Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   زۆرینەی ھەرەزۆری ئەوانەی لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا بەگژ بۆچوونەکانی دوکتۆر عەبدولواحیدی باگخوازدا چوونەوە، تەنھا لەسەر ئەو بەشەی قسەکانی وەستان کە دەیگوت ”مەکە لە کوردستان پیرۆزترە“. تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم کەس لەسەر ئەو بەشەی تری قسەکانی نەوەستا کە ئیھانەکردن و سوکایەتییەکی بەرچاو و گەورەیە نەک تەنھا بە بڕێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان، لە ڕاستیدا بە ھەموو ئەوانەی لە ھەرێمدا لەم پزیشکە ناچن، بەڵکو بە بەشێکی گەورەی دانیشتوانی سەر ئەم ئەستێرەیە. دوکتۆر عەبدولواحید لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا بە ئاشکرا و بە حەماسەتێکی گەورەوە دەڵێت: ”ئێمە یەک شتمان ھەیە کە شانازی پێوەبکەین دینەکەمانە، دینەکەشمان نەما ئەبین بە جۆرێک لەو ئاژەڵ و حەیوانانەی کە ئێستاکە ئەلەوەڕێن. ھیچمان لەو حەیوانانە زیاتر نییە“.  بێگومان ئەم گرێدانی نەبوونی دینە بە حەیوانکردنی مرۆڤەوە، ئەم لە ئینسانخستنەی ئینسانی نادینیی، تەنھا ڕا و بۆچوونی ئەو پزیشکە بانگخوازە نییە، بەڵکو ڕای زۆرێک لە ھێز و کەسایەتییە دینییە سیاسییەکانیشە، ڕای ئەو دیندارانەشە کە خۆیان بە نوێنەری خودا و نوێنەری زۆرینەی کۆمەڵگا و نوێنەریی ئەخلاق و نوێنەری دین و نوێنەری دینداران، دەزانن. ڕای نەوەیەکی دینیشە وا فێرکراوە لە دەرەوەی دیندا نە ئەخلاق ھەیە، نە ئینسانیەت، نە فیکر و بیرکردنەوەیەکی مانادار، نە ویژدان و نە ئینسانیەت. کەسانێکی زۆر لە شێوەی ئەم پزیشکە بانگخوازە ھەن، دەرەوەی دین وەک سەرزەمینی بەدڕەوشتیی و حەیوانیەت و تەعەدا و کوشتن و بڕین دەبینن و وێنادەکەن، وەک سەرزەمینی دابڕان لە ئەخلاق و ڕێز و ھاودەردەیی و ھاوسێیەتی، دابڕاویش لە ھەر فۆرمێک لە فۆرمەکانی بەرپرسیاریەت و ھەر ویژدانێک لانی ھەرەکەمی خەمخۆریی و ھاودەمی تێدابێت.  کورتکردنەوەی ئینسانبوون بۆ ئینسانیی دینیی و وێناکردنی ئینسانیی نادینیی وەک ئاژەڵ، دیدێکە لای زۆرێک بەخەستیی ھەیە و ئامادەیە.  بە ئاژەڵکردنی ھەموو ئەوانەی باوەڕیان بە تێگەیشتنی ئەم بانگخوازە بۆ دین نییە، ئیھانە و سوکایەتیکردنێکی کەموێنەیە بە زۆرینەی ھەرەزۆری مرۆڤەکانی جیھان، جۆرێکی ترسانکیشە لە دینداریی لەسەر سەندنەوەی مرۆڤبوون لە ھەموو ئەو کەسانە کاردەکات کە لە خۆی ناچن. ئەم بەئاژەڵکردنی ئەوانەی کە تێگەیشتنی ئەویان بۆ دین، واتە بۆ ئیسلام، نییە، ھەم زۆرینەی کۆمەڵگای کوردیی و ھەم زۆرینەی مرۆڤایەتیی دەگرێتەوە. لەو حەوت ملیار مرۆڤەی لە جیھاندا دەژین، تەنھا سێ ملیار مرۆڤ ھەڵگری دینە یەکخوداییەکانی وەک مەسیحیەت و ئیسلام و جولەکەن. ئەوانیتریان، یان بێدینن یان دینێکیان ھەیە زیاد لە خودایەکی تێدایە. ژمارەی ئەوانەش کە دەشێت بە موسڵمان ناوببرێن دەوروبەری ملیار و نێوێکە، لەم ملیارو نیوەش تەنھا کەمینەیەکی ھێجگار کەم ھەڵگری ئەو ڕوانینە دینییە ترسناکەی دوکتۆر عەبدولواحیدن بۆ دین. بەمانایەکی تر بە ئاژەڵ و حەیوانکردنی زۆرینەی ھەرەزۆری مرۆڤایەتیی و زۆرینەی ھەرەزۆری ئەو موسڵمانانەی وەک ئەم عەبدولواحیدە بیرناکانەوە، سوکایەتییەکە پێویستی بە لێپرسینەوە و بەرپرسایرکردن ھەیە. ھاوکات ھێما بۆ جۆرێک لە نارسیزمی دینیی دەکات کە دەشێت وەک ژێرخانی سایکۆلۆژی فاشیزم کاربکات.  پرسیاری سەرەکیی لێرەدا ئەمەیە: ئایا ڕاستە دەرەوەی دین سەرزەمینیی نەمانی ئەخلاق و شوێنی بە ئاژەڵبوونی مرۆڤە؟ ئایا ڕاستە لە دەرەوەی دیندا مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەکەوێت و دەبێت بە حەیوان؟  بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە با سەیرێکی خێرای ھەندێک لە دەسکەوتە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی دونیای تازە بکەین کە زۆربەیان لە دەرەوەی دین و لە ھەندێک دۆخیشدا لە ململانێدا دژ بە دین، دروستبوون.  یەکەم: پێداگرتن لەسەر بیرۆکەی یەکسانیی نێوان مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا. بیرۆکەی یەکسانی نێوان مۆرڤەکان، ڕەش و سپی، دەوڵەمەند و ھەژار، دیندار و بێدین، نێر و مێ، کە وادەکات لە سەدەی نۆزدەھەمدا کۆتایی بە کۆیلەکردنی مرۆڤ بھێنێت، بیرۆکەی ئەوەیش کە ھەموومان ھاوڵاتین و ھەمان ماف و ھەمان بەرپرسیارێتیمان ھەیە، بە دیندار و بێدین و ھەژار و دەوڵەمەند و گەورە و بچووک و دەسەڵاتدار و خەڵکی ئاساییەوە، بیرۆکەیەکی نوێیە و لەناو دینەکانەوە نەھاتوە. بەڵکو، لە زۆرسەرەوە، لە ڕێگای ململانێکردن و بەگژاچوونەوەی وێنە دینییەکەی مرۆڤەوە ھاتوە، کە وێنەیەکە لەناوخۆیدا پڕە لە جیاوازیی و ھەڵاوێردنی ھەمەجۆرە، پڕە لە نایەکسانیی و نرخاندنی جیاواز. لە فیکری دینیدا، لەناو ھەموو دینەکاندا، مرۆڤی دیندار و مرۆڤی بێدین بەیەکتری یەکسان نین، لە کوێدا دینێک زۆرایەتی بێت لەوێدا کەمینە دینییەکانی بە چەندان شێوەی جیاواز، ئینسانبوونییان بە کەمتر و پێگەکەیان بە نزمتر دادەنێت. ئەوە جگە لەوەی ئەو مرۆڤە دینیانە ئەسڵەن قبووڵناکرێن کە خاوەنی دینی یەکخودایی نین.  دووھەم: بیرۆکەی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازایی بیرکردنەوە و ئازادیی ویژدان، دژ بە سانسۆری دین و سانسۆری سیاسەت و  سانسۆری دەوڵەت، ڕێگەگرتن لە سزادان لەسەر ڕا و بۆچوونی تایبەت، با ئەو ڕا و بۆچوونەش لەگەڵ ڕا و بۆچونی زۆرینەی دینیی و سیاسیی و ئەخلاقیی کۆمەڵگادا یەکنەگرێتەوە، یان تەنانەت دژیشی بێت، دەسکەوتێکی تری مرۆڤایەتییە کە لەدەرەوەی دین و دژە بە دەسەڵتی دینیی ھاتۆتەکایەوە. لێرەدا مرۆڤ نەک تەنھا ئازادە کە دینی ھەبێت، بەڵکو ئازادیشە لە جۆری ئەو دینداریەدا کە ھەڵگریەتیی، بەڵام بێگومان لە سنووری ڕێزگرتن لە ئازادیی کەسانیتردا کە وەک خۆی نین و وەک ئەو ناژین و بیرناکەنەوە.  سێھەم: بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتیی و لە ”مافی دیلەکانی جەنگ“، دیسانەوە دەسکەوتێکی گرنگیی مرۆڤە لە دەرەوەی دین و دەسەڵاتی دینیدا. بۆ نموونە چەسپاندنی ئەم مافە مانای کۆتاییھێنان بە چەمکی ”غەنیمە“ و بە چەمکی بە ”سەبی“ و ”سەبایا“کردنی دیلەکانی جەنگ. یان بەکارھێنانیان وەک کۆیلەی سێکسیی. چوارەھەم: داھێنانی بیرۆکەی دەستور و لەیەکتر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دۆزینەوەی میکانیزم بۆ چاودێریکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانن، ئینجا دەستگۆڕکێی دەسەڵات بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە گەندەڵبوونی، ھەموویان بەشێکن لە فیکری سیاسیی مۆدێرن کە ئەمیش لە دەرەوەی دیندا بەرھەمھاتوە. پێنجەم: ییرۆکەی ”پەیمانی کۆمەڵایەتیی“ کە تیایدا کۆمەڵگا لەسەر ھێڵە گشتیی و ھاوبەشەکانی ژیانی پێکەوەییان ڕێکدەکەون، بۆئەوەی ژیانێکی ھێمن و ڕێزدار دروستبکەن، دیسانەوە بیرۆکەیەکی مۆدێرنی نادینییە و لە دەرەوەی دیندا دروستبووە. شەشەم: لە دایکبوونی زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان، کە ئەمانیش لە دەرەوەی دیندا دروستبوون ھەندێکجار لە ڕەخنەکردنی دینەوە سەرچاوەیان گرتوە. ئەم زانستانە، بۆ نموونە، لە ھەوڵی ئەوەدان، بیرۆکەی دین و بیرۆکەی خودا خۆیشی لە دەستی کەسانی وەک دکتۆر عەبدولواحید ھاوشێوەکانی ڕزگاربکەن.  بێگومان دەکرێت بەردەوامبین و نموونەی دەیەھا دەزگا و کایەی زانستیی و ئەخلاقیی نوێ باسبکەین، کە ھەموویان لە دەرەوەی دیندادروستبوون و بەشێکن لە شوناسی دونیا و ئینسانی مۆدێرن. ئەوەی ئەم دکتۆر عەبدولواحیدە لەسەر کۆی ئەم شتانە ئەیڵێت، تەعبیرە لە دووشت: یەکەمیان نەزانین و جەھلێکی ترسناک. دووھەمیان نارسیزم و خۆخوشویستنێکی ترسناکتر.   ئێستا ئەگەر بکرێت ئەم پیاوە لەسەر ئەم سوکایەتییە گەورەیە ڕووبەڕووی دادگا و لێپرسینەوە بکرێتەوە، ئەوکاتە تاقە شتێک ھاریکاری بێت بۆئەوەی بەرگریی لە خۆی بکات، پرنسیپی مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ویژدانە، کە ھەردووکیان دوو دەستکەوتی ئینسانیی گرنگیی ئەم چەند سەدەیەی دواییترن و لە دەرەوەی دین و دۆخی بەگژاچوونەوە و خەباتکردن دژ بە دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینییدا دروستبوون و ھاتونەتەکایەوە.  


درەو:   لەدوای ساڵی (2003)ەوە، کەرتی گشتی پیشەسازی لە عێراق ڕووی لە پاشەکشەیەو لە کۆی (466) کارگەی حکومی (312) کارگەیان بە ڕێژەی (67%) لە کارکردن بەردەوامن و (154) کارگەیان بە ڕێژەی (33%) کارناکەن و هیچ بەرهەمێکی پیشەسازییان نیە. لە کاتێکدا خەرجی گشتی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2021)  زیاتر لە (7 ترلیۆن و 18 ملیار) دینار بووە، لەو بڕەش تەنها نزیکەی (780 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (11%) لە بواری وەبەرهێنان لە کەرتی گشتی پیشەسازی بە خەرج دراوە. یەکەم؛ ژمارەو ڕێژەی کارگە پیشەسازییەکانی کەرتی گشتی لە عێراق بەشێوەیەکی گشتی کەرتی پیشەسازی ڕەگەزێکی گرنگ و پایەیەکی بنەڕەتی ئابوری هەر دەوڵەتێکە، زۆرینەی وڵاتن بۆ بەهێزکردنی ئابورییەکەیان پشت بە کەرتی پیشەسازی دەبەستن تەنانەت ئەگەر کەرەستەی خاویش لە ناوخۆی وڵاتدا بەردەست نەبێت و لە دەرەوەی خۆیان هاوردەی بکەن.  بە پێی داتاکان (لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی) نزیکەی (18 هەزار) پرۆژەی پیشەسازی لە عێراق بە هۆکاری جۆراو جۆر لە کارکردن وەستاون و هیچ بەرهەمێکیان نیە، لە کاتێکدا پێش ساڵی (2003) کەرتی پیشەسازی لە عێراق (23%) کۆی گشتی قەبارەی بەرهەمی ناوخۆیی پێکهێناوە . لەدوای ساڵی (2003)ەوە، کەرتی گشتی پیشەسازی لە عێراق ڕووی لە پاشەکشەیەو لە کۆی (466) کارگەو کارخانەی حکومی لە سەرجەم کەرتەکانی (میکانیک، کارەبا، کەرەستە کیمیاییەکان، پەین، بیناسازی، خۆراک و دەرمان و جل و بەرگ)، (312) کارگەیان بە ڕێژەی (67%) لە کارکردن بەردەوامن و (154) کارگەیان بە ڕێژەی (33%) کارناکەن و هیچ بەرهەمێکی پیشەسازییان نیە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1)) خشتەو چارتی ژمارە (1) ژمارەو ڕێژەی کارگە پیشەسازییەکانی کەرتی گشتی لە عێراق دووەم؛ پاڵپشتی دارایی حکومەتی عێراق بۆ کەرتی گشتی پیشەسازی (2015 – 2021) بەپێی یاساکانی بودجەی گشتی عێراق لە ساڵەکانی (2015، 2016، 2017، 2018، 2019، 2021)، بودجەیەکی پێشومار بۆ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق تەرخان کراوە، بە جۆرێک بۆ هەردوو بودجەی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) بەپێی یاساکان بەبێ ساڵی (2020) بریتی بووە لە بڕی (6 ترلیۆن و 364 ملیار و 972 ملیۆن و 909 هەزار) دینار. لە کاتێکدا خەرجی و مەسروفاتی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق لە ماوەی ساڵانی (2015 - 2021)  بەهەردوو جۆری خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان) بریتی بووە لە (7 ترلیۆن و 18 ملیار و 504 ملیۆن و 211 هەزار) دینار، لەو بڕەش (6 ترلیۆن و 238 ملیار و 743 ملیۆن و 180 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (89%) چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن و تەنها بڕی (779 ملیار و 761 ملیۆن و 31 هەزار) دیناری بە ڕێژەی (11%) لە بواری وەبەرهێنان لە کەرتی گشتی پیشەسازی بە خەرج دراوە. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) پاڵپشتی دارایی حکومەتی عێراق بۆ کەرتی گشتی پیشەسازی (2015 – 2021) سەرچاوە؛ د.دعاء فلاح رزاق، عدد المصانع المتوقفة والعاملة في العراق و التخصيصات المالية، للوزارة الصناعة و المعادن في الموازنة العامة للسنوات (2015 - 2021)، مجلس النواب، دائرة البحوث، قسم البحوث والدراسات النيابية، مارس 2022.  


(درەو): "لەكاتی گەڕانەوەمدا لە هەولێر دوای دیدارەكەم لەگەڵ بارزانی، ویستیان فڕۆكەكەم بخەنەخوارەوە‌و بمكوژن" بافڵ تاڵەبانی بەمشێوەیە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم قسەی كردووە.  بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو كۆبونەوەكە دەست (درەو) كەوتووە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی هەڕەشەی كشانەوەی كردووە لە حكومەت، ئەگەر كێشەی خۆڵ‌و خاشاك و دەرماڵەو نەخۆشخانەكانی سنوری سلێمانی چارەسەر نەكرێت، باسی لەوەكردووە چەند مانگێكە یەكێتی لەبری حكومەت خەرجی ئەو بوارانە دابین دەكات.  (درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم كەسی یەكەمی حزبەكان‌و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان باسی دواین دیداری خۆی لەگەڵ بارزانی كردووە كە رۆژی 4ی ئەم مانگە لە پیرمام بەڕێوەچوو، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە" ئەوە دیداری نێوان سەرۆكی یەكێتیی‌و سەرۆكی هەموو كورد بووە، چونكە ئەو بارزانی بە سەرۆكی هەموو كورد دادەنێت". سەرباری ستایشكردنی بارزانی، بافڵ تاڵەبانی نیگەرانی خۆی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی‌و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان‌و سەرۆكی حزبەكان گەیاندووە‌و باسی لەوەكردووە" دوای دیدارەكەی لەگەڵ بارزانی، لەكاتی گەڕانەوەیدا لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی، كەسێكی جاش بە چەكی قەناس چاودێری هێلیكۆپتەرەكەی كردووە‌و ویستویەتی فڕۆكەكەی بخاتەخوارەوە‌و بیكوژێت". ئەم قسە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم‌و جێگری سەرۆكی پارتی توڕەكردووە‌و داوای لە بافڵ تاڵەبانی كردووە ناوی ئەو كەسەی پێبدات كە هەوڵیداوە تەقە لە فڕۆكەكەی بكات، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی لەسەر پارچە كاغەزێك ناوی كەسەكەی بۆ نێچیرڤان بارزانی نوسیوە.  ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لە كۆبونەوەكەدا‌و لەبەرچاوی جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان، سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی نیگەران كردووە، هەریەكە لە سەلاحەدین محەمەد بەهادین‌و عەلی باپیرو محەمەد حاجی مەحمود وتویانە دەبوو ناكۆكی پارتی‌و یەكێتی لەم كۆبونەوەیەدا قسەی لەسەر نەكرایە‌و پێشتر یەكلابكرایەتەوە.  نیگەرانییەكان لە ناكۆكی نێوان پارتی‌و یەكێتی گەیشتوەتە ئاستێك، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، خاتوو جینین پلاسخارت لە كۆبونەوەكەدا رایگەیاندووە" من چیتر بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی تری لایەنە سیاسییەكانی هەرێم ناكەم كە بەمشێوەیە بەبێ ئەنجام كۆتایی بێت"، بەڵام نێچیرڤان بارزانی داوای لە پلاسخارت كردووە كۆبونەوەكان بەجێنەهێڵێت، پلاسخارت بەمەرجی ئەوەی لە كۆبونەوەی مانگی ئەیلولی داهاتوودا رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكرێت‌و هەموو كێشەكان یەكلابكرێتەوە، ئامادەیی نیشانداوە بەشداری كۆبونەوەی داهاتووی لایەنەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم بكات. 


  (درەو): كۆبونەوەی كەسی یەكەمی حزبەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم بەبێ رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات، چارەنوسی هەڵبژاردن درایە دەست كۆبونەوەیەكی تر لە مانگی (ئەیلول)ی داهاتوو، پارتی‌و یەكێتی لەسەر شێوازی هەڵبژاردن رێككەوتن، بەڵام لەبارەی كورسی كۆتای پێكهاتەكان رێككەوتن نەكرا.  لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكاندا لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە خاتوو جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانیش تێیدا بەشداربوو، جارێكی تر لایەنەكان لەبارەی چۆنیەتی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان نەگەیشتنە رێككەوتنی كۆتایی.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەدا یەكێتی‌و گۆڕان هەندێك سازشیان كردووە‌و قایلبوونی خۆیان نیشانداوە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی تر بە شێوەی (یەك بازنە)، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر یەكێتی سەركردایەتی بەرەی ئەو حزبانەی دەكرد كە داوای شێوازی (فرە بازنەیی) هەڵبژاردنیان دەكرد.  سەرباری لێكنزیكبوونەوە لەبارەی شێوازی هەڵبژاردن (یەك بازنە)، بەڵام پارتی‌و یەكێتی‌و لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی (11 كورسی كۆتای پێكهاتەكان)‌و (تۆماری دەنگدەران) نەگەیشتنە رێككەوتن‌و بەوهۆیەوە نەتوانرا لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت، بۆیە سەرۆكایەتی هەرێم‌و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ كەسی یەكەمی حزبەكاندا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی سەرەتای مانگی (ئەیلول)ی داهاتوو جارێكی تر لەبارەی پرسی هەڵبژاردن كۆببنەوە.  بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پارتی و یەكێتی نایانەوێت لەسەر وادەی هەڵبژاردن رێكبكەون و دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەوێتە دوای تێپەڕاندنی كێشەكانی بەغداد، واتا تا كێشەكانی بەغداد یەكلانەكرێتەوە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری نەكرێت. سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵی وەكو وادەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرد، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی چۆنیەتی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن‌و چارەنوسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و راپرسی هەرێمەوە، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا دوادەكەوێت.  (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی پێشتری كەسی یەكەمی حزبەكان لە سەرۆكایەتی هەرێمە كە حوزەیرانی رابردوو بەڕێوەچوو، جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكردووە رۆژی (4ی ئازار)ی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.  خاڵی سەرەكی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان، بەدیاریكراویش پارتی‌و یەكێتی بریتی بوون لە شێوازی هەڵبژاردن، پارتی‌و سۆسیال دیموكرات و زەحمەتكێشان و بزوتنەوەی ئیسلامی‌و حزبی شیوعی پشتیوانی ئەوەیان دەكرد هاوشێوەی هەڵبژاردنەكان پێشتر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی (یەك بازنە)ی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، واتە هەرچوار پارێزگاكەی هەرێم (هەولێر- سلێمانی- دهۆك- هەڵەبجە) یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت، لەبەرامبەردا یەكێتی‌و گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی دادگەریی‌و نەوەی نوێ داوا دەكەن هەڵبژاردنەكە هاوشێوەی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشێوەی (فرەبازنە) بەڕێوەبچێت‌و هەر پارێزگایەكی هەرێم بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن واتە چوار بازنە، لەمەشدا (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكان دابەشبكربَت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا.  یەكێتی‌و ئەو لایەنانەی كە پشتیوانی فرەبازنەیی دەكەن، پێیانوایە لەم رێگەیەوە دەتوانن رێگری لەوە بكەن جارێكی تر پارتی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان كۆنترۆڵ بكات، هاوكات دەتوانن كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەژێر كۆنترۆڵی پارتی دەربهێنن. 


(درەو):  كۆمپانیای گازپرۆم‌و دانەغاز نوێنەری خۆیان نەنارد بۆ بەردەم دادگای كەرخ لە بەغداد، وەزارەتی نەوتی عێراق بەهۆی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان سكاڵای لەسەر تۆماركردوون.  وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامە لەسەر رێوشوێنەكانی دژی ئەو كۆمپانیایانەی كە لەكەرتی نەوت‌و غازدا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، ئەمەش لەبەر رۆشنایی ئەو بڕیارەی كە مانگی شوباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دژی هەرێمی كوردستان دەریكرد.  كۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی‌و (دانەغاز)ی ئیماراتی دوان لەو كۆمپانیایانەن كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن‌و كەوتونەتە ژێر فشاری وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، وەزارەتی نەوت لە دادگای بازرگانی (كەرخ) لە بەغداد سكاڵای لەسەر ئەم دوو كۆمپانیا تۆماركردووە‌و تۆمەتباریكردون بەوەی ملكەچی بڕیاری دادگای فیدراڵی نەبوون.  بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی كە ئێستا وەزارەتی نەوت سەرقاڵی جێبەجێكردنی بڕیارەكەیە، دەبێت ئەو كۆمپانیایانەی لە كەرتی نەوت‌و غازی هەرێمی كوردستان كاردەكەن، گرێبەستی كاركردنیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق نوێ بكەنەوە‌و بیگونجێنن لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراقدا، هەروەها هەرێمی كوردستان نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات.  بەمدواییە وەزارەتی نەوتی عێراق ئیمێڵی بۆ كۆمپانیا بیانییەكانی هەرێمی كوردستان ناردو داوای لێكردن گرێبەستەكانیان نوێ بكەنەوە، بەڵام زۆرینەی كۆمپانیاكان هیچ وەڵامێكی وەزارەتی نەوتیان نەداوەتەوە‌و دەڵێن ئەوان گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە‌و دەبێت هەرێم ئەم كێشەیە چارەسەر بكات.    رۆژی دوو  شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای كەرخ دانیشتنی خۆی سازكرد بۆ گوێگرتن لەو سكاڵایەی كە  وەزارەتی نەوت لەسەر هەردوو كۆمپانیای (گازپرۆم)‌و (دانەغاز) تۆماریكردووە، ئەم دوو كۆمپانیایە نوێنەری خۆیان نەنارد بۆ بەردەم دادگا. بەردەوامیی فشارەكانی وەزارەتی نەوت لەسەر كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كۆتاییەكانی مانگی تەموزی رابردوو، دوای ناردنی نامەیەك بۆ جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ پرسی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەردانی بەغدادی كرد‌و لەگەڵ مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە، بەگوێرەی زانیارییە نافەرمییەكان مەسرور بارزانی‌و كازمیی رێككەوتنێكیان كردووە بەشێوەیەكی كاتیی‌و تاوەكو چارەسەركردنی پرسەكە، فشارەكانی وەزارەتی نەوت لەسەر كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان رابگیرێت.  چەند رۆژی رابردوو ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە بۆ كۆتایهێنان بە ناكۆكییەكان بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی. كۆمپانیای (گازپرۆم) كە یەكێكە لە گەورە كۆمپانیاكانی روسیایە لە بواری وزەدا لە ناوچەكانی گەرمیان‌و هەڵەبجە كاردەكات، كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتیش لە كێڵگەی (كۆرمۆر)ی ناوچەی قادركەرەم كاردەكات‌و غازی هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنێت.   


درەو: ئالان بەرزنجی لە یەك رۆژی خۆپیشاندانەكاندا (78) پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان كراوە لە كاتێكدا لە شەش مانگی یەكەمی 2022دا (22) پێشێلكاری بەرامبەر (63) رۆژنامەنوس ئەنجامدراوە، لە یەك رۆژی خۆپیشاندانەكاندا (26) رۆژنامەنووس دەستگیركراوە، لە شەش مانگی یەكەمی 2022دا ( 10 ) رۆژنامەنووس دەستگیركراوە. بە پێی ئاماری سەنتەری میترۆ بۆ ئازادی رۆژنامەوانی لە خۆپیشاندانەكانی شەمەی رابردوودا زۆرترین پێشێلكاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانكراوە بەم شێوەیە: 🔻  78 پێشێلكاری بەرامبەر بە 60 رۆژنامەنوس و كەناڵی راگەیاندن ئەنجامدراوە, كە بریتین لە: 🔹 دەستگیركردن:26 🔹 هەڵكوتانە سەر ماڵ:4 🔹 رێگری:16 🔹 برینداربون بە گازی فرمێسك رێژ:8 🔹 زەوتكردنی كەل و پەلی رۆژنامەوانی:23 🔹 داخستنی كەناڵ: 1 بە پێی راپۆرتی لیژنەی داكۆكی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە 1-1-2022 تا 31-6-2022 : 🔻  (22) پێشێلكاری بەرامبەر (62) رۆژنامەنوس و دەزگاكانی راگەیاندن ئەنجامدراوە: 🔹  (2)كەیسی دەستگیركرن، (10) رۆژنامەنووس دەستگیركراوە 🔹  (8) كەیسی رێگەنەدان بە روماڵ و جیاكاری، (20) رۆژنامەنووسكراوە 🔹  (3) كەیسی شكاندنی كەلەپولی رۆژنامەوانی و دەستبەسەرداگرتن (9) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە  🔹 (4) كەیسی هێرش و سوكایەتی (8) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە  🔹  (1) كەیسی هەڕەشە (2) رۆژنامەنووس ئەنجامدراوە  🔹  (1) كەیسی داخستنی نەسینگە و كەناڵ (11) رۆژنامەنووس لەكاردەركراون 🔹 (1) كەیسی هێرشكردنە سەر دەزگا و كەناڵی راگەیاندن   (1) بەرامبەر دەزگای رۆژنامەوانی  🔹 (2) كەیسی دەركردن  (2) دەزگای رۆژنامەوانی   


شیكاری: درەو  فرۆشی نەوتی هەرێم لە تەموزی (2022)دا بە ڕێژەی (6.8%) و بڕی (898 هەزار و 661) بەرمیل کەمی کردووە بەراورد بە تەموزی (2020). بەڵام داهاتی سافی نەوتی هەرێم (پارەی ڕادەستکراو بە حکومەت)، لە تەموزی (2022)دا بە ڕێژەی (181%) و بڕی (780 ملیۆن و 39 هەزار و 801) دۆلاری زیاتر بووە لەوەی لە تەموزی (2020) کە بۆ حکومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە. بە دیناری عێراقی قەبارەی داهاتی گەڕاوە زۆر گەورەترە، چونکە گۆڕان لە بەهای دیناری عێراقی ڕویداوە و لە تەموزی (2022)دا بە ڕێژەی (245%) و بڕی (698 ملیار و 691 ملیۆن و 304 هەزار و  81) دیناری زیاتر بووە لەوەی لە تەموزی (2020)دا ڕادەستی حکومەتی هەرێم کراوە.   یەکەم؛ بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە سێ تەموزی (2020 – 2021 - 2022)دا بەپێی ڕاپۆتی کۆمپانیای "دیلۆیت" کە لە (10/1/2021) بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (13 ملیۆن و 238 هەزار و 661) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە. بەڵام هەر بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی کۆمپانیای "دیلۆیت" کە لە (17/3/2022) بڵاوی کردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەموزی (2021)دا بڕی (13 ملیۆن و 58 هەزار و 810) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە. بەم پێیەش، فرۆشی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021) بڕی (179 هەزار 851) بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی (1.4%) کەمتر فرۆشتووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (12 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە. بەم پێیەش بەراورد بە تەموزی ساڵێک پێشتر بڕی (718 هەزار و 810) بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی (5.5%) کەمتر فرۆشتووە. بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020) ئاستی فرۆش زیاتر دابەزیوە، بەجۆرێک بڕی (898 هەزار و 661) بەرمیل نەوتی بە ڕێژەی (6.8%) کەمتر ساغ کردووەتەوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (1)). چارتی ژمارە (1) دووەم؛ تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم لە سێ تەموزی (2020 – 2021 - 2022)دا بەپێی داتاکانی کۆمپانیای "دیلۆیت" حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (13 ملیۆن و 238 هەزار و 661) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە، هەر بەرمیلێک نەوتی لە مانگی ناوبراودا بە تێکڕای (32.62) دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (43.24) دۆلار بووە. بەڵام لە مانگی تەموزی (2021)دا هەرێمی کوردستان بڕی (13 ملیۆن و 58 هەزار و 810) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە وڵاتانی بیانی فرۆشتووە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (75.17) دۆلار بووە، بەڵام هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە تێکڕای (63.23) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیەش، بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا بڕی (30.61)  دۆلار بە ڕێژەی (94%) زیاتری کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (12 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە. تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (111.93) دۆلار بووە، بەڵام (بەپێوەرگرتنی تێکڕای نرخەکانی ڕابردوو) هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە تێکڕای (98.21) دۆلار فرۆشراوە. بەم پێیەش، بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2022)دا بڕی (35)  دۆلار بە ڕێژەی (55%) زیاتری کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2021). لە کاتێکدا ئەگەر تەموزی (2022) بەراورد بکەین بە تەموزی (2020)، ئەوا بەهای هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بڕی (65.59) دۆلار و بە ڕێژەی (201%) زیادی کردووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (2)). چارتی ژمارە (2) سێیەم؛ داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە سێ تەموزی (2020 – 2021 - 2022)دا 1.    کۆی داهاتی نەوتی هەرێم بە (دۆلار) بەپێی ڕاپۆتی کۆمپانیای "دیلۆیت"، کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (431 ملیۆن و 871 هەزار 599) دۆلار بووە.  بەڵام کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا گەیشتووە بە (825 ملیۆن و 747 هەزار 733) دۆلار، بەم پێیەش، داهاتی گشتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021) بڕی (393 ملیۆن و 876 هەزار 134) دۆلار و بە ڕێژەی (91%) زیادی کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی هەرێم گەیشتووە بە (1 ملیار و 211 ملیۆن و 911 هەزار 400) دۆلار. واتە بەراورد بە تەموزی ساڵێک پێشتر بڕی (386 ملیۆن و 163 هەزار 667) دۆلار بە ڕێژەی (47%) داهات زیادی کردووە. ئەمە لە کاتێکدا بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020) داهاتەکە زۆر زیاتر بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک بریتیە لە زیادبوونی داهاتی نەوت بە ڕێژەی (181%) و بڕی (780 ملیۆن و 39 هەزار 801) دۆلار. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چارتی ژمارە (3) 2.    کۆی خەرجی و داهاتی سافی نەوتی هەرێم بە (دۆلار) بەپێی ڕاپۆتەکانی کۆمپانیای "دیلۆیت"، بەنزیکەی تێکڕای (56%)ی داهاتی گشتی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم، بۆ تێچووەکانی پرۆسەی نەوتی هەرێم خەرج دەکرێت، (44%)ی داهاتیش دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی و حکومەت هەرێم، بەم پێیەش.  کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2020)دا بریتی بووە لە (431 ملیۆن و 871 هەزار 599) دۆلار، بڕی (241 ملیۆن و 848 هەزار 96) دۆلاری بەڕێژەی (56%) چووە بۆ تێچوو وخەرجی پرۆسەکە و بڕی (190 ملیۆن و 23 هەزار 504) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم.   بەڵام کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا گەیشتووە بە (825 ملیۆن و 747 هەزار 733) دۆلار، بڕی (462 ملیۆن و 418 هەزار 730) دۆلاری بەڕێژەی (56%) چووە بۆ تێچوو وخەرجی پرۆسەکە و بڕی (363 ملیۆن و 329 هەزار 2) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم.   بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا کۆی داهاتی نەوتی هەرێم گەیشتووە بە (1 ملیار و 211 ملیۆن و 911 هەزار 400) دۆلار. بڕی (678 ملیۆن و 670 هەزار 384) دۆلاری بەڕێژەی (56%) چووە بۆ تێچوو وخەرجی پرۆسەکە و بڕی (533 ملیۆن و 241 هەزار 16) دۆلاری بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم. (بڕوانە چارتی ژمارە (4))  چارتی ژمارە (4) 3.    داهات سافی نەوتی هەرێم بە (دینار) لە خاڵی (1 و 2)دا ئاماژەمان بە کۆ و داهاتی سافی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم و ڕێژەی بەرزبوونەوەی (بە دۆلاری ئەمریکی) لە مانگەکانی تەموزی ساڵانی (2020 – 2021 - 2022)دا، لێرەدا تیشک دەخەینەسەر داهاتی سافی نەوتی هەرێم بە (دیناری عێراقی)، چونکە بەهای دیناری عێراقی بەراورد بە دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی (2020)دا بەراورد بە ساڵانی (2021 و 2022) دابەزینی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، هەر بۆیە داهاتیش بە دینار بە ڕێژەیەکی گەورە زیادی کردووە لە ساڵانی (2021 و 2022) بەراورد بە (2020)، بکەواتە داهات سافی نەوتی هەرێم بۆ هەرسێ (تەموز)ەکە بەم شێوەیە دەبێت؛ بەپێی ڕاپۆتی کۆمپانیای "دیلۆیت"، داهاتی سافی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2020)دا بڕی (190 ملیۆن و 23 هەزار 504) دۆلار بووە، لە ساڵی ناوبراودا هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەهاکە بریتی بوو لە (1 هەزار 180) دینار، بۆیە داهاتی سافی بە دینار بریتی دەبێت لە (285 ملیار و 380 ملیۆن و 752 هەزارو 713) دینار. بەڵام داهاتی سافی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021)دا گەیشتووە بە (363 ملیۆن و 329 هەزار 2) دۆلار، لە مانگی ناوبراودا هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەهاکە بریتی بوو لە (1 هەزار 450) دینار، بۆیە داهاتی سافی بە دینار بریتی دەبێت لە (670 ملیار و 507 ملیۆن و 158 هەزارو 977) دینار. بەم پێیەش داهاتی سافی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزی (2021) بڕی (385 ملیار و 126 ملیۆن و 406 هەزارو 262) دیناری بە ڕێژەی (135%) زیادی کردووە بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020). بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە تەموزی ساڵی (2022)دا داهاتی سافی نەوتی هەرێم گەیشتووە بە (533 ملیۆن و 241 هەزار 16) دۆلار. لە مانگی ناوبراودا هەر دۆلارێکی ئەمریکی بەهاکەی بریتی بوو لە (1 هەزار 450) دینار، بۆیە داهاتی سافی بە دینار بریتی دەبێت لە (984 ملیار و 72 ملیۆن و 56 هەزارو 800) دینار. واتە بەراورد بە تەموزی ساڵێک پێشتر بڕی (313 ملیار و 564 ملیۆن و 897 هەزار 823) دینار بە ڕێژەی (47%) داهاتی سافی زیادی کردووە. ئەمە لە کاتێکدا بەراورد بە تەموزی ساڵی (2020) ئاستی داهاتی سافی زۆر زیاتر هەڵکشاوە، بەجۆرێک بریتیە لە زیادبوونی داهاتی سافی نەوت بە ڕێژەی (245%) و بڕی (698 ملیارو 691 ملیۆن و 304 هەزار 87) دیناری عێراقی. (بڕوانە چارتی ژمارە (5)). چارتی ژمارە (5) سەرچاوەکان -    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی ٢٠٢٠ تاکو ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢٠؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202020/Consolidated%20RCOG%20Q3%202020.pdf -    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی ٢٠٢١ تاکو ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢١؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202021/KRG%20Q3%202021%20Report%20on%20OIl%20and%20Gas%20review.pdf -    ئەنوەر کەریم، داهاتی حکومەتی هەرێم بۆ مانگی تەموزی 2022، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10799   


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) تێزێکی کۆمەڵناسانەی سادە ھەیە باس لەوە دەکات مرۆڤ بەرھەمی ئەو ژینگە تایبەتەیە کە لەناویدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت و دەمرێت. ئەو ژینگەیە دەستنیشانی ئەوە دەکات ئەو کەسە چۆن بیربکاتەوە، چاوەڕوانی چی بێت، چۆن ھەڵسوکەوت بکات و بجوڵێتەوە. لە سەدەی ھەژدەھەمەوە مۆنتسیکیو (١٦٨٩-١٧٥٥)، گەورە نووسەری فەرەنسیی، پێ لەسەر ئەم ڕاستییە سادەیە دادەگرێت. ئەو پێیوایە ئەوە دەزگاکانن دەستنیشانی ئەوەدەکەن مرۆڤ چۆن و چی بێت؟ دەزگا گەورەکانی وڵات، دەزگاکانی حوکمڕانیی، دەزگاکانی پۆلیس، دەزگاکانی سیستمی داوەریی، دەزگاکانی خوێندن و فێربوون، وادەکەن جۆرێکی تایبەت لە خەڵک بە جۆرێکی تایبەت لە سایکۆلۆژیا و ویست و خەون و چاوەڕوانیی و کردە و کاردانەوەی تایبەتەوە لەدایکببن. ئەم دەزگایانەش ھەڵگری جۆرێکی تایبەت لە ئەخلاقیاتن و ئەو ئەخلاقیاتەش ڕۆڵی گەورە دەبینێت لەوەدا مرۆڤ چۆن سەیری خۆی و چۆن سەیری ئەو دەزگایانە بکات.  سەدەیەک دواتر ئەم دیدەی مۆنتسیکیو لای کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) دەگۆڕێت بۆ تێزێکی تازە کە ھەمان ناوەرۆک بە شێوەیەکی نوێ و پێشکەوتوتر، نمایشدەکات. مارکس پێیوایە ئەوەی مرۆڤ دەکات بە مرۆڤ، ئەوەی ئاکار و سایکۆلۆژیا و خواست و چاوەڕوانییەکی تایبەت بە مرۆڤ پێدەبەخشێت، دەزگاکان نیین بەتەنھا، بەڵکو ئەو ھەلومەرجە ئابوریی و کۆمەڵایەتییە کە خودی دەزگاکانیش لەناویاندا دروستدەبن. لای مارکس شێوازی بەرھەمھێنانی ئابوریی و جۆری ئەو ھێزانەی لە بەرھەمھێناندا بەشدارن، دەستنیشانی ئەوەدەکەن مرۆڤ چۆن بیربکاتەوە و ھەست بەچی بکات و بشتوانێت لە ڕووی مێژووییەوە چ کردەیەک ئەنجامبدات.  ئەوەی مارکس ئەنجامی ئەدات، وەک ئاریک فروم دەڵێت، شیکردنەوەیەکی قووڵتری دەزگاکانە، نیشاندانیانە وەک شتێک کە لەناو شێوازی بەرھەمھێنان و لەناو ھێزەکانی بەرھەمھێناندا، دروستدەبن و بەمەش پێماندەڵێت مرۆڤ ھەمیشە لەناو مێژوویەکی کۆنکریت و ژینگەیەکی دیاریکراوادا دەژیی و بیردەکاتەوە، نەک ئەوەی غەریزە یان ئاکارێکی نەگۆڕیی ھەبێت و ئەو غەریزە و ئاکارە نەگۆڕانە ئاراستەی بکەن. بۆ نموونە ھەلومەرجی ئابوریی و شێوازی بەرھەمھێنان و مەسرەفگەراییی ناو سەرمایەدراییە، وادەکەن حەز و ئارەزوی گەورە لە ئینساندا دروستببێت بۆئەوەی شتومەکی زۆر و زیاتر، شتومەکەی تازە و گرانبەھای ھەبێت. ئەوە سەرمایەدارییە وادەکات مرۆڤ مەسرەفگەر و پارەدۆستبێت. بەڵام لە شوێنێکدا کە سەرمایەداریی بوونی نەبێت، یان بەو شێوەیەی ئێستا لە ئارادایە بەھێزنەبێت، ئەو حەزە گەورەیە بۆ ھەبوونی شتومەکی زۆر و بۆ کەڵەکەکردنی پارە و مەسرەفگەرایی بوونی نابێت، ڕەنگە پێچەوانەکەی ئامادەبێت، واتە خەڵک زیاتر بەرەو زوھد و ڕقبوونە لە سەروەت و سامانی دنیایی بڕۆن.  من ئەم ڕاوڕێویە تیورییە سادەیەم بۆ ئەوە ھێنایەوە تا جارێکی تریش لەو ڕاستییە سادەیە کە نزیکەی سێ سەدەیە زانستە کۆمەڵایەتیی و ئینسانییەکان پێماندەڵێن ئاگاداربین، ڕاستییەک شێماندەڵێت: ئەوەی مرۆڤ دروستدەکات و ئاکار و زمان و سایکۆلۆژیایەکی تایبەتی پێدەبەخشێت، ئەو ژینگەیەیە کە لەناویدا دەژیی، ئەو ناوەندە ئابوریی و سیاسیی و دەزگاییەیە کە دەبێت بە چوارچێوەی ھەڵسوکەوت و چاوەڕوانیی و خەونبینینی کەسەکان.  ئێستا گەر لەو پێدراوە تیورییەوە بپەڕینەوە بۆ قسەکردن لەسەر دۆخی ئەمڕۆکەی ھەرێمی کوردستان، دەتوانین ئەنجامگیریەکی سادەبکەین و بڵێین ئەوەی تا ڕادەیەکی زۆر دونیای سایکۆلۆژیی و چاوەڕوانیی و دید و ڕا و بۆچوونی ژمارەیەکی گەورەی خەڵک دەستنیشاندەکات، ئەو ژینگە ئابوریی و سیاسیی و دەزگایی و ئەخلاقییەیە کە لە سی ساڵی ڕابردوودا دروستکراوە. ژینگەیەک بە ڕاپەڕین دەستپێدەکات و دوانیوەڕۆی دوێنێش لە ژمارەیەکی بەرچاوەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا، بە گرتنی دەیان و سەدان کەسی ناڕەزاییدەربڕ دەگات. دوای ئەوەی گازی فرمێسکڕێژیان بەناودا بڵاودەکرێتەوە و ھێزی چەکداریش مەودای جوڵە و قسەکردنیان لێدەسێننەوە.   ئەوەی خەڵکی کوردستان لەم ساتەدا ئامادەگییەکی ناوەکیی گەورەیان بۆ ناڕەزاییدەربڕین و بۆ بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم تێدادروستبووە و تێدایە، پەیوەندیی نییە بە بوونی غەریزەیەکی کوردانەوە بۆ یاخیبوون، پەیوەندیشی بەوەوە نییە خەڵک لە دەرەوەوە ھانئەدرێن بۆ ئەوەی بە گژ ئەو دەسەڵاتە ”نیشتیمانپەروەرە“ ”خۆماڵییەدا بچنەوە کە چەند بنەماڵە و خێزانێکی سیاسیی بە ”قارەمانێتی“ و ”دڵسۆزی خۆیان“ دروستیانکردوە و دەیپارێزن، پەیوەندی بەوەشەوە نییە چەند ڕۆشنبیرێکی ئانارشیست خەڵکیان لە خشتەبردوە و دۆخێکیان دروستکردوە ھیچ کەسێک بە ھیچشتێک ڕازینەبێت. ھەموو ئەم جۆرە لێکدانەوانە ھەڵاتنێکی نابەرپرسیار و گەمژانەیە لە ھۆکارە ڕاستەقینەکانی ئەو دۆخی ناڕازیبوونە سەرتاسەرییەی ھەموو ھەرێمەکەی تەنیوەتەوە. ناڕەزایی بەرامبەر بە حوکمڕانی چەند خێزانێکی سیاسیی و ئەو نوخبە گەندەڵ و بچووکەی بەدەوریاندا دروستکراوە، ناڕەزایی لە سیستمە سیاسیی و ئابورییە قۆرخکراوەکەیان، لە سیستمە بیرۆکراسییە بەحیزبیی کراوەکەیان، لە سیستمی پەروەردە و سیستمی تەندروستیی کە لۆژیکی پارەپەیداکردن دەیانباتبەێڕوە، ناڕەزایی لە سیستمی داوەریی کە لەساتە گرنگەکاندا بۆ گرتن و ڕاونانی ئەوانە کاردەکات، کە شتێکی جیاواز لە قسەی خێزانە حوکمڕانەکان دەڵێن، ناڕەزایی لەو مۆدێلە حیزبییەی کە وایکردوە حیزب ببێت بە گەورەترین سەرمایەدار لە وڵاتەکەدا و لەزۆر سەرەوە دەوڵەمەندتر لە خودی دەوڵەت خۆیشی، ناڕەزایی  لەو ھێزە چەکدارانە کە بە ئەمری ئەم یان ئەو بەرپرسی حیزبی دەجوڵێنرێن و دەکرێن بەگژی ئەوانەدا زەوقی ئەو بەرپرسە وەک نەیار پێناسیان دەکات. خۆپیشاندان لە ھەرێمدا ئەم دۆخە پڕ قەیران و پڕکێشە و پڕمەترسییە دروستیدەکات. دەشێت ئەوانەی بانگێشەی خۆپیشاندان دەکەن گۆڕانیان بەسەردابێت، ئەمڕۆ ئەلف بێت و سبەینێ بێ، بەڵام ئەو دۆخە بونیادیی و نائینسانییەی کە بوونەوەری ناڕازیی و توڕە بەرھمدەھێنێت، نەگۆڕە و بەردەوامی ھەیە. خۆپیشاندان دیاردەیەکی بایۆلۆژیی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی سیاسییە. ئەوەی خەڵک والێدەکات ناڕازیبن و ڕێگای جیاواز بۆ نیشاندان و دەرخستنی ئەو ناڕەزایەتییە بدۆزنەوە، پاڵنەری بایۆلۆژیی و غەریزیی نییە، بەڵکو پاڵنەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییە. ئەو دونیایەیە کە بە تۆڕێکی گەورە لە گەندەڵیی و دزیی و جەردەیی و بە دنیایەک بڕیاری نابەرپرسیار و بە تەماحی شەخسیی و خێزانیی و بنەماڵەیی قۆرخکارانە، دروستکراوە.  ئەم دۆخە تاریکە بە ئاستێک گەیشتوە زیاد لە ٧٠ لەسەدی خەڵک بەشداری دەنگدانەکان نەکەن، کەی بۆیان بلوێت و بوێرن بچنە سەر شەقام، سەدام حسێنیان لێببێت بە ڕزگارکەر و بە کەسێکی بزانن سەدانجار لە حوکمڕانانی ئەمڕۆ باشتر.  پێویستە حوکمڕانانی ئەم ھەرێمە نەخۆشە ئەم ڕاستییە زۆر زۆر سادەیە زۆرباش بزانن: ئەوەی خەڵک بەوانەوە دەبەستێتەوە، نە ڕێز و پێزانینە، نە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسییە، نە کۆمەڵێک پرنسیپی نیشتیمانیی و نەتەوەییە، بەڵکو ڕقە، ڕقە لە ھەموو شێوەکانیدا: ڕقی سیاسیی، ڕقی ئەخلاقیی، ڕقیی ئابوریی، ڕقیی دەزگایی، ڕقیی بنەماڵەیی، ڕقیی فیکریی. کەڵەکەبوونی ئەم ھەمو ڕقە ڕەچەتەیەکی ترسناکە بۆ تەقینەوەی گەورە و خوێناویی لە ئایندەدا.  


درەو: هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی ژمارەیەك چالاك و ئەندامی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێیان دەستگیركردووە، بە بەهانەی ئەوەی ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندان دەكەن، كە لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێوە رێكخراوەو بڕیارە لەسەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت.   دەستگیركراوانی نەوەی نوێ: 🔹 هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 فاروق غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 تەها ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 یەعقوب كاكل ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ 🔹 ئازاد كەریم ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی نەوەی نوێ 🔹 ژمارەیەك خۆپەخشی نەوەی نوێ   بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) ئەو چالاكانەی نەوەی نوێ لەماڵەكانی خۆیان گیراون و هێزە ئەمنییەكان دەستیان بەسەر مۆبایل و كۆمپیوتەرەكانیاندا گرتووە. یەكێك لەو چالاكە سیاسیانەی كە دەستگیركراوە برای كەژاڵ ئەحمەدی شاعیرە، كەژاڵ باس لەوە دەكات كە چوونەتە سەر ماڵیان و لەبەردەم دایك و كەسوكاریدا براكەیان دەستگیركردووە تەنانەت مۆبایلەكەی ئەویش (كەژاڵ)یشیان بردووە.. تا ئێستا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە فەرمی لە راگەیاندنەكانیەوە هیچ هەواڵ و لێدوانێكی لەسەر دەستگیركردنی ئەندامان و رێكخەرانی خۆپیشاندانەكان رانەگەیاندووە بە بەهانەی ئەوەی كە ترس لەناو خەڵكیدا بڵاونەكرێـتەوە بۆ خۆپیشاندانەكانی رۆژی شەممە.


درەو: شۆڕشنامە شێركۆ بێكەس لە كتێبی نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش دەنوسێت: لە قوتابخانەدا خەیاڵ‌و خولیای من ئەوەندەی بەدەوری شیعرو ئەدەبەوە بوون، ئەوەندە بە تەنگ دەرس‌و بەرنامەی خوێندنەوە نەبوون. بیرمنایە لە شەوانی تاقیكردنەوەیشدا بەجیدی سەعیم كردبێ‌. گوێم نەئەدایە جلوبەرگی بەری خۆم. قژم هەمیشە بژو دانەهێنراو بوو. ئەو چاكەت‌و پانتۆڵەی بەتازەیی لەبەرم ئەكردن، كۆن‌و پەرپووت ئەبوون‌و تافڕێم ئەدان ئوتویان بەخۆیانەوە نەئەدی... یەكدوجارێ‌ خۆم تاقیكردەوە ببمە وەرزشكار، بەڵام سەركەوتوو نەبووم‌و بوومە جێی گاڵتەو قەشمەری هاوڕێكانم..! ئیتر منیش بەتەواوی وازملێهێناو نەچوومەوە بەلای وەرزشدا. بەڵام هەتا ئەم تەمەنەیش هەمیشە حەزبە سەیركردنی یاری باش ئەكەم، بەتایبەتی تۆپی پێ‌. یەكەم شیعرم لە رۆژی نوێ‌-دا بڵاوكرایەوە، ئەو رۆژەی گۆڤارەكەم بینی، بە یەكێك لە هەرە رۆژە خۆشەكانی ژیانم لە قەڵەم ئەدەم. ئەم دەرگا كردنەوەیەی رۆژی نوێ‌، تەكانێكی بەگوڕ بوو بۆ شیعرەكانم، بڕوام بە بەهرەی خۆم زیاتر بوو، رۆژی نوێ‌ بۆ من پەیژە بوو، چەند پلەیەك بەرەو سەرەوەی بردم. لە سەرەتای پەیوەندداریدا‌و لەناو كاژیكدا، بەكوڵ‌و دڵەوە چووبوومە پێشێ‌‌و كارم ئەكرد. بەڵام ساڵ لەدوای ساڵ سارد ئەبومەوە، تا گەیشتمە ئەو ئەنجامەی كە منیش بە كەڵكی حیزبایەتی نایەم‌و پێویستە بكشێمەوە. هەستمكرد ئەوەندەی بۆ شیعر دروستبووم، بۆ حیزبایەتی كردن دروست نەبووم. هەستمكرد خەریكە ئازادی خۆم وەك مرۆڤ لەدەست ئەدەم، خەریكم ئەبم بە بورغوی ناو مەكینەیەك، هەستمكرد بۆ من، شیعر لە حیزب گەورەترو پیرۆزتریشە. بەغدای پایتەخت، چاوی ژیان‌و شیعری منی كردەوە. یەكەم دیوانم "تریفەی هەڵبەست" لە بەغداو لە چاپخانەی (سەلمان ئەعزەمی) بە تیراژی دوو هەزار دانە لە چاپدرا. دیوانی تریفەی هەڵبەست، یەكەم هەنگاو بوو لەنێوان شەپۆلەكانی رۆمانسییەتێكی سادەو ریالیستێكی فۆتۆگرافیانەدا لە هاتوچۆدا بوو، كاریگەری زمانی گۆرانیان پێوە دیاربوو. لە رۆژگاری دووبەرەكیەی نێوان باڵی مەكتەبی سیاسی‌و قیادەی بارزانیدا، من لەگەڵ خەتی بارزانیدا بووم. سەنگەری پێشمەرگە بۆ من پێوانە بوو، ئەوان لەكوێ‌ بوونایە هەست‌و هۆش‌و شیعری منیش لەوێ‌ بوو، ئێستەیش ئەگەر جارێكی تر بگەڕێمەوە بۆ ئەو سەردەمە، هەر ئەو هەڵوێستەم ئەبێت... ئەوەی پێویستە بیڵێم: من لە شیعرو هەڵوێستی خۆم لەو رۆژگارەدا پەشیمان نیم. لە ساڵی (1972)، لە گەرمەی دۆستایەتی‌و هاوپەیمانێتی پارتی‌و بەعسدا، حكومەتی دیكتاتۆری لەڕێی كۆمەڵێ‌ مەلاوە كە بۆ دیدەنی بارزانی نێردرابوون بۆ حاجی هۆمەران‌و لەوەتی ئەو دیدەنییەدا خۆیان تەقاندەوە یان تەقاندبوویاندنەوەو بارزانیش بە موعجیزە رزگاری بوو. لەو سەردەمەدا تیرۆركردنی بارزانی یانی تیرۆركردنی شۆڕشەكەی بوو، كوشتنی بارزانی كوشتنی گەورەترین سومبولی ئەوكاتە بوو، بۆیە منیش هەر دوابەدوای ئەو رووداوە، شیعری "بۆ بارزانیم" نووسیی. ئەم بەرهەمە، قسەو بڕوای ناودڵ‌و فیكری میللەتێ‌ بوون‌و من كردبووم بە شیعر. لەوەرچەرخانە سیاسییەكانی ساڵانی دواتردا، زۆرجار لێیان ئەپرسیم لەو شیعرەت پەشیمان نیت؟! من ئەوساو ئیستاو بۆ داهاتوویش هەر ئەڵێم: نەخێر پەشیمان نیم، چونكە ئەو شیعرە ئاوێنەی راستەقینەی ئەو رۆژگارە بووە كە خۆم‌و میللەتەكەمی تێدا ژیاوە.   بەدرێژایی شۆڕشی ئەیلول‌و ئینجا شۆڕشی نوێ‌‌و تا راپەڕینی (1991)، چەند نووسەرێ‌ لەوانە باجی یەك رۆژی ئازارو دەردەسەری‌و ئاوارەبوون‌و نەفیكردن‌و گرتن‌و ماڵ تاڵانكردن‌و دەركردن لە وەزیفەو بانگكردن بۆ ئاسایش‌و لێكۆڵینەوە نەبوون! من ئێستا لەم تەمەنەدا كاتێ‌ ئاوڕ لە بەهەدەردانی سەردەمی لاوێتی خۆم ئەدەمەوە، تێئەگەم چ غەدرێكم لە خۆم‌و بەهرەی خۆم كردوە..! ئێستا ئەزانم ئەگەر چەند زمانێكی ترم بزانیایە، ئەشیا كاری باشترم ئەنجام بدایە لەوەی كە تائێستا كردومە. سەرچاوە: سەرچاوە: شێركۆ بێكەس: نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش ژیاننامەو بیرەوەری، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، 2013  


درەو:  مایكل نایتس/ پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک (The Washington institute for near east policy ) بەپێی ڕاپۆرتێکی (پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک) تورکیا لە (6) مانگی ڕابردوودا (190) هێرشی ئاسمانی زەمینی لە ڕێگەی (تۆپ و تەیارەو فرۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن))ەوە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، هەر بە پێی ڕاپۆرتەکە لە ئێستادا نزیکەی (هەزار و 553) کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) لە ژێر دەسەڵاتی بارەگاو بازگەی تورکیادایە، واتە نزیکەی (3.5%)ی خاكی هەرێمی کوردستان و (0.3%)ی کۆی رووبەری عێراق. لە (27ی تەمموز)دا عێراق لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵای لەسەر توركیا تۆمار كرد، میلیشیاكانی عێراقیش مووشەكیان ئاراستەی كونسوڵخانەی توركیا كرد لە موسڵ. ئه‌م دوو هه‌نگاوه‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌ی تۆپبارانەکەی توركیابوو کە له‌ (20ی ته‌ممووز)دا کردییە سەر سەیرانگایەک لە (گوندی په‌رخ)ی سەر بە پارێزگای دهۆک له‌ هه‌رێمی كوردستان و تێیدا (9) هاوڵاتی عێراقی بە ڕەگەز عەرەب كوژراون و (33) كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.  هەروەها ئەم دوو هەنگاوە بە دوایین پەرەسەندنی ئەم ململانێیە دادەنرێت، کە بۆ ماوەی دەیان ساڵە بەردەوامە بەبێ ئەوەی سەرنجی ئەوتۆی بە لای خۆیدا ڕاکێشابێت، بەڵام ئەمجارەیان لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە ململانێکە هەڵکشانی زیاتری بەخۆوە بینی. ڕەنگە میلیشیاکانی سەر بە ئێران گەورەترین سوودمەند بن لەم پێکدادانانە، چونکە تورکیا بە بیانوویەکی نوێی دەزانێت بۆ ئەو گرووپانەی کە خۆیان بە "مقاوەمە" ناودەبەن، هێرش لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق دەستپێبکەن. ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕه‌وته‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه هە‌یه‌ زۆرێک له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا و عێراق بخاته‌ مه‌ترسییەوە. هۆکاری ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی (1983)ەوە تورکیا دەستی کردووە بە ئەنجامدانی هەڵمەتی زەمینی و ئۆپەراسیۆنی دیکەی سنوور بەزاندن، بۆ بە ئامانجگرتنی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە باکووری عێراقی، ئەو گرووپە چەکدارەی تورکیا کە لەلایەن ئەنقەرە و واشنتۆن و بەشێک لە حکومەتەکانی دیکەوە وەک تیرۆریست دەستنیشانکرابوون. زۆربەی ئەم ئۆپەراسیۆنانەش لە وەڵامی هێرشە تایبەتەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ەوە بووە، کە ببووە هۆی کوژرانی سەرباز و پۆلیس کە لە ناوخۆی تورکیادا دەستی پێکردووە.  ئەم ئۆپەراسیۆنانەش لە نێو خاکی عێراقدا لە دوای ئەوەوە هات کاتێک (سەدام حسێن) ڕەزامەندی دا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەبە قوڵایی (٥) کیلۆمەتر لە خاکی عێراق. تا ناوەڕاستی نەوەدەکان ئەم پشتێنە سنوورییە فراوانتر کرا بۆ (١٦) کیلۆمەتر. دوای ئەوەی ڕژێمی سەدام لە ساڵی (1991) هێزەکانی لە باکووری عێراق کشاندەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانی نەیتوانی پێش بە شانە بە ئەزموونەکانی پەکەکە بگرێت کە بنکەی خۆیان لە قووڵایی عێراق دابمەزرێنن. لە بەرامبەردا تورکیا یەکە زرێپۆشەکانی ناردو پێشڕەوییان کرد بە قوڵایی (24) کیلۆمەتر چەکدارانی پەکەکەیان پاشەکشە پێکرد، لە کۆتاییدا بنکەیەکی هەمیشەییان بۆ تۆپخانە و هێلیکۆپتەرەکانی تورکیا لە (بامەڕنێ) جێگیر کرد، وەک بنکەیەکی چاودێری و ئامرازێک بۆ فراوانکردن هەڵمەتی تورکیا دژی پەکەکە. بەڵام پەکەک دزەی کردە ناو هەرێمی کوردستان و گەیشتە چیای گارا (٤٠ کم لەناو سنوور)، چیاکانی قەندیل (٩٦.٥ کم)، کەمپی ئاوارەکانی ڕوستەم جودی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت لە قەزای مەخمور (١٧٧ کم)،  تا گەیشتە شەنگال و ڕێگایەکی بۆ سنووری سووریا بۆ پەکەکە کردەوە. لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا وردە وردە جێگەی هێرشی زەمینی گرتەوە. سوپای ئەمریکا لە قۆناغێکی سەرەتاییدا زانیاری هەواڵگری بۆ ئەم هێرشانە دابین کرد، بەڵام لەو کاتەوە تورکیا زیاتر پشتی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سەرچاوەی هەواڵگری مرۆیی خۆی بەستووە. فراوانخوازی و ‌هەڵکشان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تورکیا هەوڵی نائاسایی داوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو قووڵاییە ستراتیژییەی کە پەکەکە بەدەستی هێناوە. لە سووریاش ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی سنووربەزاندنی ئەنجامداوە بە ئامانجی ناچارکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (کە وەک لقێکی پەکەکە سەریهەڵداوە) بۆ بەجێهێشتن و جێگیرکردنی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا لە شوێنی ئەوان. لەعێراقدا هاوکارییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، وایکردووە کە بتوانێت لە سنوورەکانەوە چەندین تاکتیکی بەرفراوان بەکاربهێنێت، کە زۆرجار سەرکەوتوو بووە لەوەی خۆی بپارێزێت لە گازندەی نێودەوڵەتی. یەکەم: دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٤دا کۆنترۆڵی موسڵی کرد و کارمەندانی کونسوڵخانەی تورکیای دەستبەسەر کرد، ئەنقەرە گەورەترین بنکەی خۆی لە عێراق بە ناحیەی "زیلکان" دامەزراند. بنکەکە لەسەر زەوییەکی بەرز دروستکراوە کە ڕووی لە موسڵ کردووە، زیاتر لە (80) کیلۆمەتر لەناو هەرێمی کوردستاندا هەڵکەوتووە و ئەمەش بە شێوەیەکی ئیستفزازی بۆ میلیشیا عێراقییەکانی سەر بە ئێران دەبینرێت کە لە دەشتەکانی نەینەوا جێگیرکراون. دووەم: تورکیا ئۆپەراسیۆنە سنووربەزێنەکانی نوێ کردووەتەوە، لەبری داگیرکاری کاتی لەلایەن یەکە زرێپۆشە ناڕێکخراوەکانەوە، ئێستا هەموو بەهارێک هەڵمەتی درێژخایەن ئەنجام دەدات کە تیایدا هێزە تایبەتە بە ئەزموونەکان بە هێلیکۆپتەر دەگوازرێنەوە، بنکەی کۆماندۆکان بەشێوەی لەناکاو لە قووڵایی نێوان (٣٢ بۆ ٤٨) کیلۆمەتر لەناو عێراقدا دادەمەزرێنن بەمەبەستی چاودێریکردن و ڕێگریکردن لە هێڵەکانی جوڵەی پەکەکە "بە تەقەکردن" (واتە بە قەناس، دۆشکە، موشەک، هاوەن، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، و کۆپتەر). ئەمڕۆ نزیکەی (هەزار و 553) کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی لە باکووری عێراق پڕە لە پێگە و بازگەی تورکیا، واتە نزیکەی (3.5%)ی هەرێمی کوردستان و (0.3%)ی کۆی رووبەری عێراق. دوای چوونە ناوەوەی تورکیا، بەشێکی زۆری ئەم خاکە لە ژێر هەژمونی هێزە کوردییەکانی عێراق نەماوەو لەو کاتەوە ئاوارەبوونی دانیشتووانەکەی نەوەستاوە، بەهۆی ئەو هەلومەرجە شەڕئامێزەی کە تێیدا زاڵ بووە. سێیەم: تورکیا بە شێوەیەکی بەرچاو مەودای هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی فراوانتر کرد، نەک تەنها لەسەر سنوور و چیای قەندیل، بەڵکو هێرشەکانی لە قووڵایی (٢٨١) کیلۆمەتر لە ناوخۆی عێراق ئەنجامدا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فیدراڵی وەک شەنگال و موسڵ کردە ئامانج. لە زۆر حاڵەتدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (بەیرەقتار) شوێنپێیان دەگرت و سەرکردەکانی پەکەکەیان کردە ئامانج، یان بە شوێنپێهەڵگرتنیان لەکاتی گەشتکردنیان بۆ باشووری ناوچەی سنوور، یان بە سیخوڕ ئەگەر چوونە ناو ناوچە شارییەکان (بۆ نموونە گەڕان بەدوای چارەسەری پزیشکی). بەگشتی - هەرچەندە هەمیشە نا - ئەم فڕۆکانە هێرشی زۆر سەرکەوتوو ئەنجام دەدەن بەبێ ئەوەی زیانێکی بەرچاوی لاوەکی لێبکەوێتەوە، زۆر هاوشێوەی ئەو لێدانە وردانەی کە ئەمریکا لە دژی ئامانجە تیرۆریستییەکان لە سەرانسەری جیهاندا ئەنجامی دەدات. لەگەڵ ئەوانەشدا بەدواکەوتنی تورکیا بۆ پەکەکە، وایکردووە بچێتە ناو ئەو ناوچانەی کە تۆڕەکانی ئەو پارتە لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ئێراندا تێکەڵ دەبن، ئەمەش خولگەیەکی هەڵکشانی (تەسعید) دروستکردووە کە ڕەنگە لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت. ئەمەش لە شنگال زۆرتر دیارە، کە هاوبەشە ئێزدییەکانی تاران تێکەڵ بە چەکدارانی پەکەکە  دەبن بە شێوەیەک کە زەحمەتە هەستی پێبکرێت. کردەوەکانی ئەنقەرە لەم ناوچانەدا - وەک بەئامانجکردنی سەرکردە باڵاکانی میلیشیا ئێزدیەکان و کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە پەرخ- بۆتە هۆی ئەوەی کە میلیشیاکان زۆر جار هێرش بکەنە سەر بنکەکانیان لە عێراق، جا چ بە بەکارهێنانی مووشەک بێت یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، کە بەزۆری پاڵ بە تورکیاوە دەنێت بۆ بەکارهێنانی تۆپ، لێدانی ئاسمان لە ڕێگەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ سەر میلیشیاکان. ئاماری هێرشەکانی تورکیا لە (6) مانگی 2022 بەپێی ئامارەکان تورکیا لە (6) مانگی ڕابردوودا (190) هێرشی ئاسمانی و زەمینی لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە بەجۆرێک؛ -    مانگی شوباتی 2022؛ (44) هێرشی ئاسمانی -    مانگی ئازاری 2022؛ (40) هێرشی ئاسمانی، (6) هاویشتنی تۆپ، (3) هێرشی هێلیکۆپتەر، (4) فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. -    مانگی نیسانی 2022؛ (26) هێرشی ئاسمانی، (1) هاویشتنی تۆپ، (3) هێرشی هێلیکۆپتەر، (4) فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. -    مانگی ئایاری 2022؛ (20) هێرشی ئاسمانی، (1) هاویشتنی تۆپ، (1) هێرشی هێلیکۆپتەر، (4) فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. -    مانگی حوزەیرانی 2022؛ (6) هێرشی ئاسمانی، (4) هاویشتنی تۆپ، (2) هێرشی هێلیکۆپتەر، (4) فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان. -    مانگی تەموزی 2022؛ (14) هێرشی ئاسمانی، (3) هاویشتنی تۆپ.      بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە؛ مایكل نایتس؛ حرب تركیا فی شمال العراق: باڵارقام، The Washington institute for near east policy؛ https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/hrb-trkya-fy-shmal-alraq-balarqam  


درەو:  ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم كۆی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان (نەوتی و نانەوتی) لە مانگی تەموزی 2022 كە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم گەڕاوەتەوە ( ترلیۆنێك و 106 ملیار) دینار بووە، كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگی تەموزدا (2 ترلیۆن و 106 ملیار) دینار بووە، زیاتر لە (ترلیۆنێك) دیناری بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت رۆیشتووەو(ترلیۆنێك و 106 ملیار) دیناری ماوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت.  داهاتی نانەوتی •    داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم  بۆ مانگی تەموز = (287 ملیار) دینارە (بەپێی دوا لێداوانی وەزیری دارایی هەرێم) •    یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (31 ملیار 500 ملیۆن) دینار •    پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (0) دینار داهاتی نەوت (هه‌نارده‌ی ده‌ره‌کی به‌ بۆری) •    هەرێمی کوردستان  لە مانگی تەموزی (2022)دا  بڕی (12  ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای  بەندەری جیهانی تورکیاوە. •    تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت  بۆ مانگی  تەموز (111.93) دۆلارە.  •     لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (99.93) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (12  ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل X (99.93) دۆلار = (1 ملیار و 233 ملیۆن و 136 هەزار  و 200) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (1 ملیار و 233 ملیۆن و 136 هەزار  و 200) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 788 ملیار و 47 ملیۆن و 490 هەزار) دینار. •    بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت (56%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (44%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. -    کەواتە: (1 ملیار و 233 ملیۆن و 136 هەزار  و 200) دۆلار  X (56%) = (690 ملیۆن و 556 هەزارو 272) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (690 ملیۆن و 556 هەزارو 272) دۆلار X ((1450 دینار = (1 ترلیۆن و 1 ملیار و 306 ملیۆن و 594 هەزار و 400) دینار خەرجی نەوتە. -    (1 ملیار و 233 ملیۆن و 136 هەزار  و 200) دۆلار  X (44%) = (542 ملیۆن و 579 هەزارو 728) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (542 ملیۆن و 579 هەزارو 728) دۆلار X (1450) دینار= (786 ملیار و 740 ملیۆن و 895 هەزار و 600) دینار. کۆی داهات لە مانگی تەموز 2022 (دینار) (786 ملیار و 740 ملیۆن و 895 هەزار و 600) داهاتی نەوت + (287 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (31 ملیار 500 میلۆن) هاوپەیمانان = (1 ترلیۆن و 105 ملیار و 240 ملیۆن و 895 هەزار و 600) دینار   


راپۆرت: درەو گەڕانەوە بۆ سیستەمی سەرۆكایەتیی یاخود نیمچە سەرۆكایەتیی لەگەڵ پێدانی (كۆنفیدراڵی) بە هەرێمی كوردستان، ئەمە چارەسەری هەندێك لایەنی سیاسییە بۆ ئەو دۆخەی ئەم رۆژانە عێراقی تێكەوتووە، ئەمانە سەرچاوەی كێشەكان دەبەنەوە سەر سیستەمی پەرلەمانیی. ئایا كام سیستەمی حوكمڕانی بۆ عێراق گونجاوە ؟ دوو ساڵ لەمەوبەر پلاسخارت هەوڵیدا (كۆنفیدراڵی) لە عێراق بچەسپێنێت، شكستی هێنا، دەكرێت ئێستا ئەم پرۆژەیە زیندوبكرێتەوە ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.   هەمواری دەستورو گۆڕینی سیستەم هاوكات لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی تەلاری پەرلەمان لەلایەن لایەنگرەكانییەوە، رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر تویتێكی كرد‌و تێیدا رایگەیاند" ئەمەی دەرفەتێكی مەزنە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی‌و دەستورو هەڵبژاردنەكان لە عێراق".  چوارچێوەی هەماهەنگیی هەرزوو وەڵامی سەدری دایەوە‌و رایگەیاند" هەرجۆرە هەوڵێك بۆ هەمواركردنی دەستور دەبێت لەچوارچێوەی دەستوردا بێت‌و هەر كارێك بە پێچەوانەی ئەمەوە بەزاندنی هێڵی سورەو هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی كۆمەڵاتی‌و دەسەڵاتی یاسا". هەركاتێك دۆخی سیاسی عێراق ئاڵۆزی تێدەكەوێت، قسەوباس لەبارەی گۆڕینی سیستەمی سیاسی وڵات سەرهەڵدەدات، ئەمە ساڵی 2019 رویدا كاتێك خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەر بەرپابوو، بەمدواییەش بەرلەوەی ناكۆكی ناو ماڵی شیعە بەتەواوەتی بتەقێتەوە، قسەوباس هەبوو لەبارەی گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانیی لە عێراق.  بزوتنەوەی ئیمتیداد كە نوێنەرایەتی خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبەری 2019ی عێراق دەكات وەكو یەكەم لایەنی سیاسی عێراق‌و بەشدار لە پەرلەمان، پاڵپشتی خۆی بۆ گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی عێراق لە (پەرلەمانی)یەوە بۆ (سەرۆكایەتی) یاخود (نیمچە سەرۆكایەتی)ی راگەیاند، ئەمەش لەرێگەی هەمواری دەستورەوە.  هەندێك لایەنیش باس لە (كۆنفیدراڵی) دەكەن وەكو چارەسەر بۆ دۆخی چەقبەستووی عێراق، هەندێكی تریش زیاتر دەڕۆن و باسی گەڕاندنەوەی سیستمی پاشایەتی بۆ عێراق دەكەن.    لایەنە كوردیەكان تا ئێستا بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی هەر جۆرە گۆڕانكارییەك لە سیستمی حوكمڕانی عێراق را نەگەیاندووە، رەنگە هۆكارەكەی ئەوە بێت زوو زوو ئەم جۆرە پرسانە دەوروژێنرێن و دواتر بە بێدەنگی پەردەپۆش دەكرێت.  سیستەمی حوكمڕانی لە عێراق سیستەمی ئێستای حوكمڕانی عێراق سیستەمێكی (پەرلەمانی)یە، ماددەی (1)ی دەستور دەڵێ" عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە، سیستەمی حوكمڕانییەكەی كۆماریی نوێنەرایەتی (پەرلەمانی) دیموكراتییە". لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لە ساڵی 2003‌و پەسەندكردنی دەستوری نوێ لە ساڵی 2005دا، سیستەمی پەرلەمانیی لە عێراق جێكەوت بووە، ئەم سیستەمە سەرباری ئەوەی ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی شەقام دروستكردووە‌و وەكو دەوترێت پەرەی بە پشكپشێنەی حزبی‌و تائیفی داوە، بەڵام جۆرێك لە گرەنتیشی دروستكردووە بۆ بەشداری هەموو پێكهاتەكان‌و رێگریكردن لە روخانی سیستەمەكە. بەهۆی سیستەمی پەرلەمانییەوە، لە عێراق (سەرۆك كۆمار، سەرۆكی حكومەت‌و وەزیرەكان، سەرۆك‌و ئەندامانی دادگای پێداچونەوە، سەرۆكی داواكاری گشتیی، باڵیۆزو خاوەن پلە تایبەتەكان، سەرۆكی ئەركانی سوپا‌و ئەوانەی لەپلەی فەرماندەی فیرقەدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی) لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەیان پێدەدرێت‌و هەر لە پەرلەمانیش دەتوانرێت متمانەیان لێوەربگیرێتەوە. بەڵام پەرلەمانی دوای روخانی رژێمی سەددام جگە لە سەندنەوەی متمانە لە چەند وەزیرو بەرپرسێك، سیستەمی پەرلەمانیی سەری نەكێشاوە بۆ سەندنەوەی متمانە لە هیچ سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانێك، ئەمەش بەهۆی پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت لەسەر بنەمای تەوافوق‌و پشكپشكێنە. لەدوای پەسەندكردنی دەستورو دروستبوونی یەكەمین حكومەتەوە لە عێراق چەند جارێك باسی كۆتایهێنان بە حكومەتی تەوافوقی‌و دروستكردنی زۆرینەی سیاسی كراوە، بەڵام هێشتا تەوافوق بەردەوامە‌و دواین هەوڵی سەدر بۆ دروستكردنی "حكومەتی زۆرینە" شكستی هێناو ئێستا عێراق لەناو لێكەوتەكانی ئەو بارودۆخەدایە.  سیستەمی سەرۆكایەتیی یان نیچمە سەرۆكایەتیی ؟ سیستەمی سەرۆكایەتیی ئەو سیستەمەیە كە لەسەر بنەمای جیاكردنەوەی سێ دەسەڵاتەكە (دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی جێبەجێكردن، دەسەڵاتی دادوەریی) لەیەكتر دادەمەزرێت، بەڵام دەسەڵاتێكی زیاتر بە سەرۆكی وڵات دەدات، لەم سیستەمەدا دەسەڵات دەدرێتە دەست سەرۆكێك كە لەناو خەڵكەوە بەشێوەی راستەوخۆ هەڵبژێردراوە نەك لەناو پەرلەمانەوە، ئەم سەرۆكە هەڵبژێردراوە حكومەتێك دروست دەكات بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانی خۆی، حكومەتەكە بەرپرس دەبێت لەبەردەم سەرۆكدا نەك لەبەردەم پەرلەمان، بەهۆی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەیەكتر لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا، پەرلەمان ناتوانێت حكومەت لەكاربخات یاخود هەڵیوەشێنێتەوە.  لەبەرامبەردا سیستەمی نیمچە سەرۆكایەتیی بریتییە لە تێكەڵەیەك لە سیستەمی سەرۆكایەتیی‌و سیستەمی پەرلەمانیی، لەم سیستەمەدا سەرۆك راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام ئەو حكومەتەی كە دروست دەكرێت لەناو پەرلەمانەوە متمانەی پێدەدرێت‌و هەم لەبەردەم پەرلەمان‌و هەم لەبەردەم سەرۆكی وڵاتیشدا بەرپرس دەبێت.  لەنێوان سیستەمی پەرلەمانیی‌و سەرۆكایەتیدا  بەگشتی كۆمەڵگە دیموكراتییەكان لە جیهاندا بەرەو سیستەمی پەرلەمانیی دەڕۆن، بەوپێیەی ئەم سیستەمە زۆر وردترە لە چاودێیركردن‌و لێپرسینەوە لە حكومەت تا رادەی سەندنەوەی متمانە لە حكومەت لەلایەن نوێنەرانی گەل (پەرلەمانتاران)ەوە، لەكاتێكدا هەستیان كرد حكومەت كار بەو بەرنامەیە ناكات كە لەسەر بنەمای ئەوە هەڵبژێردراوە، ئەمە بەواتای ئەوە نییە سیستەمی سەرۆكایەتیی سیستەمێكی نادیموكراتە، بەڵام بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكان پلەی لێپێچینەوە‌و چاودێریی لە سیستەمی پەرلەمانیدا زۆر بەهێزترە لە سیستەمی سەرۆكایەتیی. توێژینەوەكان دەریدەخەن، ئەگەری دروستبوونی دیكتاتۆرییەت لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا بەهێزترە لە سیستەمی پەرلەمانیی، بەجۆرێك رێژەی 80%ی ئەو وڵاتانەی سیستەمە سیاسییەكەیان سەرۆكایەتییە بوون بە وڵاتێكی دیكتاتۆری، بەڵام لەبەرامبەردا ئەوانەی سیستەمەكەیان پەرلەمانییە رێژەی 39%یان بەرەو دیكتاتۆریەت رۆیشتوون.  ئێستا كە عێراق بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانەوە توشی بنبەستی سیاسی بووە، جارێكی تر قسەوباس لەبارەی ئەوەی سیستەمی سەرۆكایەتیی لە سیستەمی پەرلەمانیی باشترە، سەریهەڵداوەتەوە، بەبێ ئەوەی بەراوردكاریی ورد بۆ هەردوو جۆرە سیستەمەكە‌و ئاستی گونجانیان لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراقدا بكرێت‌و ئەزموونی وڵاتانی تر لەم بوارەدا لەبەرچاو بگیرێت.  جیاوازی جەوهەریی لەنێوان سیستەمی پەرلەمانیی‌و سەرۆكایەتیدا  هەیە، دەتوانرێت جیاوازییەكان لەم خاڵانەدا كورت بكرێتەوە:  •    سیستەمی پەرلەمانیی بەردەوام پشت بە بەدەستهێنانی متمانەی نوێنەرانی گەل لە پەرلەمان دەبەستێت، دەكرێت لە هەركاتێكدا حكومەت یان پەرلەمان هەڵوەشێندرێتەوە ئەگەر ئەركی خۆیان بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی رایانگەیاندووە ئەنجام نەدا، ئەمە وادەكات حكومەت‌و پەرلەمان بەردەوام كار بۆ ئەوە بكەن رەزامەندی دەنگدەران بەدەستبهێنن، بەڵام سیستەمی سەرۆكایەتیدا ناتوانرێت حكومەت لەكاربخرێت تا ئەوكاتەی ولایەتی سەرۆكی وڵات كۆتایی دێت‌و هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت، ئەوە راستە لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا دەكرێت سەرۆك لە پۆستەكەی لاببرێت ئەگەر سەرپێچییەكی گەورەی یاسایی‌و دەستوریی كرد، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پەرلەمان‌و كۆنگرێسەكان لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا توانای لابردنی سەرۆكی وڵاتیان نییە لە پۆستەكەی، چونكە سەرۆكیش وەكو ئەوان بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردراوە، بۆیە لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا كاتێك سەرۆكی وڵات‌و پەرلەمان دەكەونە ناكۆكییەوە، هەندێكجار كاروباری دەوڵەت بەتەواوەتی پەكی دەكەوێت.   •    كێشەیەكی تری سیستەمی سەرۆكایەتیی ئەوەیە ولایەتی سەرۆكایەتی چوار ساڵە (لە فەڕەنسا پێنج ساڵە)‌و سەرباری ئەمە سەرۆك بۆی هەیە بۆ ولایەتی دووەمیش خۆی كاندید بكاتەوە، زۆرجار سەرۆكەكان لە ولایەتی دووەمدا بە ئازادییەكی زیاترەوە بڕیار دەدەن‌و بەهۆی ئەوەی بۆ ولایەتی سێیەم نامێننەوە، بۆیە لە ولایەتی دووەمدا زۆر گوێ لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانیان بۆ دەنگدەران نادەن. •    لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا سەرۆكی وڵات راستەوخۆ لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی حكومەت لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێن، هەڵبژاردنی سەرۆك بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەناو گەلەوە هێزێكی هاوتای هێزی پەرلەمانی پپێدەدات‌و وای لێدەكات گوێ بۆ قسەی پەرلەمان نەگرێت، چونكە وای دەبینێت ئەو راستەوخۆ دەسەڵاتی لە گەل وەرگرتووە‌و ملیۆنان دەنگدەر پاڵپشتی دەكەن‌و پێویستی بەوە نییە رەزامەندی پەرلەمان وەربگرێت، بەڵام سەرۆك وەزیران لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا لەو بڕیارانەی كە دەریاندەكات وابەستەیە بە رەزامەندی پەرلەمان، ئەمە بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە متمانەی خۆی بكات، بەتایبەتیش ئەگەر حزبەكەی زۆرینەی لەناو پەرلەماندا نەبێت كە پاڵپشتی هەنگاوەكانی بكات‌و رێگری لەوە بكات متمانەی لێوەربگیرێتەوە، سەرۆكی وڵات بە بەپێچەوانەی سەرۆك وەزیرانەوە نەك بێدەسەڵات نییە بەرامبەر بە پەرلەمان، بەڵكو لە هەندێك باردا خۆی وەكو دیكتاتۆرێك نمایش دەكات، لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا تەنانەت دەكرێت سەرۆك وەزیرانیش بەرەو دیكتاتۆریەت بڕوات ئەگەر حزبەكەی زۆرینەی لەناو پەرلەماندا هەبێت (بە نمونە ئەوەی لەسەردەمی مارگرێت تاچەر لە بەریتانیا روویدا). •     لە سیستەمی پەرلەمانیدا بڕیارەكان لەناو ئەنجومەنی وەزیران بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی حكومەت دەدرێت‌و سەرۆك وەزیران وەكو هەر وەزیرێكی كابینەكەی خاوەنی یەك دەنگە‌و ناتوانێت بۆچونی خۆی بەسەر ئەندامانی حكومەتدا بسەپێنێت، ئەمە لەكاتێكدایە لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا سەرۆكی وڵات بەتەنیا خۆی بڕیاردەرە تەنانەت ئەگەر هەموو ئەندامانی حكومەتەكەش دژی بڕیارەكەی بن، ئەمەش هەمووی لەبەر رۆشنایی ئەوەی سەرۆك بەشێوەی راستەوخۆ هەڵبژێردراوە‌و گەل دەسەڵاتی پێداوە.  •    لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا دەكرێت سەرۆك هەر كەسێك لە حكومەتەكەی دابمەزرێنێت یاخود دوری بخاتەوە بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ نوێنەرانی گەل (پەرلەمان)، بەڵام دانانی كەسەكان دەخاتە بەردەم  پەرلەمان بەمەبەستی دەربڕینی رەزامەندیی، لە هەموو حاڵێكیشدا دەبێت پەرلەمان رەزامەندیی لەسەر بدات (مەگەر لە حاڵەتێكی دەگمەندا)، چونكە لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا پەرلەمان دەیەوێت روبەڕووی سەرۆك نەوەستێتەوە، چونكە لەم حاڵەدا كێشە بۆ ئەو یاسایانە دروست دەبێت كە پەرلەمان دەریاندەكات، بەوپێیەی سەرۆك رەزامەندی لەسەر یاسا دەركراوەكانی پەرلەمان دەدات.  •    جیاوازییەكی دیاری سیستەمی سەرۆكایەتیی‌و پەرلەمانیی ئەوەیە، لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا ئەو گەلانەی كە فرە پێكهاتەن لەڕووی ئیتنیكییەوە‌و كێشەیان هەیە، ئەو كەسەی دەبێت بە سەرۆكی وڵاتەكەیان لە هەموو حاڵێكدا نوێنەرایەتیی پێكهاتەیەكی دانیشتوان دەكات، سەرۆك بەو دەسەڵاتە زۆرانەوە لەتوانایدایە پێكهاتە نەتەوەیی‌و ئاینییەكانی تری وڵاتەكە پەراوێز بخات، یاخود بەشێوەیەكی خۆبەخۆ ئەو پێكهاتانەی تر هەست بە پەراوێزخستن دەكەن، هەستكردنی بەشێك لە پێكهاتەكانی هەر كۆمەڵگەیەك بەشێوەیەكی گشتی دەكرێت سەربكێشێت بۆ ناساقامگیربوونی دۆخی ئەو دەوڵەتە، بۆ دەوڵەتێكی وەكو عێراق خۆی لە بنەڕەتەوە لە ناسەقامگیریی سیاسییدا كەمی نییە  تاوەكو بە سیستەمی سەرۆكایەتیی نائارامییەكە زیاتریش بكات.  •    یەكێك لە گرفتەكانی تری سیستەمی سەرۆكایەتی ئەوەیە، سەرۆك هەمیشە هەست بەوە دەكات دەسەڵاتی لە گەلەوە وەرگرتووە‌و ئەمەش هەستی دیكتاتۆربوون لەناو سەرۆكەكاندا دروست دەكات، ئەمە هۆكارەكەیە ئەو وڵاتانەی كە سیستەمەكەیان سەرۆكایەتییە هەوڵدەدەن دەسەڵاتەكانی سەرۆكی وڵات كەمبكەنەوە (نمونە ئەوەی ساڵی 1982 لە پرتوگال كرا). لە نەمساو ئایرلەنداو ئایسلەندا سیستەمی سەرۆكایەتیی هەیە، بەڵام سەرۆك لەزۆرینەی حاڵەتەكاندا لاوازە‌و سیستەكەیان زیاتر وەكو پەرلەمانیی كاردەكات، تەنانەت لە سیستەمیی سەرۆكایەتیی ئەمریكاشدا ئەگەر لە هەڵبژاردن هیچ یەكێك لە كاندیدەكان زۆرینەی روونیان نەهێنا، بەگوێرەی دەستور سیستەمەكە دەگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتیی، بەڵام ئەمە بارودۆخێكە كە زۆر بە دەگمەن روودەدات.  •    سیستەمی سەرۆكایەتی فەڕەنسا ئەویش بۆخۆی دەگمەنە‌و هەندێك دەوڵەت هەن هەوڵیانداوە لاسایی بكەنەوە، چونكە سیستەمی سەرۆكایەتیی فەڕەنسا سەرۆكێك بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە لەخۆدەگرێت بەڵام قەبارەی دەسەڵاتەكانی لەسەر ئەوە راوەستاوە پارتەكەی زۆرینە لە پەرلەمان بەدەستبهێنێت، لەحاڵێكدا سەرۆك پاڵپشتی پەرلەمان لەدەستدەدات، زۆرینەی دەسەڵاتەكانی دەچێت بۆ سەرۆك وەزیران كە لەلایەن پارتێكی ئۆپۆزسیۆنەوە دادەنرێت، لەم حاڵەتەشدا جۆرێك لە پێكەوەژیان‌و پێكەوەهەڵكردن لەنێوان سەرۆكی وڵات‌و سەرۆك وەزیراندا دروست دەبێت (وەكو ئەوەی ساڵی 1986 رویدا كاتێك لەسەردەمی سەرۆك میتەراندا پارتی سۆسیالیست زۆرینەی لە پەرلەمان لەدەستدا‌و جاك شیراك لە پارتی دیگۆلیی بوو بە سەرۆك وەزیران بە دەسەڵاتێكی زیاترەوە لە دەسەڵاتی سەرۆك، ئەم حاڵەتە ساڵی 1993‌و 1997 لەفەڕەنسا دووبارە بووەوە).  سیستەمی سەرۆكایەتیی بۆ عێراق دەبێت ؟ عێراق كە لەساڵی 2003‌و كەوتنی رژێمی بەعسەوە لە سیستەمی سەرۆكایەتیی‌و دەسەڵاتی تاكەكەسیی (سەددام‌و  خێزانەكەی) رزگاری بووە‌و هێشتا پرۆسەی دیموكراتی تێیدا نەخەمڵیوە، هەرجۆرە گەڕانەوەیەك بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی رەنگە ببێتە هۆكاری گەڕانەوەی دیكتاتۆریەتی پێكهاتەیەك بەسەر ئەوانی ترەوە.  شارەزایان پێیانوایە هێشتا سیستەمی سەرۆكایەتیی بۆ عێراق گونجاو نییە، ئەمەش بەهۆی ئەو فرەییە كەلتوری‌و سیاسی‌و نەتەوەیی‌و ئاینی‌و مەزهەبییەی لە كۆمەڵگای عێراقیدا هەیە، بەجۆرێك دەكرێت هەر سەرۆكێك كە بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵبژێردرێت سەر بۆ دیكتاتۆریەت بكێشێت‌و سەرۆك جڵەوی هەموو جومگە ئەمنی‌و داراییەكانی دەوڵەت بكات (ئەمە لەسەردەمی ولایەتی سەرۆكایەتی نوری مالیكیدا تێبینی كرا)‌و دواجار عێراق رابكێشێتەوە ناو كارەساتەكانی رابردووی زیاتر لەوەی لە كارەساتی ئێستای رزگاری بكات.  سەرباری كەموكورتییەكانی، هێشتا سیستەمی پەرلەمانی لە عێراقدا وەكو گەرەنتی تەماشادەكرێت بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی دیكتاتۆریەت.     كۆنفیدراڵی بۆ عێراق هاوكات لەگەڵ ئەو قەیرانە سیاسییەی لە عێراق سەریهەڵداوە، هەندێك كەس لەناو ماڵی شیعەكانەوە باس لە جێبەجێكردنی پرۆژەی كۆنفیدراڵی دەكەن بۆ دەربازكردنی عێراق لەو دابەشبوونە سیاسییەی كە رووبەڕووی بوەتەوە، واتە خوازیارن عێراق لە وڵاتێكی فیدراڵییەوە بكرێت بە كۆنفیدراڵیی، هەرێمی كوردستان تاكە هەرێمی فیدراڵی دوای رووخانی رژێمی سەددامە، رەنگە كورد سودمەندی یەكەمی پرۆژەی (كۆنفیدراڵی) بێت، ئەگەر جێبەجێ بكرێت.   دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی‌و دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەكو سەرۆك وەزیرانی عێراق، جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە  عێراق، پرۆژەیەكی هەبوو بۆ كۆنفیدراڵی لە عێراق، بەڵام هەرزوو لایەنە عێراقییەكان پرۆژەكەیان رەتكردەوە.  تەموزی 2020 پلاسخارت جموجوڵ‌و سەردانە سیاسییەكانی زیاتر كرد، ئەوكات سەرچاوە ئاگادارەكان باسیان لەوە دەكرد، نەتەوە یەكگرتووەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی كۆمارو حكومەتی عێراق نەخشەرێگایەكی "گشتگیر"ی بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدادو هەرێمی كوردستان ئامادەكردووە. وەكو باسدەكرا، پرۆژەكە داوای جێبەجێكردنی سیستمی "كۆنفیدراڵی"ی دەكرد لە عێراقدا، بەپێی پرۆژەكە، لەنێوان ئەو حكومەتانەی كە لە عێراقدا هەن هەندێك دەسەڵاتی وەكو ئابوری‌و دارایی‌و گومرگەكان ئازاد دەكرێن‌و بڕیار بەكۆی دەنگ دەدرێت، ئەگەر یەكێك لە حكومەتەكان بڕیارەكە لە بەرژەوەندی ئەو نەبوو، دەتوانێت پابەند نەبێت بە جێبەجێكردنییەوە. واتە پلاسخارت هەوڵی دەدات عێراق لە وڵاتێكی (فیدراڵی)یەوە بكات بە وڵاتێكی (كۆنفیدراڵی)، مەسعود بارزانی لەوانە بوو كە پاڵپشتی لە پرۆژەكە دەكرد، بەڵام هەرزوو پرسی كۆنفیدراڵی لەلایەن لایەنە عێراقییەكانەوە رەتكرایەوە‌و هەوڵەكە بە شكست كۆتایی هات.  هەر هەوڵێكی نوێ بۆ پێدانی كۆنفیدراڵی بە كورد، رەنگە روبەڕووی ناڕەزایەتی وڵاتانی دراوسێ (توركیاو ئێران) ببێتەوە.   


راپۆرت: درەو سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) بە نهێنی بەرزە موچە "تەرفیع"یان بۆ فەرمانبەرانی خۆیان كردەوە.  ئەم بڕیارەی سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم كە لە شوباتی ئەمساڵەوە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، تەنیا (2 هەزارو 304) فەرمانبەری گرتووەتەوە لەكۆی (752 هەزار) فەرمانبەر كە لە (2016) ەوە پلەبەرزكردنەوە "تەرفیع"یان راگیراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە پارەی پاشەكەوتی موچە، نزیكەی (4 ترلیۆن) دیناری پارەی بەرزەموچە "تەرفیع"ی فەرمانبەران قەرزارە. "تەرفیع"ی سێ سەرۆكایەتیەكە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی حكومەت) لەسەرەتای ئەمساڵەوە بە شێوەیەكی نهێنی پلەبەرزكردنەوە (ترفیع)یان بۆ فەرمانبەرانیانكرد. ئەم بڕیارەی سێ سەرۆكایەتیەكە لەكاتێكدا سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم داوای پێدانەوەی بەرزەموچە ( ترفیع) دەكەن، كە بە پێی یاسا مافی فەرمانبەرانەو لە ساڵی 2016 ەوە بە بڕیارێك راگیراوە.  كابینەی نۆیەم (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) یاسای چاكسازیان تێپەڕاندوو لەو یاسایەدا توانراوە هەندێك لە جیاوازی موچە لە نێوان پلە تایبەتیەكان و فەرمانبەرانی ئاسایی كەم بكەنەوە، بەڵام بە بڕیارەكەیان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەریانیان جیاوازیان لە نێوان فەرمانبەرانی وەزارەتەكاندا درووستكردووە.   ژمارەی فەرمانبەرانی سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم: سەرۆكایەتی هەرێم: (598) فەرمانبەری هەیەو كۆی موچەی مانگانەی سەرۆكایەتی هەرێم (ملیارێك و 155 ملیۆن) دینارە. سەرۆكایەتی پەرلەمان: ( 620) فەرمانبەری هەیە كۆی موچەی مانگانەی پەرلەمانی كوردستان ( ملیارێك و 820 ملیۆن) دینارە. سەرۆكایەتی حكومەت: ( هەزارو 86) فەرمانبەری هەیە كۆی موچەی مانگانەی ئەنجومەنی وەزیران (  ملیارێك و 630 ملیۆن) دینارە.  كۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانەی لە بڕیارەكە سودمەندن، تەنیا (2 هەزارو 304) فەرمانبەرن لەكۆی (752 هەزار) فەرمانبەری گشتی.  كاتێك بڕیار شوێنی یاسا دەگرێتەوە شوباتی ساڵی 2016 كە هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت‌و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم‌و خەرجییەكانی شەڕی "داعش"ەوە بە قەیرانێكی دارایی سەختدا تێدەپەڕی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك "بەرزەموچە"ی فەرمانبەرانی راگرت كە لەناو فەرهەنگی فەرمانبەراندا بە "تەرفیع" ناسراوە. ئەوەی كابینەی پێشوو كردی، راگرتنی یاسا بوو بە بڕیار، ئەمە بۆ یاساناسان بابەتێكە كە زۆر جێگای تێبینی-یە، بەرزەموچەی فەرمانبەران بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت. بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەی فەرمانبەران هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری بڕینی موچەی فەرمانبەران بەرێژەی (25% بۆ 75%) لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە"، كابینەی پێشوو بەرلەوەی وادەكەی تەواو ببێت، بەدوو قۆناغ‌و لە ئازاری 2018‌و ئازاری 2019دا بە یەكجاری پاشەكەوتی موچەی هەڵگرت، بەڵام بڕیاری راگرتنی بەرزەموچە وەكو خۆی مایەوە، بەڵام لە كابینەی نۆیەمدا (12) مانگ موچە بە لێبڕینی (21%) دابەشكراوە. بەمدواییە پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت یاسایەكی بەناوی "چاكسازی" پەسەندكرد، بەڵام ناوەڕۆكی یاساكە بە هیچ جۆرێك نەچووە بەلای بابەتی بەرزەموچەی فەرمانبەراندا، تائێستا چارەنوسی ئەم دۆسیەیە بە ناڕوونی ماوەتەوە‌و فەرمانبەران چوار ساڵی تری تەمەنی خزمەتی وەزیفییان بەڕێدەكەن بەبێ ئەوەی بەرزەموچەیان بۆ بكرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی بەشێكی زۆری فەرمانبەران لە ساڵی دەرچوونی بڕیارەكە‌و ساڵانی دواتریشدا وادەی ئەوەیان هەبووە بەرزەموچەیان بۆ بكرێت‌و بۆیان نەكراوە، ئەمەش وەكو پاشەكەوتنی موچە بەقەرز لەسەر حكومەت ماوەتەوە‌و نازانرێت چۆن چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە. هەوڵێك لە پەرلەمانەوە رۆژی 28ی مانگی رابردوو (36) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كرد‌و ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد، ئەو پەرلەمانتارانە لە نوسراوەكەیاندا دەڵێن ئێستا دۆخی دارایی حكومەت باش بووە، بۆیە دەبێت ئەو مافە یاساییە (بەرزەموچە) بۆ فەرمانبەران بگەڕێتەوە. یاسای چاكسازی كە بە پلەی یەكەم بۆ گەڕاندنەوەی بڕێك داهاتی بەهەدەردراو بوو بۆ حكومەت، لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكرایەوە، بەمەش كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، روون نییە یاساكە چەندێك داهات بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە، بەڵام هەر داهاتێك كە بەهۆی ئەو یاسایەوە دەگەڕێتەوە، دەبێت سەرەتا ئەو بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی بەكاربهێنرێت، چونكە لە یاساكەدا ئەولەویەت بەم بابەتە دراوە نەك گەڕاندنەوەی بەرزە موچەی فەرمانبەران. تێچووی بەرزە موچە چەندە ؟ دیارنییە ئاخۆ حكومەت لەسەر داوای پەرمان بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی بەرزەموچەی فەرمانبەران دەدات یاخود نا، چونكە ئەمە بەپلەی یەكەم بەندە بە تێچووی خەرجكردنی بەرزەموچەوە‌و ئەو قەرزانەی كە بەهۆی بەرزەموچەوە لەماوەی رابردوودا لەسەر حكومەت ماونەتەوە‌و بە فەرمانبەرانی نەداوە. لەدوای دەرچوونی بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەوە، بەتێكڕا هەموو فەرمانبەران بەهۆی ئەو بڕیارەوە دوو بەرزەموچە "تەرفیع"یان فەوتاوە، ئەمە هاوشێوەی پاشەكەوتی موچە قەرزێكە كە لەسەر حكومەتی هەرێمە‌و دەبێت بگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانبەران. بەهای ئەو قەرزەی بەرزەموچە كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، بەڵام لە نوسینێكدا عومەر گوڵپۆ ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات: بڕیاری راگرتنی بەرزەموچە مانگانە زیانی گەورە بە نزیكەی (700 هەزار) فەرمانبەر دەدات، بڕی ئەو پارەیەی كە زیانە بۆ هەر فەرمانبەرێك لە نێوان (60 تا 300) هەزار دیناری مانگانەیە. ئەگەر بۆ هەر فەرمانبەرێك بە تێكڕا تەنیا (60 هەزار) دینار مانگانە ئەژمار بكرێت بۆ بەرزە موچە، ئەوا بۆ (752 هەزار) فەرمانبەر لەكۆی (ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆر، دەكاتە (45 ملیار) دیناری مانگانە، بەهای ئەو پارەیە لە (2016 -2022) زیاترە لە (4 ترلیۆن) دینار، واتە لەحاڵی بڕیارداندا لەسەر گەڕاندنەوەی پارەی بەرزەموچە، دەبێت حكومەت سەرەتا خۆی بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزانە ئامادە بكات، یاخود دەستبكات بە پێدانەوەی بەرزەموچەو قەرزی بەرزە موچە وەك قەرزی پاشەكەوتی موچە لای حكومەت بمێنێتەوە.   یاسین واحید سەرۆكی دیوانی وەزارەتی دارایی‌و ئابوری لە لێدوانێكی پێشتریدا بۆ (درەو) رایگەیاند، تائێستا هیچ خەمڵاندنێكیان نەكردووە لەبارەی ئەوەی ئەگەر بەرزەموچە گەڕێندرایەوە چەندێك لە فەرمانبەران سودمەند دەبن لێی‌و خەرجی كۆی گشتی چەندێكە، بۆیە وتنی هەر ژمارەیەك لەوبارەیەوە شتێكی ناڕاست دەردەچێت. بەرزەموچە چییە ؟ بەپێی یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت‌و كەرتی گشتی عێراق بەرزەموچە بریتییە لە " گواستنەوەی پلەی وەزیفی فەرمانبەر لە كارەكەیدا بۆ پلەیەكی بەرزتر لە پلەكەی خۆی بەگوێرەی پلەبەندی وەزیفی". بەپێی ھەردوو یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە ٢٤ ساڵی ١٩٦٠ و یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە ٢٢ ساڵی ٢٠٠٨، پلە بەرزكردنەوە (الترفیع) وەك مافێكی فەرمانبەر جێگیركراوەو مافێكی یاساییەو بەپێی چەند مەرج و ڕێوشوێنێكی كارگێڕی پێویستە هەر فەرمانبەرێك چوار یان پێنج ساڵ جارێك بە پێی پلەو ئاستی فەرمانبەرێتی، پلەكەی بەرزبكرێتەوە بۆ پلەیەكی نوێ، كە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە جیاوازی هەیە لەگەڵ پلەی پێشوو. بۆ پلەبەرزكردنەوە بەپێی یاسا دەبێت ئەم مەرجانە جێبەجێ ببن ئینجا پلەبەرزكردنەوە دەكرێت: •    شوێنی بەتاڵ هەبێت لەو پلە وەزیفیەی كە فەرمانبەرەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە، لە فەرمانگەكەدا. •    ئەو ماوەیە تەواوبووبێت كە بۆ تەرفیع دانراوە. •    فەرمانبەر مەرج‌و پێداویستی داواكراوی تێدا بێت بۆ وەرگرتنی ئەو ئەركەی كە پلەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە. •    تواناو لێهاتووی فەرمانبەر بسەلمێندرێت لە بەڕێوەبردنی ئەو ئەركەی كە پلەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە. راگرتنی بەرزەموچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ناتوانێت بەراورد بكرێت بە بڕیاری پاشەكەوتی موچە، چونكە پاشەكەوتی موچە هاوشێوەی قەرزێكە كە هی فەرمانبەرانە‌و كەوتوەتە سەرشانی حكومەت‌و پێدانەوەی لە ئێستادا یاخود كاتێكی تر كێشەی گەورە بۆ كاری فەرمانبەران دروستناكات، بەڵام بڕینی بەرزەموچە كێشەی بۆ پلەبەندی كاری فەرمانبەران دروستدەكات، بەتایبەتی بۆ تەمەنی خانەنشینی. قەرزەكانی فەرمانبەران لای حكومەت لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان (31 ملیارو 637 ملیۆن) دۆلار كە دەكاتە ( 45 ترلیۆن) دینار، لەو بڕە قەرزە، كە حكومەت بە پابەندی دارایی ناوی دەبات (8 ملیارو 966 ملیار) دینار پاشەكەوتی موچەیە كە دەكاتە ( 13 ترلیۆن و 270 ملیار) دینار، كە پارەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەرانە لەماوەی ساڵانی (2015 بۆ 2019)، ئەمە سەرباری قەرزی تایبەت بە بەرزە موچەی فەرمانبەران كە نزیكەی (4 ترلیۆن) دینارە ئەژمار بكرێت، قەرزی فەرمانبەران لەسەر حكومەت بۆ (17 ترلیۆن) دینار بەرزەدەبێتەوە. لە ساڵی 2014وە حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نییە، بۆیە پەرلەمان كە چاودێرە لەسەر حكومەت بەدیاریكراوی شێوازی دەستخستنی داهاتەكان‌و چۆنیەتی خەرجكردنیان لەلایەن حكومەتەوە نازانێت، بۆیە پێدانەوەی قەرزی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە بابەتێكە كە ناتوانرێت پێشبینی بكرێت.


درەو: شۆڕشنامە مەسعود بارزانی لە كتێبی (بارزانی‌و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد) بەم شێوەیە باس لە جینۆسایدی بارزانیەكان دەكات.  بەمەبەستی كەمكردنەوەی گوشار لەسەر بەرەكانی ناوەڕاست‌و باشوور، ئێران بڕیاری دا بەرەیەكی نوێ‌ لە میحوەری حاجی ئۆمەران بكاتەوە لەژێر ناونیشانی (وەلفەجری دوو)، بۆ ئەم مەبەستەش پلانی گرتنی بەرزاییەكانی حاجی ئۆمەرانی داڕشت، بەپێی پلانەكە هێزەكانیان تا گەڵاڵە دادەبەزین بە مەبەستی كردنەوەی ڕێی قەسرێ‌ بۆ ناودەشت. سەرهەنگ شیرازی‌و موحسین ڕەزایی سەردانی خانێیان كرد، بەمەبەستی باس‌و گفتوگۆ لەسەر پلانەكەیان‌و داوای چاوپێكەوتنی منیان كرد. لە بەشێكی دیدارەكەدا داوای بەشداریی پێشمەرگەیان لە هێرشەكەدا كرد، لە وەڵامدا بۆم روون كردنەوە كە پێشمەرگە ناتوانێت راستەوخۆ بەشداری لە هێرشەكەدا بكات، چونكە هێزی گەورە، ئیمكاناتی پێویست‌و ئەزموونی شەڕی سەربازیی گەورەمان نییە، شەڕی ئێمە شەڕی پارتیزانییە. پێشم گوتن، ئێمە هێز دەنێرین بۆ ناوچەی ناودەشت‌و بەمەش ئێوە لەلایەكی بەرەی شەڕ دڵنیا دەبن‌و بۆ ئێمەش دەرگایەكی گەورە بەرەو ناوچەكانی رواندزو قەڵادزێ‌ دەكرێتەوەو ...، لەلای بەرەی رۆژئاواش، واتا لای سیدەكان، هێزمان هەیەو هەر هەڕەشەو مەترسییەك لەو دوو ڕێیەوە بۆتان بێت، پێشمەرگە بەریان پێ‌ دەگرێت‌و ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، چونكە دیاربوو مەترسی ئەوەیان هەبوو لە دوولاوە هێرشیان بكرێتە سەر، بۆیە بەم وەڵامەی من زۆر خۆشحاڵ بوون. رۆژی 20ی تەمووزی 1983، هێرشی ئێران بۆ بەرزاییەكانی باكوورو باشوور‌و ڕۆژئاوای حاجی ئۆمەران دەستی پێ‌ كرد. هێزەكانی ئێران لەلایەن سەییاد شیرازی فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای ئێران‌و موحسین ڕەزایی فەرماندەیی دەكران. هێزەكانی عێراقیش لەلایەن فەریق ڕوكن نەعمە حوسێن فارس ئەلمحیاوی فەرماندەی فەیلەقی پێنجەوە سەرپەرشتیی دەكران. ئێران سەرەتا لە زۆر شوێن سەركەوتنی بەپەلەیان بەدەست هێناو بەرزاییەكانیان گرت، بەڵام لەناو خودی حاجی ئۆمەران‌و شەقامەكەی بۆ دەربەند، عێراق بەرگرییەكی توندی كرد، بەڵام دوای شەڕێكی قورس حاجی ئۆمەران تا ڕایات‌و بەرزاییەكان بە تەواوی كەوتنە دەست ئێران. دوای گرتنی ناوچەكە هەر زوو ناوی شوێنەكانیان گۆڕی‌و ناوی خۆیان لەسەر دانان.  ئێران نەیتوانی لە ڕایات بچێتە خوارتر... شەڕی گەورە دواتر لە گردمەندیل ڕوویدا... زیانی گیانی عێراق‌و ئێران لە گردمەندیل لە پێنج هەزار كەس زیاتربوو. هەرچەندە شكستەكەی سەددام بەرانبەر بە ئێران، شكستێكی گەورە نەبوو، بەڵام كردی بە بیانوو بۆ تاوانە مێژوییەكەی بەرانبەر بە بارزانییەكان‌و لە ڕۆژی 31ی تەمووزی 1983دا هەشت هەزار كەسی بارزانی لە تەمەنی 12 تا 90 ساڵان جینۆساید كرد. * مەسعود بارزانی: بارزانی‌و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەرگی چوارەم (1975 - 1990)، شۆڕشی گوڵان، بەشی دووەم، لاپەڕەكانی (202 – 206).  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand