Draw Media

بەغداد 66%ی پارەی موچەی ناردووە

بەغداد 66%ی پارەی موچەی ناردووە

2023-08-02 12:51:06



 
درەو:
پارەكەی بەغداد گەیشت، بەشی (66%)ی موچە دەكات، (34%)ی كورتهێنانی موچە بە پارەی داهاتی ناوخۆ یاخود قەرز پڕدەكرێتەوە.
ئەمڕۆ بەغداد (598) ملیار دیناری بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم ناردووە كە مانگانە پێویستی بە (912) ملیار دینارە، واتا ئەو بڕەی كە بەغداد ناردوویەتی بەشی (66%)ی كۆی موچەی موچەخۆرانەو (34%)ی كەمترە لە بڕی تەواوی موچەی موچەخۆران.
حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی (6 و 7)ی دابەشنەكردووەو چاوەڕێی بەغداد بوو كە پشكی هەرێمی كوردستان بنێرێت، وەفدی هەرێمی كوردستان چەند جارێك چوونە بەغداد و دوایین جاریش رایانگەیاند: رێككەوتووین كە لە زووترین كاتدا پشكی هەرێم بنێردرێت كە لانی كەم (906) ملیار دینارە،  ئەمڕۆ لە بەغدادەوە بڕی (598) ملیار دینار خرایە سەر ژمارە بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم و (314) ملیار دینار كورتهێنانی هەیە بەرێژەی (34%) بۆ موچەی موچەخۆران، وتەبێژی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: ئەو بڕە پارەیەی بەغداد ناردوویەتی نەك شایستەی دارایی هەرێم نیە، بەڵكو پارەی پێویستی موچەش نەنێردراوە، وەزارەتی دارایی هەرێم كورتهێنانەكە پڕ دەكاتەوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا چەند سەرچاوەیەكی داهاتی هەیە:
•    پارەی بەغداد كە لە ئێستادا (598) ملیار نێردراوە.
•    داهاتی ناوخۆ بە نزیكەی (300) ملیار  
•    پارەی هاوپەیمانان (30) ملیار دینار
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە پێویستی بە (912) ملیار دینارە، پێشتر (30) ملیار دیناری هاوپەیمانان دابەشدەكرێت بەسەر لیوا هاوبەشەكاندا واتا بە موچەی لیوا هاوبەشەكانەوە كۆی موچە مانگانە (941) ملیار دینارە.
سەرچاوەیەك بە (درەو)ی راگەیاند: ئەوەی لەبەردەستی حكومەتی هەرێمە، داهاتی ناوخۆ و پارەكەی بەغدادە، داهاتی ناوخۆ بەشێكی بۆ خەرجی وەزارەتەكان و پێداویستیەكانی حكومەتە، واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەدابەشكردنی موچە دەكات و كورتهێنانەكە بە داهاتی ناوخۆ یان بە قەرز پڕ دەكاتەوە.
بە پێی رێككەوتنی نێوان وەفدی هەرێم و بەغداد، حكومەتی هەرێم دەبێت تەواوی داهاتە نانەوتییەكانی رادەست بكات و بەغداد، 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بگەڕێنێتەوە، بەڵام رێككەوتنەكە لە 1/8ەوە دەكرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە حكومەتی هەرێم دەتوانێت بۆ موچەی مانگی حەوت داهاتی ناوخۆی بەكار بهێنێت.
 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand