ئێران لە وڵاتەکانی تر ناچێت

Draw Media

2022-10-02 13:04:29



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێران تا دێت گەورەتر و فراوانتر دەبێت. ژمارەیەکی زۆری شارەکانی ئەو وڵاتە و بڕێکی زۆر لە زانکۆ و خوێندنگاکانیش نەمانی توانا و تەحەمولی قبووڵکردنی ئەو ڕژێمە سیاسییە دینییە نیشان ئەدەن، کە چوار دەیەیە لە ئێرندا حوکمڕانە. سیستمی حوکمڕانیی لە ئێراندا سیستمێکی دەسەڵاتگەر و ئەوتۆریتێرە. لە ئەدەبیاتی زانستیدا دەوڵەتی ئێرانی بە سیستمی ”جووت دەوڵەتیی“ Dual state یان دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا ناودەبرێت. لە ئاستێکدا دەستور و ھەڵبژاردن و پەرلەمان و سەرۆک کۆمارێکی ھەڵبژێردرا و سوپایەکی فەرمی و حکومەتێک ھەیە، کە بە فەرمی بەرپرسن لەبەردەم پەرلەمانێکی ھەڵبژێردراودا. ( بە ھەموو نووقسانییەکانی ئەم سیستمەوە) کەچی لە سەرێکی دیکەوە ڕەھبەر و مەجلیسە ھەڵنەبژێراوەکانی دەوروبەری ڕەھبەر ھەن، بە دەسەڵاتێکەوە گەورەتر و زیاتر لە دەسەڵاتی سەرۆککۆمار وحکومەت و پەرلەمان. لە پاڵ ئەمانەشدا ئامادەگیی ”سوپای پاسداران“ کە سوپایەکی نافەرمییە و ئەرکە سەرەکییەکەی بریتییە لە پاراستنی شۆڕشەکەی خومەینی، لە دژەشۆڕشەکانی ناو ئێران خۆی. ئەوەی ئەم دوو بەشەی سیستمی حوکمڕانیی لە ئێراندا بەیەکەوە گرێئەدات تیورەی ”ویلایەتی فەقیە“ە، کە تیورەیەکی دینیی سیاسییە و بەو سیستمە ”جووت دەوڵەتییە“  ناوەرۆک و شوناسێکی دینیی، دەبەخشێت. ڕەھبەر دەسەڵاتێکی گەورە و کۆنترۆڵنەکراوی ھەیە، بڕیارەکانی نەک قابیلی ڕەتکردنەوەنین، بەڵکو قابیلی گفتوگۆ لەسەرکردنیش نین. لە ھەموو خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا تەنھا لە ئێراندا ئەم سیستمە بوونی ھەیە و ھەر ئەمەشە تایبەتمەندییەکی گەورە بە سیستمی حوکمڕانیی لە ئێراندا دەبەخشێت. (تێکەڵکردنی ئەم سیستمە ئێرانییەی حوکمڕانیی، بۆ نموونە، بە سیستمی حوکمڕانیی لە سعودیە یان لە میسر یان لە مەغریب یان لە تونس یان لە تورکیا یان لە سوریا، ھتد.. ھەڵەیەکی تیوریی و مەنھەجیی گەورەیە).
ئەوەی ئێستا لە ئێراندا ڕووئەدات یاخیبوونی زۆرینەی کۆمەڵگای ئێرانییە، بە تایبەتی یاخیبوونی نەوە نوێکانە، لەو  سیستمە تایبەتە. کۆنترۆڵکردنی ژیانی ڕۆژانە و سنووردارکردنێکی گەورەی ئەو ئازادییە سادانەی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا پێوستی پێیەتی، بەناوی دینەوە، ئاکاری سەرەکیی ئەم سیستەیە. بەرجەستەترین فۆرمی کۆنترۆڵکردنی ژیانی ڕۆژانەش، خۆی لە کۆنترۆڵکردنی لەشی ئافرەتان و شێوازی دەرکەوتنیان لەناو ژیانی گشتیدا نمایشدەکات. ئەوەی لە ئێستادا ڕووئەدات وەڕسبوونی ئەو کۆمەڵگایەیە لەم سیستمە تایبەتەی حوکمڕانیی، کە لەپاڵ قەیرانە ئابوریی و ژینگەیەیی و سیاسییە گەورە و بەردەوامەکانیدا، ھەڵگری ئەو فۆرمە پەڕگیرەش لە کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی ئازادییە سادەکانی ناو ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکانیشە. لە کۆنترۆڵکردنی توانای بەیەکەوەبوونی نێر و مێ بە یەکەوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی جل و بەرگ و پۆشاک و بۆ چۆنیەتی دەرکەوتن لەناو ژیانی گشتیدا، بە تێپەڕین بەناو کۆنترۆڵکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیکردن و بوارەکانی تەفریحی ڕۆژانە لەناو یانە و شوێنە گشتییەکانی پشووداندا.  


ھەمو ئەمانە لەپاڵ تەماحی وڵاتەکە بۆ بوون بە ھێزی ژمارەیەکی ناوچەکە و پەیداکردنی ھەیمەنە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا. ئینجا بوون و ئامادەگیی دیاسپۆرایەکی ئێرانی چالاک لە دەرەوەی ئێراندا، کە لەم ساتەدا لە جوڵەیەکی دەرەکیی بەردەوامدایە  لە بەشێکی بەرچاوی شارە گەورەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئوسترالیادا.
ئاشکرایە ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێراندا ڕووئەدات یاخیبوونی نەوەی سێھەمی شۆڕشی ئێرانییە بەڕووی ئەو واقیعە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و دینیی و ڕەمزییەدا کە ئەو شۆڕشە و بکەرە دینییە حوکمڕانەکانی لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ ئێستا دروستیانکردوە. واقیعێک لەپاڵ تیورەی ”ویلایەتی فەقیە“دا، دروستبووە. سێ ڕەمز و کردەی سەرەکیی لە ئێستادا دەرکەوتی یەکەمی شوناسی ئەم بزوتنەوەی ناڕەزایەتییە، نیشانئەدەن. یەکەمیان ئاگر، دووھەمیان حیجاب، و سێھەمیشیان، سەما. ئەوەی دەیبینین کچانێکی گەنجن، بە دەم سەماکردنەوە حیجابەکانیان دادەکەن و لەناو ئاگردا دەیسوتێنن. ئەوەی ڕووئەدات نیشاندانی ھەوڵدانی لەشێکە بۆ خۆپاکژکردنەوە لە خڵتە زۆرەکانی ئەو سیستمە حوکمڕانییەی چل ساڵە ئامادەیە، ھەوڵدانی لەشێک بۆ ئازادبوون و چێژوەرگرتن لە ژیان. ئەوەی دەیبینین تاکەکەسێکە دەیەوێت ھەم خۆری بەربکەوێت و ھەم سەما بکات و ھەم ترسی نەبێت لەوەی کەسێک لە دواوە ڕایبکێشێت و بیبات و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات. تاکەکەسێک دەیەوێت ئازادبێت. ئەو فیکرەش کە بەرگریی لە ئازادییەکانی تاکەکەس دەکات و مافەکانی ژیانی دەسەلەمێنێت، فیکرێکە زیاد لە سێ سەدە مێژووی ھەیە و لە ئێستاشدا لە بەشێکی گەورەی جیھاندا ئامادەیە.
لەسەردەمی ھیگڵەوە ئەو ڕاستییە سادەیە فێربووین کە لە دونیای مۆدێرندا شتێک بەناوی ئازادییەوە لە دەرەوەی دەوڵتەدا بوونی نییە و بوونی نابێت، ئازادیی پەیوەستە بە بوونی دەوڵەتەوە، بەڵام دەوڵەتێک کە ھەم خۆی بەشێکبێت لە پرۆسەی دەرکەوتن و بەرجەستەبوونی ئازادیی لەناو مێژوودا، ھەم خۆیشی دروستکەر و پارێزەری ئەو ئازادییە بێت کە کۆمەڵگایەکی ھاوچەرخ پێویستیی پێیەتی. ئەوەی دەوڵەتی مۆدێرن دەکات بە دەوڵەت ئەو پەیوەندییە پتەو و ھەمەلایەنەیە کە بە ئازادییەوە ھەیەتی. لەم دیدگا ھیگڵیەوە، ئەوەی لە ئێراندا ھەیە و ئامادەیە ئەو شێوازەیە لە دەوڵەت، کە نەک لەسەر بنەمای بەرجەستەبوونی ئازادیی لەناو مێژوودا دانەمەزراوە، بەڵکو خۆیشی لە دۆخی پەلاماردانێکی ڕۆژانەدایە بۆسەر فۆرمە ھەرە سادە و ھەرە ڕۆژانەییەکانی ئازادیی. 
گرەو کردن لەسەر ئایندەی بزوتنەوەکە لە ئێستادا زەحمەتە، تەنھا عەقڵیەتێکی فاڵگرەوە دەتوانێت باس لە سەرکەوتن یان ژێرکەوتنی حەتمی بزوتنەوەیەکی لەم بابەتە بکات. ئەوەی لە ئێستادا بکرێت ئەنجامبدرێت، جگە لە پشتگیریکردنی یاخیبوونەکان، ھەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەوەی ڕووئەدات، نەک پێشبینیکردنی دەرەنجام و ئاراستەی گەشەکردنی ڕووداوەکان. مێژووی ئێران، وەک مێژووی ھەر کۆمەڵگایەکی دیکە، ”فێڵ“ ی تایبەتی خۆی ھەیە و ئەم فێڵەش وادەکات نەزانرێت بۆ کوێ دەڕوات و بەچی دەگات. ”فێڵی مێژوو“ بەو مانایەی ھیگڵ لە ڕوانینیدا بۆ مێژوو باسیدەکات. 
فێڵی مێژوو لای ھیگڵ پەیوەندیی بە وێناکردنی ئەم فەیلەسوفەوە بۆ مێژوو وەک جوڵەیەک ھەیە، کە بەردەوام دوو ئاستی ھەیە: یەکەمیان ئاستی بینراوی مێژووە، واتە ئەو مێژووە بەرچاوەی کە دەیبینین و ڕووداوەکانی لەبەردەمماندا ڕووئەدات. ئاستی دووھەمیان، ئاستی بوونی مێژوویەکی دیکە و ناوەکیی و نەبینراوە، کە وەک چوارچێوەی مێژووی یەکەمیان، کاردەکات. لای ھیگڵ مێژوو کورتنابێتەوە تەنھا بۆ ئاستە ناوەکییەکەی. ئاستی دووھەمی مێژوو زۆرجار مێژوو بەرەو ئاراستە و خاڵێک پاڵ پێوەدەنێت، کە بکەرەکانی ناو ئاستی یەکەمی مێژوو، نایبینن و ھەستی پێناکەن. بۆ ڕونکردنەوەی ئەم خاڵە ھیگڵ باس لە نموونەی جەنگ و پەلامارەکانی ناپۆلیۆن بۆ ئەوروپا و بەشەکانی تری جیھان، دەکات. مێژووی بەرچاوی ھێرشەکانی ناپلیۆن، مێژووی وێرانکاریی و دیکتاتۆریەت و ھەوڵدانی پەیداکردنی ھەیمەنەیە بەسەر چەندان وڵاتانی جیھاندا. لەناو فەرەنسا خۆیشیدا مێژووی سەرکوتکردنی بەشە ناڕازییەکانی ناو کۆمەڵگای فەرەنسی دوای شۆڕشی فەرەنسییە. لەم ئاستەدا ناپۆلیۆن ژەنەڕاڵێکی سوپای پڕ تەماحە، ھەم پەلاماری کۆمەڵگای فەرەنسیی و ھەم پەلاماری وڵاتانی تری ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقاش ئەدا و خەونی دەستگرتنی بەسەر جیھاندا، ھەیە. بەڵام لەژێر ئەم مێژووە بینراوەوە، مێژوویەکی ناوەکیی نەبینراو ھەبووە، کە مێژووی بڵاوبوونەوەی بەھاکانی ”ئازادیی و یەکسانیی و برایەتیی و عەقڵانیەت و دیموکراسیەت” بوو. فێڵی مێژوو، سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم بەھایانە بوو لەو شوێنانەدا بەر پەلامارە وێرانکەرەکانی ناپۆلیۆن کەوتوون. 
لە پەیوەندیدا بە یاخیبونەکانی ئەمڕۆکەی ئێرانەوە دەکرێت بڵێین، ڕاستە گرتن و کوشتن و ڕاونان و پەلاماردن لە ئاستی یەکەم و بەرچاوی مێژووی ئەم ساتەوەختەدا ھەن و ئامادەن و دەشێت تەواو خوێناویی و وێرانکارانەش بن، بەڵام فێڵێکی مێژوویش ئامادەیە، کە پابەستە بە بڵاوبوونەوەی مافە گەردونییەکانی مرۆڤ و خواستی زیاتر و زیاتری ئازادیی و ویستی پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی و ڕێزگرتن لە تاکەکەسەوە. 


 لەناو ئێراندا مێژوویەکی ناوەکیی تایبەت ھەیە کە کەسانی وەک شای ئێران و سوپا و ساڤاک و خومەینی و پاسداران و ڕۆشنبیرانی وەک عەلی شەریعەتی و جەلالی ئالی ئەحمەد و شەریعەتمەداریی و ئەوانیتر دروستیانکردوە. بەڵام ئاستێکی دەرەکی مێژووش ھەیە، کە مێژوویەکی جیھانییە، مێژووی لەدایکبوون و بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی مافەکانی مرۆڤ و بیرۆکەی یەکسانیی و دیموکراسیەت و ڕێزگرتنی کەرامەتی مرۆڤ و پاراستنی جیاوازییەکانە. لەمڕۆکەی جیھاندا ھیچ مێژوویەک بوونی نییە ھەردوو دەرکەوتەکەی مێژووی تێدانەبێت و ھەردوو دەرکەوتەکەی مێژوو بەیەکەوە نەژیی. بەشە یاخیبووەکەی کۆمەڵگای ئێرانی ھێز لەو بەھایانەوە وەردەگرێت کە لە مێژووە دەرەکیی جیھانییەکەوە دێت و بە جیھاندا بڵاودەبێتەوە، کۆمەڵێک بەھا کە وێنایەکی تر بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤ و پەیوەندیی و ژیان، پێشنیاردەکات و نیشانئەدات.
لە چل ساڵی ڕابردوودا فێڵێک لە فێڵەکانی مێژوو لە ئێراندا بەرجەستەبووە. ئایەتوڵا و حوکمڕانە دینییەکەی ئەو وڵاتە دەیانویست لە ئێراندا کۆمەڵگا و مرۆڤێکی دینیی گوێڕایەڵ دروستبکەن کە تیورەی ویلایەتی فەقیە ناوەرۆک و چوارچێوەکانی ژیانیان، دەستنیشانبکات، کەچی چل ساڵی حوکمڕانی ئەو ھێزە دینییانە کۆمەڵگایەکی عەلمانیی و یاخی دروستکردوە، ناکۆک بە خواست و ویست و ئیرادەی ئایەتوڵاکان. ئەمە ئەو فێڵەیە کە مێژوو لە ئێراندا ئەنجامیداوە و پیادەیکردوە. لە ئێێستاشدا فێڵی تازەی مێژووی لەو وڵاتەدا ئامادەیە، کە فێڵی گواستنەوە و بەناوەکیکردنی بەھاکانی تاکەکەس و مافەکان و ئازادییەکانە  و ھەوڵدانی کردنیانە بە ئاکاری ژیانی ئەو نەوانەی کە چیتر ناتوانن لەگەڵ تیورەی ویلایەتی فەقیە و دەوڵەتی دینیدا بژین.
ئەو خاڵەی پێویستە لە بنەڕەتەوە ئاشکرابێت ئاگاداربوونە لەو ڕاستییە کە مرۆڤ تەنھا بە ھۆشیاریی خۆیەوە لەناو مێژووی بەرچاو و ناوچەیی خۆیدا کارناکات، بەڵکو مێژوویەکی دەرەکییش ھەیە، کە بەھا و دید و ڕوانینی جیاوازیی تێدایە و ئەویش بەشدارە لە ئاراستەکردن و جوڵاندنی مێژووە ناوەکییەکەدا. ئەوەی لە ئێراندا ڕووئەدات، تەنھا یاخیبوونێکی ناوەکیی نییە بەڕووی دەوڵەتێکی دینیدا، بەڵکو مێژوویەکی دەرەکیش ئاراستەی دەکات کە پڕە لە بەھاکانی مافی تاکەسیی و ئازادیی و یەکسانیی و سەربەخۆیی. ھتد..
بینینی ئەم ئاڵۆزییە مەرجێکی گرنگیی تێگەیشتنە لەوەی لە ئێستادا و بەبەرچاومانەوە ڕووئەدات، بەڵام بەبێ کەوتنە ناو تەڵەی بیرکردنەوەی جەبریی و حەتمیگەراییەوە. نە شتێک بەناوی حەتمیەتی سەرکەوتنەوە لەئارادا نییە، نە بەناوی حەتمیەتی کەوتنەوە. ئەوەی ھەیە مێژوویەکی ئاڵۆزی خەباتی ڕۆژانەی خەڵک و بەگەڕخستنی ئیرادەی دەسکاریکردنی جیھانە. بەڵام خەبات و ئیرادەیەکی گۆڕانکاریی کە لەناو ئێراندا ڕوویان بە چەندەھا کۆسپی گەورە و ڕێگری ھەمەجۆردا تەقیقوەتەوە و دەتەقێتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand