"حیزبی قائید" و لەعنەتی تەوریسی سیاسیی

Draw Media

2023-07-30 12:58:08



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

یەکێک لە کێشە گەورەو سەرەکییەکانی ناو دونیای ئێمە باڵادەستی ئەو شێوازەیە لە پارتی سیاسیی کە بە «پارتی سەرکردە» ناودەبرێت، بە عەربی «الحزب القائد». لە بنەڕەتدا تیورەی «پارتی سەرکردە» تێزێکی چەپڕەوانەیەو لە کەلەپوری لینینیزمەوە سەرچاوەی گرتوە. لە دیدگا لینینیەکەدا ئەوەی رۆلی سەرکردە دەبینێت «نوخبەیەکی شۆڕشگێر»ە کە لەناو پارتێکی سیاسیی پێشڕەودا خۆیان ڕێکخستوە، هەڵگریی تاقە تێگەیشتن و لێکدانەوەیەکی زانستییانەی واقیعن و دەزانن مێژوو بە چ ئاقارێکدا ئاڕاستە بکرێت. ئەم نوخبە شۆڕشگێرە بەرهەمهێنەری لێکدانەوەی زانستییانەی دیاردەکانەو لەڕێگای ئەم لێکدانەوانەشەوە، پێشڕەوایەتی کۆمەڵگا دەکات.
کێشه‌ی ژمارە یەکی ئەم دیدگایە لە دونیای ئێمەدا تەنها لەوەدا نییە کە فیکر لەناو ژیانی سیاسیدا غائیبەو پارتە سیاسییەکان پارتی بێ فیکرو بێبەرنامەو بێ جیهانبینین. بەڵکو لەوەدایە کە هەردوو پارتە حوکمڕان و باڵادەستەکە، ئەوانەی سەرکردایەتی ئەو پارتانە دەکەن و جڵەوی کۆی بڕیارەکانیان لەدەستدایە، کورتبۆتەوە بۆ باڵادەستی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسیی کە خۆیان بە سەرۆکی ئەبەدیی حیزبەکەو وەک خاوەنی ئەبەدیی وڵاتەکەو وەک سەروەری ئەبەدیی میلەتەکە دەزانن. دوای خۆشیان منداڵ و براو برازاو نەوەکانیان درێژە بە هەمان خاوەندارێتی دەده‌ن. ئەمەش یەکێک لە لەعنەتە سیاسییە گەورەکانی ناو دونیای ئێمەیە: «لەعنەتی تەوریسی سیاسیی». ئەم تەوریسەش بەکردەوە مانای تەوریسی مۆدێلی «حیزبی قائید» خۆی، بە هەموو مەترسییەکانییەوە لە دونیای ئێمەدا.  


بە کورتییەکەی، سیستمی «حیزبی قائید» لە هەرێمەکەی ئێمەدا سیستمی بە قائیدبوونی کەسانی سەر بە چەند خێزانێکی سیاسیی دیاریکراوە، کە ئەرکی ژمارە یەکیان بریتییە لە پاراستنی پێگەی ئەو خێزانەو هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەو شێوازانەدا کە هەیمەنەی ئەو خێزانانە لەناو حیزب و حکومەت و دەزگا ئەمنیی و سەربازییەکاندا بپارێزن.
لەم مۆدێلەدا، خێزانە سیاسییەکان حیزبەکان قووتئەدەن و حیزبەکانیش خودی کۆمەڵگاو دەوڵەت و کۆی دەزگا بیرۆکراسییەکان قووتئەدەن. هاوکات قووتدانی حیزب بۆ ئابوریی وڵاتەکەو لەم ڕێگایەشەوە قوتدانی سوپاو دەزگاکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان. بەم شێوەیە تێکەڵەیەکی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی و ئەمنی دروستدەبێت کە لۆژیکی باڵادەستیی ئەو خێزانانە ئاڕاستەی دەکات. بەمەش حیزب لەوەدەکەوێت ئامرازیی سادەترین گۆڕانکاریی پۆزەتیڤ بێت کە بشێت قازانجی کۆمەڵگای تێدابێت، بەڵام زیانی بنەماڵە حوکمڕانەکان.

بەڵام سیستمی «حیزبی قائید» سیستمێکە توانایەکی گەورەی دروستکردنی دەمامکی هەیە،  دەتوانێت بە شێوازی جیاواز روخسارە راستەقینەکانی خۆی بشارێتەوە. دەمامک یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی حوکمڕانییەکەیان. حیزبی قائید جارێک، بە زمانێکی چەپگەرانە، بەناوی جەماوەرو خەڵکی زەحمەتکێشەوە قسەدەکات، جارێکی تر بەناوی نەتەوەو نیشتیمانەوە، کەیش پێویستی کرد بەناوی خوداو موقەدەساتی میلەتەوە، جارێکی تریش بەناوی دیموکراسیەتەوە، کە بێگومان بەتاڵکراوەتەوە لە هەر توانایەکی راستەقینەی کێبەرکێی سیاسیی و دەستگۆڕکێی دەسەڵات. حیزبی قائید لە قۆناغێکدا بەناوی خەڵک و میلەت و نەتەوەوە بەگژ دیاردەی فرەحیزبیدا دەچێتەوە، کەچی جارێکی تر، ڕێک بەپێچەوانەی ئەوەوە، باس لە گرنگیی هەڵبژاردن و پەرلەمان و فرەحیزبی دەکات، بەڵام هەموویان لەناو دونیایەکی بە تەزویرو فێڵ و فشاری جۆربەجۆر گەمارۆدراودا.
جگە لەمانە تێزی «پارتی سەرکردە» تێزێکە هەڵگرەکانی خۆیان بە کەسانی شۆڕشگێر دەزانن، حیزبەکە خۆیشی حیزبی دەستەیەکی شۆڕشگێرو نەبەردو پێشڕەوی کۆمەڵگایە. ئەم دەستەیە خۆیان وەک بەشە زیندو و دڵسۆزو خوێندەوارو بیرکەرەوەکەی کۆمەڵگا دەناسێنن، بۆیە کاتێک دەسەڵات وەردەگرن، ئیتر ناڕۆن و بەشێوازی جیاواز خۆیان دەسەپێنن و لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە.
«حیزبی قائید» تەنها خۆی بە پێشرەوی کۆمەڵگاو بە نوێنەری ئەمڕۆکەی کۆمەڵگاکە نازانێت، بەڵکو نوێنەرایەتی خەون و ئامانج و ئایندەی کۆمەڵگاکەش داگیردەکات. خۆی بە نوێنەری خواست و ویستی ئەو نەوانەش دەزانێت کە هێشتا لەدایکنەبوون. هەرچییەکیش ئەوان وتیان و بەرگریان لێکرد، دەبێت هەم ئەوانەی ئێستا لەژیاندان و هەم ئەوانەی هێشتا لەدایکنەبوون، وەک هەقیقەتێکی رەها وەریبگرن.

ئەوەی شوێنی لەسەر وەستانە، ئەم مۆدێلە لە پارتی سیاسیی لەو ساتەدا کە بەناوی خەڵک و میلەت و نەتەوەو دین و ئێستاو ئایندەوە قسەدەکات، هاوکات بڕیار لەسەر شێوازی حومکڕانەیەکە لە ژووری داخراو و بارەگای تایبەت و کۆبوونەوە خێزانییە داخراوەکاندا، ئەنجامئەدرێت. ئەوەی غائیبە دەزگایە بە مانای دەزگا، عەقڵیەت و بەهاو یاسای دەزگاییە کە لەژێر سێبەری دۆخی سایکۆلۆژی کەسە خاوەن دەسەڵاتەکانی ناو خێزانە سیاسییەکاندا کارنەکەن. ئەوەی ئەنجامئەدرێت سڕینەوەی  کۆی تواناو سێنتەرەکانی هێزو لێپرسینەوەیە، لە دەرەوەی بازنە تەسکە خێزانییە داخراوەکاندا.


لەسەرێکی دیکەوە دۆخی «حیزبی قائید» دۆخی غیابی تەواوەتی ئۆپۆزیسیۆنە. ئۆپۆزیسیۆنێکی راستەقینە کە دیدگایەکی بۆ دەسەڵات و حومکڕانیی هەبێت جیاوازو لە دەرەوەی حوکمی بنەماڵە سیاسییەکاندا، ئۆپۆزسیۆنێک سیاسەت بداتەوە بە کۆمەڵگا خۆی و تاکەکەسەکان وەک بوونەوەری سیاسیی دروستبکاتەوە. ئۆپۆزیسیۆنێک لە هەوڵی بەرهەمێنانی کایەیەکی سیاسیی و ئابوریی و سوپایی تازەدابێت و بەرامبەر بە هەر خاڵێکی دەسەڵات خاڵێکی چاودێریکردن دروست و سەروەر بکات.
بێگومان چاودێریکردن کاتێک مانای هەیە کە دەزگایی و یاسایی بێت. دەزگای تایبەت هەبێت کاری سەرەکیی چاودێریکردنی دەسەڵات و دەسەڵاتداران بێت، یاسا هەبێت دەسەڵات بەرامبەر بە هەڵەکانی و بەرامبەر بە توانای خراپبەکارهێنانی، بەرپرس و تاوانبار بکات. مەبەست لە چاودێریکردنی دەسەڵات  تەنها رێگرتن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و ئەنجامدانی گەندەڵیی، نییە، بەڵکو رێگەگرتنیشە لەوەی دەسەڵات بۆ ماوەی درێژ، یان بۆ هەمیشە، لە دەستی خێزان و بنەماڵە، یان کەمینیەکی بچوکدا کۆبکرێتەوەو لەم ڕەگایەوە هەموو کایە سیاسییەکە مۆنۆپۆڵبکرێت. لەم ئاستەدا مەسەلەی چاودێریکردنی دەسەڵات و رەخنەکردنی خراپبەکارهێنانەکانی، لەوە رزگاری دەبێت، تەنها کاری کۆمەڵەک ڕۆشنبیرو چالاکەوان و هەندێک دەزگای کۆمەڵگای مەدەنیی بێت، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە میکانیزمەکانی کارکردنی دەسەڵاتدارێتییەکە خۆی، لەناو عەقڵیەت و شێوازی حوکمڕانییەکە خۆیدا ئامادەدەبێت.
وەک وتم تێزی «پارتی سەرکردە» لە بنەرەتدا تێزێکی چەپڕەوانەیەو لە کەلەپوری لینینیزمەوە هاتوە، باس لە رۆڵی نوخبەیەکی پێشرەو لە گۆڕانکاریی کۆمەڵگادا دەکات، بەڵام ئەم تێزە لە کۆمەڵگای ئێمەدا سەری کراوە بەناو عەقڵیەت و سایکۆلۆژیای «تەوریسی سیاسیی»دا. پارتی سەرکردە مانای دەسەڵات سەرەتا بۆ «باوک»ە سیاسییەکانی ناو خێزانە سیاسییەکان، دوای ئەوانیش بۆ «منداڵە» سیاسیی و ناسیاسییەکانی هەمان خێزان و بنەماڵە.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand