Draw Media

(درەو):  پەرلەمانتارێكی پارتی پرۆژەی نیشتەجێبوونی هەیە لە هەولێر، پابەند نییە بەو نرخانەی كە حكومەت بۆ خزمەتگوزاری ناو پرۆژەكان دیاریكردووە، پارێزگاری هەولێر نایەوێت سزای بدات‌و مۆڵەتی پێدەدات بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا پابەند بێت.  رزگار عیسا سوار ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، خاوەنی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوونە لە رێگای هەولێر- پیرمام، ماوەیەكە خەڵكی ناو ئەم پرۆژەیە گلەیی‌و ناڕەزاییان هەیە.  پرۆژەكەی رزگار عیسا سوار ناوی "بۆتین سیتی"یە، رووبەرەكەی زیاتر لە (26 دۆنم) زەوییە، بەشێكە لە پارچە زەوییەكانی (46 كەرتی 84 شەوەك/ مەلا ئۆمەر)، رۆژی 13/9/2020 لەسەر فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی چەسپاندنی سنوری بۆ كراوە. بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لە بەردەستی (درەو)دان، ئەم زەوییە لە بنەڕەتەوە بۆ پرۆژەی گەشتیاری تەرخانكراوە، بەڵام پەرلەمانتارەكەی پارتی رەگەزی زەوییەكەی گۆڕیوە بۆ وەبەرهێنان‌و نیشتەجێبوون. رۆژی پێنج شەممەی هەفتەی رابردوو ژمارەیەك كەس لە نیشتەجێبوانی پرۆژەكەی (رزگار عیسا سوار)، كێشەكانی خۆیان بردە لای ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر. هەندێك لە دانیشتوانی ئەم پرۆژەیە كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، گلەییان هەیە لە گرانی نرخی خزمەتگوزارییەكانی پرۆژەكە، خراپی سكیوریتی، ئاوی خواردنەوە. بەگوێرەی ئەو بەڵگانامانەی كە لەبەردەستی (درەو)دان، پرۆژەكەی پەرلەمانتار رزگار عیسا سوار، پابەند نییە بە نرخی یەكگرتووی خزمەتگوزاریی پرۆژەكانی نیشتەجێبونەوە‌و زیاتر لە نرخی دیاریكراو لە خاوەن یەكەكانی نیشتەجێبوون‌و ڤێلاكان وەردەگرێت، چەندجارێك لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە ئاگاداركراوە لەوەی دەبێت پابەندی نرخەكان بێت، بەڵام پابەند نابێت، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەبری سزادانی، تاوەكو رۆژی 1ی ئازاری ساڵی داهاتوو دەرفەتی بە رزگار عیسا سوار داوە پابەند بێت بە نرخەكانەوە.  ئێستا پرۆژەی (بۆتین سیتی) بۆ هەر (كیلۆ وات)ێك كارەبای مۆلیدە بڕی (28 سەنت) لە نیشتەجێبووەكانی وەردەگرێت، لەكاتێكدا ئەو نرخەی كە حكومەت بۆ هەر (كیلۆ وات)ێك بڕی (21 سەنت) نرخی دیاریكردووە.  سەرباری ئەمە، دانیشتوانی پرۆژەكە دەڵێن: •    پرۆژەكە تەنیا دوو كەسی وەكو خزمەتگوزار دابین كردووە، لەڕووی پاكو خاوێنییەوە پرۆژەكە لەوپەڕی خراپیدایە. •    پرۆژەكە تەنیا یەك مۆلیدەی بۆ تەرخانكراوە، زۆرجار ئەم مۆلیدەیە لەكاردەكەوێت‌و بەوهۆیەوە خزمەتگوزاری (ئاو، كارەبا، ئەسانسۆر) لەكاردەكەوێت.  •    پرۆژەكە ئەسانسۆرێكی مۆدێل نزمی داناوە كە رۆژانە توشی لەكاركەوتن دەبێتەوە.  •    پرۆژەكە یاخچە‌و سەوزایی تێدا نییە، بەپێچەوانەی رێنماییەكانی پرۆژەكانی نیشتەجێبوونەوە.  •    پرۆژەكە شوێنی پێویستی بۆ پاركینگ-ی ئۆتۆمبیل نییە، بۆ (138) یەكەی نیشتەجێبوون شوێنی وەستانی (35) ئۆتۆمبیل تەرخان كراوە.  •    ئاوی خواردنەوەی پرۆژەكە مەرجی تەندروستی تێدا نییە. هێڵێكی رەنگ سور جیایان دەكاتەوە پرۆژەكەی رزگار عیسا سوار واتە پرۆژەی "بۆتین سیتی" لكاوە بە پرۆژەیەكی تری نیشتەجێبوونەوە بەناوی "بەفرین سیتی"، ئەم پرۆژەیە لەلایەن (محەمەد ئەسعەد)ەوە خاوەندارێتی دەكرێت كە ئامۆزای رزگار عیسا سوارە، نرخی كارەباو خزمەتگوزارییەكان لە پرۆژەكەی محەمەد ئەسعەد هەرزانترە لە پرۆژەكەی رزگار عیسا، ئەمە لەكاتێكدایە یەكەكانی نیشتەجێبوونی هەردوو پرۆژەكە هاوشێوەن.  تەنیا هێڵی سور كە لەسەر زەوی كێشراوە، پرۆژەكەی رزگار عیسا لە پرۆژەكەی (محەمەد ئەسعەد)ی ئامۆزای جیادەكاتەوە، ئەگەر نا هەردوو پرۆژەكە بەشێوەیەك تێكەڵ بوون كە یەك دەرگای چونە ژورەوە‌و هاتنە دەرەوەیان هەیە، ساڵی 2018 نوێنەری وەزارەتی شارەوانی سەردانی پرۆژەكەی كردووە‌و داوایكردووە دەرگای پرۆژەكان لە یەكتر جیابكرێتەوە‌و دیوارێكیش لەنێوانیان دروست بكرێت، بەڵام تائێستا ئەمە نەكراوە.       


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) دوێنێ، ڕۆژی شەمە، یادی یەکێک لە یادگارییە ھەرە تاڵەکانی ژیانی من بوو. سی و ھەشت ساڵ لەمەوبەر، لە سبەینێی ڕۆژی ١٨-١٢-١٩٨٣ دا، لە گوندی کانی بەرد، لە دۆڵی بالیسان من و چەند پێشمەرگەیەکی ترگوێمان لە گرمەیەکی گەورەبوو. گرمەیەکی یەکجارەکی و دوور. کاتژمێرێک دواتر ھەواڵ ھات کە مینێک لە ژێر ئۆتۆمبێلی پێشمەرگەدا تەقیقەتەوە و چەند پێشمەرگە شەھیدبوون.  سەرەتا نەماندەزانی مینەکە لە کوێ تەقیوەتەوە و کێن ئەوانەی شەھیدبوون، بەڵام کەمە کەمە ھەواڵی زیاتر و زیاتر دەھات و دیمەنەکە تا دەھات ڕوونتردەبووەوە. دواھەمین شتێک کە بیستمان ئەوەبوو کە مینەکە لەژێر ئوتۆمۆبیلی کۆمەڵێک پێشمەرگەدا تەقیوتەوە کە من زۆربەیانم لە نزیکەوە دەناسیی و ھەندێکیان ھاوڕێی سەردەمی زانکۆم بوون و لەگەڵ یەکێکیشیاندا لە بالیسان لە یەک ژووردا بەیەکەوە دەژیاین. کە ناوی شەھیدەکان ئاشکرابوون من یەکەمجار بەرە و بالیسان و لە بالیسانیشەوە بەرەو ئەو شوێنەی کە مینەکەی تیادا تەقیبوەوە، ڕۆیشتم. کە گەیشتمە سەر شەقامە سەرەکییەی بالیسان لە دوورە تراکتۆرێکم  بینی. کە گەیشتمە بەردەمی تراکتۆرەکە دوو پێشمەرگە لەمدیو ئەودیوی شۆفێری تراکتۆرەکە دانیشتبوون. ھەردووکیانم دەناسیی. کە منیان بینی وەستان. پێشمەرگەیەکیان پرسی: ”بۆ بینینی شەھیدەکان ھاتویت؟“... ”ئەوەتان لەناو عارەبانەی تراکتۆرکەدان“.  بەسەر تایەی تراکتۆرەکەدا سەرکەوتم و چوومە ناو عارەبانەکەوە. کە شەھیدەکانم بینیی واقم وڕما و تەواو پەشۆکام. ھاوارێکی گەورەم لە دەمەوە ھاتەدەر. تەرمی مەلاغفور و مامۆستا شەوقی و حاجی ئەکرەم و ئاشتی و زاهیر و بەکر و هاوار و جەعفەر  وشیارم لەو تراکتۆرە نەعلەتیەدا بینی. باوەڕم بە چاوی خۆم نەدەکرد، نە دەچووە عەقڵمەوە ھیچ یەکێک لەو ئازیزانە مردبن. من ڕۆژیک پێشتر لەگەڵ ئەواندا لە ناوچەی ھەریر و نازەنین بەیەکەوە بووین. بڕیاربوو بەیەکیشەوە و بە ئۆتۆمبێل بگەڕێینەوە بۆ بالیسان. بەڵام ئەوان کارێکی ڕێکخستنیان مابوو جێبەجێبکەن. بۆیە گەڕانەوەکەیان کەوتە ڕۆژی دواتر. من بڕیارمدا بە پێ بگەڕێمەوە و چاوەڕێ نەکەم سبەینێ لەگەڵ ئەواندا بەو ئۆتۆمبێل بچینەوە بۆ بالیسان. ماوەی ڕێگاکە بۆ بالیسان نزیکەی ٥ بۆ ٦ سەعاتێک ڕێگەبڕین بەپێ، بوو. خواحافیزم لێکردن بە ھیوای ئەوەی سبەینێ لە بالیسان یەکتری ببینینەوە. بۆ سبەینێ ئەوان کە ھاتبوون ئەو مینە نەفرەتییە، کە بەعس لە ساڵانی ھەفتادا لەوێدا چاندبووی، لەژێر ئۆتۆمۆبێلەکەیاندا تەقیبووەوە و ھەموویانی شەھید کردبوو. لەسەر شەقامە سەرەکییەی ڕێگای بالیسان و لەناو ئەو تراکتۆرەدا من ناخۆشترین و تەزێنەرترین ڕووداوی ناو ھەموو ژیانمم بینی، دیمەنێکم بینی کە تا ئێستا و دوای تێپەڕینی ئەو ھەموو ساڵانە، دێتەوە بەرچاوم و بۆ جاری ھەزارەھەم ئەو ھەموو تەرمە لە پشتی ئەو تراکتۆرەدا دەبینم.   شەھید زاھیر ھاوڕێی زانکۆم بوو. ئەو خەڵکی کەرکوک بوو، خێزانەکەیان بەھۆی سیاسەتی تەعریب و ڕاگواستنەوە ھێنرابوونە ھەولێر. لە بەشی ناوخۆیی بەیەکەوەبووین، ژوورەکەی ئەو لە تەنیشت ئەو ژوورەوە بوو کە من و نۆ خێندکاری تری تیادابووین. (دواتر لەو نۆ خوێندکارەش سیانیان لە پێشمەرگایەتیدا شەھیدبوون). زاھیر کوڕێکی ڕۆح سوک و ئیشکەر و پاک بوو. کادرێکی ھێمن و لەسەرخۆی سیاسیی بوو. من ئەو پەیوەندییەکی ھاوڕێیەتی پتەومانە بەیەکەوە ھەبووە. کە لاشەی شەھیدەکانیان لە بالیسان شۆری و بە خاک سپێردران، نامەیەکیان بۆ ھێنام کە لە گیرفانی شەھید زاھیردا دۆزیبویانەوە. نامەیەکی من بوو کە من پێشتر لە وەرتێوە بۆ ئەوم نووسیبوو. نامەکە سووربووبوو، بڕێکی زۆر لە خوێنی زاھیری پێوەبوو. ھەرچیەکم کرد نەمتوانی نامەکە، کە نوشتێنرابووەوە و شێوەی چوارگۆشەیەکی وەرگرتبوو، بیخوێنمەوە. خوێنەکە بە ئاشکرا بە چەندشوێنێکی نامەکەوە دیاربوو. نامەکەم  خستە ناو یەکێک لەو کتێبانەی لە ژورەکەمدا دامنابوون، لە ڕۆژانی داھاتوودا و لەناو ڕووداوە زۆرەکانی ئەو سەردەمدا، ھەم کتێبەکان و ھەم نامەکەش بزربوون. تا ئێستاش نەک تەنھا وێنەی ئەو نامەیە و یاداوەریی ئەو ھاوڕێیە، بەڵکو شتێک لە ڕۆحی ئەو کوڕە لە دەوروبەرمدا، ئامادەیە.  حاجی ئەکرەم، ئەو کوڕەبوو کە پێکەوە لە بالیسان لە یەک ژووردا دەژیاین. ئەویش مرۆڤێکی قسەخۆش و دڵسۆز و تا سەر ئێسقان پاک بوو. لەو جۆرە مرۆڤانەبوو ھەستتدەکرد دەتوانێت کەسەکانی دەوروبەریشی پاکڕابگرێت. حاجی ئەکرەم پێنج شەش ساڵێک لە من گەورەتربوو. کاتێک بڕیارئەدات پەیوەندیی بە شۆڕشەوە بکات، لەگەڵ خۆیدا 200 ھەزار دیناری حکومەت دەفڕێنێت و تەسلیمی سەرکردایەتی یەکێتی دەکات.  لەسەرەتای ھەشتاکاندا ئەو بڕە پارەیە، پارەیەکی ھێجگار زۆربوو. حاجی ئەکرەم ژنێک و منداڵێکی ھەبوو کە جار نەجار لە ھەولێرەوە دەھاتن بۆ سەردانی. لە یەکێک لە شەڕەکاندا برینداربووبوو،  برینداربوونەکەشی کاریگەریی لەسەر لەشی بەجێھێشتبوو. دەیان شەو لەگەڵ حاجی ئەکرەمدا باسی خۆمان و شۆڕش و عێراق و گومان و ھیواکانی خۆمانمان، دەکرد. ئەو دەرچووی زانکۆ نەبوو، بەڵام کەسێکبوو بەو تەمەنە کەمەی خۆیەوە تێگەیشتنێکی گەورەی بۆ ئینسان و خەڵک و شۆڕش لا دروستبووبووو. ڕۆژی دواتر کە خێزانەکەی لەگەڵە خەڵکیتردا لە ھەولێرەوە بۆ بالیسان ھاتن و سەردانی گۆڕەکانیان کرد. خێزانەکەی بە گریانەوە  پێووتم: بۆ ھێشتت بڕوات و لە ژوورەکەدا نەتھێشتەوە؟ دوای ئەو ھەموو ساڵانە کە بیر لەو کەس و ڕووداوانە دەکەمەوە ھەست بە ئازارێکی دەرونیی گەورەدەکەم، شۆڕش بۆ کەسانی وەک زاھیر و حاجی ئەکرەم ڕاوەستانێکی ڕۆژانە و بەردەوام بوو لەبەردەمی مردندا. جەنگێک بوو مرۆڤ دەیکرد بۆ پاکڕاگرتنی کەسایەتی خۆی و تێکەڵنەبوونی بەو دونیا پیسەی بەعس لە عێراق و کوردستاندا، دروستیکردبوو، شۆڕش جەنگێکی درێژی بێ ھیچ چاوەڕوانیەکی شەخسیی و بێ ھیچ تەماح و خواستێکی بەدەستھێنانی دەسکەوتی تایبەت، بوو. ڕۆژگار ھات و دونیا گۆڕا. بەشێک لە بەرپرس و سەرکردە و دۆستەکانی ئەو سەردەمە، بوون بە سیاسییە بازرگانە گەورەکانی وڵات و پشتیانکردە ئەو کەلەپورە درێژەی ئامادەگیی مرۆڤ بۆ قوربانیدن لە پێناوی بەھا و پرنسیپ و ئایدیالی ئینسانیدا. لە دوای ڕاپەڕینەوە سەرجەمی ماناکانی شۆڕش  پیس و بۆگەن و گڵاوکران، نرخێک بۆ ئەو ھەموو خەبات و ھەوڵ و قوربانیدانانە نەھێڵدرایەوە، کەسانی وەک زاھیر و حاجی ئەکرەم شەھیدبوون و بڕێک لەوانەی مانەوە بوون بە میلیاردلێرو پیاوە ھەرە گەندەڵ و ترسناکەکانی دوای ڕاپەڕین.  ئەوەی لە ئێستاشدا بۆ کەسانێکی وەک من ماوەتەوە، ئەزموونێکی سەخت و یاداوەریەکی سەختترە کە ھەدووکیان پڕن لە مرۆڤی پاک و بێتەماح و خاوەن پرنسیپ. کەسانێک گومانم لەوە نییە لە دونیای ئەمڕۆدا ھەستیان بە نامۆبوونێکی قووڵ و ھەمەلایەن دەکرد.


درەو: 17 كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ لە چەمچەماڵ كاندیدكردووە، لەكۆی (8) پۆستی ئەو زانكۆیە (7) پۆستیان وەكالەتن یان ماوەی یاساییان بەسەرچووە، لەدوای گۆڕینی سەرۆكی زانكۆ دەستدەكرێت بە گۆڕینی راگری كۆلێجی زانكۆكان. دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا سەرۆكی پێنج زانكۆ لە دەڤەری سلێمانی بگۆڕێت و شوێنەكانیان بە سیڤی پڕكاتەوە،(د. سەڵاح رەزا  سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ) ماوەی یاسایی تەواو بووەو دەگۆڕدرێت، بۆ ئەو مەبەستە (17) كەس خۆیان كاندیدكردووە بۆ سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ، كە یاریدەدەرەكانی سەرۆكی زانكۆ و راگرەكان خۆیان كاندید كردووە: -    د. ئەیوب خەسرەو -    د. عەلی سەنگاوی  -    د. پشكۆ حەمە تاهیر -    د. سامان عزەدین -    د. هونەر حەمەئەمین -    د. عەلی سەنگاوی  -    د. عادل رەشید  -    د. پۆڵا خانەقا -    د. ئاراس فەریق زەینەڵ -    د. وریا نەجمەدین -    د. هەڵەت رەشید -    د. بەختیار .. لەدوای چاوپێكەوتنی لیژنەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا شۆرت لیستی كاندیدەكان دەكەن و (3) كەس دیاری دەكەن، ناوەكانیان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت لەوێ بڕیار لەسەر یەكێكیان دەدرێت بۆ سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ. ئەگەرچی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەی باڵا پێكهاتووە بۆ وەرگرتنی سیڤی بەڵام دواجار زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی یەكێتی ئۆكەی كۆتایی لەسەر دیاریكردنی سەرۆكی زانكۆ و راگرەكان دەدات و لە زانكۆكانی هەولێر و دهۆكیش پارتی دیموكراتی كوردستان ئۆكەی كۆتایی دەدات، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە هەموو زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستاندا كۆمیتەی یەكێتی تایبەت بە زانكۆو پەیمانگاكان و ناوچەی پارتی تایبەت بە زانكۆ و پەیمانگاكان هەیەو ئەوان حكومەتی سێبەرن بەسەر زانكۆكانەوەو تا ئێستاش دەستی حزب كاریگەرترینە لەناو زانكۆكان و دیاریكردنی كاندیدی راگرو سەرۆك بەشەكان.   ( درەو) زانیویەتی لەدوای گۆڕینی سەرۆكی ئەو زانكۆیانەی كە ماوەی یاساییان بەسەرچووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیار لەسەر گۆڕینی تەواوی ئەو راگرانە دەدات كە ماوەی یاساییان بەسەرچووە. بە پێی راپۆرتێك كە (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) ئامادەی كردووەو ئاراستەی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە لە زانكۆی چەرمۆ لە كۆی (8) راگرو یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ (8)یان وەكالەتەو سەرۆكی زانكۆش ماوەی یاسایی بەسەرچووە.   خشتەی سەرۆك و یاریدەدەر و راگرەكانی زانكۆی چەرمۆ: راپۆرتی (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان)  


درەو: 23 كەس خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كاندیدكردووەو لەدوای دانانی سەرۆكی نوێی زانكۆی سلێمانی، دەستدەكرێت بە گۆڕینی راگری كۆلێجی زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی كە ماوەی یاساییان تەواو بووە یاخود وەكالەتن، كە زۆربەی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت بەڕێوە دەچن . وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا سەرۆكی پێنج زانكۆ لە دەڤەری سلێمانی بگۆڕێت و شوێنەكانیان بە سیڤی پڕكاتەوە، بڕیارەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا  (د. ئالان فەرەیدون،  سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، د. مۆفەق خالید  سەرۆكی زانكۆی راپەڕین، د. رەزا حەسەن   سەرۆكی زانكۆی سلێمانی، د. پۆڵا خانەقا  سەرۆكی دەستەی كوردستانی، د. سەڵاح رەزا  سەرۆكی زانكۆی چەرمۆ) گرتەوە كە ماوەی یاساییان بەسەرچوبوو. وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵ كاندی سەرۆكی زانكۆكاندا كە لیژنەكە پێكهاتوون لە: د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا د. عەبدولفەتاح بریكاری وەزیر د. توانا نەجەف سەرۆكی دیوان د. ئامانج سەعید  د. محەمەد حسێن. لیژنەكە رۆژی چوارشەممە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەوكاندیدانەكرد كە خۆیان بۆ سەرۆكی زانكۆكانی ( سلێمانی و پۆلیتەكنیك) پاڵاوتبوو مەرجەكانی سەرۆكی زانكۆ: - هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت. - ناونیشانی زانستی لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر كەمتر نەبێت. - خزمەتی زانكۆیی لە (10) ساڵ كەمتر نەبێت. بۆ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی (23) كەس كە هەرسێ یاریدەدەرەكەی سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و زۆربەی راگرەكان، كە ماوەی یاساییان بەسەرچووە خۆیان كاندید كردووەو رۆژی چوارشەممە چاوپێكەوتنیان كردووە بەشێكیان: -    د. كاوە جەمال رەشید -    د. عەلی تاڵەبانی  -    د. پێشڕەو حەمەجان  -    د. كۆسار  كۆلێجی پزیشكی -    د. بروسك لە تۆماری گشتی  -    د. دیار كۆلێجی وەرزش -    د. سۆران كۆلێجی زانست لەدوای چاوپێكەوتنی لیژنەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا شۆرت لیستی كاندیدەكان دەكەن و (3) كەس دیاری دەكەن، ناوەكانیان رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن لەوێ بڕیار لەسەر یەكێكیان دەدرێت بۆ سەرۆكی زانكۆی سلێمانی. ئەگەرچی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەی باڵا پێكهاتووە بۆ وەرگرتنی سیڤی بەڵام دواجار زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی یەكێتی ئۆكەی كۆتایی لەسەر دیاریكردنی سەرۆكی زانكۆ و راگرەكان دەدات و لە زانكۆكانی هەولێر و دهۆكیش پارتی دیموكراتی كوردستان ئۆكەی كۆتایی دەدات، بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە هەموو زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستاندا كۆمیتەی یەكێتی تایبەت بە زانكۆو پەیمانگاكان و ناوچەی پارتی تایبەت بە زانكۆ و پەیمانگاكان هەیەو ئەوان حكومەتی سێبەرن بەسەر زانكۆكانەوەو تا ئێستاش دەستی حزب كاریگەرترینە لەناو زانكۆكان و دیاریكردنی كاندیدی راگرو سەرۆك بەشەكان.  گۆڕینی راگری كۆلێجەكان ( درەو) زانیویەتی لەدوای گۆڕینی سەرۆكی ئەو زانكۆیانەی كە ماوەی یاساییان بەسەرچووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیار لەسەر گۆڕینی تەواوی ئەو راگرانە دەدات كە ماوەی یاساییان بەسەرچووە، رۆژی 12/8/2021 وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا (22) راگرو یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ لە زانكۆی دهۆك بگۆڕێت. لە زانكۆی سلێمانی لە كۆی (25) راگرو یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ هەموویان یان ماوەی یاساییان بەسەرچووە یاخود وەكالەتن، بۆیە بڕیارە لەدوای دیاریكردنی سەرۆكی نوێی زانكۆی سلێمانی تەواوی ئەو راگرانە بگۆڕێت كە ماوەی یاساییان بەسەرچووە. بە پێی راپۆرتێك كە (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) ئامادەی كردووەو ئاراستەی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە تەواوی راگرەكانی زانكۆی سلێمانی ماوەی یاساییان بەسەرچووە یان وەكالەتن دەبێت بگۆڕدرێن: -    ئیبتیسام ئیسماعیل راگری كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتیەكان -    د. سۆران راگری كۆلێجی پزیشكی  -    د. نەرمین مەعروف راگری كۆلێجی بازرگانی -    د. كارزان راگری كۆلێجی كشتوكاڵ -    د. عەلی قادر راگری كۆلێجی پەروەردەی بنەڕەتی -    د. رێبوار سەعید راگری كۆلێجی هونەر  -    د. سەلام عەبدولكەریم  راگری كۆلێجی پەروەردەی سەید سادق لەگەڵ تەواوی راگرەكانی تر كە بە وەكالەت ماوەی یاساییان تەواو بووە.  خشتەی سەرۆك و یاریدەدەر و راگرەكانی زانكۆی سلێمانی كە هەموویان یان وەكالەت یان ماوەی یاساییان بەسەرچووە: راپۆرتی (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان)  


راپۆرت: درەو رووداوەكەی (16) دیسەمبەری سلێمانی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی (8)ی تەمووز بوو لەسەر جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێم لەم رووداوەدا هێزی كۆماندۆی لەدەستدا، بافڵ تاڵەبانی لە رێگەی كۆنترۆڵی هێزە چەكدارەكانەوە دەیەوێت جڵەوی یەكێتی بەتەواوی بكات، دابەشبوونی هێزی چەكدار، سلێمانی لە پایتەختی رۆشنبیریەوە بەرەو پایتەختی نائارامی بردووە.  سلێمانی یان تەكساس شەوی پێنجشەمەی هەفتەی رابردوو لەناو جەرگەی شاری سلێمانیدا روبەروبونەوە لە نێوان كوڕێكی جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم و فەرماندەی هێزی كۆماندۆ (كە هەر سەربە شێخ جەعفەرە) روویدا و كەسێك كوژراو سیانی دیكە برینداربوون. دوای سێ رۆژ لەم رووداوە، تا ئێستا نە پۆلیس و نە ئاساییشی سلێمانی و نە بەرپرسانی باڵای یەكێتی هیچ رونكردنەوەیەكیان لەبارەی رووداوەكە بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە وتارێكدا نوسی" ئەمانویست سلێمانی بكەینە پایتەختی رۆشنبیری، بەڵام لەسایەی سەری كوڕی مەسئول‌و ئەو هەموو هێزو میلیشیا رەنگاوڕەنگەوە، كردوومانەتە تەكساس". لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزەوە كە بافڵ تاڵەبانی لە پێگەی لاهور شێخ جەنگی داو كۆنترۆڵی دەزگای زانیاری‌و هێزەكانی دژە تیرۆری كرد، لەڕووی سەربازییەوە تادێت پێگەی بافڵ تاڵەبانی بەهێز دەبێت‌و جڵەوی هێزە ئەمنییەكانی تری سنوری سلێمانی دەكات. 8ی تەموزو 16ی دێسەمبەر لە بەرەبەیانی رۆژی 8ی تەموزی ئەمساڵدا‌و لە بەیانییەكی زوودا، بافڵ تاڵەبانی چووە ناو بارەگای دەزگای زانیاری لە (قەلاچۆلان)‌و بارەگاكەی كۆنترۆڵكرد‌و بەرپرسی دەزگای زانیاری گۆڕی، ئەو ئەو رۆژە، كۆنترۆڵی هێزەكانی دژە تیرۆری كرد كە سەربە دەزگای زانیارییە، بەمە لە پێگەی دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگی دا، ئەمە تەقینەوەی ململانێی نێوان دوو هاوسەرۆكی یەكێتی بوو.  شەوی 16ی ئەم مانگە (دێسەمبەر)، پێكدادانی چەكداری لەنێوان دوو هێزی سەربە جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم لە نزیك یانەی (موهەندسین) لە سلێمانی رویدا، ئەمە رووداوێكی ئاسایی نەبووە، هەندێك بە دووبارە بوونەوەی روداوەكانی (8)ی تەمووزی ناو یەكێتی ناوی دەبەن، رووداو گەلێكە كە تیایدا تەنیا كارەكتەرەكان گۆڕاون و رووداوەكان هاوشێوەن، لاهور شێخ جەنگی لاچووەو جەعفەر شێخ مستەفا كەوتووەتە بەرامبەر دەباشان، لە (8)ی تەمووزدا جەعفەر شێخ مستەفا هاوپەیمانی ماڵی مام جەلال بوو لە لێدانی پێگەی لاهور شێخ جەنگی، لەو كاتەوە بووە كە هێزی كۆماندوو وەك لێوایەكی ژێر كۆنترۆڵی جەعفەر شێخ مستەفا كەوتە ژێر فەرمانی بافڵ تاڵەبانیەوە. لیوای كۆماندۆ كە یەكێكە لە هێزە تایبەتییەكانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و لەلایەن فەرەنسیەكانەوە راهێنانیان پێدەكرێت، فەرماندەی لیواكە گەنجێكە بەناوی ( ئاكام عومەر) كە لەژێر دەستی جەعفەر شێخ مستەفا بووەو لەم دواییە لە بافڵ تاڵەبانی نزیك بووەتەوەو بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ خۆیدا دەیباتە ناو كۆبونەوە ئەمنیەكان و هەندێك جار كۆبونەوە دیبلۆماسیەكانیشەوە، لەدوای (8)ی تەمووزەوە بە پێی زانیاریەكانی (درەو) بافڵ تاڵەبانی لەرووی دارایی و چەك و جبەخانەی قورسەوە پشتیوانی بۆ لیوای كۆماندۆ دابین كردووە. ئەم نزیك بوونەوەیەی فەرماندەی لیوای كۆماندۆ لە بافڵ تاڵەبانی بەتەواوی جەعفەر شێخ مستەفا و نۆزانی كۆڕی نیگەران كردووە، جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێمە بۆ كاروباری سەربازی نایەوێت كۆنترۆڵی هێزەكەی لەدەست دەربچێت. نیگەرانیەكان سەریان كێشا بۆ بەریەك كەوتن لە نێوان دوو هێزی چەكداردا كە هەردووكیان لەژێر كۆنترۆڵی جەعفەر شێخ مستەفادا بوون، هێزی لیوای كۆماندۆ و فەوجی (ئاڵتونی) دووەمیان لەلایەن بەرهەم محەمەد خوشكه‌زای جەعفەر شێخ مستەفاوە فەرماندەیی دەكرێت، لەم بەریەك كەوتنەدا پاسەوانێكی نۆزان جەعفەر شێخ مستەفا كوژراو دووانی تریش برینداربوون، بەمە (ئاكام عومەر) فەرماندەی لیوای كۆماندۆ بەتەواوەتی لە دۆستایەتیەوە كەوتە بەرەی نەیارێتی لەگەڵ جەعفەر شێخ مستەفا و یەكلابووەوە بۆ بافڵ تاڵەبانی. ئێستاو دوای رووداوەكانی (8) ی تەمووزو (16)ی دیسەمبەرەوە دابەشبوونی هێز لە سنوری سلێمانی گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووەوەو زۆرینە لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدایە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری هێزەكان بەسەر كارەكتەرو كوڕی بەرپرسە سیاسیەكانی ناویەكێتیدا دابەشبوون: •    دوو لیوای هێزەكانی سكرتاریەتی (مام جەلال)، كە ئێستا بەتەواوی لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدان.  •    هێزەكانی دژە تیرۆری سەربە دەزگای زانیاری، لەدوای روداوەكانی (8)ی تەموزەوە لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدان.  •    دەزگای زانیاری و هێزەكانی لەژێر فەرمانی بافڵ تاڵەبانیدان. •    هێزەكانی (70) ی یەكێتی كە مستەفا چاوڕەش فەرماندەیەتی لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدایە.  •    هێزەكانی پشتیوانی دوو كە تایبەتە بە چەكە قورسەكانی هێزی پێشمەرگە و سەربە هێزەكانی (70)ی یەكێتی و لەلایەن لیوا مەریوان محەمەد ئەمین فەرماندەیی دەكرێت و زیاتر لە (10 هەزار) چەكدارە، لەژێر فەرمانی بافڵ تاڵەبانیدایە. •    هێزەكانی بەرگری فریاكەوتن كە ژمارەیان زیاتر لە (23 هەزار) كەسەو خاڵە كامەند فەرماندەی هێزەكەیە، لەژێر كۆنترۆڵی گروپی مەكتەب سیاسیەكانی كەركوكی یەكێتیدایە.  •    لیواكانی (3-7)ی تایبەت بە كۆسرەت رەسوڵ كە فەرماندەكەی لیوا (ئەیوب یوسف)ە لەدوای رووداوەكانی (8)ی تەمووزەوە پشتیوانی خۆیان بۆ بافڵ تاڵەبانی راگەیاندووە، بەڵام لەژێر كۆنترۆڵی كوڕەكانی كۆسرەت رەسوڵدان. •    هێزەكانی لیوای كۆماندۆ كە فەرماندەكەی (ئاكام عومەر)ەو سەربە جەعفەر شێخ مستەفایەو ئێستا بۆ بافڵ تاڵەبانی یەكلا بووەتەوە. •    فەوجی ئاڵتونی كە سەربە لیوای كۆماندۆیە هێشتا لەژێر كۆنترۆڵی جەعفەر شێخ مستەفادایەو ( بەرهەم محەمەد) خوشكەزای جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەیەتی. •    فەوجی تایبەت بە مەحمود سەنگاوی  •    فەوجی تایبەتی عومەر فەتاح •    هێزی تایبەت كە بە "هێزە رەشەكە" ناسراوە لەژێر كۆنترۆڵی ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدایە. ئەمە سەرەرای هێزەكانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی فریا كەوتن، پۆلیسی چالاكیە مەدەنیەكان) كە فەرمان لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگرن.   ئەم دابەشبوونەوەی هێز هاوكات لەگەڵ ناكۆكیە ناوخۆییەكانی یەكێتی، ئەگەری بەریەك كەوتنی نێوان هێزەكانی زیاتر كردووەو سلێمانی لە پایتەختی رۆشنبیریەوە بەرەو مەڵبەندی پێكدادانی چەكداری و نائارمی دەبات.   


 (درەو): بافڵ تاڵەبانی پێكهاتەى  كاڕگێڕو مەكتەبی سیاسی یەكێتی گۆڕی، ژمارەیەك ئەندامی سەركردایەتی كردە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و كارگێڕی مەكتەبی سیاسی‌و ژمارەیەك لێپرسراوی مەكتەبیشی لە ئەركەكانیان دوورخستەوە. لەسەر بڕیاری بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی، (رەفعەت عەبدوڵا) بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەندێك گۆڕانكاری نوێی لە مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا جێبەجێ كرد، چەند كەسێك وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی بە فەرمی ئەركیان پێسپێدرا، چەند كەسێكیش ئەركیان لێ وەرگیرایەوە، بەڵام هەر وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی هێڵدرانەوە.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی بە لابردنی بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە ئەركەكانیان وەكو بەرپرسی مەكتەبەكانی یەكێتی، دوورخستنەوەیان نیە لە مەكتەبی سیاسی بە یەكجارەكی، بەڵكو هەر بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەمێننەوە، لەوانە لادانی (سەعدی ئەحمەد پیرە لە بەرپرسی مەكتەبی ناوەندی دەرەوەی یەكێتی)و لادانی (میران محەمەد لە بەرپرسی مەكتەبی رێكخراوە جەماوەرییەكانی یەكێتی). بڕیارە نوێیەكانی بافڵ تاڵەبانی، هەریەكە لە (شاڵاو عەلی عەسكەری، ئاسۆ مامەند، خەسرەو گۆڵ محەمەد) كردە كارگێڕی مەكتەبی سیاسی، هەریەكە لە (جوتیار نوری، ستران عەبدوڵا، ئارێز عەبدوڵا، پۆڵا سیروان تاڵەبانی، دكتۆرە جوان ئیحسان، عەدنان حەمەی مینا) لە سەركردایەتییەوە بۆ مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشێك لە مەكتەبەكان بەرزكرانەوە. بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، بەرپرسی مەكتەبەكانی یەكێتی راستەوخۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسین و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی مەكتەبەكان دیاری دەكرێن.  (پۆڵا سیروان تاڵەبانی) لە شوێنی (سەعدی ئەحمەد پیرە) كراوە بە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و بەرپرسی مەكتەبی ناوەندی دەرەوە، لە دەستدانی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە نەبووەتە هۆی ئەوەی سەعدی پیرە ئەندامێتی مەكتەبی سیاسی لەدەستبدات. گۆڕانكارییەكانی تریش بەمشێوەیەن:   •    (بورهان سەعید سۆفی) بۆ لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدان و تێكۆشەران •    (سۆران جەمال تاهیر) بۆ لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان •    (ئاسۆ مامەند) بۆ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی  •    (ستران عەبدوڵا) بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن لە شوێنی (لەتیف شێخ عومەر)  •    (حامید حاجی غالی) بۆ لێپرسراوی مەكتەبی كۆمەڵایەتی و پێكهاتەكان وەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەمێنێتەوە •    (جوتیار نوری) بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی وەكو لێپرسراوی مەكتەبی ریكخراوە دیموكراتییەكان لە شوێنی (د. میران محەمەد) كە ئەویش هەروەكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی دەمێنێتەوە •    (رزگاری حاجی حەمە) بۆ مەكتەبی سیاسی وەكو بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن بۆ شوێنی (ئاسۆ مامەند) •    (ئارێز عەبدوڵا) بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی وەكو بەرپرسی مەكتەبی بیرو هۆشیاریی لە شوێنی (رزگار حاجی حەمە)  •    (ئەمین بابەشێخ) وەك وتەبێژی یەكێتی هەڵبژێردرایەوە •    (سەركەوت محەمەد زەكی) بۆ بەرپرسی مەكتەبی رێكخستن لە شوێنی (شاڵاو عەلی عەسكەری)  •    (شاڵاو عەلی عەسكەری) بۆ ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی •    (ئاسۆ مامەند) بۆ كارگێری مەكتەبی سیاسی    •    (خەسرەو گوڵ محەمەد) بۆ كارگێڕی مەكتەبی سیاسی •    (قوباد تاڵەبانی) بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    (عەدنانی حەمەی مینا) بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    (جوان ئیحسان فەوزی) بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    (عیماد ئەحمەد) بۆ ئەندامی مەكتەبی سیاسی


(درەو):  بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی چارەنوسی موچەی مانگی (12)ی خستە ناو گێژاوی ناكۆكیەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و پێدەچێت هاوشێوەی موچە فەوتاوەكانی 2020 كابینەی سێ قۆڵی حكومەتی هەرێم( پارتی + یەكێتی + گۆڕان) موچەی مانگی 12 بكات بە قەرز لەسەر حكومەتی بەغداد. وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا داهاتەكانی مانگی 12 خەرج بكات بۆ موچەی ئەو وەزارەت‌و دامەزراوانەی كە هێشتا موچەی مانگی 11یان وەرنەگرتووە، ئەمە بەبەهانەی ئەوەی حكومەتی بەغداد (200 ملیار) دینارەكەی موچەی فەرمانبەرانی نەناردووە.  ئەو وەزارەت‌و دامەزراوانەی حكومەتی هەرێمی كە تا ئێستا موچەی مانگی (11)یان وەنەگرتووە، بریتین لە:  •    وەزارەتی كارەبا: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (17 ملیارو 850 ملیۆن) دینارە •    وەزارەتی شارەوانی‌و گەشتوگوزار: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (23 ملیارو 12 ملیۆن) دینارە •    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران: خەرجی موچەی مانگانەی حكومەت (ملیارێك‌و 630 ملیۆن) دینارە •    سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم سەرۆكایەتییە (ملیارێك‌و 155 ملیۆن) دینارە •    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەریی: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم سەرۆكایەتییە (3 ملیارو 769 ملیۆن) دینارە •    سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم سەرۆكایەتییە (ملیارێك‌و 820 ملیۆن) دینارە •    خانەنشینی سەربازی‌و مەدەنی: خەرجی موچەی مانگانەی ئەم توێژە (116 ملیارو 560 ملیۆن) دینارە بەم پێیە، كۆی خەرجی ئەو وەزارەت‌و دامەزراوانەی كە هێشتا موچەی مانگی 11یان وەرنەگرتووە (165 ملیار) دینارە. داهاتی مانگی 12 بەپێی داتای فەرمی حكومەتی هەرێمی، داهاتی حكومەت بۆ مانگی 11 بەبێ (200 ملیار) دینارەكەی بەغداد، بڕەكەی (681 ملیارو  766 ملیۆن) دینار بووە.  ئەگەر هەمان بڕە داهات بۆ مانگی (12)ی ئەژمار بكرێت واتە بڕی (681 ملیار‌و 766 ملیۆن) دینار، ئەوا حكومەت بۆ تەواوكردنی خەرجی موچەی مانگی 11ی ئەو وەزارەت‌و دامەزراوانەی كە موچەیان وەرنەگرتووە، دەبێت بڕی (165 ملیار) دینار لە داهاتی مانگی 12 خەرج بكات، بەمەش لە داهاتەكەی مانگی 12 بڕی (516 ملیار) دینار دەمێنێتەوە لەبەردەستی حكومەتدا.  خەرجی گشتی موچەی مانگانەی حكومەتی هەرێم بڕەكەی (873 ملیار‌و 561 ملیۆن) دینارە، واتە ئەگەر حكومەت بیەوێت موچەی مانگی 12 بەسەر موچەخۆراندا دابەش بكات دەبێت بڕی (357 ملیار)ی تر بخاتە سەر خەرجی موچە، یاخود بگەڕێتەوە بۆ دابەشكردنی موچە بەلێبڕینەوە، بەڵام پێناچێت بۆ موچەی مانگی 12 حكومەت نە قەرز بكات نە بە لێبڕینەوە موچە دابەش بكات، پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، حكومەتی هەرێم هاوشێوەی موچە فەوتاوەكانی ساڵی 2020، موچەی مانگی 12ی 2021 بكاتە بە قەرز لەسەر حكومەتی ناوەندی عێراق، قەرزێك كە تائێستا حكومەتی بەغداد دانی پێدا نەناوە‌و ئامادە نییە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی خەرج بكاتەوە.


 درەو: حكومەتی عێراق بڕیاریداوە لە 1/12/2021 ەوە  (200 ملیار) دینارەكەی هەرێمی كوردستان بببڕێت، دواكەوتنی (200 ملیار)ەكەی مانگی (11)ش پەیوەندی بە بەنەبونی پارەی كاشەوە هەیە. سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراق بە (درەو)ی راگەیاند: حكومەتی عێراق پاڵپشت بە بڕیاری دادگا بڕیاریداوە لە 1/12/2021ەوە بڕی (200 ملیار) دینارەكەی هەرێمی كوردستان ببڕیت و لە ساڵی نوێشەوە چیدیكە پارە بۆ هەرێم نانێرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 25/11/2021 ەوە دابەشكردنی موچەی راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا بەشێك لە وەزارەت و سەرۆكایەتیەكان و خانەنشینان ماوە موچە وەربگرن، بە پێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێم تا ئێستا كۆی گشتی داهاتەكەی بە نەوت و ناوخۆوە (681 ملیار) دیناربووەو چاوەڕوانی (200 ملیار) دینارەكەی بەغداد دەكەن بۆ تەواوكردنی موچەی مانگانە.  ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە كردووە، لەدوای جێبەجێكردنی یاسای بودجەو ناردنی (200 ملیار) دینار بۆ هەرێم، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی هیچ بڕیارێك نەبووە، تا ئێستا هیچ راپۆرتێكی نەناردووەو رێگەشی نەداوە چاودێری دارایی وردبینی لە داهاتی هەرێم بكەن، سەرەرای ئەوەی هەرێمی كوردستان كە خۆی نەوتەكەی فرۆشتووە لەماوەی شەش مانگاندا زیانی ( 2 ملیارو 300 ملیۆن) دیناری لە عێراقداوە، بەو پێیەی ئەگەر عێراق نەوتی هەرێمی بفرۆشتایە، كە بە پێی راپۆرتی دیلۆیت، لە شەش مانگی یەكەمی 2021 هەرێمی كوردستان بایی (4 ملیارو 127 ملیۆن) دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بەڵام بڕی (1 ملیارێك و 737 ملیۆن) دۆلاری بۆ ماوەتەوەو (2 ملیارو 390 ملیۆن) دۆلاری داوە بە خەرجی كۆمپانیاكان و (10) دۆلار لە بازڕی جیهانیش هەرزانتر نەوتەكەی فرۆشتوویەتی، بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەیان بەو راپۆرتەی دیلۆیت كردووەو رایانگەیاندووە: ئەگەر هەرێم ئەو نەوتەی لەرێگەی عێراقەوە بفرۆشتایە لە بری ( ملیارێك و 737 ملیۆن) دۆلار، نزیكەی (4 ملیار) دۆلاری بۆ دەمایەوە واتا (2 ملیارو 300 ملیۆن) دینار زیانی كردووە. ئەمە سەرەرای ئەوەی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق بەردەوام نیگەرانە لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم و پێی وایە نایاساییەو مستەفا كازمی لەسەر بەرپرسیارێتی خۆی ئەو بڕیارەی داوەو چیتر توانای بەرگری لە ئاست نیگەرانی لایەنە عێراقیەكان لە ناردنی ئەو پارەیە نەماوە، بۆیە دەبێت بەرپرسانی هەرێم و سەرۆكی حكومەت خۆیان جارێكی تر گفتوگۆ دەستپێبكەنەوە.  عێراق تا ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی 2022ی ئامادە نیەو حكومەتی عێراق بە پێی بڕیاری یەك لەسەر دوانزە (1/12) لەسەری ساڵەوە لەسەر یاسای بودجەی 2021 بودجە خەرج دەكات، كە ئەویش دەتوانێت تەنیا بودجەی بەكاربردن خەرج بكات ( موچە + خەرجی پرۆژە تەواو نەكراوەكان) بەڵام (200 ملیار) دینارەكەی هەرێمی كوردستان وەكو سولفە نێدراوە، بۆیە ئەگەر نەچێتە چوار چێوەی خەرجی موچەوە ئەوا بە بێ بڕیاریش دەبڕدرێت لە دوای سەری ساڵەوە.  بە پێی بڕیارێكی (194)ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەوانە دەكرا، مانگانە (200 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت بەمەبەستی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەویش دوای ووردبینی كردنی داتاكانی تایبەت بە داهاتی نانەوتی هەرێمەوە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری هەرێمی كوردستان، هەروەها جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ا، ب، د) لەبەندی دووەمی مادەی (11)ی یاسای بودجەی عێراق. دەقی مادەی (11):  لە دەقی مادەی 11 لەپرۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی ساڵی 2021 تایبەت بە هەرێمی كوردستان هاتووە: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت كە رۆژانە بڕێك نەوت بەرهەم بهێنێت كە رێژەكەی نابێت لە 460 هەزار بەرمیل كەمتر بێت و بڕێكی پێویستی لێ دەردەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پاش ئەوەی زانیاری پێویست لەبارەوە پێشكەش دەكرێت، هەروەها بڕێكی بۆ بەكاربردنی نێوخۆ دەبێت و بڕێكیشی وەك پشكی هەرێم لەپترۆ دۆلار دەبێت، دەبێت داهاتی فرۆشی رۆژانەی 250 هەزار بەرمیل بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆ بداتە حكومەتی فیدڕاڵ. دەقی ماددەكە: یەكەم:دەستبكرێت بەڕێككردنەوەی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی كوردستان لە2004ەوە تاوەكو 2020، پاشان دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێم هەڵدەسێت بەوردبینیكردنی ئەو زانیارییانەو ئاشكراكردنی ژمێریاری كۆتایی پەسەندكراو لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵەوە، لەڕێگەیەوە بڕی داهاتی بەدەستهاتوو و خەرجییەكان دەخرێنەڕوو، دوای ئەوەی خەرجییە سیادییەكانی لێ دەردەكرێت، ئەو بڕەش دەستنیشان دەكرێت كە لەچوارچێوەی خەرجییە حاكمەكاندا بەر هەرێم دەكەوێت. دووەم: أ- دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت كە رۆژانە بڕێك نەوت بەرهەم بهێنێت كە رێژەكەی نابێت لە 460 هەزار بەرمیل كەمتر بێت و بڕێكی پێویستی لێ دەردەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو پاش ئەوەی زانیاری پێویست لەبارەوە پێشكەش دەكرێت، هەروەها بڕێكی بۆ بەكاربردنی نێوخۆ دەبێت و بڕێكیشی وەك پشكی هەرێم لەپترۆ دۆلار دەبێت، دەبێت داهاتی فرۆشی رۆژانەی 250 هەزار بەرمیل بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆ بداتە حكومەتی فیدڕاڵ. ب- بڕگەی (أ) بەهەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت. ج-دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەڕادەستكردنی داهاتی نانەوتی بەخەزێنەی وڵات، پاڵپشت بەیاسای كارگێڕی دارایی فیدڕاڵ، دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان وردبینی لەو زانیارییانەدا دەكەن كە پەیوەستە بەو داهاتانەوە. د- دەبێت پرسی سەرجەم ئەو پارانە چارەسەر بكرێت كە بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە لە بنەڕەتدا پارەی بانكی بازرگانی عیراقەو لەلای بانكەكانی تری حكومەت و تایبەت هەڵگیراوە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیش لەساڵی دارایی 2021ەوە و بۆ ماوەی 7 ساڵ و مانگانە ئەو قەرزانە لەبڕینی پشكی هەرێم وەردەگرێتەوە. د- دوای ئەوەی هەرێم بڕگەكانی (ا،ب،ج،د) ئەم مادەیە جێبەجێ دەكات، ئەوا حكومەتی فیدڕاڵی پابەند دەبێت بەناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان وەك لەم یاسایەو خشتە هاوپێچەكانیدا هاتووە. سێیەم: هەرێمی كوردستان پابەندكراوە كە تاوەكو 30-6-2021، زانیاری لەبارەی ژمارەی فەرمانبەران، جا چ فەرمانبەری شارستانی بێت یاخود سەربازی بدات بە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، دوای ئەوەی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینییان بۆ دەكرێت، زانیارییەكانیش بەپێی پلەو ناونیشانی پیشەیی و رەگەز دابەشكراون، ژمارەی فەرمانبەرانیش بەگوێرەی خشتەی هێزی كار دەستنیشان دەكرێت. چوارەم: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بەخەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران لەو پارەیەی لەناو بودجەی هەرێمدا وەك (قەرەبووی فەرمانبەران) بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت لەناو بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 مووچەی فەرمانبەران لە پێش هەرچی خەرجییەكی ترەوە دابنرێت.  


(درەو):  ئەمریكا بەفەرمی پارتی و یەكێتی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی، پشتیوانی مانەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكات لە شوێنی خۆیان. رۆژی 13ی ئەم مانگە برێت مەكگۆرك رێكخەری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریقا لە كۆشی سپی ئەمریكا، سەردانی هەولێری كرد.  باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد‌و كونسوڵی ئەمریكا لە هەولێر، لەم سەردانەدا بۆ هەولێر هاوڕێیەتی مەكگۆرك-یان دەكرد، مەكگۆرك لە هەولێر مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی نەبینی، تەنیا دیداری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم وەكو نوێنەری پارتی‌و بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانیدا وەكو نوێنەری یەكێتیدا، كرد.  بەپێی زانیارییەك كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتووە، لەم سەردانەدا بۆ هەولێر، مەكگۆرك بە نێچیرڤان بارزانی وتووە" ئەمریكا پشتیوانی مانەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكات لە كابینەی نوێی حكومەتدا". واتە ئەمریكییەكان پشتیوانی مانەوەی (مستەفا كازمی) لە پۆستی سەرۆك وەزیران‌و (بەرهەم ساڵح) لە پۆستی سەرۆك كۆمار‌و (محەمەد حەلبوسی) لە پۆستی سەرۆكی پەرلەماندا، دەكەن. ئەمە لەكاتێكدایە پارتی بەمدواییە لە بەرهەم ساڵح نیگەرانە‌و تۆمەتباری دەكات بەوەی وەكو سەرۆك كۆماری دەستوەردانی لە كاروباری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا كردووە‌و دوو كورسی پارتی بەلای یەكێتیدا شكاندوەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەیدا لەگەڵ مەكگۆرك، نێچیرڤان بارزانی وتویەتی" ئەگەر ئەمریكا پشتیوانی مانەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە بكات، ئەوان وەكو پارتی كێشەیان نابێت لەوەی یەكێتی جارێكی تر بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكەنەوە".  بەمدواییە ئێرانییەكانیش لە چەند كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی باسیان لەوەكردووە كە ئەوانیش پشتیوانی دانانەوەی بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماردا دەكەن، ئەگەر پشتیوانی ئەمریكا‌و ئێران تا كۆتایی بەردەوام بێت، ڤیتۆی مەسعود بارزانی لەسەر دانانەوەی بەرهەم ساڵح كاریگەری بەهێزی نامێنێت، بەتایبەتیش ئەگەر حكومەتی نوێ لە عێراق لەسەر بنەمای "تەوافوق" دروست بكرێت، نەك ئەو زۆرینەیەی كە موقتەدا سەدر بانگەوازی بۆ دەكات.  سەرباری ئەوەی ناوی چەند كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەناو یەكێتیدا تاوتوێ دەكرێت، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەكردووە، بەهۆی ئەوەی پارتی فشاریان لێدەكات، بۆیە جارێكی تر بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكەنەوە‌و ناچنە ژێر باری فشارەكانەوە.


راپۆرت: درەو موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ئامادەكاری بۆ سەری ساڵی نوێی 2022 دەكەن، بەڵام موچەخۆری (11) وەزارەت‌و دامەزراوە هێشتا موچەی مانگی (11)ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە، بۆ پێدانی موچەی ئەم وەزارەتانە حكومەتی هەرێم پێویستی بە (264 ملیار) دینار هەیە، دواكەوتنی موچەی مانگی (11) سەری موچەی مانگی (12) دەخوات، لەكاتێكدا بەشێك لە بەرپرسان بۆ پشووی سەری ساڵ گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن، موچەخۆران بە قەیرانی داراییەوە پێشوازی لە ساڵێكی نوێ دەكەن.  ساڵی نوێ بە قەیرانی موچەوە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم رۆژی 25/11 دەستیكرد بە دابەشكردنی موچەی مانگی (11)ی موچەخۆرانی هەرێم كرد، بەڵام تا ئەمڕۆ كە (21) رۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕێوە، هێشتا موچەخۆرانی (11) وەزارەت‌و دامەزراوە موچەیان وەرنەگرتووە، واتە ماوەی (50) رۆژە موچەخۆرانی ئەم وەزارەتانە موچەیان وەرنەگرتووە. بەرپرسانی حكومەت خۆیان دەبوێرن لە هەرجۆرە قسەكردنێك لەبارەی موچەوە، هەموو كێشەكەیان كورت كردوەتەوە لەوەدا" چاوەڕێی گەیشتنی 200 ملیار دینارەكەی بەغداد دەكەن"، بەرپرسانی بەغدادیش بەهۆی كۆتایی هاتنی ساڵ‌و حساباتی خۆیانەوە، ناردنی (200 ملیار) دینارەكەیان دواخستووە. چەند رۆژێك لەمەوبەر فارس عیسا نوێنەری هەرێمی كوردستان لە بەغداد وتی:" بەغداد 200 ملیارەكە دەنێرێت"، بەڵام هێشتا پارەكە نەگەیشتووە، (درەو) پەیوەندی بە فارس عیساوە كرد، بەگەشتێك لە دەرەوەی وڵاتە، ئامادە نەبوو قسە بكات.   ئایا بەبێ (200 ملیار) دینارەكەی بەغداد حكومەتی هەرێم پارەی لەبەردەستدایە موچەی مانگی (11) تەواو بكات ؟ زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە (درەو)ی وت:" حكومەت پارەی لەبەردەستدا بۆ موچە ". عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ" دوو هۆكار هەیە بۆ پێنەدانی موچە، یەكەم: ناكۆكی سیاسی نێوان پارتی و یەكێتی وایكردووە یەكێتی دەست بەسەر بەشێكی داهاتی سلێمانیدا بگرێت و پارتیش دەست بەسەر بەشێكی داهاتی هەولێر و دهۆكدا گرتووە و نایگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی، دووەم: ئەیانەوێت موچەی موچەخۆران ببەستنەوە بەو (200 ملیار) دینارەی كە لەبەغدادەوە دێت، بۆ ئەوەی بە بەغداد بڵێن ئێمە ئەو موچەیە بۆ موچەخۆران خەرج دەكەین وەك ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە". لەنێوان ئەم دوو بۆچونە جیاوازەدا، هەندێكی تر پێیانوایە، دواخستنی دابەشكردنی موچەی مانگی (11) لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆ ئەوەیە موچەی مانگی (12)ی موچەخۆران نەدرێت، چونكە ئەگەر حكومەت لە هەفتەی داهاتووشدا موچەی ئەو وەزارەتانە خەرج بكات كە هێشتا موچەیان وەرنەگرتووە،  تا ئێستا موچەی (11) وەزارەت نەدراوە كە بڕەكەی (264 ملیار) دینارە، خۆ ئەگەر لە هەفتەی داهاتووشدا خەرجی بكات ئەوا كۆتایی دابەشكردنی موچە دەگاتە رۆژی 25/12، ئایا بەم حاڵەوە حكومەت دەتوانێت بەر لە ساڵی نوێ موچەی مانگی (12)ی موچەخۆران خەرج بكات؟  بەم دۆخەوە، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ بەسەربردنی پشووەكانی سەری ساڵی نوێ گەشتی دەرەوەی وڵات دەكەن‌و موچەخۆرانیش لەچاوەڕوانی موچەی مانگی (12)دا پێدەنێنە ساڵی نوێی 2022ەوە.  لەبارەی موچەی مانگی 11وە لە كۆی (894 ملیار) دینار كە خەرجی موچەی مانگانەی موچەخۆرانە، بۆ مانگی (11) حكومەتی هەرێم تائێستا (630 ملیار) دیناری بۆ موچەی بەشێك لە وەزارەتەكان خەرجكراوەو بڕی (264 ملیار) دینار ماوە بۆ تەواوكردنی خەرجی موچەی وەزارەت‌و دامەزراوەكانی تر.  كۆی داهاتی بۆ موچە كە خراوەتە بەردەستی وەزارەتی دارایی بۆ مانگی (11) بەمشێوەیە بووە: •    داهاتی نەوت: 350 ملیۆن دۆلار واتا (510 ملیار) دینار •    پارەی هاوپەیمانان: 20 ملیار دینار •    داهاتی ناوخۆ: 100 ملیار دینار ئەو وەزارەتانەی تا ئەمڕۆ موچەی مانگی (11)یان وەر نەگرتووە ئەمانەن:  •    خوێندنی باڵا: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (41 ملیارو 929 ملیۆن) دینارە •    وەزارەتی كارەبا: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (17 ملیارو 850 ملیۆن) دینارە •    شارەوانی‌و گەشتوگوزار: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (23 ملیارو 12 ملیۆن) دینارە •    ئاوەدانكردنەوە: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (4 ملیارو 672 ملیۆن) دینارە •    زیندانیە سیاسییەكان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (2 ملیارو  516 ملیۆن) دینارە  •    كەمئەندامان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (12 ملیارو 839 ملیۆن) دینارە •    ئەنجومەنی ئاسایش‌و دەزگای ئاسایش: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (62 ملیارو 997 ملیۆن) دینارە •    سەرۆكایەتی هەرێم: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی (ملیارێك و 155 ملیۆن) دینارە •    سەرۆكایەتی پەرلەمان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی (ملیارێك و 820 ملیۆن) دینارە •    سەرۆكایەتی حكومەت: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی (ملیارێك و 630 ملیۆن) دینارە  •    خانەنشینی شارستانی‌و سەربازی: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی (116 ملیارو 560 ملیۆن) دینارە كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەو وەزارەتانەی كە تائێستا موچەیان وەرنەگرتووە (264 ملیار) دینارە.  ئەو وەزارەتانەی كە موچەی مانگی (11)یان وەرگرتووە ئەمانەن: •    پەروەردە: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (149 ملیارو 505 ملیۆن) دینارە •    تەندروستی: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (50 ملیارو 520 ملیۆن) دینارە •    دارایی: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (11 ملیارو 722 ملیۆن) دینارە •    پێشمەرگە: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (133 ملیارو 61 ملیۆن) دینارە  •    ناوخۆ: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (178 ملیارو 489 ملیۆن) دینارە •    سامانە سروشتییەكان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (2 ملیارو 80 ملیۆن) دینارە •    پلاندانان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (808 ملیۆن) دینارە  •    بازرگانی: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (2 ملیارو 265 ملیۆن) دینارە   •    گواستنەوەو گەیاندن: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (4 ملیارو 217 ملیۆن) دینارە   •    رۆشنبیری‌و لاوان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (4 ملیارو 689 ملیۆن) دینارە •    كشتوكاڵ: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (8 ملیارو 951 ملیۆن) دینارە  •    وەزارەتی داد: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (4 ملیارو 787 ملیۆن) دینارە •    وەزارەتی شەهیدان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (855 ملیۆن) دینارە  •    كەسوكاری شەهیدان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (35 ملیارو 637 ملیۆن) دینارە  •    وەزارەتی ئەوقاف: كۆی خەرجی موچەی مانگانەی ئەم وەزارەتە (7 ملیارو 814 ملیۆن) دینارە •    دیوانی چاودێری: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (749 ملیۆن) دینارە  •    دەستەی وەبەرهێنان: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (392 ملیۆن) دینارە •    ئەنجومەنی دادوەری: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (3 ملیارو 769 ملیۆن) دینارە  •    ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (111 ملیۆن) دینارە  •    دەستەی ژینكە: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (290 ملیۆن) دینارە  •    دەستەی مافی مرۆڤ: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (237 ملیۆن) دینارە •    دەستەی دەستپاكی: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (267 ملیۆن) دینارە •    كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (568 ملیۆن) دینارە  •    دەزگای مین: كۆی خەرجی موچەی مانگانەیان (946 ملیۆن) دینارە  


ئامادەكردنی: ئاوێنە عیرفان قانعی فەرد، شارەزای کاروباری ئێران لە گفتوگۆیەی ئاوێنەدا ئاماژە بەوە دەكات"هێرۆخان بەلاریجانی وتبو با كوردێكی تر نەبێتەوە بەسەرۆك كۆمار، مام جەلال یەكەمین‌و دواهەمین كورد بێت دەبێت بەسەرۆك كۆمار، لاریجانی پێكەنیبو. وەختێكیش د.بەرهەم هات كەس بڕوای نەدەكرد ئەم ببێت بەسەرۆك كۆمار، ئەوەی د.بەرهەم جارێكیتر دەبێتەوە بەسەرۆك كۆمار لەسەر رای ئەمەریكاو ئێران وەستاوە" پرسیار: ئەوەی جێی سەرنجە ماوەیەكە قسەكانت زیاتر رەخنەگرتنن لەكۆماری ئیسلامی ئێران، وەك لەچاوپێكەوتنەكانی ئەم دواییەت لەكەناڵە فارسی‌و عەرەبیەكاندا دەبینرێت، هۆكاری ئەم گۆڕانكارییە لەهەڵوێستی تۆدا چییە کە پێشتر وا دەرنەدەكەوتی؟ عیرفان: مێژونوس ئەبێت كەسێكی سەربەخۆ بێت، سەربەخۆیی بەشێك بووە لەكارنامەی من‌و هەمیشە زمانی منیش زمانی رەخنە بووە، پێشتر هاتوچۆی کوردستان‌و ناوچەكەم دەكرد دەبو بەزمانی گوڵ قسەم بكردایە، بەڵام خەڵك دەزانێت ستایش‌و مەدحی كۆماری ئیسلامیم قەت نەكردوە، ئەگەر لەجێگەیەكدا مەدحیم كردووە كوا فیلمەكەی؟ کوا فایلە دەنگییەكەی؟ کوا نوسینەكە؟ با بڵاویبكەنەوە بزانن من لەكوێدا مەدحی كۆماری ئیسلامیم كردوە؟ بەڵام لەدوای ئەوەی ئیتر من هاتوچۆی کوردستان‌و ناوچەكە ناكەم، ئیتر هەڵگەڕاومەتەوە سەر هەڵوێستی جاری جارانی خۆم‌و وتومە كۆماری ئیسلامی تیرۆریست‌و پشتیوانی تیرۆریستە، ئەمە شتێكی شاراوە نەبووە لەكۆمەڵگە. پرسیار: پێشتر رەخنەت لەحیزبە بەرهەڵستكارەكانی كوردی رۆژهەڵاتی وەك دیموكرات‌و كۆمەڵە دەگرت، ئەمە ناكاتە ئەوەی جۆرێك لەبەرگری كردن بووە لەكۆماری ئیسلامی؟ عیرفان: من رەخنەی مێژویم لەئۆپۆزیسیۆنی كورد گرتووە، وتومە ئەگەر ئەم شتانەتان نەكردایە سەركەوتوتر دەبون، ئەمە خۆ قسەیەكی خراپ نییە، با رەخنەش بێتە كۆمەڵگەی ئێمەوە. وتومە حیزبی دیموكرات لەگەڵ كۆماری ئیسلامی دانیشت هەڵەی كرد جارێك‌و دوان‌و سیان، ئیدی بۆ جاری چوارەم دەیكاتەوە؟ پرسیار: بەڵام پێشتر تۆ بۆچونت وابو د.قاسملو كۆماری ئیسلامی تیرۆری نەكردوە؟ عیرفان: من بۆچونی وام نەبوە، من وتومە سێ‌ دیدگام ئاشکرا کردوە لەسەر تیرۆركردنی قاسملو، یەكەمیان دەڵێن كۆماری ئیسلامی كوشتویەتی، مام جەلال لەیاداشتەكانیدا بەڕاشكاوی وتویەتی. دوەم ئەوەیە لەناوخۆیاندا كوژراوە، كە كتێبەەكەی كریس كۆچێرا باسی دەكات. سێهەمیان یان كۆماری ئیسلامی كوشتویەتی یان لەناو خۆیاندا كوژراوە، یان وڵاتێكی دەرەكی كوشتویەتی، كە دوو كاربەدەستی ئێرانی‌و قەتەری دەڵێن وڵاتی دەرەكی كوشتویەتی. ئیتر با خەڵكی خۆی داوەری بكات كامیان راستە، بەڵام وەكو خۆم لەگەڵ قسەكەی مام جەلالم. پرسیار: پەیوەندیت لەگەڵ حیزبە كوردییەكان چۆنە ئێستا؟ عیرفان: حیزبێكی كوردی نییە من نانم لەگەڵ نەخوارد بێت‌و دانیشتنم لەگەڵیان نەكرد بێت پرسیار: پێشتر پەیوەندیت لەگەڵ یەكێتی زۆر توندوتۆڵ بو، ئێستاش هەر ئەو پەیوەندییەت ماوە؟ عیرفان: من پەیوەندیم لەگەڵ یەکێتی‌و لەگەڵ پارتیش هەبوە. پرسیار: بەڵام تۆ زیاتر رەخنەت لەپارتی گرتووە؟ عیرفان: رەخنەم لەهەردوكیان هەبوە، ئەوەی لەمیدیا دەوترێ‌ لەگەڵ ئەوەی لەدنیای واقیعدا هەیە تا ئەندازەیەك جیاوازە، ئەوەی میدیا دەیڵێت مەرج نییە هەموی راست بێت. پرسیار: پەیوەندیت لەگەڵ سەركردەكانی ئێستای یەكێتی هەیە؟ عیرفان: دواهەمین جار كە لەكوردستان بوم لە2017دا بو، لەوساوە نەهاتومەتە کوردستان، دوا جاریش كە بافلم بینیبێت لەماڵی د.بەرهەم بینیومە لەسلێمانی. پرسیار: گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی چۆن دەبینیت؟ عیرفان: ئەو گۆڕانكاریانە لەمێژووی حیزبە كوردییەكاندا باو بوە، فڵانە حیزب پێی خۆش بوە بنەماڵەی خۆی دابنێ‌، زۆرتر بەرەو ئاڕاستەی بەبنەماڵەیی كردن رۆشتون، لەمێژوی كوردا زۆر ششتی وامان هەیە ئەمیش دەڕژێتە ئەو خانەیەوە. پرسیار: ئێران رۆڵی هەیە لەم گۆڕانكاریانەدا؟ ئایا ئێران پێیخۆشە كە بافل بوە بەكەسی یەكەمی ناو یەكێتی؟ عیرفان: بەدڵنیایی ئێران پێیخۆشە ماڵی مام جەلال مەرجەع بێت، ماڵی بارزانی مەرجەع بێت، هەم توركیا پێیخۆشەو هەم ئێرانیش. پرسیار: ئایندەی یەكێتی چۆن دەبینیت؟ عیرفان: یەکێتی لەسەر بنەمای کەسێک بنیاتنرابو کە مام جەلال بو، بەداخەوە سیاسەت لەكوردستاندا لەسەر ئەو بنەمایە بنیات نراوە، من وای نابینم داهاتویەكی رونی هەبێت یەكێتی، پێموایە زەحمەتە بەیەكگرتویی بمێنێتەوە. پرسیار: ئایا بافل‌و قوباد دەتوانن سەركردایەتی یەكێتی بكەن لەقۆناغی داهاتودا؟ عیرفان: هەردوكیان لەئەوروپا ژیاون، بەڵام خوێندنێكی بەرزیان نەخوێندوە، نەبونەتە مەرجەعی حیزبی وەك مام جەلالی باوكیان كە پلە پلە سەركەوت‌و قۆناغەكانی خەبات‌و حیزبایەتی بڕی، ئەمان ئەو قۆناغانەیان تێنەپەڕاندوەو یەكسەر بونەتە كەسی یەكەم، ناوبانگێكیان هەیە هی باوكیانە، خۆیان زەحمەتیان بۆ ئەو ناوبانگە نەكێشاوە، بەڵام ئایا لەمێژوودا دەتوانن شایستەیی خۆیان بسەلمێنن؟ ئەوە دادگای مێژوو خەڵكی لەداهاتودا دادوەریی دەكەن كە سەركەوتو دەبن یان نا، هێشتا زوە. پرسیار:مەسەلەی سەرۆك كۆماری مشتومڕی زۆر لەیسەر دەكرێ‌، بەبڕوای تۆ جارێكیتر د.بەرهەم دەبێتەوە بەسەرۆك كۆمار؟ عیرفان: لەدوای 2003ەوە سەرۆك كۆماری عێراق بەبێ‌ رەزامەندی ئێران‌و ئەمەریكا هەڵنەبژێردراوە، وەختێ‌ هێرۆ خان هات بۆ ئێران داوەتی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بو، خۆ ئەمە رۆژنامەنوسەكانی ئێران نوسیویانەو قسەی من نییە، هێرۆخان بەلاریجانی وتبو با كوردێكی تر نەبێتەوە بەسەرۆك كۆمار، مام جەلال یەكەمین‌و دواهەمین كورد بێت دەبێت بەسەرۆك كۆمار، لاریجانی پێكەنیبو. وەختێكیش د.بەرهەم هات كەس بڕوای نەدەكرد ئەم ببێت بەسەرۆك كۆمار، ئەوەی د.بەرهەم جارێكیتر دەبێتەوە بەسەرۆك كۆمار لەسەر رای ئەمەریكاو ئێران وەستاوە كە ریال پۆلەتیكی خۆیان لەبەرچاو دەگرن، دیارە لەناوخۆشدا گەلەكۆمەیەكی سیاسی حزبەکان لەدژی د.بەرهەم هەیە. بێگومان ئێران‌و ئەمەریكاش سەیری ئەوە دەكەن كێ‌ بەرژەوەندی ئەوان دەپارێزێت.


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   هونەری گفتوگۆکردن و ئارگیومێنتهێنانەوە یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی زانستی ریتۆریک. گەورەفەیلەسوفی ئەڵمانی ئارتۆر شۆپنهاوەر لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (هونەری لەسەر حەق بوون) لە ٣٨ خاڵدا بۆمان رووندەکاتەوە چۆن و بە چ شێوەیەک دەتوانین لە گفتوگۆیەکدا سەرکەوتووبین گەر پاساو و ئارگیومێنتەکانیشمان خراپ بن. دەتوانین ئەو ٣٨ خاڵەی شۆپنهاوەر بە ٣٨ فێڵ ناودێڕیبکەین بۆ فریودانی گوێگر، چونکە ئەو تەکنیکانەی ئەو باسیان دەکات هیچ پەیوەندییەکی بە ئەخلاق و دۆزینەوەی حەقیقەتەوە نییە کە لە گفتوگۆدا دەستمانبکەوێت، بەڵکو پەیوەندی بە یەک ئامانجەوە هەیە ئەویش ئەوەیە مرۆڤ چۆن قەناعەت بە جمهور بهێنێت کە ئەو لەسەر حەقە گەرچی حەقیقەت لای ئەویش نەبێت. سەرەڕای ئەوەی شۆپنهاوەر لەپاشوەختێکدا تەحەفوزێکی زۆری لە تێزەکانی سەبارەت بە هونەری ئارگیومێنت هەبوو، بەڵام ئەم کتێبەی لە ئێستادا بووە بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییە کلاسیکییەکانی زانستی گفتوگۆ و ریتۆریک. لە دونیای نوێی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ئێمەدا دوو ریتۆریکی باڵادەستی ئایدیۆلۆژیی بوونیان هەیە، یەکەمیان ریتۆریکی ناسیۆنالیزمی کوردییە کە پارتی و ماڵباتی بارزانیی ڕابەرایەتیی دەکات، دووهەمیان ریتۆریکی فاندەمێنتالیزم یان ئوسوڵییەتی ئیسلامییە، کە ئیخوانییەکان و سەلەفییەکان نوێنەرایەتیدەکەن. ئەم دوو ریتۆریکە ڕاستەوخۆ کار بە خاڵی ٣٨ی کتێبەکەی شۆپنهاوەر دەکەن، چونکە دەزانن کە بە ئارگیومێنتی عەقلانیی لە گفتوگۆی دیالێکتیکییدا سەرکەوتونابن. بۆیە لادان لە خودی بابەتەکە و ڕووکردن لە خودی کەسەکە مانای ئەوەیە یان نەیارەکان بە تیرۆریست و هەواداری پەکەکە و مەترسیی بۆ سەر ئاساییشی نیشتیمانیی نماییشبکەیت وەک پارتی دەیکات، یان مۆری مولحید و کافر و زەندیقیان لێدەدەرێت و فەتوای کوشتنیان بۆ دەردەکرێت، وەک هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان دەیکەن. بە کورتییەکەی گەر هیچ یەکێک لەو ٣٧ ئارگیومێنتەی تر نەیتوانی دەرەقەتی بەرامبەرەکەت بێت و پشتی لە ئەرزبدات، دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکە لابدەیت و پەلاماری شەخسیی کەسەکە بدەیت.  نموونەی ئەم جۆرە تەکنیکانە دژ بە نووسەران و میدیاکاران و چالاکوانی مەدەنیی زۆرن. لە شێرکۆ بێکەسەوە بیگرە تادەگات بە مامۆستا شێرزاد حەسەن نموونەی ئەو نووسەرانەن کە بە حوکمی تێڕوانینە ڕەخنەییەکانیان بۆ ڕۆڵی ئایین لە بواری پەروەردە و کۆمەڵگادا کراون بە کافر. گروپە توندڕەوە ئایینییەکان مۆڵەتی نافەرمییان بە ئیماندار و ئەندامە توندڕەوەکانیان داوە کە کوشتنی نەیارەکانیان وەک ڕاوکردنی مەلی ئازاد حەڵاڵە.  هاوکات لە بەرەکەی تریشدا نموونەی سەردەشت عوسمانمان هەیە کە کرا بە تیرۆریست و پاشان نموونەی چالاکوان و میدیاکارانی بادینانمان هەیە کە لە نماییشکرنێکی دادگاییدا بەتۆمەتی تێکدان و جاسوسییکردن حوکمی زیندانییان بۆ دەرکرا. نوێترین نموونەشمان بەیاننامەکەی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتە دژ بە رۆژنامەنووس زاک کۆپلینی ئەمریکیی بوو سەبارەت بە بنکۆڵییەکانی لەسەر پرسی گەندەڵیی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە ئەمریکا. ئەوەی جێگای تێڕامانە بەیاننامەکە تەنها پەلاماردانی شەخسیی رۆژنامەنووسەکە نەبوو، بەڵکو هێرشێکی ئەخلاقیی زۆر بەدکارانە بوو دژ بە شنیار ئەنوەری هاوسەری سەرکەوت شەمسەدینی ئەندام پەرلەمانی پێشوی عێراق. ئەم بەیاننامەیە هیچ پەیوەندییەکی بە خودی بابەتەکەوە نییە، بەڵکو پیادەکردنی پەلاماردانێکی شەخسیی و جێبەجێکردنی ریتۆریکی خاڵی ٣٨ی شۆپنهاوەرە بۆ بەلاداڕێدابردنی ڕای گشتیی لەسەر ئەسڵی بابەتەکە.  کاتێک مرۆڤ ئەم بەیاننامەیە دەخوێنێتەوە جگە لە بوغز و ڕق و شکاندنی بەرامبەر هیچ ئارگیومێنتێکی تری تێدا نابینێتەوە. لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا کەمن ئەو سیاسییانەی کە ئەوەندەی ئەم نەوە نوێیە هەم بوغزاویی و هەم لاوازبن لە تەکنیکی ئارگیومێنت و ریتۆریک دژ بە نەیارەکانیان. ئەم نەوە نوێیە لە هەردوو بەرەکەدا بەرهەمی یەک لۆژیک و تێڕوانینە بۆ دەسەڵات و دەسەڵاتدارێتیی. دەسەڵاتدارێتیی بۆ هەردوولایان سوڵتانییە و دەسەڵاتی سوڵتانیش هەم لای ئەندامە حیزبییەکان و هەم لای سەلەفییەکان مەقامێکی پیرۆزە و سوڵتان وەک وەلی ئەمر وایە و هەروا بەئاسانی ناتوانرێت لەسەر کورسیی دەسەڵات بهێنرێتە خوارەوە. لەم سۆنگەیەوە هەردو بەرەکە سەرقاڵی تیرۆرکردنی مەعنەویی و ڕاوکردنی یاسایی و نەیارەکانی خۆیانن. یەکێکیان لەڕێگای شەرعییەتی یاسایی دەسەڵاتەکەیەوە، ئەوی تریان لەڕێگای ئەو دەسەڵاتەی کە لە شەریعەتی ئیسلامیییەوە بەخۆیان ڕەوادەبینن. لە کەیسی سەردەشت عوسمانەوە لە هەولێر، تێپەڕ بە گرتن و دادگاییکردنی چالاکوان و میدیاکاران  لە بادینان تادەگات بە هەڕەشەی کوشتنی شێرزاد حەسەن لە سلێمانیی، دەرئەنجامی ئەو تێزەیە کە تاوان لە هەرێمی کوردستاندا پێشئەوەی کردەیەک یان روداوێکی جینائیی بێت، تاوانێکی سیاسییە. لای فەندەمێنتالیزمە دینییەکان داعش وەک هێزێکی وەحشەتگەر تاوانبار  نییە لە ناشیرینکردنی ئیسلام، بەڵکو ئەوانەی کە تەماهیی لەنێوان داعش و ئیسلامدا دەکەن و وەک نوێنەری خودا لەسەر زەوی رەخنەی دەکەن، لێپرسراوی بەدکردنی هەیبەت و سومعەی ئایینی ملیۆنان کەسن. لای دادگا و پەرلەمان و دەسەڵاتدارانی هەرێم کڕینی ڤێلایەکی ١٨ ملیۆن دۆلاری تاوان نییە، بەڵکو ئەو ژنەی کە پەیوەندی بە رۆژنامەنووسە ئەمریکییەوە هەیە تاوانبارە وەک نوسینگەی سەرۆکی هەرێم بانگەشەی دەکات. ئەم لۆژیک و ریتۆریکە لاواز و بێتیامە لە ئارگیومێنت چ لای سوڵتانەکان و چ لای پاسەوانانی خودا یەک دەرئەنجامی هەیە؛ کوشتنی مەعنەوی نەیارەکەت، دوورکەوتنەوە لە حەقیقەتی مەسەلەکە و شێواندنی واقیعی شتەکان. هونەری بێدەنگردن هونەری گفتوگۆکردن نییە، بەڵکو هونەری تەکنیکی دروستکردنی دوژمنی وەهمییە بۆ خوداو و سوڵتان کە دەبن بە سەبەبی شێواندنی ئەمنی قەومیی و تێکدانی کولتووری ئیسلام و ئادابی گشتیی. هەموو رەخنەکردنێکی دین لای هێزە فەندەمێنتالیست و سەلەفییەکان و هەموو رەخنەکردنێکی سوڵتانە سیاسییەکانیش لای ئەندامە حیزبییەکان، کوفر و تاوانە. بەبۆچوونی من هەم ستراتیژی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی و هەم ستراتیژی فەندەمێنتالیزمە دینییەکان لە جەوهەردا لەو خاڵەدا یەکدەگرنەوە کە  دروستکردنی دوژمنی وەهمیی هەنگاوی یەکەمە بۆ سزادانی حەقیقییان. 


راپۆرتی: درەو   رۆژی 17ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێك بە رۆژی ئاڵای كوردستان دیاریكراوە و پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 ی رۆژی  19/6/2004 ئەو رۆژەی دیاریكردووە و ساڵی 1999ش یاسای ژمارە 4 بۆ ئاڵای كوردستان پەسەندكراوە و پێكهاتەی ئاڵای كوردستان رونكراوەتەوە. شێوەی ئاڵای كوردستان گۆڕاوە  لە یاسای ژمارە ( 14 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندیكردووە، ئاماژە بەوە كراوە  ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان " سەركردەی نەمر قازی محەمەد بەر لە شەهیدبوونی ئەو ئاڵایەی تەسلیم بەسەركردەی روحی هەمیشە زیندووی نەتەوەی كورد مستەفا بارزانی كردووە" بەڵام كێشەكە لێرەوە دەستپێدەكات، چونكە ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لە ئاڵاكەی قازی محەمەد كە لە سەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد لە 16/12/1945 هەڵكراوە و لە بری خۆرەكەی ئێستا دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێكی تیایە و بەدەستكاریەكی كەمەوە لە ئاڵای سەردەمی پاشایەتی ئێران وەرگیراوە و قازی محەمەد تەنها شێرو خورشیدەكەی ناوی گۆڕیوە بۆ دوو گوڵە گەنم و قەڵەم و خۆرێك، ئەگەرنا تەختی ئاڵاكەو رەنگەكانی هەمان ئاڵایە، بەڵام ئەو ئاڵایەی ئێستا زۆر جیاوازە لەو ئاڵایەی قازی محەمەد. هەژاری موكریانی ( 1921 – 1991 ) لە شیعری ئاڵای كوردستاندا كە لە ژمارەی یەكی رۆژنامەی كوردستاندا لە 11/1/1946 بڵاوكراوەتەوە لە وەسفی ئاڵای كوردستاندا دەڵێت: بێ ببینێ ئەو كەسەی پێی وایە كورد سەرناكەوێ كێ بوو پێی وابوو تەمی نەگبەتی لەسەرمان ناڕەوێ داری ئاڵاكەم وەكو چقڵێكە بۆ چاوی عەدوو هەر دڵێ خۆشی نەوێ رەبی وەبەر خەنجەر كەوێ پارچەكەی سێ رەنگی خۆی دەنوێنێ رەنگی سور دەڵێ تا تنۆكێ خوێنی كورد مابێ قەدی من نانەوێ سپییەكەی مژدەی بەیانی بەختی كورد كرد بەیان رۆژی بەختی كوردی پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە رزقی خۆت بێ خۆت كە برسی بوو چی دوژمن پێی بژین لێرەو لەوێ پێو دەڵێ نوكی قەڵەم گەر ژینی خۆش و پێی دەوێ غەیری من دەست ناكەوێ بورجی تەرەقی پێش رەوێ رەنگی سەوزی یانی دایكی ( نیشتمان) لەو رۆكەوە جوان و سەرسەوزە وەرگیری كەوتەوە عومری نوێ لاوەكان ناموسی نۆ ملیۆنە ئەو ئاڵایەمان گیان بدەن بۆ حیفزی ئەو ناموسەتان لەمنوكەوێ بە هەموو پێوەرێك ئەو ئاڵایەی ئێستای هەرێمی كوردستان، تەواو جیاوازە لەو ئاڵایەی سەردەمی قازی محەمەد لە ساڵی 1946 كە لە كۆماری كوردستان لە مهاباد هەڵكراوە، بۆیە ئێستا پرسیارەكە لەسەر ئەوەیە كە ئایا ئەو ئاڵایە ئەگەر ئاڵاكەی سەردەمی قازی محەمەدە بۆچی دەستكاری كراوە، كێ دەستكاری كردووە، " ئەگەر قازی محەمەد بە ئەمانەت داویەتیە دەست مستەفا بارزانی" بۆچی ئەو ئاڵایەی ئێستا نیە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەكان لەسەردەمی كۆتایی كۆماری كوردستان و دەستگیركردنی قازی محەمەد هیچ جۆرە بینینێك لە نێوان مستەفا بارزانی و قازی محەمەد روینەداوە و قازی محەمەد لە 23/12/1946 دەستگیركراوەو دوای زیاتر لە سێ مانگ لە 31/3/1947 لە سێدارە دراوە، لەو كاتانەشدا مستەفا بارزانی و بارزانییەكان لە مهاباد نەبوون لە شنۆ و نەغەدە نیشتەجێبوون، تەنانەت ( عەقید بەكر حەوێزی) كە ئەفسەر بووە لە سوپای كۆماری كوردستان و خەڵكی كۆیەیە لە كتێبەكەیدا بەناوی ( گەشتێك بە كۆماری مهاباددا) ئاماژە بەوە دەكات كە دواینجار كە پێكەوە لەگەڵ مەلا مستەفا، قازی محەمەدیان بینیوە، هیچ ئەمانەتێكی نەداوە بە مەلا مستەفا تەنها بە منی ئەوی وتوە " ماشێنەكەی من بەرن و سودی لێ وەربگرن، منیش وتومە چاوم بەرایی نادات ماشێنی تۆ بەكاربهێنم و بۆ خۆت بیسوتێنە" بۆیە گەڕاندنەوەی ئەم ئاڵایەی ئێستا هەرێمی كوردستان بۆ ئاڵاكەی سەردەمی كۆماری كوردستان گومان و پرسیاری  زۆر هەڵدەگرێت.    ئاڵای كوردستان لە هەرێمی كوردستان ئاڵای كوردستان لەهەرێمی كوردستانن ساڵی 1999 لەلاین پەرلەمانەوە كە ئەو كات تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەماندا بوو بە یاسایی كرا. بەپێی یاسای ژمارە ( 4 ) ساڵی 1999ی یاسای ئاڵای هەرێمی كوردستانی عێراق كە لە پەرلەمانی كوردستان دەركراوە، لە مادەی یەكەمی یاساكەدا ئاماژە بەوە پێكهاتەی ئاڵای كوردستان كراوە كە : هەرێمی كوردستانی عێراق ئاڵایەكی دەبێت بە شێوەی لاكێشەیی كە پانیەكەی دوو لەسەر سێی درێژیەكەی دەبێت و دابەشكراوە بەسەر سێ لاكێشەی ئاسۆیی یەكسان لە درێژی و پانیدا و پێكهاتەكەی بەم شێوەیە دەبێت: 1-    لاكێشەی سەرەوە رەنگی سورە هێمای شەهیدانی بزاڤی رزگاری خوازی كوردە. 2-    لاكێشەی ناوەرسات رەنگی سپی دەبێت هێمای ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی و لێبوردنە كە خەڵكی كوردستان ئاواتە خوازیەتی. 3-    خۆرێكی زەرد دەكەوێتە ناوەراستی لاكێشە سپییەكەوە چەقەكەی خاڵی یەكتربڕینی تیرەی لاكێشە سپیەكە دەبێت و تیرەی خۆرەكە ئەوەندەی پانایی لاكێشە سپیەكە دەبێت و ( 21 ) تیشكی لێوە دەردەچێت بە شێوەی سێ گۆشەی دولای یەكسان، خۆرە زەردەكە هێمای بەردەوام بونی ژیان و زانست و هێواو ئومێدەو 21 تیشكەكەشیش هێمای جەژنی نەورۆزە.  4-    لاكێشەی خوارەوە سەوز دەبێت و هێمای كشتوكاڵ و سروشت و ژینگەی كوردستانە. لە مادەی سێیەمیشدا ئاماژە بەوە كراوە كە هەڵكردنی ئاڵاكە لە كاتی خۆرهەڵاتندا دەبێت و هاتنە خوارەوەشی لەكاتی خۆرئاوابووندا دەبێت.  جیاوازی لەسەر ئاڵای كوردستان  ئەگەرچی لە هەرێمی كوردستان ئەم ئاڵایەی ئێستا بە یاسایی كراوەو لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەكاردەهێنرێت، بەڵام ئەو ئاڵایە لە رۆژئاوا و باكوری كوردستان بەكارناهێنرێت و لەوێ زیاتر ئاڵای سەردەمی ماد بەكاردەهێنن كە سێ رەنگە ( زەرد و سور و سەوز) بەو پێیەش كورد لە چوار پارچەكەی كوردستان لەسەر شێوازی ئاڵایەك رێكنەكەوتوون و جیاوازیان هەیە.   پۆلێن كردنی مێژووی ئاڵای كورد: 1-    ئاڵای كورد لە سەردەمی دەوڵەتی ماد (700 ساڵ پێش زایین): لە سێ رەنگ پێكهاتووە (زەرد و سور و  سەوز)  2-    ڕاپەڕینی بەتلیس لە ساڵی 1914 ئاڵایەكی هەبوو بە قوماشێكی زێڕین دروستكرابوو ئایەتێكی قورئانی تێدا بوو. 3-    ئاڵای سەردەمی شێخ مەحمود لە ساڵی 1919 لەسەر باڵەخانەی ئەفسەری سیاسی بەریتانیا هەڵكرا كە بریتی بوو لە مانگێكی سور و ڕووبەرێكی سەوز. 4-    ئاڵای سەردەمی شۆڕشەكەی سمكۆی شكاك لە ساڵی 1922 هەڵكرا تیایدا نوسرا بوو كوردستانی ئازاد . 5-    شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 ئاڵایەكی هەبوو ڕەنگی سەوز بوو ڕۆژێك لە ناوەڕاستیدا بوو. 6-    ئاڵای كورد لە كۆماری ئارارات 1927 – 1930: لە سێ رەنگی ( سور و سەوز و سپی و ناوەڕاستەكەشی بازنەیەكی زەردو و شاخێكی تیایە).  7-    لەسەردەم كۆمەڵەی هیوا لە ساڵی 1937 ئاڵایەكیان هەبوو، ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە بە قورئان و خەنجەر و ئاڵا دەبوو سوێندبخۆن. 8-    حزبی ئازادی كوردستان لە ساڵی 1938 دەمەزرا، ئاڵایەكەیان بریتی بوو لە دوو خەنجەر و سێ ئەستێرە. 9-    بۆ یەكەمجار لەسەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستاندا لە مهاباد لە رۆژی 16/12/1945 لە گۆڕەپانی چوارچرا یەكەمین ئاڵا هەڵكرا تاوەكو ئێستا وەك ئاڵای كورد ماوەتەوە. 10-    ئێستاش ئاڵای كوردستان بەرەسمی لە پەرلەمانی كوردستان بە یاساییكراوەو لە رەنگەكانی ( سور و سپی و سەوز ) پێكهاتووەو ناوەڕاستەكەشی خۆرێكی تیایە.  ئاڵای كوردستان لە شیعری كوردیدا     ئاڵا یەكێكە لەو هێما نەتەوەییانەی كە شاعیرانی كورد بایەخێكی فراوانیان پێداوە و لەروانگەی جیاوازەوە لە شیعرەكانیاندا بەرجەستەیان كردووە. لێرەدا بە كورتی و چەند نمونەیەك ئاماژە پێدەدەین:  عەلی هەریری (1530 – 1600):  سەبیدی حەق نەزەر ڤێرا  د  ئیقلیمان عەلەم  گیرا  ئەحمەدی خانی (1650– 1707:  من دی عەلەما كەلامێ مەوزون  عالی بكرا ل بانی گەردوون  مەلای جزیری (1567 -1640):  رایەتا فەتحی بە نەسرا (لم یرل) مەنشوور بوو  شەهسواری فەردێ سوبحانی عەلەمدارێ تەبی   (مستەفا بەگی كوردی  1809 – 1849)  دڵ بوو؟ بردی ، عەقڵ ودین و ئابڕوو بوو ؟ لێی سەندم  بۆیە، نابووت، تەپڵی، تەپڵی سەر، لە دەس ئاڵا دەكا  خانای قوبادی (1704 – 1778):  مەهدی لە مەككەیێ دەردێ  ئاڵای تەبیبی لە بۆدێ  نالی (1797 – 1855):  وا چاكە خەیاڵت لەگەڵ ئەسراری هودابێ  نەك بەحسی سروور  و عەلەمی بادی هەوا بێ  حاجی قادری كوێی (1815 -1897):  بەشیر و خامە دەوڵەت پایەدارە  ئەمن خامەم هەیە شیر نادیارە  نە بەیداغی هەیە نە  تەپڵ و كورسی  ئەمەندەی پێ كرا بێ چارەنووسی   ئاڵا لە شیعری  نوێی كوردیدا:    شێخ نوری شێخ ساڵح (١٨٩٦- ١٩٥٨) لەشیعری (شیوەنی شێخ مەحمودی سەرۆك)دا دەڵێ:  هەزاران روحی جۆشانی وەتەن خواهانی كوردستان  لەسەر تابووتەكەی وەستاوە بۆ تەشیعی جوسمانی  بەسەر سەیارەوە بەیداخی رەش ئەشنێتەوە دایم  جلی ڕەش بوەتە مۆدە بۆ هەموو خەڵقی سلێمانی  كانی (١٧٩٧- ١٩٧٥):  بەشەر ئیللا بە كۆشش بەرز ئەكا بەیداغ و رەمزی خۆی  موحەققەق تەمبەڵی و سستی پەشیمانی لەگەڵ دایە  قانیع (١٨٩٩- ١٩٦٥)، لە ساڵی ١٩٤٦ و لەكاتی هەڵكردنی ئاڵای كۆماری كوردستان، نامە شیعرێك دەهۆنێتەوە و بۆ(بێكەس)ی شاعیری دەنێرێت، كە تیایدا دەڵێت:  ئەلحەمدولیلا ئاڵا  هەڵكرا  ماوەی ئەهلی دڵ ئەمڕۆكە درا  هەركەس لەهەرلا وڕ و سەرسامە  راكا ئەم ئاڵا كۆگای مەرامە  جگەر خوێن (١٩٠٣- ١٩٨٤):  وەرە خوشكێ تو زوو ڕابە دشەڕدا رەنگێ شێرابە  بەری ئاڵا مەیە رەنگن ل سەر شاخان تە هلدا بی  دڵداری شاعیر (1918 -1948) كە خاوەنی سرودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب)ە و هەر لەنێو ئەو سرودەدا باس لە ئاڵای كوردستان) دەكات و دەڵێت:  كەس نەڵێ كورد مردووە كورد زیندووە  زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاكەمان  سەید كامیلی ئیمامی " ئاوات " (1903 – 1989) لە شیعرێكدا بەناوی (ئاڵا) دەڵێ:  لەو پارچە سێ ڕەنگەی وەك باڵی هومای ئاڵا  هەودایەكی لێ بووە، فەوری لە ملم ئاڵا  تەعریفی نییە ئاڵا، ئاڵایەكی ڕەنگینە  سوور و سپی و سەوزە، ڕۆح حازرە بەسەودا كامەران موكری (1929 – 1986) لە شیعرێكیدا بە نێوی (بۆ قازی محەمەد) دوای لەسێدارەدانی پێشەوا بە حوزنێكی قوڵەوە لەو كارەساتە دەدوێت و ئاوا باس لە(ئاڵا) دەكات:  ئاڵای كورد لە دڵ و چاوا  لە كەژا جۆگەی خوێناوا  بۆ ئەم گەلەی هی تۆ و منە  وردە وردە كەوتە شنە  عەبدوڵڵا پەشێو لە (دوازدە وانە بۆ منداڵان)دا، وانەی یازدەمی تایبەت كردووە بەئاڵا و دەڵێت:  مناڵەكان! ئەی بێلانە ژین تاڵەكان،  شەو لە خەوما ڕێبوارێك بووم  بۆ بارەگای (یوتان) دەچووم  كە دەروازەكەی قووتی دام  ڕەشم بینی ـ ئاڵای هەبوو،  سپیم بینی ـ ئاڵای هەبوو،  هەرچیم بینی ـ ئاڵای هەبوو،  قیژاندییان:  “ئەی بێ وڵات، بۆ دەرەوە!  ئەی بێ ئاڵا، بۆ دەرەوە!”  منیش گوتم:  “مەقیژێنن!  كە دەچمەوە،  ئەم چیرۆكە بۆ منداڵان دەگێڕمەوە!  


شیكاری: درەو لە خولی ئێستای پەرلەمانی کوردستان کە کار بە سیستمی یەک بازنەیی کراوە، پارێزگای هەولێر (41) نوێنەر و سلێمانی (35) نوێنەر و دهۆک (23) نوێنەر و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (1) نوێنەری لە پەرلەمانی کوردستاندا هەیە. بەڵام ئەگەر پارێزگاکانی هەرێم بکرێن بە (4) بازنەی هەڵبژاردن ئەوا پارێزگای هەولێر (34 - 36) نوێنەر و سلێمانی (35 - 39) نوێنەر و دهۆک (25 -27) نوێنەر و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (2) نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستاندا دەبێت. ئەمە چۆن؟ و بۆچی؟ وردەکاری زیاتر لەم ڕاپۆرتەدا.... بایەخی گۆڕانکاری لە یەک بازنەیی بۆ فرە بازنەیی رۆژی 30ی ئەیلولی 2022 وادەی فەرمی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانە، یەکێک لەو پرسانەی لە ئێستادا پەرلەمانی کوردستان پێوەی سەرقاڵە پرسی "هەمواری هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ە، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ڕای لایەنە سیاسییەکانی وەرگرتووە، جگە پرسی گۆڕانکاری کۆمسیۆن و پێداچوونەوە بە تۆماری دەنگدەران، چەند دەقێکی تری نێو یاساکە جێی باسە، یەکێک لە گرنگترین داواکاری زۆرینەی حیزبە سیاسییەکان گۆڕینی بازنەی هەڵبژاردنە لە یەک بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی، یان چوار بازنەی هەڵبژاردن، بەپێی سنوری ئیداری پارێزگاکان. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ە، بەشی دووەم ماددەی نۆیەم هاتووە؛ "هەرێمی کوردستان – عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت و دابەشدەکرێت بەسەر چەند مەرکەزێکی دەنگیداندا" لە ماوەی پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان لە ساڵانی (1992، 2005، 2009، 2013، 2018) کار بەم دەقە کراوە، بەڵام لە ئێستادا باس لە هەمواردنەوەی ئەم دەقەیە، ئەویش گۆڕانکارییەتی لە یەک ناوچەی هەڵبژاردنەوە بۆ (4) ناوچەی هەڵبژاردن، بایەخی ئەم گۆڕانکارییەش بەلای شارەزایانی بواری هەڵبژاردن لەم خاڵانەی خوارەوەیە؛ 1.    بەهێزبوونی پەیوەندی پەرلەمانتار بە دەنگدەرانەوە، بە پێچەوانەشەوە. 2.    دەنگدەران و هاوڵاتیان باشتر دەتوانن پەرلەمانتار بکەنە بەردەم بەرپرسیارێتی و تەنانەت لێپرسینەوە و بەدواداچوونی داواو کێشەو گرفتەکانیان. 3.    لە سیستمی هەڵبژارنی فرە بازنەیدا، سەقامگیری زیاتری سیاسی بەدیدێت، چونکە لە توانایدایە ڕی لەوە بگرێت حیزبێکی سیاسی بەتەنها بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، یان زۆرینەیەکی بەهێز لە پەرلەمان دروست بکات و کۆنترۆڵی حکومرانی بکات. 4.    لەڕووی جوگرافییەوە کارکردن بە سیستمی فرە بازنەیەیی دادپەروەری زۆرتری تێدایە بۆ نمونە، بەپێی توێژینەوەیەکی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، لە هەرێمی کوردستان، دوای پێنج هەڵبژاردن ژمارەیەکی زۆر لە قەزاو ناحییەکان نوێنەریان لەناو پەرلەماندا نییەو چەند قەزایەکی کەمیش هەڵاوسانیان هەیە لە ژمارەی نوێنەردا، بۆ نمونە لە کۆی (111) کورسی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا (74) پەرلەمنتاریان لە (3) قەزاکەی ناوەندی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکەوە دەرچوون، کە ڕێژەکەی دەکاتە (67%)، لە کاتێکدا پارێزگایەک و (119) قەزا و ناحیە (28 قەزاو 91 ناحیە) لەدەرەوەی ئەو سێ شارە گەورەیەیە، بەڵام بە سەرجەمیان (37) بە ڕێژەی (33%) نوێنەریان لە نێو پەرلەمانی کوردستاندا هەیە بڕوانە خشتەی ژمارە (1). سەرچاوە: پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن 5.    بەشێکی گەورەی داخوازییەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ گۆڕانکاری لەو دەقە، هەوڵێکە بۆ ڕاستکردنەوە و ڕێگریکردن لە کاریگەرییەکانی ساختەکاری هەڵبژاردن لە پارێزگایەک و کاریگەری لەسەر پارێزگانی تر. سەرەڕای نەهێشتنی کاریگەری پرسی بەرزی ڕێژەی بەشداری لە پارێزگایەک و نزمی ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان لە پارێزگایەکی تر و دەرەنجامەکەشی گۆڕانکاریی دەبێت لە ژمارەی کوردسییەکانی لایەنێک یان چەند لایەنێک لە سەر حسابی لایەن و پارێزگاکانی تر.     6.    بەکورتی دەتوانرێت بوترێت تا بازنەکانی هەڵبژاردن زۆرتربێت، دیموکراتی ترەو دەنگدەران نوێنەرەکانی خۆیان لەسەر ئاستی ناوچەکان دەنێرنە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان. کاریگەری گۆڕانکاری لە یەک بازنەیی بۆ فرە بازنەیی لەسەر پشکی پارێزگاکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دیارکردنی ژمارەی کورسییەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن پشت بە چەند پێوەرێک دەبەسترێت، کە گرنگترینیان ژمارەی دانیشتوانی پارێزگا، یان ناوچەی هەڵبژادنە، هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە لەبەردەم دوو پێوەردایە، ئەوانیش؛ یەکەم: دیاریکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بە (6 ملیۆن و 171 هەزار و  83) کەس خەمڵێندراوە. ئەگەر ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بەبێ (11) کورست کۆتاکان هەژمار بکەین، ئەوا (100) کوردسی پەرلەمان هەیە، واتە هەر (61 هەزار و 710) کەسێک لە هەرێمی کوردستان کورسییەکی پەرلەمانی بۆ دیاری دەکرێت، هەر بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی خەمڵێندراوی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیە: -    پارێزگای هەولێر: (2 ملیۆن و 254 هەزار و 422) کەسە -    پارێزگای سلێمانی: (2 ملیۆن و 152 هەزار و 717) کەسە -    پارێزگای دهۆک: (ملیۆنێک و 648 هەزار و 611) کەسە -    پارێزگای هەڵەبجە: (115 هەزار و 333) کەسە بەم پێیەش کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر (4) پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دابەش دەبێت، بڕوانە خشتەی ژمارە (2) دووەم: دیاریکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بنەمانی دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق بەپێی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2020ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگای هەولێر لە چوار بازنەی هەڵبژاردن و پێکەوە (15) کورسی بۆ تەرخان کراوە، پارێزگای سلێمانی لە پێنج بازنەو پێکەوە (18) کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەرخان کراوەو پارێزگای دهۆکیش لە سێ بازنە و پێکەوە (11) کورسی بۆ تەرخان کراوە. سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (44) کورسیان لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەرخانکراوە. پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ پارێزگای سلێمانی هەژمارکراوە، بەڵام بەگوێرەی دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە ناوچەکانی (وارماوە + هەڵەبجەی تازە 1، 2+ هەڵەبجەی شەهید 1، 2، 3 + سەید سادق 1، 2، 3، 4+ پێنجوێن 1، 2، 3 + شارباژێڕ 2) بە یەک بازنەی هەڵبژاردن دیاری کرابوو (3)ی کورسی بۆ تەرخان کرابوو، بۆیە ئەگەر ئەو ناوچانەی دیکەی لێ داببڕین کە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەڵەبجە نین ئەوا تەنها (1) کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەردەکەوێت و (1) کورسی لە پشکی پارێزگای سلێمانی کەم دەبێتەوە. ئەگەر بەشێوەی (نسبەو تەناسب) ڕێژەی کورسی پارێزگاکان بەرز بکەینەوە بۆ ئەوەی ژمارەی کوردسییەکان بگەن بە ئاستی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئەوا ئەنجامەکە بەم شێوەیە دەبێت (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) جیاوازی پێوەرەکان بەراورد بە دەرەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان  بەپێی ئەو پێکهاتەیەی ئێستا لە پەرلەمانی کوردسان هەیەو دەرەنجامی هەڵبژاردنی (30 ئەیلولی 2018)یە، هەڵبژاردنەکە بە شێوەی یەک بازنەیی ئەنجام دراوە، لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەم شێوەیە بووە (بڕوانە خشتی ژمارە (4)) لێرەوە ئەوە بەدیدەکرێت کە ژمارەی کورسییەکانی پاێزگای هەولێر (41) کورسی و پارێزگای سلێمانی (35) کورسی و پارێزگای دهۆک (23) کورسی و پارێزگای هەڵەبجە تەنها (1) کوردسی بەرکەوتووە، لە پەیڕەوکردنی سیستمی (1) بازنەی هەڵبژاردن. بەڵام گۆڕانکاری ڕوودەدات کاتێک هەرێمی کوردستان بکرێتە (4) بازنەی هەڵبژاردن، ئەم خشتەیەی خوارەوە بەراوردی ئەو گۆڕانکارییە دەرەخات (بڕوانە خشتەی ژمارە (5))  


درەو: نەوشیروان مستەفا لە كتێبی پەنجەكان یەكتری دەشكێنن, دیوی ناوەوەی روداوەكانی كوردستانی عێراق لە 1970 تا 1983 دا دەڵێت: رۆژێكیان خەریكی شتنی قەمسەڵەكەم بووم, تەشتێكی گەورەم دانابو قەمسەڵەكەم تێخستبوو, خەرێكی شۆردنی بووم, حەمەی حەمە باقی  بەهەڵەداوان هات كردی بە هەرا, وتی : ئێوە رێزی هونەرمەند ناگرن! ئێوە رێزی نوسەر ناگرن! ئێوە هەر چەك و چەكدارتان بەلاوە گرنگە!. وتم: كاكە حەمە هێواش چییە؟ وتی: دلێریان نارد حەپسی بكەن. وتم: دلێر كێیە؟ وتی: دلێر مۆسیقارێكی گەورەی كوردە. وتم: كێ‌ ناردویەتی حەبسی  بكا؟ وتی: ئەرسەلان. وتم: دانیشە ئێستا ئەنێرم بەدویا بیهێنن بۆ ئێرە, دڵی ئەدەینەوە و لەگەڵ ئەرسەلان ئاشتیان ئەكەینەوە. ئەرسەلان كاروباری راگەیاندنی یەكێتی ئەكرد, ناردم بەدوای دلێردا هات, چیرۆكەكەم لێپرسی  وتی: من تازە هاتومەتە دەرەوە لە شار لە رێكخستندا بووم, ئەرسەلان ناردمی بۆ فڵان بەش لە راگەیاندن لەگەڵ زەوقی من نەئەگونجا, وتم ناچم, وتی ئەبێ‌ هەربچی, وتم ناچم, وتی ئەگەر نەچی ئەتنێرم بۆ زیندان, وتم هەر ناچم لەسەرئەوە ناردمی حەپسم بكەن. دیاربو دلێر چاوەڕوانی پێشوازی گەرم و نازكێشانی زۆری كردبو, ئەم رەفتارە ئەرسەلان پێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی ئەو بوو. زۆر دڵگیر ببوو, من دڵم دایەوە ویستم توڕە بوونەكەی خاو بكەمەوە و تێبی بگەیەنم كە یەكێ دێتە دەرەوە ئەبێ‌ بە گوێرەی پێویستییەكانی جوڵانەوەكە لێرە یا لەوێ‌ دابنرێ نەك بە ئارەزوی حۆی, ئەگینا كارەكان ناڕۆن و تۆ پیاوێكی تێكۆشەر‌و هونەرمەندی و ئەو شتانە لە خەڵكی تر باشتر ئەزانی, ئەرسەلانیش پیاوێكی تێكۆشەرە و تازە لە زیندان هاتۆتە دەرێ‌‌و شارەزای كاروباری  راگەیاندنەو بۆ قازانجی راگەیاندن ئەو داوایەی لێكردوی, ئەبوایە قبوڵت بكردایە  یان بە خۆشی و بێ‌ توڕەبون رەتت بكردایەتەوە. هەرچی لەگەڵم وت دڵی بهێنمەوە جێگای خۆی كەڵكی نەبوو, بێ‌ ئەندازە لاسار بوو, سور بوو لەسەر ئەوەی ئیتر بەلای مۆسیقادا ناچێ‌ و پێشمەرگایەتی ناكا, منیش گەیشتە تینم ‌و وتم: كاك دلێر عاجز مەبە شۆڕش بەبێ‌ مۆسیقاش دەكرێ. -    كتێبی پەنجەكان یەكتری دەشكێنن, نوسینی نەوشیراون مستەفا ئەمین،لاپەڕە   261.   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand