دانوستانێكی گەورەو حكومەتێكی كاربەڕێكەر

2023-08-02 17:17:15
راپۆرت: درەو
ئەنجومەنێكی نەوتو غاز لە عێراق دروستدەكرێت كە كورد تێیدا كەمینەیەو توانای راگرتنی هیچ بڕیارێكی نییە، لەپاڵ ئەمەدا هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی نییە بۆری نەوتی تایبەت بەخۆی هەبێت، بەڕێوەبردنی سەرجەم كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوتو غاز لەسەرتاسەری عێراق لەژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی نەوتی عێراقدا دەبێت، لەبەرامبەر ئەمانەدا هەرێمی كوردستان تەنیا دەستەیەكی تایبەتمەندی لەبواری نەوتو غازدا بۆ دروستدەكرێت كە هیچ دەسەڵاتێكی پێنەدراوە، ئەمانە بەگوێرەی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، لەدوای كەوتنی سەددامەوە گەورەترین دانوستانە كە كورد ئێستا بە حكومەتێكی كاربەڕێكەوە دەچێتە ناوی. وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
هەرێم لە دواین دانوستاندا لەگەڵ بەغداد
محەمەد شیاع سودانی كاتێك لە پۆستی سەرۆك وەزیران دەستبەكاربوو، بەڵێنیدا لەماوەی (6) مانگی یەكەمی تەمەنی كابینەكەیدا یاسای نەوتو غازی فیدراڵ رەوانەی پەرلەمان بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی، ئەمە خواستی سەرەكی كورد بە دیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان بوو كە پۆستی سەرۆك وەزیرانو زۆرینەی حكومەتی هەرێمی بەدەستەوەیە، بەڵام سودانی بەهۆی یاسای بودجەوە نەیتوانی بەڵێنەكەی جێبەجێ بكاتو ناردنی یاساكە بۆ پەرلەمان تاوەكو ئێستا دواكەوتووە.
یاسای نەوتو غازی فیدراڵ یەكێك لەو یاسا گرنگانەیە كە دوای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق لە ساڵی 2005دا دەبوو دەربچوێندرایە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی هەرێمو بەغدادەوە ئەم كارە نەكرا، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەم یاسایە بەشێوەیەكی كۆتایی دەسەڵاتی هەردوو حكومەت لە بەغدادو هەولێر بەسەر سامانە سروشتییەكاندا دیاریو یەكلادەكاتەوە. لە ساڵانی رابردوودا دوو رەشنوسی ئەم یاسایە ئامادە كراوە، یەكەمیان رەشنوسەكەی ساڵی 2007و دووەمیش رەشنوسی ساڵی 2011، كە هەردووكیان بەهۆی ناكۆكی هەولێرەو بەغدادەوە لەبارچوونو لە پەرلەمان پەسەند نەكران.
حكومەتەكانی پێشووی هەرێم كە ئەوكات پێگەی سیاسییان بەهێز بوو، لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق رێككەوتنیان نەكرد، كابینەی نۆیەم كە ئێستا سەرقاڵی دانوستانە لەگەڵ بەغداد بۆ تێپەڕاندنی یاساكە، لە دۆخێكی سیاسیو یاسایی لاوازدایە، لەكاتێكدا دەچێتە ناو دانوستانەوە دوو گورزی كەمەرشكێنی یاسایی بەركەوتووە كە یەكەمیان بڕیاری ناوەڕاستی شوباتی 2022ی دادگای فیدراڵی عێراقە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێمو رادەستكردنی سامانە سروشتییەكان بە بەغداد، ئەوی تریان بڕیاری شوباتی 2023ی دادگای ناوبژیوانی پاریسە كە بووەتە هۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم كە رێژەی 77%ی تێكڕای سەرچاوەی داهاتەكانی حكومەت لە كوردستان پێكدەهێنێت.
واتا كابینەی نۆیەم لە دۆخێكی لاوازدا چوەتە ناو دانوستان لەبارەی ئەم یاسا گرنگەو بەهۆی خراپی پێگە سیاسیو یاساییەكەی لەسەر ئاستی عێراقو دەرەوە، توانای ئەوەی نییە هەموو خواستە دەستورییەكانی خۆی لە یاسای نەوتو غازدا بەسەر بەغداد بسەپێنێت، لەبەرامبەریشدا بەبێ بوونی ئەم یاسا فیدراڵییە، پرۆسەی نەوتو غازی هەرێم هیچ كەڤەرێكی یاسایی نابێت لە پرۆسەی هەناردەكردندا، ئەمە جگە لە لێكەوتەكانی لەسەر بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا بۆ ماوەی سێ ساڵی داهاتوو (چونكە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانەكانی 2023-2024-2025 كاری پێدەكرێت).
ئەمڕۆ سەرەتای قۆناغێكی نوێی دانوستان لەنێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی یاساكە دەستیپێكرد، سەرۆكی كوتلە سیاسییەكان عێراقو لایەنە كوردییەكان لەوانە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتییو فوئاد حسێنی سەرۆكی تیمی پارتی لە بەغداد، بەشدارییان لە كۆبونەوەیەكدا كرد كە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرۆكایەتیی دەكرد.
لەم كۆبونەوەیەدا سودانی بڕیاریدا لیژنەیەكی وزاری هاوبەش دروستبكات بۆ گفتوگۆ لەنێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراقو سامانە سروشتییەكانی كوردستان بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر رەشنوسی یاسای نەوتو غاز.
حكومەتی هەرێم لەكاتێكدا دانوستانە گەورەكە دەكات كە ئێستا حكومەتی كاربەڕێكەرەو پەرلەمانی كوردستانیش هەڵوەشاوەتەوە، لەپاڵ ئەمەشدا پارتیو یەكێتیی وەكو دوو پێكهێنەری سەرەكی حكومەت ناكۆكن.
(درەو) دەقی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵی دەستكەوتووە، كە لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵەوە حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن.
ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ
بەگوێرەی رەشنوسەكە، ئەنجومەنێك دروستدەكرێت بەناوی (ئەنجومەنی فیدراڵی بۆ نەوتو غاز)، ئەم ئەنجومەنە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە سەرۆكایەتیی دەكرێتو پێكدێت لە هەریەكە لە:
• وەزیری نەوتی عێراق
• وەزیری دارایی عێراق
• وەزیری پلاندانانی عێراق
• پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق
• وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان
• پارێزگاری (3) پارێزگای بەرهەمهێنەری نەوت لەو پارێزگایانەی كە لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون (واتا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە)، بە مەرجێك نوێنەری پارێزگای بەسرە ئەندامی هەمیشەیی بێت لە ئەنجومەنەكەدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق نوێنەری دوو پارێزگاكەی تر بەشێوەی دەوریو ساڵانە هەڵدەبژێرێت، ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت.
• 3 پسپۆڕ لە بواری نەوتو غازدا كە سەرۆك وەزیران بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دایاندەنێت بۆ ماوەیەك كە لە (3) ساڵ زیاتر نەبێت.
ئەنجومەنی نەوتو غاز وەكو ئەوەی لە رەشنوسەكەدا هاتووە، لەسەر بانگهێشتی سەرۆكەكەی (واتا سەرۆك وەزیرانی عێراق) مانگانە لانی كەم یەك جار كۆدەبێتەوە، بڕیار لەناو ئەنجومەنەكەدا بە دەنگی زۆرینەی (دوو لەسەر سێ) دەدرێت، ئەمە بۆ پەسەندكردنی سیاسەتە نەوتییەكانو پلانو پەسەندكردنی نمونەی گرێبەستەكانو رێنماییەكانی دانوستانو ئەنجامدانی گرێبەست، لە دەرەوەی ئەم بابەتانە ئیتر بڕیاردان لەناو ئەنجومەنی بە دەنگی زۆرینەی سادە دەبێت.
پێكهاتەی ئەم ئەنجومەنەو دابەشبوونو ئەركەكانی بەگوێرەی پەیڕەوێكی ناوخۆ رێكدەخرێت كە ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ دەریدەكاتو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی دەكات.
بەپێی ئەم پێكهاتەیە كە لە رەشنوسەكەدا دیاریكراوە، بەگشتی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوتو غاز لە (12) ئەندام پێكدێت، لە پرسە گرنگەكاندا بە دەنگی (دوو لەسەر سێ) بڕیارەكان پەسەند دەكرێت، واتا دەنگی (8) ئەندام، لە بڕیارە ئاساییەكانیش بە دەنگی (زۆرینەی سادە) واتا بە (7) دەنگ پەسەند دەكرێت.
لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەگەر رەشنوسەكە بەمشێوەیە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، كورد تەنیا (1) ئەندامی لە ئەنجومەنەكەدا دەبێت كە وەزیری سامانە سروشتییەكانە، خۆ ئەگەر سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆی سێ پسپۆڕەكەی بواری نەوتو غازیش (1) پسپۆڕ بە كورد بدات، ئەوا بە تێكڕا كورد تەنیا (2) دەنگی دەبێت لەناو ئەنجومەنەكەداو توانای رێگریكردنی نییە لە دەرچوونی بڕیارەكان.
رەشنوسەكە، دەسەڵاتی ئەنجومەنی فیدراڵی نەوتو غازی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
• پەسەندكردنی ئەو رێكارانەی كە پێوەرەكانی دانوستانو گرێبەست لەخۆدەگرن بۆ پێدانی رەزامەندی لەسەر گرێبەستەكانی (دۆزینەوە، پەرەپێدانو بەرهەمهێنان)و پێوەرەكانی لێهاتوویی كۆمپانیاكان لەسەرجەم پنتو كێڵگەكانی عێراقدا.
• دەربڕینی رەزامەندی لەسەر فۆرمەكانی گرێبەستی دۆزینەوەو پەرەپێدانو وەبەرهێنانی نەوتو غاز یاخود دەستكاریكردنیان بەگوێرەی پلەبەندی كێڵگەكانو ناوچەكانی دۆزینەوە.
• پەسەندكردنی گرێبەستەكانی گەڕانو پەرەپێدانو دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوتو غازی پەیوەندیدار بە پرۆسە نەوتییەكانو تانە لێدانیانو هەمواركردنەوەیان.
• دیاریكردنی ئەركو پەسەندكردنی سیاسەتو ستراتیژیەتی نەوتو غازو ماددە هایدرۆكاربۆنییەكان لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندیی نیشتمانیو دیاریكردنی بڕی وەبەرهێنانو پەسەندكردنی پلانی نرخدانان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقو وەزارەتەكانی هەرێمی كوردستانو پارێزگا ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا.
• چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییانەی كە لەنێوان حكومەتی فیدراڵو هەرێمو پارێزگا وەبەرهێنەكان دروست دەبێت.
• ئاسانكاری بۆ هەماهەنگیی لەنێوان حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێمی كوردستانو پارێزگا وەبەرهێنەكان كە لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون.
كێ كێڵگەكان بەڕێوەدەبات ؟
بەگوێرەی رەشنوسەكە (حكومەتی فیدراڵ هەڵدەسێت بە ئیدارەدانو پەرەپێدانی سەرچاوە نەوتییەكان لە هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی پرۆسە نەوتیدا).
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەم دەسەڵاتانەی پێدراوە:
• بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوتو غاز لە سەرتاسەری عێراق بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستانو پارێزگا وەبەرهێنەكان.
• داڕشتنی سیاسەتی وەبەرهێنان لەو كێڵگانەی كە دۆزراونەتەوە، لەگەڵ هەرێمو پارێزگا وەبەرهێنەكاندا.
• دانانی سیاسەتو پرۆژە یاساكانی تایبەت بە پیشەسازی ستراتیژی نەوتو دیاركردنی ئاستەكانی وەبەرهێنانی نەوتو غاز لەسەر ئاستی كورتمەوداو دوور مەوداو توانای دامەزراوەكانی هەناردەكردنو فرەچەشنكردنی دەروازەكان.
• ئامادەكردنی پرۆژەو دەركردنی رێنماییو كۆنترۆڵ بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتو یاساو پلانە نەوتییەكان.
• سەرەپەرەشتیكردنی پرۆسە نەوتییەكان لەبەر رۆشنایی یاسا پەیوەندیدارەكانو مەرجەكانی گرێبەستو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەستەی هەرێمییو پارێزگا وەبەرهێنەكاندا.
• پەسەندكردنی فۆرمی گرێبەستەكانی دۆزینەوەو پەرەپێدانو وەبەرهێنان، ئامادەكراو لەلایەن دەستەی تایبەتمەندەوە، لەماوەیەكدا كە (30) تێپەڕ نەكات لە رۆژی پێشكەشكردنیەوە.
• ئامادەكردنی فۆڕمی گرێبەستەكانی گەڕانو پەرەپێدانو وەبەرهێنانو هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیاو دەستەی هەرێمیی، هەریەكەیان بەپێی بەرپرسیارێتی دیاریكراویان لەم یاسایەدا لەلایەكو كۆمپانیا جیهانییەكانی نەوت لەلایەكی تر.
• دڵنیابوون لە كۆكردنەوەی ئەو داهاتانەی دەوڵەت كە لە جێبەجێكردنی گرێبەستەكانی دۆزینەوەو پەرەپێدانو بەرهەمهێنانەوە بۆ دەوڵەت بەدەستدەهێنرێن.
• دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ترو رێكخراوە نێودەوڵەتیو هەرێمایەتییەكان لەبواری رێككەوتنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان بەگوێرەی یاساو بەرزكردنەوەی بۆ ئەنجومەنی فیدراڵی نەوتو غاز بەمەبەستی پەسەندكردنیان.
• نوێنەرایەتیكردنی عێراق لە كۆڕبەندە نێودەوڵەتیو هەرێمایەتییەكان لە پەیوەندیدار بە كاروباری نەوتو غاز بەگوێرەی یاسا.
• وردبینیكردنی راپۆرتی ساڵانەی چالاكی گەڕانو پەرەپێدانی كێڵگەو ناوچەكانی دۆزینەوەو تێكڕای بەرهەمی ساڵانە كە كۆمپانیای نیشتمانی نەوتو دەستەی هەرێمیی بەمەبەستی چاودێری بۆ بەدیهێنانی پلانو ئامانجە ستراتیژییەكان.
• چاودێریكردنی چالاكی كاركردن لە بەندەرەكانی هەناردەكردنی نەوت لەناوخۆی وڵاتو دەركردنی فەرمان بۆ كۆمپانیاو دەستەی هەرێمیی بۆ بەدیهێنانی سیاسەتی ناوەندی دەوڵەت لەبارەی تێكڕای بەرهەمهێنانو هەناردەو بازاڕە دیاریكراوەكانەوە.
• پەسەندكردنی سەرجەم پەیڕەوە ناوخۆییەكانی تایبەت بە كۆمپانیاو فەرمانگەكانی سەربە دەوڵەت.
• ئامادەكردنی رەشنوسی یاساو پەیڕەو پێوەرەكان بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە بەگشتیو ملكەچكردنی بۆ پەسەندكردن لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانو دامەزراوەی یاسادانان.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەك كە لەبەردەستی (درەو)دایە، لە دانوستانەكانیدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، وەفدی حكومەتی هەرێم داوایكردووە، بەپێی ماددەی (115)ی دەستور پێدانی مۆڵەتی (گەڕانو دۆزینەوە)ی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمدا لە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا بێت، ئەم داواكارییەش پشتگوێ خراوە.
سەرباری ئەمە، لە دانوستانەكاندا، وەفدی حكومەتی هەرێم داویكردووە (حكومەتی هەرێم ئەركی سەرپەرەشتیكردنی سەرجەم كارە نەوتییەكان لە هەرێم بگرێتە ئەستۆ، ئەمەش بەگوێرەی ماددەی 115ی دەستور)، بەڵام لە رەشنوسەكەدا وا دانراوە (وەزارەتی نەوتی عێراق كێڵگەكانی نەوتو غاز بەڕێوەدەبات بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان).
لە ئەنجومەنەوە بۆ دەستە
بەپێی ئەوەی لە رەشنوسەكەدا هاتووە، لەبری ئەنجومەنی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان، دەستەیەكی تایبەت بەم بوارە لە هەرێمی كوردستان دروستدەكرێت.
بەگوێرەی دانوستانەكانی شوباتی رابردووی نێوان حكومەتی هەرێمو وەزارەتی نەوتی عێراق، بەغداد قایل نییە بەوەی لە هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی نەوتو غاز هەبێت لە كاتێكدا لە عێراقیشدا ئەنجومەنێكی لەوشێوەیە دروست بكرێت، سەرباری ئەمە ئەنجومەنی نەوتو غازی هەرێم بەگوێرەی یاسای نەوتو غاز دروستكراوە، ئەم یاسایەش ناوەڕاستی شوباتی 2022 بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق هەڵوەشاوەتەوە.
رەشنوسەكە ئەم دەستەیەی ناو لێناوە "دەستەی هەرێمیی"و وا پێناسەی دەكات كە" لایەنی تایبەتمەندە لە هەرێم"، لەپاڵ ئەمەشدا ئەركی دەستەكەی دیاریكردووە كە ئەمانەیە:
• پێشنیاركردنی چالاكیو پلانەكان بە دەستەڵاتە فیدراڵییەكان بە نوێنەرایەتی هەرێم بۆ ئەوەی لەناو پلانە فیدراڵییەكانی تایبەت بە پرۆسە نەوتییەكاندا دابنرێت، هەروەها یارمەتی دەسەڵاتە فیدراڵییەكان بدات لە راوێژكردندا بۆ تەواوكردنی ئەو پلانانە.
• تەماشاكردنی فۆرمەكانی گرێبەستو پێوەرەكانی شایستەیی كۆمپانیاكانو ئەو رێنماییانەی لەلایەن ئەنجومەنی نەوتو غازەوە دەردەچن.
• ئامادەبوون لە مشورەتەكانی ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ.
• پابەندبوون بە سەرجەم پلانو دیاریكراوەكانی وەبەرهێنانو ژینگەو تەندروستیو سەلامەتی كە ئەنجومەنی نەوتو غازو وەزارەتی نەوت دەریدەكەن.
• بەشداری وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێوشوێنەكانی مۆڵەتپێدانی پەیوەندیدار بە چالاكییەكان لە هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی گەڕانو پەرەپێدانی كێڵگە دۆزراوەكان، بە پشتبەستن بەو فۆرمانەی گرێبەستو پێوەری شایستەیی كۆمپانیاكانو ئەو رێنماییانەی كە لەلایەن ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵەوە دەردەچێت.
• ئامادەكردنو دەركردنی راپۆرتو حساباتی كۆتاییو تێكڕای وەبەرهێنانی نەوتی خاو و ناردنی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق بە راپۆرتێك لەماوەی هەر سێ مانگێكدا.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە لەبەردەستی (درەو)دایە، لە دانوستانەكانی ئەمساڵدا وەفدی حكومەتی هەرێم داوای ئەوەی كردووە، ئەنجومەنی هەرێمی نەوتو غازی كوردستان بەفەرمی لەناو یاسای نەوتو غازی فیدراڵدا دانی پێدابنرێتو ئەم دەسەڵاتانەی هەبێت:
• ئامادەكردنی بنەما گشتییەكانی سیاسەتی نەوتو پلاندانان لە هەرێمی كوردستان.
• پەسەندكردنی گرێبەستەكانی نەوتی هەرێم.
• دیاریكردنی بڕی وەبەرهێنان لە هەرێم.
بەپێی ئەم رەشنوسە، نەك ئەنجومەنەكەی هەرێم هەڵوەشێندراوەتەوەو لەبری ئەوەی دەستەیەك دیاریكراوە، ئەو دەسەڵاتانەش بۆ دەستەكەی هەرێم دانەنراوە كە وەفدی هەرێم لە دانوستاندا داوایكردووە.
خاوەندارێتی بۆری !
بەگوێرەی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، (هێڵی بۆرییە سەرەكییەكان موڵكی حكومەتی فیدراڵی عێراقە)، ئەمە لەكاتێكدایە لە دانوستانەكاندا حكومەتی هەرێم داوایكردووە (خاوەندارێتی تۆڕی بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوتی خاو بەگوێرەی دەستور رێكبخرێتو هەرێمو پارێزگا رێكنەخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا مافی ئەوەیان هەبێت بۆری نەوتو غازی تایبەت بە خۆیان هەبێت).
هەر لە سەرەتای دانوستانەكانەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیكردەوە هەرێمی كوردستان بۆری نەوتو غازی تایبەت بەخۆی هەبێت، بۆ ئەمەش بەهانەكەی ئەوە بوو (دەستور دەڵێ گەلی عێراق خاوەنی نەوتو غازنو بۆرییەكانیش توانای گشتینو بەپێی بنەما سەرەكییەكانی یاسای شارستانی عێراق ناكرێت خاوەندارێتی بكرێن.
................
