فەرمانی دەستگیركردنو هەڵوەشاندنەوەی (هیوا رەئوف) لە یەك رۆژدا
2023-03-08 14:00:33
(درەو):
ئەمڕۆ دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی 2ی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرمایەدار (هیوا رەئوف) دەركردو هەمان دادوەر هەر ئەمڕۆ فەرمانەكەی خۆی هەڵوەشاندەوە.
بەپێی سەرچاوەكان هیوا رەئوف لە فڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیركراوە، بەڵام یەكێك لە پارێزەرەكانی دەڵێت هیوا رەئوف دەستگیرنەكراوەو فەرمانی دەستگیركردنەكەی هەڵوەشێندراوەتەوە.
دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی 2ی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرمایەدار (هیوا رەئوف) دەركرد.
ئەم فەرمانە پەیوەندی بە كێشەی خاوەن پشكەكانی (دەلتا سمنت)ەوە هەیە، هیوا رەئوف یەكێكە لە خاوەن پشكەكانی ئەم كۆمپانیایە كە لە بواری بەرهەمهێنانی چیمەنتۆدا كاردەكات. بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە سكاڵای لەسەر هیوا رەئوف تۆماركردووەو تۆمەتباری دەكات بەوەی بڕی (8 ملیۆنو 500 هەزار) دۆلاری كۆمپانیاكەی بردوەتەوە بۆ ماڵەكەی خۆی، داوای گەڕاندەوە ئەو پارانە دەكات.
بەپێی قسەی سەرچاوەكان، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەسەر بنەمای فەرمانەكەی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی هیوا رەئوف دەستگیركراوە، بەڵام یەكێك لە پارێزەرەكانی هیوا رەئوف بە (درەو)ی راگەیاند" هیوا رەئوف دەستگیر نەكراوەو فەرمانی دەستگیركردنەكەشی لەلایەن هەمان دادوەرەوە هەڵوەشێندراوەتەوە".