وێنەیەكی (مەسعود بارزانی و قوباد تاڵەبانی) مشتومڕی درووست كردووە
2023-03-09 09:10:05
درەو:
دوو وێنەی جیاوازی مەسعود بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەیەك شوێنداو لە كاتی پێشوازی لە میوانەكانیان مشتومڕی درووستكردووە، شوێنی دیدارەكە میوانخانەكەی سەرۆكایەتی هەرێمە، ئەوە لە كاتێكدایە مەسعود بارزانی بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی حزبە كوردستانیەكانی نەكردووە لە سەرۆكایەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانیش بایكۆتی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووەو لە سەرۆكایەتی هەرێمەوە دەردەكەوێت.
رۆژی 7ی ئازاری رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی كردووە، رۆژی 2ی ئازاری رابردوو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆبووەوە.
بە پێی ئەو وێنانەی بڵاوكراونەتەوە هەردوو دیدارەكە لەیەك شوێن و لەیەك هۆڵدا بووەن واتا دیدارەكەی بارزانی و عەلاوی و دیدارەكەی قوباد تاڵەبانی و گۆتێرێس، بەڵام دیدارەكە پێنج رۆژی جیاوازیان هەیە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) شوێنی هەردوو دیدارەكە میوانخانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە كە دەكەوێتە ناو ماڵەكەی نێچیرڤان بارزانی لەناو شاری هەولێرە.
دەركەوتنی مەسعود بارزانی لە میوانخانەكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا لە كاتێكدایە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چەندین كۆبوونەوەی بۆ كەسی یەكەمی حزبە كوردستانیەكان لە سەرۆكایەتی هەرێمكردووەو مەسعود بارزانی بەشدار نەبووە لە هیچ یەكێك لەو كۆبوونەوانەی كە نێچیرڤان بارزانی رێكی خستووە.
لە هەمانكاتدا قوباد تاڵەبانی لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە بایكۆتی كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، بەڵام لە میوانخانەیەكی سەرۆكایەتی هەرێمەوە دەردەكەوێت و بەشداری لە كۆبوونەوەو دیدارەكاندا دەكات.
ئەم دیدار و كۆبوونەوانە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی، تیمی حكومی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران ناكەن، زۆربەی وەفد و نوێنەری وڵاتانی جیهان كە دێنە هەولێر لەگەڵ هەردوولا كۆدەبنەوەو داوای چارەسەری كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەكەن.