Draw Media

"لە 300 ملیار دیناری ناوخۆ تەنیا 110 ملیار بەردەستە"

"لە 300 ملیار دیناری ناوخۆ تەنیا 110 ملیار بەردەستە"

2023-08-04 19:59:39



درەو:
وەزارەتی دارایی (319) ملیار دینار كورتهێنانی هەیە لە دابەشكردنی موچە، داهاتی ناوخۆ لە مانگی تەمووزدا لەكۆی (300) ملیار دینار تەنیا (110) ملیار دیناری بەردەستە، وەزارەتی دارایی دەیەوێت هەفتەی داهاتوو ئەو كورتهێنانە پڕ بكاتەوە، بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی و بەڕێوەبەری بانكە بازرگانییەكان بەهۆكاری كەمبوونی داهاتی ناوخۆ دەزانێت و پێی وایە " كەمتەرخەمبوون و دەستیان شڵكردووە لە كۆكردنەوەی داهات و خەرجییەكاندا، لە ئاست بەرپرسیارێتیدا نەبوون".
(درەو) بەدواداچوونی كرد لەچەند سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە هۆكاری راگەیاندنی "نیوەلیستەكەی موچە"و ناوی بەشێك لە وەزارەت و دەستەكانی تێدانیە، ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەدا: هۆكارەكە كەمبوونی داهاتی ناوخۆیە كە وەك پێویست كۆنەكراوەتەوەو دەست شڵكراوە لە خەرجییەكانیدا بەهۆی ئەوەی بانكە بازرگانییەكان لە هەولێر و بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی (كە هەردووكیان سەربە وەزارەتی دارایین) پێیان وابووە ئیتر پارە لە بەغدادەوە دێت بۆیە دەستیان شلكردووە لە خەرجییەكان و كۆكردنەوەی داهاتەكاندا و ئەوەی تائێستا لە داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی حەوت لەبەردەستە بریتی تەنیا لە (110 ملیار بۆ 120) ملیار دینار، كە دەبوو (300) ملیار دینار بوایە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەدا بۆ موچەی مانگی شەش پێویستمان بە (942) ملیار دینارە، پارەی هاوپەیمانان (25) ملیار دیناربووە، وتا پێویستمان بە (917) ملیار دینارە، پارەكەی بەغداد كە هاتووە (598) ملیار دینارە واتا (319) ملیار دینار كورتهێنان هەیە، چاومان لەوە بوو كە بە داهاتی ناوخۆ پڕی بكەینەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕیاربوو پارەی تەواو بۆ موچە لە بەغدادەوە بێت بۆیە بانكەكان بەشێك لە داهاتی ناوخۆیان خەرجكردووە، خەرجییەكانی سلێمانی مانگانە بۆ بابەتەكانی خزمەتگوزاری (35) ملیار دینارەو خەرجییەكانی هەولێر و دهۆك (70) ملیار دینارە، لەكاتێكدا داهاتی مانگی رابردووی زۆنی سلێمانی (104) ملیار دینار بووەو هەولێر و دهۆك نزیكەی (200) ملیار دینار بووە، بەڵام بەشێكیان خەرجكردووەو ئێستا نزیكەی (120) ملیار دینار لەبەردەستە.
واتا ئێستا پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچە كە (319) ملیار دینارە، (120) ملیار لە داهاتی ناوخۆ بەردەستەو نزیكەی (200) ملیار دینار كورتهێنان دەبێت و پێویستە لە هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی ئەو كورتهێنانە پڕ بكاتەوە.
ئەو سەرچاوانەی (درەو) لە وەزارەتی دارایی ئاماژەیان بەوەدا بۆیە نیو لیستیان راگەیاندووە لەبەر ئەوەی ناتوانن بەهێچ شێوەیەك داهاتی ناوخۆ بەكاربهێنن، لە 1ی هەشتەوە دەبێت تەواو داهاتەكان بخرێتە ژمارە بانكێك لە بانكی ناوەندی عێراق لقی هەرێم و سەری مانگ، دواتر جیا دەكرێتەوە داهاتەكان كامەیان فیدراڵیەو كامەیان نافیدراڵیە بۆیە لە داهاتە فیدراڵییەكان 50%ی دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەرێم، لەبەر ئەوەی لێپێچینەوە لە بەڕێوەبەری بانكە بازرگانییەكان و بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی دەكەن، كە دەستیان شلكردووە لە خەرجییەكان و كۆكردنەوەی داهات و ئەوان بەرپرسن لە كۆكردنەوەی داهات و خەرجییەكان.
ئەو سەرچاوانەی وەزارەتی دارایی ئەوەشیان بە (درەو) وت: وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خەتن بۆ ئەوەی بەدواداچون بكەن بۆ بەردەست نەبونی داهاتی ناوخۆ وەك پێویست لە بانكی هەرێم / سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی بانكە بازرگانیەكان لە هەولێر، دەیانەوێت ئەو كورتهێنانە پڕبكەنەوە كە بۆ مووچەی چەند وەزارەتێك و سەرۆكایەتیەكان و خانەنشینی سەربازی دروست بووە و بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا خشتەی مووچەكانیان ڕابگەیەنرێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق چاوی لە پشكی هەرێم بوو لە یاساكەدا دوای گفتوگۆی وەفدی هەرێم و بەغداد بڕیاربوو بەغداد پشكی هەرێم بنێرێت كە بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بە پێی یاسای بوجە مانگانە زیاتر لە (١ ترلیۆن ٣٨٤ ملیار) دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و پێشمەرگە مانگانە ( ٩٠٦ )ملیار دینار لە یاساكە تەرخان كراوە.
بەپێی ئینفاقی فیعلیش كە لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمای تێكڕای خەرجی مانگانە كاری پێدەكات پێویست بوو (١ ترلیۆن و ١٧٤ ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات، ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو هەموو ئەو ڕێكەوتنانەیە كە لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراوە، بۆیە وەزارەتی دارایی" ئەو بڕە پارەیەی نێردراوە پێچەوانەی یاسای بودجەو هەموو ئەو ڕێكەوتنانەیە كە لەنێوان هەردوولا ئەنجام دراوە".

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand