مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) هیچ کۆمەڵگایەک نییە تەنها یەکجۆر ئەخلاق و یەکجۆر تێڕوانینی ئەخلاقیی تێدابێت. ھەرکاتێک باسی کۆمەڵگامان کرد، باس لە مرۆڤ وەک تاکەکەس ناکەین، بەڵکو باس لە مرۆڤەکان دەکەین بە کۆ، مرۆڤەکان بەیەکەوە. ئەمەش وادەکات کۆمەڵگا یەکسانبێت بە بوونی خەڵکانی جیاواز و زمانی جیاواز و ڕوانینی جیاواز و دونیابینی جیاواز. هەموو بە تاککردنێکی کۆمەڵگا و هەموو وێناکردنێکی کۆمەڵگا وەک تاکەکەسێکی گەورە، واتە وەک وەک گشتێکی لێکچوو، بە ناچاریی بەرەو پەڕگیریی و توندوتیژیی و سڕینەوەی جیاوازەکانمان دەبات. بە کورتیی کەی باسی کۆمەڵگامان کرد باسیی جیاوازیی دەکەین، یان لانیکەم باسکردنی جیاوازیی یەکێک دەبێت لە بابەتە ھەرەسەرەکییەکانی باسکردنی کۆمەڵگا. بەڵام لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ھەندێک مەناخ و کەش و ھەوای گشتیش ھەیە، لەوانە بوونی «مەناخێکی ئەخلاقیی» کە هێڵە زۆر گشتییەکانی دەستنیشانکردنی ئەخلاقی گونجاو لەو کۆمەڵگایەدا، نیشانئەدات. دەستنیشانکردنی ئەم ھێڵە گشتییە ئەخلاقیانە، دەشێت، بۆ نموونە، لە ڕێگای دینەوە بێت، واتە ئەخلاقیاتێکی دینیی گشتیی بێ، بەڵام دەشێت لە ڕێگای دیدگای ترەوەبێت کە نادینیی بن و بەمەش «ئەخلاقیاتێکی نادینیی گشتیی» دروستببێت، کە بۆ نموونە لەسەر بنەمای «مافەکانی مرۆڤ»، «ئەخلاقیاتی چاکەکاریی»، «ئەخلاقیاتی بەرپرسیارێتیی» ، یاخود «ئەخلاقیاتی زوڵم لەکەس نەکردن“ و ”دادپەروەرانە مامەڵەکردن»، کاربکات. لە هەموو ئەم دۆخانەدا، ئەوەی گرنگە مامەڵەنەکردنی نایەکسانیی مرۆڤە جیاوازەکانە، وێنانەکردنی ئەمیانە وەک بوونەوەرێکی کەمتر و نزمتر لەویتریان، یان پێناسکردنی ئەمیان وەک کەسێکی کەم مافتر و بێنرختر لەویتریان. جەوهەری ئەخلاق وێناکردنی مرۆڤە وەک مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتیشی وەک مرۆڤ. ھەموو سیستمە سیاسییەکانیش لە ”مەناخێکی ئەخلاقیی“ تایبەتدا دروستدەبن. دیموکراسیەت لەناو مەناخێکی ئەخلاقیدا لەدایکدەبێت و کاردەکات کە ڕێزی پلورالیزم و جیاوازیی بگرێت، مرۆڤەکان وەک بوونەوەری یەکسان و خاوەن ماف ببینێت و مامەڵەبکات. ھەرچی فاشیزمە منداڵی مەناخێکی ئەخلاقییە لەسەر سڕینەوەی جیاوازییەکان و پەکخستنی مافەکان و سڕینەوەی یەکسانکردنی مرۆڤەکان بەیەکتری، کاردەکات. لە ئەڵمانیای سەردەمی نازیزمدا پێناسی مرۆڤبوون لەسەر بنەمای نەژاد دەستنیشاندەکرا. نەژادە جیاوازەکانیش نرخ و بەهای جیاوازیان هەبوو، هەندێکیان لەوانیتریان بەرزتر و هەندێکیشیان تەواو کەمنرخ و نزمتربوون. باوەڕیشیان وابوو پەیوەندیی نێوان نەژادەکان بریتییە لە ململانێ و پێکدادانی بەردەوام تا ئەو شوێنەی نەژادە باڵاکان بەسەر نەژادە نزمەکاندا سەردەکەون. لەم نەخشە نەژادییەدا «نەژادی ئاریی» وەک بەرزترین نەژاد و سەرجەمی نەژادەکانی تر وەک نەژدای کەمتر و نزمتر دەبینران و مامەڵەدەکران. ئەو مەناخە ئەخلاقییەی لەپاڵ ئەم ڕوانینە فاشستیەدا بۆ مرۆڤ دروستکرا، بریتیبوو لە مەناخی ”پاراستنی پاکژیی نەژادی ئاریی“ و ”ڕێگرتن لە تێکەڵبوونی بە نەژادەکانی تر“. هەروەها لەناوبردن و سڕینەوەی ئەو نەژادانەی لەناو ئەم مەناخە ئەخلاقیەدا بە نزمتر و کەمتر وێنادەکران و وەک مەترسیی بە کۆمەڵگا نیشانئەدران. ئەم ڕوانینە ملیۆنەها مرۆڤی جیاوازی خزاندە ناو کامپە زۆرە ملێکانەوە و بە شێوەیەکی سیستماتیکیش کوژران و لەناوبران، زۆرینەی ئەوانەی لە کامپەکاندا کۆکرابوونەوە جولەکە و قەرەجەکان بوون، بەڵام کۆمۆنیست و مرۆڤە چەپگەرەکانیش لەناو ھەمان کامپی کوشتنی بە کۆمەڵدا کۆکرابوونەوە. وەک ووتمان ئەو ”مەناخە ئەخلاقیی“ەی نازیزمی لەناودا دروستبوو پێی لەسەر پاراستن و پاکژڕاگرتنی نەژادی ئاریی دادەگرت، کە گوایە لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوندایە. ئەم پاراستن و پاکژڕاگرتنە وەک تاکە کارێکی ئەخلاقیی راستەقینە و تاقە کارێکی بەرپرسیارانە، وێنادەکرا. لەناو ئەم مەناخە ئەخلاقیەدا لە سەر زۆرێک لە جامخانە و دەرگای چاخانە و چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان تابلۆ دادەنرا، کە لەسەری نووسرابو: «هاتنەژوورەوە بۆ جولەکە یاساغە». دواتریش یاسایەک دەرکرا رێی لەو کەسانە دەگرت کە گوایە نەخۆشی بۆماوەیی تایبەتیان هەیە نەھێڵن منداڵیان ببێت و نەوە بخەنەوە. بۆ نموونە کەسانێک نەخۆشی پەرکەم، یان نەخۆشی شیزۆفرینا، یان کوێربوون و کەڕبوونی بۆماوەیی، یان نەخۆشیی خەمۆکی. بە پێی ئەم یاسایە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٥ بۆ ١٩٤٠ زیاد لە نیو ملیۆن مرۆڤ بەزۆر خەسێندران. ھەر لە ساڵی ١٩٣٥ دا پاراستنی پاکژیی نەژادی ئاریی و «خوێنی ئەلمانی» بە یاسا پارێزرا، یاساکەش ناونرابوو «یاسای پاراستنی خوێن و شەرەفی ئەڵمان». بەپێی ئەو یاسایە تەنها ئارییەکان دەیانتوانی هاوڵاتی دەوڵەتی ئەڵمان بن. یاساغیش کرابوو ژنی ئەڵمان شوو بە پیاوانی نەژادە نزمەکان بکەن، یان پەیوەندیی خۆشەویستیان لەگەڵدا، دروستبکەن. دەرەنجامی دروستکردنی ئەم مەناخە ئەخلاقییە ئەوەبوو مافی هاوڵاتیبوون لەوانە بسێندرێتەوە کە بە نەژاد ئاریی نەبوون، لەوانەش جولەکەکان. لە دوای ئەم یاسایەوە ئیتر نەژادە نائارییەکان لە فەرمانگە فەرمییەکانی دەوڵەت دەرکران و کارەکانیان لێسەندرایەوە. ژنە ئەڵمانیەکانیش بۆیان نەبوو لای ئەو جولەکانە کاربکەن کە دوکان و بازاڕ و کارگەی تایبەت بەخۆیان هەبوو. ئەوەی لەو مەناخە ئەخلاقییەدا سردرابووەوە بەرپرسیارێتی تاکەکەسەکان خۆیان بوو لەوەدا چۆن مامەڵەی ئەو دۆخە بکەن کە نازییەکان دروستیناکردبوو. گۆڕینی ئەوەی ڕوویئەدا گۆڕانی تاکەکەسبوو بۆ بوونەوەرێکی بێئیرادە و بێھەڵبژاردن و بێبڕیاری شەخسیی سەربەخۆ. نازیزم ”سیاسەتێکی خودسازیی“ ھەبوو کە تیایدا خود لە دەرەوەڕا دروستدەکرا، نەک ئەوەی کەسەکان خۆیان خۆیان دروستبکەن و خۆیان بچنە پەیوەندیەکی تایبەتەوە لەگەڵ خودی خۆیاندا. بەم کارەش نازیزم دژ بە جەوھەری ئەخلاق وەک ئەخلاق کاریدەکرد. بە مانایەکی دیکە نازیزم لەکاتێکدا ”مەناخێکی ئەخلاقیی“ تایبەتی دروستدەکرد کە بکرێت ئەو ھەموو تاوانەی لەناودا ئەنجامبدرێت، لە ھەمانکاتدا ئەو مەناخە ئەخلاقییە ئیشی ئەوەبوو نەھێڵێت ئەخلاق بە مانا ئینسانیی و تاکەکەسیەکەی، لەدایکببێت. ئەخلاق بەر لەوەی پەیوەندیی کەسێک بێت بەو دەوربەر و ژینگە و ناوەندە کۆمەڵایەتییەوە کە لەناویدا دەژیی، واتە بەر لەوەی پەیوەندییەک بێت مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا دروستیبکات، پەیوەندییەکە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا دروستیدەکات. پەیوەندییەکە وا لە مرۆڤێک دەکات بەر لە ھەمووشتێک لە خەمی دروستکردنی خۆیدابێت وەک بوونەوەرێکی بەرپرسیار. بەم مانایە ئەخلاق لە ھەنگاوی یەکەمدا پەیوەندیی کەسەکانە بە خودی خۆیانەوە، پەیوەندەیی خودە بە خود خۆیەوە، مرۆڤە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دونیا ناوەکییەکەی خۆیدا. ئەخلاق لەم ڕوانینەدا ئیشکردنی ھۆشیارانە و ئامانجدارنەی مرۆڤە لەسەر کەسایەتی خۆی، بە مەبەستی ئەوەی کەسایەتی خۆی لەپاڵ کۆمەڵێک پرنسیپی ئەخلاقیدا دروستبکات. ئەخلاق چالاکیی بەرپرسیارانەی تاکەکەسە بۆ دروستکردن و داھێنانی خۆی وەک بوونەوەرێکی تایبەت و بەرپرسیار، نەک پەیڕەویکردنی ئەو ڕەچەتانەی کە چاوساغە دەرەکییەکان بۆی دروستدەکەن و چاوەڕواندەکەن پیادەیانبکات. بەم مانایە پەیوەندییەکی گەورە و بنەڕەتیی بە ئازادییەوە ھەیە. لە ڕاستیدا ئەخلاق مانایەکی نامێنێت کاتێک پیادەکردنی ئازادیی بنەما و کۆڵەکە سەرەکییەکەی، نەبێت. ئەگەر ئەخلاق کۆمەڵێک یاسا بێت و بەزۆر بەسەر مرۆڤەدا بسەپێنرێت، ئەگەر مرۆڤ ناچاربێت و نەتوانێت لێیاندەربچێت، ئیتر لەوە دەکەوێت ئەخلاق بێت. ئەخلاق کاتێک ئەخلاقە کە کەسەکان لە بڕیار و ھۆشیاریی و ھەڵبژاردنی تاکەکەسیی خۆیانەوە دروستیدەکەن و پێیدەگەن، نەک کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا کە کۆمەڵێک چاوساغ لە دەرەوەڕا بەسەریدا بسەپێنن. دۆخی سەپاندنی ئەخلاق مانایەک بۆ ئەخلاق ناھێڵێتەوە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە مرۆڤ خۆی ئازادانە ھەڵیبژرێرێت بەو ھەڵبژاردنەشی خۆی بەر لە ھەموو کەسێکی تر خۆی وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی ببینێت. دیوێکی تری ئەخلاق پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەوەوە ھەیە مرۆڤ نەترسێت لەوەی ئەوەی بە ڕاستی دەزانێت بیڵێت و ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی بەو شێوەیە وەسفبکات و بەو شێوەیە بناسێنێت، کە ئەو باوەڕی وایە بەو شێوەیەیە. ژینگەی ناشیرن و خراپ و خنکێنەر بە ناشیرین و خراپ و خنکێنەر ناوبنێت و ئەزموونی دژەئینسان و دژەماف بە دژەئینسان و دژەماف ناونووس بکات. واتە ئەوەی لە ئەخلاق چاوەڕواندەکرێت ئەوەیە مرۆڤ بەردەوام ڕاستیی بڵێت، ئەو شتەش ئەنجامبدات کە بەڕاستیی دەزانێت. بوێربێت و ھەقیقەت بڵێت، عەقڵی خۆی نەداتە دەستی ئەو چاوساغانەی پێیدەڵێن ھەقیقەت چییە و ئەخلاق چییە و مرۆڤ کێییە و پێویستە چۆن بژیی. ئەرکی یەکەمی ئەخلاق ھەڵسەگاندن و ڕەخنەکردن و دەسکاریکردنی ئەو سنوورانەیە کە ساتەوەختێکی مێژوویی لەبەردەم ئازادییەکانی مرۆڤ و کەسەکاندا دروستیدەکات، بۆئەوەی نەتوانن خۆیان خۆیان بەو شێوەیە دروستبکەن و دابھێنن کە پێیانوایە بوونی ڕاستەقینە و قووڵی ئەوان، نمایش و بەرجەستەدەکات. فاشیزم و نازیزم ئەو دوو شێوازەی ئەزموونی سیاسیین کە ھەموو ئازادییەکی خودسازیی و خۆناساندن لە مرۆڤ دەسێننەوە و ئەوان لە دەرەوەڕا پێیدەڵێن ئەو کێیە و کێ نییە، چ بەھا و نرخێکی ھەیە و پێویستە چ ئەرکێکیشی لەسەرشان بێت. ئەم جۆرە ڕوانینە بۆ مرۆڤ، مرۆڤ بەر لە ھەمووشتێک، وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی لەناودەبات. بەر لە ھەمووشتێکیش ئەخلاق بە مانا ڕاستەقینەکەی دەسڕێتەوە. ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا پێویستە ڕووبدات سەندنەوەی ئەخلاقە لەو سوپا گەورەیە لە چاوساغی ئەخلاقیی کە لە پازدە بیست ساڵی ڕابوردودا دروستبووە. سوپایەک ئیشی ئەوەیە مرۆڤی کۆپیکراو دروستبکات.
درەو: بەم دواییانە چەندین دراوی وڵاتانی عەرەبی ڕوبەڕوی زیانی توندبونەتەوە, ئەوەش بووەتە هۆكاری سەرهەڵدانی قەیرانی بژێوی و ئابوری بۆ وڵات و گەلەكانی بەهەمان ئاست, هەندێك لەوڵاتان ناچاربوون دراوەكەیان (تعویم) بكەن, واتە بەهای دراوەكەیان بەرامبەر بەدراوی بیانی ئازادبكەن و خواست و خستنەڕوو لەبازاڕدا بەهاكەی دیاریبكات و, حكومەت لەڕێی بانكی ناوەندییەوە هیچ دەستوردانێك نەكات, وڵاتێكی وەك عێراقیش كە خاوەنی گەورەترین یەدەگی دراوی بیانیە لەناوچەكەو 100 ملیارد دۆلاری تێپەڕاندووە, تائێستا ڕێوشوێنەكانی حكومەت و بەڵێنەكانی بانكی ناوەندی, سەركەوتوو نەبووە لەدانانی سنورێك بۆ بەرزبونەوەو هەڵبەزو دابەزی بەهای دۆلار. درەو: دیارترین ئەو دراوە عەرەبیانەی كە گەیشتونەتە ئاستی مەترسی داڕمان: یەكەم: جونەیهی میسری بانكی ناوەندی میسر لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016وە, چوارجار بەهای دراوەكەی بەرامبەر دراوی بێگانە ئازادكردووە, كە دووجاریان لەساڵی 2022دا بووەو, لەمساڵیشدا جارێك. ساڵی 2022 بۆ جونەیهی میسری پێوانەیی بوو, جونەیه بەداشكان لە 15.75وە دەستیپێكرد بۆ 18 جونەیه بەرامبەر یەك دۆلاری ئەمریكی, دوای بڕیاری بانكی ناوەندی بە ئازادكردنی بۆ نرخی بازاڕ لەمانگی ئازاری 2022, كە بەوەش 15% بەهاكەی لەدەستدا. لەمانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ جارێكی تر بەتەواوی ئازادكرا بەوەش جونەیه 57% بەهاكەی لەدەستداو گەیشتە 24.7 جونەیه بەرامبەر یەك دۆلار. لەمانگی كانونی 2023 جارێكی تر بەهای جونەیه ئازادكرا, لەچوارچێوەی دانوستانەكانی حكومەت لەگەڵ سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی قەرزێكی نوێ بە بەهای 3 ملیار دۆلار لەماوەی چوارساڵی داهاتوودا, بەپێی ڕێككەوتنەكە حكومەتی میسر پابەندبوو بە ئازادكردنی جاری چوارەمی جونەیه, بەوەش گەیشتە نزمترین ئاست و 32 جونەیهی بەرامبەر یەك دۆلار تۆماركرد, پێش ئەوەی نرخەكەی كەمێك باشبێت و بگرێتەوە 29.6 بۆ جونەیه . دووەم: لیرەی سوری لەكۆتایی ساڵی 2022دا, لیرەی سوری دابەزینێكی گەورەی بەخۆوەبینی, بەجۆرێك بەهاكەی گەیشتە 7200 لیرە بۆ هەر دۆلارێك, دوای ئەوەی سەرەتای ئەو ساڵە نرخەكەی 3500 لیرە بوو لەبازاڕی ڕەشدا, كە بەوەش 50% بەهاكەی لەدەستداو, نرخەكان بەرێژەی 50% بەرزبونەوە, كە وای لەسورییەكان كرد, ساڵی 2022 بە خراپترین ساڵی گوزەران وەسفبكەن لەدوای ساڵی 2011وە. لەسەر ئاستی فەرمیش, بۆ 3000 هەزار لیرە دابەزی بۆ دۆلارێك, لەبری 2500, هەروەك نرخی لیرە پاشەكشێی كرد لەنرخی بڵاوكراوەی تایبەت بە بانك و نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە 3015 لیرەوە بۆ 4522 لیرەو, نرخی كڕینی دۆلاریش بۆ ڕادەستكردنی حەواڵە هاتووەكان لەدەرەوە بە لیرەی سوری لە 3000 هەزار لیرەوە بۆ 4500 لیرەی سوری. سێیەم: لیرەی لوبنانی بانكی ناوەندیی لوبنان لە 27ی كانونی یەكەمی ساڵی 2022دا, دابەزاندنی نرخی لیرەی لەسەر سەكۆی ئاڵوگۆڕی دراو ڕاگەیاند, بۆ 38 هەزار لیرە بەرامبەر یەك دۆلاری ئەمریكی, لەهەوڵێكدا بۆ دانانی سنورێك بۆ دابەزاندنی نرخی لیرە لەبازاڕی ڕەشدا. بانكەكە لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: بانكی لوبنان لیرەی لوبنانی دەكڕێت و دۆلار دەفرۆشێت بە نرخی 38 هەزار لیرە بۆ یەك دۆلار, كەسەكان و دامەزراوەكان دەتوانن بەبێ دیاریكردنی ژمارە, لەسەرجەم بانكەكانی لوبنان ئەو پرۆسەیە ئەنجامبدەن. ئەو هەوڵە شكستی هێناو, نرخی دۆلار لەلوبنان گەیشتە 50 هەزار لیرە بۆ یەك دۆلار, كە تائێستاش بەو نرخەیە. لیرەی لوبنانی دووچاری داڕمانی بەردەوامبووە لەساتەوەختی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەساڵی 2019وە, كە پێشتر نرخی یەك دۆلاری ئەمریكی 2000 لیرە بوو, بەوەش نزیكەی 94%ی بەهاكەی لەدەستدا تا كۆتایی ساڵی 2022. دیناری تونسی دیناری تونسی لەكۆتایی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردودا دابەزی و نرخەكەی گەیشتە 3.309 بۆ هەر دۆلارێك, بەوەش بەڕێژەی 15% بەهاكەی لەدەستداوە بەبەراورد بەهەمان كات لەساڵی 2021دا. "موحسین حەسەن" شارەزای دارایی و وەزیری پێشوی بازرگانی دەڵێت: پاشەكشێی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار, ئاماژە دەكات بەوەی بانكی ناوەندی بەئاڕاستەی ئازادكردنی ڕانەگەیەندراوی دراو هەنگاودەنێت. ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو ئاستەنگە ئابورییەی ڕوبەڕوی یەكێتی ئەوروپا بووەتەوە, كاریگەری لەسەر دراوی تونسی دروستكردووە, بەهۆی ئەو پەیوەست بونە گەورەیەی لەنێوان ئابوری تونس و وڵاتانی ناوچەی یۆرۆدا هەیە. پێنجەم: دیناری عێراقی هێشتا نرخی دیناری عێراقی لەهەڵبەزودابەزدایە, سەرەڕای بەڵێنەكانی بانكی ناوەندی عێراقی بە ڕاگرتنی بەهای دراو, دیناری عێراقی لە 26ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردودا بۆ 1560 بۆ هەر دۆلارێك دابەزی, بەر لەوەی كەمێك هەڵكشێتەوەو, بگاتە 1535 لە 29ی هەمان مانگدا. ئاژانسی هەواڵی عێراق لەزاری ئیحسان یاسری ڕاوێژكاری بانكی ناوەندییەوە بڵاویكردووەتەوە: بانكی ناوەندی كۆمەڵێك ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ دابینكردنی دراوی بیانی, ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی بەهای ئاڵوگۆڕ لەبازاڕە ناوخۆییەكاندا. شەشەم: دیناری لیبی هاوڵاتیانی لیبیا باجی دابەزینی بەهای دینار دەدەن, كە نرخەكەی لەسەرەتای ساڵی 2021دا بەڕێژەی 70% دابەزی لە 1.5 دینارەوە بۆ 4.83 دینار بۆ هەر دۆلارێك, بەپێی پلانێكی زەمەنی بۆ ماوەی 3 ساڵ كە حكومەتی لیبی دایڕشتووە. قەیرانی دینار قوڵتربوەوە, بەجۆرێك بەهاكەی لە 4.48وە بەرزبوەوە 4.99 بۆ هەر دۆلارێك لە 25ی ئەیلولی 2022, لەكاتێكدا نرخەكەی لەبازاڕی ڕەشدا لە 5.22 دینار جێگربووە. لەمانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ, ئەنجومەنی ئیدارەی بانكی ناوەندی لیبیا نرخی دراوی هەمواركردەوەو, بووە 4.23 لەبری 4.48 بۆ هەر دینارێك. "مەراجع غەیس" ئەندامی ئەنجومەنی ئیدارەی بانكەكە ڕایگەیاندووە: نرخی دۆلار لە 4.23 دینار دەبێت, هەر سێ مانگ جارێك پێداچونەوەی بۆ دەكرێت تاگەیشتنە نرخێكی هاوسەنگ, ئاماژەی بەوەشداوە, نرخە نوێیەكە لەسەر بنەمای دیراسەیەكی ئابوری داڕێژراوە كە ئەندامانی ئەنجومەنی ئیدارەی بانكی ناوەندی تاوتوێیان كردووە. حەوتەم:ڕیاڵی یەمەنی ریاڵی یەمەنی لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2022 پاشەكشێی تۆماركرد, كە بەگەورەترین دابەزین دادەنرێت لەماوەی 8 مانگدا, سەرچاوە بانكییەكان لەشاری تەعز ڕایانگەیاندوە: ریاڵی یەمەنی داڕمانێكی گەورەی تۆماركردووەو گەیشتوەتە 1225 ریاڵ بۆ یەك دۆلار لەمامەڵەكانی ڕۆژی 21 كانونی یەكەمی 2022دا, ئەوەش دوای ئەوەی بەشێوەیەكی ڕێژەیی لە 1100 و 1160 ریاڵ بۆ هەر دۆلارێك جێگیرببوو. ریاڵ زنجیرەیەك داڕمانی لەبەهاكەیدا بەخۆوە بینی و, بووەتە دراوی دووەمی مامەڵەكردن دوای دۆلار, بەشێكی زۆری بازرگان و خاوەنی خانوبەرەو زەوی و كەرتە فراوانەكانی كار, مامەڵەكردن بەریاڵ یەمەنی رەتدەكەنەوەو مامەڵە بەدۆلار دەكەن. سەرچاوە: العربی الجدید
راپۆرت: درەو نەدیم زەهاوی وەزیرە كوردەكەی حكومەتی بەریتانیا گەندەڵییەكی نوێی ئاشكرابوو، خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە، پارتی كرێكاران داوای دورخستنەوەی دەكات، نەدیم یاخود ناوە راستەقینەكەی (نازم) هاوڕێی نزیكی بارزانییەكانە، دەستی لەناو نەوتی هەرێمی كوردستاندایەو لە كۆڕەوەكەی 1991ی كوردستانەوە دەستیكردووە به پارە كۆكردنەوەو ئێستا دەوڵەمەندترین وەزیرە لە بەریتانیا، نازم زەهاوی كێیە ؟ چۆن دەوڵەمەند بوو ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. "5 ملیۆن پاوەند" نەدیم زەهاوی وەزیرە كوردەكەی حكومەتی بەریتانیا روبەڕووی شەپۆلێكی گەورەی رەخنەو ناڕەزایەتی بوەتەوە، میدیاكانی بەریتانیا دەڵێن دەركەوتووە خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوە. نەدیم وەزیری دەوڵەتەو سەربە پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری بەریتانیایە، دەركەوتووە خۆی لە پێدانی باج دزیوەتەوەو دوای ئەو لێكۆڵینەوانەی لەگەڵیدا كراوە، ناچاربووە بڕی (5 ملیۆن) پاوەند پارەی باج بۆ دامەزراوەی داهاتو گومرگی بەریتانیا بگەڕێنێتەوە. بەپێدانەوەی ئەو بڕە پارەیە، نەدیم هەموو ئەو قسەوباسانەی پشتڕاستكردەوە كە پێشتر لەسەری هەبوونو تۆمەتبار دەكرا بە خۆدزینەوە لە پێدانی باج. بەهۆی ئەو دۆخەی تێی كەوتووە، سەرۆكی پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن داوای لە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كردووە، نەدیم لە حكومەت دوربخاتەوە. هەندێك لە بەرپرسانی پارتی پارێزگاران هێشتا پاڵپشتی لە نەدیم دەكەنو دەڵێن ئەو شەفاف بووەو پارەكەی گەڕاندوەتەوەو كێشەكەی چارەسەر كردووە، دۆخی نەدیم زەهاوی پارتی پارێزگارانیشی لەبەردەم رایگشتی بەریتانیادا توشی شەرمەزاری كردووە. نەدیم زەهاوی كێیە ؟ نەدیم زەهاوی، ناوە راستەقینەكەی (نازم)ە، ئەو تەمەنی 56 ساڵە، كوردی عێراقە، لە ساڵی 1976وە چووەتە بەریتانیا. وەكو ئەوەی باسدەكرێت باپیری نازم بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی عێراق بووەو كاتی خۆی دراوی عێراقی ئیمزای پاپیری ئەوەی بەسەرەوە بووە. باوكی نازم پیاوێكی دەوڵەمەند بووە، ساڵی 1979 كاتێك سەددام حوكمی گرتوەتە دەست، ترساوە لەوەی دەستگیری بكەن، بۆیە بڕیاریداوە عێراق بەجێبهێڵێت. نازم دوای ئەوەی چوەتە بەریتانیا، لە ناوچەی "ساسكس" ژیاوەو لە خوێندنگەی تایبەتی خوێندویەتی، بەڵام بەرلەوەی بگاتە زانكۆ، خێزانەكەی دوچاری كارەساتێكی دارایی بووەو یەكێك لە پرۆژە بازرگانییەكانی باوكی توشی داڕمان هاتووە، بەوهۆیەشەوە خێزانەكە مایەپوچ بوونو وەكو خۆی دەیگێڕێتەوە جگە لە ئۆتۆمبیلێكی جۆری "ڤۆكسهۆل" هیچ شتێكیان نەماوە، نازم ئەو ئۆتۆمبیلەی وەكو تاكسی بەكارهێناوە بۆ ئەوەی قوتی خێزانەكەی دابین بكات. دایكی نازم بڕیاریداوە ئاڵتونەكانی خۆی بفرۆشێت بۆ ئەوەی كوڕەكەی بتوانێت خوێندنی زانكۆ تەواو بكاتو ناچار نەبێت ئەوان بەخێو بكات، نازم چوەتە كۆلیژەوە لە لەندەن، ئەندازیاری كیمیایی خوێندووە، پاش تەواوكردنی خوێندن رووی لە جیهانی پارەو كار كردووە، كۆمپانیایەكی تایبەت بە فرۆشتنی بەرهەمەكانی "تیلیتابیز"ی منداڵانی دروستكردووە، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا ئەم بەرنامەیە زۆر بەناوبانگ بوو، جیفری ئارچەر كە یەكێك لە گەورە سیاسەتمەدارانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بوو، لە كۆمپانیاكەدا لەگەڵ نازمدا كاری دەكرد. لەرێگەی ئەو ئاهەنگو بۆنانەی كە ئارچەر رێكی دەخست بۆ میوانەكانی، نازم ئاشنای ژمارەیەكك لە سیاسەتمەدارانی بەریتانیا دەبێت بەتایبەتی لەناو پارتی پارێزگاراندا، لە دیارترینیشیان مارگرێت تاچەر سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا. نازم لە 1994دا بووبە ئەندامی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا لە ئەنجومەنی شارەوانی (واندسوورس) لە باشوری لەندەن، دوای سێ ساڵ خۆی بۆ پەرلەمان كاندید كرد، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. ساڵی 2010 جارێكی تر خۆی دایەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانییو ئەمجارەیان سەركەوت. نازم بۆ ماوەی 10 ساڵ زیاتر ئەندام پارلەمانی بەریتانیا بووە لەسەر پارتی پارێزگاران، بەم ساڵانەی دوایش چەندین پۆستی وزاری وەرگرتووە لەوانە وەزیری بزنسو ڤاكسینو بەمدواییەش بۆ ماوەیەك پۆستی وەزیری پەروەردەو دواتریش وەزیری دارایی بەریتانیای وەرگرت. "لیمۆی كوردی" نازم خۆی بە ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان دەزانێتو دۆستایەتییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ بارزانییەكان هەیە. ئەو بە دەوڵەمەندترین وەزیرو پارلەمانتار لە مێژووی بەریتانیادا دادەنرێت، ئەوەی دەزانرێت خاوەنی زیاتر لە (100 ملیۆن) پاوەندی ئاشكرایەو، موڵكو ماڵیكی زۆریشی هەیە كە كردوویەتی بەناوی (لانە سائیب)ی ژنیەوە، ئەمە جگە لە سەروەتێكی زۆری نادیار كە هاوشێوەی زۆرێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە دورگەكانی "كەیمان" دایناوە. لەبارەی چیرۆكی چۆنیەتی دەوڵەمەندبوونی نەدیم زەهاوی، دكتۆر (دانا حەمەعەزیز) لە وتارێكدا باسلەوە دەكات" بەهاری 1991 لەكاتی كۆڕەوەكەی كوردستاندا، نەدیم لەگەڵ (بروسك سائیب)ی ژنبرایو (جێفری ئارچەر)، بڕی (57 ملیۆن) پاوەندیان بەناوی ئاوارەكانی كۆڕەوەوە كۆكردەوە، لەم پارەیە، تەنها (250 هەزار) پاوەندی گەیشتوەتە ئاوارەكان". "لە پرۆسەی ئەم پارە كۆكردنەوەیەدا، جێفری ئارچەر (نەدیم)ی ناونابوو (لیمۆی كوردی)و بروسك-یشی ناونابو (فاسۆلیای كوردی). دیارە ئارچەر سزای خۆی وەرگرت، بەڵام لیمۆو فاسۆلیا وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچونو بوون بە ملیۆنێر". كۆتاییەكانی ساڵی 2021، رۆژنامەی میرەری بەریتانی لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكردبوو، نەدیم زەهاوی سەروەتو سامانێكی زۆر لەڕێگەی كۆمپانیایەكی نەوت لە كوردستان كۆدەكاتەوەو پرۆژەیەكی هاوبەشی هەیە لەگەڵ سیروان بارزانی برازای مەسعود بارزانیدا. راپۆرتەكە ئاشكرایكردبوو" زەهاوی 1.3 ملیۆن پاوەندی لە كۆمپانیایەكی نەوت دەستكەوتووە لە كاتێكدا كە ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا بووە، بەڵام توانیویەتی داهاتەكانی ئیشی دووەمی بەشاراوەیی بهێڵێتەوە لەژێر پەردەی كاری پەرلەمانتارییدا". زەهاوی ئەوكاتەی دەستیكردووە بە كاركردن لە كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستاندا، لەگەڵ كۆمپانیای (گاڵف كیستۆن) كە خاوەنی كێڵگەی نەوتی (شێخان)ە لە كوردستان، بۆ هەر سەعاتێك بڕی 1000 پاوەندی وەرگرتووە. رۆژنامەی میرەر دەڵێ" پاپیری زەهاوی سیاسییەكی باڵای عێراق بوو بەڵام لە حەفتاكانی سەدەی رابردوودا خێزانەكەی لە دەستی رژێمی سەدام هەڵهاتن. لە 2012 دا زەهاوی لە لێدوانێكدا دەڵێت كاتێك خێزانەكەی گەیشتنە كەناراوەكانی بەریتانیا تەنها 50 پاوەندیان پێبوو".
شیكاری:درەو پوختەی بەهای نەوتی (عێراق و هەرێم) لە ساڵی (2022)دا 🔹 بە تێکڕا تێچووی بەرمیلێک نەوت لە هەرێم زیاتر لە (49) دۆلار و لە عێراق (13.38) دۆلار بووە، بەمانایەکی دیکە (56%) داهاتی نەوتی هەرێم چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە و لە عێراقیش (14%) تێچووی پرۆسەکە بووە. 🔹 ئەگەر هەرێمی کوردستان بەو نرخ و تچووەی سۆمۆ نەوتی فرۆشتبا، ئەوا لە بەرمیلێکدا لەبری (38.6) دۆلار، (82.16) دۆلاری بۆ دەمایەوە، واتە لە بری ئەوەی ئێستا تەنها (5 ملیار و 625 ملیۆن) دۆلار پوختەی داهاتی نەوتەکەی بێت، ئەوا پوختەی داهاتەکەی زیاتر لە (11 ملیار) دۆلار دەبوو. یەکەم: بەراوردی بەهای نەوتی هەرێم و عێراق لە ساڵی (2022) بەپێی شیکارییەکان حکومەتی عێراق لە ساڵی (2022)دا، لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (95.54) دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە (115 ملیار و 466 ملیۆن و 245 هەزار) دۆلار. بەپێی لێدوانی (دورەید عەبدوڵا – توێژەر و شارەزا)؛ "کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت پشکیان لە دەرهێنانی (70%)ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەڕێژەی (20%) هەیە" بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو "عێراق لەساڵی رابردوو پێویستە (16.1 ملیار) دۆلار وەک حەق دەستی کۆمپانیاکان و تێچوی بەرهەمهێنان نەوت خەرج بکات". پاڵپشت بەو لێکدانەوەیە ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی عێراق (86%) بووەو بڕی (%14)ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی عێراق بە تێکڕا (82.16) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق و (13.38) دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە. بەڵام ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاست نیە! چونکە بەپێی لێکدانەوەکان حکومەتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا، لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە، بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (87.58) دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە (12 ملیار و 784 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلار، بەڵام بڕی (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلاری خراوەتە سەر داهات و خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم (وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکان). بەم پێیەش ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی هەرێم (44%) بووەو بڕی (%56)ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بە تێکڕا تەنها (38.65) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و (49.2) دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە. بڕوانە (خشتەو گرافیکی ژمارە (1)) گرافیکی ژمارە (1) خشتەی ژمارە (1) دووەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پێش لێدەرکردنی خەرجییەکان) بەپێی زانیاریەکان دیلۆیت و بەدواداچوونەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی بە بۆری نەوتی کوردستان و لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵەکەدا بریتی بووە لە (100.78) دۆلاری ئەمریکی، بەڵام حکومەتی هەرێم نەوتەکەی لە بازاڕدا بە نزیکەی (13) دۆلار کەمتر فرۆشتووە بۆیە ئەو نرخانەی لە (خشتەی ژمارە (2)) دانراوە بە هەر بەرمیلێکی فرۆشراوی کوردستان بە تێکڕا (12.94) دۆلار کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت و حکومەتی هەرێم لە ساڵەکەدا تێکڕای بەرمیلێک نەوتی بە (87.85)دۆلار فرۆشتووە. بۆیە دەبینین کۆی ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵەکەدا هەناردەی کردووە بەبێ هیچ خەرجییەک بەهاکەی دەکاتە (12 ملیارو 784 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلاری ئەمریکی. بەڵام ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە لە ساڵی (2022)دا لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی و کۆمپانیا بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە هەناردە بکرایە جیاوازییەکەی چی دەبوو؟ بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای سۆمۆ لە ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (95.54) دۆلار فرۆشتووە، واتە، ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتوویەتی، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی بخستایە، بەهاکەی بریتی دەبوو لە (13 ملیارو 920 ملیۆن و 120 هەزار و 423) دۆلاری ئەمریکی، بەم پێیەش بەگشتی نەوتی هەرێم بڕی (1 ملیارو 135 ملیۆن و 766 هەزار و 467) دۆلاری ئەمریکی بە هەرزانتر فرۆشراوە لە ساڵی (2022)دا. بۆ وردەکاری تەواوی مانگەکانی ساڵی (2022) و جیاوازی داهات لە نێوان هەردوو ڕێگاکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)). خشتەی ژمارە (2) سێیەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پاش لێدەرکردنی خەرجییەکان) بەپێی وتەی بەرپرسانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوتی هەرێم و وردبینی و ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت (56%)ی داهاتی نهوتی هەرێم دهدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی بهرههمهێنانی نەوت. بۆیە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەی نەوت و هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی (145 ملیۆن و 511 هەزار و 745) بەرمیل نەوت لە ساڵی (2022)دا دەکاتە (5 ملیار و 625 ملیۆن 115 هەزار و 741) دۆلار، واتە بە تێکڕا لە ماوەی ساڵەکەدا هەر بەرمیلێک نەوت تەنها (38.65) دۆلار ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمە لە کاتێکدایە لەسەر بنەمای هەمان گریمانەی پێشوو، ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە، کۆمپانیای بەبازاڕ کردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردەی بکردایە، بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک بەتێکڕا لە ساڵی (2022) دا حکومەتی هەرێم بڕی (37.77) دۆلاری دیکەی بۆ دەمایەوەو بە کۆی گشتی دەیکردە (5 ملیارو 510 ملیۆن و 980 هەزار و 598) دۆلاری ئەمریکی. بەمایەکی دیکە حکومەتی هەرێم لە بری (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلار، زیاتر لە دوو هێندەی ئەو بڕەی دەستدەکەوت کە بریتی دەبوو لە (11 ملیار و 136 ملیۆن 96 هەزار و 339) دۆلاری لە فرۆشی نەوتی هەرێمەوە دەستدەکەوت. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)). تێكڕای ئەو داهاتەی كە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت (44%) بەبێ خەرجی كۆمپانیاكان پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین لەسەر بنەمای لێدوانی (دورەید عەبدوڵا)، پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە نەوتی فرۆشراوی عێراق (20%)ە بۆ لە (%70) بەرهەمی نەوتی عێراق نەک سەرجەم بەرهەمەکەی، چونکە (30%)ی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە لایەن کۆمپانیا خۆماڵییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە ئەگەر ئەو ڕێژەیەی پشکی کۆمپانیا بیانییەکان بەسەر کۆی گشتی داهاتی عێراق بخەمڵێنین، ئەوا پشکەکان دەگەنە (14%) لە کۆی گشتی داهاتی بەرهەمدا. بەڵام ئەمە بۆ هەرێم ڕاست دەرناچێت، چونکە سەرجەم کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی هەرێم بیانین، بۆیە گریمانەی ئەوەمان کردووە (20%) داهاتی نەوتی هەرێم بچوایە بۆ خەرجی پرۆسەکە ئەگەر لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرایە نەک (14%). خشتەی ژمارە (3) سەچاوەکان - درەو میدیا، هەناردە، نرخ و داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11799 - درەو میدیا، هەناردە، نرخ، داهات، خەرجی و نەوتی بارکراوی هەرێم لە ساڵی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11806 - سومریة نیوز، لماذا يدفع العراق 16 مليار دولار للشركات المستخرجة للنفط؟.. أسباب واحصائيات؛ https://www.alsumaria.tv/news/%D8%A7%D9%82%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%AF/444111/%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D9%8A%D8%AF%D9%81%D8%B9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-16-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D9%84%D9%84%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B3%D8%AA%D8%AE%D8%B1%D8%AC%D8%A9
"بۆ پرسی هەڵبژاردن و ئازادی رادەربڕین" درەو: بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و ئازادای رادەربڕین و رۆژنامەگەری، نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان سەردانی (درەو)ی كرد. ریكاردۆ رۆدریگێز، بەرپرسی نوسینگەی یونامی لە ھەرێمی كوردستان و كاروان بابەكر بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی یۆنامی، سەردانی ئۆفیسی (درەو)یان كرد لە شاری سلێمانی. سەردانەكە بەمەبەستی گفتوگۆكردن بوو لەسەر پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و ئازادی رۆژنامەگەری و رادەربڕین.
ئامادەكردنی: ئوسامە ئەشرەف زانیاری ورد و دروست لەسەر مۆلیدە ئەهلییەكانی شاری هەڵەبجە بۆ ساڵی (2022)، وەڵامی ئەم پرسیارانە وەربگرە: - مۆلیدەكان لە ماوەی ئەو ساڵەدا چەند كاتژمێر كاریان كردووە؟ ڕۆژانە چەند كاتژمێر كاریان كردووە؟ - كەمترین كاتژمێری كاركردن و زۆرترین كاتژمێری كاركردن لەسەر ئاستی مانگەكان؟ - نرخی ئەمپێڕێك مانگانە و ساڵانە چەند دینار بووە؟ كەمترین نرخی ئەمپێر و زۆرترین نرخی ئەمپێر چەند دینار بووە؟ - مۆلیدەكان ساڵانە چەند ئەمپێر كارەبا دەدەن بە هاوڵاتییان؟ - مۆلیدەكان ساڵانە چەند لیتر گاز دەسوتێنن؟ - چەند تۆن (طن) گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بەرهەم دەهێنن؟ - هەر هاوڵاتییەكی شاری هەڵەبجە ساڵانە چەند گرام گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی بەردەكەوێت؟ - تەواوی ئەو پارەیەی كە ساڵانە هاوڵاتیانی شاری هەڵەبجە دەیدەن بە كارەبای مۆلیدە چەندە؟ وەڵام: - كۆی كاركردنی مۆلیدەكانی شاری هەلەبجە ساڵی (2022): (104108 سەعات) بووە، واتە ڕۆژانە (7:06 حەوت كاتژمێر و شەش خولەك). - كەمترین كاتژمێری كاركردن مانگی (چواربووە كە 2581 كاتژمێر)كاریان كردووە، واتە هەر مۆلیدەیەك مانگانە (64.528 كارەبای داوە بە هاوڵاتیان و ڕۆژانەش تەنها 2:150 كاتژمێر)، بەڵام زۆرترین كاتژمێری كاركردن مانگی (كانوونی دووەم بووە كە 11821 كاتژمێر كاریان كردووە)، واتە هەر مۆلیدەیەك (295:525 كاتژمێر كارەبای داوە بە هاوڵاتییان و ڕۆژانە 9:53 كاتژمێر). - تێكڕای ساڵی (2022) نرخی ئەمپێرێك (12813 دینار) بووە، كۆی نرخی ئەمپێرێك ساڵی (2022) بریتیی بووە لە (153756 دینار) بووە، تێكڕای زۆرترین كرێی ئەمپێر مانگی هەشت (18550 دینار) و تێكڕای كەمترین كرێی ئەمپێرێك مانگی پێنج (2737:5 دینار) بووە. - زۆرترین كرێی مانگانە (مانگی هەشت بووە كە 19500 دینار)بووە و كەمترین كرێی مانگانە مانگی چوار و پێنج بووە كە (2250 دینار) بووە. - بەرزترین نرخ بۆ یەك ئەمپێر ساڵی (2022) (160500)، كەمترین نرخ ساڵی (2022) بۆ یەك ئەمپێر (124750). - ساڵی (2022) (474960 ئەمپێر) دەدرێت بە هاوڵاتییان. - بڕی سوتەمەنی سوتاوی ساڵی (2022) بەلیتر: 104108 سەعات جارانی 46.83 = 4875377.64 چوار ملیۆن و هەست سەد و حەفتاوپێنج هەزار و سێ سەد و حەفتاوحەوت پۆینت شەست و چوار لیتر بووە. - ساڵی (2022) 4875377.64 چوار ملیۆن و هەشت سەد و حەفتاوپێنج هەزار و سێ سەد و حەفتاوحەوت و پۆینت شەست و چوار لیتر گازیان بەكارهێناوە. - بڕی دووەم ئۆكسیدی بەرهەمهاتووی ساڵی (2022): 12,944,127 دوانزە هەزار و نۆسەد و چل و چوار تۆن و سەد و بیست و حەوت كیلۆ بووە. - هەر هاوڵاتییەكی شاری هەڵەبجە لە ساڵی (2022)دا بڕی (154.09 كیلۆ) گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنی بەركەوتووە تەنها لە مۆلیدەكانەوە، واتە هەر هاوڵاتییەكی شاری هەڵەبجە ڕۆژانە (422 گرام) دوانەئۆكسیدی كاربۆن بەردەكەویت. - ساڵی (2022) نزیكەی 6085662480 شەش ملیار و هەشتاوپێنج ملیۆن و سەش سەدو شەست و دوو هەزار و چوارسەد و هەشتا دینار لە هاوڵاتیان وەرگیراوە. - بۆ نمونە بەم شەش ملیار دینارە، حكومەت ناتوانێت پرۆژەیەكی گەورەی كارەبا دابمەزرێنێت یان سوود لە وزەی پاك وەربگرێت و داهاتەكە بگەڕێتەوە بۆ حكومەت و ژینگەشمان پیس نەبێت؟
درەو: پەیمانگای واشنتۆن لەڕاپۆرتێكدا, ڕۆشنایی خستووەتە سەر هەژموون و باڵادەستی ئێران لەعێراق لەدوای ساڵی 2003وەو, شیكردنەوەیەكی وردیشی بۆ لێكەوتە ئاینی و ئابوری و سیاسییەكانی ناسەقامگیری لەناوخۆی ئێران لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە, بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەكان لەوڵاتە. پەیمانگاكە, باسی لەهێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەرگروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی, لەهەرێمی كوردستان كردووە, هەروەها ئاماژەی بەو ئەگەرو كارتی فشارانەش كردووە كە دەكرێت تاران بەكاریان بهێنێت, لەناویاندا بەكارهێنانی گروپە چەكدارەكانی شیعەیە دژی هەرێمی كوردستان . پەیمانگای واشنتۆن: 🔹لەهەناردەكردنی شۆڕشەوە بۆ هەناردەكردنی كێشە, لەساڵی 2003وە, ئێران وەك گۆڕەپانێكی جەنگی ستراتیجی و یەكێك لەسیماكانی هەژموونی دژی نەیارەكانی, تەماشای عێراقی كردووە, بەڵام بەتێپەڕبوونی كات, عێراق بەهێواشی لەشوێنی هەژمونی ئێرانەوە بووە بەشوێنی فرێدانی كێشەكانی ئێران. 🔹هێشتا ئێران خاوەنی هەژمونێكی لەڕادەبەرە لەعێراق و سوریاو لوبنان و, هەر ناسەقامگیرییەكی سیاسیش لەئێران لێكەوتەی دەرەكی دەبێت لەسەر ئەو وڵاتانە, بەتایبەت دۆخی عێراق. 🔹ڕەنگە هەڵكشانی ناسەقامگیری لەئێران ببێتە هۆی لەدەستدانی پێگەو كاریگەری لەعێراق, كە ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی حوكمڕانی لەدوای ساڵی 2003وە, كە لەشیعەدا بەرجەستەبووە. 🔹تاران هەژمونێكی گەورەی هەیە بەسەر دەستەبژێری سیاسی و هێزە سەربازییەكان لەعێراق, بەم دواییانە ئەو دەسەڵاتەی لەڕێی هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە بەكارهێناوە. 🔹دوای سەرهەڵدانی ناڕەزاییەتیەكانی تشرینی 2019, دابەشبونی نێوان قوم و نەجەف زیاترو زیاتر چەسپی, لەسەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە, مەرجەعەكان پایەیەكی بنەڕەتی ڕژێمیان پێكهێناوەو, ڕوویەك لەڕووە سیاسییەكانی ویلایەتی فەقیهیان بەرجەستەكردووە, بەوهۆیەشەوە ئێرانییەكان بەردەوام بەگومانەوە لەمەرجەعەكانیان ڕوانیوە. 🔹لەكاتێكدا مەرجەعەكانی نەجەف پشتیوانیان لە خۆپیشاندارەانی ئاشتیخوازو داواكارییەكانیان كرد بۆ چاكسازی و دانانی سنورێك بۆ گەندەڵی و پاراستنی سەروەری عێراق و كۆنتڕۆڵكردنی گروپە چەكدارە شیعییەكان لەلایەن حكومەتەوە, ئێران و مەرجەعەكانی قوم خۆپیشاندانیان ڕەتكردەوە. 🔹بەهۆی بوونی هاوپەیمانەكانی ئێران لەپەرلەمان و, كاندیدی پەسەنكراو بۆ سەرۆكایەتی و, پەیوەندی توندوتوڵ لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی لەعێراق, ئێران دەتوانێت عێراق هانبدات هەنگاوبنێت دژی ویلایەتەیەكگرتووەكانی و, هەوڵی كۆنی دەركردنی نێردەی ڕاوێژكاری ئەمریكی لەعێراق زیندوبكاتەوەو دیموكراسی پەكبخات. 🔹ئێران بەدیاریكراوی تێكەڵكردنی میلیشیا چەكدارەكانی شیعەی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان ڕەتكردەوەو, بەفروانكردنی هەژموونی بەسەر هاوپەیمانەكانیدا وەڵامی دایە, ئەگەر هەژموونی قوم پاشەكشێی بكات, بێگومان هەژموونی نەجەف زیادەكات. 🔹كوردو سوننە ڕۆلێكی گرنگیان گێڕا لەكێبڕكێی نێوان ڕەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی, نائامادەیی دەستوەردانی ئێران دەبێتە مایەی بەشداری زیاتریان لە پرۆسەی سیاسی و دروستكردنی بڕیار. 🔹لاوازبونی هەژمونی ئێران لەعێراق كاریگەرگەرییەكی سیاسی گەورەی دەبێت و, ڕەنگە ڕۆڵێكی چالاكتر بۆ كوردو سوننە لەكاروباری عێراق بڕەخسێنێت. 🔹دەسەڵاتدارنی ئێران هەوڵیانداوە كێشەكانیان هەناردەی وڵاتانی تر بكەن, ئەمجارەش جیاوازترنییە لەڕابردو, لەگەڵ ئەو زنجیرە هێرشە ڕاستەوخۆیەی كردییە سەر هەرێمی كوردستانی عێراق. 🔹خۆپیشاندانەكانی ئێران, بووەتە هۆی تێكدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان, كە لەبنەڕەتەوە بەتایبەت دوای ڕاپرسی سەربەخۆیی كوردستان پەیوەندییەكانیان بەرەو خراپی چووە, بەتایبەت دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی لەساڵی 2022. 🔹ئێران ترسی هەیە هەرێمی كوردستانی عێراق ببێتە سەكۆیەك بۆ چاودێریكردنی عێراق و ئێران و سوریا, بەوهۆیەشەوە هەرێمی كوردستانی كردووەتە گۆڕەپانی شەڕو هێرشی كردووەتە سەر گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن, هەروەها پەیامیشی بۆ ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی ناردووە. 🔹دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان, ئێران هێرشەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان چڕكردووەتەوە, سوپای پاسداران بنكەی گروپە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكانی ئێرانی لەعێراق بۆردومان كردووە. 🔹ئەگەر هەیە ئێران ئەو خۆپیشاندانانە بكاتە بەهانە بۆ داگیركردنی ناوچە لەهەرێمی كوردستان و بنكەی سەربازی لێ بنیات بنێت, وەك ئەوەی توركیا لەهەرێمی كوردستان و باكوری سوریا ئەنجامیداوە. 🔹ئێران دەتوانێت میلیشیا شیعییەكان وەك كارت دژی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت, یاخود داوا لەحكومەتی عێراق بكات هێزی خۆی لەبری هێزەكانی هەرێم لەسنوری نێوان عێراق وئێران بڵاوەپێبكات و, حكومەتی نوێ لەبەغداد دژی هەرێم هانبدات, بەتایبەت دژی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پەیوەندییكی باشی نییە لەگەڵ ئێران ,هاوشێوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان, یاریكردن بەم كارتە لێكەوتەی كارەساتاوی دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان.
(درەو): ساڵی 2003 دوای روخانی رژێمی سەددام، پۆل بریمەر وەكو حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق دەستبەكاربوو، ئەوكاتەی بریمەر دەستبەكاربوو، سەرباری كەوتنی سەددام، هێشتا لە عێراق بە دوو جۆری دراوی دینار مامەڵە دەكرا، لە ناوچەكانی ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی سەددام دیناری چاپی سەددام مامەڵەی پێوە دەكرا، لەناوچە رزگاركراوەكانی كوردستانیشدا مامەڵە بە دیناری سویسرییەوە دەكرا، واتە هێشتا عێراق دراوی نوێی خۆی چاپ نەكردبوو. رۆژی 29ی حوزەیرانی ساڵی 2003 مام جەلال سكرتێری پێشووی یەكێتی لەبارەی سەردانێكی بریمەر بۆ سلێمانی نامەیەكی بۆ نەوشیروان مستەفای نوسیوە، لە نامەكەدا دەڵێ:" لەسەر مەسەلەی دراو بریمەر گوتی: وەزعی تایبەتی كوردستان رەچاو دەكەین، بەڵام پسپۆڕە ئابورییەكەی بریمەر گوتی: دۆلار بە دەوروبەری 20 دینار دەبێت، بە هی سویسری". لەبەشێكی تری نامەكەیدا مام جەلال باسلەوە دەكات لە كاتی بەرێكردنی بریمەردا جارێكی تر باس لە بابەتی نرخی دۆلار كراوەو نوسیویەتی" بەرهەم داوای لێكرد، گەر دۆلار نرخیان بە 20 دینار دانا، ئێمە دێین داوا دەكەین بۆمان بكەنە (15) دینار، گوتی باشە". هەر لەو نامەیەدا مام جەلال باس لە دەعوەتێكی خۆی دەكات بۆ بریمەرو نوسیویەتی" ئێوارەكەی لە (سیوەیل پالاس)ی ئەزمەڕ، بەودیودا، دەعوەتێكی باشم بۆ كردن.. شەوێكی خۆش بوو، هەوا فێنك بوو، خواردنەكەشیان زۆر بەدڵ بوو". دهقی نامهكه: سەرچاوە: بروسكەنامە، سەڵاح رەشید، لاپەڕە 682-683
(درەو): كونسوڵو نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی بوون، رەوشی رۆژنامەنوسان، ئازادی رادەربڕینو ژیانی خەڵكیان لەگەڵ میدیاكانو بەرپرسانی سنورەكە تاوتوێ كرد. دوێنی كونسوڵو نێردەی زۆربەی وڵاتانی جیهان لە سلێمانی بوون لەوانە (ئەمریكا، بەریتانیا، فەرەنسا، كۆریای باشور، یۆنان، چیك، هۆڵەندا، یەكێتی ئەوروپا، نەتەوە یەكگرتووەكان)، ئەمانە وەك گروپی هەماهەنگی كونسوڵو نێردە دیپلۆماسییەكان لە هەرێمی كوردستان لە شاری سلێمانی چەند كۆبوونەوەیەكیان كرد. سەرەتا نێردەو كونسوڵەكان لەگەڵ نوێنەرانی (درەو، میترۆ، سی پی تی) كۆبوونەوەو تەنیا گوێیان كرد، لەسەر (دۆخی رۆژنامەنوسان، ئازادی رادەربڕینی، دۆخی ئەمنیو ژیانی خەڵكی) گفتوگۆ كرا. رۆژنامەنوسان، باسیان لە پێشێلكارییەكانی كاری رۆژنامەنوسی كرد، كە لەئێستادا زۆر زیادیان كردووە، مەترسی خۆیان خستەڕوو لە بوونی هێزە حزبیەكانو گرووپە چەكدارییەكانی دەرەوەی یاسا، دابەشبوونی سیاسی هەرێمی كوردستان بەسەر دوو زۆنی دەسەڵاتدارێتیو كاریگەرییەكانی لەسەر خەڵك. دوای گوێگرتن لە نوێنەری میدیاكان، هاوپەیمانێتی كونسوڵگەرییەكان، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانو بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی كۆبوونەوە. بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانیو بافڵ تاڵەبانی، لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ نوێنەرایەتییەكان، رایانگەیاندووە، پشتیوانی لە رەخساندنی كەشێكی گونجاو بۆ میدیا و رۆژنامەنوسان دەكەن. كونسوڵخانەی ئەمریكا لە تویتەری خۆی لەبارەی كۆبوونەوەكەوە رایگەیاندووە" لە كۆبوونەوەی گروپی هەماهەنگی كونسوڵەكاندا لە سلێمانی جەختكرایەوە لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری وەك پێویستییەكی گرنگی دیموكراسی، دەبێت رۆژنامەنوسان بێ ترسو تۆقاندنو دەستبەسەركردن بە ئازادنە كاری خۆیان بكەن".
شیكاری: درەو: لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە (6) مانگ تێپەڕیوە، بەڵام کۆمپانیای دیلۆیت هیچ زانیارییەکی لەبارەی نەوتی هەرێمەوە بڵاو نەکردووەتەوە لە کاتێکدا بەپێی زانیارییەکانی درەو لە نیوەی دووەمی 2022؛ بەهۆی هەوڵەکانی بەغدا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە، فشاری کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت و کڕیارانی نەوتی هەرێم بۆ سەر حکومەتی هەرێم زیادی کردووە، حکومەتی هەرێم ناچارکراوە بە خەرجی زیاترو هەزانتر فرۆشتنی نەوتی هەرێم، ئەمەش بووتە هۆی بەرزبوونەوەی خەرجی پرۆسەی نەوت لە (56%)ەوە بۆ سەروو (60%)، جگە لە دابەزینی داهاتی گشتی نەوت بەهۆی داشکاندنی زیاتری نرخی نەوتی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان. بەپێی زانیارییەکانی درەو میدیا لە نیوەی دووەمی ساڵی (2022)دا، هەرێم (72 ملیۆن و 970 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە فرۆشتووە، بە تێکڕای ڕۆژانەی (396 هەزار و 535) بەرمیل. بەجۆرێک؛ لە مانگی تەموز (13 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل، لە مانگی ئاب (11 ملیۆن و 500 هەزار) بەرمیل، لە مانگی ئەیلول (13 ملیۆن و 220 هەزار) بەرمیل، لە مانگی تشرینی یەکەم (12 ملیۆن و 250 هەزار) بەرمیل، لە مانگی تشرینی دووەم (10 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل و لە مانگی کانونی یەکەم (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە (بڕوانە چارتی ژمارە (1)) چارتی ژمارە (1) تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی ناوبراودا (94.66) دۆلار بووە، بەڵام هەرێم نەوتی بە زیاتر لە (15) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. نەوتی هەرێم لە نیوەی دووەمی (2022)دا لایەن کەشتی (11) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (27%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە ئیسرائیلییەکان (19%) و یۆنانییەکان بە ڕێژەی (14%)، نەوتی هەرێمیان بارکردووە. لە بارەی تەواوی نەوتی بارکراوەی هەرێمەوە بڕوانە (چارتی ژمارە (2)) چارتی ژمارە (2)
راپۆرت: درەو كێشمەكێشەكانی نێوان پارتیو یەكێتی گەیشتوەتە بەغدادیش، لەبەردەم لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراقدا بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" حكومەتی هەرێم حكومەتی پارتییەو كاربەڕێكەرە، ئێمە دەمانەوێت لە حكومەت بكشێینەوە، بۆیە دەبێت لە یاسای نەوتو غازو بودجەدا مافی پارێزگاكان لەبەرچاوبگیرێت"، مەسرور بارزانیش لای سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق باسی لەوەكردووە" كێشەی یەكێتی پەیوەندی بە كەیسی كوژرانی عەقید هاوكار جافەوە هەیە"، لەدوای توندوبونەوەی ململانێكانیان لە بەغداد، مەسرور بارزانی بەیاننامەی دەركردو یەكێتیش لە گروپی "واتساپ"ی ئەنجومەنی وەزیران كشایەوە، وردەكاری ناكۆكییەكانی پارتیو یەكێتی لەبارەی بودجەو یاسای نەوتو غازەوە لەم راپۆرتەدا. پارتیو یەكێتی كێشەكانیان دەبەنە بەغداد بەر لە هەفتەیەك، لە ماڵەكەی موسەننا سامەڕائی لە بەغداد، ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت كۆبووەوە، ئەم ئیئتیلافە لەو لایەنانە پێكدێت كە كابینەی نوێی حكومەتیان لە عێراق دروستكردووە، پارتیو یەكێتی بەشدارن لە ئیئتیلافەكەدا. ئەم ئیئتیلافە بڕیاریداوە، بەرلەوەی پرۆژەیاساكان رەوانەی پەرلەمان بكرێن یاخود بڕیارەكان لەناو حكومەتەوە دەربچن، دەبێت لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت لەنێوان خۆیاندا كۆببنەوەو سەرەتا لە كۆبونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن. لە كۆبونەوەكەی ماڵی موسەننا سامەڕائیدا، لەبارەی یاسای بودجەی 2023ی عێراقو دەركردنی یاسای نەوتو غازی عێراق گفتوگۆ كرا، لە پارتی فوئاد حسێنو لە یەكێتیش بافڵ تاڵەبانی بەشداربوون. یاسای بودجەو یاسای نەوتو غاز دوو بابەتی زۆر گرنگن سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو بەغداد. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەی داوە لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوتو غازی فیدراڵ رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی. دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە شوباتی ساڵی رابردوودا، كە تێیدا یاسای نەوتی غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو داوایكرد هەرێم نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، پەسەندكردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵیو دیاریكردنی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندو هەرێم بەسەر سامانە سروشتییەكانەوە لەناو یاساكەدا، تاكە رێگایە بۆ كۆتایهێنان بە حكومەكانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم، بەپێچەوانەوە بڕیارەكەی دادگا وەكو خۆی دەمێنێتەوەو دەسەڵاتدارانی بەغداد دەتوانن هەموو كاتێك وەكو كارتی فشار دژی هەرێمی كوردستان بەكاری بهێنن. یەكێتی لە هەستیاری ئەم بابەتە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان تێگەیشتووە، دەیەوێت وەكو كارتی فشار لەسەر مەسرور بارزانی تاقی بكاتەوە، پارتیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەیەوێت مەركەزیەتی پەیوەندییە داراییو سیاسییەكان لەگەڵ بەغداد جڵەوەكەی هەر لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە. حكومەتی عێراق لەكاتێكدا سەرقاڵی ئامادەكردنی بودجەو گفتوگۆیە لەبارەی دەركردنی یاسای نەوتو غاز، كە پارتیو یەكێتی لەهەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانیان گرژی بەخۆوە دەبینێت. بافڵ تاڵەبانی: دیراسەی كشانەوە لە حكومەت دەكەین سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ماڵی موسەننا سامەڕائیدا، دوای ئەوەی فوئاد حسێن بۆچونی حكومەتی هەرێمی لەبارەی چۆنیەتی یاسای نەوتو غاز باسكردووە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لەبەردەم لایەنەكانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا بە توندی قسەی كردووەو وەڵامی داوەتەوە. بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" ئێمە قسەی خۆمان هەیە لەسەر یاسای نەوتو غازو یاسای بودجە، ناكرێت یاساكە بە دڵی حكومەتەكەی پارتی بێت، چونكە ئەو حكومەتەی ئێستا لە هەرێم هەیە حكومەتێكی كاربەڕێكەرەو حكومەتی ئێمە نییە، حكومەتی پارتیەو سزای سلێمانی دەداتو ئێمە دیراسەی كشانەوە لەحكومەت دەكەین". هەر لەم كۆبونەوەیەدا، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كردووە" لە یاسای نەوتو غازی فیدراڵ هەروەها لە یاسای بودجەشدا دەبێت مافی رێككەوتنی پارێزگاكان پارێزراو بێت، ئێمە ئەمانەوێت كوانتاكتی تەواوەتیمان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا هەبێت". ئەوەی بە دیاریكراوی بافڵ تاڵەبانی لە یاسای نەوتو غازی فیدراڵدا داوای كردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئەوەیە" مافی رێككەوتنی پارێزگاكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی پارێزراو بێت". یەكێتی دەیەوێت لەیاسای بودجەی 2023دا بڕگەیەك جێگای بكرێتەوەو بەپێی ئەو بڕگەیە پارێزگای سلێمانی بتوانێت مامەڵەی دارایی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بكات نەك حكومەتی هەرێم، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە موچەی فەرمانبەرانەوە یاخود ئیمزاكردنی گرێبەست لە بواری نەوتو غازدا لەگەڵ حكومەتی ناوەندیی. لە هەرێمی كوردستان نەوتو غاز وەكو دوو سەرچاوەی گرنگی سامانی سروشتی دابەشبووە بەسەر پارتیو یەكێتیدا، نەوت كارتی بەهێزی دەستی پارتییە چونكە زۆرینەی ئەو نەوتەی كە هەرێم هەناردەی دەرەوەی دەكات لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەرهەمدەهێنرێت، تاكە سەرچاوەی غازی سروشتی هەرێمی كوردستانیش كە كێڵگەی "كۆرمۆر"ە، دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتییەوە. ئەم ساڵانەی دوایی یەكێتی چەندجارێك لەرێگەی بەغدادەوە هەوڵی ئەوەیداوە وەبەرهێنان لە غازی كۆرمۆردا بكات، تا ئاستی هەناردەكردنی غاز لەرێگەی گرێبەستێكەوە لەگەڵ حكومەتی عێراق، یەكێتی خوازیاری ئەوەیە كۆمپانیایەك بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عێراق دروست بكاتو غازی كۆرمۆر بە بۆری بگوازێتەوە بۆ ماڵانو وێستگەكانی كارەبا، پارتیش دەیەوێت هاوشێوەی نەوتەكە، غازی كۆرمۆر رەوانەی توركیا بكات. بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە كارتێكی تری یەكێتی كرد دژی پارتی، ئەوەش كاتێك بوو كە وتی" كۆندێنسەیتی ئێمە كوالیتی نەوتی هەرێمی بەرزكردوەتەوە، ئەگەر هەناردەی كۆرمۆر رابگرین پارتی زەرەر دەكات"، ئەمە مەبەست لەو بڕە نەوتە بەرهەمهێنراوەی كێڵگەی كۆرمۆرە كە دەكرێت ناو بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتی نەوتەكە. پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتیی زیاتر لە سێ مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆبونەوەكانی حكومەتی نەكردووە، رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە (100) هەمین كۆبونەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەت بەڕێوەچوو، هاوكات لەگەڵ ئەم كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو بەرپرسیارێتی بارودۆخەكەی خستە ئەستۆی یەكێتیی. لەدوای راگەیەندراوەكەی مەسرور بارزانییەوە، تیمی یەكێتی لە حكومەت لەناو گروپی واتساپی ئەنجومەنی وەزیران چونە دەرەوە، ئەمە جارێكی تر گرژییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی گەڕاندەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. بەر لە راگەیەندراوەكەی مەسرور بارزانی، پارتیو یەكێتی لە رێككەوتن نزیكبونەوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە وزارییەكان، بەتایبەتیش گۆڕینی (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆ لەسەر پشكی یەكێتیی، كە ئێستا یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكان، بەڵام راگەیەندراوەكەی سەرۆكی حكومەتو كشانەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی لە گروپی واتساپ، جارێكی تر شەڕی میدیایی لەنێوان هەردوو حزبدا گەرمكردەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئاڵۆزبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی دوای ئەو هەوڵانەی بەمدواییە خرانەگەڕ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر هەموارە وزارییەكە، بە پلەی یەكەم پەیوەندی بەو قسانەوە هەبووە كە بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا لە بەغداد كردویەتی، ئەمە لەپاڵ هەوڵەكانی یەكێتی بۆ مامەڵەكردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد لەناو بودجەدا. ئێستا میدیای یەكێتی هەڵمەتی رەخنەی بۆسەر كابینەی نۆیەم دەستپێكردەوە، مەسرور بارزانی بە "سەرۆكی حكومەتی پارتی" ناودەبات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، میدیاكانی پارتیش لەسەروبەندی دەستپێكردنی هەڵمەتێكدان بۆسەر یەكێتی، هێڵی سەرەكی هەڵمەتەكەیان ناوهێنانی بافڵ تاڵەبانییە بە "هاوسەرۆك"، ئەمە بەواتای ئەوە دێت پارتی دەیەوێت لەسەر هێڵی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی گەمە بكات. هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، پێناچێت جارێكی تر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، هاوكات لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا، پارتی لەسەر بەرزترین ئاستی خۆی كە مەسعود بارزانییە، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی هێناوەتە پێش لە ئەمساڵدا. پارتیو یەكێتی پێكەوەو بە هاوكاری بزوتنەوەی گۆڕانو پێكهاتەكان، تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانو لەگەڵ پەرلەمانیشدا تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێمو كابینەی نۆیەمی حكومەتیان درێژكردەوە، لەدوای ئەم درێژكردنەوەیە پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی گرژی تێكەوت. یەكێتی هۆكاری سەرەكی تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی بۆ "تاكڕەوی" مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانو سزادانی سلێمانی لەڕووی ئابورییەوە دەگەڕێنێتەوە، بەڵام مەسرور بارزانیو پارتی دەڵێن ناڕەزایەتییەكانی یەكێتی لە حكومەت پەیوەندی بە دۆسیەی ئەمنیو بەدیاریكراویش كوژرانی عەقید (هاوكار جاف)ەوە هەیەو یەكێتی دەیەوێت كێشە ناوخۆییەكانی خۆی لە حكومەتو پارتی بئاڵێنێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لایەنە عێراقییەكان ئاگاداركراون لە كێشمەكێشەكانی نێوان پارتیو یەكێتیی، لەكاتی سەردانەكەی ئەمدواییەیدا بۆ بەغداد، كاتێك باسی ناكۆكییەكان كراوە، مەسرور بارزانی بە فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراقی وتووە" كێشەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی پەیوەندی بە كەیسی هاوكار جافەوە هەیەو ئەمە كەسێكە كە بە تەواوەتی یاساییەو دادگا یەكلای كردوەتەوە". لە دوای دەرچوونی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە لە ئۆكتۆبەری 2021دا، پارتیو یەكێتی هەرزوو دابەشبوون بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكانی ناو ماڵی شیعەدا، پارتی لەگەڵ سەدر رۆیشتو تەبەنی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی كرد، ئەمە بە پرۆژەی وڵاتانی خۆرئاواو هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە ناوزەندكرا، یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی رۆیشت كە پێیاندەوترێت لایەنەكانی سەربە ئێرانو ئەمانە داوای بەردەوامیدانیان دەكرد بە پێكهێنانی حكومەتی "تەوافوقی". كاتێك سەدر بەشێوەیەكی كتوپڕ لە پەرلەمان كشایەوەو وەكو لایەنی براوەی یەكەم دەستبەرداری پێكهێنانی حكومەت بوو، پارتی بە ناچاری رێگای حكومەتی تەوافوقی گرتەوەبەرو لەگەڵ یەكێتیو لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییدا لە چوارچێوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا كۆبووەوە. ئیئتیلافەكە بەڵێنی دەركردنی یاسای نەوتو غازو چارەسەری كێشەی موچەو نەوتی داوە لەنێوان هەرێمو بەغداد، بەڵام رەنگە ناكۆكییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی لەبارەی ئەم پرسەوە، دەرفەتی ئەوە بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران ببەخشێت، لەم كابینەیەشدا پرسەكە بە هەڵپەسێردراوی بەجێ بهێڵێت.
شیكاری: درەو: گەشەی داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە نێوان ساڵی 2021 و 2022 🔹 ئاستی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ساڵی (2022) دا، بەراورد بە ساڵی (2021) ، نزیکەی (6.5 ملیۆن) بەرمیل و بە ڕێژەی (4.3%) دابەزیوە. 🔹 تێکڕای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە ساڵی (2022) دا بەڕێژەی (44.6%) و بە بەهای (30.11) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت زیادی کردووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر. 🔹 تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022) دا بەڕێژەی (47.3%) و بە بەهای (28.15) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت زیادی کردووە. 🔹 داهاتی گشتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم، لە ڕێگەی بۆرییەوە لە ساڵی (2022) دا، بڕی (3 ملیار و 746 ملیۆن و 466 هەزار و 935) دۆلاری بە ڕێژەی (41.5%) زیاتر بووە لە ساڵی (2021). 🔹 کۆی خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بڕی (2 ملیار و 98 ملیۆن و 21 هەزار و 485) دۆلار بە ڕێژەی (41.5%) لە (2022) دا زیادی کردووە، بەراورد بە ساڵی (2021). 🔹 پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم لە (2022) دا بڕی (1 ملیار و 648 ملیۆن و 445 هەزار و 450) دۆلاری بە ڕێژەی (41.5%) زیاتری کردووە، بەراورد بە ساڵی پێشتر. یەکەم؛ نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە لە ساڵی 2021 و 2022 پاڵپشت بە ئامارەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم و زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، لە ساڵی (2021)دا هەرێمی کوردستان بڕی (152 ملیۆن و 1 هەزار و 152) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە. بەڵام لە ساڵی (2022)دا بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی بووە لە (145 ملیۆن و 511 هەزار و 745) بەرمیل. بەم پێیەش لە ساڵی (2022)دا نەوتی فرۆشراو، بڕی (6 ملیۆن و 489 هەزار و 409) بەرمیل، بە ڕێژەی (4.3%) کەمی کردووە. گەورەترین پاشەکشەش لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022) بەراورد بە چارەکی یەکەمی (2021) رویداوە، ڕێژەی ئاستی دابەزینەکە بریتییە لە (6.7%)، بەرامبەر بە بڕی (2 ملیۆن و 521 هەزار و 354) بەرمیل. بەڵام لە چارەکی سێیەمی (2022) بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2021) بڕێکی کەم و بەڕێژەی (0.1%) نەوتی فرۆشراو زیادی کردووە کە تەنها (44 هەزار و 709) بەرمیل نەوت بووە. (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (1)) دووەم؛ تێکڕای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە ساڵی 2021 و 2022 بەپێی داتاکانی ماڵپەڕی (Country Economy) تێکڕای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە تەواوی ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (100.79) دۆلار. لە کاتێکدا تێکڕای نرخی نەوت لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (70.68) دۆلار. بەم پێیەش تێکڕای نرخی نەوت لە ساڵی (2022)دا بەڕێژەی (44.6%) و بە بەهای (30.11) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت زیادی کردووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر. گەورەترین بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە بازاڕەکانی جیهانی لە چارەکی دووەمی ساڵی (2022)دا بەراورد بە چارەکی دووەمی ساڵی پێشتر ڕوویداوەو بە ڕێژەی (65%) و (44.71) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت. کەمترین بەرزبوونەوەش لە بەراوردی هەردوو چارەکی چوارەمی ساڵەکانی (2021 و 2022) رویداوە بە ڕێژەی (11.3%) و بە بەهای (9) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (2)) خشتەو چارتی ژمارە (2) سێیەم؛ تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ساڵی 2021 و 2022 بەپێی داتاکانی کۆمپانیای دیلۆیت و زانیارییەکان، تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بەندەری جەیهانی تورکی لە تەواوی ساڵی (2022)دا بریتی بووە لە (87.65) دۆلار، ئەمەش دەریدەخات نەوتی هەرێم بە (13) دۆلار کەمتر لە نرخی جیهانی فرۆشراوە. لە کاتێکدا تێکڕای نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ساڵی (2021)دا بریتی بووە لە (59.49) دۆلار. بەم پێیەش تێکڕای نرخی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا بەڕێژەی (47.3%) و بە بەهای (28.15) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت زیادی کردووە، بەراورد بە ساڵێک پێشتر. بەرزترین نرخی نەوتی هەرێمیش لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2022)دا بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی پێشتر ڕوویداوەو بە ڕێژەی (77.1%) و (37.77) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت. کەمترین بەرزبوونەوەش لە بەراوردی هەردوو چارەکی چوارەمی ساڵەکانی (2021 و 2022) رویداوە بە ڕێژەی (10.6%) و بە بەهای (7.24) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (3)) خشتەو چارتی ژمارە (3) چوارەم؛ کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2021 و 2022 پاڵپشت بە زانیارییەکانی بەردەست، کۆی ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی هەرێم، لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە هەناردەی کردووەو فرۆشتوویەتی، لە ساڵی (2021)دا کۆی بەهاکەی بریتی بووە لە (9 ملیار و 37 ملیۆن و 887 هەزار و 22) دۆلار. بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە لە بازاڕەکانی جیهان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا کۆی بەهای نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (12 ملیار و 784 ملیۆن و 353 هەزار و 957) دۆلار واتە داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە ڕێگەی بۆرییەوە لە ساڵی (2022)دا، بڕی (3 ملیار و 746 ملیۆن و 466 هەزار و 935) دۆلاری، بە ڕێژەی (41.5%) داهاتەکەی زیاتر بووە لە ساڵی (2021)دا. بەرزترین ئاستی بەرزبوونەوەی داهاتەکەش لە چارەکی دووەمی (2022) دا تۆمار کراوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2021) و ڕێژەکەی بریتی بووە لە (66%). نزمترین ئاستی بەرزبوونەوەکەش لە چارەکی چوارەمدا تۆمار کراوە بە ڕێژەی (3.8%). (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (4)) خشتەو چارتی ژمارە (4) پێنجەم؛ خەرجی پرۆسەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە ساڵی 2021 و 2022 بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت، بەتێکڕا (56%)ی داهاتی گشتی نەوتی هەرێم لە پرۆسەکەدا بە خەرج دەدرێت. هەر بۆیە تا ئاستی نرخی نەوت بەرزبێت، داهات زیاد دەکات و بە هەمان ئاستیش بڕو ڕێژەی خەرجی ڕوو لە هەڵکشان دەکات. دەبینین لە ساڵی (2021)دا، کۆی خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (5 ملیار و 61 ملیۆن و 216 هەزار و 732) دۆلار. بەڵام لە ساڵی (2022)دا بڕی خەرجی هەڵدەکشێت بۆ (7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار و 216) دۆلار. واتە بڕی (2 ملیار و 98 ملیۆن و 21 هەزار و 485) دۆلار بە ڕێژەی (41.5%) خەرجی نەوتی هەرێم لە (2022)دا زیاتری کردووە، بەراورد بە ساڵی (2021). (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (5)) خشتەو چارتی ژمارە (5) پێنجەم؛ پوختەی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم لە ساڵی 2021 و 2022 بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت، بەتێکڕا (44%)ی داهاتی گشتی نەوتی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە. بەهەمان شێوەی بەرزبوونەوەی نرخ و خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم، پۆختەی داهات (داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەتی هەرێم) ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە. لە ساڵی (2021)دا، پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بریتی بووە لە (3 ملیار و 976 ملیۆن و 670 هەزار و 290) دۆلار. بەڵام لە ساڵی (2022)دا بڕی پوختەی داهات هەڵدەکشێت بۆ (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلار. واتە بڕی (1 ملیار و 648 ملیۆن و 445 هەزار و 450) دۆلار و بە ڕێژەی (41.5%) پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم لە (2022)دا زیاتری کردووە، بەراورد بە ساڵی پێشتر. (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (6)) خشتەو چارتی ژمارە (6) سەرچاوەکان - بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢١؛ https://govkrd.b-cdn.net - بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی ٢٠٢١ تاکو ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١؛ https://govkrd.b-cdn.net - بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تەمموزی ٢٠٢١ تاکو٣٠ ئەیلوولی ٢٠٢١؛ https://govkrd.b-cdn.net - بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ تاکو٣١ کانونی یەکەمی ٢٠٢١؛ https://govkrd.b-cdn.net - بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی 2022 تاکو ٣١ی ئاداری 2022؛ https://govkrd.b-cdn.net - بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی 2022 تاکو ٣٠ی حوزەیرانی 2022؛ https://govkrd.b-cdn.net - درەو میدیا، هەناردە، نرخ، داهات، خەرجی و نەوتی بارکراوی هەرێم لە ساڵی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11806 - درەو میدیا، دیوی ناوەوەی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت... پرۆسەی نەوتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=9981 - Crude Oil Brent US Dollars per Barrel; https://countryeconomy.com
درەو: جەلال تاڵەبانی لە نامەیەكدا بۆ نەوشیروان مستەفا كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 4/3/1993 و یەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، باس لە هەمواری وزاری دەكات و دەڵێت: ئێمە گۆڕانكاری وزاری دەكەین، لە وەزیرەكان تەنیا ( كافێ و شێركۆو حەمە) دەهێڵینەوەو زۆربەی جێگر وەزیرەكانیش دەگۆڕین، با پارتیش وەزیرەكانی خۆی بگۆڕێت. لەبەر ئەوەی حكومەت كزو سست و كارەكانی لەبەر ناڕوات، ئەمە جگە لە بێكارەیی و دزی و بەرەڵایی و فەزیحەتی پۆلیس و ئاسایش.! وەزعی حكومەت: هەرچەندە حكومەتەكە كەوتە گەرٍِو هەندێك كاری رباشی كردووە، بەڵام كزو سست و بێكارایە، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا: كارەگرنگەكانی لەبەر ناڕوا و پێئەنجامنادرێ.. بۆ نمونە: وا چەندین مانگە بڕیاری یەكخستنی پێشمەرگە دەرچووە، كەچی هێشتا ئەنجام نەدراوە. كڵوكفت بووین لەگەڵیدا، ناچێ بە مێشكیانا، موچەی پێشمەرگە بدەن، كەچی (50) ملیۆن موچەی مەئومەر پاشماوەی بەعس مانگانە دەدەن! یان دەستگایەك بۆ شەهیدان دابنێن! ئەمە جگە لە بێكارەیی و دزی و بەرەڵایی و فەزیحەتی پۆلیس و ئاسایش.! بۆیە سەركردایەتی بە گشتی دەنگ / جگە لە كاك عارف روشدی/ بڕیاری گۆڕینی سەرۆكی حكومەت ( د.فوئاد مەعسوم) حكومەتەكەیاندا، زۆربەی هەرەزۆری كادیرەكانیش هەروایان گەرەك بوو. كاك مەسعود لای من زۆر بە پەرۆشە بۆ گۆڕاندن، كەچی سیستی دەنوێنن، لە بەجێهێنانی، سەركردایەتی پارتیش مانەوەی دكتۆر فوئاد مەعسومیان بۆ خۆیان زۆر پێ باشترە !. ئێمە بە پێی بڕیار، هەر كافی خان و شێركۆ و حەمە دەهێڵینەوە/ گەر پارتی رازی بن/، بەڵام ئەوانی تر دەگۆڕین، (دیارە ئەوسا دەبێت وەزیرەكانی پارتیش بەرەزامەندی ئێمەش بن) ئەگینا هەر لایەنە با هی خۆی بە ئارەزووی خۆی دابنێت. ئەوەی راست بێت، بنودی قانونی ئەنجومەنی وەزیرانیش پێویستیان بە گۆڕین هەیە. بەتەماین ئەمجارە، ژمارەی ئێمەو پارتی وەك یەك بن، هی حزبەكانی تریش سەرو یەك وەزیر، بەتەماین زۆربەی جێگر وەزیرەكانیش بگۆڕین. سەرچاوە: بروسكەنامە، نامەو بروسكەكانی نێوان (مام جەلال، مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا) 1990 -2009، سەڵاح رەشید، چاپی یەكەم 2023، لا553-557.
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) ھێز، هێزی هەر کۆمەڵگایەک، لە دونیای ئەمڕۆدا لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکیی بونیاددەنرێت. یەکەمیان، کۆڵەکەی زانستە. دووهەمیان کۆڵەکەی تەکنۆلۆژیایە. سیهەمیان کۆڵەکەی دەزگای خاوەن ڕەوایەتی یاسایی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییە. یەکەم: زانست هێزی ژمارە یەکی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی و ئینسانیی دونیای ئەمڕۆیە. ئەو هێزەیە کە بەشدارە لە پاراستن و مانەوە و پێشخستنی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە. زانست ئەو ئامرازە سەرەکییەیە مرۆڤایەتیی بەهۆیەوە ڕووبەرووی ئەو کێشە و تەحەدا گەورانە دەبێتەوە کە بەردەوام ڕووبەڕووی دەبێتەوە. دواهەمین تەحەدایەک کە سەرجەمی مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی بووەوە و ژیانی لە دەیان ملیۆن مرۆڤ سەندەوە، تەحەدای ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو. ئەم ڤایرۆسە دۆخێکی پڕترسی هێنایە کایەوە و لەزۆر ڕووەوە مەترسی لەسەر ژیانی ملیارەها مرۆڤ، دروستکرد. ئەوەی ڤاکسینی دژە ئەم ڤایرۆسە و سنووردارکردنی کاریگەریی و زیانەکانی دۆزیەوە، ئەو لابۆرە زانستییانەبوون کە بەشی هەرەزۆر و هەرە پێشکەوتویان لە ولاتانی خۆرئاوادا نیشتەجێن و بە زانکۆ گەورەکانی ئەو بەشەی دونیاوە گرێدراون. لە کاتێکدا سەرکردەی هێزە سیاسییە دینییەکانی لای ئێمە بە خۆشحاڵییەوە باسی ئەوەیان دەکرد ڤایرۆسەکە «سەربازی خودا»یە و بۆ کافران نێردراوە. دەڵێم لە کاتێکدا ئەمانەی لای خۆمان بەم زمانە دینیی و عەڵیەتە خورافییە باسیان لەو تەحەدا گەورەیە دەکرد کە ڕووبەڕووی هەموو مرۆڤایەتی بووبووەوە، زمانی زانست و عەقڵیەتی زانستی لەناو لابۆرەکانی خۆرئاودا بێماندووبون کاریاندەکرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ھەڕەشەکانی ئەم ڤایرۆسە. کە ڤاکسینەکەش دۆزرایەوە، هەمان ئەو کەسانەی باسی «سەربازی نێردراوی خودا»یان دەکرد بەر لە هەمووان ڤاکسینەکەیان لە خۆدا بۆ خۆپاراستن لە ئەگەری مردن. ئەم بێنرخکردن و بێبەهاکردنەی زانست لە دونیای ئێمەدا یەکێکە لە ھۆکارە گەورەکانی دواکەوتنی ئەم بەشەی جیھان. مێژووی بێنرخکردنی زانست لەم ناوچەیەدا مێژوویەکی درێژە. کاتێک رەفاعە تەھتاوی دوای سەفەر و مانەوەی پێنج ساڵ لە فەرەنسا، لە نێوان ساڵانی ١٨٢٦-١٨٣١ دا دەیەوێت کتێبی سەفەرنامەکەی چاپبکات، ناچاردەبێت بڕگەیەک لە کتێبەکەی لاببات، چونکە، پێیان ووتبوو گەر ئەو بڕگەیە لانەبات پیاوانی دینی زانکۆی ئەزھەر تەکفیری دەکەن. بڕگەکەش باسی ئەو دۆزینەوە زانستییەی گالیلۆی دەکرد، کە نیشانیئەدات ئەوە خۆر نییە کە بەدەوری زەویدا دەەسوڕێتەوە، بەڵکو زەوییە بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. «عولەمای دین» و بانگخوازەکانی سەدەی نۆزدەھەم ئەو دۆزینەوە زانستییە سادەیەیان قبووڵنەبوو، پێیان وابوو ئەو قسانە کوفر و بەگژاچوونەوەی موقەدەسات و لادانە لە ڕێگای خودا. عەقڵیەتی ئەو «عالم»ە دینیانەی ئەزھەر لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە دوای ئەو عەقڵیەتە زانستییەوە بوو، کە لەسەدەی شازدەھەمدا لە ئەوروپادا دروستبووبوو. لە دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆناکەشدا ئێمە هەمان دیمەنمان بینیەوە. ئەم بێنرخکردنەی زانست دۆخێکی گشتییە تەنھا پیاوان و ھێزە دینییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو دۆخێکی گشتیی و بەرفراوانە. دووهەم: تەکنۆلۆژیا. تەکنۆلۆژیا کۆڵەکەی دووهەمی هێز و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییە. تەکنۆلۆژیا ئەو سیستمەیە کە بەهۆیەوە زانست و مەعریفەی زانستیی بۆ دۆزینەوەی میتۆد و ئامراز و ئۆرگانی نوێ، بەکاردەهێرنێت بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو کە پابەستە بە چارەسەرکردنی کێشەیەک یان مەیسەرکردنی دەستگەیشتن بە شتێک، کە بەبێ ئەو تەکنۆلۆژیایە چارەسەرکردن و دەستپێگەیشتنی زەحمەت یان مەحاڵ بێت. تەکنۆلۆژیا هەم هاریکاریی داهێنان و دروستکردنی ئامێر و ئامراز و ئپرگان و تەکنیکی نوێ ئەکات، هەم یارمەتی دۆزینەوەی چارەسەری باشتر و گونجاوتر و خێراتر بۆ ئەم یان ئەو کێشە. دەشێت لێرەدا نموونەی داهێنان و دروستکردنی چاپخانە بهێنینەوە کە بووە هۆی چاپکردن و بڵاوبووکردنەوەی بەرفراوانی کتێب و بەشداربوون لە پرۆسەی بە خوێندەوارکردن و پێشخستنی کۆمەڵایەتیدا. چاپخانە وەک ئامرازێکی تەکنۆلۆژی نوێ دەچێتە شوێنی نووسینەوەی کتێب بە دەست و لەم ڕووەوە خزمەتێکی گەورە بە مرۆڤایەتی دەکات. لێرەشدا کاردانەوەی پیاوانی دین و ھێزە دینییەکان شوێنی لەسەر وەستانە. لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا پیاوان و دەزگا دینییە ئیسلامییەکان بەکارھێنانی چاپخانەیان یاساغکرد. بەڵام کەمینە دینییەکانی وەک جولەکە و ئەرمەنیی و مەسیحییەکان ئەم کارەیان نەکرد. ئەوان لە ئەستەنبوڵ و سالۆنیکی و لوبنان چاپخانەیان هێنا و کتێب و بڵاوکراوەیان پێ چاپدەکرد، بەڵام بۆیان نەبوو ئەم کارە بە زمانی عەرەبی بکەن، بەڵکو بە زمانی عیبریی و ئەرمەنیی و زمانەکانی تری کەمایەتییە دینییەکان. ئەو کتێبانەش کە بە زمانی عەرەبی لە چاپخانەکانی ئیتالیادا چاپکرابوون، دیسانەوە فرۆشتنیان لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا تەواو زەحمەتکرابوون. سەرچاوە مێژوویەکان باس لەوەدەکەن کاتێک هەندێک بازرگان دەیانەوێت کۆمەڵێک کتێبی بە عەرەبی چاپکراو و هێنراو لە ئیتالیاوە لە بازاڕی ئەستەنبوڵدا بفرۆشن، لەلایەن خەڵکەوە پەلامارئەدرێن و فەلاقەدەکرێن. ئەم دۆخە وادەکات دامەزراندنی یەکەمین چاپخانەی فەرمی سەر بە دەولەتی عوسمانی دوابکەوێت بۆ ساڵی ١٧٢٧. لەو ساڵەدا بە فەرمانی سوڵتانی عوسمانی چاپخانەیەکی فەرمی دادەمەزرێت، بەڵام چاپخانەکە بۆی نابێت کتێبی فیقی ئیسلامیی و کتێبی تەفسیر و کتێبی فەرمودەکانی پێغەمبەر و کتێبەکانی عیلمی کەلام و قورئان چاپبکات. سوڵتانی عوسمانی لە دەرکردنی ئەم بڕیارەدا پشت بە فەتوای شێخول ئیسلام دەبەستێت کە بەرزترین دەسەلاتی دینیی ناو ئیمپراتۆریەتەکە بووە. سێ ساڵ دوای دانانی چاپخانەکە، واتە لە ساڵی ١٧٣٠دا، یاخیبوونێک دروستدەبێت، پەلاماری چاپخانەکە ئەدرێت و ئەسوتێنرێت. کۆڵەکەی سێهەم، بوونی دەزگای خاوەن ڕەوایەتی یاسایی و کۆمەڵایەتییە. بەشێکی گەورەی هێزی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان پابەستی جێگرتنەوەی کۆمەڵێک دەزگای یاسایی و خاوەن رەوایەتییە، بۆ خواست و ویست و زەوق و حەزی حوکمڕان و دارودەستە و بازنە بچووک و داخراوەکەی دەوری. لە مێژووی مۆدێرندا گرنگترین دەزگایەک بەم ئاراستەیە دروستبووبێت دەزگای پەرلەمان و دەزگاکانی داوەرییکردنی مۆدێرنە. ئەم دەزگایانە لەسەر بنەمای دانانی دەستور کاریانکردوە و بڕیاریان دەرکردوە و داوەرییان کردوە. بە مانایەکی دیکە بوونی دەزگای یاسایی بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان، بە تایبەتی پەیوەندییەکانی دەسەڵات، پەیوەندیی نێوان حوکمڕانان و کۆمەڵگا، لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بەهێز و پێشکەوتون. لەمەشدا دیسانەوە ئەو ناوچەیەی ئێمە لە دۆخێکی تەواو خراپ و قەیراناویدا ژیاوە، لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ. مێژووی سیاسیی کۆمەڵگا موسڵمانەکانی ناوچەکە، مێژووی سیاسیی ئیسلام خۆیشی لە سەرەتای سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، میژوویەکە بێدەزگا و بێدەستور و بێ بوون و ئامادەگی میکانیزمێک بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی خەلیفە، ئەمیر، سوڵتان و حوکمڕان. لەباتی دەستور و پەرلەمان و دەزگای لێپرسینەوە و سنووردارکردنی دەسەڵاتی حوکمڕان، تەنھا ”بەیعە“ ھەبووە کە ئەویش ھێندەی شانۆگەرییەکی ڕێکخراوبووە ھێندە ئامرازێکی ڕاستەقینەی دەستگۆڕکێی دەسەڵات نەبووە. ھەموو ئەمانەش وایانکردوە فۆرمی جیاواز لە ستەمگەریی سیاسیی و دینیی دروستببێت. مێژووی سیاسیی و حوکمرانیی لە کۆمەڵگا موسڵمانەکاندا، لە سەرەتای سەرەتاوە، مێژوویەکی بێدەستور و بێدەزگای خاوەن ڕەوایەتیی بووە. دانانی یەکەمین دەستور لەناو مێژوی سیاسیی کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا دوادەکەوێت بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم. لە ساڵی١٨٧٦دا عوسمانیەکان بۆ یەکەمجار دەستورێک دەنووسن و دەیخەنە بواری کارپێکردنەوە، بەلام ساڵێک دواتر، سوڵتان عەبدولحەمید، هەم دەستورەکە پەکدەخات و ئیشکردن بە دەستوور ڕادەگرێت و هەڵدەوەشێنێتەوە. لە راستیدا بەشێک لە هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی تا ئەمرۆش دیموکراسیەت و دەستورگەرایی و پەرلەمانتاریزم وەک کوفر و لادان لە ئیسلام دەبینن و مامەڵەدەکەن. بە کورتییەکەی، ئەوەی دەبینرێت ئامادەگیی جۆرێک لە عەقڵیەتی دینییە کە بەردەوام چەند سەدەیەک لە دوای گەشەی عەقڵیەتی زانستیی و تەکنۆلۆژیی و دەزگایی بەشە پێشکەتوەکانی جیهانەوەیە. ئەوەی شوێنی مەترسییە ئامادەگیی سەختی ئەم عەقڵیەتە دینییەیە تا ئەمڕۆکە، کە جگە لە کێشە و قەیرانی گەورە هیچشتێکی تری پێ بەرهەمناهێنرێت. کە ئەمە دەڵێم ئەمە مانای ئەوە نییە ھێزە نادینییەکان لە ھەر سێ ئاستەکەدا کاری باشتریان کردبێت. ئەوانیش، ھەندێک بە ھاریکاریی ھێزە دینییەکان و ھەندێکجار بەبێ ئەوان، درێژەیان بەھەمان دۆخی کارەساتاوی داوە.
درەو: هەرێم و بەغداد لەسەر هێڵە گشتیەكانی پرسی (بودجەو نەوت) رێككەوتوون، چاوەڕێن رێككەوتنەكە لەپەرلەمان و لەناو پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق 2023 جێگیر بكرێت، سەرچاوەیەك لە وەفدەكەی هەرێم بۆ (درەو): "پشكی هەرێم بە (14%) جێگیر دەكرێت، هەرێم نەوتەكەی رادەست ناكات، بەڵام بە مەرجەكانی بەغداد رازیە و دەتوانێت چاودێری داهاتەكەی بكات، تا یاسای نەوت و غاز دەدەچێت" سەرچاوەیەك لە شاندی باڵای حكومەتی هەرێم كە ئەمڕۆ بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم چونە بەغداد، بە (درەو)ی راگەیاند: بەرپرسانی بەغداد نیەتی رێككەوتنیان هەبوو، بەتایبەتیش دەیانویست هەرچۆنێك بێت یاسای بودجە تێپەڕێندرێت، بۆیە سەردانەكەمان بۆ بەغداد سەركەوتوو بوو لەسەر هێڵە گشتیەكانی پرسی نەوت و بودجە رێككەوتین. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد: محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەرلەسەرەتاوە گەشبین بوو بەسەردنەكەو وتی" ئینشائەڵا بەبێ رێككەوتن ناگەڕێنەوە هەولێر، چونكە ئێمە دەمانەوێت رێكبكەوین لەگەڵ هەولێر و كێشەمان نەمێنێت" مەسرور بارزانیش بە سودانی راگەیاندووە" ئێمە بۆ چارەسەری كێشەكان هاتووین، ئەگەر ئێوە نیازی باشتان هەبێت بۆ رێككەوتن ئەوا رێگای زۆرمان هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان" ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشكرد كە لەدوای كۆبوونەوەكەی نێوان مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سودانی، وەفدێكی حكومەتی هەرێم و عێراق كە لە وەزیرانی (دارایی و نەوت و سامانە سروشتیەكانی) هەردوولا پێكهاتبوون بۆ ماوەی چوار كاتژمێر لەسەر پرسی (نەوت و بودجە) كۆبوونەوەو لە كۆبوونەوەكەدا گەیشتونەتە رێككەوتنی سەرەتایی و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا خاڵەكانی رێككەوتنەكە بڵاوبكرێنەوە: بە پێی راگەیاندراوی حكومەتی عێراق لە كۆبوونەوەی وەفدی هەردوولا لەسەر دوو تەوەری سەرەكی گفتوگۆیان كردووە ئەوانیش (نەوت و بودجە) بووەو بەتایبەتیش لەسەر پرسی یاسای نەوت و غاز بەپێی دەستور چارەسەر بكرێت. سەرچاوەیەكەی(درەو) كە هاوكات ئەندامی شاندی باڵای هەرێم بوو لە بەغداد ئاماژەی بەوەكرد: لە كۆبوونەوەكەدا لەسەر هێڵكە گشتیەكان رێككەوتووین و رێككەوتنی سەرەتایی كراوە لەسەر ئەو دوو فایلە بەشێوەیەك: - لەسەر فایلی بودجە كابینەكەی سودانی دەیانەوێت لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێكبكەون، بەتایبەت سودانی دەیەوێت هەرچۆنێك بێت بودجە تێپەڕێت و هەموو لایەنەكان رازی بكات، بۆیە بە بەشی زۆری داواكارییەكانی هەرێم رازی بوون و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پشكی هەرێم (14%) كەمتر نەبێت. - لەسەر فایلی نەوت و غازیش لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن بەتایبەت هەتا یاسای نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق پەسەند دەكرێت، دۆخێكی تایبەت هەبێت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ نەوت و غازی هەرێم (لە كۆبوونەوەكان هیچ لایەك باسی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكرد) لەماوەی ئەو ساڵەدا ئەو یاسایە پەسەند بكرێت. - سەبارەت بە چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم و داهاتەكەشی، لەسەر میكانیزمێكی نوێ رێككەوتوون، كە هەرێم نەوت لە رێگەی سۆمۆوە نافرۆشێت و ئامادەش نیە موڵكیەتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بەتایبەت لەسەر ئەو خاڵە رێككەوتوون: ئەوەی حكومەتی عێراق دەیەوێت ئەوەیە كە بزانێت داهاتی نەوتی هەرێم چی لێدێت شەفافە یان نا، بۆیە هەرێم رازی بووە حكومەتی عێراق چاودێری داهاتی نەوتی هەرێم بكات و بەتەواوی ئاگاداری داهاتەكەی بێت كە چی لێدێت و چۆن خەرج دەكرێت و بۆ كوێ دەچێت؟ - واتا هەردوولا رێككەوتوون و رازی بوون كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بفرۆشێت و حكومەتی عێراقیش چاودێری داهاتەكەی بكات تا ئەو كاتەی یاسای نەوت و غاز لەپەرلەمانی عێراق دەردەچێت. - بەهیچ جۆرێك باس لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەكرا سەبارەت بە یاسای نەوت و غازی هەرێم