درەو: راپۆرتی:BBC چۆن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی توانای راگرتنی بڕیاری راگواستنی پەنابەرانی لە بەریتانیاوە بۆ رواندا هەبوو؟ دادگای ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوا ساتەکاندا توانی گواستنەوەی پەنابەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بوەستێنێت، پەرلەمانتارەکانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە توندی نیگەرانبوون کە دادگایەک بارەگاکەی لە دەرەوەی ولاتەکەیدا بێت بتوانێت گەشتێکی ئاسمانی بەریتانیا بوەستێنێت، بە تایبەت لە دوای ئەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا هاتۆتە دەرەوە، ئەمە یەکەم جاریش نییە ئەو دادگایە لە لایەن بەرپرس و سیاسییەکانی بەریتانیاوە هێرشی دەکرێتە سەر، کەواتە چیرۆکەکە چۆنە؟ دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپی چییە؟ دادگایەکی نێودەوڵەتییە لە ساڵی (1959) دامەزراوە، بارەگاکەیە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسایە، دادگاکە سەر بە یەکێتی ئەوروپا نییە، لە ژمارەیەک دادوەر پێکدێت کە یەکسانن بە ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی ئەندامن لە ئەنجومەنی ئەوروپی،جارنامەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان ناسراو بە (میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ)یان پەسەندکردووە، دادوەرەکان بە سیفەتی کەسی ئەندامن لە دادگاکەو نوێنەرایەتی ولاتەکانیان ناکەن. ئەنجومەنی ئەورپی چییە؟ ئەنجومەنی ئەوروپی گەورەترین رێکخراوی مافی مرۆڤە لە ئەوروپا، ژمارەی ئەندامەکانی (46) دەوڵەتە، لە ناویاندا (27) دەوڵەتیان ئەندامی یەکێتی ئەوروپان، ساڵی (1949) بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکانی ئەوروپا و جەختکردنەوە لە ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، تەنانەت لە ساڵی (1943) پێش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم،وینستۆن چەرچڵ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی بەریتانیا پێشنیاری دامەزراندنی ئەنجومەنێکی ئەوروپی کرد تا زامنی دووبارە نەبوونەوەی ئەو وێرانکارییانەی حکومەتی نازی بکەن کە کۆنترۆڵی ئەڵمانیای کردبوو، هەوڵی فراوانبوون و بڵاو کردنەوەی فاشییەتی دەدا لە هەمو کیشوەری ئەوروپادا، ئەم ئەنجومەنە دەسەڵاتی دەرکردنی یاسای نییە، بەڵام توانای فشارکردنی لە پێناو جێبەجێکردنی هەندێک لە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان هەیە کە ئەندامانی ئەنجومەنەکە لەسەر هەندێک پرسی دیاریکراو پێیگەیشتوون. میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ چییە؟ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە کە تەنیا ئەندامانی ئەنجومەنی ئەوروپا مافی بەشداریکردنیان هەیە. ئەم میساقە دادگای دامەزراند، بەو پێیەی شێوازی کارکردنی ڕێکدەخات و لیستی ماف و زەمانەتەکان لەخۆدەگرێت کە وڵاتانی ئەندام بەڵێنیان داوە پابەندبن پێیەوەی. تایبەتمەندییەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای چییە؟ ئەم دادگایە هەوڵی جێبەجێکردنی میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەدات، ئەرکە سەرەکییەکەی دڵنیابوونە لە لەوەی دەوڵەتەکانی ئەندام رێزدەگرن لە ماف و زەمانەتەکانی لە میساقەکەدا هاتووە. ئەم کارەش لە رێگەی ئەو سکاڵایانەی (پێی دەوترێت "داواکاری") لە لایەن تاکەکانەوە پێشکەشیان کراوە ئەنجام دەدات، یان هەندێک جار دەوڵەتێکی ئەندام یان زیاتر پێشێلکاریان بەرامبەر ماف و زەمانەتەکان کردووە. بڕیارەکانی دادگاکە پابەندکەرن واتە دەبێت دەوڵەتاکانی ئەندام پابەند بن پێیانەوە، دادگاکە سەدان داواکاری سەیرکردووە لە رۆژی دامەزراندنییەوە،هەندێک جار بڕیارەکانی یاساو رێکارە کارگێرییەکانی لە هەندێک وڵات گۆڕیوە. ئەو مافانە چین میساقی ئەوروپی دەیانپارێزێت؟ میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەم مافانە دەپارێزێت: • مافی ژیانکردن • مافی دادگایەکی دادپەروەرانە لە پرسە مەدەنی و تاوانکارییەکاندا • مافی رێزگرتن لە ژیانی تایبەت و خێزانی • مافی رادەربڕین • مافی بیرو ویژدان و ئایین • مافی چارەسەری کاریگەر • مافی بەهرەمەندبوون لە موڵکوماڵی تایبەت بەشێوەیەکی پارێزراو میساقی ئەوروپی چی قەدەغە دەکات؟ • ئەشکەنجەو مامەڵەو سزای نامرۆڤانەو سوکایەتی پێکردن • زیندانیکردنی نایاسایی • جیاکاری نێوان خەڵک لەبەهرەمەند بوون بە ماف و ئازادییەکان کە لە میساقەکەدا هاتووە • دەرکردنی هاوڵاتیانی وڵاتانی ئەندام یان رێگەگرتن لە هاتنەناوەوە • سزای سێدارە • دەرکردنی بەکۆمەڵی ئەوانەی هاونیشتمانی نین کێ مافی پێشکەشکردنی داوای هەیە بۆ دادگا؟ پێویست ناکات ئەو کەسەی داوایەک پێشکەشی دادگاکە دەکات هاوڵاتی یەکێک لە وڵاتانی ئەندام بێت، بەڵام دەبیت پێشێلکارییەکە لە لایەن یەکێ لە وڵاتانی ئەندامەوە لە دژی کەسێک لەسەر خاکەکەی ئەنجامدرابێت، ئەوەی داواکە پێشکەش دەکات دەبێت تاکێک یان پێکهاتەیەک، کۆمپانیایەک یان دامەزراوەیەک بێت،پێویستە قوربانی راستەوخۆی ئەو پێشێلکارییە بێت،سکاڵاکە نابێت گشتی بێت، لە دژی یاسایەک یان جێبەجێکردنی بێت، سکاڵاکە دەبێت لە دژی دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێک بێت کە میساقەکەیان ئیمزا کردووە، (نابێت لە دژی کەسێک یان دەستەیەکی تایبەت بێت). دادگاکە دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی دادوەری کە دەوڵەتێکی ئەندام دەریکردووە یان هەڵوەشاندنەوەی یاسا کارپێکراوەکانی وڵاتێکی ئەندامی نییە. بۆچی دادگاکە لە بەریتانیا مشتومڕی دروستکردووە؟ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی ژمارەیەک بڕیاری دەرکردووە بۆتە هۆی توڕەی حکومەتی بەریتانیا، بۆ نمونە ساڵی (2012) دادگاکە رایگەیاند ناکرێت ئەبو قەتادە، دەستەراستی ئوسامە بن لادن رێبەری تەنزیمی قاعدە رادەستی ئوردن بکرێتەوە بە تۆمەتی تیرۆر،چونکە لەوێ ناتوانرێت دادپەروەرانە حوکمی لەسەر بدرێت، بە پێی رای دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی. لە هەمان ساڵدا، دادگا هەڕەشەی لە بەریتانیا کرد، بەهۆی پابەند نەبوون بە بڕیاری دادوەر سەبارەت بە پێدانی مافی دەنگدانی زیندانییان. لەم دواییەشدا، دادگا بڕیاری راگرتنی گواستنەوەی هاوڵاتییەکی عێراقی بۆ رواندا بۆ سێ حەفتە راگرت، لە دوای بڕیاری کۆتایی دادگاکانی بەریتانیا لە تانەکەی بۆ بڕیاری گواستنەوەی، ئەمە لە کاتێکدا بوو دادگای باڵای لەندەن بڕیاریدا کە دەکرێت لە روانداوە جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا ئەگەر تانەکەی سەرکەوتوو بوو، بەڵام دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی رایگەیاند، میکانیزمیكی یاسایی نییە تا جێبەجێی بکەین و زامنی گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە بکات لە وڵاتێکی ئەفریقییەوە. لەم ماوەیەی دواییدا، پەرلەمانتاران و ئەندامانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار، داوای کشانەوەی شانشینی یەکگرتوو دەکەن لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی و میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ. سەرۆکوەزیرانی پێشوو (دەیڤید کامیرۆن) دژی داوای ئەندامانی حزبەکەی بۆ هاتنەوە دەرەوە لە ئەنجومەنی ئەوروپی وەستایەوە، بەڵام پێیوابوو کە پێویستە گۆڕانکاری لە شێوازی کارکردنی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپی ئەنجامبدرێت، چونکە بە پێی بۆچوونی ئەو هەڵەیە دادگاکە پێچەوانەی دەسەڵاتی پەرلەمانی بەریتانیا بێت. بەڵام بۆریس جۆنسۆن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەرگای بە کراوەیی بەجێهێشت بۆ گریمانەی کشانەوەی لە میساقەکە تا ئاسانکاری بکرێت بۆ گواستنەوەی پەنابەران لە بەریتانیاوە. هەڵوێستی حکومەتی بەریتانیا دەربارەی میساقی ئەوروپی بۆ مافەکانی مرۆڤ؟ بەریتانیا یەکەم دەوڵەت بوو لە ساڵی (1951) میساقەکەی پەسەندکرد، لە چوارچێوەی یاساکانی بەریتانیا پارێزگاری لێدەکرا بە پێی یاسای مافەکانی مرۆڤی ساڵی (1998) کە رێگەی دەدا لە دادگاکانی بەریتانیا ئەو مافانەی لە میساقەکەدا هاتووە جێبەجێبکرێت. بەڵام حکومەت بەڵێنیدا دا بە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی مافی مرۆڤ و گۆڕینی بە یاسایەکی تر، ئەمەش دوای بەڵێنی پارتی پارێزگاران بەچاکسازی یاساکانی مافی مرۆڤ دێت لە بەرنامەی هەڵبژاردنیاندا بۆ ساڵی (2019). حکومەت دەڵێت، گۆڕانکارییە پێشنیارکراوەکان ئازادی رادەربڕین بەهێزدەکات، رۆڵی پەرلەمان دەخاتەوە پێگەی باڵای بڕیاردان، بەڵام ئۆپسزیۆن وایدەبینن کە چوارچێوە بۆ تایبەتمەندی و ئازادییەکان دروستدەکات و بوارێکی زیاتر دەدات بە حکومەت بۆ چاودێری هاوڵاتیان. لە بی بی سی وەرگیراوە.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) شوناس پەیوەندییەکی قووڵی بە دانپێدانانەوە هەیە. هیچ گەلێک کێشەی شوناسی لەگەڵ خۆیدا نییە گەر کێشەی دانپێدانانی لەلایەن حوکمرانێتییەکەوە نەبێت. هەموو کۆمەڵگایەک کێشەی شوناسی کۆمەڵایەتی و ئایینیی و کولتووریی لەناو خۆیدا هەیە، بەڵام هەموو کۆمەڵگایەک کێشەی شوناسی لەگەڵ خۆیدا نییە. تەنها ئەو گەلانە کێشەی شوناسیان لەگەڵ خۆیاندا هەیە کە بە هەر هۆیەک بێت دەسەڵاتێکی بیانیی دانیان پێدانەنێت و وەک پێکهاتێکی کۆمەڵایەتیی یان ئەتنی یاخود ئایینیی نامۆ و مەترسییدار بۆ شوناسیی نەتەوەیی دەوڵەتی نەتەوەییەکەی نماییشیدەکات. بۆ نموونە کوردبوون لە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردی تێدا دەژیی، کێشەیە. کوردبوون هەم کێشەیە بۆ دەوڵەتە مەرکەزییەکان و هەم کێشەیە بۆ کورد خۆی. کوردبوون کێشەیە بۆ دەوڵەتە مەرکەزییەکان، چونکە قەیرانی بۆ چەمکی ناسیۆنالیزمی ئەو ئەتنییانە دروستکردووە کە لەسەر پرنسیپی یەک خاک، یەک نەتەوە دامەزراوە. بە بوونی شوناسی کوریی لەناو جەستەی دەوڵەتی نەتەوەیی شتێک نامێنێتەوە ناوی دەوڵەتی نەتەوەیی پاکژ بێت. بەم چەشنە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کوردی تێدادەژی لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و ئەتنی و کولتووریی و زمانییە دەوڵەتی هۆمۆجێن و شێلگیری نەتەوەیی نین. هەر ئەم خاڵەشە بووە بە برینێکی نەتەوەیی ناو جەستەی ناسیۆنالیزمی تورکیی و فارسیی و عەرەبیی. لەلایەکی ترەوە کوردبوون کێشەی بۆ کورد خۆشی بەرهەمهێناوە، چونکە هیچ تاکێکی کورد وەک کەسێکی هەمان خاوەن ماف و خاوەن دەسەڵات و سەروەریی تەماشاناکرێت وەک تاکێکی تورکیی یان عەرەبیی یاخود فارسیی هاوماف و ئازاد نییە. بێگومان قەیرانی شوناس لە ناوخۆی هەموو کۆمەڵگاکاندا بە شێواز و مۆدێلی جیاواز بوونی هەیە، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا لە نێوان خۆرهەڵات و بەشە خۆرئاواکەی ئەو دەوڵەتە تاوەکو ئەم چرکەساتەش کێشەی شوناس و ئابووریی و کولتووریی بوونی هەیە. لە ئەمریکا لە نێوان ئەفرۆئەمریکانەکانەکان و سپی پێستەکاندا بوونی هەیە. لە ئیسپانیا کێشەی شوناسی ئەتنیی نێوان دەوڵەتی مەرکەزیی و کاتالانییەکانمان هەیە، کێشەی ئیرلەندای باکوور و شانشینی یەکگرتووی بریتانیای مەزن هەم رەهەندێکی سیاسیی و هەم رەهەندێکی ئایینی هەیە. لە نوێترین نموونەشدا داننەنانی روسیای پوتین بە شوناسی نوێی ئۆکرانیا یەکێک بوو لە هۆکارەکانی ئەم جەنگە مەترسییدارەی نێوان هەردوو دەوڵەتەکە. لە هەرێمی کوردستانی دوای بەعسیزم جگە لە کێشە هەڵپەسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کێشەی ناوچەیی و ناوخۆیی قوڵمان لە نێوان یەکێتیی و پارتییدا هەیە کە جیاوازیی لە داهات و خزمەتگوزاریی و گوتارە سیاسییەکاندا بەرهەمدەهێنێت. بەبۆچوونی من، لە مێژووی نوێی کوردییدا هیچ کاتێک هێندەی ئەم قۆناغە شوناسی کوردبوون لە قەیراندا نەبووە. کوردبوون نەک بە مانای شەڕواڵ و جامانێ، بەڵکو بەمانای خۆپێناسکردنی تاکێک یان گروپێک بە شوناشێکی کۆمەڵایەتیی ئەنترۆپۆلۆژیی کە رەهەندێکی سیاسیی، کولتووریی و مێژوویی هەیە. کوردبوون ئەمڕۆ لەنێوان چەندین ئاراستەی جیاواز و ناکۆکدا دابەشبووە، پارتی مۆدێلێکی کوردبوونی بەرهەمهێناوە کە چەقی وەلائەت تیایدا بۆ نیشتیمان نییە، بەڵکو بۆ بنەماڵە و خێزانێکی سیاسیی دیاریکراوە. بۆیە کوردبوون لای پارتی کاتێک دەبێت بە مەزایا و ئیمتیازێکی کۆمەڵایەتیی کە موریدێکی گوێڕایەڵی شێخانی ئەو خێلە سیاسییە بیت. لای یەکێتیش شوناسی کوردبوون بە یەکێتییبوونەوە تێکهەکێشکراوە و یەکێتییبونیش بە بنەماڵەی تاڵەبانیی. یەکێتییبون جگە لەوەی وەک پارتییبوون لە ڕووی جوگرافییەوە لە ناوچە و جوگرافیایەکی دیارییکراودا قەتیسماوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ پرنسیپە بنەماڵەییەکانی پارتیی بۆ کوردبوونیش نەماوە. لای هێزە ئیسلامییەکانیش بە میانڕەو و توندڕە و ئیخوانیی و سەلەفییەکانەوە ئیسلامییبوون چەندین رەهەندی جیاواز و ناکۆک و دژ بەیەکی هەیە، بەڵام خاڵی بنەڕەتی نێوانیان قورئانە کە سەرچاوەی شەرع و یاسایە. کۆمەڵگای کوردیی لەمڕۆدا کێشەی شوناسی نوێی هەیە کە پارتی و یەکێتی و هێزە سیاسییەکانی تر نە لێیتێدەگەن و نە دەشیانەوێت کاری تێدابکەن، بۆ نموونە پرسی سوناس و ئینتیما لای نەوەی نوێ و پرسی جێندەر و ژینگە کە بوونەتە بەشێک لە وشیاری نەوەی تۆڕەکۆمەلایەتییەکان. گەر شوناسی کوردیی لە دەسەڵاتدارێتی بەعسیزمدا لەژێر مەترسییەکی گەورەدا بووبێت، ئەوا شوناسی کوردیی لەژێر دەسەڵاتدارێتی کوردییدا لە قەیرانێکی گەورەدایە. لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا کۆمەڵگای کوردیی بە قۆناغی زۆر مەترسییداردا تێپەڕی و دەسەڵاتی مەرکەزیی بەردەوام کاری لەسەر دەستکارییکردن و سڕینەوە و گۆڕانی شوناسی کورد دەکرد. دوای قۆناغی دورستکردنی ناوچەی قەدەغەکراو و ڕاپێچکردنی دانیشتوانی گوندەکان بۆ ناو ئۆردوگاکان شتێک نەما بەناوی جوتیاری کورد بێت. ستراتیژی بەعسیزم زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو، کورد تەنها کاتێک مافی مانەوەی هەیە کە نەبێت بە پێکهاتێکی سیاسیی. بۆ ئەم مەبەستەش بەعس دەستکارییەکی قووڵی شوناسە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانی کۆمەڵگای کوردیی دەکرد و هیچ گروپێکی کۆمەڵایەتی نەما کە بەعس دەستکاری شوناسە چینایەتییەکەی نەکردبێت. لە سەردەمی بەعسەوە تادەگاتە سەردەمی دەسەڵاتی کوردیی سیاسەتی شوناس بە دوو قۆناغی جیاوادا تێدەپەڕەت. لە کاتێکدا بەعس شوناسی جوتیاری کوردی نەهێشت و زۆرینەیانی کرد بە جاش و قاچاخچیی و بێکاری ناو ئۆردوگاکان، دەسەڵاتی کوردییش بە کردنی زۆرینەیان بە پۆلیس و پێشمەرگە و ئاساییش، رێگر بوو لە دروستکردنەوەی ئەو شوناسە کۆمەڵایتییە سروشتییە. هەردوو پرۆسەکە کوشتنی شوناسی کۆمەڵایەتیی جوتیاری کورد بوو بە مۆدێل و فۆرمی جیاواز. گەر سەردەمانێکی دوورودرێژ مرۆڤ لەڕێگای ئایینەکەی یان مەزهەبەکەیەوە پەیوەندارێتیی (ئینتیما) بۆ گروپەکەی هەبووبێت و شانازیی پێوەکردبێت، و ئەوا لەگەڵ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم لەڕێگای ئایدیۆلۆژیاوە شوناسی کۆمەڵایەتیی بۆ خۆی دروستدەکرد. لەمڕۆشدا زاراوەی شوناس یان سیاسەتی شوناسسازیی دابەشبووە بۆ چەندین پارچەو کەرتی جیاجیا، چونکە کۆمەڵگا خۆی دابەشبووە بەسەر چەندین کوانو و گەردیلەی کۆمەڵایەتیی. هەموو ئەو ئایین و ئایدیۆلۆژیا عەلمانییانەی کە هەوڵدەدەن کۆمەڵگایەکی پاکژ دروستبکەن، لەهەناوی خۆیاندا سڕینەوەی هەموو شوناسەکانی تریان هەڵگرتووە کە بە نەیار یان دوژمن یاخود نامۆ بە شوناسە پێناسکراوەکەی خۆیان دەیبینن. نە کوردبوون لەخودی خۆیدا شەرمە و نە عێراقییبونیش، ئەوەی وامان لێدەکات ئەم شوناسانە بە نەنگیی یان پیرۆز بزانین ئەو دیدگا ئایدیۆلۆژییانەیە کە بڕوای بە فرەیی کۆمەڵگا نییە. هەم کۆمەڵگای عێراقیی کۆمەڵگایەکی مۆزاییک ئاسایە و هەم کۆمەڵگای کوردییش فرەشوناسە. بەعسیزمیش تاکە پرۆژەیەکی سیاسیی تۆتالیتێر بوو کە هەموو شوناسە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقیی و کوردیی لەناو پرۆسەی بەعسییبووندا سڕییەوە. زۆرینەی ئەو کێشانەی کە ئێستا کورد لەناو عێراقدا هەیەتی و عێراقیش لەگەڵ خۆیدا هەیەتی، چەندە بەرئەنجامی هێزگەلێکی نادیموکراسی و دژەفرەیی ناو جیهانی عەرەبیی و عێراقیین، ئەوەندەش بەرهەمی سیاسەتی بێشوناسی پارتیی و یەکێتیین.
درەو: راپۆرتی: روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ خوێندكارێكی زانكۆ دەڵێت " مامۆستاكەم نمرەی وانەكەمی كەمكردەوە لەبەر ئەوەی رازی نەبووم خواستە سێكسیەكانی جێبەجێبكەم" كچێك دەڵێت: لەبەرامبەر پێدانی دەرمان بۆ دایكە نەخۆشەكەم كارمەندی نەخۆشخانەكە داوای سێكسی لێكردم" مامۆستایەك دەڵێت بەرێوەبەری قوتابخانەكەم داوای سێكسی لێكردم" ئەمانە بەشێكن لە راپۆرتێكی روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ كە شایەتحاڵەكان خۆیان قسەیان كردووە. روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، حاڵەتەکانی هەراسانی سێکسی لە زۆربەی دامەزراوە حکومی و تایبەتەکان و تەنانەت لە ماڵەکانیشدا لە زیادبووندایە بە پێی قسەی شایەتحاڵ و قوربانییەکان. روانگەی عێراقی، گوێبیستی شایەتحاڵەکان بووەو چەندین چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، ژن، پیاو، هەروەها کارمەندانی ئاسایش و ڕۆژنامەنوس و مامۆستا قسەیانکردووە، وردەکاری رووداوەکانی هەراسانی سێکسیان خستۆتەروو کە لە نەخۆشخانەو زانکۆکان و قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان و کەرتی تایبەت و هەروەها دەزگاکانی راگەیاندن روویانداوە. هەموو قسەکەرەکان داوایانکردووە کە ناویان نەهێنرێت و زانیارییەکانیان بەجۆرێک ئاشکرا نەکرێت، ببێتە هۆی ناسینەوەیان یان ناسینەوەی ئەنجامدەرانی حاڵەتەکانی هەراسانی سێکسی، لەترسی کۆمەڵگەو و بەدواداچوونی خێڵەکی. "چارەسەر لە بەرامبەر سێکسدا" ژنێک کە داوای کرد ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت بە روانگەی عێراقی راگەیاند، لەگەڵ دایکە تووشبووەکەی بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی (اڵامل) لە بەغداد، لە لایەن کارمەندێکی نەخۆشخانەکەوە داوای سێکسی لێکراوە بەرامبەر پێدانی دەرمان و چارەسەر بە دایکی، هەروەها دەڵێت: " چارەسەری دایکم لەسەر ئیمزایەکی ئەو وەستابوو، بیرم لە چارەسەری کێشەکە دەکردەوە،بە باوکیشم نەوت تا کێشەکە گەورەتر نەبێت،ترساشم زەرەر لە دۆخی تەندروستی دایکم بەم ئەگەر بە فەرمی شکات بکەم، چونکە بەرپرسان لەگەڵ هاوڵاتیاندا نین، بۆیە بێدەنگبووم." دوای رۆژێک لە رووداوەکە دایکی کۆچی دوایی کرد. هەروەها وتی:" دوو جاری تریش حاڵەتی هەرسانکردنی سێکسیم بەسەرداهاتووە، یەکەمیان، لە لایەن مامۆستایەکی زانکۆوە بوو، نمرەی زانستی وانەکەی کەمکردبووەوە، چونکە رازی نەبووم هەراسانم بکات، هەرچەندە لە پلەی دووەمدا بووم لە هەردوو قۆناغی بەکالریۆس و ماستەریشدا." لەگەڵ ئەوەشدا ئەم (سزادانەم) کەمتر بوو لەوەی هاوڕێیەکم سزا درا "مامۆستاکەی هەراسانی کردبوو، ئەویش وەڵامی نەدابووەوە بۆیە لە وانەکەیدا دەرینەچاند" حاڵەتی دووەم کە تیایدا رووبەرووی هەراسانکردن بۆتەوە کاتێک بووە کە داوای کاری پەیامنێری پێشکەش بە یەکێک لە کەناڵە ئاسامانییەکان کردووە: "لە لایەن سەرۆکی پەیامنێرەکانەوە هەرسانکرام، سەرەڕای تواناکەم بە ناچاری لە کارەکە کشامەوە." رۆژنامەنووسێک قسەی بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد، داوای کرد ناوی خۆیی و ئەو دامەزراوەیەی کاری بۆ دەکات نەهێنرێت، پەیامێکی دەنگی بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ ناردووە: "بەڕێوەبەرێک لە دامەزراوەکەمان هاوڕێیەکمانی هەراسان کرد لە ناو شوێنی کارکردنماندا، هاوڕێکەمان دەستی بە لێدانی بەڕێوەبەرەکە کرد، بۆیە لە کارەکەی دەرکراو تۆمەتبارکرا بە درۆو دزینی پارە لە جانتای کچە هاوڕێکانی." "مامۆستایەکی زانکۆ بەزۆر دەست بۆ سنگی کچە خوێندکارێک دەبات" لە زانکۆی بەغداد، خوێندکار (ز.خ) لە ژووری یەکێک لە مامۆستاکاندا رووبەرووی هەراسانکردنی سێکسی بووەوە، هاوڕێیەکی چیرۆکەکە دەگیڕێتەوە:"چووە ژورەکەی تا پرسیارێکی لە بارەی وانەکانییەوە لێبکات، مامۆستاکە دەستی بۆ سنگی برد، لای سەرۆکی زانکۆ شکاتی لێکراو بۆ ماوەی ساڵێک لە وانەوتنەوە دورخرایەوە." هاوڕێکەی کە خەریکی خوێندنی ماستەرە و داوای کرد ناوی نەهێنرێت تا لە کێشە دوربێت، دەڵێت:"مامۆستایەک لە هەمان کۆلێج شەوێکی درەنگ پەیوەندی بە هاوڕێیەکمەوە دەکات و داوای لێدەکات کە سنگی بە روتی و شوێنە هەستیارەکانی تری جەستەی پیشان بدات، پاشان بیانوی بۆ ئەم پەیوەندییە ئەوە بو کە دەرمانێک وەردەگرێت کاریگەری لەسەر هۆشی دەکات." ئەم حاڵەتە "بە راگرایەتی کۆلێج و سەرۆکایەتی زانکۆ رانەگەیەنرا، چونکە یەکەم حاڵەتێکی نامۆ نەبوو وەک ئاسایی لێهاتبوو،هەموو دەیانزانی، وە جگە لە کێشە و ناوبانگی خراپ هیچی بۆ خوێندکارەکە نەدەهێنا سەرەڕای ئەوەی کە قوربانی بوون، بۆیە زۆرینە وای بە باش دەزانن کە بێدەنگی هەڵبژێرن، وە کەمن ئەوانەی کە بوێری دەکەن و بە فەرمی شکات دەکەن، ئەمانیش لای کەس باسی ناکەن ئەوانە نەبێت کە متمانەیان پێیانە تا ئامۆژگاریان بکەن و هاوکاریان بن." بە پێی وتەی خوێندکارێکی شایەتحاڵی رووداوی هەراسانی سێکسی. بە پێی ئەو شایەتحاڵانەی قسەیان بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافی مرۆڤ کردووە و ئەو چاوپێکەوتنانەی ئەنجامدراوە، قوتابخانەکانیش حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسیان تیادا روودەدات،مامۆستایان و خوێندکارانیش وەک یەک روبەرووی هەراسانکردن دەبنەوە. لە بەغداد، مامۆستایەک بە روانگەی عێراقی وت:"بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیان داوای لە مامۆستایەکی هاوڕێیان کردووە کە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ببەستێ، بەڵام رەتیکردۆتەوە بۆیە تەنگی پێهەڵچنیوە تا بێزار بووەو داوای گواستنەوەی بۆ قوتابخانەیەکی تر کردووە، ئەو مامۆستایە لە ناو خوێندکارەکاندا بە (مامۆستا سێکسییەکە) ناسراوە، چونکە داوی لێکردوون کە گرتەی سێکسی بۆ تەلەفۆنەکەی بنێرن." روانگە گوێی لە تۆمارێکی دەنگی گرت، دەیسەلمێنێت کە مامۆستایەک لە پارێزگای دیوانیە داوا لە یەکێک لە کچە خوێندکارەکانی دەکات پەیوەندی سێکسی لەگەڵ ببەستێت، لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکهێنرا، رۆژنامەنوسێک هەموو بەڵگەکانی گەیاندە نوسینگەی وەزیری پەروەردە. خوێندکارێکی قوتابخانەیەکی ئێواران دەڵێت، هاوڕێکانم کە تەمەنیان لە خوێندکارانی بەیانیان گەورەترە " واز لە هەراسانکردنی مامۆستایەک ناهێنن کە خۆبەخشانە وانەمان پێدەڵێت، بێ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە گرنگی بەم بابەتە بدەن." بەلسەم مستەفا، توێژەر لە زانکۆی واروکی بەریتانی و چالاکوانی بواری ژنان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:" لێکۆڵینەوەکانی زانستی دەروونناسی ئاماژە بەوە دەکەن کە رەتکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز چواردەوری هەراسانکردنی سێکسی بە هەموو شێوەکانییەوە داوە، بۆیە کچان و ژنان لە کاتی روبەروبوونەوەیان بە هەراسانی سێکسی بێدەنگی هەڵدەبژێرن و بە هیچ کەسی راناگەیەنن کە توشی هەرەسانکردنی سێکسی بوونەتەوە." هەروەها دەڵێت: "بە کەم سەیرکردنی ژنان بەهۆی کلتورێکی پیاوسالاری باڵادەستەوە، قوربانییەکە تاوانبار دەکات، ئەمەش بڕوابەخۆبوون و هەستکردن بە ئارامی نامێنێت، ترسی ئەوەی دەبێت کە سەرزەنشت بکرێت و سزابدرێت، هەمو ئەمانە پێویستی بە دانانی یاسای بەهێز هەیە هاوشانی هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردەیی بۆ گۆڕینی چەمکە باوەکان و بەهێزکردنی ڕۆحی پشتیوانی لەگەڵ ژنانی عێراق." "کارمەندەکانی پۆلیس مامەڵە دەکەن" لە هەمان چوارچێوەدا پۆلیسێک بە ناوی (ع.م) رووداوێکی مامەڵەی گێڕایەوە: ژنە سوڵکەرێکی عەرەب لە لایەن مەفرەزەیەکی پۆلیسەوە دەستگیرکرا، هیچ پەڕاوێکی فەرمی و نیشتەجێبوونی پێ نەبوو "پیش ئەوەی سەروو خۆمانی لێئاگادار بکەینەوە و حاڵەتەکەیان پێرابگەیەنین، ژنەکە بە دەموچاوییەوە ترسێکی زۆر دیار بوو، بەرپرسەکە داوای کرد کە سێکسی لەگەڵ بکات لە بەرامبەردا ئازادی دەکەن، لە راستیشداهەر ئەو روویدا." بە پێی شایەتی پۆلیسەکە "ئارامی لە ناو ماڵەکانیشدا نیە" لە چێشتخانەو بازاڕەکان، باخچە گشتییەکان، شەقام و ئۆتۆمبیلی کرێ، هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی، تەنانەت لە هەندێک شوێن کە سروشتی ئاینیییان هەیە، هەندێک کەس لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ و لە تەمەنە جیاوازەکاندا بە روانگەی عێراقی بۆ مەفەکانی مرۆڤ دەڵێن: " لە لایەن کرێکار،پیادە، شۆفێرەکان، پیاوە بە تەمەنەکان، روبەڕووی حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی وگوفتاری بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی قوربانییەکان بەتەنهاش نەبوون لە کاتی روودانی هەراسانکردنەکەدا و جلەکانیشیان فراوان بووە." "باوک و براکان هەراسانکەرن" بوونی کچ و ژنەکان لە ماڵەوە مانای ئەوە نییە پارێزراون لە هەراسانکردن، هەندێک جار لە لایەن باوک و براو خزمەکانیانەوە روبەرووی هەراسانکردن دەبنەوە تا دەگاتە ئاستی پەلاماری سێکسی و ئەنجامدانی سێک لە ژێر فشار و هەڕەشەدا." لەسەر بنەمای ئەوشایەتی و وتانەی کە روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ گوێبیستی بووە، زۆربەی قوربانییەکان وای بە باش دەزانن بێدەنگ بن بۆ دورکەوتنەوە لە (کێشە و ناوبانگی خراپ و رەتکردنەوەیان لە لایەن کۆمەڵگەوە، لە هەمان کاتدا نەبوونی بڕوا بە دادگاکان و بنکەی پۆلیس و سەختی سەلماندنی رووداوەکان لە بەردەمیاندا، چونکە ئەم سەلماندنە شەرمەزاریی دەهێنێت و ئەمەش درێژدەبێتەوە بۆ خێزانی قوربانییەکە لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپەرستدا کە چەمکی پیاوسالاری و داب و نەریتی توندی خێڵەکان زاڵن لە کەیسەکانی شەرەفدا." "خێڵ لە بری دادگاکان کێشەکان کۆتایی پێدێنێ" ماددەی (396)لە یاسای سزادانی عێراقی، (7)ساڵ زیندانی داناوە بۆ ئەو کەسەی کە بە تۆمەتی هەرسانکردنی سێکسی بە هێز یان هەڕەشە یان هەڵخەڵەتاندن تاوانبار دەکرێت،سزاکە توندتر دەبێت بۆ (10)ساڵ ئەگەر ستەملێکراو خوار تەمەنی (18) ساڵ بوو، لە کاتێکدا ماددەی (402) لە هەمان یاسادەلێت کە "هەراسانکردن بە داواکاری" سزاکەی (3)مانگە یان غەرامە، وە ئەگەر داواکەی دووبارە کردەوە سزاکە زیاد دەبێت بۆ(6) مانگ، شارەزایان وایدەبینن ئەمە بەس نییە تا وەک پێویست رێگری بکەین لە هەراسانکردن. ماڵپەری ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لە راپۆرتێکی (15 ئەیلول 2019) لەزاری دادوەر سیماو نەعیم هوەیم لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی بەغداد ، دەڵێت:"دادگاکان کەیس و شکاتی زۆرمان لەسەر حاڵەتی هەراسانکردنی سێکسی بۆ دێت، بەڵام زۆرینەی کەیسەکان بە سوڵحی عەشایری کۆتایی پێدێت، موحافیزکاری کۆمەڵگەی عێراقی هۆکاری گەڕانەوەیە بۆ سوڵحی عەشایەری." "یاسایەکی تازە زۆر پێویستە" عەلی تەمیمی پسپۆری بواری یاسا، لە وتەیەکیدا بۆ روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت:" پێویستییەکی بەپەلە هەیە یاسایەكی نوێ دەربكرێت، كە ماددە یاساییە پەرش و بڵاوەكان كۆبكاتەوە، بۆ رێگریكردن لە هەراسانكردن، كە بووەتە دیاردەیەكی باو لە عێراق، بە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە هەروەها پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان حاڵەتەکانی هەراسانکردنی زیاترکردووە." روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ داوا لە دەسەڵاتی باڵای عێراق دەکات بەدواداچوون بکات و چالاککردنی رێکارە یاساییەکان دژی هەراسانکاران و تەرخانکردنی خەڵکانی راهێنراو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسەکانی هەراسانکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی تاوانباران لە سزا رزگاریان نابێت، هەروەها پاراستنی نهێنی ناسنامەی ئەو راپۆرتی تاوانی هەرسانکردنی داوە. هەروەها روانگە داوا لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەكات كە هاوكار بن لە دانانی یاسای توندتر بۆ رێگریكردن لە هەراسانكاران و رێگەنەدان بە دەربازبوون لە سزا تەنها لەبەر "سوڵحی عەشایەری"، بەتایبەتی ئەگەر كارمەندی حكومەت بن، روانگەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ دووپاتی كردەوە كە ئەم پرسانە بە توندی كاریگەری لەسەر دەروونی قوربانیان هەیە و كاریگەری لەسەر داهاتووی خوێندن و كاركردنیان هەیە تا دەگاتە ئاستی كۆچكردن و خۆكوشتن.
درەو: وەزارەتی نەوتی عێراق لیژنەیەكی باڵای درووستكردووە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم و داوا لە كۆمپانیا نەوتیەكان دەكات لە هەرێم كارنەكەن: 🔹ئەو كۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێم كاردەكەن دەبێت بەڵێننامەیەك پڕبكەنەوە كە نابێت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كاربكەن چونكە پێچەوانەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیە. 🔹 ئەگەر ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێم كاردەكەن و لە ئێستادا پرۆژەیان هەیە، دەبێت لەماوەی سێ مانگدا كارەكانیان تەواو بكەن. 🔹 ئەگەر ئەو كۆمپانیانەی لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێم كاردەكەن پابەند نەبن بە خاڵی یەكەم و دووەم، ئەوا لەلایەن بەغداوە دەخرێنە لیستی ڕەشەوەو نابێت كاریان لەگەڵدا بكرێت .
راپۆرت: درەو-ئالان بەرزنجی دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، عێراق لە بنبەستی سیاسی دەرباز دەبێت یان دەكەوێتە ناو بنبەستێكی ترەوە بە روخسارێكی نوێوە ؟ سەدر لە پەرلەمان كشاوەتەوە، بەڵام لە حكومەتی كازمیدا هێشتا باڵادەستە، ئەو بەر لە كشانەوە لە پەرلەمان بودجەیەكی بۆ حكومەتی كازمیی پەسەندكردووە، هاوپەیمانەكانی (بارزانی+ حەلبوسی) بۆچونیان جیاوازە، حەلبوسی كە خەونە گەورەكەی بەدیهاتووە هەرزوو ماڵئاوایی لە سەدر كرد، بەڵام بارزانی هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا لەگەڵ مالیكی جارێكی تر دەچێتەوە ناو هاوپەیمانێتیی یاخود نا ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. حكومەتی هەیە؛ پەرلەمانی بۆچییە ! دوای زیاتر لە (8) مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، براوەی یەكەمی هەڵبژاردن (سەدر) نەیتوانی كابینەی نوێی حكومەت دروست بكاتو دواجار (75) پەرلەمانتاری خۆی لە پەرلەمان كشاندەوە. بڕیاری سەدر بۆ كشانەوە لە پەرلەمان دوای پەسەندكردنی یاسای (پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراك) هات لە پەرلەمانی عێراق، یاسایەك كە وەكو بودجە بۆ حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمی تەماشا دەكرێت. هەوڵی سەدرییەكان بۆ پەسەندكردنی ئەم یاسایە هەر لەسەرەتاوە وا لێكدرایەوە سەدر بەنیاز نییە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست بكاتو رێگاش نادات نەیارەكانی لەناو ماڵی شیعە (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی) حكومەت دروست بكەن، واتا سەدر دەیەوێت حكومەتی (مستەفا كازمی) وەكو خۆی بەردەوام بێت، حكومەتێك كە خۆی دەستی باڵای تێدا هەیە، ئەمە وەكو تۆڵەیەك بۆ مالیكیو دۆستەكانی كە لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە (یەك لەسەر سێی) پەكخەریان لەناو پەرلەمانی عێراق كردو خەونەكەی سەدریان كرد بە سەراب. فایەق شێخ عەلی پەرلەمانتاری پێشوو كە یەكێك لە سیاسییە دیارەكانی عێراق لە تویتێكدا دەڵێ" گرنگترین شت كە سەدر ویستی لەرێگەی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارەكانییەوە بیڵێو تائێستا بەشاراوەیی ماوەتەوەو كەس باسی نەكردووە ئەوەیە: سەدر دەڵێ من پێویستم بە پەرلەمانەكەتان نییە، كازمیم بەسەو حكومەتیش حكومەتی خۆمە..". سەدر لەكاتێكدا لە پەرلەمان كشاوەتەوە، بەڵام هێشتا لەناو پرۆسەی سیاسی عێراقدا بەردەوامەو بەشدارە لە حكومەتی كاربەڕێكەردا، واتا دیمەنەكە بەوشێوەیە نییە سەدر بەتەواوەتی دەستی لە گۆڕەپانە سیاسییەكە هەڵگرتبێت بۆ نەیارەكانی. هەوڵی گەڕانەوەی سەدر بۆ پەرلەمان جموجوڵەكان لە بەغدادەوە ئاماژە بەوە دەكەن لەناو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەروەها لەلایەن بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمارو فایەق زێدانی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە هەوڵێك هەیە بۆ قایلكردنی سەدرو پاشگەزكردنەوەی لە بڕیاری كشانەوە لە پەرلەمان. ئەوانەی هەوڵی گەڕانەوەی سەدر دەدەن بۆ پەرلەمان پێیانوایە بەبێ ئەو حكومەتی نوێ لە عێراق پێكنایەت، ئەگەر حكومەتیش دروست بكرێت بەهۆی فشارەكانی سەدرەوە ناتوانێ بەردەوام بێت. ئەمە رەهەندی سیاسی بڕیارەكەی سەدرە، بەڵام لە رەهەندی یاساییەوە گەڕانەوەی ئەندامانی سەدر بۆ ناو پەرلەمان كارێكی ئەستەمە، چونكە بەگوێرەی ماددەی 12ی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تەنیا بە (دەستلەكاركێشانەوە) پەرلەمانتار ئەندامێتییەكەی لەدەستدەدات، پەرلەمانتارانی سەدر دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی (محەمەد حەلبوسی) سەرۆكی پەرلەمان كردو ئەویش ئیمزای لەسەر كرد، حەلبوسی دوای ئیمزاكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان وتی" تەنیا بە دەستلەكاركێشانەوە پەرلەمانتار ئەندامێتی لەدەستدەدات، ئیتر پێویست بەوە ناكات پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات". لەحاڵی دەستبەكاربوونی ئەو كاندیدانەی كە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر دەگرنەوە، ئەگەری گەڕانەوەی سەدر بۆ ناو پەرلەمان لەڕووی یاساییەوە لاوازتریش دەبێت، چونكە لە ئەگەری پاشگەزبونەوەی لە بڕیارەكەیو گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، پەرلەمانتارە نوێیەكان دەتوانن سكاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی پێشكەش بكەن، بەوپێیەی دەستلەكاركێشانەوەی سەدرییەكان لەڕووی یاساییەوە قۆناغی كۆتایی خۆی بڕیوەو توانای گەڕاندنەوەی نییە. لیستی بەرایی ناوی ئەو كاندیدانەی كە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی سەدر دەگرنەوە دەریدەخات، رێژەی 60%ی كورسییە بەتاڵەكانی سەدر لەلایەن لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پڕدەكرێنەوە كە نەیاری سەرسەختی سەدرن، ئەمانە كە هەر لە بنەڕەتەوە لە دەرەنجامی هەڵبژاردن ناڕازی بوون، ئێستا دەرفەتیان بۆ هاتوەتە پێش باری لاری ئەنجامەكانیان راست بكەنەوەو قایل نابن بە گەڕانەوەی سەدرییەكان بۆ پەرلەمان. ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات چارەسەری بنبەستی سیاسیی نییە، بنبەستێكی ترە بە روخسارێكی نوێیوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم) كە لەهەشت مانگی رابردوودا لەرێگەی دروستكردنی (یەك لەسەر سێی پەكخەر)ەوە لەناو پەرلەمان رێگرییان كرد لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەت لەلایەن سەدرو هاوپەیمانەكانی (بارزانی+ حەلبوسی)، ئێستا دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخساوە خۆیان حكومەت دروست بكەن، بەڵام هێشتا مەترسییەكانیان لە كاریگەریی سەدر لەسەر پرۆسەكە نەڕەویوەتەوە. سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە باسلەوە دەكەن، دوو ئاڕاستەی بیركردنەوە لەناو چوارچێوەدا هەیە، ئاڕاستەیەك داوا دەكات دۆخەكە لەگەڵ سەدر ئارامبكرێتەوەو لەرێگەی دەستپێشخەرییەكەوە قایل بكرێت بەوەی چاو بە بڕیارەكەیدا بخشێنێتەوە، ئەمە بۆ ئەوەی رێگەخۆش بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە تێكەڵەیەك بێت لە حكومەتی "زۆرینە"و حكومەتی "تەوافوتی" كە خاڵی سەرەكی ناكۆكیی هەردوو بەرە نەیارەكەی ناو ماڵی شیعەیە، ئاڕاستەیەكی تر لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیی هەیە كە توندڕەو ترەو داوا دەكات، تاوەكو دواین سات بەردەوام بن لە روبەڕووبونەوەی سەدرو بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ كشانەوەی لە پەرلەمان بكەنو كورسییە بەتاڵەكانی پڕبكەنەوە. سەرباری بەربەستە یاساییو سیاسییەكان، هێشتا هەندێك چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەدرییەكان دەكەن بۆ پەرلەمان، ئەمەش لە وڵاتێكدا كە تەنیا لەپێناو سازانی سیاسیدا بەردەوام دەستورو یاسا كارپێكراوەكان پێشێل دەكرێت. ناسەقامگیریی سیاسیی سەدریش هۆكارە بۆ ئەوەی پێشبینی گەڕانەوەی بۆ ناو پەرلەمان بكرێت، ئاخر ئەو بەرلە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی ئۆكتۆبەری 2021 وتی هەڵبژاردن بایكۆت دەكاتو بەشداری ناكات، بەڵام دواتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا گەڕایەوە بۆ ناو پرۆسەی هەڵبژاردنو زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی بردەوە. خەونی گەورەی سەدر ئەوەیە دەستی بە "مەرجەعیەتی باڵای ئاینی شیعەكان" بگات، رێگای سیاسەتی گرتوەتە بەر بۆ گەیشتن بەم خەونە، بۆیە هەمیشە لای ئەو سیاسەت قوربانی دەدات لەپێناو دیدە ئاینییەكەدا. بارزانیو حەلبوسی چی دەكەن ؟ سەرباری ئەوەی هاوپەیمانەكانی سەدر واتا (بارزانیو حەلبوسی) قایل بوون بە كشانەوەكەی سەدر لە پەرلەمان، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی بڕیاری خۆیان یەكلانەكردوەتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا دەچنە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یاخود نا، بڕیارە بارزانیو حەلبوسی دیدارێكی تر بكەنو قسەی خۆیان یەكلابكەنەوە. حەلبوسی براوەی یەكەمی ململانێ سیاسییەكانی دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر بوو، ئەو خەونی گەورەی ئەوە بوو جارێكی تر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێتەوە، هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدرو بارزانی ئەم خەونەی بۆ بەدیهێنا، لەڕاستیدا هاوپەیمانی سێقۆڵی تەنیا ئەم پۆستەی پێ پڕكرایەوە، پۆستی سەرۆك كۆمار كە بۆ پارتی بوو، هیچی لێ سەوز نەبوو، سەرۆكایەتی حكومەتیش كە دەبوو لای سەدر بێت، لەلایەن سەدرەوە خۆیەوە كرا بە قوربانی مانەوەو بەردەوامبوونی حكومەتی مستەفا كازمییو شكاندنی نەیارەكانی لە شەقامی شیعەدا. پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەناو پێكهاتەی سوننەدا واتە رێبەری سیاسیی ژمارە (1)ی پێكهاتەكە، حەلبوسی نایەوێت ئەم خەونە بەدیهاتووە بخاتە ناو گرەوێكی ترەوە، بۆیە پێش بارزانی قسەی خۆی كردو وتی: كورسییەكانی سەدر لە پەرلەمان پڕدەكرێتەوەو پەرلەمان هەڵناوەشێتەوەو كار بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ دەكەن. بەڵام بارزانی هێشتا قسەی كۆتایی خۆی نەكردووە، ئەو تەنیا بەوەوە راوەستا كە لە تویتێكدا بڵێ" رێز لە بڕیارەكەی سەماحەتی سەید موقتەدا دەگرین". بارزانی لە هەشت مانگی رابردوودا بەهۆی هاوپەیمانێتییەكەیەوە لەگەڵ سەدر، هەم حزبەكەی (پارتی دیموكراتی كوردستان)و هەم هەرێمی كوردستانیشی روبەڕووی چەندین فشاری ناوخۆییو دەرەكی كردەوە، سەرەكیترینیشیان بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان. ئێستا بارزانی لەبەردەم دوو بژاردەدایە، گفتوگۆ لەگەڵ نەیارەكانی دوێنێ (چوارچێوەی هەماهەنگیی بە سەرۆكایەتی مالیكی)و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ یاخود بەردەوامبوون لەگەڵ سەدرو هەوڵدان بۆ دروستكردنی بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو درێژەدان بە تەمەنی حكومەتی كازمیی كە دڵخوازی خۆیەتیو ئەم هەنگاوە رەنگە فشارەكانی بەغداد بۆ ماوەیەك لەسەر هەرێمی كوردستان لاوازتر بكات، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە وەزارەتی نەوتو جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی. سەرباری ئەوەی حەلبوسی هەرزوو رەتیكردەوە بژاردەی هەڵوەشاندەوەی پەرلەمانو سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ لەئارادا بێت، بەڵام ئەم بژاردەیە هێشتا پەردەی بەسەردا نەدراوەو دەكرێت لە هەر كاتێكدا كارا بكرێت، بەتایبەتیش ئەگەر لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی تەبەنی بكەنو لەم رێگەیەوە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو جڵەوەی شەقامی ناڕازیی شیعە لەدەستی سەدر وەربگرنەوە.
شیكاری: درەو ئەگەر ڕۆژی 23ی 9ی 2019، هاوڵاتییەک (ملیۆنێک) دیناری بۆ کڕینی سەرجەم شمەک و پێداویستییەکانی مانگێکی خێزانەکەی خەرجکردبێت. ئەوا ئەمڕۆ هەمان هاوڵاتی بۆ هەمان ئەو شمەکانەی لە ساڵی (2019) کڕیویەتی، بچێت بۆ بازاڕ پێویستە (ملیۆنێک و 440 هەزار) دیناری پێبێت. ئەمە کاتێدایە داهاتی تاک لە هەرێمی کوردستان بەراود بە (10) ساڵی ڕابردووە (52%) کەمی کردووە. خەرجی و داهاتی مانگانەی تاک و خێزان لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی (2/10/2021) دکتۆر هەڤاڵ ئەبو بەکر پارێزگاری سلێمانی زینجیرەیەک ئاماری لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند؛ "پارێزگای سلێمانی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکان بە پشتبەستن بە ئامارو کێوماڵە بەردەوامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتەکانی پلاندانان لە حکومەتی ئیتحادیی و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لێکۆڵینەوەیەکی ئاماریی بەراوردکاریی لەنێوان ساڵانی (١٩٩١ بۆ ٢٠٢١)، واتە ماوەی (30) سی ساڵی ڕابردوودا کردووەو تەواوی سێکتەرە جیاجیاکانی تێدا ئاماژە پێکراوە. لە بەشێکی ئامارەکانیدا ئاماژە دراوە بە "داهات و خەرجی تاک" لە پارێزگای سلێمانی لە ساڵی (2021) تێكڕای خەرجی مانگێکی خێزان (ملیۆنێک و 123 هەزار) دینارە، تێكڕای خەرجی مانگێکی تاكەکەس (234 هەزار) دینارە. تێكڕای داهاتی مانگێکی خێزان (842 هەزار و 400) دینارە، تێكڕای داهاتی مانگێکی تاكەکەس (187 هەزار و200) دینارە. بەم پێیەش داهاتی مانگانەی هەر خێزانێک بڕی (280 هەزار و 600) دیناری کەمترە لە خەرجییەکانی، وەک چۆن خەرجی هەر تاکێکیش بڕی (46 هەزار و 800) دیناری زۆرترە لە داهاتی مانگێکی. ئەمە لە کاتێکدا لە ساڵی (2012) لە کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم (عەلی سندی -وەزیری پلاندانانی هەرێم) ڕایگەیاند داهاتی ساڵانەی تاک لە هەرێمی کوردستان (4 هەزار) دۆلاری تێپەڕاندووە، واتە مانگانە (333) دۆلاری مانگانە، لەو کاتەدا بەهای (1) دۆلاری ئەمریکی (هەزار و 166) دینار بووە، واتە داهاتی مانگانەی تاک بە دینار بریتی بووە لە (388 هەزار و 666) دینار بووە. بەم پێیەش داهاتی تاک لە هەرێمی کوردستان لەساڵی (2021) بەراورد بە ساڵی (2012) بڕی (201 هەزار و 466) دینار و بەڕێژەی (52%) کەمی کردووە. (بڕوانە خشەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) بەرزبوونەوەی نرخ و دابەزینی هێزی کڕین پاڵپشت بەو داتاو زانیارییانەی بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی/ سلێمانی، ڕۆژانە نرخی دراوو خۆراک لەبازاڕەکانی سلێمانی تۆمار دەکات، درەو دوو تۆمارەی جیاوازی بەڕێوەبەرایتییەکەی بەراورد کردووە کە لە (23/9/2029)ەو (13/6/2022) تۆماری کردوون (بڕوانە (هاوپێچی یەکەم و دووەم))، بەپێی ئامارەکە؛ نرخی سەرجەم کەل و پەل و دراوەکان بەڕێژەی جیاواز بەرز بوونەتەوە. ئامارەکان بە جۆرێکە بە تێکڕای ئەو نمونانەی درەو وەریگرتوون بە ڕێژەی (44%) بەزبوونەتەوە. بە واتایەکی تر ئەگەر ڕۆژی 23ی 9ی 2019، هاوڵاتییەک (ملیۆنێک) دیناری بۆ کڕینی سەرجەم شمەک و پێداویستییەکانی مانگێکی خێزانەکەی خەرجکردبێت. ئەوا ئەمڕۆ هەمان هاوڵاتی بۆ هەمان ئەو شمەکانەی لە ساڵی (2019) کڕیویەتی، بچێت بۆ بازاڕ پێویستە (ملیۆنێک و 440 هەزار) دیناری پێبێت. بۆ بەرچاو ڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) نرخی شمەک و دراو لە نێوان (23/9/2019) (13/6/2022) هاوپێچی یەکەم هاوپێچی دووەم
درەو: پ.ی.د. كارزان محەمەد، مامۆستای زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی/ گۆڤاری ئاییندەناسی بەرایی هاتنەئارای قۆناغی گڵۆباڵیزم و گەشەكردنی ئامرازەكانی پەیوەندی، وێرای لایەنە ئەرێنییەكانی كە خێراتركردنی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی داتا و بیروبۆچوونە، جیهانی بەرەو ئەو گوندە ئەلیكترۆنییە ئاڕاستە کرد كە “مارشاڵ مەك لۆهان” Marshal Macluhan)) ((1911-1980 پێشبینیی بۆ كردبوو، كۆمەڵێك دیاردەی مەترسیداریشی لەگەڵ خۆیدا هێنا كە دیارترینیان سایبەر تیرۆریزمە و بووەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی. دۆسیەی تیرۆریزم یەكێكە لەو تاوانانەی لەگەڵ هەر پێشكەوتنێكی تەكنەلۆژیدا فۆرمی خۆی گۆڕیوە. لە هەر قۆناغ و پێشهاتێكی نوێدا ڕێوشوێنی جیاواز بۆ هەڕەشە و كردە تیرۆریستییەكان بەكارهێنراوە و بەردەوام لە پڕۆسەی خۆبەرهەمهێنانەوەدایە، ئێستاش نوێترین شێوازی كە سایبەرتیرۆریزمە، بە سوودبینین لە نوێترین تەكنەلۆژیای پەیوەندی، هەوڵ بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە دەدات كە بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بە پێشێلی پرەنسیپەكانی ئاسایشی كۆمەڵگای مرۆیی دادەنرێت. هەر چەندە لێكۆڵینەوە لە تیرۆریزم بە پێی مۆدێل و خەسڵەتەكانی دەگۆڕێت، بەڵام دیاردەی سایبەرتیرۆزم كە لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگی داعش، بە شێوەیەكی ئۆرگانیزەكراو و ئاڕاستەكراو، وەك شەپۆلێكی نوێی تیرۆر لە هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكەدا هاتووەتە ئارا، پێویستی بە توێژینەوە لە فاكتەر و ڕەهەندەكانی سەرهەڵدان، تیشكخستنەسەر ئەنجامدانی تاوانەكە هەیە، تا بتوانرێ بە شێوەیەكی دروست چەندین مۆدیلی بەگژداچوونەوە گەڵاڵە بكرێت تا ئەم تاوانە مۆدێرنە كەمترین كاریگەریی لەسەر ئاسایش و ئارامیی كۆمەڵگای كوردەواری جێ بهێڵێت. سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە ڕێگەی سایبەرتیرۆریزمەوە لەژێر كاریگەریی هەلومەرجی هەرێمی كوردستاندایە، تا ئەندازەیەكی زۆریش وابەستەیە بەو پێشهاتە نوێیانەی لە سیستمی سیاسەتی جیهانی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ڕوو دەدەن، بەڵام لە ئێستادا هەست بەو مەترسییە دەكرێت كە ئاڕاستەكەی لە ناوچەكەدا ڕووی لە كوردستانە، ئەمەش بایەخی لێتوێژینەوەی بۆ كۆمەڵگای كوردی هەیە و پێویستە لە ڕوانگەیەكی ئەكادیمییەوە شەنوكەوی بكرێت. چەمك و خەسڵەتەكانی سایبەرتیرۆریزم و هاتنەئارای لە كوردستان سایبەرتیرۆریزم وەك فۆرمێكی نوێی جەنگی ئەلیكترۆنی، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سیستمی نێودەوڵەتی و سەرجەم ئەو دەوڵەتانەش هەیە كە سەرقاڵی چەسپاندنی ئاشتی و ئارامیی وڵاتەكانیانن. لەم ڕوانگەیەوە ئەم چەمكە لەدوای هاتنەئارای، تا ئێستا لە چەندین ڕەهەندەوە پێناس و تایبەتمەندییەكانی تاوتوێ كراوە. ئەم شێوازە نوێیەی تیرۆریزم، بۆ یەكەمین جار لە ساڵی (1980) لەلایەن “باری کۆلین” (Barry Collin)ی پسپۆڕی بواری ئاسایش بەكار هێنرا، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكدا كە لە شاری كالیفۆڕنیای ئەمەریكا خستیە ڕوو، شەنوكەوی ئەم چەمكە نوێیەی تیرۆیزمی كرد و توێژینەوەیەكی لە بارەی كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگای مرۆیی خستە ڕوو[1]. مارك پۆليت (Mark Pollitt) لە پێناسەیەكدا لەو باوەڕەدایە سایبەرتیرۆریزم واتە: پەلاماردان و هێرشێكی ئەنقەستە بە ئامانجێكی سیاسی ئەنجام دەدرێت كە دژ بە سیستمی بەڕێوەبردنی دامەزراوە زانیارییەكانە، دەرەنجامی كاریگەریشی لێ دەكەوێتەوە[2]. دامەزراوەی “CRS” بەم چەشنە پێناسەی “سایبەر تیرۆریزم” دەكات: هەڕەشە یاخود پەلاماردانێكی نایاساییە بۆ سەر كۆمپیوتەر، تۆڕ و داتا ئەنباركراوەكانی ناو كۆمپیوتەر، بە مەبەستی ترساندن یان ناچاركردنی حكومەت یاخود جەماوەرەكەی بۆ دووركەوتنەوە لە ئامانجە سیاسی یاخود كۆمەڵایەتییەكانیان[3]. بە بڕوای “دورۆتی دەنینگ”، تیرۆریزمی ئەلیكترۆنی لە ڕێگەی میدیاوە واتە: بەكارهێنانی ژینگەی میدیا و بواری ئەلیكترۆنی بە ئامانجی تیرۆر، پەلاماردان و هەڕەشەی نایاسایی لە ڕێگەی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر و تۆڕەكانی زانیاری و بڵاوكردنەوە، ئەویش بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ یان ناچاركردنی دەوڵەت یان جەماوەر لە پێناو بەدیهێنانی كۆمەڵێك ئامانجی تایبەت[4]. لە كۆی ئەم پێناسانەدا، دەگەینە ئەو ڕاستییەی كە گەشەسەندنی تەكنەلۆژیا و كاریگەریی لەسەر پەرەپێدانی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی، ئاسانكاریی بۆ بەرەی تیرۆریزمیش كردووە تا پیلان و كرداری تیرۆریستی لەو ڕێگەیەوە ئەنجام بدەن. پسپۆڕانی بواری تیرۆریزمناسی، هاوساتی گەشەسەندنی تەكنەلۆژیای پەیوەندی، بایەخی زیاتریان بە مەترسییەكانی سایبەرتیرۆریزم داوە، چونكە لەو باوەڕەدان: تایبەتمەندییەكانی ئینتەرنێت و بەئاسان دەستڕاگەیشتنی تیرۆریستان بە چەكە سایبەرییەكان (واتە كۆمپیوتەر و هێڵی ئینتەرنێت)، بووەتە مایەی ئاڵۆزی و مەترسیداربوونی ئەم جۆرە تیرۆریزمە نوێیە بە بەراورد لەگەڵ جۆرەكانی تری تیرۆردا[5]. لە ڕووی ئامانجەوە، سایبەرتیرۆریزم بە پێی ئاڕاستەكەیان لە یەكتر جیاوازن، بەگشتی نەخشەڕێژی بۆ پەلامارە سایبەرتیرۆریستییەكان كە لەلایەن كەس و گرووپ و لایەنە جۆراوجۆرەكانەوە ئەنجام دەدرێت، هەر چەندە شێوازی ئەنجامدانیان جیاواز بێت، بۆ دوو جۆر پۆلێن دەكرێت: ا. سایبەرتیرۆریزمی ئاڕاستەكراو: ئەم شێوازە تاوان بە پێی پیلان و نەخشە ئەنجام دەدات، ئامانجەكەشی دروستكردنی فشارە بۆ بەرامبەرەكەی تا لەژێر كاریگەریی تیرۆر و هەڕەشەدا داواكاریی تیرۆریستان بهێنێتە دی. لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات، بریتین لەو گرووپ و ڕێكخراوە سیاسی و ئایدیۆلۆژییە توندڕەوانەی دژ بە دەسەڵات كار دەكەن، هەندێكیان لەلایەن دەوڵەتانی ترەوە هان دەدرێن بە ئامانجی كاریگەری خستنەسەر دەسەڵات. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، ئاڕاستەكردنی سایبەرتیرۆریزمە لەلایەن ڕێكخراو و گرووپ و تەنانەت دەوڵەتێكی بیانییەوە دژ بە دەوڵەتێكی تر. ئێستا هەردوو شێوازەكە لە هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا هەن، لەسەر ئاستی ناوخۆ بەئاشكرا گرووپە تیرۆرستییەكان سوود لە جۆرەها تۆڕی كۆمەڵایەتی وەردەگرن بۆ بڵاوكردنەوەی واتەوات و هەڕەشە و بانگەوازی توندوتیژانە بە شێوەیەكی ئاڕاستەكراو. ب. ئاژاوەگێڕی و پەشێوی (ئانارشیستی): ئەم مۆدێلەی تیرۆریزم، پتر بە شێوەی ناوبەناو ئەنجام دەدرێت. ستراتیژی كاری ڕێبازی ئانارشیزم لەسەر فەلسەفەیەكە كە هەر دەسەڵاتێكی سیاسی بە هەر شێوەیەك بێت، بە خراپی دەزانێت[6]. ئامانجەكانی سایبەرتیرۆریزم لەم مۆدێلەدا، زۆر جار تەنها شڵەژاندنی دۆخی كۆمەڵایەتییە، بەڵام لێكەوتەی لەسەر هەلومەرجی بەڕێوەبردن و حكومڕانییش هەیە، چونكە بە هۆی ئەم ئانارشیزمەوە ڕێژەی جۆرەها تاوانی وەك دزی و كوشتن و تاڵانی پەرە دەستێنێ. لە ڕووی تەمەنەوە، كورتترین جۆری تیرۆریزمە و بەردەوام شێوەی خۆی دەگۆڕێت. تا ئێستا شرۆڤەی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە بۆ ناسینەوەی هەر جووڵە و ڕەفتارێكی نایاسایی كە لە بواری میدیادا ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی ئەو ڤیدیۆ و وێنە و دەنگ و پەیامانەی هاندانیان بۆ توندوتیژیی جەستەیی یاخود سایكۆلۆژی تێدایە، هەندێكیشیان بە ئامانجی پەكخستنی پڕۆگرام و دزینی داتا و تاوانە هەواڵگرییەكان ئەنجام دەدرێن، ئایا تا چەند دەچنە خانەی سایبەرتیرۆریزمەوە؟ ئایا هۆكاری پەنابردنی تیرۆرستان بۆ میدیا و پەرەسەندنی خێرای تاوانی سایبەرتیرۆریزم لەسەر ئاستی جیهان، فاكتەرەكەی بۆ چی دەگەڕێتەوە؟ بەرەی تیرۆريزم لەم ڕوانگەیەوە واتە ئەو كەس و لایەن و گرووپانەی سایبەرتیرۆریزم ئەنجام دەدەن، لەبەر ئەم فاكتەرانەی خوارەوە، لە ڕێگەی خراپ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیای ئەلیكترۆنی بەگشتی، پەنا بۆ سایبەرتیرۆریزم دەبەن: بێسنووری لە سایبەرسپەیسدا: داهێنانی سایبەرسپەیس بە هۆی هاتنەئارای ئینتەرنێتەوە، بووە مایەی پێكەوەبەستنی تۆڕێكی جیهانی كە بە شێوەیەكی جاڵجاڵۆكەیی، بە كەمترین كاتيش زانیاریی تیادا ئاڵوگۆڕ دەكرێت. بە مانایەكی تر: ئینتەرنێت توانیی جۆرەها سێرڤسی وەك: پەیوەندیی خێرا، توانای ناردنی پەیام، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندی، ئاڵوگۆڕی داتا بە مۆدێلی جۆراوجۆر لە ڕێگەی تۆڕە ئینتەرنێتییەكەیەوە لەخۆ گرتووە[7]. تیرۆر لە ڕێگای میدیاكانەوە دەتوانێ سنووری وڵاتان ببڕێت، واتە ناردنی پەیام بۆ دروستكردن و ئاڵوگۆڕی پەیوەندی لەگەڵ هاوسۆزەكانیان، یاخود بە مەبەستی پڕوپاگەندە و دنەدان بۆ توندوتیژی، ڕووبەڕووی لەمپەرێكی ئەوتۆ نابێتەوە. ئەگەرچی هەندێ وڵات لە ڕێگەی فلتەركردنی سایت و پەیج و سانسۆری ئەلیكترۆنییەوە توانیویەتی ڕووبەڕووی سایبەرتیرۆریزم ببێتەوە، بەڵام هێشتا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت. كەمیی بودجەی تێچوو: لە سایبەرتیرۆریزمدا، بە بودجەیەكی كەم بۆ ئامێرێكی كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و پڕۆگرامی مۆنتاژ، دەتوانرێ زۆرترین پەیامی تیرۆرستانە بەرهەم بهێنرێت بە مەبەستی پەخش و بڵاوكردنەوەی. پەلاماردان بەبێ زیانی جەستەیی: لە پڕۆسەی سایبەرتیرۆریزمدا بە پێچەوانەی جۆرەكانی تری تیرۆرەوە كە زۆر جار بە ئامانجی پەلاماردان یان زیانگەیاندن بە شوێنێك یان دامەزراوەیەك، پێویستی بە خۆتەقاندنەوە هەبووە یان تیرۆریستەكە گیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە، لەم مۆدێلەدا تیرۆرست دەتوانێ گەورەترین زیانی سایكۆلۆژی بە جەماوەر بگەیەنێ یاخود زیان بە دامەزراوەیەك بگەیەنێ لە ڕووی هاككردنی ژمێرەی بانكی و داتاكانیان، بەبێ ئەوەی زیان بەر خۆی بكەوێت. ئازادی لە بەكارهێنانی ئینتەرنێت، ئاسانكاریی زۆریشی بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەلیكترۆنی ڕەخساندووە، لەم ڕوانگەیەوە وڵاتانی پێشكەوتوو هەمیشە سەرقاڵی چاودێریی ئینتەرنێتن. تیمی ئەلیكترۆنی: تیرۆرستان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی پەیوەندیی ئەلیكترۆنییەوە هەماهەنگی لە كاری تیرۆردا بكەن، واتە ببنە تیمی ئەلیكترۆنی، ئەمەش فاكتەری سەرەكییە بۆ خێرا ئەنجامدانی تاوانەكە بە هۆی ئاسانكاری لە پڕۆسەی پەیوەندی و هاریكاریی تیرۆریستان لەگەڵ یەكتردا. پەیداكردنی سەرچاوەی بژێوی و ئاڵوگۆڕی دراو: سوودوەرگرتنی تیرۆریزم لە پڕۆسەی پەیوەندی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و پەیداكردنی سەرچاوەی بژێوی بۆ دابینكردنی بودجەی چالاكییەكانیان، فاكتەرێكی تری پەنابردنی گرووپە تیرۆریستییەكانە بۆ میدیای ئەلیكترۆنی. بەگشتی خەسڵەتەكانی سایبەرتیرۆریزم بریتین لە: خێرایی لە پڕۆسەی تاواندا: فاكتەرەكانی كات و شوێن لە سایبەرتیرۆریزمدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە دنیای ئەلیكترۆنیدا بە هۆی نزیكایەتیی (تاوانبار، ئامانجی تاوان، شوێنی تاوان) ئەنجامدانی تاوانی ئاسان كردووە. نادیاریی ناسنامەی تیرۆرست. قەبارەی تاوان: لە سایبەرتیرۆریزمدا، ژمارەی تاوانبار و قەبارەی تاوان و ئاستی كاریگەرییەكانی ناڕوونە. كەمیی بودجە: ئەنجامدانی تاوان لە دنیای ئەلیكترۆنیدا، پێویستی بە چەند ئامێرێكە و بڕی تیچووی كەمە. نائامادەگی لە شوێنی تاوان: لە تاوانی ئاساییدا بەبێ ئامادەبوونی تاوانبار ئاستەمە تاوان ئەنجام بدرێت، بەڵام كردەی تاوان لە دنیای ئەلیكترۆنیدا بەبێ ئامادەگی لە شوێنەكەدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دەبێتە مایەی ونبوونی سەرەداوەكان. نێودەوڵەتیبوونی تاوان: لە تیرۆریزمی میدیای ئەلیكترۆنیدا سنوورەكان تێدەپەڕێنرێت و دەشێ تیرۆرست لە وڵاتێك بێت و تاوان لە وڵاتێكی تردا ئەنجام بدات. هەڵكشانی ژمارەی ڕەش: واتە ئاستی زیانەكانی تاوان بەتەواوەتی نادركێنرێت. ئۆتۆماتیكبوونی تاوان[8]. مێژووی سایبەرتیرۆریزم سەرهەڵدانی سایبەرتیرۆریزم هاوساتی داهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتە، بە مانایەكی تر: لەگەڵ هەر داهێنانێكی تەكنەلۆژیدا، چەندین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی مرۆیی دێتە ئارا كە زۆربەیان پێشبینیكراون یاخود گوماناوین. لە ماوەی هەردوو دەیەی حەفتا و هەشتای سەدەی ڕابردوودا، بەتایبەتی هەڵشكانی ڕێژەی ململانێ نێودەوڵەتییەكان لە سایەی جەنگی ساردی بلۆكی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، گەرمبوونی ڕكابەریی پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیای پەیوەندی لەنێوان زلهێزەكانی جەنگی سارد و هەم وڵاتانی تری وەك ژاپۆن و چین و ئیسرائیل، مەترسیی تیرۆریزم بە شێوەی ئۆرگانیزەكراو بە دنەدان و پشتیوانیی دەوڵەتە گەورەكان، بە جۆرێكی مەترسیدارتر هەڕەشەی لە پڕۆسەی ئاشتی و ئارامیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد. چەند فاكتەرێك لەسەر ئاستی جیهان بوونە مایەی تەشەنەسەندنی سایبەرتیرۆریزم: یەكەمیان: دامەزراندنی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە لە گەرمەی ململانێی جەنگی سارد لەنێوان یەكێتیی سۆڤیەت و ئەمەریكادا، وەك گەورەترین ڕێكخراوێكی تیرۆریستی لەسەر ئاستی جیهان، زەمینەی زیاتری بۆ سایبەرتیرۆریزم ڕەخساند. قۆناغی كۆرپەلەییەكەی ئەلقاعیدە لە سووداندا بوو، دوای یەكگرتنی لەگەڵ عەرەبە ئەفغانەكان و كۆچكردنیان بۆ ئەفغانستان، دەوڵەتی تاڵبانیان دامەزراند. دووەمیان: لە (11)ی سێپتەمبەردا كاتێك گەورەترین پێكدادانی بەرەی تیرۆر لەگەڵ شارستانیەتی خۆرئاوادا ڕووی دا، درێژەكێشانی جەنگەكە بە شێوەیەكی بەربڵاو جیهانی ئەلیكترۆنیشی گرتەوە و بووەتە مایەی گەورەترین فاكتەر بۆ دنەدانی سایبەرتیرۆریزم بە مۆدێلی جۆراوجۆر. لەسەر ئاستی عێراقیش، دامەزراندنی “داعش” (ISIS) وەك لقێكی ئەلقاعیدە لە عێراق، شەپۆلێكی تری سایبەرتیرۆریزمی لە وڵاتەكەدا ئاڕاستە كرد كە مەترسییەكانی بووە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش. یەكەمین هەنگاوی “داعش” لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نوێی میدیا بوو بۆ هاندان بۆ توندوتیژی و تیرۆر، لەبەر ئەم فاكتەرەش ناوەندی میدیایی “الفرقان”ی لە مانگی تشرینی دووەمی 2006دا دامەزراند بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی (دیڤیدی، سیدی، پامفێلت، پۆستەر…)، لە پێناو نیشاندانی توانای سەربازیی داعش و بڵاوكردنەوەی پەیامەكانی لە تۆڕە میدیاییەكاندا[9]. هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی دانەبڕاو لەو وڵاتانەی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین جار دووچاری پەلاماری تیرۆرستی بووەتەوە، هاوساتی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و بەرەی تیرۆریزم بە سەركردایەتی داعش، سایبەرتیرۆریزم وەك ئامرازێك لەلایەن داعشەوە دژ بە هەرێمی كوردستان خرایە گەڕ، ئەمەش بە گرنگترین فاكتەری دەرەكیی پەلامارەكانی سایبەرتیرۆریزم دژ بە گەلی كورد دادەنرێت. لە ڕووی فاكتەرە ناوخۆییەكانیش كە زەمینەساز بوون بۆ پەرەسەندنی مەترسییەكانی سایبەرتیرۆریزم، بەگشتی لەم خاڵانەی خوارەوەدا خۆی دەبینێتەوە: – لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی دەسەڵات: سیستمی دەسەڵاتدارێتی و بەڕێوەبردن لە هەرێمی كوردستان ئامادەباشییەكی ئەوتۆیان بۆ ئەو ڕەهەندە هەستیارەی جەنگ دژ بە بەرەی تیرۆریزم نەكردبوو، هەر بۆیە هیچ جۆرە سیستمێكی بەرگریی ئەلیكترۆنی بۆ پەلامارەكانی سایبەرتیرۆریزم و تویت و پەیامەكانیان نەخستە گەڕ، ئەمەش بووە مایەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان بە هەموو ڕەهەندەكانیەوە. – سایكۆلۆژیای جەماوەر: فاكتەرێكی تر پەیوەندیدار بوو بە دۆخی دەروونیی خەڵك كە بە هۆی ئاڵۆزی و گرنگیی جەنگی دژ بە داعشەوە، زۆر جار زەمینەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆ و واتەوات دەڕەخسا بەتایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، ئەمەش بە قازانجی تیرۆیستانی داعش بوو. – هاوسۆزی و ناهۆشیاری: لە ماوەی جەنگی پێشمەرگە و داعشدا، چەندین هاوڵاتی لە ڕووی هاوسۆزییەوە بێ یاخود ناهۆشیاریی نەتەوەیی، ببوونە زەمینەسازێك بۆ پڕوپاگەندە بۆ داعش و بڵاوكردنەوەی پەیامەكانیان. هەروەها چەندین میدیاكاریش، بە پاساوی گواستنەوەی هەواڵەكانی جەنگ، ببوونە سەكۆی سایبەرتیرۆریزم لە كوردستان. – نەبوونی سانسۆری یاسایی: لە كاتێكدا زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان كە لە قاڕەكانی تری جیهانیش بوون، وەك سیستمێكی بەرگریی ئەلیكترۆنی لە ئاسایشی وڵاتەكانیان، سانسۆری یاساییان بۆ سەرجەم ئامرازە ئەلیكترۆنییەكان پیادە دەكرد، بەڵام لە هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی لە گەرمەی شەڕی هێزەكانی پێشمەرگە و بەرەی تیرۆیزم، لە كاتێكدا دەبووایە لەو هەلومەرجە نائاساییانەدا فلتەر بۆ ئەو سایتانە دابنرێ كە دەچنە خانەی سایبەرتیرۆریزم، دامەزراوە یاساییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە پلانێكی ئەكتیڤیان بۆ ڕێگەگرتن لەو پەلامارە ئەلیكترۆنییانە پیادە نەكرد، ئەمەش پتر یارمەتیدەری هەڵكشانی هەڕەشەكانی سایبەرتیرۆریزم بوو بۆ سەر ئاسایشی جەماوەر. – داواكاری گشتی: سستی لە بەدواداچوونی یاسایی بۆ سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستان، ڕێژەی پەلامارە تیرۆریستییە ئەلیكترۆنییەكان و پڕوپاگەندە بۆ هێزەكانی داعشی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا زیاتر كردبوو، لە كاتێكدا بە پێی چەندین یاسا لە هەرێمی كوردستان پڕوپاگەندە بۆ تیرۆر بە تاوان دادەنرێت كە دواتر ئاماژەیان پێ دەدەین. جۆرەكانی تاوانی سایبەرتیرۆریزم و ڕێكارەكانی بەگژداچوونەوەی سایبەر تیرۆریزم بۆ خۆگونجاندنی لەگەڵ ئەو هەلومەرجەی دێتە پێش، شێوازی جۆراوجۆر بە مەبەستی بەئەنجامگەیاندنی ئەركەكانی خۆی دەگرێتە بەر، بە مانایەكی تر: شێوە و فۆرمی سایبەرتیرۆریزم بە پێی دەرفەتەكانی بەردەمی، گۆڕانی بەسەردا دێت. لەم ڕوانگەیەوە هەر پەلامار و هەوڵێكی تێكدانی ئاسایش و ئارامی لە هەرێمی كوردستان، دەچێتە خانەی ئەم تاوانە تیرۆریستییەوە. دیارترین جۆرەكانی سایبەرتیرۆریزم بریتین لە: جەنگی سایكۆلۆژی: بڵاوكردنەوەی واتەوات و پڕوپاگەندە كه ئامرازێكی دێرینی جەنگی سایكۆلۆژین، هەمیشە بە شێوازی جۆراوجۆر بە ئامانجی تێكدانی ئارامی و ڕەوشی ژیانی كۆمەڵگای مرۆیی بەكار دەهێنرێت. بە بڕوای پسپۆڕێكی بوارەكە، ئێستا واتەوات بە “سۆفت پاوەر” (Soft Power) دادەنرێت كە كاریگەریی لەسەر سیستم و پێداویستییە ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسییەكانی هەر وڵاتێك هەیە. چەمكی “واتەوات” لە زمانی كوردیدا، كۆمەڵێك دەستەواژەی بۆ بەكار هێنراوە كە هەر كامیان گوزارشتن لە شێوەزاری دەڤەرێكی كوردستان. ئەم دەستەواژەیە بە شێوازی فرەچەشن وشە و زاراوەی بۆ بەكار هێنراوە. لە ڕووی زمانەوانیيەوە، زاراوەی “واتەوات” لە زمانی كوردیدا بە پێی دیالێكت و شێوەزارە جیاجیاكانی كوردستان چەندین دەستەواژەی تری بۆ بەكار دەهێنرێت، وەك: “وتووات، قاو، مقۆمقۆ، دەبدەبە، تەحاتەحا، بەندوباو، قاوەقاو، دەنگۆ[10]“. لە سەردەمە دێرینەكاندا مەیدانی بڵاوبوونەوەی واتەوات بریتی بوو لە كۆڕ و كۆبوونەوە جەماوەری و بازاڕ و شوێنە قەرەباڵغەكان كە مامەڵەی كۆمەڵایەتیی تێدا ئەنجام دراوە، بەڵام دوای داهێنان و گەشەسەندنی ئامرازەكانی میدیا، هەر كام لەو دەوڵەت و دامەزراوە و كەس و لایەنانەی دەیانویست واتەوات بڵاو بكەنەوە، هەوڵیان داوە میدیا وەك چەكێكی كاریگەر بۆ ئەو مەبەستە بخەنە گەڕ. بڵاوبوونەوەی واتەوات لە ڕێی میدیاكانەوە، بە پێی پێوەرەكەی هەردوو پسپۆڕ “ئەلپۆرت و پۆستمان” (Alport & postman) دەخەمڵێنرێت كە پێیان وایە هەردوو مەرجی “بایەخ” و “ئاڵۆزی” كاریگەرییان لەسەر خێرایی لە بڵاوبوونەوەی واتەواتدا هەیە، ئەم هاوكێشەیەش بەم چەشنەیە: R = I × A واتە: واتەوات (Rumer) یەكسانە بە لێكدانی بایەخ و گرنگی (Importance) و ئاڵۆزی (Ambiguity)، هەتا گرنگی و بایەخی زانیارییەك لەناو كۆمەڵگادا زۆر بێ و ناڕوونی و ئاڵۆزییشی زیاتر بێ، ئەوا واتەواتیش بە شێوەیەكی خێراتر پەرە دەستێنێ. ئەگەر زانیارییەك بایەخی هەبێ و ئاڵۆزییشی تێدا نەبێ، كەواتە واتەوات نایەتە ئارا، یاخود ئەگەر زانیارییەكە جێی بایەخ نەبێ، ئەوا واتەوات هەر دروست نابێ[11]. لە ماوەی جەنگی داعشدا جۆرەها واتەوات دەربارەی قارەمانێتیی تیرۆریستان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییە كوردییەكاندا بڵاو دەكرایەوە، زۆر جار وشەی قەناسبەدەستەكانی داعشیش بۆ چەكدارەكانیان بەكار دەهێنرا، هەروەها جۆرەها پڕوپاگەندە دەربارەی گرفتەكانی هێزی پێشمەرگە بڵاو دەكرایەوە كە دەچوونە خانەی سایبەرتیرۆریزم. لە جەنگی داعشدا بڵاوكردنەوەی چەندین بابەت و زانیاریی ناڕۆشن بە ناوی هەواڵ و وێنەی تازەوە لە میدیا كوردییەكاندا دەبینرێت كە پێشێلی یاساكانی میدیایە، چونكە دەچنە چوارچێوەی پڕوپاگەندە بۆ هێز و توانای ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە، تەنانەت پڕوپاگەندەی زیادەڕۆیی لە باسوخواسی تواناكانی “داعش” لەهەمبەر هەرێمی كوردستان و عێراقیشدا كراوە، بۆ نموونە بڵاوكردنەوەی هەندێ هەواڵی وەك: – داعش سەربازە عێراقییەكانی بردووە بە ئاسماندا[12]. – داعش عێراق بۆمبڕێژ دەكات[13]. هەروەها میدیای ئەلیكترۆنیی كوردی لە ماوەی جەنگی دژ بە “داعش”، كۆمەڵێك دۆسیەی گرنگ و هەستیاری وروژاندووە كە هەندێكیان دەچنە خانەی خزمەت بە سایبەرتیرۆریزم و پێشێلی بەرپرسیارێتیی میدیایی، وەك: – دركاندنی مامەڵەی چەك[14] – دركاندنی تاكتیكی سەربازی[15] – دركاندنی لێپێچینەوەی سەربازی[16] هاوشێوەی ئەم نموونانە كە دەچنە خانەی واتەواتەوە، میدیای ناوخۆی كوردی یاخود میدیای داعش ئەنجامی بدات، خزمەتە بە ئامانجەكانی سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستاندا. ب. تۆڕیی پەیوەندیی تیرۆیزم لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەم لە چوارچێوەی سنووری دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەی دووچاری پەلامارەكانی تیرۆریزم بوونەتەوە، ڕێوشوێنی توند پیادە دەكرێت. ستراتیژەی دژەتیرۆریزمیش بووەتە مایەی بەرتەسكبوونەوەی سنووری چالاكی و شێوازی پەیوەندیی نێوان تۆڕەكانی بەرەی تیرۆریزم، بەڵام نەیتوانیوە بەتەواوەتی هەڕەشەكانیان بنەبڕ بكات، بەڵكوو شێوازەكانی تاوانەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە لە ڕووی پەیوەندییەوە، ئەویش بە پەنابردنیان بۆ بەكارهێنانی ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیای پەیوەندی بە ئامانجی ڕاكێشانی ئەندام و لایەنگر و بڵاوكردنەوەی پەیام و ئاڕاستەكردنیان بۆ كاری تیرۆرستی. تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان چەندین كەس و گرووپ بە پێی یاسای ژماره (3)ی ساڵی 2006، یاسای بهرهنگاربوونهوهی تۆقاندن (تیرۆر) له ههرێمی كوردستان-عێراق ڕووبەڕووی سزای یاسایی كراونەتەوە، خاڵی سەرنجڕاكێش لەوەدایە زۆربەی ئەو تاوانبارانە سەردانی بارەگاكانی داعشیان لە ناوەراستی عێراق و دەرەوەی وڵات نەكردووە، بەڵكوو لە ڕێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بوونەتە هاوسۆزی داعش و گرووپە توندڕەوە تیرۆریستییەكانی تر. ج. زیانگەیاندن بە سیستمی داتا و پڕۆگرامی ئەلیكترۆنی ئامانجێكی ستراتیژی سایبەرتیرۆریزم، سوودوەرگرتنە لە تۆڕە ئەلیكترۆنییەكان بە ئامانجی تێكدان و لەكارخستن یان دزینی داتای دیجیتاڵی و پەكخستنی پڕۆگرامەكانی داتاكانی تایبەت بە كۆمەڵگایەك یاخود دامەزراوەیەكی سەربازی. فاكتەرێكی گرنگ كە سایبەرتیرۆریزمی كردووە بە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ سەر دامەزراوەكانی هەر وڵاتێك، لە پڕۆسەی ئەنجامدانەكەیدایە كە دەتوانێ بە كەمترین بودجە، كردەی مەترسیدار لە ماوەیەكی كەم و بە خێراییەكی زۆرەوە ئەنجام بدات. بێگومان ئەنجامدانی هەر پەلامارێكی سایبەر هەتا ئاڵۆزتر و چڕوپڕتر بێت، پێویستی بە بودجە و توانستی زیاترە بۆ خۆپارێزی لە زیانەكانی. سایبەرتیرۆریزم بە چەند شێوازێك ئەنجام دەدرێت: – پەلاماردانی داتاكان یاخود لەناوبردنی ناوەڕۆكی فایلە ئەلیكترۆنییەكان، تۆڕە كۆمپیوتەرییەکان یاخود سۆفتوێرە جۆراوجۆرەكانی. – هێرش بۆ سەر بونیادی دامەزراوەكان (بۆ نموونە بە هۆی تێكدان و هاككردنی سیستمێكی ئەلیكترۆنییەوە، كارە بنەڕەتییەكانی دامەزراوەیەك ڕابوەستێت). – سوودوەرگرتن لە پەیوەندییە ئەلیكترۆنییەكان بۆ ناردنی نەخشە و پلان، بە ئامانجی پەلاماردانی تیرۆرستی یاخود دنەدان بۆ ئەنجامدانی یان زەمینەسازی. – زیادكردن یاخود بەرزكردنەوەی ئاستی سەرچاوە داراییەكانی تیرۆرستان، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی سیستمی بانكی ئەلیكترۆنییان هەیە، بۆ نموونە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی لەژێر ناوی دامەزراوەیەكی خێرخوازی، پارە كۆ بكەنەوە. كاریگەرییە مەترسیدارەكانی سایبەرتیرۆریزم بۆ سەر ئاسایشی دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەكانی كۆمەڵگە، دەگەڕێتەوە بۆ چەند فاكتەرێك: – بە پێی پلان و بەرنامە جێبەجێ دەكرێت، واتە ئامانجی دیاریكراوی هەیە. – پشتبەستن بە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو لە سایبەرتیرۆریزمدا، بووەتە مایەی هەڕەشەی بەردەوام بۆ سیستمی بەرگریی كەس و گرووپ و دامەزراوەكان، واتە دەبێ هەمیشە لە دۆخی ئامادەباشیدا بن. – هەر دامەزراوەیەكی فەرمی و نافەرمی كە پێویستیان بە خۆپارێزییە، بەناچارییەوە بودجەیەكی گەورە بۆ سیستمی بەرگریی خۆیان تەرخان دەكەن، ئەم بودجەیەش بارگرانییە بۆ هەلومەرجی دارایی. – نادیاریی لایەنی دەستدرێژیكار بووەتە مایەی ونبوونی ناسنامەی تاوانبار، لەم ڕوانگەیەوە دۆزینەوەی كەس و لایەنی تاوانبار بە ئاستەم دادەنرێت. هەر چەندە سایبەرتیرۆریزم بە پێی هەلومەرجی دەركەوتنی، جۆر و ئامانجەكەشی گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام ئەم سێ شێوازەی سەرەوە بە دیارترین جۆرەكانی سایبەرتیرۆریزم دادەنرێن كە تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی. گرتنەبەری هەر ڕێكارێكیش بۆ بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم، بە مانای پاراستنی ئاسایشی دامەزراوە یاساییەكان و دابینكردنی ئارامی بۆ جەماوەریش دێت كە لە تەوەرەی دواتردا شەنوكەوی دەكەین. ڕێكارەكانی بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستان تاوانی سایبەرتیرۆریزم و مەترسییەكانی بۆ ئاسایشی وڵاتان، تا ئێستا دۆسیەیەكی ئاڵۆزی نێودەوڵەتییە و نەتوانراوە لە یەك ڕەهەندەوە كۆنترۆڵ بكرێت، بەڵكوو هەر وڵاتێك لەسەر بنەمای جۆر و ئاستی سایبەرتیرۆریزم پێویستی بەوە هەیە كە كۆمەڵێك ڕێكاری جۆراوجۆر بگرێتە بەر، چونكە سروشتی تاوانەكە بە پێی دۆخی هەر وڵاتێكیش گۆڕانی بەسەردا دێت. لێرەدا بە پشتبەستن بە دۆخی سایبەرتیرۆریزم لە هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك ڕێكار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەخەینە ڕوو كە سەرجەمیان بە تەواوكەری یەكتر دادەنرێن. لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ا. ڕێكاری یاسایی: بۆ سوودوەرگرتن لە ڕێوشوێنە یاساییەكان لە پێناو بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم، پێویستمان بە گەڵاڵەكردنی یاسای سایبەرتیرۆریزم هەیە، چونكە ئەم بەگژداچوونەوەیە ئامانجی کۆمەڵگەی کوردستان و ئامانجێكیشی كۆمەڵگای جیهانییە[17]. لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمی كوردستان چەند یاسایەك هەن كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەتوانرێ بكرێتە ئامرازێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سایبەرتیرۆریزم، ئەوانیش بریتین لە: – یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر)، ژمارە (3)ی ساڵی (2006): لەم یاسایەدا تەنها مادەی چوارەم پەیوەستە بە بواری ڕاگەیاندنەوە، بەم چەشنە: “مادەی چوارەم: ئەم كارانەی خوارەوە بە تاوانی تۆقاندن (تیرۆر) دادەنرێن و سزا دەدرێت بە زیندانی لە (15) ساڵ تێپەڕ نەكات، هەر كەسێك: نووسراو، چاپەمەنی، كاسێتی تۆماركراو یان هاوشێوەی، وێنەی وای لەلا بێت یان بەدەست بێنێت كە هاندان، بە چاك زانین، یان پڕوپاگەندە لەخۆ بگرێت بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆركاری، بە مەبەستی دابەشكردنی یان بڵاوكردنەوەی. ٣. بەئەنقەست هەواڵ، ڕوونكردنەوە یاخود پڕوپاگەندەیەكی تۆقێنەر بڵاو بكاتەوە، هۆیەكانی ڕاگەیاندنی بینراو، بیستراو، خوێندراو یان ئەلیكترۆنی بە هەل وەربگرێت یان بەكاریان بێنێت، لە ئینتەرنێت بەیاناتی ئەوتۆ بڵاو بكاتەوە ڕاستەوخۆ بگاتە ڕادەی هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوانی تیرۆركاریی وەها كە ئاسایشی گشتی بخاتە مەترسییەوە و ترس بخاتە نێو هاوڵاتییان و هەڕەشە لە قەوارەی سیاسیی هەرێم بكات”. لەبەر ڕۆشنایی ئەم یاسایەدا، هەر جۆرە پڕوپاگەندە و دنەدان بۆ تیرۆر، تا نزیكەی (15) ساڵ سزای زیندانی لەگەڵدایە، دامەزراوە فەرمییەكان و لەسەروو هەموویانەوە داواكاری گشتی دەتوانێ سكاڵا لەسەر ئەو كەس و لایەنانە تۆمار بكات. كەواتە ئەم یاسایە ڕێكارێكی گرنگە بۆ هۆشداریدان بە هەر كەس و لایەنێك كە هەوڵ بۆ تاوانی سایبەرتیرۆریزم بدات. – یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە كوردستان: لە مادەی (9)ی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری لە كوردستان، تاوانی زیانگەیاندن بە ئاشتەوایی كۆمەڵگا (وەك لێترازاندنی پێكهاتەكانی كۆمەڵ) و هەڕەشە بۆ سەر ئایین و بیروباوەڕ و ژیانی تایبەت و چەند بوارێكی تری دیاری كردووە كە ئەنجامدەرانی ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. لەم ڕوانگەیەوە تاوانی سایبەرتیرۆریزمیش كە زۆر جار دژی تەبایی كۆمەڵگایە یاخود زۆر جار دژ بە ژیانی تایبەت و ئایین و بیروباوەڕە پیرۆزەكانیان بەكار دەهێنرێت، بە پێی یاسای ڕۆژنامەگەری بە تاوان دادەنرێت و سزای لەگەڵدایە. پێشنیازێكی گرنگیش لێرەدا دەخەینە ڕوو، بەئومێدین پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی تایبەت بە سایبەرتیرۆریزم و تاوانە ئەلیكترۆنییەكان پەسەند بكات لە پێناو ڕێكارێكی یاسایی گرنگ بۆ كۆنترۆڵكردنی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان. ب. ڕێكاری تەكنیكی: حكومەتی هەرێم بە مەبەستی ڕێگری لە شەپۆلی تیرۆری ئەلیكترۆنی، پێویستە تیمێكی شارەزا بۆ دەستنیشانكردنی سایت و پەیجە تیرۆریستییەكان دەستنیشان بكات، پاشان لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت فلتەریان بكات. ج. ڕێكاری مرۆیی: هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی جەماوەر بەتایبەتی بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ خۆپارێزی لە وەرگرتنی پەیامی تیرۆریستان و دووركەوتنەوەش لە هەر جۆرە هاریكارییەكی ماددی و مەعنەوی، چونكە بە پێی یاسای تیرۆر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. بۆ ئەو مەبەستەش دامەزراوە فەرمی و ناوەند و ڕێكخراوە خەمخۆرەكانی كۆمەڵگای كوردی، دەبێ ئەم ڕێكارانە بگرنە بەر: – بایەخدان بە خۆشگوزەرانیی خەڵك، تا دەرفەت نەدرێت بە هیچ هاوڵاتییەك بە پاساوی كەموكوڕی لە ژیانیدا، هاوسۆزیی بۆ گرووپە توندئاژۆكان هەبێت. – هاندانی بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت بۆ ڕیپۆرتكردنی سایت و پەیجەكانی سایبەرتیرۆریزم. – كولتووریزەكردنی دیالۆگ، واتە پەنابردنە بەر دیالۆگ و گفتوگۆ و ڕەخساندنی ئازادیی ڕادەربڕین بۆ هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا، ئەمەش ڕێگەیەكە بۆ دووركەوتنەوە لە هەر جۆرە توندوتیژی و سەرکوتکردنێکی ئایدۆلۆژی. لەسەر ئاستی جیهان هەرێمی كوردستان وەك هاوپەیمانێتییەكی كارای بەرەی بەگژداچوونەوەی تیرۆریزم، پێویستە سوود لە ڕای گشتیی جیهانی دژ بە تیرۆر وەربگرێت بۆ پەیداكردنی هاوسۆزی لەگەڵ گەلی كورد، واتە پردێكی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم ئەو دامەزراوە فەرمی و نافەرمییانەی جیهاندا دروست بكات كە دژ بە تیرۆرن، تا لە ڕێگەی مەشق و ڕاهێنان بە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانەوە فێری نوێترین تەكنیكی بەگژداچوونەوەی سایبەرتیرۆریزم ببن. هەروەها لایەنێكی تری ئەم پەیوەندییە، هاندانی وڵاتانی هاوپەیمانی دژ بە تیرۆر بێت بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر تیرۆرستان، تا هیچ تیرۆرستێك نەتوانێ شوێنگەیەكی ئارامی بۆ خۆهەڵبواردن لە سزای یاسایی هەبێت. باشترین ڕێگەچارەش، كردنەوەی دۆسیەی هاوبەشە لەنێوان وڵاتان بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر تیرۆرستانی ئەلیكترۆنی، بە ئامانجی سزادان و كۆنترۆڵكردنیان. سەرچاوە و پەراوێزەكان [1]– بنۆڕە: Barry C,Colin (1997), The Future of CyberTerrorism, Where the Physical and Vritual Worlds Cnverge, 11th Annual International Symposium on Criminal Justice Issuesm 15-18, [2]– Foggetti, Nadia (2009), “Cyber-terrorism and the Right to Privacy in the Third Pillar Perspective”, Masaryk University Journal of Law and Technology, Vol 3, P 366. [3]– Congressional Research Service (CRS) (2008), Botnets Cybercrime and Cyberterorrism, P 4. [4]– Hancock, B (2001), “Cyber-Tracking, Cyber-terrorism Computers and Security“, Vol.20,No7, P 553. [5]– Brenner, Susan &Marc Goodman (2002), “In Defense of Cyberterrorism: An Argument for Anticipating Cyber Attacks”, Journal of Law, Technology and Policy, P 12-13. [6]– یحیی صلاحی، ملك (1381)، اندیشەهای سیاسی غرب در قرن بیستم. نشر قومس. چاپ اول 1381، ص151. [7]– Mutula, Stephen M (2007), Web Information Management, UK: Cahndos Publication, 2007, P 15. [8]– بۆ زانیاریی زیاتر: جعفری، عبدالرضا جوان (1389)، “جرایم سایبر و رویكرد افتراقی حقوق كیفری، مجلە دانش و توسعە”، سال هفدهم، شمارە 34، صص 176-180. [9]– Mohammad Husni Abumelhim (2022), Sociology of Terrorism: A Brief History and Overview of the Islamic State of Iraq and Syria’s (ISIS) Propaganda Wing from a Socio-Educational Perspective, Journal of Educational and Social Research, Vol 12 No 2, P 404. -[10] قەرەداغی، ڕەشید (2006)، فەرهەنگی ئازادی (كوردی-ئینگلیزی)، چاپی یەكەم، سلێمانی، ل847. [11] – ال پُورت، گُردِن و پستمن، لئو (1374)، روان شناسی شایعه، ترجمه: ساعد دبستانی با همکاری مرکز تحقیقات مطالعه و سنجش برنامه ای صدا و سیما، تهران: سروش، ص45. [12]– لڤین پرێس (3/10/2014)، “داعش سەربازە عێراقییەكانی بردووە بە ئاسماندا”، https://www.lvinpress.com/n/dreja.aspx?=hewal&jmare=11335&Jor=2 [13]– لڤین پرێس (12/10/2014)، “داعش عێراق بۆمبرێژ دەكات”، https://www.lvinpress.com/n/dreja.aspx?=hewal&jmare=11652&Jor=1 [14]– لڤین پرێس (1/8/2014)، “ڕۆیتەرز: كورد داوای ئەم چەكانەی لە ئەمەریكا كردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”، https://www.lvinpress.com/n/dreja.aspx?=hewal&jmare=8229&Jor=1 [15]– ڕۆژنامەی هاوڵاتی (3/8/2004)، “لە زومار شەڕ گەرمە، كشانەوەی پێشمەرگە تاكتیك بووە”، ژمارە 1358، ل2. [16]– ڕۆژنامەی هاوڵاتی (14/11/2004)، “لە شەنگالەوە تا جەلەولا سزای نزیكەی (15) فەرماندە دەدرێت”، ژمارە ،1405، ل1. [17]– Cohen, Aviv (2010), “Cyberterrorism: Are We Legally Ready?, The Journal of International Business & Law, p. 7 ژمارە سیانزە (13) ساڵی سێیەم – حوزەیرانی 2022 گۆڤاری ئایندەناسی
(درەو): لیژنەکەی سەرۆکایەتی ھەرێم کە مستەفا سەید قادر سەرۆکایەتی دەکات، سبەینێ یەکەم کۆبونەوەی خۆی لەگەڵ بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم ئەنجام دەدات. سبەینێ بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی چارەنوسی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە سەرۆکایەتی ھەرێم کۆدەبنەوە. رۆژی ٩ی ئەم مانگە، بە ئامادەبوونی جینین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لایەنە سیاسییەکانی لە بارەگای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر کۆبونەوە، لەم کۆبونەوەیەدا بڕیاردرا لیژنەیەک دروست بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی چۆنیەتی و کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کوردستان. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، لیژنەکەی سەرۆکایەتی ھەرێم (مستەفا سەید قادر) جێگری سەرۆکی ھەرێم لە پشکی گۆڕان سەرۆکایەتی دەکات و دوو ئەندامی لیژنەکە سەربە پارتین کە بریتین لە (جەعفەر ئیمینیکی و دڵشاد شەھاب) وەکو راوێژکاری سەرۆکی ھەرێم، بەشی ھەڵبژاردنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەشدارە لە لیژنەکەدا. لە کۆبونەوەی رۆژی ٩ی مانگدا بڕیاردراوە ئەگەر لایەنەکانی تریش داوای نوێنەرایەتییان کرد لەناو لیژنەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمدا، ئەندامانی لیژنەکە زیاد بکرێت. لیژنەکەی مستەفای سەید قادر دەبێت رۆژی ١ی تەموز راپۆرتی خۆی لەبارەی بۆجونی حزبەکان لەبارەی ھەڵبژاردنەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ھەرێم بکات. پرسی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەھۆی ناکۆکی لایەنەکان لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و چارەنوسی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەرانەوە ئاستەنگی بۆ دروستبووە. سەرۆکایەتی ھەرێم دەیەوێت لەڕێگەی ئەو لیژنەی دروستیکردووە، لایەنە سیاسییەکان لەسەر ناکۆکییەکان بگەیەنێت بە رێککەوتن. کۆبونەوەی سبەینێ بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی ھەرێم، یەکەمین کۆبونەوەی لیژنەکەی مستەفای سەید قادرە، دیار نییە ئەم لیژنەیە دواجار دەتوانێت بەربەستەکانی بەردەم ھەڵبژاردن چارەسەر بکات یاخود نا. پارتی و یەکێتی بەنیازن ھەڵبژاردن بۆ بەھاری داھاتوو دوابخەن، بەڵام نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات ھەڵبژاردن زۆر لە وادەی خۆی دوانەکەوێت. ناکۆکی سەرەکی لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتیش پارتی و یەکێتی پەیوەندی بە شێوازی نەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەوە ھەیە، یەکێتی و نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی و یەکگرتووی ئیسلامی داوا دەکەن ھاوشێوەی دواین ھەڵبژاردنی عێراق، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەبچێت، لەبەرامبەدا پارتی و حزبی شیوعی و حزبی سۆسیال دیموکرات و زەحمەتکێشان داوا دەکەن ھەڵبژاردن وەکو پێشتر بەشێوەی (یەک بازنە) بەڕێوەبچێت. بەمداوییە ھەندێک لەبەرپرسانی پارتی باسیان لەوە کرد پارتی کێشەی نابێت ئەگەر ھەڵبژاردن بەشێوەی (فرە بازنە) بەڕێوەبچێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان (درەو)، ئێستا پارتی سەرلەنوێ پاشگەزبوەتەوەو لە کۆبونەوەی رۆژی ٩ی ئەم مانگەی سەرۆکایەتی ھەرێمدا جارێکی تر جەختیان کردوەتەوە لەوەی دەبێت ئەم ھەڵبژاردنە بەشێوەی (یەک بازنە) بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو کێشەیان نییە شێوازەکە گۆڕانکاری تێدا بکرێت.
شیكاری: درەو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی بە (178) پرۆژەی وەبەرهێنان بەخشیوە، بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (11 ملیار) دۆلار، لە سەر ڕوبەری زۆرتر لە (10 هەزار) دۆنم زەوی. (118) پرۆژەیان دەکەونە زۆنی زەردەوە. بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (9 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (83%)، لەسەر ڕوبەری (7.5 هەزار) دۆنم زەوی. بەڵام تەنها (60) پرۆژە لە کۆی (178) پرۆژەی وەبەرهێنانیان دەکەونە زۆنی سەوزەوە. بە کەمتر لە (2 ملیار) دۆلاری سەرمایەی بەگەڕخراو بە ڕێژەی (16%)، لەسەر ڕوبەری کەمتر لە (3 هەزار) دۆنم زەوی. یەکەم: بڕو قەبارەی وەبەرهێنان لە هەردوو زۆنی (زەرد و سەوز) بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان (28/7/2019 – 5/4/2022) بڵاوی کردوونەتەوە. مۆڵەتی بە (178) پرۆژەی وەبەرهێنان بەخشیوە، بە قەبارەی سەرمایەی (11 ملیار و 137 ملیۆن و 300 هەزار و 24) دۆلار، لە سەر ڕوبەری (10 هەزار و 393) دۆنم زەوی. بەپێی لێکدانەوەکانی درەو، لەو پرۆژانەی دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی پێداون (118) پرۆژەیان دەکەونە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆکەوە. کە بڕی (9 ملیار و 335 ملیۆن و 916 هەزار و 730) دۆلاری سەرمایەی تێدا بەگەڕخراوەو دەخرێت بە ڕێژەی (83.83%)، لەسەر ڕوبەری (7 هەزار و 479) دۆنم زەوی. ئەمە لە کاتێکدایە تەنها (60) پرۆژە لە کۆی (178) پرۆژەی وەبەرهێنانیان دەکەونە دەکەونە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینەوە. کە بڕی (1 ملیار و 801 ملیۆن و 383 هەزار و 294) دۆلاری سەرمایەی تێدا بەگەڕخراوەو دەخرێت بە ڕێژەی (16.17%)، لەسەر ڕوبەری (2 هەزار و 914) دۆنم زەوی. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) دووەم: بڕو قەبارەی وەبەرهێنان لە سەر ئاستی پارێزگاو شارەکان 1. پارێزگای هەولێر؛ (76) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زۆرتر لە (8.7 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (78.7%)، لەسەر ڕوبەری (4.7 هەزار) دۆنم زەوی. 2. پارێزگای هەڵەبجە؛ (1) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زۆرتر لە (6.8 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (0.06)، لەسەر ڕوبەری (7.2) دۆنم زەوی. 3. ئیدارەی گەرمیان؛ (9) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زۆرتر لە (331.5 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی نزیکەی (3%)، لەسەر ڕوبەری (935) دۆنم زەوی. 4. ئیدارەی ڕاپەڕین؛ (4) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (123.3 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (1.11%)، لەسەر ڕوبەری (117.5) دۆنم زەوی. 5. پارێزگای سلێمانی؛ (46) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زۆرتر لە (1.33 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (12%)، لەسەر ڕوبەری (هەزار و 854) دۆنم زەوی. 6. پارێزگای دهۆک؛ (42) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی لە (569 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (5.11%)، لەسەر ڕوبەری (2 هەزار و 718) دۆنم زەوی. بڕوانە خشتەی ژمارە (2) خشتەی ژمارە (2) سێیەم: بڕو قەبارەی وەبەرهێنان بەپێی سێکتەرە جیاوازەکان 1. سێکتەری بازرگانی؛ (41) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی (573 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (5.14%)، لەسەر ڕوبەری زیاتر لە (537) دۆنم زەوی. 2. سێکتەری بانکەکان؛ (1) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (315) دۆلار بە ڕێژەی (0.14%)، لەسەر ڕوبەری لەمتر لە (1) دۆنم زەوی. 3. سێکتەری تەندروستی؛ (11) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (89.5 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (0.80%)، لەسەر ڕوبەری (14.6) دۆنم زەوی. 4. سێکتەری پیشەسازی؛ (49) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (1.620 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (14.55%)، لەسەر ڕوبەری (هەزار و 190) دۆنم زەوی. 5. سێکتەری خزمەتگوزاری؛ (2) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (57.8 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (0.52%)، لەسەر ڕوبەری (968) دۆنم زەوی. 6. سێکتەری گەشتیاری؛ (29) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی گەورەتر لە (7 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (64%)، لەسەر ڕوبەری (2 هەزار و 856) دۆنم زەوی. 7. سێکتەری فێرکردن؛ (18) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی (220 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی نزیکەی (2%)، لەسەر ڕوبەری (533) دۆنم زەوی. 8. سێکتەری کشتوکاڵ؛ (8) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (363.48 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (3.26%)، لەسەر ڕوبەری (3 هەزار) دۆنم زەوی. 9. سێکتەری نیشتەجێبوون؛ (11) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (1 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (9%)، لەسەر ڕوبەری (هەزار و 256) دۆنم زەوی. 10. سێکتەری هونەری؛ (1) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی (9 ملیۆن و 234 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (0.08)، لەسەر ڕوبەری (10) دۆنم زەوی. 11. سێکتەری وەرزشی؛ (7) پرۆژە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی (58 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (0.52%)، لەسەر ڕوبەری (25) دۆنم زەوی. بڕوانە خشتەی ژمارە (3) خشتەی ژمارە (3) چوارەم: ڕەگەزنامەو سەرمایەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەکۆی (178) پرۆژە (174) پرۆژەی لەلایەن وەبەرهێنی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێن بە قەبارەی سەرمایەی (6 ملیار و 193 ملیۆن) دۆلار بە ڕێژەی (55.6%)ی سەرمایەی گشتی وەبەرهێنان لە ماوەی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تاکە کۆمپانیایەکی چینی مۆڵەتی وەبەرهێنانی وەرگرتووە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی (5 ملیار) دۆلار بە ڕێژەی (44%)ی سەرمایەی گشتی وەبەرهێنان. (3) پرۆژەش بە هاوبەشی کۆمپانیای عێراقی، چینی، تورکی، مصری و کەنەدی مۆڵەتیان پێدراوە بە قەبارەی سەرمایەی نزیکەی (37 ملیۆن و 384 هەزار) دۆلار بە ڕێژەی (0.34%)ی سەرمایەی گشتی وەبەرهێنان. بڕوانە خشتەی ژمارە (4) خشتەی ژمارە (4) چوارەم: وەبەرهێنان ساڵ (28/7/2019 – 5/4/2022) 1. لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لە (28/7/2019) تا (1/1/2020)، مۆڵەت بە (16) پرۆژە دراوە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (485 ملیۆن) دۆلار. 2. (1/1/2020 بۆ 1/1/2021) ، مۆڵەت بە (77) پرۆژە دراوە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (2 ملیار و 18 ملیۆن) دۆلار. 3. (1/1/2021 بۆ 1/1/2022)، مۆڵەت بە (69) پرۆژە دراوە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (8 ملیار و 509 ملیۆن) دۆلار. 4. (1/1/2022 بۆ 5/4/2022) ، مۆڵەت بە (16) پرۆژە دراوە بە قەبارەی سەرمایەی زیاتر لە (124 ملیۆن) دۆلار. بڕوانە خشتەی ژمارە (5) خشتەی ژمارە (5) سەرچاوە؛ ڕاپۆرتی دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی میدیاو زابیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە دیاردە بەرچاوەکانی نێو دونیای ئێمە تەڵاقدانی سیاسەتە بۆ ئەخلاق و تەڵاقدانی ئەخلاقیشە لە سیاسەت. ھەردوو لایەنەکە وەک دژەدیوی یەکتری وێنادەکرێن و دیوارێکی گەورە لەنێوانیاندا دروستدەکرێت، جیاکردنەوەی سیاسەت لە ئەخلاق و تێکەڵنەکردنی ئەخلاق بە سیاسەت، لە جیاکردنەوە و تێکەڵنەکردنە ڕیشەییەکانی ناو دونیای ئێمەن. کە باس لە سیاسەتکرا باس لە ئەخلاق ناکرێت و کە باسیش لە ئەخلاق کرا باس لە سیاسەت ناکرێت. دانانی ئەم کایەیە وەک دوو کایەی تەواو ناکۆک بەیەکتریی بەشێکە لە دیدی باڵادەست ھەم بۆ سیاسەت و ھەم بۆ ئەخلاق. ڕەنگە کەس لەم ناوچەیەی ئێمەدا ھێندەی محەمەد عەبدە (١٨٤٩-١٩٠٥) ئەم ڕوانینە نیگەتیڤەی بۆ سیاسەت و ئەو ناکۆکییە بنەڕەتییەی لەنێوان سیاسەت و ئەخلاقدا پێشنیاردەکرێت، بەرجەستە نەکردبێت. محمەد عەبدە لە نیوەی دووھەمی سەدەی نۆزدەھەمدا، یەکێک لە خوێندەوارە دینییە گەورەکانی جیھانی موسڵمانان و لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا موفتی میسر، بوو. لە چەند دێڕێکی بەناوبانگیدا دەربارەی سیاسەت، دەڵێت: ”سیاسەت لە قورئاندا درەختە نەفرەتلێکراوەکەیە، پەرستنی خواست و حەز و ئارەزوەکانە، بریتییە لە کەوتنەدوای ھەنگاوەکانی شەیتان“، ”السیاسة الشجرة الملعونة في القرآن، ھي عبادة الھوى واتباع خطوات الشیاطین“. بە بۆچونی من، ئەم بە بەد و کەمنرخ و بێڕەوشتکردنەی سیاسەت و ئەم جیاکردنەوەیەی لە ئەخلاق و چاکەکاریی، یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ئەو دۆخە نالەبارەی ئەمڕۆکە لە بەشێکی بەرچاوی ئەو ناوچەیەدا دروستکراوە، بەبێ گۆڕینی ئەم ڕوانینە نێگەتیڤە بۆ سیاسەت زەحمەتە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی جیھانێکی جیاواز دروستبکرێت. بەڵام ئایا سیاسەت و ئەخلاق دووانەیەکی دژ بەیەکن، یاخود دەکرێت ئەمیان وەک تەواوکەری ئەویتریان ببینین و ھەریەکێکیشیان بە ئاستێکی تایبەتیی بوونی تاکەکەسیی و بوونی دەستەجەمعی مرۆڤەکانەوە گرێبدەین. لە فیکر و فەلسەفەی سیاسیی کلاسیکیدا پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان ئەو دووانەدا پێشنیاردەکرێت. لای کەسێکی وەک فارابی، بۆ نموونە، سیاسەت و ئەخلاق ھەردووکیان سەر بە یەک جۆر چالاکین، کە چالاکی ”تەدبیر“ە، واتە چالاکیی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ژیانەوە ھەیە. ئەخلاق ”تەدبیر“ی ژیانی تاکەکەسیی دەکات، سیاسەتیش ”تەدبیر“ی ژیانی پێکەوەیی و گشتیی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدیدا. وشەی ”تدبیر“ بە مانای ڕێکخستن و بەڕێوەبردن دێت. مرۆڤ لە ئەخلاقدا لە خەمی باشترکردن و پێشخستنی ژیانی تایبەت و کەسایەتیی خۆیدایە وەک تاکەکەسێک، بەڵام لە سیاسەتدا خەریکی باشترکردن و پێشخستنی ژیانی گشتیی و پێکەوەییە لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵیاندا دەژیی. لەم دیدەدا سیاسەت مانای چالاکی ڕێکخستنی ژیانی گشتیی و دەستەبەرکردنی چاکەی گشتیی. ئەخلاقیش مانای ڕێکخستنی ژیانی تاکەکەسیی و دەستەبەرکردنی چاکەی تاکەکەسیی. لە سیاسەتدا تاکەکەسەکان پەیوەندییان بە خۆیان و بە دەوروبەر و بە مرۆڤەکانی ترەوە ڕێکدەخەن، لە ئەخلاقدا پەیوەندیەکانی مرۆڤ بە خۆی و بە ئەوانیترەوە، وەک تاکەکەسێک. لە سیاسەتدا مرۆڤەکان بە کۆ ئامادەن و بە کۆ پەیوەندییەکانی خۆیان لەناو خۆیاندا ڕێکدەخەن، سەرقاڵی ڕێکخستنی ئەو شتەن کە بەیەکەوە دروستیدەکەن و ھاوبەشە لەنێوانیاندا. لە ئەخلاقدا تاکەکەس سەرقاڵی داڕشتنی پەیوەندییەکانیەتی بەخۆی و بە کەسانی دەوروبەرییەوە. بەڵام لە ھەردوو کایەکەدا مرۆڤ ھەم وەک تاکەکەس و ھەم وەک کۆ، بەدوای چاکە و باشەدا دەگەڕێن. لە یەکەمیاندا بەدوای چاکە و باشەی تاکەکەسیدا، لە دووھەمیاندا بەدوای چاکە و باشەی پێکەوەیی و دەستەجەمعیدا. ھەردوکیشیان دەیانەوێت مرۆڤ چ وەک تاکەکەس و چ وەک کۆ لە شەڕ و بەدیی و خراپەکاریی بپارێزن. لەم دیدەوە ئەخلاق تاکەکەس و سیاسەتیش کۆمەڵگایەکی چاکەکار دروستدەکەن، ئەخلاق ئامرازی دروستکردنی تاکەکەسێکی چاکەکارە، سیاسەتیش ئامرازیی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی چاکەکارە. لە ھەردووکیشیاندا مرۆڤ خۆی لەو خراپەکاریی و پێکدادان و جەنگ و فێڵ و درۆ و دزیی و جەردەییانە دەپارێزێت کە دەشێت ڕووبدەن و ھەم تاکەکەس وەک تاکەکەس و ھەم کۆمەڵگاش وەک کۆمەڵگا، وێرانبکەن. لە دونیای مۆدێرندا و لەگەڵ سەرھەڵدانی بڕێکی گەورە لە ئایدیۆلۆژیا جەنگاوەر و شەڕانییەکاندا بەشێکی زۆری ئەم تێگەیشتنە بۆ پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و سیاسەت دەسڕێتەوە. ئەم دوو ڕەھەندە سەرەکیی و گرنگەی ژیانی تاکەکەسیی و ژیانی دەستەجەمعی بەشێوازی جیاواز لەیەکتری جیادەکرێنەوە و وەک دوو دژەدیو نمایشدەکرێن. ڕەنگە تیوریستی ئەڵمانی، کارل شمیت، کە بە تیوریستی نازیزم لە قەڵەم ئەدرێت، بەناوبانگترین کەسێکی سەدەی بیستەم بێت، سیاسەتی گۆڕیبێت بۆشتێک تەواو جیاواز و ناکۆک بەو دیدەی بۆ سیاسەت کە باسمانکرد. کارل شمیت گەشە بەدیدێک ئەدات تیایدا کاری سیاسەت چیتر ئەوە نییە کۆمەڵگایەکی چاکەکار دروستبکات، ئەوەش نییە لەڕێگای کاری پێکەوەیی و ھاریکارییەوە ژیانێکی گشتیی دوور لە جەنگ و خراپەکاریی دروستبکات. بە پێچەوانەوە ئەم نووسەرە جەنگ و پێکدادان و ململانێی خوێناوی وەک پێدراوێکی ئەبەدیی و وەک ژێرخانی کۆمەڵایەتیی پەیوەندیی مرۆڤەکان و میلەتەکان لەگەڵیەکدا، وێنادەکات. پێیوایە دۆخی ئاسایی مرۆڤەکان دۆخی پێکدادان و جەنگ و توندوتیژییە، ھەوڵدانە بۆ باڵادەستبوون بەسەر ئەوانیتردا. بۆیە لەم دۆخەدا سیاسەت دەگۆڕێت بۆ چالاکی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمن. چالاکی جیاکردنەوەی ئەوەیە کێ لەگەڵ مندایە و کێ دژی منە. واتە سیاسەت دەگۆڕێت بۆ وێناکردنی دوژمن وەک پێدراوێکی ھەمیشەیی و بەردەوام، کەوا پێویستدەکات ھەموو کۆمەڵگا و گروپێک لە دۆخی گەڕانێکی بەردەوامدا بەدوای دۆستێکدا ھاریکاریبێت لە بەگژاچوونەوەی ئەو دوژمنەدا. بە ئەبەدیکردنی دوژمن ئەو دۆخەیە وادەکات سیاسەت بگۆڕێت بۆ چالاکیی ئاراستەکردنی ململانێکان و جیاکردنەوەی ئەوەی دوژمنە لەوەی کە دۆستە لەناو ئەو ململانێیانەدا. ئەم ڕێکخستنەی ململانێ و ئاراستەکردنی لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پرنسیپ کە نامانبەنەوە ناو ئەخلاق، بەڵکو بە توندی گرێمانئەدەن بە قازانج و مەسڵەحەتی ھاوبەشی ئەم یان ئەو گروپەوە بەتەنھا. بەمجۆرە لەسەدەی بیستەمدا ئەم دیدگا نازییە بۆ سیاسەت دەگۆڕێت بۆ دیدگای باڵادەست و زۆرینەی ئەوانەش لەمڕۆدا باس لە سیاسەت دەکەن ئەم ڕوانینە نازییانە دووبارە و سەدبارە دەکەنەوە. دەرچوون لەم دیدە یەکێکە لە سەرەتا ھەرە گرنگەکانی دروستکردنی دونیایەکی جیاواز.
درەو: هەفتەی رابردوو مەسرور بارزانی پەیوەندی بە لاهور شێخ جەنگیەوە كردووە، بافڵ تاڵەبانیش لە دەرگای بارزانی دەدات و پشتیوانی تەواو بۆ حكومەتەكەی مەسرور بارزانی دەردەبڕێت. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، هەفتەی رابردوو مەسرور بارزانی لە رێگەی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆوە پەیوەندی تەلەفۆنی بە لاهور شێخ جەنگیەوە كردووە و بۆ ماوەی نیو كاتژمێر قسەیان كردووە، پەیوەندیەكەی مەسرور بارزانی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوانیان بووەو رایگەیاندووە: كە ئەوان هیچ پەیوەندییەكیان بە رووداوەكانی (8)ی تەمووزی رابردووی ناو یەكێتیەوە نەبووە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد، كە لە چەندین دیداردا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوە كردووە كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی پێش رووداوەكانی (8)ی تەمووز باشتربووەو ئاسایی تربووە وەك لە ئێستا كە ناتوانن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەسەر هیچ شتێك بگەنە رێككەوتن و لەسەر هیچ بابەتێك كۆكنین، هەربۆیە بڕیاریانداوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ئاسایی بكەنەوە. دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بەم هەنگاوەی مەسرور بارزانی دەزانێت راستەوخۆ بڕیار دەدات سەردانی مەسرور بارزانی بكات و پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی ئاسایی بكاتەوە، هەروەك لە راگەیەندراوی كۆبونەوەی نێوانیاندا جەخت لە پشتیوانی حكومەت و هەنگاوە چاكسازییەكەی كراوە. بەڵام سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە پێچەوانەی ئەو زانیاریانەی بەرپرسەكەی پارتی دەڵێت: سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ لای مەسرور بارزانی لەسەر داوای مەسرور بارزانی بووە كە داوای كردووە بافڵ تاڵەبانی ببینێت و بافڵ تاڵەبانیش لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی باسی كردووەو مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاریانداوە وەفدێكی باڵای یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی بكات. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ (درەو) ئاشكراكرد كە دەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح لە زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی مەسرور بارزانی زۆر نیگەرانكردووە، بەتایبەت كە ئەوان هێڵی سوریان لەسەر بەرهەم ساڵح هەیە، هەربۆیە دوور نیە مەسرور بارزانی و بارزانی باوك، بۆ دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵح سازش لەسەر رێبەر ئەحمەد بكەن..
هونهر حاجی جاسم/ ئهلمانیا لەگەل هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکڕانیا گهنم وهکو "فاکتهرێکی جیۆپۆلۆتیکی" دهرکهوت، ئهمهش وایکرد "جیۆپۆلۆتیکی گهنم" Geopolitics of Wheat له پهراوێزی هیڕشی ڕوسیا بۆ سهر ئۆکڕانیا، وهکو فاکتهرێکی هێزی کاریگهر بهزووی خۆی نمایش بکات، وه ڕاستهوخۆش نرخی خۆراکی له بازارهکانی جیهان بهرز کردهوه، بهتایبهتیش ئهوروپا. چونکه ولاتانی بەرهەمهێنەرانی هەناردەکاری گهنم، وهك "ڕوسیا و ئۆکرانیا" لە ڕیزبەندی بەرهەمهێنەران و هەناردەکارانی سەرەکی جیهاندان بۆ گەنم. بهباشترین کوالهتی جۆری گهنم. که ئهمهش بهبنهمای ئاسایشی خۆراکی تهندروست دادهنرێت!. 'پسپۆڕانی بواری ئاسایشی خۆراك' پێیان وایه، گهنم به ههموو جۆرهکانیهوه بهبنهمای سهرهکی 'ئاسایشی خۆراك Food Security' دادهنرێت. بهجۆرێك 'هیندیهکان' پێیان وایه که بهبێ بوونی بهرههمی گهنمی ناوهخۆی، 'ئاسایشی نهتهوهی دهولهت' ههمیشه له مهترسی دایه. بۆیه گهنم وهک 'فاکتهرێکی جیۆپۆلۆتیکی' Geopolitical Factor دادهنێن. بهر له دهستپێکردنی 'هێرشی ڕوسیا بۆ سهر ئۆکرانیا'، له ۲٤شوباتی ۲۰۲۲ ئهم دوو ولاته به ولاتی گهوره دادهنرێن له ههناردهکردنی گهنم. ههروهها سەردەمانێکیش ولاتی ئۆکڕانیا بە 'سەبەتەی نانی یەکێتی سۆڤیەت' The Soviet Union ناسرابوو. له ئاستی جیهانیش پێنجەم گەورەترین "هەناردەکاری گەنمە" لە جیهاندا. بەپێی ئامارەکانی "نەتەوە یەکگرتووەکانیش" UN، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ڕوسیا نزیکەی ٨ ملیار دۆلار بەرهەمی گەنمی هەناردە کردووە. "ئەمریکا "لە پلەی دووەمی نزیکدا هاتە پێشەوە، "کەنەدا" لە پلەی سێیەمدایە، هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر لە ٦ ملیار دۆلار بەرهەمی گەنمی هەناردە کردووە. ئۆکرانیا Ukraine گەورەترین وڵاتی ئەوروپا لە ڕووی زەویەوە بهبێ ڕوسیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ٣.٦ ملیار دۆلاری گەنمی هەناردە کردووە. بهردهوامی "شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا" دەتوانێت ببێتە هۆی کەمیی خۆراک و "هەڵاوسانی خۆراک " Food Inflation لە ئاستی جیهان به تایبهتیش ئهو ولاتانهی کریاری گهنم ئهم دوو دهولهتن. چونکه "ڕوسیا و ئۆکرانیا" لە پێشەنگی هەناردەکردنی گەنم و دانەوێڵەی خۆراکی دیکەن. ململانێی نێوان هەردوو وڵاتیش دەتوانێت ببێتە هۆی کەمیی خۆراک و هەڵاوسانی خۆراک لەو وڵاتانەدا بەرز بکاتەوە کە پشت بە هاوردەکردنی گەنم لە ڕوسیا و ئۆکرانیا دەبەستن. بەو پێیەی کە نرخی خۆراکی جیهانی لە ئێستاوە لە بەرزترین ئاستی لە ماوەی ١٠ ساڵدا دایە، ئەم تەحەددایانە لە بەرامبەردا دەتوانن "سەقامگیری سیاسی" Political stability لە وڵاتانی وەک "میسر, پاکستان و تورکیا" بخەنە مەترسییەوە، چونکه ئهم ولاتانه سالانه پێویستی زۆریان به کرینی گهنمی ئهم دوو ولاتهیه!. بۆ نمونه ولاتێکی وهک میسر کە دووەم گەورەترین هاوردەکاری گەنمە لە جیهاندا، لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦٠٪ی گەنمی هاوردەکراوی لە ڕوسیا و ٢٥.٦٪ی لە ئۆکرانیا کڕیوە، بە واتایەکی تر میسر زیاتر لە ٨٥٪ی هاوردەی گەنمی لەم دوو وڵاتە سەرچاوە دەگرێت کە لە ئێستادا لە شەڕدان. بە هەمان شێوە پاکستان کە حەوتەمین گەورەترین بەرهەمهێنەری گەنمە لە جیهاندا نزیکەی 90%ی گەنمی هاوردەکراوی لە ڕووسیا و ئۆکرانیا کڕیوە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦٤٪ی گەنمی هاوردەکراوی تورکیا لە ڕوسیا و زیاتر لە ١٠٪ی لە ئۆکرانیا هاتووە. ئۆکرانیا لە ساڵانی ڕابردوودا گەشەیەکی بەهێزی لە "هەناردەی کشتوکاڵیدا" Agricultural Exports بەخۆیەوە بینیوە. ژمارهیێکی گەورەی جیهانییە لە بەرهەمهێنانی دانەوێڵەی خۆراک و تۆوی ڕۆن، لەنێویاندا زەیتی گوڵەبەڕۆژە. به پەرەسەندنی زیاتری شەڕەکەش دەتوانێت ڕێگری لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە ئۆکرانیا بکات و ڕێگری بکات لە توانای دابینکردنی خواستی هەناردەکردن. لە هەمان کاتدا، هاوردەکاران کە نیگەرانن لە بەرکەوتنی مەترسی و پرۆسێسکردنی پارەدان خۆیان لە ڕوسیای سزاکان دەپارێزن. مانگی ڕابردوو "چین China کە گەورەترین بەرهەمهێنەری گەنمی جیهانە، سنوورەکانی لەسەر هاوردەکردنی گەنمی ڕوسی Russian Wheat هەڵگرت، ئەمەش ئاماژەیەك بوو بۆ ئەوەی بتوانێت جێگەی هەندێک لە هاوردەکارانی ئێستای مۆسکۆ Moscow بگرێتەوە. له ئێستادا گهنم وهک بنهمایێکی جیۆپۆلۆتیکی ڕۆل و گرینگی زۆری پهیداکردووه، ههم به هۆکاری شهڕی ڕوسیا و ئۆکڕانیا، ههمیش به هۆی "گۆڕانی ئاوههوا" Climate change و "گهرمبونی زهوی" Global warming و زۆربوونی ژمارهی دانیشتوان. بۆیه "کارتی گهنم "وهکو کارتێکی فشاری سیاسی Political pressure لهسهر "ئاسایشی نیشتمانی" National Security دادهنرێت. به بهردهوام بوونی "شهڕی ئۆکڕانیا و ڕوسیا" گرینگی "جیۆپۆلۆتیکی گهنم" له ههموو سهردهمێک زیاتر دهبێت. ئهمهش وا دهکات "ئاسایشی خۆراک" له جیهان بخاته مهترسیهوه، بهتایبهتیش ئهو ولاتانهی هاوردهکاری گهنمن، وه ژمارهی دانیشتوانیان له سهروی ههشتا ملیۆنهوهیه!.
(درەو): لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا زۆربەی سەركردەی لایەنەكان بەئاشكرا لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن بوون، بەڵام پلاسخارت پێی وتن "پێش نەورۆز دەبێت هەڵبژاردن بكرێت"، چاوەڕوان دەكرێت ئەگەر لایەنەكان بگەنە رێككەوتن لە (9) مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، هەرچەندە لێكتێگەیشتنی پارتی و یەكێتی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بۆ یەك ساڵ. بەشداربوویەكی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێم بە (درەو)ی راگەیاند: هێندە بەشان و باڵیدا هەڵیاندا، رەنگی دەموچاوی پلاسخارت سور هەڵگەڕابوو، دەستپێكی قسەی سەركردەكان بە سوپاس و ستاییشی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیپێدەكرد، كە كۆیانی كردووەتەوە، ئەو بەشداربووەی كۆبونەوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبونەوەكەدا محەمەد حاجی مەحمود رەخنەی لە نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان گرت كە هەڵوێستیان نییە، لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم خەڵكی كورد دەردەكرێن لەسەر ئاڵای كوردستان، بەڵام ئێوە بێدەنگن، دەوڵەت بۆ باشوری سودان و تەیموری رۆژهەڵات دروست دەكەن بەڵام بۆ كوردی دروست ناكەن .. پلاسخارت مكوڕ بوو لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەجۆرێك پێی وتن: دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێش نەورۆزی 2023 ئەنجامبدرێت، قسەی نوێنەرانی پارتی و یەكێتی بەو ئاڕاستەیە بوو دواخستنی هەڵبژاردن ئاساییەو وا دەردەكەوت پێشتر لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن رێككەوتبن. ئەو بەشداربووەی كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەشی بۆ (درەو) ئاشكراكرد، یەكێتی داوای (فرە بازنەیی) دەكردو لەگەڵ ئەوەشدا داوای دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكانی دەكرد بەسەر پارێزگاكانداو دەیوت" مەسیحی و توركمانەكانی پارێزگای سلێمانی، چەندین ساڵە بێبەشن لە كورسی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە دەبێت كورسی پێكهاتەكان دابەشبكرێن بەسەر پارێزگاكاندا". نوێنەری پارتی لەگەڵ ئەوەبوو پێویستە پێكهاتەكان خۆیان بڕیار بدەن (یەك بازنە) بێت بۆ ئەوان یان (فرە بازنە)، فازل میرانی وتی"هەق نیە ئێمە لەبری ئەوان بڕٍیار بدەین". كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەوە بوون (11) كورسی پێكهاتەكان وەك خۆیان بمێننەوەو مافی خۆیانە، بەڵام پێویستە سندوقی تایبەت بە خۆیان هەبێت، نوێنەری یەكگرتوو لەگەڵ ئەوەبوو پێكهاتەكان سندوقیان جیابێت و یەك بازنە بێت بۆ ئەوان ناكرێت پێكهاتەكان بۆ پارتی بێت. عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری لەگەڵ ئەوەبوو هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان فرە بازنەیی بێت و بە لیستی نیمچە كراوە بەڕێوەبچێت، لە قسەكانیدا مەیلی بەلای دواخستنی هەڵبژاردندا هەبوو. عومەر سەید عەلی لەگەڵ ئەوە بوو هەڵبژاردن بە لیستی (داخراو) بێت و هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، بەلایەوە ئاسایی بوو هەڵبژاردن دوابخرێت. بەشێك لە مەرج و بیانووی سەركردەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بوو لە وادەی خۆیداو لەگەڵ ئەوەبوون هەڵبژاردن نەكرێت، بەڵام نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان سوربوو لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن نابێت دوابخرێت ئەبێت ئەنجام بدرێت، رایگەیاند" دەبێت بەر لە نەورۆزی 2023 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت". بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، پارتی و یەكێتی لێكتێگەیشتنیان هەیە هەڵبژاردنی پەرلهمان بۆ (یەك ساڵ) دوابخرێت و تا مانگی ئەیلولی 2023 ئەنجام نەدرێت.
(درەو): لەسەردەمی (نەفتالی بینیت)دا ئیسرائیل سیاسەتی خۆی لە لێدان لە پەلۆپۆكانەوە بۆ لێدان لە سەری ئەختەبوتەكە گۆڕیوە، بەڵام بەمەرجی ئەوەی ئیسرائیل بەفەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەكان نەگرێتە ئەستۆ، لەپاڵ ئەمەدا دەیەوێت چەترێكی بەرگریی موشەكیی دروست بكات كە نەك ئیسرائیل خۆی تەنانەت هاوپەیمانە عەرەبەكانی ناوچەی كەنداویش بپارێزێت. نەفتالی بینیت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتی: ئیسرائیل ئێستا پشت بە باوەڕێكی نوێ دەبەستێت لەمامەڵەكردنیدا لەگەڵ ئێران، دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی بنەمای "لێدان لەسەری ئەختەبوتەكە نەك نینۆكەكانی". بینیت لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ گۆڤاری "زە ئیكۆنۆمیست" باسلەوە دەكات، دوای نزیكەی ساڵو نیوێك لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەلایەن ئەوەوە" هاوكێشەیەكی نوێیان دروستكردووە كە لێدانە لە سەری رژێمەكە". لە رابردوودا، هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانو ئەو زانایانە بوو كە پەیوەندییان بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەوە هەبوو، كاتێكیش لە سوپای پاسدارانی ئیسلامیو فەیلەقی قودسی دەدا، هێرشەكەی لە وڵاتی سێیەمدا جێبەجێ دەكرد لە نمونەی سوریا. بەڵام ئێستا هێرش دەكاتە سەر ئەنجومەنی ئاسایشی ناوخۆیی، لەناوخۆی ئێراندا، مانگی شوبات كارگەیەكی دروستكردنی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی سەربە سوپای پاسدارانی لە خۆرئاوای ئێران بۆردومان كرد، مانگی ئایار یەكێك لە سەركردەكانی سوپای پاسدارانی لەناو تارانی پایتەختدا تیرۆركرد، ئەمە بەگوێرەی قسەی گۆڤارەكە. ئیسرائیل بەردەوام رەتیدەكاتەوە دان بەم ئۆپراسیۆنانەدا بنێت لەناوخۆی ئێراندا، بەڵام ئێستا ئیتر زیاتر ئاشكرا بووە، زۆجار گەورە بەرپرسانی ئیسرائیلی خۆیان لێدوانی نافەرمی دەدەن لەبارەی ئەم ئۆپراسیۆنانەوە. مانگی نیسان دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل "مۆساد" تۆماری ئۆپراسیۆنێكی بڵاوكردەوە كە بانگهێشتكردنو لێپرسینەوەی ئەندامێكی سوپای پاسدارانی ئێران بووە لەلایەن سیخوڕەكانی ئیسرائیلەوە لەناوخۆی ئێراندا. گۆڤارەكە ئاماژەی بەوەكردووە، هەندێك لە ئەندامانی دامەزراوەی ئەمنیی ئیسرائیل بەم سیاسەتە نوێو بوێرانەیە دڵخۆش نین، پیاوە دێرینەكانی هەواڵگریی ناڕەزایەتییان هەیە لەوەی "لێدان لەناو چاوی تاران، كێشەی گەورەی لێدەكەوێتەوە". بەپێی قسەی گۆڤارەكە، سەرۆك وەزیران نەفتالی بینیت پابەندە بەو بۆچونەی كە ئیسرائیل بەشێوەیەكی راستەوخۆ بەرپرسیارێتی هیچ ئۆپراسیۆنێكی سنوردار لەناوخۆی ئێراندا نەگرێتە ئەستۆ، بەڵام دەڵێ لەوباوەڕەدایە "زیاتر لەوەی پێشبینی دەكرێت ئێرانییەكان شەرمنن" ئەمەش كاتێك كە باس دێتە سەر وەڵامدانەوەی بوێریی ئیسرائیل، پێیوایە لێدانی راستەوخۆ لە ئێران ئەنجامی باش بەدوای خۆیدا دەهێنێتو ئەمە بەتەواوەتی گونجاوە لەگەڵ ئەو تەكتیكە بوێرانەدا. بینیت ئومێدی وایە ئەم هێرشانە وا لە ئێران بكات قایل بێت بە كۆپییەكی زۆر توندتری ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی كە ساڵی 2015 لەگەڵ چوار هێزی خۆرئاواو چینو روسیادا ئیمزای كردووە، رێككەوتنێك كە ساڵی 2018 ئەمریكا لەسەردەمی سەرۆكی پێشوو دۆناڵد ترەمپ لێی كشایەوە. باسلەوە دەكات، ئابوری ئێران زۆر پێویستی بەوەیە لە سزاكان ببەخشرێت، بەڕادەیەك ئەگەر ئەمریكا رێوشوێنی توند بەسەر تاراندا بسەپێنێت، دەتوانێت رێككەوتنی سڕكردنی پەرەپێدانی ئەتۆمی ئێرانی تاوەكو كاتێكی نادیار لەگەڵدا ئیمزا بكات. بینیت ئەم فێڵەی ناوی ناوە "جەنگی دارایی ئەستێرەكان" ئەمە وەكو ئاماژەیەك بۆ پەرەپێدانی سیستمی بەرگریی موشەكیی لەلایەن ئەمریكاوە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، كە ئەم هەنگاوە یەكێتی سۆڤیەتی لە ساڵەكانی كۆتایدا ناچار كرد بەوەی رێككەوتنەكانی تایبەت بە سنورداركردنی چەك لەگەڵ ئەمریكادا ئیمزا بكات. بەهەمان شێوە ئیسرائیل پلان بۆ تۆڕی بەرگریی لەڕێگەی (لەیزەر)ەوە دادەنێت. دەڵێ رەنگە لە داهاتوودا ئەم سیستمە فراوانتر بكات بەجۆرێك ببێت بە چەترێكی ناوچەیی بۆ بەرگری موشەكییو تەنانەت هاوپەیمانەكانی ئیسرائیلیش بپارێزێت كە بریتین لە عەرەبە نوێیەكانی ناوچەی كەنداو. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی پێنج شەممە وتی: ئێران دەیەوێت دوو كۆمەڵی نوێی ئامێری (سێنتەرفیوج)ی پێشكەوتوو دابنێت كە ئەمە دەرفەت بە تاران دەدات بەشێوەیەكی خێرا بڕێكی زیاتر لە یۆرانیۆم بپیتێنێت، ئەمە نوێترین پەرەسەندنە لە هەوڵەكانی روبەڕووبونەوەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران. بڕیاری زیادكردنی دوو كۆمەڵ ئامێری (سێنتەرفیوج)ی تر لە جۆری (ئای ئاڕ-6) بۆ وێستگەی ئەتۆمی (نەتەنز) لەژێر زەویدا لەكاتێكدایە شەوی چوارشەممە ولاتانی بەشدار لە كۆبونەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە ڤیەننا دەنگیان لەسەر بڕیارێكدا بۆ رەخنەگرتن لە ئێران. بەڵام تەنانەت بەر لە دەنگدانەكەش، ئێران كامێراكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی داخست، كە بۆ چاودێكردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە وێستگەی (نەتەنز) بەكاردەهێنرا، هەروەك هەڕەشەی گرتبەبەری رێوشوێنی تریشی كرد لەناو قەیرانێكدا كە چەندین ساڵە بەردەوامە.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) کەرامەتی مرۆڤ لە هیچ دەوڵەتێکدا پارێزراو نییە گەر ئاساییشی تاکەکان پارێزراو نەبێت. پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی هەموو دەوڵەتێک پەیوەندییەکی قووڵی بە ئاساییشی ئینسانییەوە هەیە. یەکەم سیاسیی کە باسی کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئاساییشی ئینسانیی کردوە، فرانکلین ڕۆزڤێڵتی سەرۆکی ئەمریکایە. ڕۆزڤێڵت لە ساڵی ١٩٤١دا وتارە بەنابانگەکەی بەناوی “چوار ئازادییەکان“ لە کۆنگرێس پێشکەشکرد. ئەم وتارە بوو بە سەرەتای دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی نێونەتەوەیی دژ بە نازیزم و فاشیزم و پاشان بناغەیەک بۆ دامەزراندنی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان. یەکەم خاڵی وتارەکە بریتییە لە ئازادی ڕادەربڕین لە هەموو جیهان، دووەمیان بریتییە لە ئازادیی هەموو تاکێک بۆ چەشنی خوداپەرستیی لە هەموو جیهان، واتە هەموو کەسێک ئازادە لە هەڵبژاردنی ئەو خودایەی کە ئیمانی پێیەتی، سێیەم ئازادییە لە کۆتوبەندی پێداویستیی، واتە وەزیفەی دەوڵەتە ئابوورییەکی تەندروست بناتبنێت کە ئینسانەکان لە برسێتیی و هەژاریی بپارێزێت. چوارەم ئازادیش بریتییە لە ئازادیی لە ترس، کە بە بۆچوونی ڕۆزڤێڵت مانای چەکداماڵینێکی گڵۆباڵە، بۆئەوەی لەداهاتوودا هیچ دەوڵەتێک نەتوانێت بە زەبری چەک پەلاماری دراوسێکەی بدات. بۆیەکمینجار چەمکی ئاساییشی ئینسانیی لەلایەن هەردوو ئابوورییناسی بەناوبانی پاکستانی مەحبوب ئەلحەق و ئامارتیا سینی هیندی بەکارهێنرا. ئەم چەمکە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە گەشەی پێدرا و بوو بە بەشێکی گرنگ لە پرۆگرام و چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئاساییشی ئینسانیی لە دوای نەمانی بلۆکی سۆسیالیستییەوە رووبەڕووی چەندین تەحەدای گەورە بووەتەوە کە گرنگترینیان بریتییە لە برسێتیی و هەژاریی، بێکاریی، تەندروستیی، پەروەردە، کۆچکردن، تاوانکاریی، ململانێی کۆمەڵایەتیی، تیرۆر، چەوساندنەوەی سیاسیی و ئایینی و وێرانکردنی ژینگە و جیاوازیی جێندەریی. جەوهەری ئاساییشی نیشتیمانیی بریتییە لە ئاساییشی ئینسان، بەهەمان شێوە کۆڵەکەی ئاساییشی ئیقلیمییی و جیهانییش بریتییە لە ئاساییشی ئینسانیی. ئاساییشی ئینسانیی پێماندەڵێت پاراستنی هاونیشتیمانیان مانای بەرهەمهێنانی ترس نییە، بەڵکو مانای پاراستنێتی لە هەڕەشە و مەترسییەکان. هەڕەشە و مەترسییەکانیش لەم جیهانە گلۆباڵەدا زۆر و گەورەترن وەک لە سەدەی پێشووتر. کۆرۆنا و وشکەساڵیی و وێرانکردنی ژینگە و تێکچوونی سیستەمی ئیکۆلۆژیی و مەترسیی نەمان و لەناوچوونی چەندین جۆر لە گیانلەبەری سەر زەوی و ژێر ئاو و ڕوەک و باڵندە و نەمانی ئاوی پاک بۆ خورادنەوە و هەوای پاک بۆ ژیانێکی تەندروست، هەموو ئەمانە مانای وێرانبوونی ئەو ژینگە ئاسایی و سروشتییە دەگەیەنێت کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ گەشەسەندن و بەردەوامیی و ژیانێکی ئارام و تەندروست. هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتیی، جگە لە جەنگ و ماڵوێرانیی و ئاوارەیی و نەمانی بناغە سەرەتاییەکانی ژیانێکی تەندروست و پارێزراو، رووبەڕووی کێشەی وشکەساڵیی و خۆڵبارین و وێرانبوونی بەروبوومی کشتوکاڵیی و وشکبوونی چەندین ڕووبار و دەریاچەی گەورە و پیسبوون و کەمیی ئاوی خواردنەوە و دەیان کێشەی گەورەی تر بوونەتەوە کە رەهەندی بان دەوڵەتیی و سەروو نەتەوەییان هەیە. گەر لە ئاستی ناوخۆیی و لەنێوان ئەو دەوڵەتانەدا ناکۆکیی گەورە هەبێت کە وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەییان وێنادەکرێت، ئەوا لەئاستی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتییدا مەترسییەکان گەورەتر و کارەساتبارترن، چونکە مەترسییە جەوهەرەییەکانی داهاتوو هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر ئاساییشی مرۆییمان. لەوانەیە قسەکردن لەسەر ئاساییشی ئینسانیی لە هەرێمی کوردستاندا عەبەسێکی گەورە بێت، چونکە لەم دەڤەرەدا شتێک نییە ناوی ئاساییشیی ئینسانیی بێت، بەڵکو تەنها شتێک هەبێت و ناوی ئاساییش بێت، بریتییە لە دوو دەزگای ئاساییشی پارتی و یەکێتتی. هەر ئەم کێشەیەش وایکردووە خیتابی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی تەقلیدیی لەسەردەمی بزوتنەوەی گۆڕانەوە تاوەکو ئەمڕۆ بریتیی بێت لە گوتاری بێتامی یەکگرتنەوەی ئیداریی دەزگاکانی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس و زانیاریی و پاراستن و دژە تیرۆر و دەزگاکانی تر. لە جەوهەردا پرسی سەرەکیی لە دونیای ئێمەدا بریتیی نییە لە یەکگرتنەوەی بیرۆکراسییانەی دەزگا حیزبییەکان و رزگارکردنیان لە وەلائەتی حیزبیی و پاراستنی بەرژەوەندی خێزانە سیاسییەکان، بەڵکو پرسی سەرەکیی بریتییە لە گێڕانەوەی وەزیفەی ئاساییش بۆ مانا ئینسانیی و یاساییەکەی خۆی. چەمکی ئاساییشیش کاتێک مانا راستەقینەکەی خۆی وەردەگرێت کە ئاساییش چیدی پرسی پاراستنی هیچ حیزب و خێزان و دەسەڵاتدارێک نەبێت، بەڵکو رەهەندێکی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی و گەردوونی هەبێت. کێشەکانی ئەمڕۆی کوردستان کێشەی چەلەحانێی خێزانە سیاسییەکانی پارتی و یەکێتی نییە، بەڵکو کێشەی ئاساییشی ئینسانیی گەورەن کە پێویستییان بە چارەسەری خێرای ناوخۆیی و ئیقلیمیی و گلۆباڵیی هەیە. وڵاتی ئێمە پێویستیی گەورەی بە بیرکردنەوە و چەمکی سیاسیی نوێ هەیە کە نەک بەتەنها کێشەکانی پارتی و یەکێتیی ببینێت، بەڵکو هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتیی. کۆمەڵگای ئێمە عەقڵی سیاسیی و سیاسەتمەداری عەقلانیی دەوێت کە نە بۆ دەسەڵاتداران بیربکاتەوە و نە لەبری ئەوان نەوت و گاز بفرۆشێت. هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی کارەساتباری ئاساییشی ئینسانییدایە کە بەرهەمی وشکبوونی بیرکردنەوەی عەقلانیی و ئابوورییەکی دادپەروەرە. بۆیە چارەسەری کێشەی ژینگە لە بەکارهێنانی ووزەی خۆر (سۆلار) بۆ دەزگاکانی یەکێتی یان سەری ڕەش دەستپێناکات، بەڵکو بە ڕووناککردنەوەی بەردەوامی شەقامەکان و نەخۆشخانەکان و زانکۆ و قوتابخانە و دەزگا حکومییەکانەوە دەستپێدەکات بە ووزەی ئەڵتەرناتیڤ. بە دانانی سیستەمێکی نوێی شارسازیی دەستپێدەکات کە دروستکردنی کارەبای ئەڵتەرناتیڤ، واتە سۆلار، بکرێت بە مەرجی وەرگرتنی مۆڵەتی بینا و حکومەتیش وەک پاڵپشتییەک لە تێچووەکاندا بەشداربێت. نەبوونی سیاسەتێکی ئابووریی نیشتیمانیی و پڕۆژەی ستراتیژیی گەورە و دروستنەکردنی سەدان بەنداوی بچووک و بەرهەمنەهێنانی ووزەی خۆر و با، هەرێمی کوردستانیان بەم دۆخە گەیاند کە ئێستا وشکەساڵیی و خۆڵباران بووە بە مەترسیی و هەڕەشە بۆسەر ئاساییشی ئینسانییمان. وەک زۆرینەی ئەو دەسەڵاتدارێتییانەی ڕژێمە سیاسییەکەیان ستەمگەرە، لە هەرێمی کوردستانیشدا چەمکی ئاساییش کورتبووەتەوە بۆ ئاساییشی دەسەڵاتە سیاسییەکە و پاراستنی خێزانە سیاسییەکان، نەک ئاساییشی مرۆڤەکان لە بنیاتنانی ژیانێکی پارێزراو لەڕووی ژینگە و تەندروستیی و ئابووریی و پەروەردەییەوە. بەهاری عەرەبیی و ئەزموونی دەوڵەتە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرەکانی جیهانی عەرەبیی لە عێراقەوە بۆ جەزائیر، ئەو راستییەیان سەلماند کە ئاساییشی نیشتیمانیی دەوڵەتە نەتەوەییەکان کورتناکرێنەوە لە ئاساییشی رژێمە سیاسییەکە و قەبەکردن و بەهێزکردنی جەستەی دەزگا سەربازیی و پۆلیسیی و ئەمنیی و ئیستخباراتییەکانی دەوڵەت و حیزب، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئاساییشی ئینسانییەوە. هەر دەوڵەتێک نەیتوانی ئاساییشی ئینسانیی هاونیشتیمانیانی بپارێزێت، ناتوانێت ئاساییشی نەتەوەییشی بپارێزێت. پاراستنی ئاساییش پەیوەندییەکی قووڵی بە پاراستنی ئازادیی و خۆراک و تەندروستیی و ئابووریی و پەروەردە و ژینگە و جێندەرەوە هەیە. هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قووڵی ئاساییشی ئینسانییدا دەژی کە دەرئەنجامی ئامادەنەبوونی عەقڵ و بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقییە.