رێككەوتنە داراییەكەی پارتیو یەكێتیی كەوتە بواری جێبەجێكردن
2023-08-03 15:32:51
(درەو):
رێككەوتنە داراییەكەی نێوان پارتیو یەكێتیی لەبارەی بەڕێوەبردنی داهاتو خەرجییەكان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێی ئەم رێككەوتنە بوو كە تیمی یەكێتیی كۆتایی بە بایكۆت هێناو گەڕایەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت.
وەزارەتی دادی هەرێمی كوردستان، ژمارە (307)ی رۆژنامەی وەقایعی كوردستانی بڵاوكردەوە، رۆژنامەكە ژمارەیەك بڕیاری تێدا تۆمار كراوە كە لەكاتی بڵاوبونەوەیانەوە دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، یەكێك لەوانە بڕیاری ژمارەی (216)ی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی وەزیرانە لەبارەی (بەناوەندیكردنی داهات سیولە- خەرجییەكان موچە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان).
ئەم بڕیارە دوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دوای 6 مانگ لە بایكۆت دەركرا، قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی ئەوكات كۆبونەوە، یەكێتیی وەرەقەیەكی دارایی خستە بەردەم پارتیو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە كۆبونەوەی 24ی ئایاری ئەمساڵی حكومەتدا پەسەندی كردو كرا بە بڕیار.
بەپێی ئەم رێككەوتنە كە كراوە بە بڕیار، دوای بڕیاری بە لامەركەزیكردنی كۆكردنەوەی داهاتو خەرجییەكان لەسەرەتای كابینەی نۆیەمدا، جارێكی تر لەسەر داوای یەكێتیی بابەتی (داهات- نەختیە- خەرجی- موچە) بەناوەندی كرانەوە.
یەكێتیی كە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەدەست نەمانی نەختینە لە بانكەكان لەكاتی دابەشكردنی موچەدا گیری خواردبوو، لەم رێككەوتنەدا پارتی قایل كرد بەوەی ئیتر بابەتی موچە بكرێت بە خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان.
دەقی بڕیاری حكومەتو رێككەوتنەكە: