Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

شیكاری: درەو  داهات و خەرجی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 1/1/2022 – 31/12/2022؛  🔹 پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بریتیی بووە لە (7 ترلیۆن و 898 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 🔹 لە سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتیەوە (گومرگ، باج، ڕەسم، هاریکاری هاوپەیمانان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق) حکومەتی هەرێم (5 ترلیۆن و 178 ملیار) دینار داهاتی هەبووە. 🔹 کۆی داهاتی (نەوتی و نانەوتی) بریتی بووە لە (13 ترلیۆن و 76 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 🔹 کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. 🔹 حکومەتی هەرێم بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە (داهاتی زۆرتر بووە لە خەرجی).  یەکەم؛ پوختەی داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 پاڵپشت بە زانیارییەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وربینی نەوتی هەرێم هەردوو چارەکی یەکەم و دووەم (نیوەی یەکەم)ی 2022، پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم، دوای لێدەکردنی خەرجی نەوت و دانەوەی بەشێک لە قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم، بڕی؛ (2 ملیار و 915 ملیۆن و 826 هەزار و 507) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (4 ترلیۆن و 227 ملیار و 948 ملیۆن و 435 هەزار و 150) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی ناوبراودا، بریتی بووە لە (106.92) دۆلار ، حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە (93.56) دۆلار فرۆشتووە، واتە بە زیاتر لە (13) دۆلار کەمتر نەوتی هەرێم فرۆشراوە. بۆ نیوەی دووەمی ساڵی (2022) تا ئێستا حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دیلۆیت هیچ زانیارییەکی ئەوتۆیان لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حکومەتی هەرێم بە هەمان ئاستی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ نەوتی فرۆشتبێت و بەهەمان بڕی نیوەی یەکەم خەرجی پرۆسەی نەوت بووبێت کە (56%)ە، ئەوا داهاتی نیوەی دووەم کەمتر دەبێت لە نیوەی یەکەم چونکە تێکڕای نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەراورد بە نیوەی یەکەم هەر بەرمیلێک نەوت بە ڕێژەی (13.18%) بەهاکەی لەدەستداوەو تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت (94.59) دۆلار بووە، بۆیە حکومەتی هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی بە (13.36) دۆلار کەمتر فرۆشتووە. بەم پێیەش پوختەی داهاتی نەوتی هەرێ لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ بەڕێژەی (13.18%) کەم دەکات و دەگاتە (2 ملیار و 531 ملیۆن و 606 هەزار و 57) دۆلاری داهاتی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (3 ترلیۆن و 670 ملیار و 828 ملیۆن و 782 هەزار و 47) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. کەواتە کۆی پوختەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 1/1/2022 – 31/12/2022 بریتییە لە (5 ملیار و 447 ملیۆن و 432 هەزار و 564) دۆلار گەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (7 ترلیۆن و 898 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار ئەگەر هەر (1) دۆلارێک بەرامبەر بە (هەزار و 450) دینار بێت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) دووەم؛ کۆی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتی نەوت (5) سەرچاوەی داهاتی نانەوتی هەیە کە بریتین لە (گومرگ، باج، ڕەسم، هاریکاری هاوپەیمانان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق) کۆی ئەم داهاتانەش لە تەواوی ساڵی (2022) بەم شێوەیە بووە؛ 1.    داهاتی گومرگ؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (140 ملیار) دیناری لە داهاتی گومرگەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (1 ترلیۆن و 680 ملیار) دینار. 2.    داهاتی باج؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (60 ملیار) دیناری لە داهاتی باجەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (720 ملیار) دینار. 3.    داهاتی ڕەسم؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (200 ملیار) دیناری لە داهاتی ڕەسمەوە دەست دەکەوێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (2 ترلیۆن 400 ملیار) دینار. 4.    هارکاری هاوپەیمانان؛ لەلایەن هاوپەیمانانەوە مانگانە بڕی (31.5 ملیار) دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکرێت و بۆ تەواوی (12) مانگەکە دەکاتە (378 ملیار) دینار. 5.    پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق؛ لە ساڵی (2022)دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەی ڕاستەوخۆ هیچ بڕە بودجە و پشک و سلفەیەکی لە حکومەتی ناوەندی وەرنەگرتووە. کەواتە کۆی داهاتی نانەوتی لە تەواوی (2022)دا بەسەرجەم سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتییەوە بریتی بووە لە (5 ترلیۆن و 178 ملیار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2)) خشتەی ژمارە (2) سێیەم؛ کۆی خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان 1/1/2022 – 31/12/2022 بەشی هەرە گەورەی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، پاشان لە داهاتی گشتی مانگانە بڕێک بۆ خەرجی بۆ بەگەڕخستنی وەزارەتەکان دابین دەکرێت بە جۆرێک؛ 1.    خەرجی موچە؛ کۆی خەرجی موچەی موچەخۆران مانگانە پێویستی بە (910 ملیار) دینارە، حکومەتی هەرێم لە تەواوی ساڵی (2022) تەنها (11) موچەی خەرجکردووە ، بەم پێیەش کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی بۆ خەرجی دابینکردنی موچە ڕۆشتووە بریتیە لە (10 ترلیۆن  و 10 ملیار) دینار. 2.    خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان؛ حکومەتی هەرێمی مانگانە بڕی (100 ملیار) دینار بۆ دابینکردنی خەرجی وەزارەتەکان تەرخان دەکات و لە تەواوی ساڵەکەدا بڕی (1 ترلیۆن و 200 ملیار) دینار بۆ ئەم مەبەستە بە خەرج دراوە. کەواتە کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (3)) خشتەی ژمارە (3) چوارەم؛ کۆی گشتی؛ داهات، خەرجی و  بڕی سەرڕێژی داهاتی هەرێم 1/1/2022 – 31/12/2022 وەک لە بەشەکانی سەرەوە ئاماژەمان پێدا داهات و خەرجی و سەرڕێژی دهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەواوی ساڵی (2022) دا بەم شێوەیەیە؛ 1.    کۆی گشتی داهات (نەوتی و نانەوتی) بریتی بووە لە لە (13 ترلیۆن و 76 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار. 2.    کۆی خەرجی (11) موچەی موچەخۆرانی هەرێم  و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان لە تەواوی ساڵدا بریتی بووە لە (11 ترلیۆن و 210 ملیار) دینار. 3.    کەواتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (1 ترلیۆن و 866 ملیار و 777 ملیۆن و 217 هەزار و 197) دینار سەرڕێژی داهاتی هەبووە (داهاتی زۆرتر بووە لە خەرجی)  بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە (خشتەی ژمارە (4)) خشتەی ژمارە (4) سەرچاوەکان -    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ تاکو ٣١ی ئاداری ٢٠٢٢؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/RCOG%20Q1%202022%20Report%20on%20Oil%20and%20Gas%20review.pdf -    ڕاپۆرتی دیلۆیت؛ بەرهەمی نەوت و هەناردە و بەکاربردن و داهات لە ماوەی ١ی نیسانی ٢٠٢٢ تاکو ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢؛ https://govkrd.b-cdn.net/Government%20Open%20Data/Deloitte%20Reports/Deloitte%20Reports%202022/FINAL%20Q2%202022%20Public%20Report.pdf -    عومەر گوڵپی، خستنەڕووی داهات و خەرجی حکومەت و چارەنووسی مووچەی مانگی (١٢)ی (٢٠٢٢)، (کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی) 25/12/2022؛ https://www.youtube.com/watch?time_continue=527&v=UfB0-wMrfGg&feature=emb_logo -    Country Economy, Europe Brent Spot Price FOB 2022; https://countryeconomy.com/raw-materials/brent  


  درەو: عوسمان كانی كوردەیی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ بایكۆتی شكاندووەو چووەوە پەرلەمانی كوردستان، بەشداری كۆبوونەوەی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوانیكرد. فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە رۆژی2022/11/6 لە پەرلەمانی كوردستان كشایەوەو بایكۆتی پەرلەمانی كرد و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بە نایاسایی ناوبرد، بەڵام عوسمان كانی كوردەیی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ پێش پشووەكانی ساڵی نوێ چووەتەوە پەرلەمان و بەشداری كۆبوونەوەی لیژنەكانی كردووە، بە پێی زانیارییەكانی (درەو) عوسمان كانی كوردەیی لە رۆژی 2022/12/19 بەشداری لە كۆبوونەوەی لیژنەی شەهیدان و ئەنفالكراوانی كردووە كە لە گەڵ رزگاربوانی ئەنفالكراواندا كۆبوونەوەتەوە. دوای ئەوەی بە دەنگی (80) پەرلەمانتاری (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، پێكهاتەكان) تەمەنی پەرلەمان تا كۆتایی وەرزی پایزەی 2023 درێژكرایەوە، بەشێك لە پەرلەمانتاران كشانەوەو بەشێكیشیان بایكۆتیانكرد:  (5) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد. - سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ بایكۆتیانكردو كشانەوە. - حەوت پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ بایكۆتیانكرد و كشانەوە - چوار پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بایكۆتیانكرد و كشانەوە (دواتر عەلی حەمە ساڵح دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكرد) - شایان عەسكەری پەرلەمانتاری گۆڕان دەستیلەكاركێشایەوەو پەرلەمان پەسەندیكرد. - پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ بایكۆتیكرد و كشایەوە.  پەرلەمانتارانی یەكگرتوو: - شێركۆ جەودەت - ئەبوبەكر هەڵەدنی - هلز ئەحمەد - سەرچنار ئەحمەد - ئیسماعیل سگێری   پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ: - كاوە عەبدولقادر - سیپان ئامێدی -مژدە مەحمود پەرلەمانتاری فراكسیۆن كۆمەڵ: -    عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆن -    هەورامان گەچێنەیی  -    عومەر گوڵپی  -    روپاك ئەحمەد -    عوسمان عەلی -    بەدریە ئیسماعیل -    موسلیم عەبدوڵا چوار پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان -    عەلی حەمەساڵح -    ئاشنا عەبدوڵا -    دابان محەمەد -    شیرین ئەمین پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ -    دیاری ئەنوەر


راپۆرت: درەو ئەمساڵ یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیایە، ئەردۆغان بەڵێنیداوە لەمساڵدا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لەناوخۆی وڵات بۆ (100 هەزار) بەرمیل بەرزبكاتەوە، ئەم نەوتە كە لە باكوری كوردستان دەردەهێنرێت لەتوانایدایە رێژەی زیاتر لە 10%ی پێداویستی ناوخۆی توركیا پڕبكاتەوە، هەر لەم ساڵدا توركیا دەیەوێت دەست بكات بە بەرهەمهێنانی غاز لە دەریای رەش‌و بەمەش رێژەی 30%ی پێداویستی ناوخۆ پڕبكاتەوە، وردەكاری زیاتر لەبارەی نەوت لە باكوری كوردستان‌و دۆخی وزە لە توركیا لەم راپۆرتەدا.  100 هەزار بەرمیل.. روانگەی سەدەیەك ! فاتح دۆنماز وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، توركیا لە ئامانجەكەی نزیكبوەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی (100 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەردوو كەرتی گشتی‌و تایبەتدا.  وەزیری وزەی توركیا دەڵێ" ئەم بڕەی وەبەرهێنانی نەوت ئەو قەبارەیە كە لەچوارچێوەی روانگەی سەدەی توركیادا دیاریكراوە".  "سەدەی توركیا" مەبەست لەو روانگەیە كە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاند‌و تێیدا بەرنامە‌و ئامانجەكانی توركیای بۆ ئەم سەدە خراوەتەڕوو.  نەوتی كوردستان.. چەكی دەستی ئەردۆغان ناوەڕاستی مانگی رابردوو ئەردۆغان دۆزینەوەی كێڵگەیەكی نەوتی لە چیای (گابار) لە ناوچەی (شرناخ)ی باكوری كوردستان راگەیاند، ئەم كێڵگەیە لە (4) بیرە نەوت پێكدێت‌و بەرهەمی رۆژانەی ئەم بیرانە لەئێستادا (5 هەزار) بەرمیلە. بەپێی خەمڵاندنەكانی ئەردۆغان، یەدەگی نەوتی بیرەكانی شرناخ قەبارەكەی (150 ملیۆن) بەرمیلە‌و كوالیتییەكەی زۆر بەرزە، بەهای نەوت لەم كێڵگەی باكوری كوردستاندا بە نزیكەی (12 ملیار) دۆلار ئەژمار دەكرێت.  هەر لە ساڵی 2022دا توركیا دۆزینەوەیەكی تری یەدەگی نەوتی لە ناوچەی (چوكورۆڤا) راگەیاند كە مەزەندە دەكرێت ئاستی یەدەگی نەوت تێیدا بگاتە (8 ملیۆن) بەرمیل.  پێنج ساڵ لەمەوبەر بەر كە هێشتا ئەنكەرە پلانی گەڕانی بەدوای نەوتدا نەخستبووەگەڕ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە توركیا رۆژانە تەنیا (40 هەزار) بەرمیل بوو، بەڵام ئێستا بەگشتی توركیا رۆژانە نزیكەی (65 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت‌و بەپێی قسەی هەندێك لە میدیاكانی ئەو وڵاتە، حكومەت‌و كەرتی تایبەت ئێستا بە تێكڕا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە رۆژێكدا بۆ (80 هەزار) بەرمیل بەرزكردوەتەوە.  بەمدواییە ئەردۆغان وتی" ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی 2023دا كە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیایە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 100 هەزار بەرمیل بەرزبكەینەوە". بۆ وڵاتێكی وەكو توركیا كە هاوردەكردنی وزە لە دەرەوە باری سەرشانی بودجەكەی قورسكردووە‌و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان، دۆزینەوەی نەوت‌و غاز چەكێكی ستراتیژییە بۆ پاڵپشتیكردنی ئابوری نیشتمانیی، بەتایبەتیش بۆ ئەردۆغان كە لەبەردەم هەڵبژاردنێكی چارەنوسسازدایە.  لەچوارچێوەی هەڵمەتێكدا كە بەر لە پێنج ساڵ دەستیپێكردووە، توركیا هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوەی نەوت‌و غاز چڕكردوەتەوە، لەوكاتەوە ئەم هەڵمەتە دەستیپێكردووە توركیا هەندێك لە قەبارەی بەرهەمهێنانی خۆی زیادكردووە، بەڵام هێشتا لەچاو پێداویستی ناوخۆیی بۆ وزە كە لە دەرەوە هاوردە دەكرێت، هەوڵەكان لەئاستی چاوەڕوانیدا نین.  ئەڵتوغ كاراتاش سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كەرتی وزە‌و ژینگە لە گروپی (مۆسیاد) دەڵێ" خاڵی وەرچەرخانی مێژووی دەبێت ئەگەر وەبەرهێنانمان رێژەی 10% بەكاربردنی ناوخۆیمان پربكاتەوە".  بەگوێرەی قسەی كاراتاش، ئێستا ئاستی وەبەرهێنانی نەوت لە توركیا 65 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە‌و ئەم بڕە رێژەی نزیكەی 5% بۆ 7%ی پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە، بەڵام ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنان بەرز بكرێتەوە توركیا دەتوانێت رێژەی 10% بۆ 14%ی پێداویستی ناوخۆی وزە دابین بكات. دوای ئاشكراكردنی دۆزینەوە نوێیەكانی چیای (گابار) ئێستا بەگشتی تێكڕای یەدەگی نەوت لە توركیا بە نزیكەی (180 ملیۆن) بەرمیل دەخەمڵێندرێت، لەم بڕە تەنیا نزیكەی (65 هەزار) بەرمیلی رۆژانە دەردەهێنرێت، ئەمەش بە بەراورد بە هەرێمی كوردستان كە رۆژانە زیاتر لە (400 هەزار) بەرمیل هەناردە دەكات بڕێكی زۆر كەمە، بەگشتی ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی نەوت لە توركیا (780 هەزار) بەرمیلە، ئەمە لەكاتێدایە ئەو وڵاتە ساڵانە زیاتر لە (360 ملیۆن) بەرمیل نەوت هاوردە دەكات.  تاوەكو ساڵی 2021 جوگرافیای كێڵگە نەوتییەكانی توركیا لە هەردوو ناوچەی شرناخ‌و باتمانی باكوری كوردستان چڕبووەوە، بەڵام هەر لەو ساڵەدا دەسەڵاتدارانی توركیا دۆزینەوەی نەوتیان لە هەردوو ناوچەی (سێرت)‌و (وان) لەباكوری كوردستان راگەیاند لەگەڵ ناوچەی (ئەدەنە) لە نزیك دەریای سپی ناوەڕاست.  بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی ئەنادۆڵ، بە رەزامەندی وەزارەتی وزەی توركیا، لەسەرەتای 2022دا پلانێك بۆ هەڵكەندنی (150) بیر دیاریكراوە.  یەكەم بیرە نەوت كە لە توركیا نەوتی تێدا بەرهەمهێنرابێت دەكەوێتە باكوری كوردستانەوە كە بیری (رامان-8) لە ویلایەتی باتمان، مێژووی هەڵمەندنی ئەم بیرە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1945‌و لە ساڵی 1948 بەشێوەیەكی كردەیی نەوتی لێ بەرهەمهێنراوە، ئەمە لەكاتێكدایە یەكەم هەنگاوی توركیا لە گەڕان بەدوای غازی سروشتی مێژووەكەی بۆ ساڵی 1970 دەگەڕێتەوە. ئەوەی ئێستا ناوچەكانی باكوری كوردستان بووەتە چەقی ستراتیژی ئابوری نوێی رەجەب تەیب ئەردۆغان لەڕووی سیاسییەوە بۆچونی جیاوازی دروستكردووە، هەندێك پێیانوایە توركیا ئەگەر دەستی بە سامانێكی گەورەی نەوت‌و غاز بگات لە ناوچە كوردییەكان، رەنگە ئەمە وابكات بۆ داهاتوو لەپێناو زامنكردنی وزەدا دەسەڵاتدارانی توركیا هەوڵی چارەسەركردنی ریشەیی كێشەی كورد بدەن، هەندێكی تر بۆچونێكی جیاوازیان هەیە‌و پێیانوایە دۆزینەوەی نەوت لە باكوری كوردستان قۆناغێكی نوێی توندوتیژی دەوڵەتی توركیا دژی كورد بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەتیش گۆڕینی دیمۆگرافیاو پرۆسەی بە تورككردنی ئەو ناوچانەی كە نەوتیان لێ دەردەهێنرێت، ئەوانەی ئەم باوەڕەیان هەیە دۆخی (كەركوك) بە نمونە دەهێننەوە.  دەسەڵاتدارانی توركیا كێڵگە نەوتەكەی چیای (گابار)یان بەناوی ئەفسەرێكەوە ناوناوە (ئەسما چەڤیگ)، میدیاكانی توركیا دەڵێن ئەم ئەفسەرە بەهۆی تەقینەوەیەكی پەكەكەوە لە پارێزگای شرناخ كوژراوە، ئەمە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی پێناچێت تەنانەت دوای دۆزینەوەی نەوتیش دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە هێشتا بیر لە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد بكەنەوە.   توركیا پێویستی بە غازی كوردستان دەبێت ؟  رۆژی دوو شەممەی هەفتەی رابردوو ئەردۆغان رایگەیاند، تێكڕای قەبارەی ئەو غازە سروشتییەی توركیا لە دەریای رەشدا دۆزیوەتەوە بڕی (710) مەتر سێجا-یە، ئەمە دوای دۆزینەوەی كێڵگەیەكی نوێ‌و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو كێڵگانەی كە پێشتر دۆزراونەتەوە.  توركیا كە لە سامانی نەوت‌و غازدا هەژارە، بەشێوەیەكی گەورە بۆ دابینكردنی پێداویستی ناوخۆیی پشت بە هاوردەكردنی غاز دەبەستێت لە (روسیا‌و ئازەربایجان‌و ئێران)ەوە، ئەمە لەپاڵ هاوردەكردنی غازی شل لە (قەتەرو ئەمریكا‌و نەیجیریا‌و جەزائیرو نەرویژ)ەوە. سەرەتای ساڵی رابردوو ئەردۆغان بەشێوەیەكی كتوپڕ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بانگهێشتی ئەنكەرە كرد، داوای لێكرد غازی سروشتی هەرێمی كوردستان هەناردەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی بەڵێنی پێدا بۆ ئەو مەبەستە پرس بە حكومەتی ناوەندی عێراق بكات، ئەمە لەكاتێكدا بوو بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی روسیا‌و ئۆكرایناوە نرخی وزە لە جیهاندا بەرزبووەوە.  توركیا ماددە هایدرۆكاربۆنییەكان لە دەریای ناوەڕاست دەردەهێنێت، بەڵام ئەمە ناوچەیەكی كێشە لەسەرەو توركیای لەگەڵ یۆنان‌و قوبرس روبەڕووی ئاڵۆزی كردوەتەوە.  بەمدواییە ڤلادیمیر پۆتین سەرۆكی روسیا بیرۆكەی دامەزراندنی "سەنتەرێكی غاز"ی لە توركیا خستەڕوو، ئەمەش دوای ئەو تەقینەوانە هات كە زیانیان بە هێڵی بۆری غازی (نۆرد ستریم) گەیاند لەژێر دەریای بەلتیك-دا، كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ بووە هۆی راگرتنی هەناردەی غازی روسیا بۆ ئەڵمانیا.  توركیا لەڕێگەی هێڵەكەی خۆیەوە لە ئازەربایجانەوە بە بۆری (تاناپ)دا غازی سروشتی روسیا هاوردە دەكات. قەبارەی پێداویستی ساڵانەی توركیا بۆ غازی سروشتی لە 2020دا گەیشتوەتە (45 ملیار) مەتر سێجا، ئەمە لەكاتێكدایە توركیا لە ناوخۆدا تەنیا رێژەی 1%ی ئەم پێداویستییەی لەناوخۆدا بەرهەمهێناوە.  بۆیە ئەو دۆزینەوە نوێیانەی كە دەسەڵاتدارانی توركیا لەم ساڵانەی دوایدا لەناوچەكانی (تراكیا)‌و (دەریای رەش) رایانگەیاندووە، وای لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كردووە پێشبینی ئەوە بكەن تێكڕای بەرهەمی ناوخۆیی توركیا بتوانێت رێژەی نزیكەی 30%ی پێداویستی ناوخۆی غاز پڕبكاتەوە.  حكومەتی توركیا لە 2020دا دۆزینەوەی بڕی (540 ملیار) مەتر سێجا یەدەگی غازی سروشتی لە ئاوە ئابورییەكانی سەربە توركیا لەناو دەریای رەشدا راگەیاند، بەگوێرەی قسەی ئەردۆغان‌و وەزیری وزەی توركیاش، ئەو غازەی لە كێڵگەی (سەقاریا) دۆزراوەتەوە، لە چارەكی یەكەمی مساڵدا (2023) دەچێتە قۆناغی دەرهێنانەوە.  ئەمە ئەو غازەیە كە هەندێك لە شارەزایانی ئابوری توركیا دەڵێن بە بەرهەمهێنانی دەتوانرێت رێژەی 30%ی پێداویستی ناوخۆ پڕبكرێتەوە‌و بڕی نزیكەی (4 ملیار) دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی وڵات بگەڕێندرێتەوە.   


درەو: بەپێی ئاماری رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە رووداوەكانی 2022ی رۆژهەڵاتی كوردستاندا: (52) هاوڵاتی كورد لە سێدارە دراون (128) هاوڵاتی مەدەنی شەهیدكراون (3000) هاوڵاتی برینداربوون (155) هاوڵاتی سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە (2212) هاوڵاتی دەستگیركراون دەقی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: هەنگاو: لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتی ئاماری خۆی بە نیسبەت دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکرانی بەربڵاوی مافی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران بڵاو دەکاتەوە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی، لانی کەم ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە سێدارە دراون و زیاتر لە ٢٢١٢ هاووڵاتی دەستبەسەر کراون کە ١٥٥ کەسیان سزای سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا ٢٩٠ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون یان بریندار کراون. هەروەها ١٢٨ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠٠ هاووڵاتی بریندار بوون. ٣٧ هاووڵاتیش بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بوونەتە قوربانی و ١٩ بەندکراویش لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە. هەروەها ٥٥ کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە و ١٦٣ کرێکاریش لە سەر کارەکانی خۆیان دەرکراون. ڕاپۆرتی تایبەت و وردەکاری زیاتر لە سەر هەر کام لەم بەشانە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەلایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە. سێدارە بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ زایینی، لانی کەم سزای سێدارەی ٥٢ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کوردستان و ئێران جێبەجێ کراوە. لەو ماوەیەدا سزای سێدارەی فیرووز مووسالوو بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کراوە. لەو ژمارەیە ٣٤ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست و ١٥ کەسیان بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو. لە ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ژن لە بەندیخانەکانی سنە و ئورمیە جێبەجێکراوە. کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکارن لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا لانی کەم ٢٩٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و بریندار بوون کە ٤٦ کەسیان کوژراون و ٢٤٤ کەسیان بریندار بوون. زیاترین کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان بوونەتە قوربانی کە ١٦٣ حاڵەت بووە. هەروەها لە کۆی ئەو حاڵەتانە، ٢٠٦ کۆڵبەر و کاسبکار کە دەکاتە. ٧١. ٣ی کۆی حاڵەتەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بوونەتە قوربانی. لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لانی کەم ٤ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لە دەست داوە و ٧ کۆڵبەری دیکەش بریندار کراون. کوشتاری هاووڵاتییانی مەدەنی بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا، لانی کەم ١٢٨ هاووڵاتیی مەدەنی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ و هەروەها لێدانی باتۆم لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و زیاتر لە ٣٠٠٠ کەسیش بریندار بوون. لە کۆی ئەو ١٢٨ کەسە کە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون ١١٦ کەسیان لە ڕەوتی شۆڕشی ژینا گیانیان بەخت کردووە و هەروەها ١٩ کەسیان ژێر ١٨ ساڵ بووە کە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان منداڵ بە هەژمار دێن. لە شۆڕشی ژینادا ١٠ بەندکراوی کورد لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان بەخت کردووە کەو ١٠ کەسە لە بەشی دۆخی بەندکراوان هەژمار کراوە. تەقینەوەی مین لە ماوەی ئەو ساڵەدا لانی کەم ٣٧ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق بوونەتە قوربانی. لەو ڕێژەیە ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و زیاترین قوربانییەکان کۆڵبەران و کاسبکاران و جووتیارانی کورد بوون. دۆخی بەندیخانەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ زایینی لانی کەم ١٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کوردستان گیانیان لە دەست داوە کە ١٢ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە و ١٠ کەسیان بەندکراوی سیاسی بوون. هەروەها، ٥ بەندکراو بە هۆی پێ ڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانیان لە دەست داوە و بەندکراوێک خۆی کوشتووە و هۆکاری گیان لە دەست دانی بەندکراوێک نەزانراوە. دەستبەسەر کرانی نایاسایی و سەرەڕۆیانە لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە ٧٠٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. هەتا ئێستا ناسنامەی ٢٢١٢ کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە کە زۆربەیان بە تۆمەتی بەشداری لە شۆڕشی ژینا، چالاکی سیاسی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون. هەروەها، لەو ژمارەیە ٢٣٧ کەسیان ژن و ١٨٠ کەسیان مێرمنداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. زۆربەی دەستبەسەر کراوان خەڵکی پارێزگای سنە بوون کە ٨٦٥ حاڵەت بووە. سەپاندنی سزا لە ساڵی ٢٠٢٢ لانی کەم ١٥٥ چالاکی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە و بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە. بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، ١٤٩ هاووڵاتی سەرجەم سزای ٣٣٣ ساڵ و ١ مانگ بەندکران، ٦٦ ساڵ و ١١ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو، لێدانی ٢٢٢ قامچییان بەسەردا سەپاوە و ٤ سیاسی و هەروەها ٢ چالاکی بواری مافەکانی پەلکەزێڕینەکان سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە. مافی کرێکاران بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لانی کەم ٥٥ کرێکار لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە هۆی ڕووداوی کار و نەبوونی ئیمینی لە شوێنی کار گیانیان لە دەست داوە و ١٦٣ کرێکار بە هۆی نەبوونی ئاسایشی کار لە سەر کارەکانیان دەرکراون.


(درەو):  پەلاماردانی کچێکی گەنج بەشێوەیەكی دڕندانەو قێزەون لەلایەن دەیان کوڕو مێردمنداڵەوە لەناوچەی (ھوانە)ی سلێمانی رایگشتی جوڵاندووە، ئەمە جارێکی تر کۆمەڵگای دابەشکردووەتەوە بەسەر دوو بۆچونی دژ بەیەکدا، بۆچونێک کە پشتیوانی ئازادی و کرانەوە دەکات و بۆچونێکی تر دژە بەو ئاراستەیە ، رووداوەکە بەپێی ئەو زانیارییە بەراییانەی دەست (درەو) کەوتوون، بەمشێوەیە: ئێوارانی ھەینی ھوانە ! جارێکی تر رووداوی پەلاماردانی کچێک لەلایەن ژمارەیەکی زۆر گەنجەوە بە شێوەیەكی قێزەون  رایگشتی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وروژاند. رووداوەکەی ئەمجارە لە ناوچەی (ھوانە)ی سلێمانی رویدا. بەپێی ئەوە بەدواداچونەی بەراییانەی (درەو) کردویەتی، ئەو شوێنەی رووداوەکە تێیدا رویداوە ناو بازاڕی دروستکردنی تانکییەو پێی دەوترێت دوو سایدەکوی ھوانە. چەند ساڵێکە ئەم شوێنە بووە بە گۆڕەپانی نمایشی ماتۆڕسوارو ئۆتۆمبیلەکان، گەنجەکان ئێوارانی رۆژانی ھەینی لەم شوێنە کۆدەبنەوەو نمایش دەکەن، ژمارەیەک خەڵکیش دەچن بۆ تەماشای نمایشەکان. بۆچی ئەم ئێوارەیە تەقییەوە ؟ بەگوێرەی بەدواداچونەکانی (درەو)، یەکێک لە گەنجە بەشداربووەکانی ئەم نمایشانە بەناوی (ع- خانەقا) ماوەیەکە لەگەڵ خۆیدا ژمارەیەک کچی گەنج دەھێنێت بۆ نمایشەکان، کچەکان تەماشاکەر نین بەڵکو بەشدارن لە نمایشەکان، لە پشتی ماتۆڕسوارە کوڕەکانەوە سەردەکەون، ھەندێکیشیان رادەوەستن و ئۆتۆمبیلەکان لەکاتی نمایشدا بە دەوری ئەواندا دەسوڕێنەوە. یەکێک لەوانەی کە ئاگاداری نمایشەکانی ئێوارانی ھەینی ناوچەی ھوانەیە بە (درەو) وت" ئەو کچەی ئێوارەی ئەمڕۆ ھێرشی کرایەسەر ناوی (ل- تارانی)یە، ئەمڕۆ بڕیار نەبوو کچەکان بەشداربن، بەڵام ل- تارانی ھات،دواتر لەلایەن بەشێك لە گەنجانەوە پەلاماردرا". بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، ماوەیەک بووە لەناو گەنجە ماتۆڕ سوارەکاندا سەبارەت بە ھێنانی کچان بۆ ناو نمایشەکان ناڕەزایەتی دژی (ع- خانەقا) دروستبووە، داوایان لێکردووە چیتر کچەکان نەھێنێت، چونکە پێیانوابووە کچەکان وایانکردووە خەڵک سەرەنجیان لەسەر نمایشی ماتۆڕەکان نەمێنێت، (ع- خانەقا) دوای ناڕەزایەتییەکان ئێوارەی ئەمڕۆ کچەکانی لەگەڵ خۆیدا نەھێناوە بۆ ھوانە، بەڵام (ل- تاران)  ئەم جارەیان بەتەنیا چوەتە ناو نمایشەکەەوەو ھێرشی کراوەتەسەر. ھێشتا نەزانراوە ئایا (ل- تارانی) بە ئاگایی و بەمەبەستەوە ئەمڕۆ چوەتە ناو نمایشکارانی ھوانە یاخود ئاگاداری وردەکاری ناکۆکی ناو ماتۆڕسوارەکان نەبووەو بووە بە قوربانی بێئاگایی خۆی. پۆلیس چاوەڕێی سکاڵایە ! سەرباری ئەوەی دیمەنی پەلاماردانی ئەو کچە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر کوڕەوە کاردانەوەو جۆرێک لە رایگشتی لەناو تۆڕە کۆمەڵاییەکان دروستکردووە، بەڵام تا ساتی بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە پۆلیس ھیچ بەیاننامەیەکی لەبارەی رووداوەکە بڵاونەکردوەتەوە. سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێ" تائێستا کەس سکاڵای یاسایی لەسەر رووداوەکە تۆمار نەکردووە".   گرتە ڤیدیۆییەكان كۆن و نوێ       


درەو: لەماوەی (100) رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی ئێراندا تا ئێستا (500) ژن دەستگیركراون، لەو ژمارەیە تەنیا ناسنامەی (202) ژنیان دیارە. راپۆرتێكی (رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ) ئاماژە بە دەستگیركردنی ژنان دەكات لە خۆپیشاندانەكانی ئێران كە بەشێكیان لە خوار تەمەنی (18) ساڵیەوەن. دەقی راپۆرتەكەی رێكخراوی هەنگاو:  لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم دواییە، لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران لانی کەم ٢٠٢ ژن لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ڕفێندراون، کە ٣٠ کەسیان تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون و بەپێی پێوەرە جیهانییەکانی مافی منداڵان، وەک منداڵ هەژمار دەکرێن. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژی بەرخۆدانی جەماوەریی زیاتر لە ٥٠٠ ژن لە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە، ئورمیە و باقی شارەکانی دیکەی ئێران لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون یان دەستبەسەرکراون، کە هەنگاو هەتا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی ٢٠٢ کەس لەو ژمارەیە ئاشکرا بکات. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو لە نێو ئەو ٢٠٢ ژنە کە ناسنامەیان ئاشکرا بووە: ٢٧ کەسیان خوێندکار، ٦ کەسیان مامۆستای قوتابخانە و کەسێکیان پارێزەری پلە یەکی دادگا بووە و ٣٠ کەسیان تەمەن ژێر ١٨ ساڵ و بە شێوەیەکی زۆرینە قوتابی بوون. پۆلێنبەندی ژنانی دەستبەسەرکراو بە بەپێی پارێزگا پارێزگای سنە؛ ١١٠ حاڵەت پارێزگای ئورمیە؛ ٢٨ حاڵەت پارێزگای کرماشان؛ ٢٥ حاڵەت پارێزگای ئیلام؛ ٢١ حاڵەت شارەکانی دیکەی ئێران؛ ١٨ حاڵەت شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ئاماری زۆرترین ژمارەی دەستبەسەرکرانی ژنان لە شاری سنە و تۆمار کراوە کە ٧٢ حاڵەت بووە. دواتر شارەکانی تاران بە هەبوونی ١٦ حاڵەت، ئیلام بە هەبوونی ١٣ حاڵەت، کرماشان، قوروە و دێولان هەر کام بە هەبوونی ١٠ حاڵەت. بەپێی ئەم لێکۆڵینەوانە هەتا ئێستا ٧ کەس لەم ژنە دەستبەسەرکراوانە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بەبێ لەبەرچاوگرتنی لانی کەمی مەرجەکانی دادگاییەکی دادپەرەوەرانە سزایان بەسەردا سەپێندراوە. لەم ڕاستایەدا، لە دادگای سەرەتاییدا، ڕۆژین یوسف زادە، سزای ١٥ ساڵ بەندکران، سوهەیلا مەتاعی سزای ٥ ساڵ بەندکران، فاتمە بەیگپوور سزای ٥ ساڵ بەندکران، گوڵناز بەیگپوور سزای ٥ ساڵ بەندکران، زەینەب باوەیر سزای ٢ ساڵ بەندکران، سەکینە عەلیڕەزایی سزای ٢ ساڵ بەندکران و نیگار داوودی سزای ٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. لێکۆڵینەوە تایبەتی هەنگاو سەبارەت بە بارودۆخی تایبەتی ژنانی دەستبەسەرکراو هێشتا بەردەوامەو لە کاتی پشتڕاستکردنەوەی زانیاریی و لێکۆڵینەوەکان، نوێترین هەواڵی بارودۆخی ژنانی دەستبەسەرکراو ڕادەگەیێنرێت. پۆلێنبەندی ژنانی دەستەسەرکراو بەپێی پارێزگا پارێزگای سنە: ١١٠ حاڵەت سنە؛ ١-ژینا مودەڕس گورجی ٢-ڕێزان ئەحمەدی (خەڵکی دێولان) ٣- حەیات ئەڵماسی ٤- فەرانەک ڕەفیعی ٥- گەشین محەممەدیان ٦- ساریا شەریفی ٧- بەهارە زەنگی بەند ٨- باران ساعێدی ٩- ڕۆژان قادری ١٠- مونیرە محەممەدی ١١- ماهڕوو هیدایەتی ١٢- ئازادە هەجامەتی ١٣- سورەیا خدری ١٤- لەیلا پاشایی (خەڵکی سەقز) ١٥- سروە شەهابی ١٦- شادی ئەسڵانی ١٧- مەهسا ئەفزەڵی ١٨- سەنا غەفوری ١٩- پەریا مورتەزایی ٢٠- نگین مورادی ٢١-ئاتوسا حوسێنی ٢٢- هەدیە مەیهەمی ٢٣- ڕاحلە جەعفەری ٢٤- بەیان عەزیزی (خەڵکی بانە) ٢٥- گەلاوێژ تەهماسبی ٢٦- سومەیە ئیبراهیمی ٢٧- فەریدە نیعمەتی ٢٨- گوڵاڵە وەتەن دوست ٢٩- سارا سەماواتی ٣٠- پەریا عەبادی ٣١- مەعسوومە ڕەشیدی ٣٢- واران محەممەد نژاد ٣٣- پەردیس جاوید ٣٤- ڕادا فاتیحی ٣٥- سوهەیلا محەممەدی ٣٦- ویدا محەممەد نەژاد ٣٧- سەحەر وەهابی ٣٨- ئاترینا ئازەرفەر ٣٩- سەروەر مەلایی ٤٠- ئیلهام قادری ٤١- سوسەن ڕازانی ٤٢- هانا وەکیل ٤٣- بیتا قاسمی ٤٤- قەشەنگ ئەحمەدی ٤٥- سەیران مێنبەری ٤٦- سوهەیلا خالدی ٤٧-مریەم محەممەدی ٤٨- نەسرین محەممەدی (خەڵکی مەریوان) ٤٩- بەیان ساڵحی ٥٠- موبینا بۆکایی ٥١- ئازادە پورسەمەد ٥٢- ئارەزوو پورسەمەد ٥٣- شیوا مەفاخری ٥٤- ئافاق ساعێد موچشی ٥٥- شەمسی ساعێد موچشی ٥٦- ئاڵا دەستی ٥٧- نیلوفەر نەجەف پوور ٥٨- بیتا وەیستی (خەڵکی پاوە) ٥٩- شلێر زەمانی ٦٠- سەنا خدری (خەڵکی جوانڕۆ) ٦١- ڕەزوان بازانی قەلعە (خەڵکی جوانڕۆ) ٦٢- هانیە چەهار دۆڵی (خەڵکی جوانڕۆ) ٦٣- تینا خدری (خەڵکی جوانڕۆ) ٦٤- ڕۆزا گویلیان ٦٥- هەدیە سوبحانی ٦٦- فەریدە ساعێد پەنا (خەڵکی کامێران ٦٧- پەریسا حەبیب پوور (خەڵکی ئورمیە) ٦٨ نازەنین زارا سروی ٦٩- لەیلا گوڵبەندی ٧٠- کیمیا وەهابی فەر ٧١- شەکیلا شەریفی ٧٢_ شیلان کوردستانی دێولان؛ ١-سروە ڕەحمانی ٢- سوهەیلا مەتاعی ٣- دڵنیا خانی ٤- سارینا حوسێنی ٥- شەرارە وەیسی ٦- سروە سەلیمی ٧- بیتا ئەسەدی ٨- کیژان کەریمی ٩- ئایدا لوتفی ١٠- شەکیلا شەریفی قوروە؛ ١-سەهویلا بابایی ٢- سەیران عیلامی ٣- زارا بابامحەممەدی ٤- ماریا فەلاحی ٥- شیوا عەبدولمەلەکەی ٦- هیوا عەبدولمەلەکی ٧- زەینەب جاجیان ٨- فاتمە خادمی ٩- زیبا ئومێدی فەر ١٠- فاتمە ڕۆستەمی بانە؛ ١-گەلاوێژ خاکپوور ٢- سومەیە کەتابی ٣- ڕۆیا دەوڵەتی ٤- ڕۆژین دەوڵەتی ٥- شەرمین عەبوڵڵاپەنا ٦- ستارە عەزیزی ٧- ناهید محەممەدی مەریوان؛ ١-ئەوین ڕاسی ٢- ژیلا هەژبری ٣- مەرزیە حوسێنی بیجاڕ؛ لەیلا عەباسی ٢- ملیکا کاوەندی ٣- زیبا قەلیج خانی کامێران؛ ١- لەیلا قڵوزی ٢- توران ڕەحمانی سەوڵاوا؛ ١- پەروا حوسێنی ٢- شنیا حوسێنی دیواندەرە؛ ١- ئەسرا بەیگ محەممەدی پارێزگای ئورمیە؛ ٢٨ حاڵەت تیکاب؛ ١-لەیلا حەمامی ٢- زارا عەزیمی - ڕۆیا شەهبازی ٤- ئیلهام شوعاعی ٥- ئایدا موختاری ٦- نگین تەهماسبی پیرانشار؛ ١- شیرین موستەفا نەژاد ٢- سنوور قادری ٣- مەعسوومە هوژەبری ٤- مەهوەش تەوسلی ٥- زەینەب باتوتە ٦- ئامنە دەرویژە مەهاباد؛ ١- شیلان پوور ئەمینی ٢- نیگار عەبوڵڵازادە ٣- شیما سەیدە ٤- زارا نەبی زادە بۆکان؛ ١- سەروین حەیدەری ٢- هانیە عەزیزی ٣- سەیران هۆرمزی شنۆ؛ ١- ژاڵە ئیبن عەباسی ٣- شیما ئیبن عەباسی ٣- مەهناز ڕەزایی ئورمیە؛ ١-کەوسەر کەوسەر نیا (خەڵکی مەهاباد) ٢- باوان لوتفی (خەڵکی مەهاباد) ٣- سەمانە فەتحی ساین قەڵا؛ لەیلا مەحموودی کۆتۆل؛ ١-نیگار هادی زادە نەغەدە؛ ١- سەروەر ڕەفیعی پارێزگای کرماشان؛ ٢٥ حاڵەت کرماشان؛ ١-شەکیبا هۆشیار ٢- ئەندێشە جەلالی ٣- مەهشید موشەعشەعی ٤- ئایدا موراد بەیگی ٥- کیمیا جەمشیدی ٦- سومەیە عەبدولتاجدینی ٧- سارا ڕەشیدی ٨- ڕۆژین کەریمی ٩- فاتمە حەیدەریان ١٠- حوسنا حەیدەری پاوە؛ ١-گلارە مورادی ٢- سۆما نەقشبەندی ٣- ئەنیسا مەقسوودی ٤- ئایدا دەرویشی ٥-نگین ڕۆستەم ڕاد ٦- نگین مەحموودی جوانڕۆ؛ ١-کیمیا عەلیمورادی ٢- سندوس یەعقوبی ٢- هێرۆ نووری ٤- ئێلینا ڕەنجبەر ٥- ڕەها سەبووری ٦- سارا کەرەمی ڕەوانسەر؛ ١- نەرگس محەممەدی ٢- ماریا موزەفەری سەحنە: ١- فائزە ڕەعنایی پارێزگای ئیلام؛ ٢١ حاڵەت ئیلام؛ -ئیلاهە موئمنی ٢- نیلوفەر قازی ٣- سارا شێردڵ ٤- مۆنا مەروەتی ٥- کەژاڵ وەتەنپور (خەڵکی گیڵان) ٦- نەرگس میرزا ئەمیرجانی ٧- پەریسا فەریادیان ٨- سوهەیلا زیبایی ٩- مەهشید خانی ١٠- تەیبە مورشەدی ١١- نیگار داوودی ١٢- نازەنین جەماڵوەندی ١٣- فاتمە بەرزەردی دێهلۆڕان؛ ١- مریەم چامە ٢- فاتمە بەیگپوور ٣- گوڵناز بەیگپوور ٤- زەینەباوەیر ٦- سەکینە عەلیڕەزایی ئابدانان؛ ١- شەیما بەیرانوند ٢- سۆنیا شەریفی مەلەکشایی؛ ١- فەریبا باقری شارەکانی دیکەی ئێران؛ ١٨ حاڵەت ١-موژگان کاووسی (لە نۆشهر) ٢- بەهار ئەسڵانی (لە تاران) ٣- ڕۆژان محەممەدی (لە تاران) ٤- زارا عەلەمداری (لە تاران) ٥- هێلیا بەرخی (لە تاران) ٦- نازیلا مەعروفیان (لە تاران) ٧- غەزەڵ مەعسوم شاهی (لە تاران) ٨- گەشین سەعیدی (لە تاران) ٩- ئازادە کەرەمی (لە تاران) ١- موحەدیسە مەردانی (لە شیروان) ١١- ڕۆژین یوسف زادە (لە تاران) ١٢- نەسیم مەردۆخی (لە تاران) ١٣- مەنیژە عەزیزی (لە تاران) ١٤- هێرۆ شێخولسەلامی (لە تاران) ١٥- مەرجان داوودی (لە تاران) ١٦- ئیلهام مودەڕەسی (لە کەرەج) ١٧- مەهسا قوربانی (لە تاران) ١٨- مەریەم موئمنی (لە کەرەج)


  درەو: هەر تاكێكی هەرێمی كوردستان بە تێكڕا ساڵانە (156) هێلكە دەخوات، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و 520 هەزار) هێلكە دەخورێت، ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی (ملیارێك) هێلكەیە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، هەرێمی كوردستان رۆژانە (14) هەزار كارتۆن هێلكە بەرهەم دێنێت، (7) هەزار كارتۆنی هەناردە دەكات و (7) هەزار كارتۆنی بۆ پێداویستی ناوخۆیی.  پێویستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رۆژانە (7) هەزار كارتۆن هێلكەیە، هەركارتۆنێك (12) تەبەقەو هەر تەبەقێك (30) هێكەیە واتا رۆژانە   بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان ( 5 ملیۆن و 884 هەزارو 23) كەسە، واتا هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە (2 ملیۆن و 520 هەزار) هێلكە، مانگانە ( 75 ملیۆن و 600 هەزار) هێلكە، ساڵانە دەكاتە (919 ملیۆن و 800 هەزار) هێلكە، واتا هەرتاكێكی هەرێم ساڵانە ( 156) هێڵكە دەخوات.


راپۆرت: درەو تەمەنی دوو مانگە، لەم ماوەیەدا حكومەتی سودانی دوو قەیرانی دارایی بەخۆوە بینیوە، یەكەمیان دزینی زیاتر لە (3 ترلیۆن) دیناری پارەی باج، ئەوەی ئێستاش بەرزبونەوەی نرخی دۆلار، بەم دۆخەوە حكومەتی سودانی لەناو ململانێی ئەمریكا‌و ئێراندا چۆن خۆی رادەگرێت ؟ ئایا بەهای دۆلار بەئاسانی دەگەڕێتەوە شوێنەكەی خۆی ؟ 43 ساڵ لەمەوبەر بەهای هەر دینارێكی (سەددام) بەرامبەر (3 دۆلارو 3 سەنت) بوو، ئێستا بەهای هەر دۆلارێك لەبەرامبەر (1550) دیناری (بریمەر)ە، چیرۆكی ململانێی دینارو دۆلار لە عێراقی پێشوو و عێراقی ئێستا لەم راپۆرتەدا.    سودانی لەبەردەم دووەم بومەلەرزەدا بازاڕ بەتەواوەتی شێواوە، ئەمڕۆ دۆلار بەرزبونەوەیەكی نوێی تۆماركرد، بەهای (100 دۆلار) گەیشتە (160 هەزار) دیناری عێراقی‌و پێشبینی دەكرێت بۆ (200 هەزار) دینار بەرزببێتەوە. دۆلار لە بازاڕدا نرخەكەی لە هەڵكشانی بەردەوامدایە، بەڵام لە بانكی ناوەندی عێراق نرخەكەی جێگیرە‌و لەدواین بەیاننامەدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردوەتەوە، بانكی ناوەندی دەڵێ نرخی هەر دۆلارێك بۆ قەواڵەی پەسەندكراو بڕی (1465) دینارە‌و بەهای هەر دۆلارێكیش بۆ مەبەستی حەواڵە بڕی (1470) دینارە.  بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لەكاتێكدا رویدا، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكومەتدا لە عێراق، پێشبینی ئەوە دەكرا بەهای دۆلار كەمبكرێتەوە‌و بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی كە (100 دۆلار) بەرامبەر بە (119 هەزار) دیناری عێراقی بوو، بەتایبەتیش لەكاتێكدا عێراق قۆناغی مەترسیداری داتەپینی داهاتەكانی بەهۆی بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت تێپەڕاند‌و ئێستا سەرڕێژی داهاتی هەیە.  لە دوای "دزی سەدە"، بەرزبونەوەی نرخی دۆلار گەورەترین ئاڵنگارییە كە لەماوەی دوو مانگی دەستبەكاربوونیدا روبەڕووی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی دەبێتەوە، حكومەتێك كە دوای نزیكەی ساڵێك لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پێكهێنراو تێدا لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن (سەدر) پشتگوێ خرا. شێواوی بازاڕ سیاسییە یان ئابوری ؟ بازاڕی دراو لە عێراق یەكێكە لەو بوارە ئابورییانەی كە زۆرترین لێڵی تێدایە، راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان‌و سیاسەتمەدارانی عێراقیش لەسەر ئەوە هاوڕان ئەم بازاڕە بووەتە هۆی بەهەدەردانی دراوی قورسی عێراق‌و یەكێك لە دەرگاكانی ئاودیوكردنی پارە دزراوەكان‌و ئەو پارانەی كە بە گەندەڵی كۆدەكرێنەوە.  چەند هەفتەی رابردوو كە سەرەتای گۆڕانكاری لە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دەركەوت، شیكارییە سەرەتاییەكان بەوشێوەیە بوون هۆكاری ناوخۆیی لەپشت دابەزینی نرخی دینارەوە بێت، بەدیاریكراویش بابەتی دورخستنەوەی چەند بانكێكی ئەهلی لە مەزادی دراوی بانكی ناوەندی، بەڵام كاتێك قەیرانەكە بەردەوام بوو، بانكی ناوەندی رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، ئەو بەرزبونەوەی لە نرخی دۆلاردا رویداوە بەهۆی ئەوەیە پلاتفۆرمێكی ئەلیكترۆنی دروستكراوە‌و بانكەكان دەبێت لەڕێگەی ئەو پلاتفۆرمەوە داواكاری كڕیارەكانیان بەرزبكەنەوە.  لەدواین راگەیەندراودا كە ئەمڕۆ بڵاویكردەوە، بانكی ناوەندی عێراق دەڵێ" نرخی دراوی بیانی چەند رۆژێكە لەژێر پەستانێكی كاتیدایە‌و ئەم پەستانە بەهۆی پاڵنەری ناوخۆی‌و دەرەكییەوە دروستبووە".  ئەوەی تائێستا لەبارەی هۆكاری (دەرەكی) سەبارەت بە شێواوی دۆخی بازاڕەكانی عێراق باسی لێوە دەكرێت، چەند رێوشوێنێكی بانكی فیدراڵی ئەمریكایە بۆ رێگەگرتن لە رۆشتنی دۆلار بۆ ئێران لەرێگەی عێراقەوە. پێشبینی دەكرێت واشنتۆن لیستێكی نوێی سزادان دەربكات‌و ئەمجارە نەك تەنیا بانكەكان، بلۆككردنی پارەی ژمارەیەك بەرپرسی عێراقی لە ئەوروپا‌و وڵاتانی ناوچەكە لەخۆبگرێت، ئەمەش بەهۆی رۆشتنی بڕێكی زۆری دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران. رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە ژمارەی ئەمڕۆدا لەزاری چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی عێراقییەوە ئاماژەی بەوەكردووە، چەند لایەنێكی ناو هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوایان لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران كردووە دەست بە دانوستان بكات لەگەڵ ئەمریكا بەمەبەستی هەمواركردنی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات، بەجۆرێك فڕینی فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی ئەمریكا لە عێراق قەدەغە بكرێت‌و هێزەكانی ئەمریكا بە تەواوەتی لە عێراق بكرێنە دەرەوە، تەنانەت بەو بنكانەشەوە كە لە هەرێمی كوردستان هەیانە.  لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كە نوێنەرایەتی پێكهاتەی شیعە دەكەن‌و ئەوان كاندیدی سەرۆك وەزیرانیان داناوە، پێیان دەوترێت بەرە ئێرانییەكە‌و پێكدێن لە (هادی عامری+ نوری مالیكی+ فالح فەیاز+ خەزعەلی+  عەممار حەكیم+ حەیدەر عەبادی)، ئەم لایەنانە كە لەدوای دورخستنەوەی سەدر لە گۆڕەپانی سیاسی هەڕەشەكانیان بۆسەر ئەمریكا راگرت، چەند رۆژێكە‌و هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیی، هەڕەشە‌و لێدوانە توندەكانیان دژی ئەمریكا دەستپێكردوەتەوە‌و بەرزبونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراقدا دەخەنە ئەستۆی ئەمریكاوە. سەرچاوەكان دەڵێن، محەمەد شیاع سودانی بەمدواییە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە ئاماژەی بەوەی پێگەیشتتووە كە دەیانەوێت پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق بەهێزتر بكەن، بەڵام هەر هەنگاوێك بەم ئاڕاستەیە سودانی توشی روبەڕووبونەوەی سەخت دەكات لەگەڵ ئەو هێزە شیعانەی كە دژایەتی بوونی سەربازی ئەمریكا دەكەن لەناو عێراقدا، هاوكات ئەو بیرۆكانەی كە لایەنە شیعەكان پێشنیازی دەكەن لەگەڵ پلانی سودانی ناگونجێت سەبارەت بە راگرتنی باڵانسی پەیوەندییەكان لەنێوان ئەمریكا‌و ئێراندا. هەندێك سەرچاوەی تر لەناو شیعەكانەوە باسلەوە دەكەن، خاتوو ئیلینا رۆمانوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد لەماوەی دوو مانگدا (7) جار سەردانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی كردووە‌و لەو ماوەیەدا ئەنجومەنی وەزیران (9) كۆبونەوەی كردووە، هەندێك لایەنی نزیك لە ئێران نیگەرانن لەم نزیكبونەوەی ئەمریكا لە سودانی‌و پێیانوایە ئەمە هەژموونی ئێران لاواز دەكات.  دەوترێت لەو سەردانانەدا بۆلای سودانی، خاتوونی باڵیۆزی جەختی لەسەر ئەوە كردووە رێگری بكرێت لەوەی گروپە چەكدارەكان دەست بەسەر دامەزراوە دارایی‌و نەوتیی‌و ئەمنییەكانی عێراقدا بگرن.  مستەفا سەنەد كە پەرلەمانتارێكی نزیكە لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەڵێ" ساڵی 2021 حكومەتێكی دۆستی ئەمریكا (مەبەستی حكومەتی مستەفا كازمییە) بەهای دۆلاری بەرزكردەوە بۆ ئەوەی رێگری لە رۆشتنی دۆلار بكات بۆ توركیا‌و ئێران‌و لوبنان‌و سوریا بەمەبەستی سزادانیان، بەڵام ئەوەی ئەمجارە بەتەواوەتی جیاوازە، چونكە راستەوخۆ بەبێ نێوەندگیر بەهۆی ئەمریكاوەیە‌و ئامانج لێی رێگریكردنە لە هاتنی دۆلار بۆ عێراق، بۆ ئەوەی سزایەكی سوكی بدات‌و سەرەتای ساڵی 2023 لەسەر مێزی گفتوگۆ ئەمریكا چاوەڕێی عێراق دەكات بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر چەند دۆسیەیەك لەوانە دۆسیەی ئێران‌و ئایندەی هێزەكانی ئەمریكا‌و رێككەوتنە ئەمنییەكان".  چارەسەر دەبێت ؟ رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە، بانكی ناوەندی عێراق لە یەكەم هەنگاودا بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دراو لە بازاڕدا، سێ بانكی حكومی راسپارد بۆ ئەوەی دۆلار بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن‌و بڕی خستنەڕووی دراوی بیانی لە بازاڕدا زیاتر بكەن.  ئەو سێ بانكەی كە راسپێردران بەوەی دراوی بیانی بۆ خەڵك فەراهەم بكەن بریتی بوون لە هەریەكە لە بانكەكانی (رەشید- رافیدەین- پیشەسازیی)، دابینكردنی دراوی بیانی لەم بانكانە بۆ مەبەستی گەشتیاری‌و خوێندن‌و دەرمان‌و بوارەكانی تری پێویستی رۆژانەی خەڵكە بە هەمان نرخی فەرمی، نەك بە نرخی فڕیوی دۆلار لە بازاڕدا.  بەپێی ئەوەی بڕیاری لێدراوە، هەڵگرانی (ماستەر كارت)‌و (ڤیزا كارت) ئەوانەی كە حسابیان لەو سێ بانكە هەیە دەتوانن تاوەكو بڕی (10 هەزار) دۆلار بە نرخی (1470) دینار وەربگرن ئەمە تەنیا بۆ خەڵكە، بۆ ئەوانەشی دەیانەوێت گەشت بكەن، ئەو سێ بانكە بڕی هەر دۆلارێكیان بە (1465) دینار پێدەفرۆشن.  رێوشوێنەكەی بانكی ناوەندی عێراق بۆ كەمكردنەوەی فشاری بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەجۆرێكە ئەوانەشی كە حسابی بانكییان نییە یاخود كارتی هیچ بانكێكیان نییە لەو سێ بانكەی دیاریكراوە، دەتوانن حسابێك بكەنەوە‌و كارت دەربكەن‌و دواتر تاوەكو بڕی (10 هەزار) دۆلار بەنرخی فەرمی وەربگرن.  سەرباری ئەم رێوشوێنانەی بانكی ناوەندی، هێشتا هەندێك لە چاودێرانی دۆخی ئابوری‌و بازاڕ پێیانوایە ناسەقامگیری نرخی دراو تاوەكو سەرەتای ساڵی نوێ بەردەوام دەبێت، چونكە بەبۆچونی ئەمانە دروستبوونەوەی باڵانس لەنێوان خواست‌و خستنەڕووی دراو لە بازاڕەكانی ناوخۆ ماوەی چەند هەفتەیەكی پێویستە، ئەمەش لەكاتێكدایە ئێستا وڵات لە پشووی سەری ساڵی نوێدایە‌و حساباتی ساڵی 2022 داخراوە، ئەمە وادەكات بانكی ناوەندی نەتوانێت لەم رۆژانەدا بڕێكی زیاتری دۆلار بخاتە بازاڕەكانەوە‌و قەیرانەكە تا ساڵی نوێ بەردەوام بێت. هەندێك لەمە زیاتر دەڕۆن‌و پێیانوایە قەیرانەكە لەوەی كە هەیە گەورەترەو رەهەندێكی جیهانی هەیە‌و بە دیاریكراوی پەیوەندی بە سیاسەتی نوێی ئەمریكاوە هەیە بەرامبەر بە ئێران، ئەوانەی باوەڕیان بەم بۆچونە هەیە، پێیانوایە لە كۆتایدا داڕمانی بەهای دینار كۆتایی بە حكومەتی سودانی دەهێنێت كە حكومەتێكی ئێرانییە‌و دۆستەكانی ئەمریكاش تێدا بەشدارن.    بژاردەی تر لەبەردەم حكومەتی عێراقدا هەیە بۆ گەڕاندنەوەی باڵانس بۆ ئاستی خستنەڕوو و خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕدا، ئەویش ئەوەیە حكومەت بەو یەدەگەی دراوی بیانی كە هەیەتی، پاڵپشتی لە بەهای دینار بكات‌و نەهێڵێت بەتەواوەتی لەبەردەم دۆلاردا توشی داڕمان ببێت.   مستەفا سەنەد ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێ" یەدەگی دراوی بیانی بانكی ناوەندی عێراق كە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكا دانراوە 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە‌و لە بەرزبونەوەی بەردەوامدایە، عێراق ناتوانێت مامەڵە بەم ژمارە زۆرەوە بكات‌و ئەمریكا مانگانە تەنیا رێگە بە هاتنی پێنج بار پارە دەدات بۆ ناو عێراقەوە".  نەبیل مەرسومی كە مامۆستای ئابورییە لە زانكۆی بەسرە دەڵێ" ئەوەی نرخی دۆلار گەیشتوەتە بەرزترین ئاست، بەواتای ئەوە دێت بانكی ناوەندی عێراق ناتوانێت یەدەگی نەختینەی خۆی بەكاربهێنێت بۆ بەرگریكردن لە بەهای دینارو كەمكردنەوەی كەلێنی نێوان نرخی فەرمی‌و ئەو نرخەی لە بازاڕدا هەیە كە ئێستا جیاوازی نێوان هەردوو نرخەكە زیاتر لە 6%ە".  لەم نێوەندەدا ئەوەی لەناوەندی سیاسی عێراق ئێستا قسەو باسی لەسەر دەكرێت ئەوەیە، حكومەتی محەمەد سودانی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستای نرخی دۆلار قوربانی بە (مستەفا غالب) پارێزگاری بانكی ناوەندی بدات‌و لە پۆستەكەی دوریبخاتەوە. دۆلاری ئەمریكا‌و دیناری بریمەر ! لەماوەی حوكمی سەددام حسێندا (1979-2003) ئەو دراوەی لە عێراق بەكاردەهێنرا دینارێك بوو كە وێنەی سەددامی لەسەر دانرا بوو.  ساڵی 1979 كاتێك سەددام حوكمی گرتە دەست بەهای هەر دینارێكی عێراقی بەرامبەر بە (3 دۆلارو 3 سەنت) بوو، بەڵام شەڕی هەشت ساڵەی عێراق لەگەڵ ئێراندا بەهای دیناری عێراقی توشی داڕمان كرد، ساڵی 1988 كاتێك جەنگ راوەستا، هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (4 دینار)ی عێراقی بوو.  سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو، لەدوای جەنگی داگیركردنی كوەیت‌و كۆتایهاتنی جەنگی دووەمی كەنداو، عێراق كەوتە ژێر ئابلوقەی ئابوری، بەهۆی ئەم ئابلوقەوە ئیتر عێراق توانای ئەوەی نەما دیناری عێراقی لە چاپخانەكانی سویسرا دەربكات، ئەمە وایكرد سەددام پەنا بۆ دەركردنی دینار ببات لە چاپخانەكانی عێراقدا، چاپخانەكانی عێراق بێ كوالیتی بوون، تەكنەلۆژیای پێشكەوتوویان تێدا نەبوو، بۆیە نەیانتوانی دینار بە چاپێكی باش دەربكەن‌و دیاردەی ساختەكردنی دراو زیاتر بوو، لەپاڵ لاوازی چاپی دراوەكەدا، ئابلوقە ئابورییەكەش كاریگەری خۆی لەسەر بەهای دیناری عێراقی بەجێهێشت‌و لەبەرامبەر دۆلاردا توشی داڕمانی كرد، ساڵی 1995 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرامبەر بە (3 هەزار) دیناری چاپی عێراقی بوو.  لەو ماوەیەدا كە عێراق كاركردنی بە دیناری چاپی سویسری راگرت‌و دیناری نوێی لەناوخۆدا چاپكرد، لە كوردستان كە لەدەستی دامودەزگاكانی بەعس رزگاری بوو بوو، لە مامەڵەكردندا هەر پشت بە دینارە سویسرییەكە دەبەسترا.  دوای روخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا، پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق ساڵی 2004 كۆتایی هێنا بە كاركردن بە دیناری سەددامی لە عێراق‌و دیناری سویسری لە كوردستان هێناو دراوی نوێی عێراقی چاپكرد كە ئێستا كاری پێدەكرێت‌و پێی دەڵێن "دیناری بریمەر". ساڵی 2005 بەهای هەر دۆلارێكی ئەمریكا بەرامبەر بە (1146) دیناری بریمەر بوو، ساڵانی دواتر نرخی هەر دۆلارێك بۆ (1166) دینار بەرزبووەوە، كانونی یەكەمی 2015 جارێكی تر دەستكاری بەهای دراو كراو نرخی هەر دۆلارێك بەرزكرایەوە بۆ (1820) دینار.  دواینجار كە بانكی ناوەندی عێراق بەهای دۆلاری لەبەرامبەر دیناردا بەرزكردەوە لە كانونی یەكەمی 2020دا بوو، ئەوكات عێراق بەهۆی پەتای كۆرۆنا‌و دابەزینی بەهای نەوت‌و كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهان، داهاتەكانی رووی لە كەمی كرد.  حكومەتی مستەفا كازمی بە پاڵپشتی كوتلە جیاوازەكانی ناو پەرلەمان نرخی هەر دۆلارێكی ئەمریكی بەرزكردەوە بۆ (1460) دینار، ئەمە بەبەهانەی رێگرتن لە دروستبوونی كێشە بۆ موچەی فەرمانبەران.  عێراق وڵاتێكی رەیعیە، رێژەی 95%ی داهاتی بەردەستی حكومەت لە فرۆشی نەوتەوە بەدەستدێت، عێراق داهاتی نەوتی بە دۆلار بۆ دەگەڕێتەوە، پلانی حكومەت بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بۆ ئەوە بوو داهاتی نەوتی عێراق (بە دۆلار) سەرڕێژی خەرجییە ناوخۆییەكان بكات (بە دینار) بكات، بەڵام بەهۆی ئەوەی عێراق وڵاتێكی هاوردەكارە‌و ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لاوازە، هەركاتێك بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار بەرز دەبێتەوە، نرخ لە بازاڕەكاندا بەرزدەبێتەوە‌و زیان بە بژێوەی خەڵك دەگەیەنێت.  چارەسەركردنی پرسی كورتهێنانی داهاتی نەوت بە دابەزاندنی بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلاردا هەر لەسەرەتاوە وەكو بۆمبێك تەماشا دەكرا كە دەكرێت لە هەر ساتێكدا بە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا بتەقێتەوە، كابینەیەك كە سەرباری ئەوەی هێشتا رەزامەندی تەواوەتی ئەمریكای وەكو دەسەڵاتی باڵای ئابوری جیهانی وەرنەگرتووە، لەناوخۆشدا بۆمبێكی تەوقیتكراو (سەدرییەكان) لەژێری پێیدا دانراوەو دەكرێت لە هەر ساتێكدا پێیدا بتەقێتەوە.    


 درەو: لە دوو هەنگاوی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاردا، موچەخۆرێك لە (31%)ی بەهای موچەكەی لەدەستدەدات، ئەگەر موچەخۆرێك موچەكەی (ملیۆنێك) دینار بێت ئەوا (140) هەزار دینار لە بەهای موچەكەی كەم دەبێتەوە، پێشتریش (250) هەزار دینار بەهاكەی لەدەستدا، ئەمە لە كاتێكدایە كە لەو دوو پرۆسەیەدا حكومەتی هەرێم تەنیا لە پارەی نەوت بۆ موچە نزیكەی (190) ملیار دینار قازانج دەكات  بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار كاریگەری لەسەر موچەی موچەخۆران بەتایبەتی و نرخی كەلوپەل لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان درووستكردووە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی كەلوپەل و پێداویستی لە بازاڕەكاندا هاوردەیە.  لەماوەی هەفتەیەكدا بەهای (100) دۆلاری ئەمریكی لە (146) هەزار دینارەوە گەیشتە (160) هەزار دینار، واتا (14) هەزار دینار بەزبووەتەوە،بەو پێیەش ئەگەر موچەخۆرێك موچەكەی (ملیۆنێك) دینار بێت ئەوا ( 140) هەزار دینار زیاد دەكات، واتا بەڕێژەی (10%)ی بەهای موچەكەی لەدەستدەدات. پێشتریش لە سەردەمی كابینەكەی مستەفا كازمی كە بەهای (100) دۆلار لە (122) هەزار دینارەوە بەرزكرایەوە بۆ (147) هەزار دینار لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا، واتا (25) هەزار دینار بەرزبووەوە، ئەگەر موچەخۆرێك موچەكەی (ملیۆنێك) دینار بێت ئەوا ( 250) هەزار دینار بەهای موچەكەی لەدەستدەدات، واتا بەڕێژەی (20%)ی بەهای موچەكەی لەدەستدەدات. واتا لەم دوو هەنگاوەدا بەهای دۆلار لە (122) هەزار دینارەوە بەرزبووەوە بۆ (160) هەزار دینار، واتا (38) هەزار دینار لە (100) دۆلار زیانیانكرد، ئەگەر موچەخۆرێك موچەكەی (ملیۆنێك) دینار بێت ئەوا ( 380) هەزار دینار بەهای موچەكەی لەدەستدەدات، واتا بەڕێژەی (31%)ی موچەكەی لەدەستدەدات. ئەمە لە كاتێكدایە كە لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاردا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرێژەی (31%) پارەكەی زیاد دەكات، بە نمونە، حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە (500) ملیۆن دۆلاری نەوت بۆ موچە تەرخان دەكات كە پێشتر نرخی (100) دۆلار بە (122) هەزار دینار بوو، ئەوكات دەیكردە (610) ملیار دینار، بەڵام لە ئێستادا كە نرخی (100) دۆلار بە (160) هەزار دینارە، ئەوا (500) ملیۆن دۆلار دەكاتە (800) ملیار دینار، واتا لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار حكومەتی هەرێم تەنیا لە پارەی نەوت بۆ موچە (190) ملیار دینار قازانج دەكات كە بەهاكەی  لە هەنگاوی یەكەمدا كە بەهای دۆلار لە (122) هەزارەوە بۆ (147) هەزار دینار بەرزبووەوە، واتا بەرێژەی(31%) قازانج دەكات.   


  شیكاری: درەو 🔹 لە هەرێمی کوردستان (10) کێڵگەی گازی هەیەو (7) کێڵگەیان دەکەوێته سنووری پاریزگای سلیمانییەوە کە پێكدێن له کێڵگە گازییەكانی (چەمچەماڵ، میران، كورمۆر، كوردە میر، تۆپخانه، پەڵکانە و کێڵگەی گازی تازه) 🔹 دوو کێڵگەی گازی دەکەوێته سنووری پارێزگای هەولێر کە بریتین لە کێڵگەکانی (بنەباوێ و خورمەڵه).  🔹 یەك کێڵگەی گازی دەكەوێته سنوری پاریزگای دهۆكەوە، ئەویش کێڵگەی گازی (دهۆك)ە. یەکەم؛ دابەش بوونی كێڵگە گازییەكان لەپارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان كێڵگەكانی گازی سروشتی لەهەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی یەكسان دابەش نەبوون، جیاوازن لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر و بڕی یەدەگیان جیاوازە، لێرەدا باس لەدابەش بوونی جوگرافی و ڕووبەر و بڕی بەرهەم و یەدەگی ئەو كێڵگەكانە دەكەین لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا بەم شێوەیەی خوارەوە: لەهەرێمی كوردستان (57) كێڵگەی نەوتی هەیە، بەڵام كێڵگەكانی گازی سروشتی ژمارەیان كەمترە و دەگەنە (10) كێڵگەی گازی و هەندێک لە سەرچاوەکانی ئاماژە بە کێڵگەی زیاتریش دەکەن، بەتایبەت کاتێک ئەو ناوچانە دەکەونە سنوری پارێزگای موسڵەوە و لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدان بێنە هەژمار. تا وەكو ئێستا لەسەرجەم ئەو کێڵگانە تەنها دوو كێڵگەیان بەرهەمی هەیە و دەتوانرێت بۆ پێداویستی ناوخۆ و بۆ دابینكردنی گازی سروشتی بۆ وێستگەكانی بەرهەم هێنانی كارەبای هەولێر و سلێمانی و دهۆك و پڕکردنەوەی پێداویستی گازی ماڵان سودیان لێ وەربگیرێت. كێڵگەكانی تر بۆ بەرهەم هێنان ئامادەكراون بەڵام بەهۆی ئاستەنگی نەبوونی ژێرخانی پێویست نەتوانراوە سودیان لێ وەربگیرێت و گازیان تێدا دەربهێنرێت و هەناردەی دەرەوە بکرێت. كێڵگە سەرەكییەکانی گازی سروشتی لەهەرێمی كوردستان برتین لە؛ 1.     كێڵگەی گازی چەمچەماڵ یەکێکە لە كێڵگە كۆنەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق، لەڕوی شوێنی جوگرافییەوە ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە دووری (40) كم باكوری خۆرهەڵاتی شاری كەركوك و باكوری خۆرئاوای قەزای چەمچەماڵ، درێژییەكەی (32) كم و پانییەکەی (2.5) كم دەبێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی كۆمپانیای گازی باکور ئەم كێڵگەیە لە ساڵی (1929 – 1930) یەکەم بیری ئەزمونی تێدا هەڵکەندراوەو دواتر لەساڵی (1935) بیرێكی دیکەی تێدا لێدراوە یەدەگی ئەم كێڵگەیە (3.4) ترلیۆن پێ سێجا خەمڵێندراوە، پشكەكانی ئەم كێڵگەیە بەپێی گرێبەستێك لەجۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش( (PCSلە (10/11/2007) دراوە بە كۆمپانیای دانا گاز و کرێسنت پترۆلیۆم تا شارێكی پترۆكیمیاوی بنیاد بنرێت، بەڵام دواتر بەهۆی چەند كێشە و ناکۆکییەک لەنێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەستێنراو تا ئێستا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. 2.    كێڵگەی میران لە تاجاسلوجەوه دەست پێدەكات و بەدرێژایی رێگای دوكان سلێمانی و بەشێك له ناحیەی ئاغجەلەر و شارۆچكەی بازیان و سەیرانگای چەمی ڕەزان دەگرێتەوه، روبەرەكەشی (11.15) كم دوجایه، دوو كێڵگەی گەورەی تێدایه )میرانی رۆژهەڵات- کە بڕێکی ئێجگار گەورە نەوتی تێدایە) و (میرانی رۆژئاوا) کە بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەم بلۆکەی کێڵگەی میران (57) ملیۆن بەرمیل کۆندێنسەیت (گازی شل)ی تێدایە. (3.5) ترلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی تێدایە، کە ئەوەش ڕێژەیەکی زۆرەو بەیەکێک لە کێڵگە گەورەکانی سەرتاسەری عێراق دادەنرێت و لە دەتوانایدایە زیاتر لە (50) ساڵ گازی سروشتی لێوە هەناردەی تورکیاو وڵاتانی ئەورپا بکرێت.  3.    كێڵگەی كۆرمۆر دەكەوێته دووری (35) كم باشوری ڕۆژهەڵاتی کەرکوک، لە سنوری ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵەوەو درێژییەکەی (33) كم و پانییەکەی (4) كم، ڕووبەرەكەی (510) كیلۆمەتر دووجایه، بڕی زیاتر له (4.4) ترلیۆن پێ سێجا گازی تێدایه، دانا گازو کرێسنت پترۆلیۆم بڕی (1) ملیار دۆلاریان تێدا وەگەڕخستووە. بەپێی ڕاپۆرتی هەردوو كۆمپانیای نەفت هیلال و دانا گاز سەرەتا له ساڵی (2008) دەستیان به بەرهەمهێنان كردوەو ڕۆژانە (15000) بەرمیل کۆندێسەیتی شل یان بەرهەمهێناوە، پاشان ڕێژەکەیان بەرزکردووەتەوە بە بەرهەمهێنانی (330) ملیۆن پێ سێجا گاز لە ڕۆژێکدا، کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە کۆنترین کێڵگەی گازی دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان، یەکەم بیری لە ساڵی (1928) بەشێوەی ئەزمونی لێدراوە، شوێنی جوگرافییەکەی دەکەوێتە سنوری ناحیەی قادرکەرەم و خۆرهەڵای شاری کەرکوکەوە بە دوری (35) کم. ئەم کێڵگەیە لە دوو کۆگای سەرەکی پێکدێت و بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکانی (دانا گاز و هیلال) کۆگای یەکەمیان بڕی بەرهەمهێنانی گازی سروشتی تێیدا ڕۆژانە (340) ملیۆن پێ سێجا بووە لە ساڵی (2015)دا. کۆگای دووەمی دەکەوێتە ناحیەی قادرکەرەم و ڕوبەرەکەی (300) کم دووجایە، بڕێکی زۆر گازی سروشتی تێدایەو ئاستی بەرهەمهێنانی لە ساڵی (2016) گەیشتووەتە (308) ملیۆن پێ سێجا، یەدەگی گازی سروشتی بە (1.8) ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت، بەرهەمی ئەم کێڵگەیە بە بۆری دەگوزارێتەوە بۆ وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و هەوڵێر بە درێژی (181) کم و بە تیرەی (24) ئینج. پشکی بەرهەمی ئەم کێڵگەیە داباشکراوە بەجۆرێک پشکی (40%) بۆ کۆمپانیای دانا گاز و پشکی (40%)ی بۆ کۆمپانیای کرێسنت پترۆلیۆم، کۆمپانیاکانی (MOL)ی نەمساوی و ((OMVی هەنگاری هەر یەکەو (10%)ی پشکەکانیان هەیە. 4.    کێڵگەی کوردەمیر دەکەوێتە خوارووی ناحیەی سەنگاو و باکوری قەزای کەلارو تا ڕۆخی ڕوباری سیروان درێژ دەبێتەوە، ڕوبەرەکەی (620) کم دووجایە. لە گوندی کوردەمیر بیر لێدراوەو پشکی (40%)ی دراوەتە ویسترن زاگرۆسی کەنەدی و (40%)ی پشکی تالیسمان ئینێرجی و (20%)ی پشکی کیپکۆیە، کەم بلۆکە (65) ملیۆن بەرمیل کۆندێنسەیت بونی هەیەو نزیکەی (2.3) ترلیۆن پێ سێجا گازی سروشتی تێدایە. ڕوبەری کێڵگەکە دەگاتە (340) کیلۆمەتر دووجا، یەدەگی گازی ئەم کێڵگەیە بە (2.26) ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت، پشکەکانی ئەم کێڵگەیە بەپێی گرێبەستی جۆری بەرهەمهێنانی هاوبەش (PCS) لە (28/2/2008) بەم شێوەیە پشکەکانی دابەشکراون و (40%)ی بۆ کۆمپانیای ویسترن زاگرۆسی کەنەدی و کۆمپانیای گەنەڵ ئێنرجی تورکی و (40%)ی پشکەکانی پێدراو (20%) پشکەکان بۆ کیپکۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە. ئەوەی تایبەت بێت بە یەدەگی گاز و بەرهەمی کێڵگەی کوردەمیر بەم جۆرەیە؛ داوای گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی بیری کوردەمیر (1) نزیکەی (5.27) ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا بەهەمهێنراوە. 1.    بیری کوردەمیر (2) لە یەکەم تاقیکردنەوەی چینێکی تایبەتی هایدرۆکاربۆنیدا بەرهەم هێنراوە گازی خەمڵێنراو بە (3.7) ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە مەزەندە کراوە. 2.    دوای گەیشتن بە دوا قۆناغ لە بیری کوردەمیر (2) لە کۆتاییەکانی ساڵی (2012)، دەرکەوتووە کە  بیری ناوبراو لەتوانایدایە بەرهەمی ڕۆژانەی (8.8) ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بە شێوەیەکی جێگر دەربهێنرێت. 3.    بەپێی پشکنینەکان یەدەگی گازی کوردەمیر و گەرمیان ڕوو لە زیادبوون بکات. 4.    بەرهەمی بیری (1)ی کوردەمیر (27.5) ملیۆن مەتر سێجا و بیری (2) بڕی (7.3) ملیۆن مەتر سێجا و گازە. 5.    کێڵگەی تۆپخانه بلۆکی تۆپخانه ڕێژەیەك گاز کۆندێنسەیتی تێدایەو له ساڵی (2011) بیرێكی ئەزمونی تێدا لێدراوه بڕی (7.45) ملیۆن پێ سێجار رۆژانە گازی لێ دەرهێنراوه، هەروەها (هەزار و ٦٠٦) بەرمیل كۆندێنسەیتی لێوەرگیراوه. بەڵام تائێستا یەدەگەکەی به دیاریکراوی نەسەلمێنراوه. ئەم کێڵگەیه دەكەوێته باشووری ناحیەی قادرکەرەم و باکوری قەزای خورماتوو، رووبەری ئەم کێڵگەیه دەگاته (670) كم دووجا، دوو بیری تێدا لێدراوه، ئەم کێڵگەیه بەپێی گرێبەستێك له جۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش (PCS) له (19/8/2011) له (80%) پشکەکانی دراوه به کۆمپانیای ویسترن زاگروسی کەنەدی و (20%)ی پشکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕی یەدەگی گازی ئەم کێڵگەیه به (1.7) ترلیۆن پێ سێجا خەملێندراوه. 6.    کێڵگەی پەڵکانە ئەم کێڵگەیه دەكەوێته باشووری ناحیەی قادرکەرەم و باکوری قەزای خورماتوو، رووبەری ئەم کێڵگەیه دەگاته (670) کم دووجا، ئەم کێڵگەیه بەپێی گرێبەستێك له جۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش (PCS) لە (19/8/2011)، (80%)ی پشکەکانی دراوه به کۆمپانیای ویسترن زاگروسی کەنەدی و (20%)ی پشکەکانی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە، بڕی یەدەگی گازی ئە م کێڵگەیه به (هەزار و 665) ملیۆن بێ سێجا خەملێنراوه.  7.     کێڵگەی گازی تازه ئەم کێڵگەیه شوێنی جوگرافیەکەی دەكەوێته بەشێك له سنوری ناحیەی نەوجول و خۆرئاوای ناحیەی قادرکەرەمەوه، رووبەری ئەم کێڵگەیه نزیکەی (700) كم دووجایە، بڕێکی زۆری گازی سروشتی تێدایه. کێڵگەکه به پێی گرێبەستێك له جۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش (PCS) لە (27/7/2011) دراوه بە چەند كۆمپانیاییەك، به جۆرێك (60%)ی پشکەکانی بۆ کۆمپانیای ئویل سیرچی ئوسترالی و (20%) پشکەکانی بۆ کومپانیای تۆتاڵی فەرەنسی و (20%)ی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان هێڵراوەتەوە. دووەم دابەش بوونی جوگرافی کێڵگە گازییەکانی پارێزگای هەولێر و دهۆك  1.    کێڵگەی بنەباوێ  ئەم کێڵگەیه له ناوچەی دەربەندی گومەسپان دەست پێدەکات و دریژ دەبێتەوه تاوەکو ناحیەی هیران و گوندی نازەنین، رووبەرەکەی دەگاته نزیکەی (240) کم دووجا، پشکەکانی ئەم کێڵگەیه بەپێی گرێبەستی جۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش (PCS) له (12/12/2011) دراوه به کۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجی تورکی، بڕێکی باشی گازی سروشتی تێدایەو یەدەگی گازی ئەم کێڵگەیه به (4.9) تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. 2.    کێڵگەی خورمەڵه ئەم کێڵگەیه لە ساڵی (۲۰۰۳) دۆزراوەتەوه لەلایەن کۆمپانیای (کار)ەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، دەکەوێته باشوری شاری هەولێر به دووری (٢٥) کم و باکوری شاری كەركوك به دووری (۸۰) کم. کێڵگەی گازی خورمەڵه دریژکراوەی کێڵگەی بابه گوڕگوڕه، دریژییەکەی دەگاته (20) کم و پانییەکەی (8) کم، لەم کێڵگەیەدا (18) بیر لێدراوەو قوڵییان له نێوان (1004 - 2400)م دایه، کومپانیای کارگروپ کە کۆمپانیاییەکی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانه سەرپەرشتی دەکات. یەدەگی گازی ئەم کێڵگەیه به (3.6) تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. 3.    کێڵگەی گازی دهۆک کێڵگەی گازی دهۆک دەکەوێته سنوری قەزای سەنتەری دهۆك و باشوری شارەکەو قەزای سیمێل دەگرێتەوه، رووبەرەکەی دەگاته نزیکەی (162) كم، به گرتبەستێك له جۆری بەرهەم هێنانی هاوبەش(PCS) لە (14/10/2010) دراوه به چەند کۆمپانیایەك، به شێوەیەک له (40%) پشکی بۆ کۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجی تورکی و (40%) پشکی بۆ کۆمپانیای دی ئین ئۆی نەرویجی و (20%)ی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە. یەدەگی گازی ئەم کێڵگەیه به (1.4) تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. کۆتایی ماوەتەوە بوترێت لە هەرێمی کوردستان (10) کێڵگەی گازی سەرەکی هەیەو (7) کێڵگەیان دەکەوێته سنووری پاریزگای سلیمانییەوە کە پێكدێن له کێڵگە گازییەكانی (چەمچەماڵ، میران، كورمۆر، كوردە میر، تۆپخانه، پەڵکانە و کێڵگەی گازی تازه)، دوو کێڵگەی گازی دەکەوێته سنووری پارێزگای هەولێر کە بریتین لە کێڵگەکانی (بنەباوێ و  خورمەڵه). یەك کێڵگەی گازی دەكەوێته سنوری پاریزگای دهۆكەوە، ئەویش کێڵگەی گازی (دهۆك)ە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) دابەشبوونی کێڵگە گازییەکانی سنوری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تێکرای بلۆکە گازییەکانی هەرێم، ئەوە نیشان دەدەن سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان له گازی سروشتیدا دەوڵەمەندن و نزیکەی (70-80%)ی گازی هەرێمی کوردستانی لێ کۆبووەتەوە، تەنانەت هەرچەندە گاز له کوردستان دەرهێنرابێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا یان هەرشتیکی تر به کارهێنرابێت ئەوا  لە سنوری پارێزگای سلێمانی  و گەرمیان بووە. بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بە بوونی كێڵگەو یەدەگی زیاتری گازی سروشتی دەکەن لە هەرێمی کوردستان بۆ نمونە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای ئۆکسفۆرد بۆ لێکۆڵینەوەی وزە، لە ژێر ناوی (Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics) کە (Robin Mills) نوسیویەتی و لە مانگی 1ی ساڵی 2016 بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بە قەبارەو بەشێک کێڵگەکانی غازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان داوە (بڕوانە چارتی ژمارە (1)) چارتی ژمارە (1) سەرچاوەکان سەرچاوەی سەرەکی -    سفین جلال فتح اللە و هێمن احمد شریف، دابەش بوونی جوگرافی کێڵگەکانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، گۆڤاری زانکۆی گەرمیان ژمارە (9)، 2022. سەرچاوەی لاوەکی؛ -    درەو میدیا، توانای کەرتی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان؛   https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=8131 د. وحید انعام الکاکائي، جيوسياسية النفط والغاز في اقليم كوردستان العراق والفواعل الاقليمية والدولية؛ https://portal.arid.my/Publications/6e75af02-7f62-4c6d-8778-3c215ea66565.pdf Robin Mills, Under the Mountains :Kurdish Oil and Regional Politics https://www.oxfordenergy.org/wpcms/wp-content/uploads/2016/01/Kurdish-Oil-and-Regional-Politics-WPM-63.pdf  


راپۆرت: درەو "بافڵ تاڵەبانی داوای لێكردم لەگەڵ یەكێتی یەكبگرینەوە" عومەر سەید عەلی ئەم پەیامەی بە ئەندامانی هەردوو جڤاتەكەی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە مانگی داهاتوو بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانی سازبدات‌و دوای كۆنفرانس سەركردایەتییەكی نوێ هەڵبژێرێت، بژاردەكانی بەردەم گۆڕان چین ؟ ئاشتەوایی دەكات لەگەڵ ناڕازییەكان یاخود لەگەڵ یەكێتی یەكدەگرێتەوە ؟ یاخود بەم دۆخەوە بەردەوام دەبێت؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.  یەكگرتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی ! رۆژی 24ی ئەم مانگە، جڤاتی نیشتمانی‌و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دواین كۆبونەوەی خۆیان لە ساڵی 2022دا ئەنجامدا.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەم كۆبونەوەیەدا عومەر سەید عەلی رێكخەری دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان وتویەتی" بافڵ تاڵەبانی داوای لێكردوم بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی یەكبگرێتەوە" وتوشیەتی "چیتان دەوێت بۆتان دەكەم" . عومەر سەید عەلی سەرباری ئەوەی دەستی لەكاركێشاوەتەوە، هێشتا لە بۆنە فەرمییەكان وەكو كەسی یەكەمی بزوتنەوەكە نوێنەرایەتی دەكات. بافڵ تاڵەبانی كە لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی 2021وە یەكێتی دوچاری پەرتبونێكی نوێ كردەوە، ئێستا دەیەوێت جارێكی ترو لە دەرەوەی چوارچێوەی تەقلیدییەكەی یەكێتییەوە گۆڕێك بە حزبەكەی بداتەوە، بۆ ئەمەش دەمێكە چاوی لەسەر بزوتنەوەی گۆڕانە، ئەو بەردەوام گۆڕان وەكو بەشێك لە یەكێتی ناودەبات. رۆژی 28/8/2022 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی هەمواڕی بەشێك لە پەیڕەوی ناوخۆی كرد و لە هەموارەكەدا سەرۆك دەسەڵاتی ئەوەی دەبێت لەدەرەوەی ئۆگانەكانی یەكێتی كەسانیتر بكاتە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی، ئەوكات وا لێكدرایەوە ئەم بڕگەیە بۆ بردنی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆناو یەكێتی.  بەر لە تەقینەوەی كێشەی نێوان دوو هاوسەرۆكەكە (بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگیی)، بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی لەگەڵ یەكێتی ئیمزا كرد بۆ ئەوەی پێكەوە بە لیستێك بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بكەن، بەڵام بەر لە هەڵبژاردن رووداوەكانی 8ی تەموز رویاندا‌و لاهور شێخ جەنگی لە یەكێتی دورخرایەوە، یەكەم ئەزمونی رێككەوتنی گۆڕان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئەزمونێكی تاڵ بوو، چونكە رێككەوتنەكە هیچ بەرهەمێكی نەبوو، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقدا گۆڕان گورزێكی گەورەی بەركەوت‌و هیچ كورسییەكی پەرلەمانی عێراقی نەبردەوە. بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی كۆنیشی لەگەڵ یەكێتی هەیە كە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكانە، ئەم رێككەوتنەش وادەكەی بەسەرچووە‌و گۆڕان هەندێك رەخنەی لە یەكێتی هەیە لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستەكانەوە، بەمدواییە هەردوو حزبەكە جارێكی تر لەبارەی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان گفتوگۆیان كرد، بەڵام هیچ گۆڕانكارییەكی بەدوای خۆیدا نەهێنا، چونكە لەلایەن دۆخی ناوخۆیی یەكێتی سەقامگیر نییە لەلایەكی تر بزوتنەوەی گۆڕان سەری نەماوە‌و چاوەڕوانی سازدانی كۆنفرانس‌و هەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی نوێ دەكات.  شكستی ئاشتەوایی‌و هەوڵەكەی بورهان یاسین  بڕیاربوو بەر لە كۆتایی ئەمساڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانی خۆی سازبدات، بەڵام بەهۆی ناكۆكی نێوان سەركردەكانی بزوتنەوەكە لەلایەك‌و هەوڵێكی ئەمدواییەی دكتۆر (بورهان یاسین) بۆ ئاشتەوایی لەنێوان (رازی‌و ناڕازییەكان)ی بزوتنەوەكەدا لەلایەكی ترەوە، كۆنفرانسەكە نەكرا. دكتۆر بورهان یاسین كە یەكێكە لە خوێندەوارەكانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان‌و  بەمدواییە لە ئەوروپا گەڕایەوە، پرۆژەیەكی بۆ ئاشتەوایی نێوان هەردوو بەرەكەی گۆڕان خستەڕوو، بەڵام لە دواین كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی‌و گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا راپۆرتی كۆتایی هەوڵەكانی خۆی ئاشكراكرد‌و كە بە شكست كۆتایی هاتووە.  ئەوانەی ئاگاداری وردەكاری هەوڵەكەی دكتۆر بورهان یاسین بوون دەڵێن، ناڕازییەكانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان كە زیاتر (عوسمان حاجی مەحمود) نوێنەرایەتییان دەكات دوو مەرجیان هەبووە بۆ گەڕانەوە‌و كاركردن لەناو بزوتنەوەكەدا:  •    مەرجی یەكەم: گۆڕان لە حكومەت بكشێتەوە‌و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رەتبكاتەوە. •    مەرجی دووەم: كێشەی موڵك‌و ماڵەكان‌و گردی زەرگەتە لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمپانیای (وشە)دا یەكلابكرێتەوە (دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، كوڕەكانی تاپۆی گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان‌و هەندێك موڵك‌و ماڵی تریان لەسەر ناوی باوكیانەوە گواستەوە بۆسەر ناوی خۆیان، ناڕازییەكان ئەمەیان ناو لێناوە تەوریسی سیاسی).  بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا‌و سەركردەكانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان هەردوو مەرجەكەی ناڕازییەكانیان رەتكردوەتەوە، ئەمەش جارێكی تر خەونی ئاشتەوایی‌و رێكخستنەوەی گۆڕانی لەباربردەوە. دووەم كۆنفرانس پێشتر عومەر سەید عەلی‌و چەند سەركردەیەكی تری بزوتنەوەكە داوایانكرد سازدانی كۆنفرانس بۆكاتێكی نادیار دوابخرێت، بەڵام ئێستا كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لایەنەكانی ناچار كردووە لە زوترین كاتدا كۆنگرەی خۆیان ببەستن‌و خۆیان نوێ بكەنەوە، لەناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەنگییەك دروستبووە لەبارەی ئەوەی مانگی 1ی ساڵی 2023 واتە مانگی داهاتوو كۆنفرانسی نیشتمانی سازبدرێت.  كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە لە كۆنگرەی حزبە سیاسییەكانی تر، چونكە لە كۆنفرانسی گۆڕاندا كەسی یەكەمی حزب‌و ئەندامانی سەركردایەتی هەڵنابژێردرێن، كۆنفرانسی ئەمجارەی گۆڕان بە پلەی یەكەم بۆ دەستكاریكردنی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكەیە، دەستورێك كە نەوشیروان مستەفا نوسیویەتییەوە‌و سەركردەكانی ئێستا پێیانوایە بۆ ژیانی ئێستا بزوتنەوەكە لەبار نییە‌و پێویستی بە دەستكاریكردنە.  بزوتنەوەی گۆڕان تەمەنی دەبێت بە (13) ساڵ، لەم ماوەیەدا تەنیا یەك كۆنفرانسی كردووە، ئەم كۆنفرانسە كۆتا رۆژەكانی ساڵی 2013 لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا یەكەمین دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەكە پەسەندكرا‌و لەم دەستورەدا بڕیار لەسەر دروستكردنی (خانەی راپەڕاندن) درا. خانەی راپەڕاندن بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بڕیارەكانی خۆی لە جڤاتی نیشتمانی وەردەگرێت‌و جێبەجێان دەكات. درێژكردنەوەی پەرلەمان‌و كاریگەری لەسەر گۆڕان  بزوتنەوەی گۆڕان یەكێكە لە لایەنە پێكهنەرەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، ئەم بزوتنەوەیە سەرباری ئەوەی لەسەرەتای دروستبونییەوە بە توندی دژی هەرجۆرە درێژكردنەوەیەكی تەمەنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام بەمدواییە چووە ناو رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی‌و پێكەوە هەرسێ لایەنەكە تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوە‌و بەوشێوەیەش لەگەڵ پەرلەماندا تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێم‌و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمیان درێژكردەوە. ئەگەر لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا پرسی بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی نۆیەم كاریگەری گەورەی لەسەر كەمبونەوەی دەنگی گۆڕان هەبوبێت، پێشبینی دەكرێت پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كاریگەری زیاتر لەسەر پاشەكشێی دەنگەكانی گۆڕان دابنێت، چونكە بەلای زۆرینەی دەنگدەرەكانی پێشتری گۆڕانەوە بابەتی درێژكردنەوەكە هێڵی سوری تری بنەماكانی گۆڕان بووە  كە بەمدواییە لەو بنەمایەش دراوە.  نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەرو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان 19ی ئایاری 2017 بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، لە یەكەم هەڵبژاردندا دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا (هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان) بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەی كورسییەكانی لە پەرلەمانی كوردستان بەرێژەی 50% كەمیكرد‌و لە (24) كورسییەوە دابەزی بۆ (12) كورسی، هەمان ساڵ بزوتنەوەكە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی كرد‌و لەوێش (4) كورسی لەدەستدا‌و ژمارەی كورسییەكانی لە (9) كورسییەوە دابەزی بۆ (5) كورسی.  سەرباری دەركردنی سەرۆكی پەرلەمان‌و دەركردنی وەزیرەكانی لە كابینەی هەشتەم لەلایەن پارتییەوە، دوای هەڵبژاردنی 2018 جارێكی تر‌و بزوتنەوەی گۆڕان چوەناو رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ پارتی‌و لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی كرد.  بەشداریكردنەوەی گۆڕان لە حكومەت‌و ئەو قەیرانانەی بەسەر كابینەی نۆیەمدا هاتن بەتایبەتیش لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، كاریگەری بەهێزی لەسەر پێگەی جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان دروستكرد‌و ئۆكتۆبەری 2021 كاتێك بزوتنەوەكە بە هاوبەشی لەگەڵ یەكێتی چوە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، هەموو كورسییەكانی لەدەستدا‌و نوێنەرایەتی لەناو پەرلەمانی عێراقدا نەما.  ئەم شكستەی هەڵبژاردن فشارێكی گەورەی خستە سەر سەركردەكانی بزوتنەوەكەو رۆژی  13ی ئۆكتۆبەری 2021 عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی‌و ئەندامانی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەكەی ناچار بە دەستبەكاركێشانەوە كرد. بەر لەوەی گۆڕان توشی شكست ببێت لە هەڵبژاردن پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا، رێكخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندن وادەی سازدانی دووەمین كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان بۆ كۆتایی 2021 دواخست، بڕیاربوو لەم كۆنگرەیەدا گۆڕانكاری لە پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەكەدا بكەن، بەجۆرێك دەسەڵاتی مەركەزیی لەناو بزوتنەوەكە بەهێز بكرێت‌و رۆڵی خانەی راپەڕاندن بەهێزترو رۆڵی جڤاتی نیشتمانی لاواز بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق‌و ئەنجامە خراپەكەی، هێندەی تر چارەنوسی سازدانی دووەم كۆنفرانس لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕان خستە لێڵییەوە‌و نزیكەی ساڵێك‌و دوو مانگە گۆڕان سەری نییە‌و رێكخەری دەستلەكاركێشاوە كاروبارەكان بەشێوەی كاربەڕێكەر بەڕێوە دەبات.  بژاردەكانی بەردەم گۆڕان  ئێستا گۆڕان كە خۆی بۆ سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانی ساز دەدات، هەرێمی كوردستانیش لەبەردەم ئەگەری سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندایە لە كۆتاییەكانی ساڵی داهاتوودا، ئەگەری سازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی تریش لە عێراق ئەگەرێكی دوور نییە. بەگشتی بەهۆی ئەو پاشەكشێ گەورەی كە لە بزوتنەوەی گۆڕان لە سێ هەڵبژاردنی رابردوودا لەسەر ئاستی هەرێم‌و عێراق روبەڕووی بوەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بژاردەكانی بەردەمی ئەرێنی نین. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو)، شوان قلیاسانی سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان وتی: بە بۆچونی من بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم سێ بژاردەدایە: یەكگرتن لەگەڵ یەكێتی یان رێكخستنەوەی ناو ماڵی گۆڕان‌و رێككەوتن لەگەڵ ناڕازییەكان كە گۆڕێك بە بزوتنەوەكە دەدات، یاخود بەردەوامیدان بە دۆخی ئێستا كە زیاتر بزوتنەوەكە بەرەو پوكانەوە دەبات.  چیرۆكی بزوتنەوەی گۆڕان دوای چەند ساڵێك ناكۆكی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی، نەوشیروان مستەفا ساڵی 2009 لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی تری یەكێتی، جیابونەوەی خۆی راگەیاند‌و بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد.  25ی تەموزی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر دروشمی دژایەتیكردنی "گەندەڵی" بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی كرد كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بوو، لەم هەڵبژاردنەدا (25) كورسی بردەوە‌و بەسەر یەكێتیدا سەركەوت‌و لەدوای پارتی بوو بە دووەمین هێز لەسەر ئاستی هەرێم.  نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئایاری 2017 كۆچی دوایی كرد، رۆژی 25ی تەموزی 2017 جڤاتی نیشتمانی بۆ یەكەمجار ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد‌و شوێنەكەی نەوشیروان مستەفای بە (عومەر سەید عەلی) پڕكردەوە. بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن "بەرپرسی جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی لەنێوان دوو كۆبونەوەدا"، واتە ئەم خانەیە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەیە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.  یەكەمین خانەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەندامەكانی لە (7) كەس پێكدەهات كە بریتی بوون لە:  •  عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە •  عوسمان حاجی مەحمود: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری باژێڕەكان (دوای 10 مانگ كاركردن، بەهۆی ناڕازیبوون لە چۆنیەتی سیاسەت‌و ئیدارەكانی بزوتنەوەكە، پەیوەندی كۆمپانیای وشە‌و بزوتنەوەكە، تاپۆكردنی گردی زەرگەتە لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، خراپی مامەڵەی خانەی راپەڕاندن لەسەر پرسەكان، دەستی لە ئەندامێتی خانە كێشایەوە‌و بە فەرمی دوركەوتنەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند، دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەرو شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكەدا گفتوگۆی لەگەڵ كراوە بگەڕێتەوە بۆ ناو بزوتنەوەكە‌و دەست بە كاركردن بكاتەوە، بەڵام رەتیكردوەتەوە‌و ئێستا تاوتوێی دروستكردنی جوڵانەوەیەكی سیاسی نوێ دەكات) •  جەمال حاجی محەمەد: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی •  جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن، سكرتێری فراكسیۆنەكان •  محەمەد تۆفیق رەحیم: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری ژورەكان  •  شۆڕش حاجی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك •  رەئوف عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سەرۆكی جڤاتی گشتی دیارترین كارێك رێكخەری گشتی‌و یەكەمین خانەی راپەڕاندن كردیان، بەشداریكردن بوون لە كابینەی (نۆیەم)ی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمە ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەكەدا دروستكرد، چونكە كابینەی (هەشتەم)ی حكومەت بە شكست بۆ بزوتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات‌و پارتی رێككەوتنی خۆی لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە‌و گۆڕانی لە حكومەت دەركرد‌و دەرگای پەرلەمانی كوردستانیشی داخست، بەڵام گۆڕان سەرباری ئەمانە جارێكی تر لەگەڵ پارتی تێهەڵچووەوە‌و رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئیمزا كرد. خانەو رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەگوێرەی دەستوری ناوخۆیی بۆ خولێكی (دوو ساڵ)ی هەڵدەبژێردێن، وادەی یەكەمین خانەی راپەڕاندن لە تەموزی 2019دا تەواو بوو. جڤاتی نیشتمانی كە خۆشی وادەی بەسەرچوو بوو، دوو مانگ دوای وادەی دیاریكراو و لە رۆژی 14ی ئەیلولی 2019دا ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی هەڵبژارد، ئەمە دووەمین خانە بوو لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا. پێكهاتەی خانەی راپەڕاندنی دووەمی گۆڕان كە رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری 2013 بەهۆی شكستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەستیان لەكاركێشایەوە، بەمشێوەیە بوو: •  عومەر سەید عەلی: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان •  عەدنان عوسمان: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی (دوای ساڵێك كاركردن دەستی لەكاركێشایەوەو شێخ كامیل پێنجوێنی لە شوێنەكەی دانرا) •  جەلال جەوهەر: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و سەفین مەلا قەرە لە شوێنەكەی دانرا)  • دەرباز محەمەد: ئەنجامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری ژورەكان •  شەماڵ عەبدولوەفا: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری باژێڕەكان (دەستی لەكاركێشایەوە‌و ئاسۆ رەحیم لە شوێنەكەی دانرا) •  برزۆ مەجید: ئەندامی خانەی راپەڕاندن‌و سكرتێری كاروباری خەڵك  خانەی دووەمی راپەڕاندن بە رێكخەری گشتیشەوە، لە 14ی ئەیلولی ئەمساڵدا، وادەی یاسایی بەسەرچوو، واتە رێكخەرو ئەم خانەیە لەكاتێكدا دەستیان لەكاركێشاوەتەوە كە خۆیان لەڕووی یاساییەوە وادەكەیان تەواو بوو.


درەو: ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی پێشوی لیژنەی دارایی عێراق بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێنێتەوە بۆ ململانێی سیاسی نێوان ئەمریكا و ئێران، ئەو پێی وایە ئەو دۆخە لە ئێستادا هیچ پەیوەندی بە بانكی ناوەندی عێراقەوە نیە، چونكە ئەمریكا پێی وایە ئەو دۆلارانەی دەخرێنە بازاڕەوە دەچن بۆ ئێران، بۆیە ئەمریكا دەیەوێت سودانی خۆی یەكلابكاتەوە، عاقڵ بێت بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ (148)هەزار دینار، عاقڵ نەبێت، بەهای دۆلار دەكاتە (175) هەزار دینار. ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی عێراق سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەكاندا روونكردنەوەو لێكدانەوەی بۆ (درەو) بەم شێوەیە بوو:  بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی پەیوەندی بە ململانێی سیاسی ئەمریكا و ئێرانەوە هەیەو عێراق باجەكەی دەدات، ئەمریكا داوای لە محەمەد شیاع سودانی كردووە سەردانی ئەمریكا بكات و خۆی یەكلابكاتەوە، ئایا لەسەربازگەی ئێرانیە، یان ئەمریكی؟ ئەگەر لە سەربازگەی ئێرانیدایە ئەوە ئەمریكا بڕیار دەدات، ئەوەی لەگەڵ ئێراندا دۆستایەتی بكات، چاوەڕوانی ئەوەبێت ئەمریكا وەكو ئێران سەیری دەكات. لە  9/1/2021 كۆبوونەوەیەكمان هەبوو ، عەلی عەلاق بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی عێراق، تەیف سامی لێبوو، بانكی رافیدەینی لێبوو، دیوانی چاودێری دارایی لێبوو، بانكی TBI ی لێبوو، هەموو دامەزراوە داراییە گرنگەكانی عێراقی لێبوو، عەلی عەلاق وتی" ئێوە لە پەرلەمانی عێراق بڕیارێكتانداوە (بڕیاری دەركردنی هێزە بیانیەكان لە عێراق) ئەو بڕیارە جێبەجێبكەن لە حكومەتدا، ئەوا ئەمریكا بڕیار ئەدات شەحنی دۆلار نەكات بۆ عێراق، لەیەك هەفتەدا نرخی (100) دۆلار دەگاتە (200) هەزار دینار، هەر ئەو هەڕەشەیەی ئەوكاتی ئەمریكا بوو دوای هەفتەیەك لە بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزە بیانیەكان، هەموو هێزەكان بێدەنگیان لەو بڕیارەكردو جێبەجێنەكرا.  بۆیە ئەمریكا ئەزانێت هۆكاری بوونی دینارو ساغكردنەوەی كاڵاو كەلوپەلە، كە ئێران ووردە ووردە هەر ئەتوانێت بەردەوام بێت، بۆیە ئەمریكا نایەڵێت نە دۆلار بچێتە ئێران و نە دیناریش مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا پێبكرێت، ئەشیەوێت مەسەلەی (غاز و كارەبا) كە ئێستا لە ئێرانەوە دێت بۆ عێراق هەردووكیان لە ئێران بپچڕێت. بۆیە ئیحتیمالیشە ژمارەیەك كەسایەتی و دامەزراوەی عێراقی بخرێنە لیستی سزاكانی گەنجینەی ئەمریكیەوە، سودانی ئەگەر رازی نەبێت بەرێوشوێنەكانی بانكی ئەمریكا، ئەوا دراوی عێراقیش تێكدەشكێت. دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، پەیوەندی بە بانكی ناوەندی عێراق و رێوشوێنەكانیەوە نیە، پەیوەندی بە ململانێی ئەمریكا و ئێرانەوە هەیە كە عێراق باجەكەی دەدات، عێراق لەسەردەمی مستەفا كازمی زۆر وازح بوو كازمی سەربە ئاراستەی ئەمریكا بوو (ئەمریكی بوو) لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدیدا یەك تۆز بەلای چیندا رۆی ئەوەبوو رووخاندیان و لایانبرد، مالكی باڵانسی ئیران و ئەمریكای راگرتبوو، عەبادی بەهەمانشێوە بەڵام محەمەد شیاع سودانی لەبەر ئەوەی حكومەتەكەی حكومەتی ئیتاریە (چوارچێوەی هەماهەنگی)، بەتەواوی ئیتار بەرپرسە لە حكومەتەكەی، ئەمریكا تێكشكانێك تێكی دەشكێنێت تەسەور نەكەیت، بۆ ئەوەی جارێكی تر خەڵكی دەنگ نەداتەوە بەم ئیتارییانە، با چاوەڕێ بكەین ماوەیەكی تر ئەگەر سودانی تەسلیم نەبێت بە ئەمریكا، سەدریەكان دەكەونە رەخنەگرتن ، خۆپیشاندان دەستپێدەكات، حكومەتەكەی سودانی ئیفلیج دەكەن. بڕیارە بانكی ناوەندی لە سبەینێوە دۆلاری زیاتر بخاتە بازاڕەوە، بەڵام لە ئێستادا دۆلاری زیادخستنە بازاڕەوە سودی نیە، چەند بخاتە بازاڕەوە دەیكڕن، ناتوانن بە خستنە بازاڕی دۆلارەوە چارەسەری دۆخەكە بكەن. پێشتر رۆژانە (150) ملیۆن دۆلاریان دەخستە بازاڕەوە، گەیاندیانە (250) ملیۆن دۆلار، لەسەردەمێكدا گەیاندیانە (450) ملیۆن دۆلار. پێشبینی بۆ چارەسەری بەرزبوونەوەی بەهای دینار پەیوەستە بەوەی تا چەند ئیتاری تەنسیقی ئامادەن لەگەڵ ئەمریكا رێكبكەون، بەواتایەكی تر تا چەند ئێران مۆڵەتیان پێدەدات لەگەڵ ئەمریكا رێكبكەون. شیاع سودانی گەورەترین هەڵە كەكردی نزیكترین سەردانی بۆ ئێران بوو ئەوە ئەیخاتە ژێر گەورەترین پرسیارەوە بەتایبەت رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە نیە پێشوازی زۆر كەس بكات، رابەر لەگەڵ ئیبراعیم رەئیسی پێشوازی لێكرد. سودانی سێ نامەی بۆ هاتووە كە بە زووترین كات بڕواتە ئەمریكا، هەڵوێستی حكومەتەكەی یەكلایی بكاتەوە ئایا حكومەتەكەی ئەجێندای ئێرانی دەپارێزێت، یان هاوسەنگی دەكات لە بەرژەوەندییەكانیدا. ئەتوانین بڵێین ئەم دۆخەی ئێستا دیوە سیاسیەكە زاڵە بەسەر دیوە دارایی و نەقدیەكەدا، تا ئێران ئامادەنەبێت لەسەر هەندێك پرس سازش بكات ئەوا ئەمریكیەكان سزاكانیان زیاتر دەكەن، تا عێراق موجامەلەی ئێران بكات و بەرژەوەندیەكانی بۆ یەكلا بكاتەوە، زیاتر سزا دەدرێن، ئێستا مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ عێراقدا خەریكە وەك ئێرانی لێدێت. ئەمریكا پێی وایە ئەو دۆلارانەی دەخرێنە بازاڕەوە دەچن بۆ ئێران، دوو ساڵ پێش ئیستا ئەو كات دۆلار بە (119) بوو بەزووی بەرزبووەوەو گەیشتە (151) دینار زۆر موتابەعەم كرد، ئاخر جار هەیسەم جبوری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق پێی وتم، ( ملیارێك و 200 ملیۆن ) دۆلاری ئێران لای عێراق بووە هی غاز بووە، عێراق ویستوویەتی ئەو پارەیە بداتەوە بە ئێران، هەرچی بانكی دونیا هەیە بە بانكی ئەڵمانیشەوە تەكلیفمان لێكردووە وتویەتی ناتوانین لە ترسی گەمارۆی ئەمریكی ئەو پارەیە بگوازینەوە بۆ ئێران، بۆیە ئەمریكا زۆر هەستیارە بەرامبەر گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران.  ئەگەر ئەمریكا لە هەفتەیەكدا دۆلار شەحن نەكات بۆ بانكی ناوەندی عێراق خۆ بانكی ناوەندی عێراق دۆلاری تێدا نیە، ئێستا هیچ دۆلارێك لە عێراقدا نیە ئەو پارانەی كە دێتەوە لە بانكی ئەمریكیەوە دەچێتە حساب بانكی TBI  بەڵام ئەو (عملە صعبانە) هەموو لەدەرەوەن، ئەمریكا بەس بڕیار بدات لەسەر نەگەڕاندنەوەی ئەو پارانە، تەواو كۆتایی عێراقە. بۆیە ئەم پرسە (بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای دیناری عێراق)ی لەدەستی بانكی ناوەندی عێراقدا نیە، لەدەستی حكومەتی عێراقیشدا نیە، ئەمریكا ئەتوانێت پارە تەجمید بكات، پارە تەجمیدكردن لە بانكی ناوەندی ئەمریكیە، نایەڵێت لە هیچ بانكێكەوە پارە بگوازرێتەوە بۆ بانكێكی تر،  عێراق چی نەوتێكی فرۆشتووە، پارەكەی عقودی ئاجیلەیە، لەو دەقەیەدا كە پارەكە دەگوازرێتەوە بۆ بانكی ناوەندی ئەمریكی ئەبێت لە 24 سەعاتدا بچێتە سەر حسابی بانكی ناوەندی 2 عێراق، ئیتر لەوێ لە ریزاڵت بانك سەیتەرە دەكات بەسەریدا، نایەڵێت بەهیچ شێوەیەك ئەو پارەیە بگەڕێتەوە بۆ عێراق. ئەمریكا یەك رۆژ دۆلار نەخاتە بازاڕەوە (هەزار) دینار بەرزدەبێتەوە، ببێت بە دوو رۆژ (5) هەزار دینار بەرز دەبێتەوە ببێت بە (3) رۆژ (10) هەزار دینار بەرز دەبێتەوە، لاوازترین خاڵی عێراقیەكان (نەختین)ەكەیانە، داهاتی عێراق زۆرە بەڵام نەختینەكەیان لاوازە، ئەمریكا لە رێگەی نەختینەوە دای لە توركیا، دای لە ئێران، ئەدات لە عێراقیش، بۆیە ئەم پرسە ململانێیەكە ئەمریكا ئەیكات، سودانی عاقڵ بێت بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ (148) هەزار دینار، عاقڵ نابێت، بەهای دۆلار دەكاتە (175)هەزار دینار. 


مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) زیاد لە دەساڵ لەمەوبەر لە نووسینێكدا بە ناونیشانی «ئێران: كۆماری درۆ و بێڕێزی»ی لەوەدوام كە ڕژێمی ئیسلامیەكەی ئێران «لەسەرەتای دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ ئەم دیكتاتۆریەتە دەستەجەمعییە دینییە مژدەی سەرفیرازی و ئازادیی و یەكسانیی بە دانیشتوانی ئێران ئەدات. باسی ئەوەدەكات مۆدێلێك لە شۆڕش و لە كۆمەڵگای ”ڕەسەن“ دروستدەكات لە ھی ھیچ میلەت و ناوچە و شوێنێكی تری دونیا نەچێت و ھیچ یەكێك لە نەخۆشییە سیاسیی و ئابوریی و كۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەكانی دونیای ھاوچەرخی تێدانەبێت.(...) كەچی ئەم ڕژێمە لەگەشەی خۆیدا بوو بە یەكێك لە ئەزموونە سیاسی و ئینسانییە ھەرە ناشیرینەكانی نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەم.». ئێرانییەكان ئەمڕۆ لە جەنگێكی دەستەویەخەدان لەگەڵ ئەو ڕژێمە ئیسلامیەدا كە وادەی بەبەهەشتكردنی وڵاتەكەی پێدابوون. خەڵك بە سەدان شێوە نارەزاییەكانیان بەرامبەر بە «بەهەشتە ئیجباریی»ەكەی ڕژێمە ئیسلامییەكە نیشانئەدەن و لەو پێناوەدا قوربانی گەورە و بەردەوام دەبەخشن.    لە شۆرشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩دا كۆمەڵگای ئێرانی بۆ ماوەی ١٨ مانگ لە دۆخی یاخیبوون و ڕاپەڕیندا بوون، ١٨ مانگ خۆپیشاندان و بەریەكەكوتن و ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناوی لەگەڵ پۆلیس و ئەمن و دەزگا سەركوتكەرەكاندا، لە دواهەمیان مانگەكانی ساڵی ١٩٧٩دا كاردانەوەكانی ڕژێم بە راگەیاندنی دۆخی ئەحكامی عورفی گەیشت. بەڵام هەموو ئەمانە ڕێیان لە خەڵكی ئەو وڵاتە نەگرت ڕژێمەكەی شا بڕوخێنن و كۆتایی بە دەسەڵاتی بنەمالەی پەهلەوی، بهێنن. ئەوەی ئێستا و دوای چل ساڵ لە باڵادەستی ئەو ڕژێمە ئیسلامییە لەو وڵاتەدا دەیبینین یاخیبوونێكی تازەی خەڵكی ئەو وڵاتەیە بە ڕووی ئەو ڕژێمەدا كە دوای شۆڕش و بەناوی شۆڕشەوە دروستبوو. ڕژێمێك باسی لە دەسەڵاتی شەریعەت و ئیسلام و قسەی لە پاراستنی ئەخلاق و بەها و كولتوری بەرز و پیرۆزی موسڵمانان دەكرد. لە ڕۆژی یەكەمەوە خەریكی بە ئیسلامیكردنی كۆی كۆمەڵگا و دەوڵەت و خوێندن و پەروەردە و میدیا و فەرهەنگ و پەیوەندیی نێوان مرۆڤەكان بوو، بە تایبەتی بە ئیسلامیكردنی پەیوەندییەكانی نێوان ژن و پیاو. ئەوەی ئێستا ڕووئەدات یاخیبوونی خەڵكی ئێرانە، یاخیبوونێكی هەمەلایەنە، بەڕووی كۆی ئەو سیستمە سیاسیی و ئابوریی و ئەخلاقیی و میدیایی و دینییەدا كە ئیسلامی سیاسیی لەماوەی ٤٠ ساڵ حومكڕانی تاقەنەی خۆیدا لەو وڵاتەدا دروستیكردوە. سیستمێك كۆی نەخۆشییە ترسناكەكانی خراپترین سیستمە سیاسییەكانی جیهانی ئەمڕۆی تێدایە و مرۆڤ تیایدا وەك بوونەوەرێكی بێماف و وەك كاڵایەكی بێنرخ، مامەڵەدەكرێت. ئەگەرچی تەمەنی ڕاپەڕین و خۆیشاندانەكانی ئێستای ئێران تەنها سێ مانگیكی تێپەراندوە، بەڵام لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا شتێك بۆ هەموو دونیا و بۆ خودی دەسەڵاتدارانی ئێران ڕوونە: خەڵك ئەو «بەهەشتە ئیجبارییەی» ناوێت كە پیاوانی دین و ئیسلامی سیاسیی پێیانوایە لە ئێراندا، دروستیانكردوە.  ئەگەرچی شۆڕشی ئێرانی ساڵی ١٩٧٩ شۆڕشێكی دینیی یان شیعیی نەبوو، بەڵام دوای سەركەوتنی شۆڕش نەك تەنها تیورەی «ویلایەتی فەقیە» بوو بە تاقە فەلسەفەی حوكمڕانیی، بەڵكو دەستوری ئێرانی خۆیشی «شیعەی دوازدە ئیمامی» كرد بە دینی رەسمی دەوڵەت و ئیمام خومەینی خۆیشی بەرزكردەوە بۆ ئاستی «ئیمامی ئومەت». یەكێك لە ئامانجە گەورەكانی ڕژێمەكەشیان بریتیبوو لە بە ئیسلامیكردنی تەواوی ناوچەكە و گواستنەوەی مۆدێلە ئێرانیەكە بۆ سەرتاپای جیهانی ئیسلامی. لەدوای سەركەوتنی شۆڕشی ئێرانیەوە ئیسلامی سیاسیی بوو بە خاوەنی مۆدێلێك لە حوكمڕانیی كە هێزەكانی ئیسلامی سیاسیی و كادر و هەوادارەكانیان خەونیان بە دووبارەكردنەوەیەوە، دەبینی.  ئەگەرچی ئەم ڕژێمە ئیسلامییە، دوای چل ساڵ لە حوكمڕانی، فەشەلێكی تەواوی، تەنانەت لە ئاستە دینییەكەیشدا بەدەستهێناوە، بۆ نموونە نەیتوانیوە تەنانەت هەموو شیعە والێبكات باوەڕ با تیورەی ویلایەتی فەقیەی خومیەنی بهێنن، یان ھەموو شیعە لەژێر یەك ڕەھبەریەتدا كۆبكاتەوە. هاوكات نەشیتوانیوە لانی هەرەكەمی دابەشبوونە تائیفیە ناوەكییەكانی ئیسلام لەنێوان شیعە و سونەدا چارەسەربكات. هاوكات دوای چل ساڵ حوكمڕانی لەناو خودی ئێران خۆیدا یەكێك لە عەلمانیترین كۆمەڵگای ناوچەكەی بەرهەمهێناوە.  دەڵێم سەرەڕای ئەم هەموو فەشەلە گەورەیە، بە فەشەلی ئاستە دینیەكە خۆیشیەوە، كەچی بڕێكی گەورەی حوكمڕانان و پیاوانی دین لەو وڵاتەدا پێیانوایە ھەم بەھەشتیان بۆ موسڵمانانی وڵاتەكە دروستكردوە، ھەم ڕێگایان بۆ گەیشتن بە بەهەشت لە قیامەتدا بۆ كردونەتەوە. واتە لەوباوەڕەدان خەڵكی ئەو ولاتەیان هەم لەم دنیایەدا و هەم لەو دنیا ڕزگاركردوە. ئەوەی ئێستا لە ئێراندا دەیبینین تەقینەوەی خەڵكە بە ڕووی  ئەو بەھەشتە ئیجباریانەدا كە پیاوانی دین خەڵك لە هەردوو دونیایەكەدا بەزۆر دەخەنە ناویەوە.   لەناو ئەو بەھەشتە ئینجباریەدا زۆر شت وێرانە، بەڵام وێرانبوونی لەو ئاستەدا كە ئەوان بەناوی ئەخلاقەوە بەرگریان لێكردوە لە هەمووان بەرچاوترە. لەو بەهەشتە ئیجباریەدا بازاڕێكی گەورەی لەشفرۆشیی و بازاڕێكی گەورەتری موخەدەرات و مادی هۆشبەر ئامادەیە. «زەواجی كاتیی» و «زەواجی موتعە» لە لوتكەدایە، كچی نۆ ساڵان بەشوو ئەدرێت. پیاوی پارەدار بە ئاسانی چەندان ژن دەهێنێت و چەندان زەواجی موتعەیش ڕێكدەخات. ژمارەیەكی گەورەی خەڵك لەناو ئەو بەھەشتە ئیجباریەدا مودمین و گیرۆدەی مادەی ھۆشبەرن. بەڕادەیەك لە ساڵی ٢٠١٥  دا حكومەتی ئێرانی ناچاردەبێت سەد و پەنجا بنكەی تەندروستی بۆ چارەسەركردنی ئیدمان و گیرۆدەبوون بە مادەی ھۆشبەرەوە بكاتەوە. هاوكات بڕ و ڕادەی گەندەڵیی و جەردەیی و بێدادیی  لە ناو ئەو بەهەشتە ئیجبارییەدا لە لوتكەدایە، بێمافیی و سوكایەرتیكردن بە ژمارەیەكی گەورە لە دانیشتوانی وڵاتەكە بەگشتیی و بە گروپە ئەتنییە نافارسەكان و دیندارە ناشیعییەكان، هەمەلایەنە.   ئەم نەخۆشیی دروستكردنی بەهەشتە لەسەر زەویی و ئەم نەخۆشیی بەزۆربردنەی مرۆڤ لە قیامەتدا بۆ بەهەشت، لای زۆرینەی هەرەزۆری هێزەكانی ئیسلامی سیاسیی و لای بڕێكی هێجگار گەورە لە كادر و هەوادار و بانگخوازەكانیان بەخەستیی ئامادەیە. بە تایبەتی لەدوای بەهێزبوونی  باڵە سەلەفییە وەهابییە خەلیجیەكەوە لە ساڵانی هەشتا بەدوا. ئێستا ئیتر لەشكرێك بانگخواز و كادری دینیی دروستبوون ێیانوایە ئەوان دەتوانن هەم بەهەشت لەسەر زەوی دروستبكەن و هەم لە قیامەتیشدا خەڵك بۆ بەهەشت بنێرن.   لەناو ھەریەكێك لەمانەدا «وەلی»یەكی نارسیست و ئەنانی ئامادەیە، كە دەسەڵاتی موتڵەقی دەوێت، نوێنەرایەتی موتڵەقی ئەخلاق و دین و موقەدەس دەكات. وەكیلی خودایە و ئەوەی دەیڵێت سەرەتا و كۆتایی دین و ئیمانە، دەرەوەی لێكدانەوەكانی ئەو سەرزەمینی كوفر و بیدعە و ژەهرڕشتنە. ئەوان كۆمەڵگا و ئەخلاق و خێزان دەپارێزن و دەرەوەی ئەوان خەریكی ژەهرهەڵڕشتن و وێرانكردن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو شتانەن.  ئەوەی ئەوان دەیڵێن سەرەتا و كۆتایی دین و ھەموو حوكم و بڕیار و ڕوانین و تێبینیەكە. ئەمانە خۆیان بە خاوەنی نیعمەتێكی خودایی دەزانن، پێیان وایە دەزانن خودا چی دەوێت و چی ناوێت، حەزی بەچییە و حەزی لە چی نییە.   دەشزانن ئارەزوەكانی خودا چییە و ئیرادەی خودا لە گەردوندا چۆن ئیشدەكات. بە كورتییەكەی، ئەمان خودا لە خودا خۆی باشتر دەناسن و زۆرجاریش تا ئەو شوێنە دەڕۆن لەباتی ئەو بڕیار لەسەر ئیمان و باوەڕ و تەنانەت ژیانی كەسانیتر، بدەن.  ئەمانە پێیانوایە ئەركی ئەوانە بە ئینسان بڵێن چۆن بژیی، چۆن ھەڵسوكەت بكات، چی بخوات و چی نەخوات، چۆن پەیوەندییەكانی لەگەڵ كەسانیتردا ڕێكبخات، لەگەڵ كێ قسەبكات، خۆی لە كێ بەدوور بگرێت، چی بە باش و شیاو بزانێت و جی بە خراپ و نەشیاو، چۆن بڕوات، چۆن دانیشێت، چۆن سەفەربكات، تا ئەو شوێنەیش چۆن بمرێت. لای ئەم هێزانە شاڕێگای گەیشتن بەم بەھەشتە ئیجبارییە ”ئەخلاق“ە، ئەخلاق بەو مانا سەلەفییەی ئەوان  لێیتێگەیشتون. ئەخلاقێك لە سێكس و ژیانی سێكسیدا كورتبۆتەوە. لەم ئەخلاقەدا بۆ پیاو، بێگومان پیاوی پارەدار، چوار ژن حەڵاڵ دەكات و تا دەشمرێت دەتوانێت دەیان ژن بھێنێت بەو مەرجەی لەیەككاتدا لە چوار زیاتر نەبن. بۆ ژنانیش خۆداپوشین و دەرنەكەوتن و  بێدەنگبوون و قبووڵكردن. ئەخلاقیاتێك پیاو وەك فەحل و كەڵەگایەك دەبینێت كە ژیانی سێكسی خۆی بۆ كۆنترڵ ناكرێت، بەڵام ژن وەك بوونەوەرێكی بێسێكس و بێئارەزو و بێئیحساس. پیاو وەك ڕاوچییەكی برسیی و ژنیش وەك نیچێرێك ئەم فەحلە كەی ویستی، بتوانێت بیگرێت و بیخاتە باخەڵی خۆیەوە ئەوەی ئەم هێزانە نایانەوێت لێیتێبگەن ئەوەیە نە ئەو ئەخلاقە سەلەفییە و جێی لە دونیای ئەمڕۆدا دەبێتەوە، نە بەھەشتیش بەزۆر بەسەر خەڵك و كۆمەڵگادا دەسەپێنرێت، نە لەم دنیایەدا و نە لەو دنیاشدا. بەهەشت مرۆڤەكان بە ئیرادەی ئازاد و ویژدانی ئینسانیی و عەقڵی رەخنەیی و وژیدانێكی ئینسانی یەكەسانخواز دروستیدەكەن، نەك ئەم هێز یان ئەو هێزی ئیسلامی سیاسیی، ئەم یان ئەو مەلا و بانگخواز بۆیان دروستبكەن و بەزۆر بیانخەنە ناویەوە.   ئەوەی خەڵك لە ئێرانی ئەم ساتەدا بەڕوویدا تەقیوەتەوە ”ئەو بەھەشەتە ئیجبارییە“یە كە ئەم هێزانە بەناوی خوداوە دەیانەوێت دروستیبكەن. بەهەشتێكی ئیجباری كە جەهەنمێكی ئینسانیی گەورە و كارەساتاوییە.  پێبینی: جەمكی«بەهەشتی ئیجباری» لە گۆرانییە بەناوبانگەكەی گۆرانیبێژی ئێرانی شیروان حاجیپوری وەرگیراوە. 


درەو: ئیتالیا كڕیاری سەرەكی نەوتی هەرێمە، بەتێكڕا ئیالیا نزیكەی (40%)ی نەوتی هەرێم دەكڕێت، مانگی ئابی 2021 ئیتالیا زۆرترین نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی(56%). جۆرجیا مێلۆنی سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا، سەردانی بەغداو هەولێریكرد، لە پاڵ پرسی پەیوەندیە بازرگانی و سەربازییەكانی نێوان هەردوولا كە گفتوگۆی لەسەركراوە، پرسی نەوت بە گەرمترین پەیوەندی بازرگانی نێوان هەرێم و ئیتالیا ئەژمار دەكرێت، بەو پێیەی لە ساڵی 2014 ەوە لەسەرەتای ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم، ئیتالیا كڕیاری سەرەكی نەوتی هەرێمە.    •       نەوتی باركراوی هەرێم لە مانگی ئەیلولی 2022  لە (ئەیلولی 2022)دا (13 ملیۆن و 220 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركی لە لەلایەن كەشتی (5) وڵاتی جیاوازەوە باركراوە،  -    بڕی (5 ملیۆن و 190 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (39.3%)ی لەلایەن كەشتییەكانی (ئیسرائیل)ەوە باركراوە. -    بڕی (2 ملیۆن و 740 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (20.7%)ی لەلایەن كەشتییەكانی وڵاتی (یۆنان)ەوە باركراوە. -    بڕی (2 ملیۆن 340 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (17.7%)ی لەلایەن كەشتییەكانی (ئیتاڵیا)وە باركراوە. -    بڕی (650 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (4.9%)ی لەلایەن كەشتییەكی (ڕۆمانیا)وە باركراوە. -    بڕی (600 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (4.5%)ی لەلایەن كەشتییەكی (كرواتیا)یەوە باركراوە. -    بڕی (1 ملیۆن و 700 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (12.9%)ی دیار نییە ئەو كەشتیانەی نەوتی هەرێمیان باركردووە‌ ناسنامەی چی وڵاتێكیان هەبووە.   •        نەوتی باركراوی هەرێم لە مانگی ئابی 2022  لە (ئابی 2022)دا (11 ملیۆن و 560 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركی لە لەلایەن كەشتی (4) وڵاتی جیاوازەوە باركراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (6)) بەجۆرێك؛  -    بڕی (3 ملیۆن و 620 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (31.3%)ی لەلایەن كەشتییەكانی وڵاتی (یۆنان)ەوە باركراوە. -    بڕی (3 ملیۆن) بەرمیلی بە ڕێژەی (26%)ی لەلایەن كەشتییەكانی (ئیتاڵیا)وە باركراوە. -    بڕی (2 ملیۆن و 670 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (23.1%)ی لەلایەن كەشتییەكانی (ئیسرائیل)ەوە باركراوە. -    بڕی (1 ملیۆن و 270 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (11%)ی لەلایەن كەشتییە (ڕۆمانیا)وە باركراوە. -    بڕی (1 ملیۆن) بەرمیلی بە ڕێژەی (8.7%)ی دیار نییە ئەو كەشتیانەی نەوتی هەرێمیان باركردووە‌ ناسنامەی چی وڵاتێكیان هەبووە. چارتی ژمارە (6) •    نەوتی باركراوی هەرێم لە مانگی تەموزی 2022  لە (تەموزی 2022)دا (13 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی توركی لە لەلایەن كەشتی (6) وڵاتی جیاوازەوە باركراوە، (بڕوانە چارتی ژمارە (5)) بەجۆرێك؛  -    بڕی (5 ملیۆن و 180 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (38.8%)ی لەلایەن كەشتییەكانی (ئیتاڵیا)وە باركراوە. -    بڕی (2 ملیۆن و 20 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (15.1%)ی لەلایەن كەشتییە (كرواتیا)یەكانەوە باركراوە. -    بڕی (1 ملیۆن و 940 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (14.5%)ی لەلایەن كەشتییەكانی وڵاتی (یۆنان)ەوە باركراوە. -    بڕی (1 ملیۆن) بەرمیلی بە ڕێژەی (7.5%)ی لەلایەن كەشتییە (تایوان)یەكانەوە باركراوە. -    بڕی (1 ملیۆن) بەرمیلی بە ڕێژەی (7.5%)ی لەلایەن كەشتییە (سەنگاپور)یەكانەوە باركراوە. -    بڕی (600 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (4.5%)ی لەلایەن كەشتی (ئیسرائیل)یەوە باركراوە. -    بڕی (1 ملیۆن و 600 هەزار) بەرمیلی بە ڕێژەی (12%)ی دیار نییە ئەو كەشتیانەی نەوتی هەرێمیان باركردووە‌ ناسنامەی چی وڵاتێكیان هەبووە.   شوباتی 2022 كۆی نەوتی باركراوی هەرێم لە بەندەری جیهانی توركیا لە مانگی شوباتی 2022 بریتی بووە لە : كۆی نەوتی باركراو: 12 ملیۆن و 443 هەزارو 878 بەرمیل بووە كڕیارانی ئیتالیا: 5 ملیۆن و 79 هەزارو 828 بەرمیل بووە بەرێژەی (41%) •    كانوونی دووەمی 2022 كۆی نەوتی باركراوی هەرێم لە بەندەری جیهانی توركیا لە مانگی كانونی دووەمی 2022 بریتی بووە لە : كۆی نەوتی باركراو: 13 ملیۆن و 970 هەزارو 479 بەرمیل بووە كڕیارانی ئیتالیا: 4 ملیۆن و 248 هەزارو 758 بەرمیل بووە بەرێژەی (27%)   •    ئابی 2021 كۆی نەوتی باركراوی هەرێم لە بەندەری جیهانی توركیا لە مانگی ئابی 2021 بریتی بووە لە : كۆی نەوتی باركراو: 9 ملیۆن و 710 هەزارو 824 بەرمیل بووە كڕیارانی ئیتالیا: 5 ملیۆن و 450 هەزارو 355 بەرمیل بووە بەرێژەی (56%) •    تەمووزی 2021 كۆی نەوتی باركراوی هەرێم لە بەندەری جیهانی توركیا لە مانگی تەموزی 2021 بریتی بووە لە : كۆی نەوتی باركراو: 12 ملیۆن و 716 هەزارو 986 بەرمیل بووە كڕیارانی ئیتالیا: 6 ملیۆن و 333 هەزارو 85 بەرمیل بووە بەرێژەی (50%) •    ئایاری 2021 كۆی نەوتی باركراوی هەرێم لە بەندەری جیهانی توركیا لە مانگی ئایاری 2021 بریتی بووە لە : كۆی نەوتی باركراو: 11 ملیۆن و 399 هەزارو 942 بەرمیل بووە كڕیارانی ئیتالیا: 5 ملیۆن و 399 هەزارو 973 بەرمیل بووە بەرێژەی (48%)       سەرچاوە: ڕێکخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت


(درەو):  ھێرشێک بۆسەر ناوەندێکی کلتوری لە پاریس، خەڵکی فەڕەنسای ھەژاند، سێ کەس کوژران و زیاتر لە سێ کەسی تر بریندارن، دەوترێ یەکێک لە بریندارەکان گۆرانیبێژێکی ناسراوە، تەقەکەرەکە پێشینەی ھەیەو پێشتر بە چەقۆ لە پەنابەرانی داوە، وردەکاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. داواکاری گشتی پاریس رایگەیاند، (٣) کەس کوژراون و (٣) کەس تر برینداربوون، بەھۆی تەقەکردن لەبەردەم سەنتەرێکی کەلتوری کوردی لە بازنەی ژمارە (١٠)ی پاریس. داواکاری گشتی پاریس وتی" دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ تاوانی تیرۆرو کوشتنی بەئەنقەست و توندوتیژی کردوەتەوەو ئێستا لێکۆڵینەوەکان سپێردراون بە فەرمانگەی دووەمی پۆلیسی دادوەریی". بەپێی قسەی داواکاری گشتی، گومانلێکراوی رووداوی تەقەکردنەکە دەستگیرکراوە کە پیاوێکی تەمەن ٦٩ ساڵەو پێشینەی ھەیەو پێشتر تۆمەتبارکراوە بەوەی رۆژی ٨ی دێسەمبەری ساڵی رابردوو لە کەمپێکی پاریسدا بە چەقۆ لە دوو کۆچبەری داوە. سەرچاوەیەک لە پۆلیس بە میدیاکانی فەڕەنسای راگەیاندووە، تەقەکەرەکە پیاوێکی فەڕەنسی خانەنشینە کە وەکو شۆفێری شەمەندەفەر کاریکردووەو پێشینەی ھەیە، بەڵام ناوی لە دۆسیەی ھەواڵگریی ناوچەیی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی ناوخۆدا نییە. خاتوو ئەلیکسەندرا کوردبارد سەرۆکی شارەوانی بازنەی ١٠ی پاریس لەکاتی سەردانکردنی شوێنی رووداوەکە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوەکرد، بکوژەکە خۆشی لە دۆخێکی دژواردایەو رەوانەی نەخۆشخانە کراوە. جیرالد دارمانان وەزیری ناوخۆی فەڕەنساش بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، بەھۆی ئەو ھێرشەی کراوەتە سەر قاوەخانەیەکی کوردی، حکومەت داوای لە پۆلیس کردووە پارێزگاریکردن لە شوێنەکانی کۆبونەوەی رەوەندی کوردی، توندبکاتەوە. وەزیری ناوخۆ باسی لەوەکرد، پاڵنەری تەقەکەرە فەڕەنسییەکە ھێشتا نادیارە، بەڵام پێدەچێت بەشێوەیەکی تاکلایەنە ئەو کارەی کردبێت. پۆلیس داوای لە خەڵک کردووە لە شوێنی رووداوەکە دوربکەونەوە، شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە ئاژانسی ھەوڵەکانی فەڕەنسای وتووە" حەوت بۆ ھەشت فیشەک تەقێندراوەو ئەمەش شڵەژانی لەناو شەقامەکەدا دروستکردووە".  لە یەکتربڕی ھەردوو شەقامی (ئینگیان)و (ئۆتۆفیل) ئەمبوڵانسەکان کۆبونەوەو پۆلیس تەوقی ئەمنی دروستکرد، سەلما ئاکایا کە کچە رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی کوردەو لەکاتی ھێرشەکەدا لەو شوێنە بووە، بە میدیای فەڕەنسای وتووە" شەش بریندار ھەیە، لەناویاندا گۆرانیبێژێکی ناسراوی کورد ھەیە.. تەقەکەرەکە بە ئاڕاستەی ئارایشتگایەک تەقەی کردووە". دوکاندارێکی ناوچەکەش کە داوای لە میدیای فەڕەنسا کردووە ناوەکەی بڵاونەکرێتەوە، باسی لەوە کردووە" شەش بۆ حەوت فیشەک تەقێندراوەو شڵەژانێکی تەواوەتی روویداوەو  ئەوان لەناو دوکانەکانیاندا گیریان خواردووە". "پیاوێکی بەتەمەنی سپی پێستمان ھاتە ناوەوەو دەستی کرد بە تەقەکردن لە ناوەندی کەلەپوری کوردو دواتر بەرەو ئارایشتگایەکی نزیک رۆیشت". جێگری بەڕێوەبەری رستۆرانتی "بولیش پاریس" کە دەکەوێتە ھەمان شەقامەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی ھەواڵی فەرەنسای وتووە" لەگەڵ کارمەندەکانمان پەنامان بردە ناو رستۆرانتەکە". شەقامی "ئینگیان" ژمارەیەک رستۆرانت و باڕو دوکانی بازرگانی و شەقامێکی پیادەڕۆ لەخۆدەگرێت و ئەمە وایکردووە بەردەوام شوێنێکی قەرەباڵغ بێت. بەگوێرەی قسەی شایەتحاڵێکی تر کە ئاژانسی ھەواڵی فەڕەنسا قسەی لەگەڵ کردووەو یەکێکە لە دانیشتوانی گەڕەکەکە، لەکاتی تێپەڕبوونیدا بە شەقامەکەدا بینیویەتی کۆمەڵێک کەس لە دۆخی دڵەڕاوێکدا بوون و ھاواریان لە پۆلیس کردووە: ئەو لەوێیە.. ئەو لەوێیە، پەنجەیان بۆ ئارایشتگایەک راکێشاوە. شایەتحاڵەکە وتویەتی" پۆلیسم بینی کە دەچنە ناو ئارایشتگاکەوە، دوو کەسم بینی لەسەر زەوی کەوتبوون و قاچیان برینداربوو، خوێنم بینی". ناوەندی (ئەحمەد کایا) کە وەکو رێزلێنانێک لە گۆرانیبێژی ناوداری کورد (کایا) ئەم ناوەی لێنراوە، کۆمەڵەیەکی کوردییە لە پاریس کە بەگوێرەی یاسای (١٩٠١) دامەزرێندراوەو ئامانج لێی "بەھێزکردنی ئاوێتەبوونی لەسەرخۆ"ی ئەو کوردانەیە کە لە فەڕەنسا دەژین. سەرچاوە: فرانس ٢٤/ فرانس پرێس/ رۆیتەرز



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand