(درەو) دەقی پرۆژە یاسای نەوت غاز بڵاو دەكاتەوە
2023-08-01 19:55:31
درەو:
درەو:
لە بەغداد گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوت و غاز دەكرێت بەپێی ئەو رەشنوسەی دەست (درەو) كەوتووە، شتێك نامێنێت بەناوی نەوتی غازی هەرێمی كوردستان.
چوارشەمە لە بەغداد گفتوگۆ لەسەر یاسای نەوتی غاز دەكرێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: سبەینێ كۆبوونەوەیەكی گرنگ بە ئامادەبوونی سەركردە سیاسییەكان وهونەرییەكان لە وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و یاساییەكان ئەنجام دەدرێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر یاسای نەوت و غاز، لە كۆبوونەوەكە رەشنوسی یاسای نەوت و غاز گفتوگۆدەكرێت، هەندێك دیدگا هەیە پێویستی بە بڕیاری سیاسی هەیە.
بەپێی رەشنوسی یاسای نەوت وغازی عێراق كە وێنەیەكی دەست (درەو) كەوتووە لە بڕگەی یەكەمی ماددەی پێنجدا دەڵێت، ئەنجومەنێك پێكدێت بە ناوی (ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت و غاز) بە سەرۆكایەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یان هەر كەسێك كە ئەو دیاری دەكات، ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە پێك دێن لە:
1- وەزیری نەوتی عێراق
2- وەزیری دارایی عێراق
3- وەزیری پلاندانانی عێراق
4- پارێزگاری بانكی ناوەندی
5- وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم
6- پارێزگاری سێ پارێزگا لەو پارێزگایەنەی نەوت بەرهەم دەهێنن و لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا نین، لەو سێ پارێزگایە پارێزگاری بەسرە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەكە دەبێت و دوو پارێزگاكەی تر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە شێوەی خولی و ساڵانە دەستنیشانی دەكات.
7- شارەزاكانی بواری نەوت و غاز كە نابێت ژمارەیان لە (3) شارەزا تێپەڕ بكات، بۆ ماوەی سێ ساڵ لە لایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە لەو ئەنجومەنە دادەمزرێن.
لەبڕگەی دووەمی هەمان ماددەدا واتە ماددەی پێنج دەڵێت، ئەنجومەنی فیدراڵی نەوت و غاز لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی ئەنجومەنەكە لانی كەم مانگی جارێك كۆدەبنەوە، بڕیارەكانی ئەم ئەنجومەنە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند دەكرێت.
بە پێی ئەم بڕگەیە بێت كورد تەنها یەك ئەندامی هەیە لە ئەنجومەنەكە، ئەویش (وەزیری سامانە سروشتییەكان)ە، بەو جۆرە هەرێمی كوردستان بە تەنها یەك ئەندام لەو ئەنجومەنەدا ناتوانێت رێگە لە تێپەڕبوونی هیچ بڕیارێكی ئەنجومەنەكە بگرێت لە كاتێكدا بڕیارەكان بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنەكە تێدەپەڕێت.
لە بڕگەی یەكەمی ماددەی هەشتی رەشنوسی پرۆژە یاسای نەوت و غازدا هاتووە كە وەزیری نەوتی عێراق ئیدارەی سەرجەم كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز دەكات لە هەموو كۆماری عێراقی فیدراڵیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتدا، بەپێی ئەم ماددەیە بێت هەموو كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی هەرێم دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە.
لە ماددەی هەشتەمی رەشنوسی پرۆژە یاساكە دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراقی دیاریدەكات لە بڕگەی یەكەمی ماددەی هەشتدا هاتووە كە وەزیری نەوتی عێراق ئیدارەی سەرجەم كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز دەكات لە هەموو كۆماری عێراقی فیدراڵیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتدا، بەپێی ئەم ماددەیە بێت هەموو كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی هەرێم دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە.
لە بڕگەی هەشتەمی ماددەی هەشتدا دەڵێت وەزارەتی نەوت دەسەڵاتی دانوستاندنی لەگەڵ دەوڵەتانی تر، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و ئیقلیمییەكان هەیە سەبارەت بە رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و هاوشێوەكانی هەیە.
لە بڕگەی نۆیەمی ماددەی هەشتدا وەزارەتی نەوتی دەستنیشانكردووە كە نوێنەرایەتی عێراق بكات لە سەرجەم كۆڕبەندە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكاندا سەبارەت بە نەوت و غاز، بەپێی ئەم بڕگەیە بێت چیتر هەرێمی كوردستان ناتوانێت راستەوخۆ نوێنەری لەو كۆڕبەندە نێودەوڵەتییانەدا هەبێت كە سەبارەت بە نەوت و غاز دەبەسترێت، چیتر هەرێم ناتوانێت لەگەڵ هیچ لایەنێكی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بابەتی نەوت و غاز بڕیاری هەبێت .
ماددەی نۆیەم، دەسەڵاتەكانی دەستەی هەرێم، واتە لایەنی پەیوەندیداری هەرێم بە نەوت و غاز دیاریكردووە، لە بڕگەی یەكی ئەو ماددەیەدا دەڵێت، هەرێم پێشنیاری چالاكی و پلان بۆ دەسەڵاتەكانی فیدراڵی دەكات تا بخرێتە چوارچێوەی پلان و بەرنامەكانی حكومەتی ناوەندەوە لە پرۆسەی نەوتدا، هاوكاری حكومەتی ناوەند دەبێت لە پێدانی راوێژ بۆ تەواوكردنی پلانەكان، بە پێی ئەم بڕگەیە حكومەتی هەرێم یاخود ئەو دەستە تایبەتمەندەی هەرێم لە نەوت و غازدا تەنها مافی پێشنیاریان هەیە.
ماددەی دەیەم دەسەڵاتی پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت دیاری دەكات، لە بڕگەی یەكەمی ئەو ماددەیەدا هەمان دەسەڵاتی هەرێم دراوە بە پارێزگاكان كە لە چوارچێوەی پێشنیاركردن تێناپەڕێت، واتە هەرێم و پارێزگان هاوتای یەك دانراون
ماددەی (24) رەشنوسی پرۆژە یاساكە تایبەتە بە گواستنەوە، لە بڕگەیە یەكەمی ماددەكەدا دەڵیت،"بۆرییە سەرەكییەكان خاوەندارێتییەكەی بۆ حكومەتی عێراقی دەگەڕێتەوە" بە پێی ئەم دەقە بێت هەرێمی كوردستان مافی خاوەندارێتی بۆرییە سەرەكییەكانی نەوتی نامێنێت.