زیندانەکانی هەرێم: ڕووبەرێک بۆ لە مرۆڤخستنی مرۆڤ.

Draw Media

2023-03-05 14:10:31



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

هەفتەی پێشو باوکی گەنجێکی زیندانیکراو لەبەردەم کامێرا و مایکرۆفۆنی چەندان میدیای جیاوازدا لە بەردەرگای دادگای هەولێردا بەسەرهاتی چۆنیەتی مامەلەکردنی بەربەریانەی کوڕەکەی لە زیندانێک لە زیندانەکانی هەرێمدا گێڕایەوە. ئەو باوکە وردەکارییەکانی ئەو سزادانە چەستەییە نائینسانیی و دڕندانەی باسکرد کە بەرامبەر بە کوڕەکەی ئەنجامدراوە، لەناویاندا لە کارەبادان، هەڵئاوساندنی هێلکەگونەکانی،  هەڵواسین بە پانکە و لەیەکترازاندنی شانی، لە هەمووشی کارەساتتر و ناشیرینتر کردنی بوتڵی بیبیسی بە کۆمیدا. چەند ساڵێک لەموبەر گەنجێکی تر کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتییدا گیرابوو، بەسەرهاتی دەستدرێژیکردنی سێکسیی و لاقەکردنی خۆی لە زیندانی پاراستندا گێرایەوە. 
ئەم جۆرە هەواڵە کەمانە کە خاوەن و کەسە نزیکەکانیان بوێری ئەوەیان هەیە باسیانبکەن و بیانگەیەننە گوێی ئێمە و گوێی جیهان، حیکایەتی یەکێک لە زیندانە هەرە ناشیرینەکانی جیهانمان بۆ دەگێرنەوە، زیندانێک تیایدا هەموو شتێک کەوتوە، هەم یاسا و هەم ئەخلاق و هەم ئەو لایەنە لە ئینسانیەت کە مرۆڤ لە ئاژەڵە دڕندەکان جیادەکاتەوە. ئەم شێوازە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی زیندانییەکان مۆدێڵی خراپترین و ستەمگەرترین سیستمە سیاسییەکانی جیهانمان بیردەخەنەوە. 

هەموو شتێک لەم مۆدێلەدا لە زیندان نائینسانیی و تاوانبارانە و مافییایانەیە. ئەوەی بە پلەی یەکەم نائامادەیە تەنها ئەو یاسایانە نییە کە لانی هەرە کەمی ماف و لانی هەرەکەمی ئینسانبوونی بەندییەکان دەپارێزێت، بەڵکو ئەو لانیکەمی ئەخلاق و کەرامەتەشە کە ڕێگا لەوەدەگرێت مرۆڤ بگۆڕێت بۆ ئاژەڵێکی دڕندە، ببێت بە گۆرێلایەکی بێویژدان. جۆری ئەو سزا جەستەییانە کە ئامادەن مەگەر تەنها لە زیندانەکانی بەعس و زیندانی هێزە هەرە تاریکەکانی مێژوودا بوونی هەبووبێت.

چ شورەییەکی گەورەیە میلەتێک سەدەیەک خەباتی بۆ ئازادیی و بۆ مافە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ کردبێت، کەچی حوکمڕانەکانیان لە ماوەی سەدەیە حوکمرانیدا، ئەم جۆرە زیندانەیان بۆ هاوڵاتییەکانیان، دروستکردبێت. ئەم شێوازە لە مامەلەکردنی مرۆڤیان سەروەرکردبێت. هەر سیستمێکی سیاسیی خاوەنی ئەو جۆرە زیندانە بێت بە کردەوە لەوە کەوتوە خاونی لانی هەرەکەمی هیچ جۆرە شەرعیەتێک بێت.  ئەم مۆدێلە لە زیندان شەرعیەت لە هەموو فۆرمەکانی دەسەڵات لەو وڵاتەدا دەسێنێتەوە کە تیایاندا ئامادەیە و حوکمڕانەکانیشی بۆ ئاستی تاوانبارە گەورەکانی ئەم سەردەمە بەرزدەکاتەوە. 

ئەو هەواڵ و بەسەرهاتە کەمانەی سەبارەت بەم زیندانانە لە هەرێمدا دەگات بە گوێمان، خواستی دەسکاریکردن و سەرلەنوێ دارشتنەوەی ئەم سیستمە لە وڵاتەکەدا دەکاتە خواستێک کە قابیلی دواخستن و پشتگوێخستن نییە. ئەو زانیارییە کەمانەی کە ئاشکرا دەبن وادەکەن ڕیفۆرمکردنی زیندانەکان ببێت بە ئەرکێک کە قابیلی دواخستن نییە. بەڵام کردەی ریفۆرم لێرەشدا بەبێ دسکاریکردن و گۆڕینی سیستمە سیاسییەکە مەحاڵە.  
ئێمە لەبەردەم مۆدێلێک لە حوکمرانیداین کە ناتوانێت بەبێ زیندان بژیی و هەناسەبدات. زیندان، یان هەڕەشە بە زیندان و لەوێشەوە هەڕەشە بە ئەشکەنجەدانی جەستەیی، لە تەکنیکە سەرەتاییەکانی حوکمڕانییە لە هەرێمدا، بەتایبەتی تەکنیکی مامەڵەکردنی هەموو ئەوانەی کە تۆمەتی سیاسیی و تۆمەتی تێکدانی ئاسایشیان بدرێتەپاڵ. زیندان یەکێکە لە دەزگا سەرەکییەکانی ئەم حوکمرانییە سوڵتانییە، بەڵام زیندانێک لەو شێوەیەدا کە هەفتە رابوردوو بوێری ئاشکرا و بەرچوی باوکێک بڕێک لە ئاکار و سیفەتە سەرەکییەکانی ئاشکراکرد. 


زیندان لە جەوهەری خۆیدا وەک دەزگایەک لە دەزگا سەرەکییەکانی ناو دونیای مۆدێرن دەزگایەکی سەرکوتکەر و چەوسێنەرە، بەڵام مێژوو سێ سەدەی رابوردو مێژووی هەوڵدانی بەردەوامی ریفۆرمکردنی ئەم دەزگایە و کۆششی بەئینسانیکردنیەتی. بەرگیرکردن لە مافەکانی زینداینکراو وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف، بەرگریکردن لە کەرامەتیی، یەکێکە لەو هەوڵە سەرەکییانەی کە ریفۆرمخوازەکانی بواری یاسا و بواری دەزگاکان، هەوڵی بەردەوامیان تێداداوە. لەم رووەوە کارەکانی فەیلەسوفی فەرەنسیی میشێل فوکۆ یەکێکە لە کارە هەرە گرنگەکانی ئەم بوارە. فوکۆ زیندان وەک دەزگایەکی سەرکوتکەر دەبینێت و مامەڵەدەکات، ئەگەرچی جاکسازیی و ریفۆرمی جیاوازیشی تێدابکرێت. زیندان وەک زیندان، دەزگایەکی سەرکوتکەر و دیسپلینکەرە. بەڵام ئەم ڕاستییە ڕێی لەوە نەگرتوە خودی ئەم فەیلەسوفە بەرگریی لە مافی زیندانیەکان وەک مرۆڤ لەناو  زیندانەکاندا بکات و لە چەندان خۆپیشاندان و نارەزایی دەربڕیندا بەشدارببێت بۆ پیادەکردنی جاکسازیی لە زیندانەکانی فەرەنسادا، تا ئەو شوێنەی لەگەڵ هەندێک خۆپیشاندەرانی بەردەمی یەکێک لە زیندانەکاندا بگیرێت  و ماوەیەک دەستبەسەربێت. 
لە دوای قسەکانی ئەو باوکە و لە دوای قسەکانی ئەو گەنجەشەوە کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا گیراوە و لە زینداندا لاقەکراوە، تەنها یەک ئەگەر لەبەردەم کۆمەڵگای ئێمەدا لە ئارادایە، ئەگەری قبووڵنەکردنی ئەم شێوازە لە زیندان وەک دەزگا و ئەو هەلومەرجە وەحشیانەی لەناو ئەو زیندانەدا سەروەرکراون. بەرپرسکردنی ئەو کەس و هەز و لایەنانەی ئەم دۆخەیان دروست و سەروەرکردوە. لەمەشدا ئەرکی ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ یاسا و سزادان و زینداندایە و لەڕووی پیشەییەوە بەم شتانەوە پەیوەستن، مەبەستم داوەرەکان و پارێزەران و یاساناسانە، لە پێش هەموو ئەوانیترەوەیە. دوای ئەوان یان تەریب بەوان ئەرکی هەموو ئەو ڕێکخراو و گروپ و لایەنانەشە کە لە خەمی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتی ئینسان لە دونیای ئێمەدان. ئینجا ئەرکی گشتێتی کۆمەڵگای ئێمەیە کە پێویستە رازینەبێت و نەیەوێت ئەو جۆرە لە دەزگا و ئەو فۆرمە لە زیندان و ئەو شێوازە لە مامەڵەکردنی زیندانیان لەناویدا بوونی هەبێت. ڕیفۆرمکردنی زیندان لە دونیای ئێمەدا بەگژاچوونەوە بەو وێنەیەیە کە دەسەڵاتداران لەم ولاتەدا بۆ مرۆڤیان دروستکردوە، وەێنەی مرۆڤ وەک ڕەعیەتێکی بێئیرادە و بێماف و بەکەرامەت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand