ئاودیوكردنی دۆلار لە راپەڕینەوە تائێستا
2023-03-06 17:12:47
راپۆرت: درەو
ئاودیوكردنی دۆلار لە هەرێمی كوردستان چیرۆكێكی نوێ نییە، بەپێی قسەی نەوشیروان مستەفا ساڵی 1991 سەددام بە دیناری ساختە، زیاتر لە (400 ملیۆن) دۆلاری لە هەرێم كوردستان كڕیوەتەوە، ئێستا دۆخەكە زۆر نەگۆڕاوە، پارتیو یەكێتی یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە ئاودیوكردنی دۆلار، حكومەتی عێراقیش هەردووكیان تۆمەتبار دەكات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
ئاودیوی دۆلار پەرەی سەندووە
ئەم رۆژانە باسی گەرمی شەقامی عێراقو هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە بەرامبەر بە دینار، ئەمە پەیوەندی بە چەند رێوشوێنێكەوە هەیە كە ئەمریكییەكان گرتویانەتەبەر بۆ پابەندكردنی عێراق بە سیستەمی جیهانیی بانكەكانەوە، بەپێی ئەم سیستەمە كە عێراق پابەندبوونی خۆی پێوە راگەیاندووە، عێراق هەر دۆلارێك كە بە رێگەی حەواڵە دەینێرێتە دەرەوە، دەبێت ئەمریكییەكان ئاگادار بن لەوەی بۆ كوێ دەڕوات. مەزادی دۆلار كە بەسەرچاوەی سەرەكی ئاودیوكردنی دۆلاری عێراق ئەژمار دەكرا، ئێستا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، هەر كەسێك بیەوێت دۆلار بكڕێت، دەبێت لەرێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییەوە داواكاری پێشكەش بكاتو هۆكاری كڕینی دۆلارەكەو ئەو شوێنە ئاشكرا بكات كە بۆی حەواڵە دەكات.
ئەم دۆخە، سەرباری رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی عێراق، ماوەی چوار مانگە بازاڕەكانی عێراقو هەرێمی كوردستانی توشی شڵەژان كردووە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزترە لەو نرخە فەرمییەی كە بانكی ناوەندی عێراق دیاریكردووە، نرخی كاڵاو شمەك لە بازاڕەكاندا بەرزبوەتەوە.
لەگەڵ دانانی كۆتوبەند لەسەر حەواڵەی دۆلار، ئێستا دیاردەی ئاودیوكردنی دۆلار بەشێوەی كاش لە دەروازە سنورییەكانەوە پەرەی سەندووە، لەمەشدا هەندێك لە بەرپرسانی عێراقی پەنجەی تۆمەت بۆ هەرێمی كوردستان درێژ دەكەن.
بانكی هەولێرو ئاودیوكردنی دۆلار !
سەرەتاكانی شوباتی رابردوو، هاوكات لەگەڵ گەرمبوونی قسەوباس لەبارەی كۆتوبەندەكانی ئەمریكا لەسەر دۆلارەكانی عێراقو بابەتی ئاودیوكردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران، عەلی فازل ئەو رۆژنامەنوسە عێراقییەی كە لە ئەمریكا نیشتەجێیەو ساڵی رابردوو تۆمارە دەنگییەكەی نوری مالیكی بڵاوكردەوە، تۆمارێكی دەنگی نوێی (ئەحمەد چەلەبی)ی سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ئاشكرا كرد.
مێژووی تۆمارەكە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، واتە بۆ ماوەیەكی كەم بەر لە مردنی ئەحمەد چەلەبی. قسەكانی لەدانیشتنێكدا بووە لەگەڵ هەریەكە لە (عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئەوكاتو ئێستاو لیوا (حسێن شەمەری) بەڕێوەبەری روبەڕووبونەوەی تاوانی رێكخراو لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق.
لەم تۆمارە دەنگییەدا، چەلەبی باس لەوە دەكات چەندین ساڵە كێشە لە بابەتی مەزادی دۆلاردا هەیە، ناوی ئەو بانكو كۆمپانیایانە ئاشكرا دەكات كە كاری حەواڵەی دۆلاریان كردووەو لە كاری شتنەوەی پارەدا تێوەگلاون، بەپێی قسەی چەلەبی، لەماوەی ساڵانی 2012 بۆ 2015 زیاتر لە (312 ملیار) دۆلار لە عێراقەوە ئاودیوی دەرەوە كراوە، بەشێكی لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانەوە ئاودیو كراوە.
ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لەناو ئەو بانكو كۆمپانیایانەی كە لە كاری ئاودیوكردنی دۆلاردا تێوەگلاون، چەلەبی باس لە (بانكی هەولێر) دەكاتو دەڵێ:" تەنیا بانكی هەولێر بڕی (7ملیارو 923 ملیۆن) دۆلاری ناردوەتە دەرەوە".
بەگوێرەی قسەكانی چەلەبی" بانكی هەولێر بڕی (ملیارێكو 712 ملیۆنو 500 هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ كۆمپانیای (الراوی). لە رۆژی 31ی ئایاردا بڕی (52 ملیۆن) دۆلاری لەبانكی ناوەندیی كڕیوە".
هەر لەم تۆمارەداو لە بەشی دووەمدا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی روبەڕووبونەوەی تاوانی رێكخراو بە بەڵگەوە باس لە تێوەگلانی میلیشیاكان دەكات لە پرۆسەی سپیكردنەوەی پارەو ئاودیوكردنی دۆلاردا.
ئاودیوكردنی دۆلار لە سلێمانییەوە
هەر لە سەرەتاكانی شوباتی رابردوودا، رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لەباڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد هەندێك وردەكاری نوێی لەبارەی ئاودیوكردنی دۆلار لە هەرێمی كوردستانەوە ئاشكرا كرد.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق لەبارەی پرۆسەی دەستبەراگرتنی پارەی بەقاچاغبراودا باسی دەكەن، رێژەیەكی زۆر سادەیەو 5% ئەوە تێپەڕناكات كە رۆژانە لەعێراقەوە بەقاچاغ دەبرێت.
راپۆرتەكە دەڵێ" بابەتی بەقاچاغبردن لەعێراق بەڕێگەی فەرمی ئەنجام نادرێت، بەڵكو زۆرینەی لەڕێی خاڵە سنورییە فەرمییەكانو نایاساییەكانەوە لە پارێزگاكانی دیالەو سلێمانی هاوسنوری ئێران ئەنجامدەدرێت".
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە: بابەتی بەقاچاغبردنی دۆلارو گەیشتنی بە ئێرانو شوێنەكانی تر كە لە لیستی سزاكانی ئەمریكادان، تەوەری بنەڕەتی گفتوگۆكان بووە لە كۆبونەوەكەی ئەستەنبوڵ لەنێوان (براین نیلسۆن) یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری تیرۆرو هەواڵگری دارایی لەگەڵ (عەلی عەلاق) پارێزگاری بانكی ناوەندیی.
"بەرپرسە ئەمریكییەكە بە عەلاقی وتووە: دەروازەی ناشەرعی هەیە لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا نییەو دۆلاری كاشی لێوە بەقاچاغ دەبرێت بۆ ئێران، بەڵگەی پێشكەشكردووە كە دەیسەلمێنێت پرۆسەی بەقاچاغبردن بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژاو لەلایەن كەسانی سەر بەلایەنی گرێدراو بە حزبو لایەنەكانی تر عێراقەوە ئەنجامدەدرێت، كە پەیوەندی بەهێزیان هەیە لەگەڵ ئێرانو بە بارهەڵگر دەپەڕنەوە بۆ ئێرانو دەگەڕێنەوە، دوای ئەوەی بارە دۆلارەكەیان بەتاڵ دەكەن".
"وەفدەكەی ئەمریكا داوای لە عێراق كردووە پرۆسەی وردبینی توندتر بكەنەوە لەخاڵە سنورییەكانو، ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دابینكردنی ئامێری پێشكەوتوو بۆ ئاشكراكردنی پارەی باركراو ئەگەر بەوردیش شاردرابێتەوە، وەفدەكە مەرجی ئەوەی بۆ عێراق داناوە دەبێت كۆنتڕۆڵی دەروازەو خاڵە نافەرمییەكانو هەر ڕێگایەكی سنوری بكات كە دۆلاری لێوە بەقاچاغببرێت".
سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵا لەبارەی ئەو وڵاتو ناوچانەی دۆلاریان بۆ دەبرێت بە ڕۆژنامە قەتەرییەكەی راگەیاندووە" یەكێك لە تێوەگلاوەكان دانی بەوەداناوە دۆلارە بە قاچاغبراوەكان بە ڕێوشوێنی سەرەتاییو لەڕێی بارهەڵگری گواستنەوەی كەلوپەلەوە بۆ ئێرانو سوریا دەگوازرێتەوە، لەبەرامبەریشدا دەزگا پسپۆڕەكان لە دەروازەكان پرۆسەی پشكنینان بە ئامرازی زۆر چالاك چڕكردووەتەوە، لەنمونەی دانانی سەگی پولیسی، ئەوەش پرۆسەی بەقاچاغبردنی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردووەتەوە".
ئیبراهیم خەلیلو ئاودیوكردنی دۆلار
رۆژی 11ی شوبات، بەڕێوەبەرایەتی گومرگی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە راگەیەندراوێكی كورتدا رایگەیاند" گواستنەوەی پارەی كاشی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات راگرتووە".
ئەم راگەیەندراوە ئەو قسەوباسانەی پشتڕاستكردەوە كە دۆلار لە سنورەكانەوە بەشێوەی كاش دەبرێتە دەرەوە.
رۆژی 1ی ئەم مانگە، لەمیانی بەشداریكردنیدا لە كۆڕبەندی هەولێر، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی وتی:" ئەوە راست نیە كە دەڵێن دۆلار لە سلێمانییەوە دەچێتە وڵاتانی دروسێ، بەڵكو لە هەولێرەوە دەچێتە توركیا، بەشێوەیەك لە كەركوكەوە دێتە سلێمانیو لەوێوە دەچێتە هەولێرو پاشان لە ئیبراهیم خەلیلەوە دەچێتە توركیا".
بەگوێرەی راپۆرتێكی سایتی (Middle East Eye)ی بەریتانی كە سەرەتاكانی شوباتی رابردوو لەزاری بەرپرسانی عێراقییەوە بڵاویكردوەتەوە" سەرباری رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی عێراق، رۆژانە لانی كەم 70 ملیۆن دۆلار لە هەرێمی كوردستانەوە ئاودیوی دەرەوە دەكرێت".
دوان لە راوێژكارەكانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سایتە بەریتانییەكەیان وتووە" زانیارییە هەواڵگرییەكان باسلەوە دەكەن بەمدواییە ئاودیوكردنی دۆلار لەرێگەی وشكانیو بەناو هەرێمی كوردستاندا بەرەو توركیاو دوبەی گەشەی كردووە".
ئەو سەرچاوانەی كە سایتە بەریتانییەكە قسەی لەگەڵ كردوون، باسیان لەوە كردووە" دەڵاڵەكانی ئاودیوكردنی دۆلار، بۆ ئاودیوكردنی بڕی یەك ملیۆن دۆلاری كاش، بڕی 15 هەزار دۆلار وەردەگرن".
سەددامو دزینی دۆلارەكانی كوردستان
چیرۆكی ئاودیوكردنی دۆلار لە كوردستانەوە بۆ دەرەوە نوێ نییە، نەوشیروان مستەفا لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ عوسمان عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی لە كۆتایی ساڵی 1991دا لە چوارقوڕنە باسی ئاودیوكردنی دۆلار دەكاتو دەڵێ:" یەكێك لەو شتانەی كە روبەڕوومان دەبێتەوە مەسەلەی دۆلارە كە سەرچاوەیەكی زۆر گەورە بووە بۆ ئابوری عێراق، چەند مانگی رابردوو نزیكەی (400 ملیۆن) دۆلار لە كوردستاندا لەرێگەی هاوپەیمانانو ئەوانی ترەوە سەرفكراوە حكومەتی عێراقی هەر (400 ملیۆن) دۆلارەكەی بە پارەی ساختە لێكڕیوینەتەوەو بردویەتی بۆ بەغدادو لەوێوە بۆ بەندەری عەقەبە، لەوێ شتومەكی پێ كڕیوەو هێناویەتییەوە. ئێمە ئەمانەوێت ئەمە تەنزیم بكەین، ئەمە بەتاقی تەنیا بە سلێمانی ناكرێت، چونكە دۆلارەكە لە هەولێر هەیە لە دهۆك هەیە، لە سلێمانیو كەلارو كفری هەیە. ویستمان ئەم فەترەیە مەركەزیەتێكی وا لە كوردستاندا دروستبكەین ئەو ئیجرائاتانەی كە ئەیكەین بەسەر هەموو كوردستاندا جێبەجێ بكرێت، یەعنی هەرئەوە نەبێت ئێمە هەر لە سلێمانی دۆلار مەنع بكەین، لە هەولێرو دهۆكیش مەنعی بكەین بچێت بۆ بەغداد، ئەم دۆلارانە لە بانقێكدا كۆبكەینەوە، دەوڵەمەندەكان هان بدەین بێن بە قازانج (سود) دیناری عێراقی تێدا دابنێن، هەر كەسێك ویستی بێت بڕوات بۆ ئێرانو توركیاو سوریا یان بۆ هەر جێگایەكی تر بۆ ئەوەی خواردەمەنی بكڕێت، دۆلارەكەی بدەینێ بڕوات شتەكانمان بۆ بكڕێتو كە هاتەوە حسابی لەگەڵدا بكەین بزانین بای چەندی كڕیوە، راست دەكات یان نا، بیخەنە بازاڕەوە".