خواستی سەرەكی كورد رادەستی لیژنە دەكرێت
2023-08-02 11:51:06
(درەو):
سودانی بڕیاریدا لیژنەیەكی وزاری دروستبكات بۆ گفتوگۆ لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراقو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم كوردستان بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، یاسایەك كە دەبوو بەر لە 18 ساڵ پەسەند بكرایە، دەركردنی ئەم یاسایە خواستی سەرەكی كوردە لە كابینەی شیاع سودانیدا.
(فوئاد حسێن) سەرۆكی تیمی پارتی لە بەغدادو (بافڵ تاڵەبانی) سەرۆكی یەكێتییو (ئەحمەد موفتی) بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە بەغداد بەشداری كۆبونەوەیەكیان كرد، كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی دەكردو بەرپرسی كوتلە سیاسییەكانو راوێژكارو پسپۆڕانی هونەریو یاسایی تێیدا ئامادەبوون.
ئەم كۆبونەوەیە بۆ گفتوگۆكردن بوو لەسەر رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، یاسایەك كە دەبوو ساڵی 2005 دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەربچوێندرایەو بەهۆی ناكۆكی هەولێرو بەغدادەوە تائێستا دەرنەچووە.
محەمەد شیاع سودانی لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەیدا، لەسەر داوای كورد بەڵێنیدا لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوتو غاز رەوانەی پەرلەمان بكات، بەڵام بەهۆی مشتومڕەكان لەبارەی یاسای بودجەوە، ئەمەی نەكردو بۆ ئێستا دوایخست.
پەسەندكردنی یاسای نەوتو غاز گرنگترین پرۆژە یاسای بەردەم وەرزی یاسادانانی ئێستای پەرلەمانی عێراقە، ئەم یاسایە بە پلەی یەكەم بۆ حكومەتی هەرێم گرنگە، چونكە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە بڕیارێك كە لە ناوەڕاستی شوباتی 2022دا دەریكرد، یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو هەرێمی پابەند كرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، لە شوباتی ئەمساڵیدا دادگای ناوبژیوانی پاریس لەبارەی بۆری نەوتی عێراق- توركیاوە بڕیاری كۆتایی خۆی لەدژی توركیا دەركردو ئەمە وایكرد لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، ئەم بڕیارانە وایانكردووە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كەڤەری یاسایی بۆ فرۆشتنی نەوت نەمێنێت، هەولێر دەیەوێت لەڕێگەی یاسای نەوتو غازی فیدراڵەوە مافە دەستورییەكانی لە كەرتی نەوتو غازدا بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو رەشنوسێكی یاسای نەوتو غاز كە ئێستا لەبەردەستی (درەو)دایە، هەرێمی زۆرێك لە مافەكانی لەو رەشنوسەدا لێ سەندراوەتەوە.
لەسەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە حكومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا چووە ناو چەند گفتوگۆیەكەوە لەبارەی ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، بەڵام نەگەیشتنە رێككەوتن، وەزارەتی نەوتی عێراق دژی ئەوەیە هەرێمی كوردستان یاسای نەوتو غازی تایبەت بەخۆی هەبێتو دەڵێ ئەو یاسایە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی هەڵوەشاوەتەوە، هەروەها دژی ئەوەیە هەرێم بۆری نەوتی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەنجومەنی نەوتو غازی هەبێت.
بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق" لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا دواین رەشنوسەكانی پرۆژە یاسای فیدراڵی نەوتو غاز خراوەتەڕوو لەگەڵ وردەكاری بڕگەكانیو كاری لیژنە هونەریو یاساییو كاركردن لەسەر ئامادەكردنی رەشنوسی كۆتایی یاساكە، وەكو ئامادەكارییەك بۆ پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی وەزیرانو بەرزكردنەوەی بۆ پەرلەمان بەمەبەستی دەرچواندنی، بەگوێرەی چوارچێوە یاساییو دەستورییەكان".
سودانی وتویەتی:" پرۆژە یاسای نەوتو غاز لە یاسا سەرەكیو گرنگەكانە كە فاكتەری هێزو یەكێتیی عێراقەو ماوەی چەندین ساڵە بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوەو ئەمڕۆ وڵات زۆر پێویستی بە دەرچواندنی یاساكە هەیە بۆ سود وەرگرتن لە سامانە سروشتییەكان لە هەموو بوارو كەرتەكاندا، سەرباری ئەمە دەرچواندنی یاساكە پشكدار دەبێت لە چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشە هەڵپەسێرراوەكان".
سودانی ئاماژەی بەوەكردووە" یاسای نەوتو غاز بەشێكە لە پابەندییەكانی بەرنامەی وزاری حكومەت، كە پەرلەمان دەنگی لەسەرداوەو تێیدا رەچاوی بنەما دەستورییەكان دەكرێت، بەجۆرێك زامنی دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامانی نەوت بكرێت".
سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی كردووە لیژنەیەكی وزاری پێكبهێنرێت بۆ سەرپەرەشتیكردنی گفتوگۆ لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراقو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانو پارێزگاری ئەو پارێزگایانەی كە نەوت بەرهەمدەهێنن لەوانە (بەسرە- میسان- كەركوك- زیقار) لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیا نەوتییەكانی حكومەت بانگهێشت بكرێن بۆ ناو گفتوگۆ هونەرییەكان سەبارەت بە یاساكە، بەمەرجێك بەدوای ئەم گفتوگۆیانەدا دیالۆگی سیاسی بۆ رێككەوتن سەبارەت بە پێشكەشكردنی یاساكە تەواو بكرێت.