Draw Media

پارتی‌و یەكێتیی نەگەیشتنە رێككەوتن

پارتی‌و یەكێتیی نەگەیشتنە رێككەوتن

2023-07-30 17:47:38



راپۆرت: درەو
لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ناكۆك بوون، یەكێتیی هێشتا داوای فرەبازنەیی‌و دابەشكردنی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دەكات بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەش، یەكێتیی داوای 50 بە 50 دەكات، لەسەر پرسی دروستكردنی لیستی كورد لە كەركوك هیچ رێككەوتنێكیان نەكرد، ئەمە كرۆكی كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەفدی باڵای پارتی‌و یەكێتیی بوو لە "دەباشان"ی سلێمانی، كۆبونەوەیەك كە بەبێ رێككەوتن كۆتایی هات، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

كۆبونەوەیەكی بێ ئەنجام
وەفدی باڵای پارتی‌و یەكێتیی سێیەم كۆبونەوەی خۆیان دوای ماوەیەك گرژی ئەنجامدا، كۆبونەوەكە لە "دەباشان"ی سلێمانی بوو، دوای كۆبونەوەكە راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، وا نیشانیاندا رێككەوتوون، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، هێشتا پارتی‌و یەكێتیی لەسەر بابەتە گرنگەكان ناكۆكن.
دوای ئەو گرژییانەی كە لەنێوان هەردوو حزب لەسەر یاسای بودجەی گشتی عێراق دروستبوو، رۆژی 26ی ئایاری ئەمساڵ وەفدی باڵای پارتی‌و یەكێتیی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە هەولێر كۆبونەوە. رۆژی 9ی ئەم مانگە، جارێكی تر كۆبونەوە، ئەمجارەیان وەفدی یەكێتیی بە سەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی چووە پیرمام بۆ كۆبونەوە لەگەڵ پارتی، ئەم كۆبونەوەیە تێكچوو، بافڵ تاڵەبانی بە نیگەرانییەوە هاتە دەرەوە‌و بە میدیاكانی وت:" یەكێتیی هێزە، یەكێتیی بە بێدەنگی نامێنێتەوە، هەر شتێك رووبدات لەمەودا وەك خۆی وەڵام دەدرێتەوە".
وا دەركەوت بافڵ تاڵەبانی لە قسەی ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندیی توڕە بووە كە هاوكات لەگەڵ كۆبونەوەی پارتی‌و یەكێتیی قسەی كردووە‌و وتویەتی:" یەكێتیی قەبارەی جارانی نەماوە"، بەڵام بەر لە سالار عوسمانیش، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت چەندجارێك هێرشی كردبووە سەر یەكێتیی‌و وەكو "خیانەتكار" ناوی هێنا بوو، هەموو ئەمانە كاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی كۆبونەوەكە بێ ئەنجام كۆتایی بێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لە دەباشان بەڕێوەچوو، كۆبونەوەی سێیەم بوو، پرسی سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان‌و كێشەی هەردوو حزب لە وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ كراون.  

ناكۆكییەكانی لە وەزارەتی پێشمەرگە
رۆژی 23ی ئەم مانگە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆبونەوەی دەوری خۆی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدا، لەم كۆبونەوەیەدا هاوپەیمانان رایانگەیاند" ئامانجی بنچینەیی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەهۆی بارودۆخی سیاسی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە هێواشی بەڕێوە دەچێت".
هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند" چاوەڕوانین، هەرێمی كوردستان ویستی سیاسی نیشان بدات بۆ جێبەجێكردنی چاكسازییەكان، پێش پێداچوونەوەو هەڵسەنگاندنی ساڵانە، كە لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا دەكرێت، بەتایبەت لە دانانی وەزیرێكی كاتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە".
واتا هاوپەیمانان دەیانەوێت لەماوەی یەك مانگی داهاتوودا، پارتی‌و یەكێتیی كێشەی نێوانیان لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەر بكەن‌و بەشێوەی كاتی كەسێك بەوەكالەت لە شوێنی (شۆڕش ئیسماعیل) دابنرێت، كە ئابی 2022ەوە دەستی لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە كێشاوەتەوە.
كێشەی پارتی‌و یەكێتیی لە وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتوەتە دۆخێك، لیوا روكن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە پشكی یەكێتیی بە (دەنگی ئەمریكا)ی راگەیاندووە" پەیوەندی نێوان تیمی یەكێتی‌و پارتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە پچڕاوەو ڕێزو حورمەت نەماوە، وەزعێكی زۆر خراپە".
وەزارەتی پێشمەرگە ئێستا وەزیری نییە، ململانێكە لەنێوان بریكاری وەزیرو ئەمینداری وەزارەتدایە، یەكەمیان سەربە پارتی‌و دووەم سەربە یەكێتییە.
عەبدولخالق باپیری بریكاری وەزیری پێشمەرگە نوسراوی دەركردووە‌و دەڵێ هاوشێوەی هەموو بابەتەكانی تر، دەبێت پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشێوەی (57%) بۆ پارتی‌و (43%) بۆ یەكێتیی دابەش بكرێت، بەختیار محەمەد ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی داوەتەوە‌و نوسراوی كردووە كە بریكار دەسەڵاتی نییە بڕیارێكی لەو جۆرە بدات.
یەكێتیی‌و پارتی بەر لە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە‌و هێزەكانی هاوپەیمانان، پشكی خۆیان لە وەزارەتی پێشمەرگە زامن بكەن.  
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتیدا، وەفدی یەكێتیی بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە" دابەشكردنی پۆستەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت 50 بە 50 بێت‌و بڕیاری بریكاری وەزیری پێشمەرگە دۆخەكەی شێواندووە‌و یەكێتیی بە 57 بە 43 رازی نییە".
لەبەرامبەردا وەفدی پارتی گلەییان لە یەكێتیی هەبووە لەوەی سەرقاڵی دروستكردنی هێزی ئەمنی نوێن‌و دەیانەوێت لەبواری ئەمیندا لەبری حكومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ بەغداد بكەن.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتیی گلەیی ئەوەی لە پارتی كردووە، كە رێگری دەكەن لە دانانی كەسێك بە وەكالەت بۆ پۆستی وەزیری پێشمەرگە، كە پشكی یەكێتییە‌و ئێستا پۆستەكە بەبەتاڵی ماوەتەوە، پارتی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبات، یەكێتیش دەیەوێت وەزارەتی پێشمەرگە بكات بە وەكالەت.

هەڵبژاردنی كوردستان لە گفتوگۆی ئەمڕۆدا
سەردانی وەفدی پارتی بۆ سلێمانی لەكاتێكدایە ئەم رۆژانە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی مەرسومێكی نوێ بۆ سازدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەربكات.
نێچیرڤان بارزانی بە نوسراوی فەرمی داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد پرۆسەی هەڵبژاردنی كوردستان بەڕێوە ببات، كۆمسیۆن وەڵامی دایەوە‌و رۆژی 18ی شوباتی 2024ی دیاریكرد، ئێستا سەرۆكی هەرێم دەیەوێت بە مەرسومێك رۆژی 25ی شوباتی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكات، بەڵام بەبێ پشتیوانی یەكێتیی نایەوێت جارێكی تر سەرچڵی بكات‌و مەرسوم دەربكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا لە ماوەی رابردوودا دووجار مەرسومی بۆ هەڵبژاردن دەركردووە‌و هەڵبژاردنیش نەكراوە.
راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتیی لەبارەی هەڵبژاردنەوە دەڵێ" هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەین لەو كاتەی لەلایەن سەرۆكی هەرێم دیاریدەكرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان"، ئەم دەقە نیشانی دەدات پارتی‌و یەكێتیی لەسەر هەڵبژاردن نەگەیشتونەتە رێككەوتن، چونكە دەڵێن دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتییدا، هاوشێوەی دانوستانەكانی بەر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان، وەفدی یەكێتیی جەختی لەسەر ئەوە كردووە هێشتا گرفتیان هەیە لەسەر كورسی كۆتای پێكهاتەكان‌و شێوازی سازدانی هەڵبژاردن".
سەرباری ئەوەی ئێستا پەرلەمانی كوردستان نەماوە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكاتەوە، بەڵام هێشتا یەكێتیی داوای ئەوە دەكات هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوەی فرە بازنە (4 بازنەی هەڵبژاردن) بەڕێوەبچێت‌و سەرجەم كورسییەكانی پەرلەمان (111 كورسی) دابەش بكرێت بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا بە (11) كورسی كۆتای پێكهاتەكانیشەوە.
(درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، وەفدی پارتی جارێكی تر جەختیان لەسەر ئەوە كردوەتەوە كێشەیان نییە لەگەڵ ئەوەدا هەڵبژاردنەكە بەشێوەی چوار بازنە بەڕێوەبچێت، واتا هەر پارێزگایەكی هەرێمی كوردستان بكرێت بە بازنەیەكی هەڵبژاردن، بەڵام چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتای پێكهاتەكان بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردن، هێشتا لەلایەن پارتییەوە ناڕەزایەتیی لەسەرە، واتا پارتی‌و یەكێتیی گەڕاونەتەوە بۆسەر هەمان دۆخی ناكۆكییەكانیان بەر لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان.
بەر لەوەی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە 30 ئایاری ئەمساڵدا هەڵبوەشێتەوە، پارتی‌و یەكێتیی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی كۆتاكان ناكۆك بوون‌و نەگەیشتنە رێككەوتن، تەنانەت نێوەندگیری نەتەوە یەكگرتووەكانیش سودی نەبوو، پارتی قایل بوو بەوەی (2) كورسی كۆتاكان بدات بە سنوری پارێزگای سلێمانی، كورسییەكی مەسحییەكان بۆ كۆیە‌و كورسییەكی توركمان بۆ كفری، بەڵام یەكێتیی قایل نەبوو، داوای چوار كورسی دەكرد، دوو كورسی مەسیحی‌و دوانی توركمان بۆ سنوری سلێمانی.
بەهۆی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەموار نەكراوەتەوە، هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت بە یاسا كۆنەكە بكرێت، ئەمە دڵخوازی یەكێتیی نییە، چونكە یاسا كۆنەكە شێوازی هەڵبژاردنی لە كوردستان بەشێوەی (یەك بازنە) دیاریكردووە، سەرباری ئەمە یاسا كۆنەكە (11) كورسییەكەی پێكهاتەكان هەر لە سنوری هەولێرو دهۆكدا دەهێڵێتەوە‌و هیچ كوردسییەك بە سنوری سلێمانی نادات.
زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای لەسەر (5) ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە، رۆژی 6ی مانگی داهاتوو واتا هەفتەی داهاتوو، دادگای فیدراڵی عێراق یەكەم دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم سكاڵایە بەڕێوەدەبات.

هەڵبژاردن لە كەركوك
بڕیاربوو لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتیدا، تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆكان تایبەت بێت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ناوچە جێناكۆكەكان.
ئەمڕۆ وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان بۆ ئەم هەڵبژاردنە كۆتایی هات، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتی درێژكردەوە.
ئێستا پارتی‌و یەكێتیی‌و لایەنە سیاسییەكانی تر تەنیا ماوەی هەفتەیەك دەرفەتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی خۆیان وەكو هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە دیاریكراویش لە كەركوك تۆمار بكەن.
یەكێتیی كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، دەیەوێت جارێكی تر ئەم پۆستە وەربگرێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستی بە دروستكردنی هاوپەیمانێتییەكەی كوردی هەیە لە كەركوكدا، بەڵام پارتی كە خۆی وەكو براوەی جەماوەریی دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەزانێت، هەرجۆرە یەك لیستییەك لەگەڵ یەكێتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك رەتدەكاتەوە.
راگەیەندراوی كۆبونەوەی ئەمڕۆی پارتی‌و یەكێتیی لە دەباشان، خۆی بوارد لە باسكردنی پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە پارتی بۆ هەڵبژاردن لە كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان بەشێوەی بەتەنیا بەشدار دەبێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand