Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

  درەو: ڕاپۆرتی فەرمانگەی توێژینەوەی ئەنجومەنی نوێنەران  # تۆمارکردنی شێرپەنجە لەڕووی دابەشبوونی جوگرافی بەپێوەری دابەشکردنی دانیشتوان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک، ئەوا؛ پارێزگای کەربەلا پلەی یەکەم دەگرێت بە (107.92) حاڵەت، پارێزگای هەولێر (105) حاڵەت و سلێمانیش پلەی سێیەم دەگرێت بە (102.66) حاڵەت. #  تێکڕای توشبووان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک بۆ ڕەگەزی (نێر) سلێمانی بەرزترین ڕێژەی توشبووی بە جۆرەکانی شێرپەنجەی تێدا تۆمار کراوە، بە پێچەوانەی پارێزگای کەرکوک کەمترین ڕێژەی توشبووی تێدا تۆمار کراوە. # بەسرە زۆرترین بڕی شێرپەنجەی منداڵانی تێدا تۆمارکراوە، کەمترینیش لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی تۆمارکراوە. # پیاوان زۆتر توشی جۆرەکانی شێرپرنجەی (سییەکان، پرۆستات، قۆڵۆن و جگەر) دەبنەوە، ئافرەتانیش زیاتر توشی جۆرەکانی شێرپەنجەی (مەمک، خانە شێرپەنجەییەکانی قۆڵۆن، سییەکان و کۆئەندامی زاوزێ) دەبنەوە. پوختە شێرپەنجە، یەکێک لە ترسناکترین نەخۆشییەکانی سەردەم، گەورەترین ئاڵنگارییە کە تائێستا پێشکەوتن و گەشەسەندنە زانستی و تەکنۆلۆژییەکانی بواری زانستە پزیشکی و تەندوستییەکان لەبەرامبەریدا دۆشداماون. تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە یەکێکە لەو گرفتە سەرەکییانەی لە جیهاندا بەشێوەیەکی گشتی و لە عێراق بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی دوایدا، لەڕووی رێژەی بەرزبوونەوەو فراوانبوونی ژمارەی توشبووان بۆ نێو سەرجەم ئاست و تەمەنە جیاوازەکان و بەتایبەتیش شۆڕبونەوەی بۆ نێو مناڵان، هەڕەشە لە تەندروستی مرۆڤەکان و کەرتی ته‌ندروستی دەکات.  لەم راپۆرتەدا ئاماژە دەدەین بە ڕێژەی گەشەو دابەشبوونی ئاستەکەی لەڕووی جوگرافییەوە لە پارێزگاکانی عێراق و  لەڕووی کات و بەربڵاوترین جۆرەکانی نەخۆشییەکە لەنێو ڕەگەزە جیاوازەکان. بەپێی داتاکان نەخۆشی شێرپەنجە لەنێو نەخۆشییە نەگواستراوەکان بە دووەم هۆکاری گیان لەدەستدان هەژماردەکرێت لە عێراقدا بەجۆرێک؛ رێژەی (11%)ی ئەوانەی بە نەخۆشی نەگواستراوە گیانیان لەدەستداوە هۆکارەکی شێرپەنجە بووە، بەتایبەتش لە ڕەگەزی مێدا. لەسەر ئاستی جیهانی دیسان شێرپەنجە پلەی دووەمی نێو نەخۆشییە نەگواستراوەکانی گرتووە، کە بەهۆیەوە مرۆڤەکان گیان لەدەستدەدەن، بەڵام سێ بەشی ئەوانەی بەهۆی نەخۆشییەکەوە مردوون دەکەونە ئەو وڵاتانەی داهاتی تاک تێیاندا نزمە. ئەوەشی جێگەی ئاماژەیە لە ساڵی (2020)دا حاڵەتەکانی مردن (10 ملیۆن) کەسی تێپەڕاندووە، زۆرترین مردنیش لە ڕەگەزی نێر بەهۆی شێرپەنجەی سییەکان و لەنێو ئافرەتانیشدا شێرپەنجەی مەمک بە بەربڵاوترین و کوشندەترین جۆرەکانی نەخۆشییەکە تۆمارکراون. بۆیە ئامۆژگارییەکان ئەوەن، لەئێستاوە ئامادەکاری بکرێت بۆ داڕشتنی پلان بە دەرکردن و داڕشتن و هەموارکردنی یاساو رێنماییەکان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەو پاراستنی ئاو و خاک و خۆراک لە پیسبوون، کە بەشێکن لە هۆکارەکانی پشت تەشەنەسەندنی جۆرەکانی نەخۆشییەکە. پاشان کاربکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، بە دروستکردنی نەخۆشخانەی نوێ و دابینکردنی ئامرازو کەرەستە پێشکەوتووەکانی بوارەکە، هاوکات پێگەیاندنی کادری شارەزاو ڕاهێنراو و ئاست بەرز بۆ روبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە. یەکەم؛ توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لە عێراق و هەرێمی کوردستان (2003 - 2021) وەک لە چارتی ژمارە (1)دا رونکراوەتەوە بەردەوام ئاستی تەشەنەسەندی نەخۆشی شێرپەنجە لە ساڵانی (2003 - 2020) رووی لە بەرزبوونەوەیە. بە جۆرێک پاڵپشت بە داتاکانی "ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراقی" لە ساڵی (2003)دا ژمارەی توشبووان بە نەخۆشی شێرپەنجە (11 هەزارو 248) حاڵەت تۆمارکراوە، واتە بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی عێراق (49.17) کەس توشی نەخۆشییەکە بوون. بەڵام لە ساڵی (2020)دا ژمارەی حاڵەتەکان بەرزبووتەوە بۆ (31 هەزارو 692) کەس، بەجۆرێک لە هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی عێراق (78.93) کەس توشی یەکێک لە جۆرەکانی نەخۆشییەکە بوون. هەروەک لە چارتەکە دیارە تێبینی ئەوەی دەکرێت کە لە ساڵانی (2007، 2008و 2009) قەبارەی تۆمارکراو توشبووان بە نەخۆشییەکە دابزیوە بۆ (47.8، 44.46 و 48.16) کەس بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی عێراق، ئەگەرچی بۆ ئەمە هۆکاری روون بەردەست نیە، بەڵام ڕەنگە حاڵەتەکان لەو ساڵانەدا وەک پێوست تۆمار نەکرابێتن. بەڵام بەگشتی ئەو بەرزبوونەوانە دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتی و جۆرێتی خواردن و بەڕێکردنی ژیانێکی ناتەندروست و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جگەرەکێشان و بەکارهێنانی ماددە بێهۆشکەرەکان پیسبوونی ئاوو هەواو خاک و ژینگە بەگشتی و لە سەرو هەمووشیانەوە دەڕانەگەیشتن بەچارەسەری پێویستی پێداویستییە پزیشکییەکان. چارتی ژمارە (1) دووەم؛ دابەشبوونی جوگرافی توشبووانی شێرپەنجە لە سەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی (2020) ئامار و داتا فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لە ساڵی (2020)دا (31 هەزار 692) حاڵەتی نوێی توشبووان بە جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە لە پارێزگاکانی عێراق تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش بەڕێژەی (25%)ی لە پارێزگای بەغداد تۆمار کراوەوە لەدوای ئەویشەوە پارێزگای موسڵ بە ڕێژەی (7.92%)و پارێزگای سلێمانیش بە ڕێژەی (7.36%) پلەی سێهەمی گرتووە. هەر یەک لە پارێزگاکانی (موسەنا، میسان و دهۆک) کەمترین ڕێژەیان تێدا تۆمار کراوە بە (1.55%، 2.32% و 2.46%) حاڵەتەکانی شێرپەنجەیان هەبووە. (بڕوانە چارتی ژمارە (2))  چارتی ژمارە (2)  بەڵام لە رووی دابەشبوونی جوگرافی بە پێوەری دابەشکردنی دانیشتوان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک، ئەوا؛ پارێزگای کەربەلا پلەی یەکەم دەگرێت بە (107.92) حاڵەت، پارێزگای هەولێر (105) حاڵەت و سلێمانیش پلەی سێیەم دەگرێت بە (102.66) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوانی پارێزگاکانیان. لە بەرامبەردا پارێزگاکانی (کەرکوک، موسەنا و دهۆک) کەمترین حاڵەتی شێرپرنجەیان تێدا تۆمارکراوە کە بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک (56.80، 57.30 و 57.37) توشبووی شێرپەنجەیان تێدا تۆمارکراوە. (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چارتی ژمارە (3) سێیەم؛ دابەشبوونی توشبووانی شێرپەنجە بەپێی "تەمەن" لە سەر ئاستی عێراق لە ساڵی (2020) پاڵپشت بە داتاکان وەک لە چارتی ژمارە (4)دا رونکراوەتەوە، لەساڵی (2020)دا لەسەر ئاستی عێراق (31 هەزارو 692) حاڵەتی توشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە تۆمارکراون، بە تێکڕای (78.93) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک، تێبینی ئەوە دەکرێت لەنێو هەردوو ڕەگەزەکەدا بەتەمەنەکان زیاتر توشی شێرپەنجە بوون، بەتایبەتیش ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (65 - 70) ساڵیدایە کە (6.11%) یان لە رەگەزی "نێر"و (5.5%)یان لە ڕەگەزی "مێ"ن. بەڵام بەپێی تۆمارەکان کەمترین حاڵەت لەنێو ئەو توێژەدا بڵاوبووتەوە کە تەمەنیان لەنێوان (10 بۆ 30) ساڵیدایە.   چارتی ژمارە (4) چوارەم؛ دابەشبوونی توشبووانی شێرپەنجە بەپێی "رەگەز" لە سەر ئاستی عێراق لە ساڵی (2020) حاڵەتە تۆمارکراوەکانی نەخۆشی شێرپەنجە لەنیو هەردوو ڕەگەزی "نێرو مێ" جیاوازە، بەتایبەت هەندێک لە جۆری نەخۆشییەکە لەنێو ڕەگەزی نێرو چەند جۆرێکشی لەنێو ڕەگەزی مێدا بەربڵاوە. وەک چۆن پیاوان زۆرتر توشی شێرپەنجەی پرۆستات دەبن، ئافرەتان زیاتر ڕوبەڕوی جۆرەکانی شێرپرنجەی مەمک و هێلکەدان و کۆئەندامی زاوزێ دەبن. بەپێی دواین ئاماری ئەنجومەنی شێرپرنجەی عێراق لە ساڵی (2003 - 2020) زۆرتر ئافرەتان توشی جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجە بوون تا پیاوان. بڕوانە (چارتی ژمارە (5)) چارتی ژمارە (5) لەکاتێکدا لەسەر ئاستی پارێزگاکان، پارێزگای بەغداد پلەی یەکەمی گرتووە بەڕێژەی (25.35%)ی توشبووان و لەو ڕێژەیەش (15.25%)ی ئافرەت و (10.10%) لە ڕەگەزی نێرن، لە پارێزگای موسڵ (4.38%)ی مێ و (3.55%) نێرن، لە پارێزگای بەسرە بە ڕێژەی (4.04%) لە ڕەگەزی مێ و (3.34%)ی توشبووان لە ڕەگەزی نێرن، بەڵام بەڕێژەیەکی نزیک لە هاوسەنگ لە پارێزگاکانی موسەنا، دهۆک و میسان توشبوون بە شێرپەنجە تۆمارکراوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (6)) چارتی ژمارە (6) لە کاتێکدا تێکڕای توشبووان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک بۆ ڕەگەزی (نێر) سلێمانی بەرزترین ڕێژەی توشبووی بە جۆرەکانی شێرپەنجەی تێدا تۆمار کراوە، بەپێچەوانەی پارێزگای کەرکوک کە کەمترین ڕێژەی توشبووی بۆ هەردوو ڕەگەزەکە تێدا تۆمار کراوە بە پێوەری دابەشکردنی دانیشتوان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک. بڕوانە (چارتەکانی ژمارە (7 و 8))   چارتی ژمارە (7) چارتی ژمارە (8) پێنجەم؛ دابەشبوونی توشبووان بە (10) بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە ساڵی (2020) زیاتر لە دەیان جۆری نەخۆشی شێرپەنجە لە جیهان بەگشتی و لە عێراق هەیەو (10) بەربڵاوترین جۆریان لە عێراق لە ڕەگەزی نێرەوە بۆ ڕەگەزی مێ دەگۆڕێت، بەربڵاوترینیان بریتین لە شێرپەنجەی مەمک بەڕێژەی (19.74%)و بە تێکڕای (15.58) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. لەدوای ئەویشەوە شێرپرنجەی سییەکان بەڕێژەی (7.86%)و بەتێکڕای (6.2) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. شێرپەنجەی قۆڵۆنیش پلەی سێهەمی هەیە بە ڕێژەی (6.97%)و بە تێکڕای (5.5) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان، دواتریش شێرپرنجەی مێشک و دەمار ڕێژەی (6.21%)و بەتێکڕای (4.9) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. پاشان شێرپەنجەی خوێن دێت بە ڕێژەی (5.34%)و بە تێکڕای (4.22) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. بەدوایدا شێرپەنجەی میزڵدان دێت بە ڕێژەی (4.58%)و بە تێکڕای (3.61) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. ئینجا شێرپەنجەی غودەی لیمفاوی دێت بەڕێژەی (4.06%)و بە تێکڕای (3.21) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. ئەوەشی دەمێنێتەوە شێرپەنجەی پرۆستاتە بەڕێژەی (3.25%)و بەتێکڕای (3.4) توشبوو بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. بڕوانە (چارتی ژمارە (9)) چارتی ژمارە (9) بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پیاوان زۆتر توشی جۆرەکانی شێرپرنجەی (سییەکان، پرۆستات، قۆڵۆن و جگەر) دەبنەوە، ئافرەتانیش زیاتر توشی جۆرەکانی شێرپەنجەی (مەمک، خانە شێرپەنجەییەکانی قۆڵۆن، سییەکان و کۆئەندامی زاوزێ) دەبنەوە. شەشەم؛ دابەشبوونی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بە جۆرەکانی شێرپەنجە لە ساڵی (2020) بەگوێرەی ئامارەکانی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراقی لە ساڵی (2020)، کۆی ئەو حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەوە گەیشتووە بە (10 هەزار و 622) کەس، واتە لەسەر ئاستی گشتی عێراق (19.83) کەس لەکۆی (100 هەزار) کەسێک بەهۆی شێرپەنجەوە گیانی لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی مردنی پیاوان بە جۆرەکانی شێرپەنجە زیاتر بووە لە ڕێژەی مردنی ئافرەتان، هاوکات لەڕووی گیانلەدەستدان بەپێی تەمەنە جیاوازەکان زۆرتر بۆ کەسانی بەتەمەن کوشندەتربووە، تا ئەوانەی لە قۆناغی گەنجی و مناڵیدان. بڕوانە (چارتی ژمارە (10)) چارتی ژمارە (10) هاوکات وەک لە چارتی ژمارە (11) ئاماژەی بۆ کراوە، تێکڕای کۆی گیانلەدەستدانی توشبووانی شیرپەنجە بۆ ڕەگەزی نێر (21.26) کەس بووە بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی شێرپرنجەی قوڕگ و سییەکانەوە بووە بریتی بووە لە (5.52) حاڵەتی گیانلەدەستدان بۆ ڕەگەزی نێر لەکۆی هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان. هاوکات (2.65) حاڵەتی گیانلەدەستدان بۆ ڕەگەزی نێر لە کۆی هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان بە هۆی شێرپەنجەی خوین و (2.43) حاڵەتی گیانلەدەستدان بۆ ڕەگەزی نێر لەکۆی هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان بەهۆی شێرپەنجەی مێشک و دەمارەوە بووە. چارتی ژمارە (11) تێبینی ئەوە دەکرێت تێکڕای کۆی گیانلەدەستدان بەهۆی تووشبوون بە بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لەنێو ڕەگەزی مێدا گەیشتووە بە (20.68) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە ئافرەتان. تۆمارکردنی رێژەی مردن بەهۆی شێرپەنجەی مەمک بەرزترین ئاستی تۆمارکردووە بە (6.75) کەس بۆ هەر (100 هەزار کەسێک)، پاشان شێرپەنجەی قوڕگ و سییەکان بە تێکڕای (2.75) بۆ هەر (100 هەزار کەسێک) پاشان شێرپەنجەی مێشک و دەمار دێت بە تێکڕای (2.08) کەس بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە ئافرەتان. بڕوانە (چارتی ژمارە (12)) چارتی ژمارە (12) لەکاتێکدا دابەشبوونی تێکڕای مردن بەهۆی شێرپەنجەوە بۆ (10) بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە لەسەر ئاستی عێراق، پارێزگای کەربەلا پلەی یەکەمی گرتووە، لە دوای ئەویش پارێزگای نەجەف و پاشان پارێزگای میسان و تا دەگات بە پارێزگاکانی هەولێرو موسەناو کەرکوک کە کەمترین مردنیان تێدا تۆمارکراوە. بڕوانە (چارتی ژمارە (13)) چارتی ژمارە (13) حەوتەم؛ بڵاوبوونەوەی بە (10) بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لەنێو مناڵاندا لە ساڵی (2020) کۆی ژمارە حاڵەتە تۆمارکراوەکانی جۆرەکانی شێرپەنجە لەنێو مناڵانی خوار تەمەن (15) ساڵ لەسەر ئاستی عێراق لە ساڵی (2020) گەیشتووە بە (هەزار و 740) حاڵەت بە ڕێژەی (5.49%)ی کۆی توشبووان کە بۆ سەرجەم دانیشتوانی توشبووی نێو تەمەنە جیاوازەکان بریتییە لە (31 هەزار و 692) حاڵەتی تۆمارکراو. ئەو ژمارەیەش واتە توشبوونی (11.46) منداڵ بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە دانیشتوان بۆ تەمەنی کەسانی کەمتر لە (15) ساڵ، بەشی زۆری ئەو ژمارەیەش لەنێو منداڵانی خوار (5) ساڵ تۆمارکراوە بە قەبارەی (12.13) حاڵەت بۆ هەر (100 هەزار) کەسێک لە منداڵانی خوار تەمەن (15) ساڵ. ئەوەی جێگای ئاماژەیە قەبارەی توشبووانی نێر زیاتر بەراورد بە ڕەگەزی مێ، زۆرترین ڕێژەی توشبوونی بە جۆرەکانی شێرپەنجەی نێو مناڵان بریتین لە شێرپەنجەی خوێن و لەدوای ئەویش شێرپرنجەی مێشک و دەمار لەنێو مناڵاندا پلەی دووەمی گرتووە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراقیش پارێزگای بەسرە زۆرترین بڕی شێرپەنجەی منداڵانی تێدا تۆمارکراوە، کەمترینیش لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی تۆمارکردنی نەخۆشییەکە لە نێو مناڵاندا. کەمترین حاڵەتەکانیش لە پارێزگاکانی کەرکوک و هەولێرو سەڵاحەدین تۆمارکراون لەنێو مناڵانی خوار تەمەن (15) ساڵ. بڕوانە (چارتی ژمارە (14)) چارتی ژمارە (14)


(درەو): راپۆرتی: زریان محەمەد - گەرمیان  له‌ماوه‌ى 2 ساڵى رابردودا به‌هۆى وشكه‌ساڵیه‌وه‌، ژماره‌یه‌كى زۆرى جوتیارى گه‌رمیان كه‌ دانه‌وێڵه‌یان چاندبو، توشى زیان بون، بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و زیانانه‌ش رێگه‌یه‌كى نوێی كشتوكاڵ و ئاودێرییان گرتوه‌ته‌به‌ر، كه‌ سیسته‌مى ئاوپرژێن‌ (موره‌شه‌)یه‌‌، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ سه‌ركه‌وتو بوه‌. عوسمان عه‌لى محه‌مه‌د، جوتیار له‌ گه‌رمیان، باس له‌وه‌ ده‌كات: ئه‌م سیسته‌مى موره‌شه‌یه‌ كه‌ دامان ناوه‌ به‌ رێژه‌ى  80 بۆ %90 سودمان لێبینیوه‌، چونكه‌ پارساڵ كه‌ به‌ موره‌شه‌ ئاومان داوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر 1 ته‌ن گه‌نم 35 ته‌ن به‌رهه‌مى هه‌بوه‌، به‌ڵام كه‌ پێشتر ته‌نها پشتمان به‌ باران به‌ستوه‌ 1 ته‌ن ته‌نها 10 بۆ 12 ته‌ن به‌رهه‌مى هه‌بوه‌. ئه‌و سیسته‌مه‌ى عوسمان باسی ده‌كات، بریتییه‌ له‌ لێدانى بیر بۆ ده‌رهێنانى ئاوی ژێر زه‌وی و پرژاندنى ئه‌و به‌رهه‌می ئاوه‌یه‌ له‌ رێگه‌ى كۆمه‌ڵێك ئاوپرژێنه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ى كه‌ چێنراوه‌ به‌ دانه‌وێڵه‌. به‌وته‌ى خۆیشی، ئێستا 50 دۆنم زه‌وی به‌م سیسته‌مه‌ چاندوه‌ و تێكڕاش  نزیكه‌ى‌ 60 هه‌زار دۆلارى (6 ده‌فته‌ر) له‌سه‌ر كه‌وتوه‌. هه‌ندێك له‌ جوتیارانى دیكه‌، هه‌مان سیسته‌م بۆ ئاودێریی كێڵگه‌كانیان به‌كاردێنن، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌كانیان ئاوی سه‌ر زه‌وییه‌. ئەشرەف نامیق حەسەن، جوتیار لە گەرمیان، وتی: بۆ ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشتر کە وشکەساڵی بو، ٨٠ دۆنم زەویم کردوە بە بەراو بە شێوەی مورەشە ئاوی دەدەم کە پشت بە روباری سیروان دەبەستم، بۆ هەر ١ دۆنمیش ٣٥ کیلۆ گەنمم پێوە کردوە. به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵى گه‌رمیان، له‌ سنوره‌كه‌دا 1 ملیۆن و 433 هه‌زار و 221 دۆنم زه‌وی كشتوكاڵیى بونى هه‌یه‌، له‌و رێژه‌یه‌ش 111 هه‌زار و 202 دۆنمى به‌راوه‌، هاوكات 5 هه‌زار و 753 جوتیار له‌ سنوره‌كه‌ سه‌رقاڵى چاندنى به‌روبومى دانه‌وێڵه‌ و به‌تایبه‌ت گه‌نمن. به‌كاریگه‌ریی وشكه‌ساڵی و گۆڕانكاریی له‌ دابارین و كه‌مبونه‌وه‌ى، كشتوكاڵی ده‌یمی له‌ سنوره‌كه‌دا مه‌ترسی له‌سه‌ر دروست بوه‌. گۆران وەلی قادر، جوتیار لە گەرمیان، دەڵێت: ساڵانە ٢٥٠٠ دۆنم زەوی بەراو لەگەڵ ١٠٠ دۆنم زه‌وى دەیمى به‌ گەنم دەچێنم، لە ساڵی ٢٠٢١ دا ٣٠ تۆن لە زەویە دەیمەکانمدا چاند هیچ بەرهەمێکم لێ هەڵنەگرتەوە، بەڵکو ٧٥ ملیۆن دینار زەرەرم کرد. بۆ ئەشرەف نامیق حەسەن دۆخه‌كه‌ قورستر بوه‌، وه‌كخۆى وتی: لە ماوەی ٢ ساڵی وشکەساڵی دا ٢٧٠ ملیۆن دینار زیانم كرد. ئه‌م زیانه‌ى كه‌ جوتیاران ده‌یكه‌ن، به‌وته‌ى شاره‌زایه‌كى ئابوری به‌ته‌نها كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ دروست ناكات، به‌ڵكو لێكه‌وته‌ى له‌سه‌ر ته‌واوى كۆمه‌ڵگاش هه‌یه‌. د.ماردین مه‌حسوم فه‌ره‌ج، پسپۆرى ئابورى و مامۆستا له‌ زانكۆى سلێمانى، ده‌ڵێت: كه‌مبونه‌وه‌ى به‌رهه‌مى دانه‌وێڵه‌ له‌ بازاڕدا و به‌تایبه‌ت له‌ گه‌رمیان به‌هۆى وشكه‌ساڵیه‌وه‌، راسته‌وخۆ كاریگه‌ى ده‌بێت له‌سه‌ر پشكى داهاتى كه‌رتى كشتوكاڵ و داهاتى نیشتمانى، كه‌ ئه‌مه‌ش خاڵێكى مه‌ترسیداره‌. ده‌شڵێت: كاتێك به‌رهه‌مى گه‌نم كه‌م ده‌بێته‌وه‌، جوتیاران په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر كارى دیكه‌، به‌تایبه‌ت كارى بازرگانى، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌رتى كشتوكاڵ په‌كى بكه‌وێت. شێوازی كشتوكاڵ له‌ زه‌ویه‌ ده‌یمه‌كان دا تائێستاش به‌ رێگه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، كه‌ ئه‌ویش ته‌نها پشت به‌ستنه‌ به‌ ئاوى باران، به‌ڵام ئه‌م رێگه‌یه‌ زامن نییه‌، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌مبونه‌وه‌ى باران و دوباره‌بونه‌وه‌ى وشكه‌ساڵی. "لە ماوەی ٢ ساڵی وشکەساڵیدا ٥٢٠ دۆنم زەویم چاند بە بەرهەمی گەنم، بە هەردو ساڵەکەوە ٦٥ ملیۆن دینار توشی زەرەر بوم، لە کاتێکدا ساڵانی پێش وشکەساڵیەکە ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ تۆن گەنمم هەڵدەگرتەوە". عەلی رەشید کەریم، جاوتیار لە گەرمیان، وای وت. به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان له‌ ماوه‌ى ساڵانى 2016 بۆ 2022 بڕى به‌رهه‌مهێنانى گه‌نم كه‌مى كردوه‌، هاوكات له‌ هه‌مان ماوه‌دا ژماره‌ى جوتیاریش له‌ به‌رهه‌م هێنانى گه‌نم كه‌مى كردوه‌. جوتیاران باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تاوه‌كو  ئێستا حكومه‌ت هیچ قه‌ره‌بویه‌كى نه‌كردونه‌ته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و زیانیانه‌ى توشى بون له‌ ماوه‌ى 2 ساڵى رابردوى وشكه‌ساڵیدا، به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵى گه‌رمیانیش بابه‌ته‌كه پستڕاست‌ ده‌كاته‌وه‌. گۆران وەلی قادر، جوتیار لە گەرمیان دەڵێت: "حکومەت هیچ قەرەبویەکی نەکردوینەتەوە نە بە مادی نە بە بنەتۆش". ئەشرەف نامیق حەسەن، جوتیار لە گەرمیان وتی: حکومەت ئەوەی کە پێشکەشی  جوتیاری كردبێت بنەتۆ بوە وەک پاڵپشتیەک کە تۆنی بە ٨٠٠ هەزار دینار پێماندراوه‌، ئەوەشی بە بێبەرامبەر پێمان درا تەنها ٢٠٠ کیلۆ بوە. شادیه‌ حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى گه‌رمیان، جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌ ئه‌و جوتیارانه‌مان له‌ ماوه‌ى 2 ساڵى رابردودا به‌هۆی وشكه‌ساڵیه‌وه‌ توشى زیان بون، هیچ قه‌ره‌بویه‌ك نه‌كراونه‌ته‌وه‌. وتیشی: به‌ 2 راپۆرت ئاراسته‌ى سه‌روى خۆمانمان كردوه‌ له‌ هه‌ردو ساڵه‌كه‌دا داواى 12 ملیار دینارمان كردوه‌ به‌مه‌به‌ستى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یان، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا هیچ وه‌ڵامێك نه‌دراوینه‌ته‌وه‌ سه‌ربارى دروستكردنى بۆردێكى تایبه‌ت به‌ وشكه‌ساڵى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتوكاڵه‌وه‌. هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: "ئه‌وه‌شى دراوه‌ به‌ جوتیار وه‌ك قه‌ره‌بو ته‌نها كارگه‌ى بنه‌تۆى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیمان 1 هه‌زار 200 ته‌ن گه‌نمى داوه‌ به‌ جوتیاران وه‌ك پاڵپشتیه‌ك كه‌ بۆ هه‌ر ته‌نێك 214 هه‌زار دیناریان لێوه‌رگیراوه‌، هاوكات رێكخراوى فاو 28 هه‌زار و 200 ته‌ن گه‌نمیان دابه‌شكرد بۆ هه‌ر جوتیارێك 200 كیلۆیان به‌ركه‌وت كه‌ 141 جوتیار سودمه‌ند بون". ژماره‌ى ئه‌و جوتیارانه‌ى له‌ ساڵى 2020-2021دا به‌هۆی وشكه‌ساڵییه‌وه‌ توشی زیان بون، 4 هه‌زار و 430 جوتیار بون. جیاواز له‌ ناوچه‌كانى دیكه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى رێژه‌یی توشی وشكه‌ساڵی بون، ئیداره‌ى گه‌رمیان به‌ رێژه‌ى 100% وشكه‌ساڵی گرتویه‌تییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان. ئه‌م دۆخه‌ى كه‌مبارانى و وشكه‌ساڵی، وایكردوه‌ چیتر كشتوكاڵكردن له‌ زه‌ویه‌ ده‌یمه‌كانى گه‌رمیان دا به‌و شێوه‌ ته‌قلیدییه‌ى كه‌ هه‌یه‌، زامن نه‌بێت، به‌ڵكو پێویست به‌ هێنانه‌ ئاراى چاره‌سه‌ر و سیسته‌مى جێگره‌وه‌ و نوێ بكرێت. عه‌بدولمته‌لب ره‌فعه‌ت، پسپۆرى بوارى ژینگه‌ و مامۆستا له‌ زانكۆى گه‌رمیان جەختی لەوەشکردەوە: یەکێک لە چارەسەرە گرنگەکان دروستکردنی بەنداوی ستراتیژیە بەشێوەی (گەورە و مامناوەند) کە گەرمیان پێویستی پێیەتی، چونکە قەرەبوی ئەو ئاوە دەکاتەوە کە لە ژێر زەوی بەکاردەھێنرێت، ھاوکات ئاوی سەرزەویش جوتیار دەتوانێت سودی لێببینێت و ئەتوانرێت کەناڵى داخراو دروست بکرێت بۆ گواستنەوەى ئاوى بەنداوەکە بۆ زەوییە کشتوکاڵیەکان بەمەبەستى فەراهەمکردنى ئاسایشى خۆراک لە ناوچەکە. پێیشیوایه‌ كه‌ گرنگه‌ بۆ سنوره‌كه‌ تەرزى نوێ لە دانەوێڵەکان هاوردە بکرێت یان بەرهەمبهێنرێت کە تواناى بەرگریکردنى هەبێت لە کەمبارانى و وشکەساڵى. له‌باره‌ى سیسته‌مى ئاوپرژاندنیش كه‌ ژماره‌یه‌ك جوتیار له‌ گه‌رمیان گرتویانه‌ته‌به‌ر، ئه‌و مامۆستایه‌ى زانكۆ وتى: ئه‌م رێگه‌یه‌ كه‌ له‌ روى زانستیەوە پێى دەوترێت (ئاودانى تەواوکاریی) یەکێکی دیکەیە لە چارەسەرەکان. به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵى گه‌رمیانیش سیسته‌مه‌كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتو ده‌زانێت، باس له‌وه‌شكرد: له‌ زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ بارانیان كه‌مه‌ پشتى پێده‌به‌ستن. شادیه‌ حسێن، وتیشی: پێویسته‌ له‌ گه‌رمیان چیتر پشت به‌ باران نه‌به‌ستین بۆ به‌رهه‌مى دانه‌وێڵه‌، چونكه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕۆین كه‌ ساڵانه‌ توشى وشكه‌ساڵى ئه‌بین، باشترین چاره‌سه‌ر له‌ ئێستادا رێگه‌ى زانستیه‌كانه‌ و‌ یه‌كێك له‌وانه‌ سیسته‌مى ئاوپرژاندنه‌. ئه‌وه‌ى وایكردوه‌ جوتیاران كه‌متر دودڵ بن له‌ به‌كارهێنانى ئه‌م سیسته‌مه‌، ئه‌وه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ى دیكه‌ش په‌یڕه‌و ده‌كرێت، له‌وانه‌ش: پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌. ستار مه‌حمود ساڵح، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵى هه‌ڵه‌بجه،‌ له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: سیسته‌مى موره‌شه‌ له‌ ئێستادا به‌كارئه‌هێنرێت له‌لایه‌ن جوتیارانه‌وه‌، ئه‌م سیسته‌مه‌ ته‌واوكارییه‌ بۆ به‌رهه‌مى گه‌نم سه‌ركه‌وتوه‌، ئه‌و شوێنانه‌شى كه‌ پشت به‌ ئاوى باران نابه‌ستن هه‌ر گرنگى به‌م سیسته‌مه‌ ئه‌ده‌ن، مه‌رجیش نیه‌ له‌ رێگه‌ى ئاوى ژێرزه‌ویه‌وه‌ بێت، به‌ڵكو ده‌توانرێت له‌ رێگه‌ى پۆند و به‌نداویشه‌وه‌ ده‌بێت و ده‌توانرێت به‌كاربهێنرێت. به‌ڵام له‌ گه‌رمیاندا زۆرترینی ئه‌و جوتیارانه‌ى سیسته‌مه‌كه‌یان به‌كارهێناوه‌، پشت به‌ ئاوى ژێرزه‌وی ده‌به‌ستن، كه‌ ئه‌مه‌ش رێگرى و ئاله‌نگاری خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ به‌پێى رێنماییه‌كانى حكومه‌ت هه‌ر جوتیارێك زه‌ویه‌كه‌ى له‌ 20 دۆنم كه‌متربێت، ناتوانێت بیرى ئیرتیوازى لێبدات. حامد جومعه‌، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ژێرزه‌وى گه‌رمیان، جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌ "به‌پێى رێنماییه‌كانى وه‌زاره‌تمان بۆ بیرى كشتوكاڵى ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه‌ گرێبه‌ستى كشتوكاڵیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه‌ تۆماریان هه‌یه‌ و تاپۆن ده‌توانن بیری كشتوكاڵى لێبده‌ن به‌ مه‌رجێك زه‌ویه‌كانیان له‌ 20 دۆنم كه‌متر نه‌بێت، دورى نێوان بیره‌كانیش ده‌بێت له‌ 450 مه‌تر كه‌متر نه‌بێت به‌پێى رێنماییه‌كان". ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ژێر زه‌وى گه‌رمیان، له‌ سنوره‌كه‌دا 1 هه‌زار و 183 بیرى كشتوكاڵى بونى هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا 27 هه‌زار و 809 دۆنم زه‌وى ده‌یمی به‌ ئاوى ژێر زه‌وى بون به‌ به‌راو. بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ئه‌و جوتیارانه‌ى كه‌ زه‌ویه‌كانیان كه‌متره‌ له‌ 20 دۆنم، حامد جومعه‌ ده‌ڵێت: ده‌توانن به‌ چه‌ند جوتیارێكه‌وه‌ بیرێك لێ بده‌ن و به‌هاوبه‌شى به‌كاریبێنن. ئەگەرچی بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی کارێکە کە پێویستە بە وریاییەوە بکرێت، بەڵام پسپۆڕێک پێیوایە ئەم سیستەمی ئاوپرژاندنە باشترە لە سیستەمەکانی تر. عەبدولمتەلب رەفعەت، وتی: بەکارهێنانى مەرەشە بۆ ئاودێرى رێگایەکى زانستییە وزۆر باشترە بەبەراورد بە رێگاى (جۆگە) ورێژەى بەهەدەردانى ئاو کەمتر دەکاتەوە. وتیشی: لە روى زانستیەوە بەکارهێنانى سیستمى پرژاندن ٧٠% لە ئاوى بەفیڕۆچو کەمدەکاتەوە، بەڵام پێویستە جوتیاران رێنمایى بکرێن لە چۆنیەتى بەکارهێنانى، چونکە جوتیارى وا هەیە ٢٤ کاتژمێر ئەو مەرەشانە ئەکاتەوە ئیش لە کاتێکدا تەنها ١ کاتژمێر پێویستە. ئه‌م رێگایه‌ى هه‌ندێك له‌ جوتیارانى گه‌رمیان گرتویانه‌ته‌به‌ر، به‌ رای پسپۆڕێكى ئابوری، رۆڵی ده‌بێت له‌گه‌شه‌دان به‌ كه‌رتى كشتوكاڵی سنوره‌كه‌. د.ماردین مه‌حسوم فه‌ره‌ج، پسپۆڕى ئابورى و مامۆستا له‌ زانكۆى سلێمانى، وتى: ئەم سیستەمی ئاوپرژاندنە سەرکەوتو دەبێت ئەگەر حکومەت پاڵپشتی بکات، چونکە سیستەمێکی گونجاوە بۆ روبەروبونەوەی وشکەساڵی، ئەمەش ئەبێتە پاڵپشتیەک بۆ جوتیار.


نوسینی: هێمن خۆشناو  له‌ به‌هاری ساڵی 2012 له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ئۆفیسی سه‌رۆكی پارتی گه‌لی كۆمار (CHP/جه‌هه‌په‌) دیمانه‌یه‌كی چه‌ند كاتژمێریم له‌گه‌ڵ (كه‌مال كلیچدارئۆغڵو) ئه‌نجامدا، كه‌ تازه‌ ببووه‌ سه‌رۆكی ئه‌م پارته‌. ده‌قی دیمانه‌كه‌شم له‌ ژماره (205) ی رۆژنامه‌ی رووداو له‌ به‌رواری (2 نیسانی 2012) بڵاوكرایه‌وه‌. له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی دیمانه‌كه‌دا، كه‌چی ده‌شمزانی كورده‌، به‌ڵام به‌مه‌به‌ستی وروژاندن و ده‌ستخستنی زانیاریه‌كی جیاواز پرسیارم لێكرد، كه‌ ئایا كلیچدارئۆغڵو كورده‌ یان نا؟ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسیاره‌ بۆ ساتێك وه‌ستا، دواتر ده‌ستی برد بۆ ریكۆرده‌ره‌كه‌م‌ و دایخست. سه‌یرێكی هاوڕێ كامیره‌مانه‌كه‌می كرد كه‌ كوردێكی باكووری كوردستان بوو، تێیگه‌یشتم یه‌كسه‌ر‌ داوام له‌ كامیره‌مانه‌كه‌ كرد تا كامیراكه‌ی داخات . دیسان سه‌یرێكی كامیره‌مانه‌كه‌ی كرد، ئه‌مجاره‌ زانیم مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كامیره‌مانه‌كه‌ له‌ ژووره‌كه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ زمانێكی شیاو داوام له‌م هاوڕێیه‌م كرد بچێته‌ ده‌ره‌وه‌. ئیتر له‌گه‌ڵ كلیچدارئۆغڵو به‌ ئاماده‌بوونی سكرتێره‌كه‌ی كه‌ ژنێك بوو (Off the record) بۆ ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كێك درێژه‌مان به‌ قسه‌كردن دایه‌وه‌. كلیچدارئۆغڵو له‌ وه‌ڵامی ئایا كورده‌ یان نا بێ ناوبه‌ر گووتی:" به‌ڵێ كوردم چی تێدایه، چی تێدایه‌‌!". ئیتر قسه‌ قسه‌ راده‌كێشێت، بۆ منیش پرسیار پرسیاری دیكه‌ی ده‌وروژێنێت. بۆیه‌ ئه‌مجاره‌ پێمگووت: ئه‌ی بۆ به‌ ئاشكرا ناڵێی كوردم؟ له‌ وه‌ڵامدا گووتی:" ........ كاته‌كه‌ی گونجاو نیه‌". ئه‌م وه‌ڵامه‌‌ بۆ من وروژێنتر بوو، تا پرسیاری زیاتری لێبكه‌م و به‌ڵكو مانشێتێكی سه‌ره‌نجڕاكێشی له‌ به‌ده‌ستبخه‌م. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌ڵام به‌ تۆنێكی جیاوازتر له‌ پرسیاری پێشوو‌ پێمگووت: ئه‌سه‌د جانان (كورده‌ و په‌رله‌مانتارێكی پێشووی پارته‌كه‌ی كلیچدارئۆغڵو بووه‌) كه‌ له‌ناو پارته‌كه‌ی به‌ڕێزتانه‌ له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزدا به‌ جلی كوردی وێنه‌ی بڵاوكردۆته‌وه‌. ئایا رۆژێك دێت به‌ڕێزتان به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ به‌رده‌م رای گشتی به‌جلی كوردی ده‌ربكه‌ون؟! به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كی زه‌ق له‌ وه‌ڵامدا گووتی:" سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌م جه‌ناوه‌ره‌ (مه‌به‌ستی ئه‌ردۆغان بوو) رزگارمان بێت!" منیش گووتم: ئه‌م جه‌ناوه‌ره‌ی تۆ باسی ده‌كه‌یت گفتی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كوردی داوه‌؟ ئه‌مجاره‌یان به‌ تۆنێكی تێكه‌ڵ له‌ دیپلۆماسیه‌ت و توڕه‌یی، گووتی: به‌ سه‌ركرده‌كانت بڵێ (مه‌به‌ستی سه‌ركرایه‌تی كورد بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان) سه‌د ساڵی دیكه‌ش تێبپه‌ڕێت، با چاوه‌ڕێی ئه‌ردۆغان نه‌كه‌ن پرسی كوردیان بۆ چاره‌سه‌ر بكات. ته‌نیا ئێمه‌ ده‌توانین كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكه‌ین. لێره‌وه‌ دیالۆگی من و كلیچدارئۆغڵو كۆتایی پێهات.  وه‌ڵامه‌كانی كلیچدارئۆغڵو ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ستبوون به‌ به‌شی كۆتایی دیمانه‌كه‌مان (Off the record) ئه‌گه‌ر چی له‌ رووی مۆڕالیه‌وه‌ بێ هیوایان پێوه‌ دیاربوو، به‌ڵام له‌ رووی سیاسیه‌وه‌ به‌ لۆژیكیم له‌ قه‌ڵه‌مدا. چونكه‌ هێشتا ته‌مه‌نی ئه‌م پیاوه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی (CHP/جه‌هه‌په‌) دا دوو ساڵی پڕ نه‌كردووه‌، (كه‌مال كلیچدارئۆغڵو له‌ 22 ئایاری 2010 له‌ شوێنی ده‌نزی بایكاڵ بووه‌ سه‌رۆكی CHP). له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی و ساڵانی دواتریش، مشتومڕێكی توند دروستبوو كه‌ سه‌رچاوه‌ی له‌ بیری نه‌ته‌وه‌په‌رستی ده‌گرت، زۆربه‌شیان پێیانوابوو كلیچدارئۆغڵو بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م حزبه‌ ده‌ستنادات.  هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می ده‌ستبه‌كاربوونی كلیچدارئۆغڵو، له‌ناو پارته‌كه‌یدا گوتارێكی دژه‌ كورد و دیموكراسی باڵاده‌ستبوو، گوتاری ئه‌م پارته‌ به‌ناو سۆسیال دیموكراته‌ له‌باره‌ی كورد هیچ جیاوازی نه‌بوو له‌گه‌ڵ گوتاری پارتی بزوتنه‌وه‌ی میللی (MHP). ئه‌وانه‌ی له‌ ناوه‌ندی بڕیاری‌ ئه‌م پارته‌دا بوون، كه‌سانی به‌رژه‌وه‌ندیخواز، دژه‌ كورد، نه‌ته‌وه‌په‌رستی توندڕه‌وبوون. پارته‌كه‌ی كلیچدارئۆغڵو له‌ پێوانه‌ی پارتێكی سۆسیال دیموكرات دوور بوو. له‌ ساڵی 2010 تا كۆتایه‌كانی 2017، كلیچدارئۆغڵو ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی، دیزاینكردنه‌وه‌ی ناو (CHP/جه‌هه‌په‌) بوو، ئه‌وه‌نده‌ خه‌ریكی ململانێی سیاسی و فكری نه‌بوو له‌گه‌ڵ پارته‌ ركابه‌ره‌كانی، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (AKP) به‌ سه‌رۆكایه‌تی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، كه‌ له‌ غیابی نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارادا، ده‌رفه‌ته‌كه‌ی قۆسته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی مه‌رامی بوو له‌ گۆڕینی سیسته‌می سیاسی و تا بێ رۆڵ كردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و سوپا هه‌مووی جێبه‌جێكرد.  له‌ پڕۆسه‌یه‌كی چه‌ند ساڵیدا به‌ خشكه‌یی و به‌بێ ده‌نگی، كه‌مال كلیچدارئۆغڵو سه‌ركه‌وتوو بوو، له‌ گۆڕینی ناوه‌ندی بڕیار و گوتاری پارته‌كه‌ی. پارته‌كه‌ی به‌ گوێره‌ی پێوانه‌كانی پارتێكی سۆسیال دیموكرات دیزاین كرده‌وه‌، ره‌وتی كه‌مالیزمی توندڕه‌وی له‌ناو پارته‌كه‌یدا خه‌ساند. ئه‌مڕۆ له‌ناوه‌ندی بڕیاری ئه‌م پارته‌ چه‌ندین فیگوڕی دیموكراتخواز و مافپه‌روه‌ر وه‌كو (جانان كه‌فتانجیئۆغڵو، سه‌زگین تانڕیكولو، ئۆزگور ئۆزه‌ل و گورسه‌ل ته‌كین هتد...) جێگا ده‌گرن. هه‌روه‌ها له‌ناو ئه‌م پارته‌دا (ماسه‌ی رۆژهه‌ڵات) ده‌ستبه‌كاره‌، كه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد، ره‌هه‌نده‌كانی و شێوازی چاره‌سه‌ری له‌ رووی تیۆریه‌وه‌ كار ده‌كات. ئه‌م ماسه‌یه‌ له‌ شه‌ش ئه‌ندامی سه‌ركرایه‌تی ئه‌م پارته‌ پێكهاتووه‌ كه‌ دووانیان ژن و چواریان پیاون. ئه‌و ماسه‌یه‌ تا ئێستا به‌ڵام وه‌كو سه‌رۆكی پارته‌كه‌یان به‌خشكه‌یی و دوور له‌ هاشوهوشی میدیا چه‌ندین توێژینه‌وه‌ و راپرسیان له‌ ناوچه‌ كوردیه‌كانی باكووری كوردستان ئه‌نجامداوه‌. ئه‌م ئاماژه‌ و زانیاریانه‌ی له‌ په‌ره‌گرافی سه‌ره‌وه‌دا خستمانه‌ڕوو، پشتڕاستی ده‌كاته‌وه‌، كه‌ (CHP/جه‌هه‌په‌) ی كلیچدارئۆغڵو له‌باره‌ی كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ‌ (CHP/جه‌هه‌په‌) كه‌ی پێش كلیچدارئۆغڵو جیاوازه‌.  (CHP/جه‌هه‌په‌)ی كلیچدارئۆغڵو، كه‌ ته‌نیا بۆ جارێكیش به‌ ئاشكرا باسی كوردبوون و عه‌له‌ویبوونی خۆی نه‌كردووه‌، به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه‌ و خه‌ریكی گه‌ڵاڵه‌ كردنی بیرۆكه‌ و پڵانێكه‌ له‌باره‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌. هه‌روه‌ها له‌ ئێستادا ناكرێت پێشبینی ئه‌م پڵان و به‌رنامه‌یه‌ بكه‌ین، چونكه‌ تایبه‌تمه‌ندی كڕی بن بڕ كه‌ كه‌مال كلیچدارئۆغڵوی پێ ناسراوه‌ له‌ ئێستادا زاڵه‌ به‌سه‌ر كار و كاردانه‌وه‌كانی (CHP/جه‌هه‌په‌). كه‌ دێینه‌ سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی سیاسی كه‌مال كلیچدارئۆغڵوش ده‌بێت پێش هه‌موو شتێك ئاماژه‌ به‌ شێوازی كاری بیرۆكراتیانه‌ی بكه‌ین. كه‌سی بیرۆكرات به‌ گشتی كه‌سێكی ترسنۆكه‌، خۆی به‌دوور ده‌گرێت له‌ رێچكه‌شكێنی، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌كی وه‌كو كێشه‌ی كورد ئاسته‌نگێكی جدیه‌. كه‌مال كلیچدارئۆغڵو، كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ندین ناوه‌ند به‌ (غاندی توركیا) به‌ناو ده‌كرێت، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و سه‌ركرده‌كانی دیكه‌ی توركیا زۆر قسه‌ ناكات، كه‌سێكی كڕه‌، به‌ڵام بن بڕه‌‌. ئه‌جندا و به‌رنامه‌كانی ئاشكرا ناكات، ئه‌گه‌ر ئاشكراشیان بكات به‌ شێوازێكی دوور له‌ هاشوهوشی راگه‌یاندنی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بڵاویان ده‌كاته‌وه‌. له‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی كلیچیدار ئۆغڵو له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، كه‌ بڕیاره له‌‌ 14 ئایاری 2023 ئه‌نجامبدرێت، یه‌كێك له‌و كارانه‌ كه‌ پێویسته‌  به‌ په‌له‌ ئه‌نجامی بدات، رێكخستنه‌وه‌ی میدیا و راگه‌یاندنی توركیایه‌، كه‌ له‌ ده‌ستی گرووپ و هۆڵدینگه‌ مشه‌خۆره‌كان دایه‌ و ئه‌وانه‌ ره‌وتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی وه‌كو كارتێك به‌كاردێنن، بۆ ئاراسته‌كردنی رای گشتی توركیا دژی كورد و دیموكراسی. كلیچیدارئۆغڵو به‌ر له‌ ئێستا چه‌ندین جار دووباره‌ی كردۆته‌وه‌، له‌ ئه‌گه‌ری چوونه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، ده‌ست به‌سه‌ر سامانی (پێنج چه‌ته‌كه‌) داده‌گرێت و رووبه‌ڕوی دادگایان ده‌كاته‌وه‌.  مه‌به‌ست له‌و‌ (پێنج چه‌ته‌) یه‌ گرووپ و هۆڵدینگه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌ (جه‌نگیز هۆڵدینگ، كالیۆن گرووپ، كۆڵین هۆڵدینگ، لیماك هۆڵدینگ، ماكیۆڵ گرووپ)ﻩ، ئه‌م پێنج گرووپه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی زۆر به‌تینیان له‌گه‌ڵ ئاكه‌په‌دا هه‌یه‌، كاریگه‌ریان له‌سه‌ر میدیا و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ له‌ راده‌به‌ده‌ره‌. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ شوڤێنیه‌ی ئه‌مڕۆ دژ به‌ كورد و عه‌له‌ویه‌كان له‌ ئارادایه‌، ئه‌م ناوه‌نده‌ سه‌رمایه‌داریانه‌ له‌ پشتیه‌وه‌ ده‌وه‌ستن‌. لێدان له‌م پێنج گرووپه‌ زه‌مینه‌ی ئاسایی بوونه‌وه‌ی دۆخی توركیا خۆشده‌كات و ره‌وتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه‌ ده‌بات. ئه‌گه‌ر كلیچدارئۆغڵو وه‌كو به‌ڵێنی داوه‌ ئه‌م پێنج چه‌ته‌یه‌ رووبه‌ڕوی دادگا بكاته‌وه‌، مه‌ودایه‌كی زۆرباش ده‌بڕێت له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌جنداكانی،   كاتێك له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ سه‌یری ره‌وتی گۆڕانكاریه‌كان ده‌كه‌ین، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ بزوتنه‌وه‌ی كورد به‌ باڵی سه‌ربازی و مه‌ده‌نی پێویستی به‌ كلیچدارئۆغڵو هه‌یه‌ و كلیچدارئۆغڵوش پێویستی به‌ كورد هه‌یه‌. له‌ ئێستادا ده‌نگی كورد ده‌گاته‌ 13٪ له‌ كۆی ده‌نگی هه‌موو توركیا، ئه‌گه‌ر سبه‌ی كاریزمایه‌كی وه‌كو سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشیش له‌ زینداندا ئازاد بكرێت، پێشنینی ده‌كرێت ئه‌م رێژه‌یه‌ بگاته‌ ٪20 له‌ كۆی ده‌نگی گشتی توركیا.  ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین: ئایا كورد دۆخی خۆ كاندیدكردنی كلیچدارئۆغڵو و ئه‌گه‌ری بوونی به‌ سه‌ركۆمار وه‌كو ده‌رفه‌تێك ده‌بینێت و كار بۆ قۆستنه‌وه‌ی ده‌كات؟  ئایا كه‌مال كلیچدارئۆغڵو (75 ساڵی) ده‌توانێ ئه‌جنداكانی بكاته‌ ستراتیژ و كار بۆ جێبه‌جێكردنی بكات؟ یان ئه‌وه‌تا چۆن تا ئێستا عه‌له‌ویبوون و كوردبوونی خۆی شاردۆته‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌جندا و مه‌رامه‌كانی ده‌شارێته‌وه‌ و  تا ئه‌م رۆژه‌ی سه‌رده‌نێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یانباته‌ ناو گۆڕه‌كه‌ی!  


  شیكاری: درەو كورسی پێكهاتەكان بووە بە گرێكوێرەی بەردەم لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەشێك لەگەڵ دابەشكردنی كورسی كۆتاكانن بەسەر پارێزگاكاندا، بەشێكی تر پێیانوایە پێكهاتەكان گوزارشت لە رای خۆیان ناكەن‌و لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە مۆنۆپۆڵكراون.  كۆی دەنگی بەدەستهاتووی قەوارەی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستاندا لە (11 هەزارو 971) دەنگ بووە، لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەماندا كۆی دەنگەكانیان بۆ (23 هەزارو 165) دەنگ زیادی كردووە. دەستپێك پشكی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان‌و هەندێكیش بە "گرێكوێرەی هەڵبژاردن" ناوی دەبەن. بەشێك لەلایەنەكان پێیانوایە كورسی پێكهاتەكان لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان مۆنۆپۆڵكراوەو لە پەرلەماندا نوێنەری پێكهاتەكان لەبەرژەوەندی ئەوان بڕیاردەدەن، بۆیە بەشێك لە لایەنەكان لەگەڵ ئەوەن كورسی كۆتاكان دابەشبكرێت بەسەر بازنەكاندا، بەجۆرێك كورسییەكی توركمان بۆ كفری‌و كورسیەكی مەسیحی بۆ سلێمانی دابنرێت.  لە عێراقی ئێستادا رێژەی (2.3%)ی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەشێك لە پێكهاتەكان تەرخانكراوە، بەڵام بەشێكی تریان هیچ دەرفەتێكی سیاسییان پێ نەدراوە، لە هەرێمی كوردستانیش (10%) كورسییەكانی پەرلەمانیان بۆ تەرخانكراوە، ئەم رێژانە بەتەواوەتی گوزارشت لە مافی كەمینەكان ناكات، بەوپێیەی ماوە لەدوای ماوە دەنگ لەناو كەمینەكانەوە بەرزدەبێتەوە‌و باس لەوە دەكەن ئەوانەی لە پەرلەمان دانراون نوێنەرایەتی پێكهاتەكان ناكەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی (ئیزیدی‌و كاكەی)یەكان كە ژمارەیەكی زۆریان دانیشتووی هەرێمی كوردستانن، هیچ نوێنەرایەتییەكیان لە پەرلەمانی كوردستاندا نیە. بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992)ی هەمواركراو ماددەی (سی و شەشەم)؛ یەكەم: پێنج كورسی بۆ كلدان سریان ئاشوری تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێی لەسەر دەكەن. دووەم: پێنج كورسی بۆ توركمان تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێی لەسەر دەكەن. سێیەم: یەك كورسی بۆ ئەرمەن تەرخان دەكرێت، پاڵێوراوانی ئەو پێكهاتەیە كێبڕكێی لەسەر دەكەن. ئێستا خاڵی جەوهەری ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان بەتایبەت یەكێتیی‌و ئۆپۆزسیۆن‌و سەربەخۆكان بەرامبەر پارتی بریتییە لە دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان‌و تۆماری دەنگدانی تایبەت بە پێكهاتەكان. لێرەدا تیشك دەخەینە سەر ژمارەو رێژەی گەشەی دەنگی قەوارەی پێكهاتەكان لە خولی (یەكەم‌و پێنجەم)ی پەرلەمان، نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان، نەخشەی دابەشبوونی (كەمینە) پێكهاتەكانی عێراق‌و نوێنەرایەتیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەكۆتایشدا باس لە چۆنیەتی پاراستنی مافی پێكهاتەكان لەچوارچێوەی هەڵبژدندا دەكەین. یەكەم: ژمارەو رێژەی گەشەی دەنگی قەوارەی پێكهاتەكان لە خولی (یەكەم‌و پێنجەم)ی پەرلەماندا  لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، (ملیۆنێك‌و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، بەڵام لەدواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان (خولی پێنجەم) كە لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو (3 ملیۆن‌و 88 هەزار و 642) كەس مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا هەبووە. بەپێی ئەو ئامارانە، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی مافی دەنگدانیان بەدەستهێناوە لە هەرێمی كوردستان لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە تا دواین خولی هەڵبژاردن بە ڕێژەی (178%) ژمارەیان زیادی كردووە. بەڵام كۆی دەنگی بەدەستهاتووی قەوارەی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە لە (11 هەزار و 971) دەنگەوە زیادی كردووە بۆ (23 هەزارو 165) دەنگ لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەم زیادكردنەش بەڕێژەی (94%) بووە، كە نزیكەی نیوەی ئەو گەشەكردنە گشتیەیە كە لە هەرێمی كوردستان رویداوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و (2)) كە تایبەتە بە دەنگی بەدەستهاتووی پێكهاتەكان لە هەردوو هەڵبژاردنی یەكەم‌و كۆتا خولی پەرلەمانی كوردستان.   یەكەم: ژمارەو رێژەی گەشەی دەنگی قەوارەی پێكهاتەكان لە خولی (یەكەم‌و پێنجەم)ی پەرلەماندا  لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە لە 19/5/1992 بەڕێوەچوو، (ملیۆنێك‌و 112 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبووە، بەڵام لە دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان (خولی پێنجەم) كە لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو (3 ملیۆن‌و 88 هەزار و 642) كەس مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردندا هەبووە. بەپێی ئەو ئامارانە، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی مافی دەنگدانیان بەدەستهێناوە لە هەرێمی كوردستان لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە تا دواین خولی هەڵبژاردن بە ڕێژەی (178%) ژمارەیان زیادی كردووە. بەڵام كۆی دەنگی بەدەستهاتووی قەوارەی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستانەوە لە (11 هەزار و 971) دەنگەوە زیادی كردووە بۆ (23 هەزارو 165) دەنگ لە كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەم زیادكردنەش بەڕێژەی (94%) بووە، كە نزیكەی نیوەی ئەو گەشەكردنە گشتیەیە كە لە هەرێمی كوردستان ڕویداوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و (2)) كە تایبەتە بە دەنگی بەدەستهاتووی پێكهاتەكان لە هەردوو هەڵبژاردنی یەكەم‌و كۆتا خولی پەرلەمانی كوردستان.     كاندیدی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكاندا كەمترین دەنگی ناو كاندیدەكانیان بەدەستهێناوە، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی كوردستاندا: - هیمداد سەباح بیلال لەبەرەی توركمانی: 138 دەنگی بەدەستهێناوە - سارا دڵشاد بەكر لەبەرەی توركمانی: 194 دەنگی بەدەستهێناوە   دووەم: نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان بریتین لە پێكهاتەی نەتەوەیی‌و پێكهاتەی ئایینی‌و پێكهاتەی فەرهەنگی، پێكهاتەی نەتەوەییەكان بریتین لە (كورد، توركمان، كلدانی ئاشوری سریانی‌و ئەرمەن) كە ئێستا سەرجەمیان پەرلەمانتاریان هەیە لە پەرلەمانی هەرێی كوردستان، پێكهاتە ئایینییەكان بریتین لەم ئاینانە (ئیسلام، مەسیحی، ئیزیدی، كاكەیی، زەردەشتی، بەهائی، جوو، سابیئەی مەندایی) بەڵام پێكهاتە ئاینییەكان كورسی كۆتایان نیە لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە دیاریكراوی (ئێزیدی‌و كاكەیی)ە، چونكە كریستانەكانی هەرێمی كوردستان بە ناونیشانی نەتەوەوە كورسی كۆتایان بەدەسهێناوە، بەڵام كوردی شیعە لە كوردستان پێیان دەڵێن (فەیلی) لەناو هەرێم وەك شیعە تەماشا دەكرێن لەهەمان كات لەناو شیعە وەك كورد تەماشا دەكرێن، لە هەردوولا بێ بەشكراون لە مافە سەرەتاییەكانیان. لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كورستان (پەرلەمانی كوردستان) لە 19/5/1992 ئەنجومەن پێكهاتبوو لە 105 كورسی، 100 كورسی گشتی‌و 5 كورسی پێكهاتەی مەسیحی. بەڵام كاتێك ململانێ لەسەر ئەو (5) كورسییە دەستیپێكرد، لە هەڵبژاردن (4) لیستی پێكهاتەكە ململانێیان دەكرد، بەڵام تەنها (1) لیست كە هی (بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری) بوو لیستی مەسیحیەكان بوو و لەلایەن خۆیانەوە پێكهێنرابوو، (3) لیستەكەی تر لەلایەن پارتی‌و یەكێتیی‌و حزبی شیوعی دروستكرابوون، لە ئەنجامدا بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری (4) كورسی بەدەستهێناو، لیستەكەی پارتی (1) كورسی هێناو ئەوانی تریش هیچ كورسی. تاكە پەرلەمانتارەكەی پارتی بەناوی پێكهاتە دواتر كرایە بریكاری وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم‌و، ئینجا وەزیری دارایی لەسەر پشكی پارتی‌و، پاشان جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران. لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانەوە ژمارەی كورسی پێكهاتەكان كرا بە (11) كورسی (بڕوانە خشتەی ژمارە (3))، بەجۆرێك لە هەڵبژاردنی (30/1/2005)وە تائێستا بە بەردەوامی زۆرینەی ئەو كورسیانە، (9) كورسی یان زیاتر لەبەردەستی پارتییەو لە هەموو پڕۆسەیەكی دەنگدانی گرنگی ناو پەرلەمان ئەو دەنگانە بۆ پارتی مسۆگەرن‌و، لەوكاتەوە تائێستا ئەو مەسەلەیە بۆ پارتی یەكلابوەتەوە.   كۆتا لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لە هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014 دا كورسیەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم بەجۆریك دابەشكراوە كە پشكی پێكهاتەكانیش تیایاندا جێگەی كراوەتەوە: -    ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر 30 كورسی دانراوەو 5 كورسی بۆ كۆتایە -    -  پارێزگای سلێمانی 32 كورسیەو 1 كورسی كۆتایە -    -  پارێزگای دهۆك 28 كورسیەو 3 كورسی كۆتایە.  پارێزگای هەولێر:    لە پارێزگای هەولێر كە 5 كورسی كۆتا هەیە كە 5 لیست كورسیان هێناوە، كە كۆی دەنگی بەدەستهاتوویان ( 7 هەزارو 629 ) دەنگ 5 كورسیان بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 30ی نیشانی 2014 دا كە ئەوانیش :. -    لیستی بەرەی توركمانی عێراق كە ( هەزارو 904 ) دەنگی بەدەستهێناوەو كاندیدی براوەشی ( 846 ) دەنگی بەدەستهێناوەو كورسیەكی هەیە -     لیستی ئەربیلی توركمانی ( هەزارو 770 ) دەنگی بەدەستهێناوەو كاندی براوەشی ( 570 ) دەنگی بەدەستهێناوە -     لیستی ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی و ئاشوری ( هەزارو 632 ) دەنگی بەدەستهێناوەو كاندیدی براوەشی ( 797 ) دەنگی بەدەستهێناوە -     لیستێك بەناوی ( كیان شلاما ) توانیویەتی ( 1198 ) دەنگ بەدەستبهێنێت و كاندیدی براوەشی ( 544 ) دەنگی بەدەستهێناوە -     لیستی بزووتنەوەی دیموكراتی توركمانی ( هەزارو 125 ) دەنگی بەدەستهێناوەو كاندیدی براوەشی ( 585 ) دەنگی بەدەستهێناوە.   پارێزگای سلێمان:    پارێزگای سلێمانی كە 32 كورسی هەیەو 1 كورسی كۆتایە كە بەر لیستی رافیدەین كەوت و لیستەكە ( 255 ) دەنگی هێناوەو كاندیدی سەركەوتووش لەو لیستە ( 170 ) دەنگی بەدەستهێناوە،   پارێزگای دهۆك:  پارێزگای دهۆك كە 28 كورسی هەیەو 3 كورسی بۆ كۆتایە لەو پارێزگایە كە بە هەرسێ كورسیەكە ( 8 هەزارو 252 ) دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی كۆتا لەو پارێزگایە كە بە بێ لیست خۆی كاندید كردووەو تەنها ( 964 ) دەنگی بەدەستهێناوەو بۆتە خاوەنی كورسی   سێیەم: نەخشەی دابەشبوونی (كەمینە) پێكهاتەكانی عێراق توركمان نەتەوەی توركمان لە عێراقدا لەدوای پێكهاتەی عەرەب‌و كوردەوە گەورەترین پێكهاتەیە، هەرچەندە ئامارێكی وردی فەرمی بەردەست نییە دەربارەی ژمارەی توركمانەكانی عێراق، بەڵام بەپێی ئاماری ساڵی 1957 كە تائێستا پشتی پێدەبەسترێت، رێژەی توركمان (2,3%)ی دانیشتوانی عێراقی پێكهێناوە. سەرەتای نیشتەجێبوونی توركمانەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەكەمی كۆچی، بەدرێژایی مێژووش لە ناوچەكەدا رۆڵی جیاوازیان گێڕاوە، بەشی زۆریشیان نیشتەجێی ئەو ناوچانەن كە بوون بە هێڵی جیاكەرەوەی نەتەوەی عەرەب كورد، كە بریتین لە شارەكانی كەركوك، دیالە، نەینەواو باكوری بەغداد، هەروەها ناوچەكانی جەلەولا، سەعدییە، كفری، سلێمان بەگ، دوز، یەنگیجە، داقوق، تەلەعفەر. مەسیحییەكان مەسیحییەكان پێكهاتەكی گرنگ‌و كۆنی ئەم ناوچەیەن كە ئێستا بە عێراق ناسراوە، سەرەتای نیشتەجێبوونیان لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحییە لە سەدەی یەكەمی زاینی، بەڵام بەردەوام لە عێراقدا ژمارەیان رووی لە كەمبوونەوە كردووە، بەتایبەت لەدوای پرسەی ئازادی عێراقەوە 83% ژمارەیان كەمبووەتەوە، بەجۆرێك ل (1 ملیۆن‌و 500 هەزار) مەسیحی كەمبوونەتەوە بۆ نزیكەی (250-500) هەزار كەس. بەشی زۆری هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی كۆچی مەسحییەكان‌و سەرهەڵدانی توندوتیژییەكانی دوای 2003و سەرهەڵدانی توندوتیژی ئاینیی، بەجۆرێك كاتێك ساڵی 2014 داعش كۆنترۆڵی پارێزگای موسڵی كرد، دەیان هەزار مەسیحی لە شوێنی باو و باپیرانی خۆیان هەڵكەندران‌و هەڵهاتن، ئەمانەش هاوكاتە لەگەڵ كردنەوەی دەرگای وڵاتانی رۆژئاوا بەڕووی مەسیحییەكاندا، كە پاڵیان پێوە دەنێت كۆچ بكەن بۆ دەرەوەی عێراق. چونكە مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوا لە بەردەم سێ بژاردەدا بوون كاتێك داعش كۆنترۆڵی ئەو پارێزگایەی كرد، ئەوانیش؛ موسوڵمانبوون یان پێدانی جزیە، بۆیە بەناچاری بژاردەی سێیەمیان هەڵدەبژاد كە كۆچكردن بوو. مەسیحییەكانی عێراق دابەشبوون بەسەر چەند مەزهەبێكی ئاینیدا، بەجۆرێك؛ كلدانییەكان سەر بە مەزهەبی (كاسۆلیك)، ئاشورییەكان (نەستورییەكان)، سریانییەكان بەشێكیان (ئەرسەدۆكس)ی‌و بەشێكیان (كاسۆلیك)ن، بەهەمان شێوە ئەرمەنییەكان بەشێكیان (ئەرسەدۆكس)ی‌و بەشێكیان (كاسۆلیك)ن، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گروپی دیكەی بچوكی مەسیحی دیكەش بەناوی پرۆتستانتی‌و ئینجیلی ...هتد بوونیان هەیە لە عێراقدا. لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (5)  كورسی بۆ كۆتای مەسیحی لە پارێزگاكانی (بەغداد، نەینەوا، كەركوك، هەولێرو دهۆك) تەرخانكراوە. لە پەرلەمانی كوردستانیش (5) كورسی بۆ كۆتای مەسیحییەكان تەرخانكراوە. ئێزدییەكان سەرەتای نیشتەجێبوونی ئێزدییەكانی عێراق بۆ مێژوویەكی زۆر كۆن دەگەڕێتەوە، وەكو خۆیان دەڵێن، مێژووی نیشتەجێبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ دوڵی دوو روبار زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستاو خۆیان بە كۆنترین ئاینی دنیا دەزانن‌و پێیانوایە ڕەگ‌و ڕیشەی بیروباوەڕیان دەگەڕێتەوە بۆ ئاینی زەردەشتی. ئێزدییەكان بەشێكی ترن لە كەمە ئاینییەكانی عێراق، كە خاوەنی ئاینی تایبەت بە خۆیانن‌و زۆربەیان لە باشوری كوردستانن لە قەزای شەنگال‌و قەزای شێخان‌و بەعشیقەو زوممارو ئەلقوش، بەشێكیشیان نیشتەجێی پارێزگای دهۆكن لە لە ناوچەكانی سیمێل‌و كۆمەڵگای خانكێ‌و ناوچەی دێر. ئەگەرچی خاوەنی یەك ئاینن، بەڵام تێكەڵن لە نەتەوەكانی كوردو عەرەب‌و فارس‌و تورك، هەربۆیە بە زیاتر لە زمانێك گفتوگۆ دەكەن، بەپێی ئامارەكان ژمارەیان لە عێراقدا لەنێوان (500) هەزار بۆ (700) هەزار كەس مەزەندە دەكرێت، بەڵام لەدوای شەڕی داعش بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری ئیزدییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، نزیكەی (360) كەسیان لێ ئاوارەبووە، نزیكەی (100) هەزار كەسیان عێراقیان بەجێهێشتووە . كوردی فەیلی بەپێی یاسای هەڵبژاردن، كوردی فەیلی (1) كورسی كۆتای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ تەرخانكراوە، لەچوارچێوەی پارێزگای واست. بەپێی سەرژمێرییە نافەرمییەكان، كوردە فەیلییەكان لە عێراقدا ژمارەیان زیاتر (800) هەزار كەسە، زۆرینەیان لە پارێزگاكانی دیالە، بەغدادو واست نیشتەجێن. پێكهاتەی كوردی فەیلی لەژێر فشارو زوڵمی زۆری رژێمی بەعسدا بوون‌و هەوڵی سڕینەوەیان دراوە، بۆیە بەبڕیاری داداگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە ساڵی 2010 كوردی فەیلی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەرامبەر ئەنجامدراوەو هەوڵی لەناوبردنی بەكۆمەڵیان دراوە. بۆیە بەشێكیان پێیان وایە جێهێشتنی (1) كورسی كۆتای پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ئاستی ئەو قوربانیدانە گەورەیەدا نییە كە ئەم پێكهاتەیە لە رابردوودا بەسەریدا هێنراوە، ئەو كورسییەش لەژێر هەژمونی پارتە گەورەكاندایەو گوزارشت لە ماف‌و خواست ئێش‌و ئازارەكانی ئەوان ناكات. سابیئەی مەندائی بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (1) كورسی كۆتای پێكهاتەكان لە ئەنجومەنەكە بۆ ئەم پێكهاتەیە تەرخانكراوە. ڕیشەی سابئییەكان دەگەڕێتەوە بۆ تیرەی ئارامی لە 100 ساڵی پێش زایندا كۆچیان كردووە بۆ عێراق، لە كەناری روباری دیجلەو فورات لە خواروو ناوەڕاستی عێراق نیشتەجێبوون، بەپێی سەرژمێری ساڵی 1919 بە (8500) كەس مەزەندە كراون، لەئێستاشدا (200) هەزار كەس دەبن‌و دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی بەغداد، كەركوك، كوت، دیالە، دیوانیە، ناسریە، عەمارەو بەسرە.  زمان كەلتورو ئایینی خۆیان هەیە، توانیویانە زمانی خۆیان بپارێزن‌و سەرەڕای زمانەكەی خۆیان كە بە زمانی "ئارامی" ناسراوە بە زمانی عەرەبیش گفتوگۆ دەكەن، ئەم تیرە ئایینییە زوڵمێكی زۆریان لێكراوە، زۆریان لێ كوژراوەو چەوساندویانەتەوەو زمانەكەیان قەدەغەكراوە، رژێمی بەعس پەرش‌و بڵاوی كردوون بەمەبەستی فەوتاندن و لەناوچوونیان. بەشێكی زۆریان لەبەر زوڵم‌و زۆرلێكردن‌و چەوساندنەوەو قەدەغەكردنی زمان‌و كەلتوورو ئایینەكەیان پەنایان بردوەتە دەرەوەی وڵات. شەبەك  بەشێوەیەكی گشتی پێكهاتەی شەبەك لە ناوچە كوردییەكانی عێراق نیشتەجێن، بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان ریشەیان دەگەڕێتەوە بۆ هۆزی (شەبەك)ی كوردی، بەڵام حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق پێش 2003 بە عەرەبی ئیزیدی ناوزەدیان كردووە، بەپێ سەرژمێری ساڵی 1977 ژمارەیان بە (80) هەزار كەس خەمڵێندراوە. زۆربەی شەبەك لەو هۆزە كوردانە پكهاتوون كە بە پەرتەوازەیی لە دەڤەری بەردەڕەشی نزیك‌ ئاكرێ‌و حەمدانیەو تلكێف بەعشیقەو هە‌ولێرو كەركوك‌و گەرمیاندا بڵاوبوونەتەوە. زمانی ئاخاوتنی ئەم هۆزانە بەگشتی شێوەزارێكی گۆرانەو كاریگەری كرمانجی‌و‌و عەرەبی‌و توركی پێوە دیارە. بە حوكمی هاوسێیەتیان لەگەڵ كوردی بادینان‌و هۆزە عەرەب‌و توركمانەكانی موسڵ . ئێستا زیاتر لە (60) هەزار شەبەك لە شاری موسڵ‌و (35) گوندی دەوروبەریدا دەژین. لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان بە (300-350) هەزار كەس دەخەمڵێندرێت، لە سەردەمی بەعسییەكاندا شەبەكەكانیش وەكو هەموو كوردەكانی دیكە ئەشكەنجە دران. رژێمی بەعس بە شوێنی ئەوە بوو ناسنامەی كوردەواری شەبەكەكان بسڕێتەوەو ئەوان وەكو عەرەب بناسێنێ.  جگە لەو پێكهاتانەی سەرەوە چەندین كەمە ئاینی‌و مەزهەبی‌و نەتەوەیی لە عێراقدا دەژین كە كەمتر ئامادەیی سیاسییان پێدراوە وەكو كاكەییەكان كە بەپێی هەندێ ئاماری نافەرمی  ژمارەیان بە (100) هەزار كەس دەخەمڵێندرێت‌و دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی كەركوك‌و هەولێرو هەڵەبجە‌و هەندێك ناوچەی دیالەو خانەقین. لەدوای ئەوانیشەوە یەهودی‌و بەهائییەكان‌و سەردەمانێك جویەكی زۆریش لە عێراقدا نیشتەجێبوون بەڵام كۆچیان كردووەو عێراقیان جێهێشتووە. چوارەم: نوێنەرایەتی پێكهاتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  كەمە نەتەوەو ئاینییەكانی عێراق لە سەرجەم خولەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لەژێر كاریگەری هێزو لایەنە سیاسییەكانی عێراقدان، زۆرجار نەیانتوانیوە ئەندامەكانیان نوێنەرایەتی راستەقینەی پێكهاتەكانی خۆیان بكەن، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیان هێندە كەمە لەنێو ململانێ‌و هاوكێشە سیاسییەكاندتا لە توانایاندا نییە وەك پێویست پارێزگاری لە خواستی رەوای خۆیان بكەن، ئەوەی ئەوانی پاراستووە فشاری رێكخراوە نێودەوڵەتی‌و وڵاتانی دەرەكییە زیاتر لەوەی نوێنەرەكانیان بێت لە ئەنجومەنی نوێنەران.  لەم خولەی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران‌و بەپێی یاسا بەشێك لەو پێكهاتانە (2,3%)ی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بۆ تەرخانكراوە، بەپێی سیستمی كۆتای پێكهاتەكان لەكۆی (329) كورسی (9) كورسییان بۆ تەرخان كراوەو و بەشێك لە پێكهاتەكانیش هیچ دەرفەتێكیان پێ نەدراوە. لەدواین هەڵبژاردنیشدا كە لە 12ی 5ی 2018دا ئەنجام درا، زیاتر لە 20 هاوپەیمانی‌و لیستی سەربەخۆ كێبڕكێیان لەسەر ئەو (9) كورسییە كرد، بۆ شێوازی دابەشكردنی كورسی پێكهاتەكان (بڕوانە خشتەی ژمارە (4)) پێدانی ئەم دەرفەتە بە پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق لە ئەنجومەنی نوێنەران هاوتا نییە بەوەی كە لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن هەیە، چونكە تەنها تەرخانكردنی (9) كورسی لەكۆی (329) كورسی نیازی پاكی سیستمی هەڵبژاردنی عێراق دەرناخات بۆ پێكهاتەكان خۆیان‌و ڕازیكردنی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، چونكە ئەم هەنگاوە بەس نییە بۆ پارێزگاریكردن لە مافی كەمینەكانی عێراق. بۆیە زۆرینەی كەمینەكانی عێراق پێیانوایە دووجار ستەمیان لێكراوە، جارێك ئەو ڕێژەیەی بۆیان دیاریكراوە گوزارشت لە قەبارەو مێژووی راستەقینەی ئەوان ناكات، جارێكی تریش یاسای هەڵبژاردن بەس نییە بۆ پارێزگاریكردن لەوان، چونكە دەكەونە ژێر رەحمەتی حیزبە گەورەكانەوە.  پێنجەم: چۆن مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان پارێزراو دەبێت ؟ یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2015 یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان كە لە كوردستان ـ عێراق دەرچووە، كە دانی بە كۆمەڵێك ماف داناوە بۆ پێكهاتەكان، بەڵام ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە بتوانرێ ئەو مافانە لەسەر زەمینەی ڕاستی جێبەجێ بكرێن، نەك تەنیا بەشێوەیەكی ڕواڵەتی بمێننەوەو ببن بە مەرەكەبی سەر كاغەز. لەپێناو باشتركردنی دۆخی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان‌و بۆ ئەوەی مافەكانیان باشتر بپارێزرێت، چاودێران پێشنیاری زۆریان خستووەتەڕوو، كە لەبەرچاوگرتنیان بنەماكانی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا بەهێزتر دەكەن‌و ڕێگەخۆش دەكەن بۆ ئەوەی پێكهاتەكانیش خۆیان بە خاوەن ماڵ بزانن لە هەرێمی كوردستان‌و هەست نەكەن هاوڵاتی پلە دوون، لەوانە: 1.    ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی‌و، هی پێكهاتەكان بە جیا بكرێت و، بەرمەبنای ئەوە بازنەی هەڵبژاردنیان جیابكرێتەوە. 2.    دروستكردنی لیستی تایبەت بە پێكهاتەكان لەلایەن كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی تەنیا ئەو كەسانەی كە سەر بەو كەمینانەن بتوانن لە هەڵبژاردنی كورسی كۆتاكاندا بەشداری بكەن‌و، هیچ لایەنێكی تر نەتوانێ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی نوێنەری پێكهاتەكاندا بكات لە پەرلەمانی كوردستاندا. 3.    بەپێی مادەی 1/بڕگەی دووەم لە یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان، ئەم پێكهاتانە لە هەرێمی كوردستان بریتین لە كۆمەڵە نەتەوەییەكان (توركمان، كلدانی، سریانی، ئاشوری‌و ئەرمەن)و كۆمەڵە ئایین‌و ئایینزاكانی (مەسیحی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، كاكەیی، شەبەك، فەیلی، زەردەشتی‌و هی دیكە). بۆیە وا باشە كورسی بۆ ئەو پێكهاتانەی تر دیاری بكرێت كە كورسی كۆتایان نیە. 4.    دروستكردنی ئەنجومەنی باڵای پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، كە ئەركیان بریتی دەبێت لە ڕاوێژ و پرۆژەی گونجاو بۆ چارەسەركردنی پرسی پێكهاتەكان‌و بەشدارییكردن لە داڕشتنی یاساو ڕێساو سیاسەت‌و ستراتیژو پلانی درێژخایەن بۆ دابینكردنی هەرچی باشتری مافی پێكهاتەكان‌و بەشداری كارای پێكهاتەكان لە سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان لە هەموو جومگەو دامودەزگاكانی حكومەتدا. 5.    لایەنە سیاسییە كوردییەكان خۆیان لە دروستكردنی حیزب‌و پارتی سیاسی ئاڕاستەكراو و كارتۆنی لەناو پێكهاتەكاندا بە دوور بگرن، هەر وەك چۆن كورد نایەوێت دەسەڵاتی عەرەبی لە عێراق ئەم ڕەفتارە بەرامبەر ئەنجام بدات. 6.    بەشداریی پێكهاتەكان لەناو سیستەمی سیاسی‌و حوكمڕانی كوردستاندا بەشدارییەكی كاراو ڕاستەقینە بێت، نەك تەنیا بۆ ئارایشتكردنی سیستەمی سیاسی بێت لە پێش چاوی وڵاتانی تر. 7.    بۆ پێكهاتەكانیش وا باشە خۆیان تێكەڵ بە هەندێ ململانێی سیاسی نەكەن كە زیان بە پێگەو بەرژەوەندییەكانیان دەگەیەنێت. كارابوون بەو واتایە نیە پێویستە خۆت تێكەڵ بەهەموو ململانێ‌و هاوكێشەیەك بكەیت، بەڵكو هەندێجار بێلایەن مانەوە بەرژەوەندییەكان دابین دەكات. سەرچاوەكان 1.    فارس الخطاب، الأقليات الدينية والعرقية في المعادلة السياسية العراقية، مرکز الجزیرة للدراسات، علی الموقع؛ https://studies.aljazeera.net/ar/article/4691?fbclid=IwAR0fO9Uf_vgWDawzuCDG--hIgz6jV_GZzwjybg0QCHy-2rv92TCtapoPt7I 2.    عمار عزيز، مقاعد كوتا المكونات بين مخاوف التشتت وطمع الأحزاب الكبيرة، علی الموقع؛ https://kirkuknow.com/ar/news/62142 3.    کەمال حەمزە، نوێنەرایەتی پێکهاتەکان، پێگەی؛ http://chawykurd.com/detailsWtar.aspx?NusarID=6195&Jmare=15536 4.    ئازاد وەڵەد بەگی، کەمینەکانی کوردستان وەک خۆیان، پێگەی؛ http://chawykurd.com/detailsWtar.aspx?NusarID=1085&Jmare=15549 5.    درەو میدیا، ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی2018/9/30 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=1524


شیكاری:درەو وەزارەتی دارایی عێراق دواین ڕاپۆرتی خۆی لە بارەی داهات و خەرجی ساڵی (2022)ی بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکانی؛ 🔹 لە ساڵی (2022)، کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، زیاتر بووە لە (161 ترلیۆن 697 ملیار) دینار، کە (95.2%)ی داهاتی نەوت و(4.8%)ی داهاتی نانەوتی بووە. 🔹 لەو داهاتەی بەدەستهاتووە زیاتر لە (104 ترلیۆن و 941 ملیار) دیناری بە ڕێژەی (88.4%)ی چووە بۆ خەرجی بەگەڕخستن. تەنها (12.018 ترلیۆن) دیناری بە ڕێژەی (11.6%) لە بواری وەبەرهێناندا بەخەرج دراوە. 🔹 هەر بەپێی ئامارەکان دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان لە کۆی داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی، بەڕێژەی (26.1%) و زیاتر لە (44.737 ترلیۆن) دینار داهات لە خەرجی زیاتر بووە و سەرڕێژی کردووە. 🔹 خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق زیاتر بووە لە (8.167 ترلیۆن) دینار و بە جۆرێک؛ ئەنجومەنی وەزیران (7.5 ترلیۆن) دینارو ئەنجومەنی نوێنەران نزیکەی (544 ملیار) دینار و سەرۆکایەتی کۆمار نزیکەی لە (52.5 ملیار) دینار، خەرجیان هەبووە. یەکەم: داهاتی گشتی وەزارەتی دارایی عێراق لە ساڵی 2022 پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ساڵی (2022) بڵاوی کردوونەتەوە، کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (161 ترلیۆن و 697 ملیار و 436 ملیۆن و 746 هەزار و 339) دینار، بەجۆرێک بڕی (154 ترلیۆن و 38 ملیار و 643 ملیۆن و 122 هەزار و 54) دیناری بەڕێژەی (95.2%)ی لە داهاتی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بڕی (7 ترلیۆن و 658 ملیار و 787 ملیۆن و 624 هەزار و 285) دینار، بەڕێژەی (4.8%)ی داهاتی نانەوتی پێکیهێناوە. سەبارەت بە وردەکاری تەواوی مانگەکانی ساڵی (2022) بڕوانە (خشتەی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (1) دووەم: خەرجی گشتی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ی وەزارەتی دارایی عێراق لە ساڵی 2022 هەر بەپێی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ ساڵی (2022)، کۆی گشتی خەرجییەکانی وەزارەتەکە بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (116 ترلیۆن و 959 ملیار و 581 ملیۆن و 692 هەزار و 22) دینار، بەجۆرێک بڕی (104 ترلیۆن و 941 ملیار و 90 ملیۆن و 861 هەزار و 952) دیناری بەڕێژەی (88.4%)ی لە لەبواری خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (12 ترلیۆن و 18 ملیار و 490 ملیۆن و 830 هەزار و 70) دیناری بەڕێژەی (11.6%)ی بۆ بواری خەرجی وەبەرهێنان تەرخان کراوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی ساڵەکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم: بوارەکانی خەرجی وەبەرهێنان لە وەزارەتی دارایی عێراق لە ساڵی 2022 خەرجییە گشتییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لە بواری خەرجی وەبەرهێنان لە ساڵی (2022)، کەرتەکانی (کشتووکاڵ، پیشەسازی، گواستنەوەو گەیاندن، بیناسازی و پەروەردەو فێرکردن)ی گرتووەتەوەو بە سەرجەمیان بڕی (12 ترلیۆن و 18 ملیار و 490 ملیۆن و 830 هەزار و 70) دیناری بەڕێژەی (11.6%)ی خەرجییە گشتییەکانی بۆ تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛ 1.    کەرتی کشتوکاڵ بڕی (370 ملیار و 917 ملیۆن و 620 هەزار و 729) دیناری بۆ خەرج کراوە. 2.    کەرتی پیشەسازی بڕی (2 ترلیۆن و 412 ملیار و 267 ملیۆن و 136 هەزار و 239) دیناری بۆ خەرج کراوە. 3.    کەرتی گواستنەوە گەیاندن بڕی (3 ترلیۆن و 231 ملیار و 561 ملیۆن و 767 هەزار و 247) دیناری بۆ خەرج کراوە. 4.    کەرتی بیناسازی بڕی (5 ترلیۆن و 265 ملیار و 704 ملیۆن و 223 هەزار و 39) دیناری بۆ خەرج کراوە. 5.    کەرتی پەروەردەو فێرکردن بڕی (738 ملیار و 40 ملیۆن و 82 هەزار و 816) دیناری بۆ خەرج کراوە. بۆ وردەکاری خەرجییەکانی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لە ساڵی (2022) بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (3) چوارەم: بەراوردکردنی کۆی داهات و خەرجی وەزارەتی دارایی عێراق لە ساڵی 2022 لە ساڵی (2022)دا، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (116 ترلیۆن و 959 ملیار و 581 ملیۆن و 692 هەزار و 22) دینار. لە کاتێکدا کۆی داهاتی گشتی عێراق بە هەردوو داهاتی (نەوتی و نانەوتییەوە)، بریتی بووە لە (161 ترلیۆن و 697 ملیار و 436 ملیۆن و 746 هەزار و 338) دینار. واتە بڕی (44 ترلیۆن و 737 ملیار و 855 ملیۆن و 54 هەزار و 316) دیناری بەڕێژەی (26.1%) لە داهاتی گشتی ماوەتەوە. سەبارەت بە وردەکاری مانگەکانی ساڵی (2022) بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)). خشتەی ژمارە (4) پێنجەم: خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە ساڵی 2022 لە ساڵی (2022)دا، کۆی خەرجییەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران)، بە هەردوو خەرجی (بەگەڕخستن و وەبەرهێنان)ەوە، بریتی بووە لە (8 ترلیۆن و 167 ملیار و 551 ملیۆن و 448 هەزار و 33) دینار. بە جۆرێک؛ 1.    ئەنجومەنی نوێنەران بڕی (543 ملیار و 805 ملیۆن و 920 هەزار و 69) دیناری خەرجکردووە، لەو بڕەش تەنها (ملیۆنێک و 252 هەزار و 500) دیناری لە بواری خەرجی وەبەرهێنان بووە.  2.    سەرۆکایەتی کۆمار بڕی (52 ملیار و 480 ملیۆن و 215 هەزار و 512) دیناری خەرجکردووە، سەرجەم خەرجییەکانی لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن بووە. 3.    ئەنجومەنی وەزیران بڕی (7 ترلیۆن و 571 ملیار و 265 ملیۆن و 312 هەزار و 452) دیناری خەرجکردووە، بڕی (6 ترلیۆن و 268 ملیار و 68 ملیۆن و 80 هەزار و 413) دیناری بە ڕێژەی (83%) لە چوارچێوەی خەرجی بەگەڕخستن و بڕی (ترلیۆنێک و 303 ملیار و 197 ملیۆن و 232 هەزار و 39) دیناری بە ڕێژەی (17%) بۆ وەبەرهێنان بەخەرج دراوە.  بۆ وردەکاری خەرجی سێ سەرۆکایەتییەکە لە ساڵی (2022) بڕوانە (خشتەی ژمارە (5)). خشتەی ژمارە (5) سەرچاوەکان ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق -    حساب الدولە لغایە کانون الپانی 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە شباگ 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە اژار 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە نیسان 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە مایس 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە حزیران 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە تموز 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە ‌‌ێ‌ب 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە ایلول 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە تشرین الاول 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە تشرین الپانی 2022 للموازنە الاتحادیە -    حساب الدولە لغایە کانون الاول 2022 للموازنە الاتحادیە


درەو: دوو وێنەی جیاوازی مەسعود بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەیەك شوێنداو لە كاتی پێشوازی لە میوانەكانیان مشتومڕی درووستكردووە، شوێنی دیدارەكە میوانخانەكەی سەرۆكایەتی هەرێمە، ئەوە لە كاتێكدایە مەسعود بارزانی بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی حزبە كوردستانیەكانی نەكردووە لە سەرۆكایەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانیش بایكۆتی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووەو لە سەرۆكایەتی هەرێمەوە دەردەكەوێت.  رۆژی 7ی ئازاری رابردوو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازی لە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی كردووە، رۆژی 2ی ئازاری رابردوو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆبووەوە. بە پێی ئەو وێنانەی بڵاوكراونەتەوە هەردوو دیدارەكە لەیەك شوێن و لەیەك هۆڵدا بووەن واتا دیدارەكەی بارزانی و عەلاوی و دیدارەكەی قوباد تاڵەبانی و گۆتێرێس، بەڵام دیدارەكە پێنج رۆژی جیاوازیان هەیە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) شوێنی هەردوو دیدارەكە میوانخانەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە كە دەكەوێتە ناو ماڵەكەی نێچیرڤان بارزانی لەناو شاری هەولێرە.  دەركەوتنی مەسعود بارزانی لە میوانخانەكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا لە كاتێكدایە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان چەندین كۆبوونەوەی بۆ كەسی یەكەمی حزبە كوردستانیەكان لە سەرۆكایەتی هەرێمكردووەو مەسعود بارزانی بەشدار نەبووە لە هیچ یەكێك لەو كۆبوونەوانەی كە نێچیرڤان بارزانی رێكی خستووە. لە هەمانكاتدا قوباد تاڵەبانی لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە بایكۆتی كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، بەڵام لە میوانخانەیەكی سەرۆكایەتی هەرێمەوە دەردەكەوێت و بەشداری لە كۆبوونەوەو دیدارەكاندا دەكات.  ئەم دیدار و كۆبوونەوانە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی، تیمی حكومی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران ناكەن، زۆربەی وەفد و نوێنەری وڵاتانی جیهان كە دێنە هەولێر لەگەڵ هەردوولا كۆدەبنەوەو داوای چارەسەری كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی دەكەن.


 (درەو):  ئەمڕۆ دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی 2ی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرمایەدار (هیوا رەئوف) دەركرد‌و هەمان دادوەر هەر ئەمڕۆ فەرمانەكەی خۆی هەڵوەشاندەوە.  بەپێی سەرچاوەكان هیوا رەئوف لە فڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیركراوە، بەڵام یەكێك لە پارێزەرەكانی دەڵێت هیوا رەئوف دەستگیرنەكراوەو فەرمانی دەستگیركردنەكەی هەڵوەشێندراوەتەوە.   دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی 2ی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سەرمایەدار (هیوا رەئوف) دەركرد.  ئەم فەرمانە پەیوەندی بە كێشەی خاوەن پشكەكانی (دەلتا سمنت)ەوە هەیە، هیوا رەئوف یەكێكە لە خاوەن پشكەكانی ئەم كۆمپانیایە كە لە بواری بەرهەمهێنانی چیمەنتۆدا كاردەكات. بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە سكاڵای لەسەر هیوا رەئوف تۆماركردووە‌و تۆمەتباری دەكات بەوەی بڕی (8 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلاری كۆمپانیاكەی بردوەتەوە بۆ ماڵەكەی خۆی، داوای گەڕاندەوە ئەو پارانە دەكات.  بەپێی قسەی سەرچاوەكان، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لەسەر بنەمای فەرمانەكەی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی هیوا رەئوف دەستگیركراوە، بەڵام یەكێك لە پارێزەرەكانی هیوا رەئوف بە (درەو)ی راگەیاند" هیوا رەئوف دەستگیر نەكراوە‌و فەرمانی دەستگیركردنەكەشی لەلایەن هەمان دادوەرەوە هەڵوەشێندراوەتەوە".   


 (درەو):  لە كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی‌و وەزیری بەرگری ئەمریكادا كە ئەمڕۆ لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم بەرێوەچوو، رێباز بێركۆتی وەك وەزیری پێشمەرگە بەشداربوو.  رێباز بێركۆتی لەدوای دەستلەكاركێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیل لەلایەن یەكێتیەوە كاندیدكرا بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، لە 22/12/2022 لەلایەن مەسرور بارزانییەوە ناوەكەی ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كرا بۆ متمانەپێدانی، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی‌و پارتییەوە گۆڕانكارییە وزارییەكان تائێستا پەسەند نەكراون. ماوەی 7 مانگە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە پشكی یەكێتی لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی دەستی لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە كێشاوەتەوە، شۆڕش ئیسماعیل پێشتر وەكو وەزیری پێشمەرگە لە مانگی ئەیلولی رابردوودا لێكتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریكاو وەزارەتی پێشمەرگەی ئیمزاكرد، رێككەوتنێك كە تیایدا ئەمریكا، پابەندی خۆی بە پێشتیوانیكردن لە هێزەكانی پێشمەرگە راگەیاندووە. لە هاتنی لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان، رەنگە بەتاڵبوونی پۆستی وەزیری پێشمەرگە ئیحراجی بۆ سەرۆكایەتی هەرێم دروستكردبێت، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی وەزیری پێشمەرگە لە كۆبوونەوەكەدا رێباز بێركۆتی كاندیدی وەزیری پێشمەرگە بانگهێشتكراوەو ئامادەبووە، لەكاتێكدا هێشتا لە پەرلەمانی كوردستان متمانەی پێنەدراوە.  


 راپۆرت: درەو ئاودیوكردنی دۆلار لە هەرێمی كوردستان چیرۆكێكی نوێ نییە، بەپێی قسەی نەوشیروان مستەفا ساڵی 1991 سەددام بە دیناری ساختە، زیاتر لە (400 ملیۆن) دۆلاری لە هەرێم كوردستان كڕیوەتەوە، ئێستا دۆخەكە زۆر نەگۆڕاوە، پارتی‌و یەكێتی یەكتر تۆمەتبار دەكەن بە ئاودیوكردنی دۆلار، حكومەتی عێراقیش هەردووكیان تۆمەتبار دەكات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  ئاودیوی دۆلار پەرەی سەندووە ئەم رۆژانە باسی گەرمی شەقامی عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە بەرامبەر بە دینار، ئەمە پەیوەندی بە چەند رێوشوێنێكەوە هەیە كە ئەمریكییەكان گرتویانەتەبەر بۆ پابەندكردنی عێراق بە سیستەمی جیهانیی بانكەكانەوە، بەپێی ئەم سیستەمە كە عێراق پابەندبوونی خۆی پێوە راگەیاندووە، عێراق هەر دۆلارێك كە بە رێگەی حەواڵە دەینێرێتە دەرەوە، دەبێت ئەمریكییەكان ئاگادار بن لەوەی بۆ كوێ دەڕوات. مەزادی دۆلار كە بەسەرچاوەی سەرەكی ئاودیوكردنی دۆلاری عێراق ئەژمار دەكرا، ئێستا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، هەر كەسێك بیەوێت دۆلار بكڕێت، دەبێت لەرێگەی پلاتفۆرمی ئەلیكترۆنییەوە داواكاری پێشكەش بكات‌و هۆكاری كڕینی دۆلارەكە‌و ئەو شوێنە ئاشكرا بكات كە بۆی حەواڵە دەكات.   ئەم دۆخە، سەرباری رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی عێراق، ماوەی چوار مانگە بازاڕەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستانی توشی شڵەژان كردووە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزترە لەو نرخە فەرمییەی كە بانكی ناوەندی عێراق دیاریكردووە، نرخی كاڵاو شمەك لە بازاڕەكاندا بەرزبوەتەوە.  لەگەڵ دانانی كۆتوبەند لەسەر حەواڵەی دۆلار، ئێستا دیاردەی ئاودیوكردنی دۆلار بەشێوەی كاش لە دەروازە سنورییەكانەوە پەرەی سەندووە، لەمەشدا هەندێك لە بەرپرسانی عێراقی پەنجەی تۆمەت بۆ هەرێمی كوردستان درێژ دەكەن.  بانكی هەولێرو ئاودیوكردنی دۆلار ! سەرەتاكانی شوباتی رابردوو، هاوكات لەگەڵ گەرمبوونی قسەوباس لەبارەی كۆتوبەندەكانی ئەمریكا لەسەر دۆلارەكانی عێراق‌و بابەتی ئاودیوكردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران، عەلی فازل ئەو رۆژنامەنوسە عێراقییەی كە لە ئەمریكا نیشتەجێیە‌و ساڵی رابردوو تۆمارە دەنگییەكەی نوری مالیكی بڵاوكردەوە، تۆمارێكی دەنگی نوێی (ئەحمەد چەلەبی)ی سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ئاشكرا كرد.  مێژووی تۆمارەكە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، واتە بۆ ماوەیەكی كەم بەر لە مردنی ئەحمەد چەلەبی. قسەكانی لەدانیشتنێكدا بووە لەگەڵ هەریەكە لە (عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی ئەوكات‌و ئێستا‌و لیوا (حسێن شەمەری) بەڕێوەبەری روبەڕووبونەوەی تاوانی رێكخراو لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق. لەم تۆمارە دەنگییەدا، چەلەبی باس لەوە دەكات چەندین ساڵە كێشە لە بابەتی مەزادی دۆلاردا هەیە، ناوی ئەو بانك‌و كۆمپانیایانە ئاشكرا دەكات كە كاری حەواڵەی دۆلاریان كردووە‌و لە كاری شتنەوەی پارەدا تێوەگلاون، بەپێی قسەی چەلەبی، لەماوەی ساڵانی 2012 بۆ 2015 زیاتر لە (312 ملیار) دۆلار لە عێراقەوە ئاودیوی دەرەوە كراوە، بەشێكی لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانەوە ئاودیو كراوە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لەناو ئەو بانك‌و كۆمپانیایانەی كە لە كاری ئاودیوكردنی دۆلاردا تێوەگلاون، چەلەبی باس لە (بانكی هەولێر) دەكات‌و دەڵێ:" تەنیا بانكی هەولێر بڕی (7ملیارو 923 ملیۆن) دۆلاری ناردوەتە دەرەوە". بەگوێرەی قسەكانی چەلەبی" بانكی هەولێر بڕی (ملیارێك‌و 712 ملیۆن‌و 500 هەزار) دۆلاری ناردووە بۆ كۆمپانیای (الراوی). لە رۆژی 31ی ئایاردا بڕی (52 ملیۆن) دۆلاری لەبانكی ناوەندیی كڕیوە". هەر لەم تۆمارەدا‌و لە بەشی دووەمدا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی روبەڕووبونەوەی تاوانی رێكخراو بە بەڵگەوە باس لە تێوەگلانی میلیشیاكان دەكات لە پرۆسەی سپیكردنەوەی پارەو ئاودیوكردنی دۆلاردا. ئاودیوكردنی دۆلار لە سلێمانییەوە هەر لە سەرەتاكانی شوباتی رابردوودا، رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری لەزاری سەرچاوەیەكی نزیك لەباڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغداد هەندێك وردەكاری نوێی لەبارەی ئاودیوكردنی دۆلار لە هەرێمی كوردستانەوە ئاشكرا كرد.  بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق لەبارەی پرۆسەی دەستبەراگرتنی پارەی بەقاچاغبراودا باسی دەكەن، رێژەیەكی زۆر سادەیەو 5% ئەوە تێپەڕناكات كە رۆژانە لەعێراقەوە بەقاچاغ دەبرێت. راپۆرتەكە دەڵێ" بابەتی بەقاچاغبردن لەعێراق بەڕێگەی فەرمی ئەنجام نادرێت، بەڵكو زۆرینەی لەڕێی خاڵە سنورییە فەرمییەكان‌و نایاساییەكانەوە لە پارێزگاكانی دیالەو سلێمانی هاوسنوری ئێران ئەنجامدەدرێت". سەرچاوەكە  ئاماژەی بەوەكردووە: بابەتی بەقاچاغبردنی دۆلارو گەیشتنی بە ئێران‌و شوێنەكانی تر كە لە لیستی سزاكانی ئەمریكادان، تەوەری بنەڕەتی گفتوگۆكان بووە لە كۆبونەوەكەی ئەستەنبوڵ لەنێوان (براین نیلسۆن) یاریدەدەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری تیرۆرو هەواڵگری دارایی لەگەڵ (عەلی عەلاق) پارێزگاری بانكی ناوەندیی. "بەرپرسە ئەمریكییەكە بە عەلاقی وتووە: دەروازەی ناشەرعی هەیە لەژێر كۆنترۆڵی دەوڵەتدا نییەو دۆلاری كاشی لێوە بەقاچاغ دەبرێت بۆ ئێران، بەڵگەی پێشكەشكردووە كە دەیسەلمێنێت پرۆسەی بەقاچاغبردن بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژاو  لەلایەن كەسانی سەر بەلایەنی گرێدراو بە حزب‌و لایەنەكانی تر عێراقەوە ئەنجامدەدرێت، كە پەیوەندی بەهێزیان هەیە لەگەڵ ئێران‌و بە بارهەڵگر دەپەڕنەوە بۆ ئێران‌و دەگەڕێنەوە، دوای ئەوەی بارە دۆلارەكەیان بەتاڵ دەكەن".  "وەفدەكەی ئەمریكا داوای لە عێراق كردووە پرۆسەی وردبینی توندتر بكەنەوە لەخاڵە سنورییەكان‌و، ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دابینكردنی ئامێری پێشكەوتوو بۆ ئاشكراكردنی پارەی باركراو ئەگەر بەوردیش شاردرابێتەوە، وەفدەكە مەرجی ئەوەی بۆ عێراق داناوە دەبێت كۆنتڕۆڵی دەروازە‌و خاڵە نافەرمییەكان‌و هەر ڕێگایەكی سنوری بكات كە دۆلاری لێوە بەقاچاغببرێت".     سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵا لەبارەی ئەو وڵات‌و ناوچانەی دۆلاریان بۆ دەبرێت بە ڕۆژنامە قەتەرییەكەی راگەیاندووە" یەكێك لە تێوەگلاوەكان دانی بەوەداناوە دۆلارە بە قاچاغبراوەكان بە ڕێوشوێنی سەرەتایی‌و لەڕێی بارهەڵگری گواستنەوەی كەلوپەلەوە بۆ ئێران‌و سوریا دەگوازرێتەوە، لەبەرامبەریشدا دەزگا پسپۆڕەكان لە دەروازەكان پرۆسەی پشكنینان بە ئامرازی زۆر چالاك چڕكردووەتەوە، لەنمونەی دانانی سەگی پولیسی، ئەوەش پرۆسەی بەقاچاغبردنی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمكردووەتەوە".    ئیبراهیم خەلیل‌و ئاودیوكردنی دۆلار رۆژی 11ی شوبات، بەڕێوەبەرایەتی گومرگی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە راگەیەندراوێكی كورتدا رایگەیاند" گواستنەوەی پارەی كاشی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات راگرتووە".  ئەم راگەیەندراوە ئەو قسەوباسانەی پشتڕاستكردەوە كە دۆلار لە سنورەكانەوە بەشێوەی كاش دەبرێتە دەرەوە.  رۆژی 1ی ئەم مانگە، لەمیانی بەشداریكردنیدا لە كۆڕبەندی هەولێر، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی وتی:" ئەوە راست نیە كە دەڵێن دۆلار لە سلێمانییەوە دەچێتە وڵاتانی دروسێ، بەڵكو لە هەولێرەوە دەچێتە توركیا، بەشێوەیەك لە كەركوكەوە دێتە سلێمانی‌و لەوێوە دەچێتە هەولێرو پاشان لە ئیبراهیم خەلیلەوە دەچێتە توركیا". بەگوێرەی راپۆرتێكی سایتی (Middle East Eye)ی بەریتانی كە سەرەتاكانی شوباتی رابردوو لەزاری بەرپرسانی عێراقییەوە بڵاویكردوەتەوە" سەرباری رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی عێراق، رۆژانە لانی كەم 70 ملیۆن دۆلار لە هەرێمی كوردستانەوە ئاودیوی دەرەوە دەكرێت".  دوان لە راوێژكارەكانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سایتە بەریتانییەكەیان وتووە" زانیارییە هەواڵگرییەكان باسلەوە دەكەن بەمدواییە ئاودیوكردنی دۆلار لەرێگەی وشكانی‌و بەناو هەرێمی كوردستاندا بەرەو توركیاو دوبەی گەشەی كردووە".  ئەو سەرچاوانەی كە سایتە بەریتانییەكە قسەی لەگەڵ كردوون، باسیان لەوە كردووە" دەڵاڵەكانی ئاودیوكردنی دۆلار، بۆ ئاودیوكردنی بڕی یەك ملیۆن دۆلاری كاش، بڕی 15 هەزار دۆلار وەردەگرن".   سەددام‌و دزینی دۆلارەكانی كوردستان چیرۆكی ئاودیوكردنی دۆلار لە كوردستانەوە بۆ دەرەوە نوێ نییە، نەوشیروان مستەفا لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ عوسمان عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی لە كۆتایی ساڵی 1991دا لە چوارقوڕنە باسی ئاودیوكردنی دۆلار دەكات‌و دەڵێ:" یەكێك لەو شتانەی كە روبەڕوومان دەبێتەوە مەسەلەی دۆلارە كە سەرچاوەیەكی زۆر گەورە بووە بۆ ئابوری عێراق، چەند مانگی رابردوو نزیكەی (400 ملیۆن) دۆلار لە كوردستاندا لەرێگەی هاوپەیمانان‌و ئەوانی ترەوە سەرفكراوە حكومەتی عێراقی هەر (400 ملیۆن) دۆلارەكەی بە پارەی ساختە لێكڕیوینەتەوە‌و بردویەتی بۆ بەغدادو لەوێوە بۆ بەندەری عەقەبە، لەوێ شتومەكی پێ كڕیوە‌و هێناویەتییەوە. ئێمە ئەمانەوێت ئەمە تەنزیم بكەین، ئەمە بەتاقی تەنیا بە سلێمانی ناكرێت، چونكە دۆلارەكە لە هەولێر هەیە لە دهۆك هەیە، لە سلێمانی‌و كەلارو كفری هەیە. ویستمان ئەم فەترەیە مەركەزیەتێكی وا لە كوردستاندا دروستبكەین ئەو ئیجرائاتانەی كە ئەیكەین بەسەر هەموو كوردستاندا جێبەجێ بكرێت، یەعنی هەرئەوە نەبێت ئێمە هەر لە سلێمانی دۆلار مەنع بكەین، لە هەولێرو دهۆكیش مەنعی بكەین بچێت بۆ بەغداد، ئەم دۆلارانە لە بانقێكدا كۆبكەینەوە، دەوڵەمەندەكان هان بدەین بێن بە قازانج (سود) دیناری عێراقی تێدا دابنێن، هەر كەسێك ویستی بێت بڕوات بۆ ئێران‌و توركیا‌و سوریا یان بۆ هەر جێگایەكی تر بۆ ئەوەی خواردەمەنی بكڕێت، دۆلارەكەی بدەینێ بڕوات شتەكانمان بۆ بكڕێت‌و كە هاتەوە حسابی لەگەڵدا بكەین بزانین بای چەندی كڕیوە، راست دەكات یان نا، بیخەنە بازاڕەوە".  


مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) هەفتەی پێشو باوکی گەنجێکی زیندانیکراو لەبەردەم کامێرا و مایکرۆفۆنی چەندان میدیای جیاوازدا لە بەردەرگای دادگای هەولێردا بەسەرهاتی چۆنیەتی مامەلەکردنی بەربەریانەی کوڕەکەی لە زیندانێک لە زیندانەکانی هەرێمدا گێڕایەوە. ئەو باوکە وردەکارییەکانی ئەو سزادانە چەستەییە نائینسانیی و دڕندانەی باسکرد کە بەرامبەر بە کوڕەکەی ئەنجامدراوە، لەناویاندا لە کارەبادان، هەڵئاوساندنی هێلکەگونەکانی،  هەڵواسین بە پانکە و لەیەکترازاندنی شانی، لە هەمووشی کارەساتتر و ناشیرینتر کردنی بوتڵی بیبیسی بە کۆمیدا. چەند ساڵێک لەموبەر گەنجێکی تر کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتییدا گیرابوو، بەسەرهاتی دەستدرێژیکردنی سێکسیی و لاقەکردنی خۆی لە زیندانی پاراستندا گێرایەوە.  ئەم جۆرە هەواڵە کەمانە کە خاوەن و کەسە نزیکەکانیان بوێری ئەوەیان هەیە باسیانبکەن و بیانگەیەننە گوێی ئێمە و گوێی جیهان، حیکایەتی یەکێک لە زیندانە هەرە ناشیرینەکانی جیهانمان بۆ دەگێرنەوە، زیندانێک تیایدا هەموو شتێک کەوتوە، هەم یاسا و هەم ئەخلاق و هەم ئەو لایەنە لە ئینسانیەت کە مرۆڤ لە ئاژەڵە دڕندەکان جیادەکاتەوە. ئەم شێوازە لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی زیندانییەکان مۆدێڵی خراپترین و ستەمگەرترین سیستمە سیاسییەکانی جیهانمان بیردەخەنەوە.  هەموو شتێک لەم مۆدێلەدا لە زیندان نائینسانیی و تاوانبارانە و مافییایانەیە. ئەوەی بە پلەی یەکەم نائامادەیە تەنها ئەو یاسایانە نییە کە لانی هەرە کەمی ماف و لانی هەرەکەمی ئینسانبوونی بەندییەکان دەپارێزێت، بەڵکو ئەو لانیکەمی ئەخلاق و کەرامەتەشە کە ڕێگا لەوەدەگرێت مرۆڤ بگۆڕێت بۆ ئاژەڵێکی دڕندە، ببێت بە گۆرێلایەکی بێویژدان. جۆری ئەو سزا جەستەییانە کە ئامادەن مەگەر تەنها لە زیندانەکانی بەعس و زیندانی هێزە هەرە تاریکەکانی مێژوودا بوونی هەبووبێت. چ شورەییەکی گەورەیە میلەتێک سەدەیەک خەباتی بۆ ئازادیی و بۆ مافە هەرە سەرەتاییەکانی مرۆڤ کردبێت، کەچی حوکمڕانەکانیان لە ماوەی سەدەیە حوکمرانیدا، ئەم جۆرە زیندانەیان بۆ هاوڵاتییەکانیان، دروستکردبێت. ئەم شێوازە لە مامەلەکردنی مرۆڤیان سەروەرکردبێت. هەر سیستمێکی سیاسیی خاوەنی ئەو جۆرە زیندانە بێت بە کردەوە لەوە کەوتوە خاونی لانی هەرەکەمی هیچ جۆرە شەرعیەتێک بێت.  ئەم مۆدێلە لە زیندان شەرعیەت لە هەموو فۆرمەکانی دەسەڵات لەو وڵاتەدا دەسێنێتەوە کە تیایاندا ئامادەیە و حوکمڕانەکانیشی بۆ ئاستی تاوانبارە گەورەکانی ئەم سەردەمە بەرزدەکاتەوە.  ئەو هەواڵ و بەسەرهاتە کەمانەی سەبارەت بەم زیندانانە لە هەرێمدا دەگات بە گوێمان، خواستی دەسکاریکردن و سەرلەنوێ دارشتنەوەی ئەم سیستمە لە وڵاتەکەدا دەکاتە خواستێک کە قابیلی دواخستن و پشتگوێخستن نییە. ئەو زانیارییە کەمانەی کە ئاشکرا دەبن وادەکەن ڕیفۆرمکردنی زیندانەکان ببێت بە ئەرکێک کە قابیلی دواخستن نییە. بەڵام کردەی ریفۆرم لێرەشدا بەبێ دسکاریکردن و گۆڕینی سیستمە سیاسییەکە مەحاڵە.   ئێمە لەبەردەم مۆدێلێک لە حوکمرانیداین کە ناتوانێت بەبێ زیندان بژیی و هەناسەبدات. زیندان، یان هەڕەشە بە زیندان و لەوێشەوە هەڕەشە بە ئەشکەنجەدانی جەستەیی، لە تەکنیکە سەرەتاییەکانی حوکمڕانییە لە هەرێمدا، بەتایبەتی تەکنیکی مامەڵەکردنی هەموو ئەوانەی کە تۆمەتی سیاسیی و تۆمەتی تێکدانی ئاسایشیان بدرێتەپاڵ. زیندان یەکێکە لە دەزگا سەرەکییەکانی ئەم حوکمرانییە سوڵتانییە، بەڵام زیندانێک لەو شێوەیەدا کە هەفتە رابوردوو بوێری ئاشکرا و بەرچوی باوکێک بڕێک لە ئاکار و سیفەتە سەرەکییەکانی ئاشکراکرد.  زیندان لە جەوهەری خۆیدا وەک دەزگایەک لە دەزگا سەرەکییەکانی ناو دونیای مۆدێرن دەزگایەکی سەرکوتکەر و چەوسێنەرە، بەڵام مێژوو سێ سەدەی رابوردو مێژووی هەوڵدانی بەردەوامی ریفۆرمکردنی ئەم دەزگایە و کۆششی بەئینسانیکردنیەتی. بەرگیرکردن لە مافەکانی زینداینکراو وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف، بەرگریکردن لە کەرامەتیی، یەکێکە لەو هەوڵە سەرەکییانەی کە ریفۆرمخوازەکانی بواری یاسا و بواری دەزگاکان، هەوڵی بەردەوامیان تێداداوە. لەم رووەوە کارەکانی فەیلەسوفی فەرەنسیی میشێل فوکۆ یەکێکە لە کارە هەرە گرنگەکانی ئەم بوارە. فوکۆ زیندان وەک دەزگایەکی سەرکوتکەر دەبینێت و مامەڵەدەکات، ئەگەرچی جاکسازیی و ریفۆرمی جیاوازیشی تێدابکرێت. زیندان وەک زیندان، دەزگایەکی سەرکوتکەر و دیسپلینکەرە. بەڵام ئەم ڕاستییە ڕێی لەوە نەگرتوە خودی ئەم فەیلەسوفە بەرگریی لە مافی زیندانیەکان وەک مرۆڤ لەناو  زیندانەکاندا بکات و لە چەندان خۆپیشاندان و نارەزایی دەربڕیندا بەشدارببێت بۆ پیادەکردنی جاکسازیی لە زیندانەکانی فەرەنسادا، تا ئەو شوێنەی لەگەڵ هەندێک خۆپیشاندەرانی بەردەمی یەکێک لە زیندانەکاندا بگیرێت  و ماوەیەک دەستبەسەربێت.  لە دوای قسەکانی ئەو باوکە و لە دوای قسەکانی ئەو گەنجەشەوە کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا گیراوە و لە زینداندا لاقەکراوە، تەنها یەک ئەگەر لەبەردەم کۆمەڵگای ئێمەدا لە ئارادایە، ئەگەری قبووڵنەکردنی ئەم شێوازە لە زیندان وەک دەزگا و ئەو هەلومەرجە وەحشیانەی لەناو ئەو زیندانەدا سەروەرکراون. بەرپرسکردنی ئەو کەس و هەز و لایەنانەی ئەم دۆخەیان دروست و سەروەرکردوە. لەمەشدا ئەرکی ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ یاسا و سزادان و زینداندایە و لەڕووی پیشەییەوە بەم شتانەوە پەیوەستن، مەبەستم داوەرەکان و پارێزەران و یاساناسانە، لە پێش هەموو ئەوانیترەوەیە. دوای ئەوان یان تەریب بەوان ئەرکی هەموو ئەو ڕێکخراو و گروپ و لایەنانەشە کە لە خەمی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتی ئینسان لە دونیای ئێمەدان. ئینجا ئەرکی گشتێتی کۆمەڵگای ئێمەیە کە پێویستە رازینەبێت و نەیەوێت ئەو جۆرە لە دەزگا و ئەو فۆرمە لە زیندان و ئەو شێوازە لە مامەڵەکردنی زیندانیان لەناویدا بوونی هەبێت. ڕیفۆرمکردنی زیندان لە دونیای ئێمەدا بەگژاچوونەوە بەو وێنەیەیە کە دەسەڵاتداران لەم ولاتەدا بۆ مرۆڤیان دروستکردوە، وەێنەی مرۆڤ وەک ڕەعیەتێکی بێئیرادە و بێماف و بەکەرامەت.   


شیكاری: درەو: بەپێی داتاکانی دیلۆیت، پرۆسەی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022) بەراورد بە (2021)؛ •    بڕی نەوتی ڕادەستکراو بە کڕیان لە ڕێگەی بۆرییەوە بە ڕێژەی (5%) کەمی کردووە. •     تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی ڕادەستکراو بە کڕیاران لە ڕێگەی بۆرییەوە بە ڕێژەی (43%) زیادی کردووە. •     داهاتی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە بە ڕێژەی (36%) زیادی کردووە. •     کۆی ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە هەردوو شێوەی (بۆری و ناوخۆ) بە ڕێژەی (36%) زیادی کردووە. •    کۆی داهاتی گەڕاوەی نەوتی هەرێم بە ڕێژەی (44%) زیادی کردووە. •    کۆی خەرجی نەوتی هەرێم بە ڕێژەی (30%) زیادی کردووە. •    کۆی ئەو کرێیەی بۆ بارکردن و گواستنەوە و خەرجی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم ڕۆشتووە (32%) کەمی کردووە. •    تێکڕای نرخی (1) بەرمیل نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بە ڕێژەی (43%) زیادی کردووە. •     هەرزان فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ تێکڕای (1) بەرمیل نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بە ڕێژەی (41%) زیادی کردووە. •     بەم پێیەش بڕی نەوتی فرۆشراو لە ناوخۆ بە ڕێژەی (7%) کەمی کردووە. •     کۆی بەهای نەوتی خاو و کۆندێنسەیتی فرۆشراو لە ناوخۆ بەڕێژەی (3%) زیادی کردووە. یەکەم؛ نرخ و بەهاو پوختەی نەوتی گواستراوە بۆ کڕیاران (لە ڕێگەی بۆرییەوە) لە ساڵی 2021 و 2022؛ پاڵپشت بە ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە هەر چوار چارەکاکانی ساڵی (2021) بەراورد بە ساڵی (2022)، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری نەوتی (کوردستان – جەیهانی تورکی)؛ 1.    لەساڵی (2021)دا بڕی (152 ملیۆن و هەزار و 154) بەرمیل نەوتی ڕادەستی کڕیارانی نەوتی هەرێم کردووە، بەڵام لە ساڵی (2022) پوختەی نەوتی ڕادەستکراوە دابەزیوە بۆ (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل. بەم پێیەش بڕی نەوتی ڕادەستکراو بە ڕێژەی (5%) و بە قەبارەی (7 ملیۆن و 596 هەزار و 742) بەرمیل نەوت دابەزیوە لە ساڵی (2022)دا. (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە (1)). 2.    تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ساڵی (2021)دا بۆ هەر بەرمیلێک بریتی بووە لە (59.49) دۆلار، بەڵام لە ساڵی (2022)دا بەهای بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم گەیشتووە بە (84.99) دۆلار. واتە هەر بەرمیلێک بە ڕێژەی (43%) و بە بەهای (25.5) دۆلار بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (2)). 3.    کۆی بەهای پوختەی نەوتی ڕادەستکراوی هەرێم لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (9 ملیار و 37 ملیۆن و 887 هەزار و 22) دۆلار، بەڵام لە ساڵی (2022)دا داهاتەکە گەیشتووە بە (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار و 848) دۆلار. بەم پێیەش بڕی (3 ملیار و 293 ملیۆن و 530 هەزار و 826) دۆلار و بەڕێژەی (36%) بەهای نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە لە ساڵی (2022)دا زیادی کردووە بەراورد بە ساڵێک پێش خۆی. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1) و چارتی ژمارە (3)). خشتەی ژمارە (1) چارتی ژمارە (1) چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3)   دووە؛ کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراوی (بۆری و ناوخۆ) بڕی خەرجی و داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەت لە ساڵی 2021 و 2022 1.    کۆی ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە هەردوو شێوەی (بۆری و ناوخۆ)وە بەدەستهاتووە، لە ساڵی (2021) بریتی بووە لە (9 ملیار و 125 ملیۆن و 987 هەزار و 56) دۆلار، بەڵام لە ساڵی (2022)دا داهاتەکەی بەرزبووتەوە بۆ (12 ملیار و 422 ملیۆن و 260 هەزار و 894) دۆلار. بەم پێیەش داهاتی گشتی نەوتی هەرێم بڕی (3 ملیار و 296 ملیۆن و 273 هەزار و 838) دۆلار و بە ڕێژەی (36%) زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی (2021). (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (4)). 2.    کۆی داهاتی گەڕاوەی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (3 ملیار و 964 ملیۆن و 814 هەزار و 502) دۆلار و بە ڕێژەی (44%) گەڕاوەتەوە نێو خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم، بەڵام لە ساڵی (2022) بڕەکە گەیشتووە بە (5 ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار و 87) دۆلار و بە ڕێژەی (46%). بەم پێیەش داهاتی گەڕاوە لە ساڵی (2022)دا بڕی (ملیارێک و 744 ملیۆن و 889 هەزار و 585) دۆلار و بەڕێژەی (44%) زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی (2021). (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (5)) 3.    کۆی خەرجی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (5 ملیار و 161 ملیۆن و 172 هەزار و 554) دۆلار و بە ڕێژەی (56%)، بەڵام لە ساڵی (2022) بڕەکە گەیشتووە بە (6 ملیار و 712 ملیۆن و 556 هەزار و 807) دۆلارو بە ڕێژەی (54%). بەم پێیەش خەرجی پرۆسەی نەوت لە ساڵی (2022)دا بڕی (ملیارێک و 551 ملیۆن و 384 هەزار و 253) دۆلار و بەڕێژەی (30%) زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی (2021). (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (6)). خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (4) چارتی ژمارە (5) چارتی ژمارە (6) سێیەم؛ کرێ و تێچووی بارکردنی و گواستنەوەی نەوت لە خاکی (هەرێم و تورکیا) لە ساڵی 2021 و 2022 1.    کۆی ئەو کرێیەی بۆ بارکردن و گواستنەوە و خەرجی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم ڕۆشتووە لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (1 ملیار و 304 ملیۆن و 595 هەزار و 838) دۆلار، بەڵام خەرجی پێویست بۆ هەمان بوار لە ساڵی (2022)دا دابەزیوە بۆ (892 ملیۆن و 948 هەزار و 508) دۆلار. بەم پێیەش خەرجی ناوبراو بە ڕێژەی (32%) و بە قەبارەی (411 ملیۆن و 647 هەزار و 330) دۆلار کەمی کردووە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵێک پێشتر. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (7)). 2.    کۆی کرێی بارکردن و گواستنەوە و خەرجی (1) بەرمیل نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بە تێکڕا لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (8.58) دۆلار، بەڵام خەرجی پێویست بۆ هەمان بەرمیل لە ساڵی (2022)دا دابەزیوە بۆ (6.18) دۆلار. بەم پێیەش خەرجی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بە ڕێژەی (28%) و بە قەبارەی (2.4) دۆلار کەمی کردووە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵێک پێشتر. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3) و چارتی ژمارە (8)). خشتەی ژمارە (3) چارتی ژمارە (7) چارتی ژمارە (8) چوارەم؛ تێکڕای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و نرخی نەوتی هەرێم و هەرزان فرۆشتنی لە ساڵی 2021 و 2022 1.    تێکڕای نرخی (1) بەرمیل نەوتی لە بازاڕەکانی جیهان بۆ ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (70.68) دۆلار، بەڵام لە ساڵی (2022)دا بەرزبووەتەوە بۆ (100.78) دۆلار. بەم پێیەش بەرمیلێک نەوت بە ڕێژەی (43%) و بە قەبارەی (30.10) دۆلار زیادی کردووە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵێک پێشتر. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4) و چارتی ژمارە (9)). 2.    تێکڕای نرخی (1) بەرمیل نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (59.49) دۆلار، بەڵام لە ساڵی (2022)دا بەرزبووەتەوە بۆ (84.99) دۆلار. بەم پێیەش بەرمیلێک نەوت بە ڕێژەی (43%) و بە قەبارەی (25.5) دۆلار زیادی کردووە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵێک پێشتر. (بڕوانە خشتەی ژمارە (4) و چارتی ژمارە (10)). 3.    جیاوازی و هەزان فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ تێکڕای (1) بەرمیل نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ ساڵی (2021) بەراورد بە نرخی جیهانی بریتی بووە لە (11.19) دۆلار، بەڵام لە ساڵی (2022)دا بەرزبووەتەوە بۆ (15.79) دۆلار. بەم پێیەش بەرمیلێک نەوت بە ڕێژەی (41%) و بە قەبارەی (4.6) دۆلار هەزانکرنەکەی زیادی کردووە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵی (2021). (بڕوانە خشتەی ژمارە (4) و چارتی ژمارە (11)). خشتەی ژمارە (4) چارتی ژمارە (9) چارتی ژمارە (10) چارتی ژمارە (11) پێنجەم؛ ڕاده‌ستکردنی نه‌وتی خاو له‌ لا‌یەن وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کان بۆ پاڵاوتن لە ساڵی 2021 و 2022 لەساڵی (2021)دا بڕی (8 ملیۆن و 357 هەزار و 261) بەرمیل نەوتی خاو له‌ لا‌یەن وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کانەوە بۆ پاڵاوتن ڕادەستی پاڵاوگەکانی نەوتی هەرێم کراوە، بەڵام لە ساڵی (2022) پوختەی ئەو نەوتە خاوەی له‌ لا‌یەن وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کانەوە بۆ پاڵاوتن ڕادەستی پاڵاوگەکانی نەوتی هەرێم کراوە زیادی کردووە بۆ (10 ملیۆن و 758 هەزار و 288) بەرمیل. بەم پێیەش بڕی نەوتی ڕادەستکراو بە ڕێژەی (29%) و بە قەبارەی (2 ملیۆن و 401 هەزار و 261) بەرمیل نەوت زیادی کردووە لە ساڵی (2022)دا. (بڕوانە خشتەی ژمارە (5) و چارتی ژمارە (12)). خشتەی ژمارە (5) چارتی ژمارە (12)   شەشەم؛ پوختەی نەوتی خاو و کۆندێنسەیتی گواستراوە بۆ کڕیاران"بە بەرمیل" لە ناوخۆی هەرێم لە ساڵی 2021 و 2022 1.    لەساڵی (2021)دا بڕی (ملیۆنێک و 581 هەزار و 979) بەرمیل نەوتی خاو بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ فرۆشراوە، بەڵام لە ساڵی (2022) پوختەی ئەو نەوتە خاوەی بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ فرۆشراوە بڕەکەی دابەزیوە بۆ (ملیۆنێک و 466 هەزار و 797) بەرمیل. بەم پێیەش بڕی نەوتی فرۆشراو لە ناوخۆ بە ڕێژەی (7%) و بە قەبارەی (115 هەزار و 182) بەرمیل نەوت کەمی کردووە لە ساڵی (2022)دا. (بڕوانە خشتەی ژمارە (6) و چارتی ژمارە (13)). 2.    تێکڕای نرخی (1) بەرمیل نەوتی فرۆشراوی هەرێم بە پاڵاوگەکانی ناخۆ بۆ ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (57.31) دۆلار، بەڵام لە ساڵی (2022)دا بەرزبووەتەوە بۆ (61.36) دۆلار. بەم پێیەش بەرمیلێک نەوت بە ڕێژەی (7%) و بە قەبارەی (4.05) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک زیادی کردووە لە ساڵی (2022)دا بەراورد بە ساڵێک پێشتر. (بڕوانە خشتەی ژمارە (6) و چارتی ژمارە (14)). 3.    کۆی بەهای نەوتی خاو و کۆندێنسەیتی فرۆشراو لە ناوخۆ لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (88 ملیۆن و 100 هەزار و 34) دۆلار، بەڵام لە ساڵی (2022)دا داهاتەکە گەیشتووە بە (90 ملیۆن و 843 هەزار و 46) دۆلار. بەم پێیەش بڕی (2 ملیۆن و 743 هەزار و 12) دۆلار و بەڕێژەی (3%) بەهای نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ناوخۆ لە ساڵی (2022)دا زیادی کردووە بەراورد بە ساڵێک پێش خۆی. (بڕوانە خشتەی ژمارە (6) و چارتی ژمارە (15)). خشتەی ژمارە (6) چارتی ژمارە (13) چارتی ژمارە (14) چارتی ژمارە (15) سەرچاوەکان -    ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت لە ساڵانی (2021 و 2022) لە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ https://gov.krd/information-and-services/open-data/ -    درەو میدیا، پرۆسەی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا، لە 16/2/2023؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12127 -    درەو میدیا، دیوی ناوەوەی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە ساڵی (2021)، لە 2/4/2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9981  


   ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم هەرێمی كوردستان لە مانگی شوباتی رابردوودا بڕی (14 ملیۆن و 450 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، بەرمیلی بە (63.6) دۆلار، كۆی داهاتەكەی نزیكەی (920) ملیۆن دۆلاربووە، (469) ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجی و (450) ملیۆن دۆلاری بۆ خەزێنەی حكومەت بووە. داهاتی نەوت (هه‌نارده‌ی ده‌ره‌کی به‌ بۆری) •    هەرێمی کوردستان  لە مانگی شوباتی (2023)دا  بڕی (14 ملیۆن و 450 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە. •    تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت  بۆ مانگی  شوبات (82.61) دۆلارە.  •    بەپێی دواین ڕاپۆرتی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وەرزی چوارەمی ساڵی (2022) نەوتەکەی بە (19) دۆلار کەمتر فرۆشتووە، بەم داتایە بێت تێکڕا نەوتی بە (63.61) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (14 ملیۆن و 450 هەزار) بەرمیل X (63.61) دۆلار = (919 ملیۆن و 164 هەزار و 500) دۆلار. •    هەر بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت (51%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (49%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. کەواتە:  -    (919 ملیۆن و 164 هەزار و 500) دۆلار  X (51%) = (468 ملیۆن و 773 هەزارو 895) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. -    (919 ملیۆن و 164 هەزار و 500) دۆلار  X (49%) = (450 ملیۆن و 390 هەزارو 605) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. ئەم خشتەیە وردەکاری فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەخات بۆ مانگی شوباتی 2023


درەو - كۆی نەوتی فرۆشراو له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێم - تورکیا‌: 144,404,412 به‌رمیل - كۆی داهات:12,331,417,848 دۆلار - بۆ خەرجی: 6,712,556,807  دۆلار. به‌ ڕێژه‌ی (54%) - بۆ خەزێنەی حكومەت: 5,709,704,087  دۆلار. به‌ ڕێژه‌ی (46%)  ........................ - كرێی گواستنه‌وه‌ بۆ کۆمپانیای وزه‌ی تورکی (TEC):  -كۆی نەوتی فرۆشراو له‌ ڕێگه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێم - تورکیا‌: 144,404,412 به‌رمیل - كۆی كرێی گواشتنەوە: 618,129,862  دۆلار - كرێی گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێک له‌ خاکی تورکیادا: (4.28) دۆلار بووه‌. به‌ ڕێژه‌ی (5%)ی داهات ...................... - كرێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ خاکی هه‌رێمی كوردستان بۆ کۆمپانیای بۆری کوردستان (KPC): - كۆی نەوتی فرۆشراو:  به‌رمیل144,404,412 - كۆی كرێی گواستنەوە: 274,818,646 دۆلار - كرێی گواستنه‌وه‌ی هه‌ر به‌رمیلێک له‌ خاکی هه‌رێم‌‌‌‌: (1.9) دۆلار به‌ ڕێژه‌ی (2.2%) ی داهات  ...................... واتا كۆی گشتی كرێی بۆری لەناوخۆی هه‌رێم و خاکی توركیا (له‌ هه‌رێم کۆردستانه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان) -    (892,948,508) دۆلار -    واتا رێژه‌ی (7%)ی داهاتی نەوت بۆ كرێی بۆری و خه‌رجی گوستنه‌وه‌ بووه‌. .................... نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم   -    مانگی یەكی 2022: تێکڕا به‌رمیلێک به‌ (74) دۆلار فرۆشراوە (12.6) دۆلار كەمتر لە بازاڕی جیهان  -    مانگی هەشت 2022: تێکڕا به‌رمیلێک به‌ (82.7) دۆلار فرۆشراوە (17.8)  دۆلار كەمتر لە بازاڕی جیهان  -    مانگی دوانزە 2022: تێکڕا به‌رمیلێک به‌ (72.2) دۆلار فرۆشراوە (19.2) دۆلار كەمتر لە بازاڕی جیهان  بە تێكڕا له‌ ساڵی 2022 هه‌ر به‌رمیلێک نەوتی هەرێم زیاتر له‌ (15) دۆلار كەمتر فرۆشراوە به‌راورد به‌ نرخی نه‌وتی برێنت. ................................ پارەی نەوتی هەرێم بۆ كۆمپانیا توركییەكان له‌ ساڵی (2022)دا -    شایسته‌ داراییه‌کانی کۆمپانیای (گەنەڵ ئەنێرجی) : (473 ملیۆن) دۆلار -    کۆمپانیای وزەی توركی (كرێی گواستنەوە): 618 ملیۆن دۆلار -    كۆی گشتی: (ملیارێك و 91 ملیۆن) دۆلار به‌ ڕێژه‌ی (8.6%)ی داهاتی نه‌وتی هه‌رێم چووه‌ بۆ کۆمپانیا تورکییه‌کان ................................... نه‌وتی هه‌رێم له‌ نێوان فرۆشتنی (سۆمۆ یان سه‌ربه‌خۆ) له‌ ساڵی 2022 جیاوازی نرخی نه‌وتی هه‌رێم له‌ نێوان فرۆشتنی (سۆمۆ یان سه‌ربه‌خۆ) له‌ ساڵی 2022 -    هه‌رێمی کوردستان به‌ تێکڕا به‌رمیلێک نه‌وتی به‌ (84.99) دۆلار فرۆشتووه‌ -    کۆمپانیای سۆمو به‌ تێکڕا به‌رمیلێک نه‌وتی به‌ (95.54) دۆلار فرۆشتووه‌ -    هه‌رێم (56%) و کۆمپانیای سۆمو (14%)ی چووه‌ بۆ خه‌رجی -    هه‌رێم له‌ به‌رمیلێک نه‌وتدا (38.6) دۆلاری بۆ ماوه‌ته‌وه‌ -    سۆمۆ له‌ به‌رمیلێک نه‌وتدا (82.16) دۆلاری بۆ ماوه‌ته‌وه‌ ................... جیاوازی داهاتی گه‌ڕاوه‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ نێوان فرۆشتنی (سۆمۆ یان سه‌ربه‌خۆ) له‌ ساڵی 2022 -    داهاتی نه‌وتی هه‌رێم به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ (5,709,704,087)  دۆلاری به‌ ڕێژه‌ی (46%) گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی -    ئه‌گه‌ر به‌ هه‌مان نرخ و تێچوو ڕێوشوێنی سۆمۆ نه‌وتی هه‌رێم ساغ بکردێته‌وه‌، داهاتی گه‌ڕاوه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ دوو هێنده‌ی ئێستاو ده‌گه‌یشته‌ (11,864,266,490) دۆلار . -    به‌م پێیه‌ش داهاتی نه‌وتی هه‌رێم بڕی (6,154,562,403) دۆلاری زیاتر ده‌بوو له‌و بڕه‌ی ئێستا بۆ حکومه‌تی هه‌رێم ماوه‌ته‌وه‌. ....... نه‌وتی بارکراوی هه‌رێم له‌ ساڵی 2022 دا نه‌وتی هه‌رێم له‌ ساڵی (2022)دا لە لایەن کەشتی (12) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛  -    کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (30%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە،  -    لە دوای ئەویش کەشتییە یۆنانییەکان بە ڕێژەی (22%)،  -    ئیسرائیلییەکان (15%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. -    کرواتییەکان (9%) -    رۆمانییەکان (4%) -    ئیسپانییەکان (3%) -    کەشتی وڵاتانی تورکیا و تایوان و سەنگاپورەو چین (2%) -    ئەمریکییەکانیش (1%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە.  -    (6%)ی نەوتی بارکراوی هەرێم ناسنامەی کەشتییە بارهه‌ڵگره‌کانیان دیار نییە.    


 درەو: سێ شەوو سێ رۆژ كوڕەكەمیان لە دژەتیرۆر ئەشكەنجەیانداوە " كارەبایان لێداوە، گونیان قۆڕكردووە، بتڵی پیپسیان پێهەڵگرتووە، شانیان لەژێر ئەشكەنجەدا دەركردووە" ئەمە وتەبی باوكی محەمەدە كەلەبەردەم دادگای هەولێر لەبەردەم میدیاكاندا رایگەیاند. باوكی محەمەد لەبەردەم دادگای هەولێر رایگەیاند: كوڕەكەمیان بە (2 ساڵ و شەش) مانگ حوكمداوە، بە تۆمەتی ئەوەی گومانیان لێی هەبووە بچێتە ناو داعش، وەڵاهی "بەحەیاتی كوڕی من نوێژی نەكردووە من خۆشم ناچمە مزگەوت ئێمە هەر ماركسین". براكەی دەیوت: منداڵێكی 19 ساڵ، سێ شەو و سێ رۆژ تەعزیبی بدەیت، كارەبای لێبدەیت، بتڵی پێهەبگریت، شانی دەربكەیت، ئێ چۆن ناڵێت ئەبوبەكر بەغدادیم.؟ باوكی محەمەد ئەوەشی وت، ئەوان یەك مریشكیان پێ بووە چوونە بۆ سەیرانگای مەلەكیان، دواتر بەڕێوەبەری ئاساییشی تۆپزاوا تەلەفۆنی كرد ووتی كوڕەكەتم بۆ بێنە بۆ شایەتی لەوێوە رادەستی دژە تیرۆریان كردووەو ئاوایان لێكردوون و ئەمڕۆش دادوەر بە (2 ساڵ و شەش مانگ) زیندانی سزای داون، پارێزەری دەستگیركراوان كە هاوكات باوكی یەكێك لەو حەوت گەنجەیە كە سزادراون، بڕیارەكەی دادگای هەولێر بە ناعەدالەتی ناودەبات و دەڵێت هیچ بەڵگەیەك نەبوو بەڵام دادوەر لەسەر بنەمای ئەوەی ویستوویانە بچنە ناو داعش بڕیاری لەسەر داون. تا ئێستا رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، دەستەی مافی مرۆڤ، لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان، بێدەنگن لە ئاست ئەو قسانە، كە چۆن دەبێت دەستگیركراو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.    


 درەو: دوێنێ لەسەر قەڵای هەولێر وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ رۆژنامەنووسان و رێكخراوەكان گفتوگۆیان لەسەر ئازادی رادەربڕین و پرسی رۆژنامەنووسان و ژنانكرد. لۆرد تاریق ئەحمەد وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و باشووری ئاسیا و نەتەوە یەكگرتووەكان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاو مارك برایسن ڕیچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق،  ڕۆزی كایڤ كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان لە گەڵ نوێنەرانی میدیاكانی (میترۆ، درەو، پەرەگراف) و نوێنەری رۆژنامەنوسانی ژنان كۆبووونەوە، گوێیان لە رۆژنامەنووسانكرد لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و پێشێلكارییەكانی بەرامبەر رۆژنامەنووسان و ژنان .   



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand