راپۆرت: درەو مەسرور بارزانی پێش گەیشتنی بودجە بە پەرلەمان گەیشتە بەغداد، ئەگەر پشكی هەرێم لە بودجەی 2023دا بۆ رێژەی 14% بەرزبكرێتەوە، هەرێم بۆ هەر مانگێك بڕی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت، هەڵبەت دوای چارەسەركردنی كێشەی نەوتو بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، یەكێتیش چاوەڕوانی یەكلابوونەوەی گفتوگۆكانی دەكات لەگەڵ پارتیو ئەگەر نەگەنە رێككەوتن بیرۆكەیەكی بودجەی 2021ی عێراق زیندوو دەكاتەوە بۆ مامەڵەكردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. مەسرور بارزانی لە بەغداد مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغداد، لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران ئەمە دووەمجارە مەسرور بارزانی سەردانی بەغداد دەكات. كابینەی نۆیەم كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان) هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە یەكێك لە بەڵێنەكانی ئەوە بوو بەغداد بكات بە قوڵایی ستراتیژی خۆی، بەڵام سەرباری ئەمەش جارێكی تر ناردنی موچەی فەرمانبەران لە بەغدادەوە كێشەی تێكەوت. سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ رەوانەكردنی بودجەی 2023 بۆ پەرلەمانی عێراق، بەر لە پەسەندكردنی بودجە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پشكی هەرێمو نەوتەوە بگاتە رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ بەغدادو رێككەوتنەكە وەكو بڕگەیەك لەناو بودجەدا دەنگی لەسەر بدرێتو پەسەند بكرێت. یەكێتی چی دەكات ؟ دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم، زۆربەی جارەكان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران سەرۆكایەتی وەفدی حكومەتی هەرێمی دەكرد بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد سەبارەت بە نەوتو بودجە، بەڵام لە وەفدی ئەمڕۆی مەسرور بارزانیدا قوباد تاڵەبانی غیاب بوو. قوباد تاڵەبانی ماوەی زیاتر لە نزیكەی سێ مانگە ناچێتەوە بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمە پەیوەندی بە ناكۆكییەكانی ئەمدواییەی نێوان پارتیو یەكێتییەوە هەیە لەناو حكومەتو دەرەوەی حكومەت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەناو یەكێتیدا هەوڵێك هەیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد ئەگەر هاتوو تا كاتی پەسەندكردنی بودجەی 2023 لەگەڵ پارتی رێككەوتن نەكرێت. (درەو) زانیویەتی، لە حاڵی شكستهێنانی رێككەوتن لەگەڵ پارتی، یەكێتی دەیەوێت پرۆژەیەكی ساڵی 2021ی زیندوو بكاتەوەو لەناو بودجەی عێراق جێگیری بكات. ساڵی 2021 كاتێك بودجە پەسەندكرا، ژمارەیەك پەرلەمانتاری گروپی "هیوا" هەوڵیاندا بڕگەیەك لەناو بودجەدا جێگیر بكەن، بەپێی ئەو بڕگەیە ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبوو بە یاسای بودجەو پارەكەی بەغدادی بۆ موچەی فەرمانبەران خەرج نەكرد، هەر پارێزگایەكی هەرێم بتوانێت بەشێوەیەكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بكاتو پشكی خۆی وەربگرێت، ئەوكات یەكێتی بە توندی دژی ئەم بڕگەیە وەستایەوەو پەرلەمانتارەكانی خۆی لەناو ئەو هەوڵە هێنایە دەرەوە، بەڵام ئێستا كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی بە قۆناغێكی گرژدا گوزەر دەكات، دەیەوێت ئەو هەوڵە زیندوو بكاتەوەو دوور لە دەستی پارتیو حكومەتی هەرێم، موچەو بودجەی ناوچەی سلێمانی بەشێوەیەكی راستەوخۆ لە بەغدادەوە وەربگرێت، بۆ ئەم هەنگاوە بەهێزترین كارتی دەستی یەكێتی غازی كێڵگەی "كۆرمۆر"ە كە دەتوانێت بخاتە سەر مێزی گفتوگۆوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا. لەبارەی بودجەی 2023وە ساڵی 2022 حكومەت یاسای بودجەی نەبوو، لەبری بودجە پەرلەمان یاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراكی بۆ حكومەت پەسەندكرد، ئەمە یاسایەكی پڕ لە كێشمەكێش بوو، هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگی روسیاو ئۆكرانیا پەسەندكرا كە نرخی خواردەمەنی لەسەر ئاستی جیهان گرانبوونی بەخۆوە بینی. ئێستا كە كابینەی نوێی حكومەت بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی دەستبەكاربووەو دوای لایەنی سەرەكی كورد (پارتیو یەكێتی) بەشدارن لە ئیئتیلافی حوكمڕانی عێراق، حكومەت ئامادەكاری دەكات بۆ پەسەندكردنی بودجەی 2023 هەرچەندە پەسەندكردنی بودجەكە لە وادەی خۆی دواكەوتووە. یەكێك لە هۆكارەكانی پەسەندنەكردنی بودجە لە ساڵی 2022دا بۆ ئەو ململانێ توندە دەگەڕێتەوە كە دوای هەڵبژاردن لەنێوان دوو بەرەكەی شیعەدا (لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو سەدر) دروستبوو، كە ماوەی ساڵێك پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی دواخست. سودانی كە سەرۆكایەتی حكومەتی ئیئتیلافی نێوان لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو پارتیو یەكێتیو لایەنە سوننەكان دەكات، یەكێك لە بەڵێنەكانی ئەوەیە بودجەی 2023 پەسەند بكات. تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق رەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی 2023ی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران تاوەكو حكومەت دەنگی لەسەر بداتو رەوانەی پەرلەمان بكرێت بەمەستی پەسەندكردنی. بەپێی ئەوەی تائێستا زانراوە، بودجەی 2023 بەگەورترین بودجە دادەنرێت لەمێژووی عێراقدا، كە بڕەكەی (140 تریلیۆن) دینارەو بڕی (80 تریلیۆن) دیناری بۆ موچەو خەرجییەكانی حكومەت تەرخانكراوە. پێشبینی دەكرێت هەفتەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمانو دوای خوێندنەوەی یەكەمو دووەم پەرلەمان لە شوباتی داهاتوودا بودجەكە پەسەند بكات. بەپێی قسەی رۆژنامەی (سەباح) كە زمانحاڵی دەوڵەتی عێراقە، لە بودجەی 2023دا نرخی بەرمیلێك نەوت بە (70 دۆلار) دانراوە، نرخی دۆلاریش بە 1450 دیاریكراوە. رێككەوتنی هەولێرو بەغداد ئەگەر بودجەی 2023 وەكو ئەوەی باسدەكرێت (140 ترلیۆن) دینار بێت، ئەوا بڕی نزیكەی (40 ترلیۆن) دیناری بۆ بودجەی سیادیو حاكیمە دەڕوات كە بودجەی سەرۆكایەتییەكانو سوپاو دەستە سەربەخۆكانو كۆبونی خۆراكو چەند بوارێكی ترە، لەم حاڵەشدا بودجەكە بڕی (100 ترلیۆن) دیناری دەمێنێتەوە، پشكی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ناو ئەو (100 ترلیۆن) دینارەوە. پێشتر پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق (12.67%) بوو، بەڵام بەپێی قسەی هەندێك لە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغداد، پشكی هەرێم لە بودجەی 2023دا بۆ (14%) بەرزدەكرێتەوە، ئەگەر ئەم رێژەیە پەسەندبكرێت پشكی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2023ی عێراقدا بڕەكەی (14 ترلیۆن) دینار دەبێت، واتە هەرێم مانگانە نزیكەی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دینار لە بەغداد وەردەگرێت. دواین بودجە كە پشكی هەرێمی كوردستانی تێدا بوو بودجەی ساڵی 2013 بوو، لەم بودجەیەدا پشكی هەرێم زیاتر لە (14 ترلیۆن) دینار بوو، ئەوكات هەرێم مانگانە بڕی (ترلیۆنێكو 200 ملیار) دیناری لە بەغدادەوە بۆ دەهات، بەڵام دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم لە ساڵی 2014 دا سیاسەتی "ئابوری سەربەخۆ"ی راگەیاندو دەستیكرد بە فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی بڕی، ئیتر لەوكاتەوە لەبری كێشەی ناوچە كێشەلەسەرەكان، بابەتی فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ بووە بە تەوەری گەرمی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد. نەوتو بڕیاری دادگا لە بودجەی ئەم ساڵانەی دوایدا، بەهۆی سیاسەتی فرۆستنی سەربەخۆی نەوتەوە، حكومەتی عێراق بەردەوام پشكی هەرێم لە بودجەدا كەمدەكاتەوەو بڕی داهاتی نەوتی هەرێمی لێدەردەكات. شوبات ساڵی رابردوو كاتێك پارتیو یەكێتی وەكو دوو لایەنی دەسەڵاتداری هەرێم دابەشبوون بەسەر ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعەدا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕ حوكمی خۆی لەبارەی سكاڵایەكەوە دژی هەرێمی كوردستان دەركردو بەپێی حوكمەكەی یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو بڕیاریدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوتو غازی خۆی راددەستی بەغداد بكات. حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە پابەندنەبوونی خۆی بە حوكمەكەی دادگای فیدراڵیی راگەیاندو بڕیارەكەی بە سیاسی ناوبرد، وەزیری پێشووی نەوتی عێراقیش دەستیكرد بە هەڵگرتنی چەند هەنگاوێك دژی كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان، بەڵام دواجار نامەیەكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی لەدژی هەرێم راگرت تا ئەوكاتەی لە بودجەی 2023دا بەغدادو هەولێر دەگەنە رێككەوتن. ئێستا جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی هەرێمی كوردستان راگیراوە، بەڵام هێشتا وەكو چەقۆیەك وایە لەسەر گەردنی هەرێمی كوردستان بەدەست سیاسییەكانی عێراقەوە. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەر لە دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆك وەزیران، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ پەرلەمانتاران، بەنوێنەرانی كوردی وتبوو" من ناتوانم بڕیاری دادگای فیدراڵی رابگرم، چارەسەری ئەم كێشەیە بەوە دەبێت یاسای نەوتو غازی فیدراڵ دەربچێتو لەو یاسایەدا دەسەڵاتی هەردوو حكومەتی فیدراڵو هەرێم بەسەر سامانی نەوتو غازدا یەكلابكرێتەوە بەپێی ئەوەی لەدەستوردا هاتووە". پارتی وەكو لایەنێكی سەرەكی كە جومگە سەرەكییەكانی حكومەتی لە كوردستان بەدەستەوەیە، بەشدارە لە ئیئتیلافی پێكهێنەری حكومەتی نوێ لە عێراق، ئەم حكومەتە لەبەرنامەی كاری خۆیدا بەڵێنی ئەوەی داوە لەماوەی شەش مانگ دوای دەستبەكاربوونی پرۆژەیاسای نەوتو غازی فیدراڵ ئامادە بكاتو رەوانەی پەرلەمانی بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی، بەڵام دوای زیاتر لە دوو مانگ دەستبەكاربوونی هێشتا هیچ ئاماژەیەك لەئارادا نییە سەبارەت بەو پرۆژە یاسایە. دواین رێككەوتن لەنێوان هەولێرو بەغداد دواین رێككەوتنی نێوان هەرێمو بەغداد ئەو رێككەوتنە بوو كە لە یاسای بودجەی 2021دا كراوە. ماددەی (11)ی بودجەی 2021ی عێراق تایبەت بە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە موچەو نەوت، ئەم ماددەیە دەڵێ: • پاكتاوی شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵو هەرێمی كوردستان دەكرێت بۆ ساڵەكانی 2014 تاوەكو 2020. • هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕێك نەوت لە كێڵگەكانی بەرهەمدەهێنێت كە كەمتر نەبێ لە (460 هەزار) بەرمیل، بڕی پێویستی ئەم نەوتە تەرخاندەكرێت بۆ دابینكردنی خەرجی وەبەرهێنانو گواستنەوەو بەكاربردنی ناوخۆی هەرێمی كوردستانو بڕی تایبەت بە پترۆدۆلاری لێدەردەكرێت، دوای لێدەركردنی ئەم خەرجییانە، هەرێم داهاتی (250 هەزار) بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ رادەستی حكومەتی فیدڕاڵ دەكات. • حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی نانەوتیی خۆی بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵ رادەستی خەزێنەی دەوڵەت دەكات. • هەرێمی كوردستان قەرزەكانی بۆ بانكی بازرگانی عێراق دەگەڕێنێتەوە، وەزارەتی دارایی ئەم قەرزانەی هەرێم دەكات بە قیستی مانگانەو لە بەشە بودجەی هەرێمی دەبڕێت، پێدانەوەی ئەم قەرزە لەمساڵەوە دەستپێدەكات و بەماوەی (7 ساڵ) تەواو دەبێت. • دوای جێبەجێكردنی خاڵەكانی سەرەوە، حكومەتی عێراق ئامادەیە شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بدات. • دەبێت هەرێمی كوردستان لیستی فەرمانبەرانی مەدەنیو سەربازیی خۆی رادەستی بەغداد بكات بە وردەكاری تەواوەتی پلەی وەزیفییانەوە. • هەرێمی كوردستان پابەندكراوە ئەو پارەیەی لە بەغداد وەریدەگرێت، بەر لە هەر شتێكی تر بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی خەرج بكات. لە هەموو حاڵەكاندا پەسەندكردنی بودجە دەكەوێتە پێش پەسەندكردنی یاسای نەوتو غاز (هەڵبەت ئەگەر لە بنەڕەتەوە ئەو یاسایە هەر پەسەندبكرێت)، لەم حاڵەدا دەبێت هەرێمو بەغداد چارەسەرێك بۆ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بدۆزنەوەو رێككەوتنێكی نوێ ئیمزا بكەن لەبارەی نەوتی هەرێمو پشكی بودجەی عێراق.
درەو: ئەحمەد بامەڕنێ پەرلەمانتاری خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان، لە رۆژی 15/12/1992 لەنامەیەكدا بۆ هاوسەرەكەی نووسیوە كە لەفەرنسابووەو دەڵێت"ئێستا دۆخی كوردستان زۆر خراپە كارەبا تەنیا (2-3) كاتژمێر هەیە". لە ئێستادا كارەبا لە ناو شاری سلێمانی، لە (24) كاتژمێردا، هەندێك ناوچەی سلێمانی تەنیا (2) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوڵاتیان، لە ساڵی 1992 رۆژانە (3) كاتژمێر دەدرایە هاوڵاتیان، هۆكارەكەی دەوترێت "بەهۆی ناعەداڵەتی لە دابەشكردنی كارەباو بێ خاوەنی سلێمانیەوە". خەرجی مانگانەی كارەبا بەپێی راگەیەندراوی فەرمی حكومەت مانگانە (100) ملیار دینارە، تێچۆی بەستنی پێوەی زیرەك (300) ملیار دیناربوو، مانگانە نزیكە (70) ملیار دینار خەرجی كرێی مۆلیدەیە كە هاوڵاتیان، خەرجی وەزارەتی كارەباش (17) ملیار دینارە، بەڵام كارەبا نزیك دەبێتەوە لە سفر . لە (2022 ەوە بۆ 1992) ئێستا كارەبا لە هەرێمی كوردستان زۆر كەم بووەتەوەو لە نێوان ( 6 بۆ 8) كاتژمێر كارەبا دەدرێت بە هاوڵاتیان، بەڵام لەناو شاری سلێمانی و لە هەندێك ناوچە پێدانی كاتمژێرەكانی كارەبا لە (2 -4) كاتژمێر كارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان، خەرێكە پێدانی كارەبا لە سفر نزیك دەبێتەوە، (درەو) بەدوادا چونی كرد لە شارەزایان و بەرپرسانی كارەبا، ئەوان هۆكارەكەیان گەڕاندەوە بۆ (ناعەدالەتی لە دابەشكردنی كارەبا و بێساحێبی سلێمانی كە كەس نیە بەرگری لێبكات). پێدانی ئەو رێژە كارەبایە باودۆخی كارەبا دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتای راپەڕینی بەهاری 1992 كە دۆخی خزمەتگوزاری و موچەو كارەبا زۆر خراپ بوو، حكومەتی عێراق دامودەزگاكانی خۆی لە شارەكانی كوردستان كشاندبووەوە. ئەحمەد بامەڕنێ باڵیۆزو پەرلەمانتاری پێشوی كوردستان لە 15/12/1992 لە نامەیەكدا كە بۆ هاوسەرەكەی نوسیوە كە لە فەرەنسایە دەڵێت: دۆخی كوردستان خراپە ئێستا كارەبا رۆژی 2 بۆ 3 كاتژمێر هەیە، هەروەها بە شەویش زۆربەی كات بێكارەباین. خواست لەسەر كارەبا بەپێی راگەیەندراوە فەرمییەكانی وەزارەتی كارەبا، ئێستا (3600) مێگاوات كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام خواست لەسەر كارەبا بۆ زیاتر لە (6600) مێگاوات بەرزبووەتەوە. لەكاتێكدا سایتی فەرمی وەزارەتی كارەبا لەسەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند" لە كابینەی نۆیەمدا (615) مێگاوات كارەبا زیادیكردووە"و رۆژانە وێستگەی كارەبا دەكرێتەوەو باس لە زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكرێت، بەڵام ئێستا رۆژانە تەنیا (7) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دابین دەكرێت. پێوەری زیرەك پێدانی كارەبای كەمكردوەتەوە ! ئایاری ئەمساڵ وەفدێك لە كۆماری (كۆنگۆ)وە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، وەفدەكە (كەمال محەمەد) وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بینی، وەزارەتی كارەبا لەبارەی ئەم دیدارەوە رایگەیاند، وەفدەكەی كۆنگۆ هاتوون بۆ ئەوەی سود لە ئەزمونی (پێوەری زیرەك)ی هەرێمی كوردستان وەربگرن. ئەوكات وەزارەتی كارەبا باسی لەوە دەكرد، بەهۆی پرۆژەی (پێوەری زیرەك)ەوە رێژەی بەفیڕۆچوونی كارەبای لە 49%ەوە بۆ 39% كەمكردوەتەوە، بانگەشەی وەزارەت بۆ پێوەری زیرەك بەوشێوەیە بوو پێوەرەكە ماوەی 2 بۆ 3 كاتژمێری كاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر بكات لەوەی كە هەیە. كەمال محەمەد وەزیری كارەبایە لەسەر پشكی پارتی، ئەم پیاوە بەمدواییە وەزارەتێكی تریشی وەرگرت، بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی كەمال ئەتروشییەوە بە وەكالەت كراوە بە وەزیری سامانە سروشتییەكان، واتە لە یەككاتدا دوو وەزارەتی هەستیار بەڕێوەدەبات، كە هەردووكیان چەندین ساڵە گلەییو ناڕەزایەتییان لەسەرە. ئێستا لە هەرێمی كوردستان (ملیۆنێكو 776 هەزارو 963) هاوبەشی كارەبا هەیە، لەم رێژەیە (ملیۆنێكو 300 هەزار) هاوبەش پێوەری زیرەكی كارەبایان بەستووە، كە دەكاتە رێژەی (73%)ی تێكڕای هاوبەشەكانی كارەبا، سەرباری زۆری ژمارەی ئەوانەی پێوەری زیرەكیان بەستووە، بەڵام كاتی پێدانی كارەبای نیشتمانی ئێستا لە (16) كاتژمێرەوە بۆ (6) كاتژمێر كەمیكردووە، واتا بەپێچەوانەی لێدوانەكانی وەزارەتی كارەباوە، پێوەری زیرەك كاتی پێدانی كارەبای نیشتمانی بەڕێژەی (62%) كەمكردوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە خەرجی بەستنی پێوەری زیرەك نزیكەی (300) ملیار دیناربووە. داهاتو خەرجی كارەبا لە هەرێمی كوردستان داهاتێكی زۆر لە كارەبادا خەرج دەكرێت، بەجۆرێك ئێستا مانگانە زیاتر لە (100 ) ملیار دینار بۆ ئەو كۆمپانیایانە خەرج دەكرێت كە كارەبا بەرهەمدەهێنن. لەپاڵ خەرجی بەرهەمهێنانی كارەبادا، كۆی خەرجی مانگانەی موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا (17 ملیارو 850 ملیۆن) دینارە، ئەمە سەرەڕای ئەو پارەیەی هاوڵاتیان مانگانە خەرجی دەكەن بۆ كڕینی كارەبا لە مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ مۆلیدە ئەهلییەكان. لە هەرێمی كوردستان ژمارەی هاوبەشانی كارەبا بۆ (ملیۆنێكو 776 هەزارو 963) هاوبەش زیادیكردووە، ئەگەر بە تێكڕا (4) ئەمپێر بۆ هەر خێزانێك لە كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان ئەژمار بكرێتو نرخی هەر ئەمپێرێكیش بە (10 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، ئەوا هەر خێزانێك مانگانە بەتێكڕا (40) هەزار دینار پارە لە كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكاندا خەرج دەكات، تێكڕای خەرجی هاوڵاتیان بۆ كڕینی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان مانگانە دەگاتە (71 ملیار) دینار. بەو پێیەش كۆی خەرجی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەوەی حكومەت دەیداتو بەوەشەوە كە هاوڵاتیان دەیدەن بە كرێی مۆلیدە، مانگانە زیاترە لە (200 ملیار) دینارە. ئەم خەرجییە لەكاتێكدایە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كارەبا، داهاتی كرێی كارەبا مانگانە نزیكەی (50 ملیار) دینارە، ساڵی رابردوو كۆی گشتی داهاتی كارەبا بڕەكەی (456 ملیار) دینار بووە، ئێستا نزیكەی (تریلیۆنێكو 298 ملیار) دینار قەرزی كارەبای حكومەت لای هاوڵاتیانەو حكومەت خۆشی بڕی (3 ملیارو 883 ملیۆن) دۆلار قەرزاری كۆمپانیاكانە. راپۆرتی پەیوەندیدار كەرتی تایبەت كێشەی كارەبا كۆتایی پێدێنێت؟ پێوەری زیرەك پێدانی كارەبای كەمكردەوە حكومەت لە كەرتی كارەبادا شكستی هێناوە
(درەو): كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو دەبێت خۆیان لەگەڵ رێنماییەكی بانكی ناوەندی عێراقدا بگونجێنن، ئەگەرنا مۆڵەتی كاركردنیان لێ وەردەگیرێتەوە. لە هەنگاوێكی نوێدا بۆ كۆنترۆڵكردنی بازاڕی دراو، لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق نوسراوێكی دەكردووەو داوا دەكات كۆمپانیاكانی ئاڵۆگۆڕی دراو خۆیان بگونجێنن لەگەڵ رێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2022ی هەمواركراو تایبەت بە رێكخستنی كاری كۆمپانیاكانی دراو. بەگوێرەی ئەو نوسراوە كە بانكی ناوەندیی عێراق رۆژی 2ی ئەم مانگە دەریكردووە، كۆمپانیاكان جۆری (A و B) دەبێت ئەم دوو هەنگاوە جێبەجێ بكەن، ئەگەر نا دادەخرێنو مۆڵەتی كاركردنیان لێوەردەگیرێتەوە: • تاوەكو رۆژی 1ی ئازاری ئەمساڵ سەردانی لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراقو لقی سلێمانی بانكی ناوەندی هەرێم بكەن بۆ جێبەجێكردنو خۆگونجاندن لەگەڵ رێنماییەكان، بۆ ئەمەش دەبێت داواكاری پێشكەش بەمەبەستی بۆ یەكگرتنیان. • لەدوای 1ی ئازارەوە هەر كۆمپانیایەك كە خۆی لەگەڵ رێنماییەكان نەگونجێت، دادەخرێتو مۆڵەتی كاركردنی لێ وەردەگیرێتەوە. بەگوێرەی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی، نابێت كۆمپانیای جۆری (A) سەرمایەكەی لە (5 ملیار) دینار كەمتر بێت، جۆری (B) سەرمایەكەی لە (2 ملیارو 500 ملیۆن) دینار كەمتر بێت، ئەمە پێویست دەكات لەسەر كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو پێكەوە یەكبگرنو سەرمایەكەیان بۆ ئەو دوو ئاستە بەرزبكەنەوە، رەنگە ئەمە زیاتر لە 5 كۆمپانیا ناچار بكات پێكەوە یەكبگرن. حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی جێبەجێكردنی رێنماییەكانی بانكی ناوەندی دەكات، ئەمە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی كۆمپانیاكانی عێراق سودمەند ببن لە وەرگرتنی هەفتانەی دۆلار لە بانكی ناوەندی بە نرخی فەرمی. ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی هەولێرو سلێمانی بۆ (161 هەزارو 500) دینار بەرزبووەوە، ئەمە بەرزبوونەوەیەكی بێ پێشینە بوو، ئەمە لەكاتێكدایە نرخی دۆلار بەشێوەی فەرمی لە بانكی ناوەندی عێراق بۆ هەر 100 دۆلارێك بڕی (146 هەزار) دینارە. كاتێك بەهۆی قەیرانی داراییو دابەزینی نرخی نەوتەوە عێراق توشی قەیرانی دارایی بوو، حكومەتی مستەفا كازمی بە پشتیوانی لایەنە سیاسییەكانو بە هەماهەنگیی لەگەڵ بانكی دراوی نێودەوڵەتی لە كۆتاییەكانی ساڵی 2020دا دەستكاری بەهای دۆلاری كردو نرخی هەر دۆلارێكی ئەمریكی لەبەرامبەر (هەزارو 460) دیناردا جێگیركرد. ئەم بڕیارە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا داهاتەكانی حكومەتی عێراقی بەشێوەیەكی پێشبینی نەكراو بەرزكردەوە، بەڵام نرخی كاڵاو شمەكی لەبازاڕدا بەرزكردەوەو ناڕەزایەتی دروستكرد. بەڵام ئەم نرخە تا كۆتایی بەجێگیریی نەمایەوەو ماوەی زیاتر لە 40 رۆژە تادێت بەهای دینار لەبەردەم دۆلاردا پاشەكشێی دەكات، رێوشوێنەكانی حكومەتو بانكی ناوەندی تائێستا نەیانتوانیوە بازاڕ كۆنترۆڵ بكەن. بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بەرژەوەندی هەردوو حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستاندایە، چونكە هەردوو حكومەتەكە سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكانیان بریتییە لە فرۆشتنی نەوتو پارەی نەوتیش بە دۆلار دەگەڕێتەوە، بەڵام فەرمانبەرانو موچەخۆران داهاتەكانیان بە دینار وەردەگرنو زەرەرمەندی گەورەن.
راپۆرت: درهو لە مەڵبەندی یەكێتیییەوە لە شاری سلێمانی، سەرۆكو جێگرو ستافی نوێی (كۆمەڵەی رۆشنبیری موختارەكان) دەستبەكاربوون، سەرۆكی كۆمەڵەكە ناوی "مارشاڵ"ە، موختار چییەو ئەركەكانی چین، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. مارشاڵ دهستبهكاربوو كۆمەڵەكەی رۆشنبیری موختارەكان رۆژی 3ی كانونی یەكەمی ساڵی رابردوو كۆنگرەی خۆی بەست، ستافێكی نوێی هەڵبژارد. سەرۆكی نوێی كۆمەڵەكە كەسێكە بەناوی (مارشاڵ مەحمود). مەراسیمی دەستبەكاربوونی ستافی نوێی كۆمەڵەكە لە مەڵبەندی یەكێتیی لە سلێمانی بەڕێوەچوو، جەزا سەید مجید لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتیی وتی" كۆمەڵەی رۆشنبیری موختارەكان ئەڵقەی یەكەمی نێوان هاوڵاتیانو فەرمانگە حكومیەكانن". ئۆفێسی سەرەكی ئەم كۆمەڵەیە دەكەوێتە بەرامبەر گردی زەرگەتە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان. چیرۆكی "موختار" موختار لە بنەڕەتەوە بەو كەسە دەوترا كە خەڵكی گوندێك یان شارۆچكەیەكی بچوك لەناو خۆیاندا هەڵیاندەبژارد، بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان سەرەتای بەكارهێنانی ناوی "موختار" بۆ سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەكان دەگەڕێتەوە، توركە عوسمانییەكان یەكەم كەس بوون لە ناوچەكەدا كە ناوی موختاریان ناوە لە نوێنەری گوندەكان لە فەلەستین. لەسەردەمی عوسمانییەكاندا موختار ئەلقەی پەیوەندی نێوان خەڵكی گوندەكانو دەسەڵاتداران بوو، لە 8ی نۆڤێمبەری 1864دا دەوڵەتی عوسمانیی سیستمی كارگێڕی خۆی راگەیاند، بەپێی ئەم سیستمە دەوڵەت دابەشكرا بەسەر چەند (ولایەت)ێكدا، پاشان چەند لیوایەك "سەنجەق"و دواتریش (قەزا)و (ناحیە)و (گوندەكان)، ئیتر لەوكاتەوە هەموو گوندێك موختارێكی بۆ دانراو موختارەكە سەربە بەڕێوەبەری ناحیە بوو. سەرباری ئەوەی ژیان گەشەی كردووەو شێوازی نوێنەرایەتی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هێشتا موختارەكان كاری خۆیان لەدەستنەداوە، ئەمانە ئێستا چاودێرن بەسەر دانیشتوانی گەڕەكانەوە لەناو شارەكاندا، بەبێ پاڵشتی ئەمان زۆرجار فەرمانگەكان ناتوانن كاروباری هاوڵاتیان رایی بكەن، بەتایبەتیش لە بابەتی پشتگیری نیشتەجێبووندا. ساڵی 2015 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا چیتر كار بە نوسراوی پشتگیری نیشتەجێبوونی موختارەكان نەكرێتو لەبری ئەوە تەنیا كار بە (كارتی زانیاریی) بكرێت. بەڵام ساڵی 2021 وەزارەتی ناوخۆ رێنماییەكی نوێی دەركردو تێیدا ئەركەكانی موختاری بەمشێوەیە دیاریكردووە: • كۆكردنەوەی ئاماری وردی دانیشتوانی گەڕەك یان گوندو هەڵگرتنی زانیارییەكان لە تۆمارێكدا بەشێوەی "نهێنی". • ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار لە: - هەر جموجوڵو كارێكی گوماناوی كە هەڕەشە لە بارودۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكات. - زێدەڕۆیی لەسەر موڵك و ماڵی گشتی، كارە نا یاسایی و نامۆكان وەك ئەو كارانەی كەوا دوورن لە رەوشتی باش و رەوشتی گشتی. ئەركەكانی موختار چین ؟ لە عێراقی سەددامو دوای روخانی سەددامیشدا موختارەكان بەپێی یاسا شێوازی كاركردنیان بۆ دەستنیشان كراوە، پارێزەر (ئارام رەزا سەعید) لەبابەتێكدا رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی لەبارەی ئەركەكانی موختار بەمشێوەیە روون كردوەتەوە: 1- پەڕاوی ئاگاداركردنەوە، لەڕێی موختارەكان دەنێردرێت بۆ شاهیدەكان بۆ ئەوەی لەبەردەم دادوەر یان لێكۆڵەر ئامادە بن، لەو رووداوەی لەبەردەمیان خراوەتەڕوو. (ماددە 59 یاسای یاسای شێوازەكانی دادبینیكردنی سزایی). 2- ماڵی تۆمەتبار بە ئامادەبوونی تۆمەتبار یان خاوەن ماڵ لەگەڵ دوو شاهیدو موختار دەپشكێندرێت. واتە ئەو كاتەی تاوانێك روودەداتو پێویست دەكات ماڵێك بپشكێندرێت، پێویستە موختاری گوند یان گەڕەك ئامادە بێت لەگەڵ دوو شاهید. (ماددە 82 هەمان یاسا). 3- موختار بە یەكێك لە ئەندامانی رێكخستنی دادوەری دادەندرێتو پێویستە موختار دەسەلاتی پەیوەندیدار لە روودانی تاوان ئاگادار بكاتەوەو تۆمەتبار دەستگیر بكاتو ئەو كەسانەش بپارێزێت كە هەڕەشەیان لەسەرە یان مەترسییەكیان لە ئەنجامی تاوانێك لەسەرە. (ماددەی 39 لە ھەمان یاسا). بەپێی رێنمایی ساڵی 2013 ی وەزارەتی ناوخۆ، رێنمایی تایبەت بە كاری موختارەكان 4- جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەی، یاسای شێوازەكانی دادگاییكردنی سزایی بە موختاری سپاردووە. 5- پێویستە لەسەر موختار، دوای راسپاردنی وەك موختار، ئامارێكی وردی دانیشتووان كۆبكاتەوە و زانیارییەكان لە تۆمارێكدا هەڵبگرێت بە شێوەی نهێنی. 6- ئاگاداركردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار لە: ا- هەر جموجۆڵ و كارێكی گوماناوی، كە هەرەشە لە ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكات. ب- زێدەڕۆیی لەسەر موڵك و ماڵی گشتی، وە كارە نا یاسایی و نامۆكان وەك ئەو كارانەی كەوا دوورن لە رەوشتی باش و رەوشتی گشتی. ج- هەستپێكردن و هەبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ترسناك و گواستراوەو میكرۆبییەكان. د- لە كاتی كۆچكردنی یەكجارەكی یان هاتنی یەكجارەكی هەر خێزانێكی نوێ بۆ گەڕەك یان گوند. ھ- لە كاتی نیشتەجێبوونی هەر خێزانێكی ئاوارەی غەیرە عێراقی. 7- رێكخستنی پشتگیری نیشتەجێبوون و بەڵگەنامە پێویستەكان و پەسەندكردنی لە سنووری كارەكەی. 8 - پێویستە موختار ئەو تۆمارانەی لا هەبێت: ا - تۆماری دانیشتووانی سنووری كارەكەی، بە ژمارەی گەڕەك و كۆڵان و خانوو و كاری هەر ئەندامێكی هەر خێزانێك. ب- تۆماری نیشتەجێبوونی نوێی خێزان لە سنوورەكەی و ئەو خێزانانەی كە لێیەوە دەردەچن. ج- تۆماری خێزانە بیانییەكان. د- تۆماری لەدایك بووان و مردووان. 9- پابەند بێت بە ئەخلاقیاتی پیشەكەی و دەست وەرنەدات لە لایەنی سیاسی دانیشتووان و پاراستنی نهێنییەكان كە لەكاتی پەیڕەوكردنی كارەكەی دەستی دەكەوێت. 10- هەر ئەركێكی تر كە لە یاسا كارپێكراوەكان دیاریكراوە یان هەر ئەركێك لە لایەن پارێزگا پێی دەسپێردرێت. بۆ زانیاریش، بەپێی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ، موختار بڕە پارەیەك مانگانە وەردەگرێت كە 500 هەزار دینارە ئەگەر موختاری پارێزگاكان بێت، موختاری نێو گەڕەكەكانی قەزاكان 400 هەزار دینار وەردەگرێتو موختاری گوندو گەرەكەكانی ناحیەكانیش 350 هەزار دینار وەردەگرێت. و بۆی هەیە لەبری هەر مۆرێك كە بۆ پشتگیریكردنی هاوڵاتییان دەیدات، تەنیا 1000 دینار وەربگرێت. پێكهاتهی نوێی كۆمهڵهی موختارهكان
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) هەموو مرۆڤیک کە لەدایکدەبێت دەکەوێتە ناو زیاد لە ژینگەیەکەوە و هەریەکێکیش لەو ژینگانە کاریگەریی تایبەت لەسەر ئەو کەسە بەجێدەهێڵن. دەکریت لێردا چوار جۆر ژینگەی سەرەکیی لەیەکتری جیابکاینەوە. یەکەمیان: ژینگەی مادیی و سروشتییە. دووهەمیان ژینگەی کۆمەلایەتیی و کولتورییە. سیهەمیان: ژینگەی مەعریفی و جوارەهەمیان: ژینگەی ئەخلاقییە. ژینگەی یەکەمیان ئەو ژینگە فیزیاییە کە مرۆڤ تیایدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت، ئەم ژینگەیە پەیوەندیی بە هەڵکەوتەی جوگرافیی ئاکاری ئەو سروشت و کەش و هەوایەوە هەیە کە مرۆڤ لەناویدا دەژیی. لەم ڕووەوە ژینگە هەیە بیابانیی و گەرم و ناسەوز، ژینگەش هەیە شاخاویی و تەڕ و پڕ لە درەخت. ژینگە هەیە بەستەڵەک و سارد و بەستوو، ژینگەی تر هەیە دەریایی و فێنک و سەوز و پڕ ئاو، هتد.... ئەم ژینگە جیاوازانە کاریگەریی جیاوازیان لەسەر ژیان و هەڵسوکەوت و پەیوەندیی کەسەکان بەیەکترییەوە، هەیە. ئەگەر ژینگەکە بیابانی و گەرمبێت، کاریگەریەک جێدەهێڵێت جیاواز لەوەی بەستەڵەک و بەفراویی و بەستوو بێت، ئەگەر لە پاڵ دەریا و ڕوبار و سەوزایی زۆردابێت، جیاوازدەبێت لە شوێنێکی وشک و برینگ و گەرم و بێدار و درەخت بێت. گرێدانی شێوازی ئاکار و جۆری پەیوەندیی و شێوەژیانی خەڵک، تەنانەت گرێدانی شێوازی بیرکردنەوەی مرڤەکان، بەو ژینگە مادیی و سروشتییەوە مێژوویەکی درێژی لە فیکری تیوریدا، هەیە. لە دونیای ئێمەدا، بۆ نموونە لای کەسانی وەک فارابی و ئیبن خەلدون، لە ئەوروپاشدا تا سەردەمی مۆنتسیکیو، ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە ئامادەبووە. ئەو تیورەیەی لێرەدا ئامادەبووە گریمانی گرێدانی هەڵسوکەوت و باوەڕ و عەقیدەی خەڵکی کردوە، بە جۆری کەش و هەواو و ئەو ژینگە مادییە سروشتییەوە کە لەناویدا، دەژین. فارابی تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت ژینگەی مادیی و کەش و هەوا و سروشتی شوێنێک، جۆرێک لە خەڵک دروستدەکات کە «تەبع»ی تایبەت و خو و ڕەوشت و ئاکاریان تەواو جیاوازبێت لە کەسانیتری ناو ژینگەی تری جیاواز لەو ژینگەیە، ئەمەش وایلێدەکات بەو قەناعەتە بگات کە دینێک ناتوانێت بۆ هەموو مرۆڤایەتی بشێت و بەکەڵکی هەموو کۆمەڵگاکان بێت، بەڵکو ژینگەی جیاواز و خەڵکی جیاواز پێویستیان بە دینیی جیاواز هەیە. ژینگەی دووهەم «ژینگەی کۆمەڵایەتیی و کولتورییە»ە. ئەم ژینگەیە ئەو چوارچێوە کۆمەڵایەتیی و کولتورییە هاوبەشە دروستدەکات کە کۆمەڵگاکان لە مێژووی خۆیاندا بۆ ڕێکخستنی پێکەوەبوونی کەسە جیاوازەکانی ناوی، بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی هەندێک هاوبەشی تایبەت، دروستیدەکەن. لێرەدا قسە لە بوونی کۆمەڵێک بەها و نرخ و عادەت و خوی کۆڵەیەتی و شێوازی مامەلەکردن دەکرێت، کە کەسەکان پەیڕەوی دەکەن و لە ڕێگایەوە ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆیان ڕێکدەخەن. باس لەوە دەکرێت خەڵک چۆن و بە چ شێوەیەک کاردەکەن، چۆن پێداویستییە سەرەکییەکانیان دابیندەکەن، چۆن پارە پەیدادەکەن، چۆن حوکمدەکەن، هتد...هاوکات قسەش لە دابەشبوونەکانی ناو کۆمەڵگا دەکریت، بۆ نموونە، ئایا کەسەکان سەر بە چ گروپێکی کۆمەڵایەتیی، ئەتنی، کام دین، کام ناوچەی دیاریکراون. لە ئاستی دەرەکیدا باس لەوەدەکرێت مرۆڤ لە کام دەوڵەتدا دەژی، سەر بە چ نەتەوەیەکە، لە چ بەشێکی جیهاندا نیشتەجێیە. هەموو ئەمانە کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئەوە هەیە مرۆڤ چۆن دەژیی و چۆن بیردەکاتەوە و چۆن هەڵسوکەوت دەکات. بۆ نموونە، گەر کەسێک کورد بیت و لە ئێران یان لە تورکیادا بژیی، تەواو جیاوازە لە کەسێک فەرەنسیی یان ئەمریکی یان سویدی بیت و لە یەکێک لەو ولاتانەدا بژیی. ژینگەی کۆمەلایەتیی پەیوەندیی بەو ژینگە خێزانیی و پێگە چینایەتیی و دینیی و ئەتنیی و نەتەوەییەوە هەیە کە مرۆڤ هەڵگریەتی. هەرچی ژینگەی کولتورییە، پەیوەندیی بە کۆی ئەو بەها و نرخ و عادەت و «خو» و «ڕەوشت»انەوە هەیە کە لەو ژینگەیەدا ئامادەیە. ژینگەی سێهەم، «ژینگەی مەعریفیی»ە. ئەمەیان ئەو ژینگەیەیە کە تیایدا مرۆڤ پرسیارەکانی دەکات و لە ڕێگای زانیاریی و مەعریفە و زانستەوە وەڵامی ئەو پرسیارانەی، دەستدەکەوێت و دەتوانێت لەو جیهانە بگات کە لەناویدا دەژیی. ئەم ژینگەیە، بە پلەی یەکەم، پەیوەندیی بە جۆری ئەو قوتابخانە و فێرگانەوە هەیە کە مرۆڤ لەناویاندا فێردەبێت پرسیاربکات و و بیربکاتەوە و بەرخوردبکات. سیستمی خوێندن و فێربوون بنەما و کۆڵەکەی سەرەکیی «ژینگەی مەعریفیی» پێکدەهێنێت کە مرۆڤ لەناویدا پێدەگات، فێردەبێت بەشێوەیەکی زانستییانە بیربکاتەوە و دیاردەکان و شتەکانی دەوربەری، تێبگات و ڕاڤەبکات. بۆ نموونە دەکرێت جیاوازییەکی گەورە ببینین لەنێوان کەسێکدا لە ناو سیستمێکی خوێندنی تازەی شارستانیی و لە زانکۆیەکی هاوچەرخ و پێشکەوتودا خوێندبێتی، لەگەڵ کەسێکدا لەناو سیستمێکی خوێندنی سونەتیی و جۆریک لە زانکۆی دواکەوتودا فێربووبێت. ئەگەری ئەوە گەورەیە کەسی یەکەمیان وزەی پرسیارکردن و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەهێزتر و پێگەیشتوتربێت لە کەسی دووهەمیان. کەسێک لە ژینگەیەی مەعریفیدا بژیی کە دەزگا و ناوەندی دیاریکراوی تێدابێت خەریکی لێکۆڵینەوەی زانستییبێت لەسەر ئەو دیاردانەی رووئەدەن، تەواو جیاواز دەبێت لەوەی لە ژینگەیەکی مەعریفی تەواو هەژار و بێزانیاریدا بژیی. سیستمێکی فێربوونی وەک ئەو «مەدرەسە دینیی» و «مەدرەسە قورئانیانە»ی لە پاکستان بە پارەی وڵاتانی خەلیج دروستکرا و تاڵیبانی تێدا پەروەردەکرا، تەواو جیاوازە لەو سیستمی خوێندنانەی زانا گەورەکانی جیهان لە بوارە جیاوازەکانی زانستدا، پێدەگەیەنن. ژینگەی مەعریفیی یەکێکە لە ژینگە گرنگەکانی ناو ژیانی مرۆڤ کە دەشێت هەم بیکات بە زانایەکی گەورە، هەم بە جاهیل و دڕندەیەکی، گەورەش. ژینگەی چوارهەم بریتییە لەو «ژینگە ئەخلاقی»یەی مرۆڤ لەناویدا لەدایکدەبێت و گەورەدەبێت. ”ژینگەی ئەخلاقیی“ بریتییە لەو کەش و ھەوا فەرھەنگیی و فیکرییە کەسەکان لەناویدا ئامادەن و پێماندەڵێت چۆن بژین و چۆن هەڵسوکەوت بکەین و چ جۆرە مامەڵەیەکی خۆمان و ئەوانەش بکەین لە خۆمان ناچن و جیاوازن. ئەم ژینگە ئەخلاقییە دەستنیشانی ئەوە دەکات چی قبووڵبکەین و چی قبووڵنەکەین، بە چی رازیبین و بەچیش ناڕازیی، چی بە ئاسایی و شیاو بزانین و چیمان بەلاوە نائسایی و نەشیاوبێت. پێماندەڵێت چی قابیلی ئیعجاب و چی شوێنی نەفرەتلێکردنمان بێت. «ژینگەی ئەخلاقیی» دستنیشانی ئیدراک و تێگەیشتنمان دەکات سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژین بە باشیی و بە چاکیی بەڕێوەدەچێت، یاخود لە دۆخی خراپبوون و تێکچووندایە. دەستنیشانی ئەوە دەکات چی لەسەر ئێمە پێویستە بەرامبەر بە خۆمان و بەرامبەر بەوانیتر ئەنجامیبدەین، چیش پێویستە نەکرێن و ئەنجامنەدرێن. ”ژینگە ئەخلاقیی“ هاوکات کاردانەوە عاتفییەکانیشمان دیاریدەکات، دەستنیشانی ئەوەدەکات چی مایەی فەخرکردن و چی مایەی شەرمکردن بێت، چی توڕەمان بکات و چی وامان لێبکات سوپاسگوزار و ڕازیبین. پێمان دەڵێت دەکرێت چاو لە چی بپۆشین و چی لەبیرببکەین، چاو لەچیش نەپۆشین و چ شتێکیش لەبیر نەکەین. بە کورتیی، ئەم ژینگە ئەخلاقییە سەرچاوەی ”پێوەرە ئەخلاقیی“ەکانمانە. جیاوازیی «ژینگەی مادیی» و «سروشتیی» لەگەڵ ژینگەکانی تردا ئەوەیە کە یەکەمیان، زۆربەی کات، ژینگەیەکی پێدراوە، خۆی هەیە، بوونێکی بابەتیی هەیە و مرۆڤ خۆی لەناویدا ئەدۆزێتەوە. بەڵام کۆی ژینگەکانی تر ژینگەی مرۆڤکردن، مرۆڤەکان خۆیان و بەیەکەوە دروستیدەکەن و هەرخۆشیان دەتوانن بیگۆڕن. ئەوەی لێرەدا گرنگە جەختی لێبکەین ئەوەیە مرۆڤ وەکچۆن پێویستە لە خەمی ژینگەی یەکەمیاندا بێت ، ژینگە سروشتییەکە، بۆئەوەی وێرانی نەکات و ژیانی خۆی و نەوەکانی داھاتوو نەخاتە مەترسییەوە، بەھەمان شێوە پێویستە لە خەمی ژینگەکانی تریشدا بێت بۆ ئەوەی ئازاری خۆی و ئازاری مرۆڤەکانی تر نەدات، هەم خۆی وەک مرۆڤێکی باش و دروستکەر و چاکەکار ھەبێت و هەم ژینگە کۆمەڵایەتیی و کولتوریی و مەعریفیی و ئەخلاقیەکەشی. کۆی ئەم ژینگانەش بە بەردەوامی لە جوڵە و گۆڕان و تازەبوونەوەدان، هیچ یەکێکیان جێگیر و نەگۆڕ نییە، تەنانەت ژینگە مادیی و سروشتییەکەش دەگۆڕێت. بینین و تێگەیشتن لەم ڕاستییە سادەیە یەکێکە لە ڕێگا سەرەکیی و بنەرەتییەکانی دروستکردنی دونیایەکی باشتر و گونجاوتر، لەوەی لە ئێستادا هەیە و ئامادەیە. بە بۆچونی من کۆی ئەم ژینگانە لە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەدا لە قەیرانی گەورە و هەمەلایەندان. ژینگە مادیی و سروشتییەکە ڕووی لە تێکچون و داوەشانە. مرۆڤ هەر سەریی ئەو هەموو پلاستیک و نایلۆن و باغە و خاشاکە زۆرە بکات کە لە لە شوێنە گەشتیریەکاندا بەجێیدەهێڵن و بەناو سروشتدا بڵاودەبێتەوە. ئینجا ژمارەی ئەو هەموو بیرە تایبەتانە کە بۆ دەرهێنانی ئاو لە سەدان شوێنی جیاوازی دەرەوەی شارە گەورەکانی هەرێمدا و لەناو شارەکانیشدا لێدراون، کە هەڕەشەیەکی گەورەیە لە وشکبوونی تەواوەتی زۆرناوچە. لەپاڵ ئەمانەشدا بەکارهێنای بەنزین و غاز و سوتەمەنی خراپ و هەڵئاوسانی ژمارەی ئۆتۆمۆبێل و سوتاندنی ناوبەناوی دارستانەکان و دەردانی سەدان ملیۆن تەن دووکەڵ و گازی ڕۆژانە لە هەرێمدا، ڕۆڵێکی بەرچاو لە پیسکردنی هەوا و ژەهراویکردنیدا، دەبینن. هەرچی ژینگە کۆمەڵایەتیی و کولتورییەکەیە بە دەیان شێوە ژەهراوی بووە. بێکاریی بەرفراوان، نەبوونی ئومێد بە ئایندە، باڵادەستیی ڕێگای نا یاسایی و نائەخلاقیی بۆ دەولەمەندبوونی خێرا، کەڵەکەکردنی نیمچەمافییانەی سەرمایە، ژینگەیەکی ئابورییان دروستکردوە هەم وێرانە و هەم تیایدا کەرتە سەرەکییەکانی ئابوریی قۆرخکراون، هەم مانایەکیان بۆ کارکردن و ڕەنجکێشانی شەخسییش نەهێشتۆتەوە. جگە لەوەی کار کەمە و ژمارەیەکی گەورەی خەڵک، بە تایبەتی گەنجان بێکارن، بەڵام بوونی کاری ئاسایی خۆیشی دەستەبەری لانی هەرەکەمی پێداویستییەکانی ژیانێکی سادە ناکات. لەناو ئەم ژینگەیەدا ئاسۆکانی جیگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی لە ڕێگای کارکردن و رەنجی تاکەکەسییەوە، بەتەواوی داخراون. مۆدێلی حوکمڕانیی خێزانیی کە وڵاتەکە و دانیشتوانەکەی وەک موڵکی شەخسیی و ڕەعیەتێکی بێماف مامەڵەدەکات، گواستراوەتەوە بۆ ناو هەموو بوارەکانی دیکەش. تەنانەت بۆناو ئۆرگانە مەدەنیی و دینیەکانیش. فۆرمێک لە «دینداریی» تازەش دروستکراوە کە جیهان بۆ دنیدار و بێدین دابەشدەکات و بە زمانی دین قسە لەسەر کۆمەڵگا و دەوڵەت و کایەکان دەکات، زمانی «هاوڵاتیبوونی یەکسان» و «تاکەکەسی خاوەن ماف» و «یەکسانی کەسەکان لەگەڵ یەکدا»، بە یەکسانی ژن و پیاوەوە لەگەڵ یەکداتەواو غائیبە لەناویدا. ئەمە جگە لە غیابی «مەدەنیبوون»ی پەیوەندییەکان و «پێناس» و «سوناسەکان». هەرچی ژینگە مەعریفیەکەیە ئەویش بە شێوازی جیاواز لەناو زیاد لە قەیرانێکی هەمەلایەندایە. ڕەنگە هەرە گرنگەکەیان قەیرانی نەناسینیی جیهان و کۆمەڵگا و کێشە سەرەکییەکانیان بێت. ئەمەش لە ڕێگای غیابی ئەو ڕشتە و بوارە زانستییانەوە کە لەسەر کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا کاردەکەن و ئەو زانیاریی و مەعریفە پێویستە بەرهەمدەهێنن کە ئەو کۆمەڵگایە بۆ ناسینی خۆی و ناسینی جیهان، پێویستی پێیەتی. لەم ڕووەوە دۆخی زانکۆکانی هەرێم و ناوەندەکانی تری بەرهەمهێنانی مەعریفە دۆخێکی خراپ و پەرێشانە. ئەگەر زانکۆکان جاران تەنها بەسیاسیی و بە حیزبی کرابووبن، ئێستا ئیتر بە دینیکردنیشی هاتۆتەسەر. لە ئێستادا چەندان گروپی دینیی دروستبوون کە سنوور بۆ کاری زانکۆ دادەنێنن و ڕێگا لە باسکردنی ئەم یان ئەو بابەت لەناو هۆڵەکانیدا، دەگرن. ئەمەمان هەم لە هەڵەبجە و هەم لە گەرمیان و هەم لە رانیە بینیی، لەمەشدا ئەو جیاوازییە سادەیە کە مزگەوت لە زانکۆ وەک دوو دەزگای جیاواز لەیەکتری جیادەکاتەوە، ژێرپێ نراوە. ژینگە ئەخلاقییەکەش لەناو دۆخێکی قەیراناوی گەورەدا دەژیی، کە من لە چەند نووسینێکدا ناوم لێناوە دۆخی «شڵەژانی پێوانەیی». شلەژانی پێوانەیی هێما بۆ ئەو دۆخە رایبەتە دەکات کە تیایدا پێوەرە ئەخلاقییە سەرەکییەکانی جیاکردنەوەی باش لە خراپ، راست لە هەڵە، ئەشێ لە ناشێ، جوان لە ناشیرین، لە دۆخی پەککەوتنێکی هەمەلایەندان. بە جۆرێک توانای پۆلینکردنی ئەخلاقییانەی دیاردە و هەڵوێست و گوتار و پەیوەندیی و هەڵسوکەوتەکانی تووشی جۆرێک لە ئیفلیجی کردوە. ژنان دەکوژرێن و کەسانێکی زۆر دەستخۆشی لە ژنکوژەکە دەکەن، دزیی گەورە دەکرێت و کەسانێک شانازیی بە وێنەگرتن لەگەڵ دزەکاندا دەکەن، لەشکری وڵاتان دەهێنرێنە سەر هەرێمەکە و درۆن و رۆکێتەکانیان خەڵکی بێتاوان دەکوژن، کەچی قسە لە هەرەشە و مەترسیی لەسەر ئاسیش ناکرێت، بەڵام ڕێکخراوێکی ژنان باس لەوەبکات ژن و پیاو یەکسانن و یەک مافیان هەیە، یان فرەژنی وەک ناهەقیی بەرامبەر بە ژن و بە خێزان ببینێت، هەزران دەنگ بەرزدەبێتەوە و باس لە هەڕەشە و مەترسیی لەسەر «ئاسایشی خێزان» دەکەن. ئەم دۆخی شڵەژانی پێوانەییە وایکردوە ژینگەی ئەخلاقیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لە زۆر ڕووەوە، لە دۆخی بەر لە دروستبوونی ئەخلاقدا بژیی، لە دۆخی پەیوەندییەکی ڕووتی ھێز و دەسەڵاتی چاودێرینەکراودا کە تییادا بەھێز ھەموو سوکایەتییەک بە بێھێز و توانادار ھەموو ناشیرینییەک بەرامبەر بە بێتوانا، ئەنجامبدات، بەبێئەوەی لە بەرامبەریدا ویژدانێکی ئەخلاقیی ئیدانەکار و بەرگریکەر بوونی هەبێت. بە مانایەکی دیکە قەیرانەکانی ئەم ژینگە ئەخلاقییە بەرەو ئەوەدەچێت ژینگە ئەخلاقییەکە بەرەو ئەوەببات ببێت بە ژینگەی بەر لەدایکبوونی ”ویژدانێکی ئینسانیی تەندروست“ کە تیایدا مرۆڤەکان یەکتری وەک کەسانی یەکسان و خاوەن ماف و خاوەن ڕێز، ببینن و مامەڵە بکەن.
شیكاری:درەو بەپێی زانیارییەکان؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا؛ # زیاتر لە (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە فرۆشتووە. # بە تێکڕای ڕۆژانە (398 هەزار 704) بەرمیل نەوت فرۆشراوە. # تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان (100.79) دۆلار بووە، بەڵام هەرێم نەوتی بە (87.85) دۆلار فرۆشتووە. # کۆی داهاتی نەوتی هەرێم نزیک لە (12 ملیار و 784 ملیۆن 354 هەزار) دۆلار. # بڕی (7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (56%) چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە. # بڕی (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار) دۆلار بەڕێژەی (44%) کە بەرامبەرە بە (8 ترلیۆن و 156 ملیار و 417 ملیۆن) دینار گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم. # نەوتی هەرێم لە لایەن کەشتی (12) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (30%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە یۆنانییەکان بە ڕێژەی (22%)، ئیسرائیلییەکان (15%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. یەکەم؛ بڕی نەوتی هەناردەکراو لە ڕێگەی بۆرییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (1/1/2022 – 31/12/2022)، بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار 745) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە لە بەندەری جەیهانی تورکی فرۆشتووە. بەرزترین ئاستی فرۆشتنیش لە مانگی تەموزدا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (13 ملیۆن و 340 هەزار) بەرمیل. کەمترین بری نەوتی فرۆشراویش لە تشرینی دووەم بووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە (10 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل. هاوکات بەتێکڕای ڕۆژانە لە ساڵی (2022)دا بڕی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بریتی بووە لە (398 هەزار و 704) بەرمیل نەوت. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) دووەم؛ نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان بە تێکڕا لە ساڵی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان نرخەکەی بریتی بووە لە (100.79) دۆلار. بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ هەردوو چارەکی یەکەم و دووەمی ئەمساڵ بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی کوردستان بە کەمتر لە (12.94) دۆلار لە نرخی جیهانی فرۆشراوە. واتە بە تێکڕا لە ماوەی ڕابردوودا هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم بە (87.85) دۆلار فرۆشراوە. بەرزترین ئاستی نرخی نەوتی هەرێمیش لە مانگی حوزەیران تۆمار کراوە، کە بریتی بووە لە (108.25) دۆلار، نزمترین ئاستیش لە مانگی کانونی یەکەمدا بووە کە بەهاکەی بریتی بووە لە (68.06) دۆلار. (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) سێیەم: داهات و خەرجی نەوتی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/12/2022 1. کۆی گشتی داهاتی نەوتی هەرێم وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی بە (87.85) دۆلار فرۆشراوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە بە بۆری بەدەستهاتووە، بریتی بووە لە؛ (12 ملیار و 748 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلار، زۆرترین داهاتیش لە مانگی ئایاردا بەدەستهاتووە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (1 ملیار و 346 ملیۆن و 889 هەزار و 426) دۆلار، کەمترین داهاتیش لە مانگی تشرینی یەکەم دا تۆمار کراوە کە بریتی بووە لە؛ (811 ملیۆن و 875 هەزار و 600) دۆلار. 2. خەرجی نەوتی هەرێم بەپێی دواین ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت بۆ وردبینی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو (56%)ی داهاتی نەوت بۆ خەرجی پرۆسەکە دەڕوات، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی ڕابردوودا لە پرۆسەی نەوتدا بە خەرج دراوە، بریتی بووە لە؛ (7 ملیار و 159 ملیۆن و 238 هەزار و 215) دۆلاری ئەمریکی، بە جۆرێک؛ بەرزترین ئاستی خەرجی لە مانگی ئایاردا تۆمار کراوە کە بڕەکەی بریتی بووە لە؛ (754 ملیۆن و 258 هەزار و 79) دۆلار. کەمترین خەرجیش لە مانگی تشرینی دووەمدا بووە، کە بریتی بووە لە؛ (454 ملیۆن و 650 هەزار و 336) دۆلار. 3. داهاتی ماوەی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی دیلۆیت (44%)ی داهاتی نەوت لە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەکە بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، بۆیە کۆی ئەو داهاتەی لە ساڵی (2022)دا لە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە کەمترە لە کۆی خەرجییەکانی پرۆسەکە و بریتییە لە (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلاری ئەمریکی، بەرامبەر بە (8 ترلیۆن و 156 ملیار و 417 ملیۆن و 823 هەزار) دیناری عێراقی. بۆ وردەکاری (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) خشتەی ژمارە (1) چوارەم: نەوتی بارکراوی هەرێم لە 1/1/2022 – 31/12/2022 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا بڕی (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە، ئەو بڕە نەوتەش لە لایەن کەشتی (12) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (30%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە یۆنانییەکان بە ڕێژەی (22%)، ئیسرائیلییەکان (15%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. بە دوای ئەوانیشدا کرواتییەکان (9%)، رۆمانییەکان (4%)، ئیسپانییەکان (3%)، کەشتی وڵاتانی تورکیا و تایوان و سەنگاپورەو چین (2%) و ئەمریکییەکانیش (1%)ی نەوتی هەرێمیان بارکردووە. (6%)ی نەوتی بارکراوی هەرێم ناسنامەی کەشتییەکان دیار نییە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (2) و چارتی ژمارە (1)). خشتەی ژمارە (2) چارتی ژمارە (1) سەرچاوەکان - ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و داهات لە 1ی کانونی دووەمی 2022 تاکو 31ی ئاداری 2022 (وەرزی یەکەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. - ڕاپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوت و هەناردەو بەکاربردن و داهات لە 1ی نیسانی 2022 تاکو30ی حوزەیرانی 2022 (وەرزی دووەم)، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان. - نەوتی بارکراوی هەرێم لە نیوەی یەکەمی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=10621 - درەو میدیا؛ هەناردەو نەوتی بارکراوی هەرێم لە چارەکی سێیەمی 2022؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11255 - ئەنوەر کەریم؛ كۆی داهاتی نەوتی هەرێم لە مانگەکانی (تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم، کانونی یەکەم)ی 2022، درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11352 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11546 https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11773
درەو: مەكتەبی سیاسی یەكێتی لیژنەیەكی لەسەر سێ ئەندامی سەركردایەتی پێكهێناوە، چونەتە بەغداد شایەتیان بۆ لاهور شێخ جەنگی داوە، گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتیان بە نایاسایی ناوبردووە، چاوەڕوان دەكرێت لە یەكێتی دەربكرێن. بە نوسراوێك كە واژۆی بڕیاردەری یەكێتی (رەفعەت عەبدوڵا)ی لەسەرە لیژنەیەك پێكهاتووە لە كارگێڕێك و دوو ئەندامی سەركردایەتی بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەو هەڤاڵانەی كە ئەندامی سەركردایەتین و سكاڵایان لە دژی یەكێتی لە بەغداد تۆمار كردووە. لیژنەكە پێكهاتووە لە : • ئاسۆ مامەند كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی لیژنە. • سەركەوت زەكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندام • رزگار حاجی حەمە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ئەندام. پێكهێنانی ئەم لیژنەیە دوای ئەوە دێت هەریەك لە (چەتۆ ساڵح، پەروین كاكەحەمە، سەردار هەركی) ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وتەیان لێوەرگیرا لەسەر گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی، ئەوان لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی شایەتیانداوە و گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتیان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی ناوبردووە، سەردانی ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ بەغداد، بافڵ تاڵەبانی و یەكێتی نیگەران كردووە، بە پێی بەدواداچونەكانی (درەو) لیژنەكە بە ئاراستەی دەركردنی ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی بڕیار دەدات. پێشتر بە بڕیاری بڕیاردەر هەریەك لە ( ئاڵا تاڵەبانی، شادمان مەلا حەسەن، ژینۆ محەمەد) لە سەركردایەتی یەكێتی دەركران.
درەو: بە پێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە بۆ دادگای بەرایی سلێمانی ناردووە، ئاماژە بەوە دەكات یەكێتی نیشتمانی كوردستان مۆڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆ هەیەو سەرۆكی ئێستای "بافڵ تاڵەبانی"ە. بە پێی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەكان لە وەزارەتی ناوخۆ كە ئاراستەی دادگای بەرایی سلێمانی كردووە و كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە، ئاماژە بە نوسراوێكی دادگای سلێمانی دەكات كە لە رۆژی 3/10/2022 ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی كردووە سەبارەت بە خاوەندارێتی یەكێتی لەرووی یاساییەوە كە بەناوی كێوەیە، لە رۆژی 6/10/2022 بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەكان لە وەزارەتی ناوخۆ بە واژۆی لیوا هەڵۆ سەعید كە بە هەڵۆ قەرەناوی ناسراوەو سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە وەڵامی دادگای سلێمانی داوەتەوەو نوسیویەتی: حزبی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مۆڵەتی یاسایی وەزارەتی ناوخۆی هەیە بە ژمارە (1208) لە 6/8/1994، سەرۆكی ئێستای حزبەكە ( بافڵ جەلال تاڵەبانی)یە. (درەو) زانیویەتی بەهۆی دەركردنی ئەم نوسراوەوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ هۆشداری داوەتە لیوا هەڵۆ قەرەناوی و پێی راگەیاندووە نوسراوەكە بەبێ ئاگاداری وەزارەت كردووە. ئەم نوسراوە سەرچاوەی ئەو كێشانەیە كە بەم دواییەو جارێكی تر سەبارەت بە خاوەندارێتی و كێشەكانی ناوخۆی یەكێتی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی سەری هەڵداوەتەوە، ئێستا كەیسەكە سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان جوڵێندراوە، لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش تاوتوێ دەكرێت و چوار ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی چوونەتە بەردەم كۆمسیۆن لەم دۆسێیەدا لەبەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی شایەتیان داوە. لاهور شێخ جەنگی لەرێگەی ئەم كەیسەوە دەوێت بە شێوەیەكی یاسایی جارێكی تر دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكی یەكێتی وەربگرێتەوە.
(درەو): چوار ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی چوونەتە بەغداد، لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وتەیان لێوەرگیراوە، بڕیاربوو قوباد تاڵەبانی و چەتۆ ساڵح لە هەولێر كۆببنەوە، بەڵام كۆبونەوەكە بەھۆی گومانەكانی چەتۆ ساڵحەوە نەكرا. بەپێی بەدوادچوونەكانی (درەو)، بەمدواییە چەتۆ ساڵح بریكاری وەزیری ناوخۆی ھەرێم و سێ ئەندامی تری سەركردایەتی یەكێتی چونەتە بەغداد، لە فەرمانگەی حزبە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق وتەیان لێوەرگیراوەو لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بە "هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی و گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی یەكێتی و دەركردنی ھاوسەرۆك و ئەندامانی سەركردایەتی لە حیزب" شایەتیان داوە. (درەو) زانیویەتی، لیژنەیەك لە فەرمانگەی پارتە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەسەر بنەمای وتەی ئەو چوار ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی راپۆرتێكیان بەرزكردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی كۆمسیاران دەنگی لەسەر بدەن، چەتۆ ساڵح وەك جێگری سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری پەیڕەوی ناوخۆی كۆنگرەی چوار وتەی لێوەرگیراوە، هەوڵی ئەو چوار ئەندامەی سەركردایەتیەی یەكێتی سەرۆك و كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیگەران كردووەو چاوەڕوان دەكرێت فەرمانی دەركردنیان لەیەكێتی بۆ دەربكرێت. بڕیار بوو دوێنێ قوباد تاڵەبانی و چەتۆ ساڵح كۆببنەوەو گفتوگۆ بكەن، بەڵام كۆبوونەوەكە نەكرا، سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند" نوسینگەی قوباد تاڵەبانی پەیوەندییان بە چەتۆ ساڵحەوە كردووە، بۆ ئەوەی رۆژی چوارشەممە كاتژمێر (٢:٠٠)ی پاشنیوەڕۆ لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی كۆببێتەوە، بەڵام چەتۆ ساڵح لەكاتی دیاریكراودا نەچووە بۆ كۆبوونەوەكە، گومانی هەبووە لە كۆبوونەوەی هەندێك هێز لەدەوروبەری بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر، بۆیە بە نامەیەك نوسینگەی قوباد تاڵەبانی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی ناتوانێت بچێتە بارەگای مەكتەبی سیاسی و داوای كردووە كۆبونەوەكە لە ماڵەكەی خۆی بەڕێوەبچێت. چەتۆ ساڵح گومانی هەبووە، ئەو هێزە لە دەوروبەری بارەگای مەكتەبی سیاسی بووە ئامادەكاری بوو بێت بۆ دەستگیركردن و گەڕاندنەوەی ئەو بۆ سلێمانی، بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بابەتەكە بە (درەو)ی راگەیاند، هێز لەو ناوچەیە نەبووەو تەنیا پاسەوانی بارەگای مەكتەبی سیاسی و پاسەوانەكانی قوباد تاڵەبانی لەوێ بوون. بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئێستا چەتۆ ساڵح وەكو بریكاری وەزیری ناوخۆ دەوامی خۆی دەكات لە وەزارەت و ئامادەنیە پابەبەند بێت بە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە. لە دوای دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگەو (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆی راگەیاند چیتر نەچنەوە بۆ دەوامكردن لە وەزارەتەكانیان لە ھەولێر، دوای نزیكەی مانگێك لە پابەند بوون بە بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی، شۆڕش ئیسماعیل چووەوە هەولێرو لەوێوە بۆ دەرەوەی وڵات، چەتۆ ساڵحیش چووە دەرەوەی وڵات و لەوێوە گەڕایەوە بۆ هەولێر. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، چەتۆ ساڵح ئامادەنەبوو دەستلەكاربكێشێتەوەو لای كەسە نزیكەكانی وتوویەتی"هیچ بیانوویەك نیە تا دەستلەكاربكێشێتەوە"، لەبەر ئەوە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی نەنوسیوە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆش ئامادەنییە دەستلەكاركێشانەوەی بۆ بكات. سەبارەت بەوەی بۆچی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەستلەكاركێشانەوەی شۆڕش ئیسماعیلی پەسەندكردووە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئەنجومەنی وەزیران بە (درەو)ی وت:"شۆڕش ئیسماعیل پێشتر خۆی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكردووە، ئەگەر خۆی دەستیلەكارنەكێشایەتەوە مەسرور بارزانی ئامادەنەدەبوو دەستی پێ لەكاربكێشێتەوەو نامەی بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی نەدەنوسی بۆ پەرلەمانی كوردستان. سەرچاوەیەكی نزیك لە شۆڕش ئیسماعیل بە (درەو)ی راگەیاند، دەستلەكاركێشانەوەكەی شۆڕش ئیسماعیل ئارەزوومەندانە نەبووەو لەژێر فشاری سەرۆكی یەكێتی و بارودۆخی ناوخۆی یەكێتیدا بووە، هەرچەندە لە نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەییدا ئاماژەی بە هیچ فشارێك نەكردووە. لە رۆژی 9/8/2022 شۆڕش ئیسماعیل نامەی دەسلەكاركێشانەوەی ئاڕاستەی مەسرور بارزانی كردووەو تیایدا نوسیویەتی" رێگرییەكان گەورەتر بوون لە هەنگاونان بەرەو هێزی نیشتمانی و نیزامی، بۆیە داوای لێبوردن دەكەم و دەستلەكار دەكێشمەوە". رەنگە ئەو رێككەوتنەی كە باس دەكرێت لە نێوان یەكێتی و پارتی كراوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی پۆستەكان، پێناچێت وەك خۆی جێبەجێبكرێت، بەتایبەتیش گۆڕانكارییەكان تەنیا دانانی شوێنگرەوەكانی (شۆڕش ئیسماعیل و خالید شوانی) دەبێت لەپەرلەمانی كوردستان. ئەم گۆڕانكارییانە لە كاتێكدایە تا ئێستا قوباد تاڵەبانیش ئامادە نیە بگەڕێتەوە بۆناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشتر سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بە (درەو)ی راگەیاند، قوباد تاڵەبانی هیچ بڕیارێكی نوێی نەداوە لەبارەی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. ئەمەش پێچەوانی ئەو لێدوان و قسەوباسانەیە كە باس لەوە دەكرێت یەكێتی و پارتی رێككەوتنی كۆتاییان كردووەو چاوەڕێی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوولاو پەرلەمان دەكەن جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان.
درەو: بەدواداچوونی: رێكخراوی رونبیین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەكانی نەوت دوو دامەزراوەی جیهانی یەکێک نەرویجی و ئەویتر ئەمریکی لە راپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاندووە، بڕی ڕاستەقینەی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان ٤٥ ملیار بەرمیل نییە بەڵکو نزیکەی ٤ ملیار بەرمیلە. هەردوو دامەزراوەی ڕیستاد و ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی جیادا ڕایانگەیاندووە، بڕی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی سێ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن بەرمیلە. ڕاپۆرتەکان کە کۆتای مانگی حوزەیران و سەرەتای تەموزی ٢٠٢٢ بڵاوکراونەتەوە دووپاتیان کردۆتەوە کە بڕی ئەو یەدەگانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ناگرێتەوە. ئەو دوو دامەزراوەیە لە ڕاپۆرتەکانیاندا ڕایانگەیاندووە کە بەپێی هەندێک خەمڵاندن ٤٥ بەرمیل نەوت لە هەرێم هەیە بەڵام خەمڵاندنەکە ئەو یەدەگانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا نەسەلمێنراون و هەروەها یەدەگی نەوتی خاو لە ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکوکیشەوە دەگرێتەوە کە لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی ٢٠١٧ەوە کورد کۆنترۆڵی لەدەستداوە . بەوپێیە گەر ئاستی نەوتی هەرێم لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە و زیاد نەکات ئەوا تا ٢٤ ساڵی تر نەوت بەرهەم دەهێنرێت. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ی هەرێم لە پێگەی فەرمی خۆی یەدەگی خەمڵێنراوی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە ٤٥ ملیار بەرمیل دیاری کردووە. ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوچەکە بەهرەمەندە بە بڕێکی زۆر لە یەدەگی گازی سروشتی کە دەکرێت هەناردەی دەرەوەی عێراق بکرێت. ئیدارەی زانیاری و وزەی ئەمەریکا U.S.EIA جەختی لەوە کردووەتەوە لە پێناو هەناردەکردنی یەدەگی غازی سروشتی ناوچەکە بەتایبەتی بۆ تورکیا و ئەوروپا، بڕێکی زۆر وەبەرهێنان پێویستە و دەبێت بۆرییەکی نوێی غاز دروست بکرێت. بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند لەو ئاستەنگانەیە کە پەرەپێدانی کەرتی وزەی هەرێم ڕادەگرێت. بەپێی راپۆرتەکەی ریستاد ئێستا کۆی گشتی ئەو نەوتەی دەتوانرێت دەربهێنرێت لە سەرانسەری جیهاندا بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٩% کەمترە و ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی وزەی جیهانی دروست کردووە. کۆمپانیای ڕیستاد ئینێرجی Rystad Energy کۆمپانیایەکی سەربەخۆی توێژینەوەی وزە و بازرگانییە و بارەگا سەرەکییەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە. ریستاد گەورەترین کۆمپانیای ڕاوێژکاری وزەی سەربەخۆیە و کۆمپانیایەکی شیکاری پێشەنگی جیهانییە بۆ پیشەسازی نەوت و گاز. کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی سەرەکی شیکاری نەوت و گاز دابین دەکات، بەڵام شیکردنەوەی وزەی نوێبووەوە و شیکاری دەردانی کاربۆن دەکات .جگە لە کۆمپانیاکانی نەوت و خزمەتگوزاری نەوت و دارایی، کڕیارەکانی بریتین لە دامەزراوەکانی وەک ئۆپێک، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بانکی نێودەوڵەتی.
درەو: ئەڤین گۆیی كە 23ی مانگی رابردوو لە هێرشەكەی ناوەندی كلتوری ئەحمەد كایە لە پاریس تیرۆركرا، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكەیەو یەكێك بووە لەسەركردە باڵاكانی پەكەكە. ئەمڕۆ تەرمی ئەڤین گۆیی گەیشتەوە شاری سلێمانی و لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی مەراسیمی ماڵئاوایی لەسەر تەرمەكەیكرا، مزگەوتی ئەحمەدی حاجی رەشید بەرامبەر تەلاری هونەرە بە دووری (30) مەتر، كە هاوكات مەراسیمی ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی بەڕێوە دەچوو، بەشێكی زۆری سەركردەی حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان تیایدا بەشداربوون. مەدینە كارا پوری ئەڤین گۆیی لە مەراسیمی ماڵئاوایی تەرمی ئەڤین گۆیی لە شاری سلێمانی رایگەیاند، وەك كەسوكاری ئەڤین و بنەماڵەكەی بەخێرهاتنەوەی ئەڤین دەكەم بۆ باشوری كوردستان و بەخێرهاتنی خەڵكی باشور دەكەم، شەهیدبوونی ئەڤین لە هەر چوار پارچەی كوردستان پیرۆز دەكەم، چونكە ئەو بۆ چوار پارچەی كوردستان شەهید بووە، داوا لە خوادا دەكەم خوێنی ئەڤین بە فیڕۆ نەچێت چونكە ئەڤین تەنیا شەهیدی یەكەمی بنەماڵەكەمان نییە، بەڵكو لە بنەماڵەكەماندا تائێستا ٦٠ رۆڵەی دیكەمان بۆ چوار پارچەی كوردستان شەهید بوون. دواتر پاشان تەرمی شەهید ئامینە كارا بەرەو قەندیل بەڕێكرا. ئەڤین گۆیی ناسراو بە (ئامینە كارا) لە ساڵی ١٩٧٤ لە گوندی هیلال سەبار بە ناوچە قالبان لە پارێزگای شێرناخ لە دایك بووە، ماوەی 34 ساڵ گەریلاو فەرماندەبووە لەناو ریزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و دواین پلەی ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كەجەكە بووەو لە رۆژی 23ی مانگی رابردوو لە هێرشەكەی ناوەندی كلتوری ئەحمەد كایە لە پاریس تیرۆركرا.
درەو: مانگی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان (38%)ی نەوتەكەی بە ئیسرائیل فرۆشتووەو (10%)ی بە وڵاتی چین. حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگی رابردوو (12/2022) بڕی (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل نەوتی فرۆشتووەو لەو ژمارەیە (4 ملیۆن و 650 هەزار) بەرمیل نەوتی بە ئیسرائیل فرۆشتووە بەرێژەی (38%)ی نەوتەكەی. لە دوای ئیسرائیل كرواتیا دێت كە مانگی رابردوو ( 2 ملیۆن و 230 هەزار) بەرمیل نەوتی لە نەوتی هەرێمی كوردستان كڕیوە بەرێژەی (18%) ئیتالیا بەپلەی سێیەم دێت لە كڕینی نەوتی هەرێم كە ( ملیۆنێك و 700) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (14%) مانگی رابردوو تایوان (2) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (16%) چین لە مانگی رابردوو (ملیۆنێك و 250 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەڕێژەی (10%) رۆمانیا بڕی (650) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كڕیوە بەرێژەی (4%) ئەم خشتەیە وردەكاری فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەخات بۆ مانگی كانونی یەكەمی 2022 ئامادەكردنی: ئەنوەر كەریم
درەو: ئەنجومەنی وەزیران نوسراوی شوێنگرەوەی وەزیرەكانی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كردووە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوەو دواتریش پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان و پەسەندكردنی گۆڕانكارییەكان كۆببێتەوە. سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: مەسرور بارزانی دەستلەكاركێشانەوەی ئەم وەزیرانەی پەسەندكردووە (شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەو پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد) و نوسراوی شوێنگرەوەكانیشیانی ناردووە بۆ پەرلەمانی كوردستان بۆ متمانەدان پێیان ئەوانیش: • رێباز بێركۆتی بۆ شوێنی شۆڕش ئیسماعیل بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل لەژێر فشاری سەرۆكی یەكێتی دەستلەكاركێشانەوەی نوسیوە). • ئەحمەد كانی بۆ شوێنی پشتیوان سادق بۆ پۆستی وەزیری ئەوقاف (پشتیوان سادق بووە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بۆیە دەستلەكار دەكێشێتەوە) • ئەحمەد عەسكەری بۆ شوێنی خالید شوانی بۆ پۆستی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری هەرێم و بەغداد (خالید شوانی بووە وەزیری دادی عێراق) . هاوكات لەگەڵ پەسەندكردنی شوێنگرەوەی وەزیرەكان، لە پارلەمانی كوردستانیش پارتی چەند ئاڵوگۆڕێك دەكات لەوانە: • هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەستلەكاردەكێشێتەوە، دەبێت لەپەرلەمان پەسەند بكرێت. • زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەچێتە شوێنەكەی، دەبێت لە پەرلەمان هەڵبژێدرێت. • لیزا كاكەیی بووەتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی و دەستلەكاردەكێشتەوە، پێویستە لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت • جوان رۆژبەیانی بووەتە ئەندامی ئەحتیاتی سەركردایەتی پارتی و دەستلەكاردەكێشێتەوە، پێویستە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا لە پشووی پایزەیدایە، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو لەدوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی (ئەگەر بكرێت)، پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەو گۆڕانكارییانە كۆببێتەوە، هەرچەندە بەشێك لە پەرلەمانتاران بەبۆنەی پشووەكانی سەری ساڵەوە لەدەرەوەی وڵاتن و چاوەڕوانی گەڕانەوەیان دەكرێت بۆ كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان. سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانی نێوانیان، كە كۆمەڵێك فایلی جیاواز لە خۆ دەگرێت، خۆ ئەگەر بیانەوێت سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەوا پێویستی بە رێككەوتنێكی گشتگیر هەیە هاوشێوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانیان كە لە ساڵی 2005 لەلایەن مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانیەوە واژۆی لەسەركرا. ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بە (درەو) وت ئەگەری كۆبوونەوە هەیە بەڵام ئەگەری رێككەوتنی تەواوەتی بەدوور دەزانم، چونكە تا ئێستا نیەتێكی جدی نابینرێت بۆ رێككەوتن تەنیا هەڵمەتی راگەیاندنی نێوانیان راگیراوەو بڕیاری گۆڕانكاری پۆستەكان دراوە، بەڵام لەسەر فایلی دارایی و ئەمنی و پرسی هاوكارجاف و دژەتیرۆرو پێشمەرگەو دەسەڵاتەكان و دوو ئیدارەیی و دەیان فایلی تر هەر باسی نەكراوەو قوباد تاڵەبانیش نیەتی گەڕانەوەی نیە بۆ ئەنجومەنی وەزیران. دوێنێ سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە وەڵامی سەعدی ئەحمەد پیرە كە راگەیاندبوو "قوباد تاڵەبانی دەگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران" رایگەیاند: قوباد تاڵەبانی هیچ بڕیارێكی نوێی نەداوە لەبارەی بەشداری كردنی لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. ئەو لێدوانە ئاماژەیەكی روونە كە ئاماژەكانی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر فایلەكان لاوازن، (درەو) قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كرد ئەوان نەیان شاردەوە كە قوباد تاڵەبانی نیەتی گەڕانەوەی نیە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران هەتا دۆخەكە بەم شێوەیە بێت، چونكە ئەو هیچ هەنگاوێكی جدی نابینێت لەلایەن مەسرور بارزانیەوە بۆ چارەسەری كێشەكان و رێخۆشكردن بۆ كاركردنی هاوبەش بەیەكەوە، مەسرور بارزانی خۆی بڕیار دەدات و بەشی هاوبەشەكانی نەهێشتووەتەوە، سەرچاوەیەكی نزیك لە مەسرور بارزانی بە (درەو)ی راگەیاند: تا ئێستا مەسرور بارزانی بەرەسمی هیچ نیگەرانی و داواكارییەكی لەلایەن قوباد تاڵەبانیەوە پێنەگەیشتووە، بۆیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی قسەو گلەیی هەیە با بێت لە ئەنجومەنی وەزیران بیخاتە روو یاخود پێكەوە تابنیشین و گفتوگۆی لەسەر بكەین. سەرەرای ئەو گۆڕانكارییانەی كە بڕیارە لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر بدرێت پرسی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەو كشاوەكانیش كەیسێكەو لەبەردەم سەرۆكایەتی پەرلەماندایە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پرسی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح كە نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردووە، لە كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی بڕیاری لەسەر بدرێت كە لەكۆبوونەوەی تایبەت بە گۆڕانگاریە وزارییەكان بخرێتە دەنگادنەوە، یاخود دوابخرێت بۆ وەرزی یاسادانانی بەهارەی پەرلەمان كە لە 1/3/2023 دەستپێدەكات، هاوكات دۆسیەی پەرلەمانتارە كشاوەكانی (كۆمەڵ و نەوەی نوێ و سەربەخۆ و سی پەرلەمانتاری گۆڕان) بۆ دوابخرێت بۆ كۆتایی پشووی پەرلەمان و دەستپێكردنی وەزری یاسادانانی بەهارەی پەرلەمانی كوردستان، چونكە جگە لە شایان عەسكەری كە دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرا، ئەوانەی دیكە تا ئێستاش ئەندامی پەرلەمانی كوردستانن.
درەو: سبەینێ لە یادی سێیەمین ساڵەی كوژرانی قاسم سلێمانیدا مەراسیمی تایبەت لە سلێمانی و هەولێر رێكدەخرێت. سبەینێ لە تەلاری هونەری شاری سلێمانی و لە هۆتێل شیراتۆنی شاری هەولێر مەراسیمی تایبەت بە سێیەمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی رێك دەكخرێت، بە پێی زانیارییەكان مەراسیمەكان رێكخراون و ئێرانیەكان میوانن تیایداو بانگهێشتنامە بۆ زۆربەی سەركردەو بەرپرسە حزبی و حكومیەكان نێردراوە. ئەمڕۆش لە شاری تاران ئەدهەم بارزانی وەك تاكە سەركردە لە هەرێمی كوردستان بەشداری كۆنگرەی نێودەوڵەتی تایبەت بە كوژرانی قاسم سلێمانی كرد . قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە رۆژی 3/1/2020 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لە لایەن هێزەكانی ئەمریكاوە كوژرا. یادكردنەوەی ئەمساڵی كوژرانی قاسم سلێمانی هاوكاتە لەگەڵ خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە تا ئێستا (128) هاوڵاتی شەهیدبوون و زیاتر لە (3) هەزار هاوڵاتی برینداربوون و (2 هەزارو 212) هاوڵاتی كوردیش دەستگیركراون.
درەو: ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم كۆی داهاتی مانگی رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (857) ملیار دینا بووە، هەرێم بە بەهای (ترلیۆنێك و 224 ملیار) دینار نەوتی فرۆشتووە،بەڵام (538) ملیار دیناری بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە. پوختە داهاتی نانەوتی • داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم بۆ مانگی کانونی یەکەم = (287 ملیار) دینارە (بەپێی دوا لێداوانی وەزیری دارایی هەرێم) • یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (31 ملیار 500 ملیۆن) دینار • پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (0) دینار داهاتی نەوت (ههناردهی دهرهکی به بۆری) • هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی یەکەمی (2022)دا بڕی (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای بەندەری جیهانی تورکیاوە. • تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت بۆ مانگی کانونی یەکەم (80.91) دۆلارە. • لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (68.91) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل X (68.91) دۆلار = (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 224 ملیار و 513 ملیۆن و 472 هەزار) دینار. • بەپێی دواین ڕاپۆرتی دیلۆیت (56%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (44%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. - کەواتە: (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50 ) دۆلار X (56%) = (472 ملیۆن و 915 هەزارو 548) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (472 ملیۆن و 915 هەزارو 548) دۆلار X ((1450 دینار = (685 ملیار و 727 ملیۆن و 544 هەزار و 600) دینار خەرجی نەوتە. - (844 ملیۆن و 492 هەزار و 50) دۆلار X (44%) = (371 ملیۆن و 576 هەزارو 502) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (371 ملیۆن و 576 هەزارو 502) دۆلار X (1450) دینار= (538 ملیار و 785 ملیۆن و 927 هەزار و 900) دینار. کۆی داهات لە مانگی کانونی یەکەم 2022 (دینار) (538 ملیار و 785 ملیۆن و 927 هەزار و 900) داهاتی نەوت + (287 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (31 ملیار 500 میلۆن) هاوپەیمانان = (857 ملیار و 285 ملیۆن و 927 هەزار و 900) دینار ئەم خشتەیە وردەکاری فرۆشی نەوتی هەرێم دەردەخات بۆ مانگی کانونی یەکەمی 2022