نێوان شیعه و سونه، ههلگیرسانی شۆرشی بههاری عهرهبی، لە بەهاری سالی 2011 و روخانی حوکمی زین بن عابدین له تونس، روخانی حوکمی حسنی مبارهک له مصر، روخانی قهزافی له لیبیا، روخانی علی عبدالله صالح له یهمهن و دروستبوونی شهری ناوهخۆی له سوریا و دروستببونی کانتۆنەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان و لاوزکردنی ئابووری تورکیا و ئێران و دروستبوونی داعش لە نیسانی 2014 و کۆنتڕۆلکردنی زیاد لە % 30 خاکی عێراق و جولهی گؤرانی سیاسی له ئاستی ناوچهکه به گشتی!. به هۆکاری ئهوهی ئهفغانستان پڕدی جیۆپۆلۆتیکی و جیۆستراتیژیه له نێوان رۆژههلاتی ناوهڕاست به سهرکردایهتی ئێران و تورکیا له لایێك و باشووری ئاسیا به سهرکردایهتی و چین و هیند و پاکستان له لایێک ترهوه، وه ئاسیا و ناوهڕاست به سهرکردایهتی روسیا له لاییکی ترهوه. وایکردووه قۆناغی سێیهم له کشانهوهی ئهمریکا له ئهفغانستان و ڕادهستکردنی حوکمی ئهم ولاته، به دهسهلاتی تالیبان له ئابی سالی 2021. ناوچهکه بخاته بهردهم سیناریۆی جیاواز، که نهخشه و سوکانی یاریکه زیاتر له دهست ئهمریکیهکانه. بۆیه پرسیارهکه لێره دایه که ئایه دوای کشانهوهی ئهمریکا له خاکی ئهفغانستان چی ڕوودهدات؟. وه ههروهها سیناریۆکان چی دهبن له ئاستی نێودهولهتی و ههرێمی و ولاتانی دهوروبهری ئهفغانستان؟. ئایه کام سیناریۆ زۆرتر ئهگهری وه ڕاست گهڕانی ههیه، وهکو ئهمانهی خوارهوه: سیناریۆی یهکهم: دامهزراندنی حکومهتێکی ئیسلامی به فۆرمێکی نوێ، لهسهر دهستی تالیبان که جیاواز بێت له حوکمی نۆههدهکانی سهدهی ڕابردوو. سیناریۆی دووهم: یهکلاکردنهوهی ململانێ سیاسی، ئابووری و سهربازیهکانی ولاتانی ناوچهکه له ئهفغانستان، وهك چین و روسیا و ئێران له لایێك، ئهمریکا و هاوپهیمانهکانی له لایێکی ترهوه!. سیناریۆی سێیهم: لێدان له پڕۆژهی ئاوریشمی چینی که ناسراوه به یهک پشتێن و یهك ڕێگا. سیناریۆی چوارهم: لێدان و لاوازکردنی قوتبهکانی رۆژههلاتی ناوهڕاست و ڕۆل و کاریگەری و پێگەی کورد چی دەبێت لە ناوچەکە؟!. ......................... ماویهتی
(درەو): فەریق روکن (ئهنور حهمه ئهمین) فهرماندهیی پێشووی هێزی ئاسمانی عێراق كه كورده، لهكاتی دادگایكردنیدا لهسهر تۆمهتی گهندهڵی، له دادگا تاوانهكانی (كهرخ)ی بەغداد ههڵات. ئیستا هێزه ئهمنییهكان ناوچهی (حوڕییه)یان گهمارۆداوهو دهیانهوێت دهستگیری بكهنهوه. سەرچاوە ئەمنییەکان دەڵێن، دادگا سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر ئەنوەر حەمەئەمیندا سەپاندووە، دادوەر داوای لە مەفرەزەیەکی پۆلیسی (ساڵحیە) کردووە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بیگوازنەوە بۆ زیندان، لەم کاتەدا فەریق روکن ئەنوەر حەمە ئەمین داوای کردووە ھەندێک پۆشاک و پێداویستی لەناو ئۆتۆمبیلەکەی لە دەرەوەی دادگا بھێنێت. کاتێک چوەتە دەرەوەی بینای دادگا، فەریق روکن ئەنوەر حەمەئەمین لەگەڵ شۆفێرەکەدا کە برازای خۆیەتی و عەمیدە لە وەزارەتی بەرگریی، دەمانچەیان خستوەتە سەر سەری ئەفسەرێکی پۆلیسی ساڵحیەو بە ئۆتۆمبیلەکەیانەوە بەرەو ناوچەی (عەدل) ھەڵاتوون. ھێز ئەمنییەکان ئۆتۆمبیلەیان دۆزیوەتەوەو برازاکەیان دەستگیر کردووە، بەڵام فریق ئەنوەر بەرەو شوێنێکی نادیار ھەڵاتووەو تائێستا دەستگیر نەکراوە. ئەنوەر حەمەئەمین كێیە ؟ ئەم پیاوە كە ئێستا لە دادگا هەڵاتووە، حوزەیرانی 2019 كاندیدی هاوبەشی پارتیو یەكێتی بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام دواتر گفتوگۆكەی نێوان پارتیو یەكێتی تێكچوو، لە پۆستەكەدا دانەنرا. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین لە ساڵی 2008وە فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە، وەكو كاندیدی یەكێتی ئەو پۆستەی پێدراوە تا ئەوكاتەی خانەنشین بووە. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2017 تۆمەتباركرا بە گەندەڵیكردن لە گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی چیكی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق، بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، لەوكاتەوە رووی لە هەولێر كردو لەوێ دەمایەوە. دەوترێت لەوكاتەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە، بەڵام پێدەچێت مێژووی پەیوەندییەكەی لەگەڵ پارتی كۆنتر بێت، چونكە ساڵی 2015 كاتێك بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق خانەنشین كرا، دەنگۆی دانانی فەریق روكن ئەنور حەمەئەمین لە شوێنەكەی بڵاوبوەوە، بەڵام كاتێك دۆسیەی ئەنفالی بۆ هەڵدرایەوە، پارتی لە كاندیدكردنی ئەنوەر حەمەئەمین بۆ پۆستی سوپاسالار كشایەوە. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین ساڵی 1978 كۆلیژی سەربازی بە پلەی مولازم تەواوكردووە، ساڵی 1980 بووە بە فڕۆكەوان لە پۆلی چوارەمی هێزی ئاسمانی عێراقو لەماوەی جەنگی عێراق- ئێرانو جەنگی رژێمی بەعس دژ بە كورد، بەشداری زۆربەی شەڕەكانی كردووەو فڕۆكەوان بووەو فڕۆكەی هێلیكۆپتەری پێبووە. ئەم پیاوە تۆمەتبارە بەوەی بە هێلیكۆپتەرەكەیەوە بەشداری شاڵاوەكانی ئەنفالی كردووە لەدژی گەلی كوردو ناوی لە ریزبەندی ژمارەی (21)ی ئەو لیستەدایە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوەو داوای دەستگیركردنو سزادانیان دەكات. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن، ساڵی 2015 لە لێدوانێكدا وتی"من ئەگەر تاوانبار بم چۆن لەدوای روخانی رژێمەوە دوو پۆستی گرنگم لە وەزارەتی بەرگری پێدراوە، یەكێكیان پشكنەری گشتیو ئەوی تر فەرماندەی هێزی ئاسمانی". ساڵی 1992 كە كوردستان دوای رزگاربوون لە دەستی رژێمی بەعس سەرقاڵی بنیادنانی پەرلەمانو حكومەت بووە، فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لە بەغداد بووەو كۆلیژی فەرمانبەرانی عێراقی تەواوكردووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە، هەمان ساڵ وەكو فەرمانبەری تایبەت بە كاروباری پلاندانان لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای عێراق دامەزرێندراوە. ساڵی 1996 پلەكەی بۆ (عەمید) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 1999 كۆلیژی جەنگیی عێراقی تەواوكردووە، ساڵی 2000 كراوە بە بەڕێوەبەری سەلامەتی فڕۆكەوانی لە هێزی ئاسمانی عێراق. پاشان پلەكەی بۆ (لیوا) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 2003 كە رژێمی سەددام حسێن روخا، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بووە لە بێجی، واتە تا دواین سات كە رژێمی عێراق لەدەسەڵاتدا بووە، لە سوپای عێراق كاریكردووە. دوای روخانی رژێمی پێشووی لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە وەكو فەرماندەیەكی سوپای عێراق داوای هاوكاری لێكراوە، بەتایبەتیش لە پرسی چۆنیەتی دروستكردنی یەكەی ئاسایشی سەربازییەوە لە كەركوكو سلێمانیو تكریت، یارمەتی هاوپەیمانانی داوە لە دروستكردنی ئەنجومەنە سەربازییەكانی دوای روخانی رژێمی پێشوودا، لەچەندین كاری تردا هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان كردووە، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لەدایكبووی پارێزگای كەركوكە.
هەورامان فەریق - سەنتەری لێكۆڵینەوەیی ئاییندەیی شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ هاتنەوەسەردەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەكرێت. لە رووی كۆمەڵناسیی سیاسییەوە ئەگەر بڕوانینە دۆخی ئەو وڵاتە و رووداوەكانی ئەم چەن رۆژە، دەبێت بە ناچاری لە گۆشەنیگای پرۆژەی نەتەوەسازیی ئەمریكاییەوە لێی بڕوانین، چونكە هیچنا یەكێك لەو هۆكارانەی كە رێگەیان بۆ كەوتنی كابول خۆشكرد، كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە و دواجار شكستی پرۆژەكەی بوو كە ناوی نابوو دەوڵەت ـ نەتەوەسازیی ئەمریكایی. پرۆژەی نەتەوەسازی (Nation-Building) پێناسە و تایبەتمەندی جۆراوجۆری هەیە. گشتگیرترینیان بریتییە لەوەی كە نەتەوەسازی پرۆژەیەكە كە دەسەڵاتێك یان دەستەبژێرێك لەناو حكومەت، دەوڵەت یان لە چوارچێوەی وڵاتێكدا بڕیار دەدەن جێبەجێی بكەن بە ئامانجی دروستكردنی گونجان و یەكڕیزی نەتەوەیی و نەهێشتنی پەرتبوون و لەتبوونی كۆمەڵگە. بۆ ئەمەش گروپ و كۆمەڵ و ئیتنیكەكان لە دەوری یەك كۆبكەنەوە و شوناسێكی نەتەوەیی هاوبەش دروست بكەن. ئەم پرۆسەیە مەرج تەنیا لە وڵاتێكدا پیادە بكرێت كە خاوەنی دەوڵەت بێت، بە پێچەوانەوە هەندێك جار نەتەوەسازی پێش دەوڵەت دەكەوێت. بەڵام بۆ هەر كۆمەڵگەیەكی خاوەن دەوڵەتی مۆدێرن، مەرجە كە پرۆسە و پرۆژەی نەتەوسازی تێدا جێبەجێ بكرێت. پرۆژەی نەتەوەسازی ئەگەر بە دستوەردانی راستەوخۆی زلهێزەكانیش نەكرێت، بەڵام دەكرێت لە لایەن زلهێزەكانەوە پشتیوانی بكرێت. لە پرۆژەی نەتەوەسازیی ئەمریكاییدا هەر سیستم و دەوڵەت و حكومەتێك لە رووی مۆدێلی حكومەتیی، ئایدیۆلۆجیای حكومەتداری و میكانیزمە مێژووییەكانی ئەو وڵاتەوە هاوتەریب نەبێت لەتەك ئەو بەها مەزنانەی كە ئەمریكا باوەڕی پێی هەیە، یان ناتەبا بێت لەتەك بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەمریكادا، دەبێ ئەو سیستمە لەناوبچێت و پاشان هەنگاوەكانیتر جێبەجێ بكرێن. چونكە ئەم وڵاتانە دواجار بۆ خەڵكی خۆیان و بۆ ئاسایشی دنیا دەبنە مەترسی. بۆ ئەمەش ئەمریكا زۆرجار بە هێزی سەربازی دەستبەكار دەبێت و دواتر پرۆژەكەی خۆی جێبەجێ دەكات. هاوكات لە رووی چەمكسازییەوە ئەگەر سەرنجی نەتەوەسازی بدەین، لەبەر ئەو تایبەتمەندیانەی كە هەر دیاردەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیەتی، كۆنتێكست و مۆدێلەكانی ئەو دیاردەیەش بە گوێرەی دۆخ، سەردەم، جیهانبینی و سیستمی سیاسی وڵاتەكان ـ ئەو وڵاتانەی كە پرۆژەكەیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت ـ گۆڕانكاری بەسەردادێت. هەر لەبەرئەمەیە كە مۆدێلەكانی پرۆژەی نەتەوەسازی (Nation-Building) فرەچەشن دێنە پێش چاو. هاوكات لەتەك جۆراوجۆریی مۆدێلەكانی نەتەوەسازیدا، لە زۆر رووەوە ئەم مۆدێلانە خاڵی هاوبەشیشیان هەیە. یەكێك لە مۆدێلەكانی پرۆژەی نەتەوەسازی، نەتەوەسازیی ئەمریكاییە، كە بە دیاریكرداوی لە ئەفغانستان و عێراقدا جێبەجێكرا كە جیاوازە لە مۆدێلە ئەوروپییەكەی كە جەخت لەسەر نەتەوەسازی دەكاتەوە ئەگەر دەوڵەتسازیشی لەتەك نەبێت. جەیمز دۆبینز كە یەكێكە لە تیۆریستەكانی بواری نەتەوەسازی ئاوا پێناسەی پرۆژەی نەتەوەسازی دەكات كە بریتییە لە دەستوەردانی سەربازیی كە ئامانجی گۆڕینی كۆمەڵگەی دەستلەملانێی جەنگە بەرەو كۆمەڵگەی ئاشتیئامێز. هەر ئەو پرۆژەیەی كە حەفتا ساڵ لەمەوبەر ئەمریكا لە ئەڵمانیا، ژاپۆن و كۆریای باشوردا جێبەجێی كرد و دەستەبژێرەكانی ئەو وڵاتانە هەستان بە وەرگرتنی ئەو پرۆژەیە و خۆماڵیكردنی وەك پرۆسەیەك كە خۆیان بەڕێوەی ببەن و لەم پێناوەشدا سەركەوتنیان بەدەستهێنا. پرۆژەی نەتەوەسازی لە زۆربەی دۆخەكاندا چەند رەگەزێكی سەرەكی هەیە. كە ئەگەر لە هەر وڵاتێك، كۆمەڵگە و نەتەوەیەكدا بەرجەستە نەكران، ئەوە پرۆژەی نەتەوەسازیش لەو شوێنە جێبەجێ ناكرێت و شكست دەهێنێت. كە شكستی هێنا هەر ساتێك ـ وەك لە ئەفغانستان بینیمان و لە عێراقیش ئەگەری روودانی هەیە ـ مەترسی هەڵوەشانی ئەو كۆمەڵگەیە لە ئارادا دەبێت. نەتەوە و نەتەوەسازی دوو دیاردەی مۆدێرنن، بۆیە رەگەزەكانی پرۆسەی نەتەوەسازیش، كۆڵەكەی دروستكردنی دەوڵەتی مۆدێرنن كە خۆیان لە دەوری یەكڕیزی نیشتیمانی و هەستی وابەستەبوون بە خاك، هاوڵاتیبوون، شوناسی هاوبەش، دەرفەتی یەكسان بۆ هەمووان، ئاسایش و زمانی یەكگرتووی نەتەوەییدا دەبیننەوە. دەوڵەت و حكومەتی نوێی ئەفغانستان كە دەستیشانكراوی ئەمریكا بوون، نەیانتوانی هیچكام لەم رەگەزانەی نەتەوەسازی بهێننەدی. گەلێك هۆكاریش ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش لەم نێوەندەدا رۆڵی نەرێنیان گێڕا. هەر لە دەستوەردانی ئێران و پاكستان و روسیاوە تا ترسی هەنووكەیی ئەمریكا لە بەهێزتربوونی چین لە كاتی ئێستادا. جیا لە مەترسییەكانی هاتنەسەردەسەڵاتی تاڵیبان لەو وڵاتە، لە كەوتنەژێرپرسیاری زیاتری بەرپرسیارییەتی ئەخلاقیی ئەمریكا وەك جەمسەری دیموكراسی و لیبرالیزم، دەستەوەستانیی وڵاتانی ئەوروپی و رێكخراوە جیهانییەكان و كۆمپانیا فرەنەتەوەییەكان كە هەردەم باسی بەها جیهانی و گەردوونییەكان دەكەن، ئەوەی جێی نیگەرانی یان مەترسییە، خاڵە هاوبەشەكانی دۆخ و وڵاتی ئەفغانستانە لەتەك عێراق و هەرێمی كوردستانیش وەك بەشێك لەو وڵاتە. توێژینەوەگەلی جۆراوجۆر وەك (نەتەوەسازیی ئەمریكایی، بەراوردی نێوان عێراق و ئەفغانستاندا) ئاماژە بە زۆرێك خاڵی لێكچوونی نێوان عێراق و ئەفغانستان دەكەن. بۆ نمونە لە رووی جوگرافیای سیاسی، جوگرافیای كۆمەڵایەتی، جوگرافیای كولتوری و هەروەها جیوپۆلەتیكەوە عێراق و ئەفغانستان زۆر لێك نزیكن. هەروەها لە روانگەی مێژووی ململانێ نێوخۆییەكان، شەڕەكان و جینۆسیدەكانەوە و تەنانەت هەندێك توێژەری ئەفغانی وەك میروەیس بەڵخی باس لە نزیكی و هاوشێوەبوونی تاك و كۆمەڵگەی عێراقی و ئەففانی دەكەن لەرووی روخسار، رەفتار و زمانیشەوە. بە بەڵگەی ئەوەیكە یەكێك لە خەسڵەتە سەرەكییەكانی كۆمەڵگەی ئەفغانستان، فرەكولتوری و فرەزمانی و ململانێی ئیتنیكی و ئاینییە كە هیچ وڵاتێكی دیكە هێندەی عێراق لەو وڵاتە ناچێت. لە رووی پرۆژەی نەتەوەسازیشەوە، روخاندنی دوو رژێم لە ماوەیەكی نزیك لە یەكتر 2001 و 2003، یەك جۆر سیاسەت بۆ روخاندنیان و لێكچوونی هەنگاوەكانی پرۆژەكە لە هەردوو وڵاتدا. هەروەها ئەنجامە پێچەوانەكەی پرۆژەكە لە هەر دوو وڵات. گومان لەوە ناكرێت كە لە عێراقدا ململانێی ئیتنیكی و ئاینیی لە لوتكەدایە. كورد و عەرەب و توركمەن، عەرەبی سونە و عەرەبی شیعە. لە ئەفغانستانیش بە هەمانشێوە، ململانێی ئیتنیكی و ئاینیی تاجیك، پەشتوو، هەزار و ئۆزبەكییەكان، كە هەریەكەیان ـ وەك عێراقییەكان ـ بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەفغانستان هی ئەوانە. ئەمە جگە لە نزیكی تاڵیبان لەوێ و حەشدی شەعبی لێرە لە ئێرانەوە كە خۆی بۆ خۆی یەكێكە لە خاڵە هاوبەشەكانیتر. بۆیە ئەم خاڵە لێكچووانەی هەر دوو وڵاتم كردە دەستكەلا بۆ ئەوەی ئاماژە بەوە بكەم كە ئەگەر ئامانجی نەتەوەسازی بریتی بێت لە كاڵكردنەوە و سڕینەوەی كەلێن و جیاوازییەكان لە پێناو شوناسی نەتەوەیی هاوبەش، نەزۆككردنی دوبەرەكی و وشككردنی حەكایەتە بچوكەكان لە پێناو حەكایەتێكی گەورەتردا كە نەتەوەی هاوبەشە، چەسپاندنی دیموكراسی و بەشداری هەمەلایەنە لە دەسەڵات، چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش و سوپای نیشتیمانی، دروستكردنی زمانی یەكگرتوو، بەرجەستەكردنی هاوڵاتیبوون، ئەوا لە عێراقیشدا نەتەوەسازیی ئەمریكایی كە بە پێكهێنانی ئەنجومەنی حوكم و نووسینەوەی دەستوری عێراق و دانانی حاكمی مەدەنی دەستی پێكرد، بەڵام ساڵ دوو ساڵێك زیاتر بڕی نەكرد و جیاوازییە مەزهەبی و ئیتنیكی و خێڵەكییەكان بەسەر مەوطنیدا سەركەوتن و پەلامارەكان بۆ سەر كوردستان ئەم پەرتبوونەی تۆختر كردەوە، شكستی خۆی راگەیاندووە. لێرەوە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و كوردستان و دنەدانی هێزی دەرەكی راستەوخۆ دەتوانێت ببێتە دەستپێكی دۆخی نەخوازراوی دیكە كە ئەوكات نەك نەتەوەسازی، شتێك بەناوی عێراق وەك دەوڵەتیش بوونی نەمێنێت.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە سەرەتاکانی سەدەی ھەڤدەھەمەوە تۆماس ھۆبز کاتێک باس لە ھێز و دەسەڵات ئەکات لەو ڕاستییە سادەیە ئاگادارمان دەکاتەوە کە دەسەڵات لە سەروەت و سامان دەچێت. سەروەت و سامان چەند زیادبێت ھێشتا دەیەوێت زۆرتر و زیاتربێت. لای ھۆبز لۆژیکی ناوەکیی دەسەڵات وەک لۆژیکی پارە لۆژیکێکە بەردەوام دەیەوێت بەھێزتر و گەورەتر بێت، مەگەر ڕووی بە دەسەڵاتێکی تردا بتەقێتەوە لە خۆی بەھێزتر بۆئەوەی سنوورێک بۆ حەزی ئاوسان و گەورەبوونی دابنێت. لە سەدەی نۆزدەھەمیشدا کارل مارکس باس لە لۆژیکی ناوەکیی سەرمایە دەکات و لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە سەرمایە چەند زیاتربێت و زیاتر کەڵەکە بکرێت، ئەوەندە زیاتر و زیاتر دەیەوێت زۆرتر و گەورەتربێت. بەمجۆرە ھەم لۆژیکی ھێز و ھەم لۆژیکی سەرمایە دوو لۆژیکی تەواو ترسناکن. مێژووی فیکر و فەلسەفە و بیرکردنەوەی سیاسیی ناو دونیای مۆدێرنیش ھەوڵدانێکی بەردەوامە بۆ سنووردارکردن و گەمارۆدانی ئەو دو لۆژیکە و بە عەقڵانیی و بەئینسانیکردنیانن. ئەمڕۆ ئەم دوو لۆژیکە لە ھەرێمدا بە توندی ئامادەن و بەبێ ھیچ ڕێگر و چاودێریی و میکانیزمێک بۆ لێرسینەوە دەستبەکارن و دونیای ئێمە ڕووبەڕووی مەترسیی ھێجگار گەورە دەکەنەوە. لەم ھەرێمەدا، لەسەرێکەوە، کەڵەکەبوونێکی بەردەوام و چاودێرینەکراوی سەرمایە و دەسەڵات لە ئارادایە، کە دەرەنجامەکەی، لەسەرێکی دیکەوە، کەڵەکەبوونێکی زۆر و بەردەوامی پەژارە و ئازار و نەھامەتیی ئینسانییە. کەڵەکەبوونی سەرمایە و دەسەڵات لە دروستکردنی چەندان گەڕەکی فیرعەونیانە و چەندان کۆشکی شاھانەی ھاوشێوەی کۆشکی ئیمپراتۆرە مەستەکانی مێژوودا بەرجەستەیە، کەڵەکەبوونی پەژارە و ئازار و نەھامەتیش. لە دروستبوونی چەندان گەڕەکی بێئاو و بێخزمەتگوزاریی و بێئایندەدا ئامادەیە، کە ژمارەیەکی گەورە لە دانیشتوانەکانیان لە سادەترین مافی مرۆڤبوون و لە سەرەتایترین فۆرمی پاراستنی کەرامەت، بێبەشدەکرێن. ئەوەی ڕووئەدات دروستبوونی گەڕەکی ئیمپایەر و گەڕەکی باداوانە بەیەکەوە و لەپاڵیەکدا. پێدەچێت لۆژیکی ئیشکردنی ئەم دوو جۆرە ناکۆکە لە کەڵەکەبوون بەدۆخێک گەیشتبێت نزیک لە لێواری تەقینەوە. ئەوانەی ڕۆژانە لەناو کارەساتەکاندا دەژین و پەژارە بە دوای پەژارەدا کەڵەکە دەکەن، خەریکە ھێدی ھێدی لە وردەکارییەکانی ئەو جیھانە ناشیرینە تێدەگەن کە بە دەوروبەریاندا دروستکراوە، ھۆشیاردەبن بەوەی لە چ ژینگەیەکی نائینسانیدا جێگیرکراون وبە چ جۆرە پەژارە و ئەگەرێکی فەوتانی سەرتاسەری، گەمارۆدراون. لەوە تێدەگەن لە ژینگەیەکدا نیشتەجێکراون بەردەوام بەرەو دواوە دەڕوات و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا تا دێت زیاتر و زیاتر جێدەمێنێت. ئەوەی دەیبینین ڕووتبوونەوە و دەرکەوتنی چۆنیەتی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکەی سەرەوە و نەبوونی ھیچ ئەگەرێکی ڕاستەقینەی دەسکاریکردن و گۆڕانکاریشە لەناو ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستەدا، مەبەستم لۆژیکی کەڵەکەبوونی ھێز و کەڵەکەبوونی سەرمایەیە. پێدەچێت ئەم ساتە ساتەوەختی ھۆشیاربوونەوەبێت بەو دۆخە نائینسانییە خنکێنەرە و گواستنەوەی ئەو ھۆشیاریەش بێت بۆ ئاستی ناڕەزاییدەربڕین. بەڵام ڕەنگە ھەستکردن بە تەنھایی، تەنھاییەکی ڕادیکاڵ، ئەو ھەستە سەرەکییە بێت لەم ساتەدا ئەو ھۆشیارییە یاخیبووە لە چوارچێوەبدات. ئەو خانمە توڕەیە کە لەبەردەمی کامێرەکاندا بینیمان بە ئاشکرا ھاواریکرد: ”با بێن و بمکوژن و بمگرن". ئەو خانمە وەک بکەرێکی ناڕازیی لەوە ئاگادارە کە ئەگەری گرتن و کوشتن لە ئەگەرە نزیکەکانی بەردەمیەتی. گرتن و کوشتن بەشێکی ناوەکیی لۆژیکی کەڵەکەکردنی ھێز و لۆژیکی کەڵەکەکردنی سەرمایەن لە ھەرێمدا. بەڵام ئەم ھەستکردنە بە تەنھایی دەشێت وێستگەیەکی مێژوویی کاتیی بێت. دەشێت ساتەوەختی بەر لەدایکبوونی سەرەتایەکی تەواو تازەبێت بۆ پەکخستنی شێوازی ئیشکردنی ئەو دوو لۆژیکە باڵادەستە. مرۆڤ کە ئاوی نەبوو بیخواتەوە، سنوورێک بۆ ئازارەکانی نامێنێت. یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی ئازاریش ئەوەیە کە نابینرێت، لە دەرەوەڕا نابینرێت، بەڵکو لە باشترین حاڵەتدا تەنھا ھەستیپێەکرێت و مرۆڤەکانی تر دەچنە پەیوەندیی جۆربەجۆرەوە لەگەڵیدا. ھەندێک ھەن ھەست بەو ئازارە دەکەن و لەگەڵیدا ھاوسۆز دەبن، ھەشە ئەو ئازارە ئینکار دەکەن و ھەموو ھەوڵێک بۆ داپۆشین و سڕینەوەی ئەدەن (وەک لە ھەڵوێستی موخاترەکەی گەڕەکەی باداوان لە ھەولێر بینیمان)، ھەشە گاڵتەی پێدەکات و پشتگوێی دەخات، وەک ئەو بەرپرسانەی ساڵانێکی درێژە لە دورەوە ئەو بێئاوییە دەیبینن و لەوەش بەئاگان کە ئەوان لە دروستبوون و گەورەبوونی ئەم کێشەیە بەرپرسیارن.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا، حاڵی حازر جیا لە ئامانج و خەونەکانی ئەو سیستەمە، دوو گرێی سەرەکی لەبەردەم سەرکۆماریی نوێدایە: یەکەم گرێی گەمارۆکان کە بەهیچ سەرکۆمارێک نەکراوەتەوە و ترەمپیش کاریگەرییەکانی دووقات کردەوە، دووەم مەسەلەی پرسی ئەتۆمی کە گرێکوێرەی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانە، ئەویش دیسانەوە ئیرادەکەی لە دەسەڵاتی سەرکۆماردا نیە و ئیدارەدانی تەشریفاتی دۆسێکەی پێ سپێردراوە. گەرچی ڕەئیسی لەسەر باڵی بناژۆخوازەکان لەقەڵەم دەدرێت، بەڵام لە وتاری ئانی سوێندخواردنیدا لەبەردەم پەرلەماندا، بۆ سیاسەتی دەرەوە زیاتر دووبارەکردنەوەی هەڵوێستەکانی ڕۆحانی بوو لە هەشت ساڵی ڕابردوودا: ئەو لە سەرێکەوە ڕای گەیاند کە یەکەم هەنگاوی، کرانەوەیەکی دەرەکی دەست پێدەکات و کار لەسەر هەڵگرتنی سزاکان دەکات کە بەڕێبەرایەتی ئەمریکا سەپێنراون و بۆ ئەمەش پێشوازی "لە هەر پلانێکی دبلۆماسی" دەکات. ئەمەش ئاماژەیە کە دەیەوێت دانوستاندنی ٥+١(بەرنامەی کاری هاوبەش- بەرجام) دەست پێبکاتەوە و پابەندە بە بنەماکانییەوە، واتە دەیەوێت حکومەتێکی کردەگەرای واقیعی بێت و پشت ناکاتە ئەو دانوستانەی کە یارانی بناژۆخوازی لە ٨ساڵی ڕابردووی ڕۆحانیدا وەک تانە و تەشەر و سازش دانوستانەکەیان کردبوویە پەڵەیەکی ڕەش و بە لادان لە شۆڕش حسێبیان دەکرد بۆ حکومەتەکەی، وا ئەمڕۆ وای نیشان دەدات بە گڵۆپی سەوزەوە ئامادەی گفتوگۆیە و لەوەش زیاتر ئەم داوای لە واشنتۆن کرد کە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن. بەڵام ئایا زەمان و زەمینە بۆ گفتوگۆ بە ئیرادەی ئێرانی فەراهەمە؟ سیناریۆکانی بەردەم زیندووکردنەوە یان لەباربردنی دانوستاندنی ئێران و پێنج وڵاتەکە کامانەیە؟ سیاسەتێکی دووسەرە ڕەئیسیی سەرکۆمار تا هەنووکەش دەرنەکەوتووە لە نێوان دوو دروشمی ناکۆکدا (کە هەردووکیانی زۆرجار لە یەک وتاردا بەکارهێناوە)، پابەندی کامیان دەبێت: ١. هەنگاوی دووەمی شۆڕش، کە ڕێبەری باڵای ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر لە یادی چلساڵەی شۆڕشدا ناوی نا و مەبەست لێی قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئێرانە کە ئەرکی "هەناردەکردنی زیاتری شۆڕش و بەرگری ئەبەدیی لە شۆڕشە و بەرامبەر وەستانە دژی ئیستیکبار (ئەمریکا و ڕۆژئاوا)" (بڕوانە: بیانیە گام دوم انقلاب خطاب بە ملت ایران: سایتی خامنە¬ای، https://farsi.khamenei.ir/message-content?id=41673)، دیارە لەم گوتارەدا (کە ڕەئیسی دەیەوێت لە پابەندترینەکان بێت پێوەی) بێگومان ڕێگر دەبێت لە کرانەوەی پێویستی دبلۆماسی، چونکە ئەو بەیاننامەیە زیاتر ئامانجگەرا و شۆڕشخوازە و پەرەپێدەری ڕۆحی هەناردەکاریی هەژموونی ئێران و ئیسلامگەراییە کە خۆی لە پشتیوانی یارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لوبنان، عیراق، یەمەن و سوریا ئامانجی تایبەتن و جیهانیش بە گشتی کراوەتە ئامانجە گشتییەکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گرفتی سەرەکیی ئێران لەگەڵ ئەمریکادا هەر ئەم سیاسەتەیە و لەبەرامبەریدا ئەمریکا و هاوپەیمانانی داوای "چاککردنی رەفتار"ی لێدەکەن، بە مانایەکی دیکە واتە کورتکردنەوەی دەستی کۆمەک بۆ میلیشیاکان و وازهێنان لە هەناردەکردنی شۆڕش و پشتیوانینەکردنی پرۆئێرانییەکان بە مووشەکی دورهاوێژ و چەکی جۆراوجۆر و درێژکردنی دەستی دبلۆماسییەتی ئاشتییخوازانە. ٢. گەڕانەوە بۆ مێزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دانوستاندن: ئەمەش ئەو هەنگاوەیە کە پێچەوانەی هەناردەکردنی شۆڕش و بەرگری ئامانجگەرایانەیە لە شۆڕش، بەڵکو زیاتر کردەیی و واقیعگەرایە، ئەم دروشمە خاوەنەکەی زیاتر باڵی ڕیفۆرمیست و بەرژەوەندییخوازەکانن، بەڵام وەک هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەک جاران نەماوون و هەم لە دەسەڵاتەکانی نێو شۆڕشیشدا کشێنراونەتەوە و هەم یەکێک لە فیگەرە کاریگەرە دبلۆماسییەکانیان لە ژیاندا نەما (ڕەفسەنجانی)، لە دوا هەڵبژاردنیشدا کەمتر لە ٥٪یان بەدەست هێنا و بەمەش گووتارەکە گەر "بیلقووە" هی ئەوان بێت ئێستا "بیلفیعل" هی وان نییە، بەڵام سەرکۆماری نوێ لە وتارەکانیدا نایشارێتەوە کە وڵاتەکەی پێویستی بەم نەرمە سیاسەتە هەیە بۆ ئەوەی لە قەیرانی ئابووریی(لاوازی و هەڵایسان)، سیاسیی(ئاسایشی ئێران و دابڕانی ئێران لە دراوسێیان و جیهان) و خزمەتگوزاریی نێوخۆیی(کێشەی بژێوی، کارەبا و ئاو و مەسکەنی هاوڵاتییان) دەربازی ببێت. ڕەفتاری ئێران بەر لە مێزی دانوستاندن واشنتۆنی سەردەمی بایدن (بە سەردەمی ترەمپ و ئۆباماشەوە)، هیچکات نەیانوویستووە و نەشیانووت کە دەیانەوێت سیستەمی سیاسیی ئێران هەرەس پێبهێنن و لەناوی ببەن، بەڵکو هەردەم داوای چاککردنی ڕەفتاریان لێ کردووە و دەکرد، بۆ جێبەجێکردنی ئەمە، سیاسەتی کوتەک و گێزەر لەبەرچاو گیراوە: یان "هەل و ئیمتیاز" دراوەتە ئێران بۆ سازان و نەرمی¬نواندن (وەک سەردەمی ئۆباما)، یاخود تەکنیکی زۆرترین فشار لەسەر تاران، کە ئەمەی دووەمیان تەکنیکی ترەمپ بوو و تا هەنووکەش پاشماوەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئێران بەردەوامن و هەموو هەوڵێکی ئێرانیش لە چوارساڵی دووەمی ڕۆحانییەوە تا هەنووکە بە ڕئیسیشەوە بۆ کەمکردنەوە ئەو فشارانەیە، بەڵام واشنتۆن ئەو فشارانەی وەک کارتی نوێ هێناوەتە سەرمێز و بەر لە گفتوگۆی پرسی ئەتۆمی داوای چاکسازیی ڕەفتاری لە ئێران لە عێراق و لوبنان و یەمەن دەکات. کابینەیەکی پڕ لە سوپایی و بناژۆخواز ئەوەی لە هەشت ساڵی ڕابردوودا کۆسپی بەردەم ڕۆحانی بوو بۆ دانوستاندنی واقیعی: ١. بناژۆخوازەکانی نێو سیاسەت و دامەزراوەکانی نێو دەوڵەت بوون و درێغییان نەکرد لە تێکدانی هەرچی ئەوەی ڕۆحانی سەرکۆمار و جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی کردبوویان، دواجار هەر ئەوانیش بوونە ڕێگر و نەیانهێشت ئەوەی پێویست بوو لەدوا نەفەسەکانی کابینەی دووەمی ڕۆحانیدا، لە نەمسا بێتەبەرهەم و بە هەڵواسراوی پرسەکە مایەوە. ٢. سەرکردەکانی سوپای پاسداران، کە ئەوان زۆرجار نەک ڕازی نەبوون، بەڵکوو هەم لە ئابووری وڵات و هەم لە سیاسەتی دەرەکیشدا کۆسپ بوون بۆ ڕۆحانی و بگرە زۆرکات لە بری ئەو سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەکی خۆیان لەبری حکومەت جێبەجێ دەکرد و نەک بەرپرسیارێتیشیان هەڵنەدەگرت بەڵکو هەڵە و کەسرییەکانیشیان خستە ئەستۆی بێتوانایی کابینەکەی ڕۆحانی کە تێکەڵەیەکی ئەجێندای ڕیفۆرمیستەکان و بەرژەوەندیگەراکان و بناژۆخوازە میانڕەوەکان بوو. ئێستا ئەوەی نوێیە لەم دۆسێیەدا ئەوەیە، کە هەم بناژۆخوازەکان و هەم سوپاییەکان ئیدی خۆیان حکومەتن، چونکە لە کابینەی پێشنیارکراوی رەئیسیدا سەرجەم وەزیرەکان لەم دوو باڵە هەڵبژێردراون. بەڵام ئایا دەتوانن وەک جاران هەر ڕەتکەرەوە و ڕێگر بن؟ لەو کابینە ١٩ وەزیرییەی کە ڕەئیسی پێشکەشی کردووە، زۆرینەیان لەوانەن کە هەمیشە هەڵوێستی دژە ئەمریکا و دانوستاندنیان هەبووە و سیانیشیان لە لیستی سزاکانی واشنتۆندان، لەوەش زیاتر هەرچی وەزیرەکانی دەرەوە و نێوخۆ و ئابووری و بگرە ڕێگاوبان و پەروەردەشە لە بناژۆخوازە توندڕەوەکان و وەک دەزگاش هەندێکیان بە ئەندامی سوپای پاسداران و کۆڵەکەی فەیلەقی قودسی دەرەوەی ئێران هەژمار دەکرێن! سیناریۆکان رەئیسی ئێستا لەبەردەم سێ سیناریۆی سەختدایە: ١. بەرگریکردن و ئامانجگەراییخوازی کە پابەندبوونە بە دروشمی بناژۆخوازەکان، ئەمەش ڕەنگە سیستەمی ئێران بە بەهێزی و سازشنەکردن نمایش بکات و لە نێو جیهانی شیعەی دەرەوە بەهێز بنوێنێت، بەڵام بەهۆی سزاکان و کەمتوانایی خزمەتگوزاریی لە خەڵک دوورتر دەکەوێتەوە و ناڕەزایەتییەکان زیاتر گەشە بکەن. ٢. چاوشارکێی دبلۆماسی: کە بریتییە لە هێشتنەوەی ئێران وەک دۆخی ئێستای نیمچەدانوستاندن و نیمچە بەرگریکردن، گەر ئەمە بچێتە پێشەوە باشترین سیناریۆیە بۆ حاڵی حازر (کەمترین زیان)، بەڵام ئایا زەمان و زەمینەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەروا دەمێنێتەوە کە ئێران ئەم چاوشارکێیەی تێدا بکات؟ ٣. سازش لەدەرەوە و پاکسازیی نێوخۆیی: کە بریتییە لەوەی وەک تەکنیک و ناچاری لە سیاسەتی دەرەوەدا کرانەوە ئەنجام بدات و سازش لە درووشمدا بۆ واقیع بکات. بەمشێوەیە هەلێک وەردەگرێتەوە بۆ بوژانەوە و لادانی سزاکان و لەبەرامبەردا هەم بە گێزەر و هەم بە کوتەک ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵک دامرکێنێتەوە و خۆی ئامادە بکات بۆ گەڕێکی نوێ (بەڵام سەختە بەدیهاتنی). بۆیە لەم سێ سیناریۆیە زیاتر دانەنرا، چونکە سیستەمی سیاسیی و دەوڵەت و دەستوورەکەی ئێران تەنها ڕێگەی یەکێک لەمانە دەدات و بەم دۆخەی ئێستا و بەم کابینە و گوتار و بەم ستوونانەی دەسەڵاتەوە، هەر ئەم سیناریۆیانە ئەگەری جێبەجێبوونیان هەیە، نەک چاکسازیی ڕیشەیی و گۆڕینی دەستوور و ئاشتبوونەوەی تەواوەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا و هاوسێیاندا. بابەتی پێشتر: ئێراننامە (1) .. هەڵبژاردن لەئێراندا ئێراننامە (2) سەرۆک کۆماری ئێران؛ مێژوو، پێگە و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە (3) ..شورای پاسەوان؛ پێگەی لە سیسستەمی سیاسی و ڕۆڵی لەهەڵبژاردنەکاندا ئێراننامە (4): ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ پێگە و دەسەڵاتەکانی ئێراننامە (5): سێ هەڵبژاردنەکەی ٢٠٢١ی ئێران؛ ئامار و تێبینیی گشتی ئێراننامە (6): سوپا و سیاسەت؛ کاندیدانی سوپایی و سەرکۆمارێتی ئێران ئێراننامە (7): هەڵبژاردنێکی بێڕەنگ بۆ قۆناغێکی سەخت ئێراننامە (8): کورد و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران ئێراننامە (9): سەرکۆماری نوێ و یەخانگیرییەکانی سیستەمی سیاسیی ئێران ئێراننامە (10): هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران؛ براوە و دۆڕاوە ڕاستینەکان لەئەنجامەکانەوە ئێراننامە (11): ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی؛ پێشینە و ڕۆڵ و شێوازی هەڵبژاردنی ئێراننامە 12: کۆڕبەندی دیارییکردنی بەرژەوەندیییەکان؛ پێگە و سروشتی دەسەڵاتی ئێراننامە (13): ئەهواز ڕادەپەڕێت... لە ئاوی خۆڕایی شۆڕشەوە، تا شۆڕشی تینووەکان ئیێراننامە (14): ڕەئیسی بە ڕەئیسی کەسێتی و تەگەرە ئایندەییەکانی سەرکۆماری ئێران
شێكاری: درەو بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کەوا بڕیارە ڕۆژی 10/10/2021 هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت. - (3249) کاندید کە (2298) پیاو و (951)یان ئافرەت کێبڕکێ لەسەر (329) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن لە (83) بازنەی هەڵبژاردن، بەشداری هەڵبژاردنەکەی 10/10/2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن. - کاندیدەکان (789) یان بە شێوەی سەربەخۆ و (959) یان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی پارتە سیاسییەکان و (1501) کەسیان کاندیدی پارتە سیاسییەکانن. - هەروەها (167) پارتی سیاسی کە (58) پارتیان لە چواچێوەی (21) هاوپەیمانی کۆبوونەتەوە بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن. لە نێو هاوپەیمانێتییەکانیدا، هاوپەیمانی (فەتح) بە سەرۆکایەتی (هادی عامری) و هاوپەیمانی (دەوڵەتی یاسا) و هەروەها هاوپەیمانی (هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی) بە سەرۆکایەتی (عەمار حەکیم) دیارترین هاوپەیمانێتییەکانی نێو ماڵی شیعەن، لە هەرێمی كوردستانیش كورد بە چەندین لیست و كاندیدی سەربەخۆ بەشدارە، لەگەڵ تەنیا هاوپەيمانێتیەك ( هاوپەیمانی كوردستان)ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرۆكایەتی (قوباد تاڵەبانی) لەدوای ئەوەی (موقتەدا سەدر) سەرۆکی رەوتی سەدر ڕایگەیاند بەشداری هەڵبژاردن ناکات و دوای ئەویش (سەکۆی عێراقی) بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی و بە دوایشیدا (بەرەی حیواری نیشتمانی) بە سەرۆکایەتی (ساڵح موتلەگ) کە سەرکردەیەکی سونی دیاری عێراقە کشانەوەی خۆیان لە هەڵبژاردنەکە ڕاگەیاند. دیارترین هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەکەم؛ بەهێزتریین هاوپەیمانێتییەکانی شیعە 1. هاوپەیمانێتی (عەقدی وەتەنی) بە سەرۆکایەتی (فالح فەیاز) گەورەترین و هاوپەیمانێتی شیعەکانە کە لە (6) حیزب پێکهاتووەو (80) کانیدیان هەیە. 2. هاوپەیمانێتی (هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمان) بە سەرۆکایەتی (عەمار حەکیم) دووەم گەورەترین هاوپەیمانێتی شیعەیە لە (6) حیزب پێکهاتووەو (78) کانیدیان هەیە. 3. هاوپەیمانێتی (فەتح) بە سەرۆکایەتی (هادی عامری) سێیەم گەورەترین هاوپەیمانێتی شیعەیە لە (6) حیزب پێکهاتووەو (73) کانیدیان هەیە. 4. هاوپەیمانێتی (دەوڵەتی یاسا) بە سەرۆکایەتی (نوری مالیکی) چوارەم گەورەترین هاوپەیمانێتی شیعەیە لە (6) حیزب پێکهاتووەو (72) کانیدیان هەیە. دووەم؛ بەهێزتریین هاوپەیمانێتییەکانی سونە 1. هاوپەیمانێتی (تەقەدوم) بە سەرۆکایەتی (محەمەد حەلبوسی) گەورەترین و هاوپەیمانێتی عێراق و سوننەکانە کە لە (7) حیزب پێکهاتووەو (124) کانیدیان هەیە. 2. هاوپەیمانێتی (عەزم) بە سەرۆکایەتی (خەمیس خەنجەر) دووەم گەورەترین و هاوپەیمانێتی عێراق و سوننەکانە کە لە (7) حیزب پێکهاتووەو (123) کانیدیان هەیە. سێیەم؛ هاوپەیمانێتییەکانی کورد - لەسەر ئاستی پێکهاتەی کوردو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تەنها (1) هاوپەیمانێتی بەستراوە، کە ئەویش هاوپەیمانێتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گوڕانە نە ناوی (هاوپەیمانی کوردستان) بە سەرۆکایەتی (قوباد تاڵەبانی) لە (33) کاندیدیان هەیە. گرنگرترین هاوپەیمانێتییەکان (بە گرافیک)
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) چەندە سیاسەت وەک چالاکییەکی گرنگیی مرۆڤ دەبێتە هۆکاری بنیاتنانی ژیان و ئاشتیی، هێندەش دەتوانێت ببێت بە مەترسیی و هەڕەشە بۆ کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤەکان. گەورەترین مەترسیی بۆسەر سیاسەت و لەکارخستنی وەک کردەیەکی مەدەنیی، بریتییە لە دیکتاتۆرییەت و جەنگ. لە هەردوکیاندا فەزای سیاسیی بە ئایدیۆلۆژیی دەکرێت و ماشێنێکی گەورەی دوژمنسازیی دەخرێتەگەڕ بۆئەوەی ژیانی مەدەنیی لەناوببرێت. بەم چەشنە یەکێک لە گرنگترین کردەی سیاسەت کە بەرهەمهێنانی ئازادیی و رێکخستنی ژیانی گشتییە، وەک کردەیەکی ئینسانیی کۆتاییپێدێت. لەدونیای ئێمەشدا جگە لە جەنگی نێوان وڵاتان و جەنگی ناوخۆیی، ساڵانێکە زۆرینەی دوڵەتان گیرۆدەی جەنگی دژ بە تیرۆرن. جەنگێک کە تەنها رەهەندێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو رەهەندێکی ئیقلیمیی و نێونەتەوەیی گەورەشی هەیە. لەناوچەکەی ئێمەدا زیاد لە بکەرێک و زیاد لە گروپ و زیاد لە هێزێکی ئیقلیمیی بەریەک دەکەون. ساڵانێکی زۆرە سیاسەت لە ناوچەکە و هەرێمەکەی ئێمەدا موبادەرەی لەدەستداوە و کارە سەرەکییەکەی بووە بە ڕاکردن بەدوای ئەو کێشانەدا کە جەنگ و شەڕی ناوخۆیی و گروپە چەکدارەکان و نوخبەی سیاسیی بۆ کۆمەڵگاکان بەرهەمیدەهێنن. نەوەی یەکەمی نوخبەی کوردیی ناو حیزبەکان ئەزموونێکی دوورودرێژی جەنگ و ماڵوێرانییان لەگەڵ یەکتردا هەیە. کاتێکیش ئاشتی کەوتە نێوانیانەوە ئەزموونێکی دوورودرێژیان لە سەرکوتکردنی ئازادیی و بیروڕای جیاوازی ناو کۆمەڵگاکەیان پیادەکرد. نەوەی دووهەمی ئەم نوخبە جەنگاوەرەش، کەمتر شەڕانگیزتر نین لەنەوەی یەکەم، بەڵام ئەزموونێکی نوێیان لە بەنماییشکردنی سیاسەت و گۆڕینی لە خەمێکی گشتییەوە بۆ خەمی تایبەت و شەخسییدا هەیە. بەپێچەوانەی نەوەی یەکەمەوە، ئەم نەوە نوێیەی ناو سیاسەتی کوردیی نە گەمەکەرێکی ئیقلیمییە لەدەرەوە و نە خاوەن کاریزما و هەیبەتێکی سیاسییە لە ناوەوە. ئەم نەوەیە ئەزموونێکی سیاسیی تەمەنکورتی هەیە، تاکە ئەزموونێک هەیبێت لەبواری ئەمنییدایە. ئێستاش کە فەرمانڕەوای ئەم دەڤەرەن، تەنها لە ناوبڕەکاندا سیاسەت دەکەن. خودئەڤینییەکی قووڵ ژیانی سیاسیی ئەم کارەکتەرانەی تەنیوە و بێخەمیی و لاموبالاتییەکی گەورەش عەقڵی ئیدارییان ئاراستەدەکات. بەشێوەیەکی گشتیی، گەر چاوەڕوانییەکان لەلایەن سیاسەتەوە تێرنەکرێن، کۆمەڵگا دوو هەڵاوێردی (ئیختیار) لەبەردەستدایە. یەکەم داوا لە سیاسەت دەکات ریفۆرم پیادەبکات، بۆئەوەی بتوانێت ڕوبەڕوی ئەو تەحەدا و کێشانە ببێتەوە کە دەبێت ئەمڕۆ چارەسەریان بکات و نەیانخاتە سبەی. گەر ئەمەش نەکرا، چارەسەری دووهەمیان دەبێت بە ئەڵتەرناتیڤ و چاوەروانییەکانی کۆمەڵگا لە سیاسەت گۆڕانی رادیکاڵیان بەسەردا دێت. یەکێک لە خراپترین و مەترسییدارترین شێوەی ئەو گۆڕانکارییەش بریتییە لەوەی کە کۆمەڵگا هیچ چاوەڕوانییەکی لە نوخبەی دەسەڵاتدارانی نامێنێت. ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا تیای دەژی، بریتییە لە خاڵی دووەم. کۆمەڵگای کوردیی هیچ چاوەروانییەکی باشی لە سیاسەتی نەوەی دووهەمی ناو خێزانە سیاسییەکان نەماوە. ئەم نەوە نوێیەی دەسەڵاتداران نە وەک باوانیان بەشداربوون لە دروستکردنی رابردوو و دوێنێی ئەم کۆمەڵگایە، نە بیر لە بژێوی ئێستای هاونیشتیمانیانی دەکەنەوە و نە پڕۆژە و خەونی سیاسییشیان بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان هەیە. لە کۆمەڵگای ئێمەی دوای قۆناغی جەنگی ناوخۆیی و قۆناغی دوای ئۆپۆزیسیۆندا، وێنەی دوژمنی سیاسیی کاڵبووەتەوە، بەڵام قۆناغی دوژمنایەتییەکی نوێی هەمەلایەنی دژبەیەکتر سەریهەڵداوە. دوژمنایەتییەک کە تەنها رەهەندێکی ئاسۆیی نییە لەنێوان ناوچە و جوگرافیا سیاسییەکاندا وەک لە ڕابردوودا هەبوو، بەڵکو رەهەندێکی شاقووڵیی هەیە و شۆڕبووەتەوە بۆ ناو جەستەی سیاسیی خودی حیزبەکان و ناو خێزانە سیاسییەکان.
راپۆرت: درەو پرسی ژەهرخواردنەكە هێشتا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەو ماددەیەی كە بافڵ تاڵەبانی دەڵێ لە پرۆسەی ژەهرخواردكردنیدا بەكارهێنراوە، هەمان ئەو ماددەیە كە ساڵی 2004 بۆ لەناوبردنی ڤیكتۆر یۆشینكۆ سەرۆكی پێشووی ئۆكرانیا بەكارهێنراوە، بافڵ تاڵەبانی دەڵێ ئەم بابەتە لەبەردەم دادگاكانی دەرەوەی وڵاتیش دەسەلمێنم، لاهور شێخ جەنگیش بابەتی ژەهرەكە بە "یارییەكی منداڵانە" ناو دەباتو لە دادگا سكاڵای تۆماركردووە، دیار نییە چارەنوسی ئەم كەیسە لە دادگا یەكلادەكرێتەوە یان لەناو یەكێتی یاخود لە چوارچێوەی ماڵی تاڵەبانیەكاندا، (درەو) لەم راپۆرتەدا وردەكاری كەیسی ژەهرخواردنەكە بڵاودەكاتەوە. مانگێك دوای 8ی تەموز مانگێك تێپەڕی بەسەر رووداوەكانی (8)ی تەموزی ناو یەكێتیدا، روداوگەلێك كە ناونیشانە گەورەكەی پرسی "رەهژخواردكردن"ە، بەڵام لەژێریدا چەندین ململانێو كێشمەكێشی تر هەن. بەهانەی رووداوەكانی ئەمدواییەی یەكێتی پرسی ژەهرخواركردنی (بافڵ تاڵەبانی) هاوسەرۆكی یەكێتییە، ئەم بابەتە كە وەكو سەرچاوەی سەرەكی ناكۆكی نێوان هاوسەرۆكەكانی یەكێتی (بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی) ئەژماردەكرێت، تائێستا لەناو كۆبونەوە تایبەتەكاندا باس دەكرێتو میدیای فەرمیو بەرپرسانی یەكێتی وردەكارییەكەیان بۆ رایگشتی نەخستوەتەڕوو. ئەمە لەكاتێكدایە، لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە، بافڵ تاڵەبانی بەردەوام خەڵكو كەسایەتییەكان بانگهێشتی "دەباشان" دەكاتو چیرۆكی ژەهرخواردنەكەیان بۆ دەگیڕێتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە (درەو) لە سەرەتای رووداوەكانی (8)ی تەموزەوە لە ژمارەیەك لەو كەسانەوە دەستیكەوتووە كە سەردانی "دەباشان"یان كردووە، بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە چیرۆكی ژەهرخواردنەكەی بۆیان گێراوەتەوە بەمش شێوەیە. چیرۆكەكە لەزاری بافڵ تاڵەبانییەوە رۆژی 24ی حوزەیران بوو (واتە دوو هەفتە بەر لە رووداوەكانی 8ی تەموز)، ئەو رۆژە پێنج شەممە بوو، من رۆژانی هەموو پێنج شەممەیەك تەرخان دەكەم بۆ كاتبەسەربردن لەگەڵ منداڵەكانم (هێرۆ- كۆبان). ئێوارەی ئەو رۆژە میواندارییەكم رێكخست لە باخەكەم لە "مێرگەپان"، ئەم میواندارییە بۆ ئاشتەوایكردن بوو لەنێوان (پۆلۆ شاڵاو عەلی عەسكەری)و (پۆڵاد شێخ جەنگی)، ماوەیەك بوو كێشە لەنێوانیان هەبوو. (پۆلۆ راوێژكاری بافڵ تاڵەبانییە، پۆڵاد برای لاهور شێخ جەنگییەو تا ساتی روداوەكە بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی بووە). بۆ ئەم میواندارییە، (لاهور شێخ جەنگی)و (دەرباز كۆسرەت رەسوڵو شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ)م بانگهێشت كرد، پۆلۆ و پۆڵادیش لەوێ بوون. لەم دانیشتنەدا من ماددە كحولییەكانم نەخواردەوە، بۆیە شەربەتێكی سروشتی پرتەقاڵیان بۆ هێنام، قومێكم لە شەربەتەكە خواردەوە، پاشان رۆیشتم بۆ لای منداڵەكانم لەژوورەوە، چونكە هاوسەرم لەوێ نەبوو، منداڵەكانم داپۆشیو گەڕامەوە، قومێكی ترم لە شەربەتەكە خواردەوە، هەستم كرد تامی گۆڕاوە، پێم وتن ئەم شەربەتە زۆر ناخۆشە، دیارە شتێكتان تێكردووە، خەیاڵم بۆ ژەهر نەچوو، پێموابوو كحولیان تێكردووە، پێكەنینو پێیان وتم هیچ نییە بیخۆرەوە، پاش ماوەیەك هەستم بەوە كرد سەرمامە، توشی لەرز بووم، قەمسەڵەیەكم لەبەركرد، دۆخم خراپتر دەبوو، بە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵم وت من وەزعم باش نییە، شاڵاو وتی با بڕۆین، لەم كاتەدا لاهور باوەشی پێدا كردم، بە زمانی ئینگلیزی پێی وتم"بای بای ئامۆزا"، ئەم شێوازە خواحافیزیكردنەی لاهور گومانی لای دروستكردم، چونكە چەندجارێك باوەشی پێداكردم، وەكو ئەوەی بیەوێت بەیەكجاری ماڵئاوایم لێ بكات ! ژەهری "دایۆكسین" دوای كۆتایهاتنی میواندارییەكە، چەندجارێك توشی رشانەوە هاتم، نامەم بۆ هاوسەرەكەم ناردو پێم وت" من دۆخم خراپە، ناتوانم ئاگام لە منداڵەكان بێت" نامەشم بۆ پزیشك نارد، پاشان چومە گەرماو، لەوێ ئاگام لەخۆم نەما، بێهۆش كەوتم، كاتێك بەئاگاهاتمەوە، لە نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە) بووم، فاخر شێخ تەیبو برایەكی كە خاوەنی كۆمپانیای قەیوانو نەخۆشخانەی (ئەنوەر شێخە)ن، لەوێ ئامادەبوونو بارودۆخی منیان بینی، (هەندێك لە گێڕانەوەكان دەڵێن ئەژی ئەمین بەرپرسی ئێستای دەزگای زانیاریش لە نەخۆشخانە بووە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی)، دەركەوت من ژەهرخوارد كراوم بە ماددەیەك بەناوی "دایۆكسین"، ژەهرەكە كاریگەری لەسەر دڵم دروستكردبوو، (12) بوتڵ ئاویان بۆ هەڵواسیم، پزیشكەكە پێی وتم بەهیچ جۆرێك نابێت بخەوێت، دەبێت بەپێوە رابوەستی، چونكە بارودۆخی دڵت زۆر خراپە، هەندێك چارەسەریان بۆ كردم، پاشان سامپلی خۆم نارد بۆ روسیاو بەریتانیاو ئەمریكاو سوید، ئەنجامی هەموو پشكنینەكان دەریاخست ژەهرخوارد كراوم، ئیتر كە ئەم دۆخە رویدا، تەلەفۆنم بۆ قوبادی برام كرد لە هەولێر بگەڕێتەوە، كە گەڕایەوە باسی بارودۆخەكەم بۆ كرد، هاوكات لەگەڵ ئەمەدا كەسێكمان لە "دەباشان" گرت كە سیخوڕی كردبوو بە سەرمانەوە، ئەو كەسە كوڕە شەهیدێك بوو كە ماوەی (18 ساڵ) بوو لەگەڵ ئێمەدا بوو، دوای ئەوەی كە بانگمان كرد، دانی بەوەدا نا سیخوڕی بۆ دەزگای زانیاری كردووە. ئیتر دوای ئەم روداوانە بڕیارماندا گۆڕانكاری لە دەزگای زانیاریدا بكەین، كاتێك رۆیشتین بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لە دەزگادا بكەین، (محەمەد تەحسین تاڵەبانی)مان هێنا كە بەرپرسی دەزگا بوو، ئەو رۆژە (رەنج شێخ عەلی) جێگری سەرۆكی دەزگا لەوێ نەبوو، لە بارەگای دژەتیرۆر بوو، رۆشتن لەوێ هێنایان (محەمەد تەحسین برای ئاڵا تاڵەبانییە، رەنج شێخ عەلی خوشكەزای لاهور شێخ جەنگییە). كە قسەمان لەگەڵ (محەمەد تەحسین)و (رەنج شێخ عەلی)دا كرد، یەكسەر وتیان" ئێمە تەنیا ئەمرمان جێبەجێ كردووە"، پاش ئەوەی لێكۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵدا كرا، رەنج وتی" ژورەكەم لە دەزگا كلیل دراوە، بڕۆن كلیلەكە ببەنو بیكەنەوە، لەناو سەلاجەكەمدا شتێكی تێدایە بیهێنن"، ئەژی ئەمین بەرپرسی ئێستای دەزگا چوەتە ژورەكەی رەنج شێخ عەلی، ژەهرەكەی لەناو سەلاجەكەدا دۆزیوەتەوە، هەموو ئەم دیمەنانەشی بە كامێرا وێنەگرتووە (تا ئەم ساتە ئەژی ئەمین كە برای موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامییە، ماوەی چەند مانگێك بووە بەهۆی كێشەی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگاو كەسانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دورخراوەتەوە). دوای هێنانی ژەهرەكەی دەزگا، بۆمان دەركەوت هەمان ئەو ماددەیە كە دەرخواردی من دراوە، رەنج ناوی دوو كەسی ئاشكراكرد كە ئەوان ئەو دەرمانەیان لە دەرەوەی وڵات هێناوەو رادەستی ئەویان كردووە، رەنجو محەمەد تەحسین بە نوسینو لەبەردەم كامێراشدا دانیان پێدا ناوە. ئێستا هێشتا كاریگەری ژەهرەكە لەسەر جەستەم ماوە، ناتوانم وەرزش بكەم، ئەو ژەهرەی كە بە من دراوە، جۆرێكە لە هندستان ئەو خەڵكانە دەیخۆن كە دەیانەوێت خۆیان بكوژن. من ئامادەم بابەتی ژەهرخواردكردنم نەك لە دادگاكانی كوردستان، لە دادگاكانی دەرەوەی وڵات (بەریتانیا) بسەلمێنم، بۆ ئەوەی نەوترێت دادگاكانی سلێمانی لەژێر هەژمونی مندایە. ئێستا من ناتوانم بیسەلمێنم لاهور شێخ جەنگی خۆی ژەهرەكەی كردوەتە ناو شەربەتەكەوە بۆم، بەڵام دەزانم هێنانی ئەو ژەهرە لەژێر چەتری ئەودا بووە. لاهور شێخ جەنگی چی دەڵێ ؟ لاهور شێخ جەنگی كە لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە تۆمەتبار دەكرێت بەوەی لەژێر چەتری ئەودا ژەهرخوارد كراوە، بەتەواوەتی چیرۆكەكەی بافڵ تاڵەبانی رەتدەكاتەوە، تا ئەو رادەیەی بە "گاڵتەجاڕی"و "یارییەكی منداڵانە" ناوی دەبات. لاهور شێخ جەنگی بەفەرمیو لەبەردەم رایگشتیدا داوای لێكۆڵینەوەی لەو تۆمەتانە دەكات، لە دادگاش لەسەر ناوزڕاندنی لەسەر ئەم بابەتە سكاڵای تۆماركردووە، سەرباری ئەمەش بەمەرجی ئەوە دەسەڵاتەكانی رادەستی هاوسەرۆكەكەی تر كردووە، تا لیژنە پێك بێت لە مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ یەكلاكردنەوەی تۆمەتی ژەهر خواردنەكە. سەرباری ئەمە، بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، رەنج شێخ عەلی كە دوای ئازادكردنی گەڕاوەتەوە بۆ دەرەوەی وڵات، لە بەریتانیا سكاڵای یاسایی لەسەر بافڵ تاڵەبانی تۆماركردووەو تۆمەتباری كردووە بەوەی لەژێر فشارو هەڕەشەدا دانپێدانانی لێوەرگیراوە. كەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، باس لەوە دەكەن، بەر لە دانیشتنەكەی "مێرگەپان" بافڵ تاڵەبانی ئامادەكاری كردووە بۆ گۆڕانكاری ئەمنیو (وەهاب هەڵەبجەیی) بەرپرسی ئۆپراسیۆنەكانی دەزگای دژە تیرۆری بەلای خۆیدا راكێشاوەو تەنیا دەزگای زانیاری ماوە كە كۆنترۆڵی بكات، لەرێگەی بانگەشەی ژەهرخواردكردنەكەشەوە ئەو دەزگایەی كۆنترۆڵ كردووە، بۆیە پرسی ژەهرخواردنەكە بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو "كودەتا"یە كەبەسەر دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگیدا كراوە. لەنێوان دادگاو حزبو خێزاندا سەرەتا بڕیاربوو هەردوو هاوسەرۆك كێشەكانیان لەبارەی پرسی ژەهرخواردكردنەوە ببەنە بەردەم دادگا حكومییەكان، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای حزبەكەیان (سەركردایەتی) نەیتوانی كۆببێتەوەو بڕیار لەسەر كێشەكە بدات، بەمدواییە قسەوباس لەبارەی ئەوە دەكرێت ئەوەی رویداوە كێشەیەكی خێزانییەو كوڕانی مام جەلالو شێخ جەنگی (ئامۆزاكان) لەچوارچێوەی خێزانەكەیاندا دەیانەوێت چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، بەتایبەتیش كە هەرێمی كوردستانو عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنی پێشوەختەدانو ئێستا كەمپەینی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. ژەهرەكەی بافڵ تاڵەبانیو ڤیكتۆر یوشینكۆ ! ئەو ماددەیەی كە بافڵ تاڵەبانی ناوی هێناوە گوایە لە پرۆسەی ژەهرخواردكرنیدا بەكارهێنراوە، ماددەی (دایۆكسین- dioxin)ە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەكارهێنانی ئەم ماددەیە بۆ مەبەستی ژەهرخواردكردن لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە كەوتوەتە ناو بواری پزیشكییەوەو پێشتر بۆ ئەم مەبەستە بەكارنەهێنراوە. ساڵی 2004 (ڤیكتۆر یوشینكۆ) خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئۆكرانیا كاندید كرد، ئەم پیاوە سەرۆكایەتی هەوڵێكی دەكرد دژی هەژموونی روسیا لە ئۆكرانیا، پێگەی جەماوەری زۆر بەهێز بوو، ئەوكات (ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ) سەرۆكایەتی ئۆكرانیای دەكرد كە لایەنگری روسیا بوو. ركابەرییە سیاسییەكە لەو سەردەمەدا زۆر بەهێز بوو، هەردوولا هەموو هێزی خۆیان بۆ خستنی یەكتر بەكارهێنا، لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دۆخی تەندروستی (یوشینكۆ) تێكچوو، كاریگەریی نەخۆشییەكە لەسەر دەموچاوی دەركەوت، رەوانەی نەخۆشخانەیەك كرا لە (ڤیەننا)ی پایتەختی نەمسا، لەوێ پزیشكەكان رایانگەیاند یوشینكۆ بە مادەی "دایۆكسین" ژەهرخوارد كراوە. یوشینكۆ ئەوكات باسی لەوەكرد، بانگهێشتی ئێوارەخوانێك كراوە بەمەبەستی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی سیاسی نوێ لەماڵی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی ئۆكرانیا، ئەو بەمەبەستی نیشاندانی نیازپاكی تەنانەت پاسەوانەكانی لەگەڵ خۆیدا نەبردووە بۆ ئێوارە خوانەكە، بەڵام دوای ئەو نانخواردنە دۆخی تەندروستی تێكچووە، پزیشكە نەمساوییەكان باسیان لەوە دەكرد ئاستی ماددەی (دایۆكسین) لە خوێنی یوشینكۆدا هەزار هێندە لە بڕی ئاسایی ئەو ماددەیە لە جەستەی مرۆڤدا زیاترە. دوای ئەم رووداوانە، سەرۆك یانۆكۆڤیچ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بردەوە، لایەنگرانی یوشینكۆ بانگەشەی ئەوەیان دەكرد پرۆسەیەكی ساختەكاری گەورە رویداوە، خۆپیشاندانیان دەستپێكرد، ئەمە لە مێژووی ئۆكرانیادا ناوی لێنرا "شۆڕشی پرتەقاڵی"، شۆڕشەكە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی حكومەتیان ناچاركرد ئەنجامی هەڵبژاردنەكە هەڵوەشێنێتەوە، هەڵبژاردن دووبارە كرایەوە، ئەمجارەیان یۆشینكۆ هەڵبژاردنەكەی بردەوەو بوو بە سەرۆكی ئۆكرانیا. دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، رەخنە لە شۆڕشەكەی یوشینكۆ دەستی پێكرد، تۆمەتباریان كرد بەوەی ئامانجەكانی شۆڕشی بەدی نەهێناوەو لەناو گەندەڵیدا نقوم بووە، ساڵی 2010 كۆتایی بە ماوەی سەرۆكایەتی یوشینكۆ هاتو سەرلەنوێ ڤیكتۆر یانۆكۆڤیچ دەسەڵاتی گرتەوە دەست.
درەو: رۆژبەرۆَژ بزوتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەهێرشی چەكداریو هەندێك جاریش بە هەڵاتنی هێزە ئەمنییەكانی حكومەت ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی زیادتر دەكات و لەكۆی 34 تائێستا پایتەختی نۆ ویلایەتی كۆنترۆڵ كردووە, جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكاش لە بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان پەشیمان نیەو داوا لە سەركردەكانی ئەو وڵاتە دەكات لە پێناوی وڵاتەكەیاند خەبات بكەن. مەزار شەریف رۆژی هەینی بزوتنەوەی تالیبان شاری فایز ئابادی كۆنترۆڵكردو شەڕیش لە سێ پایتەختی ویلایەتەكانی تر بەردەوامەو دوای كۆنترۆڵكردنی زۆرینەی ناوچەكانی باكور, ئێستا بزوتنەوەی تالیبان چاوی بڕیوەتە كۆنترۆڵكردنی شاری مەزار شەریف كە گەورەترین شاری باكورەو تالیبان چەندین ناوچەی لە خۆرهەڵاتو خۆرئاوایەوە كۆنترۆڵكردووە. جگە لەبەرەی باكور لە باشوریش شەڕو پێكدادان لە نێوان هێزەكانی تالیبانو هێزە حكومییەكانی ویلایەتەكانی قەنەدەهارو هڵمەند بەردەوامە. كەوتنی مەزار شەریف گورزێكی كەمەرشێن دەبێت بۆ حكومەتی ئەفغانستان چونكە بەتەواوەتی كۆنترۆڵی باكور لەدەستدەداتو شارەكەش بەوە ناسراوە كە پێگەی سەرەكی ئەو چەكدارانەیە كە دژی بزوتنەوەی تالیبانن. هەر بۆئەوەش ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان گەیشتە شارەكەو بئەوەی لەگەڵ محەمەد عەتا نور یەكێك لە كەسایەتییە بەهێزەكانی مەزار شەریفو عەبدولڕەشید دۆستم كە یەكێكە لە ئەمیرەكانی جەنگ كۆببێتەوە. بە گوێرەی چەند ڤیدیۆیەكیش كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوە دۆستم بەیاوەری كەتیبەیەك چەكدار لە فڕۆكەخانەی كابوڵەوە بەرەو مەزار شەریف كەوتەڕێ. بایدن پەشیمان نیە سەرەڕای بەردەوامیی پێشڕەویی هێزەكانی تالیبان, جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەمریكا پەشیمان نیەو داوا لە سەركردە ئەفغانییەكان دەكات خەبات بكەن لە پێناوی وڵاتەكەیاندا. بایدن لە وتەیەكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لە كۆشكی سپی وتی ئەمریكا پابەندی ئەو ئەركانەیە كە لە ئەفغانستان لەئەستۆیدایە كە بریتین لە پاڵپشتیكردن لە ڕێگەی هێزی ئاسمانییەوەو پێدانی موچە بە سەربازانی سوپای ئەفغانستانو دابینكردنی خۆراكو كەلوپەلی سەربازی بۆ سوپای ئەفغانستان. بایدن هانی سەركردەكانی ئەفغانستانیشی دا كە لە پێناوی خۆیانو نەتەوەكەیاندا شەڕبكەنو وتی " زیاتر لە هەزار ملیار دۆلارمان لە ماوەی 20 ساڵدا خەرجكردووەو مەشق و راهێنانمان بەزیاتر لە 300 هەزار سەربازی ئەفغانی كردووەو چەكو تەقەمەنیمان بۆ دابینكردون". دانوستان لەبری شەڕ لەكاتێكدا رۆژە بەڕۆژ شەڕ لەئەفغانستان گەرمتر دەبێت دیپلۆماتكارانی ئەمریكا لە هەوڵدان دانوستەكانی نێوان حكومەتی ئەفغانستانو بزوتنەوەی تالیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەگەڕ بخەنەوە كە چەقی بەستووە, زەڵمای خەلیلزاد نوێنەری ئەمریكا لەو دانوستانانە فشاردەكات بۆئەوەی تالیبان بە بڕیاری ئاگربەست قایل بكات.
شیكاری: درەو پاڵپشت بە ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناوی بردوون (پرۆژەکان، پرۆژە جۆراوجۆرەکانی وەزارەتەکان، پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان) پێکەوە (558) پرۆژەن و (868 ملیار و 738 ملیۆن) دیناریان بۆ خەرجکراوە دابەشبوون بەسەر؛ (216) پرۆژە لە پارێزگای هەولێر بە گوژەمەی (283 ملیار) دینار. پارێزگای دهۆک (78) پرۆژە بە گوژەمەی (173 ملیار) دینار. (232) پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی بە گوژەمەی (386 ملیار) دینار. پارێزگای هەڵەبجە کەمترین پرۆژە و خەرجی بۆ دابینکراوە کە (32) پرۆژەیە بە ڕێژەی (5.7%)ی کۆی پرۆژەکان و بە گوژمەی بە (25 ملیار و 98 ملیۆن) دینار کە دەکاتە ڕێژەی (2.8%) کۆی خەرجییەکان. یەکەم؛ پرۆژە خزمەتکوزارییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی مانگی ئایاری 2021، حکومەتی هەرێم بڕی (434 ملیار و 369 ملیۆن) دیناری بۆ (279) پرۆژەی جیاواز لە بواری وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، لە بوارەکانی (رێگاوبان، سایلۆ، بەنداو، ئاوو ئاوەڕۆ، کارەبا، یەکەی نیشتەجێبوون ...هتد)، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی پرۆژەکان بەسەر پارێزگاکانی هەرێم کوردستان، لە پارێزگای هەولێر (108) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (39) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (116) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (16) پرۆژە بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) پرۆژەکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (1) پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، گۆڕانکاری بە دروست دەبێت و لە کۆی (279) پرۆژە (147) پرۆژەیان بە ڕێژەی (53%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (132) پرۆژەیان بە ڕێژەی (47%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە. بە هەمان شێوە کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (434 ملیار و 369 ملیۆن)دینارە، (228 ملیار 517 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (53%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (205 ملیار و 852 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (47%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (1)) دووەم: پرۆژە جۆراو جۆرەکان هەر بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی مانگی ئایاری 2021، حکومەتی هەرێم بڕی (413 ملیار و 712 ملیۆن) دیناری بۆ (167) پرۆژەی وەزارەتەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی ئەو پرۆژەکان بەسەر پارێزگان، لە پارێزگای هەولێر (58) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (25) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (73) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (11) پرۆژە بووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) پرۆژەکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (2) پارێزگای سلێمانی بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، تا ڕادەیەک جۆرێک لە هاوسەنگی بە دروست دەبێت و لە کۆی (167) پرۆژە (83) پرۆژەیان بە ڕێژەی (49.7%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (84) پرۆژەیان بە ڕێژەی (50.3%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە. بەڵام کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (413 ملیار و 712 ملیۆن)دینارە، بەڵام (219 ملیار 979 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (53%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (193 ملیار و 733 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (47%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (2)) سێیەم: پەرەپێدانی پارێزگاکان بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، لە پەرەپێدانی پارێزگاکان، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی (20 ملیار و 657 ملیۆن) دیناری بۆ (112) پرۆژەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، سەبارەت بە شێوازی دابەشبوونی ئەو پرۆژانە بەسەر پارێزگان، لە پارێزگای هەولێر (50) پرۆژەو لە پارێزگای دهۆک (14) پرۆژەو لە پارێزگای سلێمانی (43) پرۆژەو لە پارێزگای هەڵەبجە تەنها (5) پرۆژە هەبووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان لەسەر ئاستی زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی خشتەی ژمارە (3) پارێزگای هەولێر بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە زۆرترین پرۆژەی تێدا بووەو زۆرترین خەرجیش بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، بەڵام کاتێک بەراورد دەکەین لە نێوان پرۆژەکانی هەردوو زۆنی زەردو سەوز، ئەو ڕاستییە بەدیدەکرێت کە زۆرترین پرۆژەیان لە زۆنی زەرد و زۆرترین خەرجیشی لە زۆنی سەوز بوو، بە جۆرێک لە کۆی (112) پرۆژە (64) پرۆژەیان بە ڕێژەی (57.14%) دەکەوێتە زۆنی زەرد و (48) پرۆژەیان بە ڕێژەی (42.86%) دەکەوێتە زۆنی سەوزەوە. کۆی خەرجی پرۆژەکان کە (413 ملیار و 712 ملیۆن)دینارە، (8 ملیار 538 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (41.33%) لەزۆنی زەرد خەرج کراوەو (12 ملیار و 119 ملیۆن) دینار و بە ڕێژەی (58.67%) لەزۆنی سەوز خەرج کراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چوارەم: کۆی گشتی پرۆژەکان پاڵپشت بەو ئامارانەی سەرەوەو بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانان بێت، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان ناوی بردوون (پرۆژەکان، پرۆژە جۆراوجۆرەکانی وەزارەتەکان، پرۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان) پێکەوە (558) پرۆژەن و (868 ملیار و 738 ملیۆن) دیناریان بۆ خەرجکراوە. دابەشبوون بەسەر (216) پرۆژە لە پارێزگای هەولێر بە گوژەمەی (283 ملیار و 336 ملیۆن) دینار. پارێزگای دهۆک (78) پرۆژە بە گوژەمەی (173 ملیار و 698 ملیۆن) دینار. (232) پرۆژە لە پارێزگای سلێمانی بە گوژەمەی (386 ملیار و 606 ملیۆن) دینار. پارێزگای هەڵەبجە کەمترین پرۆژە و خەرجی بۆ دابینکراوە کە (32) پرۆژەیە بە گوژمەی بە (25 ملیار و 98 ملیۆن) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) و (چارتی ژمارە (4))
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) دوێنی، ڕۆژی شەمە، ڕێکەوتی ٧ ی ئابی ٢٠٢١، تیمی پارێزهرانی زیندانیکراونی بادینان لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی ئاشکرایانکرد کە ڕۆژنامەنوس و چالاکەوانە دهستگیركراوهكانی بادینان ھەم ”ئهزیهتی زۆر“ دهدرێن و ھەم ”فشاریێکی زۆریان خراوەتەسەر“. ھاوکات مامەڵەیەکی نامرۆڤانەیان بەرامبەر دەکرێت و مافە ھەرە سەرەتاییەکانیان پێشێلدەکرێت. بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ” بارودۆخی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و مامەڵەی کارمەندانی ئیدارەی زیندانی ئاسایشی گشتی هەولێر لەگەڵ سزادراوانی بادینان لەو پەڕی خراپیدایە و دورە لە هەمو بەها ئینسانییەکان و هیچ رەچاوی مافەکانی زیندانیانیان لەگەڵ ناکرێت“. بەیاننامەکە پێ لەسەر ئەوەش دادەگرێت ”هیچ بیانوویەک نییە بۆ هێشتنەوەیان لە زیندانی ئاسایش“ لە ھەولێر و ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ ئەو زیندانیانەدا دەکرێت، بە پێی یاساکانی ھەرێم خۆشی تەواو نایاسایی و نائینسانییە. تیمی پارێزەرەکان داوای بەپیرەوەچونیی بەیاننامەکەیان دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بەیاننامەکەیان ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەڕلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان، فراكسیونه جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەستەی مافی مرۆڤ و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە. یاداوەریی دانیشتوانی ئەم ھەرێمە لەگەڵ ئەم سیستمە سوڵتانییە حوکمڕانەدا یاداوەرییەکی بریندارە. پڕیەتی لە تاوان و بێڕێزیی فرەجۆر، لە پێشێلکردنی ڕۆژانەی مافە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، لە شکاندنێکی سیستماتیک و بەردەوامی کەرامەتی ئینسانی ئەم دەڤەرە. دەیان و سەدان نموونە ھەن نیشانی ئەدەن ئەم کۆمەڵگایە لەبەردەم جۆرێک لە حوکمڕانییدایە کە سەرجەمی کۆمەڵگاکە وەک موڵکی شەخسیی خۆی دەبینێت و ھەموو دانیشتوانەکەشی بە بارمتە گرتوە، ھەرچیەکیشی لە توانادابێت بۆ بەردەوامیدان بەم موڵکایەتییە تایبەتە و بەم توانای بە بارمتەگرتنە، ئەنجامیئەدات. ئەوەی بەرامبەر بە دەستگیراوەکانی بادینان دەکرێت ھەڵقەیەکی تازەی ئەم سیاسەتی بەردەوامیدانەیە. ئەوەی دەیبینین نمایشی دەسەڵاتە بۆ تواناکانی زەلیلکردن و ئیھانەکردنی کۆمەڵێک لە ھاوڵاتییەکانی. ھاوڵاتیانێک، ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەزایانی بواری یاسایی، لەناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا، باس لە بێتاوانیی ئەوان و نەبوونی بەڵگە بۆ سزادانیان دەکەن. خودی گرتنەکەیشیان وەک کردەیەکی بە مەبەست و وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوەی شەخسیی دەناسێنن. ئەم نمایشە نوێیە بۆ نیشاندانی تواناکانی ئیھانەکردن، نمایشێکە ھەم بە بەرچاوی سەرجەمی ھێزە سیاسییەکانی ناو کوردستان و ھەم بە بەرچاوی دونیای دەرەوەی کوردەوە ئەنجامئەدرێت. چەندین ڕێکخراوی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ و چەندین گروپی بەرگریکردن لە مافەکانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانی جیھانی، چەندان ھێزی سیاسیی گەورەی دونیا، لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم نمایشکارییە ترسناک و وێرانکەرن. بەڵام ئەوەی دەیبینین بێباکیی تەواوی سیستمە سوڵتانیەکەیە بەرامبەر بە سەرجەمی ئەم ناڕەزایاتییانە و مامەڵەکردنیانە وەک نەبوویەک. ھەمووشی لەژێر ناوی دروشمێکی کۆمیدیی و ساختەدا کە ناوی ”سەربەخۆیی دادگا“ و ”بێلایەنی دەزگاکانی حوکمڕانیی“ لێنراوە. لە پشتی ئەم بێباکییە نابەرپرسیار و ئەم فۆرمە لە کەلەڕەقیی سیاسیی و نەفسیی خۆکوژانەوە، عەقڵیەتێک ئامادەیە باکی بە وێرانبوونی وڵاتەکە و وێرانبوونی ژیانی سەرجەمی دانیشتیوانەکەی، نییە. ئەوەشی لە ھەرێمدا حوکمڕانە تەنھا فۆرمێکی ترسناک لە کۆنترۆکردنی دەزگایی و سەربازیی و ئەمنیی و حیزبیی وڵاتەکە نییە، بەڵکو جۆرێکی تایبەت لە سایکۆلۆژیای نارسیستیی تەواو نەخۆشیشە، کە جگە لە خواستە سەرەتایی و مەیلە سادیستییەکانی خۆی، شتێکی تری پێنییە، ئاراستەی فۆرمی حوکمڕانییەکە بکات. درێژەدان بەم ئیھانەکردنە ئاشکرا و بەردەوامەی ئەمڕۆکە و پێشێلکردنی مافە ھەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، تێکەڵ بە کەڕبوونێکی سەرتاسەریی بەرامبەر بە سەرجەمی ناڕەزایاتییە ناوەکیی و دەرەکییەکان، ئەو مەترسیی و ستراتیژە ترسناکەیە یەخەی ئەم ھەرێمە و مرۆڤەکانی ناوی گرتوە. چۆنیەتی مامەڵەکردنی کەیسی دەستگیراوەکانی بادینان نموونەیەکی بەرجەستەی چۆنیەتی مامەڵەکردنێکی تەواو نابەرپرسیارانەیە، کە مەترسییەکانی بەزۆر مانا لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمتر نییە. مێژووی سەدەی بیستەم نیشانیداین کە زۆرجار ڤایرۆسی سیاسیی زۆر لە ڤایرۆسی بایۆلۆژیی ترسناکتر و کوشندەترە.