گۆڕان لەنێوان پارتیو یەكێتیدا گیری خواردووە
2023-07-29 12:46:41
(درەو):
بزوتنەوەی گۆڕان ئۆفەری هاوپەیمانێتیی لەلایەن پارتیو یەكێتیو جوڵانەوەی نەوەی نوێو لاهور شێخ جەنگییەوە پێگەیشتووە، بەڵام هێشتا خۆی یەكلانەكردوەتەوە، 30 ئەم مانگە وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆتایی دێت، ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بڕیاری خۆی لەوبارەیەوە ئامادە دەكات.
جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، راسپاردەی خۆی لەبارەی یەك لیستی لایەنە كوردییەكان لە كەركوكو ناوچەكانی ماددەی 140ی ئاڕاستەی جڤاتی نیشتمانی كرد. جڤاتی نیشتمانی كە باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ كۆدەبێتەوەو بڕیاری خۆی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئامادە دەكات.
جڤاتی گشتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا وەكو ئەنجومەنی پیرانە، جڤاتی نیشمانیش ئهنجومهنی نوێنهرانی بزوتنەوەكەیە، كۆبونەوەی ئەم دوو ئۆرگانەی گۆڕان لەكاتێكدایە بڕیاری ئەم هەفتەیە جارێكی تر مەكتەبی سیاسی پارتیو یەكێتیی لەبارەی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆببنەوە.
پێشبینی دەكرێت ئەمڕۆ جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ بڕیارێك لەبارەی یەك لیستی لە ناوچە جێناكۆكەكان نەداتو چاوەڕوانی دەرەنجامی كۆبونەوەكەی پارتیو یەكێتیی بێت.
چڕبونەوەی كۆبونەوەی حزبەكان لەكاتێكدایە، رۆژی 30ی ئەم مانگە وادەی تۆماركردنی ناوی لیستو هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كۆتایی دێتو لایەنە كوردییەكان هێشتا نەگەیشتونەتە هیچ رێككەوتنێك.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن پارتیو یەكێتییو جوڵانەوەی نەوەی نوێو لاهور شێخ جەنگییەوە دەستپێشخەریی پێگەیشتووە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەڵام گۆڕان خوازیارە لە هاوپەیمانێتییەكدا بەشدار بێت كە پارتیو یەكێتیی تێدا بن، نەك هەریەكەیان لە بەرەیەك بن.
بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بەشدارەو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، لە حكومەتی خۆجێی سلێمانیش هاوبەشی یەكێتییو نایەوێت بۆ هەڵبژاردن بكەوێتە بەرامبەر هیچ یەكێك لەم دوو حزبە سەرەكییەوە، بەهۆی دابەزینی ئاستی جەماوەریشەوە، نایەوێت بە تەنیا بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە.