درەو: داعش لە (2021) دا بە تێکڕایی مانگانە لە عێراق (87) هێرشی ئەنجامداوە و مانگانە (149) قوربانی لێکەوتووەتەوە، لە سوریا بە تێکڕایی مانگانە (31) هێرشی ئەنجامداوە و (74) قوربانی لێکەوتووەتەوە، لە سینا (9) هێرشی ئەنجامداوە و (17) قوربانی مانگانەی لێکەوتووەتەوە. هێشتا "داعش" هێزێکی چالاکی ترسناک و هەڕەشە ئامێزە بۆ سەر ناوچەکە، بە تایبەت لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق و سوریا، کە بە "ویلایەتی عێراق" و "ویلایەتی شام" ناودەبرێن. ئەم ناوبردنە بەو مانایە نییە کە هێزەکانی داعش کۆنتڕۆڵی شوێنێک یان ناوچەیەکی دیاریکراویان لە ژێر دەستدا بێت، بەتایبەت لەدوای شکستهێنانیان لە ناوچەی باغۆزی پارێزگای دێرەزوو لە ساڵی (2019) و تێکشکاندیان وەک دواین ناوچەی ژێر کۆنترۆڵێ ڕێکخراوەکە، بەڵکو بەشی زۆری هێزەکانیان بەشێوەی شانەی نوستوو لەم دوو وڵاتەدا هەن و چالاکی جۆراو جۆر ئەنجام دەدەن. ئەمە لە کاتێکدایە "داعش" لە باکوری ئەفریقا چالاکییەکی ئەوتۆی نەماوە تەنها لە ناوچەی (جەزیرەی سینا) کە بە "ویلایەتی سینا" ناسراوە. هەرچۆنێک بێت لەگەڵ ئەوەی "داعش" لە عێراق و سوریا هیچ ناوچەیەکی جوگرافییان بەدەستەوە نییە، بەڵام بە ئاستێکی تا ڕادەک نزم جموجۆلێیان هەیە و چالاکی ئەنجام دەدەن. لە هەوڵی بونیادنانەوەی دەوڵەتی ئیسلامیدان، لە ناوچەکانی (عێراق، سوریا و سینا) کە سێ ناوچەی گەرمی داعشن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، سەرباری بوونی هێرشی و چالاکی زۆر کەم و لاواز لە یەمەن و سۆماڵ و لیبیا. چالاکییەکانی داعش لە ساڵی (2021)؛ عێراق پاڵپشت بە داتاکانی هەفتەنامەی (ئەلنەبەئ)ی زمان حاڵی ڕێکخراوەکە هێرش و پەلامارەکانی لە ساڵی (2021) کەمترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تر (2020)، ڕێکخراوەکە لە ساڵی (2020) دا بەتێکڕا (110) هێرشی لە ئەستۆ گرتووەو مانگانە (207) قوربانی کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2021)دا (87) هێرشی ئەنجامداوە و بە تێکڕای مانگانە (149) قوربانی لە هێرشەکان کەوتووەتەوە، ئەگەر چی ئەمە پاشەکشیەکی گرنگە لە چالاکییەکانی ڕێکخراوەکە، بەڵام هێشتا ژمارەکان گەورەن و هەڕەشەکان جدی و مەترسیدارن، وەکو ئەوەی ئاژانسی بەرگری و هەواڵگری (DIA) ئەمریکی تێبێنی کردووە، ڕێکراوەکە تەرکیزیان کردووەتە سەر هێرشی پەنای سەلامەت (Safe Havens)، وەکو نمونەی تەقینەوە خۆکوژییەکەی 21ی کانونی دووەمی 2021 لە ناوەڕاستی شاری بەغداد دوو خۆکوژ ئەنجامیاندا، یان تەقینەوە خۆکوژییەکەی مەدینە سدر لە 19ی تەموزی 2021، لە هەریەک لە تەقینەوانەدا زیاتر لە (30) هاوڵاتی کوژران. چالاکییەکانی داعش لە ساڵی (2021)؛ سوریا بەهان شێوەی عێراق چالاکییەکانی "داعش" لە سوریا لە ساڵی (2021) پاشەکشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2020)، پاڵپشت بە داتاکانی هەفتەنامەی (ئەلنەبەئ)ی زمان حاڵی ڕێکخراوەکە هێرش و پەلامارەکانی لە ساڵی (2021) کەمترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تر (2020)، ڕێکخراوەکە بەتێکڕا لە ساڵی (2020) دا (45) هێرشی لە ئەستۆ گرتووەو مانگانە (95) قوربانی کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2021)دا بە تێکڕا (31) هێرشی ئەنجامداوە و مانگانە (74) قوربانی لە هێرشەکان کەوتووەتەوە. چالاکییەکانی داعش لە ساڵی (2021)؛ سینا هەروەک چۆن لە عێراق و سوریا چالاکییەکانی "داعش" لە ساڵی (2021) پاشەکشەی کردووە بەراورد بە ساڵی (2020)م بە هەمان شێوە ئەمە بۆ ناوچەی (سینا)ش ڕاستە، چونکە وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بۆ کردووە ئەم لقەی ڕێکراوەکە جۆرێک نەرمتر مامەڵە دەکەن سەرباری ئەوەی لایەنگریان کەمەوە لە (500) بۆ (1200) چەکدار تێپەڕ ناکەن. پاڵپشت بە داتاکانی هەفتەنامەی (ئەلنەبەئ)ی زمان حاڵی ڕێکخراوەکە هێرش و پەلامارەکانی لە ساڵی (2021) کەمترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تر (2020)، ڕێکخراوەکە بەتێکڕا لە ساڵی (2020) دا (16) هێرشی لە ئەستۆ گرتووەو مانگانە (40) قوربانی کەوتووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی (2021)دا بە تێکڕا (9) هێرشی ئەنجامداوە و بە تێکڕای مانگانە (17) قوربانی لە هێرشەکان کەوتووەتەوە. سەرچاوە: COLE BUNZEL, Explainer: The Islamic State in 2021, Wilson center, at the site; https://www.wilsoncenter.org/article/explainer-islamic-state-2021 دا
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا ڤیدیۆیەکی کورت لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە تیایدا باوەڕدارێکی سەلەفی لە ئۆتۆمۆبێلەکەی دادەبەزێت و بەرەو پەیکەرێکی لە بەفر دروستکراو دەڕوات و بە لەقە دەیشکێنێت. دوای ئەوە سواری ئۆتۆمۆبێلەکە دەبێتەوە و دەڕوات. ھەواڵی شکاندنی چەندان شێرەبەفریننەش لەلایەن کەسانی باوەڕداری سەلەفی تری لەو جۆرەوە، بیسترا. شکاندنی ئەو پەیکەرە لە بەفردروستکراوانە وەک نمایشکردنی دینداریی ڕاستەقینە و وەک ڕێگرتن لە دروستبوونی شەریک بۆ خودا، ئەو بیرۆکەیەیە لە پشتی ئەم جۆرە کردەوەیەوە ئامادەیە. ئەمانە ئەو جۆرە دیندارەن پێیانوایە بەو شکاندنە ”خودا“ لە شەریک بۆدروستکردن ڕزگاردەکەن. لەو باوەڕەدان خودا پێیوستی بەوانە بۆ ڕێگرتن لە دروستبوونی شەریک بۆی، با ئەو شەریکەش منداڵێک بە بەفر دروستیکردبێت. ئەم جۆرە ئیماندارانە کەسانێکن پێیانوایە دەتوانن ھەم دین و ھەم خودی خودا خۆیشی لە دوژمنە گریمانکاوەکانی خودا بپارێزن. لە دیدی ئەمانەدا ھەموو ئەوانەی تێگەیشتنێکی تریان بۆ دین و بۆ خودا ھەیە جیاواز لە تێگەیشتنی ئەمان، گومڕا و سەرلێشێواون، ئەوان لە. ڕێگای شکاندنی ئەو پەیکەرە بەفرینانەوە دەیانھێننەوە سەر ڕێگای ڕاست، یان لانیکەم نیشانیانئەدەن ڕێگای ڕاستی گەیشتن بە خودا و دینداریی پاکژ چییە و کامەیە. شکاندنی ئەو پەیکەرە بە بەفردروستکراوانە، کۆپیەکی کوردانەی شکاندنی ئەو پەیکەرە گەورەیەی بودایە کە لە ساڵی ٢٠٠١دا تاڵەبان لە ئەفغانستان وێرانیانکرد. ئەودەمیش تاڵەبان، وەک ھێزێکی سەلەفیی، بەناوی بەرگریکردن لە خوداوە و ڕێگرتن لە دروستکردنی شەریک بۆی ،ئەو پەیکەرە مێژووییەی بودایان وێرانکرد. ئەم تێگەیشتنە بۆ دین و دینداریی و ئەم شێوازە لە ھەڵسوکەوت بەناوی دینەوە، سەر بەو شێوازەیە لە دینداریی کە جگە لە بەرجەستەکردنی دیدێکی تەواو بەرتەسک و ترسناک بۆ دین، نارسیزمێکی گەورە ژێرخانە فیکرییی و ئەخلاقیی و دەرونییەکەی پێکدەھێنێت، نارسیسزمێک کە بیمار و ترسناکە و مەیلێکی گەورەی وێرانکردنی کەسانی لەخۆیان نەچووی، ھەڵگرتوە. وێرانکردنی سەرجەمی ئەو شتانەی لەم خودە نارسیستییە ناچن، یان باوەڕیان بە دینداریەکە جیاواز لە باوەڕی ئەو خودە نارسیستییە. ئەم نارسیزمە دینییە کۆمەڵێک باوەڕ دروست و ئاراستەی دەکرن. کە دەشێت گرنگترینیان ئەمانەبێت. باوەڕ بەوەی کە ھەم دینییەکەت و ھەم شێوازی دینداریەکەت تاقە دین و دینداری ڕاستەقینەن لە جیھاندا و ھەموو دین و ھەموو شێوازەکانی تری دینداریی ھەڵە و ناڕاست و گومڕاییە، تۆش وەک ھەڵگری ئەو دینە تایبەتە باشترین دینداری جیھانیت، ئومەتەکەت باشترین ئومەتی سەرزەوییە، کتێبە دینیەکانت باشترین کتێبەکانی جیھانن و کەسایەتییە دینییەکانی ناوی دینەکەت مرۆڤە ھەرە باشەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتین. ھیچ دین و دینداریەکی دیکە نەک بە دین و دینداریی تۆ ناگەن، بەڵکو کوفر و نەزانیی و گۆمڕایین. ھاوکات پێشتوابێت ھەم خۆت و ھەم دینەکەت وەڵامی سەرجەمی پرسیارەکانی مرۆڤ و چارەسەری سەرجەمی کێشەکانی ناو مێژووی مرۆڤایەتیان، پێیە. لەو باوەڕەدابیت سەرجەمی ھەقیقەتەکان لەناو دینەکەی تۆدا و لەناو ئەو دەقە کۆن و بەئەبەدیکراوەکاندان کە بەر لەم سەردەم و ڕۆژگارە نووسراون. پێتوابێت بەختەوەریی مرۆڤەکان تەنھا ئەو کاتە بەدەستدێت کە ھەمووان وەکو تۆ ببن بە ئەندامی ئەو دینە و ژیانیان بۆ لاساییکرنەوەی ژیانی کەسانی ڕابردووی ئەو دینە، کورتبکەنەوە. تا ئەو شوێنەی پێتوابێت پێویستە مرۆڤەکانی جیھانی ئەمڕۆ ببن بە کۆپی ئەو مرۆڤە کۆنانەی لە سەدەکانی ڕابوردودا وردەکارییەکانی ئەم دینەیان داڕشتوە و ژیاون. لەسەروی ھەموو ئەمانەشەوە پێتوابێت ئەو دینە ئەسڵێکی پاکژە و پێویستە ھەموو مرۆڤایەتی دوای بکەوێت و ئەو ئەسڵە بپەرستێت. ئەم خۆ بە پاکژ زانینە ڕەھایە، کە دیوی ئەودیوی، بە گڵاوزانینی ھەموو ئەوانەیە لەتۆ ناچن، یان جیاواز و ناکۆکن بە تۆ، ئەو خاڵەیە ئەم فۆرمە لە نارسیزمی دینیی تەواو ترسناک و وێرانکەر دەکات. لە ڕێگای گڵاو و گومڕاکردنی جیھانەوە خودی خۆت پاکژ و بێھەڵە بزانیت و وێنابکەیت. ئەم فۆرمە لە نارسیزم بە شێوەیەکی بەردەوام و لە ھەمووشوێنێکدا بەدوای سێبەر ق کۆپیەکانی خۆیدا دەگەڕێت، پێشیوایە دەتوانێت لەڕێگای سەپاندنی ئەو وێنانای خۆیشیەوە ھەموو مرۆڤایەتی ڕزگاربکات. ئەم فۆرمە لە دینداریی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیشی بە ترس و دڵەلەرزەی گەورەوە ھەیە، لە ھەناوی ھەموو نارسیستێکدا بوونەوەرێکی ترسنۆکیش ئامادەیە، ترس لەوانیتر و لە بەشێکی گەورەی ئەو جیھانەی لەگەڵ ئەوانیتردا لەناویدا دەژیی. لە ڕاستیدا ئەم فۆرمە لە نارسیزمیی دینداریی دەتوانێت تا ئەو شوێنە بڕوات کە دەبێت بە ئامرازێک بۆ گۆڕینی خودی دین خۆی، بۆ کولتوریی ترس و تۆقاندنی مرۆڤەکان. چ ئەوانەی ھەڵگری ئەم دیدەن بۆ دینداریی دەبێت بترسن و چ ئەوانەیش ھەڵگری ئەم تێگەیشتنە نین، ھەردوولا پێویستە بترسن. سەلەفیەتی دینیی وێنەیەکی بۆ خودا ھەیە تەواو بێبەزەیی و دڵڕەق و تۆڵەخواز، ھاوکات خودایەکی لاواز و پشێبەستوو بە توانای ئینسان بۆ پاراستنی. خودایەک، بۆ نموونە، منداڵێک یان مێردمنداڵێک دەشێت لە ڕێگای دروستکردنی بوکەڵەیەک بە بەفر شەریکی بۆ پەیدابکات و ئەمانیش بۆ پاراستنی ئەو خودایە ئەو بوکەڵە بەفرینە بشکێنن. ئەمجۆرە لە دینداریی ناتوانێت دیندارییەک بێت بۆ ئەو کەسە بە تەنھا خۆی، ناتوانێت باوەڕە دینییەکەی وەک باوەڕێکی شەخسیی تایبەت ببینێت، بەڵکو دەیەوێت بەسەر ھەموو دونیایدا ھەموو مرۆڤایەتیدا بیسەپێنێت. بۆ ئەنجامدانی ئەمەش، لە ساتێک لە ساتەکاندا پێویستی بە ھێزیی چەکدار و سوپای ڕێکخراو دەبێت. مەسەلەکە لە شکاندنی پەیکەرێکی بەفرەوە دەپەڕێتەوە بۆ شکاندنی ژیانی ئەوانەی لە حیساباتی ئەودا دیندارنین. دین لە ھەموو ئەو دۆخانەدا دەبێت بە ھێزێکی چەکدار، وەک پۆلیس، بە تایبەتیی پۆلیسی ڕاونان و پشکنین و لێپرسینەوە. دەبێت بە ئۆفیسێکیش بۆ سانسۆر و پشکنینی بیروباوەڕ. لە ساتێکیشدا دەشێت بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێک بڕیار لەسەر ژیان و مەرگریی مرۆڤەکان بدات. شتێک لە ئیرادەی بەخودابوون لەناو ئەم فۆرمە ترسناکەی نارسیزمی دینیدا ئامادەیە.
راپۆرت: درەو ژمارەكان ئاماژە بەوە دەكەن، سیناریۆكەی 2018 دووبارە نابێتەوە، ئەمجارەیان بارزانی لە بافڵ تاڵەبانی دەباتەوە، ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆمار لەدەستبدات، پرسیاری گەورە لەسەر پرسی بەشداربوونی لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست دەبێت، گفتوگۆكانی بارزانی و تاڵەبانی بە بنبەست گەیشت لە كاندیدی سەرۆك كۆماردا، یەكێتی بە بەرهەم ساڵح و پارتی بە هۆشیار زێباریەوە دەچنە بەردەم پەرلەمان، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. لە هەموو حاڵێكدا بارزانی سەرۆك كۆماری دەوێت ! پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق نەگەیشتنە رێككەوتنو هەردوولا كاندیدی خۆیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەمە لە دیداری ئەمڕۆی نێوان مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیدا بەدی كرا. یەكێتی سورە لەسەر كاندیدكردنەوەی (بەرهەم ساڵح) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، پارتیش (هۆشیار زێباری) كاندید كردووە. سەرەتا وا دەركەوت پارتی بۆ دورخستنەوەی (بەرهەم ساڵح) لە ویلایەتی دووەمی سەرۆكایەتی عێراق، (هۆشیار زێباری) كاندید كردووە، بەڵام بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو پارتیو یەكێتی دەست (درەو) كەوتوون، قۆناغی كشانەوەو گۆڕینی كاندید بەسەرچوو، پارتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆخۆی بەرێت و تەنانەت ئەگەر یەكێتی بەرهەم ساڵحیش لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكێشێتەوە. لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە، وەكو عورفێك سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەنێوان پێكهاتە سەرەكییەكاندا دابەشكراون، پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ شیعە، سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوننە، سەرۆك كۆماریش بۆ كورد. بەگوێرەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی كە بەشێكی زۆری رێككەوتنەكە تایبەت كرابوو بە دابەشكردنی پۆستە باڵاكات، پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بردو لەبەرامبەر ئەمەدا یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی وەرگرت، لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا لە ساڵی 2005وە تاوەكو 2018 پۆستی سەرۆك كۆمار لای یەكێتی بوو، دوو ویلایەتی سەرۆكایەتی مام جەلالو ویلایەتێكی فوئاد مەعسومو ویلایەتێكی بەرهەم ساڵح، بەڵام ساڵی 2018 درزێكی گەورە كەوتە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتیو یەكێتی، ئەوكات مەسعود بارزانی دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێم بوو بوو، بۆیە دەیویست پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەش لەبەرامبەر كاندیدی یەكێتیدا كە (بەرهەم ساڵح) بوو، پارتیو بەدیاریكراویش مەسعود بارزانی (فوئاد حسێن)ی وەكو كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خستە بەردەم پەرلەمانی عێراقەوە. سیناریۆكەی 2018 دووبارە دەبێتەوە ؟ ئێستا دۆخی كورد لە بەغداد لەبەردەم دوبارەبونەوەی سیناریۆكەی 2018دایە، پارتیو یەكێتی كۆك نین لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمارو هەریەكەیان بەجیا كاندیدی خۆی هەیە، تا ئێرە دوبارە بونەوەی سیناریۆكەیە وەكو خۆی، بەڵام دەرەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەم دۆخەی ئێستاوە دەریدەخات، ئەمجارەیان بارزانی لە بافڵ تاڵەبانی دەباتەوەو تۆڵەی رووداوەكانی 2018ی لێدەكاتەوە. رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری خۆی یەكلادەكاتەوە لەبارەی ئەوەی ئایا دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراق كە رۆژی 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو یاساییە یاخود نا. ئەگەر دادگا بڕیار بدات دانیشتنەكە بەپێچەوانەی یاساو دەستورەوە بەڕێوەچوو، ئەوا دەستەی هەڵبژێردراوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق هەڵدەوەشێتەوەو دەبێت سەرلەنوێ دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان دووبارە بكرێتەوەو دەستەیەكی سەرۆكایەتی نوێ هەڵبژێردرێت، ئەم سیناریۆیە تاڕادەیەك چاوەڕوان نەكراوە. خۆ ئەگەر دادگای فیدراڵی بڕیاربدات لەسەر دەستوریبوونی دانیشتنی یەكەم، ئەوان رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار وەكو خۆی بەردەوام دەبێتو دەبێت تاوەكو رۆژی 8ی شوبات پەرلەمان سەرۆك كۆماری نوێی عێراق هەڵبژێرێت. لەم نێوەندەدا ئەگەر هەیە بۆ ماوەی چەند رۆژێك دادگای فیدراڵی عێراق ماوەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار درێژبكاتەوە، ئەمە دەرفەتی ئەوە دەدات بە پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستەكە بگەنە رێككەوتن، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن لە هەموو حاڵێكدا پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە (هۆشیار زێباری)یە، ناكێشێتەوە. ساڵی 2018 بافڵ تاڵەبانی توانی پۆستی سەرۆك كۆمار لە مەسعود بارزانی بباتەوە، كاندیدی بافڵ تاڵەبانی كە ئەوكات هاوشێوەی ئێستا (بەرهەم ساڵح) بوو، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا بەجیاوازی (219) دەنگ بەرامبەر بە (22) دەنگ بەسەر كاندیدی بارزانیدا كە (فوئاد حسێن) بوو، سەركەوت، بەڵام دووبارەبونەوەی ئەم سیناریۆیە لە 2022دا هەندێك ئەستەمە، چونكە ئێستا بارودۆخەكە گۆڕاوە، ئەوكات بارزانی كە پۆستی سەرۆك كۆماری بە بافڵ تاڵەبانی دۆڕاند، هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ لایەنە عێراقیەكان نەكردبوو، تازە لە دەرەنجامەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هاتبووە دەرەوە، لایەنە عێراقییەكان بە توندی دژایەتی بارزانیان دەكرد، پارتی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكانو وڵاتانی ناوچەكەو تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش كێشەی تێكەوتبوو، بارزانی سەرپێچی بڕیاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردبوو لەبارەی سازدانی ریفراندۆمەوە، بۆیە بە ئاسانی پۆستی سەرۆك كۆماری بە بافڵ تاڵەبانی دۆڕاند، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوە، پارتیو بارزانی بەهێزێكی زیاترەوە گەڕاونەتەوە بۆ بەغداد، لێكەوتەكانی ریفراندۆم كۆتاییان هاتووە، بارزانی بەر لە هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری 2021، لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەدردا ئیمزا كردووە، سەدر ئێستا براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەو ئەو كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دروست دەكات، سەرباری ئەمە بارزانی پەیوەندی بەهێزتری لەگەڵ سوننەكان دروستكردووە. بارزانی چۆن سەرۆك كۆمار دەباتەوە ؟ رۆژی 9ی ئەم مانگە لە دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا پارتی هێزی خۆی نیشاندا، ئەم دانیشتنە سیمای هاوپەیمانێتییەكی نوێی سیاسی لە عێراق نیشاندا كە هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)یەو لانی كەم ئەم هاوپەیمانێتییە لە كۆی (329) كورسی پەرلەمانی عێراق، خاوەنی (180) كورسییە. لەبەرامبەردا بەرەی نەیارانی هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) كە بریتین لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (واتە ئەو لایەنە شیعانەی كە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەر بوونو بریتین لە مالیكی، عامری، خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادی، حەكیم)، ژمارەی كورسییەكانیان دەگاتە نزیكەی (70) كورسی. ئەگەر بارزانیو حەلبوسی لەسەر هاوپەیمانێتییەكەیان لەگەڵ سەدر بەردەوام بن، هیچ چانسێك لەبەردەم لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ناهێڵنەوە. یەكێتی وەكو لایەنێكی سیاسی كە لە هەڵبژاردنی 10لا ئۆكتۆبەردا (18) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردوەتەوە، هێشتا چاوی لەوەیە بەگوێرەی نەریتی باو، پۆستی سەرۆك كۆمار لە بەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، بەڵام بەكردار هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆی بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەم پۆستە نەناوە، یەكێتی لەنێوان موقتەدا سەدرو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا خۆی یەكلا نەكردوەتەوە، سەرباری ئەمەش لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا دەنگی بە محەمەد حەلبوسی نەداوە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، ئەمە سوننەكانی لە یەكێتی نیگەران كردووە، بەڵام رەنگە بەم خۆ بەدورگرتنە لە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە، یەكێتی هەندێك ئێرانییەكانی لەخۆی قایلتر كردبێت. ئێستا ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، هاوپەیمانێتی (سەدر+ حەلبوسی) لە دانیشتنی دووەمی پەرلەماندا، بەزۆرینەی دەنگ كاندیدی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە (هۆشیار زێباری)یە، سەردەخەن، بەڵام چۆن ؟ بەپێی دەستوری عێراق، سەرۆك كۆماری بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت، دوو لەسەر سێ بەگوێرەی ژمارەی كورسیییەكانی ئێستا پەرلەمانی عێراق كە (329) كورسییە، دەكاتە (220) دەنگ، بەڵام ئەگەر لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا بۆ سەرۆك كۆمار هیچ یەكێك لە كاندیدەكان ئەم (220) دەنگەی بەدەست نەهێنا، ئەو دوو كاندیدەی كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە، دەچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەوە، ئەمجارەیان سەرۆك كۆمار بە دەنگی زۆرینەی سادە هەڵدەبژێردرێت، لەمەشدا كاندیدی بارزانی بەسەر كاندیدەكەی بافڵ تاڵەبانیدا سەردەكەوێت، چونكە لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا دەركەوت، هاوپەیمانێتی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی)و هاوپەیمانەكانیان خاوەنی لانی كەم (180) دەنگی پەرلەمانن، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی ئەگەر لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش بچێتە رێككەوتنەوە، بە (18) كورسییەكەی خۆیەوە هێشتا كۆی ژمارەی دەنگەكانیان لە (100) دەنگ تێناپەرێت، لە دۆخێكی وەهادا، دەنگی لایەنەكانی تر، ئەوانەی كە خۆیان لەنێوان سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی یەكلانەكردوەتەوە بایەخی گەورەی دەبێت، لەوانە دەنگی جوڵانەوەی نەوەی نوێو یەكگرتووی ئیسلامیو كۆمەڵی دادگەرییو دەنگی پەرلەمانتارانی سەربەخۆی عێراق. سەرباری ئەوەی سەدریەكان ناچارن پەیوەستبن بە رێككەوانیان لەگەڵ پارتی و دەنگ بە هۆشیار زێباری بدەن، چونكە پرۆسەی دەنگدان بە سەرۆك وەزیران كە لە پشكی سەدریەكان دەبێت دەكەوێتە دوای پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقەوە، بۆیە ئەگەر سەدریەكان دەنگ بە كاندیدەكەی بارزانی نەدەن، پارتیش دەنگ بە كاندیدی سەرۆك وەزیران نادات. یەكێتی بەشداری حكومەت دەكات ؟ ئەگەر كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەرامبەر كاندیدی پارتیدا شكست بهێنێت، پرۆسەی بەشداریكردنی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دەكەوێتە بەردەم پرسیاری گەورەوە، چونكە دوای لە دەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار، یەكێتی دەبێت ئەوە روون بكاتەوە ئایا قایلە لەبەرامبەر لەدەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار پۆستێكی وزاری باڵا لە حكومەتی عێراق وەربگرێت یاخود نا ؟ سەرباری ئەمە، لە هەموو حاڵەكاندا ئەگەر كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق هاوپەیمانێتییەكەی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) دروستی بكات، یەكێتی دەبێت لەرێگەی پارتییەوە بەشداری حكومەتی نوێی عێراق بكات، چونكە یەكێتی هیچ رێككەوتنو لێكتێگەیشتنێكی لەگەڵ سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردندا نییەو هەرجۆرە بەشدارییەكی دەبێت لەرێگەی رێككەوتنەكەی پارتییەوە بێت. پرسیارێكی تر ئەوەیە، ئەگەر یەكێتی دوای لەدەستدانی پۆستی سەرۆك كۆمار، لە بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق كشایەوە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی لەناوخۆی هەرێمی كوردستان چی بەسەر دێت، ئایا یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەكشێتەوە كە بە هاوبەشی لەگەڵ (پارتی+ گۆڕان) دروستی كردووە، ئایا كاردانەوەی ئێران چی دەبێت كە بۆ جاری یەكەم لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە پۆستی سەرۆك كۆمار دەكەوێتە دەست پارتی، ئەمانە چەند پرسیارێكن كە رۆژانی داهاتوو ئاسۆی وەڵامەكانیان دەردەكەوێت.
درەو: بارزانی جدیە لە كاندیدكردنی هۆشیار زێباری و نایكشێنێتەوە، دەیانەوێت پۆستی سەرۆك كۆمار لە یەكێتی بسەننەوە، لە ئێستادا قۆناغی گۆڕینی كاندید و كشانەوەی كۆتایی هاتووە، یەكێتی بەشدار نیە لە هاوپەیمانێتیە سێقۆڵیەكە (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) بۆیە یەكێتی بۆ وەرگرتنی هەر پۆستێك یان دەبێت بچێتە هاوپەیمانێتیەكەوە یاخود لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار یان پۆستی وزاری و بەشداری لە حكومەتی داهاتووی عێراق، لە بری حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان، بارەگای بارزانی بڕیار لەسەر بەشداری كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق دەدات. پارتی نایكشێنێتەوە مەكتەبی سیاسی پارتی رۆژی 18ی ئەم مانگە كە لە بارەگای بارزانی كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا (نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، فازڵ میرانی ، ئازاد بەرواری، هۆشیار زێباری) تیایدا بەشداربوون.، پارتی جدی بوونی خۆیان لەسەر كاندیدكردنی هۆشیار زێباری دوپاتكردەوەو رایانگەیاندووە: چەندین ساڵە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لای یەكێتی بووە ئێستا بارودۆخە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان وا دەخوازێت ئەو پۆستە لای پارتی بێت، بۆیە بەهیچ شێوەیە ئامادەنین هۆشیار زێباری بكشێننەوە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو) راگەیاند: پارتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەم خولەدا بۆ كاندیدەكەی (هۆشیار زێباری) بێت، ئەمە لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی جەختی لەسەركراوەتەوە، كاتی ئەوەش بەسەرچوو كە یەكێتی كاندیدەكەی (بەرهەم ساڵح) بگۆڕێت و پارتی كاندیدی خۆی بكشێنێتەوە، بەڵكو پارتی ئەو قۆناغەی بەجێهێشتوو ئێستا هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە ئەو پۆستە بۆ پارتی بێت، ئێمە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ سەدرو سونەكان هەیە، دەتوانین بە ئاسانی دەنگی پێویست كۆبكەینەوە ئیتر بۆچی ئەو چانسە لەدەست بدەین و بیدەینەوە بە یەكێتی، كە لەگەڵمان نیە لە بەغداد، سەبارەت بەوەی لایەنە شیعەكان دەنگ بە هۆشیار زێباری نادەن چونكە كەیسی گەندەڵی لەسەرە، ئەو سەرچاوەیە وتی: هۆشیار زێباری خۆی لە بەغداد لەگەڵ زۆربەی لایەنە شیعەكان قسەی كردووەو پێیان راگەیاندووە هیچ كێشەیەكیان نیە، بارزانی هەر كاندیدێك دیاری بكات ئەوان دەنگ بەو كاندیدە دەدەن. قۆناغی گۆڕینی كاندید تەواو بوو پێش كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان لای ئاسایی بوو رێكبكەون و پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكێتی بێت، بەمەرجێك بەرهەم ساڵح كاندید نەكەن، چونكە بارزانی ڤیتۆی لەسەر داناوە، بەڵام لەدوای كۆبونەوەكەی پەرلەمان و سەركەوتنی هاوپەیمانێتیەكەی (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) لە دانیشتنی یەكەم و هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگرەكانی بە دڵخوازی خۆیان، ئیتر پارتی هەڵوێستی خۆی گۆڕی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق: • پارتی لە هاوپەیمانێتیەكەیان لەگەڵ سەدرو حەلبوسی و خەنجەر سەركەوتووبون و بە ئاسانی دەتوانن كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق سەربخەن، چونكە خاوەنی (180 بۆ 200) دەنگی پەرلەمانین، ئیتر بۆچی ئەو كارتە بەكار نەهێنن و بیدەنە یەكێتی لە كاتێكدا یەكێتی ئامادە نەبوو بەشداری كۆبونەوەكە بكات، پارلەمانتارانی سەدر و سونەكان ناچارن دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن (هۆشیار زێباری) چونكە ئەگەر پەرلەمانتارانی سەدر دەنگ بە هۆشیار زێباری نەدەن پرۆسەی دەنگدان بە سەرۆك وەزیران دوای سەرۆك كۆمارە پێویستیان بە دەنگی پارتی دەبێت، بۆیە سەدریەكان بەوە ناسراون كە لەژێر فەرمانی سەدردان و سەدر هەر بڕیارێك بدات ئەوان جێبەجێی دەكەن. • یەكێتی ئامادەنەبوو گوێ لە رای بارزانی بگرێت و سوربوو لەسەر پشتیوانیكردنی بەرهەم ساڵح (ئەگەرچی تا ئێستا بەرەسمی راینەگەیاندووە)، بۆیە بارزانی دەیەوێت تۆڵەی شكستەكەی بكاتەوە كە لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە 2018 روبەرووی كاندیدەكەی بووەوە (فوئاد حسێن)، تا ئێستا رووداوەكان بەو ئاراستەیە بڕۆن كە هەمان سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە، بەرهەم ساڵح و هۆشیار زێباری بكەونە بەرامبەر یەك. • ئێستا زۆربەی لایەنە عێراقیەكان و گوێ لە بارزانی دەگرن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو دەكەن، بۆیە پارتی ئەمجارە بە پلانێكی ووردەوە چووەتە بەغداد و دەیەوێت سەرجەم جومگە هەستیارەكانی (پشكی كورد لە بەغداد) لای خۆی بێت یان لانی كەم لەژێر فەرمان و كۆنترۆڵی خۆیدا بێت. • یەكێتی بەشدار نیە لەو هاوپەیمانێتیەی كە دەیەوێت حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنێت، بۆیە ناكرێت بەشدار نەبێت و پۆستی سەرۆك كۆماریشی لابێت، ئەمە كێشە بۆ هاوپەیمانێتیەكە درووست دەكات، لەو حاڵەتەدا یەكێتی ئەگەر بەشدار نەبێت لەو هاوپەیمانێتیە ناتوانێت وەزارەتیش وەربگرێت، تەنیا دەبێت لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت و وەزارەت لە پارتی وەربگرێت. • پارتی و هاوپەیمانەكانی دەیانەوێت پێكەوە بە سێقۆڵی سێ سەرۆكایەتیەكە پڕبكەنەوە. - سەرۆكی پەرلەمان سونە جێگرەكانی پارتی و سەدری - سەرۆكی كۆمار كورد جێگرەكانی سونە و سەدری - سەرۆكی حكومەت سەدری جێگرەكانی كورد و سونە - وەزارەتەكان دابەشبكەن بەسەر خۆیاندا قۆناغی كشانەوەو گۆڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار كۆتایی هاتووە، تا یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتن نەكەن یەكێتی نەك پۆستی سەرۆك كۆمار ناتوانێت هیچ پۆستێكی دیكە لە حكومەتی داهاتووی عێراق وەربگرێت، پشكی كورد لە حكومەتی داهاتویی عێراق ( سەرۆك كۆمار، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، سێ بۆ چوار وەزارەت)، بە پێی رێككەوتن و لە هاوپەیمانێتیە سێ قۆڵیەكە یەكلا دەكرێتەوە. نە سەرۆكایەتی هەرێم و نە حكومەت و نە پەرلەمانی كوردستان لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراق هیچ رۆڵیان نیەو بەشدار نین لە داڕشتنی بەرنامەو خواستەكانی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق، لە ئێستادا پرسی گفتوگۆ و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و بەرنامەی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی داهاتووی عێراق تەنیا لە بارەگای بارزانیەوە دەدرێت، كە پێشتر حزبەكانی بەشدار لە حكومەت پێكەوە بڕیاریان لە بەشداری كورد دەدات لە حكومەتەكانی عێراق، تا ئێستا ئەوەی باسی لێوە دەكرێت نە بەرنامەو نە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستانە، بەڵكو تەنیا رێككەوتنە لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان. ئەگەر پارتی سەرجەم پۆستەكانی بەغداد بۆخۆی ببات كاریگەری لەسەر ناوخۆی هەرێم و بەشداری یەكێتی لە حكومەتی هەرێم نابێت؟
درەو: راپۆرتی/ دەنگی ئەمریكا دوای بەدواداچونێکی ڕۆژنامەوانی دەنگی ئەمەریکا، کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبوک پەیجی پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان سیروان بابان و ڕۆژنامەنووس ڕەنج پشدەری داخست بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست سەبارەت بە قەیرانی کۆچبەران لە سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا. وتەبێژێکی فەیسبووک لە واشنتن کە نەیویست ناوی بهێندرێت بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند: "مێتا بڕیاریداوە کە هەردوو پەیجەکە پێشێلی یاساکانی ئێمەیان کردووە، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، و داخراون لە ژێر سایەی پێوەرە کۆمەڵایەتیـیەکانی مێتا دژ بە توندوتیژی و هاندان." دەنگی ئەمەریکا لە لێکۆڵینەوەیەکی بنکۆڵکاری بۆی دەرکەوت چەند کەسێک لە ناوڕەاستی مانگی یازدەی 2021 لە ڕێگەی بانگەشەی هەڵەوە کە گوایە "یەکێتی ئەوروپا سنوور بۆ پەنابەران دەکاتەوە"، بوونە هۆی دروستکردنی ' لێشاوێکی' گەورەی پەنابەران لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا و بێلاڕووسیا کە سەرەنجام بە توندوتیژی کۆتایی هات. ڕەنج مستەفا ئەحمەد ڕەنج مستەفا ئەحمەد، یەکێک لە بڵاوکەرەوە سەرەکیەکانی بانگەشەکە، ڕۆژی 13ی مانگی یازدەی 2021 لە پەخشێکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی فەیسبووک بە ناوی "هەواڵی خۆشم پێیە" مژدەی ئەوەی بە پەنابەرانی کورد لە بێلاڕووس دا کە حکومەتی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا بڕیاریانداوە لە چەند ڕۆژێکی دیاریکراو سنوورەکانی پۆڵەندا بکەنەوە. سێ رۆژ دواتر، ڕەنج لە پەخشێکی تر بە ناوی 'دانی پێدادەنێم شکستمان ھێنا' وردەکاری ئەم بانگەشەیەی بەم شێوەیە باسکرد: "من لێتان نەشارمەوە ڕێکخەری ئەو لێشاوە بووم... ڕۆژی هەینی [12 ی یازدەی 2021] ئێمە لەگەڵ نوێنەرەکانی پەنابەران دانیشتین، وە لە کاتی گفتوگۆکانمان بینیمان کە پۆلیسی بێلاڕووس گەنجێکی زۆریان دەبرد و لێیان دەدان و ئازاریان دەدان.... هیچ دەرفەتێکی تێدا نەبوو دەبوو ئەو خەڵکە هانبدرێت بۆ ئەوەی سیمەکە ببڕدرێت بۆ ئەوەی کوردەکان، ئەو گەنجانەی لەوێن، وەکو تاوانبار ئەشکەنجە بدرێن... وتیان ڕەنجە تۆ پەیجێکت هەیە، وەکو ڕێکخەری لێشاوەکە پۆستێک بکە بڵێ کە ئەڵمانیا ئەو کۆچبەرانە وەردەگرێت. وە دووبارە یەکشەممەش هەمان پۆست بکەرەوە بۆ ئەوەی خەڵکەکە پشتسارد نەبێتەوە." ڕەنجی تەمەن 32 ساڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر بە ڕەنج پشدەری ناسراوە و لە بنەڕەتدا خەڵکی شاری قەڵادزێ یە لە هەرێمی کوردستان و ماوەی 10 ساڵە لە وڵاتی یۆنان نیشتەجێیە. ئەو لە ڕێگەی چالاکیەکانی سەبارەت بە پەنابەرانی کورد هەزاران بینەری هەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و لە چەندین کەناڵی تەلەفزیۆنی کوردی وەکو چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی پەنابەران چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە. سەبارەت بە هۆکاری دروستکردنی بانگەشەکە، ڕەنج ڕایگەیاند کە ئەو لەگەڵ 'نوێنەرانی پەنابەران' پێشبینیان دەکرد کە بارودۆخی سەختی پەنابەران، بە تایبەتی منداڵ و ژن و بە تەمەن، وە لە هەمان کاتدا سەرنجی میدیا جیهانیەکان ببێتە هۆی ناچارکردنی یەکێتی ئەوروپا بە کردنەوەی سنوورەکانی. ئەو ئاماژەی دا کە هێزە سنووریـیەکانی بێلاڕووس هاوکاری پلانەکە بوون لە ڕێگەی کردنەوەی خاڵە سنووریـیەکانیان و بەڵێنیان دا کە یارمەتی پەنابەران بدەن بە پچڕاندنی بەربەستە تەلەکانی پۆڵەندا. ڕەنج ڕایگەیاند، " پلانەکەمان زۆر بە تۆکمەیی داڕشت.... بەڵام ئەی هاوار گەر ئەوروپا ئەو ئینسافەی تێدانەبێت ئەو هەموو ژن و منداڵە نەبینێت ئێمە چی بکەین؟" شکستی پلانەکە سەرئەنجام لە ناوەڕاستی مانگی یازدەی 2021 نزیکی 5 هەزار پەنابەر کە زۆربەیان کورد بوون بەرەو سنووری پۆڵەندا ڕۆیشتن. بەڵام پێچەوانەی پێشبینیەکەی ڕەنج، هێزە سنووریەکانی پۆڵەندا سووربوون لەسەر پاراستنی سنوورەکانیان هەتا 16 ی ئەو مانگە توندوتیژی دروست بوو، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆڵەندا ئاو و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا بۆ ڕێگری لە بڕینی تەلەکان و لە وەڵامدا پەنابەران بە بەرد و دار ڕووبەڕووی هێزەکان بوونەوە. پۆلیسی پۆڵەندا ڕایگەیاند کە 7 لە ئەندامانی برینداربوون بەهۆی پێکانیان لە لایەن پەنابەرانەوە. ئەوەی بارودۆخی پەنابەرانی بەرەو ئاڵۆزتر برد بریتی بوو لە ڕێگری هێزەکانی بێلاڕووس بۆ گەڕانەوە بۆ دواوە کە بووە هۆی ئەوەی هەزاران پەنابەر لە کەشی ساردی سنووری نێوان هەردوو وڵات بۆ چەندین ڕۆژ گیربخۆن. یەکێتی ئەوروپا بێلاڕووسی بەوە تۆمەتبارکرد کە بە هاندانی وڵاتی ڕووسیا پەنابەران بەکاردەهێنێت وەک کارتێکی سیاسی و ئابوری. ڕەنج دوای شکستهێنانی 'پیلانەکە' دەڵێت هەمان بۆچونی بۆ دروست بوو. ئەو ڕایگەیاند، " بە کوردیـیەکەی ئەو خەڵکە بوونە قوربانی ئەو سیاسەتەی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا... ئێستا دوای ئەوەی ئەو لێشاوەمان دروستکرد و خەڵکەکەمان هان دا، چارەسەر ئەوەیە کە یان ئەوەی خەڵکەکە لەوێ بمێنێتەوە بە مانگ و بە ساڵ یا ئەوەی ناوی خۆیان تۆماربکەن و بگەڕێنەوە." لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، ڕەنج بانگەشەکەی بە "سەرکەشیەکی گەورە" ناوبرد و پاساوی بەوە هێنایەوە کە ویستویەتی هاوکاری پەنابەران بێت. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "ئومێدێکی زۆرم هەبوو کە ئەڵمانیا ئەو دەرگایە بکاتەوە چونکە ژن و منداڵێکی زۆر هەبوو لە نێوان پەنابەران." ئەو دوای لێکەوتەکانی بانگەشە هەڵبەستراوەکە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. سەدان هاوڵاتی کورد لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئەویان تۆمەتباردەکرد بە هۆکاری ئازارگەیاندن بە پەنابەران. لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ناڕەزایی ئەو هاوڵاتیانە، ڕەنج ڕایگەیاند، "ئەوان ڕەخنە لە خوداش دەگرن. بە هیچ شتێک ڕازی نین." تێوەگلانی بەرپرسان ڕەنج تەنیا کەسێک نیـیە کە بانگەشەی وەرگرتنی پەنابەرانی لەلایەن ئەوروپاوە بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، گەنجێکی تری کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا بە ناوی کاروان ڕەواندزی بە هەمان شێوە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان برەوی بەو دەنگۆیانە داوە کە بە فەرمی لە لایەن دەستەڵاتدارانی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا ڕەتکراونەتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، کۆمپانیای فەیسبوک بەهۆی ئەم بانگەشانە پەیجی گەنجەکەی داخستووە. بڵاوکردنەوەی دەنگۆکە تەنانەت بەرپرسانیشی گرتۆتەوە سیروان بابان، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکان بەردەوام ئاماژەی دەدا بە "هەواڵی خۆش" تایبەت بە وەرگرتنی کۆچبەران لەلایەن ئەڵمانیاوە. لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تەلەفزیۆنی ڕووداو لە ڕێکەوتی 8 ی مانگی یازدە، سیروان بابان بە گریانەوە خۆشی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، "ئێستا نامەیەکم بۆ هات کە یەکێتی ئەوروپا داوای لە پۆڵەندا کردووە کە لەو دوو ڕۆژەدا دەبێت هەموو ئەو پەنابەرانەی لەوێن لەو تراژیدیایە ڕزگاریان بێت و بچنە ئەوروپا و تەواو." سیروان بابان بابان لە ڕێگەی فەیسبوکەوە چەندین بابەتی بڵاوکردۆتەوە کە جەخت لەسەر بانگەشەکە دەکەنەوە و لە هەمان کاتدا تۆماری دەنگی و ڤیدیۆی ئەو کەسانەی بڵاوکردۆتەوە کە گوایە پەنابەرن و سوپاسی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارە دەکەن بۆ هەوڵیان لە کردنەوەی سنوورەکانی ئەوروپا. لە یەکێک لە ڤیدیۆکان، منداڵێکی بچوک بە ناوی سایە دەردەکەوێت کە گوایە لە دارستانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندایە و دەڵێت، " کاک سیروان بابانی ئەندام پەرلەمان، زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو هەواڵە خۆشە.... دێم لە ئەڵمانیا ئەتبینمەوە." لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، سیروان بابان بە توندی ڕەتیکردەوە کە بەشداربووبێت لە بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە و ڕایگەیاند، "ئەم بابەتە بە ئەنقەست لە کوردستان بەم شێوەیە بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی ئەو کەیسە بخەنە ملی من." ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند کە ئەو تەنیا ئاماژەی بەوەداوە کە "ڕاسپاردە هەیە نەک بڕیار" بۆ کردنەوەی سنووری یەکێتی ئەوروپا بە ڕووی پەنابەرانەوە. لە هەمان کاتدا ئەو بێ ئاگایی خۆی دەربڕی لە دروستکردنی بانگەشەکە بە مەبەستی کۆکردنەوەی پەنابەران بۆ فشارخستنە سەر هێزە سنووریـیەکانی پۆڵەندا. سیروان بابان گوتیشی "دوایی کە بڕیارەکە دەگۆڕێت، حکومەتی پۆڵەندا دەچێتە ژێر کاریگەری یەکێتی ئەوروپا و ئەویش سنووری لە مرۆڤ پێ گرنگترە و مافی مرۆڤ دەچێتە ژێر پۆستاڵی بێلاڕووس و پۆڵەندییەوە، ئیتر ئەوە لە دەستەڵاتی من نامێنێت." سیروان بابان پێشتر ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی بوو لە پەرلەمانی کوردستان. 8 ی مانگی دوازدە لە لایەن پەرلەمانەوە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەو لە ئەندامێتی لیژنەکە پەسەندکرا. لیژنەکە پێشتر و لە 2021/11/10 لە ڕاگەیەندراوێکیدا سیروان بابانی بەوە تۆمەتبارد کە "بێگوێدان بە هەست و سۆزی کەسوکاری پەنابەران و دوور لە ئیتیکی پەرلەمانتاری هەواڵێکی دوور لە ڕاستی بڵاوکردەوە." لیژنەکە ڕایگەیاند، "وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو لێدوانەی سیروان بابان کە دوور و نزیک گوزارشت لە ڕای لیژنەکە و پەرلەمان ناکات، پێشمانوایە ئەم هەواڵە بە شێوەیەکی خراپ هانی گەنجان دەدات کە ڕێگەی هاتونەهات بگرنەبەر و تووشی نەهامەتی و مەرگەسات بن". نەهامەتی بۆ کۆچبەرانی کورد ڕێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەکە، لە لێدوانێک دا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە سیروان بابان لە ژێر گوشاری ڕێوشوێنە پەرلەمانیەکان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کراوە لە لیژنەکە. دەستەلەکار کێشانەوەکە، بە وتەی سەرۆکی لیژنەکە بۆ ئەوەیە کە "ببێتە پەند بۆ هەر پەرلەمانتارێک هەواڵی ناڕاست بڵاوبکاتەوە و خەڵکێک تووشی ئازار بکات." ڕێبوار بابکەیی ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "من وەکو سەرۆکی ئەو لیژنەیە، کەسوکاری هەندێک لەو گەنجانەی کە نیازیان هەبوو بچن بۆ بێلاڕووس، دوای ئەوەی کە ئەو هەواڵە نادروستەیان پێگەیشت و هاندران، پەیوەندیان پێوەکردم و گوتیان، 'ئەرێ باشە ئێوە لەبری ئەوەی هۆکاری چاکە بن بۆ گەنجانی ئێمە و باوەڕیان پێبهێنن کە بێلاڕووس بریتییە لە مەرگەسات، پەرلەمانتار و ئەندامێکی لیژنەی ئێوە بە ناوی سیروان بابان گەنجەکانی ئێمە هاندەدات.'" شایەنی باسە، پێشتر لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەنگۆی وەرگرتنی کۆچبەرانی لە زاری وەزیرێکی ئەڵمانیا بە فەرمی ڕەتدکردەو و ڕایگەیاند" ئەو وەزیرە پێی وتین ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە." ئەمەش ببینە سەفین دزەیی: وەزیرێکی ئەڵمانی بەفەرمی پێی وتین وەرگرتنی 2000 کۆچبەر لەلایەن ئەڵمانیەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نیە لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا لە چەندین بۆنەدا ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردۆتەوە کە ئاماژەدەکەن بە کردنەوەی سنوورەکانیان بۆ پەنابەران. هۆرست زیگوفەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی 18ی مانگی یازدە لە شاری وارسۆی پایتەختی پۆڵەندا، ڕایگەیاند، "ئێمە پەنابەران وەرناگرین و ملکەچی ئەو فشارانە نابین بۆ سەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا." دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا پەیوەندی بە چەند کەسێکەوە بکات کە بە نوێنەری پەنابەران ناسرابوون. یەکێک لەو کەسانەی کە گوماندەکرێت ڕۆڵی لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەکە گێڕابێت کۆتایی مانگی 11 لەسەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا گیانی لەدەستدا و پاشان تەرمەکەی گەڕیەندرایەوە بۆ شارەزوور. بەهادین موحسن قادر، کە ناسراوە بە بەهادینی سەرای ئازادی، یەکێکی ترە لەو پەنابەرانەی کە لە ڕێگەی وەرگێڕان ڕۆڵی چالاکی هەبووە لە گەیاندنی پەیام لە نێوان هێزە سنووریەکانی نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا. لە لێدوانێکی بۆ دەنگی ئەمەریکا، بەهادین بێ ئاگایی خۆی لە بڵاوکردنەوەی بانگەشەکە دەربڕی و ڕەتیکردەوە کە هاوکار بووبێت لە هاندانی پەنابەران بۆ توندوتیژی. بەهادین ئاماژەی بەوەدا کە سەرەتا لەنێو پەنابەران دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە هێزە سنووریەکانی پۆڵەندا لە ڕێی بڵندگۆوە مژدەی ئەوەیان داوە کە "15ی مانگ سنوورەکان دەکرێنەوە." بەهادین ڕایگەیاند، "یەکێک وتی 'وەڵا کاکە ئەڵێن 15ی مانگ دەرگاتان بۆ ئەکرێتەوە.' منیش پرسیم، ' کێ وای وت؟' .... ڕۆیشتمە خوارەوە، یەک بە یەک، دانە بە دانە، پرسیم کاکە ئێوە خۆتان گوێتان لە بڵدگۆکەبوو؟ گشتیان وتیان نەوەڵا. دواتر سێ بۆ چوار کەس لە نزیک بڵنگۆکە وتیان گوێمان لێبووە." ئەو جەختی کردەوە کە هاوکار بووە لە ئاڕاستەکردنی پەنابەران بۆ یەکێک لە ڕێگا سەرەکیەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەڵام دژی بەکارهێنانی توندوتیژی بوو بەرامبەر بە هێزە سنووریـیەکانی پۆڵەندا. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای وت، "من بە خەڵکەکەم وت، 'خەڵکینە لەگەڵ بێلاڕووس ڕێککەوتوین ئەچینە سەر جادەکە. ئەگەر خوا کردی ئەڵمانیا بۆی کردینەوە ئەوە زۆر باشە. ئەگەر نەشیان کردەوە لەوێ دائەنیشین و کامێرا و ڕۆژنامەوان دەمانبینن.'... بەڵام خەڵکەکە ئارامی نەگرت. من لە سەرەتاوە تا کۆتایی دژی توندوتیژی بووم. من شاعیرم، شاعیر بەرد دەهاوێت؟" بەشێک لە کۆچبەرانی کورد تا ئێستا لە بێلاڕووس ماونەتەوە هەتا ئێستا ئامارێکی فەرمی لەبەردەست نیـیە بۆ زانینی زیانەکانی پەنابەران لە پشێویـیەکەی سەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندا. نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا لە 21 ی مانگی دوازدە ڕایگەیاند کە تیمێکی ناردبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی پەنابەران بەڵام هەردوو وڵات ڕێگرییان کردووە لە چوونی تیمەکە بۆ سەر سنووری نێوانیان. ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە دەزگاکەیان هەتا ئێستا ناوی دوو کەسی کوردی تۆمارکردووە کە لەسەر سنوورەکە گیانیان لەدەستداوە. ئەو ڕایگەیاند کە نزیکی 4 هەزار پەنابەری کورد گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و نزیکی 1100 هاووڵاتی تر لە کەمپی پەنابەرانی بێلاڕووس ماونەتەوە. ئاری جەلال سەبارەت بە هۆکاری خێرایی بڵاوبوونەوەی بانگەشەکەی مانگی یازدە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئاری جەلال ڕایگەیاند، "ئەو کەسانەی کە ئەو دەنگۆیانەیان بڵاوکردەوە خەڵکانی دەستی گروپی قاچاخچیەکانن و چۆن بیانەوێت هەڵیاندەسوڕێنن. بە داخەوە گەنجی کوردیش ساویلکەیە دوای پەخشی ڕاستەوخۆی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان دەکەوێت. ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی فەرمی حکومەتی عێراق و وڵاتانی ترمان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەمە دەستێکە بۆ بازرگانی بە مرۆڤەوە." ئەو ڕایگەیاند کە پەنابەرانی کورد لە بێلاڕووس جگە لە زیانی جەستەیی و ماددی، " لە ڕووی دەرونیشەوە تەواو تێکشکاون." هێرش سەعید ئەحمەد دانیشتوی سلێمانییە و یەکێكە لە کوردەکان کە هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەگەڵ خێزانەکەی و منداڵە چوار ساڵەکەی لە بێلاڕووس ماوەتەوە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای وت، " کاروان ڕەواندزی ئێمەی هەڵخەڵەتاند و لە خشتەی بردین بەوەی وتی دوای لێشاو بکەون. ئێمەش کە چوین هیچ ئەنجامێکی نەبوو جگە لە قوڕبەسەری و ماڵوێرانی بۆ ئەو خەڵکە ڕەشوڕووتە. ئەو ڕایگەیاند، "بارودۆخمان دوای لێشاوەکە خراپتر و خراپتر و خراپتر بووە. وەرگرتنمان لە لایەن ئەڵمانیاوە لە لایەن فەیسبوک و درۆ و دەلەسەی ئەم و ئەو بوو ئەگینا هیچ ڕاستیەکی تێدا نەبوو." بۆچونی شارەزایان هەندێک لە شارەزایانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست پێویستی بە هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەیە سەرەڕای چاکسازی لە کاری کۆمپانیاکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی. دڵشاد عوسمان، شارەزایەکی سایبەرسکیوریتی لە واشنتن، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "جێگەی داخە کە کۆمەڵگە هەتا ئێستا توانای ئەوەی نیـیە هەواڵی ڕاست لە هەواڵی ناڕاست جیابکاتەوە و گومان بخاتە سەر دروستی ئەو زانیاریانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پێیدەگات." ئەو شارەزایە ڕایگەیاند کە کۆمپانیای فەیسبوک کەمتر گرنگی دەدات بەو زمانانەی کەمتر بەکاردەهێنرێن بەراورد بە زمانەکانی دیکە، وەکو زمانی کوردی بەراورد بە زمانی عەرەبی . ئەو پێداگری کرد لەوەی کۆمپانیای فەیسبوک پێویستە کارمەندانی شارەزای زمانی کوردی زیاتری هەبێت بۆ چاودێری و ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی هەواڵی ناڕاست. لە هەمان کاتدا، دڵشاد عوسمان ڕایگەیاند کە پێویستە بەکارهێنەرانی کورد زیاتر بە زمانی کوردی بنووسن و نووسینی کوردی ڕێکبخەن بۆ ئەوەی خوارزمیـیەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و زیرەکی دەستکرد Artificial Intelligence کاریگەری زیاتریان هەبێت. سەبارەت بە ڕۆڵی دەزگا دەوڵەتیـیەکان، ئەو شارەزایە ڕایگەیاند، " لێرەدا من پێموانیـیە تەنیا فەیسبوک بەرپرسیاربێت. ئەو کەسانەی کە هاووڵاتیانیان چەواشەکردووە و بە ناڕاستەوخۆ بوونەتە هۆی ئەوەی کە خەڵکانێکی زۆر بمرن لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا دەبێت لە کوردستان دادگایی بکرێن." بەڵام هەندێک لە شارەزایان هۆشیاری دەدەن کە زیادبوونی دەستێوەردانی دەزگا حکومیـیەکان لە کاری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان مەترسی دەخاتە سەر ئازادی بیروڕا. موستەفا ئەیاد، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئاسیا لە ڕێکخراوی گفتوگۆی ستراتیژی لە وڵاتی بەریتانیا، بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بەداخەوە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەو ناوچەیە حکومەت خۆی یەکێکە لە دەزگا سەرەکیـیەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست." ئەو شارەزایە ڕایگەیاند، "پێویستە کۆمپانیاکانی وەکو فەیسبوک لە نزیکەوە کار لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەن بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی قۆڵتر دروستبکەن لەسەر کلتور و جیاوازی سیاسی و ناوچەیی ئەو هەرێمە."
(درەو): خەڵكی لەبەر سەرما لەسەرەی وەرگرتنی بوتڵی غازدان، لەم وەرزەدا پێویستی رۆژانەی هەولێر(17 هەزار) و سلێمانی (18 هەزار) و دهۆك (12 هەزار) بوتڵ غازە ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی دەڵێ" كێشەی كەمی غاز بوونی نیە"، كۆمپانیای گواستنەوەی غاز دەڵێت "دابەشكردنی غاز زیاد كراوە"، کەواتە کێشەکە لە کوێدایە؟ غاز لە سلێمانی رۆژانە سنوری پارێزگای سلێمانی پێویستی بە (12) تەنكەر غازی شڵی ماڵان ھەیە، بەپێی زانیارییەکان (درەو)، ئێستا ئەم بڕە بۆ (15) تەنكەر زیادكراوە، بەھۆی ئەوەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی غاز زیادیكردووە، كەواتا هۆكاری كەمی غاز چیە؟ غازی هەموو هەرێمی كوردستان لە کێڵگەی (كۆرمۆر) لە سنوری قەزای چەمچەماڵ بەرهەم دێت، رۆژانە (هەزار) تەن غاز دەخرێتە بازاڕەوە، بەپێی گرێبەستێكی نێوان كۆمپانیای (دانەغاز)و كۆمپانیای (ساوس كوردستان)، ئەو ( هەزار) تەن غازە (700 تەن)ی بۆ ناوخۆ و (300) تەنی بۆ دەرەوە دەنێردرێت. غاز بە ژمارە رۆژانە بۆ غازی ماڵان بڕی (700) تەن دابین دەكرێت، لە وەرزی هاویندا خواست لەسەر غاز زۆر كەمدەبێتەوە، بەڵام لە وەرزی سەرماو سۆڵە خواست زیاد دەبێت بۆ سەرو (700) تەن. تەنێك غاز (هەزار) كیلۆیە، بوتڵێك غازی ماڵان (16) كیلۆیە، واتا تەنێك غاز (62) بوتڵ غازی ماڵان دابین دەکات. تەنكەرێك غاز (20) تەن غاز هەڵدەگرێت، واتا (20 هەزار) كیلۆ غاز، بوتڵێك غازی ماڵان (LPG) نزیكەی (16) كیلۆ غاز دەگرێت، واتا تەنكەرێك غاز (1250) بوتڵ غاز دەبێت. دابەشبوونی غاز لە ھەرێمی کوردستان ئێستادا رۆژانە بەمشێوەیە غاز بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت: * بۆ پارێزگای هەولێر (14) تەنكەر واتا (17 هەزارو 500) بوتڵ * بۆ پارێزگای سلێمانی (12) تەنكەر و ئێستا زیادكراوە بۆ (15) تەنكەر واتا ( 18هەزارو 750) بوتڵ غاز * بۆ پارێزگای دهۆك(8) تەنكەر و ئێستا زیادكراوە بۆ (10) تەنكەر واتا (12 هەزارو 500) بوتڵ بەڵام ئەم رێژەیە كەم و زیاد دەكات، رۆژی 14ی ئەم مانگە (40) تەنكەر بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا دابەشكراوە، رۆژی 15ی مانگ بڕەکە كەمبووەتەوە بۆ (35) تەنكەر. لەمانگی (12)ی ساڵی رابردوو تەنكەری غاز بەمشێوەیە دابەشكراوە: * هەولێر: 460 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (15) تەنكەر * سلێمانی : 401 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (13) تەنكەر * دهۆك: 240 تەنكەر رۆژانە دەكاتە (8) تەنكەر کێشەکە لە کوێدایە ؟ ئێستا لەسەرجەم ناوچەكانی سنوری سلێمانی كێشەی كەمی غازی ماڵان هەیەو هاوڵاتیان لەسەری وەرگرتنی غازدان. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەسلێمانی كێشەی كەمی غاز بونی نیە و كێشەی غازمان چارەسەركردووە، چونكە پشكی پارێزگاكە بەراورد بە چەند مانگی رابردو لە 13 بەشەوە بۆ 15 بەش زیادكراوە، بەڵام هۆكاری كێشەی غاز پەیوەندی هەیە بە زۆری خواست لەسەر بەكارهێنانی غاز لەهەردو مانگی 1 و 2ی هەمو ساڵێكدا كە هاوكاتە لەگەڵ وەرزی زستان، چونكە هاوڵاتیان وەك هۆكارێكی سەرەكی خۆگەرمكردنەوەی سودی لێوەردەگرن". (درەو) پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی كۆمپانیای (ساوس كوردستان)ەوە، ئەوان رایانگەیاند" هیچ شتێك رووی نەداوە كە ببێتە هۆی درووستبونی كێشەی غاز، بەرهەمهێنان و دابەشكردنی غاز نەك كەمی نەكردووەو بەڵكو زیادیش كراوە بۆ نمونە رۆژانی پێشوو (12) تەنكەر غاز بۆ سلێمانی دابین دەكرا، ئێستا كردوومانە بە (15) تەنكەر". بەرپرسانی کۆمپانیاکە ھۆکاری کێشەکە دەگەڕێننەوە بۆ: * زیادبوونی خواستی زۆر لەسەر غاز بەهۆی وەرزی سەرماو سۆڵەوە. * خاوەن كارگەكان نەیانتوانیوە بەهۆی بەفر و سەرماوە وەك پێویست غاز دابەشبكەن. * نەبوونی چاودێری وورد و لێپرسینەوە لەسەر كارگەكان و دابەشكردنی غاز، كە هەندێكیان هەلەكە بە قازانجی خۆیان دەقۆزنەوە. ئەوەی ئێستا هەیە لە كێشەی كەمی غازی ماڵان و دەستنەكەوتن و سەرەگرتنی هاولاتیان لەم وەرزەدا بۆ بوتڵێك غاز بەشێكی تری پەیوەندی بە فرۆشتنی غازە لەلایەن كارگەكانەوە بە شوێنە بازرگانیەكان و چونكە ئەوان بە نرخێكی گرانتر دەیكڕن و لە شوێنە بازرگانیەكان دەیفرۆشنەوە.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) لە وڵاتەکەی ئێمەدا هەروەکو چۆن خودا یەکە و نابێت بە دوو، لە ژیانی حیزبایەتییشدا سەرۆک یەکە و نابێت بە دوو، لە مۆدێلی حوکمڕانییشدا حیزبی قائید یەکە و نابێت بە دوو، گەر یەک دوو حیزبی تریش داڵدەی سیاسیی بدرێن، تەنها بۆ ئەوەیە حیزبەکەی سەرۆک بەهێزتربێت، نەک دوانەکەی تر. گەر کەمەکێک بە وردییەوە تەماشای مۆدێلی دەسەڵاتدارێتیی سوڵتانیزم لە هەردوو زۆنەکەی هەرێمدا بکەین، دەبینین براگەورەکان بەردەوام تارماییەکیان بەسەرەوەیە کە بە سێبەرەکەی خۆیانەوە دەبن بە دوو. سێبەرە دووەمەکان لە نەخشەی دەسەڵات و بڕیاری سیاسیی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئێمەدا، هێزە ئێقلیمییەکانن. تارمایی سیاسەتی تورکیا باڵی بەسەر زۆرینەی بڕیارەکانی پارتییدا کێشاوە، هاوشێوەی تورکیا، سێبەری ئێرانیش بەسەر زۆرینەی بڕیارەکانی یەکێتییەوە ئامادەیە. هاوکات بە هەیمەنەی تورکیی و ئێرانیی، هەم پارتیی و هەم یەکێتی لەژێر سێبەری ئەمر و نەهی ئەمریکادان. لەناو عێراقیشدا هەمان هاوکێشە ڕۆڵی گەورە لە کۆی پرۆسەی سیاسییدا دەگێڕێت. بەشێکی گەورەی ئەو فەوزایەی لە دانیشتنی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێڕاقدا ڕوویدا، دەرئەنجامی ئەو هاوکێشە ناوخۆیی و ئیقلیمییانەیە کە نەخشەی داهاتووی سیاسیی لە عێراقدا دیاریدەکەن. دابەشبوونی ماڵی سیاسیی هێزە شیعییەکان و دابەشبوونی بەرەی سوننی و بەرەی کوردییش بەسەر ئەم هێزانەدا یەک مانای هەیە، هەریەکەیان بەپێی بەرژەوەندییە باڵاحیزبیی و خێزانییەکانی خۆی و ئەو پاترۆن و هێزە ئیقلیمییەی کە دەیپارێزێت، بڕیاری سیاسیی دەدات. ئەم خولەی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، کوکتێلێکی نوێی ناسیۆنالیزمی عێراقیی دوای سەدام و لاوازبوونی هەیمەنەی ئێرانە. سەدرییەکان وەک گەورەترین هێزی ئایدیۆلۆژیی شیعیی، بە دروشمی „لاشەرقییە، لاغەربییە“ بانگەشەی سەرەوەرییەکی نوێ بۆ دەوڵەتی عێراق و نیشتیمانپەروەرێتییەکی عێراقیی نوێی دوای قۆناغی بەعسیزم دەکەن. سەدر و هێزەکەی چەندە هێمان بۆ کۆتایی مۆدێلی ناسیۆنالیزمی عروبەی عەلمانیی سونیی، هێندەش نیشانەن بۆ سەرەتای دامەزراندنی مۆدێلێکی نوێ بۆ ناسیۆنالیزمی عێراقیی دوای بەعسیزم کە سەرچاوە کۆمەڵایەتیی و ئایدیۆلۆژییەکەی ناسیۆنالیزمێکی دینیی شیعییە. خولی پێنجەم بە رێککەوتنی پڕۆگرام نادیاری سێ کوتلەی سەدری و بارزانی و حەلبوسی دەستیپێکرد و بە نماییشکردنی سروتی ئایینیی و فۆلکلۆریی کۆتاییهات. چ شێوازی بەشداریکردنی سەدرییەکان بە کفنی سپی و چ خۆنماییشکردنی هەندێ لە پەرلەمانتاران بە جلی کوردییەوە، مانا و دەلالاتی ڕەمزیی خۆی هەیە کە لەجەوهەردا دژ بەیەک نین، بەڵکو لە کولتووری سەرۆکپەرستیی و تەقدیسکردنی کەسدا یەکدەگرنەوە. لەکاتێکدا سەدرییەکانیان لە پەرلەمانی عێراقدا هوتافیان بەسەر سەرۆکە پیرۆزەکەیان دەکێشا، پارتییەکانیش لەناو هۆڵی پەرلەماندا دروشمی پێشڕەوی کورد پارتییە و سەرۆکمان بەرزانییەیان دەگوتەوە، نەک دروشمی نیشتیمانیی و نەتەوەیی کە خۆیان بە نوێنەری پاکوبێگەردی کوردایەتیی نماییشدەکەن. ئەوەی ئێستا لە بەغدا ڕوودەدات دواپێشهاتی دوای ریفراندۆم نابێت لە بەتاڵبوونەوەی زنجیرەی درۆی یەکڕیزیی نەتەوەیی و خەبات بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، بەڵکو سەرەتایەکی نوێشە بۆ بوونەوەی پارتی و بارزانیی بە حیزب و سیاسەتمەدارێکی عێراقیی ڕەسەن. پارتی تەنها دەستی لە سەرچۆپی یەکڕیزیی نیشتیمانیی کوردان بەرنەداوە، بەڵکو دەیەوێت بەتەنهاش نوێنەرایەتیی هەموو خەڵکی هەرێم بکات و بە خواست و ئیملای ئەو هەموو پۆستە سیاسییەکانیش پڕبکرێنەوە. پارتی هێزێکە لە مێژووی سیاسیی کوردستانی عێراقدا بە بەردەوام موفاجەئەی سیاسیی و سەربازیی بۆ نەیارەکانی بەرهەمهێناوە. لە ٣١ی ئابەوە تاوەکو دەگاتە ئەمڕۆ، پارتی هێزە سیاسییەکانی تری تووشی موفاجەئەی گەورە و بچووک کردووە و دەکات. ئەوە پارتییە سنوور و هێڵی سووری نەتەوەیی بۆ هێزەکانی تر دادەنێت و خۆشی هیچ ڕەنگ و سنوورێک ناناسێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە خێزانیی و سیاسییەکانی. تاکە شەرمێکی سیاسیی کە پارتی هەیبوو ترس بوو لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی و درۆ سیاسییەکانی لەناو ڕووبەری گشتییدا و شکانی هەیبەتی خێزانیی و سیاسییەکەی، بەڵام ئەم شەرمەش ڕوو لە نەمان دەکات. پارتی هەیبەت و خەرمانەیەکی سیاسیی بۆ بارزانی و بارزانییەکان دروستکردووە کە هەڵە بە کاری باش و درۆ بە کردەی ڕاست نماییشدەکات. ئەم حیزبە دەتوانێت بەبێ کێشە ئەندامەکانی بە هەمان زمان و کەرەسەکانی بەعسیزم و ئایدیۆلۆژیا تۆتالیتارییەکان، گۆشبکات و ئەو وەهمەیان لادروستبکات کە هەموو کوردێکی باش پارتییەکی باشە و هەرچییەکیش بارزانیی بیکات لەخزمەت گەلی کوردایە. لەکاتێکدا پارتی پرسی نەتەوەیی کردووە بە موڵکی شەخسیی خۆی و بەتەنها کوالیسیۆن لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تر دروستدەکات، بەتەنها نوێنەرایەتی هەموو کورد دەکات و بەتەنها دەیەوێت ئیملای پۆستە سیاسییەکانیش بکات، یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانیش سیاسەتی بەتەواوەتی بیرچووەتەوە. مامەڵەی بارزانی لەگەڵ بەشەپۆستە سیاسیی و سیادییەکانی کورد لە بەغدا وەک مامەڵەی وایە لەگەڵ پرسی نەوتدا، واتە پارتی دەیەوێت هەم داهات و بەرهەمی ناوخۆیی بۆ خۆی بێت و هەم بەشە بوجەکەشی لە بەغدا وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەوەی پارتی و بارزانی لە بەغدا کردیان و دەیکەن پەیامێکە بۆ هەموو هێزەکان و کۆمەڵگای کوردیی، کە کورد تەنھا پارتی و ماڵباتی بارزانییەکانی شایستەیە حوکمڕانیان بێت. هەرکاتێک سیاسەتمەدارەکانی پارتی و یەکێتیی پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان و دروستکردنی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراقی فیدراڵ پێ لەسەر یەکڕیزیی نیشتیمانی و کوردایەتیی دادەگرن و پاشان هەریەکەیان لەژێر سێبەری پاترۆنە ئیقلیمییەکانیان بەسەر پڕۆژەی تائیفیی و ئایدیۆلۆژیی ناکۆک و جیاوازی عێراقییبوونی دوای سەدامدا دابەشدەبن، قسە کۆمیدییە بەناوبانگەکەی سەدامم بیردەکەوێتەوە کە دەیگوت: „ڕاستە من جگەرەی ئەمریکیی دەکێشم، بەڵام بە شقارتەی عێراقیی دەیسوتێم“. بەبۆچوونی من رزگارکردنی ئینسانی ئێمە بە پاکژبوونەوەی عەقڵی تێدەپەڕێت لە کۆی ئەو وەهم و درۆ ناسیۆنالیستییانەی کە هەم ریفراندۆم و هەم شانزەی ئۆکتۆبەری بەرهەمهێنا. عێراقییبوونەکەی پارتی دوای ریفراندۆم لەبەغدا لە پرسی سیاسییەوە بووە بە نماییشی فۆلکلۆریی، لە یەکڕیزیی نیشتیمانییەوە بووە بە ملشکاندنی نیشتیمانیی و لە داکۆکییکردن لە مافە نیشتیمانییەکانەوە بووە بە داکۆکییکردن لە بەشە حیزبیی و بنەماڵەییەکان لە داهات و پۆست.
(درەو): هێشتا یەكێتی بەفەرمی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رانەگەیاندووە، ئەگەر هەیە دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی عێراق ناچار بكات سەرلەنوێ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە، ئەمە دەرفەت لەبەردەم پارتیو یەكێتی خۆش دەكات لەسەر كاندیدێكی تر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێبكەون. هێشتا یەكێتی كاندیدی نییە ! هەریەك لە (بەرهەم ساڵح) و (لەتیف رەشید) وەك دوو كارەكتەری دیاری ناو یەكێتی، خۆیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، بەڵام یەكێتی هێشتا هیچ یەكێك لەم دوو كاندیدەی بە فەرمی وەكو كاندیدی خۆی نەناساندووە. پارتی "ڤیتۆ"ی لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح هەیە لەلایەن یەكێتییەوە، وەكو كارتی فشار بۆسەر یەكێتی، (هۆشیار زێباری) بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، ئەگەر یەكێتی بەرهەم ساڵح نەگۆڕێت، پارتی بە (هۆشیار زێباری) دەچێتە ناو كێبڕكێی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە، ئەمە لەكاتێكدایە، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار داخراوەو ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، پارتیو یەكێتی ناتوانن لەسەر هیچ كاندیدێكی تر رێكبەكەون. دوو هەوڵ بە ئاڕاستەی رێككەوتن بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، چەند هەوڵێك هەیە بەو ئاڕاستەی، ئەگەر یەكێتی كەسێكی تر كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوا پێویستە جارێكی تر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێتەوە. ئەگەری گۆڕینی كاندیدی سەرۆك كۆمار، تەنیا دوو رێگای لەبەردەمدایە، بەشێوەیە: رێگای یەكەم: دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمای ئەو دوو سكاڵایەتی كە سەبارەت بە نادەستوریبوونی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان تۆماركراون، پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، لەم حاڵەتەدا دەرگا لەسەر هەڵبژاردنەوەی دەستەی سەرۆكایەتی دەكرێتەوەو رێوشوێنەكانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماریش هەڵدەوەشێتەوەو دەبێت دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان جارێكی تر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە، لەم حاڵەتەدا پارتیو یەكێتی دەتوانن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بگەنە رێككەوتن، بەتایبەتی لەكاتێكدا قسەوباس هەیە لەبارەی ئەوەی، ئەگەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵوەشایەوە، جارێكی تر رێگا نەدرێت (محەمەد حەلبوسی) خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكاتەوە، ئەمە دەرفەت خۆش دەكات بۆ ئەوەی مستەفا كازمیو بەرهەم ساڵحیش لە پۆستەكانیان نەمێننەوەو سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بەتەواوەتی بگۆڕدرێن. رێگەی دووەم: دادگای فیدراڵی كۆبونەوەی یەكەمی پەرلەمان هەڵنەوەشێنێتەوە، بەڵام بۆ ماوەی سێ رۆژی تر دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوەو لەو ماوە نوێیەدا پارتیو یەكێتی بتوانن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بگەنە رێككەوتنو كاندیدێكی نوێ پێشكەش بكەن. بەگوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراق، پەرلەمان لەدوای یەكەمین دانیشتنی خۆیەوە دەبێت لەماوەی 30 رۆژدا سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت، یەكەمین كۆبونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق رۆژی 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، واتا رۆژی 8ی مانگی داهاتوو دواین وادەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، ئەگەر دادگای فیدراڵی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بۆ پوچەڵ ئەژمار نەكات. (مەحمود مەشهەدانی) سەرۆكی تەمەنی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانو (باسم خەشان) پەرلەمانتاری سەربەخۆ، لە دادگای فیدراڵی سكاڵایان لەسەر دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەران تۆماركردووەو دەڵێن دانیشتنی یەكەم بەشێوەیەكی نادەستوری بەڕێوەچووەو یاسای تێدا پێشێل كراوە، لەسەر بنەمای ئەم سكاڵایانە، دادگای فیدراڵی عێراق كە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە لە عێراق، بە شێوەیەكی "كاتی"و تا یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان، كارەكانی دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمانی راگرتووە. سبەینێ دادگای فیدراڵی لە كەیسی سكاڵاكانی مەشهەدانیو خەشان دەڕوانێت، بەڵام نازانرێت ئاخۆ سبەینێ كەیسەكە یەكلادەكاتەوە یاخود بڕیاردان لێی، دوادەخات بۆ دانیشتنی تری دادگاكە.
(درەو): عامری داوای لە بارزانی كردووە، چۆن ئەوان دەستوەردان لە دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماردا ناكەن، با پارتیش دەستوەردان لە كاندیدی سەرۆك وەزیراندا نەكات لەنێوان ئەوانو موقتەدا سەدردا. دوێنێ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح بە نوێنەرایەتی لایەنەكانی (چوارچێوەی هەماهەنگی) لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم دیدارەدا، عامری بە بارزانی وتووە" چۆن ئێمە دەستوەردان لە دانانی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ناكەین، ئێوەش دەستوەردان لە دانانی كاندیدی سەرۆك وەزیراندا مەكەن كە پشكی شیعەكانە، ئێوە هەر كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید بكەن ئێمە دەستوەردان ناكەین و رازین پێی". عامری بە بارزانی راگەیاندووە" شكانەوەی كورد بەلای موقتەدا سەدردا، وا ئەكات ماڵی شیعە زیاتر تێكبچێتو سەدر زیاتر سور دەبێت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی خۆی". لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی عێراقدا كە رۆژی 9ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، لە دانانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا، رێككەتنی نێوان سەدرو پارتیو سوننەكان بەدی كرا، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی (واتە ئەو لایەنە شیعانەی كە ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردنو بریتین لە مالیكی، عامری، قەیس خەزعەلی، فالح فەیاز، عەبادیو عەممار حەكیم) دەنگیان بە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەدا. لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا بوو، كە محەمەد حەلبوسی بۆ جاری دووەم وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردراو رەوتی سەدریش وەكو هەمیشە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی برد (حاكم زاملی)، پارتیش پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی برد (شاخەوان عەبدوڵا). بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، پارتی چەند جارێك وەفدی ناردە بەغدادو لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەدردا كرد، لەدوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانەوە، بەروبومی ئەم لێكتێگەیشتنەی نێوان سەدرو پارتی بەدركەوت. ئەمە لەكاتێكدا رویدا، دوو رۆژ بەر لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانو بە دیاریكراوی لە رۆژی 7ی ئەم مانگەدا، وەفدی هاوبەشی پارتیو یەكێتی بە سەرۆكایەتی عیماد ئەحمەد لە بەغداد سەردانی هادی عامرییان كردو لەوێ بەڵێنیاندا، كورد نەبێت بە بەشێك لە ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەو لەگەڵ لایەك نەبن دژی لاكەی تر. بەرپرسانی پارتی باسلەوە دەكەن، هێشتا سورن لەسەر ئەوەی نەبن بە بەشێك لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعە، ئەوەی لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەماندا رویداوە، كۆتایی گەمەكانی ناو ماڵی شیعە نییە، چونكە ململانێی سەرەكی شیعەكان لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانە، نەك پۆستی جێگری یەكەمی پەرلەمان، كە ئەم پۆستە هەر لە بنەڕەتەوە لای سەدرییەكان بووە. سبەینێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ تەماشاكردنی دوو سكاڵای یاسایی كە لەبارەی نادەستوریبوونی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان تۆماركراوە، ئەگەر دادگا سكاڵاكان رەتبكاتەوە، دەستەی نوێی سەرۆكایەتی وەكو خۆی بەردەوام دەبێتو رۆژی 8ی مانگی شوبات سەرۆك كۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێت، ئەگەر دانیشتنەكەش بە نادەستوری ناوببات، دەستەی هەڵبژێردراوی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵدەوشێتەوەو دەبێت دانیشتننی یەكەمی پەرلەمان دووبارە بكرێتەوەو سەرلەنوێ دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێتەوە، لەم حاڵەتە رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار هەڵدەوەشێتەوەو دەبێت پەرلەمان سەرلەنوێ دەرگای خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكاتەوە.
(درەو): هێزێكی كۆماندۆ لە دەباشان جێگیركراوە، دەوترێت ئەم ھێزە بۆ لابردنی سەرۆكی دەزگای زانیاریی کۆکراوەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەك لە دەباشانەوە بە (درەو)ی رایەیاند، جێگیرکردنی ھێزەکە پەیوەندی بە سەرۆکی دەزگای زانیارییەوە نییە. ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزێكی پڕچەكی (كۆماندۆ) لە بنكەیەكی بەردەم ماڵی مام جەلال لە "دەباشان"ی سلێمانی جێگیركرا، هێزەكە سەربە لیوای كۆماندۆیە، کە پێشتر فەرماندەكەی سەربە (جەعفەر شێخ مستەفا) بوو، بەڵام ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی بافڵ تاڵەبانیدایە. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو هێزە بۆ لابردنی (ئەژی ئەمین) بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی كۆكراوەتەوە، كە ماڵەکەی لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی (بەرزاییەكانی سلێمانی)ەو دەکەوێتە بەرامبەر ماڵی مام جەلال. بەپێی قسەی سەرچاوەکە باڵاکەی یەکێتی:"ئەژی ئەمین بەرپرسی دەزگای زانیاری ھێزێکی ھەیە نزیكەی (400) کەسن، ماوەیەكە بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت لە پۆستەكەی دووری بخاتەوە، بەتایبەت لەدوای رووداوی دەستگیركردنی (غازی كەركوكی) ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییەوە. كەیسەكەی (غازی کەرکوکی) تایبەتە بە پرسی ژەهرخواردكردنی (ئەژی ئەمین) سەرۆکی دەزگای زانیاری، سەرچاوە ئەمنییەکان لەناو یەکێتی باس لە تێوەگلانی (پارتی) لەم کەیسەدا دەکەن. لەبەرامبەردا، سەرچاوەیەكی نزیك لە دەباشان بە (درەو)ی راگەیاند، دەنگۆی كۆكردنەوەی هێز بۆ لابردنی مامۆستا (ئەژی ئەمین) بەرپرسی دەزگای زانیاری دوورە لە راستییەوە، چونكە لابردنی ئەو پێویستی بە كۆكردنەوەی هێز نیەو بە تەلەفۆنێكی بافڵ تاڵەبانی دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت. سەرچاوەکەی دەباشان وتی:" كۆكردنەوەی ئەو هێزە لەوێ، بەبڕیاری پێشترە، چونکە ئەو هێزەی كۆماندۆ خراوەتە سەر لیواكانی سكرتاریەتی مام جەلال، بۆیە لە دەباشان جێگیرکراون".
درەو: بارام مەجید خان - گۆڤاری ئاییندە ناسی ئێران لە سەرەتای سەدەی بیست بە گایەک و گاسنێک هاتە ناو ڕووداوە قورسەکانی سەدە و بە کارگەی پۆڵا و بەرزترین ڕێژەی مردن بە ڕوداوی هاتووچۆو و دۆسیەی ئەتۆمی لێی هاتە دەر. یەرەوان ئەبراهامیان[1] بەرایی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران؛ قورسترین و درێژخایەنترین دۆسیەی دەزگای دبلۆماسیی ئێران، لە سەدەی ڕابردوو تا ئێستاش بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. خەونەکانی محەمەد ڕەزا شا و پشتیوانییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەستپێکی هەوڵێکی نەپچڕاوەی ئێران بوو کە لە سەرەتای ساڵی ١٩٥٧ دەستی پێ کرد و لە ساڵی ١٩٧٩ و سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کۆتایی بە هەوڵەکانی شای ئێران هات. لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، لەژێر کاریگەریی تێزەکانی ئایەتوڵا خومەینی و شۆڕشی ئیسلامی و بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگیرا و شەڕی ئێران-عێراق پچڕانێکی کاتیی لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دروست کرد. محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ و سەردانی بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. لە ساڵی ٢٠١٥، بە ڕێککەوتننامەی بەرجام کۆتایی بە دانوستانەکان هات، لە ناوخۆی ئێران وەک دەستکەوتی سیاسی و دبلۆماسی ناوزەد کرا. لە هەمان کاتیشدا نەیارانی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران و ناوچەکەش هەبوو. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەپاش سەرهەڵدانی دیاردەی ترامپیسم لە ئەمەریکا لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کشانەوە. ئەم پاشەکشەی ئەمەریکا و دووبارەکردنەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران، کێشەکەی ئاڵوزتر کرد. حکومەتی میانڕەوی ڕۆحانی و لەدەستدانی پێگەی خۆی وەک سەرۆککۆمار و هاتنی باڵی توندڕەوی ئیبراهیم ڕەئیسی، بوو بە گرفتێکی قورس بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی دانوستانەکان لەنێوان وڵاتانی ٥+١ لە لایەک و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە لایەکی تر. ١. سەرەتایەک بەبێ کۆتایی دەستپێکی یەکەم هەنگاوی ئێران بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی، دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو. ئێران لە ساڵی ١٩٥٠، ژمارەیەک خوێندکار ڕەوانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکات. ئەمەریکا یەکەم وڵات بوو کە لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ئەتۆم بەرامبەر بە ئاشتی”، ئایزنهاوەر یەکەم هەنگاوی لە ساڵی ١٩٥٦ بۆ بەگەڕخستنی بەدەستهێنانی زانست و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی هاویشت. ئێران لە یەکەمی ئەو وڵاتانە بوو کە لە ساڵی ١٩٦٨ واژۆی لەسەر “NPT” (پەیماننامەی پێشگیری و قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی) کرد و لە ساڵی ١٩٧٤ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێرانی دامەزراند. ئێران لەپاش جەنگی جیهانیی یەکەم و دوورخستنەوەی ڕەزا شا و جێگرتنەوەی لەلایەن محەمەد ڕەزای کوڕیەوە، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نزیک بووەوە و وەک هاوپەیمانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دەرکەوت. ڕووداوە سیاسییە ناوخۆییەکانی ئێران و هەلومەرجی نێودەوڵەتی و سەرەتاکانی شەڕی سارد توانیی پێگەی شای ئێران بەهێز بکات، بەتایبەت کە دکتۆر محەمەدی موسەدیق لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە دەسەڵاتی گرتبووە دەست بە کودەتایەک کە بەریتانیا بەشدار بوو تێیدا، توانرا لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە. ئەم هەلومەرجە تازەیە، شای ئێرانی بەهێز کرد و توانرا وەک ئەندامێکی کارای پەیمانی سەنتۆ ڕۆڵ ببینێت[2]. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەکەم هاندەری ئێران بوو بۆ بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و هەر ئەمەریکا بوو بە سەرسەختترین دوژمنەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی. یەکەم هەنگاوی کرداریی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ساڵی ١٩٥٧ و گرێدانی ڕێککەوتننامەیەک بوو کە پێک هاتبوو لە پێشەکییەک و یانزە مادە. لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی ئەمەریکا، لەژێر ناونیشانی “ئەتۆم بەرامبەر ئاشتی” بوو. وڵاتە یەکگرتووەکان زۆر هەستیاریی بەرامبەر ئەو وڵاتانە نیشان نەدا کە ئەم پڕۆژەیە دەیگرتنەوە، بەتایبەتی مەترسیی لادانی ئەو چالاکییانە بۆ ئامانجی شاراوەی سەربازی[3]. شانبەشانی ڕێککەوتننامەی ئێران و ئەمەریکا، ئەنستیوتی زانستە ئەتۆمییەکان کە لەژێر چاودێریی پەیمانی سەنتۆ بوو لە بەغداد، گوازرایەوە بو ئێران. زانکۆی تاران پێشنیاری بونیاتنانی ڕیاکتۆرێکی ٥ مێگاواتی لە ساڵی ١٩٦١ دا و لە ساڵی ١٩٦٧ کەوتە کار و بوو بە دەستکەوتێکی زۆر گەورە بۆ ئێران و دەنگدانەوەی زۆری لێ کەوتەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە پشبەستوو بە هەناردەکردنی نەوت و گاز بوون، ئەمەش وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو چوارچێوەیە خرایە ڕوو. ئەم هاوکارییانە لەگەڵ هەندێک هەوراز و نشێو و هەندێک جار ساردیی پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا بەردەوام بوو. ئێران بەردەوام بوو لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی و پەنای بۆ زۆرێک لە وڵاتانی زلهێزی جیهانی برد، لەوانە: وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئوستورالیا و هیند و ئەفەریقای باکووریش. جیاواز لەو ڕێکەوتننامانەی کە لەتەک وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا گرێی دان، ئێران ١٥ ڕێککەوتننامەی لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان واژۆ کرد کە بونیاتی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بەهێزتر کرد و پاشان بوو بە ژێرخانی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانە: بنکەی ئەتۆمیی ١٣٠٠ مێگاواتیی ئاوی سووک لە بوشەهر بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتیی ئەسفەهان بنکەی ئەتۆمیی ١٢٩٠ مێگاواتی لە ساوە بنکەی ئەتۆمیی ٩٠٠ مێگاواتیی کارون[4] بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر ئاوڕێک لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران تا دەستپێکی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بدەینەوە، بە سەرەتایەکی بەهێز دەستی پێ کرد و پاشان بەئارامی بەڕێوە دەچوو. کاتێک کێشەی نێوان هیند و پاکستان ئاراستەیەکی مەترسیداری بەخۆوە گرت و هەردوو وڵات بەپەلە بوون لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان گۆڕانیان بەسەردا هات. ئەم هەلومەرجە نوێیە ئێرانیشی خستە ژێر کاریگەری کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە خاو بوونەوە و لە لایەکی ترەوە بازاڕگەرمی بوو بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە کەرەستە و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە بازاڕەکاندا ساغ بکەنەوە. شای ئێران هەندێک جار بەوپەڕی نائومێدییەوە لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و خواستی ئێران بۆ بە ژاندارم و زلهێزی ناوچەکە تووشتی نائومێدی دەبووەوە. شێوازی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیش وەک کارتێک لەلایەن ئەمەریکاوە بەرامبەر کەسە نزیکەکانی شای ئێران وەک باجخوازی سەیر دەکرا. عەلی ئەکبەری ئیعتماد وەک لێپرسراوی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، ڕۆڵێکی ئێجگار گەورەی بینی لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتییش. ئیعتماد پرسیاری سەرکی دەورووژێنێ کە ئایا ئێران ڕێگایەکی ڕاستی هەڵبژارد لە دەستبردن بۆ ئەتۆم؟ ئایا ئێران پێویستی بەوە هەبوو کە بەشوێن جێگرەوەی وزەی ئەتۆمییەوە بێت؟ بیرکردنەوەی باو ئەوە بوو کە ئێران پێویستە خۆی بۆ سەدەی بیست و یەک ئامادە بکات، بەتایبەت ئەو لێکۆڵینەوە باوانەی ئەو ڕۆژگارە باسیان لە سنوورداربوونی سەرچاوەکانی وزە دەکرد و پێویستە ئێران جێگرەوەی هەبیت بۆ وزەی ئەتۆم. شۆڕش و ئەتۆم (کێشمەکێشی نێودەوڵەتی) شۆڕشی ئێران خاڵێکی لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دانا. پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا کەوتە ژێر کاریگەریی هەندێک ڕووداوی گرنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دوو ڕووداوی گرنگ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمەریکا دانا: یەکەم: دەستبەسەراگرتنی سەفارەتی ئەمەریکا لە تاران لە ساڵی ١٩٧٩، بابەتی بەبارمتەگرتنی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە تاران بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ. دووەم: شەڕی ئێران-عێراق لە هەمان ساڵدا. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لە هەمان کاتدا ئێرانی تاوانبار دەکرد بە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە بەیرووت لە ساڵی ١٩٨٣ و تەقینەوەی ئەنجوومەنی کولتووریی ئیسڕائیل لە بۆینس ئایرس لە ١٩٩٤ و هێرش بۆ سەر بورجەکانی “خوبەر” لە سعودیە لە ساڵی ١٩٩٦[5]. چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران لەژێر تێزی ئایەتوڵڵا خۆمەینی کە دژی بەرهەمهێنانی چەکی کۆکوژ بوو، بە ئامانجی بەکارهێنانی ئاشتییانە و تەکنەلۆژیای زانستی جارێکی تر درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی دا. هاشمی ڕەفسەنجانی حکومەتی پاش شەڕی ئێران-عێراقی گرتە دەست و هەوڵە دبلۆماسی و نێودەوڵەتییەکانی خستە گەڕ بۆ درێژەدان بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی دەستی پێ کردبوو و لەپاش شۆڕش درێژەی پێ درا. هاشمی ڕێککەوتننامەیەکی دە ساڵەی لەگەڵ چین واژۆ کرد، کە لەو چوارچێوەیەدا چین پابەند دەبوو کە ڕیاکتۆرێکی ٢٧ مێگاواتی لە ئێران دابمەزرێنێ. لەگەڵ ئەوەی کە بنکەی بوشەهر لە کاتی شەڕی ئێران-عێراق هێرشی کرابووە سەر و زیانی زۆری پێ گەیشتبوو، بەڵام جووڵەکانی ئێران چڕتر بوونەوە کە پەلە بکات لە بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی. لەگەڵ ئەوەی کە هاشمی دەستی یارمەتیی بۆ فەڕەنسییەکان درێژ کرد، بەڵام دەوڵەتی فەڕەنسا بە داواکەی ئێران ڕازی نەبوو. هاشمی سیاسەتی دووبارە بونیاتنانەوەی ئابووریی ئێرانی لە پێشەوەی سیاسەتەکانی خۆی دانابوو، بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و جووڵە دبلۆماسییەکانی چاوی وڵاتانی زلهێزی دنیای لەسەر بوو[6]. پاش ئەوەی کە هاشمی ڕەفسەنجانی چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی لەپاش شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بەگەڕ خستەوە، چەند کەسایەتییەکی سیاسیی گرنگ سەرۆکایەتیی ئەم دۆسیە گرنگەی ئێرانیان گرتە ئەستۆ، لەوانە: دکتۆر حەسەن ڕۆحانی، دکتۆر لاریجانی، دکتۆر سەعید جەلیلی، دکتۆر جەوادی زەریف. ئێستا ئەم دۆسیەیە عەلی باقری کەنی بەڕێوەی دەبات. ڕێککەوتننامەی تاران لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران و ئەو گومانانەی کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران هەیبوو، سیاسەتی ئێران لەسەر بنەمای سێکوچکەی کات و متمانە و ئەمنی ناوخۆ دریژەی بە پڕۆژە ناوەکییە ناتەواوەکانی خۆی دا[7]. تا سەرەنجام ئێران و وەزیرانی هەرسێ وڵاتی فەڕەنسا و ئەڵمان و بەریتانیا، لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣ و لە کاخی سەعدئابادی تاران ڕێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە ئێرانی پابەند دەکرد بەوەی ڕێگا بە چاودێرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بدات کە بتوانن سەردانی ئێران بکەن و کامێراکانی چاودێری جێگیر بکەن. ئێران پابەند کرا بەوەی کە پرۆتۆکۆلی پەیوەست واژۆ بکات، کە ڕۆڵی چاودێریکردنی زیاتری بە ئاژانس دەبەخشی کە چاودێریی چالاکییەکانی ئێران بکات. لە بەرامبەردا ئێران مافی بەدەستهێنانی ئاشتییانەی وزەی ناوەکیی پێ بەخشرا، کە ئێران وەک مافێکی یاسایی و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لە چوارچێوەی “NPT” و پرۆتۆکۆلی پەیوەست دەیتوانی بەدەستی بهێنێ[8]. ڕێککەوتننامەی پاریس سەردانیکردنی محەمەد ئەلبەرادعی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ ئێران، جارێکی تر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی خستەوە سەر مێزی گفتوگۆی نێودەوڵەتی. چەندین خولی گفتوگۆی نێوان ئێران و وڵاتانی پەیوەست بەو دۆسیەیە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بەچارەسەرنەکراوی مانەوە. حکومەتی سەید محەمەدی خاتەمی بە درووشمی سیاسەتی سڕینەوەی گرژییەکان، لە هەنگاوێکی دبلۆماسیدا دەرگاکانی جیهانی بەسەر حکومەتی ئێراندا ئاوەڵا کرد. لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤، پاریس میوانداریی خولێکی نوێی وتوێژەکانی نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپایی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای کرد، کە بە ترۆیکای ئەورووپی ناوزەد کرا. لە چوارچێوەی ئەم لێکتێگەیشتنە کە بە ئامانجی متمانەسازی بوو [زیاتر لەوەی پابەندی یاسایی بۆ ئێران دروست بکات]، ئێران بۆ ماوەیەکی کورت چالاکییە ناوەکی و ئەتۆمییەکانی خۆی ڕاگرت. لە بەرامبەردا وڵاتانی ئەورووپایی پابەند بوون بەوەی کە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران هەناردەی ئەنجوومەنی حاکمان (Bord of Governore)، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ناکەن[9]. لەپاش ڕێککەتننامەی تاران، کۆماری ئیسلامی هەوڵەکانی چڕ کردەوە کە چین و ڕووسیا بەشداریی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ ئێران بکەن، بەڵام ئێران نەیتوانی لە سەرەتادا ڕەزامەندیی ئەو دوو وڵاتە وەربگرێت. دبلۆماسیەتی کوشتنی کات لەلایەن ئێرانەوە، گومانەکانی لەسەر ئێران زیاد کرد تا ئەو ڕادەیەی کە کۆدژییەک لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکان کە پێک هاتبوون لە پێنج هێزە سەرەکییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا، توانییان بنچینەی ٥+١ بۆ وتوێژ لەگەڵ ئێران دابمەزرێنن، کە تا ٢٠١٥ی خایاند کە ڕێککەوتننامەی بەرجامی “J. C. P. O. A”ی لێ کەوتەوە. قۆناغی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش کێشەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان کاتێک زیاتر تەشەنەی سەند کە لە ئێران دەوڵەتی پەڕگیر و توندڕەوی دکتۆر مەحموودی ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی ٢٠٠٥ دەسەڵاتی گرتە دەست. نۆ مانگ پاش دەستبەکاربوونی ئەحمەدی نەژاد، دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە ئەنجوومەنی حاکمانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕادەستی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرا. شەش بڕیار لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دژی ئێران دەرچوو، یەکەمیان ئێرانی پابەند نەدەکرد بە جێبەجێکردنیان، بەڵام پێنج بڕیارەکەی تر گەمارۆی قورسیان بەسەر ئێراندا سەپاند، بەتایبەت بڕیاری ١٩٢٩ کە سێبەرێکی ڕەشی بەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا سەپاند. سەعیدی جەلیلی وەک کارەکتەرێکی پەڕگیر کە سەرپەرشتیی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانی لە ئەستۆ بوو، هەموو ئەو دەرفەتانەی کە بۆ ئێران هاتبوونە پێشەوە؛ لەدەست دا. “سەرۆکی ئێران ئەو بڕیارانەی بە کاغەزی دڕاو پێناسە کرد و هیچ بایەخێکی بەو بڕیارانە نەدا.” ئەم قۆناغە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، خەسارەتێکی گەورەی لە ئابڕووی نێودەوڵەتیی ئێران دا، بەو ڕادەیەی کە بڕیاربەدەستانی وەک دکتۆر محەمەد جەوادی زەریف کە پاشان ئەم دۆسیەیەی سەرپەرشتیی دەکرد بە کەسایەتیی سیاسیی ناکارامە و کەمئەزموون ناوی هێنان، کە هێچ شارەزاییەکیان لە هەلومەرجی دنیا و سیاسەتی نێودەوڵەتی نەبوو[10]. گرنگترین ئەو بڕیارانەی کە بەسەر ئێراندا سەپا، بریتی بوون لە: – بڕیاری (١٩٦٩، ساڵی ٢٠٠٦): داوا لە ئێران دەکات کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانێۆم بهێنێت، ئەگەرنا ڕووبەڕووی سزای سیاسی و ئابووری دەبێتەوە. ئەم بڕیارە لەژێر بەندی ٤٠ – بڕگەی هەشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکراوە و وڵاتان پابەند ناکات بە جێبەجێکردنی. – بڕیاری (١٧٣٧، ساڵی ٢٠٠٦): لەو بڕیارەدا داوا لە ئێران کرا کە کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. لە بە فشارەکانی ڕووسیا و چین، هەندێ دەستکاریی بڕگەکانی کرا کە دواجار بە ڕەزامەندیی هەر ١٥ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش پەسەند کرا. – بڕیاری (١٧٤٧، ساڵی ٢٠٠٧): ئەم بڕیارە داوا لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئێرانییانەی کە لە بواری وزەی ناوەکی کار دەکەن؛ سنووردار بکەن و هەروەها قەدەغەکردنی هاوردەکردن و هەناردەکردنی چەکی قورس لە ئێران. هەروەها پێداگری لە بڕیاری پێشووتری ١٧٣٧ دەکاتەوە، کە کۆتایی بە چالاکییە ئەتۆمییەکان و پیتاندنی یۆرانیۆم بهێنێت. – بڕیاری (١٨٠٣، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە بە پێشنیاری فەڕەنسا و بەریتانیا و لەژێر بەندی (٧) دەرچووە، کە باس لە ڕێکارەکانی ئەمن و ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەست بە ئێران دەکات. – بڕیاری (١٨٣٥، ساڵی ٢٠٠٨): ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی محەمەد ئەلبەرادعی؛ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەرچووە کە داوا لە ئێران دەکات هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانی وەک پیتاندن و پڕۆژەی ئاوی قورس کۆتایی پێ بهێنێ. – بڕیاری (١٩٢٩، ساڵی ٢٠١٠): لەم بڕیارەدا ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاری سزاکانی بۆ سەر کۆمپانیاکان و کەسایەتییەکان سەپاند. ئەمە قورسترین بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش بوو دژی ئێران، کە خەسارەتێکی گەورەی لە ئابووریی ئێران و جووڵەی کەسایەتییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سنوردار و هەندێک جار قەدەغە کرد. قۆناغەکانی دانوستانەکانی ئێران لەپاش ئەم گەمارۆ قورسانە، هەر درێژەیان کێشا. سێ خولی دانوستانەکانی ژنێڤ بە ناوەکانی ژنێڤی ١، ٢، ٣، لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٠، بەبێ ئاکامێکی دیار و بێئەنجام مانەوە. لە ساڵی ٢٠١١، بە ناوبژیوانیی حکومەتی تورکیا لە ئەستەنبوڵ، خولێکی تری دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ ئەنجام درا و پاشانیش لە ساڵی ٢٠١٣ لە بەغداد و مۆسکۆش بە هەمان شێوە وتوێژەکان بەبێ ئەنجام کۆتاییان پێ هات[11]. ٣. دبلۆماسیی ئەتۆمی و بەرجام (Joint Comperehensive Plan of Action (J. C. O. P. A)) ئەمیر کەبیر سەرۆکوەزیرانی سەردەمی قاجار، وتبووی: “ئەوەندەی مەملەکەت پێویستی بە پیاوی دانا هەیە، هێندە پێویستی بە وەزیر و ئەمیر نییە[12]“. ئێران لە (٢٠١٣)وە قورسترین و چارەنووسسازترین وتوێژەکانی لەگەڵ وڵاتانی ٥+١ دەست پێ کرد. دۆسیەیەک کە لەناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە درێژەی کێشابوو. ئەمیر کەبیر ڕاستی وتبوو… ئەم دۆسیەیە لە دەستی کارزانترین و شارەزاترین دبلۆماتەکانی ئێراندا بوو. محەمەد جەوادی زەریف جیاواز لەوەی سیاسەتمەدارێکی لیبراڵ و کراوە بوو کە لەتەک ڕیالیستە کارامەکانی ئەمەریکا گەیشتبووە ئەنجامێکی دڵخۆشکەر و لە هەمان کاتیشدا شارەزاییەکی تەواوی لە داڕشتن و ڕێکخستنی ڕێککەوتننامە نێدەوڵەتییەکاندا هەبوو. پاش زیاتر لە بیست مانگ کۆبوونەوە، سەرنجام ڕێککەوتننامەی بەرجام لە١٤ی جولای ٢٠٠٥ واژۆ کرا. ئەم ڕێککەوتننامەیە لەسەر ئاستی نێودەڵەتی؛ پشتیوانی و پێشوازییەکی زۆری لێ کرا. لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی ئێرانیش پێشوازیی لێ کرا، بەڵام بە شێوەیەکی نیوەشاراوە و و هەندێک جار بەئاشکرا لەلایەن باڵی توندڕەوی ئێران دژایەتی دەکرا. ئێران دوو ئامانجی سەرەکیی هەبوو لەم وتوێژانەدا: یەکەم: سیاسەتی بەدەستخستنی ئەمن و ئاسایشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دووەم: جێگیرکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا. میکانیزم و کەرەستەی ئێران؛ بڕین و دەوردانەوەی گەمارۆ قورسەکان بوو کە لە ئەنجامی بڕیارە کەمەرشکێنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش بەسەریدا سەپابوو. زەریف ئامۆژگاریی تیمی دانوستانکاری کردبوو کە نەکەونە ناو داوی وردەکارییەکانەوە. وردەکارییەکانی کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی، هەمان کاریگەرییش لەسەر دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران بەجێ دەهێڵێ[13]. بەرجام کە پێک هاتبوو لە ١٥٨ لاپەڕە و پێنج پەیوەستنامە، لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بە بڕیاری ٢٢٣١ پەسەند کرا و هەموو لایەنەکانی پابەند کرد بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی کە لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا کاری لەسەر دەکرێت[14]. ئەم ڕێککەوتننامەیە توانیی گەمارۆکان لەسەر ئێران لا بدات و ئێران مافی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای ناوەکیی بۆ خۆی پاراست و دەیتوانی لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەکەدا و بە شێوەیەکی سنووردار مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ خۆی مسۆگەر بکات. لە ماوەیەکی کەم پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام، ئێران توانیی دەستکراوە بێت لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جووڵەی بانکی. ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی هەرێمایەتی، توانیی پێگەی بەهێز بۆ وڵاتەکەی بەدەست بهێنێتەوە و هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا جێگیر بکات. خاڵی لاوازی ئەم ڕێککەوتننامەیە ئەوە بوو کە ڕێککەوتننامە بوو نەوەک پەیماننامە. نەیارانی ڕێککەوتننامەکە لە ناوخۆی ئێران و هەروەها لە ئەمەریکاش ڕووی لە زیادبوون کرد. ئەمەریکا لەگەڵ ئەوەی کە ئێران پابەند بوو بە ڕێککەوتننامەکە، لە ٨ی مایسی ٢٠١٨ لە ڕێککەوتننامەکە کشایەوە. ٤. پاش بەرجام جاک ستراو وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی ڕێککەوتننامەی تاران، لە کتێبەکەی سەبارەت بە ئێران دەڵێت: “نە سیاسەتمەدارانی دنیا و نە زۆرینەی خەڵکی دنیا ناتوانن لە ئێران تێبگەن[15]“. ئەم لێکنەگەیشتنە هەم لە جیهانەوە بۆ ئێرانە و هەم لە ئێرانەوە بۆ جیهان. بەتایبەت کرۆکی بەرجام لە ناوەرۆکدا ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە لایەک و ئەورووپا و جیهان لە لایەکی تر بوو. پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لە چوارچێوەی بەرجام بە سەختترین قۆناغدا تێپەڕی. سیاسەتی حکومەتی ئۆباما “سیاسەتی مامەڵە کردن” بوو لەگەڵ ئێراندا، بەڵام سیاسەتی حکومەتی بایدن سیاسەتی “زۆرترین فشار” بۆ سەر ئێران لە پێناو بەدەستهێنان و سەپاندنی زۆرترین مەرج لەسەر ئیران، کە هەمان سیاسەتی حکومەتی ترامپە سەبارەت بەو دۆسیەیە و پەیوەندیی لەگەڵ ئێران. هەم بایدن و هەم ترەمپ، خواستیان ڕێککەوتننامەیەکی بەهێز و نوێیە لەگەڵ ئێران. بایدن وەک تاکتیکی وتوێژ لەگەڵ ئێران، لە سیاسەتی حکومەتی ترەمپ نزیکترە تا ئۆباما، کە دوورنماکەی ڕێککەوتننامەیەکە زیاتر لە بەرجام کە ڕەهەندی سیاسەتی هەرێمایەتی و هەڕەشە سەربازییەکانی ئێرانیش بگرێتەوە. بەڵام ئیران تەسلیمی دبلۆماسیەتی فشار نابێتەوە. لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر ئێران، ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کرایەوە لە ٥٪ بۆ ٢٠٪ و پاشان ٦٠٪. لە فشارەکاندا، ئێران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ڕێژەکە تا ٩٠٪ بەرز دەکاتەوە. لە ڕاستیدا کام لایەن لە ئێران و ئەمەریکا، پێڕەویی دبلۆماسیەتی کوشتنی کات و شەڕی ئارام و کوشندە دەکەن؟ لەبەر ڕۆشنایی هەلومەرجی ناوخۆ و دەرەکی و ئابووریی ئێران، سیاسەتی گشتیی وڵات گەیشتنە بە زیندووکردنەوەی بەرجام. ئانتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاماژەی بە ڕێککەوتنێکی بەهێز دەکات لەگەڵ ئێران و ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێگایەکی درێژمان لەبەردەمدایە. سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل باس لە ستراتیژی “کوشتن بە هەزار چەقۆ” دەکات بەرامبەر ئێران[16]. ئێران و ئەمەریکا لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە ئاڵۆزترین شێوازی پەیوەندیی نێوان دوو حکومەتیان لە مێژوودا ئەزموون کردووە. گشت سەرۆکەکانی ئێران و ئەمەریکا، خوازیاری ئەوە بوون کە ئەم دیوارە لە بێمتمانەیی بشکێنن، بەڵام هەموویان شکستیان خواردووە. پەیوەست بە دۆسیەی ناوەکیی ئیرانیش، هەردوو باڵی ڕیفۆرمخواز و پەڕگیر لە ئێران و هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتیش، ئەزموونی زۆریان لەسەر ئەم دۆسیەیە هەیە. لە هەمان کاتدا، مێژووی ئەم پەیوەندییانە پێمان دەڵێن کە هیچ پەیوەندییەک بە ئەندازەی پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمەریکا دوژمنی دەرەکی و ناوخۆی نەبووە[17]. گەڕی حەوتەمی وتوێژەکانی ڤیەننا کشانەوەی یەکلایەنەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، شۆکێکی گەورە بوو بۆ ئێران و جیهان و ناوچەکەش. “دۆناڵد ترەمپ ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە خوازیاری بەدەستهێنانی چەکی کۆکوژ و بۆمبی ئەتۆمییە. هاوکات ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە لە ڕیزی پێشەوەی وڵاتانی پشتیوانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە. ترەمپ باسی لە خراپیی ڕێککەوتننامەکە کرد و پێی وا بوو کە ئەگەر ئێران هەموو بەندەکانی ڕێککەوتننامەکەش جێبەجێ بکات، لە نزیکرتین دەرفەتدا دەتوانێت دەستی بە بۆمبی ئەتۆم بگات[18].” دۆسیەی ئێران لە دیدی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە سێ بەشی هەستیار دابەش دەبێت: یەکەم: ئێرانی ئەتۆمی و هەر بابەتێکی کە پەیوەندیدار بێت بەم دۆسیەیە وەک ڕێککەوتننامەکان و سیاسەتی جیهانی لەهەمبەر ئەم دۆسیەیە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی. دووەم: سیاسەتی هەرێمایەتیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو کە ئەمەریکا لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانیەوە لە ناوچەکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدات. سێیەم: بابەتی ئەمنی و سەربازی و مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران، کە ئەمەریکا وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆی و هاوپەیمانەکانی لەی قەڵەمی دەدات. لە کاتێکدا وتوێژەکانی ڤییەنا دووبارە دەستیان پێ کردەوە، کە گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران و ئەمەریکا ڕووی داوە. لە ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وەک سەۆکی وڵات دیاری کراوە، کە سەر بە ناوەندی دەسەڵاتی ئێران و باڵی توندڕەوە. لە ئەمەریکاش پارتی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن دەسەڵاتیان گرتەوە دەست، کە ئەزموونی حوکمڕانیی ئۆباما دێنێتەوە یاد. بەڵام نە باڵی توندڕەوی ئێرانی هێندە توند بوون کە پشت لە ڕێککەوتننامەی بەرجام بکەن و نە دیموکراتەکانی ئەمەریکاش لە ڕووی میکانیزمەوە هەمان ڕێچکەی ئۆبامایان گرتە بەر. “ڕۆبێرت ماڵی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران، پێی وایە کە ئێران کاتی زۆری لەبەردەم نییە. دەبینن کە بەرجام لە ئایندەیەکی نە زۆر دوور کۆتایی پێ دێت و دەبێت بە ڕێککەوتننامەیەکی نوێ چارەسەری کێشەکان بکەین[19].” ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ورووژاندنی دۆسیەی مووشەکە دوورهاوێژەکان و هەڵسوکەوتی ئێران لە ناوچەکەش، دەبێتە بابەتی کێشەی ئێران و سیستمی جیهانی و وڵاتە یەکگرتووەکان. هەست بە پاشەکشەیەکی ئارامی حکومەتی بایدن لە درووشمەکانی هەڵبژاردن دەکەین. ئیران لەژێر فشاری ئابووری و هەلومەرجی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، خوازیاری گەڕانەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ٥+١ دەکات. بەڵام ئێران لەم خولە لە گفتوگۆکان، داوای گەرەنتی قورس دەکات کە ئەمەریکا پابەند بکات بە ڕێککەوتننامەکە و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران بەکرداری، بەتایبەت فرۆشتنی نەوتی ئێران و گەڕانەوەی داهاتەکەی بە دراوی بیانی بۆ وڵاتەکەی. ئەنجام دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران وەک کرۆک و جەوهەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی جیهان، هەر ڕەهەندی تەکنیکی و تەکنۆلۆجی نییە، بەڵکوو ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و ئیداری و یاساییشی هەیە. لە سەردەمی شای ئێران و تا دەگات بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم دۆسیەیە تا ئێستا بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە. ئەمەش کاریگەریی قورسی هەم لەسەر ئێران داناوە و هەم کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکانیشی تا ڕادەیەک سیاسەتی جیهانی بەسەر دووجەمسەرییەکی دیاردا دابەش کردووە. لە حاڵەتی چارەسەرکردنی کێشەکەدا، ئێران دەگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی ڕاستی نێودەوڵەتیی خۆی و جێگری سیاسی و ئابووری بۆ وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەباتە دۆخێکی ئارام و جێگیر و پێگر بۆ ئێران و ناوچەکەش، بەڵام ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەبوو، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی سزای توندتر و کەمەرشکێنتر بین لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپاوە. میکانیزمی ماشە (Trigger Mechanism)، یاخود گەڕانەوەی ئۆتۆماتیکیی گەمارۆکان (Snapback) بۆ سەر ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە. هەڕەشەی هێرشی سەربازی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسڕائیل، دۆخی ناوچەکە دەخاتە حاڵەتێکی زۆر مەترسیدار، ناوچەکەش دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی سەربازی و گەرمکردنی بازاڕی چەک. سهرچاوهكان: [1] یراوان ابراهامیان، ١٣٩٨، تاریخ مدرن ایران، تهران، انتشارات نشر نی چاپ نوزدەهم. [2] سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا. [3] کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە. [4] کاظم غریب ابادی، ١٣٧٨، برنامە هستەای ایران، واقعیت های اساسی، تهران، مرکز چاپ و انتشارات وزارت امور خارجە. [5] هەمان سەرچاوە. [6] سید حسن موسویان، ١٣٩٤، روایت بحران هستەای ایران، ناگفتەهای یک دیپلمات، تهران، انتشارای تیسا. [7] دکتر حسن روحانی، ١٣٩٠، امنیت ملی و دپلوماسی هستەای، تهران، مرکز تحقیقات استراتژیک. [8] کوسرت خدر ابوبکر، ٢٠١٨، المفارضات الدولیە حول البرنامج النووی الایرانی وآفاقها المستقبلیە، مرکز کردستان للدراسات الاستراتیجیە، سلیمانیە. [9] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب اول: موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات. [10] هەمان سەرچاوەی پێشوو. [11] http://www.irdiplomacy.ir/fa/news/1940867/%D9%86%DA%AF%D8%A7%D9%87%DB%8C-%D8%A8%D9%87-%D9%82%D8%B7%D8%B9%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87-%D9%87%D8%A7%DB%8C-%D8%B4%D9%88%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D8%A7%D9%85%D9%86%DB%8C%D8%AA-%D8%B9%D9%84%DB%8C%D9%87-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86 [12] محمد جواد زریف، علی اکبر صالحی، عباس عراقچی، مجید تخت روانچی، ١٤٠٠ راز سر بە مهر، کتاب دوم: از توافق مشترک تا اطاق نگارش موافقت ژنو، تنظیم و گردآوری: سید علی موجانی، انتشارات اطلاعات. [13] هەمان سەرچاوەی پێشوو. [14] https://www.armscontrol.org/factsheets/JCPOA-at-a-glance [15] jack,straw. 2019. The English job, understanding iran and why it distrust Britian . [16] علیرضا نامور حقیقی. تلفزیون ایران انترناشنال،22 dec 2021 / https://youtu.be/sjVOWZyE50s [17][17] سید حسین موسویان، ١٣٩٤، ایران و امریکا (گذشتە شکست خوردە و مسیر آشتی)، تهران، انتشارات تیسا. [18] https://www.bbc.com/persian/44046173 [19] https://www.mehrnews.com/news/5381469/%D8%B1%D8%A7%D8%A8%D8%B1%D8%AA-%D9%85%D8%A7%D9%84%DB%8C-%D9%81%D9%82%D8%B7-%DA%86%D9%86%D8%AF-%D9%87%D9%81%D8%AA%D9%87-%D9%81%D8%B1%D8%B5%D8%AA-%D8%AF%D8%A7%D8%B1%DB%8C%D9%85
شیكاری: درەو لەماوەی (8) ساڵی ڕابردوودا نزیکەی (40) هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون بەتێکڕا یەکی (1) ملیۆن دینار لە موچەکەیان گەڕاوەتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی کە دەکاتە (40) ملیار دیناری مانگانەو (480) ملیار دیناری ساڵانە، بۆ هەشت ساڵی ڕابردوو دەکاتە (3 ترلیۆن و 840 ملیار) دینار. مامۆستایەک کە (43) ساڵ خزمەتی کردووەو خانەنشین بووە کۆی موچەکەی بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 970 هەزار) دینار بووە بە (80%) موچە بنەڕەتیەكەی خانەنشین دەكرێت موچەی بنەڕەتییەکەی (1 ملیۆن و 148 هەزار) دینارە بە (918) هەزار دینار خانەنشین کراوە، واتە بڕی (1 ملیۆن و 52 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت. خانەنشین کێیە؟ بەشێوەیەکی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەرکەسێک پەیمانی پێدرابێت بە وەزیفەیرکی ناو میلاکی شارستانی یان سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە موچەیەک وەبگرێت لە حکومەت (دەوڵەت) ڕاگیراوەکانی خانەنشنی لە موچەکەی ببڕدرێت، یان تەنانەت لە کەرتی گشتیش کار نەکات بەڵام ڕاگیراوەکانی خانەنشین بدات وەک (پارێزەران، ڕۆژنامەنوسان، یان هەر چینێکی تر لە دەرەوەی کەرتی گشتی کە یاسا ڕێکیخستبێت) بەپێی یاسا ئیحالەی خانەنشینی دەکرێن. بە کورتیش بە کەسێک دەگوترێت خانەنشین کە سودمەندە لە مووچە یان پاداشتێکی خانەنشینی کە بە یاسا ڕێکخراوە. بۆ ئیحالە کردنی خانەنشین کردنیش لە هەرێمی کوردستان یاسا چەند ڕێوشوێنێکی دەستنیشان کردووە. ڕێگاکانی ئیحالەکردن بۆ خانەنشینی چین؟ بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (27)ی ساڵی (2006) هەموار کراوی عێراق کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت و لە عێڕاق یاسایەکی نوێ جێگەی گرتووەتەوە کە یاسای ژمارە (9)ی ساڵی (2014) تایبەت بە یاسای یەکگرتووی خانەنشینی لە عێراقە، بەڵام ئەوی دووەمیان تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان کاری پێنەکراوە، بەپێی یاسا ژمارە (27)ی ساڵی (2006)ی بەرکار لە هەرێمی کوردستان، فەرمانبەران ئیحالەی خانشینی دەکرێن بە یەکێک لەم ڕێگایانەی لای خوارەوە، ئەوانیش؛ یەکەم: خانەنشینکردنی فەرمانبەر بەشێوەی ناچاری لە هەردووە حاڵەتی؛ - تەواوکردنی تەمەنی (63) ساڵی، جگە لەو پلەو پۆستە تایبەتانەی یاسا تەمەنی خزمەتی بۆ درێژکردوونەتەوەو خانەنشینکردنیانی دواخستووە. - ئەگەر لیژنەیەکی پزیشکی فەرمی پسپۆڕ بڕیاریدا بە دەستنەدانی بۆ خزمەت. دووەم: خانەنشینکردن لەسەر داوای فەرمانبەر بەپێی یاسای ژمارە (27)ی ساڵی (2006)ی خانەنشینی یەکگرتوو ماددەی (1) بڕگەی چوارەم: بۆ فەرمانبەر هەبوو داوای ئیحالەکردن بکات بۆ خانەنشینی ئەگەر هاتوو تەمەنی (50) ساڵ یان زیاتر تەواو بکات و ماوەی خزمەتی لە (25) ساڵ کەمتر نەبێت. بەڵام بەپێی یاسای ژمارە (2) ساڵی (2020) یاسای چاکسازی لە مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان- عێراق، بەشی حەوتەم، مماددەی حەوتەم، بڕگەی سێیەم دەکرێت فەرمانبەر دوای ئیحالە کردنی خانەنشینی بکات کاتێک تەمەنی لە (45) ساڵەوە بەرەو سەرو بێت و خزمەتی کەمتر نەبێت لە (15) ساڵ. سێیەم: لەکاتی دوورخستنەوەی فەرمانبەر یان دەرکردنی یان جێهێشتن، ئەم ڕێوشوێنەش یاسا مەرجەکانی بۆ ڕێکخستووە. واتە فەرمانبەرێك لەسەر كار لابرا بێتیان دەركرابێت یان وەزیفەكەی جێهێشتبێت یان دەستی لەكاركێشابێتەوە لە مافی خانەنشینی بێبەش ناكرێت بەلام خانەنشینی بۆ خەرج ناكرێت تاكو تەمەنی ٥٠ ساڵی تەواو نەكات و بەلایەنی كەمەوە خزمەتی لە ٢٠ ساڵ كەمتر نەبێت. چوارەم: ئەگەر فەرمانبەر کۆچی دوایی بکات. ڕێکخستنی موچەی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکەم: ڕێکخستنی موچەی خانەنشینان لەعێراق بەپێی یاسای خانەنشینی یەكخراوی ژمارە (9)ی ساڵی (2014)ی عێراق، کە لە بە ناوەكەیدا دیارە و هەموو یاسا خانەنشینییەكانی پێشووی عێراق كە لە 10 یاسا زیاتر بوو، لە خۆگرتووە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینی پلە بالاكان كەمبكرێتەوە و ئەوەی پلە نزمەكانیش زیاد بكرێت و دادپەروەری تێدا دروست بێت، بەپێی ئەم یاسایە. مووچەی خانەنشینی بەم جۆرەی لای خوارەوە ئەژمار دەكرێت؛ - تێکڕای موچە لێکدانی ژمارەی ساڵانی خزمەت لێکدانی (2.5) بەم شێوەیەی کە لە هاوکێشەکەدا دیارە؛ تێکڕای موچەکەی X (ساڵانی خزمەت /12) موچەی خانەنشینی = 100 - كەمترین رادەی مووچەی خانەنشینی (400) هەزار دینار دەبێت بە دەرماڵەی مەعیشەتیشەوە. - نابێت مووچەی خانەنشینی هەر خانەنشینێك لە (%100)ی مووچەكەی بنەڕەتییەكەی كە لە وەزیفەكەدا بووە زیاتر بێت. - خانەنشینكراو دەرماڵەی بڕوانامە و دەرماڵەی مەعیشەتی بۆ دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینییەكەی كە بەپێی هاوكێشەكەی سەرەوە بۆی بڕاوەتەوە بەم شێوەیەی خوارەوە : أ. بۆ هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم دەرماڵەی (5%) ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. ب. بۆ هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس (10%) ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. ج. بۆ هەڵگری بڕوانامەی ماجستێر (15%)ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. د. بۆ هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا (20%)ی مووچەی خانەنشینی دەدرێتێ. ه. بۆ هەر ساڵێك خزمەتی فەرمانبەری دەرماڵەی ( معیشە )ی بەرێژەی (%1) دەدرێت بە خانەنشین. - بڕگەی شەشەمی ماددەی (35)ی ئەم یاسایە كە تایبەتە بە خانشینكردنی باڵوێزەكان و ماددەی (37) كە تایبەتە بە خانەنشینی پلە تایبەتەكان (سەرۆك كۆمار، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیر، جێگری وەزیر، راوێژكاران، بەرێوەبەری گشتی . . . هتد ) و بڕگەی سێهەمی ماددەی (38) كە تایبەتە بە (خانەشینكردنی بەرێوەبەری شارەدێ و قەزا و ئەنجومەنی شارەوانییەكان) لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە راگیراون و كاریان پێناكرێت لەسەر ئەو بنەمایەی كە ئەو ماددە و بڕگانە نادەستورین. دووەم: ڕێکخستنی موچەی خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کار بە زیاتر لە یاسایەک دەکرێت بۆ مەبەستی خانەنشینی بەشێكی زۆری ئەو جیاكاری و نادادیانەی لەنێوان خانەنشیناندا دروستبووە پێشتر بەم یاسایانەی لای خوارەوە كراون دەیان یاسای جیاواز لە هەرێمی كوردستاندا كاری پێكراوە و بەپێی یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 تایبەت بە (یاسای چاكسازی لە مووچەو دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی لە هەرێمی كوردستان - عێراق) بەشێكیان هەڵدەوەشێنەوە. ئەو یاساینەش کە لە هەرێم کاری پێکراوە بریتین لە: • یاسای خزمەتی شارستانی (ژمارە 24 ساڵی 1960)ی هەمواركراو. • یاسای خانەنشینی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان (ژمارە 12 ساڵی 1999). (هەڵوەشاوە). • یاسای خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان (ژمارە 13 ساڵی 1999). (هەڵوەشاوە). • یاسای خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە (36 ساڵی 2004). (هەڵوەشاوە). • یاسای خانەنشینی یەكگرتوو ( ژمارە 27 ساڵی 2006 ) عێراقی فیدراڵ هەمواركراو. (بەرکارە) • یاسای ڕێزلێنانی پێشمەرگە ( ژمارەی 33 ساڵی 2007). (بەرکارە) • یاسای كەم ئەندامانی پێشمەرگەی سەنگەر ( ژمارە 34 ساڵی 2007) (بەرکارە). • یاسای ڕاژە و خانەنشینی پێشمەرگە ( ژمارە 38 ساڵی 2007 ). (بەرکارە). • یاسای ڕاژەی زانكۆیی ( ژمارە 23 ساڵی 2008 )ی فیدراڵ. (بەرکارە). • یاسای مووچەی دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی ( ژمارە 27 ساڵی 2008) فیدراڵ. (بەرکارە). • خانەنشینی پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە بەپێی یاسای پارێزگاكان (ژمارە 3 ساڵی 2009). (بەرکارە). • یاسای مووچە و دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی (ژمارە 13 ساڵی 2010). (هەڵوەشاوە). • یاسای ڕاژە و خانەنشینی كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ ( ژمارە 18 ساڵی 2011) (بەرکارە). لێرەدا تیشک دەخەینە سەر؛ یاسای خانەنشینی یەكگرتوو (ژمارە 27 ساڵی 2006 ) عێراقی فیدراڵ هەمواركراو. کە لە عێراق هەڵوەشاوەتەوە و لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا بەرکارە. بەپێی ڕێنمایی دارایی ژمارە (37)ی ساڵی (2008)ی وەزارەتی دارایی تایبەت بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و هەروەها ماددەی (7)ی یاساکە هاتووە. یەکەم: موچەی خانەنشینی فەرمانبەر لەسەر بنەمای ڕێژەیەکی کەڵەکەبوو ئەژمار دەکرێت بە بڕی (2.5%) لە تێکڕای موچەی وەزیفی لە خزمەتی خانەنشینی کۆتایی بۆ هەر ساڵێکی خزمەت کردنی خانەنشینی بەم جۆرە (موچەی خانەنشینی = تێکڕای موچەکەی x ژمارەی ساڵانی خزمەت x 2.5%) لەم حاڵەتانەی خوارەوە. 1. ئەگەر تەمەنی فەرمانبەر لەکاتی خانەنشینکردندا لە (60) ساڵ کەمتر نەبووخزمەتی لە (25) ساڵ کەمتر نەبێت. 2. ئەگەر تەمەنی فەرمانبەر لەکاتی خانەنشینکردندا لە (55) ساڵ کەمتر نەبێت و خزمەتی کە (30) ساڵ کەمتر نەبێت. 3.ئەگەر فەرمانبەر بە ڕپۆرتی لیژنەی پزیشکی تایبەت خاننشنین بکرێت. 4. ئەگەر فەرمانبەر لەکاتی خزمەت کۆچی دوایی کرد. 5. ئەگەر تەمەنی کارمەندانی هێزەکانی سەربازی هێزەکانی ئاسایش لە بەرواری خانەنشینکردنیاندا لە (50) ساڵی کەمتر نەبێت. دووەم: ئەژمارکردنی موچەی خانەنشینی لەسەر بنەمای ڕێژەیەکی کەڵەکەبوو دەبێت بە ڕێژەی (2%) لە تێکڕای موچەی وەزیفی بۆ هەر ساڵێکی خزمەت بۆ ئەو حاڵەتانەی لەسەرەوە ئاماژەی بۆ نەکراوە. بەم جۆرە (موچەی خانەنشینی = تێکڕای موچەکەی x ژمارەی ساڵانی خزمەت x 2.5%) (بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە دەقی یاساکە). گروپێکی تر لە خانەنشینان ئەوانەن کە (32) ساڵ یان زیاتی خزمەتیان هەیە بە 80% موچەی بنەرەتی خانەنیشین دەکرێت. گروپی چوارەمیش بریتین لە مامۆستایانی زانکۆ، ئەوانەی خزمەتیان 25 ساڵە و تەمەنی یاسایی خۆیان تەواو کردووە، موچەی بنەڕەتیان جارانی دوو دەکرێت، ئێنجا خانەنیشین دەکرین هەر بە پێی دەقە یاساییەکان (نابێت مووچەی خانەنشینی لە ڕێژەی (80%)ی دواین موچەی وەزیفی فەرمانبەر وەریگرتووە زیاتر بێت). - بەپێی یاسا بەرکارەکان، كەمترین رادەی مووچەی خانەنشینی (220) هەزار دینارە، کە بەشی زۆری هێزە ئەمنییەکان بەو ڕێژەیە خانەنیشین دەکرێن، بەڵام ئەوانەی خاوەن بڕوانامە و خزمەت و تەمەنی تەواون، بەشی زۆریان بە موچەی 80% بنەڕەتی خانەنیشین دەبن. ژمارەی خانەنشینیان لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئامارەكان و سیستەمی بایۆمەتری (251 هەزارو 575) كەس بە ڕێژەی (22.4%) موچە خۆران بەناوی خانەنشینی مووچە وەردەگرن كە پێكهاتوون لە خانەنشینانی (فەرمانبەرانی شارستانی، پۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ، كارمەندانی دەزگای گشتی ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش، خانەنشیانی پێشمەرگە، كەم ئەندامی سەنگەر، پلە باڵاكان)، بڕی مووچەی یەك مانگیان زیاتر لە( ١٠٠ ملیار) دینارە. ساڵانە لەهەرێمی کوردستان زیاتر لە (4 - 5) هەزار فەرمانبەر و مامۆستا و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لەهەرێمی کوردستان خانەنشین دەبن و بەپێی ئامارێکیش، لە ماوەی نێوان ساڵی (2014 - 2021)دا نزیکەی (40) هەزار کەس خانەنیشین بوون. ساڵانە لە یەكی تەموزدا دەست بە خانەنشینبوون دەكرێت، بۆ ساڵی (2021) فەرمانبەرانی لەدایكبووی ساڵی 1958 خانەنشین دەكران بۆ ئەمساڵیش لەدایک بوانی ساڵی (1959) خانەنشین دەکرێن. گەڕانەوەی داهات بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان درەو بۆ دەرخستنی ئەو داهاتەی لە بەهۆی خانەنشینی فەرمانبەرانەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی حکومەت دوو نمونەی وەرگرتووە بەم شێوەیە. "وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا ئەوانەی کە (32) ساڵ یان زیاتی خزمەتیان هەیە بە 80% موچەی بنەرەتی خانەنیشین دەکرێت" بەم پێیەش؛ مامۆستایەک کە (43) ساڵ خزمەتی کردووەو خانەنشین بووە کۆی موچەکەی بریتی بووە لە (1 ملیۆن و 970 هەزار) دینار بووە بە (80%) موچە بنەڕەتیەكەی خانەنشین دەكرێت موچەی بنەڕەتییەکەی (1 ملیۆن و 148 هەزار) دینارە بە (918) هەزار دینار خانەنشین کراوە، واتە بڕی (1 ملیۆن و 52 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت. بە هەمان شێوە نمونەی کارمەندێکی وەزارەتی ناوخۆ کە (16) ساڵ خزمەتی هەیەو بڕی (1 ملیۆن و 240) هەزار دینار کۆی موچەکەی بووە لە ئێستادا بە (220) هەزار دینار خانەنشین کراوە، واتە بڕی (1 ملیۆن و 20 هەزار) دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت. بەم پێیەش ئەگەر لەو (40) هەزار فەرمانبەرەی لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون بەتێکڕا یەکی (1) ملیۆن دینار لە موچەکەیان گەڕابێتەوە بۆ سەر داهاتی گشتی دەکاتە (40) ملیار دیناری مانگانەو (480) ملیار دیناری ساڵانە، بۆ هەشت ساڵی ڕابردوو دەکاتە (3 ترلیۆن و 840 ملیار) دینار.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) ھەموو کۆمەڵە ئینسانێک کە بڕیارئەدەن لەپاڵ یەکەدا و بەیەکەوە بژین، کە چەندەھا پەیوەندیی جیاواز و ھەمەجۆر لەگەڵ یەکتریدا دروستدەکەن، کە ژیانیان بە پلە و ڕادەی جیاواز بەیەکتری تێکەڵدەبێت، ئیتر سیاسەت وەک چالاکییکی ئینسانیی بنەڕەتیی، دەبێت بە بەشێکی گرنگی ژیانی ئەو کۆمەڵەیە. بەر لە ھەمووشتێک ئەو کەسانە پێویستیان بە ڕێکخستنی ئەو ژیانە پێکەوەییە ھەیە کە بەیەکەوە دروستیدەکەن. ئەم ڕێکخستنەش پێویستی بە کۆمەڵێک پرنسیپ و بەھا و ڕوانین ھەیە ئاراستەی بکات بۆئەوەی ژیانێکی پێکەوەیی دروستبکات کە بەشداربووان لەسەری ڕێکەوتبن و پێیڕازیبن. لە مانا ھەرە بنەڕەتیەکەیدا سیاسەت بریتییە لە چالاکیی دروستکردن و بەگەڕخستنی سەرجەمی ئەو پرنسیپ و بەھا و ڕوانینانەی ئەو کۆمەڵە کەسە دروستیاندەکەن بۆ ئاراستەکردن و ڕێکخستنی ژیانی پێکەوەییان.. لەڕووی مێژووییەوە گرنگترینی ئەو پرنسیپانەش بریتین لە: دادپەروەریی، یەکسانیی، ڕێز، متمانەکردن بە یەکتریی. ئەم کۆمەڵە پرنسیپەش پرنسیپی گشتیی و گەردونین، تایبەت نین بەم یان بەو میلەت و بەم یان بەو بەشی جیھان. ھەموو کۆمەڵەیەک بۆئەوەی بتوانێت ژیانێکی باشی پێکەوەیی دروستبکات و ئەندامەکانی بەبێ کێشەی گەورە بەیەکەوە بژین، پێویستی بە ڕێکخستنی ئەو ژیانە پێکەوەییە ھەیە، لەپاڵ ئەو پرنسیپانەدا. سیاسەت ئەو چالاکییە ئینسانییە گرنگەیە کە ئەو کاری ڕێکخستنە، لەپاڵ ئەو پرنسیپە سەرەکییانەدا، ئەنجامئەدات. بە مانایەکی دیکە ھەموو کۆمەڵەیەکی ئینسانی پێویستی بە سیستمێکی تایبەتی دەسەڵات ھەیە لەڕێگەیەوە پەیوەندییەکانی ناو ھەناوی خۆی ڕێکبخات، ئەو سیستمەی دەسەڵاتەیش پێویستی بە شەرعیەت و ڕەوایەتیی ھەیە. ئەوەی ئەم ڕەوایەتییە بە دەسەڵات دەبەخشێت، پیادەکردن و ڕێزگرتنی ئەو پرنسیپانەن کە باسمانکردن: پرنسیپەکانی دادپەروەریی و یەکسانیی و ڕێز و متمانەکردن بەیەکتریی. بە کورتییەکەی، لەم ڕوانینەدا سیاسەت ئەو چالاکییە ئامانجادارەیە کە ژیانی گشتیی بەڕێوەدەبات، کەرەستە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دابەشدەکات، یاسا بۆ ململانێکان دادەنێت، ئۆرگانە بیۆکراسیەکان ڕێکدەخات، سیستمی پاداشت و سزای یاسایی دادەڕێژێت، پەیڕەوی یاساکان دەکات و بڕێکی زۆریش لەبەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت. سیاسەت بەم مانایە ئەو چالاکیەیە کە ژیانمان، بە تایبەتی ژیانی پێکەوەییمان، وەک مرۆڤ دروست و ئاراستەدەکات. بیرکردنەوەی عەقڵانیی، توانای قەناعەت ھێنان بەیەکتریی، دیالۆگ و متمانە و کاری پێکەوەیی، ڕەگەزە ھەرەسەرەکییەکانی سیاسیەتن وەک چالاکیی. لەناو سیاسەتدا مرۆڤەکان سیستمێک لە بەھا دروستدەکەن، کە وادەکات، لانیکەم، نەھێڵێت ئەو مرۆڤانە ببین بە دوژمن و ناحەزی یەکتری. سیاسەت خەمخۆریی و مشورخواردنە لەو جیھانەی مرۆڤ تیایدادەژیی، بەتەنگەوەھاتنی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەیە مرۆڤەکان لەناویدا بەیەکەوە دەژین. خۆشویستنی جیھانە بە مانای شوێنی نوکۆیی و ھاوبەشی ھەمووان. بەبێ ئەمانە سیاسەت بە تەواوی لە خۆشەویستیی دادەبڕێت، مشورخواردن و خەمخۆریی تێدانامێنێت، کورتدەبێتەوە بۆ گەمەی بەدەستھێنانی دەسکەوتی تایبەت و خێرا و بەرتەسک. دەگۆڕێت بۆ چالاکیی دروستکردنی ناحەز و دوژمنی بەردەوام. ئەوەی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا، بەر لە ھەمووشتێکی تر، نەخۆشە تێگەیشتنی ھێزە سیاسییەکان و تێگەیشتنی قەبە سیاسییەکانە بۆ خودی سیاسەت خۆی، تێگەیشتنی پارتە باڵادەستەکان و تێگەیشتنی ئەو سیاسییانەیە کە وەک سەرۆک و سەرکردە و ڕابەر و باوکی میلەت دەناسرێن. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوای ڕێکەوتنی نھێنیی و ژێربەژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ گروپەکەی موقتەدای سەدر و سونەکاندا، بە ئاشکرا بینیمان چ دیدێکی وێران بۆ سیاسەتکردن لە ھەرێمدا ئامادەیە. گوێمان لە دەیان سیاسیی و خوێندەوار و ڕۆژنامەنووس بوو، بێ ھیچ شەرمکردنێک، ئەو ڕستە سواو و ترسناکەیان سەدبارە کردەوە کە دەڵێت: ”سیاسەت مانای مەسڵحەت، نەک دۆستایەتی“. ”لە سیاسەتدا دۆستایەتی بەردەوام نییە، بەڵکو مەسڵەحەتی بەردەوام ھەیە.“ ئەمەشیان بە مەبەستی بەخشینی ڕەوایەتی بەو ڕێکەوتنە ژێربەژێرەی پارتی بەکاردەھێنا، لە کاتێکدا پارتی و ھێزە کوردییەکانی تر لیژنەیەکی ھاوبەشیان بۆ دانوسان لەگەڵ ھێزەکانی بەغدادا دروستکردبوو. بەکارھێنانی ئەم ڕستە ترسناکانە وەک ڕەچەتەیەکە بۆ بەرگریکردن لە درۆکردنی بەردەوام، بۆ بەرگریکردن لە فێڵ و تەڵەکە و خەڵەتاندنی ھەمیشەیی، بۆ شکاندنی متمانە، بۆ شاردنەوەی ڕوخساری ساختە و درۆزنانە، بۆ شەرمنەکردنی بێسنوور، بۆ بەزاندنی ھەموو حەرامێکی سیاسیی و ئەخلاقیی. لەم تێگەیشتنە گەمژانە، بەڵام ترسناکەدا بۆ سیاسەت، ئەخلاقیاتی درۆکردن و شەرمنەکردن و ساختەکاریی و تەڵەکەبازیی وەک شارەزایی و لێزانیی سیاسیی مامەڵەدکرێت و بێحورمەتی سیاسیش وەکو حیکمەت نیشانئەدرێت. لە ھەرێمدا بەھێزکردنی پێگەی تایبەتیی چەند گروپ و خێزان و بنەماڵەیەک وەک جەوھەری سیاسەت و ناوەرۆکی کاری سیاسیی، نیشانەئدرێت. گرنگ نییە پاراستن و بەھێزکردنی ئەو پێگانە بە چ شێوەیەک و چۆن دەکرێن. بە تایبەتی لە ڕێگای درۆکردن و دزیکردن و فێڵکردن و شەرمنەکردن و دەرھێنانی ھەموو حەڵاڵ و حەرامێک لە سیاسەتدا. کێشەکە لەوەدایە ئەو دەرەنجامانەی دەشێت لەم یەکسانکردنەوە بەدەستبھێرێن باسناکرێن و بە دەنگی بەرز ناگوترێنەوە. ئاخر ئەگەر سیاسەت مانای درۆ و فێڵ و ساختەکاریی بەردەوام بێت، مانای شەرمنەکردنێکی حەیابەرانە بێت، ڕوبەرێک بێت بۆ بێمتمانەیی و سەدڕوویی، ئەودەم یەکەمین دەرەنجامێک بکرێت لەم تێگەیشتنەوە بۆ سیاسەت بەدەستبھێنرێت ئەمەیە: ئێمە ھێزی سیاسیی و کەسایەتی سیاسیمان نییە، بەڵکو ھێز و کەسایەتی درۆزن و بێشەرم و بێحەیامان ھەیە، کۆمەڵێک دووڕو و ساختەچیی و بێدەربەستی نابەرپرسیارمان، ھەیە.
(درەو): دوای (20) رۆژ لە دەستپێكردنی دابەشكردنی موچەی مانگی 12ی ساڵی (2021)، هێشتا بەشێكی زۆری وەزارەتو دەستەكان موچەیان وەرنەگرتووە، حكومەت دەیەوێت نیشانی بەرپرسانی عێراقی بدات بەبێ پارەكەی بەغداد، موچەی بۆ دابەش ناكرێت. تائێستا حكومەتی هەرێم لەكۆی (900 ملیار) دیناری كۆی خەرجی مانگانەی موچە بڕی (636 ملیار) دیناری وەكو موچەی مانگی (12)ی ساڵی 2021ی دابەشكردووە. لە 25ی مانگی رابردووەوە، كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) دەستی بە دابەشكردنی موچەی مانگی (12) كردووە بەڵام هێشتا دابەشكردنی موچە تەواو نەبووە، ئەمە لەكاتێكدایە دەبێت ئێستا ئامادەكاری بۆ موچەی مانگی 1ی ساڵی 2022 بكات. فارس عیسا نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغداد بەردەوام لێدوان دەداتو دڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی بەغداد (200 ملیار) دینارەكە دەنێرێت، بەڵام بەغداد تائێستا نەیناردووە، حكومەتی هەرێم دابەشكردنی موچەی بەتەواوەتی خاو كردوەتەوە، دەیەوێت نیشانی بەغدادی بدات بەبێ ناردنی (200 ملیار) دینارەكە ناتوانێت موچە دابەش بكات. ئەو وەزارەتو دامەزراوانەی موچەی مانگی 12یان وەرگرتووە • وەزارەتی تەندروستی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (50 ملیار) دینارە • وەزارەتی پێشمەرگە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (133 ملیار) دینارە • وەزارەتی دارایی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (11 ملیار) دینارە • وەزارەتی كاروباری شەهیدان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (855 ملیۆن) دینارە • زیندانییە سیاسییەكان: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانەی (2 ملیار) دینارە • كەسوكاری شەهیدان: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (35 ملیار) دینارە • وەزارەتی ناوخۆ: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (178 ملیار) دینارە • وەزارەتی پەروەردە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (149 ملیار) دینارە • ئەنجومەنی ئاسایشو دەزگای ئاسایش: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (62 ملیار) دینارە • كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (4 ملیار) دینارە • كەمئەندامان: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (12 ملیار) دینار واتە بۆ مانگی 12ی ساڵی 2021، تائێستا لەكۆی خەرجی موچەی هەموو موچەخۆران كە مانگانە بڕەكەی (894 ملیار) دینارە، حكومەتی هەرێم بڕی (636 ملیار) دیناری بۆ موچەی ئەو مانگە خەرجكردووە. ئەو وەزارەتو دەستانەی كە هێشتا موچەی مانگی 12یان وەرنەگرتووە • ئەنجومەنی دادوەری: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم ئەنجومەنە مانگانە (4 ملیار) دینارە • وەزارەتی داد: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (5 ملیار) دینارە • وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (2 ملیار) دینارە • وەزارەتی ئەوقاف: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (8 ملیار) دینارە • وەزارەتی خوێندنی باڵا: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (41 ملیار) دینارە • وەزارەتی شارەوانی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (23 ملیار) دینارە • وەزارەتی گواستنەوە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (4 ملیار) دینارە • وەزارەتی كارەبا: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (18 ملیار) دینارە • وەزارەتی پلاندانان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (808 ملیۆن) دینارە • وەزارەتی كشتوكاڵ: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (9 ملیار) دینارە • مافی مرۆڤ: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (237 ملیۆن) دینارە • دەستەی دەستپاكی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (267 ملیۆن) دینارە • دەستەی وەبەرهێنان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (392 ملیۆن) دینارە • دەستەی ژینگە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (390 ملیۆن) دینارە • دەزگای مین: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەزگایە مانگانە (946 ملیۆن) دینارە • ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم دەستەیە مانگانە (111 ملیۆن) دینارە • دیوانی چاودێری: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (749 ملیۆن) دینارە • كۆمسیۆنی هەڵبژاردن: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (568 ملیۆن) دینارە • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (4 ملیار) دینارە • وەزارەتی رۆشنبیری: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (5 ملیار) دینارە • وەزارەتی بازرگانی: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم وەزارەتە مانگانە (2 ملیار) دینارە • سەرۆكایەتی هەرێم: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم سەرۆكایەتییە مانگانە (ملیارێكو 155 ملیۆن) دینار • سەرۆكایەتی حكومەت: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم سەرۆكایەییە مانگانە (ملیارو 630 ملیۆن) دینارە • سەرۆكایەتی پەرلەمان: كۆی گشتی خەرجی موچەی ئەم سەرۆكایەتییە مانگانە (ملیارێكو 820 ملیۆن) دینارە • خانەنشینی سەربازی و مەدەنی: كۆی گشتی خەرجی موچەی مانگانە (116 ملیار) دینارە ئەو وەزارەتو دەستانەی كە هێشتا موچەی مانگی (12)یان وەرنەگرتووە، تێكڕای خەرجی موچەكەیان بڕی (254 ملیار) دینارە. داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم ئەو داهاتانەی كە ئێستا مانگانە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم بەمشێوەیە: • داهاتی نەوت: 350 ملیۆن دۆلار واتا (520 ملیار) دینار • داهاتی ناوخۆ: (350 ملیار) دینار (ئەم داهاتە گومانی لەسەرەو هەمووی ناگەڕێتەوە) • پارەی هاوپەیمانان: (20 ملیار) دینار • پارەی بەغداد: (200 ملیار) دینار (ئەم پارەیە بۆ مانگی 12 هێشتا نەگەیشتووە) بەم شێوازە لە دابەشكردنی موچە، ئێستا كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)، هەموو رۆژەكانی مانگی تەرخانكردووە بۆ دابەشكردنی موچەو موچەی مانگێك تەواو ناكات، دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگێكی تر دەكات، بەم دۆخەشەوە هێشتا فەرمانبەران ناتوانن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا موچەكانیان وەربگرن. ئەمە لەكاتێكدایە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبونەوەی بەردەوام بەخۆوە دەبینێتو ئێستادا (86) دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێك تێپەڕاندووە، داهاتی ناوخۆو باجو رسوماتیش زۆر زیادی كردووە. كابینەی مەسرور بارزانی چەند مانگێكە لێبڕینی موچەی هەڵگرتووە، بەڵام شێوازی دابەشكردنی موچەی بەجۆرێك رێكخستووەتەوە كە هەمان كاریگەری مانگەكانی لێبڕینی موچەی لەسەر بژێوی موچەخۆران دروستكردووە. دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت قەیرانی موچە بۆ كابینەی مەسرور بارزانی دەبێت بە قەیرانێكی ئەبەدیو چارەسەر ناكرێت، رەنگە دواجار بە كابینەی قەیرانی موچە ناوببرێت.
(درەو): بەرهەم ساڵح تائێستا تاكە كاندیدی فەرمی یەكێتییە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەپاڵ بەرهەم ساڵحدا، لەتیف رەشید ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتیو هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی كارگێڕی یەكێتی، خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردووە، ئەمڕۆ لەتیف رەشید بە (درەو)ی راگەیاند، ئەو لەسەر هیچ حزبێك خۆی بە پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید نەكردووە. تائێستا هیچ یەكێك لە میدیا فەرمییەكانی یەكێتی بەرهەم ساڵحیان وەكو كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نەناساندووە بەشێك لە میدیا فەرمیەكانیشیان وەك هەواڵیش بڵاویان نەكردووەتەوە كە بەرهەم ساڵح خۆی كاندیدكردووە، بەڵام تەلەفزیۆنی كوردسات كە كوڕەكەی لەتیف رەشید بەڕێوەی دەبات، ژیاننامەی لەتیف رەشیدی وەكو كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بڵاوكردوەتەوە، وەك جۆرێك لە ریكلام بۆ لەتیف رەشید هەواڵەكەی داڕشتووە. بەرهەم ساڵح لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوی "ڤیتۆ"ی لەسەر دانراوە، ئەمە یەكێتی توشی كێشە كردووە، بەهۆی سوربونی بافڵ تاڵەبانی لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح، پارتی بەفەرمی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە. بارودۆخەكە بەشێوەیەكە، پێشبینی دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی ساڵی 2018 دەكرێت، كاتێك پارتیو یەكێتی لەسەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار نەگەیشتنە رێككەتنو هەردوولا بە دوو كاندیدەوە چونە بەردەم پەرلەمانی عێراقو بەرهەم ساڵح لە فوئاد حسێنی بردەوە. ئەگەر سیناریۆی 2018 دووبارە ببێتەوە، مەرج نییە ئەمجارەش بەرهەم ساڵح بەسەر كاندیدی مەسعود بارزانیدا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار سەركەوێت، بەتایبەتی لەكاتێكدا كە پارتی رێككەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنو لایەنە سوننەكاندا هەیە.