ئۆپۆزسیۆنی توركیا لەسەر دیاریكردنی ڕكابەرێك بۆ ئەردۆغان ڕێكناكەون
2023-03-03 20:47:39
درەو:
میرال ئەكشنار, سەرۆكی پارتی"باش"ی ئۆپۆزسیۆنی توركیا, كشانەوەی خۆی لە"مێزگردی شەشقۆڵی" ڕاگەیاند, كە گەورەترین گردبونەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەو وڵاتەیە, بەهۆی ناڕازیبونی بەكاندیدكردنی كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بۆ ڕكابەریكردنی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا, ئەوە لەكاتێكدایە, پێنج پارتەكەی تری ئۆپۆزسیۆن ڕەزامەندییان پیشانداوە لەسەر ئەوەی كاندیدەكەیان, سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری بێت.
ئەمڕۆ هەینی, میرال ئەكشنار سەرۆكی پارتی "باش"ی ئۆپۆزسیۆن, كاندیدكردنی كەمال قلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری وەك كاندیدی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەتوركیا ڕەتكردەوەو, وتی: لەئێستا بەدواوە مێزگردی شەشقۆڵی نوێنەرایەتی ئیرادەی گەل ناكات.
ئەكشنار ئاماژەی بەوەدا: پارتەكەی كەوتووەتە نێوان دووبەرداشەوەو, ناچارە لەنێوان مردن و مەلاریادا یەكێكیان هەڵبژێرن.
ئەكشنار, پشتیوانی خۆی و پارتەكەی بۆ كاندیدكردنی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبوڵ یاخود, مەنسور یافاش سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرە دووپاتكردەوە.
وەڵامی ئۆغلۆو هەڵوێستی دوو سەرۆك شارەوانییەكە
كەمال قلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری, لەوەڵامێكی كورتدا بۆ ئەكشنار بەڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند:"نیگەران مەبن هەموو بەردەكان لەجێگای خۆیان دادەنرێن و بەردەوامدەبین لەڕێگاكەمان".
ئەكرم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبوڵ, كە ئەكشنار داوای كاندیدكردنی دەكات لەجێی قڵیچدار ئۆغۆڵۆ, بەیانی ئەمڕۆ لەلێدوانێكدا بۆ كەناڵی"هاڵك"ی توركی, جەختیكرد كە ئەو كاندید نییە بۆ سەرۆكایەتی و, هەموو ئەندامانی پارتی گەلی كۆماری, سەرۆكی پارتەكەیان(قڵیچدار ئۆغلۆ)یان كاندیدكردووە.
پێشتریش میدیاكانی توركیا ڕایگەیاند: ئیمام ئۆغلۆو یافاش سەرۆكی شارەوانی ئەنكەرە, ناوی لەنێو ئەو (11) سەرۆك شارەوانییە گەورەیەدایە, كە واژووی پشتیوانی بۆ كاندیدكردنی كەمال قلیچدار ئۆغلۆ كردووە.
ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆو مەنسور یافاش, هەردووكیان ئەندامی پارتی گەلی كۆمارین و لەچەندین بۆنەی جیاوازدا پشتیوانی خۆیان بۆ كاندیدكردنی قڵیچدار ئۆغلۆ دووپاتكردووەتەوە, پێداگری ئەكشنار لەسەر كاندیدكردنی یەكێكیان لەجێی سەرۆكی پارتەكەیان, كێشەی گەورە بۆ پارتی گەلی كۆماری و بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش دروستدەكات.
نیمچە كۆدەنگی هەیە
دوێنێ پێنج شەممە"مێزگردی شەشقۆڵی" كە گەورەترین گردبونەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیایە كە دژایەتیكردنی ئەردۆغان كۆیكردوونەتەوەو پێكدێن لە:( پارتی گەلی كۆماری بەسەرۆكایەتی كەمال قلیچدار ئۆغلۆ, پارتی باش بەسەرۆكایەتی میرال ئەكشنار, پارتی دەوا بەسەرۆكایەتی عەلی باباجان , پارتی ئایندە بەسەرۆكایەتی ئەحمەد داود ئۆغلۆ, پارتی دیموكراتی بەسەرۆكایەتی گۆلتەكین ئویساڵ) كۆبوەوە, بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ ڕكابەریكردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا, كە بڕیارە ڕۆژی (14) ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت, بەڵام بەهۆی ڕێكنەكەوتنیان, ڕاگەیاندنی ناوی كاندیدەكە بۆ رۆژی دووشممەی داهاتوو داواخرا.
بەگوێرەی میدیاكانی نزیك لەپارتی گەلی كۆماری, دواخستنی ڕاگەیاندنی ناوی كاندیدەكەی ئۆپۆزسیۆن لەسەر داوای میرال ئەكشنار بووە, كە داوای كردووە كاتی پێبدرێت بۆ ڕاوێژكردن لەگەڵ سەركردەكانی پارتەكەی, بەوپێەی ناكۆكییان هەیە لەبارەی كاندیدكردنی قلیچدار ئۆغلۆ, ئەوەش دیمەنە سیاسییەكەی تووشی شپرزەیی كرد.
لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا لەبارەی كاندیدكردنی كەمال قڵیچدار ئۆغلۆ بۆ ڕكابەریكردنی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا گەیشتوونەتە نیمچە كۆدەنگی, لەبەیاننامە هاوبەشەكەشیاندا دوای كۆبونەوەكەی ڕۆژی پێنج شەممە, كەلە بارەگای پارتی سەعادەت لەئەنكەرە بەڕێوەچوو, ئاماژەیان بەوەكرد كە گەیشتونەتە لێكگەیشتن لەبارەی كاندیدێكی هاوبەش و دانانی نەخشە ڕێگایەك بۆ قۆناغی ئایندە, كە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (6) ئازار, لەگەڵ ناوی كاندیدەكەیان ڕایدەگەیەنن.
ئەردۆغان ئامادەیە
دوابەدوای بومەلەرزەكەی توركیا, پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە داوایانكرد هەڵبژاردن دوانەخرێت و لەوادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت, پێیانوایە زۆری زیانە گیانی و مادییەكان و ئەو ڕەخنانەی ڕوبەڕوی حكومەتی دادو گەشەپێدان دەكرێتەوە, كاریگەری دیاری لەسەر دەنگدەران دەبێت و پارتی دادو گەشەپێدان دووچاری شكستی گەورە دەبێت.
لەبەرامبەردا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان, سەرۆك كۆماری توركیا لەتازەترین لێدوانیدا ڕاگەیاند, هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیی لەوادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.
ئەوە لەكاتێكدایە, بڕیاری كۆتایی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەتوركیا لەدەستی لیژنەی باڵای هەڵبژاردندایە, كە چەند ڕۆژێك پێش ئێستا تیمێكی ڕەوانەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان كردووە, بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك لەبارەی توانای ئەنجامدانی هەڵبژاردن تیایاندا.
بەپێی خەمڵاندنەكانی حكومەتی توركیا, ئەو ناوچانەی بەهۆی بولەمەرزەكانەوە زیان پێگەیشتووە, نزیكەی (8) ملیۆن دەنگدەری تیادایە, كە نزیكەی (3.5) ملیۆن هاوڵاتی لێقەوماو ناوچەكانیان جێهێشتووە, بەتایبەت لەهەردوو ولایەتی هاتای و ئادی یامان, كە نزیكەی یەك لەسەرسێی دانیشتوانەكەی چۆڵیان كردووە.
بەگوێرەی دەستوری توركیا, ناكرێت هەڵبژاردن هەڵبوەشێتەوە یاخود دوابخرێت, تەنها لەحاڵەتی جەنگدا نەبێت, ماوەی خولی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئێستاش لەمانگی حوزەیراندا تەواودەبێت, بۆیە پێویستە پێش تەواوبونی, هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.