27 بیری نەوت لە بەغداد
2023-03-09 13:05:47
(درەو):
پرۆسەی هەڵكەندنی (27) بیری نەوت لە خۆرهەڵاتی بەغدادی پایتەخت دەستیپێكردووە، ئەمە لەچوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقدایە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتو پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان. وەزارەتی نەوت بەنیازە بەرهەمی ئەم كێڵگەیە بگەیەنێتە (40) هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
عێراق هەڵكەندنی یەكەم بیری نەوتی لەكۆی ئەو (27) بیرە تەواوكرد، كە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی بەغدادی پایتەخت، ئەمە لەچوارچێوەی پلانەكانیدا دێت بۆ بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگەیە بۆ (40) هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراقی، ئەمڕۆ تەواوكردنی كاری هەڵكەندنی یەكەم بیری لە باشوری خۆرهەڵاتی بەغداد راگەیاند.
عێراق لەساڵی (2018)دا رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیا (جەنهوا)ی چینی ئیمزاكرد بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكە، دوای دوركەوتنەوەی زۆرێك لە كۆمپانیا بیانییەكان لە بەشداریكردن لە وەبەرهێنان تێیدا، ئەمەش بەهۆی نزیكی كێڵگە نەوتییەكە لە شوێنی نیشتەجێبونو جۆری نەوتەكەی.
پرۆسەی هەڵكەندن
كۆمپانیای هەڵكەندنی عێراقی ئاماژەی بەوەكردووە، كارمەندە هونەریو ئەندازەییەكانی كۆمپانیاكە هەڵكەندی بیری (EBS -H-18) بەقوڵایی 3509 مەتر هەڵكەندووە.
باسی لەوەكردووە، ئەمە یەكەم بیرە كۆمپانیاكە تەواوی دەكات لەچوارچێوەی پرۆژەی هەڵكەندنی (27) بیری نەوتی لە كێڵگەی باشوری خۆرهەڵاتی بەغداد، لەبەرژەوەندی كۆمپانیای (ئەی بی ئێس)ی چینی بەهاوكاری كۆمپانیای (COSL) بۆ پێشكەشەكردنی خزمەتگوزارییە نەوتییەكان.
كۆمپانیای هەڵكەندی عێراقی بە بازووی كاریگەری نیشتمانی دادەنرێت لەهەڵكەندنو چاكسازیكردن لەبیرە نەوتییەكانو خاوەنی كادێری هونەریو ئەندازەییە كە لێهاتووییو شارەزاییەكی كەڵەكەبوویان هەیە لەبواری هەڵكەندنو چاككاریكردن لەبیرە نەوتییەكانو بەئەنجامگەیاندنی پرۆژەكان بەپێی ئەو خشتەیەی دیاری دەكرێت، بە بەرزترین پێوەرەكانو بەپێی خەسڵەتە پێوانەییە داواكراوەكان.
كێڵگەی خۆرهەڵاتی بەغداد
پرۆسەی هەڵكەندی ئەو بیرە لەچوارچێوەی هەوڵەكانی وەزارەتی نەوتی عێراقدا دێت بۆ بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی خۆرهەڵاتی بەغداد بۆ (40) هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا.
ئاستی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی خۆرهەڵاتی بەغداد لەئێستادا (15) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، پلانی پەرەپێدانەكە وەبەرهێنانی تەواوی غازە هاوەڵەكەشی لەخۆدەگرێت، بەرهەمی غازی كێڵگەكەش بۆ وێستگەكانی وزەی كارەباو پاڵاوگەی (دۆرە) دابین دەكرێت.
لەماوەی رابردوودا، ژمارەیەك لە كۆمپانیا بیانییەكان بەشدارییان نەكرد لە وەبەرهێنانی ئەو كێڵگە نەوتییە لە بەغداد كە كۆمپانیای نەوتی باكور سەرپەرشتی دەكات، بەهۆی ئەوەی كەوتووەتە ناوچەی نیشتەجێبونەوەو جۆری نەوتەكەشی نەوتی قورسە، كە جۆرێكی باش نییە بەبەراورد بە نەوتی ئەو كێڵگانەی دەكەونە ناوچەكانی باشور.
سەرچاوە: پێگەی الطاقە